Draw Media

داتاکان و پێشبینیەکان چیمان پێ دەڵێن..؟

داتاکان و پێشبینیەکان چیمان پێ دەڵێن..؟

2025-09-02 13:21:19


نوسـینی: لوقمـان حـەوێز
* تێبیـنیەکی گرنگ: ئەو زانیاری و لێکدانەوانەی دەیانخەمەڕوو پشت بەو زانیاریانە دەبەستن کە کۆکراونەتەوەو لەبەردەستمانە، پێشبینەکان و داتایەکان بۆ ئەگەری بەردەوامی دۆخی نیوتڕاڵ و سەرهەڵدانەوەی دۆخی لانینا ENSO لەلایەن دەزگای کەشناسی NOAA بڵاوکراونەتەوە کە ئاژانسی سەرەکی ئاو هەوا و کەشناسی و چاودێریکردنی دۆخی زەریاکانە لە هەموو جیهان و لە ئەمەریکایە، لە ساڵانی پێشتر هەموو ئەو پێشبینیانەم بە پشتبەستن بووە بە داتایەکانی ئاژانسی NOAA، لایەنی کەم ئەو پێشبینیانە تا ڕادەی %70 بۆ %80 راست دەرچوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بە گشتی پێشبینیەکانی ئاو و هەوا پشت بە کۆمەڵێک گۆڕاو variables دەبەستن بۆیە مەرجیش نیە سەدا سەد هەموو جارێک پێشبینیەکان وەک خۆیان دەربچن، بۆ ئەوەی بەباشی لە هەموو بابەتەکە تێبگەیت تکایە بەشەکانی کۆتاییش بخوێنەوە کە لێکدانەوەی زیاتری تێدایە بۆ داتایەکان، بەداخەوە لە سۆشیاڵ میدیای باشوری کوردستان دوو سێ برادەر نەبێت کە بە وردی و بەشێوەیەکی زانستیانە باسی دۆخەکان دەکەن لەوانە کاک ئاراس جەبار و کاک سیروان ساڵح لەوانەیە هی تریش هەبن نەیانناسم، بەڵام خەڵکێکی زۆری تر دێن بەناوی کەشناسیەوە باسی کەش و هەوا دەکەن و لە خۆیانەوە کۆمەڵێک پێشبینی دەخەنە ڕوو بەبێ خستنەڕووی هیچ بنەمایەکی زانستی و بەبێ پشت بەستن بەداتای ورد، بۆیە تکایە وریا بن و بڕوا بە هەموو قسەیەک و هەموو پێشبینیەک مەکەن کە کەسانی نەشارەزا دەیانخەنەڕوو.
* بەکورتی پێشبینیەکان بەپێی داتایەکان ئەمانەی خوارەوەمان پێدەڵێن، دواتر لە خوارەوە داتایەکان دەخەمەڕوو:
- زۆر بە کورتی، ڕێژەی باران لە وەرزی بارینی داهاتووش 2025-2026 لە ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی کەمتر دەبێت بەتایبەتی لەمانگی 10 و 11 و 12 و 1، بەگشتی دەتوانم بڵێم ڕێژە و بڕی باران بارین لەمانگی دە واتە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ 2025 تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو 2026 لە خوار ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، بەڵام ڕێژەکە هەندێک زیاتر دەبێت بە بەراورد بە بڕی باران لە ساڵی ڕابردو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخەی لانینا کە لەو ماوەیەدا بەرجەستە دەبێت لانیایەکی لاوازترە بە بەراورد بەو لانیانەیەی کە لە ساڵی ڕابردو هەبوو، بەگشتی ڕێژەی بارین بۆ زۆربەی ناوچەکان لە هەرێمی کوردستان لە نێوان %40 بۆ %60 ی ڕێژەی بارانی ساڵێکی ئاسایی دەبێت، ئەو ڕێژەیەش بە پێی شوێنەکان هەندێک دەگۆڕێت.
-- وردەکاری و لێکدانەوەی زانستی زیاتر:
* بە گشتی لە هەر وەرزێکی بارین کاتێک دۆخی ئێل نینۆ لە زەریای هێمن El.Nino بەرجەستە بووە ڕێژەی باران لە زۆربەی ناوچەکەکانی شام و باشور و ناوەراستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران یان ئاسایی بووە یان لەسەروی ئاسایی بووە، زۆربەی کاتەکان لەسەروی ئاسایی بووە، کاتێکیش دۆخی نیوتراڵ بەرجەستە بووە بڕی باران یان ئاسایی بووە یاخود کەمێک لە خوار ئاسایی بووە، لە دۆخی لانینا La.Nina  ڕێژەی باران بە بەرچاوی لە خوار ئاسایی بووە و بە گشتی وەرزێکی وشک یان نیمچە وشک بووە.

دۆخی ئێل نینۆ چیە و دۆخی لانینا چیە و دۆخی نیوتڕال ENSO لە زانستی کەشناسی چیە..؟
-    ئەو دۆخانە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن نزیک کەمەری ناوەراست بەردەوام ڕوودەدەن، دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی ئاوی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیک هێڵی کەمەری ناوەڕاست بە بڕی نێوان 1 بۆ 2 پلەی سەدی لەخوار تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، دیاردەی ئێلنینۆ بریتیە لە گەرمتربوونی ئاوی زەریای هێمن بە هەمان ڕێژە لە سەروی پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، دۆخی نیوتڕالیش ئەو دۆخەیە کە پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی ئەو شوێنەی زەریای هێمن نزیکە لە تێکڕای پلەی گەرمیە ئاساییەکەی، ئەو گۆرانکاریانە بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوودەدەن بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاڕاستەی با لەسەر ئەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانکاریانە کاریگەریان لەسەر ئاو هەوای زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەیە بەتایبەتی هەردوو کیشوەری ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەکانی ئێل نینۆ و لانینا کاتێک سەرهەڵدەدەن دەکرێت لەنێوان چەند مانگێک بۆ یەک دوو ساڵ بەردەوام بن.
دۆخی ئێل نینۆ و لانیناو نیوتڕاڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردو و ئێستا چۆن بووە..؟ بۆ وەرزی بارینی ئەم پایزە و زستان و بەهاری ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت..؟
- ئێل نینۆ لە وەرزی دابارینی 2023-2024 بەرقەرار بوو بۆیە ئەو وەرزە پڕباران و تەڕ بوو، لە هاوینی 2023 پێشبینی ئەوەم کرد وەرزی دابارینی 2023-2024 باش و تەڕ بێت و وا دەرچوو، بەڵام لە مانگی شوباتی 2024 دۆخی ئێلنینۆ ‌تەواو بوو.
- لە مانگی ئاداری 2024  دۆخی لانینایەکی توند سەریهەڵداو تاوەکو مانگی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، بۆیە لە هاوینی 2024 پێشبینی ئەوەم کرد وەرزی بارینی 2024-2025 وشک و کەم باران بێت و وا دەرچوو.
- لە مانگی ئاداری 2025 دۆخی نیوتڕال بەرجەستە بوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، واتە لەوکاتەوە نە ئێل نینۆ و نە لانینا هەیە، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو داتایانەی هەمانە ئێستا لە چاوەڕوانیداین دیسان لە پایزی 2025 دۆخی لانینا سەرهەڵداتەوە، بەڵام لانینایەکی لاوازتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی مانگی نۆ و یان لە مانگی دە 2025 دەستپێبکات و لایەنی کەم تا سەرەتا یان کۆتایی مانگی شوباتی 2026 بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ دۆخی بارانی ئەم وەرزەی داهاتوو باش نابێت بۆ ناوچەکانی ئێمە، دوای ئەوکاتەش و بە وردی لە ئاداری 2026 دۆخی نیوتڕال دەستپێدەکاتەوە، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کۆتایی زستان و مانگەکانی 3  و 4 ڕێژەی باران هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ڕێژەی باران لە مانگەکانی بەهاردا باشتر بێت بە بەراورد بە مانگەکانی زستان.
- لەبەر ئەوەی بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەواو گەرمبوونی گۆی زەوی تێکڕای پلەکانی گەرمای ئاوی دەریای سور لەبەرزبوونەوەیەیەکی بەردەوامدا بووە لە ساڵانی ڕابردو ئەمەش ڕێژەی شێی زۆرتر کردوە لەنێو لەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی کە لە دەریای سورەوە دێن، بۆیە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو ئەگەری ڕوودانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوە ناوە لە ناوچەکانی سعودیە دەبێت وەک ساڵانی پێشوو، ئەو کاریگەریە هەندێک جار دەگاتە ناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقیش بۆیە بەدوری نازانرێت لەوناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت، دورنیە ئەو  کاریگەریەی نوێیەی دەریای سور لەسەر ناوچەکانی ئێمەش ئەمساڵیش چەند جارێک لەگەڵ هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکان هەستی پێبکرێت و ڕووبدات بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە ناوچەکانی سعودیە و باشوری عێراق.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand