راپۆرتی: بەهرۆز جەعفەر پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەن لەگەڵ دۆخی ئابوریی و دارایی دا، تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەم هێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن!. لە ناوەڕاستی (٢٠٢١) داین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٧٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئایا چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم بڕە بگەیەنێتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؟. یەکەم/ گرفتەکانی بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی پابەندی ئۆپیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن. شەش کێشەی سەرەکی لە بەردەم پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستاندان، هەر ئەو فاکتەرانەش مەترسیین لەبەردەم یەدەگ و سەرچاوەی سروشتی دا: یەک: دیرۆکی گەنەڵ ئینێرجی تورکی و کێڵگەی تەق- تەق کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. لە ساڵی (٢٠١٥) ەدا بە نزیکەیی (١٥٠٠٠) پانزە هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. بەڵام بە تێکڕا لە ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاستەکەی دابەزیوە بۆ (٩٦٧٠) نۆ هەزارو شەش سەت و حەفتا بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە بە هەڵواسراوی مانەوەی هەندێ ئەکتیڤیتی وەک هەڵکەندن -Drilling لەو ماوەیەدا. لە چارەکی چوارەمی (٢٠٢٠) دا تێکڕای بەرهەم هێنانی ڕۆژانە کەمی کردووە تا ئەوەی گەیشتوەتە (٧٦١٠) حەوت هەزارو شەش سەت و دە بەرمیل!؟. لەگەڵ هاتنی (٢٠٢١) دا لەچوارچێوەی پرۆگرامی دەستوەردان لە (بیر)ەکاندا کە بەرهەمهێنانی زیادکردوە لە بیرەکانی (TT-20z) و (TT-34y) دا. بەڵام لە کۆی گشتی دا ئاستی بەرهەمهێان لە کێلگەکە زیاتر دابەزیوە بۆ (٧٠٠٠) حەوت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا{١}. لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، لە درەنگانێکی شەودا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گەنەڵ ئینێرجی کە پێشوتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پیتریۆلیۆم -BP بوە “تۆنی هایوارد -Tony Hayward " زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ ئەدات!. بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایەو هەواڵێکی ناخۆشی پێیە!: "بەهای کێڵگە نەوتییەکە زۆر لەوە کەمتر دەرچووە کە ئێمە بیرمان لێ کردبوەوە…". لە کاتێکدا کۆمپانیاکەیان نزیکەی (٩) ساڵە کار ئەکات لە هەرێمی کوردستان!. کاتژمێرێک دواتر بەرەو نیوە شەوە!. کۆمپانیا بەیاننامەیەک بەرەو بۆرسەی لەندەن (London Stock Exchange ) بڵاوئەکاتەوە. تیایدا جاڕی ئەوە ئەدات کە کێڵگەی تەق-تەق لە کوردستانی عێراق نیواو نیو یەدەگەکەی کەمی کردووە. ئینجا ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتیش هاڕەی کردوە بەهۆی شەڕو قەیرانی داعشەوە. لە (٩٨$) ی ساڵی (٢٠١٣) نەوت نرخەکەی گەیشتوە بە (٤٣$) لە (٢٠١٦) دا. پێدانی ئەم هەواڵە ناخۆشە لە نیوەشەودا بە سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی وایکرد (١) یەک ملیار دۆلار لە پشکەکانی لەدەست بدا، کە ئەکاتە ١/٣ یەک لەسەر سێی بەهای کۆمپانیاکە. دوای ئەمە گەنەڵ پیاچوونەوەیەکی گشتی سەربەخۆی لەسەر کێڵگە نەوتییەکەی تەق- تەق ئەنجام دا، دەرکەوت لەگەڵ کەمبونەوەی ئاستی یەدەگەکەیدا هەندێ بیر لە کێڵگەکەدا ئاو و نەوت تێکەڵ ئەکات {٢}. لەمەش سەیرتر " هایوارد” سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی (Ganel Energy) یە، کە بزنسمانێکی بەریتانیی تەمەن (٦٤) ساڵەیە، دکتۆرای لە جیۆ-ساینس لە زانکۆی ئیدنبۆرگ خوێندوەو، لەساڵی (١٩٨٢) ەوە لەگەڵ بی پی- BPکارئەکا، لە کۆڵۆمبیا گەران و پشکنینی ئەنجامداوە. لە (٢٠١١) سەرۆکایەتی بی پی لە بەریتانیا بە جێدەهێڵێت و، ئەبێتە کەسی بەڕێوەبەری یەکەمی گەنەڵ ئینێرجی و لە کێڵگەی تەق -تەق دا تەقە لەژیان و کۆمپانیاکەی هەڵئەسێت!. دوو: کەموکورتی و گرفتە جیۆلۆجییەکان لەسەرەتاوە کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان وەها بۆی ئەچوون کە گەڕان و پشکنین- Exploration زۆری پێ ناچێ و تێ ناچێت، جگە لەوەش داتای گەورەو هەڵەیان لەبواری یەدەگ دا پێوترابو، کەهاتن لە هەندێ کێڵگە بەو جۆرە نەبو، وەک لە کێڵگەکانی کێوەچرمەڵەو بەردەڕەش و تازەو …تادوایی دا کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، دواتر وازیان لە کارەکە هێنا. جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە کێڵگەکان، بەتایبەت کێڵگە سەرەکییەکان ئەکەونە ناوچە شاخاوییەکانەوە زیاتر لە (٢٠٠٠) مەتری پێویستە تا بگاتە دەرهێنان، یان هەندێ جار خەزاناتەکان تووشی تێکپژان و خراپبون بونەتەوە وای کردوە نا - ئارامییەک دروست بێت لە کێڵگەکەدا و کۆمپانیاکە یەدەگ و خەزانەکەشی لەدەستداوە، وەکو لە ئاکری بیجل و بەردەڕەش و هەندێ شوێنی تر{٣}. بەدڵنیاییەوە دیاردەو کێشەی جیۆلۆجی دیکەش هەن (لەمە زیاتر لە بواری تایبەتمەندی ئێمەدا نییه). سێ: مەترسی ئەمنیەکان ئەمە زۆر ترسناکە. جاری واهەبوە دەوڵەتێک مینایەکی لەدەستداوە بە هۆکاری شەڕو تیکچونی ئاسایش، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی تەواوی یەدەگەکەی لەدەست بجێت. بەتایبەتی لەدوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە بەردەوام ویستێک هەبوەو هەیە: لە لایەن ئێران و تورکیاو عێراقەوە کورد لە پرسی ووزە دووربخرێتەوە (لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان). لەدوای ڕیفراندۆم / یان (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەرێمی کوردستان (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستدا. دوای ئەم لەدەست دانەش، هێشتا بەشێکی گرنگی ئەو کێڵگانەی هەرێم گرێبەستی لەسەر کردوون و، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی تیائەکەن بۆ هەرێمی کوردستان ئەکەونە ناو جوگرافیای ناوچە دابڕاوەکانەوە. بۆ نمونە کێڵگەی خورمەڵە یەکێکە لە (٥) کێڵگە سەرەکییەکەی نەوت لە هەرێم بەڵام لای بەریتانیاو تورکیاو لە نەخشەشدا ئەکەوێتە ناو سنوری جوگرافیای کیڵگەی کەرکوکەوە. هەروەها سەرەکیترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز کە جیهان چاوی تێ بڕیوە “کۆرمۆر- Kor Mor ە لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی کۆن، تەنها (٢٠ ) خولەک لە دووز خورماتووەوە دوورە!. ئێستا ناحیەکە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەڵام پێشوتر ڕژێمی بەعسی تیابو، حکومەتی بەعس خستبویە سەر قەزای دووزو و دووزیشی خستبوە سەر پارێزگای سەڵاحەدین. بە هەمان شێوە کێڵگەی پەڵکانە یان گەرمیان لە هەر ئاڵۆگۆڕ و جموجوڵێکی ئێران یان میلیشیاکاندا بە ئاسانی ئەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون. پەڵکانە سەر بەخانەقین و دیالەیە. بەڵام هەرێم مامەڵەی بەو ناوچانەوە کردوە (هەڵبەت هەموو ئەو ناوچانە بێ هیچ ئەملاولایەک سەر بە خاکی کوردستانن). کاری ئەندازەکاریی لە کێڵگەی خورمەڵەدا بەم شێوەیە هەر گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی یان عێراق دا، یاخود هەر هەنگاوێک بێ بیرکردنەوەی وورد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەکەی لەسەر ئاسایشی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان ئەبێت و، یەدەگێکی زۆر لەدەست ئەچێت. چوار: کێشە لە جۆرێتی خام و هەروەها نا-چونیەکی نەوتەکە دا هەیە لە زۆر شوێندا نەوت و غازو کۆندینسەیت هەیە، یان نەوتی قورسە…و…ئیتر بەو شێوەیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست ئەکات. پێنجەم:نرخی نەوت متمانەی لەسەر ناکرێت لەبازاڕی ئابورییدا هەمیشە هەڵگەرانەوە لە نرخ دا ئەگەرێکی کراوەیە. لە پڕ لە دوای گرێبەستێک نرخی نەوت دا ئەبەزێت یان بە پێچەوانەوە… تادوایی. ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمەوە هەیە. شەشەم: دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و یەدەگ بەهۆی کۆمپانیاکان و پێشبینی هەڵەوە لە دوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی دابەزینی نرخ و پێشبینی هەڵەو شەڕی داعش …و … تادواییەوە، چەندین کۆمپانیا یان کێڵگەکان و کوردستانیان بەجێهیشت، وە یان دابەزینی ئاست و توانای کێڵگەکان و داخورمانی بیرەکانیان راگەیاندووە، یاخود بەهۆی بێ ئەزمونی کۆمپانیاکانەوە. ئەمانە نمونەیەکن لەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١ بۆ ٢٠٢١) دەستیان لەکارکردن لە کێڵگەکان هەڵگرتووە بە هۆکاری جۆراوجۆر: ١/ ئەفرین پی ئێڵ سی (Afren PLC) کێڵگەی بەردەڕەشی جێهێشت. ئەم کۆمپانیایە ساڵی (٢٠٠٤) لە لەندەن دامەزراوە (دامەزرێنراوە!) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بواری بەرهەمهێنانی نەوت. دواتر بوەتە ئەندام لە بۆرسەی لەندەن. لەساڵی (٢٠١٥) لە لیستی بۆرسەکە کراوەتە دەرەوە {٤}!. ٢/ کۆمپانیای مۆڵ Mol PLC ، دەستی لە کێڵگەو بیرەکانی Akri -Bijeel و باکرمان هەڵگرتوە لە سەرەتای جانیوەری (٢٠١٦) دا. مۆڵ گروپ کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی هەنگارییە لە بواری نەوت و گازدا، ئۆفیسی سەرەکییان لە بودابێستە{٥}. ٣/ کۆمپانیای ئۆیەل سێرچ (Oil Search Ltd) کێڵگەی تازەی بەجێهێشتوە {٦}. ئەمە کۆمپانیایەکی بواری نەوتە لە ووڵاتی “بابوا گینیای تازە- Papua New Guinea” ئەکەوێتە باشوری زەریای هێمن هاتوە بۆ کوردستان!. ٤/ کۆمپانیای شاماران لەساڵی (٢٠١٢) خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێنا لە بلۆکی پوڵکانەو عەربەت، لەبری ئەوە بە پێی گرێبەستەکە (PSC) بڕی (٢٥) ملیۆن دۆلاری داوە بە حکومەتی هەرێم{٧}. ئەم کۆمپانیایە “ShaMaran Petroleum Corp” کەنەدییەو بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە کوردستان وەبەرهێنانی نەوت ئەکات!. ئێستا لە کێڵگەی ئەتروش (یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان) ئۆپەرەیشن ئەکات. ٥/ دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی کێڵگەی غازیی سومەیڵ تەنها لەدوای (٩٠) ڕۆژ لە کارکردن لە (٢٠١٤) بە جێ ئەهێڵن و لە (٢٠١٦) بۆی ئەگەڕێنەوە{٨}. ٦/ گازپرۆمی رووسی لە سێپتەمبەری (٢٠١٧) دەستیان لە بلۆکی هەڵەبجە هەڵگرت بەڕیوەبەری گشتی گازپرۆم ڕایگەیاند “لەمە زیاتر کارکردن و پەرەپێدان لە بلۆکی هەڵەبجەدا ناکرێت”.{٩}. ٧/ ئەکسۆن مۆبێل کێڵگەکانی قەرەهەنجیر و بێتواتەو ڕۆژهەڵاتی عەربەتی بەجێهێشت لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا {١٠}. ٨/ ئۆرێکس پیترۆلیۆم –Oryx Petroleum کۆمپانیایەکی نەوتی کەنەدییە لە (٢٠١٠) دامەزراوە!. سەیری بکەیت، لە (٢٠١٦) دا (٢٠٢) ملیۆن بەرمیل یەدەگی خەمڵاندوە کەچی لە (٢٠١٧) ەدا بوە بە (١٢٢) ملیۆن بەرمیل!. بۆیە کارەکانی لە کێڵگەی دەمیرداخ و زێی گەورە دا ڕاگرتووە {١١}. ٩/ گۆڵف کیستۆن - Gulf Keystone petroleum لە شێخ عادی و بەر بەحر کارەکانی راگرتوەو دواتر ئەبدەیتی کردۆتەوە. ١٠/ گاز پڵەس –كەڵەکەن –Gas Plus Khalakan لە ساڵی (٢٠١٤) نەوتی لە کێڵگەی شیوەشان دۆزییەوە، لە (٢٠١٦) دەستی بە بەرهەمهێنان کرد. سەرەتا (١٠٠٠٠) دە هەزار بەرمیلیان بەرهەم ئەهێنا، لە پلانیاندا بو بیکەن بە (٣٠٠٠٠) سی هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە (٢٠١٨) ئاستی کێڵگەکە دابەزی بۆ (٤٠٠٠) چوار هەزار بەرمیل و، دواتر بو بە (٨٠٠) بەرمیل و پاشان بۆیان دەرکەوت ئەمە بۆ کاری بازرگانی ناشێت واتە non-commercial field ە، بۆیە وازیان لێهێنا {١٢}. "زۆر کۆمپانیاو کێلگەی دیکە هەن، کارەکانیان ڕاگرتوە، یان بەتەواوی کوردستانیان بەجێهێشتووە… وە یاخود…تادوایی ". شەش: ئاڕاستەی بەرهەم و هەناردەکردن جیاوازە ئەمەش یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نمونە، جاری واهەیە لەسەری مندا ئەوە هەیە نەوتەکەمان بەرینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست بە بۆڕی و ببینە بەشێک لە هاوپەیمانیتی قوبرس و یۆنان و فەرەنساو میسرو ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەمریکا "کە ئەمانە هەمویان لەسەر ئەم حەوزەیە کۆبونەتەوە". بەڵێم لە مێشکی پەرلەمانتارێکدا ڕەنگە وابێت کە ئەوەی هەیە بیدەین بە سۆمۆ بیفرۆشێت. لەملاوە، سەیرئەکەیت ئێران خۆی دووەم یەدەگی غازی سروشتیە لەدونیادا، کەچی ئێمە بەتەنکەر بڕێک لە غازی کۆرۆمۆر ئەبەین بۆ ئێران، لەولاوە لە ئەندێشەی ئەرکدارکراوانی سیاسەتی نەوتی کوردستاندا ئەوە هەیە ئێمە هێڵەکەمان داوە بە ڕووسیا لە گواستنەوەوە تا ئەگاتە بە بازاڕیکردن!، لە لایەکی ترەوە هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهان سکاڵای دادگای پاریسی بەسەر هێناوین… ئیتر بەم شێوەیە هەرێم نازانێت لە کوێوە نەوت بفرۆشێت. ناچار بایی ئەوە هەبێت بیفرۆشێت بە کڕیارەکانی وەک ئیسپانیاو ئیتاڵیاو کۆریاو هیندستان و ( ئیسرائیلیش ئەمان ئەیدەن بە دوو کۆمپانیا کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل). دووەم/ سەرنجێک بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەیت، کنە بکەیت و بەدوای ناو و کارو جموجوڵ و ئەزمون و ساڵی دامەزراندنیاندا بگەڕێیت (ئێمە ناوی هیچ کۆمپانیایەک ناهێنین، بەڵام بەشێکی زۆریان وان) کە بێ ئەزمونن، یان بازرگانی کورد لە بەریتانیاو کەنەدا و ووڵاتانی دیکە دای مەزراندون بۆ ئەوەی فریای بۆندە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. بەشێکیان ڕێک تەمەنیان هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (٢٠٠٦) یان ساڵێک پێشووتر یان دواتر دامەزراون. بەشێکی تریان کورد و کەسانی دەستەڵاتدار هێناونی و گرێبەستی بەرهەمهێنانی بۆ کردوون، لەبەرانبەردا کەسەکە کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکەی بەیەک گەیاندووە دەیان ملیۆن دۆلاری وەک بۆنیس و کەمیژن بۆ خۆی وەرگرتووەو، چەندین کەسی نزیکی خۆی لە کۆمپاکەدا بە مووچەی بەرز دامەزراندووە. جگەلەهەمووئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەبواری نەوت یان بوارەکانی تردا، لە ووڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تەنها (٢٠٠$) دووسەت دۆلاری تێ ئەچێت، هەرکەسێک ئەچێت و بە ئاسانی تۆماری ئەکات لەو ووڵاتانەو، وێب سایتێک بە کۆمەڵێک بابەتی قەرەباڵەخ و دروشم و وێنەی سەرنجڕاکێشەوە دائەنات. ئینجا دێتەوە لە عێراق چەندین تەندەرو گرێبەست وەرئەگرێت و هاوبەش بۆ خۆی پەیدائەکات. لەبەرانبەردا بۆ دامەزرزاندن و تۆمارکردنی یەک کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی نەوتی لە عێراقدا پێویستی بە بڕی (٣) سێ ملیار دینار هەیە!. ئیتر ئەمە هۆیەکی ئاشکراو دیارە کە بۆچی کەرتی نەوتی نیشتیمانی پێش ناکەوێت!.. کارکردن لە کێڵگەی نەوتی شێخان – کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن سەرباری ئەمانەش، کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین گرفتی دیکەیان هەیە لە ووڵاتانی خانەخوێ دا، لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت، بۆنمونە لە ڕووی فەلسەفییەوە جیاوازیی چینایەتی دروست ئەکەن. لەڕووی تێچووەوە تێچوویان زۆرە، پارەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) نادەن بە پێی گرێبەستە نەوتییەکە. کۆمپانیا هەیە دوو ساڵە پارەی پیترۆدۆلاری نەداوە بۆ خزمەتی ئەو لادێ و ناحیەو قەزایانەی تێیدا کارئەکات. بەڵێندەر (کۆنتراکتۆر) ەکان لەناو کۆمپانیاکەو دەرەوەی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیای دیکەیان دامەزراندوەو خۆیان فەرز ئەکەن لەو ناوچانەی کێڵگەکانی لێیە، بە بیانوی عەشایەری یان ئەمانە خەڵکی سنورەکەن و ئەبێت (١٠٠) کەسیان بۆ دابمەزرێت. ئەم (١٠٠) کەسەش هەمووی نەخوێنەوار یان پسپۆڕی بوارەکە نییەو…ئینجا دوای ماوەیەک کە دەوڵەمەند ئەبن هەرخۆیان لە پشتەوە دەست ئەکەن بە داوەتکردنی خزم و کەس و بۆڵ بۆڵ ئەکەن کە خزمەتی ناوچەکە نەکراوەو.. ڕێ لە تەنکەرەکان ئەگرن و دەستەواژەی سەیر بەکاردێنن و… هەرخۆیان ئەچن کێشەکە چارەسەر ئەکەن بەرانبەر ئەوەی لە پشتەوە بەڵێنی چەند ئیمتیازێکیان ئەدرێتێ و …و…تادوایی. سێهەم: گازی سروشتی: بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، بەفیڕۆدان لەم (ناوەڕاستی ٢٠٢١) ەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٥٠٠) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لە وەزری گەرما و سەرمادا زیاد دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لەم گەرمایەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی (٤٦٠٠) مێگاوات زیادیکردووە". ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە پیشەسازیی و کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی نییە. هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە بەدەر نییە لەوەی لە عێراق ئەگوزەرێت، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلی) و بە فیڕۆدان دا. هەموو سەری کاتژمێرێک لە عێراقدا بە بەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز دەسووتێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە (٦.٩) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار. ئەمە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە (١٢٦.٧) تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە ئەکرێت و ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن م٣ گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات. بانکی جیهانیی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لە رووسیا، عێراق، ئەمریکا و ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە ٤٥٪ی کۆی گازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە (١٥٠) ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانی دیکە گاز دەسوتێنن چونکە ووڵاتی پیشەسازیی گەورەو بەرهەمهێنانی گەورەی هەمەجۆریان هەیە، عێراق ئەم گازە ئەسوتێنێت؟! {١٣}. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە (١٨.٥ تاوەکو ١٩ ) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا (٢٨) هەزار مێگاواتە، هاوکات (٨٥٪) ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن. دواجار، ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام عێراقی چاو لە دەست و ڕێی ئێران کردووە، ئێرانیش هەمیشە عێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیوە، یەکێک لە رێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گاز و کارەبایە بۆ عێراق. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "كارەبای عێراق بە گازی سرووشتی ئێران كاردەكات"، ئەوەش بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كەرتی وزەی ئێران ناودەبات {١٤}. ئەبێت چی بکرێت؟ ڕاسپاردەکان پێش هەموو شت ئەبێت پلاتفۆرمێکی هەمەلایەنە سازبدەین سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە بەرئەنجامی ئەوەوە دەرئەکەوێت کە پێویستە بە تەواوی پرۆسەکەدا بچینەوە: ئەلف/ گرێبەستە نەوتییەکان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم شێوازی بەشداری و بەرهەمهێنانە (PSC)، بەپێی گرێبەستەکە پارە لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەش ئەکرێت. ئەوەش لەبەرئەنجامی بێرو- بڕۆیەکی زۆری بیرکارییانە بە پێی فاکتەری ئاڕ (R- Factor). کەلێن و کەموکورتی زۆر تیادا دەرئەکەوێت، لەوانە تێچووی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە، دەستکەوتی حکومەت و موڵکانەی تیادا ڕەچاو بکرێت. کوالێتی کۆمپانیاکان و ئەزمونی کارکردنیان بە جۆرێک بێت کە کۆمپانیاکان بەشێوەی زانستی –ستاندار نەوت دەربهێنن، نەک کێڵگەکان وێران بکەن و ژینگەی ناوچەکان بشێوێنن بە شێوەی ئاسۆیی نەوت دەربهێنن کە ترسناکە. با/ شێوازی دەرهێنانی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانەوە. جیم/ پاڵاوتن و پاڵێوگەکان. بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی (٢٠١٧) ی تسیبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە، لە هەرێمی کوردستان (٣) پاڵێوگەی فەرمی و یاسایی : زاخۆ و خەبات و بازیان هەیە. کەچی سەدان پاڵێوگەی دیکەی نا-یاسایی کراونەتەوە!. د/ هەناردەکردن ( لە هەناردەکردنەوە ئیتر ئەبێت بیر لە ئاسایشی هەرێمایەتی و هاوپەیمانێتی سیاسیی بکرێتەوە) و/ ئینجا بازاریکردن و بازار دۆزینەوە بۆ کاڵاکە ن/ ئینجا لۆبی کردن بۆ سیاسەتی ووزەو دۆزی نەتەوەیی کوردستان ----------------------------------------------------------------------------------- * دامەزرێنەرو سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان. سەرچاوەی پێویست کە لەم پەیپەرەدا بەکارهێنراون: {1}. Genel Energy (2021) https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/ {2}. Reuters (2016) How Hayward’s Genel lost its Kurdish oil reserves https://www.google.com/amp/s/mobile.reuters.com/article/amp/idUSL5N18N3S4 {3} Robin Mills, ‘A rocky road and Kurdish oil and independence’ (Iraq Energy Institute, 19 February 2018) {4}. Reuters (2014) Afren expects operations at Barda Rash oilfield to resume by end-October. {5}. Mol Group (2016). Relinquishment of the AKRI-BIJEEL block in the Kurdistan Region of Iraq https://molgroup.info/en/investor-relations/investor-news/relinquishment-of-the-akri-bijeel-block-in-the-kurdistan-region-of-iraq {6}. Oil and gas Journal (2017). Oil Search exits Middle East, will focus on Papua New Guinea. https://www.ogj.com/general-interest/article/17288597/oil-search-exits-middle-east-will-focus-on-papua-new-guinea {7}. ShaMaran Petroleum (2012), ShaMaran Petroleum Finalises Agreement With KRG to Relinquish Pulkhana and Arbat Blocks in Kurdistan. https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-petroleum-finalises-agreement-with-krg-to-122588/ {8}.Trading and operation Update' (Genel Energy plc, 20 January 2016) http://www.genelenergy.com/media/1888/genel-tradingand-operations-update-200116-final.pdf {9}. EnergyTerminal (2017) Gazprom Neft quits Halabja oilfield in northern Iraq. https://www.aa.com.tr/en/energyterminal/energy-diplomacy/gazprom-neft-quits-halabja-oilfield-in-northern-iraq/582 {10}. Bousso and Dmitry Zhdannikov, 'Chevron drills oil well in Iraqi Kurdish area after the two-year gap: sources' (Reuters, 20 September 2017) https://www.reuters.com/article/us-chevron-exploration/chevron-drills-oil-well-in-iraqi-kurdish-area-after-twoyear-gap-sources-idUSKCN1BV1UG {11}. Ron Bousso (2016), 'Shrinking oil reserves crimp Iraqi Kurdistan's allure' . Reuters. {12}. Mediterranean Institute for Regional Studies (2019), Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Surveying Actual data and investigating the declared Numbers. Prepared by Bahrooz Jaafar and Hemn wali. Working paper. P: 25. {13}. The World Bank (2021) Seven Countries Account for Two-Thirds of Global Gas Flaring https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2021/04/28/seven-countries-account-for-two-thirds-of-global-gas-flaring {١٤}. ڕووداو (٢٠٢١)ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئەو گازەی رۆژانە لە عێراق بەفیڕۆدەچێت بەشی كارەبای سێ ملیۆن ماڵ دەکات. https://www.rudaw.net/sorani/business/131020207
شیكاری: درەو لەماوەی پانزە ساڵدا (٢٠٠٥ - ٢٠١٩) ژمارەی کەتن و تاوان و تاوانکاری کە لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراون ژمارەیان زیاتر لە (ملیۆنێك و 175) حاڵەتی تێپەڕاندووە، واتا رێژەی تاوانكاری لە عێراقدا (400%) زیادیكردووە. بۆ ڕێژەی تاوان، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە . لە کۆی (163) دەوڵەتی جیهانیش پلەی (159)یەمی گرتووە بۆ دۆخی خراپی تاوان، بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دیاردەی تیرۆر لە ناوچەکە. كەتن و تاوان ڕێژەی بەرز و نزمی تاوان و تاوانکاری و کەتن نانەوە لە هەر وڵاتێکی دنیا ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ئاستی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. بۆیە گرنگە بەردەوام ئامارەکانی تاوان و سەرپێچییە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن و ببنە بابەتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون؛ لانی کەم بە ئاماجی دۆزینەوەی چارەسەرکردن و بەرپێگرتن و ئیدارەدان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانکاری لە وڵاتدا. بەپێی ئامارو لێکۆڵینەوەکان و هەندێک لە سەرچاوەکان عێراق لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی تاوانی تێدا بەرزە، بۆ نمونە بە پێی مەوسوعەی بەیاناتی جیهانی (NUMBEO) لە ڕیبەندی وڵاتانی خاوەن ئاسایش و سەقامگیر، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە. هاوکات بەپێی ئاماژەکانی (ئاسایشی جیهانی ساڵی ٢٠١٩) لە کۆی (163) دەوڵەتی جیهان عێراق پلەی (159)یەمی گرتووە. بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری دیارەی تیرۆر لە وڵاتەکەدا. ژمارەو ڕێژە و جۆری تاوانەکان لە عێراق لە ساڵی 2005-2019 یەکەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی کەتن؛ 1. کۆی ئەو کەتن و تاوانانەی کە ساڵی (2005-2009) بە هەموو جۆرەکانییەوە کە لە دادگاکانی کەتن تۆمار کراون ژمارەیان گەیشتووەتن (802.878) هەشت سەدو دوو هەزارو هەشت سەدو حەفتاو هەشت کەتن. 2. ڕێژەو جۆری کەتنەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین کەتنەکان پەیوەندی بە سەرپێچی هاتووچۆ و کەمترینیشی پەیوەندی بە قومارەوەبووە. 4. بەردەوام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕێژەی کەتنەکان بەرزبوونەتەوە. 5. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (1) ژمارەی کەتنەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) جۆرو ژمارەکانی کەتن لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق دووەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی تاوان؛ 1. لە ڕووی ئەوە تاوانانەی کە لە دادگاکانی تاوان لە عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (311.297) سێ سەدو یانزە هەزار و دوو سەدو نەوەد و حەوت تاوانی گەورەو بچوکن 2. ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2008) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی تاوان پەیوەندی بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە. 4. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (٣) ژمارەی تاوانەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (4) جۆرو ژمارەکانی تاوان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سێیەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی نەوجەوانان؛ 1. لە ڕووی ئەو تاوانانەی کە لە دادگاکانی نەوجەوانانی عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (61.089) شەست و یەک هەزارو هەشتاو نۆ تاوانی گەورەو بچوکن لە لایەن کەسانی تەمەن خوار (18) ساڵەوە ئەنجام دراون. 2. ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2005) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3. لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی نەوجەوانان پەیوەندی بە ڕفاندنی منداڵ و کومترینی پەیوەندی بە زیانگەیاندنی ئاساییەوە بووە. 4. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (5) ژمارەی تاوانەکانی نەوجەوانان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق خشتەی ژمارە (6) جۆرو ژمارەکانی تاوانی نەوجەوانان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سەرچاوە: د. فراس جاسم موسى و د.حيدر مثنى محمد، الجرائم والجنح في العراق...قراءة احصائية، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث، تاریخ النشر 15/6/2021.
راپۆرت: درەو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تەواو دەبێت هێشتا حکومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەکێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) رەشنوسی بودجەی ئەمساڵی نەناردووە بۆ پەرلەمان، لەنێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی مشتومڕ لەسەر دەسەڵاتی خەرجکردن هەیە، مەسرور بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتی یەکەمی خەرجکردن لای خۆی بێت، ئەمە ئامادەکردنی رەشنوسەکەی دواخستووە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. کوردو بودجە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ە. پێنج رۆژی تر نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەکەی تەواو نەکردووە، دوای تەواوکردنی رەشنوس هێشتا کاتی تر پێویستە بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە دەبێت حکومەت رەشنوسەکە بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە پەرلەمان لیژنەی دارایی راپۆڕتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات و رەشنوسەکە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژ لای لیژنەکان دەمێنێتەوە دواتر دەبرێتە ناو پەرلەمان و خوێندەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان بکەوێتە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ. لە ساڵی ٢٠١٣وە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووەو لە دەرەوەی یاساو چاودێری پەرلەمان داهاتی کۆکردوەتەوەو خەرجییەکانی کردووە. لەماوەی (٢٩) ساڵی تەمەنی هەرێمی کوردستاندا (١١) ساڵ یاسای بودجە هەبووەو (١٨) ساڵ یاسای بودجە نەبووە. کێشەکانی بەردەم بودجه بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لەسەرەتای کارکردنەوە لەسەر رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١، وەزارەتی دارایی روبەڕووی چەندین کێشەو گرفت بوەتەوە کە بونەتەهۆی دواکەوتنی ئامادەکردنی رەشنوسەکه. یەکێک لە کێشەکان ئەوە بوو لەسەرەتاوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبووە داتاکانی خۆی رادەستی وەزارەتی دارایی بکات. یەکەمین کۆبونەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بوو، ئەم کۆبونەوەیە لە روژی ٢٤ی مانگی یەکی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرپرسی دۆسیەی نەوتە، نەوت یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە. بەڵام چەند سەرچاوەیەک لەناو حکومەت کە (درەو) قسەی لەگەڵ کردوون باسلەوە دەکەن، كێشەی راستەقینەی بەردەم رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم پەیوەندی بە دەسەڵاتەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییەوە هەیە، چونکە بەپێی یاسای بودجەدا، زۆربەی دەسەڵاتی خەرجکردن دەکەوێتە لای وەزیری دارایی، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی نیگەران كردووە. سەرباری ئەوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەرگری لە دەسەڵاتەکانی لەناو بودجەدا کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە رەشنوشی بودجەدا بەشێك لە دەسەڵاتەكان لە وەزیری دارایی وەرگیراوەتەوەو دراوە بە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، نەك هەر وەزیری دارایی، تەنانەت دەسەڵاتی خەرجکردن لەزۆربەی وەزیرەكان كەمكراوەتەوە. سەرباری دەسەڵاتەکان، لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی (٢١٪)ی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا بچەسپێندرێت و چوارچێوەی یاسایی پێبدرێت، بەڵام ئەم هەوڵە وەکو خۆی سەرکەوتوو نەبووەو دواتر بەشێوەیەكی تر جێی كراوەتەوە، کە ئەویش قسە باوەکەی سەرۆک وەزیرانە کە دەڵێ "خەرجی موچە بەپێی داهاتی بەردەست دەبێت". داهاتەکان لەناو رەشنوسی بودجەدا بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستاند، تێکڕای داهات بۆ ماوەی یەک ساڵی دارایی بە بڕی (٢٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دینار دیاریکراوە، کە بڕی (٨ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دیناری كورتهێنانە. رەشنوسەکە داهاتەکانی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەمشێوەیە دیاریکردووە: - داهاتی هەناردەكردنی نەوت: (٥ ترلیۆن و ٩٥٤ ملیارو ٦٢ ملیۆن) دینار. - باجی دەرامەت و سامان: (٥٦ ملیارو ٧٤٢ ملیۆن) دینار. - باجی كاڵاو رسوماتی بەرهەمهێنان: (٢٥٥ ملیارو ٣٣١ ملیۆن) دینار. - رسومات: (١٩٥ ملیارو ١٢٩ ملیۆن) دینار. - داهاتی تەمویلکراو: (١٨ ملیار) دینار. - داهاتی تر: (٤٨ ملیارو ١٢٢ ملیۆن) دینار. - كۆی داهات جگە لە بودجەی وەبەرهێنان و پڕكردنەوەی كورتهێنان بریتییە لە: (٦ ترلیۆن و ٣٥١ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن) دینار. - كۆی داهاتی ناوخۆ: (٢ ترلیۆن) دینار. - پشكی هەرێم لە بەغداد: (١٢٫٦٧٪) كۆی داهات كە دەکاتە (٩ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) دینار. خەرجی لە رەشنوسی بودجەدا كۆی خەرجییەكانی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە خەرجیانە دیاریکراوە: - خەرجی موچە - خەرجی وەبەرهێنان (خەرجی وەبەرهێنانی پارێزگاكان + وەبەرهێنانی وەزارەتەكان) - خەرجی وەزارەتەكان بودجە له ١٩٩٣وە بۆ ٢٠١٣ لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٧) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠). بە دریژایی ئەو (٢٩) ساڵە تەنها (١٢)ساڵ یاسای بودجەی هەبووە كە پێك دێت لە ساڵانەکانی ( ١٩٩٣، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣).
درەو: لەكۆی (٢٤) پرسیاری تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەدەبى کوردی پۆلی نۆی بنەڕەتی، (١٤) پرسیاریان وەڵامەکەی (هەژاری موکریانی) بوو، هەژار هاوڕێ مەلا مستەفا بارزانی بوو، (١٤) پرسیاری تایبەت بە هەژار موكریانی تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕە کە داخڵ بوو بۆ تاقیكردنەوەكان. تاقیکردنەوە لە هەژاری موکریانیدا ! دوێنێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی (زمان و ئەدەبی کوردی) پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، رێژەی (٥٨٪) وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەدەب کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان یەک وەڵامی هەبوو کە وەڵامەکەش شاعیر (هەژاری موکریانی) بوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو، (٤٧) لاپەڕە داخڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکەو سێ شاعیری تری ناوداری کورد بەشێک بوون لەم پرۆگرامە لەوانە (پیرەمێرد، وەلی دێوانە، حاجی قادری كۆیی)، بەڵام نە پرسیار و نە وەڵامی پرسیارەكاندا ناویان نەهات. ژیان و بەرهەمەکانی (هەژاری مۆکریانی) لە کتێبی ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتیدا تەنیا پەڕەیەکی بۆتەرخان کراوە، واتە بەم پێوەرە زۆریەی پرسیارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە یەک پەڕەی کتێبەکەدا دانراوە. تەنیا لە پرسیارەكانی ئەدەبی كوردیدا لەكۆی (٢٤) پرسیار، (١٤) پرسیار وەڵامەکەی تایبەت بووە بە (هەژاری موكریانی). ئەم پرسیارانە بوو بە مایەی گاڵتەجاریی، تەنزنوس شێرکۆ عبدوڵڵا لەبارەیەوە نوسی" شکسپیر لەرووی دەرونییەوە حەزئەکات هەژاری موکریانی بێت، پانزە پرسیاری تێدا بێتەوە". ئەو پرسیارو وەڵامەکانی هەژاری موکریانی - هەژار موكریانی لەدایك بووە لە ساڵی ؟ وەڵام: ١٩٢٠ - عەبدولڕەحمان كوڕی مەلا محەمەد ناوی كام شاعیرە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - كامیان شوێنی لەدایكبوونی هەژار موكریانیە ؟ وەڵام: مەهاباد - هەژار موكریانی كەی كۆچی دوایی كردووە؟ وەڵام: ١٩٩١ - بەهیوا بووە ببێتە مەلا بەڵام كۆچی دوایی باوكی ئەم هیوایەی لەدەستداوە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - لە سوختەخانە و مزگەوتان خوێندنی تەواوكردووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان رۆڵی هەبووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی - هەژار موكریانی ساڵی چەند روویكردووەتە عێراق و بووەتە پەناهەندە ؟ وەڵام: ١٩٤٧ - هەژاری موكریانی بەشداری كام شۆڕشی كوردی كردووە؟ وەڵام: شۆڕشی ئەیلول - من و بولبول هونراوەی كێیە؟ وەڵام: هەژار موكریانی - شاعیری دڵداری نەبوو عاشقی كێو دۆڵ و چیای كوردستان بوو ؟ وەڵام: هەژاری موكریانی - خونجیلانەی دندۆك ؟ وەڵام: زێڕین شیعری هەژار موكریانیە - وە بیرت دێ پایزی ؟ وەڵام: پار شعری هەژار موكریانی - ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی بەحیزبیکردنی پرسیارەکان پرسیارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی: - لە سێ شوێنی زنجیرە پرسیارەكەدا، چوار پرسیار لەسەر یەك وەڵامەكەی (هەژار موكریانی)یە - (١٤) پرسیار تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕەی کە داخڵ بوو. - هێنانەوەی پرسیاری هەڵە، بە نمونە (ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە) چوار بژاردەی داوە (سەبری بۆتانی، بێكەس، وەفایی، هەژار موكریانی)، وەڵامی راست هەژار موكریانیە، واتا ئەو سێ شاعیرەی تر ئازادی خوازو پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز نەبوون. - هەندێك لە شارەزایان و مامۆستایان وای لێكدەدەنەوە لەبەر ئەوەی هەژاری موكریانی نزیك بووە لە (مستەفا بارزانی) رابەر و دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و شعری بۆ وتووە، بۆیە ئەو گرنگیەی لەڕادەبەدەری لەپرسیاری تاقیکردنەوەکاندا پێدراوەو ئەمە سەرەتایەکی خراپی بە حیزبیکردنی تاقیکردنەوەکانە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە. شیعرەکەی هەژاری موکریانی بۆ مەلا مستەفا ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە ئەگەر بەفرە و شلێوەیە و تۆفانە ئەگەر گێژە و کرێوەیە و بۆرانە ئەگەر لەهەر جێدا چەتە و گۆڕانە تۆ شارەزا و رێ نیشاندەری لاوانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە ئەگەر لاهی و لافاوی بێ پێ بازە ئەگەر چەقهی لوور و مرهی دهعبايه هەموو دەر و دۆلێک پڕی حهزيايه ئەگەر لە بن هەر بەردێ نەعرهی دێوە هەر پنچکێک پڕی جند و خێوە باکمان نیە هێزو گوڕی دلمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر دوژمن پراو پری دنیا بێ شەپۆل بداتەوە وەکو دەریا بێ چەکی دەستی لە ئێمە زۆر زۆر تربێ لە گشت درەندە وەحش و پیاو خورتر بێ خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن بۆمبا لە بن فرۆکەیان دابارن لە کوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی با کۆخ و لادێ و شارەکان خاپور کەن با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سور کەن خوێنمان لە رێی ئهم نیشتیمانە برژی مێشکی ژن و کور و کیژانمان بپژێ لانک و منال بە ئاگرێ بسوژن با وێران کەن، ببڕن، ببەن، بکوژن لە دواتەوەین باب و براو کەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی کوردین کوری چیا نەبەرد و شێرین بە کوشتنی داگیرکەرانمان فێرین لە دوژمنان تۆلە و هەقمان دەستێنین سەد قاد سەران دەبڕین، زگان دەدرێنین ئەو رۆژی کورد دەکرا بە دیل ئەو ڕۆیی یان مردن و یان ژین، یان سەربەخۆیی دوژمن کوژی، کورد پەروەری رێزانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی پرسیاری نیشتمانی بۆلی نۆی بنەڕەتی یەك پەڕە (دوولاپەڕە)ی تایبەت بەژیان و شیعرەكانی هەژار موكریانی كە (14) پرسیاری تیادا هاتووەتەوە
درەو: راپۆرت:رێناس ساڵح - نەوژین رۆژەکان نزیک دەبنەوە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جیاواز لە رابردو بەیاسایەکی نوێ کێبڕکێکە دەستپیدەکات، تێدا (٩٦٣) ژن ململانیەی گەشتنە پەرلەمان دەکەن، ژنان لەبەردەم گۆڕانکاریەکی مێژویدان، حزبە سیاسیەکان گومان دەکەن کۆمەڵگە ئەو دەرفەتەبدات بە ژنان لە کاتێکدا خۆشیان بە پێی ژمارەی کاندیدەکانیان ئەو گومانەیان لەسەرە، بەڵام ئاخۆ کۆمەڵگەی عێراقی ئەم هەڵبژاردنە دەکاتە بنەمای گۆڕانکاری بۆ بەشداری سیاسی ژنان؟ لە ساڵی (١٩٨٠)ەوە لە عێراق ژنان مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی هەیە، لەوکاتەوە لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی زیاتر، هەروەک لە دەستوردا بڕیار لە پێگەی ژن دراوە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. ژمارەو رێژەی کورسی ژنان لە خولەکانی پەرلەمانی عێراق ژنان بە دەنگی راستەقینەی خۆیان دەگەنە پەرلەمان؟ لە هەڵبژاردنەکانی رابردودا چەندین کاندیدی ژن بە دەنگی راستەقینەی خۆیان و بەبێ کۆتا گەشتونەتە پەرلەمان، بەڵام بە پێ یاساکان رێژەی کۆتایان تێنەپەڕاندوە خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەختی کردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ سێ کاندیدی ژن لە لیستەکەیان لە پارێزگای دهۆک بە دەنگی خۆیان گەشتونەتە پەرلەمان. ئەو بۆ 'نەوژین' وتی: ”ئومێد دەکەین ژنان بە دەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی هەیە ژنان رۆڵی راستەقینەی خۆیان نەبینوە وەک سەرکردە یان لە پرۆسەی سیاسی ئەگەرچی ژنانی کورد بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی زۆر باشدان بەشاهێدی گەڕیدەو مێژونوسان رۆڵی سەرکردایەتیان هەبوە لە رۆژئاواو باکوری کوردستان، لە باشوریش باشە، بەڵام دەکرێت بەروپێشی ببەین“. لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم پارتی ١٢ کاندیدی ژنی هەیە واتە لەم سێ پارێزگایە بە رێژەی ٤١،٣٪ کاندیدەکانی لە رەگەزی مێن لەهەمان کاتدا لیستی هاوپەیمانی بە رێژەی ٤١،٦٧٪ کاندیدەکانیی لە رەگەزی مێن لە سێ پارێزگاکەی هەرێم. براکۆ شێرکۆ فاتیح، وتەبێژی مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی سوێند بە 'گۆڕی شەهیدان' دەخوات ئاگەداری زانیاریەکان نیە لە بارەی کانیدانی حزبەکەی و دەڵێت: ”بەشێکی زانیاریەکان لەسەر کانیدەکانیان دزەی پێکراوە“. ئەو ئەوەی بە نەوژین راگەیاند: ئەو کاتەی کۆمسیۆن بڕیاری کۆتایی بدات لە بارەی کاندیدەکانەوە قسەلەسەر ئەم بابەتە دەکەن. داتای کاندیدانی قەوارەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرچاوە: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق+ پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن هەندێک قەوارە هیچ کاندیدێکی ژنیان نیە بە گوێرەی خشتەی داتاکانی کۆمسیۆن چەند قەوارەیەکی سیاسی هیچ کاندیدێکی ژناین نیە لەوانە حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، یاخود هەندێک لایەنی سیاسی کەمترین کاندیدی ژنیان هەیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆی ٦ کاندیدی ئەو حزبە تەنها یەک کاندیدی لە رەگەزی مێیە. یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنەکانی گۆڕان بۆ 'نەوژین' وتی: ئەوان لەگەڵ یەکێتی تەمسیلی یەک لیست دەکەن بۆیە بۆ هەمو بازنەکان بەڕێژەی ٢٥٪ بەشدارن. ئەمەی گرێدایەوە بە هاوپەیمانیەتیەکەیان لەگەڵ یەکێتی کە ئەوان پێکەوە رێژەکە تەواو دەکەن نەوەک وەک حزب. ”تێپەڕاندنی کۆتایی ژنان ناڕونە“ یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆارنکاری زۆری تێداکراوە، بەڵام لەم نێوەندەدا پرسی ژن وادەردەکەوێت چەقبەستوبێت، بەشێوەیەک ئارام جەمال، کارگێڕی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەخت دەکاتەوە ”هیچ گۆڕانکاریەک نایەتە بون لە ژمارەی پەرلەمانتاری ژن لەم هەڵبژاردنەی عێراق، تەنها لەیەک باردانەبێت کە ئەویش بە ناڕونی ماوەتەوە“. لە یاسا نوێکەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەبەوەکراوە لە هەربازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت کاندیدانی هەرلایەنێک ٢٥٪ لە رەگەزی مێبێت، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن لە خۆ دەگرێت ئەمەش دەکاتە ٢٥٪ کورسیەکانی هەڵبژاردن، ناڕونی یاساکە لەوەدایە ئایا ئەگەر لە بازنەیەک کاندیدێکی ژن بە دەنگی خۆی کورسی بەدەستهێنا ئەوا لەو بازنەیە هەژماری کۆتا دەکرێت یاخود نا؟ ئارام جەمال، دەڵێت: ئەم خاڵە ماوەتەوە بەوەی ئایا کۆمسیۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوبڕگەیە دەکات لە یاساکە. ئەمە لە کاتێکدایە لەیاساکەی پێشوتری عێراق کۆتایی ژنان بە ٢٥٪ دیاری کرا، بەڵام لەکاتی هەژماری دەنگەکان ئەو ژنانەشی بە دەنگی خۆیان سەرکەوتن بۆ پەرلەمان لە گەڵ رێژەی کۆتاکەدا هەژمارکرابون. حزبەکان عورفی کۆمەڵگا بەبەربەست دەزانن بۆ ژنان ئەی چیانکردوە بۆ ئەوە؟ لەم هەڵبژاردنەدا هاوڵاتی دەنگ بە لیست نادات بەڵكو راستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەو بازنەی هەڵبژاردن کە مافی دەنگدانی تێدا هەیە، حزبە سیاسیەکان عورفی کۆمەڵگە بۆ تێڕانیان بە تواناکانی ژنان بە کێشە دەزانن لەبەردەم سەرکەوتنیان. یاسین حەمە علی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە گەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن عورفی کۆمەڵگاو متمانەنەبون بە ژنان بە هۆکار دەزانێت لە کەمی کاندیدی ژن ئەمە هەمان بۆچونی خەسرەو گۆرانە و دەڵێت: ” وەک پارتی بڕوامان بە رێژەیەی کۆتا نیە بۆ ئافرەتان، چونکە چەندین ئافەرتمان هەیە توانای سیاسی چەند بەرامبەر بە پیاوە کەواتە ئەرکە رۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت، کۆتا بۆ پاڵپشتیە چونکە کۆمەڵگە رێگرە لە بەردەمیان“. ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق هیچ لیستێک هاوسەنگی رەگەزی لە ژمارەی کاندیدەکانیدا نیە، ئەوەی هەیە لە بازنەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کۆتایی ژنان کاندیدی ژن زیاترە لەو قەوارانەی کە گومان دەکەن دەنگی تەواوی کورسیەک بەدەست نەهێنن. بە نمونە پارتی لە بازنەی سلێمانی لە کۆی ٦ کاندید ٥ لە رەگەزی مێن و لیستی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕانی لە پارێزگای دهۆک هەردو کاندیدەکەیان لە رەگەزی مێن. بەڕێوبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان جەختیکردەوە هیچ حزبێکی سیاسی عێرق و کوردستان باڵانسی جێندەری لە کاندیدەکانیانن نیە، ئەو پێشی وایە قورسە ژنان لەم هەڵبژاردنە بە دەنگی خۆیان دەربچن دەشڵێت: حزبەکان پشتگیری کاندیدە پیاوەکانیاننو دەیانەوێت ژنەکان بە کۆتا دەربچن. بە پێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن لە هەربازنەیەک چەند کورسی دیاری کرابێت ئەوەندە کاندید سەردەکەوێت بە پێی ریزبەندی ئەو بازنەیە، کۆی ژمارەی کاندیدانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق (٢٥٦٠) کاندید و تێیدا لەو ژمارەیە ژنان بە رێژەی (٢٧،٣٣٪)بەشدارن بە (٩٦٣)کاندید، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (٤٩)ژن کاندیدن واتە بە رێژەی (٣٦،٠٢٪) ژنان لە هەرێمی کوردستان دەچنە ململانیەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە ١٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
شیكاری: درەو لە 89%ی سەرۆكی زانكۆكان و 65%ی سەرۆك بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی دانراون، (67%)ی سەرۆكی زانكۆكان ماوەیان بەسەرچووە، 56%ی سەرۆكی زانكۆكان پارتین و 44%ی یەكێتین، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە (240)بڕوانامەی ساختە ئاشكرا كراوە، (27%) توێژینەوەكانی زانكۆی سلێمانی و (31%) ی توێژینەوەكانی زانكۆی كۆیە لە گۆڤارە ساختەكاندا بڵاوكراونەتەوە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان چاودێری كاری وەزارەتەكان دەكەن، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران لەناو ساختەكاریەكاندان و بەشێكیشیان بە نایاسایی هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریدا لە خوێندنی باڵا دەخوێنن. دۆخی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەی (درەو)دایە. پێگەی زانكۆ سەرباری ئەوەی تا دێت خوێندن و بەهای زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزینە، بە هۆکاری قەیرانی دارایی و پەککەوتنی خوێندن بە هۆی بایکۆتی مامۆستایان و هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات نەبستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کاری هەرێم و وەستاندنی دامەزراندنی زیاتر لە حەوت ساڵ لە کەرتی گشتی و جێنەکردنەوەی دەرچووان لە کەرتی تایبەت. لەگەڵ ئەو قەیرانە دەرەکییانەی ڕووی لە زانکۆکانی هەرێم کردووەو بەشی زۆری لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانە، بەڵام لە ناوخۆشیدا توشی قەیرانی قوڵ بووە، لەوانەش؛ ساختەکاری و دەستێوەردانی حیزبی و سەرپێچی یاسا، بڕستی لە زانکۆ و خوێندنی باڵا بڕیوە، لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەیخەینە سەر ئەو هۆکارە ناوەکییانەی کاریگەری هەرە خراپیان لەسەر زانکۆکانی هەرێم جێهێشتووە، لە داهاتوودا هەموان پێکەوە باجەکەی دەدەن. لە دنیادا زانکۆکان ڕێڕەوی مێژویان گۆڕیوە لەسەرجەم بوارە فکری و سیاسی و ئابوری و تەکنۆلۆژی و تەندروستی ...سەرجەم بوارەکانی تر، ئەوەش ئەرکی لەپێشنەیان بووەو پێش زۆر کەرتی دیکە کاری ئەوان بووە. کاتێکیش ڕەخنەیەکی جدی هەبێت دەربارەی ئەو کایە گرنگە، دەکرێت ڕاستی بکاتەوە. لێرەدا هەرە خاڵە لاوازەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخەینە روو. بەردەوامی دەستتێوەردانی حیزب لە زانکۆکان یەکەم: لەسەر ئاستی سەرۆکی زانکۆ بەپێی یاسای یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008 ی (یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی)، لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتەمی یاساكەدا هاتووە: "زانكۆ حەرەمێكی ئارام و پارێزراوە و سەنتەرێكی هزری و شارستانییە و ئەقڵ لە كەش و هەواكەیدا گەشە دەكات و توانای داهێنان و دۆزینەوە تیایدا بەرز دەبێتەوە و نابێ دەست لە كاروباری وەربدرێ مەگەر یاسا رێگە بدات و بەرپرسیارێتی راستەوخۆی لە ئەستۆدایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی كە لەم یاسایەدا هاتوون". بەڵام لە راستیدا دەستوەردانێكی زۆر لە كاروباری زانكۆكاندا هەیە، دەستوەردانی حیزب و ڕێكخراوە (قوتابی/خوێندكاری)ە حیزبیەكان، زانكۆكان سەربەخۆیی داراییان نیە، زۆرترین گرفتی داراییان هەیەو تەنانەت رێگەیان پێنادرێت لەو داهاتانەی خۆشیان دەستیان دەكەوێت پێداویستییەكانیان دابین بكەن. سەربەخۆیی كارگێڕییان نیە و زۆرترین دەستوەردانی حزبی لە كاروباریاندا هەیە، شیاوی یاساییان نیە و زۆرترین پێشێلكاری لە یاسادا كراوە. لە مادەی نۆیەمی یاساكەدا مەرج و رێكارەكانی دانانی سەرۆكی زانكۆكان بە روونی دەستنیشان كراون، بەڵام ئەوەی لەمەیدانی پراكتیدا پەیرەوكراوەو دەبینرێت پێشێلێكی تەواوی یاساكە هەیەو ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و خراپی بەسەر رەوشی خوێندنی باڵادا هەیەو نەنگییە بۆ سیستەمی حوكمرانیی هەرێم كە ئەم هەموو پێشێلكارییە زەقە لەیاسادا بكرێت و بەری پێنەگیرێت و بەردەوامیش بێت. سەبارەت بە مەرج و رێكارەكانی دانانی كەسێك بە سەرۆكی زانكۆ، لە ماددەی نۆیەمی یاساكەدا هاتووە: سەرۆكی زانكۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەسەر پێشنیاری وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ماوەی چوار ساڵ دادەمەزرێ و قابیلی درێژكردنەوەیە بۆ یەك جار و بەپلەی تایبەتی دەبێ و بەپێی ئەم پێوەرانەی خوارەوە: 1. بڕوانامەی دكتۆرای هەبێ. 2. بەلانی كەم پایەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری هەبێت. 3. خزمەتی (10) ساڵ كەمتر نەبێ. 4. خاوەن تواناو شیاوی كارگێڕیی و شارەزایی و دەست پاكی و ئەمانەتی زانستی بێت لە كاركردندا. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت یاساكە پێشێل كراوە، خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، ئێستای لە هەمو كاتێك خراپترە، بەڕێوەبردنی زانكۆكان بەو كەسانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە بڕستی لە زانكۆكان بڕیوە، ئەمەش بەشێكی گرفتە سەرەكییەكەی خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان. سەرجەم سەرۆكی زانكۆكان لەلایەن حزب و بە پێوەری حزبی دانراون، زۆرینەشیان ماوەی یاساییان تێپەڕاندووە، یاخود بە وەكالەت دانراون. بڕوانە خشتەی ژمارە (١) بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی كوردستان کە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا کراوە) لەلایەن هەردووە پەرلەمانتار (ئاشنا عەبدوڵا و ڕاهی ڕەهبەر)ەوە ئامادە کراوە. سەرپێچی گەورەی یاسایی لە کەرتی خوێندنی باڵادا هەیەو حیزب زۆرترین ڕۆڵی هەیە لە پڕکردنەوە پۆست و پلە و پایەکانی نێو زانکۆ دامەزراوە هاوشێوەکانیان، وەک لە ڕاپۆتەکەدا هاتووە؛ خشتەی ژمارەی (١) سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم خشتەیەی سەرەوە دەردەكەوێت كە بەڕێوەبردنی زانكۆكان بەو كەسانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە، یا بە وەكالەت دانراون، بەمشێوەیەی خوارەوەیە: لە كۆی (18) سەرۆكی زانكۆ و دامەزراوەی هاوتای زانكۆ، تەنها (2) كەسیان مەرجی یاساییان تەواوە واتا (89%)، (2) كەسیان بە وەكالەت دانراون و (12) كەسیان ماوەی یاساییان بەسەرچووە واتا (67%)و (2) زانكۆش پەیوەست نین بە یاساوە. هەر لە (18) کەسە (10)یان پارتی واتا (56%) و (8) یان یەکێتین واتا (44%). بەمەش زانكۆكان بوونەتە قوربانی ئەم پرسەو وەزارەتی خوێندنی باڵاش بێدەنگی لێكردوە، هێشتنەوەی ئەم پرسە بەم شێوەیە هیچ بەهانەیەك هەڵناگرێت بێجگەلە بێ بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا. دووەم: لەسەر ئاستی ڕاگر و سەرۆک بەشەکان بەپێی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ماوەی سەرۆكی زانكۆو راگرەكانی بۆ (4 ساڵ) دیاریكردووەو دەبێت پلەی زانیستیان پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێت. بەشێك لە سەرۆكی زانكۆو راگرەكان پلەی زانستیان بەدەرە لە یاساو پرۆفیسۆری یاریدەدەر نین و هەندێكیشیان بۆ ماوەیەك بە وەكالەت پۆستەكان وەردەگرن تا پلەی زانستییەكە وەردەگرن و دواتر پۆستەكانیان بۆ دەبێت بە رەسمی، ئەو كاتیش ماوەیەكی زۆر لەپۆستەكەدا دەمێننەوە. بەشێك لەو سەرۆكی زانكۆ و راگرانە پلەی زانستیان نیە واتە (پرۆفیسۆری یاریدەر) نین، بەناوی نەبوونی پسپۆڕییەوە دانراون، لەكاتێكدا كوردستان پڕە لە كەسانی هاوپلە بە دامەزراوو دانەمەزراوەوە، بەڵام بەهۆی مەحسوبیەت و پاڵپشتی حزبەوە، لەو پۆستانەدا دانراون. دەستوەردانی حزب لە كاروباری زانكۆدا گەیشتوەتە ئاستێك، هەندێك بەش و راگر لەبەر ئەوەی حزب نایەوێت بكەوێتە دەست كەسانێك كە حزبی نین یان سەر بە كوتلەكەی دیاریكراو نین لەناو حزبدا، سەرپەرشتیاری بۆ دادەنێن، تا كەسێكی حزبی یان لە كوتلەی خۆیان دەدۆزنەوەو لەو پۆستەدا دایاندەنێن. ناوچەگەرێتی و دەستەگەری رۆڵی هەیە لە دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆو راگرو سەرۆك بەشەكاندا، ئەگەر لە بوارەكانی دیكەدا ناوچەگەرێتی بوونی هەبێت ئەوا لە زانكۆو پەیمانگەكاندا حەرامە، چونكە ئەو پۆستانە پەیوەندی بە زانست و توانای زانستییەوە هەیە، لە یاسای بەركاردا هیچ بڕگەیەكی نیە ئاماژە بە ناوچەگەرێتی بكات لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا. بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی (18)ی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، سەرۆكی بەش یان راگری كۆلیژ، مەرجە پلەی زانستییان لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت، بەڵام بەشێكی زۆری سەرۆك بەش و راگرەكان بەبێ ئەو مەرجە زانستیانە دانراون و بەشێكی زۆری سەرۆكی زانكۆكان ماوەی یاساییان بەسەرچووە كە بەپێی یاساكە چوار ساڵە. بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی (18) لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، مەرجە بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی زانستی ژماریەك لە ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە (14) كەس زیاتر نەبێت و لە (8) كەس كەمتر نەبێت و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا بن یاخود لەوانە بن نازناوی زانستی پرۆفسۆری یاریدەدەرەو لانی كەم پێنج ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەیە، بەڵام چەندین بەش كراونەتەوەو نە پرۆفسۆری یاریدەدەرو نە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراو نە ستافی ئەكادیمی دیاریكراویان هەیە. بەپێی راپۆرتیكی (ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) كە پشتی بەستووە بە (رێبەری ساڵی خوێندنی 2018): لەكۆی (624) بەشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (407) سەرۆكی بەشیان بە نایاسایی و لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە (65%)ی كۆی سەرۆك بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و (217) سەرۆكی بەش بەیاسایی دانراون كە دەكاتە (35%)، لەزانكۆی سەڵاجەدین لەكۆی (78) سەرۆكی بەش (37) سەرۆك بەشیان بە یاسایی دانراون بەرێژەی (47%) و (41) سەرۆك بەشیان بەنایاسایی دانراون (53%)، لە زانكۆی سلێمانی لەكۆی (107) سەرۆكی بەش (64) سەرۆك بەشیان بە یاسایی دانراون بەرێژەی (60%) و (43) سەرۆك بەشیان بەنایاسایی دانراون (40%)، زانكۆی هەڵەبجە (100%) سەرۆك بەشەكان بە نایاسایی دانراون، زانكۆی پولیتەكنیكی دهۆك (96%) ی سەرۆك بەشەكان بە نایاسایی دانراون. بڕوانە خشەی ژمارە (٢)، بە جۆرێک؛ خشتەی ژمارە (٢) سەرۆک بەشەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ساختەکاری لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا یەکەم: بڕوانامەی ساختە بروانامەی ساختە دیاردەیەکە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگوومان عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی ئەو مەترسییە نین، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 240 بڕوانامەی ساختەی ئاشكرا كردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحە صدور) بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون، دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. هەندێك لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە كردووە، مامۆستای زانكۆن و فەسڵ كراون. ساڵی 2016 وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، بوونی بڕوانامەی جیهانیی لە زمانی ئینگلیزیدا كرد بە مەرج بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا)، ئیتر ئەو كاتەوە چەندین جۆری فیڵو ساختەكاری بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە سەریهەڵدا، بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆو قوتابیانی خوێندنی باڵا پەنایان برد كڕینو ساختەكردنی بڕوانامەی جیهانیی زمانی ئینگلیزی بەتایبەت (ئایەلسو تۆیفڵ). ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن كە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكە بڕوانامە ساختەكان بریتییە لە 106 بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی كە لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر 26 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سلێمانی 48 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆ هەڵەبجە 12 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی دهۆك چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی زاخۆ سێ بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی هەولێری پزیشكی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك دوو بڕوانامەی ساختە.هەروەك ئاشكرا كراوە كە لە زانكۆی كۆیە یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سۆران یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی ڕاپەڕینیش یەك بڕوانامە هەیە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەدان كەس لە خوێندنی باڵادا بڕوانامەی توانستی زمانیان ساختە كردووە، بەڵام وەزارەتو زانكۆكان بەشێكی زۆری لیستی ساختەكارەكانیان شاردوەتەوە. دووەم: خوێندنی ساختە لە دەرەوەی یاسا بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورای هەرێم، پەرلەمانتارانی كوردستانو عێراقو خاوەن پۆستو پلە تایبەتەكان لە وەزارەتەكانو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، لەوكاتەی لە پۆستەكانیاندان، بۆیان نیە، پێشكەشی خوێندنی باڵا بكەن، چونكە لەیەك كاتدا هەردوو كارەكە پێكەوە ناكرێت. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانی كوردستانو بەرپرسانی حكومەتو فەرمانگەكان، لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان دەخوێنن، ئەمەش پێشێلكردنی رێنماییەكانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە وەزارەتو ئەو زانكۆیانەی كە ئەم پلە تایبەتانە لێی دەخوێنن، بێدەنگن. سێیەم: بڵاوکراوە لە گۆڤارە ساختەکان بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، دەیان مامۆستا تێوەگلاون بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ساختەکانی جیهاندا، لەوەش ترسناکتر لەوەش ئەوەیە، ئەو توێژینەوانە رۆڵیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی پلە و نازناوی زانستی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆدا، بەجۆرێک مامۆستای وا هەیە سێ پلەی زانستی بەوهۆیەوە بڕیووە. گۆڤارە ساختەکان بەشێکن لە جۆرەکانی ئەو باندە نێودەوڵەتیانەی لەبواری توێژینەوە زانستیەکاندا کاردەکەن و واخۆیان دەناسێنن کە دەزگای توێژینەوە و پەبڵیشەری زانستین، بەڵام لە راستیدا تەنها دەزگایەکی وەهمی سەر تۆڕی ئینتەرنێتن کە ئامانجیان بزنس و کۆکردنەوەی پارەیە. لەمساڵانەی دوایدا ئەم جۆرە گۆڤارانە لە جیهاندا ڕوو لە زیادبونن و بەشێکی زۆریشیان ناوەندە زانستیەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمیان کردۆتە ئامانج، چونکە مامۆستایان و توێژەرانی ئەو وڵاتانە بەئاسانی دەبنە نێچیری ئەم باندانە. بڵاوبونەوەی ئەم دیارەدەیە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بەجۆرێکە لەو توێژینەوانەی ساڵی 2016 لە لایەن مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستانەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە 25% یان لەو گۆڤارە ساختەکاندا بووە. چەند توێژەرێکی گەنج سەنتەری (بایۆساینس) بەڕێوەدەبن، کە سەنتەرێکی ئەکادیمی سەربەخۆیە تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لە بورەکانی فیزیا، کیمیا، بایەلۆجی و پزیشکی و کۆمپیوتەر. توێژەرانی ئەم سەنتەرە لەپاڵ کارە سەرەکیەکەیاندا کە هاندان و یارمەتیدانی مامۆستایانە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە جۆرناڵێکی باوەڕپێکراودا. کاردەکەن لەسەر چێککردن و هەڵسەنگاندنی ئەو توێژینەوانەی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان ئەنجامدراون لە جۆرناڵە جیهانی و لۆکاڵییەکان. لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردۆتەوە سەنتەری بایۆ ساینس دەڵێت بەپێی توێژینەوەکانمان دەرکەوت لە بواری زانستە سروشتیەکاندا 27% توێژینەوەکانی زانکۆی سلێمانی و 31%ی توێژینەوەکانی زانکۆی کۆیە و 19%ی توێژینەوەکانی زانکۆی چەرموو لە گۆڤارە ساختەکاندا بڵاوکراونەتەوە. پەرلەمانتارو خوێندنی باڵا بابەتەكە تەنیا ساختەكاری نییە، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورای هەرێم، پەرلەمانتارانی كوردستانو عێراقو خاوەن پۆستو پلە تایبەتەكان لە وەزارەتەكانو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، لەوكاتەی لە پۆستەكانیاندان، بۆیان نیە، پێشكەشی خوێندنی باڵا بكەن، چونكە لەیەك كاتدا هەردوو كارەكە پێكەوە ناكرێت. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانی كوردستانو بەرپرسانی حكومەتو فەرمانگەكان، لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان دەخوێنن، ئەمەش پێشێلكردنی رێنماییەكانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە وەزارەتو ئەو زانكۆیانەی كە ئەم پلە تایبەتانە لێی دەخوێنن، بێدەنگن. (درەو) زانیویەتی، لە خولی ئێستا پەرلەمانی كوردستاندا، زیاتر لە (25) ئەندام پەرلەمان هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریی، لە خوێندنی باڵاش دەخوێنن، واتە بەپێچەوانەی یاساوە دوو كار پێكەوە دەكەن. سەرچاوەکان 1. ڕاپۆرتی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان. ٢٠٢١. 2. ئینستتیوتی پەی، خــوێندنی بــاڵا لەبەردەم ئاڵنگاری و گرفتی چارەنەكراودا، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی خوێندنی باڵا لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (2014-2018)، کانونی دووەمی 2019. 3. ڕاپۆرتی درەو میدیا، ساختەکاری لە خوێندنی باڵا... لە لیستەکەدا پەرلەمانتار هەیە؛ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8027 4. گۆڤارە ساختەکان زانکۆکانی هەرێم دەکەنە ئامانج، کورد پیدیا؛ https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20170610145950101439&lng=23 5. حزب لەبری وەزارەت پۆستەكانی ناو زانكۆ پڕدەكاتەوە، ڕوانگەو ڕەخنە؛ https://www.rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=4751 6. لوقمان مصگفی ، عێراق و هەرێم دوو بازاڕی گەرمی بڕوانامەی ساختەن، ئاوێنە؛ https://www.awene.com/article?no=3957&auther=89
راپۆرت: درەو بەشێك لەداهاتی غرامەی مەشروب و جگەرەكێشان و سەرپێچی هاتوچۆ دەچێتە ناو سندوقی شێرپەنجەوە، كەچی ماوەی شەش مانگە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا بەشێك لە موچەكانیان پێنەدراوە، توشبوانی شێرپەنجە سەرباری قورسی ژیان و دۆخی تەندروستیان ئێستا كەوتونەتە ناو ململانێی كەرتی گشتی و تایبەتەوە، كۆمپانیا و نەخۆشخانە ئەهلیەكان چاویان لە سەرمایەگوزاریە لە سەر ژیان و تەندروستی توشبوانی شێرپەنجە. لەم راپۆرتەدا، (درەو) وردەكاری كێشەكان دەخاتەڕوو. سەرچاوەی كێشەكە ؟ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبووە لە لۆگۆی نەخۆشخانەی (هیوا)، خەڵك پشتیوان بۆ بەردەوامبوونی ئەم نەخۆشخانەیە دەردەبڕنو ترسیان هەیە نەخۆشخانەكە دابخرێتو پزیشكو كارمەندەكانی لە كاركردنەوە لە كەرتی گشتی، بگوازرێنەوە بۆ كەرتی تایبەت، بەمەش توشبوانی شێرپەنجە زەرەرمەند ببن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو شڵەژانەی ئەم چەند رۆژە روبەڕووی نەخۆشخانەی (هیوا) بووەتەوە، بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە هەردوو هۆكارەكە چارەسەرەكەی لای حكومەتە: هۆكاری یەكەم: عەبدولڕەحمان ساڵح بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم بڕیارێكی دەركردووە، بەپێی ئەم بڕیارە تەنیا رێژەی (2%) شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكات كە دەرمان بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان دابین دەكەن، واتا ئەگەر كۆمپانیایەك بەبەهای (ملیارێك) دینار دەرمانو پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی (هیوا) دابین بكات، حكومەت بە (50) مانگ ئەم پارەیە بە كۆمپانیاكە دەدات، ئەم بڕیارەی حكومەت كۆمپانیاكانی لە دابینكردنی دەرمان بۆ كەرتی تەندروستی گشتی ساردكردوەتەوە، بڕیارەكە هەموو نەخۆشخانە گشتییەكان دەگرێتەوە، بەڵام كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر نەخۆشخانەی (هیوا) دەركەوتووە، چونكە (هیوا) نەخۆشی زۆری هەیەو بەبێ بەرامبەر چارەسەر بۆ نەخۆشەكان دەكات، پشكنینو چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بەبەراورد بە نەخۆشییەكانی تر، گرانترە. هۆكاری دووەم: پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانەی (هیوا) بەپێچەوانەی پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانە گشتییەكانی ترەوە، ئێواران لە كەرتی تایبەتو نۆرینگە ئەهلییەكان كارناكەن، بەڵكو هەر لە نەخۆشخانەی (هیوا) دەمێننەوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی ئەم پزیشكو كارمەندانە لەگەڵ نەخۆشەكان راهاتوونو هەندێكیان خۆیان كەسی یەكەم یان دووەمیان توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، لەبری كاركردنی ئێوارانیان لەناو نەخۆشخانەكە، موچە یاخود پاداشتێكی دارایی دیاریكراویان پێدەدرێت، ئەو پزیشكو كارمەندانەی ئێواران لە نەخۆشخانەكە كاردەكەن، لەسەرەتای ئەمساڵەوە (1/1/2021)ەوە حكومەت موچەی بۆ خەرج نەكردوون، واتا ماوەی شەش مانگە موچەی كاركردنی ئێوارانیان وەرنەگرتووە. د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی بە (درەو) وت ئێستا لێكتێگەیشتنی باش هەیەو لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەداین و لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا كێشەكان چارەسەر دەبێت. هیوا دادەخرێت ؟ لە دوێنێوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەمپەینێك بۆ پشتیوانی نەخۆشخانەی (هیوا) دەستی پێكردووە، دوای دروستبوونی رایگشتی لەسەر بابەتەكە، دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" دەنگۆی داخستن یاخود فرۆشتنی نەخۆشخانەی هیوا بە كەرتی تایبەت هیچ بنەمایەكی نیەو دوورە لە راستییەوە". وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ:" بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتو هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، پێداویستیەكییەكانی نەخۆشخانەی هیوا وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیو هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانیو پابەندبوون بە رێنماییەكانی چاكسازی چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتیو ئاسانكارییەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمانو پێداویستی پزیشكی بۆ توشبووانی شێرپەنجە". لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیش سەردانە نەخۆشخانەكەی كردو وتی:" ئەم نەخۆشخانەیە چەپكەگوڵی مام جەلالە بۆ توشبوانی شێرپەنجە، بۆیە داناخرێت". د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا رێژەی 80%ی خزمەتگوزارییەكان لە نەخۆشخانەكە بەردەوامە، بەڵام ناڕەزایەتیو كەمپەین بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان دانەبەزێت و لە داهاتوودا روبەرووی كێشە نەبنەوە. ململانێی كەرتی گشتیو تایبەت بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پزیشكەكانی نەخۆشخانەی هیوا كە ئێواران لەبری نۆرینگە (عیادەی ئەهلی) لە نەخۆشخانەكە دەمێننەوە، مانگانە بە موچەی دەوامی فەرمیو دەوامی ئێوارانیشەوە، بڕی نزیكەی (3 ملیۆن) دینار وەردەگرن، كارمەندەكانیش بە هەردوو دەوامەكەوە مانگانە نزیكەی (ملیۆنێك) دینار موچە وەردەگرن. ئەگەر پزیشكێكی نەخۆشخانەی (هیوا) ئێواران لە عیادەی ئەهلی كاربكات هاوكێشە ئابورییەكەی گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، ئەم پزیشكە ئەگەر لە عیادە تایبەتەكەی خۆی رۆژانە (50) نەخۆش ببینێت، بۆ هەر نەخۆشێك بڕی (15 هەزار) دینار پارەی پسوڵە وەربگرێت، داهاتی رۆژێك كاركردنی دەبێت بە (750 هەزار) دینار، خۆ ئەگەر لەمانگێكدا ماوەی (20) رۆژ لە عیادە تایبەتەكەی خۆی كار بكات (دوای لێدەكردنی رۆژانی پشوو)، ئەوا داهاتی یەك مانگی دەبێت بە (15 ملیۆن) دینار. پزیشكەكانی نەخۆشخانەی (هیوا) ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەدان، بە موچەیەكی (3 ملیۆن) دینارییەوە لە نەخۆشخانەكە بمێننەوە كە ماوەی شەش مانگە پارەی كاركردنی ئێوارانیان پێنەدراوە، یاخود روو لە (15 ملیۆن) دیناری مانگانەی عیادەو نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن، ئەمە سەرچاوەی ترسی خەڵكو كەسوكاری توشبوانی شێرپەنجەیە. بەمدواییە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە سلێمانی كراوەتەوە بەناوی (ئەنوەر شێخە)، دكتۆر (ئەنور شێخە) بەڕێوەبەری ئەم نەخۆشخانەیە كە خۆی یەكێكە لە دكتۆرەكانی نەخۆشی شێرپەنجە، ساڵی رابردوو نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)، دكتۆر (دۆستی نەجات) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (هیوا)ی گواستنەوە بۆلای خۆی، ئەوكاتیش ناڕەزایەتی دروستبوو لەبارەی ئەوەی نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) دەیەوێت نەخۆشخانەی (هیوا) قوت بدات، ئەمە ململانێیە لەنێوان كەرتی گشتیو كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ململانێیەك كە رۆژ لەدوای رۆژ كەرتی گشتی تێیدا بەرەو شكست هەنگاو دەنێت، لەم ململانێیەدا خەڵك بەگشتی لەبەرەی كەرتی گشتیدان، چونكە كەرتی گشتی لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی دارایی دەكرێتو نرخەكانی بەبەراورد بە كەرتی تایبەت نەك هەرزانترە بەڵكو لە نۆخشخانەیەكی وەك هیوا بە بێ بەرامبەرە. نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەرێم نەخۆشخانەی (هیوا) تایبەت بە توشبوانی شێرپەنجە كە ئێستا رایگشتی لەسەر دروستبووە، لە ساڵی (2005) دامەزراوە، یەكێكە لە باشترین سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجە لە عێراقو هەرێمی كوردستاندا، زۆرترین نەخۆشی شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق رووی تێدەكات، هەموو خزمەتگوزارییەكانی ئەم نەخۆشخانەیە بێ بەرامبەرە. مانگی ئەیلولی ئەمساڵ نەخۆشخانەیەكی تری تایبەت بە شێرپەنجەو تالاسیما لە تەنیشت نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەكرێتەوە، ئەمە نەخۆشخانەیەكی خێرخوازییە كە سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی بەناوی (جەمال حاجی عەلی) دروستیكردووەو دوای تەواوكردنی بیناكەی، رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكرێت، نەخۆشخانەكە ناوی (جەمال حاجی عەلی بۆ چارەسەری شێرپەنجەو تالاسیما)یە، لە (5) نهۆم پێكدێتو نهۆمێك بۆ (تیشك)و نهۆمێك بۆ (نەشتەرگەری)و نهۆمێكی (60) قەرەوێڵەیی بۆ نەخۆش تەرخانكراوە، دوای تەواوبوونی، نەخۆشخانەی هیوا دەیەوێت نەشتەرگەیی شێرپەنجە بباتە ناو نەخۆشخانە نوێیەكەوە. بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت نەخۆشخانەی (جەمال حاجی عەلی) لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوەو تایبەتە بە شێرپەنجەو بێ بەرامبەر درووستكراوەو كوالێتی لە (100%)ە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان لەپاڵ نەخۆشخانەی (هیوا) لە شاری سلێمانی، دوو نەخۆشخانەی تری تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە هەن كە بریتین لە نەخۆشخانەی (نانەكەلی) لە هەولێرو نەخۆشخانەی (ئازادی) لە دهۆك. بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی، ژمارەی بینینو چارەسەری نەخۆش بەتەنیا لە نەخۆشخانەی (هیوا) هێندەی هەردوو نەخۆشخانەكەی هەولێرو دهۆكە. دكتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە (درەو)ی وت" تەنیا لە رۆژی (6)ی ئەم مانگەدا (500) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووە، لەو ژمارەیە (150) نەخۆشی بێ بەرامبەر چارەسەری كیمیاییان بۆ كراوە". پزیشكو بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیوا گلەییان لە حكومەتی هەرێم هەیەو دەڵێن:" بەم دۆخەوە حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نەخۆشخانەكانی تری شێرپەنجە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشخانەی (هیوا)دا بكات". بەرپرسان دەڵێن، هەندێك بابەت هەن كە نەخۆشخانەی هیوا لە نەخۆشخانەكانی تر جیادەكاتەوەو وا دەكات حكومەت زیاتر چاوی لەسەر بێت، بۆ ئەمەش نمونە دەهێننەوە بە: • (بەشی شێرپەنجەی منداڵ) كە ژمارەیەكی زۆر منداڵی تێدایەو لە پارێزگاكانی عێراقەوە نەخۆشی بۆ رەوانە دەكرێت. • (بەشی چاندنی مۆخی ئێسك) كە تاكە سەنتەرە لە هەرێمی كوردستانو لەسەر ئاستی عێراقەوە نەخۆشی بۆ رەوانە دەكرێت، تێچوی چاندنی مۆخێك لەسەر حكومەت ئەگەر نەخۆشەكە بباتە دەرەوەی وڵات بڕی (80 بۆ 100 هەزار) دۆلارە، بەڵام لە نەخۆشخانەی (هیوا) بێ بەرامبەرە. • میلاكی نەخۆشخانەی هیوا لە هەموو نەخۆشخانەكانی تر زیاترە. • لە هەولێرو دهۆك رێژەی نزیكەی 70%ی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكرێت، بەڵام لە سلێمانی رێژەی 95%ی لە نەخۆشخانەی (هیوا) دەكرێت. • رێژەی چاكبوونەوە بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا (47%)ە. • (50% بۆ 60%)ی ئەوانەی ئامادەكارییان بۆ كراوە بۆ چاندنی مۆخی ئێسكیان لەساڵی 2020 هی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نەبوون، هی پارێزگاكانی تری هەرێم و عێراق بوون. سندوقی شێرپەنجە چیە ؟ بەپێی یاسایەك كە پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2012 دەریكردووە، سندوقێك بۆ كۆمەككردنی توشبوانی شێرپەنجە دروستكراوە. سەرچاوەی داهاتی ئەم سندوقە، بەگوێرەی یاساكەی بریتییە لە: • ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەت ساڵانە لە بودجەی گشتی هەرێم تەرخانی دەكات. • بەشی سندوقی لە پارەی تەرخانكراوی وەزارەتی تەندروستی. • زیادكردنی رێژەی (5%)ی ئەو باجو روسوماتانەی كە دەخرێتەسەر شتومەكو بەرهەمی زیانبەخشی تەندروستی چ بەرهەمی هاوردەكراو چ خۆماڵی ( جگەرە، خواردنەوە كحولییەكان)، بە بەرژەوەندی سندوق وەردەگرێت. • غەرامەی وەرگیراو بەپێی یاسای جگەرەكێشان. • رێژەی (50%)ی لەو بژاردانەی كە لە شتومەكو خۆراكو سەرپێچیكار بۆ مەرجە تەندروستییەكان وەردەگیرێن. • رێژەی (25%) لەو بژاردانەی كە بەپێی یاسای چاودێری تەندروستی وەردەگیرێن. • پیتاكو كۆمەك بەخشین لەدوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، گەر لە دەرەوەی هەرێم بێت. • داهاتی چالاكییەكانی سندوق. • زیادكردنی رێژەی (5%) بۆ رەسمی تۆماركردنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێكو گواستنەوەی خاوەنداێتیو نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبیل، بۆ مەبەستی سندوق وەردەگیرێت. • رێژەی (5%)ی ئەو بژاردنانەی لە سەرپێچییەكانی هاتوچۆ وەردەگیرێن. بەگوێرەی قسەی عەقید بەختیار محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لەچوارچێوەی ئەم یاسایەدا، هاتوچۆی سلێمانی مانگانە زیاتر لە (ملیار)ێك دینار دەخاتەسەر ئەژماری نەخۆشخانەی (هیوا)و ئێستا زیاتر لە (50 ملیار) دینار لە ئەژماری نەخۆشخانەی (هیوا)دا هەیە. لوقمان وەردی ئەندانی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" پارەكانی سندوقی شێرپەنجە لە سلێمانی دەچێتە بانكی باخان، لە هەولێریش بانكی فیدراڵ". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەگشتی هەر نەخۆشێكی شێرپەنجە لەماوەی چەند مانگێكدا، چارەسەركردنی لە نەخۆشخانەی هیوا بڕی (18 بۆ 20 هەزار) دۆلاری تێدەچێت، ئەمە سەرباری خەرجی ئەنجامدانی پشكنین بۆ نەخۆشەكان كە هەر لەسەر سندوقی شێرپەنجە دەكرێت، یەكێك لە پشكنینەكان پێی دەوترێت پشكنینی (جین) كە نرخەكەی (2 هەزارو 500) دۆلارەو بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشەكان دەكرێت. بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەو ماوەیەدا كە كێشەی دەرمان هەبووە لە نەخۆشخانەكەیان بۆ یەك وەجبە چارەسەری (شێرپەنجەی مەمك) كە (21) رۆژ جارێك سەریەتی بایی (5800) دۆلار بووە، نەخۆشمان هەیە خانوی فرۆشتووە بۆ كڕینی دەرمان و چارەسەر، هەیە ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە. ئەم دەرمانانە لەسەر سندوقی كۆمەكی توشبوانی شێرپەنجە دەكڕدرێت، وەزیری تەندروستی سەرپەرشتی سندوقەكە دەكات، بەگوێرەی قسەی رۆژنامەنوس (سەرتیپ جەوهەر) سندوقی هاوكاری توشبوانی شیرپەنجە لە سلێمانی بڕی (40 ملیار) دیناری تێدابووە، حكومەتی هەرێم لەكاتی كەرەنتینەكەی ساڵی رابردوودا بڕی (27 ملیار) دیناری لێ راكێشاوە بۆ كڕینی دەرمان، لەو (27 ملیار) دینارە بڕی (21 ملیار) بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێرو دهۆك بووە بەرێژەی (78%)و بڕی (6 ملیار) دیناری بۆ نەخۆشخانەی هیوابووە لە سلێمانی واتا (22%). شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان بەپێی قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (هیوا)، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لەخوار ستانداردی جیهانیەوەیە، ستانداردی جیهانی ئەوەیە لە هەر (100 هەزار) كەسێك (100) كەس توشی شێرپەنجە ببن. لە هەرێمی كوردستان ژمارەكە لەسەرو (100) نەخۆشە بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك لە دانیشتوان، بەڵام لەبەرئەوەی (80%)ی نەخۆشەكان لەسنوری سلێمانینو ئەوانی تر لە پارێزگاكانی تری عێراقەوە دێن، بۆیە ژمارەكە دێتە خوارەوە. لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجە بەرزە لە هەر (100 هەزار) كەسێك (300) كەس توشی شێرپەنجە دەبن، لە ئەمریكا لە هەر (100 هەزار) كەسێك (400) كەس توش دەبن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لەهەر (100 هەزار) كەسێك (109) توشبوو تۆماركراون، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێك لە نەخۆشەكانی شێرپەنجە لە پارێزگاكانی خواروی عێراقە بۆیە رێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لەخوار (100) كەسەوەیە . لەساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك (92) توشبووی شیرپەنجە تۆماركراوەو ژمارەی توشبوان لە ساڵەكەدا (4 هەزارو 808) كەس بووە. ساڵی 2013 تووشبوون بە شێرپەنجە لە كوردستان (61) كەس بووە بۆ هەر (100 هەزار) كەسێك، هەمان ساڵ لە وڵاتێكی وەك قەتەر تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەر (100 هەزار) كەسدا (63) كەس بووە، لە ئوردن (113) كەس، میسر (143)، بەریتانیا (597 )و ئەمریكا (318).
شیكاری: درەو عێراق تەنها لە ناوخۆدا گیرۆدەی حکومڕانییەکی شکستخواردوو نەبووە کە نەیوانییوە ئاسایشی ناوخۆ (بە هەموو شێوەکانییەوە) دەستەبەر بکات، بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەکیش نەیتوانیەوە سەرەوەری خاکی عێراق بپارێزێت و سنورەکانی بە ئاشکراو نهێنی لەژێر هەڕەشەی دراوسێکانێیەتی و لەماوەی نزیکەی چوار دەیەی ڕابردوودا تەنها لەلایەن تورکیاوە زیاتر لە ٣٠ جار سنورەکانی بە ئاشکرا بەزێندراوە و ئۆپرەراسیۆنی ئەنجامداوە، نەك تەنیا ئۆپەراسیۆن بەڵكو دەیان بنكەی سەربازی و فڕۆكەخانەی سەربازی توركیا لە ناوخاكی هەرێم و عێراقدایە، كە گەورەترین سەربازكەی توركیا لە باشیكی سەربە پارێزگای نەینەوایە كە زیاتر لە 150 كیلۆمەتر لەناو چەقی خاكی عێراقدایە سەروەری دەوڵەتی عێراق کاتێک باس لە قەوارەیەکی سیاسی وەک دەوڵەت دەکەین بیرمەندان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە چەند ڕەگەزێکی سەرەکی لەو قەوارە سیاسییەدا هەبێت جا وەکو دەوڵەتێکی تەواو ناودەبرێ، گرنگترین ئەو ڕەگەزانەش بریتین لە؛ 1. گهل، وهک ژمارهیهکی پێویست له دانیشتوان. 2. خاک یان ههرێم، وهکو سنورێکی جوگرافی که ئهو دانیشتوانهی له سهر دەژی. 3. حکومهت یان دهسهڵاتی سیاسی، واتا سیستمێکی سیاسی که گوزارشت له ویستی یاسایی دهوڵهت بکاتو کاروبارهکانی بهڕێوهببات. 4. سهروهری (ناوخۆییو دەرەکی)، بهو مانایهی دهوڵهت بتوانێت باڵادهست بێتو لهژێر هەژمونی هیچ دهسهڵاتو یهکهیهکی دهرهکی دیکهدا نهبێت. هەرچەندە بهشێک له یاسا ناسان پێیان وایه سهروهری ڕهگهز نیه، بهڵکو سیفهته، بهو پێیهی ئهگهر دهوڵهت سهوهریشی پێشێل بکرێت له دهوڵهت بوون ناکهوێت. خاک یان سنوری جوگرافی وەک ڕەگەزێکی سەرەکی دەوڵەت هەمیشە یەکێک بووە لەو گیروگرفتانەی لە ڕابردوودا بەرۆکی وڵاتانی دنیای گرتووە، جا بەهۆکاری تەماحکاری و چاوتێبڕین بووبێت یان بە کێشەی ئەمنی و ناسەقامگیری بووبێت یان یەکلانەکردنەوەی تەواوی سنورەکان لەنێوان وڵاتانی هاوسنوردا، بەشی زۆری ئەو کێشانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە نێوان سنورەکاندا بوارێک نەمابێتەوە لە نێوان وڵاتان خۆیان، بەڵکو بەکۆتایی هاتنی سنوری دەوڵەتێک ڕاستەوخۆ سنور و سەروەری دەوڵەتێکی دیکە دەستپێدەکات بەزاندنیشی لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بە دەستدرێژی و نایاسایی دادەنرێت، ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوەختەی نێودەوڵەتی لەو بارەوە نەبێت. شێوازەکانی سنوری نێودەوڵەتی کۆمەڵێک فاکتەر کاریگەرییان هەیە لەسەر شێوازو جۆری سنوری نێوان دەوڵەتان، ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم: دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری سروشتی، ئەوانیش وەکو؛ - سنوری ئاوی وەک (چەم و ڕوبارو دەریا) - سنوری وشکانی وەک (دۆڵ و شیوو شاخ) دووەم دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری جیاوازی مرۆیی، ئەوانیش وەکو؛ - ئاین - زمان - نەتەوە سێیەم: دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری دەستی مرۆڤ، ئەوانیش وەکو؛ - دیاریکردنی سنوری ئاسمانی - دیاریکردنی هێڵ و هەڵکەندنی چاڵ و تەلبەندو ئاماژە هەندەسییەکانی دیکەی سەر ئاوو وشکانی. گرنگی سنوری سیاسی بۆ دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی دیاریکردنی سنوری نێوان دەوڵەتان ڕیشەیەکی مێژوویی هەیەو لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان گۆڕانکاری لە سنوری وڵاتاندا دروستبووە، لە پێناو ڕێکخستنی سنورەکانیشدا سەدان ڕێککەوتنی دوولایەنەو سێ لایەنەوە فرە لایەنەی نێوان وڵاتان ئەنجامدراوە چەندین بڕیارو یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکراوە بۆ ڕێکستن و پاراستنی سنورە ئاسمانی و وشکانی و ئاوییەکانی نێوان وڵاتان، دیاریکردنی سنوری نێوان وڵاتانیش ئەگەر چی سلبیاتی خۆی هەیە، بەڵام گرنگییەکەی زۆر لەوە زیاترە کە سنورێک نەبێت بۆ جیاکردنەوەی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە، بەشێک لەو گرنگییانەش بریتین لە؛ 1. گوزارشتە لە هێڵی بەرگری دەوڵەت و هەردەوڵەتە مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لێبکات و بەزاندنیشی لەلایەن وڵاتانی دەرەوە بەدەستدرێژی دێتە هەژمار. 2. ئاستی پاراستنی سنور لەلایەن دەوڵەتەوە گوزارشتە توانای هێزی ئەو دەوڵەتە. 3. دیاریکردنی سنور تەنها بۆ پارێزگاری کردن نییە لە خاک و پێگەی جوگرافی، بەڵکو پارێزگارییە لە سیستمی ئابوری و سەرچاوەکانی وزەو سەرجەم دەرامەتەکانی دیکەی ولات. 4. دیاریکردنی سنوری تەنها وشکانی ناگرێتەوە بەڵکو ئاوی و ئاسمانیش دەگرێتەوەو سنوری دەسەڵاتی دەوڵەت دیاری دەکات لە بواری فڕوکەوانی و کەشتیوانیشدا. 5. دیاریکردنی سنور جگە لە ڕێکخسنی هاتووچۆی هاوڵاتیان لە نێوان وڵاتاندا ڕێگایەکیشە بۆ پارێزگاریکردن و کونترۆڵکردنی تیرۆر و بازگانی نایاسایی بە چەک و ماددە هۆشبەرەکان. عێراق و کێشە سنورییەکانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ شەش دەوڵەتی دیکە کە بریتین لە (ئێران، کوەیت، سعودییە، ئوردن، سوریا، تورکیا) هاوسنور و دراوسێیە، لەگەڵ بەشێکی زۆریان کێشەی سنوری هەیە و زیاتر لە جارێکیش لەپاڵ چەند هۆکارێکی تر لەسەر ئەو کێشە سنورییانە جەنگی خوێناوی هەڵگیرساوە. کێشەی عێراق - ئێران یەکێک لە گەوەرەترین کێشەکانی سنوری سیاسی لە جیهاندا سەردەمانێک کێشەی کەنداوی عەرەبی بوو لە نێوان عێراق و ئێراندا، کە عێراق درێژترین سنوری هەیە لە گەڵیدا نزیکەی 1458 کیلۆ مەترە، مێژوونوسان دەڵێن لە نێوان ساڵانی 1555 بۆ 1975 لەسەر ئەو سنورە 18 ڕێککەوتنی جیاواز ئەنجامدراوە لەبارەی ڕێکخستنی ئەو سنورەوە. ئەم کێشەیە بەشێکی سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 17 کاتێک سەفەوییەکان بەشێکی خوارووی عێراقیان خستە ژێردەستی خۆیان و پاشان دواتر ئەو ناوچەیە کەوتە دەست عوسمانییەکان بەپێ ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا بەسرە وەک پارچەیەک لە دەوڵەتی عوسمانی ناسێندرا. بەڵام لە سەدەی 19دا و دوای هاتنی ئینگلیزەکان ڕێگە بە ئێرانییەکان درا کەشتیوانی بکەن لە کەنداوی عەرەبیدا، پاشان لە ساڵی 1913 ڕێککەوتنێک لە نێوان عوسمانییەکان و دەوڵەتی فارسدا ئەنجامدرا، تێیدا هات کە کەنداوی عەرەبی بە کراوەیی دەمێنێتەوە لەبەردەم کەشتیوانی و کەشتیگەلی سەرجەم وڵاتان و تا ناوچەی خورمشەهر لەژێر سەروەری ئێراندا دەبێت. لە ساڵی 1937 ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1913 کردو پێی وابوو ئەمە دەستکردی ئینگلیز و ئیمپریالیزمە بۆیە دەستی لە بەشێک لەو ناوچانەی کەنداوی عەرەبی بەردا کە کەشتوانی تێدا دەکرد لە بەرامبەر ئەوەی عێراق دەست بە قوڵی 4 میل دەست لە ناوچەی عەبدان بەربدات، بەمەش ئێران سنوری ڕێڕەوی کەشتیوانی کەمبوویەوە. لە ساڵی 1975 حکومەتی ئەوکاتی عێراق بۆ تواندنەوەی جوڵانەوەی کورد لە باکوری عێراق ڕێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێراندا مۆرکرد و مافی بە ئێراندا کە کاری کەشتیوانی ئەنجامبدات لە کەنداوی عەرەبیدا. لە ساڵی 1980 جەنگی نێوان عێراق – ئێران هەڵگیرسا دوای ئەوەی عێراق پاشگەز بوویەوە لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر هەشت ساڵ شەڕ بەردەوامی هەبوو. کێشەی عێراق - کوەیت دەوڵەتی عێراق تەنها لەگەڵ ئێراندا کێشەی سنوری نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانی کێشەی سنوری بە ئاست و قەبارەی جیاواز هەیە، بۆ خۆبەدورگرتن لە هەر بەڵگەو پاساوێکی مێژوویی لەبارەی ڕاستی یاخود ناڕاستی کێشەی سنوری عێراق - کوەیت لە ڕابردوودا یەکێک بووە لەو کێشە گەورانەی وڵاتانی زلهێزو بگرە جیهانی هێنایە سەر خەت. کێشەکە بەڕادەیەک بوو سەدام حسێن کوەتی وەک پارێزگای 19یەمنی عێراق دەبینی، تا گەیشت بەوەی لە مانگی 8ی 1990 پەلاماریداو دوای ماوەیەکی کەم لەمانەوە و لەژێر فشای هاوپەیمانان پاشکشەی کرد. لە ڕووی یاساییەوە کە 3/4/1991 ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 687 دەرکرد، بەپێی ئەو بڕیارە چەند لیژنەیەک پێکهێنرا لە نێویشیاندا لیژنەیەکی (5) کەسی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە بە سەرۆکایەتی (موختار کۆسۆما – سەرۆکی ئەوکاتی ئەندۆنیسیا)دیاریکرا. عێراق لەگەڵ هەریەک لە سعودییەو ئوردن و سوریاش بێ کێشە نەبووە، بەڵام بەراورد بە ئێران و کوەیت تا ڕادەیەک کێشەکان بە گفتووگۆو ڕێککەوتن چارەسەرکراوەن، سەریان نەکێشاوە بۆ ململانێی چەکداری و شەڕ هەڵنەگیرساوە. کێشەی عێراق - تورکیا وڵاتی تورکیا یەکێکی دیکەیە لە دراوسێکانی عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیەوە سەرجەم سنورەکەی لەگەڵ باکوری عێراقدا هاوسنوری هەرێمی کوردستانە بەپێی ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 ئەو سنورە یەکلا کراوەتەوە، تا ڕادەیەک هەردوو وڵات بۆ ماوەیەکی درێژ ئیلتزامیان بە سنورەکانی خۆیانەوە دەکرد، بەڵام لەسەرەتای ساڵانی 1980 هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە کوردییەکانی عێراق و تورکیا پاڵی بەو دوو وڵاتەوە نا بۆ پاراستنی سنورەکانیان ڕێککەونێک ئەنجام بدەن لە مانگی 10ی ساڵی 1984 گەیشتنە ڕێککەوتن و "پەیمانی ئاسایشی سنوورەکان"یان مۆرکرد بەپێی ئەم ڕێککەوتننە ڕێگە بۆ هێزی سەربازی تورکیا خۆشکرا بە قوڵی 20 کیلۆمەتر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی عێراق هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، ئەم ڕێککەوتنەش تا ئێستا بەبێ هیچ هەموارکردنەوەو ئیلغاکردنێک ماوەتەوەو تورکیا سودی لێوەرگرتووە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە نێو خاکی عێراقدا تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣وە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ جار ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری خۆی ولە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە، تا ئێستاش تورکیا بەردەوامە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سنوری عێراق بەبێ ڕەزامەندی وڵاتەکە بە بیانوی بوونی پەکەکە لەو سنورە، زۆر جاریش ئەر سنورەی بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا دیاری کراوە لەلایەن تورکیاوە بەزێندراوە. گرنگترین ئەو ئۆپەراسیۆنانەش ئەنجامیداون بریتین لە 1. ساڵی ١٩٨٣ ئۆپەراسیۆنێک بە بەهانەی "پەیمانی ئاسایشی سنوورەکان" بە فەرماندەیی کەنعان ئەڤران، ڕێبەری کودەتای ١٢ی ئەیلول و سەرۆکی تورکیا بەهاوکاریی حکومەتی بەغدا دەستیپێکرد، حەوت هەزار سەربازی تورک ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ساڵی ١٩٨٣ هاتنە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە. 2. لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٤دا دووەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە دەستیپێکرد، هەر لەو مانگەشدا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات. 3. ١٢ی ئابی ساڵی ١٩٨٦ سێیەم ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک دژی پەکەکە دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێرش کرایە سەر کامپەکانی پەکەکە و هاوکات هێرشیانکردە سەر کامپەکانی پارتیش. 4. لە ڕۆژی ٤ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧دا ئۆپەراسیۆنێک بە هاوکاری هێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورک دژی پەکەکە ئەنجامدرا. 5. ساڵی ١٩٩١ و لە سەردەمی تورگوت ئۆزالدا، سێ جار ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجامدرا، یەکەم ئۆپەراسیۆن لە نیسانی ١٩٩١دا پێکهات و ناویان نا "ملکس"، دووەمین ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٥ی ئابدا دەستیپێکرد و ماوەی ١٥ رۆژی خایاندو دوایین ئۆپەراسیۆنی ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی ١١ مانگی ١٠وە بۆ ٢٥ی مانگ ئەنجامدرا. 6. ڕۆژی ٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورک بۆ هەشتەم جار ئۆپەراسیۆنی "ڤەدیزی" دەستپێکرد. 7. ڕۆژی ١٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ بۆ نۆیەم جار لە باشوری کوردستانەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پەکەکە و ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئەو ئۆپەراسیۆنە درێژەی هەبوو. 8. ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٣ و ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٩٤ دوو ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان دژی کامپی "زەلێ" کرا و پاشان لە ڕۆژی ٦ی شوباتی ١٩٩٤دا ناوچەکانی "مەزرێ" و "کاریەدەرێ"یان بە ئامانج گرت، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤دا پێنج هەزار سەرباز ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دەرەوەی سنووریان ئەنجامدا. 9. لە بەهاری ساڵی ١٩٩٥دا ڕۆژی ٢٠ی ئازار سوپای تورک ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری ئەنجامدا، بە ١٥هەزار سەربازەوەو بە فەرماندەیی ١٣ ژەنەراڵەوە ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردو ناویان نابوو "چەلیک" . 10. تورکیا لە مانگی تەمموزی 1995 هێرشێکی دیکەی کردە سەر هەرێمەکانی تامپۆن، ئەو ئۆپەراسیۆنە ماوەی ٤٥ ڕۆژی خایەند. 11. ساڵی ١٩٩٦ دوو ئۆپەراسیۆن لە هێڵی سنهەت، هەفتانین و کەلاڕەشەوە ئەنجامدرا، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان نا "ئاتماجا تۆکات"، لە مانگی کانونی دووەمی هەمان ساڵدا سوپای توک جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری ئەنجامدا. 12. ساڵی ١٩٩٧ توركیا ئۆپەراسیۆنێکی دیەکەیان ئەنجامدا کە ناویان نا "باڵیۆز"، ئەو ئۆپەراسیۆنە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ دەستیپێکردو ٥٠ هەزار سەرباز بەشداری بوون. 13. ئۆپەراسیۆنی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٧ بە بەشداربوونی ١٠ هەزار سەرباز و ١٠٠ تانک دەستیپێکردو ناوی نرا " چاکوچ" و لە چوارچێوەیدا دەڤەری خواکورک بە ئامانج گیرا. 14. هەر لە ساڵی ١٩٩٧ بڕیارگەیەکی گەورەی سەربازی لەو هێڵەدا دامەزرا کە تانک و تۆپ و هەموو کەرەسە سەربازییەکانی شەڕی تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری سەرباز لە ناوچەکانی باتووفا، کانیماسی و بامەڕنێ و شیلادزێ جێگرکران. 15. سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردو ناوی نا "موراد". 16. ٢٤ەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٩دا پێکهات، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ناونا "ساندویچ". 17. لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا، بەڵام ڕۆژی ٨ی ئایار پاشەکشەیانکرد 18. سوپای تورک هەوڵیدا لە رێگای ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی کانوونی ٢٠٠٧دا هێرشێکی قورسی ئاسمانیکردە سەر پەکەکە. 19. سوپای تورک لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨دا هاتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوەو ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژ" بەڕێوەبردو لە ڕۆژی ٢٩ی شوبات پاشەکشەی کرد. 20. لە٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ تورکیا دەستیکردەوە بەهێرشی ئاسمانی و هەرێمەکانی(قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرەو گارە)ی بە ٥٠ فرۆکە بۆردومانکرد. ئەم هێرشە هاوکات بو لەهێرش و پاکتاوی سیاسی لەباکوری کوردستان لەو ساڵەدا. 21. تورکیا لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧دا لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگەوە، دەستی کردەوە بەهێرشکردن بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و بە کۆپتەر ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە ناوچەکانی (گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ) دابەزاندو بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتە ناو خاکێ هەرێمەوەو لەناوچەی (لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنێکی تر) بنکەی نوێی سەربازیی دروستکرد. تورکیا بەردەوام بوو. 22. لەئۆپەراسیۆنەکانی لە٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنی(پەنجە)ی بەهاوکاری فرۆکە جەنگیەکانی دەستپێکرد. لەهەمو ئەم هێرشانەشدا بەردەوام هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتە قوربانی یەکەمی پەلامارو بۆردومانەکانی تورکیا. 23. رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی سەربازی و ئاسمانی بەناوی "چنگی هەڵۆ"، دژ بە بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. رۆژێک دواتر، لە ١٦ی حوزەیران، ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی و زەمینی، بەناوی ئۆپەراسیۆنی "چنگی پڵنگ" بۆ ناوچەی هەفتانین لەزاخۆ بە هەمان ئامانج راگەیاند. 24. ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢١ ، تورکیا بە بۆردوومانکردنی دەوروبەری گوندی کێستە دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنی چنگی- هەورە بروسکە. لەماوەی یەک هەفتەدا تورکیا بەردەوام بوو لە بەئامانج گرتنی زناری کێستە و فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکەیان دەکرد. هەروەها سوپای تورکیا لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە چەندین سەربازی خستە خوارەوە بۆ گرتنی زناری کێستە و دروستکردنی بارەگای سەربازی لەسەر چیاکە، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چەندین شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. بۆزانیاری زیاترو سەرچاوەکان بڕوانە؛ د. نمیر طه یاسین، العراق وإشكالیة الحدود مع دول الجوار در اسة تاریخیة، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/a3ff96337cb3ad61 محمد يوسف محمود أبوالليل، حــدود الإقليـم وفق القانـون الـدولي، علی الموقع: http://dspace.mediu.edu.my:8181/xmlui/handle/123456789/115196 الدكتور صدام الفتلاوي و هاني عبد الله عمران، عملیة ترسیم الحدود الدولیة، والمنازعات الناجمة عنها؛ مجلة جامعة بابل، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/8ca52ff7036df4f9 حسين حافظ وهيب، العراق ودول الجوار دراسة في الفاعلين التركي والايراني، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/dcb99625f96d1e5b گەیلان عەباس، هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان، لێكەوتەو سیناریۆكان، پێگەی پەیسەر پرێس؛ https://www.peyserpress.com/detail/6154 مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە.. دۆسییە، پگەی رۆژ نیوز؛ https://rojnews.news/%DA%95%DB%86%DA%98%D9%87%DB%95%DA%B5%D8%A7%D8%AA%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%95%D8%A7%D8%B3%D8%AA/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%D8%A6%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%D8%A7%D8%B3%DB%8C%DB%86%D9%86%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D8%B3%D9%86%D9%88%D9%88/
درەو: راپۆرتی: رێناس ساڵح - نەوژین بە بڵێسەی ئاگرەکەی جەستەی و بەرزبونەوەی دوکەڵ هەواڵی مەرگی 'بژوێن' دەگەیەتە خەڵکی شار، چونکە بکوژەکەی بە سێ فیشک و ناڵەی خوێن ومەرگی سوکنایەتی بە دڵدانایەت و جەستەکەی دەسوتێنێت، خێزانەکەی دەڵێن بێئاگاین لە کوشتنی، پارێزەری رێکخراوێکی ژنان باسلەوەدەکات وشەی شەرف دراوە بە گوێیاندا بۆ بێدەنگبون لە بەدواداچون، هەروەک بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی شارەکەش جەخت لە مەتریسەکی گەورە دەکاتەوە دەڵێت: ”کوشتنەکان هەنگاویان بۆ بەدیاردەبون بڕیوە“ پۆلیسیش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە. رۆژی ١١ ئەم مانگە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمێکی نەناسراو بە سوتێنراوی بڵاوبویەوە ”شەوی هەینی ئەو کاتەی مەفرەزەکانی پاراستنی فرۆکەخانەی سلێمانی لە نزیک گوندی عەزیز ئاوا گڕ و دوکەڵ دەبینن پۆلیس ئاگەدار دەکەنەوە بگەنە شوێنەکە بۆ زانینی هۆکار رێگری کردن لەو ئاگرەی بینیویانە، کاتێک هێزەکانی نەهێشتنی تاوان گەشتنە شوێنی ئاگرەکە بینیان جەستەی کەسێکە سوتێنراوە“. ئەمە قسەکانی سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیە. ئەو زیاتر وتی: ئەو کاتەی دۆزرایەوە تا رۆژی دواتر تەرمەکە نەناسرایەوە چونکە سوتێنرابو لە پزیشکی دادوەری توێکاری بۆکرا دەرکەوت پێش سوتانی سێ فیشەکی پێوەنراوە“. دوای رۆژێک لە دۆزینەوەی تەرمەکەی دەناسرێتەوە کە خانمێکی شاری سلێمانیە بەناوی 'بژوێن عوسمان'ەو خێزانەکەی ئاگەداردەکرێنەوە، بژوێن عوسمان، لە دایک بوی ساڵی(١٩٩٠) دانیشتوی شاری سلێمانی رۆژی ١٠ ئەم مانگە لەدوای چونە دەروەی لەماڵ ناگەڕێتەوە. ”پێیان وتین کوشتنەکەی کێشەی کۆمەڵایەتیە بۆ ئەوەی بە بیانوی شەرەف کپ بکرێتەوە“ دوای ئاگەدارکردنەوەیان خێزانەکەی لە بکەی پۆلیس وتەیان لێوەردەگیرێت ئەوان دەڵێن”ئێمە هیچ کێشیەکمان نەبوە“. ئەمە لە کاتێکدایە ئەشواق نەجیب، پارێزەر لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی بۆ نەوژین وتی: ”دەستمان بە بەدواداچون کردوە بە ئێمە وتراوە کێشەکە کۆمەڵایەتیە، خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە دەیانەوێت ئێمە کاری لەسەر نەکەین و بڵێن با سومعەی خێزانەکەی نەچێت“. ئەو پارێزەرە جەختدەکاتەوە کە ئەوان ناوەستن لە بەدواداچون بۆ کەیسەکە ”یەکەم رۆژ چوینە پرسەکەی، چاوەڕێی خێزانەکەین سکاڵا تۆماربکەن چونکە تا کەسێک لە خێزانەکەی سکاڵا تۆمارنەکات کەیسەکە بەروپێش ناچێت و بەخاوی کاری تێدادەکرێت ئێمە پلانمان هەیە بەم نزیکانە دوبارە سەردانی خێزانەکەی بکەینەوە“. بژوێن، لەگەڵ ماڵی باوک و دایکی دەژیا لە ماوەی رابردودا هاوسەرگیریکردوە، بەڵام جیابوەتەوە پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: ”کوشتنەکەی پەیوەندی بە هاوسەرگیری یەکەمیەوە نیە“. ”لە کوشتنی ژنان کەسانی نزیکیان تێوەدەگەلێن لە تاوانەکە“ بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، خودی بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم دۆسیە دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد لەمجۆرە کەیسانە بە زۆری کەسی نزیکیان تاوانەکە ئەنجام دەدات. هەروەک هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە سلێمانی ئەوەی بە نەوژین رایگەیاند: ”زۆربەی دۆسیەکانی کوشتن کوتوپڕن، ئەم خاتونەش پێشتر هیچ سکاڵایەکی لە بنەکانی ئێمە تۆمارنەکردوە“. ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لەماوەی ساڵی رابردو لە سلێمانی ١٥ تاوانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە کە بەشێکیان پێشوەخت سکاڵایان تۆمارکردوە. ”لێکۆڵینەوەکان هۆکارن بۆ ون بونی بەڵگەکانی تاوانی کوشتنی ژنان“ پارێزەر ئەشواق نەجیب، نیگەرانە بەوەی کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە ئەنقەس بێت یاخود بێ مەبەست دەست و بردی تێداناکرێت بەم هۆیەش ئەگەری ونکردنی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر 'مەلموس'ی تاوانەکە ون دەبێت. ئەو دەڵێت: ”دۆسیەمان هەبوە کە ئێمە دوای دو مانگ داخڵی بوین کەچی کامێرای شوێنە نزیکەکانی روداوکە وەرنەگیراوە وەک بەڵگە، کاتێک ئێمە چوین بۆ وەرگرتنی تۆماری ڤیدۆی کامێرای شوێنە نزیکەکانی روداوەکە ئەو کاتە هەرنەمابو لە لای دوکان وماڵەکان چونکە هاردەکەی(شوێنی خەزنکردنی) هەر مانگێک خەزن دەکات، یان ئەوەندە درەنگ دەگەنە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە شوێن پەنجەی تاوان ون دەبێت و کەرسەتەکانی تاوان لە ناو دەبرێت، یان هیچ هێڵکاریەک بۆ شوێنی تاوانەکە ناکرێت“. ئەم پارێزەرەی رێکخراوی هاریکاری یاسایی جەختدەکاتەوە ئەمانە کاریگەری خراپی هەبوە لەسەر قەزیەی کوشتنی ژنان بە وتەی ئەو ”کاتێک ژنێک دەکوژرێت ئەوەنەدە بێ ئەرزش لێکۆڵینەوە دەکرێت هەندێک جار دواتر هەر دەیکەنە خۆکوژی تاوانەکە!“. لێکۆڵینەوە و هێڵکاری بۆ تاوانێکی کوشتن بە شێوەیەکی زانستی بۆچارەسەری ئەمە پێشنیاردەکات ئەگەر بەجدی حکومەت دەیەوێت دۆسیەکانی کوشتنی ژنان بێئەرزش سەیرنەکرێت لیژنەی تایمەند بەند لە داگاو پۆلیس دورستبکات بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان بە کەمترین ماوە و بە ئامێری پێشکەوتو لێکۆڵینەوە بکەن بە وردی بۆ ئەوەی چی دیکە خوێنی ژنان ون نەبێت. ”کوشتنی ژنان مەترسی بون بە دیاردەی هەیە حکومەتیش بەرپرسی یەکەمە لەم کێشەیە“ لەسەرتایی دوهەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا ئەمە دوەم حاڵەتی کوشتنی ژنانە لە سلێمانی ”تاوانەکانی کوشتن لە نێویاندا کوشتنی ژنان بەگوێرەی داتاکان لە حاڵەتەوە هەنگاو دەنێن بۆ بون بە دیاردە“ بە وتەی هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان/ سلێمانی. حکومەت بەرپرسی یەکەم دەزانێت بۆ هەڵکشانی ئەم تاوانە و دەڵێت: ”ئەرکی حکومەتە راستەوخۆ هەنگاوی بەپەلەبنێت بۆ هۆکارەکانی پشت ئەم تاوانانە و چارەسەریان بکات ناکرێت بڵێت رێگری دەکەین و قەیرانەکان هەر وەک خۆیانبن راستە پەرلەمان کۆبویەوە و جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە جێبەجێبکرێن بەڵام ئەمانە دڵخۆشکەرنین ئەگەر کار لە هۆکارەکانی پشت روداوەکان نەکرێت“. مەرگی بژوێن و تاوانەکانی کوشتن دەبەستێتەوە بە زیندوکردنەوەی عەشیرەت و خێڵ هیوا کەریم، دەڵێت: ”ئەمە بوتەهۆی زیادبونی سوڵح، متمانە بە یاسا لاوازبوە هۆکاریش ئەوەیە یاساکانمان هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت“. ئەو قەیرانی دارایی و نمایشکردنی کلتوری تورکی لە رێگەی راگەیاندنەکان بۆ ناوکۆمەڵگە بەهۆکارێکی دیکە دەزانێت و دەڵێت: ”سیستەمی پەروەردە بەتەواوی شکستی هێناوە کە بە کەوتنی کۆمەڵگا روبەڕوی دۆخی شڵەژان دەبێتەوە“. هاوڕێکانی ”ئێمە شۆکی مەرگی بژوێنین“ هاوڕێکانی بژوێن، شۆک و نیگەرانن بە مردنی ئەم خانمە چالاکوانە, ئەوان بۆ نەوژین بەم شێوەیە باسی بژوێنیان کرد وتیان: ” کەسایەتیەکی باش و جوانی هەبوە و خوێندنی ماستەری لەم دواییانەدا لەوڵاتی هندستان تەواو کردوە“. بۆ هۆکاری لەدەستدانی دەڵێن: ”ئێمە ناتوانین هیچ لێدوانیک بدەین و چاوەروانی لایەنی پەیوەندیدارین لێکۆلینەوە لە کەیسەکە بکەن و بکوژانی بدۆزرێتەوە“. بژوێن محەمەد، لەکاتی رێزلێنای بەهۆی چالاکیەکانیەوە وێنە: هەژماری فەیسبوکی ناوبراو هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە دوای پێنج رۆژ لە تاوانی کوشتنی بژوێن و سوتاندنی هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە، سەرکەوت ئەحمەد، ئەوەی بەنەوژین وت بەڵگەی زۆریان لەسەر تاوانەکە دەستکەوتوە، بەڵام لەبەر رێکاری یاسایی دادوەر نایەوێت زانیاریەکان ئاشکرابن. مەرگی بژوێن لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردو لە هەرێم ١٣٠ کچ ژن بە کوشتن و خۆکوشتن و سوتان کۆتایی بە ژیانیان هاتوە لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی زانیاریەکان هەنگاوەکان بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژنان بە خاوی دەڕوات و گڕی ئاگرەکەی جەستەی بژوێن کراسی دەیان ژنی دیکە دەسوتێنێت.
(درەو): بازرگانان، لیترێك بەنزین لە ئێران بە (487) دینار دەكڕن، لە دەروازە سنورییەكان (133) دیناری دەكەوێتە سەر، لە گۆڕەپانو بەنزینخانەكانیش نزیكەی (100 بۆ 150) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە تێكڕای هێنانی لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا بە نزینخانەكان دەكرێتە زیاتر لە (720) دینار. هاوكێشەی بەنزین لە كوردستان یەكێك لەو بازرگانانەی كە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەكات، وردەكاری هێنانی بەنزینو نرخەكەی بۆ (درەو) ئاشكراكرد. ئەو بازرگانە كە ناوی لای (درەو) پارێزراوە، بەمشێوەیە وردەكاری نرخی بەنزینی خستەڕوو: ئێمە تەنێك بەنزین (1355 لیتر) لە ئێران بە (440) دۆلار واتە (660 هەزار) دینار دەكڕین، ئەم نرخە بۆ هەر لیترێك لەناو ئێران دەكاتە (487) دینار. هاوكێشەكە بەمشێوەیە: (440 دۆلار 150 x دینار = 660 هەزار دینار، دابەش 1355 لیتر = 487 دینار). بەنزین بە دوو شێوە هاوردە دەكرێت بەنزین ئەگەر وەك بەنزینی پوخت هاوردە بكرێت، بۆ هەر تەنێك لەخاڵی سنوری باشماخ (70) دۆلار وەك گومرگ دەدەین، واتا تەنێك بەنزین (440 دۆلار + 70 دۆلاری گومرگ = 510 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (765 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك (78) دیناری دەخرێتە سەرو هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: (487 + 78 = 565) دینار. خۆ ئەگەر وەك بەنزین داخڵ نەكرێتو وەكو مەواد ئەژماربكرێت، ئەوا لە باشماخ بۆ هەر تەنێك (120) دۆلاری گومرگ دەسەنرێت، واتا (50) دۆلار زیاتر دەسەنرێت لەوەی وەكو بەنزینی پوخت هاوردەبكرێت، لەم حاڵەتەدا هاوكێشەكە بۆ تەنێك بەنزین بەمشێوەیە دەبێت: (440 دۆلار + 120 دۆلاری گومرگ = 560 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (840 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك بەنزین لەم حاڵەتەدا بڕی (133) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە: (487 + 133 = 620) دینار. ئەم هاوكێشانە دەریدەخەن، تاوەكو خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، لیترێك بەنزین بە دوو جۆر نرخ هاوردە دەكرێت: • ئەگەر بە بەنزین هاوردە بكرێت: 565 دینار دەكەوێت • ئەگەر بە مەواد هاوردە بكرێت: 620 دینار دەكەوێت ئەو (50) دۆلارەی كە لە دەخرێتەسەر هەر تەنێك لە خاڵە سنورییەكان، بڕی (55) دیناری دەكەوێتە سەر هەر لیترێك، واتا (50 دۆلار 1500 x دینار = 75 هەزار دینار دابەش 1355 لیتر = 55 دینار) بۆ هەر لیترێك. لە سنورەوە بۆ گۆڕەپانەكان هەر لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا خاڵە سنورییەكان (620) دینار دەكەوێت، لەدوای خاڵە سنورییەكان بەنزین بەتەنكەر دەهێنرێت بۆ گۆڕەپانەكانی تایبەت بە بەنزین، لەم گۆڕەپانانە "نەفتا" تێكەڵی بەنزینەكە دەكرێت، كوالێتی بەنزینەكە دادەبەزێننو خراپی دەكەن، سەرباری ئەمە لەم قۆناغەدا ماددەی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت، نەفتا تەنی بە (400) دۆلارەو لیترەكەشی زیاترە، پاشان رەوانەی بەنزینخانەكان دەكرێت، لەناو گۆڕەپانەكانو تێكەڵكردنی نەفتاوە تادەگاتە بەنزینخانەكان، نزیكەی (100 بۆ 150 ) دیناری نرخی تر بۆ هەر لیترێك بەنزین زیاد دەكرێت، بەمشێوەیە لیترێك بەنزین بە (700 بۆ 800) دینار دەفرۆشرێت. واتا لیترێك لە ئێران بە (487 دینار + 133 دیناری لە سنور دەخرێتە سەر + 100 بۆ 150 دیناری لە گۆڕەپانو بەنزینخانەكان دەخرێتە سەر دەكاتە = 720 بۆ 800 دینار. حكومەت دەتوانێت چی بكات؟ ئەم پرۆسەی هێنانی بەنزینو فرۆشتنو ساغكردنەوەیە، زیاتر بازرگانانو خاوەن بەنزینخانەكان دەیكەن، حكومەت دەتوانێت ئەم پرۆسەیە رێكبخاتەوەو زیاتر لە (100) دینار بۆ هەر لیترێك كەمبكاتەوە، چۆن ؟ ئەو (50) دۆلارە زیادەیەی لە خاڵە سنورییەكان دەخرێتەسەر نرخی بەنزین لاببرێت، بڕی (55) دینار بۆ هەر لیترێك كەمدەبێتەوە، سەبارەت بە گۆڕەپانەكانو بەنزینخانەكانیش، حكومەتو ئیدارە خۆجێییەكان دەتواننن بڕی (50) دینار كەمبكەنەوە، چونكە ئێستا بەنزینخانەكان بە رێككەوتنی نێوان خۆیان نرخەكە زیاد دەكەن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق دەستوەردان دەكاتو خۆی نرخی دیاری كردووە، لە عێراق، حكومەت لیترێك بەنزین بە (425) دینار دەداتە بەنزینخانەكان، ئەوانیش ناچار دەكات تەنیا (25) دیناری بخەنەسەر، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پرۆسەكە بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت. بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر، دەتوانێت بڕی (100) دینار نرخ لە هەر لیترێك بەنزین بكاتەوەو نرخەكە بۆ (600 بۆ 625) دابەزێنێت. راپۆرتی پەیوەندیدار: هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە زاری بازرگانێکەوە
شیكاری: درەو بە درێژایی نۆ کابینەی حکومەتی هەێمی کوردستان و پێنج خولی پەرلەمانی، (282) کەس بوون بە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیر بە شێوەیەکی فعلی و هەندێکیشیان دووبارە پۆستەکانیان وەرگرتووەتەوە لە کابینە جیاوازەکاندا. (118) وەزیریان بەبێ وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستان دامەزرێندراون، لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتی و قەیران و کێشەو گرفتانەی هەبووە، هیچ یەکێک لەو (282) وەزیرە متمانەی لێ وەرنەگیراوەتەوە، پەرلەمان بۆچی ناتوانێت، متمانە لەوەزیرەكان بسەنێتەوە؟ هۆكارەكانی لاوازكردنی پێگەی پەرلەمان چین؟ سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لێکۆڵەران و تویژەران شارەزایان پێناسەیەکی درووستیان بۆ سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە. رۆژی 14ی ئاداری 2021، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بریفینگێکی بۆ (د.رێواز فایەق – سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی کوردستان)، لەبارەی رۆڵی پەرلەمان لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان رێکخست. ئەو لەبارەی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە وتی "ئەو سیستمەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە پێناسە ناکرێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی دەستوورەوەیە، چونکە ئەگەر دەستوور نەبوو، واتە ماددەیەکی روون نییە بۆ پێناسەکردن" هەروەها وتیشی "ئێمە تەنیا چەند یاسایەکمان هەیە، کە رەهەندی دەستوورییان هەیە و پەرلەمان کارەکانی خۆی پێ رێکدەخات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە رێکدەخات، ئەوانیش یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 هەموارکراوە، یاسای ژمارە 1ی سەرۆکایەتی هەرێمی ساڵی 2005 هەموارکراوە، لەگەڵ یاسای ژمارەی 3ی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ هەموارەکانی و یاسای ژمارە 14ی دەسەڵاتی دادوەری بە هەموارەکانییەوە، ئێمە هەموومان باوەڕمان بە پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە و هەموویان تەواوکەری یەکترین، بەڵام لە نەبوونی دەستووردا، ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەم چوار یاسایە پەیوەندییەکانمان رێکخستووە". ئەمە ڕاستیی ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەن سیستمێکی سیاسی دیاریکراو نییە، کە ئایا سیستمەکەی سەرۆکاتیە یان پارلەمانی، سیستمێکی ئەنجومەنی یان تێکەڵاوە. هەرچۆن بێت سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆرتر لە سیستمی پەرلەمانییەوە نزیکە تا لە سیستمەکانی تر، سەرجەم حیزبە سیاسییەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە سیستمی هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەنها گرفتێک کە هەبووبێت لە نێوان پارتە سیاسییەکان زیاتر لەسەر (دەسەڵات و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم) بووە، ئەم گرفتە تا ئێستاش چارەسەر نەبووەو دەستوری هەرێمی کوردستان ئەوە یەکلا دەکاتەوە. بۆ تێگەیشتن لە سیستمی پەرلەمانی هێڵە گشتییەکانی سیستمەکە دەخەینەڕوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستانی لەسەر بونیادنراوە، لەو یاسایانەشی دەسەڵاتەکانی پێ دابەش کراوە (کە لەسەرەوە هاتووە) ڕەنگی داوەتەوە. سیستمی پەرلەمانی سیستمی پەرلەمانی وەک یەکێک لە مۆدێل و شێوازی حکومڕانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاریکاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان وەستاوە، مەبەست لە هاریکاری ئەوەیە هەردوو دەسەڵاتەکە جۆرێک پەێوەندی لە نێوانیان هەیە کە یەکتر تەواو دەکەن وچاودێری ئاڵوگۆڕکار هەیە، بەو مانایەی جیاکاری توند (فەسڵ ئەلشەدید) لە نێوانیان نییە، بەو شێوازەی لە سیستمی سەرۆکایەتیدا هەیە. هەروەها هاوسەنگی هەیە لە نێوانیان لەڕووی هێزو بەربرسیارێتییەوە. هاوکات لە سیستمی پەرلەمانیدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دوو دامەزراوە پێکردێت، کە بە دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناسراوە. بە کورتی زۆرینەی شارەزایان کۆکن لەسەرئەوەی سیستمی پەرلەمانی لەسەر دوو ڕەگەز وەستاوە، ئەوانیش؛ ڕەگەزی یەکەم: دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن: دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سیستمی پەرلەمانیدا لە دوو دەزگای جیاواز لە یەکتر پێکدێت، کە بریتین لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەوڵەت (سەرۆکی دەوڵەت) و ئەنجومەنی وەزیران. 1. سەرۆکی دەوڵەت: لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت (پاشا بێت یان سەرۆک کۆمار) کەسایەتییەکی جیاوازە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕووی کەسێتی و دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەوە، لە سیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتی سەرۆکی دەوڵەت سنوردارترە بەراورد بە دەسەلاتی سەرۆکی دەوڵەت لە سیستمی سەرۆکایەتیدا. 2. ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیران لایەنی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، ئەم ئەنجومەنە بە سەرۆک وەزیران و ئەندامەکانییەوە کە وەزیرەکانین زۆرترین بەرپرسیارێتی و کاری مەیدانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لا کۆدەبێتەوە. ڕەگەزی دووەم: هاریکاری و هاوسەنگی: لە سیستمی پەرلەمانیدا پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕکار هەیە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، پێویست وایە ئەو پەیوەندییە بە ئامانجی بەدیهێنانی هاوسەنگی کۆتایی بێت، بەجۆرێک لەهەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست دەخاتە نێو کاروباری یاسادانانەوە، پێچەوانەشەوە لە هەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتی یاسادانان دەست لە کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەردەدات. شێوازەکانی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دەسەڵاتی یاسادانان 1. دەستوەردان لە سەروبەندی پێکهێنانی پەرلەمان: لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت جاڕی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدات و پەسەندی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات پێش تەواو بوونی ماوەی یاسایی و دەستوری، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕێی و شوێن و پرۆسەی چاودێریکردنی هەڵبژاردن لە ئەستۆ دەگرێت. 2. داواکردنی دانیشتنی نا ئاسایی: پەرلەمان بە سروشتی خۆی خول و وەرزی یاسادانانی هەیەو بەردەوام کۆ نابێتەوە، بەپێی و یاساو ڕێساو پەیڕەوی ناوخۆ خولەکانی یاسادانان دیاریکراوە. بەڵام لە هەندێك دۆخی نائاساییدا کاتێک پەرلەمان لە پشوودایە ڕێ بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دراوە داوای دانیشتنی نائاسایی لە پەرلەمان بکات. 3. کاری تایبەت بە یاسادانان: لە چەند ڕوویەکەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کار لە بواری دەسەڵاتی یاسادانان دەکات، ئەویش هەندێک جار بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان پرۆژە یاسا پێشکەش دەکات، هەندێ جاریش سەربەخۆ مافی هەیە (ڕێنمایی و بڕیاری) یاسایی دەربکات. 4. کۆکردنەوەی ئەندامێتی لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن: لە هەندێ سیستمی سیاسی وڵاتاندا هێندە نەرمی نوێندراوە لە سیستمی پەرلەمانیدا (ئەندامی پەرلەمان ڕێپێدراوە لە هەمان کاتدا وەزیریش بێت) ئەمەش ئاستی بەرزی هاریکاری ئەو دوو دەسەڵاتە دەردەخات. 5. مافی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان: مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە پێش تەواوبوونی خول و ماوەی یاسایی و دەستوری پەرلەمان، ئەم مافە گرنگترین ئامرازی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە، هاوکات مەترسیداترین چەکی ڕێپێدراوی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەرامبەر پەرلەمان، وڵاتی ئوردن نمونەی ئەو وڵاتانەیە کە ئەم مافەی لە دەستوردا تەبەنی کردووە. شێوازەکانی دەستوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان لە سیستمی پەرلەمانیدا پەرلەمان لە توانایدایە دەست لە کاری حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەربدات، بەم شێویە؛ 1. پرسیارکردن؛ لە سیستمی پەرلەمانیدا، پەرلەمانتار مافی پرسیارکردنی هەیە لە وەزیرێک یان چەند وەزیرێک لە بارەی پرسێکی دیاریکراوەوە بۆ بەرچاوڕوونی، لەم حاڵەتەدا پرسیارکردن پەیوەندییەکی دوانەیی نێوان وەزیر و پەرلەمانتارەو مافی پەرلەمانتارە ڕێگە نەدات هیچ کەسێکی تر بێتە نێو پرسەکەوەو هاوکات دەتوانێت دەستبەرداری ئەو مافە بێت و پرسیارەکە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی پرساندن (لێپرسینەوە) ئەگەر قەناعەتی بە وەڵامەکانی وەزیرەکە نەهێنا. 2. پرساندن (لێپرسینەوە)؛ پرۆسەی پرساندن ئاستێکی بەرزترە لە پرسیار کردن، لێرەدا پرسیارەکە تەنها بۆ زانین و بەرچاوڕونی نییە لە بارەی ڕاستی پرسێکەوە، بەقەد ئەوەی لێپرسینەوەیە لە وەزیر یان وەزارەتەکەی، دەکرێت تا ئاستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر و وەزارەتەکە پەرە بسەنێت، لێرەدا پەیوەندییەکە تەنها لە نێوان وەزیر و پەرلەمانتارێک نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە سەرجەم پەرلەمانتارەکانەوە. 3. مافی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون؛ پەرلەمان و پەرلەمانتاران مافی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان هەیە دەربارەی زانیارییەکانی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی پرسێکی دیارکراوەوە، بۆ ئەمەش دەتوانێت پەیوەندی بە لایەن یان چەند لایەنێکی پەیوەندیدارەوە بکات بۆ ڕاستی و دروستی و وردی زانیارییەکان. پەرلەمان دەتوانێت لەم حاڵەتەدا بە تەواوی ئەندامەکانییەوە بەم ئەرکە ئەستێت لە ڕێگەی (لیژنە هەمیشەیی و ناهەمیشەییەکانییە و ئەگەر پێویست بکات لیژنەی نوێش پێکبهێنێت). 4. هەڵبژاردنی سەرۆکی دەوڵەت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە؛ بەپێی دەستوری زۆرینەی ئەو وڵاتانەی تەبەنی سیستمی پەرلەمانیان کردووە، سەرۆکی دەوڵەت لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت. 5. بەرپرسیارێتی سیاسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرامبەر دەسەڵاتی یاسادانان؛ بەرپرسیاری سیاسی بەوە جیادەکرێتەوە لە بەرپرسیاری مەدەنی و تاوانکاری کە ئەنجامەکەی بە دەستلەکارکێشانەوە یان وەرگرتنەوەی متمانە کۆتایی دێت. لە کاتێکدا بەرپرسیاری مەدەنی و تاوانکاری سزاکەی بە یاسا ڕێکخراوە، ئەم بەرپرسیارێتییە (بەرپرسیارێتی سیاسی) لە سیستمی پەرلەمانیدا لە وەزیرێکەوە دەستپێدەکات تا سەرجەم وەزیرەکان و تەواوی کابینە وزارییەکە بە سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، دەکرێت کۆتاییەکەی بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیر یان چەند وەزیرێک بێت و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانیش کۆتایی بێت متمانە لە تەواوی کابینەکە وەبگرێتەوە، هەموو ئەم بەرپرسیارێتییەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لە پەرلەمان متمانەی بە کابینەکە بەخشیوە بۆ حکومەتیش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ لە بەرامبەریدا. بەم پێیەش بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی وەزیران گەورەترین ئاماژەو بەڵگەی پەیوەندی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، زۆر جاریش سەندنەوەی متمانە تەنها بە ڕەزامەندی پەرلەمانی هەڵبژێردراو نابێت، (مەگەر دەسەڵاتی یاسادانان لە تەنها یەک ئەنجومەن پێکهاتبێت)، بەڵکو پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی دووەمی یاسادانانە، کە زۆرێک لە وڵاتان پیڕەوی لێدەکەن. 6. تۆمەتبارکردن بە تاوان؛ هەندێک لە دەستوری وڵاتان لە سیستمی پەرلەمانیدا مافیان بە دەسەڵاتی یاسادانان داوە سەرۆکی دەوڵەت یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان تۆمەتبار بکات بە تاوانێک کە پەیوەندیداربێت بە ئەدائی کار و پیشەکەیەوە. ئەرکەکانی پەرلەمان کاری پەرلەمان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش پەیوەستە بەو چوارچێوە دەستورییەی لە وڵاتدا بەرقەرارەو پەیوەستە بە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و جۆری سیستمە سیاسییەکەو باڵادەستی حزبە سیاسیەكان و ئاستی گەشەکردنی دیموکراسی و هێزی خودی پەرلەمان و تواناو ئیرادەی ئەندامانی پەرلەمان. بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمان ئەم کارانەی خوارەوەی هەیە: یەکەم: ئەرکی یاسادانان ئەم ئەرکە بە گرنگترین ئەرکەکانی پەرلەمان دادەنرێت. بێگومان گرنگترین مەسەلەی رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگا، بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانەی کە پێویستە هەموان لەسەری بڕۆن، لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەهاو پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی و لێکبووردن. لەبەر ئەوە رۆڵی یەکەمی پەرلەمان بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانە، لە ڕێگەی داڕشتنی یاساوە دانانی یاساکان. لەمڕۆدا ئەرکی دانانی یاساکان، دیارترین ئەرکە پەرلەمان پێیهەستێت. تەنانەت لە زۆربەی کەلتورە هاوچەرخەکاندا، ناوی پەرلەمان بە دەزگا یان دەسەڵاتی یاسادانان ناودەبرێت. هەرچەندە دەستپێشخەری بۆ پێشنیاری یاساکان و داڕشتنیان لەسەر شێوەی پرۆژە، زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دێت، واتە لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز لە رۆڵی پەرلەمان کەمناکاتەوە، چونکە ئەو یاسایانە پێش ئەوەی رەزامەندیان لەسەر بدرێت و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لە پەرلەماندا گفتوگۆی چڕوپڕو تێروتەسەلیان لەسەر بکرێ و ئەگەر پێویستبوو دەستکاری و هەموار بکرێنەوە، ئەوسا دەبنە یاساو کاریان پێدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان بۆ خۆی دەتوانێ پێشنیاری پرۆژە یاسای تازە بکات و گفتوگۆی لەبارەوە بکات. کەواتە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان دانانی یاسا بنەڕەتییەکانە، ئەم ئەرکەیە وا دەکات پەرلەمان ببێت بە گرنگترین دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، هەر ئەم ئەرکەشە وا دەکات پێویستە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر هەمو ئەو پرۆژەو یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتیانە دەرببڕن کە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ئەنجامدەدرێن. ئەوەی پەیوەندی بە یاسادانانەوەیە لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمان ڕۆڵی گەورەی گێراوە لە داڕشتنی یاساکان و بڕیارەکانەوە بەڵام تێبینییەکی زۆر هەیە لەسەر بەشێک لەیاساکان کە تەنها بوون بە مەرەکەبی سەر کاغەز، سەرەڕای ئەوەی تێبینی هەیە لەسەر ئەوەی بەشێک لە یاساکان شایەنی ئەوە نین و بابەتی گرنگتر هەیە بۆ بە یاسایی کردن، پەرلەمان گرنگی پێ نەداوە لە کاتی خۆیدا، نمونەی بەشێک لەو یاسا گرنگانەی جێبەجێ نەکراوەن بریتین لە؛ - بەپێی بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمانی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوری و یە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چاەونوسسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق....) بەپێی ڕاپورتی ژمارە (٣) ئینستتوتی پەی بۆ چاودێری پەرلەمان پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە مەرجەع بێت لە پرسەکانی؛ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، قەیرانی سوتەمەنی و کارەبا و ئاو، ریفراندۆم، بەردۆخ و قەیرانی عێراق، کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکان، جوڵاندنی هێزە چەکدارەکان، ئێستاش ئابوری سەربەخۆ و پاشەکەوت و لێبڕینی موچە نەبوونی شەفافیەت و یاسای بودجەشی هاتووەتە سەر، پەرلەمان نە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە و نە حیسابیش بۆ ئەو بڕیارانە کراوە کە دەریکردوون. - جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی حیزبەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٤، لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە دەرەوەی یاسا خەریکی تەخشانکردنی بودجەی گشتین بۆ خۆیان و لە سەر حیسابی بودجەی گشتی خێر بە حیزبە سیاسییەکانی تر دەکەن با ئارەزووی خۆیان. - ئەگەر سەیرێکی ئەرشیفی ئەو یاسایانە بکەی کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووەن، ئەو ڕاستییە زۆرتر ڕوون دەبێتەوە لە چەندین پێشێلکاری یاسایی ڕوو دەدات و پەرلەمان لێی بێدەنگە. دووەم: ئەرکی چاودێری دوو وێنەی سەرەکی چاودێری هەیە کە یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە جێگیرکردنی دیموکراسی و بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان. یەکەمیان چاودێری پەرلەمانە بۆ حکومەت، دووەمیان چاودێری حکومەتە بۆ پەرلەمان. جۆری یەکەمیان بریتییە لەو چاودێرییەی پەرلەمان دەیخاتە سەر حکومەت، ئەم جۆرە چاودێرییە لە رووی مێژوییەوە بە کۆنترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت، لە رووی سیاسییەوە بە گرنگترین و بەناوبانگترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت. لێرەدا پەرلەمان بەرپرسە لە چاودێری و بەدواداچون و هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت. بەڵام هەندێک لە شارەزایان، پێیانوایە پرۆسەی چاودێری پەرلەمان بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پێویستی بەوەیە جۆرێک هاوسەنگی سیاسی لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە چاودێرییەکە وەرنەگەڕێت بۆ کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە تەواوەتی نەبێتە کۆیلەی پەرلەمان و ئیدی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەرەسبهێنێت کە بنەمای سەرەکییە بۆ حکومەتی دیموکراسی و مەرجێکە بۆ سەقامگیری سیاسی. لێرەوە پرۆسەی چاودێریکردن، پێویستە لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هاوسەنگ بێت. چاودێری پەرلەمان ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی میللەت، رێگریکردن لە لادان و گەندەڵی، پابەندبوون بە سیاسەتی گەشەکردن و بوژانەوە کە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داوە. لەلایەکی دیکەوە، وەک چۆن بەشێک لە ئەرکی پەرلەمان، بریتییە لە چاودێریکردنی حکومەت، ئەوا لە هەمان کاتدا پەرلەمان ملکەچی جۆرێک لە چاودێری حکومەتە بەسەریەوە. ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن وەزیرەکان تۆمەتبار بکەن و داوای لێپێچینەوەو تەنانەت وەرگرتنەوەی متمانە چ لە وەزیر یان لە کابینەکەی حکومەت بکەن، ئەوا حکومەت لە هەندێک حاڵەتی زۆر تایبەتدا، دەتوانێت پەنا بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان ببات. لەم حاڵەتەدا حکومەت داوا لە سەرۆکی دەوڵەت دەکات پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. لە راستیدا وێنەی یەکەمی چاودێری، واتە چاودێری پەرلەمان بۆ حکومەت، بە پێوەرێگی گرنگی توانای پەرلەمان دادەنرێت و ئاماژەیەکیشە بۆ ئاستی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا. چونکە مەبەست لەچاودێری پەرلەمانی، بریتییە لە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت، ئەگەر باش بوو پشتگیری لێبکرێت و ئەگەر خراپ بوو لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. بەدرێژایی نزیک لە سی ساڵی ڕابردوو (٩) کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزراوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیەوە وەک پێویست ئەدائی چاودێری خۆی بکاتن كە بەشێكی بۆ لاوای ئەدای پەرلەمانتاران و بەشێكی بۆ روانینی حزبە سیاسیەكان دەگەڕێتەوە كە هێندەی چاویان لەسەر حكومەتە هێندە چاویان لەسەر پەرلەمان نیەو دەیانەوێت پەراوێزی بخەن، لە خوارەوەی ئەوە بە درێژی دەخەینەڕوو. کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (1992 - 2018) 1. کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4/7/1992 - 24/4/1993) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (17) کەس بوون. 2. کابینەی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (25/4/1993 – کۆتاییەکانی 1996) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (17) کەس بوون. 3. کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر) لە (26/9/1996 - 19/12/1999) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (19) کەس بوون. 4. کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر) لە (20/12/1999 - 6/5/2006) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (24) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (10) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 5. کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە (1996 – 19/1/2001) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (19) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (8) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 6. کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە (20/1/2001 – 6/5/2006) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (٢٢) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (16) وەزیر و سەرۆکی حکومەت بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 7. کابینەی پێنجەم حکومەتی هەرێمی کوردستان (یەکگرتنەوەی حکومەت) لە (7/5/2006 – 27/10/2009) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (41) کەس بوون. 8. کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (28/10/2009 – 4/4/2012) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (21) کەس بوون. 9. کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (5/4/2012 – 17/6/2004) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (21) کەس بوون. 10. کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (18/6/2014 – 9/7/2019) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (23) کەس بوون. 11. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10/7/2019 ئێستا) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (24) کەس بوون. تێبینییەکان تایبەت بە ژمارەی حکومەت و متمانەی پەرلەمان 1. بە درێژایی (نۆ کابینەی حکومەتی هەرێمی کورستان) (282) کەس بوون بە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیر بە شێوەیەکی فعلی و هەندێکیشیان دووبارە پۆستەکانیان وەرگرتووەتەوە لە کابینە جیاوازەکاندا، ئەمە جگە لەو کەسانەی پلە وەزیفییەکانیان وەزیر بووەو بەڵام ئەرکی وەزیریان نەبینیەوە. 2. لە سەردەمی دوو ئیدارەیی لە نێوان ساڵانی (1996 - 2005) دوو حکومەت لە هەولێر و دوو حکومەت لە سلێمانی دروستکراون و (84) وەزارەت پێکهێنراوەو (34) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاری تێدا کراوە، بەهەردوو کابینەکە لە هەردوو پارێزگاکە لەو ماوەیەدا (118) وەزیریان هەبووە و بەرامبەر هیچ دامەزراوەیەکی یاسادانانی وەک پەرلەمان بەرپرسیار نەبوونە. 3. لە کۆی ئەو (282) کەسەی بە فعلی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جێگر و وەزیریان وەرگرتووە تەنها (164) کەسیان متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە. 4. بە درێژایی نۆ کابینەی حکومەت پێنج خولی پەرلەمانی لە ساڵەکانی (1992 – 2005 – 2009 – 2013 - 2018) لە کۆی (282) سەرۆک و جێگر و وەزیر و هیچ کەسێکیان متمانەیان لێ وەرنەگیراوەتەوە. ئەم ئەنجامە جێگای تێرامانی گەورەیە، كە لە عێراقدا متمانە لەچەندین وەزیر سەنراوەتەوە لەوانە ( هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی حكومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان متمانە لە یەك وەزیر نەسەندراوەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لەسەرو حكومەت و پەرلەمانەوە تەوافوقی حزبەسیاسیەكان هەیە، بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كەبەبێ رەزامەندی ئەوان ناتوانرێت متمانە لە هیچ وەزیرێك بسەنرێتەوە، بەڵام هەر خۆیان متمانە بەوەزیر و پەرلەمانتاران دەدەنەوە، هەروەك چۆن لە ساڵاَی 2011 و لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا پەرلەمان متمانەی دایەوە بەد. بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەمری واقیع لەئێستادا پەرلەمانی كوردستان بەبێ تەوافوقی حزبەكان توانای لێسەندنەوەی متمانەی لە هیچ وەزیرێك نیە، رەوا نیە ماوەی سی ساڵی حکومداریدا وەزیرێک سەرپێچی یان گەندەڵی یان ئەدائێکی خراپی نەبووبێت، لە کاتێکدا ئەم هەرێمە توشی چەندین شکست و هەڵبەز ودابەز بووە لە دیارتینی ئەوانە، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بەهەدەردان و گەندەڵی و سەرپێچی یاسایی لە داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان، قاچاغی ئاشكرا لەخاڵە سنورییەكان، تا ئێستا نەتوانراوە کارەبای پێویست ڕێگاوبانی گونجاو و ئاوی خواردنەوەی پێویست دابینبکرێت بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، سەرەڕای بوونی چەندین قەیرانی سوتەمەنی و تەندروستی و پەروەردەیی و کلتوری ڕۆشنبیری...هتد، بەم دواییەش شکستی سەربەخۆیی ئابوری و بە دوایشیدا شکستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی 51% خاكی ناوچە دابڕێندراوە، کەچی کەسێک نەبێت لەم دۆخانە بەرپرسیاربێت!. ئەمە تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا نا بەڵكولەهەر پێنج خولەكەی پەرلەماندا هاوشێوە بووە. بابەتەکە هەر بەوەوە ناوەستێت کاتێک وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان ناکرێن و متمانەیان لێ وەرنەگیراوەتەوە، بەپێ ڕاپورتەکانی (ئینستتیوتی پەی بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان) زیاتر لە سەدان جار پەرلەمانتاران تەنها پرسیاری ئاساییان ئاراستەی وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کردووە، ئامادەنبوونە وەڵامیشیان بدەنەوە، بەپێی دواین ڕاپۆرتی دامەزراوەی ناوبراو کە لە 12/1/2021 بڵاوی کردووەتەوە تەنها لەم خولەی ئێستای پەرلەمان زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران کە ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کراوە وەڵام نەدراونەتەوە. ئەمانە جگە لەوەی چەندین جار وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان کراون، ئامادە نەبوونە ئامادەبن. سێیەم: ئەرکی دارایی و یاسای بودجە پەرلەمان لە سەدەی نۆزدەهەمەوەو لە میانەی قۆناغێکی دوورو درێژی ململانێ لەگەڵ حکومەتدا، توانی دەسەڵاتی دارایی بێنێتە ژێر چاودێری خۆیەوە. ئێستا وایلێهاتووە ئەو دەسەڵاتە داراییەی پەرلەمان، بووەتە گرنگترین و بەهێزترین سەرچاوەی هێزی پەرلەمان لە روبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ حکومەت، دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی قەبارەی خەرجییەکانی وڵات کە حکومەت لە پرۆژەی بودجەدا پێشکەشی دەکات. واتە دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنێکی وردو قووڵی سەرجەم بڕگەو مادەکانی میزانییەی ساڵێکی دەوڵەت کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. لەکاتی بوونی کورتهێنان لەبودجەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە، لە رێگەی زیادکردنی گومرک و باج یان لە هەر رێگەیەکی دیکەوە. پابەندبوون بە بودجەی وڵاتەوە کە پەرلەمان ئیقراری کردووەو پاراستنی داهاتی گشتی و رێگەنەدان بە هەدەردانی. پەرلەمان دەسەڵاتێکی چاودێریکەری سیاسییە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات و چاودێری هەڵسوکەوت و کارەکان و بڕیارەکانی حکومەت دەکات، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکومەت دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند لە بەرژەوەندی گشتیدان، ئەگەر هەستی بە بوونی هەر لادان و گەندەڵییەک کرد، پێویستە ئەنجامدەرانی بانگ بکات بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. لەگەڵ لاوازی ئەدائی چاودێری حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، تەنانەت هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراق خاوەن دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی(یاسادان، جێبەجێکردن، دادوەری) لە ماوەی (٣٠) ساڵی تەمەنیدا کەمتر لە نیوەی تەمەنی خۆی توانیویەتی خاوەنی یاسای بودجە بێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی سەرکۆئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٨) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١). بەپێی مادەی (98)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە حكومەتی هەرێم لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك و بەر لەساڵی دارایی پرۆژە بودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەگەر لەو وادەیە نەگەیشتە پەرلەمان ئەوا دەبێت پەرلەمان داوای رونكردنەوە لە وەزیری دارایی بكات ئەگەر گونجاو نەبوو ماویەكی پێبدات كەلە(15) رۆژ تێپەڕ نەكات وەک دەبینین لە دوای ساڵی (٢٠١٣)ەوە ئەگەر چی قەیرانی دارایی و ئابوری و سەربازی و سیاسی سەریان هەڵداوە، لەگەڵ ئەوەی داهاتەکان لە هەندێک قۆناغدا کەمبوونەتەوە بەڵام مانای ئەوە نییە داهاتەکان سفر بوونەتەوە. لە كاتێكدا كۆی داهاتی ( نەوت، ناوخۆ، بەغداد)ی هەرێمی كوردستان لە 2019دا زیاتر لە (15 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەو ساڵەدا دوو كابینە بووە ( كابینەی هەشت و كابینەی نۆ) بەڵام پرۆژەیاسای بودجەی نەبووەن لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێم لە2013دا دوایین پرۆژەیاسای بودجەی هەبووە، كۆی داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلاربووە. بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە ١٨ی٦ی٢٠١٤ و کابینەی نوێیەم لە ١٠ی٧ی٢٠١٩ متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم هەشت ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارو دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە( لەئێستادا حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021)ە لەكاتێكدا زیاتر لە نیوەی ساڵ تێپەڕیوە هێشتا رەوانەی پەرلەمانی نەكردووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دزیوەتەوە لە ناردنی یاساکە بۆ پەرلەمان، یاخود هەر بەڕاستی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەی خواستووە کە بەبێ یاسای بودجە، لەدەرەوەی پەرلەمان و چاودێری داهاتی حکومەت کۆبکرێتەوەو خەرجبکرێت؟ لە کاتێکدا سەرچاوەکانی داهات کە بریتین لە • داهاتی ناوخۆ - باج و خاڵە گومرگییەکان - فرۆشی نەوت و غازی هەرێم - قەرزی ناوخۆ • داهاتی دەرەکی - بەشە بودجەی عێراق - هاریکاری دەرەکی و هاوپەیمانان - قەرزی دەرەکی ئەگەر چی بەشێکی ئەو داهاتانە توشی وەستان و هەڵبەز و دابەزبوونە، بەڵام هەرگیز حکومەتی هەرێم بێ داهات نەبووە، بەڵکو ئەرقام و ژمارەی زۆر لە بەردەستن لەو بارەیەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات خۆی دزیوەتەوە لە بەیاسایی کردن و بردنی بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان. لەپاڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانەو پێویست بوو لەسەر پرسی بودجە لە هەرێمی کوردستان بهاتبایەتە سەر خەت، بەڵام کلتوری باڵادەستی دامەزراوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان، وایکردووە پەرلەمان بە کارتۆنی بکرێت و یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی لەدوای یاسادانان و چاودێری کردنی حکومەت و لێپرسینەوەیەتی، بەڵام نەک هەر نەیتوانییەوە لێپرسینەوەی لێ بکات بەڵکو نەیتوانیەوە بیخاتە ژێر چاودێرییەوە کە یەکێکی ترە لە ئەرکەکانی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە. هەر بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە تا ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانی (نەوتی و نانەوتی) بە ناڕوونی نا شەفافی ماوەتەوە. بودجە هۆکارەکانی لاوازكردنی ئەدای پەرلەمانی کوردستان 1. ساختەکاری لە هەڵبژاردن (بە هەموو شێوازەکانییەوە) لە هەڵبژاردنی ١٩٩٢ەوە بۆ ٢٠١٨ و شێواندنی ئەنجامەکان، کە جۆرێک لە پەرلەمانتاری ساختەو دواجار دورستبوونی پەرلەمانێکی حیزبی ساختەی لێکەوتووەتەوە. 2. هەژموونی حیزبی سیاسی و دەسەڵاتی قوڵ لەناو پەرلەمان، بۆیە پەرلەمانتاران ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەیش بێت پێش ئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن نوێنەرایەتی حیزبە سیاسییەکان دەکەن. بەمەش زۆرینەی ساختە کۆدەکەنەوە بۆ هەر یاسایەک بیانەویت، کە ھەرچی حزب و حکومەت بیەوێت تێدەپەڕێت، ھەرچی خواست و ئەجێندای ئەوانیش نەبێ ڕێی لێدەگیرێت و پشتگوێدەخرێت. 3. هۆشیاری گشتی (خەڵک و پەرلەمانتاران) وایکردووە کەسانی نەشیاو بگەنە پەرلەمانی کوردستان. 4. نادادپەروەری لە ئیمتیازاتی ماددی و مەعنەوی لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان وایکردووە هەمیشە وەزیرەکان بەهێزتر دەربکەون بەراورد بە پەرلەمنتاران، کە دەبوو پێچەوانەکەی ڕاست بێت، چونکە وەزیرەکان متمانە لەوان وەردەگرن. 5. شکاندنی شکۆی پەرلەمان، لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا کە کاریگەری گەورەی لەسەر دامەزراوەی پەرلەمان هەبوو، ئەویش لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و داخستنی پەرلەمان لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان (12/10/2015 – 15/9/2017)، ئەمە جگە لە دەیان نمونەی دیکە هەیە لەسەر شکاندن و لێدان لە پەرلەمانتار و پەرلەمانتاران. 6. سیستمی هەڵبژاردن لەڕووی کارکردن بە (گوڕینی لیستی داخراو بۆ لیستی نیمچە کراوە) لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ەوە زیانێکی گەورەی بە چۆنێتی تواناو شایستەیی پەرلەمانتاران گەیاندووە، ئەگەر چی کارکردنی بە لیستی نیمچە کراوە لە بنەمادا دیموکراسیترە، بەڵام پێویستی بە هۆشیارییەکی باڵاتری دەنگدەران هەیە لەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر بۆیە دەبینین خول لە دوای خول کوالێتی ئەندامانی پەرلەمان ڕووی لە خوارەوەیە. 7. بێ بەڵێنی پەرلەمانتاران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆرجاریش ئەوەی لە شەقامدا بە (سواڵی دەنگ) ناسراوە، شکۆی پەرلەمانتاری لەناو خەڵکدا هێناوەتە خوارەوە، چونکە زۆرێک لە کانیدەکان چاویان لەو ئیمتیازاتانەیە کە لە پەرلەمان دەستی دەخەن زیاتر لەوەی مەبەستیان خزمەت بێت، هەر بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتی ئینستتیوتی پەی لەم خولەی پەرلەمان، پەرلەمانتار هەیە بۆ یەکجاریش لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان قسەی نەکردووە. 8. بێمتمانەیی سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بە دامەزراوەی پەرلەمان، ئەگەر بەراوردێک لە نێوان خولی یەکەم و خولی ئێستای پەرلەمان بکەین ئەو ڕاستییە ڕووندەبێتەوە کە لە سەرەتادا کەسە یەکەم و دیارەکانی حیزبە سیاسییەکان خۆیان هەوڵی ئەوەیان دەدا کە ببن بە ئەندام لە پەرلەمان، بەڵام ئێستا پاشەکشەی گەورە ڕووی داوەو کەسە یەکەمەکان ئەگەر هەوڵیکبدەن زیاتر بۆ پۆستە وزارییەکانیانە وەک لەوەی بۆ پەرلەمان بێت. 9. بە پێی مادەی (79)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: پێویستە لە دەرچواندنی یاسا و بڕیارەكاندا رەچاوی بارگرانی دارایی لەسەر حكومەت بكرێت، ئەمەئەو دێڕەیە كە پەرلەمانی كوردستان دەست و قاچی خۆی پێ بەستووەتەوە چونكە زۆرینەی یاسا و بڕیارەكان بۆخۆی رەهەندی داراییان هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت بۆ زۆربەی بڕیار و یاساكان رەزامەندی حكومەتی لەسەر بێت. سەرچاوەکان 1. د. نعمان احمد خطيب، الوجيز النظم السياسية، الاردن، دار الثقافة للنشر والتوزيع، ٢٠١١. 2. ڕاپۆرتەکانی ئینستتیوتی پەی، پڕۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی کوردستان کە ژمارەیان (١٣) ڕاپۆرتە. 3. پەرلەمان چییەو ئەرکەکانی چین؟، ئینستتیوتی ڕیفۆرم بۆ گەشەپێدان، پێگەی ئەلیکترۆنی سەکۆ؛ https://sako.rid-k.org/ku/%D9%BE%DB%95%D8%B1%D9%84%DB%95%D9%85%D8%A7%D9%86-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95%D9%88-%D8%A6%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%86%DB%8C%D9%86%D8%9F 4. حكومەتێك بێ یاسای بودجە، ڕاپۆرتی درەو میدیا، پێگەی ئەلیکترۆنی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8311 5. رۆڵی پەرلەمان لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی، پێگەی ئەلیکترۆنی ڕوداوو؛ https://rudawrc.net/?p=1295&fbclid=IwAR1rNI70e-rlJKU9qcdfYjb7dk5xbRZ7aEfVCmj1RUuJexj2aAo6RKplOPE
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت هەشت پارتی سیاسی كە هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن، دواجار لەسەر كۆتایهێنان بەسەردەمی حوكمڕانی بنیامین ناتانیاهۆ رێككەوتن، ئەمانە ناویان لەخۆیان ناوە "ئیئتیلافی گۆڕان"، حكومەتی نوێی ئیسرائیلیان بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان خۆیان دابەشكردووە، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حكومەتی دوو ساڵ بە دوو ساڵ دوای دانیشتنێكی پڕە لە گژیو رەخنەو كردنەدەرەوەی هەندێك لە پەرلەمانتاران، دواجار پەرلەمانی ئیسرائیل "كنێست" متمانەی بە حكومەتێكی ئیئتیلافی نوێ بە رێبەرایەتی (نەفتالی بینیت)ی راستڕەوی توندڕەو بەخشی، بەم هەنگاوە كۆتایی 12 ساڵ حوكمڕانی بنیامین ناتانیاهۆ هێنرا. ئەو ئیئتیلافە حكومییەی كە پەرلەمانی ئیسرائیل متمانەی پێبەخشی ناوی "ئیئتیلافی گۆڕان"ە، لە (8) پارت پێكدێت كە هەریەكەیان ئایدۆلۆژیای خۆی هەیە، لەسەر بنەمای رێككەوتنێك دروستكراوە كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە، (نەفتالی بینیت) دوو ساڵی یەكەم سەرۆكایەتی حكومەت بكاتو دوو ساڵی دووەم (یائیر لەبید) پۆستی سەرۆك وەزیران وەرگرێت كە سەرۆكی پارتی "ئایندە"ی میانڕەوەو ئەندازیاری دروستكردنی ئەم هاوپەیمانێتیەیە. (60) پەرلەمانتار دەنگیان بەم ئیئتیلافە حكومییە نوێیە بەخشی، كە پەلكەزێڕینەیەكە لە پارتە راستڕەو و چەپو میانڕەوەكانو پارتێكی عەرەبیش لەناو ئەم ئیئتیلافەدایە، لەبەرامبەردا (59) پەرلەمانتار دژی پێدانی متمانە بە ئیئتیلافی "گۆڕان" دەنگیاندا، ئەوانەی دژ بوون بریتی بوون لە پەرلەمانتارانی پارتەكەی ناتانیاهۆ "لیكۆد"و پارتە راستڕەوە توندڕەوەكان. لە هەموو حاڵەتێكدا (نەفتالی بینیت) سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی لەرزۆك دەكات، هاوپەیمانێتییەك كە پارتەكانی ناوی لەسەر هیچ شتێك كۆك نین جگە لە دورخستنەوەی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیرانو كۆتایهێنانی بە قەیرانی چەقبەستووی سیاسیی لە ئیسرائیل، چەقبەستنێك كە چوار هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا نەیتوانی دەرگای رزگاربوونی لەسەر بكاتەوە. دوای پێدانی متمانە بە ئیئتیلافە حكومییە نوێیەكە لە پەرلەمان، لە گۆڕەپانی "رابین" لە ناوەڕاستی شاری تەلئەبیب، نەیارانی بنیامین ناتانیاهۆ كۆبونەوەو ئاهەنگی سەركەوتنیان گێڕا. ئێرانو فەلەستین دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، (نەفتالی بینیت) سەرۆك وەزیرانی نوێی ئیسرائیل لە وتارێكدا وتی:" ئیسرائیل رێگە بە ئێران نادات ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی"، دژی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێزیش وەستایەوەو ئەو هەوڵەی رەتكردەوە. سەرۆك وەزیرانە راستڕەوە نوێیەكەی ئیسرائیل رایگەیاند" ئەم حكومەتە كارەكانی لەبەر رۆشنایی مەترسیدارترین هەڕەشەی ئەمنیدا دەستپێدەكات، بۆیە ئیسرائیل پارێزگاری لە ئازادی تەواوی مامەڵەكردنی خۆی دەكات لەدژی ئێران. سەرۆك وەزیرانی نوێ، كە بەوە ناسراوە پاڵپشتی لە پرۆسەی دروستكردنی ئۆردوگا جولەكەنشینەكانو دەستگرتن بەسەر بەشێك لە ناوچەی كەناری خۆرئاوای فەلەستین دەكات، لەبارەی ململانێی ئیسرائیل- فەلەستینەوە باسی لەوەكرد، ئەم ململانێیە ململانێیەكی "ناوچەیی" نییە، لەمبارەیەوە وتی:" پێویستە ئەوە بەبیری جیهان بهێنرێتەوە كە دوژمنانی ئیسرائیل هێشتا دان نانێن بە دەوڵەتی عیبریبدا". لەبەرامبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو، لە وتەیەكدا بەڵێنیدا دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە ئیسرائیلدا بە بەهێزی بهێڵێتەوە. ناتانیاهۆ لەبەردەم پەرلەماندا رایگەیاند" ئەگەر قەدەر وای لێكردین ئۆپۆزسیۆن بین، ئەو كارە دەكەینو سەرمان بەرزە تا ئەم حكومەتە خراپە دەڕوخێنینو دەگەڕێینەوە بۆ رێبەرایەتیكردنی وڵات لەسەر رێگای خۆمان". لەمە توندتر، ناتانیاهۆ لەبەردەم پەرلەماندا (نەفتالی بینیت)و هاوڕێكانی بە "راستڕەوێكی ساختە" ناوبردو باسی لە دەستكەوتەكانی حكومەتەكانی خۆی كرد لەماوەی رابردوودا، لەمەشدا نمونەی بە رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان كرد لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبیو ئۆپراسیۆنەكانی دەرەوە لەنمونەی بەدەستهێنانی ئەرشیفی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018دا. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ ئێران ئاهەنگ دەگێڕێت بەبۆنەی دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێوە لە ئیسرائیل، چونكە بەوتەی ئەو ئێرانییەكان دەزانن ئەم حكومەتە نوێیەی ئیسرائیل لاوازە. "خاكی سوتماك" حكومەتی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ دەستبەكاربونیدا، روبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری دەبێتەوە لەوانە رێپێوانی راستڕەوە توندڕەوەكان كە بڕیارە رۆژی سێ شەممە بەرەو گەڕەكە عەرەبنشینەكانی قودسی خۆرهەڵات بڕۆن، كە ماوەی نزیكەی دوو مانگە ئەم ناوچانە ناڕەزایەتی بەخۆیانەوە دەبینن. ئەم رێپێوانە یەكەمجار بڕیاربوو رۆژی 10ی ئایار بەڕێوەبچێت، بەڵام رێگری لێكرا، جارێكی تر بڕیاردرا رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بەڕێوەبچێت، سەرلەنوێ هەوڵەكە شكستی هێنا، ناتانیاهۆ بڕیاریدا رێپێوانەكە بخاتە كاتی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر پێدانی متمانە بە حكومەتی نوێ، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو كە لەنێوان پۆلیسو رێكخەرانی رێپێوانەكەدا كرابوو، سوربوونی ناتانیاهۆ لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم رێپێوانە، وایكرد لەلایەن نەیارەكانییەوە تۆمەتبار بكرێت بە گرتنەبەری سیاسەتی "خاكی سوتماك". ناڕەزایەتییەكانی قودسی خۆرهەڵاتو كەناری خۆرئاوا كاتێك سەریانهەڵدا كە هەڕەشەی دەركردنی خێزانە فەلەستینییەكان كرا لە ماڵەكانی خۆیان لە گەڕەكی "شێخ جراح" لە قودسو رادەستكردنی ناوچەكە بە گروپە داگیركارە ئیسرائیلییەكان. ئەم دۆخە دواجار سەریكێشا بۆ روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە كەرتی غەززەو ئیسرائیل، ئەم شەڕە كە ماوەی (11) رۆژ بەردەوام بوو، بووەهۆی كوژرانی (260) فەلەستینیو وێرانبوونی بەشێكی زۆری كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، لەلایەنی ئیسرائیلیش (13) كەس كوژران. دواجار شەڕەكەی ئەمدواییە بەنێوەندگیرییەەكی میسر بە ئاگربەست كۆتایی هات، بەڵام دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێكی بەردەوام لەنێوان حەماسو ئیسرائیل نەگەیشتە ئەنجام، ئەمەش یەكێكە لەو ئاڵنگارییانەی كە روبەڕووی حكومەتی نوێی ئیسرائیل دەبێتەوە. فەوزی بەرهوم وتەبێژی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەبارەی دەستبەكاربوونی حكومەتێكی نوێ لە ئیسرائیل دەڵێ:" مامەڵەی ئەم حكومەتە نوێیە سروشتو رەوتی مامەڵەی ئێمە لەگەڵ داگیركاران دیاری دەكات". سەرچاوە: فرانس 24- ئەی ئێف پی- رۆیتەرز
راپۆرت: درەو چەند رۆژێكە مشتومڕ لەسەر داهاتی گومرگەكان دروستبووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن داهات كەمیكردووە، هەندێكی تر دەڵێن زیادی كردووە، ئەوانەی دەڵێن داهات كەمیكردووە، هۆكاری كەمبونەوەكە بۆ گەندەڵیو قاچاخچێتی دەگەڕێننەوە، ئەوانەی دەڵێن زیادی كردووە، حكومەت تۆمەتبار دەكەن بەوەی داهاتەكان دەشارێتەوە، لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا (درەو) داتای فەرمی داهاتی دوو خاڵی سنوریی لەبەردەستدایەو بڵاوی دەكاتەوە، داتاكان چی دەڵێن ؟ مشتومڕ لەسەر داهات ئەم مشتومڕە لەكاتێكدا رودەدات، چەند رۆژی رابردوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو بەغداد لەناو یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ وردبینیكردن لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە یاسای بودجەدا كراوە، حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی مانگانە بەشە بودجەی خۆی لە حكومەتی ناوەندی عێراق وەرگرێت، دەبێت داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان كە یەكێك لەو دامەزراوانە (گومرگەكان)ە، بۆ حكومەتی ناوەند بگەڕێنێتەوە. لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران باسیان لەوەدەكرد، حكومەتی هەرێم بەشێك لە داهاتی ناوخۆ دەشارێتەوە بۆ ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، (درەو) بە دۆكیۆمێنت داتای داهاتی دووان لە مەرزەكانی هەرێمی لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا دەستكەوتووە، بەشێك لە ناوەڕۆكی ئەو دیكۆمێنتانە بڵاودەكاتەوە. لەناو مشتومڕدا داتاكان چی دەڵێن ؟ لەناو ئەو مشتومڕەدا كە لەبارەی داهاتی گومرگەكانەوە دروستبووە، بەپێی داتا فەرمیەكانی دەست (درەو) كەوتووە، لە گومرگی باشماخ: • بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 797 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (16 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بووە، واتا لەنێوان مانگی یەك بۆ مانگی پێنجی ئەمساڵ (5 ملیار 548 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (24%). • لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵ: داهاتی گومرگەكە بەبڕی (3 ملیارو 670 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (18%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 684 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (16 ملیارو 700 ملیۆن) دیناربووە. خشتەی داهاتی گومرگی باشماخ لە پێنج مانگی رابردوودا بەگوێرەی ئەو داتا فەرمیانەی كە لە بەرپرسانی گومرگی خاڵی سنوری(پەروێزخانەوە) دەست (درەو) كەوتوون، بەهەمان شێوە داهاتی ئەم گومرگەش كەمیكردووە، چۆن ؟ • بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 855 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (17 ملیارو 307 ملیۆن) دینار بووە: بە نزیكەی (6 ملیار 97 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (27%). • لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا: داهاتی پەروێزخان بەبڕی (3 ملیارو 984 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (19%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 977 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (17 ملیارو 307 ملیۆن) دیناربووە. خشتەی داهاتی پەروێزخان لە پێنج مانگی رابردوودا هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگەكان بەپێچەوانەی پەرلەمانتارانەوە كە زیاتر گەندەڵیو قاچاخچێتی بەهۆكاری كەمبونەوەی داهاتی گومرگەكان دەزانن، بەرپرسی گومرگەكان باس لە هۆكاری تر دەكەن. شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، داهاتی باشماخ لە مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا بەڕێژەی (15% بۆ 20%) كەمیكردووە. لە خاڵێكی سنوریی بۆ خاڵێكی تر داهات جیاوازە، بۆ نمونە لە (باشماخ)و (پەروێزخان) داهات كەمیكردووە، بەڵام لە (حاجی ئۆمەران) زیادی كردووە. بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگ لەم چەند مانگەی دوایدا بۆ هەندێك هۆكار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە: * وەرزی بەروبومی ناوخۆییە، بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی حكومەت هاوردەكردنی ئەم جۆرە بەروبومانەی قەدەغەكردووەو ئەمە بووەتە هۆی كەمبونەوەی داهاتی گومرگی باشماخ. * هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل زیاتر لە مەرزی حامی ئۆمەرانەوەیە وەك لە مەرزی باشماخەوە. لە مەرزی (پەروێزخان)یش چەند بەرپرسێك قسەیان بۆ (درەو) كرد، ئەوان باسیان لە هۆكاری تری دەكرد، لەوانە: • پێشتر رۆژانە (70 – 80) بارهەڵگری خۆڵی ئاسن لە مەرزەكە هاوردە كراوە، هەر تەنێكی ئەم خۆڵە بڕی (6 دۆلار) گومرگی لێوەرگیراوە، ئێستا گومرگ لەسەر ئەم خۆڵە زیادی كردووە، بۆیە هاوردەكردنی لە پەروێزخانەوە كەمبوەتەوەو بازرگانەكان لە عێراقەوە هاوردەی دەكەن. • پێشتر ساڵانە لە مانگی پێنج تا مانگی 10: رۆژانە (500 – 600) بارهەڵگری تەڕەو سەوزە هاوردە دەكرا، داهاتی رۆژانە ئەم بەروبومانە زیاتر لە (400 ملیۆن) دینارە بووە، ئێستا حكومەت بۆ پاڵپشتی لە بەروبومی ناوخۆیی، هاوردەكردنی ئەو بەروبومانەی قەدەغەكردووە، بۆیە بەشێك لە داهاتی گومرگ كەمیكردووە. • لە مەرزەكانی باشوری عێراق بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە ئاسانكاری زۆر كراوەو بە جۆرێك بارهەڵگرێك ئەو گومرگ و رسوماتانەی لێی وەردەگیرێت بەبەراورد بە مەرزەكانی هەرێم زۆر كەمترە بۆیەئێستا بارهەڵگرەكان روو لەو مەرزانەی عێراق دەكەن. بە پێی ئەو زانیاریە ووردانەی دەست (درەو) كەوتووە: • پێشتر رۆژانە (800) بارهەڵگر هاتونەتە مەرزى پەروێزخان، ئێستا (302) بارهەڵگر دێن، واتا بەرێژەی (38%) كەمیكردووە. • پێشتر رۆژانە (700) بارهەڵگر دەهاتە مەرزى باشماخ، ئێستا رۆژانە (308) بارهەڵگر دێن، واتا بەڕێژەی (44%) كەمیكردووە. بەڕێوەبەری گومرگەكان چی دەڵێ ؟ ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەم چەند رۆژەی پێشوو هاتەسەر هێڵی ململانێكان لەنێوان هەردوو بەرەكەدا، ئەو بەرەیەی كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان كەمیكردووە لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن داهات زیادی كردووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان پشتیوانی ئەوانەی كرد كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان زیادی كردووە، (درەو) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمەوە كرد، جارێكی تر جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی داهاتی گومرگەكان بەرێژەی (20%) زیادی كردووە. بۆ سەلماندنی زیادبوونی داهاتی گومرگەكان، (درەو) داوای داتای داهاتی گومرگەكانی لە ساماڵ عەبدولڕەحمان كرد، ئەو وتی هیچ داتایەكم لەبەردەستدا نییە، بەڵام قسەی من فەرمییەو داهات زیادی كردووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان بە (درەو)ی وت:" نەك تەنیا بەراورد بە ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا هەبووە، تەنانەت مانگی رابردووش داهاتی گومرگەكان بەرێژەی 20% زیادیان كردووە".
شیكاری: درەو ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان لەپێناو شوێن پێقایمكردنی خۆی و دواجار مانەوەی بۆ تا هەتایە، لەگەڵ مانەوەیدا دەیەوێت شەڕی پەكەكە بە كورد بكات لەسەرەتای دروستبونی حكومەتی هەرێمەوە لە 1992 دا توركیا سەركردایەتی كوردی ناچاركرد بە پێشمەرگە شەڕی پەكەكە بكاتن ئەمڕۆ لەگەڵ بونی دەیان بنكەو بارەگای سەربازیدا دەیەوێت هاوشێوەی 29 ساڵ پێش ئێستا پێشمەرگە شەڕی پەكەككە بكات. توركیا لەشەڕی كورد - كوردا بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لەزیادبوون و پەرەسەندان، گەورەترین بارەگای نهێنی میتی تورکی لەعێراق، لە هەرێمی کوردستانە، حکومەت و پارت و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک داخستنی ئەو بنکە سەربازیانە نە بووە بە بابەت لایان، بەڵکو تورکیا بووە بە خاوەن ماڵو بەئاشکرا هەژموونی تورکیا بەسەر سیاسەتی حیزبیو حکومی هەرێمی کوردستانەوە دیارە. تورکیا لە سەرەتای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا چەندین جار دەستی هەبووە لە شەری كورد – كورددا تەنانەت بەشداری کردن لە شەڕی ناوخۆ جا لە نێوان پارتی و یەکێتی بێت یان ئەوان لەگەڵ پەکەکە، ئێستاش سیاسەتی تورکیان بەرامبەر کورد بە گشتی و هەمان سیاسەتی جارانە و (هەوڵەکانی داخستن و گرتنی کادرانی پارتەکانی باکور لە تورکیا، هەوڵدان بۆ شکستهێنان بە ئەزمونی ڕۆژئاوا، هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان) دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە تورکیا بە هەمان سیاسەتی ڕابردووی خۆی بەرامبەر کورد بەردەوامە. ڕۆژی ٦/٦/٢٠٢١ لە هێرشێکی تەم و مژاویدا لە چیای مەتینا لە ناوچەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆ سەر هێزی پێشمەرگە چەند پێشمەرگەیەک شەهید و برینداربوون، ئەم کردەوەیە چەندین کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بەشی زۆری پەنجەی تۆمەت ڕووی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو ( حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە پەكەكە تۆمەتبار دەكەن). ئەوانیش لای خۆیانەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیان کردەوە کە زریپۆشی پێشمەرگەیان بە ئامانج گرتبێت، لە ناوخۆشدا بەشێک لە شارەزایانی سەربازی گومانیان لەسەر شێوازی بەئامانج گرتنەکە دروستکرد، بەوەی کە بە فڕۆکەی تورکیا پێکراوە. بابەتەکە هەر ئەوە نییە چەند پێشمەرگەک شەهید بوون پارتی کرێکاران شەهیدی کردوون یان فرۆکەکانی تورکیا، ئەمە یەکەم جار نییە حاڵەتی لەو جۆرە ڕوبدات، چاوەڕوان دەکرێت چەندبارەش ببێتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەگەر هێزی تورکیاو پەکەکە لە ناوچەیە نەبن ئەوە ڕوونادات، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی فۆکەسەکان لەسەر پەکەکەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەندین بەرپرسی سیاسی و سەربازی و ئەمنیان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، بەڵام وجودی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی و لە دەرەوەی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە بە بابەت، لە کاتێکدا تورکیا خاوەن دەیان بنکە و بارەگا و دەزگای هەوڵگرییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خواستی ئەوەیە شەڕی پەکەکە بە کورد بکات. بنکە سەربازیەکانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەر لە ساڵیك سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان لە پێگەکی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاو کردبوویەوە بەڵام لە رۆژی ٦/٧/٢٠٢٠ نەخشەکەی سڕییەو بڕوانە نەخشەی ژمارە (١)، بە پێی نەخشەکە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانە لەدەرەوەی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقدایە و بەشێک لەو بنکانە مێژووی بونیادنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی (١٩٩7) بەدواوە بۆ بەلاداخستنی شەڕی ناوخۆ هاتنە سنورەکەو هەرگیز نەگەڕانەوە. لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك وردە ناڕەزایەتی، بێدەنگەو هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كلم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکیا زیاتر (٣٠) بنکە و بارەگای سەربازی و هەوڵگری لە عێراقدا هەیە بۆ بەڕیوەبردن و ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی تورکیا بەقوڵایی زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون. بەشێکیان نزیکتریش لە ناوەندی ئاوایی و شارەکانی وەک دهۆک و زاخۆ و سۆراندا جێگیرکراون. ١٤ لەو بنکە سەربازییانە دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. بەتەنیا لە سنوری ناحیەی باتیفا و قەزای زاخۆ٣ بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا هەیە هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی باسی ژمارەیەکی زیاتر لەوەش دەکەن، بەتایبەت لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی دیکەی بونیادنا، سەرجەم ئەو بنکە سەربازییانەی تورکیاش دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە سنوری ناوچەی زەرددان، ئەو بنەکە سەربازییانەش کە تا ئێستا ئاشکران بریتین لە؛ تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەكو تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە: * گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەربازو (٩١) ئەفسەرو (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. * گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. * سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. * بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. * سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. * سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. * سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. * سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی (سەری زیری)، (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. * بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. * بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. ئەمە جگە لە ھەبوونی چەند بنکەیەکی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ھەرێمی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش پارتی کریکارانی کوردستان. وەکو؛ 1. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ئامێدی، پارێزگای دھۆک 2. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوچەی باتۆفە، زاخۆ، پارێزگای دھۆک 3. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوی شاری دھۆک بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باسلەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە. نەخشەی ژمارە (١) بنکەو پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تورکیا هەر لە عێراق هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگای سەربازی نییە، بەڵکو وەک زلهێزێکی ناوچەکە لە چەندین وڵاتی دیکە بنکەی سەربازی هەوڵگری بونیادناوە، بەمەستی پەرەسەندنی هەژموونی سیاسی و سەربازی و هەوڵگری و ستراتیجی و ئابوری و دیبلوماسی و بەگری و کۆکردنەوەی سەرچاوەی هێزی زیاتر و دەستێوەردانی دەرەکی... لە زۆر شوێنیش بووە بە سەرچاوەی گرفت و کێشە، لە خوارەوە نەخشەی دابەشبوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە وڵاتان دەخەینەڕوو. نەخشەی دابەشبوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە جیهان لەگەڵ گەیشتنی پارتی دادو گەشپێدان لە تورکیا، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە چەندین گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، گەورەترین گۆڕانکاریش لەم ساڵانەی دوایدا ڕویانداوە کە بڵاوەپێکردنی سوپای تورکیایە بۆ چەند ناوچەیەکی وڵاتانی دەرەوەی خۆی، کە بەشێک بە ڕێککەوتنی دوو لایەنە بووە گوایە بە ئامانجی ڕاهێنان و هاوکاری بووە، بەشێکیی بیانوی مەترسی تیرۆر بووە. جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تورکیا لە چەندین وڵاتی دنیا بنکەو بارەگای سەربازی هەیە؛ ئەوانیش؛ 1. بنکەی سەربازی تورکیا لە قوبرس؛ بنکەی سەربازی دەریایی تورکیان لە قوبرس لە ٢٠ی تەموزی ١٩٧٤ەوە بونیاد نراوە بە بیانوی پاراستنی تورکەکانی قوبرس و زیاتر لە (٣٠) هەزار سەربازی تورکیای تێدایە، جگە لە بوونی فڕۆکەو دەبابە. 2. بنکەی سەربازی تورکیا لە قەتەر؛ ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١٦ بونیادنراوەو (٣) هەزار هێزی سەربازی تورکیا ئەرکی سەربازی تێدا دەبینن لە هەردوو جۆری هێزی ئاسمانی و وشکانی . 3. بنکەی سەربازی تورکیا سۆماڵ؛ بە فراوانترین بنکەی سەربازی تورکیا دادەنرێت لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە ساڵی ٢٠١٧ بونیادنراوەو (٢) سەربازی تورکیا لە بنکەیەدان 4. بنکەی سەربازی تورکیا لە جیبۆتی؛ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بونیادنراوە 5. بنکەی سەربازی تورکیا لە ئەفغانستان؛ لە چوارچێوەوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (١٥٠٠) سەربازی تورکی تێدایە 6. بنکەی سەربازی تورکیا لە لیبیا؛ ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١٩ بونیادنراوەو (٣) هەزار سەربازی تورکیای تێدایە 7. تورکیا لەسەر خاکی سوریا (١٢) چاودێری هەیە. 8. بنکەی سەربازی تورکیا لە نێجیریا؛ تورکیا لە نێجیریا بنکەی سەبازی وشکانی ئاسمانی لەو وڵاتە دروستکردووە بەئامانجی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی سەربازی ئەو وڵاتە. نەخشەی ژمارە (٢) بنکەو پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە وڵاتانی جیهان راپۆرتی پەیوەندیدار توركیاو پەكەكە لە هەرێمی كوردستان توركیا شەڕ دەهێنێتە ناوجەرگەی هەرێمی كوردستانەوە
درەو: ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر - گۆڤاری ئاییندە ناسی بەرایی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی تیۆری هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەوە لە پەیوەندییە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٢١) بکۆڵێرێتەوە و کاریگەری و ڕۆڵی وزە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕانی ئاڕاستە و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە بخرێتە ڕوو. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی وەک پێگەی جوگرافی، بایەخی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە، پەیوەندیی مێژووی و کولتووری… هتد بڕیاری لەسەر دەدرێت. لەم سەربەنەوە دەتوانین بڵێین وزە و جیۆپۆلەتیک دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سەر چۆنیەتیی بونیادی پەیوەندی و ململانێ سیاسییەکان. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆستراتیجەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا. توركیا و پێداویستی وزە تورکیا وەک یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بەهێزەکانی ناوچەکە، خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار ستراتیجی و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە ڕووی ئابوورییەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەرێم دادەنرێت لە بواری هاودەرکردنی کاڵا و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان. لەم سۆنگەیەوە تورکیا وەک تاکە دەروازەی هەرێم کاریگەریی هەیە لەسەر پڕۆسەی “ئابووریی سەربەخۆ” و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم بەرامبەر بەغداد. هەر چی دەوڵەتی تورکیایە، داخوازی و پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. سەرباری بەردەوامیی تورکیا لە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە تەنها لە ٢٥%ی ئەو وزەیەی کە پێویستی پێیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. تورکیا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی (٤٥-٥٠) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بۆیە ناچارە لە ٧٥%-ی پێداویستییەکانی لە ڕێگەی وڵاتانی دەرەوە هاوردە بکات، بەمەش دوای هەریەک لە چین و ئەڵمانیا بە سێیەم وڵاتی هاوردەکاری غازی سروشتی دادەنرێت. دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووری تورکیا، بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیکی وزەوە ناوچەیەکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لە سۆنگەی کەمکردنەوەی پەیوەستبوونی دەرەکی و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا بۆ ماوەیەکی درێژ بە نرخێکی کەم، بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی. لەژێر ڕۆشنایی ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان بۆ کرا، پاش هاتنەسەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٢، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، تیۆری “سفرکردنەوەی کێشەکان” و هێنانەدیی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی بنەڕەتیی تورکیا لە بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ڕەواندنەوەی گرفتە ناوخۆییەکانی و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی وڵاتەکەیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە. بەم شێوەیە جۆرێک لە پەیوەندیی هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەی ئاڵوز گەشەی سەندووە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا. بە مەبەستی خستنەڕووی ڕۆڵی وزە لە چۆنیەتیی گەشەسەندن و گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بەسەر چوار قۆناغی مێژوویی جیاوازدا دابەش كراوە: قۆناغی یەکەم: ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١- ٢٠٠٣) دەگرێتەوە. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا خۆی دەبینێتەوە. قۆناغی دووەم: خۆی لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا بەرامبەر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە (٢٠٠٣- ٢٠٠٧). قۆناغی سێیەم: بە قۆناغی زێڕینی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دادەنرێت لە پەیوەندیی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی دوو لایەنە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا (٢٠٠٧- ٢٠١٤). قۆناغی چوارەم: خۆی لە سستبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبینێتەوە لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک ڕووداوی وەک: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ٢٠١٤، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧. گەرچی لە ئێستادا پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.(1) پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣) خاڵی سەرەتا و وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. پاش ڕاپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، گەلی کوردستان و گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی عێراق بۆ ناوچەکە، لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و لەسەر پێشنیاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥/٤/١٩٩١دا بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی دەرکرد و هێڵی ٣٦-ی وەک جیاکەرەوەیەک لەنێوان باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا دیاری کرد. بەم جۆرە ناوچەکانی هەرێم کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمان و حکومەتی باشووری کوردستان دامەزرێنرا. لەگەڵ ئەوەی تورکیا لە سەرەتای پڕۆسەکەدا لە پێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی هاوڵاتیانی کورد بۆ نێو سنوورەکانی؛ بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی پەسەند کرد، بەڵام دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و ڕێگاخۆشکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ئایندەدا لەقەڵەم دا. بۆ ئەم مەبەستە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە (١٩٩١-١٩٩٨) لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا بوو(2). تورکیا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “پەکەکە” لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ناچار بوو لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی لەگەڵ پارتە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا دابمەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە هەریەک لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە “پەکەکە” هاوکارییان بکەن. لە ساڵی ١٩٩١، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی “هێزی چەکوش”ی دژی گەریلاکانی پەکەکە دەست پێ کرد. دوای ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی پارتی دژی “پەکەکە” جووڵێنران و شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دا. پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی کوردستان لەنێوان “پدک” و “ینک” لە ماوەی (١٩٩٤-١٩٩٨)، هەریەک لە هێزە کوردییەکان لە دەوڵەتێکی هەرێمی نزیک بوونەوە لە کۆتایی جەنگەکەدا. ئەم دابەشبوونە کاریگەریی هەبوو بۆ سەر چالاکییەکانی تورکیا دژ بە “پەکەکە” لە ناوچەکەدا. پاش دەستگیرکردنی “عەبدوڵا ئۆجەلان”ی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٩، ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و بایەخپێدانی تورکیا بە هەرێم کەمتر بوویەوە(3). پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠٠٧) لە ساڵی ٢٠٠٣-دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێرشی سەربازییان کردە سەر عێراق و توانییان لە ٩-ی نیساندا بچنە نێو شاری بەغداد، لە ١٥-ی نیساندا سەرکەوتنی خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعسیان ڕاگەیاند. بێگومان ئەم ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم. ترسی تورکیا لە هەڵوەشانەوەی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، پێی نایە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە. ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، کاریگەریی هەبوو بۆ سەر لاوازکردنی نفوزی تورکیا لە عێراق-هەرێم، بەتایبەتی پاش دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣. پاش پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ١٥/١٠/٢٠٠٥، دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزرێنرا. لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا، دان بە قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەدا نرا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ئامادە نەبوو بە شێوەیەکی ڕەسمی مامەمەڵە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی لە ناوچەکەدا بە “هێڵی” سوور دانا. لەم قۆناغەدا تورکیا زۆر بەنیگەرانییەوە لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی چارەنووسی ناوچەکانی (موسڵ و کەرکووک)ی دەڕوانی، بەتایبەتی پاش جێگیرکردنی مادەی (١٤٠) لە دەستووری نوێی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراقدا، گەر بێتوو بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە(4). پاش بەهێزبوونی پارتی “داد و گەشەپێدان” لە نێوخۆی تورکیادا، تا ڕادەیەک توانییان دەستتێوەردانی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا سنووردار بکەن. بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبوو بۆ سەر گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پاش تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، ڕێگەی دا بە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە مەرجێک ئەو حکومەتە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بمێنێتەوە و کار بۆ سەربەخۆیی نەکات. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا بە هۆی پرسی ئەمنییەوە دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی چەندین ساڵ پرسی گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فەرامۆش کردبوو(5). پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠١٤) لەدوای ساڵی (٢٠٠٧)ەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم گەشەسەندنێکی خێرا و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. لەم قۆناغەدا بە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم و گونجاویی یاساکانی وەبەرهێنان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تورکییەکان لە چەندین بواری جیاوازی وەک (دارایی و بانک، کەرتی بیناسازی، ژێرخانی ئابووری، کەرتی نەوت و غازی سروشتی، کەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا)، دەستیان کرد بە وەگەڕخستنی سەرمایە و ئەنجامدانی پڕۆژە و کاری وەبەرهێنان. پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق، بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی نا، بەتایبەتی پاش ئەوەی لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە ٧ی ئابی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی دەرکرد. بەگوێرەی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بەرپرسیارێتیی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەپێی مادەکانی (١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١)ی دەستووری عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە بەفەرمی سەربەخۆیی خۆی بەسەر سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بە هەنگاوێکی نادەستووری دانرا، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکانی بواری وزە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت(6). پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا، لە سەرەتاوە هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە ئامادە نەبوون کار لە وزەی ناوچەکەدا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە کۆمپانیاکانی وەک DNO-ی نەرویجی، Dana Gas-ی ئیماراتی و Genel Energy-ی تورکی، مافی گەڕان و پشکنیان وەرگرت. دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی “تاوکێ” لەلایەن کۆمپانیای DNO لە ساڵی ٢٠٠٧، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تەقتەق، تاوکێ لەلایەن کۆمانیای Genel Energy لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای Dana Gas لە سنووری سلێمانی، خاڵی وەرچەرخانی گرنگیپێدانی تورکیایە بە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیمانگای وزەی ئەمەریکی “USC” لە ڕاپۆرتێکیدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک داتای وردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوچەکانی هەرێم بڕی ٥٠ ملیار بەرمیل نەوت کە نزیکەی ٢٠%-ی نەوتی عێراق و (٣- ٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت کە ٣%-ی قەبارەی غازی سروشتیی هەموو جیهان پێک دەهێنێت. بەم جۆرە تورکیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کەوتە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(7). لە ساڵی ٢٠٠٨-دا وەفدێکی تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد و بە ناوەی سەرۆکی تورکیاوە “جلال تەڵەبانی”ی سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشتی تورکیا کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە ٧-٨ی مارتی ٢٠٠٨، تاڵەبانی ئاماژەی بۆ پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی هەردوو وڵات کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە ڕووی سیاسی، ئابووری، وزە و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. ئەم سەردانە بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت لە کرانەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ-ی خاوەنی تێزی قووڵایی ستراتیژی و “سفرکردنەوەی کێشەکان” لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وزەدا(8). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا، کۆمپانیا تورکییەکانی وەک Genel Energy و Siyahkalem لە کێڵگە نەوتییەکانی وەک تەقتەق، تاوکێ، دەستیان کرد بە کاری وەبەرهێنان و ڕۆژانە نزیکەی ١٦٥ هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا. لە هەمان کاتدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە بۆ بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەستیان پێ کرد. بەم جۆرە تورکیا جگە لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری وزە، لە ڕێگەی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی تورکیاوە (TPAO)، دەستی بە کار و چالاکی کرد کرد لە ناوچەکەدا(9). جگە لە بواری وزە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە بۆ تورکیا؛ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەدوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی ٢٠٠٧-ەوە گەشەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی. بەگوێرەی توێژینەوەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تورکیا، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨-دا کەلوپەل و کاڵایان لە تورکیاوە بۆ عێراق گواستووەتەوە تەنها (٨٠٠) بارهەڵگر بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٩-دا ئەو ژمارەیە بۆ ٣٠٠٠ بارهەڵگر بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ٨٠%-ی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو. لە ساڵی ٢٠١٣-دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەرز بوویەوە بۆ ٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی، لە کاتێکدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٧ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تەنها یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵانی دواتردا، ئەو بڕە بۆ نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە(10). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، داوود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە هاوشێوەی ڕابردوومان، داهاتووشمان پێکەوە دەبێت”. دوای ئەوەی “نووری مالیکی” لە ساڵی٢٠١٠، توانیی بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سستیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، ناچار بوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراق بەهێزتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٠-دا تورکیا پێشوازیی لە مەسعوود بارزانی کرد و لە هەمان ساڵدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(11). پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، لە ساڵی ٢٠١٢ مافی پشکنین و دەرهێنانی نەوتی بە کۆمپانیای Exxon Mobil بەخشی. پاش ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای Exxon Mobil، تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ کارکردن لە هێڵی بۆریی نەوتی (هەرێم-تورکیا)، بە مەبەستی گواستنەوەی نەوت و غازی هەرێم لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. سەرباری ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێم لە ٢٠-ی مایسی ٢٠١٢-دا لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا ڕێککەوتنی ئەنجام دا بە مەبەستی کارکردن لە پڕۆژەکەدا(12). پاش بونیادنانی هێڵی بۆریی نەوتی کوردستان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ١٢-ی ساڵی ٢٠١٣-دا، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق زۆر بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم نیشان دا و مافی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە بەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی دانا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگە بە هەرێم نادات بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە تورکیا و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوت هەرێم نەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بەهەند وەرنەگرت(13). بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ستراتیجیەتی تورکیا بەرامبەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماژە بۆ وتەکانی وەزیری وزەی تورکیا، تانەر یڵدز، بکەین لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا لە ١٨-ی شوباتی ٢٠١٣: “وەک دەزانرێت ئابووریی تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەم سۆنگەیەوە پێویستیی زیاترمان بە سەرچاوەکانی وزە دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان ناوچەکانی باکووری عێراق، بڕی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و (٣-٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی نزیکەی ٢٠ وڵاتی جیهان، سەرقاڵی کارکردنن لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکانمان لەگەڵ دەستەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراقدا.” لە هەمان کاتدا لەبەردەم پەرلەماندا ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەوان دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنادەن و لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراقدان(14). هەڵاتنی “تاریق هاشمی”ی جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ تورکیا و ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی فڕۆکەی وەزیری وزەی تورکیا (تانەر یڵدز) لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە کە بەنیاز بوو سەردانی هەولێر بکات، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدادی بەرەو ئاڵۆزی برد. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و هەرێم لە هەنگاوەکانی پێشوویان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکوو دەستیان کرد بە گفتوگۆ سەبارەت بە بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی غازی سروشتیی هەرێم بۆ تورکیا(15). پەیوەندییەکانی تورکیا-هەرێم لەدوای ساڵی ٢٠١٤ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان زیادبوونی فشاری حکومەتەکەی مالیکی بۆ سەر سوننەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١-دا، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی ٢٠١٣ و ناسەقامگیریی دۆخی نێوخۆی عێراق. حکومەتی عێراقی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئەنبار لە ساڵی ٢٠١٤-دا، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هێز. لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی و لەسەر بڕیاری نووری مالیکیی سەرۆکوەزیران، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕدرا. لە هەمان ساڵدا نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی ٥٠ ساڵەی لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیادا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کار دەکەن و ئامانجی سەرەکییان دابینکردنی بڕی ١٧%-ی بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ٢٣-ی حوزەیرانی ٢٠١٤-دا، لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەنجام دا و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دانەنا. ئەم بڕیارە دەستی هەرێمی زیاتر واڵا کرد، لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ تورکیا، لە ڕوانگەی هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان(16). پاش گرتنی شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، هێزەکانی عێراق لە شاری کەرکووک و کشانەوە. پاش هێرشی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر شاری کەرکووک، کەرکووک و بەشێکی فراوان لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کران. پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان، مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمانی خراپیی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، شکستهێنانی سیستمی فیدراڵیزمی لە عێراق ڕاگەیاند و وتی: “کورد جگە لە سەربەخۆیی، هیچ چارەیەکی بۆ نەماوەتەوە لە عێراقدا”. بەم جۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕیفراندۆم لە تەواوی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکەوە، لە پێناوی سەربەخۆییدا ئەنجام بدات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بوو بە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا. تورکیا بە شێوەیەکی ڕەسمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بڕیاری دا لە ڕێگەی داخستنی سنووری وشکانی و ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە، گەمارۆی هەرێمی کوردستان بدات. لە هەمان کاتدا پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە دەرەوەی خاکی تورکیا درێژ کردەوە. پاشان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (عێراق-ئێران-تورکیا)دا، هەرسێ لایەن لە ڕاگەیەنراوێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. بەم جۆرە جارێکی دیکە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە بە ئاڕاستەی بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز کردەوە(17). پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥-ی ئەیلوولی ٢٠١٧، هێزەکانی عێراق لە ١٦-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧-دا هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و توانییان زۆر بەخێرایی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە. سەرەنجام ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٢٩-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی لەکار کێشایەوە. پاش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێم ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی پاش بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا(18). لە قۆناغی دواتردا و لەگەڵ بەردەوامیی کارکردنی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە وەک کۆمپانیای ExxonMobil و Chevron-ی ئەمەریکی، Total-ی فەڕەنسی و Gazprom-ی ڕووسی لە ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینی. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (٤٣٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جیهان دەکات(19). لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت گەرچی تورکیا لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ساڵانە داهاتێکی زۆر بەدەست دەهێنێت و باڵادەستیی خۆی بەسەر قەوارەی هەرێمدا زیاتر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا ڕادەیەک دژ بە سیاسەت و ستراتیجەکانی خۆی وەستاوەتەوە بەرامبەر بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا. نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت لە عێراقدا و کارکردنی تورکیا بە یاسا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم، بووەتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەغداد، بێگومان ئەمەش زیان بە ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا دەگەیەنێت لە ڕوانگەی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە زیاتر بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە ئەنجام داوە، بە مەبەستی پشکنین و دەرهێنانی نەوت لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی (١٤٠)، کە بە ناوچە “جێناکۆکەکان” ناسراون، لە کاتێکدا تورکیا لە ڕووی مێژووییەوە ئەم ناوچانە وەک ناوچەی جێ نفوزی خۆی دەبینێت و دەیەوێت لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێن. کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، تا ئێستا بەردەوامییان هەیە. لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەبەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمدا داوای ڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداددا، دوور نییە لە ماوەی ئایندەدا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕێک بکەون کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە گفتوگۆدان. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەیەوێت لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ کردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە، تورکیا ڕازی بکات بەوەی ڕێگە بە هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێم نەدات لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەوەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان. لە بەرامبەردا تورکیا لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە کار بۆ ئەوە دەکات لە لایەکەوە بوونی “پەکەکە” لە ناوچەکانی شەنگال کۆتایی پێ بهێنێت، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لەو سامانە بێبەش بکات کە لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە دەستی دەکەوێت. گەرچی لە ئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە بە کارێکی قورس دادەنرێت، بە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنە لە ساڵانی ئایندەدا کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەنجام دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ڕووداوی مێژوویی گرنگ دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بریتین لە جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا. پاش دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩٢-٢٠٠٧) تا ڕادەیەک لاواز بووە و لەسەر بنەمای پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاراتی کرێکارانی کوردستان شێوەی گرتبوو. لە قۆناغی دواتردا و لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٧- ٢٠١٤)دا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم بە هۆی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و زیادبوونی بایەخی ئابووریی هەرێمەوە چیتر تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنی نابێت، بەڵکوو لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە گەشەسەندنێکی دیار و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت لە هەندێک کاتدا تورکیا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی لە هەرێم بینا کردووە، تەنانەت هەندێک کات ئەم پەیوەندییانەی گرفتی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداددا دروست کردووە. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دوورکەتنەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی و تورکیا بەتوندی دژ بەم هەنگاوە وەستایەوە. گەرچی پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تورکیا و بەغداد، کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی ئەو پەیوەندییانە دەبێت. سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم لەسەر بنەمای هاوپەیوەستبوونی ئابووری بونیاد نراوە، لە ماوەی ڕابردوودا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا لەبەرامبەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا وای کردووە ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی ستراتیجی و ماوەدرێژ نەبن، بەڵکوو جۆرێک لە پەیوەندیی ماوەکورت و مامناوەند بن. ناڕەزاییەکانی دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، گەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرفت بۆ تورکیا دروست نەکات، ئەوا بێگومان بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبێت. گەرچی لە ئێستادا تورکیا بە هۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنچینەیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پێناچێت بەئاسانی دەستبەرداری هەرێم ببێت. سەرچاوەکان 1- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 2-Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 3- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 4- Zülfü Dağdeviren, , “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 5- Ferit Tunç, Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri (2000-2010), Yüksek Lisans Tezi, İstanbul, 2014, s.2. 6- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 7- Ali Balcı, Enerjisine Kavuşan Komşuluk: Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri, SETA Raporu, 2014, son erişim tarihi: 10 Şubat 2021, https://www.setav.org/%C2%91enerjisine-kavusan-komsuluk-turkiye-kurdistan-bolgesel-yonetimi-iliskileri. 8- Zülfü Dağdeviren, “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 9- Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021; Wladimir Wildenburg, “Breaking From Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 10- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 11- “Türkiye Barzani’yle yeni sayfa açıyor”, son erişim tarihi: 12 Şubat 2021, https://www.dw.com/tr/t%C3%BCrkiye-barzaniyle-yeni-sayfa-a%C3%A7%C4%B1yor/a-5648524. 12- Wladimir Wildenburg, “Breaking from Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 13- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 14- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 15- “ Irak, Bakan Yıldız’ın Uçağına İniş İzni Vermedi”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.trthaber.com/haber/gundem/irak-bakan-yildizin-ucagina-inis-izni-vermedi-65786.html. 16- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 17-“ IKBY Referandumuna İran’la Irak ve Türkiye’nin Tepkisi Ne Oldu? ”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.amerikaninsesi.com/a/ikby-referandumuna-iran-irak-ve-turkiye-nin-tepkisi-ne-oldu/4047012.html. 18-Emrah Kekilli, “Türkiye-IKBY İlişkilerinin Geleceği: Geçmişin Gölgesinde Geleceği İnşa Etmek”, son erişim tarihi: 16 Şubat 2021, https://setav.org/assets/uploads/2018/08/209_Turkiye_IKBY.pdf. 19-İdris Okuducu,“Barzani’ye başkanlığı bıraktıran süreç ”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.aa.com.tr/tr/dunya/barzani-ye-baskanligi-biraktiran-surec/951611; Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021. ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
