دادگاییكردنی مادۆرۆ له‌نیویۆرك و كاریگه‌ری یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
2026-01-06 12:41:14
*سه‌نگه‌ر رسول
له‌ئێستادا پرۆسه‌ی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا، له‌دادگاكانی نیویۆرك له‌خاكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رێوه‌ده‌چێت. ئه‌مه‌ش له‌رووی یاسایی بوونی دادگاییكردنهكهو یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان و چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی، كۆمه‌ڵێك پرسی یاسایی په‌یوه‌سته به‌كرده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندی رێكخراوی ده‌وڵه‌تان دێنێته پێشه‌وه.
له‌م شیكاره‌دا، له‌سه‌ر دوو پرسی سه‌ره‌كی ده‌وه‌ستین؛ 1) له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی یاسایی، دادگاكانی ئه‌مریكا ده‌توانن سه‌رۆكی ووڵاتێك دادگایی بكه‌ن به‌بێ گه‌رانه‌وه بۆ بابه‌ته‌كانی پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری و پارێزبه‌ندی و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان؟ ئایا مادۆرۆ ده‌توانرێت به دیلی جه‌نگ هه‌ژمار بكرێت؟ ئه‌كه‌ر ناكرێت، هۆكاری دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی چییه؟ 2)كه‌یسی مانوێل نۆریگا كه فه‌رمانڕوای په‌نه‌ما بوو، به‌هه‌مانشێوه‌ی مادۆرۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستگیركراو له‌سه‌ر خاكی ئه‌مریكا دادگایی كرا‌و ئه‌م كه‌یسه‌ش ده‌كرێت ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ دادگاییكرنی مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا
یه‌كه‌م: دادگاییكردنی كه‌سایه‌تییه بیانییه‌كان له‌ژێر ڕۆشنایی یاسا‌و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا
له‌كاتی دادگاییكردنی هه‌ر سه‌ركرده‌وه فه‌رمانڕه‌وایه‌كی بیانی له‌دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت له‌حاڵه‌تی ده‌گمه‌نی وه‌ك فڕاندن و ده‌سگیركردنی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری ووڵاته‌كه‌ی و روودانی پێشێڵكاری یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وا كه‌سی تۆمهتبارو ده‌سگیركراو (وه‌كو مادۆرۆ)، ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رگری له‌خۆی بكات و مادده‌و حوكمه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت. ئه‌م به‌رگریكردنه یاساییانه‌ش به‌پێی ده‌ستوور، یاسا كارپێكراوه‌كان و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌پێی ته‌فسیری جیاوازی یاسایی له‌هه‌ردوو لقی/ده‌سه‌لاتی (یاسادانان و جێبه‌جێكردن)، رێكخراون و به‌پێی سروشتی كه‌یسه‌كه‌و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه، ئه‌وا دامه‌زراوه یاساییه‌كانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌كه‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
أ)سه‌روه‌ری و پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵاتان
به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه باوه‌كان و ته‌نانه‌ت یاساكانی په‌یوه‌ست به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش، سه‌رۆكی ووڵاتان و به‌شێك له پله‌داره به‌رزه‌كانیش پارێزبه‌ندییان هه‌یه به‌رامبه‌ر هه‌ر گرتن و دادگاییكردنێك، تاوانكاریش بێت. ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه نه‌بێت، كه به‌پێی یاسا سه‌رۆكه‌كه شه‌رعییه‌تی نه‌بێت یاخود له‌ده‌ستی دابێت، یاخود به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه پارێزبه‌ندییه‌كه‌ی نه‌مابێت. ئه‌مه‌ش ده‌یانپارێزێت له‌هه‌ر دادگاییكردنێك و له‌زۆر باریشدا ته‌نانه‌ت دوای جێهێشتنی كورسی سه‌رۆكایه‌تیش ئه‌و پارێزبه‌ندییه هه‌ر ده‌مێنێت.
بۆیه لێره‌دا، له كه‌یسی مادۆرۆ، به‌دوو میتۆدوبنهمای یاسایی، دادگاكانی ئه‌مریكا ده‌توانن ئه‌و پارێزبه‌ندییه پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه، ئه‌وانیش له‌رێگه‌ی دوو پرسیار:
ئایا ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، نیكۆلاس مادۆرۆی وه‌كو سه‌رۆكی شه‌رعی و هه‌ڵبژێردراوی په‌نه‌ما قبوڵ كردووه؟
ئایا كرده تاوانكارییه‌كانی مادۆرۆ، وه‌كو بازرگانیكردن و كارئاسانی بۆ ماده هۆشبه‌ره‌كان، ده‌چنه خانه‌ی كار‌و ئه‌ركی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا یاخود ده‌بنه كرده‌ی تایبه‌تی و كه‌سی؟
ب)بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت
ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، دادگاكانی ئه‌مریكای ناچاركردووه، ئه‌و كه‌یسانه‌ی دژ به چالاكییه‌كانی ده‌وڵه‌تی بیانی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌درێن، نه‌بینرێن. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌وكه‌یسه مه‌ده‌نیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌چاڵاكییه‌كانی ده‌وڵه‌تی بیانی، نه‌ك كرده‌ی تاوانی راسته‌وخۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگاكانی ئه‌مریكا خوێندنه‌وه‌و ته‌فسیری خۆیان ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن كه كه‌یسه‌كه په‌یوه‌سته به سیاسه‌ت و كاری ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت؟ به‌تایبه‌تیش له‌رێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه؛
ئایا ئه‌گه‌ر دادگا رێككاره یاساییه‌كانی بگرێته‌به‌ر، ئه‌وا نابێته ده‌ستوه‌ردان له‌كاری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی؟ ئایا ئیحراجی گه‌وره بۆ ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات؟
ئایا ئه‌و كرده‌یه له‌چوارچێوه‌ی كاری ده‌وڵه‌تی دابووه له‌سه‌ر خاكی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی یاخود نا؟
بۆیه به‌ته‌ماشاكردنی ئه‌و پرسیاره یاساییانه، تێده‌گه‌ین له‌كه‌یسی مادۆرۆ دا، مه‌حاڵه رێگری یاسایی هه‌بێت بۆ دادگاكانی ئه‌مریكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ناچێته خانه‌ی كار‌و چاڵاكی دهوڵهتدارییهوهو په‌یوه‌ست نابێت به‌سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی بێگانه‌وه.
ج)ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دادگاییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌وڵه‌ت
له‌كه‌یسی مادۆرۆ دا، له‌وانه‌یه ئه‌و پرسه بێته پێشه‌وه، كه ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كانی راستیش بن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌كه له‌ناو خاكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامنه‌دراوه، كه‌واته نابێت حوكم و یاساكانی ئه‌و ووڵاته‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێـت به‌تایبه‌تیش كه راسته‌وخۆ تاوانه‌كه له‌ناو ووڵاته‌كه ئه‌نجام نه‌دراوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ره‌تده‌كرێنه‌وه، به‌و پێیه‌ی:
ده‌وڵه‌ت رێپێدراوه هه‌ر تۆمه‌تبارێك له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی خۆشی بێت، ئه‌وا بێنێته به‌رده‌م دادگا ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ تاوانه‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوخۆی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه هه‌بووبێت.
بۆیه له‌كه‌یسی مادۆرۆ، كه تێوه‌گلاوه بهههناردهكردنی ماده هۆشبه‌ره‌كان بۆ ناو خاكی ئه‌مریكا ئه‌وا راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتیان هه‌بووه‌و بۆیه به‌پێی عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئاساییه به‌و تۆمه‌تانه دادگایی بكرێـت. هه‌رچه‌نده تاوانه‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌نجامدراوه به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ی ووڵاته‌كه بووه‌و ئه‌مه‌ش ده‌ستی دادگاكان زیاتر واڵا ده‌كات.
د)ئاڕگومێنته یاساییه‌كانی چۆنییه‌تی ده‌سگیركردن و دادپه‌روه‌ری دادگا
له‌پرسی ده‌سگیركردنی مادۆرۆ دا، چه‌ند پرسێكی یاسایی په‌یوه‌ست به سیستمی نێوه‌ده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان دێته پێشه‌وه كه ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی وه‌كو مادۆرۆ له‌به‌رگری كردن له‌خۆیان پشتی پێده‌به‌ستن، له‌وانه:
شێوازی گرتنه‌كه دژ به بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كانه؟
تۆمه‌تبار ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ برگه‌ی چواره‌می مادده‌ی 2 له جارنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه تێیدا هاتووه: نابێت سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان پێشێڵ بكرێت و ده‌ستوه‌ردان بكرێت و هێزی (سه‌ربازی) به‌كاربێت دژی وولاته‌كه
یاخود به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كانی ژنێڤ، ئه‌وا مادۆرۆ داوا بكات وه‌كو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و دادگایی بكرێت!
له‌به‌رامبه‌ردا، دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و پرسانه وه‌ڵام و رێككاری یاسایی خۆیان هه‌یه‌و سه‌رجه‌م به‌رگرییه‌كانی مادۆرۆ ره‌ت ده‌كرێنه‌وه، چونكه:
دادگای ئه‌مریكا، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گرتن و گواستنه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌كه نییه، به‌ڵكو ئاماده‌بوونی له‌دادگا گرنگه بۆ ته‌واوكردنی رێككاره یاساییه‌كانی و جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ری.
له‌باره‌ی پرسی سه‌روه‌ری و یاخود پێشێڵكاری به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی دیكه، ئه‌وا دادگاكانی ئه‌مریكا زیاتر پشت به یاسای كارپێكراو یاخود په‌سندكراو له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه كه ده‌رده‌چن، رێككاره یاساییه‌كانی خۆی رێك ده‌خات و ناگه‌رێته‌وه بۆ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. واتا ده‌بێت یاسایه‌ك هه‌بێـت رێگری بكات یاخود كۆنگرێس یاسایه‌ك ده‌ربكات بۆ رێگه‌گرتنی دادگاییه‌كه.
دادگاكانی ئه‌مریكا رێز له‌یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌گرن به‌ڵام تۆماتیكی و راسته‌وخۆ جێبه‌جێ ناكرێت، ده‌بێت بنه‌مایه‌كی یاسایی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنیان.
بۆیه ئه‌و ره‌خنه‌و تێبینیانه‌ی له‌لایه‌ن شاره‌زاو كه‌سانی ئه‌كادیمی و ئه‌وانی دیكه‌وه كه ئاراسته‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی مادۆرۆ ده‌گیرێن، بۆ دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نابنه بنه‌مایه‌كی یاسایی و به‌ڵكو وه‌كو پرسێكی سیاسی لێی ده‌روانن.
به‌شی دووه‌م: كه‌یسی هاوشێوه؛ ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر نۆریگا(دیكتاتۆری په‌نه‌ما 1983-1989 )
كه‌یسی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزویڵا له‌لایه‌ن دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه، هاوشێوه‌ی كه‌یسی مانوێل نۆریگا(دیكتاتۆری په‌نه‌ما 1983-1989 ). هه‌رچه‌نده نۆریگا وه‌كو پۆست سه‌رۆك نه‌بوو، به‌ڵام 6 ساڵ حوكمی ووڵاته‌كه‌ی كرد. له‌دواجاریشدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه ده‌سگیركراو به‌تاوانی قاچاخی وبازرگانی ماده هۆشبه‌ره‌كان له‌ساڵانی 1991-1992 له ولایه‌تی فلۆریدای ئه‌مریكا دادگایی كرا، كه ده‌توانرێت ببێته بنه‌مایه‌كیش بۆ پێشبینكردن و تێگه‌یشتن له دادگاییكردنی مادۆرۆ.
أ)دادگاییكردنی كه‌سانی بیانی
دادگاییكردنی نۆریگا، بهدادگاییكردنێكی دادپه‌روه‌رانه له‌قه‌ڵه‌م دراوه به‌وپێی ناكۆك نه‌بووه له‌گه‌ڵ یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی و یاسا كارپێكراوه‌كانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌وه‌ی:
دادگا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه نۆریگا جێی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان فه‌راهه‌م كردووه‌و رێگه‌شی بۆ هه‌نارده‌كردنی كاڵاكه بۆ ناوخاكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خۆشكردووه‌و ئه‌مه‌ش به‌به‌شداری راسته‌وخۆی تاوانه‌كه له‌ناوه‌وه‌ی ووڵات هه‌ژمار ده‌كرێت.
ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌ستوه‌ردان له‌هه‌ر كرده‌یه‌كی ده‌ره‌وه بكات كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ووڵات دروست بكات و ئازار‌و نه‌هامه‌تی بهێنێت.
ب)پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵات
دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ره‌تیكرده‌وه مانوێل نۆریگا خاوه‌ن پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵات بێت، به‌وپێیه‌ی:
به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌تی ئه‌مریكی)، نۆریگا شه‌رعییه‌تی سه‌رۆكی ووڵاتی نه‌بووه.
كرده‌كانی زیاتر كرده‌ی كه‌سین و ناچنه چوارچێوه‌ی كرداری ده‌وڵه‌تدارییه‌وه.
ج)داواكاری بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
نۆریگا داوایكرد به‌پێی په‌یماننامه‌ی ژنێڤ، وه‌كو دیلی جه‌نگ هه‌ژمار بكرێت و دادگایی بكرێت، له‌ئێستاشدا مادۆرۆ هه‌مان داوای له‌دادگا كردووه، چونكه به‌هۆی هێزی سه‌ربازی ده‌ره‌كییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركراوه. به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ش له‌لایه‌ن دادگاكانی ئه‌مریكاوه ره‌تكراوه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا:
په‌یماننامه‌كانی ژنێڤ راسته‌وخۆ وه‌كو یاسا له‌دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی وولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جێبه‌جێ ناكرێن.
هه‌روه‌ها دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی وولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێز له‌ناوه‌رۆك و حوكمه‌كانی په‌یماننامه‌كانی ژنێڤ ده‌گرن، به‌ڵام له‌رووی پراكتیزه‌كردنی وه‌كو خۆی كێشه‌ی یاسایی هه‌یه.
د)نایاساییبوونی پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن
دادگاكانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ره‌تی كرده‌وه تانه له‌چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی مانوێل نۆریگا حوكمڕانی ئه‌وكاتی په‌نه‌ما بگرێت و ببێته هۆكارێك بۆ دادگایی نه‌كردنی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌روو، كه چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی تۆمه‌تباران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تایبه‌تمه‌ندی رێككاره‌كانی دادگاییكردن و دادپهرهوهرییهوه نییه و دادگا كاری خۆی دیاره. له‌باره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه دادگا ئه‌وه‌ی خسته‌روو، كه هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له‌دادگایه‌كی مه‌ده‌نی ناكات تۆمه‌تبارێك به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوان له‌ناوخۆ ووڵاته‌كه دادگایی بكات و ئه‌مه‌ش یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ بنه‌ما یاساییه‌كان.
ده‌رئه‌نجام:
له‌كه‌یسی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا و دادگاییكردنی له‌سه‌ر خاكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندی به‌په‌یماننامه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌و شیكاره هه‌وڵیدا ئه‌وه بخاته‌روو كه سیستمی یاسایی و دادپه‌روه‌ری ئه‌مریكا سیستمێكی سهربهخۆو ئاڵۆزه‌و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ت بۆ یاساكانی ئه‌و ووڵاته‌و شێوازی كاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن له‌پرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ئاشنا بیت ئه‌وكات روون ده‌بێته‌وه كه بۆ چی دادگاییكردنی سه‌رۆكی ووڵاتێك به كرده‌یه‌كی نایاسایی یاخود پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری یاسای ده‌وڵه‌تێك هه‌ژمار ناكرێت؟
ئه‌وه‌ی روونه، مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی یاساكانی ئهمریكاو شێوازه‌كانی پارێزبه‌ندی و چۆنییه‌تی جێبه‌جێكردنی یاسا‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی ئهمریكاو هه‌روه‌ها كه‌یسی هاوشێوه‌ی حاكمی په‌نه‌ما كه به‌هه‌مان تۆمه‌ت دادگاییكراوه له‌سه‌ره‌تای 1990كاندا، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه مادۆرۆ زیاتر وه‌كو بازرگانێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر و تاوانه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو پیلان گێران و دروستكردنی كارگه‌ی چه‌كی درۆن به‌پاڵپشتی ئێران دادگایی ده‌كرێت نه‌ك وه‌كو سه‌رۆك ووڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و شه‌رعییه‌تی سیاسی.
خاڵێكی دیكه‌ش گرنگه باس بكرێت ئه‌وه‌یه، كه گرتن و دادگاییكردنی مادۆرۆ كاری سه‌عاتێك نییه، به‌ڵكو چه‌ند مانگێكه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی خۆی بۆ ئاماده‌كردووه‌و بۆ هه‌ر تۆمهتێكیش به‌دڵنییاییه‌وه به‌ده‌یان به‌ڵگه‌و دۆكیومێنت و شاهێدیش ئاماده‌كراون.
ئه‌وه‌ی پێویسته بوترێت، مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا نه شه‌رعییه‌تی سه‌رۆكی هه‌یه تاوه‌كو پارێزبه‌ندی هه‌بێت، نه ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش به‌فه‌رمی جه‌نگی له‌گه‌ڵ ڤه‌نزوێلا راگه‌یاندووه تا وه‌كو دیلی جه‌نگ له‌چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی ژنیڤ دادگایی بكرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و زانایان و پسپۆرانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ره‌خنه له‌شێوازی هێرش كردن و ده‌سگیركردنی سه‌رۆكی ووڵاتێك ده‌گرن و بهپێشێڵكردنی سه‌ره‌وه‌ری ده‌وڵه‌ت حسابی ده‌كه‌ن. ئه‌و ره‌خنه‌و تۆمه‌تانه‌ش نابنه بنه‌مای یاسایی له‌دادگاكانی ئه‌مریكا و مادۆرۆی پێ رزگار ناكرێت. چونكه دادگانی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئهولهوییهتییان یاسا ناوخۆییه‌كانیانه له‌تاوانی وه‌كو ماده‌ی هۆشبه‌رو زیان گه‌یاندن به‌خه‌ڵك و خاكی ئه‌مریكا نه‌ك په‌یماننامه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
*توێژه‌ر له‌بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وله‌تییه‌كان و ئابووری سیاسی
