لە کام کۆمەڵگادا دەژین؟

Draw Media

2024-04-08 09:07:30



 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

(١-٢)

رۆژانە لە چەندان لاوە گوێمان لە چەندان دەنگ دەبێت باس لەوە دەکەن کە ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و ھیچنەزان و بێتوانا و بێکار و بێبەرھەم و بێفیکر و بێبیرکردنەوەین. کۆمەڵگایەک ھێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژیی و سەر بە جیھان و دونیای ئەمڕۆ نییە. کۆمەڵگایەک، گوایە بە ڕادەیەک دواکەوتوە نە خۆی دەناسێت، نە ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی، نە دەوروبەرەکەی و نە جیھانیش. ھەندێک دەنگ دوورتر دڕۆن و باس لە بوونی کۆمەڵگایەکی سەرکردەپەرستی بێکردە و بێکاراکتەر و گەمژە دەکەن، کە جگە لە  دروستکردنی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و حەشامەت خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی تر نییە. ھەموو سەروەتە فیکرییەکەشی سنووری چەند دیوانە شیعرێک و ھەندێک کتێبی دینیی و کۆمەڵێک مەتەڵ و فۆلکلۆر تێناپەرێنێت. بە کورتییەکەی، ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکین، لە ھیچ روویەکەوە سەر بە جیھانی ئەمرۆکە و دونیای مۆدێرن نییە، لە دەرەوەی مێژوودا دەژیی، بە تایبەتی مێژووی دونیای مۆدێرن.  

بۆ کەسێک لە دەرەوەی سەدبارەکردنەوەی ھەندێک کڵیشەی فیکریی و گوتاری خۆرھەڵاتناسییدا بنووسێت و بیربکاتەوە، دەزانێت رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم وێنەیە تەواو ھەڵە و ناڕاست و خەیاڵیین و ھیچ پەیوەندییەکیان بە دۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەوە نییە. ئەم کۆمەڵگایە نە سەر بە سەدەکانی ناوەڕاستە، نە کۆمەڵگایەکە بێزانیاریی، نە سەر بەم جیھانەش نییە، بەڵکو بە ھەردوو قاچییەوە لەناو دونیای مۆدێرن و کێشە و تەحەدا و مەترسییە گەورەکانیی ئەو دونیایەدا، وەستاوە. بە بۆچوونی من دۆخی کۆمەڵگای ئێمە دۆخی خەڵکان و میلەتێکی مۆدێرنە، بەڵام لە غیابی مۆدێرنە خۆیدا وەک چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی. سەرجەمی رەگەزەکانی دونیای مۆدێرن لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕەگەزانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و ڕێکیاندەخات و ئاراستەیاندەکات، چوارچێوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی مۆدێرنە نییە، بە تایبەتی دەوڵەت و شێوازی حوکمڕانیی و کۆنتراکتە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای مۆدێرن.  
کە دەڵێم  دۆخی کۆمەڵگای ئێمە دۆخی خەڵکان و میلەتێکی مۆدێرنە، مەبەستم دروستبوون و ئامادەگیی کۆی ئەو رەگەزانەیە کە مۆدێرنە لە گەشەی خۆیدا دروستیکردون. بۆ نموونە، لە شارەکانی کوردستاندا دەتوانیت ھەموو ئەو کەسانە بدۆزیتەوە کە لە شارە گەورەکانی جیھاندا تووشیان دەبیت. ئیتر لە سنعەتکار و ھونەرمەند و مۆسیقار و نووسەر و دارتاش و بازرگان و وەرزشەوان و وەرشەی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و شارەزای بواری کۆمپیوتەر و فێمینیست و گۆرانیبێژی ھیپ ھۆپ و دوکانی ئارایش و فڕۆکەخانە و ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی و سوپەرمارکێتی گەورە، کافێ و قاوەخانە و چێشتخانە، کەسانی زمانزان و چاپخانە و ھتد... ئەم دۆخە بە رادەیەک مۆدێرنە بە دەگمەن کەسانێک لەو کۆمەڵگایەدا ئەدۆزینەوە سەر بە سەدەکانی ناوەڕاست بێت، ھیچ یەکەیەکی کۆمەڵایەتییش لەو کۆمەڵگایەدا بە مانا کۆنەکانی بوونی نەماوە، نە خێزان، نە خێڵ، نە حیزب، نە چینە کۆمەڵایەتییەکان، ھتد... ھەر ھەموویان بەر پریشکێک لە پریشکەکانی مۆدێرنە کەوتون و گۆڕانی ھەمەلایەنیان بەسەردا ھاتوە. ئەو زمانە کوردییەی ئەمرۆکە ئینسانی ئێمە قسەی پێدەکات، پێی دەنووسێت و پێی بیردەکاتەوە، ھیچشتێک نایباتەوە ناو ئەو زمانەی تا چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم ئامادەبووە. ئەو فۆرمی پەیوەندییانەی لەو کۆمەڵگایەدا دروستبوون سەر بە ھیچ سەردەم و رۆژگارێک نین سەردەم و رۆژگاری ئەمڕۆ نەبێت. سیستمی خوێندن و فێربوون، بە ھیچ مانایەک. ھەمان ئەو سیستمە دینییە نییە کە تیایدا لە باتی خوێندکار فەقێی و لەباتی مامۆستا مەلای دینیی، تێدابوو. ژمارەی ئەو کوردانەی  کە نووسەرن، کە زانکۆیان تەواوکردوە، بەشێکیان لە زانکۆکانی دەرەوەی کوردستاندا، کە زمانە زیندوەکانی جیھان دەزانن، کە توانای ھەمەجۆر و تایەتیان ھەیە ژمارەیەکی گەورەیە و ھیچ یەکێک لەمانە لە سەدەی نۆزدەھەمدا بوونی نەبووە. ھاوکات بەشێکی گرنگیی میلەتی ئێمە لە دەرەوەی کوردستاندا دەژیی، لە ئوسترالیاوە و بۆ ئەمریکا، بە تێپەڕین بەناو ژمارەیەکی گەورە لە وڵاتانی ئەوروپادا.  

میلەتی ئێمە لەناو یەکەیەکی سیاسیدا دەژی کە یەکەیەکی مۆدێرنی کۆلۆنیالی دروستکراوە، یەکەیەکی سیاسی لە فۆرمی دەوڵەت نەتەوەدا، یان دەوڵەت بەبێ نەتەوە، کە لە سەدەی نۆزدەھەمدا بوونی نەبووە. عێراق وڵاتێکە لە ساڵی ١٩٢١ دروستدەکرێت و تا ساڵی ١٩٥٨ یش لەژێر کۆنترۆڵی کۆلۆنیالیانەی بریتانیادا بووە. ھەم دروستکردنی وڵاتەکە و ھەم دروستکردنی ”میلەت“ یان ”میلەتەکان“ی ناوی پلان و ھەندەسەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆلۆنیالی مۆدێرن لێیبەرپرسە، نەک ھیچ یەکێک لە میکانیزمە سونەتییەکانی دروستبوونی یەکەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەر لە دروستبوونی دونیای مۆدێرن. بەم مانایە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ھەم دروستکراوێکی کۆلۆنیالییە و ھەم مێژووە ھاوچەرخەکەشی مێژووی سەردەم و قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمە. ھەردوو فۆرمەکەش لە مێژوو، مێژوویەکی کۆن نیین و لۆژیکی کارکردنی جوگرافیا سیاسییە کۆن و تەقلیدییەکانی دونیای کۆن، نایجوڵێنێت، بەڵکو سەرجەمی ئەو کێشانە دەیجوڵێنێت کە قۆناعی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزم بۆ کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی دروستکردوە. ھەموو مێژووی کۆلۆنیالیزم و مێژووی دوای کۆلۆنیالیزم، کە دوو بەشی گەورە و گرنگیی مێژوی لەدایکبوونی دونیای مۆدێرنن، بە قووڵی لەناو ئەم وڵاتەدا ئامادەیە و ئەوەی خەڵکی ئەم وڵاتانە لەناویدا ئامادەن، ئەم مێژووەیە، نەک مێژووی سەدەکانی نارەڕاست و دونیای بەر لە دایکبوونی دونیای مۆدێرن. 

ئەو عەقڵیەتە ئەمنیی و ئەو دەزگا و ئۆرگان و میکانیزمانەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنەش کە ئەمڕۆ لە سیستمی حوکمڕانیی ھەرێمدا بە خەستیی ئامادەیە و دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی کاری پێدەکات، ھیچ شتێکی نایباتەوە ناو دونیای بەر لە دونیای مۆدێرن. ئەوەی تاکەکەسێک یان خێزان و بنمەڵایەک لە رێگای دەزگا گەورەکانی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنەوە حوکمڕانیی دەکەن سەر بە مۆدێلی حوکمی بنەماڵە سونەتییەکانی بەر لە دونیای مۆدێرن نین، بەڵکو دروستکراوێکی تەوو تازەی ناو مێژووی سەدەی بیستەمی ئێمەیە و بە توندی بەو مێژووی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزمەوە گرێدراوە کە باسمکرد. 

بۆ ئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆکە و دۆخی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگاکەش تێبگەین، پێویستمان بەوەیە، لە ئاستە فەلسەفییەکەیدا، ئەم دۆخە بەو تێزانەوە گرێبدەین کە قسە لەسەر دونیای مۆدێرن دەکەن، نەک سەدبارەکردنەوەی دەستەواژەکانی خێڵ و خێڵگەرایەتیی و نەزانیی و گەمژەیی میلەتەکە. دەکرێت دۆخی میلەتی ئێمە بە پێگەی ئەو مرۆڤە نامۆیانەی دونیای مۆدێرنەوە گرێبدەین کە کارل مارکس باسیان دەکات، یان بەو مرۆڤە ئازارچێژانەەوە کە بابەتی سەرەکی کتێبە گرنگەکانی فرانز فانونن، یان بەو قوربانییە تایبەتانەوە کە ھانا ئارێنت لە خوێندنەوەی ئەزموونی سەدەی بیستەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکاندا دەیاندۆزێتەوە، تەنانەت بەو کەسایەتییە عوسابییە پڕ ترس و سترێسانەی فرۆید لە نووسینەکانیدا باسیاندەکات. ھیچ یەکێک لەم جۆرە مرۆڤانە و ھیچ یەکێک لەو ناونانانەش سەر بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرن نین، بەڵکو ھەموویان قسە لە بوونەوەرە پەراوێزخراو و لاواز و چەوساوەکانی ناو مێژووی مۆدێرنە دەکەن. مێژووی سەدساڵی ڕابردووی ئەم جۆرە مرۆڤانەش، مێژووی قبووڵنەکردن و بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کە مۆدێرنە دەیانخاتە ناوییەوە. لە دۆخی میلەتی ئێمەدا پێگەی بوون بە کەمایەتییەکی ئەتنی لە چوارچێوەی چوار دەوڵەت نەتەوەیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەردا. 

بە کورتییەکەی، میلەتانی ئەم ناوچەیە، بە میلەتی ئێمەوە، میلەتانی ناو سەدەکانی ناوەراست و قەرەباڵغییەکی بێفیکر و بێبەرھەم و بێزانیاریی نین، بەڵکو میلەتانی دوای سەردەم و قۆناغی ڕۆشنگەرین، میلەتانی ناو سیستمی ئابوریی سەرمایەداریی و ناو دونیایەکی کۆلۆنیالیی و پۆست کۆلۆنیالییپر لە ترس و پێکدادان، دونیایەکی بەجیھانیبووی پڕ پەیوەندیی و پڕ کێشە و پڕ تەحەدای مۆدێرن و ھەمەجۆر. ئەوەی پێویستە سەیری بکەین ئەم چوارچێوە مێژووییە پڕ تەحەدایەیە، نەک بەخشینەوەی تۆمەت بەسەر ملیۆنەھا مرۆڤدا کە گوایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand