تاوانی قڕکردنی یەزیدییەکان

2025-08-06 10:01:58
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
رۆژی ٣ ئاب، رۆژی پەلاماردانی یەزیدییەکان بوو لە لایەن داعشەوە لە ناوچەی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا. بە هەزاران هەزار گەنج و پیاوی یەزیدیی گیران و بەشەکی زۆریان دەستبەجی کوژران، چەندان هەزار کچ و ژنی یەزیدیش وەک سەبایا و دیلی جەنگ گیران و داعشەکان وەک کۆیلەی سێکسی بەکاریاندەهێنان، بەسەدان هەزاریشیان ڕاونران و ئاوارە و بێماڵکران. ئەم تاوانی کۆمەڵکوژییە بەرامبەر بە یەزیدییەکان یەکێکە لە تاوانە هەرە ناشیرینەکانی بیست ساڵی یەکەمی سەدی بیست و یەکەم. لەم رووەوە، لە زیاد لەسەرێکەوە، هاوشێوەی تاوانەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ئیسرائیلە بەرامبەر بە فەلەستینییەکان لە غەزەدا.
پاڵەونی سەرەکیی ئەم تاوانی کۆمەڵکوژییە، داعش و خەلافەتە ئیسلامییەکەیەتی. داعش، جۆرێکی تایبەتی بزاوتی ئیسلامی سیاسیی یان «ئیسلامیزم»ە کە بە «سەلەفیەتی جیهادیی» ناسراوە. سەلەفیەتی جیهادی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی و دینیی تەواو پەڕگیر و توندڕەوە. قاچێکی لەناو بزاوتی سەلەفیەتەتیدا، کە بزاوتێکی سونی مەزهەبی کۆنەپارێز و داخراوە و خواستی گەڕاندنەوەی جیهانی بۆ سەدەی حەوتەمی زاینی هەیە. قاچەکەی تریشی لەناو جیهادیزمدایە کە پێ لەسەر جیهاد دادەگرێت وەک ئامارازی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی ئیسلام بە جیهاندا و وەک هێزی بەگژاچوونەوەی ئەوەی ئەم ئایدیۆلۆژیایەوەک کوفر و وەک کافر پێناسیدەکات. سەلەفیەتی جیهادی پێیوایە ئەوەی پێویستە تاقە حاکمی ڕەهای سەرزەوی بێت. ویست و خواست و هەڵبژاردەی کۆمەڵگا و هاوڵاتیان نییە، ئەم گرێبەستی کۆمەلایەتیی یان ئەو گرێبەستی تر نییە، بەڵکو حاکمیەتی رەهای خودایە، ئەوەی حاکمە خودایە نەک مرۆڤ، بێگومان بەو شێوەیەی ئەوان هەم لە خودا و هەم لە حاکمیەت تێگەیشتون. کە دوجار خۆی لە حاکمیەتی ئەبوبەکری بەغدادیدا بەرجەستەکرد کە بەناوی خوداوە لە موسڵ بە رەهایی حوکمڕانیی دەکرد.
لەناو ئەم جۆرە بزاوتەدا «تەکفیر»کردن یەکێک لە بیرۆکە هەرەسەرەکیی و بنەرەتییەکانە، ئەوان تەنها هەڵگرانی دین و باوەڕەکانی جیا لە ئیسلام، بۆ نموونە ئاینی یەزیدی، بە کافر نازانن، بەڵکو لەناو ئیسلام خۆیشیدا زۆرینەی موسڵمانانی جیهان، ئەوانەی ئیسلامبوونیان وەک ئیسلامبوونی داعش نییە، بە کافر و موشریک دەزانن. لەم ڕێگەیەشەوە مافی ئەوە بەخۆیان دەبەخشن هێرش بکەنە سەر ئەو زۆرینە موسڵمانە و سەر زۆرینەی هەرەزۆری مرۆڤایەتیی خۆیشی، تا ئاستی کوشتن و لەناوبردنیشیان بڕۆن. لە ئاستی سیاسیشدا خوازیاری دامەزراندنی «خەلافەتی ئیسلامی»ن و سەرجەمی سیستمە سیاسییەکانی تری جیهان، بە تەعەداکردنە سەر حاکمیەتی خودا دەزانن. هەم خەلیفە وەک تاقە دەسەلتدار و نوێنەری خودا وێنادەکەن، واتە دەیکەنە حاکمی موتڵەق، هەم شەریعەتیش، بێگومان لە دیدگا و تێگەیشتنی ئەوانەوە بۆ شەریعەت، بە تاقە یاسایەک دەزانن کە بەناوی خوداوە پیادەبکرێت.
