Draw Media

هەڵوەشانەوەی پەرلەمان یان تەواوكردنی نیساب؟

هەڵوەشانەوەی پەرلەمان یان تەواوكردنی نیساب؟

2025-11-23 10:58:47



 درەو:
پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكردووە بە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت، كێشەی تەواوكردنی نیسابی پەرلەمان چارەسەركراوە، بەڵام دەیەوێت كێشەی دەنگدان بەسەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان و حكومەت چارەسەر بكات، یەكگرتوو بەشدار دەبێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڵام ناچێتە حكومەت، نەوەی نوێ لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەشدار دەبێت و ئەگەری بەشداریكردنی لە حكومەت بەهێزە، هەڵوێست نە بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمان دەكات نە حكومەت، بەرەی گەل بەشدار دەبێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، یەكێتی بەم شێوەیەی ئێستا نایەوێت كابینەی دەیەم پێكبێت و نایەوێت بەو شێوەیە پارتی مامەڵە لەگەڵ لایەنەكانی تر بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام پارتی چیتر ناوەستێت لەسەر یەكێتی و هەموو كارتەكانی بەكار دەهێنێت. 

هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان
ماوەیەكە باس لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، بەوەی پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت نەگەیشتنە ئەنجام، لە هەمانكاتدا ئەنجامی هةڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی پارتی و بەشێك لە هێزەكانی گۆڕیوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێتەوە، نەخشەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەگۆڕێت بەتایبەت بە قازانجی پارتی، چونكە ئەگەر دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەژمار بكەیت، پارتی كە ئێستا 39 كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە دەبێتە (45-47) كورسی، رەنگە كورسیەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ كەم بكات و كورسیەكانی هەڵوێست زیاد بكات.
ماوەی زیاتر لە (400) رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە.
رێگاكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان:
لەبڕگەی چوارەمی ماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمورکراودا هاتوە لەم حاڵەتانە خوارەوە پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە:
لەم چوار حاڵەتەدا پەرلەمان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆکی هەرێم بە فەرمانێکی(کاشف) پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە:
١-ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامەکانی دەستلەکاربکێشنەوە.
٢-ئەگەر لە ماوەی ٤٥ رۆژ لە بانگهێشتکردنی بۆ کۆبوونەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتن بەدەستنەهات.
٣-ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ کابینەی یەک لەدوای یەک نەدا.
٤-ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردن گۆڕاو خولی پەرلەمان شەش مانگ کەمتری مابوو...
ئەگەر چی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەنگە قورس نەبێت و بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێم بكرێا، چۆن فەرمانی كۆبوونەوەی داوە ئاواش بە بیانووی هەڵنەبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەوادەی یاسایی خۆی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لەرووی واقیعیەوە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن قورسەو رەنگە بانگەشەكەی پارتی تەنیا بۆ كارتی فشار بێت بۆسەر لایەنەكان بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان، لەبەر ئەوەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن زیاتر لە شەش مانگی دیكەی دەوێت و كۆمسیۆنی هةڵبژاردنەكانیش لە مانگی یەكی داهاتوو وادەكەی بەسەر دەچێت، بۆیە ئەستەمە لەم بارودۆخەدا هەڵبژاردن بكرێتەوە، هەموو ئەگەرەكان بە ئارستەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە.

چی دەكرێت؟
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان چەند جارێك ئەوەی راگەیاند كە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەو دۆخەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن دەگۆڕیت، واتا ئەو پۆستانەی كە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی پێش هەڵبژاردن دەدرا بە یەكێتی لە دوای هەڵبژاردن ئەو پۆست و ئیمتیازاتانە نادەن بە یەكێتی،لای خۆیەوە یەكێتیش بەوە رازی نیە، بۆیە پارتی چانس و رێگای تر بۆ پێكهێنانی حكومەت تاقی دەكاتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا دەیەوێت هەر چۆنێك بێت پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت، بۆیە پارتی لە دوای هةڵبژاردنەوە جارێكی تر پەیوەندی بە لایەنەكانەوە كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و داوایان لێدەكات بەشدار بن لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو):
-    رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بڕیاریان داوە بەشداری لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەكەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەشدار دەبن.
-    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریان داوە بەشداری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم نەكەن، بەڵام ئامادەن بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا بكەن، بەوەش نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو دەبێت، بەڵام نیسابی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تەواو نابێت.
-    كۆمەڵی دادگەری كوردستان ئەگەرێكی لاواز هەیە بچنە پەرلەمانی كوردستان (بەڵام رەسمی نیە)
-    بەرەی گەل بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
-    نەوەی نوێ، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی بەتایبەت داوای لە نەوەی نوێ كردووە بەشداری حكومەت بكەن، نەوەی نوێ پێشنیازەكەی پێ باشە بەڵام دەیەوێت پرسی زیندانیكردنی شاسوار عەبدولواحید بخاتە ناو ئەو پرۆسەیەوە، واتا دەیەوێت بەشداریكردن لە حكومەت وەك كارتێك بەرامبەر بەیەكێتی بەكاربهێنێت، بۆ ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحید، واتا ئەولەویەت ئازادكردنی سەرۆكەكەیانە، هەربۆیە لە كۆبوونەوەی رۆژی هەینی جولانەوەی نەوەی نوێ بریاریاندا "جوڵانەوەکە و سەرۆکی جۆڵانەوەکە لە زیندانەوە هەر بریارێک بدات ئەوە هەمووان پابەند دەبن پێیەوە"، بۆیە بە بەشداریكردنی نەوەی نوێ لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەری دووبارەكردنەوەی ئەزموونی 2019ی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم هەیە كە ئەوكات پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتیان پێكەوە پێكهێناو دواتر یەكێتی چووە حكومەت، لە هەموو حاڵەتەكاندا بە چوونی نەوەی نوێ بۆناو حكومەت ئەوا نیسابی یاسایی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان تەواو دەبێت و كێشەی نیساب نامێنێت، خۆ ئەگەر نەوەی نوێ بەشداریش نەبێت لە كابینەی حكومەت ئەوا لەبەر ئەوەی كاندیدیان هەیە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەچنە كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەو كات نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو دەكرێت بەڵام نیسابی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان تەواو نابێت، چونكە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێویستی بە (51) دەنگ هەیە، بەبێ رێككەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنێكی تر ناتوانێت دەنگی (51) پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان، كە یەكەم قۆناغی پێكهێنانی حكومەتی نوێیە.   
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە تەواوكردنی نیسابی یاسایی لەناو هۆڵی پەرلەمان نیسابی یاسایی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی تەواو بكات بۆ نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی پەرلەمان: 
-    پارتی 39 كورسی
-    نەوەی نوێ 15 كورسی
-    یەكگرتوو 7 كورسی
-    بەرەی گەل 1 كورسی (یەكیان سوێندی نەخواردووە)
-    3 پەرلەمانتاری پێكهاتەكان.
كۆی گشتی پەرلەمانتاران دەكاتە (65) پەرلەمانتار كە ئەوەش رێژەیەكی زۆر زیاترە لە (50+1)ی نیسابی یاسایی بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەگەر پارتی رێككەوتنی نەبێت لەگەڵ یەكێك لەو دوو لایەنە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوا ناتوانێت سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت، چونكە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێر پێویستی بە دەنگی (51) پەرلەمانتار هەیە، بۆیە پارتی كێشەی كۆبوونەوەی نابێت هێندەی كێشەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و متمانەدان بە سەرۆكی حكومەت. 
لەماددەی (47) ییاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراوی ژمارە (1) ی ساڵی 1992 دا،  هاتوە لە یەکەم دانیشتن لەماوەی دە رۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان دا دەبەسترێت، لەماددەی (48)ی هەمان یاسادا هاتوە پەرلەمان لەدانیشتنی یەکەمیدا سەرۆک و جێگر و سکرتێری بە زۆرینەی دەنگی موتڵەقی ئەندامانی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش بەو مانایەدێت کە نیوە کۆ یەکی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان واتە (51) دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە
واتا پارتی ئەگەر لەگەڵ نەوەی نوێ رێكبكەوێت:
پارتی: 39 كورسی
نەوەی نوێ: 15 كورسی
پێكهاتەكان: 3 كورسی
كۆی گشتی دەكاتە (57) كورسی رێژەی تەواوی نیسابی یاساییە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەرێم و حكومەت، رەنگە لەو حاڵەتەدا نەوەی نوێ یەكێك لە پۆستە سیادییەكانی بەربكەوێت. 


هةڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم:
لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت، بەپێی یاسا ژمارە (1)ی ساڵی 2019 یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستور، لەبڕگەی یەکەمی ماددەی (2) پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێم هەڵدبژێرێت، وە بەپێی ماددەی (4) خاڵی یەکەمی بڕگەی یەکەم، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەماوەی (30) رۆژ رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەست پێدەکات، وەک لە خاڵی پێنجەمی بڕگەی یەکەمی هەمان یاسادا هاتوە: (سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکراو بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی (3) رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکانی هەڵدەبژێرتدرێت، واتە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیویستی بە (50+1)ی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، واتا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەنگی (51) پەرلەمانتار هەیە، بەڵام لە گەڕی دووەم پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە مەرج نیە لە گەڕی دووەم 51 دەنگ بێت، خۆ ئەگەر یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ئەوا پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە نەك (51) پەرلەمانتار. 

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران: 
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان متمانەدان بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە و راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتە، بەپێی بڕگەی (3)  ماددەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوی ساڵی 1992، دەستنێشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن كە پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە واتا پێویستی بە (50+1) نیە بۆ دەستنیشانكردن، وە بەپێی بڕگەی چوارەم، پێدانی متمانە بە سەرۆکی ئەنجومەن و کابینەکەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانە، وە دوای ناونانی لە لایەن پەرلەمان، بەپێی برگەی (12) لەماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) ساڵی 2005ی هەموارکراو، (پاش  ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکێننانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (30) رۆژ تێپەر نەکات، ئەویش پێویستی بە دەنگی (51) پەرلەمانتارە. 

لە هەموو حاڵەتێكدا پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ و هةڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان قورسە، بەڵام پارتی بڕیاریداوە چیتر لەسەر یەكێتی نەوەستێت و ئەزمونی پێشتری هەیە لەگەڵ یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە پۆستەكانی بۆ جێبهێلێت، پارتی ئێستا لەلایەك دەیەوێت گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات و لەلایەكیش دەیەوێت گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بكات، خۆ ئەگەر بەم شێوە دابڕاوەی ئێستا پارتی و یەكێتی بچنە گفتوگۆكانی هەردوو حكومەتەكەوە ئەوا رەنگە دۆخەكە بۆ هەردوولا ئاڵۆز بێت، بەڵام ئەگەر پۆستەكانی هەردوولا تێكەڵ بكرێت ئەوا یەكلاكردنەوەی هەردوو كابینەكە بۆ هەردوولا ئاسانتر بێت بەتایبەت لە دابەشكردنی پۆستەكان، چونكە بە جیا هەردوولا تموحیان لە پۆستی سەرۆككۆمارە كە پشكی كوردە، كە رەنگە لە پرۆسەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و یەكلاكردنەوەی سەرۆككۆماریش هەمان ئەزمونی رابردوو دووبارە بێتەوە و بە دوو كاندیدی جیا بچنە بەغداد.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand