پێکەوەبوون وەک ئەندامی یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە
2026-02-01 15:44:29
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
پێکەوەبوون وەک ئەندامی یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە:کوردبوون وەک بنەمای شوناس
.
لە سێ هەفتەی رابردوودا دونیای ئێمە شایەتی دروستبوونی حەماسەت و کردە و هەڵسوکەوتێکی سیاسیی تەواو تازەبوو، کە دەشێت خەسڵەتە سەرەکییەکان و تەحەداکانی لەم چەند خاڵەدا کورتبکەینەوە:
١- بوونی شەقام و کۆڵانی شار و شارۆچکەکان، واتە بوونی «رووبەری گشتیی» لە هەرێمەکەدا، هاوکات لەناو کۆچبەرانی کوردی بڵاوبووەوە بە جیهاندا، بە دروستکەر و هەڵگری گوتارێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، کە لەناو زیاد لە کایەیەکی کۆمەڵگاکەدا تەواو لاواز و پەراوێزخرابوو، لەپێش هەموویشیانەوە لەناو کایەی سیاسیی و حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا.
٢- ئەوەی لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بینیمان، لەپاڵ نمایشکردنی هەستی نیشتیمانیی و رۆحیەتی هاریکاریی و بەدەمەوەچونی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئینسانییدا، واتە لەپاڵ نیشتیمانسازیی و نەتەوەسازیدا، تەحەدایەکی گەورەش بوو بۆ ئەو شێواز و مۆدێلی حوکمرانیی و بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنەی. لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ەوە سەروەرکراوە، کە مۆدێلێکی حوکمرانیی و شێوازێکی سیاسەتکردنە، دژە بە نەتەوە و نیشتیمان و بەناوی بەشێکی زۆری ئەو یەکانەوە کە دە بە نەتەوە و بەر لەدروستبوونی نەتەوەن.
٣- ئەوەی بینیمان هەم نمایشی هاونیشتیمانبوونێکی نوێ و هەم تەحەدایەکی گەورەش بوو، بۆ ئەو فۆرمی ئىنتیمایانەی مۆدێلی حوکمڕانییە سوڵتانییەکە و کایە سیاسییە پارچەپارچە و بێکۆگیرییەکەی، دروستیکردوە. کایەیەک لەسەر هەموو پێگەیەکی دەسەڵات ململانێیەکی هێندە سەخت دروستدەکات، کە تەنانەت دەگاتە ئاسی قفڵدانی هەرێمەکە و پەکخستنی پەیوەندیی نێوان شارەکانی و دابەشکردنیان.
٤- ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەسەر شەرقامەکان وویدا دەکرێت بە پرۆسەی «دروستکردنی نەتەوە لە خوارەوە» ناویببنێین، لەلای مرۆڤە سادەکانی کۆمەڵگاکە و لە دەرەوەی دیدگا و بینین و هەڵسوکەوتی نوخبە حوکمڕانەکەدا، لە دەرەوەی ئەو پارت و ڕێکخراو و دەزگایانەشدا کە دروست و سەروەریان کردوە و بەسەریکیشەوە رێگری گەورە و هەمەلایەنن، لە بەردەم دروستبوونی نەتەوە و نیشتیماندا وەک فۆرمی گەورەتر و کراوەتر و پێشکەوتوتر بۆ ئینتیما.
٥- لەم پرۆسەی نەتەوەسازییە ژێرەکیەی ناو ڕووبەری گشتیی و ئەو زمانە کە قسەیپێدەکرا، رۆڵی ژنان و کچان رۆڵێکی تەواو کاریگەر و سەرەکیی بوو، بەپێچەوانەی، ئەو رۆڵە دیکۆریی و نیمچەدیکۆرییەی بۆ ژنان لەناو مۆدێلی حوکمڕانییە سوڵتانییکەدا دانراوە.
٦- لەپاڵ ژنان و کچاندا رۆڵی بەشێکی بەرچاوی نوخبە ئەدەبیی و هونەریی و رۆشنیبرەکەش رۆڵێکی دیار و بەرجەستەکراوبوو. ڕووداوەکان بەشێکی بەرچاوی ئەم نوخبانەی چالاککردەوە. هەندێکیانی هێنایە قسە و هەندێکی تریانی بردە سەرشەقامەکان و ژیانی گشتییەوە.
٧- هاوکات ئەوەی ڕوویدا شەپازلەیەکی گەورەش بوو لەسەرجەمی فۆرمە داخراوەکانی دینداریی و لەو بکەرە دینییانەش کە کاری سەرەکییان دروستکردنی دابەشبوونی دینییە لە کۆمەڵگاکەدا. ئیمانداران زیاد لە بکەرێکی دینین ناردەوە ماڵەوە. ئەو بکەرانەی خەریکی پیادەکردنی دابەشکردنێکی ترسناکی کۆمەڵگاکەن لەسەر بنەمای مەزهەب و مەزهبەگرایی. هەروەها شەپازلەیەکی گەورەش بوو لە روخساری ئەو بکەرە دینیانەیش کە ژنان و کچانیان بە ئەهلی ناوماڵ دەزانی و خوازیاری ڕێگرتنبوون لە بەشداری چالاکانەی ژنانن لە ژیانی گشتییدا، بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی و سەربازییەوە. ئەم بەشدارییەشیان وەک دەرچوون لە دین و گوێنەگرتن لە خودا، نیشانئەدا.
٨- ئەو جۆش و خرۆش و ئامادەگییە نیشتیمانییە بەرفراوانەی سەر شەقامەکان، هاوکات قەیرانێکی گەورەیشی بۆ ئەو بەشانە لە ئیسلامی سیاسیی درستکرد، ئیسلامی سیاسیی چ وەک ئایدیۆلۆژیا و چ وەک بزوتنەوەی سیاسیی، کە دینداریی مەزهەبیی دەخەنە پێش ئینتیمانی نەتەوەیی و نیشتیمانیییەوە، تا ئەو شوێنەی بەرگریی لە جیهادیستە تاوانبارەکان بکەن، بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان و هاووڵاتیانی خۆیان.
٩- حەماسەتی نەوە نوێیەکان بەشداری بەرفروانیان جوڵێنەرێکی گەورە و سەرکیی ئەو دۆخە تازەیەبوو کە هاتەکایەوە. نەوەیەک کە لە خەیاڵی سیاسیی و کۆمەلایەتیی باڵادەستی ناو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکەدا، پشتی لە نەتەوە و نیشتیمان کردبوو. ئامادەبوو لە دەریای ئىجەدا بخنکێت بەڵام لە نیشتیمانەکەیدا بەردێ لەسەر بەردێک دانەنێت. ئەوەی بینیمان و تێبینیمان کرد رێک پێچەوانەی ئەو دیدگا باڵادەستەبوو بۆ تێگەیشتن و خواست و توانای نەوە نوێیەکان.
١٠- بە کورتییەکەی، ئەو جوڵەیەی بینیمان جوڵەیەکی پێنج جەمسەرەیە. یەکەمیان جەمسەری بە سێنتراڵکردنی نەتەوە و نیشتیمان. دووهەمیان جوڵەی جالاکبوونی نەوە نوێیەکان بەگشتیی و ژنان و کچان بەتایبەتی. سێهەمیان تەحەداکردنی شێوازی سیاسەتکردن و مۆدێلی حوکمڕانیی باڵادەستە لە هەرێمدا، کە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمان دەیجوڵێنێت و کاریپێدەکات. جوارهەمیان: سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی دین و دینداریی و بەرگریکردن لەو فۆرمانەی دینداریی کە بەشێکن لە پۆرسەی نەتەوە و نیشتیمانسازیی و مرۆڤ، بە ژن و پیاوەوە، دەکەن بە بوونەوەرێکی ئازاد. پێنجەم: چالاککردنەوەیەکی هەمەلایەنی کۆچبەران و بەشەکی بەرچاو لە نووسەران و هونەرمەندان و رۆشنبیران و هێنانیان بۆ ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە.