بە کورتییەکەی ئایدۆلۆژیای سەلەفی جیهادی شێوازێکی تەواو شەڕانگێز و توندوتیژیی ئیسلامی سیاسیی یان ئیسلامیزمە، پشتی بە لێکدانەوەیەکی بەرتەسک و موتڵەقی ئیسلام بەستوە کە تیایدا جیهاد دژ بە کافران، گۆراوە بۆ خاڵی هەرە سەرەکیی و هەرە بنەڕەتی ئیسلام خۆی وەک دین. ڕقی دینیی لە جیهان و لە ئەوانیتری لە خودنەچوو ژێرخانە سایکۆلۆژییەکەی ئەم تێگەیشتنە لە دین دەستنیشاندەکات. بە مانایەک لە ماناکان داعش مارەکردنی ڕق و بوغزی دینییە لە چەک و خواستی کوشتن. وردتر بدوێم داعش بەچەکداریکردنێکی تەواوی رق و بوغزی دینییە بەرامبەر بە هەمووئەوانەی هەڵگری هەمان شێوازی دینداریی ئەو نین. توندوتیژیی، کە لەناو ئەم دیدگا سەلەفییە جیهادییەدا ناوی جیهادی لێنراوە، فرەجۆرە، لە کوشتن و بڕین و وێرانکردەوە بیگرە بۆ توندوتیژیی سێکسی، کە لە فۆرمی بە سەبی کردنی ئەو کچ و ژنانەدا بەرجەستەیە لە کاتی جەنگدا بە دیلی دەیانگرن. بەدیلگرتنی ژن و کردنیان بە سەبی و کۆیلەی سێکس یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم جیهادە دینییە کە داعش و هێزی داعشئاسا ئەنجامیئەدەن.
ئەوەی داعش بەرامبەر بە یەزیدیەکان ئەنجامیدا، جینۆسایدە بە مانای پربەپڕی وشەکە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پەلامارەکانی داعشی بۆسەر یەزیدییەکان وەک تاوانی جیۆساید ناساند.لەپاڵ نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا پەرلەمانی زیاد لە چەند وڵتێکیش، لەناویاندا بۆ نموونە پەرلەمانی ئەڵمانیا، کەنەدا، بریتانیا و هۆڵەندا، ئەم تاوانەیان وەک جینۆساید ناساندوە. پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانیش.
ئێستا، دوای ١١ ساڵ، کە ئاوڕ لەم تاوانە گەورەیە دەدەینەوە، ئەوەی لەناو ئەو تاریکستانە گەورەیەدا شوێنی دڵخۆشییەکی سنووردارە، دروستبوونی چەندان کەسایەتی یەزیدییە، کە نەک تەنها تەسلیمی خواستی داعش و پلانەکانی نەبوون، بەڵکو لەهەر شوێن و جێیەکی ئەم هەسارەیەدا بۆیان کرابێت بەگژ ئەم هێزە و هاوشێوەکانیدا چوونەتەوە. لەناو ئەوانەشدا، بۆ نموونە، نادیە موراد. ئەم خانمە یەزیدییە گەنجە، کە یەکێک لە سەبی و کۆیلە سێکسییەکانی پیاوانی داعش بوو، بووبە نوێنەرەکی دڵسۆزی مەسەلەی یەزیدیەکان و بە داکۆکیکەری ژمارە یەک لە قوربانییە یەزیدییەکانی دەستی داعش لە ئاستی جیهاند. ئەم خانمە بە ئیرادەیەکی ژنانەی پۆڵایینەوە قوربانیبوونەکەی خۆی گۆریی بۆ بکەربوون و بە سەبیکردنەکەی گۆڕی بۆ چالاکبوونێکی ماندونەناسی کەم وێنە. نادیە موراد، لە ئاستی جیهانیدا، پەنجەرەیەکی گەورە و گرنگیی بەرووی کارەساتی یەزیدییەکاندا کردەوە. پرسی یەزیدییەکان و قوربانییەکانی گەیاندە ناوەندە نێودەوڵەتییە گەورەکان، لەنێویاندا ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. وەک دەرەنجامی بوێریی و پشودرێژیی و ئیمانی نەپساوی ئەم خانمە بە رەوایەتی مەسەلەکەی خۆی و هاودینەکانی، خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا.
کارەسات لەوەدایە تا ئەم ساتەش هێشتا هەزاران یەزیدیی بێشوێن و ڕێن و لەناو کەمپەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا دەژین. هێشتا چەندان هەزار ژن و منداڵی یەزیدی بێسەروشوێنن. ژمارەیەکی زۆریان ئاوەرن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵى خۆیان. هاوکات هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەوڵدانی ناسینەوەی شوناسی قوربانییەکان هێشتا هەر بەردەوامە. ئەمە جگە لەوەی بڕێکی زۆری یەزیدییەکان وەک پەناهەندە بە وڵاتە ئەوروپیەکاندا بڵاوبوونەتەوە و ژینگە رەسەن و سەرەکییەکەی خۆیان لەدەستداوە.
شەنگال خۆیشی، وەک زادگای سەرەکیی بەشەکی گەورەی یەزیدییەکان، تا ئەم ساتەش ناوچەیەکی نائارام و ناسەقامگیرە، ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە شەنگالدا بەردەوامەوە و بەسەریەکیشەوە رێگرن لە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی یەزیدییەکان بۆ ناوچەکە.
وانەیەکی سەرەکیی شایانی ئەوەبێت هەموو منداڵێک لەم وڵاتەدا فێربکرێت، ئاشکراکردنی ئەو رقە دینییە چەکدارەیە کە لەناو تێگەیشتنێکی دیاریکراوەوە بۆ دین و بۆ خودا و بۆ موقەدەسەوە دێت. دەبێت هەموو منداڵێکی ئەم وڵاتە فێری ئەوەبکرێت کە جۆرێکی تایبەت لە دینداریی و تێگەیشتنێکی دیاریکراو لە دین دەشێت، بیانکات بە مرۆڤکوژێکی بەربەری، بە جەلادێک بەناوی بەرگریکردن لە دین و لە خوداوە سڵ لە کوشتنی کەسانیدیکە نەکەنەوە، بیانکات بە جیهادیستێکی داعشی کە کردەی بە کۆیلەکردنی ژنان و کجان ڕایاننەچڵەکێنێت و بەناوی دین و خوداوە، قێزەونترین دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنان: دەستدرێژیی سێکسی.
وانەیەکی دیکە کە پێویستە لە جینۆسایدی یەزیدیەکانەوە فێریببین، بریتییە لە تێگەیشتن لەو راستییە سادەیە کە دەشێت لەناو دیندا، وەک لەناو زۆرێک لە ئایدیۆلۆژیا نادینییەکاندا، بڕێکی گەورە لە بەربەریەت و نائینسانیەت بوونی هەبێت. پاککردنەوەی دین لە پۆخڵەواتە مێژووییە کەڵەکەبووەکەی ناوی، بەر لە هەموو کەسێک، ئەرکی کەسە دینییەکان خۆیانە، نەک نکوڵیلەکردن لەو بەربەریەت و پۆخڵەواتە ناوەکییە، بەناوی بەرگریکردن لە دین و لە خودا و بەرپەرچدانەوەی کەسانی نادینییەوە.
تاوانی جینۆسایدی یەزیدییەکان، وەک تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، پێویستە ببێت بە بەشێک لە سیستمی خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا. لەبیرنەکردن و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە پاشخانە دینیی و ئایدیۆلۆژیی و دەزگاییەکانی ئەو تاوانە، تاکە رێگای دروستکردنی سەرەتایەکی تازە و پاکژە بۆ دروستکردنی دونیایەکی پاکتر و ئینسانیتر.
