کوشتتنی قاسم سلێمانی لە ناوەندێکی میدیای باوەڕپێنەکراودا

Draw Media

2021-05-10 09:41:39



د.هۆگر عومەر

ماوەیەکە کۆمەڵێک میدیای ناوخۆی هەرێمی کوردستان بابەتێکی یاهو نیوزیان گەورە کردووە و خەڵکێکی زۆریان بە خۆیانەوە مەشغوڵ کردووە. ئەمە یەکەم جار نیە بابەتی کەم بایەخی لەم شێوازە گەورە دەکرێت و فوو بە نووسەرەکەیدا دەکرێت، بۆیە ویستم لەسەر ئەم بابەتە کەمێک بوەستین و ورد و دروستی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرا بکەین. 
نوسەری سەرەکی بابەتەکە کەسێکە بە ناوی جاک مۆرفی لەگەڵ کەسێکی نەناسراوی تر بە ناوی زاک دۆرفمان. جاک گەنجێکی ئەمریکیەو تەنها شەهادەی بەکالۆرێۆسی هەیە و لە ٢٠١٩ وە خۆی بە ڕۆژنامەوان ناساندوەو بەهیچ شێوەیەک لە هیچ دەزگایەکی ڕەگەیاندنی باوەڕپێکراودا بابەتی بڵاونەکردوەتەوە. جال دۆرفی پێشتر لەسوپای ئەمریکادا وەکو سەربازێکی ئاسای کاری کردوەو تەنها لە سوپادا وەکو قەناس بەدەست ئیشی کردوەو  لە ساڵی ٢٠١٠ وە لە سوپادا نەماوە و لە هیچ شوێنێکی دیکەش بەرپرسیاریەتی نەبووە. لە ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ خۆی وەکو ڕۆماننوس و چیرۆکنووس ناساندوە لە کاتێکدا هیچ ڕۆمانێکی بڵاونەکردوەتەوە. 
زۆرجار ئەو کەسانەی کە لە سوپای ئەمریکا کاردەکەن تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبنەوە و دوای ئەوەش کە دەسبەرداری کاری سەربازی ئەبن ڕێژەیەکی زۆریان بێکار ئەبن و ئەبن بە هۆملێس واتە ئەوانەی کەلەسەر کوچەو کۆڵانەکان دەمێننەوە، هەر لەبەر ئەمەش ڕێژەیەکی زۆریان تووشی ڕووداوی خۆکوشتن ئەبن.  لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە کۆی ٦٣٠.٠٠٠ هۆملێسدا ٦٧،٠٠٠ ی ئەو ڕێژەیە ئەو سەربازانە بوون کە لە ڕیزی سوپای ئەمریکادا خزمەتیان کردبوو، وە لەهەر ڕۆژێکدا لە ئەمریکا ١٧ سەربازی پێشوو خۆیان دەکوژن کە دەکاتە نزیکەی ٦٢٠٠ کەس لە ساڵێکدا. 
جال مۆرفی پێشتر لە سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردوەو دواتر کە دەستبەرداری سوپای ئەمریکا بووە وەکو هەر سەربازێکی تری ئاسای تووشی هەمان ئەو كێشانە بەووەتەوە. بۆیە زۆرجار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بابەتی فیکشن (ناڕاستی یان چیرۆکی دروستکراو) بۆ دەزگاکان دەنێرن لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا تاوەکو خوێنەری ئەو دەزگایانە زیاد بکات وە دووریش نیە لایەنێکی دیاریکراو وە بۆ مەبەستی دیاریکراو کەسانێکی لەو جۆرە بەکرێبگرێت بۆ دروستکردنی چیرۆکێک کەخزمەتی بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو بکات بە شێواندن و هەڵگەڕاندنەوەی ڕاستیەکان. 
سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە نوسەرەکە  بە مەبەست یان بە نەزانی کۆمەڵێک هەڵەی ئەنجامداوە لە گرنگترینیان کاتێک باسی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانی کردووە لینکی کردووە بەباتێکی ترەوە کە  پۆڵاد تاڵەبانی بە سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ناساندوە، لە کاتێکدا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و نوسەر بە هەڵە یان بە مەبەست ئەو کارەی کردوە.
سەبارەت بە شێوازی کوشتن قاسم سلێمانی و ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵمەتەکە بوون شتێکی شاراوە نیە و لە چەندین شوێن و میدیای باوەڕپێکراوی تردا ووردەکاریەکان بڵاوکراوەتەوە بەڵام هەرگیز ناوی هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان نەهاتووە. ئەوەی ئاشکرایە کە چەندین هێزی تایبەتی ئەمریکا لەم کوشتنەدا بەشدار بوون بە هاوکاری لەگەڵ باڵێوزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کە چەندین مانگ پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراوە، هەموو ووردەکارییەکان و بەڵگەکان لە نیویۆرک تایمز و واشنتنپۆست دا باس کراوە و بەهیچ شێوەیەک باس لە دژەتیرۆری یەکێتی نەکراوە ، وە ئاشکراوە لای پسپۆرە ئەمریکەکان کە ئەم دوو ناوەندە میدیاییە بابەت و بلاوکراوەکانیان جێگەی بایەخ و برواپێکردنە ، بەپێچەوانەی یاهوو نیوز و نوسەری ناوبراو کە زۆرجار لە بەرامبەر برێک پارەدا ئامادەی هەموو جۆرە نوسینێکی نازانستی و بێبەڵگەن.
ئەو نوسەرانەی کە لەبواری تیرۆر و دژە تیرۆر (تیرۆریزم و کاونتەر-تیرۆریزم) ئەنوسن و لێکۆڵینەوە ئەکەن لە ئەمریکادا بە گشتی کەسانی دیارن و نوسین و توێژینەوەکانیان جێگای بایەخی دەزگاو میدیا جیهانیەکانن بەڵام بە هیچ شیوەیەک کەسانی وەکو جاک مۆرفی هەرگیز نە لە ئەمریکا و نە لە دەرەی ئەمریکاش بەو پسپۆڕیەوە نەناسراون؛ چونکە لە ئێستادا بواری تیرۆریزم و کاونتەر-تیرۆریزم بوارێکی تایبەتە و لەزانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیە ئەمریکیەکاندا دەخوێنرێت. هەروەکو چۆن من لە زانکۆی جۆرجیا و لە سکوڵی سام نوون بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بابەتی تیرۆریزمم بە ئەکادیمی خوێندوە و لە ژێر دەستی کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارەدا. بۆیە گرنگترین شت لە هەر بڵاوکراوەیەکدا ئەوەیە ئایا نوسەرەکەی تا چ ڕادەیەک نوسەرێکی باوەڕپێکراوە و وە تا چ ڕادەیەک جێگای بایەخی ناوەندە زانستیەکانە. 
ئەو دەزگایەی کە جاک مۆرفی ئەو نوسینەی تێدا بڵاوکردوەتەوە یاهو نیوزە، کە بە هیچ شیوەیەک دەزگایەکی میدیای باوەڕپێکراو نیەو ئەو نوسینانەی کە لەو دەزگایەدا بڵاو دەکرێتەوە بە هیچ شێوەیەک نە جێگای باوەڕ و نەجێگای بایەخی ناوەند و  لایەنە ئەکادیمی و زانستیەکانە. یاهو زیاتر ئەو بابەتانە بڵاو دەکاتەوە کە ئەبێتە جێگای تێڕامان و سەرنج و هۆشی خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەکێشیت و خوێنەری زیاد دەکات، ئەو بابەتەش کە بڵاوکراوەتەوە لە یاهو بەسەرسوڕمانیەوە لە کوردستان بایەخێکی زۆری پێدرا و گەورە کرا سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بە لای خۆیدا ڕاکێشیا لە کاتێکدا کە ئەبوایە پشتگوێ بخرێت و شتی لەو شێوازە گەورە نەکرێت، بەڵام بە داخەوە یاهو لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بوو لەوەی کە سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بە لای خۆیدا ڕاکێشا. ئەمە وایکرد تەنانەت دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیش ڕاگەیاندراوی ڕەسمی بڵاوبکاتەوە وەڵامی ئەو بابەتە بداتەوە کە بە بۆچوونی من پێویستی بە ڕوونکردنەوە نەبوو، چونکە نە نوسەرەکە و نە ئەو دەزگایەیەشی کە نوسینەکەی تێدا بڵاو بوەتەوە شایانی وەلامدانەوە نەبوون. یاهو لە ئەمریکا بەوە ناسراوە کە ئەو نوسینانەی تێدا بڵاو ئەکرێتەوە لایەنگیریانەیە وە ئەو بابەتانەی کە تێیدا بڵاو دەکرێتەوە لەسەر بنەمای فاکت یاخود بەڵگە نیە و بەڵکو ڕاو بۆچوونی نوسەرە هەربۆیە لە هیچ دەزگا و ناوەندێکی ئەکادیمی ئەو بابەتانە جێگای بایەخ نیە کە لە یاهودا بڵاو دەکرێنەوە. 
هەربۆیە دەتوانین بڵێین راپۆرتەکەی یاهوو نیوز و جاک مۆرفی بە تەواوی دوورە لە راستییە و پێچەوانەی ئەو بەڵگانەیە کە لە نیویۆرک تایمز و واشنتنپۆستدا هاتووە و ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ کە نوسەر و سایتی ناوبراو بە بەرامبەر ئەم راپۆرتەیان نوسیووە.

* شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و لێکۆڵەری بواری تیرۆریزم لە ئەمریکا 
  
 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand