ماف و مرۆڤ و خودا

Draw Media

2024-04-28 12:24:20



 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە کاریگەرییەکی گەورە و ھەمەلایەن لەسەر ژیانی مرۆڤەکان بەجێدەھێڵێت، مەسەلەی بەھاکانە. ئەو بەھایانەی لە کۆمەڵگادا ئامادەن و کاریانپێدەکرێن، خەڵکی لە ھەڵسوکەوتی رۆژانە و لە دەستنیشانکردنی شێواز و ناوەرۆکی ئەو پەیوەندیانەدا کە بەیەکترییەوە گرێیانئەدات، بۆیان دەگەڕێنەوە.

لە مێژووشدا ھەم فەیلەسوف و حەکیم و پێغەمبەرەکان و ھەم نووسەران و ڕۆشنبیران و پیاوانی دین و ھەم سەرکردە سیاسییەکان و کەسە ریفۆرمخواز و چاکەکارەکانیش. پێشنیاری چەندەھا بەھای جیاوازیان کردوە و داوای پەیڕەویکردنی ئەو بەھایانەیان لە مرۆڤەکان کردوە. بە دەگمەن ساتەوەختێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەدۆزینەوە بەھا بەشێک نەبووبێت لەو سیستمە رەمزییەی کە پەیوەندیی مرۆڤەکانی لەگەڵیەکتریدا رێکخستبێت و بەڕێوەبردبێت. لە دونیای مۆدێرنیشدا ئایدیۆلۆژیا گەورەکان و بەیاننامەکانی مافی مرۆڤ و پرنسیپە جیاوازەکانی مافی میلەتان و مافی ژنان و منداڵان و پیران و ..ھتدی ھاتۆتەسەر و مرۆڤایەتی لەمڕووەوە چەندان ھەنگاوی گەورە بەرەوپێشەوە چووە. راستە جیھانی ئەمڕۆکە تا ئەم ساتەش پڕیەتی لە بێدادیی و نادادپەروەریی و خراپەکاریی ھەمەجۆر، بەھێز لاواز زەلیلدەکات وەک لە دۆخی ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەیبینن، بەڵام ھاوکات جیھانی ئەمرۆکە جیھانێکە لە ئاستی بەھادا، بۆ نموونە، بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و ھەڵاوێردەکردن لەنێوان رەگەزەکاندا بە تاوان ناودەبات. لەکاتێکدا ھەم فیکری فەلسەفی کۆن و ھەم سەرجەمی دینەکان، بە راستەوخۆیی دژ بە مەسەلەی بەکۆیلەکرنی مرۆڤ نەبوون.

ھیچ سیستمێکی بەھایی لە بۆشایدا کارینەکردوە، بەردەوام کەسانێک ھەبوون بەرگریان لە سیستمە بەھاییە بڵادەستەکان کردوە و سەپاندویانە، بەڵام ھەمیشە کەسانێکی دیکە ھەبوون ئەو سیستمە بەھاییانەیان رەخنەکردوە و دژ بە ھەیمەنە و سەپاندنی بوون. ھەم سەپاندنی ھەیمەنەی بەھاکان و ھەم بەرگریکردن بەرامبەر بەو سەپاندانە بەشێکە لە مێژووی مرۆڤ لەسەر ئەم ھەسارەیەدا. بەشێکی گرنگیی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بەناو ململانێ لەسەر بەھاکاندا تێدەپەرێت.

لە دونیای ئەمڕۆدا بەھاکان ھەرچییەکبن، سەرچاوەکانیان لە ھەرشوێنێکەوە ھاتبێت، کۆن بن یان تازە، نابێت نرخی سەرەکیی لەناویاندا و بەھای ھەرە گرنگ و بنەرەتیی، بەھای پاراستنی مرۆڤ وەک مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ وەک ژیان، نەبێت. پاراستنی مافی مرۆڤ لەوەدا کە بژیی و کەس نەتوانێت دەست بۆ ئەو ژیانە درێژبکات. مرۆڤ وەک بەرزترین بەھا، وەک کەسێک ئازادبێت لەوەدا باوەری بەو شتەبێت کە دەیەوێت باوەڕی پێیبێت، ئازادبێت لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیدا، مافی ئەوەی ھەبێت داھێنەر و دروستکەری ژیانی خۆی بێت، ھەروەھا مافی ئەوەی ھەبێت بتوانێت لەو چوارچێوانە لابدات کە لە سەردەمانێکی مێژوویی تایبەتدا زۆرینە لە کۆمەڵگادا، کردویانە بە چوارچێوەی باڵادەست و خاوەن ھەیمەنە. واتە مرۆڤ مافی ئەوەی ھەبێت کە یاخیی و ناڕازییبێت و ئەم ناڕازیبوون و یاخیبوونەشی زیان بە مافی ژیان و مانەوە و پاراستنی نەبەخشێت.

ئەم مافە تازانە، کە بەشێکن لەو جیھانەی لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمەوە لە دروستبووندایە، دۆخێکی بەھایی ئاڵۆزیان دروستکردوە و دروستدەکەن. وادەکەن شێوازی جیاوازی ناکۆکیی لەنێوان بەھا کۆن و سوونەتییەکاندا، جا چ بەھا دینییە سونەتییەکان بێت یان بەھا نادینییە سونەتییەکان، و لەنێوان ئەو بەھایانەدا دروستببێت کە مرۆڤایەتی لە سێ سەدەی ڕابردوودا دایھێناون. لەوانەش بۆ نموونە، بەھای یەکسانبوونی مرۆڤەکان بەیەکتریی، بەبێ گوێندانە ئەوەی داخۆ ئەو مرۆڤە نێرە یان مێ، دیندارە یان بێدین، دەوڵەمەندە یان ھەژار، خەڵکی شارە یان لادێ، رەشە یان سپی، ھتد.. ئەم مافی یەکسانبوونەی مرۆڤەکان بەیەکتریی مافێکی تازەیە و پەیوەندیی بە وێناکردنی مرۆڤەوە ھەیە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. کەرامەت وەک بەھایەکی ناوەکیی و ئینسانیی، کە نەکرێت لەژێر ھیچ ناوێکدا دەستی بۆببرێت و پێشێلبکرێت.

لەپاڵ ئەم مافی یەکسانبوونەی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، مافێکی دیکە لە دونیای مۆدێرندا لەدایکدەبێت، کە گرنگتر و بنەڕەتیترە، ئەویش مافی ھەبوون و پاراستنی ژیانە. مافی ئەوەی ھەر مرۆڤێک مافی ژیانی ھەیە و نابێت بەھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ ناوێکدا پەلاماری ئەم مافە بنەرەتییە بدرێت. گرنگ نییە داخۆ ئەو مرۆڤە چۆن بیردەکاتە و ھەڵگری  کام باوەڕ و بەھا و شێوازی ژیانە، دینیی ھەیە یان نیەتی، ھەمان ڕا و بۆچوونی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەیە یان ڕای دژی ئەو زۆرینەیەی ھەیە. بە کورتییەکەی، کەس بۆی نییە و ناتوانێت ھێرشبکاتە سەر مافی ژیانی ھیچ مرۆڤێک، یان لە خراپترین دۆخدا، مافی ئەوە بەخۆی ببەخشێت ژیان لە کەسێک بسێنێتەوە و بیکوژێت. لە ئاستە دینییەکەدا مانای گەڕانەوە بۆ ئەو بەھا دینییە کە ژیان و مردن مافێکن تەنھا خودا مافی پیادەکردنیانی ھەیە، کەس بۆی نییە ئەم مافە خودایی لێرە و لەسەر ئەم ھەسارەیە، بەناوی خوداوە پیادەبکات. واتە ئەو مافە بەخۆی بدات لەباتی خودا بڕیار لەسەر ژیان مردنی ئەم یان ئەو کەس بدات.

ئەوەی لە دونیای ئێمەدا دەیبینین پێشێلکردنێکی رۆژانە و بەردەوامی مافی ژیانی مرۆڤەکانە، نەبینین و مامەڵەنەکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ. کوشتنی ژن، کوشتنی نەیاری سیاسیی، کوشتن لەسەر ئینتیما، کوشتن لەسەر رەگەز، کوشتن لەسەر دین، کوشتن لە سەر ژیانی سێکسی، کوشتن لە پێناوی کوشتندا، کوشتن وەک چێژ، بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگاکە. بەبێ دەسکاریکردنی ڕوانیمان بۆ ماف و بۆ مرۆڤ و بۆ خودا، زەحمەتە بتوانین دەسکاریی ئەو دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە نالەبارە بکەین. ھەموو تازەبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پێویستی بە تازەبوونەوەی مافبینیی و مرۆڤبینیی و خودابینیی ھەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand