شۆڕشنامە: تارق عەزیز كە لە (1992 - 2003) جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە، بەم جۆرە باس لە رووداوی (31/ئاب/1996) دەكات: پرۆسەی هەولێر چییە؟ مەسعود بارزانی داوای لێكردینو وتی: هەولێر ئێستا كەوتۆتە ژێر دەستی ئێرانییەكان، ئێرانییەكانو جەلال كار بۆ لەناوبردنم دەكەن، من داوای پشتیوانیتان لێدەكەم. چوینە ناو هەولێرەوەو تاڵەبانی لێی دەرچوو، لە ئابی (1996)دا رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانمان كردو هێزە عێراقیەكان گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان. جەلال تاڵەبانی پێیوابوو ئێمە دەچینە سلێمانییەوەو پەیوەندیی لەگەڵ ئێمە نەبوو، بەڵكو لە دوژمنایەتیەكی رەهادا بوو لەگەڵ ئێمە. كاتێك هێزەكانی مەسعود پێشڕەوییان كرد بەرەو سلێمانی، ئەوان بەبێ شەڕ بەجێیانهێشت، گروپەكەی هەمووی كشاندەوەو بەرەو سنوری ئێران رۆیشتن، گروپەكەی مەسعود بارزانی بەبێ شەر چوونە سلێمانییەوە. كۆمەڵێكی زۆر لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیانكرد بە قسەكردن لەبارەی ئەوەی كە ئەو پرۆسەیە ئەوان ئەنجامیان داوەو سوپای عێراق هیچ پەیوەندییەكی پێوە نەبووە، بەڵكو كاری سوپای گەورەی كوردستانەو لەو قسانە. كاتێك جەلال تاڵەبانی دڵنیابوویەوە كە سوپای عێراق لە سلێمانی نییە، ووتی بۆچی من نەیگرمەوەو گەڕایەوەو بەبێ شەڕ سلێمانی گرتەوە. كاتێك لە سنور گەڕایەوە مەسعود بارزانی هەڵات، هەروەها هەوڵیدا هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێمە دەستوەردانمان كردو رێگەمان لێگرت، دەستوەردانی ئێمە راستەوخۆ نەبوو، بەڵام ئاماژەمان نارد ئەگەر بێتە ناو هەولێرەوە ئەوا لێیدەدەینو بۆیە جەلال لەوە تێگەیشت. سەرەڕای دوژمنكاری ئەمەریكا لەسەر ئێمەو دەرهاویشتەكانی، بەڵام جەلال ئاستی هێزەكانو پێداگری ئێمەی دەزانی. دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە، جەلال تاڵەبانی لە سلێمانیو مەسعود بارزانی لە هەولێرو دهۆك. دوای ماوەیەك شەڕ لەنێوانیاندا روویدا، بەشێوەیەكی لێبڕاوانە دەستوەردانمان كردو هەردولامان بانگهێشتی بەغدا كرد، بەڵێ هاتن بۆ بەغداو من چاوم پێیانكەوت. دوو وەفد هاتبوون، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. پێموتن: ئێمە ئەگەر خەڵكانێكی مەبدەئیو نیشتیمانپەروەر نەبووینایە ئەوا هانمان دەدان بۆ شەڕكردنو چەكمان بە هەر لایەكتان دەداو وازمان لێدەهێنان شەڕ بكەن تاوەكو یەكترتان تەواو دەكرد، بەلام ئێوەمان داوەتكردوە چونكە ئێوە عێراقین. هەر عێراقیەك بكوژرێت ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین، چونكە ناچاردەبین چاودێری منداڵو بێوەژنەكەی بكەین. شەڕ رابگرن چونكە ئەوە چارەسەر نییە، ئایا دەتانەوێت پێكەوە دابنیشنو چارەسەر بۆ كێشەكانتان بدۆزینەوە تاوەكو دەگەنە چارەسەرێكی نیشتیمانی گشتگیر، یان دەتانەوێت پێكەوە كۆببنەوەو ئێمە شوێنی كۆبونەوەتان بۆ دابین بكەین، هەروەها ئێمە ئامادەین داوەری لەنێوان هەردولاتاندا بكەین لەبری ئەوەی هێزی بیانی بێت. بەكرداری هێزی توركی هات بۆ ناوبژی لەنێوانیاندا، بەڵام ناوبژی نەكرد. جگەلە ئێمە كەسی تر ناتوانێت ئەوە بكات چونكە وڵات وڵاتی خۆمانەو ئێمە دەیناسین. گەیشتن بە ڕێكەوتنیان لەگەڵ ئێمەدا قبوڵ نەكردو مەرجی مەحاڵیان دانا، گەڕانەوەو رۆیشتن، بەڵام كاتێك مادلین ئۆڵبرایت بانگی كردن چون بۆ واشنتۆن. * سەرچاوە: حمیدە نعنع: طارق عزیز.. رجل و قضیە، چاپی یەكەم، 2000، لاپەڕەكانی (161 و 162).
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) پێدەچێت ھەنگاوە سەرەتاییەکانی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناویی لە عێراقدا لەم ساتەدا کۆتاییپێھاتبێت، ئەو خەڵکە زۆر و گروپە چەکدارانەی لەسەر شەقامەکان بوون و لەزیاد لە شوێنێکدا بەریەکدەکەوتن، دوای قسەکانی موقتەدا سەدر خەریکن دەڕۆنەوە ماڵەکانیان. بەشێک لە پێکدادانەکان لەناو شوێنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی حکومەتەدابوو، لەبەردەمی پەرلەمان و لەناو زیاد لە شوێنێکی ناوچەی سەوزدا، لە بەعدا. ئەو چەکانەش کە بەکاردەھێنرێن چەکی سوک و نیمچەقورسن، ژمارەیەکیش لە بەشداربووان کوژران و برینداربوون. ئەوەشی لە ئێستادا بەرگوێمان دەکەوێت و دەیبیستین باسکردنی ھەموو لایەنەکانە، چ لایەنە ناوەکیی و چ لایەنە دەرەکییەکان، لە گرنگیی کۆتاییھێنان بەم دۆخە. ھەمووان ھاوار دەکەن پێویستە پەنا بۆ عەقڵ ببرێت و تفونگەکان بێدەنگبکرێن، لایەنەکان بەیەکەوە دابنیشن و کۆتایی بەم بەریەککەوتنە توندوتیژە ناوخۆییە بھێنرێت. گەر واز لەوە بھێنین کە بەشی ھەرەزۆری ئەم ھێزانە درۆدەکەن و قسەکانیان تەنھا بۆ داپۆشینی نیاز و خواستە داپۆشراوەکانیانە، گەر باز بەسەر درۆ یان ڕاستبوونی ئەو داواکارییانەدا بھێنین کە داوای کۆتاییھێنان بەم پێکدادانە چەکداریانە دەکەن، ھێشتا کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی و قووڵ دەمێنێتەوە کە ئەم دۆخی جەنگە ناوخۆییەی دروستکردوە و بە ھەمیشەیشی دەکات. کێشەی ژمارەیەکی ئەم دۆخە ئەوەیە لەباتی بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانا و ھاوبەش کە توندوتیژیی مۆنۆپۆڵکردبێت، چەندان دەسەڵات و بکەری نادەوڵەتیی ھەن و کاردەکەن، کە ھەموویان نەک تەنھا خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت بە خۆیانن، بەڵکو توانای بەگژاچوونەوەی دەوڵەتیشیان ھەیە لەو کاتانەدا کە خۆیان ھەڵیدەبژێرن. ئەم ھێز و بکەرە نادەوڵەتییانە توانای دروستکردنی قەیران و بەگژاچوونەوەی چەکدارانەیان ھەیە، دەوڵەتن لە ناو دەوڵەتدا. دۆخی عێراق دۆخێکی دابەش و پارچەپارچە و داوەشاوە، پڕە لە ھێزی نادەوڵەتیی کە خاوەنی میلیشای تایبەتن. سەدریەکان سەرایای سەلامیان ھەیە کە درێژکراوەی سوپای مەھدییە و لەسەردەمی ھاتنی داعشدا دروستکرا. حەشدی شەعبی لە نزیکەی ٦٠ گروپ و ئۆرگانی چەکدار دروستبووە کە سەر بەم یان بەو ھێزی سیاسین، زۆرینەی ھێزەکانی تریش خاوەنی میلیشیای تایبەتن کە زۆرینەی ھەرەزۆریان ھێزی سەربەخۆن و لەدەرەوەی دەوڵەتدا ھەن و ئامادەن. ھەریەکێک لەم ھێزانەش مافی بەکارھێنانی توندوتیژییان بەخۆیان بەخشیوە و ئەوەی بیانەوێت و بەڕاستیی بزانن و دەسەڵاتیان بەسەریدا بشکێت، دەتوانن لە دەرەوەی دەوڵەتدا، ئەنجامیبدەن و بیسەپێنن. ئەمانە خۆیان حاکمی خۆیانن، خۆیان خواست و ویستی خۆیان، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت، دەستنیشان و پیادەدەکەن. ھەر یەکێکیشیان دەیەوێت ماڵ و ھێز و سوپا و دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی، ھەبێت. لەشارێکی وەک بەغدادا ئەوەی دەسەڵاتی ژمارە یەکە، ئەوەی حوکمڕانی ڕاستەقینەیە، دەوڵەت و دەزگاکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو موقتەدا سەدر و ئەو ھێزە گەورەیەیە کە ئەم پیاوە لە دەوری خۆی و لە دەرەوەی دەوڵەتدا، دروستیکردوە. لەمەش بترازێت عێراق جوگرافیای بوونی چەندان پرۆژە و پلان و بکەری دیکەی دەسەڵاتدارە کە ھەریکەیان ڕوانین و دیدێکی بۆ دەوڵەت و حوکمڕانیی ھەیە و ھەمووشیان دەسەڵاتی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەتن. مەرجەعیەتی شیعە لە عێراقدا نموونەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە کە تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت ھەیە و ئامادەیە. ئەم مەرجەعیەتە بەسەر دوو لایەنی ناکۆک بەیەکدا دابەشبووە، مەرجەعیەتی نەجەف کە جۆرێک لە دابڕانی دین و سیاسەت داوادەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی مەرجەعەکە بەتاڵبکاتەوە لە نفوز و دەسەڵاتی سیاسیی. ئەویتریان پرۆژەی ”ویلایەتی فەقی“ ئێرانییە کە خومەینی داھێنەرەکەی و دەوڵەتی ئێرانیی و مورشیدەکەی، عەلی خامەنەئی، لە ئێستادا نوێنەرەکەین. ڕەھەندێک لە ڕەھەندەکانی ئەم جەنگە ناوخۆییەی ئێستا بەریەکەوتنی دەسەڵات و دیدی ئەو دوو مەرجەعیەتەیە کە لەدەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەن. دۆخی ئێستا، لە ئاستێک لە ئاستەکانیدا، ھەوڵدانە بۆ نینۆککردنی ئالی سەدر و لێدان و سنووردارکردنی پێگە سیاسیی و ڕەمزییەکانی و لەوێشەوە سەپاندنی پرۆژەی ویلایەتی فەقی ئێرانی. ھێزی سێھەم کە لە دەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەیە و بەھێزە، ھێزی ئەو خێڵ و عەشیرەتە گەورانەیە کە لە ساڵانی نەوەدەوە بە شێوەیەکی سیستماتيک لە عێراقدا بەھێز دەکرێن، سەرەتا سەدام حوسەین بەم کارە ھەستا دوای ئەوەی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەعس و حکومەتەکەی سەدام. بڕێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانیان دۆڕان، دوای بەعسیش لە چوارچێوەی سیستمێکی تائیفیدا درێژەی پێدراو و بەھێزترکران. ئەم خێڵ و عەشیرەتانەش چەکدارن و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، زۆرجار وەک دەوڵەت و لە باتی دەوڵەت بڕیارئەدەن. ھەموو ئەمانە وادەکەن ئەکرێت کێشەکانی ئەمڕۆکە کورتبکرێتەوە بۆ بوونی چەند ناکۆکییەکی سیاسیی سنووردار، نەکرێت بە دەستەواژەکانی لەجۆری ”عینادی سیاسیی“، یاخود ”شکاندنی ئێسقانی یەکتری“ باسبکرێن. ئەوەی ئەمڕۆکە لەبەرچاوماندا ڕووئەدات و دەیبینین، بنکۆڵبوونی خودی دەوڵەت خۆی و داوەشانیەتی وەک تاقە دەزگایەک، کە مافی قۆرخکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە. گەورە کۆمەڵناسیی ئەڵمانی، ماکس ڤێبەر، کاتێک باس لە دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا دەکات، باس لە زەرورەتی توانای مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی دەکات. باس لەوە دەکات کە دەوڵەت تاقە ھێزێکە مافی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە، تاقە ھێزێکە چەکدارە و مافی بەکارھێنانی ئەو چەکەشی ھەیە. بەکارھێنانی توندوتیژییش لەلایەن دەوڵەت خۆییەوە، نابێت بە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیی و گۆترە بێت، یاخود بە ئارەزوی ئەوانەبێت کە دەزگا و پێگە سیاسییە گرنگەکانی ناو دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، بەڵکو بەکارھێنانی توندوتیژیی پێویستە ھەمیشە شەرعیەتی یاسایی ھەبێت، تەنھا ئەو کاتەش بەکاربھێنرێت کە ھیچ ئامرازێکی تر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەمابێتەوە. بە مانایەکی تر، دەوڵەت تەنھا کاتێک پەنا بۆبەکارھێنانی توندوتیژیی دەبات کە دەسەڵات و ھەیمەنە و شەرعیەتیی خۆی وەک دەوڵەت ڕووبەڕووی مەترسیی بکرێتەوە، بەجۆرێک ئەگەری ئەوە ھەبێت نەتوانێت ئەرک و کارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی پیادەبکات. ئەوەی ئێمە لە عێراقدا دەیبینین غیابێکی تەواوەتی دەوڵەتە بەو مانایەی لەسەرەوە باسمانکرد، ھاوکات بوون و ئامادەگیی سەختی دەیەھا گروپ و بکەری نادەوڵەتی چەکدار کە ھەریەکێکیان ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم لەدایکبوونی دەوڵەتدا وەک دەوڵەت، بەو مانایەی باسمکانرد. ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشانی ئەدات چۆن باز بەسەر ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوەدا دەدرێت و کێشە بوونیادەکانی دەوڵەت فەرامۆش دەکات، ئەو زمانە دینییەیە کە بۆ ناونانی ئەو دۆخە ترسناکەی ئێستاکە بەکاردەھێنرێت. ناونانی دۆخەکە و ناونانی بەیەکدادانی ئەم بکەرە نادەوڵەتییانە، بە ”فیتنە“ بازدانە بەسەر مانا ڕاستەقینیەکانی کێشەکەدا. ئەم زمانە دینییە ناھێڵێت بنە مادیی و ڕەگە قووڵەکانی ئەو دۆخە ناھەموارە ببینین کە لە ئارادایە، دۆخی غیابی دەوڵەت وەک دەوڵەت و ئامادەگی لەشکرێک لە بکەری نادەوڵەتیی چەکدار. ئەو زمانی عەقڵەش کە ئەمڕۆ زۆر کەس باسیدەکات بۆ ھەوڵدان بۆ چارەسەکردنی ئەو دۆخە نەخواستراوە، زمانێک نییە تا ئەو شوێنە بڕوات کە بونیادە مادیی و ڕەمزییەکانی کێشەکە ببینێت. زمانی عەقڵ تەنھا ئەوە نییە ئەو لایانانە کۆببنەوە ڕێ لەوەبگرن جەنگی شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان لە عێراقدا دروستببێت. بەڵکو ئەوەیە دان بەوەدا بنرێت کە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە لە عێراقدا بوونی نییە. دەوڵەت وەک دەوڵەت غائیبە و ئەوەی ھەیە چەندەھا دەسەڵاتی ناوچەییە کە بکەرەکانیان بکەری نادەوڵەتین و خەریکی تاڵانکردنی وڵاتەکەن، بە بکەرە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە.
(درهو): رێواز فایهق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان بانگهێشتنامهی بۆ ئهندامانی پهرلهمان نارد بۆ ئهوهی رۆژی پێنج شهممه ئهم ههفتهیه بهشداری له دانیشتنی ژماره (1)ی خولی پایزه بكهن. مانگی 11ی ئهمساڵ تهمهنی یاسایی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان كۆتایی دێت، بههۆی ئهوهی لایهنه سیاسییهكان لهسهر یاسای ههڵبژاردنی خولی شهشهم و چارهنوسی كۆمسیۆنی ههڵبژاردن نهگهیشتوهنهته رێككهوتن، پهرلهمان ناچاره تهمهنی یاسایی خۆی درێژبكاتهوه. بهپێی بهدواداچونهكانی (درهو)، دهبێت لهم خولهی یاساداناندا پهرلهمان بڕیار لهسهر درێژكردنهوهی تهمهنی خۆی بدات، ئهگهرنا دهكهوێته بۆشایی یاساییهوه، ئهگهر ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمان بۆ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو دوابخرێت ئهوا پهرلهمان تهنیا بۆ یهك وهرزی یاسادانان تهمهنی خۆی درێژدهكاتهوه، ئهگهر ههڵبژاردن بۆ مانگی ههشتی ساڵی داهاتوو دوابخرێت، دهبێت پهرلهمان بۆ دوو خولی یاسادانان تهمهنی خۆی درێژبكاتهوه. هاوكات لهگهڵ دهستپێكردنهوهی دانیشتنهكانی پهرلهمانی كوردستان، بڕیاره چهند رۆژی داهاتوو جارێكی تر بهبهشداری جینین پلاسخارت نوێنهری نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق، لایهنه سیاسییهكان له بارهگای سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان له ههولێر كۆببنهوه. بهگوێرهی زانیارییهكانی (درهو)، نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێم بهڵێنی به خاتوو پلاسخارت داوه لهم كۆبونهوهیهدا بهچهكجاری پرسی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان پهكلابكرێتهوهو وادهكهی دیاری بكرێت.
وەرگێرانی؛ ئەنوەر کەریم هەڵئاوسان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گەیشتە (52.5%) بەراورد بەساڵی ڕابردوو بە پێی داتا فەرمییەکانی ئێران تەنها لە مانگی ئایارەوە بۆ مانگی حوزەیران نرخەکان بەڕێژەی (13.2%) بەرزبۆتەوە. ئەو دیپلۆماتکارە ئەوروپیانەی کە هەوڵدەدەن جارێکیتر رێککەوتنە ئەتۆمیەکە زیندوو بکەنەوە، لاوازی ئابوری ئێران و فشارە توندەکانی سەر بەرپرسانی وڵاتەکە یارمەتیەکی باش دەبێت بۆیان کە سود لەو دۆخە وەربگرن. کە ئاستی بژێوی ئێرانییەکان لە نۆ مانگی ڕابردوودا بەتەواوی خراپبووە. سەرۆکی ئێران (ئیبراهیم رەئیسی) دەستیکردوە بە ووتوێژ بۆ لابردنی سزاکان و وەستانی پیتاندنی یۆرانێوم بە هۆی ناڕەزایی خەڵکی ئێرانەوە. هاوکات توندڕەوە محافیزکارەکان سازشیان لەو خاڵە گرنگەش کرد کە ئەمریکا سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆرێستیەکان دەربهینێت. هەرچەندە لە ئێستادا بەربەستی سەرەکی هەیە لەبەردەم رێککەوتنەکەدا، بەڵام ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان زیاتر گەشبینن بەوەی کە بگەنە رێککەوتن. ئەوەی کە گومانی تیانیە ئێرانیەکان زۆر ماندوون بەدەست بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان کە بەشێکی لە ئەنجامی سزاکان و بەشەکەی تری لە ئەنجامی خراپ بەڕیوەبردنی ئابوریەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێدا دەڵێت "ئێرانییەکان پێمان دەڵێن گفتوگۆو دانوستانەکان زۆر درێژەیان کێشاوە". ئێران کە خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەکی غازی سروشتی و چوارەم یەدەکی نەوتی خاوە لە جیهاندا. کەچی دەسکەوتی نەبوو لە بەرزبونەوەی نرخی ووزە کە بەهۆی داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر یۆکرانیا ڕویداوە. بەڵام نرخی خواردنە سەرەکیەکان کە ئێران هاوەردەی ئەکات زۆر بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەو شەڕەوە، لە مانگی ئایارەوە نرخەکان بەرزبونەوەی زیاتریان بەخۆوە دیوە، لەبەرئەوەی حکومەتی ئێران پاڵپشتی بۆ دراوە بیانیەکان وەستاندوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم پاڵپشتییە لە پێناو سەقامگیرکردنی دراوی ئێرانی لە ساڵی 2018ەوە دەستیپێکردبوو، کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمریکا "ترامپ" لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە هاتبووە دەرەوە. بەڵام ئەو بازرگانانەی پەیوەندی باشیان لەگەڵ حکومەت هەیە دۆلاریان بەهەرزان وەرگرتوە و دواتر قازانجێکی زۆریانکردوە لەو بازاڕە ناڕێکخراوەی ئێراندا. لە تاران گوشتی سوور بە رێژەی (90%) بەرزبۆتەوە بەراورد بە ساڵی ڕابردووە، برنجی بەسمەتی بە ڕیژەی (200%) بەرزبۆتەوە بە پێی داتاکانی بلومبێرگ. رێژەی هەڵئاوسانەکەش ئاسێکی بەرزتری تۆمارکردووە بە هۆی دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانیەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوە لە بازاڕی ناڕێكخراودا کە (25%)ی بەهای خۆی لەدەسەتداوە ئەمەش نزمترین نرخی دراوەکەیە. بەڵام کاتێک کە دیپلۆماتکارە ئەوروپیەکان ئەوەیان ڕاگەیاند وەڵامەکەی ئێران بۆ ڕیکەوتنەکە بودنیادنەوە، نرخی ڕیاڵی ئێرانی کەمێک بەرزبوونەوەی بەخوە بینی. مامۆستا و خانەنشیننان و کرێکارانی پاڵاوگەکانی نەوت و ئەندازیاران و جوتیاران و شۆفێری پاسەکان ناڕازاییان دەربڕیوە بەرامبەر بەزبونەوەی نرخ و بەرزنەکردنەوەی کرێ و موچەوە ئەو گەندەڵیە درێژخایەنەی کە لە ئێراندا هەیە. ئاژانسی هەواڵی قوتابیانی ئێران ڕایگەیاند؛"بەپێی راپۆرتەکانی دەزگای پۆلیس و دادگا ژمارەی دزی و تاوان بەرزبۆتەوە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە سەرەکیەکان بە گشتی"، ئەم دۆخە خراپەی ئابوری ئێران نەک تەنها هەڵئاوسان پاڵنەردەبێت بۆ ئێرانیەکان کە بگەنە رێککەوتنێک. ئەمانە لە کاتێکدایە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری ئێرانی بە (3%) دەستنیشان کردووە بۆ ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرامبەر ووڵاتانی تری نەوت فرۆش ئەو ڕێژەیە زۆر کەمترە. ئابوری ناس و ڕاوێژکارێکی پێشووی (محمد خاتەمی- سەرۆکی پێشووتری ئێران)، (سەعید لەیلاس) ووتی؛ "لە ئێراندا پێنج ملیۆن کارمەندمان هەیە، کە ئێمە وەک چینی ناوەڕاست ئەمانبژاردن، بەڵام ئەمانە لە ئێستادا لە هێڵی هەژاریدا ئەژین". ئەو سزایانەی کە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە سەپێنرا بەسەر ئێراندا، دەماری ئابوری نەوتی پساند و بووە هۆی وەستانی وەبەرهێنانی بیانی. ئێران وەڵامی سزاکانی بە خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی دایەوە لە مانگی ئابی ساڵی 2020، هەناردەی نەوت و کۆندێسەتی ئێرانی لە (2.5 ملیۆن) بەرمیلەوە دابەزی بۆ (133 هەزار) بەرمیل ڕۆژانە بەپێێ داتاکانی بلومبێرگ کە لەلایەن چینەوە کڕاوە. رەئیسی سەرۆکی ئێران وەڵامەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕووسیاو چین دا بەهێزبکات و ئێرانیەکان وا دەربخەن کە خۆیان زیاتر پشت بەخۆیان دەستن و خۆ بژێوی بکەن، هەروەها باجی لەسەر بازرگانان زیادکرد، ئەمەش بوە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە بازاڕە گەورەکەی تاران. ڕاگرێکی کۆلیج کە ڕاهێنان بە دەرونناسەکان ئەکات و خۆی بە "بەرهەم" ناساندووە کە بۆ میدیای بیانی قسەی کردوە وتویەتی "لەدوای ئیشەکەی خۆمەوە دوو کاری تر ئەکەم کە پەیوەندی بەبوارەکەی خۆمەوە نیە، واش ناتوانیت بژیت، ووتوشیەتی هەمووی پەیوەندی بەسزاکانەوە هەیە بە هەر رێگایەک بێت". - سایتی بلومبێرگ https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-08-25/a-sick-economy-is-forcing-tehran-s-hand-in-nuclear-deal-talks#xj4y7vzkg
روونبیین ههناردهی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئهوروپی له ماوهی مانگی تهموزدا بۆ زیاتر له 22%ی كۆی ههنارده بهرزبووهتهوه. ئەو بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها ئەو سزایانەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕووسیا گرتوویانەتە بەر، لەوانە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا. ئەو نەوتەی عێراق لەو كێڵگە نەوتییانەوە هەناردە كراوە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە سەرپەرشتی دەكرێت. نزیكەی 23 ملیۆن بەرمیل لە كۆی 101 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل كە لە ماوەی مانگی تەمموزدا هەناردە كراوە بۆ ئەوروپا بووە. تورکیا بە 7 ملیۆن بەرمیل و ئیتالیا 5 ملیۆن بەرمیل و ئیسپانیا 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل و یۆنان 3 ملیۆن بەرمیل و هۆڵەندا بە 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدا هات. ئەو پاڵاوگانەی کە لە ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا کاردەکەن، بەشێکی زۆری پێویستی نەوتیان لە عێراقەوە هاوردە دەکەن. جێگای ئاماژەیە کە هەناردەی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا پێش قەیرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە 12% تێپەڕی نەکردووە، ئەوەش بەهۆی گرنگیدانی عێراق بە بازاڕی ئاسیا. ئاراستەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی رەها بازاڕی ئەوروپایە و ڕۆژانە بەتێکڕا ٤٢٠ بۆ ٤٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕێی بەندەر جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکات کە نزیکە لەو ڕێژەیەی کە کۆمپانیای بەبازارکرنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”لەمانگی تەموزدا زیادی کردووە بۆ کڕیارانی ئەوروپا. ئایا ئەم هەنگاوەی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێن و فشارانەدایە دایە کە دژی سەکتەری نەوتی هەرێم لە مانگی شوباتەوە لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵ گرتویەتییەبەر؟ کە بەهەڕەشەکردن لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەستی پێکرد و دواهەمین هەوڵیش لە ٢٣ی ئابدا بوو بەوەی هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی هەرێم کرد کە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر، ئەو نەوتەشی کەدەیکڕن بە نەوتی بە قاچاخ براوی عێراق ناوزەدی کرد. ئایا وەزارەتی نەوت سۆمۆ دەیەوێت بەکڕیارانی نەوت لە ئەوروپا بڵێت کێشەی دابینکردنتان بۆ دروست نابێت گەر ڕاستەوخۆ نەوت لەمن بکڕن و دەتوانم ئەو بۆشاییەی هەرێمتان بۆ پڕبکەمەوە؟
راپۆرت: درەو مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت راگەیاندو لایەنگرانی سەدری دایە دەست عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمە موقتەدا سەدری توڕە كرد كە خۆی بە شیعەیەكی عێراقیو دوور لە هەژمونی ئێران دەناسێنێت. وازهێنانی مەرجەعی سەدرییەكان ! چەند كاتژمێرێك دوای وازهێنانی ئایەتوڵلا (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكانی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر وازهێنانی تەواوەتی خۆی لە كاری سیاسی راگەیاند. لەكاتێكدا سەدر لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەوڵیداوە وای نیشان بدات كە ئەو بەپێچەوانەی لایەنە شیعەكانی ترەوە لەژێر هەژمونی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە، كازم حسێنی حائیری وەكو مەرجەعی سەدرییەكان دوای وازهێنانی لە مەرجەعیەت بەبەهانەی باری تەندروستیو تەمەنەوە، داوای لە سەدرییەكان كرد گوێڕایەڵیی لە سەماحەتی ئایەتوڵلا (عەلی خامنەیی) رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، چونكە بەوتەی ئەو تەنیا خامنەیی توانای ئەوەی هەیە سەركردایەتی (ئوممەت) بكاتو ئیدارەی ململانێكان بدات لەگەڵ هێزی ستەمكارو خۆبەزلزان (مەبەستی خۆرئاوایە). لایەنگرانی رەوتی سەدر كە خەڵكە هەژارەكەی پێكهاتەی شیعەی عێراقن، ئەم رۆژانە زیاتر لەژێر كاریگەری موقتەدا سەدردانو بەردەوام رووی رەخنەو قسەكانیان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، پێیانوایە لە ململانێی ناوخۆی شیعەكاندا، كۆماری ئیسلامی پاڵپشتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كردووە، بۆیە پێناچێت ئەو ئاسانییە خۆیان رادەستی مەرجەعەكەی تاران بكەن. وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەت، حاڵەتێكی دەگمەنە لەمێژووی مەرجەعەكانی شیعەدا رویداوە، ئەمە سەدری شپرزە كردووە، پێیوایە حائیری بە ئارەزووی خۆی وازی لە مەرجەعیەت نەهێناوە، هێرشی توندی كردوەتەسەر حائیریو دەڵێ" زۆر كەس لەناویشیاندا سەید حائیری پێیوایە ئەم سەركردایەتییە بەهۆی ئەوانو بە فەرمانی ئەوانە، بەڵام نەخێر ئەمە سەرەتا بە فەزڵی خودایەو پاشان سەیدی باوك كە دەستی لە عێراقو گەلەكەی هەڵنەگرت". حائیری لە پەیامی وازهێنانەكەیدا لە مەرجەعیەت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردوەتە سەر موقتەدا سەدرو تۆمەتباری دەكات بەوەی هەوڵی پۆستو سەركردایەتیكردن دەداتو ناكۆكی دەخانە ناو رۆڵەكانی مەزهەبەوە، سەدریش وەڵامی داوەتەوەو دەڵێ" سەرباری ئەوەی حائیری دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام وەكو هەمیشە نەجەفی ئەشرەف بارەگای گەورەی مەرجەعیەتەو منیش هیچ رۆژێك لە رۆژان بانگەشەی پاكییو ئیجتهادو تەنانەت سەركردایەتیكردنیشم نەكردووەو تەنیا فەرمانم بەچاكە كردووەو خراپەم رەتكردوەتەوەو جگە لە راستكردنەوەی ئەو خوارییەی كە هۆكارە سەرەكییەكەی هێزە سیاسییەكانی شیعە بوون، هیچی ترم نەویستووەو تەنیا ویستومە لە گەلەكەیان نزیكیان بكەمەوەو وایان لیێبكەن هەست بە ئازارەكانیان بكەن. حائیری كێیە ؟ كازم حسەینی حائیری ساڵی 1938 لە كەربەلا لەدایكبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەسەر دەستی باوكی دەستی بە خوێندنی ئاینیی كردووەو دواتر رووی لە شاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لە دیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرەو ماوەیەكی دورو درێژ هاوەڵی بووە. بەر لە مردنی سەید باقر سەدر، شوێنكەوتووەكانی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە بۆئەوەی یەكێكیان وەكو مەرجەعی خۆیان هەڵبژێرن، ئەو دوو كەسەش یەكێكیان سەید (كازم حائیری) بووە كە لە شاری (قوم)ی ئێران نیشتەجێ بووە، ئەوەی تریان سەید (ئیسحاق فەیاز) بووە كە لە نەجەف نیشتەجێ بووە، شوێنكەوتوانی سەدر ئەوكات سەید (كازم حائیری)یان هەڵبژاردووە، چونكە پێیانوابووە حائیری لەو هێڵە شۆڕشگێڕانەوە نزیكە كە سەید (محەمەد سادق سەدر) واتە باوكی موقتەدا سەدر هەڵیگرتووە. سەدرییەكان دوای وازهێنانی حائیری وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەتی سەدرییەكان، دەرفەتی بە موقتەدا سەدر بەخشی لەناو چەقبەستنی سیاسەتەكانی بێتە دەرەوە، ئەو بە راگەیاندنی وازهێنانی لە كاری سیاسی، دەرفەتی بە لایەنگرەكانی بەخشی پەلاماری سەرۆكایەتییەكانی عێراق بدەن. سەدر كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2018وە ناكۆكییەكانی بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ نەیارە ناوخۆییەكانی شیعەدا تەقییەوە، دوای كشاندنەوەی (73) پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمان، دروشمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەرزكردەوە، كاتێك لە جێبەجێكردنی ئەم دروشمە شكستی هێنا بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كرد بەبێ بەشداری هیچ یەكێك لەو حزبە سیاسییانەی كە لەدوای رووخانی رۆژێمی پێشووی عێراقەوە لە 2003وە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەم بانگەوازەشی وەكو پێویست وەڵام نەدرایەوە، هەموو ئەو بارودۆخەش توشی پەراوێزخستنی كرد. سەدر یەكەمجاری نییە وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسی رادەگەیەنێت، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لەژێر ناوی خوێدا خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی ئامادە بكاتو بەم هەنگاوەی لایەنگرەكانی زیاتر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، هەڵبەت ئەگەر بارودۆخەكە سەرنەكێشێت بۆ پێكدادانی چەكداریی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی شیعەدا. ئەم پەرەسەندنەی ئەمڕۆ لەناو ماڵی شیعەدا رویدا لەكاتێكدا بوو لایەنە عێراقییەكان چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی بوون بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكانو رێككەوتن لەسەر دەربازكردنی عێراق لەو چەقبەستنە سیاسییەی كە ماوەی لە زیاتر لە (10) مانگە تێیكەوتووە. میدیاكانی پارتی دوێنێ ئاشكرایانكرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەنیازە سەردانی نەجەفو بەغداد بكاتو دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان، بەڵام وازهێنانی سەدر لە كاری سیاسی، بەر لە لەدایكبوونی، دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لە گۆڕنا. بارزانی هاوپەیمانی بەهێزی موقتەدا سەدر بوو بەر لە كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان، هەندێك لەلایەنە شیعەكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد كاریگەری لەسەر هەڵوێستی سەدر هەبێت بۆ چارەسەر.
درەو: ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق كانونی دووەم بۆ حوزەیرانی 2022 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (75.6 ترلیۆن) دینار، کە (95.8%)ی داهاتی نەوت و(4.2%)ی داهاتی نانەوتی بووە. لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (45.3 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (92.3%)ی خەرجییەکان چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها (3.8 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (7.7%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (34.5%) و نزیکەی (26.5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. یەکەم: داهاتی گشتی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار، بەجۆرێک بڕی (72 ترلیۆن و 476 ملیار و 471 ملیۆن و 603 هەزار و 97) دیناری بەڕێژەی (95.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 162 ملیار و 857 ملیۆن و 400 هەزار و 641) دینار، بەڕێژەی (4.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار، بەجۆرێک بڕی (45 ترلیۆن و 382 ملیار و 639 ملیۆن و 257 هەزار و 42) دیناری بەڕێژەی (92.3%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە نیوەی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (49 ملیار و 386 ملیۆن و 497 هەزار و 334) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (502 ملیار و 565 ملیۆن و 217 هەزار و 162) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (1 ترلیۆن و 164 ملیار و 89 ملیۆن و 808 هەزار و 696) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 284 ملیۆن و 631 هەزار و 538) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (229 ملیار و 141 ملیۆن و 901 هەزار و 800) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار. واتە بڕی (26 ترلیۆن و 445 ملیار و 221 ملیۆن و 690 هەزار و 166) دیناری بەڕێژەی (34.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) چوارەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 829 ملیار و 736 ملیۆن و 115 هەزار و 106) دینار بووە. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (261 ملیار و 103 ملیۆن و 524 هەزار و 345) دیناری خەرجکردووە، بە جۆرێک تەنها (6) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (23 ملیار و 367 ملیۆن و 520 هەزار و 135) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 545 ملیار و 265 ملیۆن و 70 هەزار و 626) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 29 ملیار و 184 ملیۆن و 180 هەزار و 39) دیناری لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (516 ملیار و 80 ملیۆن و 890 هەزار و 587) دیناری بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة اذار 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة مایس 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران 2022 للموازنە الاتحادیة
راپۆرت: درەو (11) ئەندامی سەركردایەتی ئامادە نەبوون، بەڵام بە نوسراو ئیمزایان كردو پشتیوانی هەمواری پەیڕەویان كرد، پەیڕەوی نوێ بافڵ تاڵەبانی كرد بە یەكەم سەرۆك لە مێژووی یەكێتیدا، سەرۆكێك كە دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەندامە دورخراوەكانی سەركردایەتی پێدراوە، پەیڕەوی هەمواركراو دەرفەتی داوە بەو حزبو كەسانەی كە دەچنە ناو یەكێتی، لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسیدا پۆستیان پێبدرێت، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی چۆن هەموار كرا ؟ ئایا نیسابی یاسایی بۆ هەموارەكە بەدیهاتووە ؟ موبایلەكانیان لێوەرگیرا ! ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ كۆبووەوە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزی 2021وە كە كێشەی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، ئەمە جاری دووەم بوو سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە، جاری یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی لە 31ی كانونی دووەمی ئەمساڵدا رێكخرا بۆ پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیی بەلای ماڵی مام جەلالەوە كۆبونەوەیەكی هەستیار بوو، بۆیە بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، دوای ئەوەی هەندێك هەواڵی ناو كۆبونەوەكە دزەی كردووە بۆ میدیاكان، قوباد تاڵەبانی پێشنیازی كردووە ئەندامانی سەركردایەتی موبایلەكانیان دابنێن، دوای ئەم قسەیە، داوا لە ئەندامانی سەركردایەتی كراوە موبایلەكانیان لەسەر مێزێكی كۆبونەوەكە دابنێن، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی دەستیكردووە بە كۆكردنەوەی موبایلی ئەندامانی سەركردایەتیی، (فێنك ئەحمەد) یەكێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی بووە كە لە كۆبونەوەكەدا بە دەنگی بەرز ناڕەزایەتی نیشانداوە دژی لێسەندنی موبایلەكەی. هەمواری پەیڕەو لە بڕگەیەكدا كۆبونەوەكەی سەركردایەتی، هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی پەسەندكرد. (درەو) زانیویەتی، ئەو لیژنەیەی كە لەناو یەكێتی دروستكراوە بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆ بریتی بوون لە هەریەكە لە (رەفعەت عەبدوڵا- تەلار لەتیف- سەركەوت زەكی). بەگوێرەی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هەرجۆرە هەمواركردنێك لە پەیڕەوی ناوخۆدا پێویستی بە دەنگی (چوار لەسەر پێنج)ی ئەندامانی سەركردایەتیی هەیە، واتە لەكۆی (124) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت (101) ئەندامیان هەموارەكە پەسەند بكەن. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەكۆی (124) ئەندامی سەركردایەتی (94) ئەندام بەشداربوون، چەند سەركردایەتییەكی یەكێتیی كە نزیكن لە لاهور شێخ جەنگییەوە دەڵێن جارێكی تر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلكراوە، چونكە نیسابی (101) دەنگ بۆ هەمواری پەیڕەو پێكنەهاتووە، بەڵام هەندێك لە سەركرداتیەتییەكانی تر كە نزیكن لە ماڵی مام جەلالو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن" (11) ئەندامی تری سەركردایەتی كە ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە نەبوون، ئیمزای خۆیان ناردووە بۆ كۆبونەوەكەو دەنگی خۆیان خستوەتە پاڵ دەنگی ئەو 90 ئەندامەی كە دەنگیان بۆ هەموارەكە داوە، بەمەش نیسابی (101) دەنگەكە تەواو بووە". یەكەم سەرۆك لەمێژووی یەكێتیدا ! هەمواری نوێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لە كۆبونەوەی سەركردایەتی پەسەندكراوە، كۆتایی بە سیستەمی (هاوسەرۆكایەتی) هێناو كەسی یەكەمی یەكێتیی لە (سكرتێر)ەوە گۆڕی بۆ (سەرۆك). بەپێی هەموارە نوێیەكەی پەیڕەو، بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی كاندیدكرد، هەموارەكە هەڵبژاردنی سەرۆكی لە سەركردایەتی بە دەنگی (زۆرینەی سادە) دیاریكردووە، بافڵ تاڵەبانی لەكۆی 94 ئەندامی بەشدار لە كۆبونەوەكە دەنگی (90) ئەندامی بەدەستهێناوە. مام جەلال كە نزیكەی نیو سەدە كەسی یەكەمی ئەم حزبە بوو، پاشناوەكەی (سكرتێر) بوو، بەڵام ئێستا ئیتر كوڕە گەورەكەی (سەرۆك)ە. پەیڕەوە نوێیەكەی یەكێتیی بەپێچەوانەی سەردەمی دەسەڵاتی تاڵەبانی باوكەوە، هیچ جێگرێكی بۆ سەرۆكو كەسی یەكەمی حزبەكە دانەناوە، بەمەش وا دەردەكەوێت یەكێتی نوێ دەسەڵاتێكی زیاتر لە مام جەلال داوە بە بافڵ تاڵەبانی كوڕی. لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە گرەوی گەورەی لاهور شێخ جەنگیی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو، بتوانێت ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبكاتەوەو گۆڕانكارییەكانیو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بەشێوەیەكی یاساییو لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا پەسەند بكات، ئەمە تەنیا گرەو نەبوو بەڵكو مەرجی لاهور شێخ جەنگیی بوو بۆ وازهێنانی لە پۆستی "هاوسەرۆك". دوای ساڵێكو نزیكەی دوو مانگ لە رووداوەكانی 8ی تەموز، دواجار بافڵ تاڵەبانی كاتی گونجاوی بۆ سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتیو گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆو دورخستنەوەی تەواوەتی هاوسەرۆكەكەی تر (لاهور شێخ جەنگیی) دۆزییەوە. بافڵ تاڵەبانی كە كۆتا رۆژەكانی ئایاری رابردوو لە "دیداری یەكێتی"دا بەشێوەیەكی فەرمی لەمیدیاكانەوە وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناسێندرا، ئەمڕۆ لەڕێگەی سەركردایەتییەوە بەرگێكی یاساییو پەیڕەوی كرد بە بەری سەرۆكایەتییەكەیدا، بەر لە سازدانی ئەم كۆبونەوەیە بە چەند رۆژێك بافڵ تاڵەبانی سەركردایەتی هەڵمەتێكی ئەمنیی كرد بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە مامەڵەكردن بە زەویو زارو چەكی بانكیی بەشێوەیەكی نایاسایی. ئەم بڕیارەی سەركردایەتی یەكێتی لەكاتێكدایە، لاهور شێخ جەنگیی لە دادگای (كەرخ)ی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووەو گۆڕانكارییەكانی بە "نایاسایی" لەقەڵەم دەدات، لاهور چاوەڕێی ئەوە بوو دادگا گۆڕانكارییەكانی پێشتر رابگرێت، بەڵام سەركردایەتی گۆڕانكارییەكەی پەسەندكرد، ئێستا ئەگەر لاهور شێخ جەنگیی هەر لەسەر ئەو باوەڕە سور بێت كە لەرێگەی دادگاوە دەتوانێت كێشەكانی بەلادا بخات، دەبێت ئەمجارە سكاڵایەكی یاسایی تر تۆمار بكات لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتییەوە. ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی كە ئەمڕۆ دژی گۆڕینی سیستەمی هاوسەرۆكایەتیو دانانی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی حزب دەنگیاندا بریتی بوون لە هەریەكە لە (فێنك ئەحمەد- پەروین كاكە حەمە - چرا عومەر- سەردار هەركی). شوێنی سەركردایەتییەكان چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ سەبارەت بە چۆنیەتی پڕكردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتیی كە نزیكن لە لاهور شێخ جەنگیو لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە دورخراونەتەوە (بە لاهور شێخ جەنگیی خۆشیەوە كە ئەندامی سەركردایەتییە)، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو میكانیزمەی كە دیاریكراوە بەمشێوەیە: * سەرۆكی حزب بۆ هەر كورسییەكی بەتاڵی سەركردایەتیی ناوی دوو كاندیدی شوێنگرەوە دیاری دەكات. * كاندیدی شوێنگرەوە لەو بازنەیە دەبێت كە كورسییەكەی سەركردایەتی تێدا بەتاڵ بووە. * دوای دەستنیشانكردنی كاندیدە شوێنگرەوەكان لەلایەن سەرۆكی حزبەوە، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دانانی شوێنگرەوەكان وەكو ئەندامی سەركردایەتی پەسەند دەكات. * لەدوای روداوەكانی 8ی تەموزەوە (4) ئەندامی سەركردایەتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دورخراونەتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە (لاهور شێخ جەنگیی- ئاڵا تاڵەبانی- شادمان مەلا حەسەن- ژینۆ محەمەد)، دوو كەسی یەكەم ئەم چوار كەسە لەسەر بازنەی كەركوك بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردراون، دوانەكەی تر لەسەر بازنەی هەولێر، واتە لە بازنەی كەركوكو هەولێر بە كاندیدەكانی تری سەركردایەتیی شوێنی ئەم چوار كەسە پڕدەكرێتەوە، ئەو میكانیزمەی لە پەیڕەوی نوێدا بۆ پڕكردنەوەی شوێنی بەتاڵەكانی سەركردایەتی دانراوە، بۆ رێگرتنە لە پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكان لەلایەن لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگییەوە. بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بچنە ناو یەكێتییەوە ! بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، لە پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیدا دەرفەتێك هێڵدراوەتەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیی، ئەمە دوو مەبەستی لە پشتە، مەبەستی یەكەم سەرخستنی هەندێك كەس لەناوخۆی یەكێتی بۆ سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسیی، مەبەستی دووەم: دەرفەت هەبێت بۆ هەر كەسو حزبێك كە لە دەرەوەی یەكێتی دەچنە ناو ریزەكانی یەكێتیی، بەگوێرەی پێگەی خۆیان پۆستیان لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسیدا پێبدرێت. قوباد تاڵەبانی "دیدار"ی تێپەڕاند ئەگەر بۆ بافڵ تاڵەبانی دەستكەوتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی پەسەندكردنی سەرۆكایەتییەكەی بێت، بۆ قوباد تاڵەبانیش دەستكەوتی پەسەندكردنی راسپاردەكانی "دیداری یەكێتی" بەدی هات كە كۆتایییەكانی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی زۆر دڵی بە راسپاردەكانی ئەو دیدارە خۆشەو پێیوایە بە پەسەندكردنی لەسەركردایەتی، دەستكەوتی گەورەی بەدیهێناوەوبناغەیەكی پتەوی بۆ یەكێتی داناوەو یەكێتی نوێ دەكاتەوە. پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیو پەسەندكردنی سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانی، دوای رۆژێك هات لە سەردانی فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی دانوستانكاری پارتی بۆ (دەباشان)و كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی. ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا، میدیاكانی پارتی ئاشكرایانكرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم (كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە) سەردانی (نەجەف)و (بەغداد) دەكاتو دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان بۆ دەربازبوون لە چەقبەستنی سیاسیی. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە" لەگەڵ مەسعود بارزانیدا لەسەر زۆر شت گفتوگۆكانیان لەبارەی دۆخی هەرێمو عێراقەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە". سەرباری ئەوەی جەختی لەسەرلێكتێگەیشتن لەگەڵ بارزانی كردووە، بەڵام هاوشێوەی دواین كۆبونەوەی سەرۆكی حزبەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بافڵ تاڵەبانی گلەیی لە پارتیو حكومەت كردووە سەبارەت بە دۆخی دارایی سلێمانیو وتویەتی" ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت هەڵوێستمان دەبێت". یەكێتی.. لە سكرتێرەوە بۆ سەرۆك یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 47 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرەو دوو (پلینیۆم)و یەك (دیدار)ی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی چوارەم لەمەش مەترسیدارتر بوو، چونكە بووە هۆی لێكترازانی ئامۆزاكان (كوڕەكانی تاڵەبانیو شێخ جەنگی برای). یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەكانیدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئەوەی ئەمڕۆ رویدا دوای نزیكەی نیو سەدە لە دروستبوونی، حزبەكەی بەتەواوەتی رادەستی كوڕەكانی تاڵەبانی كرد، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتی لەناو حزبەكەدا ماوە، هەرچەند بەبەراود بە رابردوو دەنگێكی لاوازە. كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیی بۆ یەكەمجار سیستەمی سەرۆكایەتیی لەمێژووی حزبەكەدا چەسپاندو كۆتایی بە دەستەواژەی (سكرتێر)و (هاوسەرۆك) هێنا، لە مێژووی 47 ساڵی تەمەنی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی یەكەم كەسە دەبێت بە سەرۆك، جەلال تاڵەبانی باوكی كە تا كۆچی دوایی كەسی یەكەمی حزبەكە بوو هەڵگری پاشناوی (سكرتێر) بوو نەك (سەرۆك). ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتیی بەفەرمی حزبەكەی دایە دەست كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانیی سكرتێری مێژوویی حزبەكە، بەم هەنگاوە دوای نزیكەی (نیو سەدە) لە رەخنەگرتن لە پارتی وەكو حزبێكی بنەماڵەیی، یەكێتیش خۆی چووە سەر شێوازەكەی پارتیو دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەكانی تریش خۆشكرد هەمان شێوازی بە بنەماڵەیكردنو گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ پەیڕەو بكەن.
درەو: بڕیارە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، كۆتایی بە هاوسەرۆكایەتی بهێندرێت و سەرۆك بۆ یەكێتی جێگیر بكرێت، شوێنی ژماریەك ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پڕدەكرێـتەوەو ژماریەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیش زیاد دەكرێت. ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە، دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەوەو لە كۆبونەوەكەدا ئەجێندای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دیاریكرا. • بڕیارە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەو پێشنیاز و راسپاردانەی كە لە دیداری یەكێتیدا ئامادەكران، ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بكات بۆ جێبەجێكردن. • ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی گۆڕانكارییەكانی دوای 8ی تەمووز پەسەن دەكات بەتایبەتیش گۆڕانكاری لە مەكتەبی سیاسی و كارگێرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. • لە كۆبونەوەكەدا كۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لەناو یەكێتیدا دەهێنێت، كە لە رۆژی 18ی شوباتی 2020 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەرداو هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێدران، بەڵام لە دوای ساڵێك و بەهۆی رووداوەكانی 8ی تەموزەوە بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی دوورخستەوەو لە دیداری یەكێتیدا كە لە 28ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی ناسیندراو بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی پەسەند بكات. • ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی شوێنی ئەندامە دووخراوەكانی پڕدەكاتەوە، كە لە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2021 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی سێ ئەندامی سەركردایەتی ( ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن، ژینۆ محەمەد)ی لە ریزەكانی یەكێتی دوورخستەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شوێنەكەیان پڕبكرێتەوە. • بڕٍیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی كە لەدوای 8ی تەمووزی 2021 ەوە دانراون جێگیر بكات و ژمارەیەكی تری ئەندامی مەكتەبی سیاسی زیاد بكات، كە باس لەوە دەكرێت مەكتەبی سیاسی لە 17 ئەندامەوە بۆ 32 ئەندام زیادبكرێت.
درەو: تا ئێستا موچەی ئەم مانگە نەچووەتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارانی عێراق، ماوەی (5) رۆژ موچەكەیان دواكەوتووە، كە مانگانە (24 ملیۆن و 200 هەزار) دینار دەچێتە سەر ژمارەی بانكی هەر پەرلەمانتارێك. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: پێشتر رۆژی 22ی هەموو مانگێك موچە دەچووە سەر ئەژماری بانكی پەرلەمانتاران، بەڵام موچەی ئەم مانگەیان دواكەوتووە، تا ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق واژووی لەسەر خەرجكردنی موچەكەیان نەداوە. ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند موچەی پەرلەمانتاران بەم شێوەیەیە: 🔹 (5 ملیۆن و 200 هەزار) دیناری موچەی بنەڕەتی 🔹 (3 ملیۆن) دینار) دەرماڵەی میوانداری 🔹 (16 ملیۆن) دیناری (16) پاسەوان دەچێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتاران، بەشێكیان چەند پاسەوانێك بە پارەیەكی رەمزی دادەنێن. 🔹(2 ملیۆن) دینار كرێی خانو یان شوقە سەرەرای پاسپۆرتی دیپلۆماسی كە بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی عێراق و خێزانەكەیان كراوە. فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراقییو توێژەر لەكاروباری عێراق: 🔹 پەرلەمانتارانی عێراق لە ماوەی (8) مانگی دەستبەكاربوونیدا تەنیا (2) یاساییان دەكردووە، بەڵام مانگانە (19 ملیار) دینار موچەو دەرماڵە خەرجی وەردەگرنو هیچ كارێك ناكەن، تێكڕای خەرجی ئەو ماوەیەی دەستبەكاربوون (133 ملیار) دینارە.
(درەو): لە سلێمانی (7) كەس دەستگیركراون كە بە قەبارەی زیاتر لە (200 ملیار) دینار مامەڵەیان بە چەكی بانكییەوە كردووە. بەهۆی سپیكردنەوەی چەكی بانكیی لە بازاڕەكاندا، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چەند رۆژێكە هەڵمەتی دەستگیركردنی مامەڵەكارانیان لەم كەیسەدا دەستپێكردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تائێستا (7) كەس لەسەر ئەم كەیسە دەستگیركراون، كە هەندێكیان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیو ئەوانی تریان فەرمانبەری بانكن. لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەت خەرجكردنی چەكی بانكیی بازرگانەكانو بەڵێندەرانی راگرت، ئەمە رێگەخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی هەندێك كەسی مامەڵەكار لە بازاڕدا چەكی بانكیی بكڕنەوەو لەرێگەی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە فەرمانبەرانی بانكەكاندا ئەم چەكە بانكییانە ساغ بكەنەوە. لەم كەیسەدا ئەوانەی مامەڵەكاربوون بۆ نمونە چەكێكی بانكیی بەبەهای ملیارێك دیناریان كڕیوەتەوە بەمەرجی گەڕاندنەوەی نیوەی بەهای چەكەكە بۆ خاوەنی سەرەكی چەكەكە، لەمەدا سودیان لە مامەڵەو رێككەوتن لەگەڵ هەندێك لە فەرمانبەرانی بانكەكان وەرگرتووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەبارەی ئەو بڕەپارەیەی چەكە بانكییەكان كە لەم كەیسەدا مامەڵەی پێوەكراوە دەگاتە بڕی زیاتر لە (200 ملیار) دینار. ئەم رێوشوێنانەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی لەكاتێكدایە نەختینە لە بانكەكان كەمبوەتەوەو مانگانە لەكاتی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەراندا گرت دروست دەبێت.
راپۆرت: درەو مام جەلال گلەیی هەیە لەوەی پارتی گومرگی سەر (مۆز)ی لە سنورەكانی خۆی هەڵگرتووە، بارزانی ناردنی بەشە بودجەی سلێمانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان دوای 31ی ئابو گومانی لە داهاتی گومرگەكانی سنوری یەكێتی هەیە، نەوشیروان مستەفا دەڵێ سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتی چاوەڕێ بووە بەپێی رێككەوتنی واشنتۆن پارتی مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دیناری سویسری بۆ بنێرێت، بۆیە دەستیكردووە بە دامەزراندنی خەڵك بەڵام پارتی پارەكەی نەدەنارد، چیرۆكی قەیرانی دارایی سلێمانی نوێ نییە، 30 ساڵە بەردەوامە، (درەو) بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەكانی هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی)و (مەسعود بارزانی)و (نەوشیروان مستەفا) ریشەی گرفتی داهاتو خەرجی سلێمانی لەم راپۆرتەدا دەخاتەڕوو. دیسان كێشەی دارایی سلێمانی رۆژی 10ی ئەم مانگە كەسی یەكەمی حزبەكان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ ئەوە بوو بڕیار لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بدەن، بەڵام كۆبونەوەكە تێكچوو، چونكە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ناڕەزایەتی لەبارەی دۆخی دارایی سلێمانی دەربڕی. كێشەی دارایی سلێمانیو كورتهێنانی داهاتەكانی بابەتێكی نوێ نییە، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی كوردستان لە ساڵی 1992دا. بودجەو دابەشبوونی لە كابینەی یەكەمدا یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە (د. فوئاد مەعسوم) لە یەكێتی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تەموزی 1992دا پێكهات، ئەم كابینەیە كە سەرباری روودانی شەڕی ناوخۆیی (پارتیو یەكێتی) تاوەكو ساڵی 1996 بە یەكگرتوویی مایەوە، بەپێی داتایەك كە كۆچكردووە (نەوشیروان مستەفا) بڵاویكردوەتەوە، لەمانگی (10)ی ساڵی 1994دا داهاتی حكومەت بەتێكڕا بڕی (166 ملیۆن) دیناری سویسری بووە، ئەم داهاتە بەمشێوەیە دابەشكراوە: • بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ مەكتەبی سیاسیو پێشمەرگەی هەردوو حزب (یەكێتی+ پارتی). • بڕی (86 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەهەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە، بەمشێوەیە: - بڕی (38 ملیۆنو 450 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەولێر. - بڕی (26 ملیۆنو 200 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی. - بڕی (14 ملیۆنو 800 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی دهۆك. - بڕی (7 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی كەركوك. بە تەماشاكردنی خەرجی یەك مانگی حكومەت لە ساڵی 1994دا دەردەكەوێت، تەنیا لە پارەی تەرخانكراو بۆ موچە، لە كۆی (86 ملیۆن) دینار بڕی (53 ملیۆن) دیناری بۆ هەولێرو دهۆكو بڕی (33 ملیۆن) دیناری بۆ سلێمانی رۆیشتووە، واتە لە تێكڕای خەرجی موچەی كوردستان بڕی (38%) بۆ سلێمانی رۆیشتووەو بڕی (62%)ی خەرجی موچە بۆ ناوچەكانی هەولێرو دهۆك بووە. سەرەتای ناكۆكی لەسەر داهات ! سەرەتای ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتەكان (داهاتی گومرگەكان، چونكە ئەوكات هێشتا داهاتی نەوت سەریهەڵنەداوە) دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شەڕی ناوخۆییو بەدیاریكراویش لە قۆناغی دووەمی شەڕەكەدا (1994). لەدواین كتێبی بیرەوەری خۆیدا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسیویەتی"یەكێتی بابەتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلی كردبوو بە وێردی سەر زمانی، گوایە پارتی پشكیان لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل ناداتێو ئەوان داوای مافیان دەكەن". بارزانی گومان لەسەر ئەم گرفتە دادەنێتو دەڵێ" پرسیارەكە ئەوەبوو ئایا كاتێك یەكێتی لە 1ی ئایاری 1994دا لە سلێمانیو گەرمیان پەلاماری بارەگاكانی پارتییان دا، كێشەی گومرگ هەبوو؟.. چ عەقڵو مەنتقێك قبوڵی دەكات پارتی پارە بە لایەنێك بدات كە دروشمی لەناوبردنی بەرزكردوەتەوەو هەوڵی سڕینەوەی دەدات". هاوشێوەی ئێستا كە پارتییەكان گومانیان لە داهاتەكانی سلێمانی هەیە، لە رۆژانی شەڕی ناوخۆشدا هەمان گومان لە راستو دروستی داهاتەكان لە ئارادا بووە، بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی بارودۆخی دارایی ئەو سەردەمەوە نوسیویەتی" داهاتی یەكێتی لە باشماخو خاڵە سنورییەكانی دیكەیان لەگەڵ ئێران لە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل كەمتر نەبوو، وروژاندنی بابەتی ئیبراهیم خەلیل، تەنیا بیانوی یەكێتی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی شەڕ". بارزانی هیچ داتاو ژمارەیەكی لەبارەی داهاتی گومرگەكان لەو سەردەمەدا چ گومرگەكانی بندەستی پارتی چ ئەوانەی یەكێتی بڵانەكردوەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەوەی داهاتی هەردوولا وەكو یەكترن تەنیا دەڵێ" ئەگەر راست بێت یەكێتی بێ پارە بووبن ئەو هەموو تێچووننەی شەڕیان چۆنو لەكوێ دابین دەكرد؟"، بەوتەی بارزانی ئەمە بەڵگەی ئەو راستیەیە لەو سەردەمەدا (1994) ئەگەر داهاتی یەكێتی لە پارتی زیاتر نەبوبێت، كەمتر نەبووە. پارتی كورتهێنانی سلێمانی پڕدەكاتەوە ! سەرباری ئەوەی بارزانی نكولی لەوە دەكات ئیدارەی یەكێتی لە سلێمانی داهاتیان لە ئیدارەی سلێمانی كەمتر بووبێت، بەڵام لە ساڵی 1998دا كە شەڕی ناوخۆیی راوەستاوەو یەكێتیو پارتی دەستیان بە گفتوگۆی ئاشتیی كردووە، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكدا كە لەو ساڵەدا (عەزیز محەمەد) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی بۆ ئاشتیی كردویەتی، پارتی بەفەرمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك پارەكە بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكرێت". بەمە دەردەكەوێت لە شوباتی ساڵی 1998وە پارتی بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە داهاتەكانی سلێمانی بەشی خەرجییەكانی ناكاتو پێویستی بە یارمەتیی هەولێرو دهۆك هەیە. پشكی سلێمانی لە رێككەوتنی ئاشتیدا رۆژی 17ی ئەیلولی 1998 دوای چوار ساڵ شەڕو نیوە ئاگربەست، بارزانیو تاڵەبانی لە واشنتۆن رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزاكرد، بابەتی كێشەی دارایی نێوان هەردوولا كە كێشەی سەرەكی بوو، لە رێككەوتنەكەدا بە ژمارەو داتا یەكلانەكرایەوەو بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی دواتر هەردوو حزبەكە خۆیان رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنەكە بەبێ دیاریكردنی بە ژمارە، پارتی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی یارمەتی دارایی ناوچەی سلێمانی بدات. مام جەلال لە (دیداری تەمەن)دا لەبارەی ئەو بڕگەی رێككەوتنی ئاشتیی كە تایبەتە بە پرسی دارایی دەڵێ" یەكەمجار ئەمریكییەكان پرۆژەیەكی تریان هێنابو، ئەو پرۆژەیە زیاتر داخوازییەكانی ئێمەی تێدا دیار بوو، بەتایبەتی مەسەلەی دەرامەتو یارمەتی.. هەندێك لە برادەرانی پارتی پێیانوابوو ئەو پرۆژە ئەمریكییە لە نوسینی دكتۆر بەرهەم بوە، بۆیە ئەوان قبوڵیان نەكرد، جارێكی كە پرۆژەیەكی تر هاتەوە كە هەردولامان قبوڵمان كرد". لەبارەی پرۆژەی دووەمی ئەمریكییەكان كە دواجار بوو بە رێككەوتنی ئاشتیی، تاڵەبانی هەندێك گلەیی هەیەو دەڵێ" هەندێك كەلەبەرمان تێیدا هێشتبووەوە كە نەدەبوو تێیدا بێت، لەوانە: هەندێك خاڵ هەروا مابووەوە، بۆنمونە ماددەی یەكەم لە رێككەوتنامەكە دەڵێ: (دەبێ پارتی لەبەرامبەردا لە برایم خەلیل بەشی یەكێتی بدات)، دەبوایە بەشی یەكێتی چەندە دیاری بكرێت، چونكە كە هاتە سەرئەوە بەبیانوی ئەوەی چەندو چۆنە، خۆیان (پارتی) لێ كێشایەوە". بەپێی گێڕانەوەی تاڵەبانی، دوای رێككەوتنی ئاشتی، سەرەتا پارتی وتویانە مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار بە یەكێتی دەدەن، دواتر وتویانە (10 ملیۆن) دینار دەدەن، تاڵەبانی دەڵێ" ئەگەر ئێمە لەرێككەوتنەكەدا بمانوسیایە، پارتی ناچار دەبوو جێبەجێی بكات، ئەگەر ئەوەمان بكردایە توشی ئەو هەموو گیروگرفتە نەدەبوین". دوای رێككەوتنی ئاشتی لە ساڵی 1998، حكومەتی پارتیو یەكێتی تاوەكو ساڵی 2005 بەتەواوەتی یەكینەگرتەوە، لەو ساڵانەدا بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ئاشتی یەكێتی مانگانە بڕە پارەیەكی لە پارتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجییەكانی. خەرجی حكومەتی یەكێتی لە ساڵی 1999دا نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەیەكیدا باسلەوە دەكات، سەرلەبەیانی رۆژی 6ی حوزەیرانی 1999 لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیدا یەكتریان بینیوە، كاتێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتی حكومەت پرسیاری لێكردووە، كۆسرەت رەسوڵ بەمشێوەیە وەڵامی داوەتەوە: • 30% داهاتی سنورەكە بۆ ئیدارەی گشتی واتە بۆ یەكێتی دەڕوات • 35% داهات بۆ پێشمەرگە دەڕوات • 35% داهات دەدرێت بە حكومەت لەو بڕە پارەیەی كە لە داهاتی سلێمانی دراوە بە حكومەت، حكومەت پارەی حزبە سیاسییەكانیشی داوە كە بە تێكڕا مانگانە بڕەكەی (4ملیۆنو 88 هەزار) دینار بووەو بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر حزبەكانی سنوری یەكێتیدا: * بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە (2 ملیۆن) دیناری داهاتی سلێمانی لە حكومەت وەرگرتووە * سۆسیالیست مانگانە (700 هەزار) دینار * زەحمەتكێشان مانگانە (600 هەزار) دینار * پارێزگاران مانگانە (250 هەزار) دینار * دیموكراتخوازان مانگانە بڕی (100 هەزار) دینار * هاوپەیمانی مانگانە بڕی (128 هەزار) دینار * حزبی شیوعی مانگانە بڕی (200 هەزار) دینار * حزبی وەتەنی عێراق مانگانە بری (60 هەزار) دینار * كۆمۆنیستی كرێكاری مانگانە بڕی (50 هەزار) دینار لە ساڵی 1999دا تێكڕای خەرجی موچەی فەرمانبەران كە حكومەتی یەكێتی لە سنوری سلێمانی دابینی كردووە مانگانە بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە. بەپێی سامپڵێك كە نەوشیروان مستەفا وەریگرتووە، تەنیا لە رۆژی (7ی تەموزی ساڵی 1999)دا داهاتی هەموو گومرگەكانی ئیدارەی سلێمانی بڕی (ملیۆنێكو 748 هەزارو 260 دینار) بووە كە بۆ ئەوكات بە دۆلار بڕەكەی بریتی بووە لە (15 هەزارو 320) دۆلار، واتە لەو ساڵەدا بە تێكڕا داهاتی مانگێكی خاڵە گومرگییەكانی ئیدارەی سلێمانی گەیشتوەتە بڕی (52 ملیۆن) دینار، ئەمە لەكاتێكدا بووە كە ئەوكات تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام بەوپێیەی یەكێتی خۆی رێژەی 30%ی داهاتی مانگانەی بەدەستهاتووی ئەو ساڵەی بردووە، دەردەكەوێت یەكێتی جگە لە داهاتی گومرگ سەرچاوەی تری داهاتی هەبووە. ئەو ژمارانەی نەوشیروان مستەفا ئاشكرایكردوون، هەندێك لە دوردونگییەكانی بارزانی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەبارەت بە داهاتەكانی سلێمانی پشتڕاستدەكاتەوە، گومانێك كە تائێستاش بەردەوامەو پارتییەكان دەڵێن داهاتی سلێمانی زیاترە لەوەی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە. دامەزراندن بە ئومێدی پارەكەی پارتی ! لەدوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتیو یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتن یەكەمیان (پارتی) پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو دووەمیان (یەكێتی) پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام لەرێككەوتنی ئاشتی واشنتۆندا (1998) ئەم دابەشكارییە گۆڕانكاری بەسەردا هات، پارتی داوای سەرۆكایەتی حكومەتی كردو یەكێتیش قایل بوو بەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، كۆسرەت رەسوڵ (دووەم سەرۆكی حكومەت) كە دوای رووداوەكانی 31ی ئاب كابینەكەی بوو بە كابینەی یەكێتی، دوای بڵاوبونەوەی رێككەوتنی ئاشتیی دەستیكردووە بە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر كارمەند لەسنوری ئیدارەی سلێمانی، ئەمە بەپشتبەستن بەو (10 ملیۆن) دینارەی كە پارتی لەرێككەوتنەكەدا بەڵێنیداوە مانگانە بۆ یەكێتی بنێرێت، بەڵام كاتێك پارتی مانگانە پارەكەی نەناردووە كێشەی (فائض) واتە كارمەندی زیادە سەریهەڵداوەو حكومەتی یەكێتی بەناچاری پەنای بردووە بۆ دەركردنی ئەو كارمەندانە لەژێر ناوی ناردنیان بۆ "هێزی كار". نەوشیروان مستەفا لە بابەتێكدا كە لەكاتی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ تاڵەبانیدا نوسیویەتی دەڵێ" سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتی لە سلێمانی باوەڕی كرد بو لە هەر رێككەوتنێكی داهاتودا خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا نامێنێ بۆ ئەوەی لە لایەكەوە بیكا بە پیاوەتی خۆی كە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بێ دەرامەتی دامەزراندوەو موچەی بۆ دابین كردون، لە لایەكی ترەوە كێشەیەكی دژوار بۆ سەرۆكی داهاتوی حكومەت ئەخوڵقێنێ. ئیستا كە حكومەت یەكی نەگرتۆتەوەو خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا ماوەتەوەو، ئەو 10 ملیۆن دینارەش كە بە پێی رێككەوتنی واشنتۆن، پارتی ئەبو مانگانە بیدا بە یەكێتی نای دا، كێشەكە دوچاری خۆیان بوتەوە". نامەیەكی مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی راستی قسەكانی نەوشیروان مستەفا دەسەلمێنێت لەبارەی ئەوەی لەدوای رێككەوتنی ئاشتییەوە پارتی مانگانەو بەشێوەیەكی رێكخراو پارەی بۆ یەكێتی نەناردووە. بارزانی لەدواین بەشی یادەوەرییەكانی خۆیدا نامەیەكی تاڵەبانی بڵاوكردوەتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 13ی كانونی دووەمی 2001، لەو نامەیەدا تاڵەبانی بۆ بارزانی نوسیوە: "مەسەلەی بەشی (ی ن ك) لە گومرگەكە، ئەوەش بەوەی ئەمر بكەیت- تەنانەت ئەگەر بە یارمەتیو كۆمەكی برایانەشی دادەنێیت- بەدانی (10) ملیۆنەكەی مانگەكانی نەدراونو لەسەری ئەم ساڵەشەوە بۆ (3) مانگ (20 ملیۆن)و پاشان ببێتە (15) ملیۆن". رۆژی 25ی كانونی دووەمی 2001 لەدوای نامەكەی تاڵەبانییەوە بۆ بارزانی، یەكێتی لەرێگەی (ئاراس شێخ جەنگیی) بڕی (30 ملیۆن) دیناری سویسری لە (رەمزی شەعبان) وەكو نوێنەری پارتی وەرگرتووە (بارزانی ئەم بەڵگەنامەی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە تۆماركردووە). دواترو لە مانگی نیسانی ساڵی 2001دا بەهەمان شێوە (ئاراس شێخ جەنگیی) بە نوێنەرایەتی یەكێتی بڕی (40 ملیۆن) دیناری سویسری تری پارتی لە (رەمزی شەعبان) وەرگرتووە (بارزانی لە یادوەرییەكانیدا ئەم بەڵگەنامەیەشی بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە بڵاوكردوەتەوە). گومرگی مۆز ! ناكۆكی نێوان بارزانیو تاڵەبانی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنەی رێككەوتنی ئاشتی 1998 هەر بەردەوامبووە تاوەكو ساڵی 2001، لە كۆتا رۆژەكانی تەموزی 2001دا تاڵەبانیو بارزانی نامەیەكیان گۆڕیوەتەوە (بارزانی نامەكەی تاڵەبانیو وەڵامەكەی خۆشی لە یادەوەرییەكانیدا بڵاوكردوەتەوە). لە نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی دان بەوەدا دەنێت لە رێككەوتنی ئاشتیدا قایلبوون بەوەی رێژەی (51%)ی داهات بۆ سنوری پارتی بێتو داوای بەشەكەی یەكێتی لە داهاتی گومرگی (برایم خەلیل) دەكاتو حكومەتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەستی داوەتە جەنگێكی ئابوری لەدژی ناوچەی یەكێتی لە مەسەلەی گومرگو لابردنی گومرگ لەسەر مۆزو مەسەلەی هێنانی سەیارەو شتی تر لەلای یەكێتییەوە بۆ هەولێر". لە كۆتایی نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی نوسیویەتی" باوەڕ بە برای خۆت بفەرموو، وەزعی یەكێتی نە تەنگاوەو نە خراپە، بگرە زۆریش لە باشیو گەشەكردنە: بە نەدانی یارمەتییەكەش نە تەنگاو دەبێتو نە پەكی دەكەوێت، بەڵكو پتر وەزعەكە ئاڵۆز دەبێتو دڵان كرمێ دەكات". بارزانی وەڵامی نامەكەی تاڵەبانی داوەتەوە، بە وەڵامەكەیدا دەردەكەوێت ناردنی پشكی یەكێتی لە داهاتی گومرگی برایم خەلیل بەستوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی پەرلەمانو گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پەرلەمان كە لەدوای 31ی ئابەوە پەرلەمانیان چۆڵكردووە بەگوێرەی رێككەوتنی واشنتۆن. یەكگرتنەوەی حكومەتی پارتیو یەكێتی ساڵی 2005و دوای روخانی رژێمی سەددام، لەژێر فشاری ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق هاتنەكایەوە، پارتیو یەكێتی بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەوە، رێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن. لەدوای روخانی سەددامەوە ئیتر داهاتی گومرگەكان ئەو سەرەنجە زۆری لەسەر نەماو ناردنی 17%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە شادەماری ململانێ ئابورییەكانی هەردوو حزب. ساڵی 2005 پشكی هەرێم لە بەغداوە بڕەكەی (3 ملیارو 134 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر هەردوو ناوچەی دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا: • رێژەی 54% بۆ سنوری پارتی • رێژەی 46% بۆ سنوری یەكێتی لەدوای ساڵی 2007ەوە هەرێمی كوردستان بووە بە خاوەنی سەرچاوەیەكی تری داهات كە دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت بوو، ئیتر لەم سەردەمەوە باسو خواست لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتی سەریهەڵدا، ساڵی 2010 ئاشتی هەورامی لە پەرلەمانی كوردستان وتی" بڕی 4 ملیار دۆلار پارەی شیرینی نەوتمان بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت بەجێهێشتووە". دۆخی دارایی ئێستا ئێستا هەرێمی كوردستان بە هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتییەوە مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچە پێویستی بە بڕی (930 ملیار) دینارەو بۆ خەرجی بەكارخستن پێویستی بە بڕی (120 ملیار) دینارە. واتە بە تێكڕا كۆی خەرجی مانگانەی حكومەتی هەرێم بە (موچەو بەكارخستنو وەبەرهێنانو كارەباو خزمەتگوزارییەكانی ترەوە) بڕەكەی (ترلیۆنێكو 150 ملیار) دینارە، ئەمە بەپێی راگەیەندراوی حكومەت بۆ خەرجیو داهاتەكان لە مانگی ئایاری 2022دا. ئێستا داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەن: • داهاتی نەوت: مانگانە بڕی زیاتر لە (ملیارێك) دۆلارە. • داهاتی ناوخۆ: مانگانە نزیكەی (320 ملیار) دینارە. • هاوپەیمانان مانگانە بڕی (28 ملیار) دینار وەكو هاوكاری بە حكومەتی هەرێم دەدەن. • جارجارە حكومەتی عێراقیش بڕی (200 ملیار) دینار دەنێرێت، ئەم داهاتە بەهۆی یەكلانەكردنەوەی پرسی نەوتی هەرێمەوە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. بەگوێرەی رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی نێوان پارتیو یەكێتی لە ساڵی 2021ەوە بڕیادراوە خەرجیو داهات لەنێوان سنوری پارتیو یەكێتیدا لەسەر بنەمای: • 57% بۆ سنوری هەولێرو دهۆك (سنوری پارتی) • 43% بۆ سنوری سلێمانی (سنوری یەكێتی) هەر بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە كە ناوی لێنراوە "لامەركەزیەتی دارایی"، ئیدارەی سلێمانی دەبێت مانگانە لە داهاتی خۆی بڕی (90 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەو خەرجی سیادی هەرێم تەرخان بكات، كە لەو بڕە پارەیەش (75 ملیار) دیناری تەنیا بۆ تەواوكردنی خەرجەی موچەی سنوری سلێمانی دەڕوات كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (365 ملیار) دینارەو بڕی (15 ملیار) دیناری داهاتی سلێمانیش بۆ خەرجی سیادی دەڕوات. ئەمە ئەو بارودۆخەیە كە بافڵ تاڵەبانی نیگەران كردووەو دەڵێ داهاتەكانمان بەشی خەرجییەكانمان ناكاتو لەبەرامبەردا پارتی گومانی لە راستیو دروستی ژمارەی داهات لە سلێمانی هەیە، واتە چیرۆكەكە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتەوە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆیدا.
درەو: بە پێی راپۆرتی دوو رێكخراوی نێودەوڵەتی لە نێوان ساڵانی (2015 -2021) بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە (123) هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و (161)ی دیكەش برینداربوون. تیمی كوردستانی عێراقی CPT بەھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەی مەدەنی End Cross Border Bombing لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاری لەسەر ھێرشەكانی سوپای سەربازی توركیا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١ بڵاودەكاتەوە. • لە ئابی ٢٠١٥ەوە تاوەكو كانوونی یەكەمی ٢٠٢١، سوپای توركیا زیاتر لە ٤ ھەزار ھێرشی ئاسمانی و تۆپھاوێژی و زەمینی لە ھەرێمی كوردستان و باكوری عێراقدا ئەنجامداوە. • لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵدا، لە ٨٨ ھێرشدا سوپای توركیا ھاوڵاتیانی مەدەنی بە ئامانجگرتووە. • لە ئابی ٢٠١٥ەوە تاوەكو كانوونی یەكەمی ٢٠٢١، ١٢٣ ھاوڵاتی مەدەنی شەھید بوون و ١٦١ ھاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. • لەو ڕێژەیەی قوربانیاندا، ٥٥ ھاوڵاتی مەدەنی لەكاتی جوتیاری یاخود لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیاندا شەھیدبوون. • لە ٨٧٪ ی شەھیدەكان پیاون و لە ١٣٪شیان ئافرەتن. وەبەلایەنی كەمەوە ٦ لە شەھیدەكان منداڵن. • توركیا بە بەكارھێنانی ئەو چەكانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا پێیدەدرێت ھاوڵاتیانی مەدەنی مەدەنی بە ئامانجدەگرێت. • لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠، حكومەتی ئیتاڵیا، ٥٧ ھێلیكۆپتەری سەربازی A-129C Mangustaی بە توركیا فرۆشتووە و لە زۆرینەی ھێرشەكاندا بۆ سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی توركیا ئەو فڕۆكەیەی بەكارھێناوە. نەخشەی دابەشبوونی قوربانیانی مەدەنی بەپێی ناوچەی جوگرافی و دەیان زانیاری و داتای گرنگ لەم ڕاپۆرتەدا ببینە: https://static1.squarespace.com/static/59a826c98419c278e3fc88a4/t/63071bdbf2e70f0e30fbe7df/1661410271429/ECBB-Report-KU.pdf
(درەو): لە نوێترین هەنگاودا وەزارەتی نەوتی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)وە هەڕەشە لەو كۆمپانیایانە دەكات كە لەبەندەری (جەیهان)ی توركیا نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن. كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی نوێ دەكات دژی ئەوانەی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان دەكڕن، ئەمە بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردوەتەوە. ئاژانسەكە دەڵێ، چاوی بە نوسراوێك كەوتووە كە رۆژی 23ی ئەم مانگە دەرچووەو تێیدا ئاماژە بەم بابەتە كراوە. ئەمە نوێترین جموجوڵی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی مانگی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵیی، كە یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو بە (نادەستوریی) ناویبردو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە. بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردوەتەوە، لە نوسراوەدا كە رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ)وە دەرچووە، هاتووە" رێوشوێنی یاسایی توند دەگیرێتەبەر دژی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ رێگریكردن لە باركردنی هەموو بارێكی نایاسایی كە لە عێراقەوە هاتبێت، لەناویشیاندا بۆ نمونەو بەدیاریكراوی بارەكانی هەرێمی كوردستان". ئاماژە بەوەكراوە" وەزارەتی نەوتی عێراقو سۆمۆ وەكو كۆمپانیایەكی سەربە وەزارەت، پارێزگاری لە مافی خۆیان دەكەن بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی یاسایی دژی بازرگان یاخود كڕیارانی نەوتی بەقاچاخبراو، ئەگەر لەسەریان بسەلمێنت هەستاون بە باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری (جەیهان)ی توركیا بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان لە (سۆمۆ) وەرگرتبێت. ئەم هەڕەشەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەكاتێكدایە، بەمدواییەو دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد بۆ راگرتنی هەنگاوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی هەرێمو قسەوباس هەبوو لەبارەی ئەوەی رێككەوتنێكی كاتیی لەگەڵ مستەفا كازمیی كردووە بۆ راگرتنی رێوشوێنەكان تا ئەوكاتەی لەچوارچێوەی یاسای نەوتو غازی عێراقدا چارەسەر بۆ ناكۆكییەكان دەدۆزرێتەوە. كێن ئەوانەی نەوتی هەرێم دەكڕن ؟ كڕیارانی نەوتی هەرێمی كە بوون بە ئامانجی هەڕەشەكەی كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراق، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ (2022)دا بریتین بوون لەم وڵاتانە: • ئیتالیا: 37%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كڕیوە • یۆنان: 17% • ئیسرائیل: 16% • كرواتیا: 7% • بولگاریا: 5% • ئیسپانیا: 5% • رۆمانیا: 2%
داهاتی باشماخ زیاتر لە (40%) كەمیكردووە درەو: داهاتی گۆمرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەراورد بە مانگی رابردوو بەڕێژەی نزیكەی (40%) كەمیكردوە، مانگی تەمووز داهاتی دەروازەكە زیاتر لە (14 ملیار) دینار بووەو ئەم مانگە بۆ (8 ملیار) دینار دابەزیوە، بەراوردی داهاتی مانگی یەكی 2021 بە مانگی یەكی 2022 داهاتی باشماخ بەرێژەی (53%) كەمیكردووە. بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی ئەم مانگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كە یەكێكە لە شادەمارەكانی داهاتی سنوری سلێمانی، تا ئەمڕۆ (8 ملیار) دینارە، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی مانگ نزیك ببێتەوە لە ( 9 ) ملیار دینار. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو ژمارانەی لەبەردەستی (درەو)دایە داهاتی دەروازەكە زیاتر لە (14) ملیار دینار بووە، تەنیا لە نێوان مانگی تەموز و ئەم مانگەدا داهاتی دەروازەكە بەرێژەی (40%) كەمیكردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بارودۆخی دارایی سنورەكە بە (درەو)ی راگەیاند، كەمبوونەوەی داهاتی دەروازەی باشماخ بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە: • باش رایینەكردنی ئیشوكاری بازرگاكان سنوری باشماخ بەبەراورد بەو بازرگانانەی كە هەمان كار لە دەروازە سنورییەكانی تر دەكەن بەتایبەت حاجی ئۆمەران. • نەبوونی پلان بۆ چۆنیەتی زیادكردنی داهات لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بەراورد بە دەروازەكانی تر لەلایەن بەرپرسانی سنوری سلێمانیەوە. • هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر هەندێك كاڵا و شتومەك لە دەروازە سنورییەكانی عێراق كە وای كردووە بازرگانان روو لەو دەروازانە بكەن. بە وەرگرتنی چەند مانگێك لەداهاتی باشماخ دەردەكەوێت كە داهات چەند كەمیكردووە. داهاتی گومرگی باشماخ لە 2021دا: مانگی یەك: 22 ملیارو 855 ملیۆن دینار مانگی دوو: 23 ملیارو 707 ملیۆن دینار مانگی سێ: 22 ملیار و 47 ملیۆن دینار مانگی چوار: 20 ملیارو 977 ملیۆن دینار مانگی پێنج: 17 ملیارو 307 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی باشماخ لە 2022دا: مانگی یەك:10 ملیارو 538 ملیۆن دینار مانگی دوو: 15 ملیار و 140 ملیۆن دینار مانگی سێ: 17 ملیار و 238 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی شەش: 12 ملیار دینار مانگی حەوت: 14 ملیار دینار مانگی هەشت تا ئێستا: 8 ملیار دینار واتا لە نێوان مانگی تەمووز و ئابدا بەرێژەی (40%) كەمیكردووە. بەراووردكاری: داهاتی باشماخ مانگی یەكی (2021 – 2022 ) 2021: مانگی یەك: 22 ملیارو 855 ملیۆن دینار 2022: 10 ملیارو 538 ملیۆن دینار كەمكردن: 12 ملیارو 317 ملیۆن دینار رێژەی كەمكردن: 54%