Draw Media

"هەرێم رۆژانە 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی جەیهان كردووە"

"هەرێم رۆژانە 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی جەیهان كردووە"

2025-09-29 14:29:20


(درەو):
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری دوو سەرچاوە لەناو كەرتی نەوتەوە ئاشكرایكرد، لەدوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەوە،  رۆیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار بەرمیلی رۆژانەدایە.

رۆژی 27ی ئەم مانگە، دوای دوو ساڵ و نیو لە راوەستان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەشت كۆمپانیای نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نیشتمانی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكات و كۆمپانیایەكی سەربەخۆی بازرگانی لە بەندەری جەیهان پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەكە بە نرخی فەرمی كۆمپانیای "سۆمۆ" ئەنجام دەدات و؛ بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە رادەستی "سۆمۆ"ی دەكەن و بە میكانیزمی ئەو كۆمپانیایە دەفرۆشرێت، كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتیش بڕی 16 دۆلار وەردەگرن.
رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، لەكاتێكدا كرا كە ئێستا وڵاتانی كۆمەڵەی (ئۆپێك +) كار لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشكی زیاتری بازاڕی جیهانی نەوت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand