(درەو): مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بۆ کاروباری دارایی: 🔹قەرزە دەرەکییەکانی عێراق کەمتر لە ۳۰ ملیار دۆلارە 🔹 قەرزەکانی عێراق لەقۆناغی بەر لە ساڵی ۱۹۹۰ کە بڕەکەی ۱۲۸ ملیار دۆلارە، رێژەی ۸۰٪ی بەپێی رێککەوتنی یانەی پاریس سڕدراوەتەوە. 🔹بڕی ٤۱ بۆ ٤۲ ملیار دۆلار هەیە کە قەرزی وڵاتانی کەنداو و هەندێک وڵاتی ترەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ۱۹۹۰، ئەمانە قەرزی دەرەوەی رێککەوتنی یانەی پاریسن. 🔹 ئەو قەرزانەی کە دەکەونە چوارچێوەی رێککەوتنی یانەی پاریسەوەو تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە، کەمترە لە ۹ ملیار دۆلار. 🔹 هەندێک قەرزی نوێ هەن کە کەوتونەتەسەر عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە، رێژەی ئەم قەرزانە نزیکەی ۱۳ ملیار دۆلارە. 🔹 رێژەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراق ماونەتەوە بەڕێژەکەی یانەی پاریس و قەرزەکانی دەرەوەی هەروەها قەرزی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە ملکەچ نین بۆ رێککەوتنی یانەی پاریس، بەنزیکەی ۲۸ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. 🔹پێدانەوەی ئەو قەرزانە بەشێوەی قیست دەبێت لەساڵی ۲۰۲۰وە بۆ ساڵی ۲۰۲۸. 🔹 قەرزی ناوخۆیی عێراق کە پارەی بانکی ناوەندی و بانکی رافیدەین و بانکی ئێڵ تی بی ئای و بانکی رەشیدە، نزیکەی ٤۲ ملیار دۆلارە.


درەو میدیا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی كانونی یەكەمی 2019 (106)ملیۆن و (265)هەزارو (307) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (6) ملیارو (700) ملیۆن و (174) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (63.051)دۆلار فرۆشراوە" رۆژانە عێراق بڕی ( 3 ) ملیارو (428) هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە.  ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی كانونی یەكەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (103)ملیۆن و (90)هەزارو (550) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 2 ) ملیۆن و ( 827 ) هەزارو ( 50 ) بەرمیل هەناردەكراوە .  


(درەو): بەبەراورد بە ساڵی 2018، ئەمساڵ ئاستی هەناردەی كاڵاو شمەك لە دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەرێژەی 22% كەمیكردووە، سەرۆكی لقیی هەولێری یەكێتی هاوردەو ناردنكاران دەڵێ:" یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم كەمبونەوەیە، بایكۆتكردنی كاڵای توركییە لەلایەن خەڵكی هەرێمەوە". گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردەكاران‌و ناردنكارانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری هاوردەكردنی بەمشێوەیە خستەڕوو. •    عێراق‌و هەرێمی كوردستان لە 96 وڵاتەوە هاوردە دەكەن. •    كۆی گشتی كاڵای هاوردەكراو بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە 9 مانگی ساڵی 2019دا (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بووە. •    لەساڵی 2018دا، لەهەموو عیراق بەبڕی (45 ملیارو 567 ملیۆن) دۆلار كاڵا هاوردە كراوە. •    لەساڵی 2019دا بڕی هاوردە بۆ (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە. •    لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2018دا بەبڕی (26 ملیارو 880 ملیۆن) دۆلار هاوردە هەبووە. •    بڕی هاورە لەساڵی 2019دا لە هەرێمی كوردستان بۆ (20 ملیارو 926 ملیۆن) دۆلار دابەزیوەو كە بەرێژەی سەدی ئاستی كەمبونەوەكە دەكاتە 22%. •    هۆكاری دابەزینی ئاستی هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان لەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ: -    یەكخستنی پێناسەی گومرگی‌و زیادكردنی بڕی گومرگی لەخاڵە سنورییەكان. -    بایكۆت لەسەر كاڵای توركی •     توركیاو ئێران لە پلەی یەكەمی ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین كاڵایان لێوە هاوردە كراوە بۆ هەرێمی كوردستان.


(درەو میدیا): تەنیا قەزای زوبێر، بەرهەمی تەماتە بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق دابین دەكات‌و چیتر پێداویستی بۆ هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات نەماوە. وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، وەبەرهێنانی تەماتە لە عێراق ئەمساڵ بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، لە ساڵی 2003وە ئەم رێژەیە تۆمارنەكراوە.  وەزارەتی كشتوكاڵی دەڵێ: بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ پێداویستی بازاڕی ناوخۆی لە هەموو پارێزگاكان پڕكردووەتەوە، ئەمە سەرباری رێگریكردن لە هاوردەكردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانەوە لەسەر فەرمانی وەزیر. بەگوێرەی قسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەتەنیا لە قەزای زوبێر، ئاستی وەبەرهێنانی تەماتە رۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە (800 هەزار) تەن، ئەمەش بەشی پێداویستی هەموو پارێزگان دەكات، سەرباری وەبەرهێنانی تەماتە بە بڕی جیاجیا لە ناوچەكانی تر.


درەو میدیا: میری قەتەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی وڵاتەكەی بە 58 ملیار دۆلار پەسەندكرد كەلەبری كورتهێنان زیادەی هەیە. تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 وڵاتەكەی پەسەندكرد، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی قەتەر، قەبارەی داهات بە نزیكەی 58 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بە پێچەوانەی زۆرێك لەوڵاتانیش لەبری كورتهێنان، بودجەی قەتەر 137 ملیۆن دۆلاری زیادەیە. وەزارەتی دارایی قەتەر ئاماژەی بەوەشكردووە، ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار زیادەی بودجەی ساڵی 2019 بووە.  قەتەر بەنیازە نزیكەی نیوە بودجەكەی بۆ ساڵی داهاتوو لە كۆمەڵێك پرۆژەی گەورەدا ئەنجامبدات، بە زیادەی 16% لە پرۆژەكانی ئەمساڵی.  قەتەر •    یەكێكە لەوڵاتانی كەنداو و دەكەوێتە خۆرهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی. •    پایتەختەكەی (دەوحە)یەو تەنها سنوری وشكانی لە باشورەوە لەگەڵ سعودییەدا هەیە. •    1971 سەربەخۆی بەدەستهێناوە. •    خانەوادەی ئال سانی لەناوەڕاستی سەدەی 19وە حوكمی دەكەن. •    ژمارەی كۆی دانیشتوانی قەتەر لەساڵی 2019دا (2 ملیۆن و 773هەزار) كەسە ( نێر: 2 ملیۆن و 375 هەزار) و ( مێ 736 هەزارو 305 ) كە ( 69%)ی نێرو (31%)ی مێیە، 300 هەزاری دانیشتوانی ڕەسەنی قەتەرن و (ملیۆنێك و500 هەزار)یش بیانین. •    بەیەكێك لەو دەڵەتانەی جیهان دادەنرێت كە داهاتی تاك تێیدا بەرزە. •    خاوەنی پلەی سێیەمی یەدەگی غازی سروشتییە لەجیهاندا . •    نەتەوەیەكگرتووەكان قەتەری بە پێشكەوترین وڵاتی عەرەبی ڕیزبەندكردووە لەڕووی گەشەی مرۆییەوە. •    لەگەڵ ئەو قەبارە بچوكەی  لەسەر نەخشەی جیهان هەیەتی، بەیەكێك لە دەوڵەتە كاریگەرەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لەڕووی سیاسیەوە. •    ساڵی 2022 میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێ دەكات و، بەوەش دەبێت یەكەم دەوڵەتی عەرەبی لە مێژوودا كە نازناوی میوانداریكردنی ئەو ڕوداوە جیهانییە گەورەیەی پێدەبڕێت.


"هێڵە نوێیەكە نابێت بە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان" (درەو میدیا): حكومەتی عێراق تاوتوێی دروستكردنی هێڵێكی نوێی بۆری نەوت دەكات بۆ توركیا، بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ هێڵە نوێیەكە نابێت بە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان. فەیاز نیعمە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (سەباح)ی توركیا ئاشكرایكرد، عێراق تاوتوێی پلانێك دەكات بۆ راكێشانی هێڵێكی نوێی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ توركیاو لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان. ئێستا لەنێوان عێراق‌و توركیادا تەنیا یەك هێڵی گواستنەوەی نەوت هەیە، ئەویش ئەو هێڵەیە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە توركیا‌و نەوتی هەرێم دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان، نەوتی كەركوكیش هەر لەڕێگەی ئەم هێڵەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە رۆژانە (100 هەزار) بەرمیلە، پێشتر كەركوك لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جەیهانەوە هەناردەدەكرا، بەڵام ئێستا ئەو هێڵە لەكاركەتووە.  بریكارەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامە توركییەكەی وتووە:" ئەو پلانە نوێیەی كە ئێستا بۆ دروستكردنی هێڵێكی نوێ تاوتوێ دەكرێت، نابێتە كێشە بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان كە لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ توركیادا هەیە". باسلەوەشدەكات، ئەگەر حكومەتی عێراق پلانی دروستكردنی بۆرییە نوێیەكە پەسەندبكات، توانای هەناردەی نەوت لەو هێڵەوە رۆژانە دەگاتە (یەك ملیۆن) بەرمیل. عێراق لەدوای سعودیە دووەم گەورە هەناردەكاری نەوتە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی "ئۆپێك"، رۆژانە نزیكەی (4 ملیۆن‌و 500 هەزار بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، سەرچاوەی داهاتی عێراق بەرێژەی 97% پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق فرۆش و داهاتی نەوتی لە مانگی تشرینی یەكەمدا ئاشكراكرد كە بەمشێوەیە بووە: •    تێكڕای بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو (106 ملیۆن‌و 859 هەزارو 470) بەرمیل بووە. •    تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو گەیشتوەتە زیاتری لە (6 ملیارو 107 ملیۆن‌و 315 هەزار) دۆلار. •    ئەو نەوتەی كە ناردە كراوە بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كێڵگەكاندا: -    كێڵگەكانی ناوەڕاست‌و باشور:  103 ملیۆن‌و 540 هەزارو 855 بەرمیل -    نەوتی كەركوك لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە: 2 ملیۆن‌و 579 هەزارو 837 بەرمیل  -    كێلگەی گیارە: 431 هەزارو 486 بەرمیل -    بڕی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئوردن: 307 هەزارو 292 بەرمیل •    تێكڕای هەناردەی نەوت لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن‌و 447 هەزار) بەرمیل بەمشێوەیە. -    هەناردەكردن لە بەندەرەكانی بەسرەوە رۆژانە 3 ملیۆن‌و 340 هەزار بەرمیل بووە •    هەناردەكردن لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە رۆژانە 83 هەزار بەرمیل بووە •    تێكڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەی گیارە 14 هەزار بەرمیل بووە •    تێكڕای نەوتی هەناردەكراو بەشێوەی رۆژانە بۆ ئوردن 10 هەزار بەرمیل بووە •    تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت لە مانگی تشرینی یەكەمدا (57.153) دۆلار بووە


درەو میدیا:  لە كۆی ( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیای بیانی ( 1423 )كۆمپانیای توركین كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە( 30 هەزار و 99) كۆمپانیا، لەم ژمارەیەش( 26 هەزار و 777 )كۆمپانیا خۆماڵین و( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیاش بیانین. ئاراس شێخ رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان بە وەكالەت بە روداوی راگەیاندووە:  لە هەرێمی كوردستان لق و ئۆفیسی( 3322 )كۆمپانیای (85 )وڵاتی بیانی هەن. توركیا بە كردنەوەی لق و ئۆفیسی( 1423 )كۆمپانیا كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكان، بە پلەی یەكەم دێت. ئێران بە كردنەوەی لقی (361 )كۆمپانیا بە رێژەی( 11% )بە پلەی دووەم دێت، پلەی سێیەم بەر  ئیمارات كەوتووە بە كردنەوەی لقی(185 )كۆمپانیا. بەریتانیا(147 )لقی كۆمپانیای لە كوردستان هەیە، ئەمریكا( 140) و ئوردن(109 )لقی كۆمپانیای لە كوردستانە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی گومرگی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی جۆری (رۆڵز رۆیس) هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبیلەكان لەسەر ئاستی جیهان، چەند رۆژێكە داخڵكردنی دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها كێشەی لەو دەروازە سنورییە دروستكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێك بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە دەرەوەی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدیل كۆن هاوردە دەكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم دەڵێ دەبێت وەزیری دارایی‌و ناوخۆ پێكەوە گفتوگۆ بكەن‌و كێشەكە چارەسەر بكەن. دوو ئۆتۆمبیل لە كۆنتێنەرێكدا رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە جۆرەكانی (رۆڵز رۆیس)‌و (رانج رۆڤەر) لەناو كۆنتێنەرێكدا گەیشتە ناو دەروازەی باشماخ. بەرلەوەی كۆنتێنەرەكە بە ئۆتۆمبیلەكانی ناوییەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گومركەكە، هێزێكی ئاسایشی گومرگ لەكاتی پشكنینی كۆنتێنەرەكە لە ئامێری "سۆنار"، دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەدا گرت، بڕیاربوو ئەم دوو ئۆتۆمبیلە بەشێوە نایاسایی "قاچاخ" بەناو گومرگەكەدا دەربازبكرێن‌و بهێنرێنە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە. هەردوو ئۆتۆمبیلەكە (رۆڵز رۆیس‌و رانج رۆڤەر)، مۆدێلی كۆنن‌و بەپێی یاسای كارپێكراوی گومرگ هێنانەناوەوەیان قەدەغەیە، بەپێی یاسا تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە بهێنرێنەناو هەرێمەوە كە مۆدێلیان بۆ سێ ساڵی كۆتایی دەگەڕێتەوە واتە مۆدێلەكانی (2017- 2018- 2019). سكاڵایەكی یاسایی ! بەپێی ئەو زانیارییەكانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی گومرگی باشماخ كە ناوی (عەقید ئەحمەد)ە، ئۆتۆمبیلەكان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، لە سلێمانی (رۆڵز رۆیس)ەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە كە كەسێكە بەناوی (ر-س)، رانج رۆڤەر-ەكەش لای ئاسایش ماوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە سلێمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لیوا مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ داوای لە (عەقید ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەكە كردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنێتەوە بۆ دەروازەكە، چونكە بەشێوەی نایاسایی داخڵكراون‌و گورمرگ نەكراون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی باشماخ رەتیدەكاتەوە. لە لێدوانێكدا تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری دەروازەی گومرگی باشماخ چیرۆكی هاتنەناوەوەی دوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەی پشتڕاستكردەوە‌و رایگەیاند:" بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنەوە بۆ ناو گومرگ‌و لەوێ بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".  بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاگاداری كێشەیەكە، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" گومرگی باشماخ رێوشوێنی یاسایی گرتوەتەبەر‌و دەبێت ئۆتۆمبیلەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ گومرگەكە". ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لە هەرێم هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 1984ی یاسای گومرگی عێراقەوە، ئێستا ئەم یاسایە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەركارە. بەپێی پێناسی گومرگی نوێی عێراق، ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان بریتین لەو ئۆتۆمبیلانەی كە لەسەر ئاستی جیهان كۆدی ژمارە (87032420)و (87032422)یان هەیە‌و (پلەیەك ساڵۆن یاخود ستەیشن)ن‌و قەبارەی مەكینەكەیان (8 بستن) بەرەو سەرەوەیە. ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ئەم جۆرە تایبەتمەندییانەیان تێدایە‌و گرانبەهان بریتین لەمانە: •    رۆڵز رۆیس •    فراری •    لابوركینی •    لیمۆزین •    مارسیدس G كلاس •    رانج رۆڤەر •    پۆرش •    لێكزز بەگوێرەی پێناسی گومرگی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە ئەگەر مۆدیلیان لەچوارچێوەی مۆدێلە رێگەپێدراوەكاندا بێت، واتە مۆدێلی سێ ساڵی كۆتایی بن، ئەوا لەكاتی هاوردەكردنیان، لە گومرگەكانی هەرێم رێژەی 15%ی ئەو بەهایەیان لێوەردەگیرێت كە لە پێناسی گومرگیدا بۆیان دیاریكراوە. لە پێناسی گومرگیدا هاتووە، بەهای ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لەنێوان (80 هەزار) دۆلارەوە دەستپێدەكات بۆ (90 هەزار) دۆلار، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە بەهاكەیان لەنێوان (8 دەفتەر بۆ 9 دەفتەر) دۆلاردایە. ئەگەر ئۆتۆمبیلێك بەهاكەی، بڕی (8 دەفتەر) دۆلاری لەسەر ئەژماربكرێت، رێژەی 15%ی ئەم بەهایەی وەكو گومرگ لێوەردەگیرێت، كە دەكاتە (120) وەرەقە. ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی كە ئێستا كێشەی لە دەروازەی باشماخ دروستكردووە، ئەم یاسایە نایگرێتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە بەپێی مۆدێلەكانیان نابێت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، واتە بەرلەوەی گومرگ بكرێن، دەبێت سزای دارایی بەسەر خاوەنەكەیدا بسەپێندرێت كە هەوڵی دەربازكردنی داون لە دەرەوەی یاسای كارپێكراو. بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتووە" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی (رۆڵز رۆیس)‌و (45) ئۆتۆمبیلی (رانج رۆڤەر) هاتونەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە". بازرگانی ئۆتۆمبیل لە كوردستان كێشەی ئەو دوو ئۆتۆمبیلە لە دەروازەی باشماخ، دواین ئەلقەی زنجیرەیەك كێشەی گەورەتری بواری بازرگانی ئۆتۆمبییلە لە هەرێمی كوردستان. لە هەرێم بازرگانی ئۆتۆمبیل یەكێكە لەو بازرگانیانەی كە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت‌و بوارەكانی تر ناشەفافە‌و لەلایەن حزب‌و دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە قۆرخكراوە. دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە روبەڕووی چەندین حاڵەتی فشاری پشتی پەردەی بەرپرسانی سیاسی حزبی‌و حكومی دەبنەوە، كە هەوڵی تێپەڕاندنی نایاسایی ئۆتۆمبیل دەدەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لەو ئۆتۆمبیلە (رۆڵز رۆیس)انەی كە لەمساڵدا لە دەروازەی باشماخەوە هاتوەتە ناوەوە، بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داخڵكراوە، ئۆتۆمبیلەكە بۆ كەسێك بووە كە مامۆستای زانكۆ بووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، شەوی 8ی ئەم مانگە، دەروازەی (پەروێزخان)ەوە هەوڵدراوە (20) ئۆتۆمبیل هاوردەی ناو هەرێم بكرێت بەبێ پێدانی گومرگ‌و دەركردنی نوسراوی فەرمی، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گومرگەكە دەستیان بەسەردا گیراوە‌و فشاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی داخڵی ناو هەرێم بكرێن. لەكاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، (درەو میدیا) ئاگاداركرایەوە لەوەی لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراوە. رۆژی (4)ی ئەم مانگە، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیی:" بەرۆژی روناك‌و بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێم‌و بەئیمزایەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە رەقەمی بۆ دەكرێت". ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" بەپێی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدێل كۆن نابێت هاوردە بكرێت،  دەبێت وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و چارەسەری بكەن". لەبارەی رۆڵز رۆیسەوە ! رۆلز رۆیس "Rolls-Royce" یەكێكە لە گرانبەهاترین جۆرەكانی ئۆتۆمبیل لەسەر ئاستی جیهان، هەر لە سەرەتای دروستكردنیەوە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە كە ئینگلیزییە، جێگای سەرەنجی چینی ئۆرستۆكراتی نوێی جیهان بووە. ئەم ئۆتۆمبیلە لە ساڵی 1946وە دەستكراوە بە دروستكردنی، لەناوچەی مێژوویی "كرو" لە باكوری ئینگلتەرا دروستدەكرێت، شێوازی دروستكردنەكەی نەریتییە واتە لەرێگای مەكینەوە نابەسترێت، بەڵكو پارچەكانی بەشێوازی دەستیی كۆدەكرێنەوە‌و پێكەوە دەبەسترێنەوە. ساڵی 1931 كۆمپانیای رۆلز رۆیس لەگەڵ كۆمپانیای "بنتلی" یەكیگرت، كە ئەمیش بەهەمان شێوە كۆمپانیایەكی بەریتانی بوو، بەر لە كۆتایی سەدەی رابردوو، رۆلز رۆیس بوو بە موڵكی كۆمپانیای (BMW)ی ئەڵمانی، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ونبوونی ئەو ماركەیەی كە ئینگلیزەكان خۆیان دایانهێنابوو، لەدوای ساڵی 2003وە (BMW) بەتەواوەتی بوو بە خاوەنی كۆمپانیای رۆڵز رۆیس، ئیتر لەو كاتەوە ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیس لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ناوبانگی دەركرد‌و كۆمپانیاكە چەندین ئۆتۆمبیلی بە تایبەتمەندی جیاواز بۆ پادشا‌و سەرۆك‌و سەرمایەدارە گەورەكان عەرەب دروستكرد، بەمدواییە هەندێك لە سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستانیش چاویان خستوەتەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە‌و هاوردەی دەكەن بۆ بەكارهێنانی تایبەت بە خۆیان. بەپێی بەیاننامەیەك كە كۆمپانیاكە لە كانونی دووەمی 2014 بڵاویكردوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 2013دا بەڕێژەی 1,5% ئاستی فرۆشی زیادی كردووە. بەیاننامەكە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2013دا كۆمپانیاكە (3 هەزارو 630) ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیسی فرۆشتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2012 فرۆش كەمتربووە‌و (3 هەزارو 575) ئۆتۆمبیل فرۆشراوە. ئەوكات نرخی هەر ئۆتۆمبیلێكی رۆلز رۆیس زیاتر لە (200 هەزار) یۆرۆ بووە، واتە نزیكەی (272 هەزار) دۆلاری ئەمریكی، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان ئەمە دەكاتە (27) دەفتەر دۆلار. ساڵی 2014 كۆمپانیای رۆڵز رۆیس سكاڵای یاسایی لەسەر هاوڵاتییەكی خەڵكی ئیماراتی عەرەبی تۆماركرد، ئەو پیاوە كە ئۆتۆمبیلێكی رۆڵز رۆیسی هەبوو، بە ئۆتۆمبیلەكەی گژوگیای بۆ ئاژەڵەكانی دەگواستەوە، كۆمپانیاكە وەكو سوكایەتی بە ئۆتۆمبیلەكەی ئەم هەڵسوكەوتەی لێكدایەوە. ئەم كۆتۆمبیلە كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدایە كە وایكردووە بە نرخێكی گران بەها بفرۆشێت، لە دیارترین تایبەتمەندییەكان رۆڵز رۆیس ئەمانەن: •    فراوانی بزوێنەرەكەی 6,75 لیتر •    هێزی بزوێنەرەكەی 6500 سی سی-یە كە دەكاتە توانای راكێشانی 453 ئەسپ •    8 گێڕی خێرایی هەیە‌و لە یەك كاتژمێردا 240 كیلۆمەتر دەبڕێت •    سیستمی سەلامەتی ئەلیكترۆنی تێدا جێگیركراوە بەبەرزترین ئاست •    چەندین تایبەتمەندی تری ورد كە پێكەوە بەهای ئۆتۆمبیلەكەیان بەرزكردوەتەوە


درەو میدیا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئابی 2019 (111)ملیۆن و (706)هەزارو (151) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (6) ملیارو (341) ملیۆن و (553) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (56.770)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئاب لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (106)ملیۆن و (520)هەزارو (44) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 253 ) هەزارو ( 665 ) بەرمیل هەناردەكراوە .    


(درەو میدیا): توركیا داوا لە عێراق دەكات قەدەغەی سەر هاوردەكردنی هێلكەی ئەو وڵاتە هەڵبگرێت‌و بە فەرمیش بانگهێشتی وەزیری كشتوكاڵی عێراق دەكات بۆئەوەی سەردانی ئەنكەرە بكات. فاتیح یەڵدز, باڵیۆزی توركیا لە بەغداد لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: لە بەغداد سەردانی ساڵح حەسەنی وەزیری كشتوكاڵی عێراقی كردووە لەگەڵیدا كۆبوەتەوە. یەڵدز ئاشكراشیكرد لە كۆبوونەكەدا داواكاری بەرهەمهێنەرانی هێلكەی لە توركیا بە وەزیری كشتوكاڵی عێراق گەیاندووە بۆئەوەی قەدەغەی سەر هاوردەكردنی هێلكە هەڵبگیرێت‌و بانگهێشتی وەزیری كشتوكاڵ كردووە بۆئەوەی سەردانی ئەنكەرە بكات. لە حوەزیرانی رابردووەوە حكومەتی عێراق هاوردەكردنی هێلكەی لە توركیاوە قەدەغەكردووە, ئەوەش زیانێكی زۆری بە بەرهەمهێنەرانی هێلكە لەو وڵاتە گەیاندووە‌و ژمارەیەكی زۆریان مایەپوچبون‌و نرخی هێلكەش لە بازاڕەكانی توركیادا بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە‌و خاوەن كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەری توركیا ناچاربوون چەندین ملیۆن پەلەوەر لەناوبەرن.  


درەو میدیا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئایاری 2019 (110)ملیۆن و (737)هەزارو (293) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (329) ملیۆن و (737) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (66.190)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئازار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (106)ملیۆن و (675)هەزارو (881) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 166 ) هەزارو ( 261 ) بەرمیل هەناردەكراوە، بەبڕی ( 209 ) ملیۆن و ( 175 ) هەزارو ( 253) دۆلاربووە.  مانگی نیسانی رابردوو كۆی هەناردەی نەوتی عێراق (103)ملیۆن و (988)هەزارو (607) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (20) ملیۆن و (667) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (67.514)دۆلار فرۆشراوە"  


درەو میدیا: كۆمپانیای دانە غاز كە لەبواری نەوت و غازدا كاردەكات رایگەیاندووە" لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان قازانجمان لەسەدا 150 % زیادیكردووە و گەیشتووەتە 35 ملیۆن دۆلار. كۆمپانیاكە لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، بەرهەمی نەوتی گروپی كۆمپانیاكە لەسەدا شەش زیادیكردووە و گەیشتووەتە 68 هەزار و 700 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا. هاوكات، ئەوەشی رونكردەوە كە توانیویانە لەو ماوەیەدا خەرجی كۆمپانیاكە بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار كەمبكەنەوە.    


درەو میديا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئازار 2019 (104)ملیۆن و (696)هەزارو (872) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (٦) ملیارو (709) ملیۆن و (140) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (64.082)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئازار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (100)ملیۆن و (909)هەزارو (946) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 63 ) هەزارو ( 972 ) بەرمیل هەناردەكراوە، بەبڕی ( 193 ) ملیۆن و ( 977 ) هەزارو ( 338) دۆلاربووە.    


درەو میدیا:  رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیلە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، كە " ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی!" لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، ئاماژەی بەوەكردووە" وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!." دەقی نوسینەكە بەڵێ ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی! وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!. ئـەوە لەكاتێكدایە دوای تەواوكردنی شەقامی ١٢٠ مەتری لەشاری ھەولێری خۆشەویست وا دەستكرا بە شەقامی ١٥٠ مەتری، كە ھەموو ئـاوەدانی و پێشكەوتنێكی پایتەختی ھەرێمی كوردستان مایەی دڵخۆشی زۆرە، بەڵام نیگەرانیەكە ڵەوەدایە بۆ ھێشتا سلێمانی لە ٦٠ ی دایەو ١٠٠ یەكەشی ئـاوایە كە ھەیە!! كێ كەمتەرخەمە؟ بەبۆچۆنی من نوێنەرە بڕیار بەدەستەكانی ئـەم شارە كەبڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان كەمتەرخەمی یەكەمن لەمەداو نازانین بۆ وادەكەن!! بەداخەوە نە پارێزگارو نەئـەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پێویستیان نییە لەو داھاتەی كەلەسلێمانی ھەیە بۆیە گەیشتینە ئـێرە..  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand