Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

(درەو میدیا): لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت كە دۆسیەیەك دەربارەی هەردوو وەزارەتی نەوت‌و دارایی لەلای لیژنەكەیە هەیەو لە داهاتوودا لێپرسینەوە لە هەریەك لە سامر غەزبان، وەزیری نەوت‌و فوئاد حسێن وەزیری دارایی دەكرێت. لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، پەرلەمانتار یوسف كلابی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق وتی:" دۆسیەی وەزارەتی نەوت تەواوبووە‌و ئیمزای پێویست بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی تەواوبووە‌و پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە بۆئەوەی وادەی لێپرسینەوەكە دیاریبكات". كلابی ئاشكراشیكرد، چەند دۆسیەیەكیش دەربارەی پێشێلكاری‌و گومانی گەندەڵی گەورە لەسەر وەزارەتی نەوت هەن‌و لە قۆناغی داهاتوشدا لێپرسینەوە لە سامر غەزبان وەزیری نەوتیش دەكرێت.  پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوویشدا لێپرسینەوەی لە چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادی كرد‌و متمانەش لە هەریەك لە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری‌و هۆشیار زێباری وەزیری دارایی سەندەوە.  


درەو میدیا:  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئایاری 2019 (110)ملیۆن و (737)هەزارو (293) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (329) ملیۆن و (737) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (66.190)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئازار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (106)ملیۆن و (675)هەزارو (881) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 166 ) هەزارو ( 261 ) بەرمیل هەناردەكراوە، بەبڕی ( 209 ) ملیۆن و ( 175 ) هەزارو ( 253) دۆلاربووە.  مانگی نیسانی رابردوو كۆی هەناردەی نەوتی عێراق (103)ملیۆن و (988)هەزارو (607) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (20) ملیۆن و (667) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (67.514)دۆلار فرۆشراوە"  


 (درەو میدیا): ججموجوڵ لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە دەستیپێكردووە‌و رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆن ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند‌و بە رەسمیش پەرلەمانی لەوە ئاگاداركردەوە‌و لە داهاتوویەكی نزیكیشیدا چەند فراكسیۆنێكی تری هەر سێ‌ پێكهاتەكەی عێراق " شیعە‌و سوننەو كورد" ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان رادەگەیەنن. حكومەتێكی ناتەواو زیاتر لە حەوت مانگە حكومەتی نوێی عێراق بە رێككەوتنی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بونیاتنان و هاوپەیمانی بونیاتنان بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهد ی پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا چوار پۆستی وەزارەتەکانی ( بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە)ی ئەو كابینەیە بەهۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان هەر سێ‌ پێكهاتەكە " كورد، سوننە، شیعە" پڕنەكراوەتەوە. عەبدولمەهدی كە خاوەنی فراكسیۆنێكی بەهێز نیە لە نێو پەرلەماندا چەندینجار هەوڵیداوە كێشەی پڕكردنەوەی ئەو وەزیرانە كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام شكستیهێناوە‌و ئێستاش دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كابینەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز ببێتەوە. حەكیم دەستپێشخەری كرد رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم وەك یەكەمین فراكسیۆنی بەشدار لە هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیاتنان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە كە رۆژی 16ی حوەزیران بەڕێوەچوو. لە بەیاننامەیەكدا رەوتی حیكمە رایگەیاند: دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و ئاستی كارو ئەدای حكومەت بڕیاردرا حیكمە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەستوری نیشتمانی بونیاتنەر هەڵبژێرێت. دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە لەناو پەرلەمانیشدا رەوتی حیكمە بە نوسراوێكی رەسمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگاداركردوتەوەو رایدەگەیەنێت  فراكسیۆنی حیكمە بووە بە ئۆپۆزسیۆن و داواكارە رێوشوێنێی یاسایی بگیرێتەبەرو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دوابەدوای ئەو هەنگاوەی رەوتی حیكمە ئێستا جموجوڵ دەستیپێكردووە بۆئەوەی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان پێكبهێنرێت، خەلیل محەمەد سەعید پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند: شەش كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن هەنگاودەنێن كە بریتین لە: * هاوپەیمانی نەسر: حەیدەر عەبادی * هاوپەیمانی وەتەنییە: ئەیاد عەلاوی * هاوپەیمانی قەرار: ئوسامە نوجێفی * رەوتی حیكمە: عەممار حەكیم * هاوپەیمانی سائیرون: موقتەدا سەدر * دەوڵەتی یاسا: نوری مالیكی * نەوەی نوێ‌: شاسوار عەبدولواحید سائیرون دوای میوانداریكردنی عەبدولمەهدی بڕیاردەدات هاوپەیمانی سائیرون، كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات‌و كۆڵەكەیەكی گرنگی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە، نیگەرانی خۆی لە ئەدای حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەشاردوەتەوە بە تایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی‌و رووبەڕبوونەوەی گەندەڵیو رەنگە بەمزوانە ئەویش شەمەندەفەری حکومەت جێبهێڵێت. سائیرون ئێستا داوادەكات پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی‌و وەزیرەكانی بكات ‌و پێدەچێت دوای ئەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆی بۆ بەردەوامیدان لە مانەوە لە حكومەتدا یان چونە بەرەی ئۆپۆزسیۆن رابگەیەنێت. دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی سائیرون لەگەڵ موقتەدا سەدر لەناوچەی حەنانەی  شاری نەجەف، حەسەن عاقولی، سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حكومەتی عێراق شكستیهێناوە لە رەخساندنی هەلی كارو ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەكانییەتی. عاقولی داواشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد راپۆرتێكی دورودرێژ‌و  ورد‌و پشتبەستوو بە ئامار‌و داتا لەسەر ئەوەی لەماوەی رابردوودا پێشكەشیكردووە بخاتەڕوو. سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون ئاماژەی بەوەشدا كە دوای میوانداریكردنی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان‌و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بوچونی رون‌و ئاشكرای خۆیان رادەگەیەنن.


(درەو میدیا): بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئێران بۆ سعودیە دەگوازێتەوە، ئێرانییەكان لەڕێگەی عێراقەوە دەیانەوێت پەیماننامەیەك لەگەڵ وڵاتانی كەنداو ئیمزا بكەن. سەعد عەبدولوەهاب جەواد قندیل باڵیۆزی عێراق لە تاران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (خبرگزاری دانشجویان ایران) كە بە "ئیسنا" ناسراوە، ئاشكرایكرد، بڕیارە حكومەتی عێراق پەیامێكی حكومەتی تاران بگوازێتەوە بۆ بەرپرسانی سعودیە‌و ئیمارات‌و بەحرەین. باڵیۆزەكەی عێراق باسلەوەدەكات، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەسەردانەكەی ئەمدوایەیدا بۆ سعودیە لەوبارەیەوە ئامادەكاری كردووە‌و ناوەڕۆكی نامەكە تایبەتە بە ئیمزاكردنی پەیماننامەیەك لەنێوان وڵاتانی كەنداو كە دەستدرێژی نەكەنەسەر یەكتری. بەپێی قسەی باڵیۆزەكە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردانەكەی ئەمدواییەی بۆ عێراق بیرۆكەی ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیەی لەنێوان ئێران‌و وڵاتانی كەنداو خستوەتەڕوو، بەرپرسانی عێراقی پێشوازییان لە بیرۆكەكە كردووە‌و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ئەو پێشنیازە بگەیەننە وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتیش سعودیە‌و ئیمارات كە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا نییە. دوای گەڕانەوەی لە بەشدایكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە دوو كۆبونەوەی جیاوازدا لە بەغداد، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا كۆبووەوە.


(درەو میدیا): ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە. كۆبونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی پارێزگای كەركوك، راكان جبوری پارێزگاری كەركوك‌و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بەشداربوون تێیدا.   بەپێی راگەیەندراوێك كە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا عادل عەبدولمەهدی وتویەتی"سەرباری دەستوەردانەكان، بەڵام دۆخی كەركوك لەژێر كۆنترۆڵدایە". عەبدولمەهدی باسی لەوەكردووە" ئەو دەستوەردانانەی لە كەركوكدا دەكرێت وا دەكات هاوكاری بكرێت لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی خۆجێی‌و حكومەتی هەرێم.. تەقینەوەی بۆمبەچێندراوەكان زۆر گەورە". 


(درەو میدیا): شارەزایەكی یاسایی رایدەگەیەنێت بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە بەشداریكردنی لە كۆنگرەی مەككە، دەستوری هەمیشەیی پێشێلكردووە‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی تێپەڕاندووە. لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، تارق حەرب، شارەزای یاسایی دەڵێت: پێویست بوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئامادەی كۆنگرەكەی مەككە ببوایەو بەشداری سەرۆك كۆمار پێشێلكاریی دەستورە، چونكە بە گوێرەی هەردوو مادەی 78‌و 80ی دەستور، سیاسەتی گشتی دەوڵەت لە ئەستۆو دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیراندایە. حەرب ئاماژیبەوەشداوە كە بانگهێشتكردنی سەرۆك كۆمار بۆ كۆنگرەی مەككە پرسێكی پرۆترۆكۆڵییە‌و بەواتای پێویستی ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار نایەت، بەڵكو پێویستە كەسایەتییەك ئامادەبێت كە لە رووی دەستورییەوە پەیوەندی بەو پرسانەوە هەیە كە لە كۆنگرەكەدا تاوتوێدەكرێن، ئەو پرسانەشی لە كۆنگرەكەی مەككە تاوتوێكران پەیوەندییان بە سیاسەتی گشتی دەوڵەتەوە هەیە كە دەستور خستویەتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران.  


 (درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانی كردبێت بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە لوبنان. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەتا فوئاد حسێن وەزیری دارایی لەناو فڕۆكەدا عادل عەدبولمەهدی ئاگاداركردووە لە هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم لە بەیروت. دەقی بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق: سەرۆك وەزیران بەهیچ شێوەیەك دەستوەردانی لە بابەتی ئازادكردنی پارێزگاری پێشووی كەركوكدا نەكردووە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن‌و كەناڵی ئاسمانیی ناسراو و سیاسەتمەداران بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە بەڕێز سەرۆك وەزیران دەستوەردانی كردووە بۆ ئازادكردنی بەڕێز نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كە لە بەیروت لەلایەن ئینتەرپول دەستگیركراوە. دەستوەردانەكەی بەڕێز سەرۆك وەزیران وەكو وەڵامدانەوە بووە بۆ داواكاری بەڕێز مەسعود بارزانی، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوانیان، ئەمە وەكو ئەوەی بڵاودەكرێتەوە. ئێمە بەتەواوەتی رەتیدەكەینەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان بەڕێز سەرۆك وەزیران‌و بەڕێز مەسعود بارزانی رویدابێت لەبارەی ئەو بابەتەوە، چ بەشێوەی راستەوخۆ، چ بەشێوەی نێوەندگیری. جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاگادارنەكراوە لە دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی كەركوك تاوەكو ئازادكردنی لە رۆژی دواتردا. وە هەرگیز دەستوەردانی لە بابەتەكەدا نەكردووە. بەڕێز فوئاد حسێن وەزیری دارایی ئاگاداری كردووە لەناو فڕۆكەدا لەكاتی گەشتەكەیان لەچوارچێوەی وەفدێكی فەرمیدا بۆ كوەیت لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 22ی مانگی ئایاری ئێستا، لەروداوەكە ئاگاداری كردووە. لەوكاتەدا بەڕێز سەرۆك وەزیران فەرمانیداوە بە كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی فەرمی لەبارەی ئەوەی رودەدات بەمەستی وەرگرتنی هەڵوێستی بەرپرسانەی گونجاو. ئەركی سیاسەتمەدار هەروەكو ئەركی راگەیاندنكار، وردبینیكردنە لە واقیع‌و راستییەكان بەر لە لێدوان‌و قسەی نابەرپرسانە یاخود خستنەڕووی زانیاری چەواشەكارانە بۆ شێواندنی راستییەكان‌و دەستدرێژیكردن بۆسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و كەسایەتییەكانی‌و هاوڵاتیان.  پێویستە لەسەر سیاسەتمەداران‌و راگەیاندنكاران بەدوای راستییەكاندا بچن‌و وردبینی بكەن بەرلەوەی حوكم بدەن، لەو زانیارییانە وردببنەوە كە پێیان دەگات، گۆڕەپانەكە پڕبووە لە دزەكردنی زانیار‌و چەواشەكاری كە تەنیا ئامانج لێیان دروستكردنی فیتنەیە نەك شتی تر، لەلای خوداش "فیتنە قورسترە لە كوشتن""فیتنە گەورەترە لە كوشتن". داوا لە سیاسەتمەدار‌و راگەیاندنكارانە دەكەین كە ئەم قسەوباسە ناڕاستەیان بڵاوكردوەتەوە، رەتی بكەنەوە‌و راستییەكە وەكو ئەوەی كە هەیە بۆ رایگشتی بڵاوبكەنەوە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پارێزگاری لە مافی خۆی دەكات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی‌و دادوەری، ئەگەر ئەو بانگەشە درۆینانە رەتنەكرێنەوە‌و راستییەكان بۆ رایگشتی بەشێوەیەكی گونجاو رون نەكرێنەوە. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران 26-ئایار-2019


درەو میدیا:  عەبدولئەمیر ئەلدبی پەرلەمانتاری كوتلەی صادقونی سەر عەسایبی ئەهلی حەق لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەموو ئەو قسانەی لەبارەی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم و دروستكردنی فشارو بڵاوكردنەوەی وێنەو هەواڵی ناڕاست بڵاودەكرێنەوە لەبارەی ئەوەی گوایە ناوبراو بە سەربەستی لە لوبنان بە ئۆتۆمبیل هاتوچۆ دەكات، هیچ بنەمایەكی ڕاستی تیادانییە، پارێزگاری پێشوی كەركوك دەستگیكراوەو حكومەتی عێراقیش لە ڕێوشوێنەكانی گێڕاندنەوەی و ڕاپێچكردنی بۆ بەردەم دادگا بەردەوامە. دەشڵێت كێشەكەی نەجمەدین كەریم پەیوستە بە دادگاكانی عێراقەوەو هێچ كارێكیش لەدەوەی دادگاكانی عێراق ناكرێت، دەشبێت لە دادگاكانی عێراق دادگاییبكرێت. نەجمەدین كەریم چەند رۆژێكە لە فڕۆكەخانەی بەیروت لە لوبنان دەستگیركراوەو دەست بەسەر پاسپۆرتەكەیدا گیراوە، رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی لە ژمارەی رۆژی 25/5/2019 دا راپۆرتێكی لەسەر دەستیگركردنی نەجمەدین كەریم بڵاوكردەوەو رایگەیاند " لە ئێستادا نەجمەدین كەریم  ناتوانێت بچێتە دەرەوەی‌ لوبنان چونكە پاسپۆرتە ئەمریكییەكەی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستبەسەرەو گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنانیشی لێ قەدەغەكراوە "  رۆژنامەكە پارێزگاری پێشووی كەركوكی بە"سندوقە رەشەكەی مافیاكانی كوردستان" ناوبردبوو باسی لەوەشكردبوو " كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و هەندێك لایەنی سیاسی عێراق هەوڵەكانیان  چڕكردۆتەوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم و لەو پێناوەشدا گواستنەوەی پارە لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەیروت بەدەیان ملیۆن دۆلار  زیادیكردووە بە ئامانجی رزگاركردنی".


راپۆرتی: درەو میدیا هۆشدارییەكان لە ئەگەری تێوەگلاندنی عێراق و بون بە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، نەك نەیتوانیوە تارمایی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە لەسەری دوربخاتەوە، بەڵكو خەریكە لە عێراقەوە فو ئەكرێت بە ئاگردانەكەدا و پشكۆی ململانێكان ئەگەشێنرێتەوە. دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە هۆشدارییەكەی واشنتۆن بۆ هاوڵاتییانی نیشتەجێی لە عێراق و كشانەوەی دەستەجێی كارمەندە نا ئەساسییەكانی بەهۆی بونی "هەڕەشەی ڕاستەقینە"، شەوی ڕابردوو لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا، زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە بە بونی مەترسی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد لێیاندا، دوای چەند خولەكێك میدیاكانی عێراق هەواڵی كەوتنەخوارەوەی موشەكێكیان لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكردەوە، كە وەك بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق دەڵێن، هێرشێكی لەوشێوەیە بەنزینكردنی ڕاستەوخۆیە بە ئاگری ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و گەر تاو بسێنێت، تەڕو و وشك پێكەوە دەسوتنێت. ئەمریكا فشارەكانی چڕدەكاتەوە بەگوێرەی زانیارییەكان دوای كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە،  بەرپرسانی ئەمریكا بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاتونەتە سەرخەت و، داوایانكردووە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی توند و بەپەلە بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە لێكەوتە خراپەكانی ئەو ڕوداوە.   هاوكات بەرپرسانی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەپەیوەندیدابوون بۆ هێوركردنەوەودڵنیاكردنەوەی تیمی دبلۆماتكارانی ئەمریكا بەوەی پارێزراون لەهەر هەڕەشەودەستدرێژییەك، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا  لەپەیامێكدا كە بۆ باڵیۆزخانەی عێراقی ناردووە لەواشنتۆن، داوای گەرەنتی پاراستنی پاڵیۆزخانەو هاوڵاتییەكانی كردووە لە عێراق.  لەبارەی هێرشەكەشەوە، (بیل ئوربان) وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، هێرشە موشەكیەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە. میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كردووە، موشەكەكە دەستكردی ناوخۆییەو لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەختەوە هەڵدراوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییە ئەمنیەكانیش، سەكۆی موشەكەكە لە نزیك زانكۆی تەكنۆلۆجی لەخۆرهەڵاتی بەغداد دۆزراوەتەوە، كە ئەوناچەیە بە یەكێك لەناوچە سەرەكییەكانی گروپە چەكدارەكان دادەنرێت.  كاردانەوەكان (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوایكرد دێوەزمەی جەنگ سەرەتا لەعێراق و دواتریش لە ناوچەكە دوربخرێتەوە، وتیشی: ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت هەموان دەسوتنێت. عامری ئاماژەی بەوەشدا، هیچام لە لایەنەكان جەنگیان ناوێت، ئێران و ئەمریكا جەنگیان ناوێت، ئیسرائیلیشی تۆمەتباركرد بە كێشكردنی ناوچەكە بەرەو جەنگ. هاوكات (موقتەدا سەدر) خۆشكردنی ئاگری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێرانی ڕەتكردەوەو، لە توتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە دەڵێت، كێشكردنی عێراق بۆ ئەو جەنگە و كردنی بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕەتدەكەنەوە. سەدر داوای هەڵوێستێكی جدی لە گەورە پیاوانی عێراق دەكات بۆ وەستان بەڕووی ئەم جەنگەدا كە وەك خۆی دەڵێت، تەڕو وشك پێكەوە دەسوتتێنێت.   سەدر هۆشداری ئەوەشی داوە، ئەگەر هەڵوێستێكی جدی نەگرنەبەر ئەوا ئەو جەنگە كۆتایی عێراق دەبێت، ڕاشیگەیاندووە، عێراق و گەلەكەی بەرگەی جەنگێكی تر ناگرن.  


 ڕاپۆرت: درەومیدیا موقتەدا سەدر، ئەو جادوگەرە سیاسیەی  یار و نەیاری سەرسام كردووە بە سیناریۆ چاوەڕاننەكراوەكانی، جارێكی تر خۆی و هەوادارەكانی كردەوە مانشێتی یەكەمی ڕۆژنامە ومیدیا بینراو و بیستراوەكانی عێراق و ئەو پەیامەی دایەوە بە گوێی هەموو لایەكدا، گەرچی پێكهێنەرێكی سەرەكی دەسەڵاتیش بێت لە عێراق، بەڵام هیچ هێزێك نییە بتوانێت زۆرانبازی سەر شەقامەكانی لەگەڵ بكات. لەگەڵ ئەوەی هیچ وەزیرێكی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەبێ‌ پرس و ڕەزامەندی سەدر پێی نەناوەتەوە وەزارەتەكەیەوە، وێڕایی هەموو فشارە ئیقلیمی و ناوخۆییەكان، تائێستاش نەیهێشتوە كەس لەسەر كورسی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری عێراق دانیشێت، هێشتا واش پێوەرەكانی خۆی لەسەرو دادگاكان و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی دەوڵەتەوە دەبینێت و بەڕێگای خۆی نەیارەكانی سزا دەدات و ململانێكانیان لەگەڵ پاكتاودەكات، جا ئەوانە دۆستە دێرینەكانی دوێنێی خۆی بن، یان نەیارە تەقلیدییەكانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق. خەڵكی ڕوبەڕوكردنەوە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی ڕەوتەكەی كە لە پرۆژە بازرگانییە حكومییەكاندا كاردەكەن، پێشیوتن" چیتر ناتوانم بەرگەی ناشرینكردنی ناوبانگی باوكم و دەرچونتان لە ڕێیازەكەی بگرم".  ئەم پەیامە كورتەی سەدر بەس بوو بۆ گڕدانە هەستو و سۆزی هەوادارەكانی و هاندانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەوانەی سەدر بە گەندەڵ و گەندەڵكاری تۆمەتباری كردون، بەو هۆیەشەوە شەوی ڕابردوو لایەنگرانی سەدر لەچەند پارێزگایەكی عێراق خۆپیشاندانیانكردو لەشاری نەجەف هێرشیانكردە سەر مۆڵێكی بازرگانی بە ناوی (بەشیر) كە لەلایەن یەكێك لەسەركردەكانی پێشوی ڕەوتی سەدرەوە خاوەندراێتی دەكرێت و سوتێنرا و، ژەماریەك خۆپیشاندەریش لە توندوتیژییەكاندا كوژران و برینداربوون. (جەواد گەرعاوی) خاوەنی مۆڵەكە لە تۆمارێكی دەنگیدا كە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردۆتەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیانی لە شاری نەجەف  خستۆتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و، سەدری تۆمەتباركردووە بە هاندانی هاوڵاتیان. چالاكان ڕەخنە دەگرن هاوكات ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنیش لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕێوشوێنەكانی سەدر بۆ سزادانی بەرپرسانی ڕەوتەكەی، بۆتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، وێڕای ئەوەی ناكرێت لەدەوڵەتێكی مەدەنیدا رێوشوێنێكی لەوشێوەیە پیادەبكرێت، بەوپێیەی تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوكاتەی تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەوەی بەو كارەش هەڵدەسێت دادگاكانە، چالاكانی مەدەنی داوایان لە سەدر كردووە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی لایە ڕادەستی دەستەی نەزاهەی بكات بۆ ئەوەی یاسا ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت و لێپێچینەوەیان لێبكات، نەك وایانلێبكات بەزەلیلی بچنە بەردەمی خۆی و داوای لێبوردنی لێبكەن، وەك ئەوەی لەڕابردودا ڕویداوە و دواتر بەردەوامبون لەگەندەڵكاری.   سەدر ژیرانە ئامانجەكەی دەپێكێت بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق، سەدر ژیرانە شەقام بەكاردەهێنێت بۆ یەكلایكردنەوەو پاكتاوكردنی ململانێ‌ سیاسیەكان لەگەڵ نەیارەكانی، جا ئەم نەیارانە لەناوخۆی حزبەكەی بن یان لەدەرەوەی حزبەكەی، یاریكردنیش لەسەر وەتەری گەندەڵی یەكێكە لەو پرسانەی كە لەشەقامی عێراقیدا هەستیارییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئەو قەناعەتە بە تۆخی لای خەڵك چەسپیوە، كە ئەو نادادییە كۆمەڵاتییەی تیادا دەژی و هەموو ئەو نەبونیانەی ڕۆژانە بەرۆكی دەگرێت، هۆكارەكەی نوخبەی سیاسی لێی بەرپرسە كە هەر یەكێكیان گیرفانی تۆنێلێكی بێكۆتاییە.  وەك ئەو چاودێرانە دەڵێن، دیسان لەمەشدا سەدر ژیرانە دۆسیەكەی هەلبژاردووە بۆ لێدان و خستنی نەیارەكانی، چونكە ئەگەر مەسەلەكە شەڕێكی ڕووت و پەتی بوایە لەسەر گەندەڵی، ئەوا  دەبوو سەدر دەیان بەرپرسی خۆی سزابدایە، بەو پێودانگەی ڕەوتەكەی لەبەشێكی بەرچاو لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشداریكردووە و دەیان بەرپرسی سەدریش بەگەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی تۆمەتباركراون، بەڵام نە لەئاستی ناوخۆی حزبەكە و نە لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش لێپێچینەوەیان لێنەكراوە. 


( درەو میدیا): لایەنگرانی رەوتی سەدر لە شاری نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵ‌و ماركێت‌و سەنتەری بازرگانی كە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ چەند کەسێک کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دوورخراونەتەوە، بە گوێرەی میدیاكانی عێراق تائێستا كەسێك كوژراوە‌و 23 كەسی تریش برینداربوون. سەدر لە رەوتەكەیەوە دەستیپێكرد موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرو هاوپەیمانی سائیرون، لە بەیاننامەیەكدا لیژنەیەكی سێ‌ كەسی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە سەربە رەوتی سەدرن و سەرقاڵی كاری بازرگانین لە پرۆژەی تایبەت‌و حكومییدا. هاوكات سەدر چەند كەسێكی نزیكی رەوتەكەی‌و سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتی سەدری دوورخستەوە، لە كاردانەوەی ئەو هەنگاوەی سەدردا لایەنگرانی ئەمڕۆ لە نەجەف هەڵیانكوتایە سەر چەند مۆڵ‌و ماركێتێكی سەربە ئەندامانی رەوتی سەدرو لەسەریان نوسی "داواكراوە لەلایەن سەیدەوە". ئەمشەوی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر توندوتیژی لێكەوتەوە‌و بەوتەی میدیاكانی عێراق لەمیانی هەڵكوتانە سەر ( مۆڵی بەشیر) كە خاوەنەكەی بەشیر كەرعاوییە كەسێك كوژراوە‌و زیاتر لە 20 كەسی تریش برینداربوون، هەندێك سەرچاوەش باس لە كوژراوی دوو كەس دەكەن. سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكات دوابەدوای كوژران‌و برینداربوونی لایەنگرانی،  سەدر لە بەیاننامەیەكدا داوای لە لایەنگرانی كرد لە بەردەم مۆڵی سەركردە گەندەڵەكانی رەوتی سەدردا مانبگرن‌و كۆببنەوە و داواشی لێكردن گەمارۆیان بخەنەسەرو بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی هیچیان لێ‌ نەكڕن. هەروەها سەدر داواشی لە لایەن سیاسییەكان كرد دەستوەردان بكەن بۆ هەڵگرتنی ستەمو لێپرسینەوە لەو چەكدارانەی كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە. سەدر داواشی لە لایەنگرانی كرد ریگا‌و شەقامە گشتییەكان دانەخن و زیان لە ماڵی خەڵكی نەگەینن‌و بە ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن.


 ( درەو میدیا): ئەنجومەنی پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆبوونەوەیەكدا مەنسور مەرعیدی بە زۆرینەی دەنگ وەك پارێزگاری نوێی نەینەوا هەڵبژارد. لە كۆبوونەوەكەدا مەنسور مەرعید كاندیدی كوتلەی " عەتا" بە 28 دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا، هاوكات سیروان محەمەد رۆژبەیانی، کاندیدی پارتی بە 26 دەنگ بە جێگری یەكەمی پارێزگار هەڵبژێردراو هەڵبژاردنی جێگری دووەمی پارێزگا دواخرا. مەنسور مەرعید كاندیدی كوتلەی " عەتا" یە كە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی سەرۆكایەتی دەكات‌و لەلایەن مەسعود بارزانی‌و پارتیشەوە پشتیوانی لێدەكرا.  


راپۆرت: نامیق رەسوڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی بۆ نەینەوا راگرت، كە بڕیاربوو سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامیبدات‌و دۆسیەكەشی رادەستی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی  گەندەڵی كرد بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی بەرتیلدان بۆ سەرخستنی ( مەنسور مەرعید) بۆ پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن مەسعود بارزانی‌و فالح فەیازەوە پشتیوانی لێدەكرێت. ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ئاگادارییەكدا داوای لە ئەندامانی كرد سبەی دووشەممە ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بن، بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ بۆ نەینەوا بۆئەوەی جێگەی ( نەوفەل عاكوب ) پارێزگاری پێشوو بگرێتەوە، كە دوای رووداوی نقومبوونی كەڵەكێك لە پاركێكی شارەكە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە. بەرتیل بۆ سەرخستنی كاندیدێك دراوە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند 50 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا كاندیدكردووە‌و هەوڵ و دانوستان هەیە بۆئەوەی رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدێك، ئاشكراشیكرد دیارترین ئەو كاندیدانەی كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن بریتین لە: * موزاحم ئەلخەیات * حسامەدین عەبار * مەنسور مەرعید دوابەدوای ئاگاداریەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، چەند پەرلەمانتارێك بە نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردەوە بە بەخشینەوەی پارە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆئەوەی دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن. بە گوێرەی میدیاكانی عێراق بەرتیل دراوە بە زیاتر لە 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا دەنگ بدەن بە ( مەنسور مەرعید). میدیاكانی عێراق نوسراوێكیشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پشتیوانی خۆیان بۆ (مەنسور مەرعید) راگەیاندووە‌و ئاشکرایانکردووە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێدەدەن بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری نەینەوا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەوە، محەمەد حەلبوسیک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوسراوی رەسمی‌و بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە بوونی گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا، دۆسیەكەی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كرد بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر. ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و هەفتانە بۆ لێكۆڵینەوە‌و تاوتوێكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی كۆدەبێتەوە. پرۆسەكە راگیرا هاوكات پەرلەمانی عێراق بە نوسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ رابگرێت، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێكی كە سیفەتی "زۆر بەپەلە"ی داوەتێ‌ داوا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار‌و دوو جێگرەكەی رابگرێت، تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگاداردەكرێنەوە. نەوفەل عاكوب لە كوێیە؟ 24ی ئازاری رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ دوورخستنەوەی نەوفەا عاكوب ، پارێزگاری نەینەوا‌و دوو جێگرەكەی ئەوەش دوای روودانی نقومبونی كەڵەكێك لە ناوچەی غابات و گیان لەدەستدانی دەیان كەس. دوای لەسەركارلابردنی، دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەوفەل عاكوب دەركرد ‌و بەو هۆیەی كە شوێنی دانیشتنی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لایەنە پەیوەندیدارەكان داوایان لە هەرێمی كوردستان كرد عاكوب دەستگیربكات، بەڵام ناوبراو تائێستا دەستگیرنەكراوە. ئەو لایەنانەی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار دەدەن بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار چەند سەركردەیەكی سیاسی عێراق كێبركێ دەكەن بۆئەوەی كاندیدەكەیان پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەدەستبهێنێت، ئەوانیش بریتین لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، خەمیس خەنجەرن پەرلەمانتار ئەحمەد جبوری( ئەبومازن)، فالح فەیاز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانێتی قەرار. ئەو سەرچاوانە كە قسەیان بۆ میدیاكانی عێراق كردووە ئاشكرایانكردووە كە حەلبوسی خەنجەر پشتیوانی ئەوە دەكەن كە ئەحمەد عەبدوڵا  جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمرود ببێتە پارێزگاری نەینەوا، فالح فەیاز‌و مەسعود بارزانیش پشتیوانی لە مەنسور مەرعید دەكەن، ئوسامە نوجێفیش پشتیوانی لە موزاحم خەیات دەكات كە سەرۆكی زانكۆی موسڵەو دوای دوورخستنەوەی پارێزگای نەینەوا كراوەتە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی كە كاروبارەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەبات.      


درەو میدیا: دەستەی سیاسی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بونیاتنان بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم لە بەغداد كۆبوەوەو سروە عەبدولواحید نوێنەرایەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێی كرد لەو كۆبونەوەیەدا‌، نەوەی نوێ‌ تاكە لایەنی كوردیە كە بەشدارە لەم هاوپەیمانێتییەدا كە لایەنێكی سەرەكی حكومەتی عێراقە، درەو میدیا بەمدواییە لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری دەستكەوت لەبارەی ئەوەی موقتەدا سەدر بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێیەوە ئەندامێتی ئەو جوڵانەوەیەی لە ناو هاوپەیمانێتییەكەدا هەڵپەساردووە، بەڵام ئامادەبوونی سروە عەبدولواحید، خوشكی شاسوار عەبدولواحید، پێچەوانەی ئەو زانیارییانە نیشاندەدات.  


درەو میدیا: بەهۆی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، كوتلەی " نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات سكاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌و فوئاد حسێن وەزیری دارایی تۆماردەكات. هودا سەجاد، پەرلەمانتاری نەسر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتی فیدراڵی هەموو بەشە بودجەی رەوانەی هەرێم كردووە بەبێ‌ ئەوەی یەك بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرگرتبێت". سەجاد جەختیشیكردەوە سەرقاڵی ئەوەن لە دادگا سكاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌و فوئاد حسێن وەزیری دارایی تۆماربكەن، چونكە بە وتەی وەزیری نەوت حكومەت بودجەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی بۆ هەرێم ناردووە بەبێ‌ ئەوەی یەك بەرمیل نەوتی وەرگرتبێت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand