Draw Media

10هۆکاری پشت دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی

10هۆکاری پشت دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی

2025-07-28 13:03:19


مەنار عوبێدی- شارەزای ئابوری

لەم دواییانەدا نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵەیەک لە هۆکارە ئابوری و رێکارییەكان، کە لە ئاستی کاریگەرییاندا جیاوازن، بەڵام بەکۆمەڵ بەشدارن لە بەهێزکردنی توانای دینار. دیارترینی ئەم هۆکارانە بریتین لە:
1-    داكشانی ئابوری و پاشەكشێی متمانەی بەكاربەران
دۆخی نادڵنیایی بەردەم بازاڕی عێراق، لەئەنجامی خاوبوونەوەی ئابوری، بووەتە هۆی دابەزینی متمانەی تاکەکەس و دامەزراوەكان لە بواری خەرجكردندا، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر خواستی گشتی دروستکردووەو پێویستیی بە دۆلار وەک هاندەرێك بۆ بازرگانی، کەمكردوەتەوە. 
2- راوەستانی خەرجییەکانی وەبەرهێنانی حکومەت
گرنگیدانی حکومەت بە خەرجییەکانی بەکارکردن لەبری وەبەرهێنان، بووەتەهۆی پاشەكشێی رەوڕەوەی ئابوری. بەو پێیەی بودجەی گشتی بزوێنەری سەرەکی چالاکییە ئابورییەکانە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان، کۆی گشتی خواستی کەمکردەوە، لەناویاندا خواست لەسەر دۆلار.
3- توندکردنەوەی چاودێریی لەسەر دەروازە سنورییەکان
رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ سنوردارکردنی قاچاخچێتی و رێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشداربووە لە سنوردارکردنی دیاردەی هەڵاوسان، ئەمەش خواستی ناڕاستەقینەی لەسەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی رەش) کەمکردووەتەوە.
4- گۆڕینی بازرگانان بۆ سیستمی بانکی فەرمی
بازاڕەکان شاهیدی ئەوەن كە بەشێکی زۆر لە بازرگانان چوونەتە ناو سیستەمی بانکیی فەرمی و پشت بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە ڕێگەی پلاتفۆرمە پەسەندکراوەکانەوە دەبەستن. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی لە بازاڕی هاوتەریب و کەمبوونەوەی فشار لەسەر دۆلار.
5- پاشەكشێی پرۆسەكانی دووبارە هەناردەكردنەوە
دابەزینی چالاکیی دووبارە هەناردەکردنەوەی كاڵا بۆ وڵاتانی دراوسێ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان، ئەمە راستەوخۆ رەنگدانەوە هەبووە لەسەر پاشەكشێی پێویستی بۆ دۆلار بۆ دابینکردنی دارایی ئەم مامەڵە بازرگانیانە. 
6- پاكتاوی شایستەی کۆمپانیا گەورەکان بە بەرهەمە نەوتییەکان لەبری پارەی کاش
حکومەت بەشێک لە شایستەی کۆمپانیا بیانییەکانی بە ماددەی نەوتی رەش و نەفتا داوەتەوە لەبری پارەی كاش، ئەمە پشتبەستنی بەو دۆلارانە كەمكردوەتەوە كە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت و ئاستی خستنەڕووی لەبازاڕدا زیادكردووە. 
7- ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هەڵبژاردن، خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن زیادیان كردووە. ئەم خەرجییە زۆرجار لە یەدەگی دۆلارەوە دابین دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی بڕێکی زۆر لەو یەدەگانە هەیە بۆ دینار بەمەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەمەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەکات.
8- زیادبوونی ژمارەی سەردانکەرو هاتنی بیانییەكان
زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی هاتوون بۆ عێراق بووەتە هۆی ئەوەی بڕێکی بەرچاوی دراوی بیانی بیتە ناو بازاڕی ناوخۆییەوە، ئەمە سەرچاوەیەکی تری دراوی قورسی لە دەرەوەی چوارچێوەی فرۆشی بانكی ناوەندیی فەراهەم كردووەو بەشداربووە لە زیادبوونی دۆلاری بەردەست. 
9- راوەستانی بازرگانی نایاسایی لە ئەنجامی داخستنی سنور لەگەڵ سوریا
داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ سوریادا بووەتە هۆی کەمبونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانی نایاسایی، کە بەشێوەیەکی زۆر پشتی بە دۆلار لە بازاڕی رەشدا دەبەست، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری خواست لەسەر دۆلار.
10- کەمبوونەوەی دراوی دەرچوو و كێشانەوەی بەشێكی لە بازاڕدا
بانکی ناوەندی عێراق بەشێک لە پارەی دیناری كاشیی لە بازاڕ کشاندەوە، بەمەش دوو هێندەی خواست لەسەر دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دروستبوو. ئەم هاوسەنگییە لە ئاستی خواست لەنێوان هەردوو دراوەکەدا یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینارو بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا.
ئەم هۆکارە سەرەکیانە کە بوونە هۆی دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕ لەبەرامبەر بە دیناردا. پرسیارەکە ئەوەیە هەر هەر هۆکارێک تا چەند کاریگەری لەسەر نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕکردن هەیە. لەوانەیە هۆکاری تریش هەبن.
بە باوەڕی من ریزبەندی هۆكارەكانی سەرەوە رەنگدانەوەی كاریگەریی هەر یەكێك لە هۆكارەكانەیە لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی هاوتەریبدا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand