Draw Media

درەو: شۆڕشنامە مەسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، دەڵێت سامی عەبدولڕەحمان دەیویست پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی لەماوەی نێوان (11 تا 16ی ئابی 1976) لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، كۆنفرانسی پارتی بە بەشداریی حەفتا بۆ هەشتا هەڤاڵ لە ئەندامانی پێشووی پارتی وەك سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس‌و چەندین كادیری پێشكەوتووی پارتی بەسترا. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان هەریەكە لە: دڵشاد میران، وریا ساعاتی، ئازاد خەفاف، عەبدولڕەحمان پێداوی‌و فازڵ جەلال)ی بۆ ئەندامانی سەركردایەتی زیادكرد... كاك سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ چەند كەسێكی تر هەوڵیاندا سوود لە كۆنفرانسەكە وەربگرن بەمەبەستی قایمتركرددنی شوێنپێی خۆیان‌و دەستەبەركردنی ناوەندێكی بەهێز بۆ خۆیان لەناو حزبدا، بۆ ئەوەی بتوانن لە كۆنفرانسەكەدا سەركردایەتیی پارتی بگرنە دەست. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەڤاڵیان بۆ سەركردایەتی زیادكرد كە بە هیچ شێوەیەك نە مافیان بوو، نەشایانی ئەو پلەیەش بوون‌و نە لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەشدا بوون، بەڵام بۆ رێگەگرتن لە هەر جۆرە ناكۆكی‌و دووبەرەكییەك، چاوپۆشیمان لەو كارانە كرد. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان بەخۆی هەموو شتەكانی نووسی‌و لە لە كۆنفرانسدا رایگەیاند"ئێمە شتێكمان ئامادەكردووەو دەیخوێنینەوە". هەرچەندە هەڤاڵان ناڕەزایەتییەكی زۆریان نیشاندا، كەئەمە كۆنفرانسی لقە، نەك حزب... سامی عەبدولڕەحمان سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ تەواوكردنی خوێندنەوەی بابەتەكەی. لە قسەكانیدا ئاماژەی بە بارەگای بارزانی كردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام زۆرینەی بەشداربوانی كۆنفرانس بایەخ‌و گرنگییان پێنەداو وەك پێویست گوێی لێ‌ رانەگیراو ژمارەیەكی زۆری هەڤاڵان هەستانەوەو بابەتەكەیان رەتكردەوە‌و ناڕەزایەتییەكی توندیان نیشان دا. ئەو گۆڕانكاری‌و دەستكارییانەی سامی عەبدولڕەحمان لە پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی پارتیدا كردی، وێنەو روخسارێكی تەواو ماركسی بە پارتی بەخشی. لەلایەك زیانێكی گەورەی لە پارتی دا، لەلایەكی ترەوە بووە هۆی نانەوەی دووبەرەكی‌و ناكۆكی لەناو پارتیدا. ئەوان وا تێگەیشتبوون كە ئەگەر سیمایەكی ماركسی بە پارتی ببەخشن، دەبێتە هۆی پشتگیری‌و یارمەتیدانی جەمسەری رۆژهەڵات‌و وڵاتە سۆشیالیستەكان، ئەمەش تەنیا خەیاڵ بوو هیچ بنەمایەكی نەبوو. دوای گرتنی كۆنفرانس، بە هەڤاڵانی سەركردایەتی كاتیم راگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ئەم دەستكارییە قبووڵ ناكرێت. دووپاتم كردەوە كە راستە ئێمە دۆستی ماركسییەكانین، بەڵام ئێمە ماركسی نین. ئەوەی بەنیاز بێت روخسارێكی ماركسی بە پارتی ببەخشێت، یان پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی، باشتروایە بچێتە ناو حزبێكی ماركسی، چونكە قاعیدەو بنكەی پارتی رێگە بەم كارە نادات. پارتی حزبێكی نەتەوەیی‌و دیموكراتییە، ئەمەیە پێناسەی پارتی. سەرچاوە: مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی یەكەم، لاپەڕەكانی (54، 55، 56، 57).    


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   زۆرینەی ھەرەزۆری ئەوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا بەگژ بۆچوونەکانی دوکتۆر عەبدولواحیدی باگخوازدا چوونەوە، تەنھا لەسەر ئەو بەشەی قسەکانی وەستان کە دەیگوت ”مەکە لە کوردستان پیرۆزترە“. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم کەس لەسەر ئەو بەشەی تری قسەکانی نەوەستا کە ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەرچاو و گەورەیە نەک تەنھا بە بڕێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان، لە ڕاستیدا بە ھەموو ئەوانەی لە ھەرێمدا لەم پزیشکە ناچن، بەڵکو بە بەشێکی گەورەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە. دوکتۆر عەبدولواحید لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە ئاشکرا و بە حەماسەتێکی گەورەوە دەڵێت: ”ئێمە یەک شتمان ھەیە کە شانازی پێوەبکەین دینەکەمانە، دینەکەشمان نەما ئەبین بە جۆرێک لەو ئاژەڵ و حەیوانانەی کە ئێستاکە ئەلەوەڕێن. ھیچمان لەو حەیوانانە زیاتر نییە“.  بێگومان ئەم گرێدانی نەبوونی دینە بە حەیوانکردنی مرۆڤەوە، ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسانی نادینیی، تەنھا ڕا و بۆچوونی ئەو پزیشکە بانگخوازە نییە، بەڵکو ڕای زۆرێک لە ھێز و کەسایەتییە دینییە سیاسییەکانیشە، ڕای ئەو دیندارانەشە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگا و نوێنەریی ئەخلاق و نوێنەری دین و نوێنەری دینداران، دەزانن. ڕای نەوەیەکی دینیشە وا فێرکراوە لە دەرەوەی دیندا نە ئەخلاق ھەیە، نە ئینسانیەت، نە فیکر و بیرکردنەوەیەکی مانادار، نە ویژدان و نە ئینسانیەت. کەسانێکی زۆر لە شێوەی ئەم پزیشکە بانگخوازە ھەن، دەرەوەی دین وەک سەرزەمینی بەدڕەوشتیی و حەیوانیەت و تەعەدا و کوشتن و بڕین دەبینن و وێنادەکەن، وەک سەرزەمینی دابڕان لە ئەخلاق و ڕێز و ھاودەردەیی و ھاوسێیەتی، دابڕاویش لە ھەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیاریەت و ھەر ویژدانێک لانی ھەرەکەمی خەمخۆریی و ھاودەمی تێدابێت.  کورتکردنەوەی ئینسانبوون بۆ ئینسانیی دینیی و وێناکردنی ئینسانیی نادینیی وەک ئاژەڵ، دیدێکە لای زۆرێک بەخەستیی ھەیە و ئامادەیە.  بە ئاژەڵکردنی ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بە تێگەیشتنی ئەم بانگخوازە بۆ دین نییە، ئیھانە و سوکایەتیکردنێکی کەموێنەیە بە زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤەکانی جیھان، جۆرێکی ترسانکیشە لە دینداریی لەسەر سەندنەوەی مرۆڤبوون لە ھەموو ئەو کەسانە کاردەکات کە لە خۆی ناچن. ئەم بەئاژەڵکردنی ئەوانەی کە تێگەیشتنی ئەویان بۆ دین، واتە بۆ ئیسلام، نییە، ھەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیی و ھەم زۆرینەی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە. لەو حەوت ملیار مرۆڤەی لە جیھاندا دەژین، تەنھا سێ ملیار مرۆڤ ھەڵگری دینە یەکخوداییەکانی وەک مەسیحیەت و ئیسلام و جولەکەن. ئەوانیتریان، یان بێدینن یان دینێکیان ھەیە زیاد لە خودایەکی تێدایە. ژمارەی ئەوانەش کە دەشێت بە موسڵمان ناوببرێن دەوروبەری ملیار و نێوێکە، لەم ملیارو نیوەش تەنھا کەمینەیەکی ھێجگار کەم ھەڵگری ئەو ڕوانینە دینییە ترسناکەی دوکتۆر عەبدولواحیدن بۆ دین. بەمانایەکی تر بە ئاژەڵ و حەیوانکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤایەتیی و زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو موسڵمانانەی وەک ئەم عەبدولواحیدە بیرناکانەوە، سوکایەتییەکە پێویستی بە لێپرسینەوە و بەرپرسایرکردن ھەیە. ھاوکات ھێما بۆ جۆرێک لە نارسیزمی دینیی دەکات کە دەشێت وەک ژێرخانی سایکۆلۆژی فاشیزم کاربکات.  پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە: ئایا ڕاستە دەرەوەی دین سەرزەمینیی نەمانی ئەخلاق و شوێنی بە ئاژەڵبوونی مرۆڤە؟ ئایا ڕاستە لە دەرەوەی دیندا مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە حەیوان؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با سەیرێکی خێرای ھەندێک لە دەسکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی دونیای تازە بکەین کە زۆربەیان لە دەرەوەی دین و لە ھەندێک دۆخیشدا لە ململانێدا دژ بە دین، دروستبوون.  یەکەم: پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. بیرۆکەی یەکسانی نێوان مۆرڤەکان، ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، نێر و مێ، کە وادەکات لە سەدەی نۆزدەھەمدا کۆتایی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ بھێنێت، بیرۆکەی ئەوەیش کە ھەموومان ھاوڵاتین و ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیمان ھەیە، بە دیندار و بێدین و ھەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک و دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاساییەوە، بیرۆکەیەکی نوێیە و لەناو دینەکانەوە نەھاتوە. بەڵکو، لە زۆرسەرەوە، لە ڕێگای ململانێکردن و بەگژاچوونەوەی وێنە دینییەکەی مرۆڤەوە ھاتوە، کە وێنەیەکە لەناوخۆیدا پڕە لە جیاوازیی و ھەڵاوێردنی ھەمەجۆرە، پڕە لە نایەکسانیی و نرخاندنی جیاواز. لە فیکری دینیدا، لەناو ھەموو دینەکاندا، مرۆڤی دیندار و مرۆڤی بێدین بەیەکتری یەکسان نین، لە کوێدا دینێک زۆرایەتی بێت لەوێدا کەمینە دینییەکانی بە چەندان شێوەی جیاواز، ئینسانبوونییان بە کەمتر و پێگەکەیان بە نزمتر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی ئەو مرۆڤە دینیانە ئەسڵەن قبووڵناکرێن کە خاوەنی دینی یەکخودایی نین.  دووھەم: بیرۆکەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازایی بیرکردنەوە و ئازادیی ویژدان، دژ بە سانسۆری دین و سانسۆری سیاسەت و  سانسۆری دەوڵەت، ڕێگەگرتن لە سزادان لەسەر ڕا و بۆچوونی تایبەت، با ئەو ڕا و بۆچوونەش لەگەڵ ڕا و بۆچونی زۆرینەی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی کۆمەڵگادا یەکنەگرێتەوە، یان تەنانەت دژیشی بێت، دەسکەوتێکی تری مرۆڤایەتییە کە لەدەرەوەی دین و دژە بە دەسەڵتی دینیی ھاتۆتەکایەوە. لێرەدا مرۆڤ نەک تەنھا ئازادە کە دینی ھەبێت، بەڵکو ئازادیشە لە جۆری ئەو دینداریەدا کە ھەڵگریەتیی، بەڵام بێگومان لە سنووری ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانیتردا کە وەک خۆی نین و وەک ئەو ناژین و بیرناکەنەوە.  سێھەم: بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و لە ”مافی دیلەکانی جەنگ“، دیسانەوە دەسکەوتێکی گرنگیی مرۆڤە لە دەرەوەی دین و دەسەڵاتی دینیدا. بۆ نموونە چەسپاندنی ئەم مافە مانای کۆتاییھێنان بە چەمکی ”غەنیمە“ و بە چەمکی بە ”سەبی“ و ”سەبایا“کردنی دیلەکانی جەنگ. یان بەکارھێنانیان وەک کۆیلەی سێکسیی. چوارەھەم: داھێنانی بیرۆکەی دەستور و لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دۆزینەوەی میکانیزم بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانن، ئینجا دەستگۆڕکێی دەسەڵات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەندەڵبوونی، ھەموویان بەشێکن لە فیکری سیاسیی مۆدێرن کە ئەمیش لە دەرەوەی دیندا بەرھەمھاتوە. پێنجەم: ییرۆکەی ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ھێڵە گشتیی و ھاوبەشەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکدەکەون، بۆئەوەی ژیانێکی ھێمن و ڕێزدار دروستبکەن، دیسانەوە بیرۆکەیەکی مۆدێرنی نادینییە و لە دەرەوەی دیندا دروستبووە. شەشەم: لە دایکبوونی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمانیش لە دەرەوەی دیندا دروستبوون ھەندێکجار لە ڕەخنەکردنی دینەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەم زانستانە، بۆ نموونە، لە ھەوڵی ئەوەدان، بیرۆکەی دین و بیرۆکەی خودا خۆیشی لە دەستی کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید ھاوشێوەکانی ڕزگاربکەن.  بێگومان دەکرێت بەردەوامبین و نموونەی دەیەھا دەزگا و کایەی زانستیی و ئەخلاقیی نوێ باسبکەین، کە ھەموویان لە دەرەوەی دیندادروستبوون و بەشێکن لە شوناسی دونیا و ئینسانی مۆدێرن. ئەوەی ئەم دکتۆر عەبدولواحیدە لەسەر کۆی ئەم شتانە ئەیڵێت، تەعبیرە لە دووشت: یەکەمیان نەزانین و جەھلێکی ترسناک. دووھەمیان نارسیزم و خۆخوشویستنێکی ترسناکتر.   ئێستا ئەگەر بکرێت ئەم پیاوە لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە بکرێتەوە، ئەوکاتە تاقە شتێک ھاریکاری بێت بۆئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات، پرنسیپی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ویژدانە، کە ھەردووکیان دوو دەستکەوتی ئینسانیی گرنگیی ئەم چەند سەدەیەی دواییترن و لە دەرەوەی دین و دۆخی بەگژاچوونەوە و خەباتکردن دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینییدا دروستبوون و ھاتونەتەکایەوە.  


(درەو):  نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا دەستی گرتووە بەسەر (11) بەند بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لە ماڵەكەی ترەمپدا، لە ناوچەی (Mar-a-Lago) لە فلۆریدا.  یەكێك لەو كۆمەڵە بەڵگەنامانەی كە دەستی بەسەردا گیراوە، لەسەری نوسراوە "زانیاری نهێنی/ زۆر هەستیار"، ئەمە ئاماژەیەكە لەسەر ئەو نوسراوانە دادەنرێت كە دەكرێت زیانی زۆر گەورە بە ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگەیەنن.  ترەمپ رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت، دەڵێ ئەو بەڵگەنامانە لەوانەن كە نهێنیبوونیان لەسەرهەڵگیراوە.  ئەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەكەی ترەمپدا دەستیان بەسەرداگیراوە پێكدێن لە زیاتر لە (20) سندوق‌و فۆڵدەری وێنە‌و نامەیەكی نوسراو بەناوی رۆجەر ستون ستراتیژناسی سیاسی كە ماوەیەكی دورودرێژە هاوپەیمانی ترەمپە.  هەروەك زانیاریش لەبارەی (سەرۆكی فەڕەنسا) لەماڵەكەی ترەمپدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە زانیارییەكە باسلە چ شتێك دەكات، دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی یاداشتێكی دەستگیركردن ئاشكرا كرا كە لە حەوت لاپەڕە پێكهاتبوو.  پێشتر وەزارەتی داد داوای لە دادگا كردبوو كرۆكی یاداشتی پشكنینی ماڵەكەی سەرۆكی پێشووی وڵات بۆ رایگشتی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش هەنگاوێكە كە زۆر كەم روودەدات كاتێك پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەردەوامە، سەرباری بەڵگەنامە زۆر نهێنییەكان، لیستەكە سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی نهێنی"‌و سێ كۆمەڵە "بەڵگەنامەی تایبەت" لەخۆدەگرێت.  یاداشتەكە باسلەوە دەكات، كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی تەماشای ئەگەری پێشێلكردنی یاسای سیخوڕیكردنیان كردووە، چونكە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هەڵگرتنی زانیاری ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن هەر كەسێكەوە كارێكی نایاساییە.  یاساكە سڕینەوەی بەڵگەنامەو بابەتی نهێنی قەدەغە دەكات، ترەمپی خۆشی كاتێك لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكادا بووە، سزاكانی لەسەر ئەم جۆرە تاوانە توندكردوەتەوە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە لە ئەمریكا دەگاتە زیندانیكردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ.  بەپێی یاداشتەكە، ئەو شوێنانەی كە لە ناوچەی (Mar-a-Lago) پشكنینیان بۆ كراوە ناوچەیەك دەگرێتەوە بەناوی "ئۆفێسی 45"‌و ژورێكی مەخزەن، بەڵام تەماشای جەناحی میواندایكردنی تایبەت نەكراوە كە ترەمپ‌و كارمەندەكانی بەكاریدەهێنن.  رۆژی 5ی ئەم  مانگە وەزارەتی داد رەزامەندی دادوەری وەرگرت بۆ پشكنینی ماڵەكەی ترەمپ، واتە بەر لە سێ رۆژ لە ئەنجامدانی پشكنینەكە كە رۆژی دوو شەممە 8ی ئەم مانگەدا بوو. لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر تۆڕی "تروس سوشال" بڵاویكردەوە، ترەمپ رایگەیاند" ئەو شتانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرجەمیان نهێنیبوونیان لەسەر هەڵگیراوە‌و بەشێوەیەكی سەلامەت خەزن كراون".  وتی: تەنانەت بەر لە جێبەجێكردنی یاداشتی پشكنینەكەش ئامادەبووم ئەو دۆسێیانە رادەست بكەم.. هەر كاتێك بیانویستایە دەستیان پێی دەگەیشت، تەنیا ئەوە بەس بوو پرسیار بكەن".  تایلور  بودۆڤیچ وتەبێژی ترەمپ بە تۆڕی (CBS NEWS)ی راگەیاند" دوای ئەم هەڵمەتە شكستخواردووە، ئیدارەی جۆ بایدن زیانەكانی لەئەستۆدەگرێت.. پشكنینەكە نەك بێ پێشینەیە تەنانەت پێویستیش نییە.. ئیدارەی بایدن درۆ دزەپێدەكات بۆ ئەوەی بەهانە بۆ چەكداركردنی حكومەت دژی نەیارە سیاسییەكانی بدۆزێتەوە".  پشكنیەكەی رۆژی دوو شەممەی ماڵەكەی ترەمپ، یەكەم حاڵەتی پشكنینە كە بۆ ماڵی سەرۆكێكی ئەمریكا دەكرێت وەكو بەشێك لە لێكۆڵینەوەی تاوان، ئەمە وایكرد زۆرێك لە دۆستە كۆمارییەكانی ترەمپ ئیدانەی ئەم هەنگاوە بكەن‌و وا لێكیبدەنەوە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە.  سەرچاوە: BBC  


درەو:   لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەی حکومی (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. لە کاتێکدا خەرجی گشتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  زیاتر لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار) دینار بووە، لەو بڕەش تەنها نزیکەی (780 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. یەکەم؛ ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی کەرتی پیشەسازی ڕەگەزێکی گرنگ و پایەیەکی بنەڕەتی ئابوری هەر دەوڵەتێکە، زۆرینەی وڵاتن بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەیان پشت بە کەرتی پیشەسازی دەبەستن تەنانەت ئەگەر کەرەستەی خاویش لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نەبێت و لە دەرەوەی خۆیان هاوردەی بکەن.  بە پێی داتاکان (لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی) نزیکەی (18 هەزار) پرۆژەی پیشەسازی لە عێراق بە هۆکاری جۆراو جۆر لە کارکردن وەستاون و هیچ بەرهەمێکیان نیە، لە کاتێکدا پێش ساڵی (2003) کەرتی پیشەسازی لە عێراق (23%) کۆی گشتی قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە . لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەو کارخانەی حکومی لە سەرجەم کەرتەکانی (میکانیک، کارەبا، کەرەستە کیمیاییەکان، پەین، بیناسازی، خۆراک و دەرمان و جل و بەرگ)، (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەو چارتی ژمارە (1) ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق دووەم؛ پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021)، بودجەیەکی پێشومار بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تەرخان کراوە، بە جۆرێک بۆ هەردوو بودجەی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بەپێی یاساکان بەبێ ساڵی (2020) بریتی بووە لە بڕی (6 ترلیۆن و 364 ملیار و 972 ملیۆن و 909 هەزار) دینار. لە کاتێکدا خەرجی و مەسروفاتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  بەهەردوو جۆری خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار و 504 ملیۆن و 211 هەزار) دینار، لەو بڕەش (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 743 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (89%) چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها بڕی (779 ملیار و 761 ملیۆن و 31 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) سەرچاوە؛ د.دعاء فلاح رزاق، عدد المصانع المتوقفة والعاملة في العراق و التخصيصات المالية، للوزارة الصناعة و المعادن في الموازنة العامة للسنوات (2015 - 2021)، مجلس النواب، دائرة البحوث، قسم البحوث والدراسات النيابية، مارس 2022.  


راپۆرت: درەو ناكۆكی شیعەكان جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر شەقام‌و ئەگەری پێكدادان بەدوور نازانرێت، سەدر هەفتەیەك مۆڵەتی خستوەتە بەردەم دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش سەرلەنوێ داوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت دەكەن، هەینی ئەم هەفتەیە ناكۆكییەكان ئاڕاستەیەكی نوێ وەردەگرن، رەنگە سەدرییەكان مانگرتن لە پەرلەمانەوە بگوازنەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەریی‌و روبەڕووی دژەخۆپیشاندانی چوارچێوە ببنەوە.  دادگا لەبەردەم فشاری سەدردا   دوێنێ دۆخی بنبەستی سیاسی عێراق پەرەسەندنێكی نوێی بەخۆوە بینی، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر (تویت)ێكی كرد‌و داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كرد تاوەكو (كۆتایی هەفتەی داهاتوو) پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.  هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەكێك لەو رێگانەیە كە هیچ بنەمایەكی دەستوریی نییە، واتە لە دەستوری عێراقدا دەسەڵاتی (هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان) بە دادگای فیدراڵی نەدراوە، بەڵام سەدر بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمان نەیتوانیوە لەماوەی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌و متمانە بە حكومەت بدات، سوێندی یاسایی شكاندووە، ئەم شەڕەی خستوەتە بەردەم دەرگای دادگای فیدراڵییەوە.  عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ: دوو بۆچوونی یاسایی هەیە، بۆچونی یەكەم ئەوەیە دادگا هیچ دەقێكی یاسایی لەبەردەستدا نییە كە بتوانێت بەهۆیەوە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، بۆچونێكی دووەم ئەوەیە ناكرێت دادگا بەبەهانەی ئەوەی هیچ دەقێكی لەبەردەستدا نییە حكومی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكانەوە نەدات، بەتایبەتیش كە ماددەی یەكەمی یاسای مەدەنی لەماددەكانی 59‌و 74دا دەڵێ دادگای بەرایی دەتوانێت دامەزراوەیەك هەڵوەشێنێتەوە ئەگەر نەیتوانی رۆڵی خۆی ببینێت‌و ئەو مەبەستە بەدی بهێنێت كە لەپێناویدا دامەزراوە. سەدر كە خۆی لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بێئومێد بووە لەوەی پەرلەمان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەتیش كە دوای كشانەوەی ئەو، ئێستا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمانن‌و نوری مالیكی وەكو سەری بەهێزی ناو چوارچێوەی رایگەیاند، بەبێ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكرێت. ئەوە هەر چوارچێوەی هەماهەنگیی نییە وەكو لایەنێكی نەیار دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە بەوشێوەی كە سەدر داوای دەكات، تەنانەت مەسعود بارزانی-ش وەكو هاوپەیمانێكی سەدر هێشتا قسەی خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ یەكلانەكردوەتەوە. دوای دوو هەفتە كۆنترۆڵكردنی تەلاری پەرلەمان لەلایەن لایەنگرەكانییەوە، سەدر دوێنێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی بەرەو ئەنجومەنی دادوەریی‌و دادگای فیدراڵی گواستەوە، هەندێك لە سەرچاوەكان لەناو رەوتی سەدرەوە باسلەوە دەكەن، پێدەچێت خۆپیشاندانەكان لە ناوچەی (سەوز)ەوە ئاڕاستەی ناوچەی (جادریە)‌و كۆشكی (سەرۆكایەتی كۆمار)یش بكرێت، سەدر لە تویتەكەیدا داوا دەكات دادگای دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار راسپێرێت بە دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ.    ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە: * رێگای یەكەم: یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێك پێشكەش بكەن‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن‌و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەند بكات، بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام. سەدر بەر لە كشانەوەی لە پەرلەمان، بە سودوەرگرتن لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ بارزانی‌و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەكێكە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەكەیدا بۆ كشانەوە لە پەرلەمان كەوتوەتە هەڵەوە.  * رێگای دووەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایە ئێستا بەركار نییە، چونكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار هەردووكیان كاربەڕێكەرن‌و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون‌و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن.  جگە لەو رێگا نادەستورییەی كە سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشنیازی كردووە كە دادگای فیدراڵییە، رێگایەكی تریش هەیە بۆ دەربازبوون لە بنبەستەكە ئەویش ئەوەیە بە رێككەوتنی لایەنەكان پەرلەمان سەرۆك كۆمارێكی نوێ هەڵبژێرێت‌و دواتر هەر بە رێككەوتن حكومەتێكی كاتیی لە عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە ئەركی ئامادەكاری سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ بگرێتە ئەستۆ لەماوەیەكی دیاریكراودا، بەتایبەتیش كە بەگوێرەی دەستور حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەسەڵاتی ئەوەی نییە بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن تەرخان بكات. بەڵام سەدر دەیەوێت دۆخی سیاسی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای پرۆسەی سیاسی نوێ لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003، تەنانەت بە دەستكاریكردنی دەستوریشەوە، داواكارییەكی لەمشێوەیەش پێویستی بەكاتێكی زیاتر هەیە.  چوارچێوە ئاماده‌كاری بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ ده‌كات گرەوكردن لەسەر لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی) جارێكی تر شكستی هێنا، دوێنێ شەو چوارچێوەی كۆبووەوە‌و بە بانگەوازكردن بۆ یەكلایكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەڵامی داواكەی سەدری دایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە.  سەدر كە لەماوەی (9) مانگی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە هادی عامری لە نوری مالیكی جیابكاتەوە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت دزەكردنی تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی كە لەبارەی حەشدی شەعبی‌و عامرییەوە بەشێوەیەكی نەرێنی قسە دەكات، هێشتا نەیتوانیوە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەڵوەشێنێتەوە كە بە هاوپەیمانێتی نزیك لە ئێران ناودەبرێت.  هەر دوای كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بانگەوازی خۆپیشاندانیان كرد بۆ لایەنگرەكانیان، خۆپیشاندانی ئەمجارە ناوی لێنراوە "گەل دەوڵەت دەپارێزێت"، وەكو خۆیان دەڵێن ئەمە بۆ بەرگریكردنە لە دامەزراوەی دامەزراوە دادوەریی‌و یاساییەكانی وڵات.  ئەم خۆپیشاندانە لەبەردەم ناوچەی سەوز دەكرێت كە لایەنگرانی سەدری تێدا كۆبوەتەوە، واتە لە ئەگەری رۆشتنی لایەنگرانی سەدر بەرەو بینای دادگا، ئەگەری روبەڕووبونەوە هەیە لەنێوان هەردوولادا.   چارەسەری دەرەكیی! ئێستا كە  دوای (10) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەردوو بەرەی ناكۆكی شیعە (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی) ناتوانن بگەنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت یاخود سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لە دەرەوەی عێراق نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەر بەسەر لایەنە عێراقییەكاندا بسەپێندرێت. هەندێك پێشبینی دەستپێشخەریی ئێران دەكەن، هەندێكی تر گومانیان هەیە لەئەگەری بەردەوامبوونی بنبەستە سیاسییەكە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەخشەرێگایەك بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا بسەپێنێت، كە رەنگە ئاكامەكەی باش نەكەوێتەوە.   


(درەو): "لەكاتی گەڕانەوەمدا لە هەولێر دوای دیدارەكەم لەگەڵ بارزانی، ویستیان فڕۆكەكەم بخەنەخوارەوە‌و بمكوژن" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كردووە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوەكە دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵ‌و خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات.  (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكان‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتیی‌و سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت". سەرباری ستایشكردنی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەرۆكی حزبەكان گەیاندووە‌و باسی لەوەكردووە" دوای دیدارەكەی لەگەڵ بارزانی، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، كەسێكی جاش بە چەكی قەناس چاودێری هێلیكۆپتەرەكەی كردووە‌و ویستویەتی فڕۆكەكەی بخاتەخوارەوە‌و بیكوژێت". ئەم قسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی پارتی توڕەكردووە‌و داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە ناوی ئەو كەسەی پێبدات كە هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی لەسەر پارچە كاغەزێك ناوی كەسەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی نوسیوە.  ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا‌و لەبەرچاوی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی نیگەران كردووە، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین‌و عەلی باپیرو محەمەد حاجی مەحمود وتویانە دەبوو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا قسەی لەسەر نەكرایە‌و پێشتر یەكلابكرایەتەوە.  نیگەرانییەكان لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە ئاستێك، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، خاتوو جینین پلاسخارت لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە" من چیتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناكەم كە بەمشێوەیە بەبێ ئەنجام كۆتایی بێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی داوای لە پلاسخارت كردووە كۆبونەوەكان بەجێنەهێڵێت، پلاسخارت بەمەرجی ئەوەی لە كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی داهاتوودا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت‌و هەموو كێشەكان یەكلابكرێتەوە، ئامادەیی نیشانداوە بەشداری كۆبونەوەی داهاتووی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات. 


  (درەو): كۆبونەوەی كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، چارەنوسی هەڵبژاردن درایە دەست كۆبونەوەیەكی تر لە مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو، پارتی‌و یەكێتی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێككەوتن، بەڵام لەبارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان رێككەوتن نەكرا.  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكاندا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشداربوو، جارێكی تر لایەنەكان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی‌و گۆڕان هەندێك سازشیان كردووە‌و قایلبوونی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر بە شێوەی (یەك بازنە)، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی سەركردایەتی بەرەی ئەو حزبانەی دەكرد كە داوای شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان دەكرد.  سەرباری لێكنزیكبوونەوە لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە)، بەڵام پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11 كورسی كۆتای پێكهاتەكان)‌و (تۆماری دەنگدەران) نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەوە نەتوانرا لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، بۆیە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكاندا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو جارێكی تر لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی و یەكێتی نایانەوێت لەسەر وادەی هەڵبژاردن رێكبكەون و دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە دوای تێپەڕاندنی كێشەكانی بەغداد، واتا تا كێشەكانی بەغداد یەكلانەكرێتەوە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكرێت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا دوادەكەوێت.  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشتری كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمە كە حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە رۆژی (4ی ئازار)ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.  خاڵی سەرەكی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتی بریتی بوون لە شێوازی هەڵبژاردن، پارتی‌و سۆسیال دیموكرات و زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی شیوعی پشتیوانی ئەوەیان دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكان پێشتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، واتە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە) یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و نەوەی نوێ داوا دەكەن هەڵبژاردنەكە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن واتە چوار بازنە، لەمەشدا (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشبكربَت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی فرەبازنەیی دەكەن، پێیانوایە لەم رێگەیەوە دەتوانن رێگری لەوە بكەن جارێكی تر پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات، هاوكات دەتوانن كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دەربهێنن. 


(درەو):  كۆمپانیای گازپرۆم‌و دانەغاز نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگای كەرخ لە بەغداد، وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆماركردوون.  وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لەسەر رێوشوێنەكانی دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەكەرتی نەوت‌و غازدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەی كە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەریكرد.  كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی‌و (دانەغاز)ی ئیماراتی دوان لەو كۆمپانیایانەن كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن‌و كەوتونەتە ژێر فشاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، وەزارەتی نەوت لە دادگای بازرگانی (كەرخ) لە بەغداد سكاڵای لەسەر ئەم دوو كۆمپانیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردون بەوەی ملكەچی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون.  بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە ئێستا وەزارەتی نەوت سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیارەكەیە، دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە‌و بیگونجێنن لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقدا، هەروەها هەرێمی كوردستان نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.  بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمێڵی بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان ناردو داوای لێكردن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام زۆرینەی كۆمپانیاكان هیچ وەڵامێكی وەزارەتی نەوتیان نەداوەتەوە‌و دەڵێن ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە‌و دەبێت هەرێم ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.    رۆژی دوو  شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای كەرخ دانیشتنی خۆی سازكرد بۆ گوێگرتن لەو سكاڵایەی كە  وەزارەتی نەوت لەسەر هەردوو كۆمپانیای (گازپرۆم)‌و (دانەغاز) تۆماریكردووە، ئەم دوو كۆمپانیایە نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگا. بەردەوامیی فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كۆتاییەكانی مانگی تەموزی رابردوو، دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان مەسرور بارزانی‌و كازمیی رێككەوتنێكیان كردووە بەشێوەیەكی كاتیی‌و تاوەكو چارەسەركردنی پرسەكە، فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان رابگیرێت.  چەند رۆژی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. كۆمپانیای (گازپرۆم) كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی روسیایە لە بواری وزەدا لە ناوچەكانی گەرمیان‌و هەڵەبجە كاردەكات، كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیش لە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی ناوچەی قادركەرەم كاردەكات‌و غازی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنێت.   


درەو: ئالان بەرزنجی لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (78) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان كراوە لە كاتێكدا لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا (22) پێشێلكاری بەرامبەر (63) رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (26) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە، لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا ( 10 ) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە. بە پێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لە خۆپیشاندانەكانی شەمەی رابردوودا زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە بەم شێوەیە: 🔻  78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 60 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە, كە بریتین لە: 🔹 دەستگیركردن:26 🔹 هەڵكوتانە سەر ماڵ:4 🔹 رێگری:16 🔹 برینداربون بە گازی فرمێسك رێژ:8 🔹 زەوتكردنی كەل و پەلی رۆژنامەوانی:23 🔹 داخستنی كەناڵ: 1 بە پێی راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە 1-1-2022 تا 31-6-2022 : 🔻  (22) پێشێلكاری بەرامبەر (62) رۆژنامەنوس و دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامدراوە: 🔹  (2)كەیسی دەستگیركرن، (10) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە 🔹  (8) كەیسی رێگەنەدان بە روماڵ و جیاكاری، (20) رۆژنامەنووسكراوە 🔹  (3) كەیسی شكاندنی كەلەپولی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن (9) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹 (4) كەیسی هێرش و سوكایەتی (8) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی هەڕەشە (2) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی داخستنی نەسینگە و كەناڵ (11) رۆژنامەنووس لەكاردەركراون 🔹 (1) كەیسی هێرشكردنە سەر دەزگا و كەناڵی راگەیاندن   (1) بەرامبەر دەزگای رۆژنامەوانی  🔹 (2) كەیسی دەركردن  (2) دەزگای رۆژنامەوانی   


شیكاری: درەو  فرۆشی نەوتی هەرێم لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (6.8%) و بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل کەمی کردووە بەراورد بە تەموزی (2020). بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم (پارەی ڕادەستکراو بە حکومەت)، لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار و 801) دۆلاری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020) کە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە. بە دیناری عێراقی قەبارەی داهاتی گەڕاوە زۆر گەورەترە، چونکە گۆڕان لە بەهای دیناری عێراقی ڕویداوە و لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیار و 691 ملیۆن و 304 هەزار و  81) دیناری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020)دا ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.   یەکەم؛ بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (10/1/2021) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەڵام هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (17/3/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەم پێیەش، فرۆشی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (179 هەزار 851) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (1.4%) کەمتر فرۆشتووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. بەم پێیەش بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (718 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (5.5%) کەمتر فرۆشتووە. بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی فرۆش زیاتر دابەزیوە، بەجۆرێک بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (6.8%) کەمتر ساغ کردووەتەوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) دووەم؛ تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "دیلۆیت" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، هەر بەرمیلێک نەوتی لە مانگی ناوبراودا بە تێکڕای (32.62) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (43.24) دۆلار بووە. بەڵام لە مانگی تەموزی (2021)دا هەرێمی کوردستان بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (75.17) دۆلار بووە، بەڵام هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (63.23) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (30.61)  دۆلار بە ڕێژەی (94%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (111.93) دۆلار بووە، بەڵام (بەپێوەرگرتنی تێکڕای نرخەکانی ڕابردوو) هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (98.21) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2022)دا بڕی (35)  دۆلار بە ڕێژەی (55%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2021). لە کاتێکدا ئەگەر تەموزی (2022) بەراورد بکەین بە تەموزی (2020)، ئەوا بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بڕی (65.59) دۆلار و بە ڕێژەی (201%) زیادی کردووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا 1.    کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار بووە.  بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بەم پێیەش، داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (393 ملیۆن و 876 هەزار 134) دۆلار و بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (386 ملیۆن و 163 هەزار 667) دۆلار بە ڕێژەی (47%) داهات زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) داهاتەکە زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی نەوت بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار 801) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) 2.    کۆی خەرجی و داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتەکانی کۆمپانیای "دیلۆیت"، بەنزیکەی تێکڕای (56%)ی داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم، بۆ تێچووەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرج دەکرێت، (44%)ی داهاتیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی و حکومەت هەرێم، بەم پێیەش.  کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بریتی بووە لە (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار، بڕی (241 ملیۆن و 848 هەزار 96) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بڕی (462 ملیۆن و 418 هەزار 730) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. بڕی (678 ملیۆن و 670 هەزار 384) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. (بڕوانە چارتی ژمارە (4))  چارتی ژمارە (4) 3.    داهات سافی نەوتی هەرێم بە (دینار) لە خاڵی (1 و 2)دا ئاماژەمان بە کۆ و داهاتی سافی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم و ڕێژەی بەرزبوونەوەی (بە دۆلاری ئەمریکی) لە مانگەکانی تەموزی ساڵانی (2020 – 2021 - 2022)دا، لێرەدا تیشک دەخەینەسەر داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دیناری عێراقی)، چونکە بەهای دیناری عێراقی بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی (2020)دا بەراورد بە ساڵانی (2021 و 2022) دابەزینی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، هەر بۆیە داهاتیش بە دینار بە ڕێژەیەکی گەورە زیادی کردووە لە ساڵانی (2021 و 2022) بەراورد بە (2020)، بکەواتە داهات سافی نەوتی هەرێم بۆ هەرسێ (تەموز)ەکە بەم شێوەیە دەبێت؛ بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلار بووە، لە ساڵی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 180) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (285 ملیار و 380 ملیۆن و 752 هەزارو 713) دینار. بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلار، لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (670 ملیار و 507 ملیۆن و 158 هەزارو 977) دینار. بەم پێیەش داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (385 ملیار و 126 ملیۆن و 406 هەزارو 262) دیناری بە ڕێژەی (135%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا داهاتی سافی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلار. لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکەی بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (984 ملیار و 72 ملیۆن و 56 هەزارو 800) دینار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (313 ملیار و 564 ملیۆن و 897 هەزار 823) دینار بە ڕێژەی (47%) داهاتی سافی زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی داهاتی سافی زۆر زیاتر هەڵکشاوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی سافی نەوت بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیارو 691 ملیۆن و 304 هەزار 87) دیناری عێراقی. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢٠ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٠؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202020/Consolidated%20RCOG%20Q3%202020.pdf -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q3%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf -    ئەنوەر کەریم، داهاتی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی تەموزی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10799   


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) تێزێکی کۆمەڵناسانەی سادە ھەیە باس لەوە دەکات مرۆڤ بەرھەمی ئەو ژینگە تایبەتەیە کە لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و دەمرێت. ئەو ژینگەیە دەستنیشانی ئەوە دەکات ئەو کەسە چۆن بیربکاتەوە، چاوەڕوانی چی بێت، چۆن ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە مۆنتسیکیو (١٦٨٩-١٧٥٥)، گەورە نووسەری فەرەنسیی، پێ لەسەر ئەم ڕاستییە سادەیە دادەگرێت. ئەو پێیوایە ئەوە دەزگاکانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن و چی بێت؟ دەزگا گەورەکانی وڵات، دەزگاکانی حوکمڕانیی، دەزگاکانی پۆلیس، دەزگاکانی سیستمی داوەریی، دەزگاکانی خوێندن و فێربوون، وادەکەن جۆرێکی تایبەت لە خەڵک بە جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیا و ویست و خەون و چاوەڕوانیی و کردە و کاردانەوەی تایبەتەوە لەدایکببن. ئەم دەزگایانەش ھەڵگری جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیاتن و ئەو ئەخلاقیاتەش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا مرۆڤ چۆن سەیری خۆی و چۆن سەیری ئەو دەزگایانە بکات.  سەدەیەک دواتر ئەم دیدەی مۆنتسیکیو لای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەگۆڕێت بۆ تێزێکی تازە کە ھەمان ناوەرۆک بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوتر، نمایشدەکات. مارکس پێیوایە ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، ئەوەی ئاکار و سایکۆلۆژیا و خواست و چاوەڕوانییەکی تایبەت بە مرۆڤ پێدەبەخشێت، دەزگاکان نیین بەتەنھا، بەڵکو ئەو ھەلومەرجە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە کە خودی دەزگاکانیش لەناویاندا دروستدەبن. لای مارکس شێوازی بەرھەمھێنانی ئابوریی و جۆری ئەو ھێزانەی لە بەرھەمھێناندا بەشدارن، دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە و ھەست بەچی بکات و بشتوانێت لە ڕووی مێژووییەوە چ کردەیەک ئەنجامبدات.  ئەوەی مارکس ئەنجامی ئەدات، وەک ئاریک فروم دەڵێت، شیکردنەوەیەکی قووڵتری دەزگاکانە، نیشاندانیانە وەک شتێک کە لەناو شێوازی بەرھەمھێنان و لەناو ھێزەکانی بەرھەمھێناندا، دروستدەبن و بەمەش پێماندەڵێت مرۆڤ ھەمیشە لەناو مێژوویەکی کۆنکریت و ژینگەیەکی دیاریکراوادا دەژیی و بیردەکاتەوە، نەک ئەوەی غەریزە یان ئاکارێکی نەگۆڕیی ھەبێت و ئەو غەریزە و ئاکارە نەگۆڕانە ئاراستەی بکەن. بۆ نموونە ھەلومەرجی ئابوریی و شێوازی بەرھەمھێنان و مەسرەفگەراییی ناو سەرمایەدراییە، وادەکەن حەز و ئارەزوی گەورە لە ئینساندا دروستببێت بۆئەوەی شتومەکی زۆر و زیاتر، شتومەکەی تازە و گرانبەھای ھەبێت. ئەوە سەرمایەدارییە وادەکات مرۆڤ مەسرەفگەر و پارەدۆستبێت. بەڵام لە شوێنێکدا کە سەرمایەداریی بوونی نەبێت، یان بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە بەھێزنەبێت، ئەو حەزە گەورەیە بۆ ھەبوونی شتومەکی زۆر و بۆ کەڵەکەکردنی پارە و مەسرەفگەرایی بوونی نابێت، ڕەنگە پێچەوانەکەی ئامادەبێت، واتە خەڵک زیاتر بەرەو زوھد و ڕقبوونە لە سەروەت و سامانی دنیایی بڕۆن.  من ئەم ڕاوڕێویە تیورییە سادەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە تا جارێکی تریش لەو ڕاستییە سادەیە کە نزیکەی سێ سەدەیە زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان پێماندەڵێن ئاگاداربین، ڕاستییەک شێماندەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دروستدەکات و ئاکار و زمان و سایکۆلۆژیایەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، ئەو ژینگەیەیە کە لەناویدا دەژیی، ئەو ناوەندە ئابوریی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە دەبێت بە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و چاوەڕوانیی و خەونبینینی کەسەکان.  ئێستا گەر لەو پێدراوە تیورییەوە بپەڕینەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیریەکی سادەبکەین و بڵێین ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر دونیای سایکۆلۆژیی و چاوەڕوانیی و دید و ڕا و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵک دەستنیشاندەکات، ئەو ژینگە ئابوریی و سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییەیە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە. ژینگەیەک بە ڕاپەڕین دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی دوێنێش لە ژمارەیەکی بەرچاوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بە گرتنی دەیان و سەدان کەسی ناڕەزاییدەربڕ دەگات. دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەناودا بڵاودەکرێتەوە و ھێزی چەکداریش مەودای جوڵە و قسەکردنیان لێدەسێننەوە.   ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ساتەدا ئامادەگییەکی ناوەکیی گەورەیان بۆ ناڕەزاییدەربڕین و بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تێدادروستبووە و تێدایە، پەیوەندیی نییە بە بوونی غەریزەیەکی کوردانەوە بۆ یاخیبوون، پەیوەندیشی بەوەوە نییە خەڵک لە دەرەوەوە ھانئەدرێن بۆ ئەوەی بە گژ ئەو دەسەڵاتە ”نیشتیمانپەروەرە“ ”خۆماڵییەدا بچنەوە کە چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی بە ”قارەمانێتی“ و ”دڵسۆزی خۆیان“ دروستیانکردوە و دەیپارێزن، پەیوەندی بەوەشەوە نییە چەند ڕۆشنبیرێکی ئانارشیست خەڵکیان لە خشتەبردوە و دۆخێکیان دروستکردوە ھیچ کەسێک بە ھیچشتێک ڕازینەبێت. ھەموو ئەم جۆرە لێکدانەوانە ھەڵاتنێکی نابەرپرسیار و گەمژانەیە لە ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو دۆخی ناڕازیبوونە سەرتاسەرییەی ھەموو ھەرێمەکەی تەنیوەتەوە. ناڕەزایی بەرامبەر بە حوکمڕانی چەند خێزانێکی سیاسیی و ئەو نوخبە گەندەڵ و بچووکەی بەدەوریاندا دروستکراوە، ناڕەزایی لە سیستمە سیاسیی و ئابورییە قۆرخکراوەکەیان، لە سیستمە بیرۆکراسییە بەحیزبیی کراوەکەیان، لە سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستیی کە لۆژیکی پارەپەیداکردن دەیانباتبەێڕوە، ناڕەزایی لە سیستمی داوەریی کە لەساتە گرنگەکاندا بۆ گرتن و ڕاونانی ئەوانە کاردەکات، کە شتێکی جیاواز لە قسەی خێزانە حوکمڕانەکان دەڵێن، ناڕەزایی لەو مۆدێلە حیزبییەی کە وایکردوە حیزب ببێت بە گەورەترین سەرمایەدار لە وڵاتەکەدا و لەزۆر سەرەوە دەوڵەمەندتر لە خودی دەوڵەت خۆیشی، ناڕەزایی  لەو ھێزە چەکدارانە کە بە ئەمری ئەم یان ئەو بەرپرسی حیزبی دەجوڵێنرێن و دەکرێن بەگژی ئەوانەدا زەوقی ئەو بەرپرسە وەک نەیار پێناسیان دەکات. خۆپیشاندان لە ھەرێمدا ئەم دۆخە پڕ قەیران و پڕکێشە و پڕمەترسییە دروستیدەکات. دەشێت ئەوانەی بانگێشەی خۆپیشاندان دەکەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی کە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرھمدەھێنێت، نەگۆڕە و بەردەوامی ھەیە. خۆپیشاندان دیاردەیەکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییە. ئەوەی خەڵک والێدەکات ناڕازیبن و ڕێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵکو پاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە. ئەو دونیایەیە کە بە تۆڕێکی گەورە لە گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی و بە دنیایەک بڕیاری نابەرپرسیار و بە تەماحی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی قۆرخکارانە، دروستکراوە.  ئەم دۆخە تاریکە بە ئاستێک گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەنگدانەکان نەکەن، کەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بە ڕزگارکەر و بە کەسێکی بزانن سەدانجار لە حوکمڕانانی ئەمڕۆ باشتر.  پێویستە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە نەخۆشە ئەم ڕاستییە زۆر زۆر سادەیە زۆرباش بزانن: ئەوەی خەڵک بەوانەوە دەبەستێتەوە، نە ڕێز و پێزانینە، نە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، نە کۆمەڵێک پرنسیپی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، بەڵکو ڕقە، ڕقە لە ھەموو شێوەکانیدا: ڕقی سیاسیی، ڕقی ئەخلاقیی، ڕقیی ئابوریی، ڕقیی دەزگایی، ڕقیی بنەماڵەیی، ڕقیی فیکریی. کەڵەکەبوونی ئەم ھەمو ڕقە ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ تەقینەوەی گەورە و خوێناویی لە ئایندەدا.  


راپۆرت: درەو داواکارییەکەی سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە، لەپێش ھەموشیانەوە ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی نوێ چۆن دەکرێت ؟ کێ سەرپەرەشتی ھەڵبژاردن دەکات ؟ پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟ وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە گۆڕینی سیستەمەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ؟ سەدر کە دوای کشانەوەی لە پەرلەمان داوای ھەمواری دەستورو گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەکرد، ئێستا ھەندێک پاشەکشێی کردووەو داواکاری خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێدا کورتکردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە کشانەوەی لە پەرلەمان ھیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان. لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە ھەندێک تێبینییەوە پاڵپشتی سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر دەکەن، لەمەشدا زیاتر چاویان لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنە، ھاوپەیمانەکانی سەدریش (بارزانی+ حەلبوسی) ھێشتا بە گومانەوە لە بارودۆخی نوێ دەڕوانن و چاوەڕێی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێن، حەلبوسی کە لەدوای ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١وە لە بارزانی نزیکبوەتەوە، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی بنچینەیی پشتیوانی خۆی بۆ ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ راگەیاند، بەڵام بارزانی ھێشتا ھەڵوێستی خۆی یەکلانەکردوەتەوە، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە بۆنەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند ناچارکرا بەوەی رونکردنەوەیەک بدات و بڵێ ئەوەی وتم تەنیا بۆچوونی خۆم بوو نەک حزبەکەم. ھەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەکرێت ؟ ئێستا کە ئیتر پرسی سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ لەسەر داوای موقتەدا سەدر خەریکە دەبێت بە ئەمری واقع، قسەوباس لەبارەی چۆنیەتی سازدانی ھەڵبژاردنەکە گەرم بووە، ئایا ھەڵبژاردنی نوێ چۆن بەڕێوە دەچێت ؟ پەرلەمان چۆن و کەی ھەڵدەوەشێتەوە ؟ بە چ یاسایەک ھەلبژاردن بکرێت ؟ کێ پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات ؟ سازدانی ھەر ھەڵبژاردنێکی نوێ لە عێراق بەر لە ھەموو شێک پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانە، یاسایەک کە تەنیا یەکجارو لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەزموون کراوەو شێوازی ھەڵبژاردنی لە عێراق گۆڕیوە بۆ (فرە بازنەیی)، ئەو بنبەستە سیاسییە ماوەی (١٠ مانگە) لە عێراق دروستبووە، لەم یاسایەوە سەرچاوەی گرتووە. دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بەرزترین دادگای عێراقەو بڕیارەکانی تانەی لێنادرێت، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٥٩) کە لە رۆژی (٢٠٢١/١٢/٢٧) دەریکردووە، پەرلەمانی عێراق پابەند دەکات بەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی ھەڵبژاردنەکان ھەمواربکاتەوەو شێوازی جیاکردنەوەو ئەژمارکردنی دەنگەکان لە (ئەلیکترۆنی)یەوە بگۆڕێت بۆ شێوازی (دەستی) ھەروەھا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش بگۆڕێت. ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بەوەیە خولی ئێستای پەرلەمان بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی یاساکە ھەمواردەکرێتەوە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە لەبەردەم پەرلەمان و دەبێت ھەموو لایەنەکان لەسەر ھەموارەکە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، سەدر کە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات و میکانیزمەکەی دیاری نەکردووە، رەنگە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبەرچاونەگرتبێت، بەتایبەتی کە ئیتر کوتلەی سەدرییەکان لەناو پەرلەماندا نەماون و کاریگەریی راستەوخۆیان نابێت لەسەر گفتوگۆکانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، مەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان و بەتەوافوقی سیاسیی داواکارییەکانیان بچەسپێنن. پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟ ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق دوو رێگەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریکردووە: * رێگای یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێک پێشکەش بکەن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەکانی داواکارییەکە پەسەند بکات. بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشکەشکردنی داواکاری، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان ھەیە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام. سەدر کە ئێستاو دوای کشانەوەی لە پەرلەمان دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، بەر لە کشانەوەی بە سودوەرگرتن لە ھاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ بارزانی و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەکێکە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان سەدر پەلەی کردووەو کەوتوەتە ناو ھەڵەیەکی سیاسییەوە. * رێگای دووەم: سەرۆکی ئەمجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆک کۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات. ئەم رێگایە ئێستا بەرکار نییە، چونکە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆمار ھەردووکیان کاربەڕێکەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا ھەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن. لەنێوان ئەم دوو رێگا دەستورییەدا رێگایەکی تریش ھەیە کە زۆر دەستوریی نییە، بەڵام بۆ چارەسەری دۆخەکە دەکرێت پەنای بۆ ببرێت، ئەویش ئەوەیە دادگای باڵای فیدراڵی بەبەھانەی ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان شکستی ھێناوە لەوەی لەماوەی دەستوریدا سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات، داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات. بەم بارودۆخەوە داواکاری سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ بەبێ رەزامەندی نەیارەکانی (لایەنەکانی چوارچێوەی ھەمەھەنگیی) کە ئێستا کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن، ھیچ ھەنگاوێک ناچێتە پێشەوەو ئەگەر دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بەدیاریکراویش ئێران نەبێت، رەنگە بنبەستی سیاسی عێراق زیاتر درێژە بکێشێت یاخود لە ھەر ساتێکدا پێکدادانی ناو ماڵی شیعە لە ئەگەرەوە بکات بە واقع. سەدر ھەڵەکەی راستدەکاتەوە ؟ دوای نزیکەی (١٠ مانگ) لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی، پرۆسەی سیاسی عێراق ھێشتا لەناو بنەستدا دەسوڕێتەوەو ئەنجامی ھەڵبژاردن نەیتوانی کابینەیەکی نوێی حکومەت دروست بکات. نۆ مانگی رابردوو ماوەی ململانێ و کێشمەکێشی نێوان دوو جەمسەری ناکۆکی ناو ماڵی شیعەکان (سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی) بوو، کە دواجار کوردو سوننەشی بەسەر خۆیدا دابەشکردو قەیرانەکەی لە ناکۆکی ناو ماڵی شیعەوە کرد بە قەیرانێکی سەرتاسەریی لە عێراقدا. ململانێی جەمسەرە ناکۆکەکانی شیعە، دواجار موقتەدا سەدری براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی توشی ھەڵەیەکی سیاسی کردو بە (٧٣) کورسییەوە لە پەرلەمان کشایەوەو گۆڕەپانەکەی بۆ نەیارە سیاسییەکانی بەدیاریکراویش (نوری مالیکی) چۆڵکرد. چوارچێوەی ھەماھەنگیی (مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەکیم) کە لەسەرەتاوە ناڕازی بوون لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێیان دەکرد، سەرباری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دژی ئەنجامەکان، دواجار پابەندبوون بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ئەمجارەیان شەڕەکەیان لە شەقامەوە گواستەوە بۆ ناو پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی نوێ، لەوێ بەسودوەرگرتن لە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ دیاریکردنی (دوو لەسەر سێ) وەکو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ھاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەکان، یەک لەسەر سێی پەکخەر (الثلث المعطل)یان دروستکردو بەمە رێگرییان لە سەدرو ھاوپەیمانەکانی (بارزانی+ حەلبوسی) گرت پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنن و دەست بە دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت بکەن. سەدر کە بێئومێد بوو لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ستراتیژی خۆی گۆڕی بۆ شەڕکردن لەسەر ھێشتنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمیی، بۆیە لە یەکەم ھەنگاودا بەسودوەرگرتن لەو زۆرینەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا (بارزانی+ حەلبوسی) ھەیبوو، سەرباری ناڕەزایەتی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، لەناو پەرلەمانی نوێوە یاسای (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراک)ی پەسەندکرد، ئەمە لەبری یاسای بودجە بوو بۆ حکومەتی کازمیی. کازمیی یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکیی لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر، لایەنەکانی چوارچێوە کازمی تۆماتبار دەکەن بەوەی حکومەتەکەی رادەستی سەدر کردووە، بۆیە دژی بەردەوامبوونی کابینەی کازمین تەنانەت ئەگەر بەشێوەی کاربەڕێکەریش بێت و بە دەسەڵاتی تەواوەتی خۆیەوە کارنەکات. سەدر سەرباری ئەوەی نەیتوانی کابینەی نوێی حکومەت دروست بکات، بە مانەوەی لە پەرلەمان دەیتوانی بەرگریی لە بەردەوامبوونی حکومەتی کازمیی بکات، بەڵام وای نەکردو لە ھەنگاوێکی کتوپڕدا لە پەرلەمان کشایەوە. سەدر چاوەڕێ بوو بە کشانەوەی لە پەرلەمان، شەرعیەتی پەرلەمان بخات، بەڵام ئەمە روینەدا، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و سەربەخۆکان بە موبارەکەی (بارزانی+ حەلبوسی) ھەرزوو کورسییە بەتاڵەکانی سەدریان پڕکردەوە. زۆرینەی ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەکەن لەسەر ئەوە ھاوڕان، سەدر لە بریاری کشانەوەیدا لە پەرلەمان توشی ھەڵەیەکی سیاسی گەورە بووە. وا دەرکەوت سەدر خۆشی لە کۆتایدا درکی بەوە کرد لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان ھەڵەی کردووە، بۆیە کاتێک لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمانیان پڕکردەوەو بەشێوەیەکی کرداری کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران (محەمەد شیاع سودانی)یان یەکلاکردەوەو ئامادەکارییان کرد بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەدر ھیچ رێگاچارەیەکی لەبەردەمدا نەمایەوە بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی مستەفا کازمیی جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان، لەمەشدا سودی لە مستەفا کازمیی بینی کە وەکو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان چاوپۆشی کرد لە تێپەڕینی سەدرییەکان بۆ ناو ناوچەی سەوزو دواجاریش کۆنترۆڵکردنی تەلاری پەرلەمان. لەبەرامبەردا لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش کە لەدوای ھەڵبژاردنەوە گلەییان لە ئەنجامەکان ھەبوو، لە پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی سەدرو ھەوڵی پێکھێنانی حکومەت بەبێ سەدرییەکان پەلەیان کردو ئێستا ناچارن ھەندێک مل بۆ فشارەکان سەدر بدەن کە لە شەقامەوە لەسەری دروستکردوون.


درەو: هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ژمارەیەك چالاك و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێیان دەستگیركردووە، بە بەهانەی ئەوەی ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان دەكەن، كە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە رێكخراوەو بڕیارە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.   دەستگیركراوانی نەوەی نوێ: 🔹 هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 فاروق غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 تەها ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 یەعقوب كاكل ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 ئازاد كەریم ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ 🔹 ژمارەیەك خۆپەخشی نەوەی نوێ   بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو چالاكانەی نەوەی نوێ لەماڵەكانی خۆیان گیراون و هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیاندا گرتووە. یەكێك لەو چالاكە سیاسیانەی كە دەستگیركراوە برای كەژاڵ ئەحمەدی شاعیرە، كەژاڵ باس لەوە دەكات كە چوونەتە سەر ماڵیان و لەبەردەم دایك و كەسوكاریدا براكەیان دەستگیركردووە تەنانەت مۆبایلەكەی ئەویش (كەژاڵ)یشیان بردووە.. تا ئێستا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمی لە راگەیاندنەكانیەوە هیچ هەواڵ و لێدوانێكی لەسەر دەستگیركردنی ئەندامان و رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رانەگەیاندووە بە بەهانەی ئەوەی كە ترس لەناو خەڵكیدا بڵاونەكرێـتەوە بۆ خۆپیشاندانەكانی رۆژی شەممە.


(درەو): لە نوسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە 21 تشرینی دووەم بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ناردووە، راپۆرتێكی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای هاوپێچ كردووە، بە ناونیشانی Climate Change and international responses” increasing to US National Security through 2040” "گۆڕانكاری ژینگەیی و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەرئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا تا ساڵی 2040 زیاد دەكات" راپۆرتەكە بۆچوونی هەموو بەشەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای تێدایە سەبارەت بە گۆڕانی ژینگەیی، یەكەم جارە گۆڕانكاری لە ژینگەدا ببەسترێتەوە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، ناوەڕۆكی راپۆرتەكە ئەم بەشانەی خوارەوە لە خۆدەگرێت: 1-    گۆڕانی كەش و هەوا هۆكارە بۆ توندتربوونی گرژییە نێودەوڵەتییەكان،  كاریگەرییەكانی تا ساڵی (2040) ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتەوە.  2-  وڵاتە هەژارەكان، دەرەنجامێكی نەرێنی زیاتریان روبەڕوو دەبێتەوە، چونكە لەگەڵ گۆڕانكاری كەش و هەوا كەمتر ئامادەسازیی بۆ خۆگونجاندنیان كردووە. 3-    راپۆرتەكە هۆشداری دەدات سەبارەت بەو وڵاتانە كە بە تەنها كار بۆ بڵاوكردنەوەی تەكنەلۆژیای ئەندازیاری جیولۆجی ئایندە دەكەن. 4-    راپۆرتەكە (11) وڵات و (2) هەرێمی دیاریكردووە، لە ئایندەدا بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا، دابینكردنی وزەو خۆراك روبەڕووی مەترسی دەبێتەوە. 5-  راپۆرتەكە هۆكاری كاریگەری زیاتری گۆڕانی كەش و هەوا لەسەر ئەو وڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەژاری و كەمی توانای خۆگونجاندن، ئەمە وایان لێدەكات نێچیری نەمانی سەقامگیری و ناكۆكی ناوخۆیی بن، شەپۆلی گەرماو وشكەساڵی كاریگەر دەبێت لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەبا وەك نمونە. 6-   راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات، گۆڕانی كەش و هەوا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوون،هۆشداری لە شەپۆلی پەنابەران دەدات كە فشار دەبێت لەسەر سنوورەكانی باشوری ئەمریكا، دەرەنجامەكەی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە. 7-   ناوچەی جەمسەری باكور، یەكێك دەبێت لەو ناوچانەی زەرەرمەند دەبێت لە گۆڕانی كەش و هەوا، بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەكانەوە ئەو ناوچەیە زیاتر زەرەری بەردەكەوێت، رێخۆشكەر دەبێت بۆ پاپۆڕەكان بە مەبەستی دۆزینەوەی سامانی ماسی بچنە  ئەو ناوچانە. 8-   راپۆرتەكە هۆشداری دەدات كە هەندێك وڵات لەوانە (روسیا) و وڵاتانی نەوتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ داهاتیان پشت بە هەناردەكردنی خەڵوزی بەردین دەبەستن، هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە ئابوورییەكەیان بكەن لە رێگەی بەرگری كردن لە گۆڕانی جیهان بۆ جیهانێكی خاڵی لە كاربۆن،  چونكە لە دەرەنجامە ئابووری و سیاسی و جیۆسیاسییەكە دەترسن.، كەمبوونەوەی داهاتی خەڵوزی بەردین بۆ هەر یەكێك لەم وڵاتانە قورسایی بۆ شانی حكومەتەكانیان زیاد دەكات، چاوەڕوان دەكرێت زیانی ئەم وڵاتانە بە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا بە جۆرێك بێت داوای هاوكاری لە دەرەوەی خۆیان بكەن. 9-   راپۆرتەكە ئەو (11) وڵاتە ئاشكرا دەكات كە زۆرتر روبەڕووی مەترسییەكانی كەش و هەوا دەبێتەوە، ئەم گۆڕانكارییە ژینگەییە وادەكات ئەم وڵاتانە روبەڕووی گرفتی دابینكردنی خۆراك و وزە و گەیشتن بە ئاوی شیرین و چاودێری تەندروستی ببنەوە، ئەمەش دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت لە ناكۆكی ناوخۆیی و نەمانی سەقامگیری، وشكەساڵی و شەپۆلی گەرما هۆكار دەبێت بۆ فشاری سەر ژێرخانیان بە نمونە سەرچاوەكانی وزە ، ئەو (11) وڵاتەش بریتین لە (عێراق، ئەڤغانستان، میانمار، هندستان، پاكستان، كۆریای باكور، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، نیكاراگوا و كۆڵۆمبیا) هەروەها هەردوو ناوچەی (ناوەڕاستی ئەفریقا و دوورگەی بچووكی زەریای هێمن). 10-  راپۆرتەكە ئاماژە بە گەشەكردنی كێبڕكێی جیهانی دەكات لە گەیشتن بەو كانزاو تەكنیكانەی كە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێ پێویستە، چین لە پێگەیەكی بەهێزی كێبڕكێكەدایە. 11-   بەپێی توێژینەوە زانستییەكان دووبارە بوونەوەی زریانەكان، كاریگەرییان هەیە لە پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاو، هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییە گوێزەرەوەكانن لە زۆرێك لەو (11) وڵاتەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە، نمونەكان پیشانمان دەدەن ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) لە وڵاتەكانی ( عێراق، ئەڤغانستان، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، هندستان، پاكستان) لە زیادبووندایە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆمەڵێك تێبینی لەسەر راپۆرتەكەی هەواڵگری ئەمریكا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە: 1-  بابەتی ژینگە و گۆڕانی كەش و هەوا لە ئەجیندای سەرۆك بایدندا ئەولەویەتی هەیە، گرنگیدانی بە گۆڕانی كەش و هەوا وایكردووە كە سەرۆك بایدن لە حەفتەی یەكەمی بوون بە سەرۆكی ئەمریكادا بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە كە لە ساڵی (2015) ئیمزا كراوە. 2-     راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە جیهان لە پشتیوانیكردنی یەكتربۆ پاراستنی ژینگەو رێگرتن لە گۆڕانی كەش و هەوا شكستی هێناوە، گومانی تێدا نییە ململانێكان لەسەر ئاو یەكێكە لە كاریگەرییەكانی ئەو شكستە. 3-   راپۆرتەكە دەریدەخات كە گۆڕانی كەش و هەوا پاڵنەرە بۆ دەوڵەتەكان كە پەنا ببەنە بەر سوتەمەنی پاك وەك (ئەتۆم، هایدرۆجینی، تیشكی خۆر، غاز، كارەبا) لە بری سوتەمەنی خەڵوزی بەردین، هەر وڵاتێكیش لەم كێبڕكێیە دوابكەوێت زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت. 4-   راپۆرتەكە لەسەر ئاسایشی ئەمریكایەو لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئامادەكراوە، بەڵام تیشكی خستۆتە سەر ئەو مەترسییە گەورەیەی كە هەموو زەوی دەگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەشی جددی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە كە خەمی ئایندەی مرۆڤایەتییانە. 5-    لە راپۆرتەكەدا زیاتر لە جارێك ئاماژە بە عێراق دراوە، عێراق وەك یەكێك لەو وڵاتانەی لە داهاتوودا زۆرترین كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرە، كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی ئاو و سەقامگیری سیاسی دۆخی ئابووری دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەت بە جددی كار بكات لەسەر دیاردەی گۆڕانكاری لە كەش و هەوادا، وەبەرهێنان لە ژینگەدا بكات، هەنگاو بنێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و شانبەشانی وڵاتانی جیهان لە هەوڵدا بێت.  


درەو: شۆڕشنامە شێركۆ بێكەس لە كتێبی نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش دەنوسێت: لە قوتابخانەدا خەیاڵ‌و خولیای من ئەوەندەی بەدەوری شیعرو ئەدەبەوە بوون، ئەوەندە بە تەنگ دەرس‌و بەرنامەی خوێندنەوە نەبوون. بیرمنایە لە شەوانی تاقیكردنەوەیشدا بەجیدی سەعیم كردبێ‌. گوێم نەئەدایە جلوبەرگی بەری خۆم. قژم هەمیشە بژو دانەهێنراو بوو. ئەو چاكەت‌و پانتۆڵەی بەتازەیی لەبەرم ئەكردن، كۆن‌و پەرپووت ئەبوون‌و تافڕێم ئەدان ئوتویان بەخۆیانەوە نەئەدی... یەكدوجارێ‌ خۆم تاقیكردەوە ببمە وەرزشكار، بەڵام سەركەوتوو نەبووم‌و بوومە جێی گاڵتەو قەشمەری هاوڕێكانم..! ئیتر منیش بەتەواوی وازملێهێناو نەچوومەوە بەلای وەرزشدا. بەڵام هەتا ئەم تەمەنەیش هەمیشە حەزبە سەیركردنی یاری باش ئەكەم، بەتایبەتی تۆپی پێ‌. یەكەم شیعرم لە رۆژی نوێ‌-دا بڵاوكرایەوە، ئەو رۆژەی گۆڤارەكەم بینی، بە یەكێك لە هەرە رۆژە خۆشەكانی ژیانم لە قەڵەم ئەدەم. ئەم دەرگا كردنەوەیەی رۆژی نوێ‌، تەكانێكی بەگوڕ بوو بۆ شیعرەكانم، بڕوام بە بەهرەی خۆم زیاتر بوو، رۆژی نوێ‌ بۆ من پەیژە بوو، چەند پلەیەك بەرەو سەرەوەی بردم. لە سەرەتای پەیوەندداریدا‌و لەناو كاژیكدا، بەكوڵ‌و دڵەوە چووبوومە پێشێ‌‌و كارم ئەكرد. بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ سارد ئەبومەوە، تا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە منیش بە كەڵكی حیزبایەتی نایەم‌و پێویستە بكشێمەوە. هەستمكرد ئەوەندەی بۆ شیعر دروستبووم، بۆ حیزبایەتی كردن دروست نەبووم. هەستمكرد خەریكە ئازادی خۆم وەك مرۆڤ لەدەست ئەدەم، خەریكم ئەبم بە بورغوی ناو مەكینەیەك، هەستمكرد بۆ من، شیعر لە حیزب گەورەترو پیرۆزتریشە. بەغدای پایتەخت، چاوی ژیان‌و شیعری منی كردەوە. یەكەم دیوانم "تریفەی هەڵبەست" لە بەغداو لە چاپخانەی (سەلمان ئەعزەمی) بە تیراژی دوو هەزار دانە لە چاپدرا. دیوانی تریفەی هەڵبەست، یەكەم هەنگاو بوو لەنێوان شەپۆلەكانی رۆمانسییەتێكی سادەو ریالیستێكی فۆتۆگرافیانەدا لە هاتوچۆدا بوو، كاریگەری زمانی گۆرانیان پێوە دیاربوو. لە رۆژگاری دووبەرەكیەی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی‌و قیادەی بارزانیدا، من لەگەڵ خەتی بارزانیدا بووم. سەنگەری پێشمەرگە بۆ من پێوانە بوو، ئەوان لەكوێ‌ بوونایە هەست‌و هۆش‌و شیعری منیش لەوێ‌ بوو، ئێستەیش ئەگەر جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمە، هەر ئەو هەڵوێستەم ئەبێت... ئەوەی پێویستە بیڵێم: من لە شیعرو هەڵوێستی خۆم لەو رۆژگارەدا پەشیمان نیم. لە ساڵی (1972)، لە گەرمەی دۆستایەتی‌و هاوپەیمانێتی پارتی‌و بەعسدا، حكومەتی دیكتاتۆری لەڕێی كۆمەڵێ‌ مەلاوە كە بۆ دیدەنی بارزانی نێردرابوون بۆ حاجی هۆمەران‌و لەوەتی ئەو دیدەنییەدا خۆیان تەقاندەوە یان تەقاندبوویاندنەوەو بارزانیش بە موعجیزە رزگاری بوو. لەو سەردەمەدا تیرۆركردنی بارزانی یانی تیرۆركردنی شۆڕشەكەی بوو، كوشتنی بارزانی كوشتنی گەورەترین سومبولی ئەوكاتە بوو، بۆیە منیش هەر دوابەدوای ئەو رووداوە، شیعری "بۆ بارزانیم" نووسیی. ئەم بەرهەمە، قسەو بڕوای ناودڵ‌و فیكری میللەتێ‌ بوون‌و من كردبووم بە شیعر. لەوەرچەرخانە سیاسییەكانی ساڵانی دواتردا، زۆرجار لێیان ئەپرسیم لەو شیعرەت پەشیمان نیت؟! من ئەوساو ئیستاو بۆ داهاتوویش هەر ئەڵێم: نەخێر پەشیمان نیم، چونكە ئەو شیعرە ئاوێنەی راستەقینەی ئەو رۆژگارە بووە كە خۆم‌و میللەتەكەمی تێدا ژیاوە.   بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلول‌و ئینجا شۆڕشی نوێ‌‌و تا راپەڕینی (1991)، چەند نووسەرێ‌ لەوانە باجی یەك رۆژی ئازارو دەردەسەری‌و ئاوارەبوون‌و نەفیكردن‌و گرتن‌و ماڵ تاڵانكردن‌و دەركردن لە وەزیفەو بانگكردن بۆ ئاسایش‌و لێكۆڵینەوە نەبوون! من ئێستا لەم تەمەنەدا كاتێ‌ ئاوڕ لە بەهەدەردانی سەردەمی لاوێتی خۆم ئەدەمەوە، تێئەگەم چ غەدرێكم لە خۆم‌و بەهرەی خۆم كردوە..! ئێستا ئەزانم ئەگەر چەند زمانێكی ترم بزانیایە، ئەشیا كاری باشترم ئەنجام بدایە لەوەی كە تائێستا كردومە. سەرچاوە: سەرچاوە: شێركۆ بێكەس: نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ژیاننامەو بیرەوەری، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، 2013  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand