هه‌واڵ / كوردستان

بەشی دووەم ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت 🔹 کار گروپ (کێڵگەی خورمەڵە)، ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە، جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، ئاستی بەرهەمی نزیکەی 37٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە، هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی. 🔹 کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس لە کێڵگەی گەرمیان هەریەکە خاوەنی 40٪ ی پشکەکانن. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەی دووکان بۆ پاڵاوتن و رۆژانە لە ئێستادا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکە دەگوازێتەوە.  🔹 کۆمپانیای رۆسنەفت (کێڵگەی بجیل) کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا؟ 🔹 سەبارەت بە کاری کۆمپانیاکانی (هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی)، کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ) و کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر)) هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەو کێڵگانە. 1.    کـــار گروپ (خورمەڵە) کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم کێڵگەیەی کار گروپ کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە، پێدەچێت گرێبەستی خزمەت گوزاری بێت. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە پێش وەستانی هەناردە بە145  بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی 37٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.  بەپێێ ڕاپۆرتی چاودێری دارایی عێراق، لەچارەکی یەکەمی 2023 دا کۆمپانیای کار بۆ شایستەی دارایی ساڵانی پێشووی بە سێ گوژمە کۆی 77 ملیۆن و 989 هەزار و 438 هەزار دۆلاری وەرگرتووە لە بری نەوتی بەرهەم هاتوو. لەمانگی کانوونی دوومی 2023 دا 27 ملیۆن و 460 هەزار و 963 دۆلار، لە شوباتدا بری 24 ملیۆن و 701 هەزار و 600 دۆلار، مانگی ئازار بڕی 25 ملیۆن و 826 هەزار و 875 دۆلار.  ڕوونبین پەیوەندیکرد بە کۆمپانیای کارەوە بەڵام پەیوەندییەکە درووست نەبوو، هەروەها کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی. بەڵام روونبین لە سەرچاوەی نافەرمییەوە زانیویەتی کە کێڵگەکە تا ئێستا بەردەوامە لە بەرهەم هێنان بەڵام بەئاستێکی کەمێک نزمتر لە پێش وەستانی هەناردە لە 25ی ئازار.  ئێستا زۆربەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی کار بەکاردەهێنرێت کە پاڵاوگەکە پێک دێت لە 3 یەکەی پاڵاوتن کە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە رۆژانە.  کێڵگەی خورمەڵە بە بۆرییەکی “24 ئینجی دەگاتە پاڵاوگەکە کە درێژی بۆرییەکە 40 کیلۆمەترە. لەمانگی ئەیلولدا رۆژانە لە پاڵاوگەکانی کار تەنها بەرهەمی کێڵگەی خورمەڵە کە گەشتووەتە پاڵاوگەی کار بۆ پاڵاوتن، بریتی بووە لە 103 هەزار بەرمیل نەوت. لەو نەوتە خاوەش (بەنزین، دیزل، نەوتی سپی، غازی ماڵان LPG ، سوتەمەنی فرۆکە و نەوتی ڕەش)ی لێ بەرهەم دێت. کار دەڵیت رۆژانە 4 ملیۆن و 300 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنین. کەنزیکەی 70٪ لە پێداویستی ناوخۆ یە.  لە چارەکی یەکەمدا کۆی ئەو بڕە نەوتەی دراوە بە پاڵاوکەی کار و لاناز بۆ پاڵاوتن بریتی بوو لە 4 ملیۆن و 39 هەزار بەرمل لە مانگی کانوونی دووەمدا بڕی 1 ملیۆن و 429 هەزار و لە شوباتدا 1 ملیۆن و 152 هەزار وە لە ئازاردا 1 ملیۆن و 457 هەزار بەرمیل بووە. نرخی پاڵاوتن تەنانەت دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمیش نایزانن، هەروەک لە راپۆرت ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە.  لە چارەکی دووەمدا دوای وەستانی هەناردە تێبینی دەکرێت بڕی ئەونەوتەی دراوە بەو دوو پاڵاوگەیە بەرێژەی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە 52٪ چارەکی یەکەم . لەم چارەکەدا کۆی 6 ملیۆن و 161هەزار بەرمیل لە و دوو پاڵاوگەیە بۆ حکومەتی هەرێم پاڵێوراوە بەم شێوەیە: لە نیساندا 2 ملیۆن و 281 هەزار بەرمیل ، لە ئایاردا 2 ملیۆن و 92 هەزار بەرمیل وە لە حوزەیراندا 1 ملیۆن و 786بەرمیل .    لەچارەکی سیێهەمدا پاڵاوگەی کار رۆژانە 103 هەزار بەرمیل نەوتی تەنها کێڵگەی خورمەڵەی پاڵاوتووە.   ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆی بواری وزە یە لە هەرێم. کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و پشکی 40٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش 60٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە 2021/6/28 بڵاوکراوەتەوە 4 دۆلار و 86 سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2020 دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا 1دۆلار و 28سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.  هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە پێش وەستانی هەناردەی نەوت رۆژانە نزیکەی 25 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەپاڵاوت و ئێستا بە تەواوی توانایەوە نەوت دەپاڵیوێت. لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵاوت! 2.    کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی گەرمیان ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاوەنی 40٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە. ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە 33هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 12هەزار بەرمیل لە چارەکی یەکەم و پاشان لە چارەکی سێ و چواردا لە نێوان 10,200 بۆ 9,200 دابەزیوە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەی دووکان بۆ پاڵاوتن و رۆژانە لە ئێستادا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکە دەگوازێتەوە.  هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەق تەق و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە و API یەکەی لە 45 دایە. بیرە نەوتییەکانی گەرمیان لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە . بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین. بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.  تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە 3.    کۆمپانیای رۆسنەفت ( کێڵگەی بجیل) کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر و لە ساڵی 2010نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی 2017 دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی روونبینە کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی 2023 دا ئاستی بەرهەمی بریتی بووە لە 6,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. وە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟ 4.    کۆمپانیای هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی) ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی 80٪ی کێڵگەکەکی هەیە ئەم کێڵگەیە لەساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە. جۆری نەوتەکەی قورسە و API 21 . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە 6,500 بەرمیلی رۆژانە بووە. زانیار ئەوتۆ بەردەست نییە کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟ 5.    کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ) ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكی زۆری ئازادكراوه‌، ئیداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌. لەم بلۆکە نەوتیە دا 9 بیری کۆن هەیە، كه‌ له‌ ساڵی 1902تا 1954 له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژه‌ن) كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی به‌ریتانی-ئێرانیه‌ كاری تێداكراوه‌، له‌ كۆتای ساڵی 2009 كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری به‌دواداگه‌رانی بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی(توركی-به‌ریتانی) له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٢، بیری ژماره‌(10، 11١، 12) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی 2022 دا‌ 2هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی 80٪ی پشکەکانی هەیە و چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە ئێستادا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەواوەتی وەستاوە.  6.    کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر) بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە 245 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە. وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی 2009 بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە. شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت. کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی 1.8ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی 420 ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکانی چارەسەرکردن و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”. سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای 1.5 گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت. کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2021دا لەسەر پلانی پەرەپێدانی مەیدانی ڕێککەوتوون کە ئەم دۆزینەوەیە بتوانێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بکات. گەشەپێدانەکە لەسەر ئەمباری ئۆلیگۆسین دەبێت کە نەوتی سوکی لە ژێر سەرپۆشی غازەکەدا تێدایە. پلانەکە داوای پەرەپێدانی قۆناغ بە قۆناغی کێڵگەکە دەکات و قۆناغی یەکەم بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 15هەزار بەرمیل نەوتی سووک لە ڕۆژێکدا و 75 ملم لە کاتژمێرێکدا غازی کەم گۆگرد. ئەنجامی ئەو بیرانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا کونکراون ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامانج بۆ قۆناغی دووەم و قۆناغەکانی دواتر دیاری دەکات. کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستەرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات لەپاڵ کوردەمیردا پشکی 40٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە کە کێڵگەی سەرقەڵا ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم دەهێنێت( ئەی پی ئای 40ﹾ).   بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وێستێرن زاگرۆس سایمن هاتفیلد ماوەیەکی درێژە کێڵگەی کوردەمیر بە تاجی ئاڵتونی کۆمپانیاکە دەبینێت، بۆیە بەرەوپێشچوون لە پەرەپێدانیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە. وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی 80٪ ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە. هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە.


 بەشی یەکەم ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت 🔹 ئێستا کۆمپانیاکانی نەوت ئەو نەوتەی لەکێڵگەکان بەرهەمی دەهێنن خۆیان دەیفرۆشن (بەشێوەی پارەکەی بدە و نەوتەکە باربکە) دوای ئەوەی شایستە داراییەکانی خۆیانی لێ گلدەدەنەوە ئەوەی دەمێنێتەوە دەیدەن بە حکومەتی هەرێم.  🔹 سەرەتا کاتێک ئاستی بەرهەمیان نزم بوو رێژەی ٥٠٪ ی هەموو بەرهەمەکەیان بۆخۆیان دەفرۆشت، ئێستا ئاستی بەرهەم ٧٠٪ ئاستی پێش هەناردەی تێپەڕاندووە بۆیە کۆمپانیاکان لە نێوان ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ بەرهەم بۆ خۆیان دەفرۆشن و خەرجی و قازانجی کۆمپانیاکان بەبەردەوام وەردەگرن لەو نەوتەی دەیفرۆشن.  🔹 کۆمپانیا نەوتییەکان نیگەرانن لەوەی کە نەوتەکە بەنرخی زۆر داشکاو بە بازرگان و پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە نیوەی دووەمی ساڵەوە کەوتونەتە قازانج. 🔹 نیگەرانییەکی تری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە کە کڕیارانی نەوتی هەرێم بە ٥٠ دۆلار کەمتر نەوتی کێڵگەکانی هەرێم دەکڕن، بەڵام بەرهەمە نەوتییەکان بەنرخی جیهانی لە عێراق و تورکیا ساغ دەکەنەوە. بۆیە دەترسن لەبەر ئەوهۆکارە بەرپرسە ناوچەییەکان زۆر جدی نەبن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە. سەرەتا لەم ڕاپۆرتەدا چالاکی یەک بەیەکی کێڵگە نەوتییەکان شیکراوەتەوە. هەر لە بەرهەم هێنانی نەوت تا فرۆش و داهاتی نەوت چ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان یان حکومەتی هەرێم، لە پێش وەستانی هەناردەی نەوت لەڕیی بۆرییەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ ، پاشان دوای وەستانی هەناردەو دەستپێکردنەوەی بەرهەم و فرۆشتنی لە ناوخۆدا.  لەم ڕاپۆرتەدا : •    ئاستی بەرهەم و فرۆشی نەوت لە چارەکی یەکەمی ساڵ تا وەستانی هەناردە وکۆی ئەوپارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە تا کاتی وەستانی هەناردە لەڕێی بۆری عێراق- تورکیا لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دەخەینە روو. •    چالاکییە نەوتییەکان دوای وەستانی هەناردە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، فرۆشی ناوخۆ، ئاستی بەرهەم لە قۆناغە جیاکاندا شیدەکەینەوە. •    هەروەها دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، فرۆشی ناوخۆ، ئاستی بەرهەم، لەگەڵ؛ •    کۆی ئەو پارانەی بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە ماوەی ئەو ساڵەدا وەریان گرتووە هەڵدەسەنگێنین.  •    بەراوردی نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم پێش و پاش وەستانی هەناردە لەگەڵ نرخی نەوتی جیهانی و سۆمۆ دەکەین.  ئەم ڕاپۆرتە بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندابووە بۆ ١١ کێڵگەی نەوتی هەرێم و شیکردنەوەی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆریان راپۆرتی وەرزیان هەیە، راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە راپۆرتی ووردبینیکراوی بەرهەم و داهاتی نەوتی هەرێمە لە پێش وەستانی هەناردە، کە بەداتای فەرمی حکومەتی هەرێم ئەژمار دەکرێت، راپۆرتی چاودێری دارایی عێراق بۆ سەکتەری وزەی هەرێم و سەرچاوەی تری متمانە پێکراوی جیهانی نووسراوە.  چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ دا دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ICC لە پاریس داوای دژی تورکیا تۆمارکرد، کە تورکیا پێشێلی رێکەوتنی نیوانیانی کردووە بەوەی رێگەی بەهەرێمی کوردستان داوە هیڵی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا بەکاربهێنێت بۆ هەناردەی نەوت و ئەمبارکردن و بارکردنی لە بەندەری جەیهانی تورکیا. ئەوە بوو لە بەرواری ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣دا دادگا بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی عێراق دا سەبارەت بەو سکاڵایە. دەرئەنجام تورکیا بە فەرمی لە ٢٥ی ئازاری٢٠٢٣ دا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەڕیی بۆرییەوە ڕاگرت. •    لە بەرەبەیانی ٢٥ ی ئازاردی ٢٠٢٣ ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی ژووری بازارگانی باریس ICC کە تیایدا بڕیاردرا لە بەرژەوەندی عێراق دژی توورکیا بەوەی بارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی توورکیا بەبێ ڕەزامەدی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشێلی رێکەوتنی هێڵی بۆری عێراق- تورکیای نێوان هەردوو وڵاتە. دادگاکە بڕی ١ملیار و ٤٧١ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاندووە بەسەر تورکیادا کە بیدات بە عێراق لەسەر ئەو زیانانەی بەری کەوتووە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨. هێشتا بەشی دووەمی سکاڵاکە ماوە یەکلایی بکرێتەوە کە پەیوەستە بە ٢٠١٨ و ساڵانی دواتر.  •    دوابەدوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە وتووێژی چڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت بۆ گەشتن بەڕیکەوتن لەسەر هەناردە کردنەوەی نەوت. لە بەشێکی وتووێژەکاندا لە سەرەتای نیساندا نوێنەری کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت IOC‌s و کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی هەرێم بەشداربوون.  •    سەرەتا لەبەرواری ٢٠٢٣/٤/٤ رێکەوتنی کاتی ئیمزاکرا لە نێوان هەردوولا. لەسەر چەند خاڵێک رێک کەوتن تا ئەو کاتەی یاسای بودجەی فیدراڵ دەردەچێت ئەوکاتە یاسای بودجە جێی ئەم رێکەوتنە دەگرێتەوە.  •    لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێم تەواو کردووە بەو میکانیزمەی سۆمۆ دایناوە. •    لە بەرواری ١٠ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێی سۆمۆ وە داوای لە تورکیا کردووە کە دەستبکرێتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێی بۆری جیهانەوە، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەناردە دەستی پێ نەکردووەتەوە،  •    لە بەرواری ١١ی ئایار وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند دوای ئەوەی گرێبەستی کڕینی نەوتیان لە گەڵ کڕیارەکانی هەرێمدا تەواو کردووە، لە بەرواری ١٠ی ئایاردا داوامان لە کۆمپانیای بۆتاش کردووە کە رۆژی شەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.  •    لەگەڵ ئەو هەوڵە چڕوو پڕانەدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ، چەندین جار ئاماژەکردن بە نزیکی دەستپێکردنەوە و دیاریکردنی رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەڵام هەناردە دەستی پێنەکردەوە.  •    لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند، بۆری عێراق لە بەرواری ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئامادەیە کارەکانی دەستپێبکاتەوە. بەڵام ئایا تا چەند لایەنی عێراقی ئامادەیە نەوت هەناردەبکات لەڕێی بۆرییەکەوە؟ وەڵامەکەی تا ئێستا ڕوون نییە و هەردوولاش بانگەشەی ئەوەدەکەن کە بەردەوامن لە گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە.  •    هەروەها کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ("ئاپیکور") کە پێکهاتووە لە ٨ کۆمپانیای نەوتی هەرێم چەندجارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیاکانی نەوت IOC پێویستیان بە چوارچێوەیەکی ڕوون هەیە بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی ئایندە و چونییەتی وەرگرتنەوە و گرنتیی کردنی شایستەکانی ڕابوردوویان، کە تەنها ئەندامانی کۆمەڵەکە بڕی ١.٥ ملیار دۆلاری نەوتی فرۆشراوی ڕابووردویان وەرنەگرتووە. بۆیە دەبێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی بۆری لە کوردستانەوە دەستپێبکاتەوە ئە و دووخاڵە چارەسەر بکرێن.  ئەو خاڵەی کە زۆر زەقە و رێگرە لەبەردەم دەتسپێنەکردنەوەی هەناردەدا ئێستا پەیوەستە بە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و بە تایبەتیش شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. گرێبەستەکە لە جۆری هاوبەشیکردنە لەبەرهەم PSA، کە عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات دژە بە دەستوور. لە یاسای بودجەدا خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەربەرمیلێک نەوت بە ٩٠٠,٨ دینار دیاری کراوە، ئەمە بە تووندی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە رەدکرایەوە و لە چەندین بەیاننامەدا رایانگەیاندووە کە دەبێت شایاستەکانیان بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بێت کە زۆر زیاترە لە و بڕە.  بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی روونبین لە ڕابوردوودا کۆمپانیاکان لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٨ دۆلاریان وەرگرتووە (هەرگرێبەستەو بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت).  ئێستا کۆمپانیاکانی نەوت ئەونەوتەی لەکێڵگەکان بەرهەمی دەهێنن خۆیان دەیفرۆشن (بەشێوەی پارەکەی بدە و نەوتەکە باربکە) دوای ئەوەی شایستە داراییەکانی خۆیانی لێ گلدەدەنەوە ئەوەی دەمێنێتەوە دەیدەن بە حکومەتی هەرێم. سەرەتا کاتێک ئاستی بەرهەمیان نزم بوو رێژەی ٥٠٪ ی هەموو بەرهەمەکەیان بۆخۆیان دەفرۆشت، ئێستا ئاستی بەرهەم ٧٠٪ ئاستی پێش هەناردەی تێپەڕاندووە بۆیە کۆمپانیاکان لە نێوان ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ بەرهەم بۆ خۆیان دەفرۆشن و خەرجی و قازانجی کۆمپانیاکان بەبەردەوام وەردەگرن لەو نەوتەی دەیفرۆشن.  کۆمپانیا نەوتییەکان نیگەرانن لەوەی کە نەوتەکە بەنرخی زۆر داشکاو بە بازرگان و پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە نیوەی دووەمی ساڵەوە کەوتونەتە قازانج.  نیگەرانییەکی تری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە کە کڕیارانی نەوتی هەرێم بە ٥٠ دۆلار کەمتر نەوتی کێڵگەکانی هەرێم دەکڕن، بەڵام بەرهەمە نەوتییەکان بەنرخی جیهانی لە عێراق و تورکیا ساغ دەکەنەوە. بۆیە دەترسن لەبەر ئەوهۆکارە بەرپرسە ناوچەییەکان زۆر جدی نەبن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە. رێککەوتنەکان لەیاسای بوجەدا لە یاسای بوجەدا هاتووە کە هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە ٣٣،٥ملییۆن بەرمیل نەوتە کە ٤٠٠ هەزاری هەرێمیشی تێدایە، بەمانایەکی تر هەرێم دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت یان وەزارەتی نەوت بکات. ئەم خاڵە تا ئێستا جێ بەجێ نەبووە. تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەم هێنان بەتێكڕا رۆژانە بڕی ٧٦ هەزار بەرمیلی رادەستی وەزارەتی نەوت کردووە لە بەرواری ١٥/٦/٢٠٢٣ تا ٣٠/١١/٢٠٢٣ لە و بەروارەوە هیچ بڕە نەوتێك رادەستی وەزارەتی نەوت نەکراوە کە بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم کۆی ئەو نەوتەی رادەستی وەزارەتی نەوت کراوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بریتی بووە لە ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو. چالاکی کێڵگە نەوتییەکان: ئاستی بەرهەم و داهاتی کۆمپانیاکان لە ٢٠٢٣ دا پوختەی ئەو پارانەی 11 کۆمپانیای نەوتی لە 8 کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی ساڵی 2023 دا کە بەسەریەکەوە 936 ملیۆن و 190 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. بەیەکەوە رێژەی 60٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن. لە چارەکی یەکەمدا کۆمپانیاکان بە کۆمپانیای کاریشەوە بڕی 515.7 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و لە دوای وەستانی هەناردەش کۆمپانیاکان بڕی 420ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))   بەپێی ئەوشیکردنەوەی بۆ بەرهەم و داهاتی کێڵگەکانی هەرێمان کردوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بە تێکڕا هەرێمی کوردستان رێژەی 60٪ی کۆی داهاتی بۆماوەتەوە ، چونکە خەرجی گواستنەوەی لەسەر نییە بەڵکو نەوتەکە لە خاڵی بارکردنی کێڵگەکەوە دەفرۆشێت. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان پشکەکانیان لە نێوان 36٪ بۆ 40٪ کۆی  داهات یان بەرهەمی کێڵگەکە. بەوپێ یە تەنها لەداهاتی ئەم کێڵگانەی ئەم 11 کۆمپانیایە کاری تێدا دەکەن زیاتر لە 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار داهاتی حکومەتی هەرێم بووە لە 2023 دا. ئەمە جگە لەو کێڵگانەی داهات و بەرهەمیان ئاشکرا نەکراوە و ئێمەش نەمانتوانیوە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان دەستبکەوێت.  بەپێی بەدواچوونی ئێمە بۆ بەکێڵگەی نەوتی و شیکردنەوەی داتاکان لە چارەکی یەکەمی 2024 دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ، هەندێ کێڵگە وەکو تاوکی، خورمەڵە، شێخان و سەرسەنگ گەشتونەتە ئاستی چارەکی یەکەمی ساڵی 2023. وەکۆی بەرهەم زیاتر لە ٨٠٪ی پێش وەستانی هەناردە بەرزبووەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))  کەمکردنی بەرهەمی کێڵگەکان •    لە ماوی 8 ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە 145 هەزارەوە بۆ 44 هەزار دابەزیوە. •    لەماوەی 8ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە 148 هەزارەوە بۆ 3,970بەرمیل دابەزیوە •    لە ساڵی 2022 دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە 33 هەزارەوە بۆ 12 هەزار و ئێستا بۆ 9,200 بەرمیل دابەزیوە. •    هەر لە ساڵی 2022دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە 10 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3,160 بەرمیل دابەزیوە. و لەکۆتایی ساڵی 2023 دا لەبەر ئەوەی سوودی بازرگانی نەبوو کێڵگەکە ڕادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرایەوە.  •    زانیاری نا فەرمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەشتبووە 170 هەزار بەرمیی رۆژانە بەڵام ئێستا لە نێوان 110بۆ 120 هەزاردایە. •    دوای وەستانی هەناردەی هەرێم هێشتا کێڵگەی تەق تەق، و باشیک نەکەوتوونەتەوە بەرهەم هێنان. •     هەریەک لە کێڵگەکانی بجیل، عین سفنی و جیاسورخ هیج زانیارییەک نییە لەسەر دەستپێکردنەوەی بەرهەمیان. . زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان       هەر لەماوەی 8 ساڵی ڕابوردوودا:  •    کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم، ئێستا ئاستی بەرهەمی 49,500 هەزار بەرمیلە.  •    کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان بەرهەمیان قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە . •     لەساڵی 2021 دا دوو کێڵگەی گازی بنە باوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرایەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات. 19 شوبات 2024 دوو هەفتە دادبینی کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێم بوو لە دادگا و چاوەڕی دەکرێت لەمساڵدا بڕیاری کۆتایی لە کەیسەکە بدرێت. گەنێل ئەنێرجی داوای قەرەبوویەکی زۆر دەکات و دەڵێت بڕی 1.4ملیار دۆلارمان لەو دوو کێڵگەیەدا خەرج کردووە.  •    لە سەرەتای ساڵی 2023 دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بە بێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن. •    لە کۆتایی ساڵی 2023 دا گرێبەستی کێڵگەی سەرتە لەلایەن کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شێڤرۆنەوە کۆتایی پێهێنرا و کێڵگەکە رادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرایەوە. بەمەش کۆمپانیای شیڤرۆن هیج وەبەرهێنانێکی لەهەرێمی کوردستان نەما.  •    کێڵگەکانی بجیل، ئیسفنی و سەرتە باشیک بە بڕێکی نزم کەوتنە بەرهەم هێنان .  •    هەر لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022دا نرخی نەوتی هەرێم لە 10دۆلار داشکاندنەوە بۆ 17تا 19دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرا. •    لەدوای وەستانی هەناردەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا داسکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتی هەرێمکرا لە 17 بۆ 19دۆلارەوە ئێستا بە 50 بۆ 55 دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت کە پێوانەی جیهانییە دەفرۆشرێت .  رێکارەکانی دژ بەهەرێم •    لە بەرواری 15ی شوباتی 2022 دا دادگای فیدراڵ بڕیاریدا لەسەر نادەستووری بوونی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی یاسای نەوت و گازی هەرێم، بەمەش گرێبەستی کۆمپانیا نەتییەکان لە حوکمی نەبووندا یە لەلای حکومەتی ‌وێراق چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان گرێبەستەکانیان بەپێی ئەویاسایە ئەنجامداوە.  •    لە مانگی تەموز و ئابی 2022 دا دادگای بازارگانی کەرخ چەندین گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمی PSA کۆمپانیا نەوتییەکان کەلەگەڵ هەرێم هەیان بوو هەڵوەشاندەوە.  •    لە بەرواری 25ی نیسانی 2023 هەناردەی هەرێم وەستا بەهۆی بردنەوەی داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا لە دادگای نێوبژیوانی یانەی پاریس ICC . تورکیا سزادرا بە 1.5 ملیار دۆلار و هێشتا بەشی دووەمی داواکە ماوە. لەو رۆژەوە تا ئێستا هەناردە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە. •    لە حوزەیرانی 2023یاسای بوجەی عێراق دەرچوو، لە یاساکەدا تێچووی نەوتی هەێم وەکو کێڵگەکانی عێراق دیاری کراوە بەنزیکەی 6.5 بۆ هەربەرمیلێک کە ئەمە لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە رەدکرایەوە.  •    بڕیار بوو لەساڵی 2023 دا یاسای نەت و گازی فیدراڵ دەربچێت ،بەڵام تائێستا ئەو یاسایە دەرنەچووە لەکاتێکدا لەساڵی 2007 دا یەکەم جار رەشنووسی یاساکە نوسرا بەڵام نەهەرێم و نە حکومەتی فیدراڵ لەسەری ڕیکنەکەوتن.  •    ساڵیک بەسەر وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم دا تێدەپەڕێت و تا ئێستا ئاسۆی دەستپێکردنەوەی هەناردە روون نییە. و گفتوگۆکانی بەغدا و هەرێم لەشوێنی خۆیدایە و هیچ بەرەو پێشچونێکی پێوە دیار نییە.  •    کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە تاوەکو شایستەکانی رابووردوو ئایندەیان مسۆگەر نەکرێت بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم، دەست بەهەناردەکردن ناکەنەوە.  •    وەزارەتی نەوت لە مانگی ئازاردا زۆر بەتووندی وەڵامی کۆمپانیا نەوتییەکانی دایەوە تۆمەتباریانی کردن بە دەستوەردان لەسەروەری وڵات و پێشیل کردنی یاسا پەیڕەوکراوەکانی عێراق.     بەراوردی نرخی بەرمیلێک نەوت ( برێنت، سۆمۆ و هەرێم) نرخی نەتی هەرێم لر دوای وەستانی هەناردەوە بەتێکڕا 32 دۆلارمان دیاری کردووە چونکە زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە 30دۆلار و کەمتر بوون تەنها کێڵگەی سەرسەنگ بەنرخی لەوە زیارە فرۆشتویەتی کێڵگەکانی هەلێر و شێخان و ئەتروش بەکەمتر لەو نرخە فرۆشتوە. بڕوانە خشتەی ژمارە (4)  


(دره‌و):  وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە هێڵی بۆری كەركوك- جیهان بكات به‌ جێگرەوەی هێڵی بۆری نەوتی كوردستان- جەیهان، بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، بەغداد داواكارییەكی كوردی رەتكردوەتەوە بۆ پێدانی (6) دۆلار بە كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی لەبەرامبەر تێپەڕبونی هەر بەرمیلێك نەوت بە بۆری نەوتی كوردستاندا، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تیمی دانوستانی كوردیان وتووه‌: رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای (روسنەفت) بە نایاسای و پێشێلكردنی یاسا بەركارەكانی عێراق دەزانین.  وەزارەتی نەوتی عێراق، بەنیازە هێڵی بۆری كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی بخاتەوەگەڕ، بەوەش دەبێت به‌ ركابەری هێڵی بۆری كوردستان جەیهان، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە راگیراوە، ئەم هەنگاوە بەرپرسانی كوردو كۆمپانیاكانی نەوتی توڕەكردووە. باسم محەمەد بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز""ی رایگەیاندوە: بەغداد كار لەسەر چاككردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك دەكات، كە لەو ڕێیەوە دەتوانێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا رۆژانە (350) هەزار بەرمیل نەوت بۆ توركیا رەوانە بكات. خستنەوەگەڕی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهان، كە ماوەی (10) ساڵە داخراوە، ئاڕاستەیەكی ركاربەر بۆ هێڵی بۆری نەوتی كوردستان دروستدەكات، بەتایبەت لەگەڵ شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بەغدادو هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوه‌ ده‌كات: پێدەچێت هێڵی بۆرییەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت، تا كۆتایی ئەم مانگه‌ ئامادەبێت، كاركردن بۆ چاككردنەوەی بەردەوامەو وێستگەی سەرەكی هەناردەكردنی نەوت، لەگەڵ كۆگاكانی عەمباركردن تەواوبوون.  جەختی لە چاككردنەوەی ئەو بەشانەش كردووەتەوە كە لە ناوخۆی عێراق زیانیان پێگەیشتووەو باسی له‌وه‌كردووه‌" تەواوكردنی یەك وێستگەی سەرەكی دەبێتە قۆناغی یەكەم لە پرۆسەی سەرلەنوێ‌ گێڕانەوەی هێڵی بۆرییەكان بۆ توانای تەواوەتی خۆی". هاوكات، سێ‌ سەرچاوە لە كۆمپانیای نەوتی باكور رایانگەیاندووە: سەرەتای هەفتەی رابردوو، ناردنی نەوت بەشێوەیەكی ئەزمونی ئەنجامدراوە، بۆ لێكۆڵینەوە لە بەشەكانی هێڵی بۆرییەكە لە ناوخۆی عێراقدا. تیمە تەكنیكییە عێراقییەكان، لەماوەی رابردودا كارەكانیان خێراكردووە، لە پرۆسەی چاكسازیكردن لە بەشە زیانلێكەوتوەكانی بۆرییه‌كه‌ لە كەركوكەوە بەرەو هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەواو ناوچەی سنوری لەگەڵ توركیا. پێشبینی دەكرێت، حكومەتی فیدراڵی داوا لە كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان بكات كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، دانوستانی لەگەڵ بكەن بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان لەڕێی ئەو هێڵەی كە لەگەڵ توركیا خستویەتیەوەگەڕ، ئەوەش مەسەلەیەكە رەنگە كورد توڕەبكات، كە بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن.  دوو بەرپرسی نەوتیی حكومەتی عێراق و راوێژكارێكی حكومەت لە بواری وزە، بە "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە: بەغداد داواكارییەكی كوردی رەتكردووەتەوە بە پێدانی (6) دۆلار لەبەرامبەر تێپەڕبونی هەر بەرمیلێك نەوت بە كۆمپانیای روسنەفتی روسی، كە خاوەنی بەشێك لە بۆری نەوتەكەیە. بەهجەت ئەحمەد راوێژكاری وزە لە هەرێمی كوردستان ده‌ڵێ: بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تیمی دانوستانی كوردیان راگەیاندووە، ئەوان رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای روسنەفت بە نایاسای و پێشێلكردنی یاسا بەركارەكانی عێراق دەزانن.  ‎  


  مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) (١-٢) رۆژانە لە چەندان لاوە گوێمان لە چەندان دەنگ دەبێت باس لەوە دەکەن کە ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و ھیچنەزان و بێتوانا و بێکار و بێبەرھەم و بێفیکر و بێبیرکردنەوەین. کۆمەڵگایەک ھێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژیی و سەر بە جیھان و دونیای ئەمڕۆ نییە. کۆمەڵگایەک، گوایە بە ڕادەیەک دواکەوتوە نە خۆی دەناسێت، نە ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی، نە دەوروبەرەکەی و نە جیھانیش. ھەندێک دەنگ دوورتر دڕۆن و باس لە بوونی کۆمەڵگایەکی سەرکردەپەرستی بێکردە و بێکاراکتەر و گەمژە دەکەن، کە جگە لە  دروستکردنی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و حەشامەت خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی تر نییە. ھەموو سەروەتە فیکرییەکەشی سنووری چەند دیوانە شیعرێک و ھەندێک کتێبی دینیی و کۆمەڵێک مەتەڵ و فۆلکلۆر تێناپەرێنێت. بە کورتییەکەی، ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکین، لە ھیچ روویەکەوە سەر بە جیھانی ئەمرۆکە و دونیای مۆدێرن نییە، لە دەرەوەی مێژوودا دەژیی، بە تایبەتی مێژووی دونیای مۆدێرن.   بۆ کەسێک لە دەرەوەی سەدبارەکردنەوەی ھەندێک کڵیشەی فیکریی و گوتاری خۆرھەڵاتناسییدا بنووسێت و بیربکاتەوە، دەزانێت رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم وێنەیە تەواو ھەڵە و ناڕاست و خەیاڵیین و ھیچ پەیوەندییەکیان بە دۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەوە نییە. ئەم کۆمەڵگایە نە سەر بە سەدەکانی ناوەڕاستە، نە کۆمەڵگایەکە بێزانیاریی، نە سەر بەم جیھانەش نییە، بەڵکو بە ھەردوو قاچییەوە لەناو دونیای مۆدێرن و کێشە و تەحەدا و مەترسییە گەورەکانیی ئەو دونیایەدا، وەستاوە. بە بۆچوونی من دۆخی کۆمەڵگای ئێمە دۆخی خەڵکان و میلەتێکی مۆدێرنە، بەڵام لە غیابی مۆدێرنە خۆیدا وەک چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی. سەرجەمی رەگەزەکانی دونیای مۆدێرن لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕەگەزانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و ڕێکیاندەخات و ئاراستەیاندەکات، چوارچێوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی مۆدێرنە نییە، بە تایبەتی دەوڵەت و شێوازی حوکمڕانیی و کۆنتراکتە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای مۆدێرن.   کە دەڵێم  دۆخی کۆمەڵگای ئێمە دۆخی خەڵکان و میلەتێکی مۆدێرنە، مەبەستم دروستبوون و ئامادەگیی کۆی ئەو رەگەزانەیە کە مۆدێرنە لە گەشەی خۆیدا دروستیکردون. بۆ نموونە، لە شارەکانی کوردستاندا دەتوانیت ھەموو ئەو کەسانە بدۆزیتەوە کە لە شارە گەورەکانی جیھاندا تووشیان دەبیت. ئیتر لە سنعەتکار و ھونەرمەند و مۆسیقار و نووسەر و دارتاش و بازرگان و وەرزشەوان و وەرشەی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و شارەزای بواری کۆمپیوتەر و فێمینیست و گۆرانیبێژی ھیپ ھۆپ و دوکانی ئارایش و فڕۆکەخانە و ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی و سوپەرمارکێتی گەورە، کافێ و قاوەخانە و چێشتخانە، کەسانی زمانزان و چاپخانە و ھتد... ئەم دۆخە بە رادەیەک مۆدێرنە بە دەگمەن کەسانێک لەو کۆمەڵگایەدا ئەدۆزینەوە سەر بە سەدەکانی ناوەڕاست بێت، ھیچ یەکەیەکی کۆمەڵایەتییش لەو کۆمەڵگایەدا بە مانا کۆنەکانی بوونی نەماوە، نە خێزان، نە خێڵ، نە حیزب، نە چینە کۆمەڵایەتییەکان، ھتد... ھەر ھەموویان بەر پریشکێک لە پریشکەکانی مۆدێرنە کەوتون و گۆڕانی ھەمەلایەنیان بەسەردا ھاتوە. ئەو زمانە کوردییەی ئەمرۆکە ئینسانی ئێمە قسەی پێدەکات، پێی دەنووسێت و پێی بیردەکاتەوە، ھیچشتێک نایباتەوە ناو ئەو زمانەی تا چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم ئامادەبووە. ئەو فۆرمی پەیوەندییانەی لەو کۆمەڵگایەدا دروستبوون سەر بە ھیچ سەردەم و رۆژگارێک نین سەردەم و رۆژگاری ئەمڕۆ نەبێت. سیستمی خوێندن و فێربوون، بە ھیچ مانایەک. ھەمان ئەو سیستمە دینییە نییە کە تیایدا لە باتی خوێندکار فەقێی و لەباتی مامۆستا مەلای دینیی، تێدابوو. ژمارەی ئەو کوردانەی  کە نووسەرن، کە زانکۆیان تەواوکردوە، بەشێکیان لە زانکۆکانی دەرەوەی کوردستاندا، کە زمانە زیندوەکانی جیھان دەزانن، کە توانای ھەمەجۆر و تایەتیان ھەیە ژمارەیەکی گەورەیە و ھیچ یەکێک لەمانە لە سەدەی نۆزدەھەمدا بوونی نەبووە. ھاوکات بەشێکی گرنگیی میلەتی ئێمە لە دەرەوەی کوردستاندا دەژیی، لە ئوسترالیاوە و بۆ ئەمریکا، بە تێپەڕین بەناو ژمارەیەکی گەورە لە وڵاتانی ئەوروپادا.   میلەتی ئێمە لەناو یەکەیەکی سیاسیدا دەژی کە یەکەیەکی مۆدێرنی کۆلۆنیالی دروستکراوە، یەکەیەکی سیاسی لە فۆرمی دەوڵەت نەتەوەدا، یان دەوڵەت بەبێ نەتەوە، کە لە سەدەی نۆزدەھەمدا بوونی نەبووە. عێراق وڵاتێکە لە ساڵی ١٩٢١ دروستدەکرێت و تا ساڵی ١٩٥٨ یش لەژێر کۆنترۆڵی کۆلۆنیالیانەی بریتانیادا بووە. ھەم دروستکردنی وڵاتەکە و ھەم دروستکردنی ”میلەت“ یان ”میلەتەکان“ی ناوی پلان و ھەندەسەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆلۆنیالی مۆدێرن لێیبەرپرسە، نەک ھیچ یەکێک لە میکانیزمە سونەتییەکانی دروستبوونی یەکەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەر لە دروستبوونی دونیای مۆدێرن. بەم مانایە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ھەم دروستکراوێکی کۆلۆنیالییە و ھەم مێژووە ھاوچەرخەکەشی مێژووی سەردەم و قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمە. ھەردوو فۆرمەکەش لە مێژوو، مێژوویەکی کۆن نیین و لۆژیکی کارکردنی جوگرافیا سیاسییە کۆن و تەقلیدییەکانی دونیای کۆن، نایجوڵێنێت، بەڵکو سەرجەمی ئەو کێشانە دەیجوڵێنێت کە قۆناعی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزم بۆ کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی دروستکردوە. ھەموو مێژووی کۆلۆنیالیزم و مێژووی دوای کۆلۆنیالیزم، کە دوو بەشی گەورە و گرنگیی مێژوی لەدایکبوونی دونیای مۆدێرنن، بە قووڵی لەناو ئەم وڵاتەدا ئامادەیە و ئەوەی خەڵکی ئەم وڵاتانە لەناویدا ئامادەن، ئەم مێژووەیە، نەک مێژووی سەدەکانی نارەڕاست و دونیای بەر لە دایکبوونی دونیای مۆدێرن.  ئەو عەقڵیەتە ئەمنیی و ئەو دەزگا و ئۆرگان و میکانیزمانەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنەش کە ئەمڕۆ لە سیستمی حوکمڕانیی ھەرێمدا بە خەستیی ئامادەیە و دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی کاری پێدەکات، ھیچ شتێکی نایباتەوە ناو دونیای بەر لە دونیای مۆدێرن. ئەوەی تاکەکەسێک یان خێزان و بنمەڵایەک لە رێگای دەزگا گەورەکانی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنەوە حوکمڕانیی دەکەن سەر بە مۆدێلی حوکمی بنەماڵە سونەتییەکانی بەر لە دونیای مۆدێرن نین، بەڵکو دروستکراوێکی تەوو تازەی ناو مێژووی سەدەی بیستەمی ئێمەیە و بە توندی بەو مێژووی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزمەوە گرێدراوە کە باسمکرد.  بۆ ئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆکە و دۆخی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگاکەش تێبگەین، پێویستمان بەوەیە، لە ئاستە فەلسەفییەکەیدا، ئەم دۆخە بەو تێزانەوە گرێبدەین کە قسە لەسەر دونیای مۆدێرن دەکەن، نەک سەدبارەکردنەوەی دەستەواژەکانی خێڵ و خێڵگەرایەتیی و نەزانیی و گەمژەیی میلەتەکە. دەکرێت دۆخی میلەتی ئێمە بە پێگەی ئەو مرۆڤە نامۆیانەی دونیای مۆدێرنەوە گرێبدەین کە کارل مارکس باسیان دەکات، یان بەو مرۆڤە ئازارچێژانەەوە کە بابەتی سەرەکی کتێبە گرنگەکانی فرانز فانونن، یان بەو قوربانییە تایبەتانەوە کە ھانا ئارێنت لە خوێندنەوەی ئەزموونی سەدەی بیستەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکاندا دەیاندۆزێتەوە، تەنانەت بەو کەسایەتییە عوسابییە پڕ ترس و سترێسانەی فرۆید لە نووسینەکانیدا باسیاندەکات. ھیچ یەکێک لەم جۆرە مرۆڤانە و ھیچ یەکێک لەو ناونانانەش سەر بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرن نین، بەڵکو ھەموویان قسە لە بوونەوەرە پەراوێزخراو و لاواز و چەوساوەکانی ناو مێژووی مۆدێرنە دەکەن. مێژووی سەدساڵی ڕابردووی ئەم جۆرە مرۆڤانەش، مێژووی قبووڵنەکردن و بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کە مۆدێرنە دەیانخاتە ناوییەوە. لە دۆخی میلەتی ئێمەدا پێگەی بوون بە کەمایەتییەکی ئەتنی لە چوارچێوەی چوار دەوڵەت نەتەوەیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەردا.  بە کورتییەکەی، میلەتانی ئەم ناوچەیە، بە میلەتی ئێمەوە، میلەتانی ناو سەدەکانی ناوەراست و قەرەباڵغییەکی بێفیکر و بێبەرھەم و بێزانیاریی نین، بەڵکو میلەتانی دوای سەردەم و قۆناغی ڕۆشنگەرین، میلەتانی ناو سیستمی ئابوریی سەرمایەداریی و ناو دونیایەکی کۆلۆنیالیی و پۆست کۆلۆنیالییپر لە ترس و پێکدادان، دونیایەکی بەجیھانیبووی پڕ پەیوەندیی و پڕ کێشە و پڕ تەحەدای مۆدێرن و ھەمەجۆر. ئەوەی پێویستە سەیری بکەین ئەم چوارچێوە مێژووییە پڕ تەحەدایەیە، نەک بەخشینەوەی تۆمەت بەسەر ملیۆنەھا مرۆڤدا کە گوایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین.  


(دره‌و): ئەمڕۆ نوێنەری دوو کۆمپانیای گەورەی بواری نەوتی روسیا لە ھەولێر بوون، لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوت و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان گفتوگۆیان کردووە. وەفدی دوو کۆمپانیای روسی بواری نەوت، لە ھەولێر وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیان بینیوە.وەفدی یەکەم ماکسیم ڕۆبین کونسولی گشتی روسیا بووە لە هەولێر، کە بە یاوەری شاندی کۆمپانیای KPC بۆ بواری نەوت سەردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووەو ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی بینیوە. بەپێی قسەی ئومێد سەباح، لەم کۆبونەوەیەدا پرسی "رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و چالاکی کاری وەبەرهێنانی کۆمپانیا روسییەکان لە هەرێم" گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. دواتر، ڤادیم بۆتاکۆڤ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کردووە. ئومێد سەباح رایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت کرا لەسەر "لە هەماهەنگی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان و هەوڵ و کۆششی بەردەوامی حکومەتی هەرێم بۆ شەراکەتی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز لەنێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان". پرسی "پەرەپێدانی کێلگە نەوتییەکان" یەکێک لە تەوەرەکانی تری گفتوگۆی سەرۆکی دیوان و نوێنەری گەورە کۆمپانیاکەی روسیا بووە، ئومێد سەباح پشتیوانی حکومەتی هەرێمی بۆ کەرتی وزەی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دووپاتکردوەتەوەو باسی لە "خۆڕاگری" کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە دوای ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە ئاراوە لە پرۆسەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم. روسەکان لە ساڵی2017و ھاوکات لەگەڵ پرۆسەی ریفراندمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، جێ پێی خۆیان لە کەرتی نەوتی ھەرێم خۆشکرد، لەو ساڵەداو بەدیاریکراوی لە 2ی حوزەیراندا، لە شاری (سانپترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (رۆسنەفت) واژۆکرا، به‌گوێره‌ی ئه‌م گرێبه‌سته‌ رۆسنه‌فت بوو به‌ خاوه‌نی (60%)ی بۆری نەوتی کوردستان به‌به‌های (1 ملیارو 700 ملیۆن) دۆلار. ھەندێک لەوانەی کە چاودێری پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئەمدواییەی عێراق و بڕیاری راگرتنی نەوتی ھەرێم دەکەن لەبەر رۆشنایی دادگای نێودەوڵەتی پاریس ده‌كه‌ن، راکێشانی کۆمپانیا روسییەکان بۆ کەرتی نەوتی ھەرێم بە ھۆکاری بێدەنگی ئەمریکا لەو فشارانە ناودەبەن کە لەلایەن بەغدادەوە خراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان. لە 25ی ئازاری 2023وە ھەناردەی نەوتی ھەرێم راوەستاوە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت نیگەران و ناڕازین لە دۆخی خۆیان، نامەیان بۆ ئەمریکا نوسیوەو داوا دەکەن فشار بخاتە سەر بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم. سەرباری راوەستانی ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا، بەپێی قسەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا کۆمپانیاکان رۆژانە 200 بۆ 220 ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدەھێنن. له‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینی ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای بودجه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات و داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، ئه‌وه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ره‌ ته‌نیا بابه‌تی خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادو كۆمپانیا بیانییه‌كاندا كێشمه‌كێشی له‌سه‌ره‌. 


راپۆرت: دره‌و وه‌زاره‌تی دارایی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ موچه‌و پله‌ی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگره‌كه‌ی ده‌كات، تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌وه‌ی ئه‌و موچه‌ی وه‌ریده‌گرن، هاوتای پله‌كانیان نییه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رێكی په‌رله‌مان ده‌ڵێ: كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی خانه‌نشیكردنی پێنج په‌رله‌مانتاره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دوانیان سه‌ربه‌ حزبه‌كه‌ی وه‌زیری دارایین، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.  لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ موچه‌ی سه‌رۆكی دیوان  سبه‌ینێ واده‌ی وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگی سێی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، كێشه‌ له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی دیوانی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی دارایدا هه‌یه‌.  به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ژمیریاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئاگادارییه‌ك ئاڕاسته‌ی فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مان كراوه‌، كه‌ تاوه‌كو نامه‌یان بۆ نه‌نێردرێت سه‌ردانی په‌رله‌مان نه‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی موچه‌كانیان.  به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری په‌رله‌مان له‌ ئاگادارینامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كردووه‌، له‌ رۆژی 13ی ئازاره‌وه‌ نوسراوی موچه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ناردووه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ته‌واو نه‌بووه‌.  له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌ی له‌نێوان دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی دروستبووه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاند، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ موچه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا بۆ مانگی سێ نییه‌و له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ هه‌موو رێوشوێنه‌ یاسایی و رۆتینییه‌كان ته‌واو كراوه‌، بۆ موچه‌ی مانگی دووش كه‌ رۆژێك دواكه‌ت، په‌یوه‌ندی به‌ په‌رله‌مان خۆیانه‌وه‌ هه‌بووه‌و دره‌نگ چوون بۆ بانك.  وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی وتی: به‌ڵام سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگره‌كه‌ی كێشه‌ له‌ ناونیشانی وه‌زیفی و موچه‌كانیان هه‌یه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری وه‌زاره‌تی دارایی پرسیاریان له‌سه‌ر دروستبووه‌و پێویسته‌ بیسه‌لمێنن موچه‌كانیان یاساییه‌، داوامان كردووه‌ له‌ لایه‌نی فه‌رمییه‌وه‌ نوسراومان بۆ بهێنن ئایا ئه‌و موچه‌ی كه‌ وه‌ریده‌گرن و هاوتای پله‌كانیان نییه‌، پێچه‌وانه‌ی یاسای چاكسازییه‌ یاخود نا؟!".  "سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌ی وه‌زیر ده‌رده‌گرێت، جێگره‌كه‌شی موچه‌ی بریكاری وه‌زیر وه‌رده‌گرێت" وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی وای وت. یه‌كێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، وتی: وه‌زیری دارایی به‌ ته‌له‌فۆن داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تی دیوان كردووه‌ زانیاری له‌سه‌ر موچه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن، وه‌زاره‌تی دارایی هیچ نوسراوێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان نه‌كردووه‌، هه‌ركاتێك نوسراویان كرد، وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه‌.  وه‌ڵامی په‌رله‌مان چییه‌؟  سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان (ئه‌رده‌ڵان محه‌مه‌د سه‌رسپی)یه‌ كه‌ سه‌ربه‌ یه‌كیتیی نیشتمانی كوردستانه‌، جێگره‌كه‌شی (هیوا نه‌سره‌دین)ه‌ له‌ پشكی پارتی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێ ئه‌م دوو كه‌سه‌ خۆیان كێشه‌یان هه‌یه‌، ده‌یانه‌وێت كێشه‌كه‌یان بكه‌ن به‌ كێشه‌ی هه‌موو په‌رله‌مان.  له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، سامان ئه‌حمه‌د به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: پەرلەمانی کوردستان، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە لەڕووی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی کاروبارو دەسەڵاتەکانی، بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموارکراو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە بۆی دیاریکراوە: 1-     لە ماددەی (56) ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان خاڵی (8)ی یاساکە هاتووە بە (دانانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی میلاک و بڕیاردان لەسەر بودجەکەی و دامەزراندنی کارمەندەکانی).  2-    پاڵپشت بە ماددەی (56) خاڵی (8)ی یاساکە، پەیڕەوێک دانراوە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (10) پەسەندکراوە لەو پەیڕەوەدا لە ماددەی (112) داهاتووە (پەرلەمان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی دیوانێکی دەبێت، لەلایەن سەرۆکێکەوە بە پلەی تایبەت بەڕێوەدەبرێت). 3-    لە ماددەی (113 /یەکەم) داهاتووە سەرۆکی دیوان بە فەرمانێک لەلایەن سەرۆکەوە دادەمەزرێت و لە بەردەمیدا بەرپرسیار دەبێت.  4-    سەرۆکی دیوان ئەرکەکانی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن سەرۆکەوە پێی دەدرێت پیادە دەكات.  له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م رونكردنه‌وه‌ یاساییه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مان وتی: پاڵپشت بەو خاڵانەی سەرەوە سەرۆکی دیوان لە پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان دامەزراوەو پێویست ناکات هیچ بەهانەیەک بۆ ئەم بابەتە بهێنرێتەوە هیچ کەس و لایەنێک لە هەر دامەزراوەیەک بێت لێکۆڵینەوەو بەدوادوچون بۆ ئەم بابەتە بکات و بابەتەکانی تایبەت بە دەسەڵاتی یاسادانان بەپێی یاسا بەرکارەکان دیاری کراوە". به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ خۆی داوایكرد ناوه‌كه‌ی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ (دره‌و)ی راگه‌یاند، ریشه‌ی ئه‌م ناكۆكییه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ وه‌زیری دارایی داوا ده‌كات سه‌رۆكایه‌تی دیوانی په‌رله‌مان نوسراوی خانه‌نشینبوون بۆ (5) په‌رله‌مانتار بكات كه‌ دوانیان سه‌ربه‌ حزبه‌كه‌ی وه‌زیری دارایین (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)، سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان ئەم داوایەی وەزیری دارایی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، بەو پێیەی داواكه‌ی نایاساییەو لادانە لە یاسا کارپێکراوەکانی خانەنشینی پەرلەمان. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ وتی: ئاوات شێخ جەناب وه‌زیری دارایی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە رەتکردنەوەی داوا نایاساییەکەی، موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی راگرتووە كه‌ سەروو (700) فه‌رمانبه‌ره‌.  هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی ره‌تیكرده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ موچه‌ی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌یسی خانه‌نشیكردنی ئه‌و (5) په‌رله‌مانتاره‌وه‌ هه‌بێت كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ كێشمه‌كێشی له‌سه‌ر دروستبووه‌، وته‌بێژكه‌ ده‌ڵێ: بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ كۆی په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌و نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌و پێنج په‌رله‌مانتاره‌، بۆیه‌ به‌گوێره‌ی یاسای چاكسازی و یاسا كارپێكراوه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی خانه‌نشینكردنی په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌م ده‌كرێت.  كێشه‌ی پێنج په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ! رۆژی 30ی ئایاری ئه‌مساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ی كه‌ له‌دوای ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووبوون، هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌.  شه‌ش كه‌س له‌دوای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو په‌رله‌مانتار ده‌ستبه‌كاربوون، كه‌ بریتین له‌:  1-    (سۆز عه‌بدولقادر عه‌بدولڕه‌حمان) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە ساڵح) لە رۆژی (30/11/2022) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 2-    (دلێر عه‌بدولخالق حاجی) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە ساڵح) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 3-    (بێریوان فەقێ ئیسماعیل) لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. لەكاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابوو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبوو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بوو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاریدا به‌ دورخستنه‌وه‌ی له‌ حزب.   4-    (عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن حه‌مه‌د) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە یەكگرتوو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 5-    (له‌یلا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتوو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 6-    (مەهدی عەلی عەبدوڵا) لەسەر فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (كازم فاروق) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ وه‌رگرتنی موچه‌ی خانه‌نشینییان ره‌تكرده‌وه‌. به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ نه‌ك موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مان نایانگرێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و پارانه‌ش بگه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتار وه‌ریانگرتووه‌، به‌ڵام (5) كه‌س له‌م كه‌سانه‌، نوسراویان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌و داوایان كردووه‌ خانه‌نشین بكرێن، ئه‌وانه‌ی ئه‌م داواكارییه‌یان كردووه‌ بریتین له‌: 1-    (سۆز عه‌بدولقادر عه‌بدولڕه‌حمان) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان  2-     (دلێر عه‌بدولخالق حاجی) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان 3-    (بێریوان فەقێ ئیسماعیل) یه‌كگرتوو بووه‌و له‌ ریزه‌كانی یه‌كگرتوو ده‌ركراوه‌ 4-    (عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن حه‌مه‌د) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی 5-    (له‌یلا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی


(دره‌و): سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی عێراق له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ جینین پلاسخارت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات رۆڵی هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی روبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بنه‌وه‌.  دوای دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كانی پارتی له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق به‌تایبه‌تیش بڕیاره‌كه‌ی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق سه‌ردانی دادوه‌ر (جاسم محه‌مه‌د عه‌بود) سه‌رۆكی دادگای باڵای فیداڵی عێراق كرد.  راگه‌یه‌ندراوی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی ئه‌م دیداره‌ ده‌ڵێ:" باس له‌ رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كراوه‌‌ له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌واده‌ی دروستی خۆیاندا به‌ڕێوه‌بچن، به‌و میكانیزمانه‌ی كه‌ گه‌ره‌نتی خاوێنی پرۆسه‌كه‌و دادپه‌روه‌ریی و گه‌ره‌نتی به‌شداری هه‌مووان ده‌كه‌ن".  سه‌رۆكی دادگا به‌ خاتوو پلاسخارتی راگه‌یاندووه‌" ده‌بێت نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ روبه‌ڕووی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بنه‌وه"‌.  پلاسخارت و باڵیۆزی ئه‌مریكا هه‌ردووكیان له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی پارتی سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ بڕه‌وێنه‌وه‌، پارتی نیگه‌رانه‌ له‌ ده‌ستكاریكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای یه‌كێتیی، به‌تایبه‌تیش لابردنی (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن (به‌دیاریكراوی له‌ بازنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌)، هه‌روه‌ها سپاردنی ته‌ماشاكردنی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق له‌بری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌رێم.  ته‌وه‌رێكی تری دیداری نوێنه‌ری سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ كێشه‌ی ته‌وتینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بڕیاری دادگادا، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی وتویه‌تی:" به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه سه‌باره‌ت به‌ ته‌وتینی موچه‌،‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا موچه‌ به‌سه‌ر خانه‌نشینان و فه‌رمانبه‌ران و سودمه‌ندبوانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌شكراوه‌".  سه‌رۆكی دادگای هۆكاری ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ "بوونی كێشه‌ بوو له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌" گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ: دادگای له‌ بڕیاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌‌ نابێت  ئه‌و كێشه‌یه‌ ببێته‌ هۆی بێبه‌شكردنی فه‌رمانبه‌رو خانه‌نشینانی هه‌رێم له‌ موچه‌كانیان. وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ نیگه‌رانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی كه‌ وه‌كو لێدان له‌ پێگه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم ناوی ده‌به‌ن، سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی به‌ نوێنه‌ری سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی وتووه‌: ده‌ستوری عێراق له‌ مادده‌ی (117)دا دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كانی، هه‌رێمێكی فیدراڵین و به‌گوێره‌ی مادده‌ی (121/ یه‌كه‌م) ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم مافی‌ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی هه‌یه‌، جگه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ تایبه‌تمه‌ندی تاقانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانن.  سه‌رۆكی دادگا له‌باره‌ی بڕیاره‌كانیشی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم، باسی له‌وه‌كردووه‌" دادگای فیدراڵی له‌خۆیه‌وه‌ ته‌ماشای دۆسیه‌كان ناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سكاڵایانه‌ ته‌ماشایان ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن سكاڵاكارانه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێن و دادگا ده‌بێت ئه‌و سكاڵایانه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستورو یاسا یه‌كلابكاته‌وه، له‌ بابه‌تی بریاره‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك بووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ تۆماركراوه‌‌.  رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌ له‌ پیرمام، پلاسخارت چاوی به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وت، له‌م دیداره‌دا پلاسخارت وتبووی" لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەین. پێویسته‌ پارتی به‌شداری لە هەڵبژاردن بكات، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت". هه‌ر له‌م دیداره‌دا نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ بارزانی كرد" بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە". بارزانیش به‌ پلاسخارتی راگه‌یاندبوو" دادگای فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت. دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پارلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت".  بارزانی بۆ به‌شداریكردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ پلاسخارتی وت: لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت. له‌باره‌ی موچه‌شه‌وه‌، بارزانی باسی له‌وه‌كردبوو" بەغدا بەشێوەیەكی نادەستوری دەستی بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووەو موچەو قوتی خەڵكی كوردستانی وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكارهێناوە".  


راپۆرت: دره‌و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی موسڵه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، ره‌نگه‌ دواجار نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش ئاڕاسته‌ی ئه‌م هێڵه‌ نوێیه‌ بكرێت، كه‌ركوك به‌بێ بۆری كوردستان رێگای خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌، چاره‌نوسی بۆری و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمیش به‌ ناڕوونی ده‌مێنێته‌وه‌، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا. هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌بێ كوردستان سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ (دره‌و)ی راگه‌یاند، وەزارەتی نەوتی عێراق یه‌كه‌مین تاقیکردنەوەی بۆ ئه‌و بۆرییه‌ كردووه‌ كه‌ نه‌وتی كه‌ركوك راسته‌وخۆ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا. به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، تاقیكردنه‌وه‌كه‌ له‌ سێ وێستگه‌ی بۆرییه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه‌و به‌مزوانه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی دووه‌م له‌رێگه‌ی گازه‌وه‌ بۆ بۆرییه‌كه‌ ده‌كرێت و له‌ چه‌ند مانگی كه‌می داهاتوودا هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌ستپێده‌كات.  17ی حوزه‌یرانی 2014 ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری ئه‌وكاتی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ستنه‌وه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكی به‌ بۆری نوێی نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ راگه‌یاند، ئه‌وكات به‌هۆی هاتنی چه‌كدارانی داعشه‌وه،‌ سوپای عێراق له‌ كه‌ركوك كشابووه‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كه‌یان پڕكردبووه‌وه‌، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بوون، ئیتر لێره‌وه‌ نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كرا. به‌غداد ناڕازیی بوو، رۆژی 11ی ته‌موزی 2014 وه‌زیری نه‌وتی عێراق هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر دوو كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی نه‌وتی كه‌ركوكدا گرتووه‌و ئه‌مه‌ وه‌كو "هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر یه‌كڕیزی نیشتمانی له‌ عێراق" ناوبرد، سه‌رباری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ش، دواجارو له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكدا تا راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، نه‌وتی كه‌ركوك هه‌ر به‌ بۆرییه‌كه‌ی هه‌رێمدا ره‌وانه‌ی ناو خاكی توركیا ده‌كرا، كه‌ رۆژانه‌ بڕی  (90 هه‌زار) به‌رمیل بوو.  له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی پاریسه‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راوه‌ستاو تائێستا ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك راوه‌ستاوه‌.  (دره‌و) رۆژی 21ی مانگی رابردوو هه‌وڵی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێم ئاشكراكرد، ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌كاتێكدایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق له‌ گفتوگۆدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ نرخی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستان كه‌ ناڕه‌زایه‌تیی كۆمپانیا بیانییه‌كانی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.  رێگایه‌كی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت ! وەزارەتی نەوتی عێراق ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگی داهاتوودا بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) بخاته‌وه‌ كار، ئه‌مه‌ وەك جێگرەوەیەك بۆ بۆری نەوتی هەرێم. بۆری (كه‌ركوك- موسڵ- توركیا) توانای رەوانەكردنی زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، چاوەڕوان دەكرێت نەوتی هەرێمی كوردستانیش لەو بۆریەوە ره‌وانه‌ بكرێته‌وه‌. بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ - توركیا ) دوو بۆریە، بۆری یەكەم (40) ئینجەو بۆری دووەم (46) ئینجە، بەرهەدووكیان توانای رەوانەكردنی (ملیۆنێك و 600) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە. ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوك  (K1)ەوە دەردەچێت، لە (تەلوەرد)ەوە بۆ ناحیەی ریازی سەربە حەویجەو لەوێشەوە بۆ بێجی، پاشان بۆ فەتحە لە موسڵ تا وێستگەی (MS)  لە رۆژئاوای زاخۆ، لەوێ فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكور هه‌یه‌و رۆژانە دووجار پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەكەن. مێژووی بۆرییه‌كه‌ لەبارەی مێژووی دروستكردنی بۆری نەوتی (كەركوك – موسڵ – توركیا)، ئەندازیار فەرهاد هەمزە لە كۆمپانیای نەوتی باكور ده‌ڵێ: لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیەوە كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا، ڕێڕەوێكی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك بدۆزنەوە، بەڵام هۆكارە سیاسییەكان ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، تا ئەو كاتەی بەعسیەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست و رێگایان لە بەردەم تەخت بوو. سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی كەركوكیان لە دەست ئینگلیزەكان دەرهێناو خۆماڵییان كرد، پاشان لە 26/12/1974 رێككەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق – توركیا لەنێوان هەردوو حكومەتدا ئیمزاكرا، لە 7ی نیسانی 1975 دەستكرا بە كاركردن لەو هێڵە لەلایەن كۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانیەوە، پرۆژەكەش بریتی بوو لەراكێشانی لولەیەكی 40 ئینجی بەتوانای 750 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەكی پاڵنان (محگات چخ) لەهەردوو بەری عێراق و توركیادا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەكی ژماردن (محگە القیاسات Measurmg station) لە نزیك زاخۆ، درێژی هێڵەكە 985.3 كم لە ویستگەی IT1 كە دەكەوێتە دووری 26كم لە رۆژئاوای كەركوكەوە دەست پێ دەكات، ماوەی  345كم پرۆژەكە دەكەوێتە ناو خاكی عێراقەوە واتە لە كەركوكەوە تا زاخۆ،  640.3 كیلۆمەتریشی دەكەوێتە خاكی توركیاوە، هێڵەكە بە تەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە رووباری دجلەو زێی خاپوور دەپەڕێتەوە دەچێتە خاكی توركیاوە. لە كانونی دووەمی 1977 گه محی الدین معروف جێگری سەرۆك كۆماری ئەوسای عێراق پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق توركیای كردەوە، لەكاتی كردنەوەكە دا ئاهەنگێكی گەورە سازكرا كە سلێمان دیمریل سەرۆك وەزیرانی ئەوسای توركیاو ژمارەیەك وەزیری تری لەگەڵدا بوو، لەسەرەتای ئاهەنگەكە (تایە عبدالكریم) وەزیری نەوتی عێراقی وتی: ئەمڕۆ لەگەڵ میوانە ئازیزەكانمان لە دراوسێی دۆستمانەوە توركیا كۆئەبینەوە. لەمبارەیەوە رۆژنامەی (وگن) كە لەتوركیا دەردەچێ ستایشی پرۆژەكەی كردو نوسیبوی عێراق پاش خەباتێكی دژوار دژی كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكان نەوتی خۆی خۆماڵی كردووەو ئەو ئاواتەی بەدی هێناوە كە گەلی عەرەب لە ماوەی 50 ساڵ خەبات دژی مۆنۆپۆڵە بێگانەكاندا خەونی پێوە دەبینی. لە ساڵی 1986 هێڵەكە فراوانییەكی تری بەخۆوە دی و لولەیەكی تری 46 ئینجی بۆ راكێشرا، كە توانای هەناردنی هەردوو لولەكە گەیشتە 1.600.000 بەرمیل لە رۆژێكدا. لەبەری عێراقه‌وه‌ هێڵەكە سێ ویستگەی پاڵنان هەیە، لەبەری توركیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەكی هەیە ps3 (جەزیره‌) ps4 (ماردین)، ps-5 (غازی عەنتەب) دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی توركی لە ناوچەی (ئەدەنە). ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵە بوو لە توانایدا بوو 1،600،000 بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات. بێگومان عێراق بەرانبەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو بڕێك پارە باجی بە توركیا دەدا، لە سەرەتادا ڕێككەوتن بە (42) سەنت بەرانبەر هەر بەرمیلێك ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە سەرووی  (1,5) ملیۆن بەرمیل بێت، (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكردن لەخوار (750) هەزار بەرمیلەوە بێت. لە دوای ساڵی 2003 ئەم رێكەوتنە دەستكاری كراو بەم چەشنەی لێهات:- (70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت، (112) سەنت ئەگەر بڕەكە لە 200 هەزار كەمتر بێت. شكستی هێڵی بانیاس! له‌دوای راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك، وه‌زاره‌تی نەوتی عێراق تاوتوێی زیندوكردنه‌وه‌ی هێڵی نەوتی (كەركوك - بانیاسی سوریا) ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی له‌م بۆرییه‌وه‌ نەوتی كەركوك لە رێگەی سوریاوە بگەیەنێتە سه‌ر دەریای ناوەڕاست.  هه‌وڵه‌كه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ رۆیشت كه‌ لە وەزارەتی نەوتی عێراق تیمی هونەری راسپارد بۆ نۆژەنكردنەوەی بۆرییه‌كه‌ له‌ناو خاكی عێراق (كەركوك - بێجی - حەدیسە) كە نزیكەی (300) كیلۆمەتر دەبێت، بڕیاریدا لەناو خاكی سوریاش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی سوری بكرێت بۆ نوژەنكردنەوەی بۆری نەوته‌كه‌، كە بەهۆی شەڕو كێشە ناوخۆییەكانی سوریا لەكاركەوتووە. بۆری نەوتی كەركوك - بانیاس لە ساڵی 1934 دروستكراوەو یەكەمجار بۆرییەكی (12) ئینجی بووه‌ كه‌ رۆژانە نزیكەی (85) هەزار بەرمیلی پێدا هەناردە كراوه‌، لە ساڵی 1952 بۆرییەكی (16) ئینجی دروستكراوه‌و، دواتر لە كۆتایی شەستەكاندا دوو بۆری (30 و 32) ئینجی دروستكراوه‌، بەڵام لە ساڵی 1982 حكومەتی عێراق  رەوانەكردنی نەوتی عێراقی لە رێگای سوریاوە راگرتووه‌، بەبیانووی پشتیوانی سوریا لە ئێران (ساڵانی جه‌نگی عێراق- ئێران). ئێستا بۆری نەوتی (كەركوك - بانیاس) لە دیوی عێراق و سوریاشەوە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆریەكە لەناو خاكی سوریا (850) كیلۆمەترەو بەتەواوی پێویستی بە نۆژەنكردنه‌وه‌و دروستكردنی بۆرییەكی (42) ئینجی هەیە، كە دەبێت لەلایەنی سورییەوە دروستبكرێت، ئه‌وكات وا پێشبینی ده‌كرا بۆ ئه‌م كاره‌ كۆمپانیا روسییەكان یارمه‌تی سوریا بده‌ن.  لە دیوی عێراقیشەوە بۆرییه‌كه‌ دوو بەشە، لە كەركوك بۆ بێجی كە نزیكەی (120) كیلۆمەترەو بۆرییەكە كێشەی نیەو بۆریەكی (42) ئینجەو توانای رەوانەكردنی (600) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام لە بێجی بۆ حەدیسە كە نزیكەی (200) كیلۆمەترە بۆریەكی (30 و 32) ئینجی هەیە كە توانای رەوانەكردنی (150) هەزار بەرمیلی هەیەو پێویستی بە بۆرییەكی (40 بۆ 42) ئینجی هەیە كە توانای رەوانەكردنی (600) هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەبێت. ساڵی 2007 عێراق و سوریا رێككەوتن بۆ دروستكردنەوەی هێڵی بۆری كەركوك - بانیاس و بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە كۆمپانیای گازپرۆمی روسییەوە دروستبكرێت، بەڵام لە 2009 ئەو رێككەوتنە هەڵوەشایەوە بەهۆی گرانی تێچوون و كۆمەڵێك كێشەی ترەوە. هه‌وڵی یه‌كه‌می وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ رووی له‌ هه‌وڵی دووه‌م كرد كه‌ بۆری كه‌ركوك- جه‌یهانه‌. له‌باره‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لەڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواسترایه‌وه‌ بۆ بەندەری جەیهانی تورکی (ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی ئه‌وكاتی حكومه‌تی هه‌رێمدا كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد ناوی لێنرابوو ئابوری سه‌ربه‌خۆ). کۆمپانیای (کار) بۆری نەوتی كوردستانی دروستکردووەو (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، بەپێی زانیارییەکان بۆرییەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە. (60%)ی بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، لە 2/6/2017دا لە شاری (سانپترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (رۆسنەفت) واژۆکرا، به‌گوێره‌ی ئه‌م گرێبه‌سته‌ رۆسنه‌فت بوو به‌ خاوه‌نی (60%)ی بۆری نەوتی کوردستان به‌به‌های (1 ملیارو 700 ملیۆن) دۆلار، لێره‌وه‌ ئیتر روسه‌كان جێ پیی خۆیان له‌ كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمدا چه‌سپاند، ئه‌وكات ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم نیگه‌ران بوون له‌ ئه‌مریكا به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاڵپشتی له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم نه‌ده‌كرد، بۆئه‌مه‌ش په‌نایان بۆ روسیا برد.  درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆمەترە، لەسنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکە کانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش رێژه‌ی (44،6%)ی بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە.  


(دره‌و): هاوكات له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانیدا، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ده‌گاته‌ به‌غداد، دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكان ده‌بێت، پارتی هه‌وڵی دواخستن ده‌دات، یه‌كێتیی دژه‌. بڕیاره‌ سبه‌ینێ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی بگاته‌ به‌غداد، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتیی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتی. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان.  سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه‌، به‌ڵام حزبه‌كه‌ی (پارتی دیموكراتی كوردستان) له‌ پرۆسه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌و تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێك تێبینی تر له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌كه‌ی عێراقه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ته‌ماشاكردنی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراقه‌وه‌.  یه‌كێتیی كه‌ له‌دوای بردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه (21ی شوباتی 2024)‌، یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌و جۆره‌ لێكردووه‌ كه‌ دڵخوازی خۆیه‌تی، دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا په‌یوه‌ندی به‌م پرسه‌وه‌ هه‌یه‌.  واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌، پارتی كاندیدی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی خۆی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن.  باڵیۆزی ئه‌مریكاو نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نێوه‌ندگیری ده‌كه‌ن بۆ قایلكردنی پارتی بۆ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی 7ی ته‌موزی ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی درێژكراوه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كۆتایی دێت و لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت یاسای كۆمسیۆنی هه‌موار بكه‌نه‌وه‌و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ره‌كان به‌سه‌ر كۆمسیۆنه‌وه‌ بهێنن و كۆمسیۆن له‌سه‌ر شێوازه‌كه‌ی جاران (پشكێنه‌ی حزبی) دروست بكه‌نه‌وه‌.  دڵشاد شەهاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دەڵێ: بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە رێکخستنەوەکانی پەیوەندی هەرێم و بەغداد. به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆدەبێتەوەو دۆسیەکانی بودجەو موچە و هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆ دەکات.


راپۆرتی: درەو 🔻 وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی داهات و خەرجی مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2024)ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە مانگی کانونی دووەمی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (11 ترلیۆن 542 ملیار) دینار، کە (89%)ی داهاتی نەوت و(11%)ی داهاتی نانەوتی بووە.  🔹 لەو داهاتەی لە مانگی (1)ی ئەمساڵ بەدەستهاتووە نزیکەی (8 ترلیۆن و 145 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (92.6%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. بڕی (646 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (7.4%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە.  🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بەڕێژەی (23.8%) و نزیکەی (2 ترلیۆن 751 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە.  🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر بووە لە (744 ملیار) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران زۆرتر لە (699 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر (41 ملیار 260 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار (3 ملیار و 860 ملیۆن) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی  ساڵی (2024) پاڵپشت بە نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2024)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) کە چووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە، بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 542 ملیار و 84 ملیۆن و 416 هەزار و 974) دینار، بەجۆرێک بڕی (10 ترلیۆن و 275 ملیار و 776 ملیۆن و 460 هەزار و 258) دیناری بەڕێژەی (89%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنها بڕی (ترلیۆنێک و 266 ملیار و 307 ملیۆن و 956 هەزار و 716) دیناری بەڕێژەی (11%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). جێگەی ئاماژەیە داهاتی نانەوتی عێراق بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەک لە لەڕاپۆرتەکەی وەزارەتی داراییدا ئاماژەی پێدراوە، سەرچاوەی گرتووە لە؛ -    باجی کاڵای هاوردە بریتی بووە لە (51 ملیار و 627 ملیۆن و 322 هەزار و 258) دینار. -    باجی شمەک و رەسمی بەرهەمهێنان بریتی بووە لە (152 ملیار و 371 ملیۆن و 45 هەزار و 867) دینار. -    داهاتی رەسم بریتی بووە لە (95 ملیار و 994 ملیۆن و 607 هەزار و 353) دینار. -    پشکی قازانج لە کەرتی گشتی بریتی بووە لە (3 ملیار و 216 ملیۆن و 55 هەزار و 941) دینار. -    داهاتی گواستنەوە (الارادات التحویلیة) بریتی بووە لە (24 ملیار و 468 ملیۆن و 425 هەزار و 915) دینار. -    داهاتی سەمایەگوزاری بریتی بووە لە (14 ملیار و 630 ملیۆن و 829 هەزار و 393) دینار. -    داهاتەکانی دیکە بریتی بووە لە (926 ملیار و 999 ملیۆن و 669 هەزار و 989) دینار. دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە کانونی دووەمی  ساڵی (2024) هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 791 ملیار و 195 ملیۆن و 846 هەزار و 494) دینار، بەجۆرێک بڕی (8 ترلیۆن و 144 ملیار و 798 ملیۆن و 112 هەزار و 567) دیناری بەڕێژەی (92.6%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (646 ملیار و 377 ملیۆن و 733 هەزار و 927) دیناری بەڕێژەی (7.4%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی  ساڵی (2024) خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (646 ملیار و 377 ملیۆن و 733 هەزار و 927) دیناری بەڕێژەی (7.4%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (6 ملیار و 607 ملیۆن و 202 هەزار و 185) دیناری بە ڕێژەی (1%) بۆ خەرج کراوە.  2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (91 ملیار و 895 ملیۆن و 31 هەزار و 134) دیناری بە ڕێژەی (14%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (131 ملیار و 488 ملیۆن و 489 هەزار و 883) دیناری بە ڕێژەی (20%) بۆ خەرج کراوە.  4.    کەرتی بیناسازی بڕی (371 ملیار و 928 ملیۆن و 148 هەزار و 853) دیناری بە ڕێژەی (58%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (44 ملیار و 458 ملیۆن و 461 هەزار و 872) دیناری بە ڕێژەی (7%) بۆ خەرج کراوە.  بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی لە کانونی دووەمی  ساڵی (2024) لە کانونی دووەمی ساڵی (2024)دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 971 ملیار و 175 ملیۆن و 846 هەزار و 494) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 542 ملیار و 84 ملیۆن و 416 هەزار و 974) دینار. بڕی (2 ترلیۆن و 750 ملیار و 908 ملیۆن و 570 هەزار و 480) دیناری بەڕێژەی (23.8%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. (خشتەی ژمارە (4)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی  ساڵی (2024) لە کانونی دووەمی ساڵی (2024)دا، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (744 ملیار و 639 ملیۆن و 371 هەزار و 535) دینار، بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران لە کانونی دووەمی (2024) بڕی (41 ملیار و 260 ملیۆن و 632 هەزار و 796) دیناری خەرجکردووە، تەنها (33 هەزار) دیناری لەبواری وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار لە کانونی دووەمی (2024)دا بڕی (3 ملیار و 860 ملیۆن و 92 هەزار و 484) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن بووە.  3.    ئەنجومەنی وەزیران لە کانونی دووەمی (2024)دا بڕی (699 ملیار و 518 ملیۆن و 646 هەزار و 255) دیناری خەرجکردووە، بڕی (616 ملیار و 450 ملیۆن و 210 هەزار و 931) دیناری بە ڕێژەی (88%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (82 ملیار و 568 ملیۆن و 435 هەزار و 324) دیناری بە ڕێژەی (12%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەکان سەرچاوە ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق (حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2024 للموازنە الاتحادیة)؛ https://bitly.ws/YMZ3


راپۆرتی: ئینستیتیوتی پەی لەبارەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمان   ئەوانەی دادگای فیدراڵی مافی پەرلەمانتاریان لێ وەردەگرێتەوە   دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 7/10/2023 بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنی دواخست، لەبەرامبەردا لەئەنجامی سكالا لەلایەن دادگای فیدرالیەوە لە رۆژی 30/5/2023 ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوزەد كرد و رایگەیاند كە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (6/11/2022)ەوە كۆتای هاتووە، وە رایگەیاند كە هەموو ئەو یاساو بڕیاریارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە و نادەستوری هەژمار دەكرێت و حكومەتی هەرێمی بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناوبرد. بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی هەموو ئەو كەسانەی لەدوای ئەم رێكەوتەوە لەشوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان كراون بە ئەندامی پەرلەمان، بە نایاسایی دادەنرێن و ناكرێت وەك ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەژمار بكرێن و هەر ئیمتیازاتێكیشیان وەرگرتبێت نایاساییەو لێیان دەسەنرێتەوە. كە ئەمانەن: 1-سۆز عبدالقادر عبدالرحمن: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە سالح) لە رۆژی (30/11/2022) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 2-دلێر عبدالخالق حاجی: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە سالح) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 3-بێریوان فەقێ ئیسماعیل: لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. لەكاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابوو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبوو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بوو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دوور خستنەوەی ناوبراویاندا لە حزبەكەیان. 4-عەبدوللا حەسەن حەمەد: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوە یەكگرتوو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 5-لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتوو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. 6-مەهدی عەلی عەبدوللا: لەسەر فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوە (كازم فاروق) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. حكومەتی هەرێم لەبەر شەڕكردن لەسەر موچەی نایاسایی، فریای بەرگریكردن لە موچەی یاسایی ناكەوێت! پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای ئەوەی بەهۆكاری نەگەیشتنە سازانی هێزە سیاسیەكان لەلایەك و لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیەوە نەیتوانی نەخشەڕێگایەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابنێت و بەڕوو سوری تەمەنی خولەكەی خۆی كۆتاپێبێنێ‌، ئەوە بوو لە (9/10/2022) بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بۆ ساڵێك دا، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوێكی هێنابوویەوە، كە لە هۆكارەكانی دەرچوونی یاساكەدا هاتبوو، وەك: رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی، دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەڵام لەراستیدا هۆكارە راستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە: خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت. دوای هەشت مانگ لە درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە رێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كردو نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری رەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست.  دواتر لە (30/5/2023) بەهۆی چەند سكاڵایەكەوە، دادگەی ئیتیحادی بڕیاری نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیدا، ئەو ماوەیەی لە (6/11/2022) تا (30/5/2023) ی بە نایاسایی دانا، بەمەش سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان دابوونی، ئەو هەنگاوانەی نابووی لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان بە ئەندامی نوێ و سوێندخواردنیان، پوچەڵ كرانەوە. بەپێی بڕیارەكەی دادگە، ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاران موچەیان وەرگرتبوو نایاسایی بوو، دەبوایە موچەكان بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، بەلام هیچ پەرلەمانتارێك موچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە لە ئێستادا لیستیان دروستكردووە، یا لەنێو حزبەكانیاندا خۆیان كاندید كردۆتەوە، گوایە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندی هاولاتیان دەیانەوێ بچنەوە پەرلەمان! ئەمە لە كاتێكدا موچەخۆران تا ئێستا چوار موچەیان وەرنەگرتووە، كەچی پەرلەمانتارەكان حەوت موچەیان بە نایاسایی خوارد.  خۆ ئەگەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، پەرۆشی موچەخۆران بوونایە دەبوایە شەڕی بڕینی موچەی نایاساییان بكردایە، ئەوكاتە موچەی یاسایی ئۆتۆماتیكی شوێنی خۆی دەكردەوە. لەكاتێكدا دەبوایە پابەند بن بە گێڕانەوەو لێسەندنەوەی موچە نایاساییەكان، نەك هەر نەیانگێڕایەوە بەڵكو دوو مانگی تریشیان دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی ئیتحادی بە نایاسایی بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشكرد. ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات! سەرباری هەموو ئەوانە، لە ئێستادا فەزاحەتێكی گەورەتر بەڕێوەیە، بەپێی ئەو بەڵگەو دۆكیۆمێنتانەی دەست ئینستتیوتی پەی كەوتووە، پێنج لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای (6/11/2022) بەنایاسایی سوێندیان خواردبوو، داواكارییەكیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردووە و داوای خانەنشینی دەكەن، كە داواكاران بریتین لە (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) و (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە بزوتنەوەی گۆڕان، (عەبدوڵلا حەسەن حەمەد) و (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە بزوتنەوەی ئیسلامی، (بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل) لە یەكگرتووی ئیسلامی (هەر بۆ زانیاری دوای سوێندخواردنی بێروان فەقێ‌ لە پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی ناوبراوی لە ریزەكانی خۆی دەركرد)، بەپێَی زانیارییەكانی ئینستتیوتی پەی سەرۆكایەتی دیوان بەبی ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، دواتر داواكارییەكە لەلایەن وەزیری داراییەوە براوەتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە رۆژی (27/3/2024) یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بووە، هەروەك بەڵێنیان پێدراوە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر پێنجیان خانەنشین بكرێن. ئەمە لە كاتێكدایە كە موچەخۆران موچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە، رۆژی بەر لە كۆبوونەوەكەش سەرۆكی حكومەت لە میدیاكانەوە موژدەی ئەوەی دابوو گوایە لە كۆبوونەوەكەدا هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ موچەخۆران و هاوڵاتیان پێیە! كەچی یەك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خانەنشینكردنی ئەو پەرلەمانتارانە بە شێوەیەكی نایاسایی. شایانی باسە ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها (5) مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دوو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردووە. یەكێكیان بەشداری (5) كۆبوونەوەو ئەوانەی تر بەشداری تەنها (3) كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژە یاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوونە تەنها (8:45) هەشت خولەك و چل و پێنج چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە كەچی لەبەرامبەردا بە هەر پێنجیان بڕی (172.200.000) سەد و حەفتاو دوو ملیۆن دیناریان وەك موچە وەرگرتووە. ئێستاش بە نایاسایی داوای خانەنشینی دەكەن وەك ئەوەی بیریان چووبێت ئەو ماوە كورتەی لە پەرلەمان بوون بە یاساداڕێژەر (مشرع) و پارێزەری یاسا ناوبراون! سەرجەم وردەكارییەكانیان لە خشتەكاندا خراونەتە روو. جگە لەمانە لەو ماوەیەدا (واتە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی) پەرلەمانی كوردستان (7) یاسای پەسەند كردووە، كە بە نەبوو دادەنرێن، كەچی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك بە ژمارە (12952) كە لە (12/10/2023) دەریكردووە كار بەو یاسایانە دەكات، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگایە، لەداهاتوودا كێشە بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان دەنێتەوە.  ئەگەر سەبارەت بەم دۆسیانە، هەر كەسێك لە دادگەی ئیتیحادی سكاڵا تۆمار بكات، دادگا لەبەرژەوەندی سكاڵاكار و لە دژی حكومەتی هەرێم بڕیار دەدات، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە و خانەنشین بوونە نایاساییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە، داوای گێڕانەوەی ئەو موچە نایاساییانە دەكات كە وەرگیراون، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم دیسانەوە رایدەگەیەنێ‌ كە دادگەی ئیتیحادی دژ بە حكومەتی هەرێمە، لەكاتێكدا حكومەت خۆی كارتی نایاسایی دەدات بە دادگا تا دژی بجولێتەوە! ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر بچێتە سەر و ئەنجامبدرێت، وێڕای ئەوەی یاساشكێنیەكی روونە، دروستكردنی دۆخێكی ناعەدالەتییە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، سوكایەتیشە بە دامەزراوەیەكی بەرز و پیرۆزی وەك پەرلەمان، چونكە پەرلەمانی پێ لاواز دەبێت، باشتر وابوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حزبە سیاسییەكان بەدواداچوونیان بكردایە بۆ ئەو بڕیارە نابەجێیەی دادگەی ئیتیحادی دەریكردووە كە هیچیتر نابێت "پەرلەمان مەرجەعی باڵای یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستان"بێت. لەبەر هیچنا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، چونكە تا دامەزراوەی پەرلەمان تۆكمەو بەهێز بێت، حكومەت بەهێزتر دەبێت و حیزبە سیاسییەكانیش ئاسودەتر لە هاتنەدی خواست و داواكارییەكانیان، بەڵام بەداخەوە شەڕیان لەسەر ئەوەیە كامیان پێشێلی زیاتری یاسا بكەن لەپێناو دەسكەوت و بەرژەوەندیی بچوك!   ئەوانەی دادگای فیدراڵی مافی پەرلەمانتاریان لێ وەردەگرێتەوە


(دره‌و): له‌ گوڵه‌خانه‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارته‌كه‌ به‌ره‌و هۆڵی كۆنگره‌ به‌ڕێكه‌وت. ئه‌م كۆنگره‌یه‌ بۆ ده‌ركردنی ته‌واوه‌تی (عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود)ه‌ له‌ ریزه‌كانی پارتی سۆسیال دیموكرات.  رۆژی 5ی ئازاری ئه‌مساڵ، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تیدا بڕیاریدا به‌ ده‌ركردنی عه‌بدوڵاه‌ی حاجی مه‌حمودی برای له‌ ریزه‌كانی سۆسیال دیموكرات، هاوكات له‌ گوڵخانه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر میوانخانه‌كه‌یدا گرت.  بەرەبەیانی دوێنێ هێزێكی عەبدوڵای حاجی مەحمود كە سەر بە هێزەكانی هەشتاو زێرەڤانین، بەسەرپەرشتی (دابان)ی كوڕی چووە گوڵەخانەو  بەشێك لە پاسەوانەكانی گوڵەخانەیان چەككرد، میوانخانەكەی عەبدوڵای حاجی مەحمودیان گرتووەتەوە، ئه‌مه‌ بە بیانووی ئەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمودو ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیی كە دوور خراونەتەوە، بەشداری كۆنگرە دەكەن و دەبێت هێزی خۆیان پاسەوانیان بكات.  به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، دوێنێ هێزێكی ئاسایش چوه‌ته‌ گوڵه‌خانه‌و هێزه‌كه‌ی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمودی له‌ میوانخانه‌كه‌ دورخستوه‌ته‌وه‌و ته‌نیا دوو كه‌سی ئه‌و هێزه‌ی هێشتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هێزه‌كانی سه‌ربه‌ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود گه‌مارۆی میوانخانه‌كه‌یان داوه‌.  هاوكات له‌گه‌ڵ بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی سۆسیال دیموكراتدا بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود نوسراوێكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ هێشتا عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود جێگری سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراته‌و كۆمسیۆن هیچ نوسراوێكی دورخستنه‌وه‌ی به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، دوێنێ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود به‌فه‌رمی نوسراوی بۆ كۆمسیۆن كردووه‌و ئاگاداری كردوون له‌وه‌ی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود له‌ریزه‌كانی سۆسیال دیموكرات دورخراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ دێت مافی ئه‌وه‌ نییه‌ به‌شداری كۆنگره‌ بكات.  له‌م ناكۆكییه‌دا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمودی براكه‌ی، عەبدوڵا حاجی مەحمود (4) ئەندامی مەكتەب سیاسی و چوار ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵدایه.


 درەو:  "لیستی موچەی مانگی سێ رادەستی تەیف سامی كرا، چاوەڕوان دەكرێت سبەی رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مانگی سێ بدرێت، تا پرۆسەی تەوتین موچە بەردەوام بە لیست بەبێ خەرجی فیعلی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت، پێویستی بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و دانەوەی قەرزی بانكی بازرگانی نیە" ئەمە بەشێكە لە رێككەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانكی ناوەندی و شاندی حكومەتی هەرێم. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، وەفدی هەرێمی كوردستان بەغداد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كۆبوونەتەوە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق و پارێزگاری بانكی ناوەندی جیاواز لە پێشتر گفتوگۆیانكردووە لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق كە داوای كردووە دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت و نابێت كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق ببێتە بەربەست لەبەردەم خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی چارەسەری كێشەی موچەو ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە بەڵام لەسەر چەند خاڵێكی مەبدەئی رێككەوتوون و جیاواز لە پێشوو بەهیچ شێوەیەك باسی رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی نەكراوە بۆ خەرجكردنی موچە: -    دوور لە خەرجی فیعلی پارەی مانگی دووی موچەخۆران خەرجكراوەو لەسەر ئەو بنەمایە موچەی مانگەكانی دیكەش خەرجدەكرێت و ناردنی پارەی موچە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت، واتا خەرجكردنی موچە كەوتووەتە سەر راستەرێی خۆی. -    خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەبەستراوەتەوە بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمن بەبێ ئەوانیش دەبێت موچە خەرجبكرێت و رانەگیرێت.  -    چاوەڕێی تەوتین نەكراوەو هەتا پرۆسەی تەوتین تەواو دەبێت دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی لیست دەبێت. -      قەرزی (TBI) حكومەتی عێراقی لەبری هەرێم دەیداتەوەو لە بەشە موچەی هەرێم مەقاسەی پێناكرێت. -    پارەی موچە تا تەوتین دەچێتە ئەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی بانكی ناوەندی لە هەولێری وەك پێشوو خەرجدەكرێت. -    جۆرێك لە رێككەوتن و لێكتێگەیشتن كراوە لەسەر (تەوتین) بە هاوبەشی بانكەكانی بەشدار لە (هەژماری من) لەژێر چاودێری بانكی ناوەندی عێراقدا دەبێت، چونكە هەموو ئەو بانكانەی بەشدارن لە (هەژماری من) موعتەمەدی بانكی ناوەندی عێراقن، بۆیە دەكرێت بە هاوبەشی بێت (تەوتین).  دواتر وەفدەكەی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی ئازاریان رادەستی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كردووەو ئەویش بەڵێنی داوە بەزووترین كات و هاوشێوەی مانگی دوو لیستی موچەی مانگی سێ بنێرێت، سەرچاوەیەك لە وەفدی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر ناردنی پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و پێش جەژن موچەی مانگی سێ دابەشبكرێت. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە (949) ملیار دینارە. -  پێشتر موچەی موچەخۆرانی مەدەنی رەوانەكرا كە (599) ملیار دیناربوو - ئەمڕۆ موچەی موچەخۆرانی سەربازی رەوانەكرا كە (353) ملیار دینارە. - كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووە (952) ملیار دینارە - چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگی ئازاریش ئەو بڕە پارەیە رەوانە بكرێت. 


(دره‌و): وه‌زاره‌تی دارایی به‌ راگه‌یه‌ندراوێك ده‌ستپێكردنی ناردنی پاره‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی راگه‌یاند، به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و) پاره‌كه‌ بڕی (353 ملیار) دیناره‌و بۆ موچه‌ی مانگی دوو ته‌رخان ده‌كرێت، ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم له‌بری كورتهێنان، بۆ خه‌رجی موچه‌ی بڕی (2 ملیار) دیناریش سه‌رڕێژی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستانی راگرتووه‌.  سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌ (دره‌و)ی راگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی (353 ملیار) دینار بۆ موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم بۆ مانگی شوبات ده‌نێرێت.  هاوكات وه‌زاره‌تی دارایی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێ:" له‌درێژه‌ی رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی دارایدا بۆ ته‌مویلكردنی موچه‌ی هه‌رێم  به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی، فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری وه‌زاره‌ت ده‌ستیكرد به‌ ته‌مویلكردنی پاشماوه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم بۆ مانگی شوبات، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ نوسراوی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری وه‌زاره‌تی دارایی ژماره‌ (9133) له‌ 3/4/2024دا هاتووه‌، دوای ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان له‌ ته‌مویلكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵ، هه‌روه‌ها پاڵپشت به‌وه‌ی له‌ نوسراوه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی ژماره‌ (8422)ی رۆژی 28/3/2024و نوسراوی ژماره‌ (8670) له‌ رۆژی 1/4/2024دا هاتووه‌". ناردنی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم دوای سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێم دێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی.  به‌و بڕه‌ پاره‌وه‌ كه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌وانه ده‌كرێت، ته‌نیا بۆ موچه‌ی مانگی (2)ی ئه‌مساڵ، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی (952 ملیار) دیناری بۆ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێم ناردووه (پیشتر بڕی 599 ملیاری ناردووه‌ له‌گه‌ڵ 353 ملیاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان)‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌  وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌ڵێ تێكڕای خه‌رجی موچه‌ له‌ یه‌ك مانگدا بڕی (949 ملیار) دیناره‌، واتا به‌ هاتنی خه‌رجی موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێم له‌بری كورتهێنان ئه‌مجاره‌ بڕی (2 ملیار) دینار سه‌رڕێژی ده‌بێت بۆ خه‌رجی موچه‌.  به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستانی راگرتووه‌. ‌    


(دره‌و): تێكڕای ئه‌و پاره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگی (2) ده‌ینێریت، بۆ بڕی (951 ملیار) دینار به‌رزده‌بێته‌وه‌، خه‌رجی مانگانه‌ی موچه‌ به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئێستا بڕی (949 ملیار) دیناره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م مانگه‌ بكرێت به‌ بنه‌ما، كێشه‌ی موچه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد چاره‌سه‌ر ده‌بێت. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بڕی (352 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بۆ موچه‌ی مانگی دووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم ده‌نێرێت.  ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غداد به‌ سه‌رۆكایه‌تی (ئاوات شێخ جه‌ناب) وه‌زیری دارایی. پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بڕی (599 ملیار) دیناری بۆ خه‌رجی موچه‌ی مانگی دووی فه‌رمانبه‌ران له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وه‌رگرت و به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوبات كرد. ئێستا به‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ بۆ موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌وانه‌ ده‌كرێت، تێكڕای ئه‌و پاره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی له‌ مانگی شوباتدا دابینی كردووه‌، به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ بڕی (951 ملیار) دینار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم دواینجار رایگه‌یاند، تێكڕای خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (949 ملیار) دیناره‌. واتا به‌گوێره‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بێت كه‌ بۆ مانگی شوبات نێردراوه‌، حكومه‌تی عێراق دوو ملیار دینار زیاتریشی بۆ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێم ناردووه‌و ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ بنه‌ما بۆ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌دا.  ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ بێت كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ تاڕاده‌یه‌ك ده‌رگای ره‌حمه‌ت له‌به‌رده‌م خه‌ڵك كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌م مانگه‌دا ئیشاڵا دوو موچه‌ وه‌رده‌گرن و له‌داهاتوودا موچه‌ رێكده‌خرێت و ئیتر له‌و دڵه‌ڕاوكێییه‌ نه‌جاتیان ده‌بێت". دوای ماوه‌یه‌ك دواخستن، دواجار وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له‌ رۆژی 30 ئازاره‌وه‌ ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوبات كرد.  پرسی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی دوو كێشه‌ی له‌نێوان تیمی پارتی و یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت دروستكرد، یه‌كێتیی رایگه‌یاند پشتیوانی دواخستنی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی دووی نه‌كردووه‌، پارتی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و رایگه‌یاند، یه‌كێتیی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دژی بڕیاره‌كه‌ نه‌بووه‌.  ئه‌گه‌ر ئه‌و (951 ملیار) دیناره‌ وه‌كو خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غداد بچه‌سپێندرێت، كێشه‌ی موچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ته‌نیا پرسی چۆنیه‌تی (ته‌وتین)كردنی موچه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك به‌ چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌رگایه‌كی نوێش له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا ده‌كرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بابه‌تی موچه‌ی به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ستوه‌ته‌وه‌و پێیوایه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌، به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ زیانی پارتی ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌كات.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand