مەترسییەکانی جیهان لە سێبەری چین دا
.png)
2025-09-24 10:53:56
د. دانا حەمەعەزیز
سەرهەڵدانی چین وەک هێزێکی گەورەو کاریگەری جیهان، حاشا هەڵنەگرە. خێرایی گەشەی ئابووری و فراوانبوونی توانای سەربازیی، چین- ی وەک ڕکابەری یەکەمی ئەمریکا لە سەرکردایەتی جیهان دا جێگیر کردووە. بەڵام لە سایەی چین دا، جیهان بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئاڵەنگارییەکان:
مامەڵەی ئێستای چین لەگەڵ چینییەکان، لەگەڵ دراوسێکانی، لە هەڵوێستی بەرامبەر ململانێ و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ ژینگەو لە بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆجیای پاك و سەلامەت، پرسیارگەلێکی زۆرن کە وەڵامەکانی دڵخۆشکەر نین!
مرۆڤ لە چین:
حکومەتی چین، دوور لە ڕەچاوکردنی پێودانگی مرۆیی، مامەڵە لەگەڵ خەڵکی خۆی دا دەکات، دەستی گرتووە بەسەر دوا بە جومگەی ژیان و مافە سەرەتاییەکانی زەوت کردون، تەواوی جوڵەی مرۆڤ بە تەکنۆلۆجیای چاودێری کۆنترۆڵ کردوە، لە هاتوچۆی ڕۆژانەی سەرجادەو ناو ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرو شوێنی کارەوە هەتا بەردەم ژوورەکانی نوستن، هەمووی لەژێر ڕەحمەتی ئەپڵیکەیشنی زیرەك و کامێرای چاودێریی دایە. لە چین، نەک ئازادی بیروڕا و ئایین و ڕۆژنامەگەریی قەدەغەیە، بەڵکو هەندێك جار قسەکردنی ئاسایش لەنێوان مرۆڤەکان دا باجی لەسەرە و دەبێت مرۆڤ وەك ڕۆبۆت لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵسوڕێت. لەچین، جگە لە تەکنۆلۆجیا، بوارەکانی دیکەی پێشکەوتن فەرامۆش کراوە!
ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵك، ترس و لاوازیی و شەرم و بێ متمانەیی بە کەسایەتی مرۆڤی چینی بەخشیوە بە ئەوانەشەوە کە بۆ کارو بزنس و خوێندن دەچنە دەروەی چین! ئەگەر چین بەوشێوەیە لەگەڵ خەڵکی خۆیدا ڕەفتار بکات، خەڵکی جیهان بەتایبەتی وڵاتە لاوازو کەمینە بێدەسەڵاتەکان، چاوەڕوانی چ خێرێك لە جیهانێک بکەن کە چین سەرکردایەتی بکات؟!
دراوسێکانی چین:
ڕۆژ بەڕۆژ لەگەڵ گەورەبونی چیندا، دراوسێکانی چین جگە لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی (ڕوسیاو کۆریای باکورو میانمار) ترسی زیاتر دایان دەگرێت. ژاپۆن و ڤێتنام و فلیپین ڕۆژانە لە دەریای باشووری چین ڕووبەڕووی هەراسانکردن و سوکایەتی دەبنەوە، لائوس و تەنانەت کەمبۆدیاو تایلاندو مالیزیاو ئێندۆنیزیاش هەست بە ئارامیی ناکەن، کۆریای باشوریش لە دڵەڕاوکێدا دەژی. ئەم ژینگە نائارامەی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، لە زۆر ڕووەوە لەو دۆخە دەچێت کە ژاپۆن بەڕێکەوتن لەگەڵ هیتلەرو موسۆلۆنی بەرجەستەی کرد بۆ دابەشکردنی جیهان لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەم دا. بەڵام دابەشکردنی ئەمجارە بریتی یە لە هەژمونی چین بەسەر ئاسیا و هی روسیا بەسەر ئەوروپادا. ئێستا چین بێ حیساب کردن بۆ دراوسێکانی یان گوێدان بە ڕێساکانی جیهان و ئازادیی دەریایی، کەوتۆتە دروستکردنی دورگە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و هێزی سەربازیان لەسەر جێگیر دەکات. وڵاتێکی گەورەی وەك ژاپۆن کە چوارەم گەورەترین ئابوری جیهانە، ڕووبەڕووی فشار و تەنگنپێهەڵچنین بووەتەوە لەسەر دەریای ڕۆژهەڵاتی چین، بەتایبەتی لە دەوروبەری دوورگەکانی سێنکاکۆ کە چین هەڕەشەی داگیرکردنیان دەکات!
گەلان و وڵاتانی ئاسیا، چین وەك دێوەزمەو هەڕەشە سەربازیی دەبینن، نایشارنەوە کە هاوشێوەی ئۆکرانیا هەڕەشەی سڕینەوەی خۆیان و سنورەکانیان لەسەرە، هەر بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ ئەمریکا بردوە بە ڤێتنامی کۆمۆنیستی شەوە!
مامەڵەی چین لەگەڵ دراوسێکانی لە ئێستاوە کە هێشتا نەبۆتە هێزی ئابوری یەکەمی جیهان، مژدەی خێر و مامەڵەی بەرپرسیارانەی وڵاتێك نیە کە هەڵپەی سەرکردایەتی کردنی جیهان بکات، بەڵکو مامەڵەی دەسەڵاتێکی پاوانخوازە لە ئێستاوە بڕیاری ملکەچپێکردنی وڵاتانی داوە.
بێباکی چین:
بێدەنگیی چین بەرامبەر تیرۆر و ململانێکانی جیهان، تایبەتمەندییەکی مەترسیدارە لە سیاسەتی دەرەوەی چین. چین، باکی بە شەڕ و ململانێ خوێناویەکان نیە، لەم بارەیەوە قسەیەکی بەرپرسیارانەی نیەو بەڕاشکاوی تیرۆر و توندڕەوی و داگیرکاریی سەرکۆنە ناکات. چین لە دژی دڕندەییەکانی داعش و تاڵیبان و القاعیدە و تەنانەت ململانێکانی ئەم دواییەی وەک شەڕی غەزە و ئێران، قسە و هەڵوێستی ماناداری نەبووە، لەکاتێکدا تاکە دەوڵەتە کە دەتوانێت هەژمون و هێزی خۆی بەرامبەر ئەمریکا بەکاربهێنێت! ئەم بێدەنگییە، خۆپەرستی و چاوچنۆکی یە. کێشەی گەورە ئەوەیە، چین، جیهان لە چاوی پارەو بەرژەوەندی بێ بەرامبەرەوە دەبینێت، گەرەکیەتی گەورە و سەرداری جیهان بێت بەبێ ئەوەی هیچ ببەخشێت نەبادا بەرژەوەندییەکانی ڕوبەڕوی بچوکترین مەترسی ببنەوە، لەوەش خراپتر، مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕژێم و دەستەڵاتانەدا دەکات کە بونەتە سەرچاوەی شەڕ و مەترسی بۆسەر جیهان!
شەڕی ئۆکرانیا:
داگیرکردنی ئۆکرانیاو سڕینەوەی سنورەکانی فراوانترین وڵاتی ئەورپایی لەلایەن وڵاتێکی نەوتفرۆشی خاوەن چەکی ئەتۆمەوە، خوێناویترین ڕوداوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کە بەرۆکی ئەوروپاو جیهانی گرتوە، ئەم جەنگە تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کوژراو و برینداری لێ کەوتۆتەوە، جگە لە کاول و وێران بونی سەدان شار و شارۆچکە و هەزاران گوند و ئاوارەبونی هەشت ملیۆن کەس، کەچی چین نەك ئامادە نیە سەرزەنشتی ڕوسیا بکات، بەڵکو بۆتە گەورەترین پشتیوانی سەربازیی و ئابوری بۆ ڕوسیا لە پێناو درێژەدان بە شەڕ، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی کە بەئاشکرا دەڵێت "ڕاگرتنی شەڕ و بەرقەراربونی ئاشتی لە ئۆکرانیا، بۆ چین دەری ناهێنێت"!
سودمەندی گەورە لە جەنگی ئۆکرانیادا، چین و بەدواشیدا هیندستان و تورکیان کە نەوت بە نرخێکی زۆر هەرزان لە ڕوسیا دەکڕن. چین تاکە وڵاتە کە دەتوانێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا یان هێرشی پوتین بۆسەر ئەوروپا بهێنێت، بەڵام لەجیاتی ئەمە نەوت بە ئاگری شەڕدا دەکات. چین بۆ ئەوەی ببێت بە هێزی ئابوری یەکەم، پێویستی بە ململانێی خوێناوی نیە!
چین، لە دوو دەیەی داهاتودا دەبێتە هێزی ئابوری یەکەم لە جیهان، بێ ئەوەی پێویستی بە ئەوە بێت شەڕ و ئاژاوە بخاتە ناو ماڵی ئەوروپیەکانەوە، وەك چۆن ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە پێویستی بە ململانێی بریتانیا و فرەنسا نەبوو بۆ ئەوەی ببێتە هێزی ئابوری یەکەم!
تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکاری کەش و هەوا:
لە دەرەوەی سیاسەت و دەستدرێژیی سەربازیی، چین لە ڕێگەی پیشەسازی بێ کواڵیتی، هەڕەشە لە جیهان دەکات. پەلەی پەکین بۆ زاڵبوون بەسەر بازاڕە جیهانییەکان، بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی بەلێشاو لە تەکنەلۆژیای کەم تێچوی نا سەلامەتی زیابەخش و هەناردەکردنی (بە تایبەتی) بۆ وڵاتانی دنیای سێ!
بێگومان ئەو کارگانەی کە بەرهەمی ئەلیکترۆنیی هەرزان بەرهەمدەهێنن، ستانداردەکانی سەلامەتی و ژینگە پشتگوێ دەخەن و پاشماوەی ژەهراوی دروست دەکەن کە زیان بە ئیکۆسیستەم دەگەیەنێت.
لەسایەی تەکنۆلۆجیای چین دا، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لە مەترسیدایە. ئەو بەرهەمە ئەلیکترۆنیانەی کە بەستراونەتەوە بە کۆمپانیا چینییەکانەوە، تۆمەتبارن بە جێگیرکردنی ئەلگۆریزمی سیخوڕیی یان لاوازیی سیستەمی کارکردن، ئەمەش نیگەرانی و مەترسی گەورەی لەبارەی چاودێریکردن و شەڕی دیجیتاڵییەوە دروستکردووە.
بەرهەمی بێ کواڵیتی چینی، بەهۆی هەرزانی یەوە جگە لە هەڵخەڵەتاندنی بەکاربەر، مەترسیەکی گەورەشە لەسەر ژینگە لە دەردانی گازی ژەهراوی. ئاسان نیە قەناعەت بە هاوڵاتیەکی هەژاری دنیای سێ بکەین کە ئەو ئۆتۆمبێلە چینیەی ئەو هەڵپەی کڕینی دەکات، تەمەنی لە ئۆتۆمبێلێکی هاوشێوەی ژاپۆنی یان ئەڵمانی زۆر کەمتر بڕ دەکات، بەڵام مەترسیەکە لە بەهای ئۆتۆمبێلەکە دا نیە، بەڵکو چاوچنۆکی و ئاماژەیەکی ترسناکە بە نابەرپرسیارێتی چین بەرامبەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ. لەلایەکی دیکەوە زۆرینەی پیشەسازیی تەکنەلۆژیا بەرزەکانی چین هێشتا پشت بە وزەی خەڵوز دەبەستن، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژینگە.
چین، پشکی شێری بەردەکەوێت لە پیسبونی ژینگەو گۆڕانی کەشوهەوا، بەجۆرێك پشکی چین لە ژەهراویکردنی زەوی و وشکەساڵیدا دەگاتە لە ٣٤%ی کۆی ئەو گازە ژەهراویانەی لە ڕێگەی پشەسازی یەوە دەرخواردی گۆی زەوی دەدرێت، لەکاتێکدا ئابوری چین تەنها لە ١٧% ی کۆی ئابوری جیهانە. سەرنج دان لە ڕیزبەندی لیستی وڵاتان لە دەردانی گازی ژەهراوی، مرۆڤ توشی حەپەسان دەکات. بۆ نمونە ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆی ٣٩ ملیار تەن لە گازی ژەهراوی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە دەرخواردی ژینگەی زەوی دراوە، ١٣ ملیارو سێ سەد ملیۆن تەن ی بەرهەمی تەکنۆلۆجیای چینی بووە، لە کاتێکدا پشکی ئەڵمانیا لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە سێەم گەورەترین ئابوری جیهانە دوای چین، تەنها ٥٨٢ ملیۆن تەن بوە واتە بە ڕێژەی تەنها لە سەدا یەك و نیو.
مامەڵەی چین لەگەڵ مرۆڤی چینی، لەگەڵ دراوسێکانی، لە هەڵوێستی بەرامبەر شەڕو قەیرانەکان و لە هەموشی مەترسیدارتر بەرامبەر ژینگە و بەشداری نەکردن لە جەنگ لە دژی گۆڕانی کەش و هەوا، پێمان دەڵێت جیهانێک کە لە ژێر دەسەڵات و سەرکردایەتی چین دا بێت، جیهانێکی سەلامەت نابێت، بە پێچەوانەوە جیهانێک دەبێت کە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری و ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە، دەخاتە مەترسی زیاترەوە!
جیهان شایەنی سەرکردایەتییەکە لەسەر هاوکاری و ڕێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بنیات بنرێت. تۆماری چین لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات زەنگی مەترسیدارن. ئەگەر پەکین لەگەڵ پیشەسازیەکەی دا، مۆدێلی تاکڕەوانەی خۆی لە بگوازێتەوە بۆ جیهان، مافی مرۆڤ و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەلامەتی تەکنەلۆجی و سەقامگیریی ژینگە، هەموویان لە مەترسییەکی گەورەدا دەبن، قوربانی گەورەش گەلان و وڵاتە لاوازەکان دەبن کە لە ئێستاوە باجی تەکنۆلۆجیای چینی دەدەن لە وشکەساڵی و پیس بونی ژینگەدا!
