Draw Media

یەكەم كەشتی نەوتی كوردستان لە جەیهانەوە باركرا

یەكەم كەشتی نەوتی كوردستان لە جەیهانەوە باركرا

2025-10-04 09:59:13


(درەو):
وەزیری نەوتی عێراق باركردنی یەكەم كەشتی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە بەندەری جەیهانی توركیاوە پشتڕاستكردەوەو؛ ئاشكرایكرد لە 27ی ئەیلولەوە تائێستا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم وەرگیراوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، ئەو بڕە نەوتەی كە تائێستا لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە گەیشتوەتە زیاتر لە (1 ملیۆن) بەرمیل.
وەزیری نەوت كە قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق كردووە، باسلەوە دەكات، یەكەم كەشتی نەوتهەڵگر لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە بە توانای 650 هەزار بەرمیلی رۆژانەو، ئەم كەشتییە باردەكرێت بەرەو ئەو شوێنەی كە گرێبەستی لەگەڵ كراوە. 
"ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ سەركەوتنی پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دابینكردنی پارەی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەت".
27ی ئەیلولی ئەمساڵ، دوای زیاتر لە دوو ساڵ راوەستان؛ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی (كاتیی) سێقۆڵی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم. 
لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە، یەكەمجارە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان وەردەگرێت بەمەبەستی هەناردەكردن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand