لەسەر چی رێككەوتوون؟

Draw Media

2024-04-03 20:46:26



 درەو:
 "لیستی موچەی مانگی سێ رادەستی تەیف سامی كرا، چاوەڕوان دەكرێت سبەی رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مانگی سێ بدرێت، تا پرۆسەی تەوتین موچە بەردەوام بە لیست بەبێ خەرجی فیعلی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت، پێویستی بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و دانەوەی قەرزی بانكی بازرگانی نیە" ئەمە بەشێكە لە رێككەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانكی ناوەندی و شاندی حكومەتی هەرێم.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، وەفدی هەرێمی كوردستان بەغداد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كۆبوونەتەوە.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق و پارێزگاری بانكی ناوەندی جیاواز لە پێشتر گفتوگۆیانكردووە لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق كە داوای كردووە دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت و نابێت كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق ببێتە بەربەست لەبەردەم خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی چارەسەری كێشەی موچەو ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە بەڵام لەسەر چەند خاڵێكی مەبدەئی رێككەوتوون و جیاواز لە پێشوو بەهیچ شێوەیەك باسی رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی نەكراوە بۆ خەرجكردنی موچە:
-    دوور لە خەرجی فیعلی پارەی مانگی دووی موچەخۆران خەرجكراوەو لەسەر ئەو بنەمایە موچەی مانگەكانی دیكەش خەرجدەكرێت و ناردنی پارەی موچە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت، واتا خەرجكردنی موچە كەوتووەتە سەر راستەرێی خۆی.
-    خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەبەستراوەتەوە بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمن بەبێ ئەوانیش دەبێت موچە خەرجبكرێت و رانەگیرێت. 
-    چاوەڕێی تەوتین نەكراوەو هەتا پرۆسەی تەوتین تەواو دەبێت دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی لیست دەبێت.
-      قەرزی (TBI) حكومەتی عێراقی لەبری هەرێم دەیداتەوەو لە بەشە موچەی هەرێم مەقاسەی پێناكرێت.
-    پارەی موچە تا تەوتین دەچێتە ئەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی بانكی ناوەندی لە هەولێری وەك پێشوو خەرجدەكرێت.
-    جۆرێك لە رێككەوتن و لێكتێگەیشتن كراوە لەسەر (تەوتین) بە هاوبەشی بانكەكانی بەشدار لە (هەژماری من) لەژێر چاودێری بانكی ناوەندی عێراقدا دەبێت، چونكە هەموو ئەو بانكانەی بەشدارن لە (هەژماری من) موعتەمەدی بانكی ناوەندی عێراقن، بۆیە دەكرێت بە هاوبەشی بێت (تەوتین). 
دواتر وەفدەكەی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی ئازاریان رادەستی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كردووەو ئەویش بەڵێنی داوە بەزووترین كات و هاوشێوەی مانگی دوو لیستی موچەی مانگی سێ بنێرێت، سەرچاوەیەك لە وەفدی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر ناردنی پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و پێش جەژن موچەی مانگی سێ دابەشبكرێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە (949) ملیار دینارە.
-  پێشتر موچەی موچەخۆرانی مەدەنی رەوانەكرا كە (599) ملیار دیناربوو
- ئەمڕۆ موچەی موچەخۆرانی سەربازی رەوانەكرا كە (353) ملیار دینارە.
- كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووە (952) ملیار دینارە
- چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگی ئازاریش ئەو بڕە پارەیە رەوانە بكرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand