(درەو): (زافر فواد ئیلیاهۆ) كە دكتۆرێكی عێراقی بوو كۆچی دوایی كرد، ئەم پیاوە بە "پزیشكی هەژاران" ناسرا بوو، ئەو دواین كەسی ئەو جولەكانەی عێراق بوو كە هێشتا لە وڵاتەكەیان نیشتەجێن. ئەم پزیشكو نەشتەرگەرە ناسراوەی ئێسك، دوای مردنی لە تەمەنی (62 ساڵیی)دا، بەر لە چەند رۆژێك لە گۆڕستانی جولەكەكان بەخاكسپێردرا، "نەخۆشخانەی واستیی" كە ئەم پیاوە ماوەی چەندین ساڵ بوو كاری تێدا دەكرد، هەواڵی مردنەكەی راگەیاند. گۆڕستانی حەبیبە گەورەترین گۆڕستانی جولەكەكانە لە عێراق، دەكەوێتە ناوچەی سەدر لە بەغداد، پیاوێكی موسوڵمان پاسەوانی ئەم گۆڕستانە دەكات، گۆڕو سەردانكەری دەگمەنی هەیە. هاوڕێكانی ئیلیاهۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن ئەم پزیشكە چەندین ئۆفەری بۆ كۆچكردن بۆ دەرەوەی عێراق رەتكردوەتەوەو مانەوەی لە وڵات بەباشتر زانیوە. خوشكێكی ئیلیاهۆ كە رەتیكردوەتەوە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وتووە:" من نوێژم لەسەر كرد، هاوڕێكانیشی بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنیدا كردو هەر كەسەو بەگوێرەی ئاینیی خۆی نوێژی لەسەر كرد". لە بەغداد كە یەك پەرەستگای جولەكە هەیە بۆ بەكارهێنان گونجاو بێت، ئەم جۆرە نوێژە روداوێكی دانسقەیە، ئەو جولەكانەی هێشتا لە عێراقدا ماون، بەزۆریی سروستە ئاینییەكانیان لەناو ماڵەكانیاندا ئەنجام دەدەن. ئیدوین شوكر كە جولەكەیەكەو ساڵی 1955 لە عێراق لەدایكبووەو لە تەمەنی شانزە ساڵیدا كۆچی كردووە بۆ بەریتانیا دەڵێ:" لە عێراق جگە لە چوار كەس، هیچ جولەكەیەك نەماوە كە رەگەزنامەی عێراقی هەبێتو لە دایكو باوكێكی جولەكە لەدایك بوبێت". بەدرێژایی مێژووی عێراق، جولەكە بەشێكی بنەڕەتی بووە لە تەونی فرەڕەنگی ئاینیو كۆمەڵایەتی وڵات، ساڵی 1948 دوای دروستبوونی ئیسرائیل، ژمارەی جولەكە لە عێراق دەگەیشتە نزیكەی (150 هەزار) كەس، پاشان ئەم ژمارەیە دەستی بە كەمبونەوە كرد، ئەمەش بەهۆی لێسەندنەوەی بەڵگەنامە كەسییەكانیانو گۆڕینی بۆ بەڵگەنامەی تری تایبەت بە جولەكەكان، بەپێی راپۆرتی (فرانس پرێس) ئەمە وایكردووە، لەكاتی دەرهێنانی ئەو بەڵگەنامانەدا جولەكەكان بەئامانج بگیرێن. لە ساڵی 1951دا، نزیكەی 96%ی جولەكەكانی عێراق وڵاتیان بەجێهێشت، بەهۆی پرۆسەی لەسێدارەدانی ئاشكرای ژمارەیەك بازرگان كە زۆربەیان جولەكە بوون بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 1969دا، ژمارەیەكی زیاتر كۆچیان كرد. پلە بە پلەو بەدرێژایی چەندین دەیە، بەهۆی جەنگی عێراق- ئێران (1980- 1988)و داگیركردنی كوەیتو گەمارۆی ئابوری كە تاوەكو جەنگی عێراقو كەوتنی رژێمی سەددام لە 2003 بەردەوام بوو، ئەم پێكهاتە بچوكە بوونی نەما، دوای ئەم قۆناغەش، ژمارەی جولەكەكان بەهۆی شەڕی تائیفیو چەندین ساڵ لە توندوتیژی خوێناوی، ژمارەكە بەردەوام بوو لە كەمبونەوە. بەگوێرەی بروسكەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكا، لە ساڵی 2009دا تەنیا (8) جولەكەی عێراقی لە وڵاتەكەی خۆیاندا ماون. لەبەرامبەردا، ئامارە فەرمییەكان باسلەوە دەكەن، (219 هەزار) جولەكەی بەڕەگەو عێراق لە ئیسرائیل هەن كە گەورەترین گروپی ئەو جولەكانەن لە ئاسیاوە هاتوون. ئەم كەسانە لەدوای خۆیان ماڵو پەرەستگایان بەجێهێشتووە، كە تاوەكو ساڵی 2003 ئەم موڵكانە بارودۆخیان باش بووەو لای كەسانی مەلاكی ناسراو بوون، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئیدوین شوكر بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا. شوكر باسلەوە دەكات، گەڕانەوەی ئەم موڵكو ماڵانە "هیچی ناوێت جگە لە دەنگدانێكی پەرلەمان" بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانە جولەكەكان. سەرچاوە: BBC
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ھەر سیستەمێکی دیموکراسیی، بریتییە لە بوونی ئۆپۆزیسیۆن. ئۆپۆزیسیۆن ھێما بۆ بوونی دانپیانانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گرنگ بە پلورالیزمی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییدا دەکات. ئۆپۆزیسیۆن کۆڵەکەیەکی گرنگی ناو ئەو ”پەیمانە کۆمەڵایەتیی“ەیە کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ئەوە ڕێکدەکەوێت، یەک ھێز و یەک پارت و یەک سەرۆک نەبێتە تاقە سەرچاوەی بڕیاریی سیاسیی. داننان بەم ڕاستییە سادەیەدا بەشێکی گرنگی مێژووی فیکری سیاسییە لە سەرەتای سەرەتاکانەوە. بۆ نموونە، ئەرستۆ لە دوو پەرەگرافی یەکەمی کتێبی ”سیاسەت“دا جەغت لەودەکات کە دروستبوونی خودی کۆمەڵگا خۆشی کردەیەکە پەیوەندیی بە دەستەبەرکردنی خێر و ”چاکەی گشتیی“ەوە ھەیە. پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ھەموو ئەوانەی کە پێیان وایە پیاوی دەوڵەت و حوکمڕانیی یەک کەس یان یەک ھێز بێت، بەھەڵەداچوون و کردەی سیاسیی ھەمیشە کردەیەکی دەستەجەمعییە و زیاد لە ھێز و لایەن و کەسانێک تیایدا بەشدارن، کە بەسەریەکەوە دەتوانن لە خەمی دابینکردنی چاکەی گشتیی کۆمەڵگادا بن. لەم دیدەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای فەلسەفەی سیاسیی سەردەمی یۆنانییەکان، بوونی فرەدەنگیی و پلورالیزم و بەشداریی ھەمەلایەنەی زیاد لە ھێز و لایەنێک، جومگەی سەرەکیی کردەی سیاسییە و ئەو ژێرخانەیە کە کایەیەکی سیاسیی تەندروستی لەسەر دروستدەبێت. سیاسەت بەبێ فرەدەنگیی و بەبێ بوونی دەنگی جیاواز و لەمانەش گرنگتر بەبێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن، مانایەکی نامێنێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ سیاسەت تەواو ناکۆکە بەو دید و تێگەیشتنە سیاسییە ترسناکەی لەسەر ”بوونی مەرجەع“ و ئامادەگیی سەرۆکی ھەمووشتزان و بوونی کەسێک بەناوی ھەمووانەوە قسەبکات، ئیشبکات. بیرۆکەی مەرجەع بەشێکە لە ستراتیژی وێرانکردنی ھەر مانایەک کە بشێت بە چەمکی فرەیی سیاسیی و بوونی ئۆپۆزسیۆن ببەخشرێت. کردنی کەسێک بە خاڵێک ھەموو ھێزە جیاوازەکان ناچاربن بۆی بگەڕێنەوە، جگە لەوەی کردەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی بێلێپرسینەوە و ئەبەدییە، لەناوبردنی سەرجەمی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەشە کە ھەمیشە بەشێکن لە نەخشەی کۆمەڵایەتیی ناو کایەیەکی سیاسیی تەندروست. بە مانایەک لە ماناکان فیکرەی مەرجەع گەڕاندنەوەیە بۆ ئەو دیدە ئەفلاتونییە ترسناکە کە پێ لەسەر حوکمڕانی پادشا فەیلەسوف دادەگرێت، پادشا و فەیلەسوفێکی ھەمووشتزان کە لە باتی ھەموان بیربکاتەوە و بڕیاربدات. مەرجەعی دەسەڵاتدارێتیی گواستنەوەی ڕۆحی پێغەمبەرایەتییە بۆ ناو کایەی سیاسیی و بارگاویکردنی تەواوەتییەتی بە موقەدەسی دینیی و ڕوانینی ئاینیی بۆ کەسایەتی ئیمامێکی مەعسوم و بێگوناھ و بێھەڵە. لە ژێر سێبەری ئەو بۆچوونانەی سەرەوەدا چەمکی ئۆپۆزیسیۆن تەنها ھێما بۆ ھێزێک یان چەند ھێزێک ناکات، کە چاودێری کارەکانی حکومەت و حوکمڕانان بکەن، بەڵکو ئەو ڕوانینانەی لەسەرەوە باسمانکرد بۆ سیاسەت و بکەرەکانی دەسەلمێنێت. لە هەر وڵاتێکدا ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و کاریگەر بوونی هەبوو، هێمایە بۆ بوونی کۆمەڵگایەکی سیاسیی کە ڕێزی جیاوازییەکان و لەیەکنەچونەکان و دیدە ناکۆکەکان بەیەکتری، دەگرێت. بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەناو کایەی سیاسەتدا مانای رێزگرتنە لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی کە دەخوازێت ئەو فرەدیدیی و جیاوازییانەی ناو کۆمەڵگا لە چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقییدا، بپارێزێت. لەناو سیاسەتی مۆدێرندا دەزگای پەرلەمان شوێنی کۆبوونەوەی ئەو ھەموو جیاوازییانەیە و ھەر ئەم پێکەوەبوونە مەدەنیی و عەقلانییەشە دەیکاتە گرنگترین دەزگای سیاسیی ناو کۆمەڵگا. ڕەنگە سادەترین پێناس بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بریتیی بێت لەو گروپانەی ناو پەرلەمان کە سەر بە فراکسیۆنی حیزبە حوکمڕانەکان نین. ئەوان بەناوی ئەو بەشانەی کۆمەڵگاوە قسەدەکەن کە خواستەکانیان لەناو بەرنامەی گروپە حوکمڕانەکەدا نییە. بە شێوەیەکی گشتیی ئەرکی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا بریتییە لە کونترۆڵکردنی حکومەت و سیاسەتەکانی. بەڵام ئەمە ھەموو ماناکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە، چونکە دەکرێت ئۆپۆزیسیۆنبوون بۆ ئەو گروپانەش بەکاربھێنرێت، کە لە دەرەوەی پەرلەماندا رەخنە لە سیاسەتی حکومەت دەگرن و بە رێگە و شێوازی جیاواز تەعبیر لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن. لە هەرێمی کوردستاندا هەردوو ئۆپۆزیسیۆنەکەمان لەڕووی شکڵییەوە هەیە، واتە ھەم ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان و ھەم ھی دەرەوەی پەرلەمان بوونیان ھەیە، بەڵام لە غیابی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا کە دان بە پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییدا دەنێت و دەچێتە دەرەوەی عەقڵیەتی ”مەرجەعسازیی“ و”حیزبی قائید“ و ”پارتی پێشڕەو“ەوە. ئەم غیابە ترسناکەیە وادەکات ئەو ئۆپۆزیسیۆنە شکڵییەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، دوو وەزیفەی تایبەت ببینێت. یەکەم، ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان ببێت بە داهۆڵێکی سیاسیی کە نە روحی تیایە و نە جووڵە. وەزیفەکەی ئەوەنەبێت کە کۆنترۆڵی کارەکانی حکومەت بکات و لە ئەنجامدەرەکانی بپرسێتەوە، بەڵکو نیشاندانی وێنەیەکی ھەڵە بێت بە دونیای دەرەوە، کە گوایە ھەرێم ھەم پەرلەمانی ھەیە و ھەم فرەیی سیاسییش کە لەناو پەرلەماندا ڕەنگدەداتەوە. وەزیفەی دووھەمی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە بریتییە لە نیشاندانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەلایەن ”مەرجەع“ و ”حیزبی قائید“ و ”پارتی پێشڕەو“ەوە وەک دوژمنێکی ناوەکیی، لەو کاتانەدا کە پێویستیان بەبوونی ئەو دوژمنە ھەیە بۆ پیادەکردنی ئەو سیاسەتانەی بەبێ بوونی دوژمنێک ئەنجامدانی زەحمەتبێت. لە سیستەمگەلێکی نادیموکراسیی وەک هەرێمی کوردستاندا ئۆپۆزیسیۆن ئەو جۆکەرەیە کە دەسەڵات لە کاتی سەرزەنشتکردنی بە دیکتاتۆربوون و نادیموکراسییبووندا، دەریدەخات و دەیخاتە سەر مێز. کەیش پێویستی بە دوژمن بوو پەلاماری بدات و بەسەرچاوەی پشێوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و بە بەرپرسیاری ھەموو نەھامەتییەکانی بزانێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ئامادەیە تەنها قەیرانی نوێنەرایەتییکردن نییە لەناو سیستەمە بەناو پەرلەمانییەکەدا، بەڵکو لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا غیابی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە کە بەرگریی لە پلورالبوونی کۆمەڵگا و لە مافەکانی ئەو فرەییە لەڕێگای یاساییەوە بکات. ھاوکات قەیرانی تێگەیشتنێکە بۆ سیاسەت کە دایدەبڕێت لە سادەترین فۆرمی بەرپرسیارێتیی و ڕووتی دەکاتەوە لە ھەر پەیوەندییەک لەنێوان سیاسەت و چاکەی گشتییدا. قەیرانی ئۆپۆزسیۆنبوون خۆشی دەرکەوتە سیاسییەکەی ئەم قەیرانە بونیادیی و بنەڕەتییەیە. ھەموو ئەمانەش هەرێمی کوردستانیان تووشی شڵەژانێکی سیاسیی و ئەخلاقیی قووڵ و غیابێکی سەرتاسەریی مەسەلەی بەرپرسیارێتی سیاسیی، کردوە. لەناو ئەم دۆخە شڵەژاوەشدا ڕۆژانە چەندان دەنگی ترسناک بەرزدەبنەوە باس لە پێویستیی دروستکردنی مەرجەع و دروستکردنی پنت و نێوەند و بارەگایەک دەکەن، کە سەرجەمی پرۆسەی نوێنەرایەتیکردن بەدەوریدا بسوڕێتەوە و ماناکانیشی لە بوونی ئەو پنتە تایبەتەی دەسەڵاتەوە، وەربگرێت. بێگومان دروستبوونی ھەر شتێکی لەو بابەتە لەقە وەشاندنێکی کوشندەیە لە ھەر ھەوڵێک بخوازێت ھەم کۆمەڵگاکە لە دەوری پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و ھەم سیستەمە سیاسییەکەی بخاتە سەر ڕێگای ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی کێشەکانی. ساڵانێکە کۆمەڵگای ئێمە لەناو دۆخێکی درۆزنانەی سیاسەتی نوێنەرایەتییکردندا دەژی، ئەوەی ھەیە و دروستکراوە سیستەمێکی نوێنەرایەتییە بەبێ نوێنەر. ئەم دۆخە وایکردوە زۆرینەی خەڵکی هەرێم ئەو بڕاویەیان لادروستببێت کە لەلایەن هیچ یەکێک لەو هێزانەی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتەوە، نوێنەرایەتی ناکرێن. بەم چەشنە کردەی ھەڵبژاردن خۆشی لە هەرێمی کوردستاندا ببێت بە لەعنەتێکی سیاسیی و دانیشتوانی ھەرێمەکە خۆیان لێی دوورەپەرێزبگرن و بایکۆتی بکەن. ئەمەش لە گەمژەیی خەڵک و خواستی سەرکردەپەرستیی و گەڕان بەدوای دیکتاتۆردا نەھاتوە، بەڵکو لە دەرککردن بەو ڕاستییە سادەوە ھاتووە کە هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ نوێنەرایەتییکردن، لە غیابی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراسدا، ناتوانێت دەنگی کۆمەڵگا بباتە ناو سیستەمە سیاسییەکەوە. ئەمە جگە لە ئامادەگیی تەزویری سیاسیی سیستماتیکیی کە بووە بە ڕووکارە سەرەکییەکەی ئیشکردنی سیستەمە سیاسییەکە. خەڵک دەزانن ئەوەی ھەڵبژاردن دروستیدەکات نوێنەرایەتییکردن نییە بە مانای سیاسییە ڕاستەقینەکەی نوێنەرایەتیی، بەڵکو دروستکردنی واقیعێکی سیاسیی تەزویرکراوە کە تیایدا نوێنەرایەتیی تەزویر و سەرۆکی تەزویر و مەرجەعی تەزویری تیادا دروستدەبێت و دەسەپێنرێت. تەزویری سیاسیی دۆخێکی کۆمیدیی تراژیدی لە ھەرێمەکەدا دروستکردوە کە نموونەی لە زۆر شوێنی دونیادا نییە: دۆخی دروستکردنی مۆدێلێک لە دەسەڵاتدارایی کە دەتوانێت بەتەنھا و بێ دانیشتوانەکەی بژی. ئەم سیستەمە پێویستی بە دەنگی خەڵک نییە، چونکە لەپاڵ تەزویری سیستماتیکیدا، خودی دەنگدەران خۆشیان نە بکەرێکی سیاسیین و نە بەشداریشیان لە پرۆسەی بڕیارداندا هەیە. بەمەش هەم ھەڵبژاردن و هەم سیستەمە بەناو پەرلەمانتارییەکە لەوەدەکەون ئامرازێک بن بۆ نوێنەرایەتییکردنی خەم و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان. بەبۆچوونی ئێمە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا کۆتایی هاتووە و لەڕووی کردەییی و سیاسییشەوە کۆمەڵگای کوردیی گەڕاوەتە بۆ قۆناغی پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان. چەندە دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیی لە هەرێمی کوردستاندا مانا ڕاستەقینەکانی دیموکراسییەت و سیستەمی پەرلەمانیی وێرانکرد، ئاوهاش بزوتنەوەی گۆڕانی دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، مانا ڕەمزیی و ئەخلاقییەکانی ئۆپۆزیسیۆنبوونی سیاسیی وێرانکرد. لەم قۆناغەدا ئۆپۆزیسیۆن بووە بە گۆشتێکی زیادە بە جەستەی سیاسیی هەرێمەوە و ئەوەی سیستەمە سوڵتانییەکە دەیخوازێت، ئەوە ئەنجامدەدەن. لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێمە هێندەی خۆی لەڕێگای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و جێبەجێنەکردنی رێسا و یاساکانی هەرێمەوە، رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەگێرێت، ئەوەندە هێزێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نییە، کە نوێنەرایەتیی خواست و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا بکات و لە پێشنیارکردنی دۆخێک نزیکببێتەوە کە ئەو گرفتە بونیادییانە تێپەڕێنێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین سوڵتانیزمی سیاسییە لە بەهێزترین قۆناغی سیاسیی خۆیدا، منداڵانی بنەماڵە سیاسییەکان باڵادەستن و حوکمدەکەن. ئەم نوخبە سوڵتانییەش تەنھا هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکردووە، تەنها هەردوو دەزگای سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی زامننەکردووە، تەنھا سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشیی نەکردووە بە داهۆڵێکی سیاسیی ڕووت، بەڵکو کەوتۆتە ڕەشبگیرکردنی ئەو دەنگە ناڕازییانەش کە لە دەرەوەی پەرلەماندا ھەن و بەردەوام دروستدەبن. ئەوەی لەمڕۆدا دەیبینین ھەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە کە دەشێت لەدەرەوەی کایەی سیاسیی و پەرلەمان و دەزگا ڕەسمییەکانی تردا، دروستببێت. گرتنی چالاکەوانەکان و برەودان بە بیرۆکەی مەرجەعی سیاسیی، دوودیوی ھەمان پرۆسەی سڕینەوەیەکی سیستەماتیکییانەی ھێزی ئۆپۆزیسیۆنە لە ھەرێمدا. ھەموو ئەمانەش لەناو ئەو شانۆگەریی و ماکیاجە سیاسییەدا کە لە ھەرێمەکەدا بەناوی دیموکراسییەت و پەرلەمانتاریزمەوە دروستکراوە. پێدرواێکی سیاسیی زۆر سادە بوونی هەیە کە پێماندەڵێت: لە هەر وڵاتێکدا ئۆپۆزیسیۆن نەمێنێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵاتدارێتییەکی دەسەڵاتگەر و فۆرمێک لە تیرۆری ئاشکرا و پەنهان باڵادەستە، لەهەر وڵاتێکیشدا ئۆپۆزیسیۆن بەهێز بوو، مانای ئەوەیە لەو وڵاتەدا سیستەمێکی سیاسیی سەقامگیر و پلورال ئامادەیە. بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات باشترە یان داهاتی نەوت ؟ رادەستكردنی نەوت دۆخی دارایی هەرێم دەبوژێنێتەوە، بەڵام سەروەری هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێت، رادەستكردنی داهاتی نەوت بەپێی رێككەوتنی نوێ لە زیانی هەرێمە، چونكە هەرێم بۆ ئەوەی پارەی یەك بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بدات، دەبێت دوو بەرمیلو نیو نەوت بفرۆشێت، رەنگە لە كۆتایدا هەولێرو بەغداد لەسەر بنەمای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" رێككەوتن بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. بودجە لە دواساتەكاندا چەند كاتژمێرێكی كەم ماوە لەبەردەم ئەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانو لایەنە شیعەكان بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق. دواین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتو داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەوە لایەنە شیعەكان بە پاكتاوكردن "مقاصە" رازی نین، واتە ئەگەر هەرێم ئەم داهاتانە رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد چیتر هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم نانێرێتو رێككەوتنەكە بەواتای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" دێت. دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لایەنە شیعەكان لە دەقی رێككەوتنەكەی پێشتری خۆیان لەگەڵ وەفدی هەرێم كردیان، ئێستا جارێكی تر قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئایا هەرێم داهاتی نەوت رادەست بكات یاخود نەوتەكە خۆی ؟ لەڕووی داراییەوە داهاتی نەوت رادەست بكات سودمەند دەبێت یان نەوت ؟ ئەگەر نەوت رادەست بكات بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییانە، بەرپرسانی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق كە بە "سۆمۆ" ناسراوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە، ئەگەر هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات كە رۆژانە (460 هەزار) بەرمیلەو سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراق بیفرۆشێت، ئەوا جیاوازی نرخی فرۆشی ئەوان لەگەڵ ئەو نرخی فرۆشی حكومەتی هەرێم (300 ملیۆن) دۆلار دەبێت، واتە ئەگەر سۆمۆ هەمان بڕە نەوتی هەرێم بە نرخی خۆی بفرۆشێت داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە (300 ملیۆن) دۆلار زیاد دەكاتو بەغداد تەنیا ئەم جیاوازی نرخە بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە، كێشەكان چارەسەر دەبن. نەوت بە نرخی هەرێم یان عێراق ؟ رۆژانە هەرێم (460 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، هەر بەرمێلێك بە (11) دۆلار كەمتر لە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت (مانگی رابردوو عێراق هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە 60,3 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام هەرێم بە 50 دۆلار فرۆشتویەتی). بەپێی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بەو نرخەی خۆی كە نەوت دەفرۆشێت، بڕی (690 ملیۆن) دۆلاری وەكو داهات لە نەوتەوە بۆ دەگەڕێتەوە، رێژەی 50%ی ئەم داهاتە بۆ خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەو ئەمباركردنی نەوتەكە دەڕوات، واتە بە سافی مانگانە بڕی (345 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم وەكو داهاتی نەوت دەمێنێتەوە (گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەناوخۆدا تا سنوری توركیا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 4 دۆلاری تێدەچێت، گواستنەوەی نەوتەكە لەناو خاكی توركیا تاوەكو بەندەری جیهان بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 5,8 دۆلاری تێدەچێت، واتە تەنیا كرێی گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی 10 دۆلار لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادەبێت نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، داهاتی نەوت گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، چۆن ؟ ئەگەر سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت، هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە نزیكەی (61 دۆلار) دەفرۆشێت، واتە (11) دۆلار زیاتر لە نرخەكەی حكومەتی هەرێم، بەپێی ئەم هاوكێشەیە، داهاتی (460 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم لە مانگێكدا دەبێت (841 ملیۆن) دۆلار. سەرباری جیاوازی نرخی فرۆشتن، خەرجی گواستنەوەی نەوتی عێراق بەناوی خاكی توركیادا لەگەڵ هەرێم زیاتر لە (4) دۆلارە، عێراق هەر بەرمیلێك نەوتی خۆی بە (1,9) دۆلار بەناو خاكی توركیادا دەگوازێتەوە، بەڵام هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (5,8) دۆلار بە كۆمپانیای (بوتاش)ی توركیا دەدات. واتە بە تێكڕا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (15) دۆلار جیاوازی لە فرۆشتنو گواستنەوەی نەوتدا لەنێوان عێراقو هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت هەمان بڕە نەوتی هەرێم ئەگەر سۆمۆ بیفرۆشێت مانگانە (200 ملیۆن) دۆلاری زیاتر دەبێت لەوەی حكومەتی هەرێم خۆی بیفرۆشێت، خۆ ئەگەر سۆمۆ هەندێك پێداچونەوەی بۆ كاری كۆمپانیاكان بكات، رەنگە بتوانێت جیاوازی داهاتەكە مانگانە بۆ (300 ملیۆن) دۆلار بەرزبكاتەوە وەكو ئەوەی بەرپرسانی سۆمۆ بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە. سەرباری ئەوەی ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات، دۆخی دارایی باشتر دەبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆكار، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە نەوت رادەستبكات: یەكەم: رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیەوە ناهێڵێت، ئەمە جگە لە زیانە سیاسییەكەی، لەڕووی ئابورییەوە حكومەتی هەرێم لەبەردەم دادگاكانی جیهان لاواز دەكاتو هەموو ئەو كەیسانە دەدۆڕێنێت كە لەسەر نەوت لەسەری تۆماركراوە. دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستكردنی تەواوەتی نەوتی بەستوەتەوە بەوەی حكومەتی عێراق هەموو ئەو قەرزانەی هەرێم بداتەوە كە لەساڵانی رابردوودا بەهۆی راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لەسەری كەڵەكەبووە، كە بەهاكەی (28 ملیار) دۆلارە، حكومەتی بەغداد ئامادە نییە ئەم قەرزانە لەئەستۆ بگرێت. ئەگەر داهاتی نەوت رادەستبكات خۆ ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە دەقی ئەو رێككەوتنەی كە ئێستا لەنێوان هەردولادا هەیە، واتە لەبری نەوت، داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەوا دەبێت رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ بۆ حكومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی خۆی لە بودجەی 2021ی عێراق وەرگرێت، ئەمەش قەبارەی زیانەكەی گەورە ترە، چۆن ؟ ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، ئەگەر هەرێم دوو بەرمیلو نیو بفرۆشێت ئینجا بەهای بەرمیلێك نەوتی سۆمۆی بۆ دەردەچێت، چونكە بە تێكڕا هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (51) دۆلار فرۆشتووەو سۆمۆ بە (61) دۆلار، ئەوەی هەرێم (50%) بۆ خەرجی گواستنەوەو بەرهەمهێنانە، واتا بۆ هەر بەرمیلێك (25) دۆلاری بۆ دەمێنێەوە، (25) دۆلار بۆ (61) دۆلاری سۆمۆ بڕی (36) دۆلار جیاوازیەكەیەتی، واتا هەرێم دەبێت دوو بەرمیلو نیو بفرۆشێت بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێكی سۆمۆ دەربكات. سامپڵی نرخ لە مانگێكدا ئەگەر جیاوازی نرخ فرۆشتنی نەوت لەنێوان حكومەتی هەرێمو عێراقدا بۆ مانگێك وەكو سامپڵ وەربگیرێت، بۆ نمونە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، جیاوازییەكە بەمشێوەیە دەبێت: بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت) كە وردبینی لە فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، بەتێكڕا هەرێم هەر بەرمیلێك نەوتی بە (29) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی ئەو (250) هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە كە لایەنە شیعەكان داوای دەكەن، ئەگەر بە نرخی مانگی ئەیلولی رابردوو وەربگیرێت، داهاتەكەی بە نرخی حكومەتی هەرێم دەكاتە (218 ملیۆنۆ 70 هەزار) دۆلار. هەمان بڕی نەوت واتە (250 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەگەر بەنرخی سۆمۆ لە مانگی ئەیلولدا بفرۆشرێت، كە عێراق نەوتی بە (40,47) دۆلار فرۆشتووە، داهاتەكەی دەكاتە (303 ملیۆنو 577 هەزار) دۆلار. لە سامپڵی مانگی ئەیلولی 2020دا دەردەكەوێت، فرۆشتنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە نرخی حكومەتی هەرێمو نرخەكەی عێراق، جیاوازییەكەی بڕی (85 ملیۆنو 507 هەزار) دۆلارە تەنیا لە یەك مانگدا. دەرەنجام ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت، سەرباری ئەوەی بەشە بودجەی خۆی لە عێراق زامن دەكاتو داهاتی نەوت زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێتو بەلای بەرپرسانی هەرێمەوە ئەمە بابەتێكی ستراتیژییەو لەم زەمەنەدا تاكە كارتی بەهێزی دەستی هەرێمی كوردستانە لەبەرامبەر بەغدادو سەرباری ئەوە دەستور مافی ئەوەی پێداون بەهاوبەشی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدەن لەگەڵ بەغداد نەك ئەوەی هەموو دۆسیەكە رادەست بكەن. خۆ ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نەوت رادەست نەكاتو تەنیا بەشێوەی پاكتاوكردن بەهای (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پشكی هەرێم ببڕدرێت، هەرێم بێ ئەوەی نەوت بدات، مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ بدات، هاوشێوەی بودجەی 2019 مانگانە بڕێك پارە لە بەغداد وەردەگرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستا لایەنە شیعەكان دەیانەوێت كۆتایی بە بنەمای (مقاصە) واتە پاكتاوكردن بهێننو دەڵێن ئەمە بنەمایەكی نادەستورییەو پێشتر بە تەوافوقی سیاسی كراوە، لەم حاڵەدا وەكو لە دەقی رەشنوسی نوێی رێككەوتن دانراوە، هەرێم ئەگەر داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد نەگەڕێنێتەوە، بەغدادش هیچ بڕەپارەیەك نانیرێت، ئەگەر دەقەكە بەوشێوەیە جێبەجێ بكرێت، ئەتوانرێت ناونیشانی رێككەوتنەكە بكرێت بە "هیچ بەرامبەر بە هیچ".
(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا، (55) كەسی لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هێزەكانی (80)ی سەربە پارتی دامەزراندووە. بەگوێرەی نوسراوێكی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، رۆژی (1)ی ئەم مانگە دەرچووە، (55) كەس دامەزرێندراون. ئەم (55) كەسە، لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی هێزەكانی (80)ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرێندراون. ئەمە لەكاتێكدایە، لە ساڵی 2014وە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، حكومەت دامەزراندنی لە وەزارەتەكان راگرتووە، ساڵانە نزیكەی (35 هەزار) كەس زانكۆو پەیمانگاكان تەواو دەكەنو چاوەڕوانی ئەون حكومەت لە كەرتی گشتیدا كاریان بۆ دابین بكات. خەرجی موچەی فەرمانبەرانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین، مانگانە (894 ملیار) دینارە، لەم رێژەیە زیاتر لە (133 ملیار) دیناری تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوات، كە رێژەی 15%ی كۆی گشتی خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
(درەو): "هەرێمی کوردستان بەتەوەواتی پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکەوە، بەغداد هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت" ئەمە ئەو گۆڕانکاریەیە کە شیعەکان له رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەفدی هەرێمی کوردستان کردویانە. لە کۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی لیژنەی دارییدا کوتلە شیعەکان، ئەو گۆڕانکاریانەیان خستەڕوو کە لە ریکەوتنەکەی پێشوویاندا لەگەڵ وەفدی هەرێم کردویانە. (درەو) وێنەیەکی پێشنیازی نوێی لایەنە شیعەکانی بۆ رێککەوتن دەستکەوتووە، بەپێی ئەو هەموارە نوێیە، شیعەکان مەرجیان داناوە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکەوە، حکومەتی بەغداد هیچ بڕە پارەیەک بۆ کوردستان نەنێرێت. هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دروستی ناوەڕۆکی ئەم نوسراوەی بۆ (درەو) پشتڕاستکردەوەو رایگەیاند، دیارترین گۆڕانکاریی کە لە رێککەوتنەکەدا کراوە ئەوەیە (مقاصە) لابراوە. مەقاسە یاخو (لێبڕین یان لێدەرکردن) کە لە رێککەوتنەکانی پێشوودا کاری پێکراوە بەواتای ئەوەدێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە رێککەوتنەوە، ئەوا بە یاسای ئیدارەی دارایی، ریژەی زیان لە هەرێم دەبڕدرێ و پاشماوەی شایستەی دارایی خۆی بۆ دەنێردرێت، حکومەتی هەرێم چاوی لەم رێگەیەو دەیەوێت سەرباری ئەوەی رێککەوتن جێبەجێ نەکات (نەوت رادەست نەکات)، مانگانە بڕە پارەیەک لە بەغداد وەربکرێت، ئەمە ئەو بابەتەیە کە ئێستا شیعەکان لە دەقی رێککاوتنەکەیان لەگەڵ وەفدی هەرێم لایان بردووە. (درەو) زانیویەتی، بڕیارە ئەم دەقە نوێیە جارێکی تر بدرێتەوە بە وەفدی هەرێم بۆ زانینی رەزامەندیان یاخود رەتکردنەوەی. هۆشیار عەبدۆڵا دەڵێ:" ئێمە ئیتفاقە کۆنەکەو ئەم دەقە نوێیەش وەک چارەسەری کێشەکانی هەرێم نابینین، پێمان وایە هیچیان چارەسەری گرفتەکان ناکەن، فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە ئەو چارەسەرەیە کە هەردولایان بە ئیتیفاقیی حزبی و لەپێناو سەفقاتی ژێر بەژێری هەڵبژاردن خۆیانی لێ ئەدزنەوە".
راپۆرتی شیكاری: درەو لە عێراقدا گەیشتن بە تەوافقی سیاسی لە نێوان پێكهاتەو لاییە سیاسیەكان لاواز بووە بەتایبەت لەگەڵَ هەرێمی کوردستان، لەدوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣ەو بە دوایشیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٠١٧ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردەوام پێگەی کورد لە عێراقدا ڕووی لە پاشکەشەیە، چاوەڕان ناکرێت کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ. سەرەتا چاودێران و شارەزایانی بواری زانستی سیاسی بایەخی زۆریان داوە بە پرس و پرۆسەی دیموکراسی بەمانا فراوانەکەی و چەشن و جۆرەکانی لە پێناو پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی تاک و کۆمەڵگا و سنوردارکردنی دەسەڵات و خستنە ژێر چاودێری پرۆسەی حکومڕانی و پاراستنی سەقامگیری سیاسی. بەشیک لە بیرمەندانی بوارەکەش کارەکانیان تەرخانکردووە بۆ ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە بە "دیموکراسی تەوافقی"ناسراوە، کە زیاتر بۆ ئەو دەوڵەتانە گونجاوە کە خاوەن بونیادێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی و زمان و... کلتوری جۆراوجۆرن و فرەیی تێیاندا زاڵە. هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی فرەیییەکی ناهاوسەنگیان هەیە، گەر کەلتوورێکی سیاسیی باڵایان نەبێت، لەبەردەم دوو ئەگەردان: یان کەمینەیەکی ستەمکار دەسەڵات دەگرنە دەست، یان زۆرینەیەکی دیکتاتۆر حکومڕانی دەکەن. بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو گرفتە بیرمەندانی بوارەکە دەستەوەسان نەبوونەو "دیموکراسی تەوافقی"یان وەک چارەسەر بۆ سەرهەڵدانی ستەمکاریی کەمینەو دیکتاتۆرییەتی زۆرینەوە پێشنیار کردووە. نمونەی سەرکەوتووش بە (هۆڵندا و سویسراو نەمسا و بەلجیکا) دەهێننەوە. بەشێک لەبیرمەندانی زانستی سیاسی لە سەرو هەمویانە (ئارنت لیبهارت- Arend Lijphart)ی هۆڵندی سەرقاڵی لێکۆلینەوە بووە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لە ڕێگەی دیاریکردنی سیستمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخی ئەو دەوڵەتانەی کە فرەیی سیمای دەوڵەتەکانیانەو لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و پێشکەوتنیان، پێشنیاری "دیموکراسی تەوافقی" کردووە، ناوەڕۆکی سیستمەکەش ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی خواست ئارەزووی ململانێ کە ڕەیشەیان لە بونیادی کۆمەڵگای فرەییدا داکوتاوە، بەڵام مەیلی هاریکاری لەگۆڕناچی و دەکرێت لەلای سەرکردەکانی ئەو گروپانەی کۆمەڵگا گەڵاڵە بکرێن. لە ڕێگەی ڕەفتاری ئەو سەرکردنەشەوە ڕامی توندوتیژی جەماوەری بکرێت و سەقامگیری سیاسی بەدیبێت. بەڵام ئەوەش نەشاردراوەتەوە کە "دیموکراسیی تەوافقی"، پێویستی بە ئاستێکی باڵا لە کەلتووری سیاسی و پێگەیشتووییی دیموکراسی هەیە، ئەگەرنا دوور نابێت پرۆسەکە بە خێرایی بگەڕێتەوە خاڵی سفر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بخاتە بەردەم هەڕەشەی جددی. بونیادنانەوەی عێراقی نوێ لە دوای ٢٠٠٣ بە هەوڵی ئەمریکی و ئەوروپی (هاوپەیمانان)و پێکهاتە ناوخۆییەکانی لەپاڵ (هاوسەنگی و هاوبەشی) پرنسپی (تەوافق)یش وەک بنەما لەبارەچاو گیرا، چونکە لە سەرجەم قۆناغە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق زۆر فۆرمی حکومڕانی تاقیکرابووەوە کە سەرجەمیان خاڵی هاوبەشیان قۆرغکاری دەسەڵات بووە لەلایەن کەمینەیەکی سیاسی و پەروێزخستنی پێکهاتەو لایەنەکانی دیکە بووە کە لە دواقۆناغیدا ستەمکاری کەمینەی دەسەڵات گەیشتبووە ترۆپک. لەم ڕاپۆرتەدا شکردنەوە دەکەین بۆ دیموکراسیی تەوافقی و پایەکانی، مەرجەکانی سەکەوتنی، پاشان لە دۆخی عێراقی نوێ دەکۆڵینەوە. پایەکانی دیموکراتی تەوافقی بیرمەندی دیاری سیاسی ئارنت لیبهارت چوار پایەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی دیموكراسی تەوافوقی پێشنیار کردووە ئەوانیش؛ 1. حكومەتی هاوپەیمانی یاخود هاوپەیمانی فراوان: واتە هاوپەیمانییە لە نێوان پارتەكانی زۆرینە و كەمینە یان پارتە بچوک و گەورەکان، لە بەرامبەر ئەو ڕێسایەی کە پێی وایە لە سیستمی پەرلەمانیدا هێزە سیاسییەکان دابەش دەبن بەسەر حکومەتی زۆرینەو کەمینەی ئۆپۆزسیۆن، ئەم بنەمایە لە هەرێمی كوردستان بە حكومەتی بنكە فراوان ناوی هاتووە. 2. هاوبەشی (شەراکەت): ئەم پایەیە بە هاوڕێژەیش ناوبراوە کە مەبەست لێی دابەشکردنی وەزیفەکانی دەزگای کارگێڕی و داهاتە داراییەکانە بەسەر کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا بەپێی قورسایی ژمارەیان، شەراکەت پرۆسەی دروسکردنی بڕیار و گرفتەکانی سەرشانی سیستمی سیاسی کەم دەکاتەوە، سەرباری ئەوەی زامنی بەشداری سەرجەم پێکهاتەو هەرێم و کەرتە جیاجیاکانی وڵات مسۆگەر دەکات. لەکاتی سەرهاڵدانی ناکۆکیشدا پێویستە پەنا بۆ پرنسیپی سازان ببرێت بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت دۆڕاوو براوە لە ڕێگەی سازش یان بەجێهێشتنی بڕیاری کۆتایی بۆ سەرکردایەتی لوتکەی لایەنە بەشدارەکان. 3. مافی ڤیتۆ: مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی کەمینە لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە حکومەتی هاوپەیمانیدا بواری ئەوە دەڕەخسێنێت کە دیدی خۆی بخاتەڕوو بەرگریش لە بەرژەوەندییەکانی بکات، چونکە ئەگەر بنەمای مافی ڤیتۆ نەبێت دەنگدان بە زۆرینە گرنتی پارێزراوی سیاسی بۆ بەرژەوەندییەکانی ناکات، هەر ئەم بنەمایەشە دەتوانێت پارێزگاری لە مافی کەمینە بکات. لە بەرامبەر نەتەوەوەو پێکهاتەی زۆرینە و رێگریی لە قۆرغكردنی بڕیار. 4. سەربەخۆیی هەرێمەکان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی: بەو مانایەی جگە لەو بڕیارو پرسانەی بایەخی هاوبەشیان هەیە، هەرێمەکان لە دروستکردنیدا بەشداری دەکەن، هەرێمەکان دەسەڵاتی خۆیان پێدەدرێت و ئیدارەی خۆیان بەڕێوەبەرن. لە پاڵ ئەو پایانەدا دیموکراسی تەوافقی پێویستی بە کۆمەكێک مەرج و خاسییەت هەیە کە زامنی سەرکەوتنی دەکات، بەشێک لە پێشمەرجانە بریتین لە؛ 1. دروستبوونی هۆشیارییەکی بەرفراوان بەرامبەر مەترسییەکانی فرەیی. 2. دەستەبژێر و نوغبەی سیاسی پابەندبن بە پاراستنی سیستمی سیاسی و یەکێتی کۆمەڵایەتییەوە. 3. سەرکردەو نوغبەی سیاسی بتوانن هێڵەکانی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی ببەزێنن، بەگیانی میانڕەوییەوە هاریکاری یەکتر بکەن. 4. دەستەبژێری سیاسی ڕێساو یاساکان بەجۆرێک دابڕێژن کە بتوانن بەرژەوەندییەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکان پێکەوە بگونجێنن. عێراق و دیموکراسی تەوافقی ئەگەر چی هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێوە پرنسیپەکانی (شەراکەت و هاوسەنگی و تەوافق) وەک سێ بنەمانی سەرەکی لە داڕشتنەوەی عێراقدا لەبەرچاوگیرا، بەشێک لە پرنسپانە لە ماددەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق جێگەی کرایەوە، بەشێکیشی بەشێوەیەکی عەمەلی و کرا بە عورفێکی سیاسی. ئەگەر چی هەر بە خێرایی پەیوەندییەکانی شیعەو سونە لەسەر هەموو ئاستەکان بە خراپی تێکچوبوو، بەڵام هەرزوو بەشێک لە گرفتەکان چارەسەرکران. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا باسی بکەین دۆخی کوردە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دیموکراتی تەوافقی زیاتر لەوەی باس لە دۆخی سونە بکەین لەژێر هەیمەنەی شیعە وەک پێکهاتەی گەورەی عێراق. گەر لەو پێشمەرجانە بڕوانین کە لە ڕوی زانستییەوە دەستنیشان کراوەن بۆ لەسەرپێوەستانی سیستمی دیموکراتی تەوافقی، پراکتیکی دۆخی سیاسی عێراقی بکەین، بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە عێراق لەبەر ئەوەی پێشینەیەکی دیموکراسی نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەوە کەمینەیەک سیاسی لە نێو پێهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بە ناوی حیزبی بەعسەوە بۆ ماوەی (٣٥) ساڵ نەک هەر تەنها حکومی کردووە، بەڵکو پێکهاتەکانی دیکەشی چەواساندووەتەوە، ئەم دۆخە ڕێگربووە لە؛ 1. دروستنەبوونی هۆشیاری بەرفراوان بەرامبەر مەترسییەکانی فرەیی لە عێراقدا، وەک زەنگێکی مەترسیدار، کە هەمیشە هەڕەشەی جدییە بۆ سەر سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا. 2. ئەگەرچی لە دیموکراتی تەوافتیدا بەرپرسان و سەرکردەی لایەنەسیاسییەکان بەرپرسن لە شوڕکردنەوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرجار بەشێک لەو نوغبە سیاسییە خۆیان بەشێک بونە لە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و دروستکردنی دەمارگیری سیاسی لە نێو پێکهاتە جیاوازەکاندا، ئەگەر نا لەسەر ئاستی خوارەوەو لە نێو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەمارگیری کۆمەڵایەتی هیچ کات نەگەیشتووە بە ڕەتکردنەوەی هاوڵاتیانی کورد لە لایەن هاوڵاتیانی عەرەبەوە بە پێچەوانەشەوە، مەگەر بە دەگمەن نەبێت، ئەمە بۆ پێکهاتەی شیعەو سونەش تا ڕادەیەک ڕاستە و ئەوە جگە لەوەی کەمینەکانی دیکەی عێراقیش ئەگەر دۆخێکی سیاسی نەخوازاو ڕوی نەدابێت بەهۆی بڕیاری نوغبەی سیاسییەوە، هیچ کات لە نێو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندییەکان نەگەیشوون بە ئاستی ڕەتکردنەوەی یەکتر. 3. بەشیک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە سەرکردەی هەموو پێکهاتەکانەوە جا لەناو پرۆسەی حکومڕانیدابن یان سەرکردەی حیزبێکی سیاسی دیاریکراوی نێو پێکهاتەیەکبن، نەیانتوانیوە هێڵەکانی ململانێی پێکهاتەکان تێپەڕێنن، باشتیرین بەڵگەش دروستنەبوونی حیزبێکی سیاسییە لە عێراقدا کە بتوانێت ئەو هێڵانە ببەزێنێت، هەست بەوە نەکرێت کە ئەم پارتە کوردییە یان عەرەبی پارتێکی سونیە یان شیعی. 4. ئەو لێکتێنەگەیشتنەی یان ململانێیەی نێو لایەن و نوغبەی سیاسی، وایکردووە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ پێشێلکردنی دەستور یاساو ڕێساکانی عێراق، زۆرجاریش شکاندنی بنەماکانی تەوافق لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک بە پشت بەستن بە بنەمای زۆرینەو کەمینە، جا بە بێ کورد بوو بێت، یان بەبێ پێکهاتەی سونە، یان بەبێ پێکهاتەی کوردو سونە و تێپەڕاندنی یاساکان لەلایەن زۆرینەی شیعەوە. هەموو ئەو پێشمەرجانەی بۆ دیموکراسی تەوافقی لە پێویستە لە نێو پێکهاتەو نوغبەی سیاسی وڵاتێکدا پێویست بۆ سەرپێکەوتنی پرۆسەکە، دەبینین لە عێراقی نوێدا وەک پێویست لە ئارادا نەبووە، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هێشتا عێراق ماویەتی و دەیمێنێت تا پایەکانی دیموکرسی تێدا دەچەسپێت، بۆیە هەمیشە ئەگەری گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و پشت بەستن بە زۆرینەوە کەمینە لە بەردەم دەرگادایە. هەرەسی دیموکراسی تەوافقی لە عێراقدا دیارە لەم باسەدا مەبەست لە پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەندە زیاتر لەوەی باس لە تەوافقی گشتی یان شیعەو سونەی عەرەب بێت لە عێراقدا. هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێوە ناکۆکی لە نێوان هەرێم ناوەند بەردەوام هەبووە بەتایبەت لەسەر پرسەکانی (پێشمەرگەو بودجەو ماددەی ١٤٠) دواتر مەسەلەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆ، ئەگەرچی لە سەرەتاوە جۆرێک لە زاڵبوون هەبوو بەسەر ئەو کێشانەدا، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، هیواش هێواش پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەبن. لەسەرووبەندی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، کۆمەڵێک بەهاو پرەنسیپی پەیوەست بە بابەتی حوکمڕانی، لەژێر بەهانەی جیاوازدا، کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، کە بەڕونی لە چەند پرسێکدا بەدیاردەکەوێت ئەوانیش؛ 1. پێشێلکردن و پابەندنەبوون بە دەستورو ئەو یاسایانەی پێویست بوون دەربکرێن بۆ جێبەجێکردنی. 2. جێبەجێنەکردنی مادەی (140) و گەڕانەوەی چارەسەر نەکردنی پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان، سەپاندنی هێز بەسە ئەو ناوچانە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەو درێژەدان بە پرۆسەی تەعریب لە تیایاندا. 3. بەشداری پێنەکردنی کوردو نەدانی پشکی لەسوپای عێراقدا. 4. بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، جا بە هۆکاری سیاسی بێت یان ئابوری یان هەر شتێکی تر هاوڵاتیانی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق باجەکەی دەدەن. 5. لەدوای ساڵی 2005ەوە هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لە بەغدا هەوڵدراوە لە ڕێگەی گەمەی زۆرینەوە دەربچێت، درزێکی خستۆتە نێو پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا؛ بەمەیش کێشەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوەو لێکترازانی یەکجارەکیی کۆمەڵگەی عێراقی، دەبێتە بابەتی کات. بەشی زۆری ئەو لادانە لە تەوافقی سیاسی و دیموکراسی سەرچاوەکەی تێکچونی هاوسەنگی سیاسییە، بە تایبەتیش تێکچونی هاوسەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەردەوام زیادکردنی ڕێژەی کورسی ئەو ئەنجومەنە پاشەکشەی زیاتری کورد تێیدا، بۆ نمونە ئەنجومەنی نوێنەران کە گۆڕەپانی یەکەمی سەرخستن و پاراستنی هاوسەنگی و تەوافقاتە، لەساڵی ٢٠٠٥ باڵانسێکی تاڕەدەیەک گونجاوی تربووە لە ئێستاو ئەنجومەنەکە لە (٢٧٥) ئەندام پێکهاتبوو، کوردیش زیاتر لە (٧٠) ئەندامی تێیدا هەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنن ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی کورسییەکان زیادکرا بۆ (٣٢٥) کورسی و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ بۆ (٣٢٨) کورسی و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کرا بە (٣٢٩ ) کورسی لە ئێستا کورد خاوەنی (٥٨) ئەندامە لە ئەنجومەنەکە و ڕێژەی (١٨%)ی پێکدەهێنێت، بەم پێیەش پێکهاتەی کورد بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو یاسایانەی پێویستیان بە دەنگی زۆرینە تەنانەت دوو لەسەر سێش هەیە بە تانها ناتوانێت ڕێگربێت، چەندجارێکش لە دەرەوەی تەوافق بەبێ کورد ئەنجومەنەکە کۆبووەتەوەو پرۆسەکانی تێپەڕاندووە دیارترینیان؛ 1. بڕینی بەشە بودجەی کورد، لە کابینەکەی نوری مالیکی، فراکسیۆنە کوردییەکان نەیانتانیوە چارەسەرێک بدۆزنەوە. 2. دەنگدان بە کابینەکەی حیدەر عەبادی لەساڵی ٢٠١٤ بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد، درێژەدان بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم سەرباری ئەوەی هەرێم لە شەڕی داعشدا بوو. 3. تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای (دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق) لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بێ ئامادەبوونی کورد و سونە لە ئەنجومەنی نوێنەران. 4. تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردییەکان و تێکدانی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەرێم ناوەند لە ئارادبوو و بڕینی (٣٢٠) ملیار دیناری مانگانە وەک بەشێک لە بودجەی هەرێم. ئەمانە دیارترین نمونەی شکاندنی تەوافقی سیاسییە لە عێراقداو ئێستاش یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو تائێسا هەرێم ناوەند نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و دور نییە هەر ڕێکنەکەون بەبێ کورد یاساکە تێپەڕێندرێت، کە ئەمە یەکێکە لە سیناریۆ بەهێزەکان. ئەنجام لەدوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ ەو بە دوایشیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٧ە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردەوام پێگەی کورد لە عێراقدا ڕووی لە پاشکەشەیە چاوەڕان ناکرێت کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ، ئەو هانگاوانەی عێراق ناویەتی بەرامبەر هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، پرسی بودجەو موچەو پێشمەرگەو دەستورو ...هتد، دەرخەری ئەو ڕاستییەن. چونکە عێراق متمانەی جارانی نەماوە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە فشار دەکاتە سەر هەرێم بۆ تەسلیمکردنی نەوتی هەرێم و داهاتی خاڵە سنورییەکان و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگات، پرسیارەکە ئەوەیە کورد دەتوانێت چی بکات؟ بەپێی ئەو هەڵوێست و کردارانەی حکومەتی ناوەند بەرامبەر هەرێم هەیەتی و هەنگاوی بۆ ناوە، چاوەڕوان ناکرێت هەرێمی کوردستان بەبێ سازش بتوانێت جارێکی دیکە شەریک بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق، سەرهەڵدانی یەکلاکردنەوەو تێپەڕاندنی پرسە هاوبەش و چارەنوسسازەکان بە زۆرینە لەسەر حیسابی تەوافقی سیاسی چاوەڕوانکراو دەبێت، بۆیە کورد دوو ئەگەری لەبەردەمدایە ئەوانیش؛ 1. سازش کردن بۆ عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی بەشێک لە مافەکانی و بەهێزبوونەوەی پێگەکەی، کە ئەمە هیچ گرنتییەکی نییە، دوور نییە بە تەسلیمکردنی نەوت و داهاتی هەرێم، حکومەتی ناوەندی سەقفی خواستەکانی بەرزنەکاتەوە. 2. کورد بەلاوازی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بمێنێتەوە پشت بە خۆی ببەستێت، کە ئەم سیناریۆیەیان بۆ کورد گونجاوترە، بەڵام دیسان ئەم سیناریۆیە بێ گرفت نابێت و بەم حاڵەوە هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، ئەگەر چاکسازی جدی نەکات لە سەرجەم سێکتەرە ئابوری و سیاسییەکانیدا. کە پێویستی بە پرنسیپەکانی دیموکراسی و شەفافیەت و دژایەتی گەندەڵی و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانی و ئاشتەوایی و یەکڕێزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەمەوە لەم قۆناغەدا لە کوردستان خۆیەتی نەک لە ناوەند. سەرچاوەکان د. کەمال مەنوفی، تیۆرەکانی سیستمە سیاسییەکان، و: ئاوات ئەحمەد، چاپی یەکەم، چاپخانەی یاد، ٢٠٠٧. هۆگر ئیبراهیم، گەمەی زۆرینە و مەرگی تەوافقی سیاسی، پێگەی؛ http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1174-2018-09-02-18-56-38?fbclid=IwAR0f5L2eBfSgFAz1ElvZ8Sn7S2ka1pnE3SHGMBXo98nDELYyPlmt24WuvI4 عقيل عباس، الأقلية والأغلبية وتزييف الديمقراطية في العراق، علی الموقع؛ https://www.skynewsarabia.com/blog/1349825-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%82%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D8%BA%D9%84%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%AA%D8%B2%D9%8A%D9%8A%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای نزیكەی پێنج ساڵ تاوتوێكردنی، ئەمڕۆ دواجار ئێرانو چین رێككەوتنی 25 ساڵەیان ئیمزا كرد، رێككەوتنێك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، نەوتی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكاتو چین-یش بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بۆ خۆی دەبات، ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسیو ئەمنیشی هەیە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ئیمزاكرا (وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین لە تاران رێككەوتنێكی (25) ساڵە لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفی هاوتا ئێرانییەكەی ئیمزاكرد. میدیاكانی ئێران بەهای ئەم گرێبەستە بە (400 ملیار) دۆلار دەخەمڵێنن، كە پرۆسەی سەرمایەگوزارییە لە چەند پیشەسازییەكی ئێراندا لەوانە، نەوتو غازو هێڵی ئاسنو رێگا وشكانی و ئاوییەكان. ئەمە دەكرێت بە رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە پەرەپێدانو ئاوەدانكردنەوەو دەربازبوون لە پەراوێزخستنی ئێران لەسەر ئاستی جیهان ناوببرێت. لەبارەی رێككەوتنەكەوە ساڵی رابردوو ئێرانو چین گفتوگۆیان كرد لەبارەی ئیمزاكردنی رێككەوتنیكی هاوبەشی ئابوریو ئەمنیی بۆ ماوەی (25) ساڵ، ئەمە بەمەبەستی راكێشانی ملیارانی دۆلاری سەرمایەگوزاری چین بوو بۆ ناو ئێران، لە زەمەنێكدا كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بڕستی لە ئابوری ئێران بڕیوە. هەواڵی رێككەوتنی درێژمەودای ئێران لەگەڵ چین، سەرەتای هاوینی رابردوو بڵاوبووەوە، ئەوكات لەناوخۆو درەوەی ئێران رەخنەی زۆر لە رێككەوتنەكە گیرا، هەرچەند باسلەوە دەكرێت پرۆژەی ئەم رێككەوتننامەیە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانێكی (شی جین بینگ)ی سەرۆكی چین بۆ ئێران لە كانونی دووەمی 2016، بەڵام ئەوەی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی خێراتر كرد، ئەو سزا ئابورییە سەختانە بوو كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاند. 2016 كە سەرۆكی چین سەردانی تارانی كرد، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران بڕیاریداوە پەیوەندییەكان لەگەڵ چیندا بەهێز بكات، هەر لەو ساڵەدا چین بڕیاریدا قەبارەی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بۆ (600 ملیار) دۆلار بەرزبكاتەوە. ئەوانەی رەخنەیان هەیە، پێیانوایە لەم رێككەوتنەدا ئێران دەستكەوتی بێسنوری بە چین داوە، تا ئەو رادەیەی ئەم رێككەوتننامەیە بە "رێككەوتننامەی تركمانچای نوێ" ناودەبەن، لەمەشدا مەبەستیان لەو رێككەوتننامەی "تركمانچای" نێوان ئێرانی قاجارییو روسیای قەیسەرییە لە سەدەی نۆزدەهەمدا، كە بەپێی ئەم رێككەوتنە ئێران دەستبەرداری روبەڕێكی بەرفراوانی زەوییەكانی بوو لە قەوقاز، بۆ روسیا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بەرپرسی فەرمی هاوكارییەكان بۆ ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەناسرێت، بەڵام باسلەوە دەكرێت عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران و راوێژكاری ئێستا ئێران عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوەی ئێران و چین بەم رێككەوتننامەیە بگەن و بەتایبەتیش لەلایەن رابەرەوە راسپێردراوە بۆ ئەم كارەو رابەر خۆی پشتیوانی ئەم رێككەوتنە دەكات و ئاگاداری وردو درشتی رێككەوتننامەیەكە. سەرەتای تەموزی رابردوو، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران یەكەمین كەس بوو كە دەرباری رێككەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێرانو چین قسەی كردو وتی ئەمە رێككەوتنێكی "نهێنی"و "دور لە چاوی گەلی ئێران لەگەڵ وڵاتێكی بیانیدا ئیمزا دەكرێت، بۆیە گەلی ئێران ئەو رێككەوتنە بەشێوەیەكی فەرمی ناناسێنێت". تائێستا وردەكاری تەواوەتی ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە نازانرێت، بەڵام گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) رۆژی 3ی ئەیلولی 2019 لە راپۆرتێكدا بەشێك لەناوەڕۆكی رێككەوتنناكەی 25 ساڵەی نێوان ئێرانو چینی ئاشكراكرد، دواترو لە كاتێكی تردا رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، رەشنوسی رێككەوتنەكەی بڵاوكردەوە كە (18) لاپەڕەبوو، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەبوەتەوە ئایا ئەمە كۆپی راستەقینەكەی رێككەوتنەكەیە یاخود نا. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست)، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتننامەیەدا چین بەبەهای (280 ملیار) دۆلار سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی نەوتو غازو بڕی (120 ملیار) دۆلار لە پیشەسازی گواستنەوەو گەیاندنی ئێراندا دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران ئەولەویەتی كاركردن لە پرۆژەكانیدا بە كۆمپانیا چینییەكان دەداتو چین (5 هەزار) سەرباز لە ئێران جێگیر دەكات بۆ پارێزگاركردنی لە پرۆژەكانی خۆی لەو وڵاتە. (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) ئاماژەی بەوەكردبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتننامەكەدا، چین بنكەیەكی سەربازی لە دورگەی "كیش"ی ئێران دروست دەكات كە دەكەوێتە سەر كەنداوی عەرەبی كە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "كەنداوی فارس"، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەڵێن كۆماری ئیسلامی دورگەكەی داوە بە چینو وەكو فرۆشتنی بەشێك لە خاكی ئێران ناوی دەبەن، بەڵام بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئەم قسانە بەتەواوەتی رەتدەكەنەوە. راپۆرتی گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) دەڵێ" لە رێككەوتننامەكەدا باس لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان تارانو باكوری خۆرهەڵاتی مەشهەد كراوە كە درێژییەكەی 900 كیلۆمەترەو بڕیارە پرۆژەی شەمەندەفەری خێرا لەنێوان تارانو قومو ئەسفەهان جێبەجێ بكرێتو ببەسرێتەوە بە تۆڕی باكوری خۆرهەڵاتەوە كە بە تەورێزدا تێدەپەڕێت". هەمان راپۆرت ئاماژەی بەوەكردبوو، لەم رێككەوتنەدا، چین بە داشكاندنی 32% نەوتو غازو بەرهەمە پترۆكیمیاییەكانی ئێران دەكڕێتو سەرباری ئەمە تا ماوەی دوو ساڵ بۆی هەیە پارەی كڕینی ئەم بەرهەمانە نەدات بە ئێرانو دوای بخات، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران راستی ئەم قسانەی رەتكردەوە. سودی رێككەوتننامەكە بۆ ئێران ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی گەورەشی بۆ ئێران هەیە، بەوپێیەی چین یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە مافی "ڤیتۆ"ی هەیەو لە حاڵەتی بڕیاری شەڕدا، بۆ پارێزگاریكردن لە سەرمایەگوزاری خۆی چین ناچارە بەرگری لە ئێران بكات، سەرباری ئەمە وا لە چین دەكات رۆڵ ببینێت بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەنێوان ئێرانو ئەمریكادا. لەلایەكی ترەوە بەم رێككەوتننامەیە، چین نەوتو غازی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكاتو بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لە سێ كێڵگەی سەرەكی ئێران زیاد دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا، وەكو باسدەكرێت چین بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بۆ خۆی دەبات. هەندێك لە چاودێران، ئەم رێككەوتننامەیە لە چوارچێوەیەكی زۆر گەورەتردا وێنا دەكەنو وەكو بەشێك زیندوكردنەوەی "رێگای ئاوریشم" ناوی دەبەن كە چین كاری لەسەر دەكات بەمەبەستی بەهێزكردنی هەژمونی خۆی لە ناوچەكە، ئێرانیش لەم پرۆژەیەدا پێگەی گەورەی هەیە بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە كە دەكەوێتە سەر كەناری خۆرهەڵاتی ئاوەكانی كەنداو. رێككەوتننامەكە رەهەندی ئەمنیشی هەیە، باسلەوە دەكرێت رێككەوتنەكە، دروستكردنی لیژنەیەكی سەربازی هاوبەش لەنێوان ئێرانو چین لەخۆدەگرێت، كە سەرپەرەشتی پیشەسازیی سەربازیی دەكات. رێككەوتننامەكە ئیمزا كرا، بەڵام هێشتا ناچێتە بواری جێبەجێكردن، چونكە دەبێت دواتر هەردوو پەرلەمانی ئێرانو چین بەزۆرینەی دەنگ پەسەندی بكەن، سەرباری ئەوەی، ئوسوڵگەراكان زۆرینەن لەناو پەرلەمانی ئێرانو رێككەوتننامەكە رابەری باڵا پاڵپشتی لێدەكات، بەڵام هێشتا پێشبینی ناكرێت بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەمساڵدا، پەرلەمانی ئێران ئەم رێككەوتننامەیە پەسەند بكات، بۆ ئەوەی نەبێت بەبابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. رەنگە هەرگیز ئەم رێككەوتنە نەچێتە بواری جێبەجێكردن، بەوپێیەی هەندێك ئەم بابەتە وەكو كارتی فشاری ئێران لەسەر ئەمریكا دەبیننو پێیانوایە بەرپرسانی تاران دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ئیدارەی بایدن رابكێشن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیو هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی زۆر زیاترە لە پەیوەندییە ئابورییەكانی چین لەگەڵ ئێران، بۆیە وڵاتانی كەنداو فشار دەخەنە سەر چین بۆ كشانەوەی لەم رێككەوتنەی لەگەڵ ئێران، چینییەكان نایانەوێت لەبەر ئێران دەست لە وڵاتانی كەنداو بەربدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەزیری دەرەوەی چین بەر لەوەی بێتە ئێران بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە سەردانی سعودیەو توركیاو كردو بڕیارە دوای سەردانەكەشی بۆ ئێران بچێتە ئیماراتی عەرەبی.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) - کورد، "چی" کۆی دەکاتەوە نەک کێ کۆڕەو تەجەللابوونی نەرمەهێزی ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، کۆتایی ئەو خاڵەبوو تفەنگ لە پاراستنی دەستکەوتدا کورتی هێنا، بەڵام "ئیرادە و هۆشیاری"ی هاوبەشی کۆمەڵگە هەم پاراستی و هەم دەستکەوتی سیاسیی و مرۆیشی لێ وەبەرهێنا. ئەمە نمونەی ئەو نەرمەهێزە شاراوەی کوردە لە دنیای نوێدا کە هێشتا سیاسەتوانانی کورد نەک وەک پێویست وەبەریان نەهێناوە، بگرە لە کەشفکردنیشیدا کڵۆڵ بوون. لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، هیچ سیاسییەک، حزبێک، ئایدۆلۆژیایەک و دینێکیش نەیتوانییوە، کۆمەڵگەی کوردستان یەکبخات، بەڵام کۆڕەو یەکی خست و دەرئەنجامی کاریگەر و واتاداری لێکەوتەوە کە تێگەشتنەوەی سەرلەنوێی پێویستە. کۆڕەو لە ڕوخساریدا شکست و بێنەوایی و دۆڕانی کورد بوو لەبەردەم هێزگەلێکدا کە سەدساڵ دەنگیان نەبیست و بە زیادەیان دەزانی و بۆ قڕکردنی درێغیان نەکرد، بەڵام گەر لە ناواخن و دەرئەنجامەکانی کۆڕەوەوە لە ڕووداوەکە بڕوانرێت، وەرگەڕاندنی هەڵهاتن و شکستە بۆ بردنەوە، "هۆشیارییەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵی"ی بوو بۆ پاراستنی دۆخی نوێ(ڕاپەڕین) و ڕەتکردنەوەی ستەم و ناڕازیبوونە دژی دۆخی پێشتری سەپێنراو(جینۆساید و سڕینەوەی کولتووری). کۆڕەو دەریخست: دەستکەوت(ڕاپەڕین)، کۆژان و ستەمە هاوبەشەکان، دەکرێت لە بری "کاریزمای نەبوو"ی کوردستان سوودیان لێببینرێت و لە پرۆسەی نەرمەهێز و یەکخستنی ئیرادە و ئیدارەی سیاسییدا ڕۆڵ ببینن و کورد کۆبکەنەوە و وەک شیرازەیەکی بەهێز جێی هێز و کەسایەتیی سیاسیی بگرنەوە. چی ڕوویدا؟ پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بەسەر داموودەزگای ڕژێمی عێراقیدا و ئازادکردنی کەرکوک، هەشت ڕۆژی نەبرد(٢٨ی ئازار١٩٩١)، حکومەتی بەغدا خۆی کۆکردەوە و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردەوە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و ڕەتکردنەوەی ستەم، کورد جێهێشتنی ماڵ و جوگرفیاکەی هەڵبژارد و کۆڕەوە ملیۆنییەکەی دەستپێکرد. لەکۆچێکی گشتیتدا، ڕوویان لە سنوورەکانی تورکیا و ئێران کرد. لە ٣و٤ی نیسانی١٩٩١دا، کۆڕەوی کوردان گەیشتە لوتکە و نزیکەی ٢ملیۆن کورد ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشت و ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە سایەی ڕژێمی عێراق، بەم کردەوەیە ئیرادەی هاوبەشی خەڵک، زلهێزان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیانی هێنایە دەنگ و دوو بڕیاری مرۆیی و سیاسیی-سەربازی بە دووی خۆیدا هێنا (دەستێوەردان لە عێراق و درووستکردنی ناوچەی ئارام). یەکەمجار لە ڕووی مرۆییەوە، فەرەنسا پرۆژەی دانانی سنوورێک بۆ پێشێڵکاری مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و بە هاناوەچوونی "خەڵکی مەدەنی"ی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ٥/٤/١٩٩١دا پێشنیارکرد و بە زۆرینەی دەنگ (جگە لە کوبا، یەمەن و زیمبابۆی!) بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی لێکەوتەوە. پاشتریش جۆن مێجەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ فراوانکردنی کاریگەری بڕیاری٦٨٨ (ئەڵبەتە بەهاندانی چالاکوانانی کورد لە بەریتانیا)، داوای ناوچەیەکی ئارام و دژەفڕینی پێشنیارکرد و بەکردەیی بوویە تەواوکاری بڕیاری ٦٨٨ و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا (ناسراو بە ئۆپەراسیۆنی هەشت) کە بەریتانیا سەرپەرشتی دەکرد، ناوچەی ئارام لە کوردستان (باکوری عێراق) چەسپێنرا. هەڵهاتن و ئاکامی مەزنەوە - لەڕووی کردەییەوە:کوردانی کۆچکردوو، گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و لە چوارچێوەی هێڵی ٣٦دا، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی بەغدا سەنرایەوە و قەدەغەی فڕینی فرۆکەکانی کرا، بەمەش هەم بەرەی کوردستانی توانی دەستکراوەتر بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییە ئازادکراوەکان وەئەستۆ بگرێتەوە، دەرئەنجام قەوارە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی دەستووری کوردستان و "ڕۆشتنی بێگەڕانەوە"ی سەدام و بەعسی لە کوردستان (جگە لە ناوچە دابڕێنراوەکان)ی لێکەوتەوە، چونکە بڕیاری دژەفڕینی پێشنیارکراوی بەریتانیا، کەرکوکی لە خۆنەدەگرت! - لەڕووی نێودەوڵەتییەوە: پرسی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانی بردەپێشەوە، بۆیەکەمجار بوو پاش زیاتر لە سەدساڵ لە تێکۆشانی کورد لە کوردستانی گەورەدا، ڕێکخراوێکی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش (لانیکەمی مرۆیی) لەسەر کورد و دژی سەردەستەیەکی وەک بەغدا بێنەدەنگ و ئاکامی کردەیی لێبکەوێتەوە. - لەڕووی واتاییەوە: ڕاستە بڕیاری ٦٨٨ تەنها مرۆیی بوو، وەک خەڵکی سیڤیل بەرگری لە کورد کرد، نەک وەک شوناس و نەتەوەیەک و مافخوراو لە چوارچێوەی یەکێک لە دەوڵەتە دروستکراو و سەپێنراوەکاندا، بەڵام گوڕێک و قۆناغێکی نوێ بوو لە پۆلێنی وێستگەکانی جوڵانەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستاندا، کە دانی بەوەدا ناوە دەوڵەتێکی سەرکوتکار مافی هاوڵاتیانی پێشێل دەکات و مافە کولتووریی و مرۆییەکانیان پایماڵ دەکات. مانیفێستکەری ئەو ڕاستییەش بوو، پرسی کورد یەک پاکێچە و لەتناکرێت، چونکە دەرکەوت لە بەهاناوەچوونەوە کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور هەرچییان لەدەستهات لە هاوکاری مرۆیی و لۆبیکردن و پشتیوانی وەگەڕیان خست. - لە ڕووی نەیارناسییەوە: هەریەک لە ئەنکەرە، ئەستەنبوڵ پاشان بەغدا و شام، تێگەیشتن چەکی سڕینەوە و بەزیادەزانینی کورد چارەسەری گرێیان بەرامبەر کورد ناکات و ناچارن هەم دانبنێن بە کوردستانی عێراقدا و لەوەش تێگەیشتن چیتر پرسی کورد و بزوتنەوەکەی بە "سەعدئاباد و جەزایر و هەماهەنگی چوارقۆڵی"یەکەی جاران لەناونابرێت و کەس دەنگی نەبیستێت. کۆڕەوی کورد تێیگەیاندن ماڵسوتان و ماڵتێکچوونی کورد، ماڵی ئەوانیش بەئارامی ناهێڵێتەوە و پایتەختەکەیان دەهێنیتە لەرزە و دەستوەردەدرێت لەو دەوڵەتە مەرکەزییە سەپێنراوانەیان کە دەنگی گەلێک نابیستن. لەوەش زیاتر، نەیارانی چوارقۆڵی کوردستان، لە پرسی کۆڕەودا لەت بوون و ناچاربوون دان بە پرسەکە و ئاکامەکانیشیدا بنێن و بگرە ڕاپۆرت و نامە و نوێنەرەکانیان لەسەر دۆخی خەڵکی کۆچکردوو، بوونە پاڵپشت و بەڵگەی پشت دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨. کۆڕەو وەک هێزی کولتوور لە کۆڕەوە دەرکەوت، لە ئەگەری بەکارهێنانی نەرمەهێز و هۆشیاریی ڕاستەقینەی جەماوەری و متمانەی خەڵکدا بە کیانی خۆماڵی نەک هەر دەتوانێت خۆی بپارێزێت، بەڵکو دەتوانێت پشتوان و پارێزەری تفەنگ و توندەهێزی پێشمەرگە و قەوارەکەشی بێت، بە پێچەوانەشەوە هەمان هێندە دەتوانێت لەناوبەریشی بێت گەر متمانە بدۆڕێنێت. لە دنیای نوێی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەری وڵاتان، دیدگای سیاسەتی واقیعگەرایی و واقیعگەرایی نوێ زۆرترین ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردن و سنوورداکردنی ڕەفتاری دەوڵەتان و ئەندامەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەم دیدگایەدا، گرنگ نییە دەوڵەت چ ڕەفتار و ئایدۆلۆژیایەکی هەیە و نیازی چییە، بەڵکو ئەوەی ڕۆڵی بۆ دیاریدەکات جەمسەربەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی زلهێزەکانە کاریگەریی یەکەم و ڕاستەقینە جێدەهێڵێت. ڕاستە کورد خۆی یەکێک نەبووە و نییە لە کاراکتەرە دەوڵەتییەکان، بەڵام لە ڕێی نیمچەلۆبی کولتووریی و سیاسیی و پارادبلۆماسییەوە، لە کۆڕەوەوە دەرکەوت دەتوانێت جیێ خۆی بکاتەوە، نەک تەنها ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەت و دەستوور و یاساکانی عێراقدا بمێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو دەکرێت دیاردەیەکی وەک کۆڕەو بیکاتە ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و نێودەوڵەتی کاریگەر، هەروەک ئەوەی قەوارەی هەرێم ڕۆڵی باشتری بینی و کاریگەریشی لە دواوێستگەی جەنگی دژەتیرۆر و داعشدا بە ڕوونی بۆ دەوڵەتان دەرکەوت. بۆیە دەکرێت لانیکەم سود لەو نیمچەلۆبی و نەرمەهێزە کولتووریانە وەربگیرێت، کە تێیدا تفەنگ و دستوورەکان لە پاراستنی ماف و شوناسی کورددا کورت دەهێنن. بۆ نموونە لە پرسی کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان، مافەکانی کورد لە تورکیا، ئێران و سوریا و پشتیوانی لە جوڵانەوەی ڕزگارییخوازیی کورد لەو وڵاتانە و...تاد. مێژوو بۆ ئایندەسازیی کورد لە وردبوونەوە لە دیاردە و لێکەوتەکانی کۆڕەوە دەردەکەوێت پرسی کورد پرسێکی ماف-تەوەرە، بۆیە لەتناکرێت، یەک پاکێجە و لە هەر پارچەیەک بێت یەک ستەمی هاوبەشی هەیە، گەرچی چوارنەیار و چەند هێز و چەند ئیدارەی هەبێت بەڵام یەک ئیرادەی ناوەکی هەیە، گەر بخرێتەکار سەرلەبەر دەخرۆشێت و سنووری سیاسیی ناناسێت. لێرەدایە گرنگە پرسی کورد لە چوار پارچە لەتنەکرێت و نەرمەهێزی کوردان بۆ هەرچوارلا وەک پاکێجێک ڕێکبخرێتەوە و بجوڵێنرێت، گەرچی لەڕووی بەڕێوەبردنی دۆسێکەوە، چوارلایە بەڵام لەڕووی جۆری مامەڵە و پێشێلی مافەوە وەک یەکن، گەر کۆتکردنی ڕژێمی بەعس لە ٦٨٨ و دژەفڕیندا، بەهۆی چەوساندنەوەی گەلی خۆیی و پێشێلی مافی مرۆڤەوە هاتبێتە ئاراوە، ئەوا تاران، ئەنکەرە و شام هیچیان لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچوون و هەمان پێوەر بۆ ئەوانیش ڕاستە و هەقییەتی هاوشێوەی کۆڕەو، فشار و کارتی نەرمی کوردان بەکاربهێنرێت. تا ئەوکاتەی ئێران و تورکیا دان بە مافی کولتووری و سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوردا نەنێن، داننان و مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا نەک ناچارییە بەڵکو چەواشەکاریی و بەکارتکردنی پرسی مرۆیی کوردە، چونکە پرسی کورد لە هەرچوار پارچە پرسی مافی مرۆڤە و مافی مرۆڤیش پرسێکە بەشبەش ناکرێت. ناکرێت لێرە بڵێیت پارێزگاری هەولێر و کوردی عێراقم لە دەست گورگی عەرەبی، بەڵام خۆت گورگێکی تورکی و فارسی بیت بەرامبەر زمان و شوناس و ئینسانی کورد لە ئێران و تورکیا. کچێک تەنها لەبەرئەوەی خوشکە بچووکەکەی فێری ئەلفبێی کوردی بکات، ٥ساڵ توندی زیندانەکانی عەجەم بێت (زارا محەمەدی) و کچێکی دیکەش لەبەرئەوەی بەرگەی لەمافی مرۆڤی عەفرینییەکان کرد(چیچەک کوبانێ) بۆ هەتاهەتایە زیندانی تورکان بکەیت. سەڵاحەدینێکی سەرکردە لەزینداندا بێت تەنها لەبەرئەوەی ماف و دیموکراسی دەوێت (دەمیرتاش) و سەرکردەیەکیش لەبەرئەوەی ئاشتی دەوێت، لەسەر مێزی دانوستاندن تیرۆر بکرێت(قاسملو). بابەتی پێشتر : بەکارهێنانەوە سیاسییەکانی نەورۆز
درەو: نهوژین - ئەحمەد حەمید ”هیچ راپۆرت و کارێک نەبوە لەکاتی ئامادە کردنیدا توشی کێشەو فشاری دەرونی نەبوبم“. ئهمه وتهى كچه رۆژنامهنوسێكه لهبارهى ئهو فشارانهى لهسهرى دروست دهبێت بههۆى كارهكهیهوه. شهرمین عهلى، ماوهى ١٤ ساڵه له گهرمیان سهرقاڵى كارى رۆژنامهنوسیه لهبارهى ئهو فشاره دهرونیانهى بههۆى پیشهكهیهوه توشى بوه، بۆ نهوژین دهڵێت: مامەڵەی رۆژنامەنوس لەگەڵ گشت چین و توێژو رەگەزو خەڵکێکە، لهگهڵ ئهوهشدا وەک ئەوەیە تۆ لەبەرەیەک بیت و ئەو هەمو بیروڕا جیاوازەش لەبەرەیەک بن. ئهو فشاره دهرونیهكانى دهبهستێتهوه بەوەی لەسەر بنەمای جێندەربوە کە روبەڕویان بوەتەوە”دەیان جار کە بۆکاری میدیایی رۆشتوم لەو شوێندەدا روبەڕوی تانەو توانج و تەنانەت گێچەڵ پێکردنیش بومەتەوە، باشیش تێگەشتوم تەنها لەبەر ئەوەیە کە ژن بوم“. ”ئەو پێشلکاریەی بەرامبەرم کرا، ئازاری رۆح و دەرونیدام“ ژنانى رۆژنامهنوس ئهوه دهخهنهڕو یهكێکی دیکە له فشارهكانى سهریان دوای کاتی تەواوبونی کارە رۆژنامەنوسیەکانیان بە هیلاکیەکی زۆر، ئهركه خێزانیهكانیەکانە. سۆما خالید، كچه رۆژنامهنوسێكه زیاتر له ههشت ساڵه له شاری سلێمانى كارى راگهیاندن دهكات، ئاماژهى بهوهكرد: یهكێك لە فشارەکانی سەرئێمە هیلاکبونی زۆره لەروی کارکردنەوە، لەهەمان کات ئەرکهكانی ژیانیش فشارێكى دیكهیه. سۆما خالید، لە کاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکەیدا سۆما، تیشکی خستەسەر ئەو پێشلکاریەی بەرامبەریکراوە کە بەشێوەیەک ئازاری داوە بیر لە تۆڵەکردنەوە بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت: پێشێلکاریم لەبەرامبەردا کراوە تا ئەو رادەیەیی ئازاری رۆح و دەرونمی دا، تا ئێستاش کاریگەری لەسەرم ماوە و زۆرکاتیش بیر لە”تۆڵەکردنهوه“ دەکەمەوە. ”پاڵپشتیە دەرونیەکانی دەزگاکەم وایانلێکردوم بەهێزبم“ لەگەڵ ئەمانەشدا رۆژنامەنوسانی مێینە باسلەوەدەکەن پاڵپشتیە دەرونیەکان کاریگەری راستەخۆیان هەیە لەسەر بەرەنگاربونەوەیان بەرامبەر ئەو فشارانەی روبەڕویان دەبێتەوە. بوشرا فاروق، یەکێکە لەو رۆژنامەنوسانەی لهو دهزگایانهى كارى كردوه خولى پاڵپشتى دهرونیان بۆ كراوهتهوه و زۆریش پشتگیرى كراوە، وتی: ”ئهمانه بە هۆکار دەزانم بۆ ئهوهى کە توشى فشارى دهرونى نەبوم“. بوشرا فاروق، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا جیاواز له بۆچونهكهى بوشرا، شهرمین، باس لهوهدهكات: دەزگاکانی راگەیاندن زۆرینەیان پشتگیری ژنانی رۆژنامەنوس دەکەن بۆ بەردەوام بون، بەڵام نەیانتوانیوە لەروی مەعنەوی و دەروونیەوە کار لەسەر بەهێزکردنی رۆژنامەنوسە ژنەکان بکەن بەرامبەر فشاری کۆمەڵگا و لەمپەرەکان. ”لە خودی دەزگا راگەیاندنهكان پێشەلکارییان بەرامبەر دەکرێت، وەک گێچەڵکردن و تەحەروش، کەوادەکات لە مێشکیاندا بمێنێتەوە و کاریگەری لەسەر دەرونیان بکات، ئەو حاڵەتەش لەگەڵیان درێژە دەکێشێت و گەشەدەکات، و دەبێتە ترس و دڵەراوکێ و کار دەکاتە سەر ئامانج و هەنگاوەکانیان“.سۆما خالید، وادهڵێت. ”کارکردنی زۆر توشی فشاری دەرونی کردنم“ ههندێكجار كچانى رۆژنامهنوس ناهێڵن ئاستهنگهكانى بهردهمیان ببێته فشارى دهرونى بۆیان، بهڵام دواجار بههۆى كارى زۆرهوه فشارى دهرونیان بۆ دروست دهبێت. کچە رۆژنامەنوس ساكار عهبدوڵلا، ئەمەی روبەڕو بۆتەوە، لە بارەیوە قسەی بۆ نەوژین کردو وتی: ”به هۆى كاركردنى زۆرهوه ههندێك جار فشارى دهرونیم لهسهر دروستبوه، بهڵام رێگهم نهداوه کاریگەری لەسەر کارەکەم جێبهێڵێت“. ئهو وتیشى: متمانه بهخۆبون هۆكارێكى گرنگى بهردهوامبونمه ههر ئهوهش وایكردوه نههێڵم فشاره دهرونیهكان كاریگهرى لهسهرم دروستكات. ساكار، بۆ ئهوهى فشاره دهرونیهكانى كهم بكاتهوه راوێژى به هاوڕێ و هاوپیشهكانى كردوه و لهو رێگهیهوه توانیویهتى فشارهكان لهسهر خۆى لابهرێت. ساکار عەبدوڵلا، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا لهبارهى ئهوهى راوێژى به كهسانى پسپۆڕ كردوه بۆ نههێشتنى ئهو لێكهوته دهرونیانهى لهسهریهتى. سۆما، وتى: ئێمەی رۆژنامەنوسی ژن کەم راوێژ دەکەین بەکەسانی پسپۆڕی دەرونی یان توێژەری کۆمەڵایەتی، لهكاتێكدا زۆر پێویستە بۆ ئارام بونەوەی دەرونمان. ”بەهۆی فشاری دەرونیەوە رۆژنامهنوس ههبوه وازى له كارەکەی هێناوه“ ”بهو پێیهى له عێراق به شێوهیهكى گشتى كۆمهڵێك دۆسیه ههن كه رۆژنامهنوسان دهستى بۆ دهبهن روبهڕوى فشار دهبنهوه، بەشێوەیەک رۆژنامهنوسمان ههبوه به هۆى ئهو فشاره دهرونیهى لهسهرى بوه وازى له كارى راگهیاندن هێناوه“. ئەمە قسەکانی دیارى محهمهد، بهڕێوبهرى سهنتهرى میترۆیە بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان. وتیشى: فشارى دهرونى به شێوهیهكى جدى كارى لهسهر نهكراوه و تهنانهت دهزگاكانى راگهیاندن گرنگى بهم لایهنه نادهن، لهگهڵ بهشى زۆرى كهناڵهكانیش باسى ئهو گرفتانهمان كردوه، بهڵام له پراكتیكدا بهدى ناكهین گرنگى به لایهنى دهرونى رۆژنامهنوسهكانیان بدهن. بهڕێوبهرەکەی سهنتهرى میترۆ، ئەوەشی نەشاردەوە”كه كهناڵى راگهیاندن ههیه خۆى بوهته هۆى فشار بۆ سهر رۆژنامهنوسهكانیان به تایبهت كچانى رۆژنامهنوس“ . سهربارى ئهو ئالەنگارى و گرفتانهى كچانى رۆژنامهنوس دهیخهنهرو، بهڵام باس لهوهش دهكهن ئهو گرفتانه نهبوهته رێگر بۆ بهرهوپێشچونى كارهكانیان و توانیانه بهسهر ئاستهنگهكاندا سهركهون. شهرمین، دهڵێت: ”وەک رۆژنامەنوسێکی ژن، دیمەنە ناخۆشەکانی کاتی کارکردن و فشارە دەرونیەکان راستە لەکاتی خۆیدا بێتاقەتم دەکات و نیگەران دەبم پێی، بەڵام وزەو هێزی بەردەوامیان پێداوم، بەوەی لەکارەکەم دەتوانم بیروباوەڕی خەڵک بگۆڕم، نەک تەسلیم بون بەو بیرۆکە خراپانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسی ژن هەیانە“. شەرمین علی، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا
درەو: گوهدار زێباری و شێروان شێروانی وەك رۆژنامەنووس ڕووماڵی ناڕەزاییەكانی دهۆكیان دەكرد كە دژ بە دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران بوو، لەگەڵ هاوڕێكانیان دەستگیركران و بە شەش ساڵ زیندانی سزادران" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی. لە ڕاپۆرتێكیدا فاینەنشڵ تایمز باس لە دیموكراسیەت لە عێراق و گیراوەكانی بادینان ئەكات. دادگایەك لە هەولێر گوهدار و هاوڕێكەی شێروان شێروانی تاوانبار كرد بە گواستنەوەی زانیاری بۆ لایەنی دەرەكی و هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و نایاسایی. ئەم دوو كەسە بەشێكن لەو پێنج كەسەی كە مانگی ڕابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران، دوای بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی هاوڵاتیان دژ بە حكومەت، لەگەڵ ئەوەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تاوانباركردنی ئەم كەسانە بە ناڕاست و هەڵبەستراو لەقەڵەم ئەدات. باوكی گوهدار ئەوەی ڕاگەیاند كە كوڕەكەی دژ بە گەندەڵیەكانی حكومەت نوسیویەتی و ئەوان نوسینەكانیان بە دڵ نەبووە. لایەنگرانی ئەم كەسانە دەڵێن ئەم پێنج كەسەی دهۆك قوربانی بەرگریكردنن لە دەربڕینی بیرو ڕای ئازاد . لە هەژدە مانگی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووسی عێراقی كوژراون و ڕفێنراون و دەستبەسەركراون یان بە تۆمەتێك دراون بە دادگا. بەرپرسیاری ئەو كوشتنانە بە شێوەیەكی گشتی ئەكەوێتە سەر میلیشیاكانی پەیوەست بە سیستەمی سیاسی عێراق و وە بە پشتگیری تاران دەكرێت. بەڵام ئێستا دەسەڵاتدارانی كورد و دەوڵەتی عێراق كەوتونەتە ژێر هەمان فشار.. كۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو نووسەری سیاسی دەركرد بە تاوانی ناوزڕاندنی دەسەڵاتی گشتی یەكێك لەو كەسانە ، ئیبراهیم ئەلسومەیدعییە، لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا، دووەم كەسیان لەدەرەوەی وڵات ئەژی. تۆمەتەكان بەپێی یاسایەكی ساڵی 1969 بوون كە لەسەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا نووسراوە، ئەو یاساییەی كە لەبێدەنگیدا عێراقی خنكاند تا دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە 2003 و حیزبی بەعس كۆتایی پێهات لە عێراق. دیاری ساڵح مامۆستای زانكۆی ( موستەنصریە ) هۆشداری دەدات كە بەبەكارهێنانی "یاسای 1969 " ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هێشتا زیهنیەتی (صەدام حسێن) لە سیستمەكەدا كاردەكات" فرە میدیایی لە عێراقدا هەیە ، بەڵام سەربەخۆیییەكی زۆر نییە : زۆربەی بێژەرو دەزگاكانی هەواڵ ، خاوەنەكەی حیزب و میلیشیا سیاسییەكانن . پەیامنێران و كامێرامانەكان بە بەردەوامی لەلایەن هەردوو ئیدارەی كوردی و حكومەتی ناوەندییەوە كراونەتە ئامانج . كاتێك لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی دژ بە حكومەت لە ساڵی 2019 دا سەدان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و میلیشیاكانەوە كوژران، بەرپرسی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق فەرمانی دا بە داخستنی 12 تەلەفزیۆن و چوار وێستگەی رادیۆیی ، بە بیانوی پێشێلكردنی یاساكانی مۆڵەتی میدیاییەوە. هەرێمی كوردستانی عێراق لە مێژە پەناگەی نووسەرانی عێراقی عەرەبی بووە، بەڵام ساڵحی دەڵێت ئەوە لە گۆڕانكاریدایە ئێستا، نووسەران بە گاڵتەوە ئەڵێن دەتوانن بەغدا بەرەو هەولێر جێبێڵن ، بەڵام دواتر دەڵێن " ئەگەر ڕەخنە لە پارتی دێموكراتی كوردستان بگرن"، دواتر كەس ئەوان لە خۆ ناگرێت. گوهدار زێباری كە كاری بۆ ڕۆژنامەی "وڵات نیوز" دەكرد، هەروەها شێروان شێروانی كە ڕۆژنامەنوسێكی سەربەخۆ بوو، دوای ڕووماڵكردنی ناڕەزاییەكان لە دهۆك دەستگیركران، خۆپیشاندانەكان لەسەر دواكەوتنی پێدانی مووچەی كەرتی گشتی بوو. ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، كە دادگاییكردنەكەیان ناڕەوایە و ئاماژەی بەوە كرد كە كەمتر لە هەفتەیەك پێش بەرواری دادگاییەكەیان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند كە تۆمەتباران سیخوڕبوون و وتی:"ئەوانەی دەستبەسەركراون ... نە چالاكوانن و نە ڕۆژنامەنووسن هەندێكیان سیخوڕ بوون، بۆ وڵاتانی تر . . وە هەندێكیان تێكدەر بوون". نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە چاودێری دادگاییكردنەكە دەكات بەڵام هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە . خێزانی زێباری سوورن لەسەر بێتاوانی گوهدار، باوكی دەڵێت كوڕەكەی وەك ئەوەی " لە وڵاتێكی ئازادی ڕادەربڕیندا بووبێت " دەینووسی . چەند ساڵە پێی دەڵێم، سەیركە، ئەم شتانە مەنووسە، ئەوان لەناوت دەبەن یان دەتكوژن" ئەو ئاهێك هەڵدەكێشێت و ئەڵێت "ئەوەی من پێشبینیم دەكرد روویدا"
راپۆرت:فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف بەپێی نوێترین تەكنەلۆژیای ریسایكلین دەتوانرێت لە هەزار تەن زبڵو خاشاك بڕی (37 مێگاوات) كارەبا بەرهەم بهێنرێت، لە هەرێمی كوردستان تائێستا زبڵ دەخرێتە ژێر خۆڵ، بەر لە حەوت مانگ لە سلێمانی كارگەیەكی ریسایكلین كەوتەكار، كە زبڵو خاشاك دەكات بە سوتەمەنیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم پارەی بۆ خەرجناكات، كارگەكە ناتوانێت بەتوانای تەواوەتی خۆیەوە كاربكات، لە پارێزگای دهۆكیش پرۆژەیەكی ریسایكلین هەیە كە دیارنییە كەی دەكەوێتە كار، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (7 هەزار) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە، بۆ ئەم پرۆسەیە حكومەت مانگانە (10 ملیۆن) دۆلار خەرجدەكات، بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا زبڵ هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر ژینگە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ژینگە لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی بڕیارێكی پەرلەمان، رۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێك وەكو رۆژی ژینگە دیاریكراوە، سەرباری ئەمە دەستەیەكی سەربەخۆ هەیە بەناوی (دەستەی پاراستنو چاككردنی ژینگە) كە ئێستا (عەبدولڕەحمان سدیق) سەرۆكایەتی دەكات. لەپاڵ ئەمانەدا، ژینگەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی پاشماوەی خۆڵو خاشاكی ماڵانو دوكانو شوێنە بازرگانییەكانەوە، لەبەردەم مەترسیدایە. خۆڵو خاشاك لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوەو فڕێ دەدرێت، قەبارەی خۆڵو خاشاك لەناوچە جیاوازەكان بەمشێوەیە: • هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە • سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن • ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن • ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن • دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن تێكڕای قەبارەی خۆڵو خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆنو 628 هەزار) تەن، كە لە نزیك شارەكان فڕێدەدرێتو دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگەو تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش هەندێكجار كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەننو شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵەوە. ئەمە تەنیا پرۆسەی كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكە، بەڵام پرۆسەی چارەسەركردن بەشێوەیەكی ئابورییو ژینگەیی كە پێی دەوترێت (ریسایكلین) لە هەرێمی كوردستان هێشتا بەشێوەیەكی باش نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، ئەمە لەكاتێكدایە دەتوانرێت لەو خۆڵو خاشاكانە وزەی كارەبا بەرهەمبهێنرێت یاخود سەرلەنوێ ماددەی سەرەتایی دروستبكرێتەوەو كارگەكان لە هاوردەكردنی ماددەی سەرەتایی لە دەرەوەی وڵات رزگاربكرێن. ریسایكلین چییە ؟ ریسایكلین، بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی خۆڵو خاشاك بۆ بەرهەمی نوێ، ئەمە لە مێژوودا پرۆسەیەكی نوێ نییە، لە چاخە دێرینەكاندا مرۆڤ ماددە كانزاییەكانیان تواندوەتەوەو ئامێری نوێی لێ دروستكردووە. پرۆسەی ریسایكلین چەندین سودی هەیە، لەوانە پاراستنی ژینگە، كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستن بەو ماددەی سەرەتاییانەی كە لە سروشتەوە بەرهەمدەهێنرێن بۆ دروستكردنی كاڵای نوێ، كەمكردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان بەوپێیەی نرخی ئەو ماددانەی كە لە پرۆسەی ریسایكلینەوە بەرهەمدەهێنرێن زۆر كەمترە لە نرخی هەمان ماددە كە لە سروشتەوە بەرهەمدەهێنرێت، بۆ نمونە دروستكردنی كاغەز رۆژانە پێویستی بە بڕینەوەی سەدان درەخت هەیە، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی ریسایكلینەوە سەرلەنوێ سود لە كاغەزی بەكارهاتوو وەربگیرێت، هەم تێچووی كەمتر دەبێتو هەم سەدان درەخت لە بڕینەوە رزگاریان دەبێتو بەمەش ژینگە پارێزراوتر دەبێت، سەرباری هەموو ئەمانە، پرۆسەی ریسایكلین دەرفەتی كار بۆ خەڵك دەڕەخسێنێت. ریسایكلین یەكێكە لە پیشەسازییە ستراتیژییەكان، ئێستا لە سنوری یەكێتی ئەوروپادا (516) كارگە هەیە، لە ئەمریكا (123) كارگە، لە ژاپۆن (100) كاریگە، لە چین (56) كاریگە، لە ئوسترالیاو نیوزلەنداش زیاتر لە (17) كارگەی ریسایكلین هەیە. سوید بە یەكێك لەو وڵاتانە ئەژماردەكرێت كە لەبواری دووبارە سودوەرگرتنەوە لە خۆڵو خاشاكدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، لەم وڵاتە پاشماوەی خۆڵو خاشاكو كەلوپەلی بەكارهاتوو لەرێگەی ریسایكلینەوە دەكرێت بە كارەباو سەرچاوەی سوتەمەنیی بۆ خۆگەرمكردنەوە، چینو ئەڵمانیاو هۆڵەنداو بەلجیكا لەو وڵاتانەی ترن كە لەم بوارەدا چاویان لێدەكرێت. ئەم پیسەشازییە لەسەردەمی جەنگی یەكەمو دووەمی جیهانیدا دەركەوت، ئەوكات ماددە بنەڕەتییەكانی وەكو لاستیكو هەندێك كانزای تر زۆر كەمیان كردبوو، كۆمەڵگە ئەوروپییەكان لەو سەردەمانەدا زۆر پێویستیان بەو ماددانە هەبووە، بۆیە دەستكراوە بۆ كۆكردنەوەی ئەو مادانە لەناو خۆڵو خاشاك بەمەبەستی دووبارە بەكارهێنانەوەیان، لەوكاتەوە ریسایكلین بووە بە گرنگترین ئامرازی خۆدەربازكردن لە پاشماوەكان، ئێستا ئەم بوارە زۆر گەشەی كردووە، تا ئەو رادەی جگە لە كانزاكانی وەكو ئاسنو ئەلەمنیۆمو پۆڵا هەروەها ماددە پلاستیكییەكانو سوشەو كاغەزو كارتۆنو تایەی ئۆتۆمیبلو پەڕۆ، ئاوەڕۆكانیش ریسایكلین دەكرێنو جارێكی تر بۆ خواردنەوە سودیان لێدەبینرێت. سەرباری ئەمانە، كەلوپەلە ئەلیكترۆنییەكانیش چونەتە ناو بواری ریسایكلین، بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ساڵی 2014 بڕی (41 ملیۆن) تەن كەلوپەلی لەكاركەوتووی ئەلیكترۆنی فڕێدراونەتە ناو زبڵدانەكانو لەو ساڵەدا رێژەی یەك لەسەر شەشی ماددە ئەلیكترۆنییەكان لەڕێگەی ریسایكلینەوە سەرلەنوێ سودیان لێوەرگیراوەتەوە. چارەسەری خۆڵو خاشاك بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاك لە جیهاندا سێ رێگای هەیە: رێگای یەكەم: داپۆشینی راستەوخۆ ئەمە بریتییە لە پرۆسەی داپۆشینی رێژەی 100%ی ئەو خۆڵو خاشاكەی كە لە شارەكاندا كۆدەكرێتەوە لەژێر خۆڵدا، ئەمە شێوازێكی كۆنو نەریتییەو تەنیا لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا پەیڕەو دەكرێت، ئەوەی لە كوردستان هەیە ئەم شێوازەیە، لەم شێوازەدا ئەو ماددە سودبەخشانەی كە لەناو خۆڵو خاشاكی ماڵاندا هەیە لەگەڵ ماددە بێكەڵكەكان پێكەوە ژێر خاك دەنرێن، سەرباری زیانە ئابورییەكانی، ئەم شێوازە زیانی زۆر بە ئاوی ژێر زەویو ژینگە بەگشتی دەگەیەنێتو روبەرێكی زۆری زەویش داگیر دەكات. رێگای دووەم: سوتاندن لە هەوادا ئەم شێوازە پێی دەوترێت چارەسەر بە گەرمی یاخود سوتاندن (THermal)، هەندێك ئەم شێوازەیان ناوناوە ناشتن لە هەوادا (Air filling)، ئەم شێوازەش بەهۆی پیسكردنی ژینگەی بەرگەهەواوە، پشتی پێنابەسترێت. رێگای سێیەم: چارەسەری بایۆلۆژی ئەم شێوازە پێشكەوتوترین رێگای چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكە، چونكە بەبەراورد بە رێگاكانی تر كەمترین پاشماوە لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێتو زیانەكانی بۆ ژینگە زۆر كەمترە. لەپاڵ ئەم سێ رێگایەدا، چەند رێگایەكی تری چارەسەری خۆڵو خاشاك هەن، كە زیانیان بۆ ژینگە هەیە، لەوانە شێوازی بەكارهێنانەوەی ماددە سودبەخشەكانی ناو خۆڵو خاشاك، لەم شێوازەدا تەنیا ماددە سودبەخشەكان جیادەكرێتەوەو ماددەكانی تر فڕێ دەدرێتە ناو ژینگەوە، شێوازی بەكارهێنانی خاشاك بۆ دروستكردنی پەینی كیمیایی رێگەیەكی ترە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەم شێوازە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو نییە، چونكە خاشاكی هەرێم بڕێكی زۆر كانزای قورسی تێدایەو دەبێتەهۆی پیسبوونی خاكو رێژەی 40%ی پرۆسەكە وەكو پاشماوە دەمێنێتەوە، رێگەیەكی تریش هەیە كە بەكارهێنانی خاشاكە بۆ دروستكردنی غاز، لەم شێوازەش لایەنە خراپەكەی ئەوەیە رێژەی 50%ی خاشاكەكە دەبێتە پاشماوەو زیان بە ژینگە دەگەیەنێت. ریسایكلین لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان چەند هەوڵێك هەیە بۆ چارەسەركردنی پاشماوەی خۆڵو خاشاك بەشێوەیەكی سەردەمیانەو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، بەڵام هێشتا هیچ یەكێك لەو هەوڵانە بەتەواوەتی نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەوڵێك لە سلێمانییەوە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو، لە پارێزگای سلێمانی كارگەیەكی ریسایكلین تەواوكرا بەناوی (كارگەی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكی رەقی ئیكۆسیم)، ئەم كارگەیە لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە دروستكراوە كە بە "فاروق گروپ" ناسراوە. كۆمپانیای (ئیكۆسیم) بە هاوكاری دوو كۆمپانیای تایبەتمەندی ئەوروپیو بە تێچووی (60 ملیۆن) دۆلارو لەسەر روبەری (204) دۆنم زەوی لەناوچەی (تانجەرۆ) كارگەكەی دروستكردووە، واتە لە هەمان ئەو ناوچەیەی كە شارەوانی سلێمانی دیاریكردبوو بۆ فڕێدانو داپۆشینی خۆڵو خاشاكی شارەكە. گرێبەستی ئەم پرۆژەیە لەنێوان (پارێزگای سلێمانی)و (كۆمپانیا ئیكۆسیم)دا كراوە، بەگوێرەی گرێبەستەكە، ئەم كارگەیە دەبێت هەموو جۆرە خاشاكێكی سلێمانی چارەسەر بكات، جگە لە پاشماوەی (پزیشكی)و (بیناسازی)، هەروەها دەبێت رۆژانە بڕی (هەزارو 100) تەن خۆڵو خاشاك چارەسەر بكات. مانگی ئابی 2020، كارگەكە ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی خۆڵو خاشاكی سلێمانی راگەیاندو بەشێوەیەكی ئەزمونیو بەتوانای (هەزارو 300) تەنەوە لە رۆژێكدا (واتە زیاتر لەو بڕەی لە گرێبەستەكەدا بۆی دیاریكراوە) كەوتەكار. بەرپرسەكانی ئەم پرۆژەیە دەڵێن، لە دروستكردنی كارگەكەدا رەچاوی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی سلێمانییان كردووە لە (20 ساڵ)ی داهاتوودا، هەروەها رێژەی پاشماوەی كاركردنی پرۆژەكە 10%یەو دەیانەوێت لە داهاتوودا ئاستی پاشماوە بۆ 6% دابەزێنن، كە ئەمەش بڕێكی زۆر كەمەو كاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە نابێت. بەگوێرەی قسەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، ئەم كارگەیە دەرفەتی كاركردن بۆ زیاتر لە (200) كەس دەرەخسێنێت. لەچارەسەركردنی خۆڵو خاشاكدا، ئەم كارگەیە نوێترین شێوازی پەیڕەو كردووە كە شێوازی (چارەسەری بایۆلۆژی)یەو پرۆسەكە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت: • چارەسەری میكانیكی سەرەتایی: لەم قۆناغەدا خاشاكەكە دەهاڕدرێت بۆ ئەوەی قەبارەی چونیەكی هەبێت. • چارەسەری بایۆلۆژی: لەم قۆناغەدا خاشاكە هاڕدراوەكە وشكدەكرێتەوەو لە بەكتریاو ڤایرۆس خاوێندەكرێتەوە. • چارەسەری میكانیكی: لەم قۆناغەدا ماددەی ناچالاك لە خاشاكەكە جیادەكرێتەوە كە رێژەكەی تەنیا 10%و ئەم بەشە دەبێت بە پاشماوە (واتە رۆژانە تەنیا رێژەی 10%ی خاشاكی سلێمانی وەكو پاشماوە دەهێڵێتەوە). لە كۆتایی ئەم پرۆسە سێ قۆناغییەدا، ئەو بەرهەمەی كە لە زبڵو خاشاكی سلێمانیەوە بەدەستدێت، سوتەمەنییەكە كە پێی دەوترێت (RDF) كە سوتەمەنی جێگرەوەیە بۆ كارگەكانو هاوكات دۆستی ژینگەیە. دوای نزیكەی حەوت مانگ لە تەواوبوونی، ئەم كارگەیە هێشتا بەتوانای تەواوەتی خۆیەوە كارناكات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم پارەی كاركردنی بۆ خەرجناكات، پارێزگاو شارەوانی سلێمانی چەندجارێك نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەڵام حكومەت وەڵامناداتەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" كارگەكە بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە ئەو بڕە لە خۆڵو خاشاك وەرگرێت كە لە گرێبەستەكەیدا داوای لێكراوە، دەبێت حكومەتیش پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە كارگەكە جێبەجێ بكات". ئێستا ریسایكلینەكەی سلێمانی تەنیا چاوەڕوانی ئەوەیە، حكومەت پارەی كاركردنی بۆ خەرج بكات بۆ ئەوەی رۆ ژانە لانی كەم (هەزارو 100) تەن خۆڵو خاشاك بگۆڕێت بۆ سوتەمەنی. هەوڵی دووەم لە دهۆكەوە كۆتاییەكانی 2020، وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار دروستكردنی كارگەیەكی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكی لە سنوری پارێزگای دهۆكو بەدیاریكراوی لە ئامێدی راگەیاند، بەڵام ئەو پرۆژەیە تائێستا تەواو نەكراوە. ئەم كارگەیە، لەسەر رووبەری (96) دۆنم زەوی دروستدەكرێتو دەكەوێتە كۆمەڵگەی (قەدش)ی سەر بە ناحیەی سەرسەنكێ، خۆڵو خاشاكی زیاتر لە 13 شارەوانی سنورەكە چارەسەر دەكات. ریسایكلین لە عێراق لە عێراق خۆڵو خاشاك یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە، بەگوێرەی دواین داتاكان، ئاستی خۆڵو خاشاك لە عێراق ئێستا رۆژانە بۆ زیاتر لە (15 هەزار) تەن بەرزبوەتەوە. بەمدواییە حكومەتی عێراق چەند گرێبەستێكی وەبەرهێنانی زبڵو خاشاكی لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە بەدەستگەیشتووە كە داوای دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی خاشاك بۆ وزەی كارەبا. سەرباری ئەوەی بە دروستكردنی ئەم كارگانە ژینگەی عێراق رزگاری دەبێتو لەلایەكی تریشەوە كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت، بەڵام هێشتا ئەم جۆرە پرۆژانە بەربەستیان لەبەردەمدایە. یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم دروستكردنی كارگەی ریسایكلین بەگوێرەی قسەی ئەمجەد عقابی ئەندامی لیژنەی وزەو نەوت لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەیە، كۆمپانیاكان داوا دەكەن خەڵك لە ماڵەكانی خۆیانەوە جۆری زبڵو خاشاكەكانیان جیابكەنەوە هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەیە كە چەند تەنەكەیەكی خۆڵ دانراوەو بەپێی جۆری ماددەكان، زبڵەكانیان تێدا رۆدەكرێت، ئەمەش بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە بۆ عێراق كارێكی قورسە، چونكە خەڵك بە گشتی رۆشنبیری جیاكردنەوەی جۆرەكانی زبڵو خاشاكیان نییە. سەرباری ئەمە، لەبارەی نرخی یەكەی ئەو كارەبایەی كە لە زبڵو خاشاك بەرهەمی دەهێنرێت، كێشە لەنێوان وەزارەتی كارەبای عێراقو كۆمپانیاكانی بواری ریسایكلیندا هەیە. بەپێی قسەی هاشم شەدیدی راوێژكاری وەزارەتی كارەبای عێراق، نەوەی چوارەمی تەكنەلۆژیای ریسایكلین لەتوانایدایە لە هەزار تەن خۆڵو خاشاك بڕی زیاتر لە (37 میگاوات) كارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام نەوەی سێیەمی هەمان تەكنەلۆژیا كە لە توركیاو وڵاتانی تری دراوسێی عێراق بەكاردەهێنرێت، لە هەزار تەن خاشاك بڕی نزیكەی (17 میگاوات) كارەبا بەرهەم دەهێنێت. زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، كۆمپانیاكان تەندەریان پێشكەش كردووە بۆ كڕینی یەك تەن خاشاكی عێراق بە بڕی (5) دۆلار بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەباو دواتر فرۆشتنەوەی كارەباكە بە وەزارەتی كارەبای عێراق بە بڕی (4.5 سەنت) بۆ هەر كیلۆواتێك، سەرباری ئەوەی ئێستا عێراق بۆ كڕینی هەر كیلۆواتێك كارەبا بڕی (11) سەنت بە ئێران دەدات، بەڵام ئامادە نییە گرێبەستێكی لەمجۆرە بكات، كە هەم تێچووەكەی كەمترە هەم كێشەی خاشاكو ژینگە چارەسەر دەكات.
(درەو): کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی چوارەمین کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت و پشکەکانی فرۆشت. کۆمپانیای (ئیکسۆن مۆبیل) یەکێکە لەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی بواری نەوت، کە لەماوەی زیاتر لە یەک دەیەی رابردوودا، چەند گرێبەستێکی کردووە بۆ فراوانکردنی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیکسۆن مۆبیل کە لەکۆی (١٩) کێڵگەی نەوت و غازی هەرێم، گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی (٦) کێڵگە کردووە، پێشتر (٣) کێڵگەی هەرێمی داوە بە کۆمپانیا بیانییەکانی ترو لێی دەرچووە. ئەمڕۆ، کۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، پشکەکانی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی (بەعشیقە) کڕیوەتەوەو ئێستا ئەو گەورەترین پشکداری ئەو کێڵگەیە. ئەمە چوارەمین کێڵگەی نەوتی هەرێمە کە ئیکسۆن مۆبیل بەجێی دەهێڵێ بۆ کۆمپانیاکانی تر. لەلایەکی تر، کۆمپانیا نەرویژییەکە، پلانی خۆی راگەیاندووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی (شێخان) بە سەرمایەیەکی زیاترەوە. جۆن هاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (گۆڵف کیستون) کە بە هەمان شێوە له کێڵگەی شێخاندا کاردەکات، دەڵێ:" بەرنامەمان هەیە پەرە بە کێڵگەی شێخان بدەین کە کارەکانی پێشتر بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە راوەستاوە". ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان رۆژانە (٤٠ هەزار) بەرمیلە، ئەم کۆمپانیایە دەیەوێت لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ (٥٥ هەزار) بەرمیل بەرزبکاتەوە.
(درەو): بەیانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئیسرائیلی بۆ جاری چوارەم لەماوەی دوو ساڵدا، جارێكی تر روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردەوە، چاودێران ئەم هەڵبژاردنە وەكو راپرسییەك لەبارەی چارەنوسی سیاسی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل تەماشا دەكەن. پرۆسەی دەنگدان لە سێ هەڵبژاردنی پێشوودا نەیتوانی زۆرینە لەبەرژەوەندی هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە، هاوكات حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی كە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە سیاسییە دروستكرا، مانگی كانونی یەكەمی رابردوو توشی داڕمان هات. بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی كە بەمدواییە كراون، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنی ئەمڕۆ جارێكی تر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشتر دووبارە بكاتەوەو ئەنجامەكەی نەتوانێت زۆرینە بۆ یەكێك لە پارتە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە. لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا، زیاتر لە (6 ملیۆنو 500 هەزار) هاوڵاتی ئیسرائیلیی مافی دەنگدانیان هەیە. هەڵبژاردنی ئەمڕۆ لەكاتێكدا بەڕێوەچێت كە ئیسرائیلییەكان لە كەرەنتینە دەردەچن، كە دەسەڵاتداران بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەر خەڵكدا جێبەجێیان كرد، هەروەك هەڵبژاردنەكە بەر لە دوو هەفتە دێت لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دادگایكردنی بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی. ناتانیاهۆ روبەڕووی تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلو خیانەتكردن لە ئەمانەت دەبێتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك تۆمەتن كە ناتانیاهۆ رەتیاندەكاتەوەو دەڵێت پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە. لە مانگی ئازاری رابردووەوە، حكومەتی ئیسرائیل سێجار قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، سەرباری ئەمە، نەیارە سیاسییەكان، ناتانیاهۆ تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەشێوەیەكی خراپ ئیدارەی دۆسیەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنای داوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئابوری ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا هاوكات لەگەڵ كەمبونەوەی ژمارەی توشبوانو مردن بە كۆرۆنا، هەندێك بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ناتانیاهۆ، پرۆگرامی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆناو خێرایی پرۆسەی بەكارهێنانی ڤاكسینەكە وەكو دەستكەوتێكی گەورە بۆ حكومەتەكەی ناودەبات. كاتێك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە لوتكە، ئیسرائیل یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە زۆرترین زیانی بەركەوت، بەڵام ئێستا هاوڵاتیانی ئیسرائیلی یەكەمین كەسن لەسەر ئاستی جیهان كە ڤاكسینیان وەرگرتووە. سەرباری قەیرانی كۆرۆنا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان باسلە هەژمونی سیاسی ناتانیاهۆ دەكەن، كە لەمێژووی ئیسرائیلدا زۆرترین ماوە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماوەتەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێن وڵات پێویستی بە گۆڕانكارییو ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتە. ناتانیاهۆ لە ساڵی 2009وە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندایە، پێشترو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لەم پۆستەدا بووە. ئیفلیجیی سیاسی پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی (لیكۆد)ی راستڕەو كە ناتانیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەمجارەش زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمان (كە لە ئیسرائیل پێی دەوترێت كنێست) بباتەوە، بەڵام پێناچێت سەركەوتوو بێت لە دروستكردنی زۆرینەیەك لەناو پەرلەماندا كە رێگەی پێبدات بەبێ پاڵپشتی پارتەكانی تر بتوانێت خۆی بەتەنیا كابینەیەكی نوێی حكومەت دروست بكات، زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانی ئیسرائیلدا پێویستی بە دەنگی (61) كورسییە. لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948، سیستمی هەڵبژاردن ئیئتیلافی حوكمڕانی دروستكردووە یاخود لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا بووتە هۆی دروستبوونی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی. سەرباری ئەمە، راپرسییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانێتییەكیش لەنێوان پارتە راستڕەوەكاندا دروستبكرێت، هێشتا ئەو هاوپەیمانێتییە ناتوانێت كورسی پێویست لەناو پەرلەمان كۆبكاتەوە بەمەبەستی هێشتنەوەی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا. پێشبینی دەكرێت، پارتە نەیارەكانی حكومەتی ناتانیاهۆ، بەسەر ئەو پارتانەدا سەركەون كە لایەنگریی ناتانیاهۆ دەكەن، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، تەنانەت ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە (61) كورسی پەرلەمان كۆبكەنەوە، بەهۆی ناكۆكی لەنێوان خۆیاندا، هێشتا ناتوانن پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافیی دروست بكەن. خۆ ئەگەر هیچ یەكێك لە هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان نەیانتوانی زۆرینە لەناو پەرلەمان دروست بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، ئەوكاتە دەبێت جارێكی تر بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكرێتەوە، كە ئەوەش دەبێتە گەڕی پێنجەمی هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا. لە هەڵبژاردنی نیسانی 2019وە كە پارتی لیكۆد زۆرترین دەنگی تێدا بەدەستهێناو سەرباری ئەوە نەیتوانی ئیئتیلافێكی حكومی دروستبكات، ئیسرائیل توشی جۆرێك لە ئیفلیجی سیاسی بووەتەوە، سەرباری ئەوەی پارتی لیكۆد زۆر بەتوندی پاڵپشتی لە ناتانیاهۆ دەكات، بەڵام بەردەوام هەفتانە لەبەردەم ماڵەكەی ناتانیاهۆ لە قودس خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبووە، تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كە كەرەنتینەی تەواوەتی راگەیەندراوە. شەوی شەممەی رابردوو خۆپیشاندانێك لەدژی ناتانیاهۆ رێكخرا دەیان هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد، لەوكاتەوە كە هەفتانە خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ دەكرێت، ئەمە یەكێك لە گەورەترین خۆپیشاندانەكان بوو. سەرچاوە: BBC
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت حوسییەكان سەلماندیان ئیرادە دەتوانێت بەسەر تەكنەلۆژیادا سەركەوێت، ئەو بۆچونەیان پوچەڵكردەوە كە پێیوایە، جەنگی نوێ لە جیهاندا تەكنەلۆژیا یەكلایی دەكاتەوە، نەك جەنگاوەرەكان، سعودیە بە كەڵك وەرگرتن لە نوێترین جۆرەكانی چەك، دوای شەش ساڵ شەڕ، بەرامبەر حوسییەكان چۆكی داداو داوای ئاگربەست دەكات، بەڵام حوسییەكان رەتیدەكەنەوە. پێشنیازێكی نوێ بۆ راگرتنی شەڕ ئەمڕۆ سعودیە پێشنیازی "ئاگربەستی تەواوەتی" خستە بەردەم بزوتنەوەی حوسییەكان لە یەمەن، ئەمە یەكێكە لە كۆمەڵێك پێشنیاز بۆ كۆتایهێنان بە ململانێكانی یەمەن كە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە. فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، دەستپێشخەرییەكە "ئاگربەستی گشتگیر لەسەرتاسەری یەمەن لەخۆدەگرێت، لەژێر سەرپەرەشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا". فەیسەڵ بن فەرحانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ریازی پایتەختی وڵاتەكەی، ئاشكرایكرد، سعودیە پێشنیازی ئەوەشی كردووە سەرلەنوێ فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن بكرێتەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی حوسییەكاندایە، هەروەها دانوستانی سیاسی نێوان حكومەتی یەمەن (كە سعودیە پاڵپشتی دەكات)و حوسییەكان (كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن) دەستپێبكاتەوە. وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی:" دەمانەوێت بەتەواوەتی تۆبخانەكان بێدەنگ بكرێن.. تەنیا بە نیشاندانی رەزامەندی لەلایەن حوسییەكانەوە، دەستپێشخەرییەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە". سعودیە سەركردایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات بۆ پاڵپشتیكردن لە عەبدرەبە مەنسور هادی سەرۆكی یەمەن لەدژی حوسییەكان. ئەم دەستپێشخەرییەی سعودیە بۆ ئاگربەست لە یەمەن، هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی هێرشی حوسییەكان بۆسەر سعودیە لەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانو موشەكەوە، هێرشەكانیش دامەزراوەی وزەی سعودیە دەكەنە ئامانج كە شادەماری ئابوری وڵاتەكەیە. سەرباری ئەمە، حوسییەكان لە شەڕدان دژی حكومەتی یەمەنیی لە پارێزگای مەئریبی باكوری وڵات، دەیانەوێت دواین پێگەی لایەنگرانی سعودیە لە یەمەن كۆنترۆڵ بكەن، ئەمەش فشارێكی ترە بۆ سەر سعودیە لە یەمەندا. نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ یەمەن روبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە لەسەر ئاستی جیهانو هۆشداری دەدات لە ئاكامی كارەساتبار لەسەر ژیانی خەڵكی سیڤیل ئەگەر شەڕ بەمشێوەیە لە پارێزگای مەئریب بەردەوام بێت. حوسییەكان ئاگربەست رەتدەكەنەوە لە یەكەمین كاردانەوەدا، حوسییەكان بەشێوەیەكی خێرا دەستپێشخەرییەكەی سعودیەیان بۆ ئاگربەست رەتكردەوەو لە بایەخی هەوڵەكەیان بۆ كۆتایهێنان بەشەڕ كەمكردەوە، بەقسەی حوسییەكان، ئەم دەستپێشخەرییەی سعودیە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە. بەڵام محەمەد عەبدولسەلام گەورە دانوستانكاری حوسییەكان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز وتی:" بزوتنەوەكەمان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ ریازو مەسقەتو واشنتۆن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتیی". عەبدولسەلام ئاماژەی بەوەكرد، كردنەوەی فڕۆكەخانەو بەندەرەكان مافێكی مرۆییەو نابێت وەكو كارتی فشار بەكاربهێنرێن. هاوكات حكومەتی یەمەن كە عەبدرەبە مەنسور هادی سەرۆكایەتی دەكاتو ئێستا تەنیا پارێزگای مەئریبی بەدەستەوە ماوەو لەوێش لەژێر فشاری حوسییەكاندایە، لە بەیاننامەیەكدا پێشوازیكردنی خۆی لە دەستپێشخەرییەكەی سعودیە راگەیاند. دەستپێشخەرییەك كە رەتكرایەوە ئەمە یەكەمجار نییە حوسییەكان دەستپێشخەری سعودیە بۆ راگرتنی شەڕ رەتدەكەنەوە، نیسانی ساڵی رابردوو هاوپەیمانی سەربازیی بە سەركردایەتی سعودیە، بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە، بەشێوەیەكی كاتی ئاگربەستی لە یەمەن راگەیاند، بەڵام ئەوكاتیش حوسییەكان ئەم دەستپێشخەرییەیان بۆ راگرتنی شەڕ رەتكردەوەو وەكو مانۆڕی سیاسی سعودیە ناویان برد. لەسەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، حوسییەكان هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی پارێزگای مەئریب دواین پێگەی حكومەتی یەمەن لە باكوری وڵات دەستپێكردووە، ئەگەر ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكەن، ئیتر تەواوی خاكی باكوری وڵاتیان دەكەوێتە ژێر دەست، ئەمەش گورزێكە بەهێز دەبێت بۆ حكومەتەی كە ئازاری 2015وە لەلایەن هاوپەیمانێتییە سەربازییەكەی سعودیە پاڵپشتی لێدەكرێت. شاری مەئریب بە دوری نزیكەی (120 كیلۆمەتر) دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری سەنعای پایتەختەوە، لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە لە ساڵی 2014، حوسییەكان سەنعای پایتەختیان كۆنترۆڵكردووە. مەئریب وەكو مەرجی دانوستان ماوەی ساڵو نیوێكە حوسییەكان كە شیعە مەزهەبنو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هەوڵی كۆنترۆڵكردنی شاری مەئریب دەدەن، ئەم شارە دەوڵەمەندە بە نەوت، بەر لە دەستپێكردنی هەر دانوستانێك لەگەڵ حكومەتی دانپێدانراوی یەمەندا، بۆ راگرتنی شەڕ، دەیانەوێت ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكەن، بەتایبەتیش كە دەزانن ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن فشار دەكات بۆ راگرتنی شەڕ لە یەمەنو دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە. چەند رۆژی رابردوو شەڕ لە مەئریب زۆر توند بووەوە، حوسییەكان توانییان چەند ناوچەیەكی ستراتیژی كۆنترۆڵ بكەن، تا ئەو رادەیەی بەرپرسێكی سەربازیی سەربە حكومەتی یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وت:" مەئریب لە مەترسیدایە". فڕۆكە جەنگییەكانی سەربە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگەی حوسییەكان ئەنجامدا، حوسییەكانیش بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان وەڵامیاندایەوەو ئاگریان لە پاڵاوگەیەكی نەوتی سعودیە بەردا. قەیرانی یەمەنو قوربانییەكانی جەنگی یەمەن كە لە ساڵی 2014وە بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بووەتە هۆی كوژرانی دەیان هەزارو كەسو ئاوارەبوونی ملیۆنانی كەسی تر، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی 80%ی دانیشتوانی یەمەن كە ژمارەیان (29 ملیۆن) كەسە، روبەڕووی قەیرانی مرۆیی بونەتەوەو بۆ بژێوییان پشت بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان دەبەستن. شەڕی ئیرادە بەرامبەر بە تەكنەلۆژیا ئەو شەڕەی حوسییەكان لە شەش ساڵی رابردوودا لەبەرامبەر سعودیە كردویانە، شەڕی ئیدارەی جەنگاوەر بوو بەرامبەر بە نوێترین جۆری چەكو تەكنەلۆژیا. سەرباری ئەوەی راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، بەردەوام یارمەتی سەربازییان لە ئێران وەرگرتووەو بەرپرسانی ئێرانیی چاوساغییان بۆ كردوون، بەڵام هیچ كاتێك ئەو چەكانەی كە شەڕیان پێكردووە هاوتا نەبووە لەو چەكو فڕۆكە نوێیانەی كە سعودیەو هاوپەیمانەكانی بەكاریان هێناوە، لە نمونەی فڕۆكەی ئێف 16ی ئەمریكیو سودوەرگرتن لە هاوكارییە سەربازییەكانی تری ئەمریكا لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا. چەكدارانی حوسی، كە پیاوانی هەڵكەوتووی ناو كلتوری یەمەنینو لە منداڵییەوە چاویان لەگەڵ بەكارهێنانی چەكدا كردوەتەوەو بە عەشقەوە شەڕ دەكەن، توانییان ئەو بیرۆكەیە پوچەڵبكەنەوە كە دەڵێ ئیتر ئەوەی جەنگەكان یەكلادەكاتەوە ئیرادەی جەنگاوەران نییە، بەڵكو تەكنەلۆژیایە. گەڕانەوەی دیموكراتەكان بۆ ئیدارەی ئەمریكا، سەردەمی نەهامەتیی بوو بۆ سعودیە، جۆ بایدن بەپێچەوانەی ترەمپەوە چاوی لەسەر راگرتنی شەڕەكانو دۆسیەی مافەكانی مرۆڤە، سعودیە لە هەردوو بوارەكەدا كێشەی هەیە، بۆیە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەیەوێت خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسییە نوێیەكان لە واشنتۆن رابهێنێت، بەمدواییە كێشەی وڵاتەكەی لەگەڵ قەتەر سفر كردەوەو ئاڵبۆقەی ئابوری لەسەر دەوحە هەڵگرت، ئێستاش دەیەوێت هەناسەیەكی تر بداتو بەرەی شەڕی یەمەن راگرێتو هەندێك وڵاتەكەی لە بەرچاوی ئیدارەی جۆ بایدن دوربخاتەوەو سزاكانی دوربخاتەوە.
درەو: كامەران قەرەداغی – درج نێچیرڤان بارزانی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری كورد لە بەغداد 1991 ئاماژەی بەوەكردووە كە ئێمە هەڵوێستمان وا نیشاندا كە لاوازین، لایەنی عێراقی سودی لەوە بینی، نەوشیروان مستەفا دەیگێڕێتەوە كە بەعسیەكان داوایان لە مام جەلال كردبوو من لە وەفدەكە بگۆڕن چونكە بە بۆچونی ئەوان من كەسێكی توندڕەوم، تارق عەزیز بە روونی بە وەفدی كوردی وت: عەرەب چۆن بۆ ئەندەلوس دەگرین ئێوەش دەبێت تا هەتایە بۆ كەركوك بگرین. وەفدی كوردی بەرەو بەغداد دوای كۆڕەوەكەی بەهاری 1991و هێرشی سوپای عێراق بۆ داگیركردنەوەی شارە راپەڕیوەكانی هەرێمی كوردستان، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بڕیاریدا دانوستانو گفتوگۆ بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق وەفدێكی چوار كەسی بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرەو بەغدا كەوتنەڕێ. دانوستانەكە لەزاری نێچیرڤان بارزانییەوە نێچیرڤان بارزانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەندامی وەفدەكە بووە دەڵێت: بە درێژایی رێگەكە تاڵەبانی دەیوتو دووبارەی دەكردەوە كە هیچ ئاسۆیەك بۆ كورد نیە. كەس یارمەتیمان نادات. هیچ شتێك جگە لە دانوستان لە گەڵ بەغداد لە بەردەماندا نیە. لە بەغدا تاڵەبانی توندو جدییانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا قسەیكرد, پێی وتن ئێمە لە رابردوودا هەمیشە چارەسەرێكی ئاشتیانەمان ویستووە. بەڵاك ئێوە بە شێوەیەكی زۆر قێزون مامەڵەتان لەگەڵدا كردین و كردەوەی نامرۆڤانەتان لە دژمان ئەنجامدا، بەڵام لە یەكەم قسەكردنیدا باسكردنی چەند پرسێكی زۆری لە بیرچوو. پاشان رۆڵی سامی عەبدولڕەحمان هات. كە بە زنجیرەیەكی رێكخراوە بیروبۆچونەكانی خستەڕوو. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت یەكەم دیداری وەفدەكە لەگەڵ عزەت دوریی سەرۆكی وەفدی عێراق بوو. یەكەم پرسیاری كە ئاراستەی كردین وتی: بۆچی مەسعود بارزانی لەگەڵتاندا نەهاتووە؟, تاڵەبانی بە دەنگێكی كزی نزیك لە چرپە وەڵامی دایەوەو وتی: رەنگە هۆكارەكەی ئەوە رووداوە بێت كە بەسەر خێزانەكەیدا هات كە 17 كەسی نزیكی خۆی كوژرانو نزیكەی 8 هەزار بارزانیش ون كران بەبێ زانینی چارەنوسیان. دووری وەڵامی دایەوەو وتی لۆمەی ناكات. لێرەدا من قسەمكردو بە دووریم وت ئەو پرسە پەیوەندی بە هەڵوێستی شەخسی بارزانییەوە نیە, ئەو لە پێناوی كورددا كاردەكاتو هەركاتێك باوەڕی هێنا كە ئێوە ئامادەن پرسی كورد چارەسەر بكەن دێت بۆ بەغداد, بەڵام لەم كاتەدا باوەڕمان بەوە نیە, لەبەر ئەوە من لێرەم بۆ ئەوەی هەڵوێستتان بزانم. دەربارەی هەڵوێستی وەفدی كوردی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" لە بەغداد هەڵوێستمان وا نیشاندا كە لاوازین. لایەنی عێراقی سودی لەوە وەرگرت, ئەوان تێگەیشتن كە ئێمە زۆر نائومێدینو هیچ هیوایەكمان نیە, كاتێك ئێمە لە كاتەكانی پشوودا هەر خۆمان دەبوین بە یەكترمان دەوت هیچ بژادەیەكمان لە بەردەمدا نیەو كاتێك عێراقییەكانیش لە لاوازی هەڵوێستی ئێمە تێگەیشتن شتێكی كەم نەبێت هیچیان پێشكەش نەكردینو وتیان پێویستە خولی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بەڕێوەبچێتو دوای ئەوەش چەندین خولی تری گفتوگۆ ئەنجامبدرێت. نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر لە 22ی ئایاری 1993 ئەم قسانەی بۆ دكتۆر كامەران قەرەداغی رۆنامەنوسی بەناوبانگی كوردو راوێژكاری پێشووی مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق كردووە. دانوستانەكە چۆن دەستیپێكرد؟ نەوشیروان مستەفا وەڵام دەداتەوە: تەنها وەفدەكەی تاڵەبانی نەچووە بەغداد, لەو چوارچێوەیەدا نەوشیروان مستەفا لە دیدارێكدا لەگەڵیدا وتی سەرەتا دەستپێشخەری گفتوگۆو دانوستان لەلایەن موكەڕەم تاڵەبانییەوە خرایەڕوو بە رێككەوتنەی خۆیو مەسعود بارزانی. نەوشیروان مستەفا دەڵێت:" نوێنەرێكمان رەوانەی بەغدا كرد كە ئەفسەرێكی خەڵكی سلێمانی بوو بەناوی دارای تۆفیق ئاغا. ئەركەكەی تەنها بریتی بوو لە گەیاندنی نامەیەك بۆ لایەنی عێراقی, دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان وەفدێكمان رەوانەی بەغداد كرد كە پێكهاتوو لە فەرەیدون عەبدولقادرو عومەر فەتاح لە یەكێتی, فازل میرانیو ئازاد بەرواری لە پارتی دیموكراتی كوردستان. وەفدەكە عزەت دوریو حسێن كامیلو تەها جەزراویو تارق عەزیزیان بینیبوو, بە وەفدەكەمانیان وتبوو ئەگەر بارزانیو تاڵەبانی بەیەكەوە بێن بۆ بەغدادو سەددام حسێن ببینین ئەوا هەموو شتێك بە یەك دانیشتن چارەسەر دەبێت, بەكورتی بە وەفدەكەیان وبتوو هەموو شتێك جگە لە جیابوونەوە دەكرێت باس بكرێت, ئەمە رەفتاری بەعسییەكان بوو. سەرەتا دەڵێن هەموو شتێك بە خێرایی تەواو دەبێت, بەڵام دواتر دەستی دەستی پێدەكەنو دەستبەرداری بەڵێنەكانیان دەبن. نەوشیروان مستەفا ئەیلولی 1993 لە لەندەن ئەم قسانەی بۆ د. كامەران قەرەداغی كردووە. جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی وادەردەكەوێت كە بەڵێنەكانی لایەنی عێراقی ئەوەی لای كورد دروستكردووە كە دانوستانەكان لەگەڵ بەغداد دەكرێت بە رێككەوتنێكی خێرا كۆتاییان بێت, دەگەڕێمەوە بۆ وتەكانی نێچیرڤان بارزانی كە وردەكاری زیاتری دەربارەی دیدارەكانی وەفدەكەی تاڵەبانیو لایەنی عێراقی و دیداری كتوپڕیان لەگەڵ سەددام حسێن باس كرد. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" تاڵەبانی پێی راگەیاندن كە دەسەڵاتی تەواوتی پێدراوە بۆ ئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ بەغداد, بەڵام عێراقییەكان وەڵامیان دایەوە كە لەوە تێدەگەن, بەڵام پێویستە مەسعود بارزانیش بێت". لە میانی گفتوگۆكاندا لەگەڵ وەفدی عێراقی كە پێكهاتبوو لە عزەت دوریی, عەلی حەسەن مەجید, حسێن كامیل, سابر دووری ( سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەربازی)و وەفیق سامەڕائی جێگری سابر دووری , هەموان بەڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا دەكردین, بەڵام تارق عەزیز لە قسەكردنو شێوازی قسەكردنیدا زبر بوو, بەڵام هەردوو پیاوەكەی هەواڵگری تەنها گوێیان دەگرت بەبێ ئەوەی هیچ بەشدارییەك بكەن لە موناقەشەكاندا, هەرجارێك لە قسەكردن لەسەر بابەتەكان مشتومڕێك بهاتایەتە ئاراوە تەنها تاریق عەزیز لەبری وەفدەكە قسەی دەكرد. سەبارەت بە دیداری وەفدی كوردی لەگەڵ سەددام نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" سەرەتا عێراقییەكان ئاگاداریان كردینەوە كە دەچین بۆ بینینی عزەت دووری, چەند ئۆتۆمبیلێك ئێمەیان بردە شوێنێك كە پاسەوانەكانی سەدداممان لێ بینی, رێگەیان نەدا چیتر بە ئۆتۆمبیلەكانمان بڕۆین, بەتەنها بە ئۆتۆمبیلی خۆیان بۆ بارەگای ئیستیخباراتی سەربازیان بردین, لەوێ پێیان وتین كە دووری دەبینین, كاتێك پێشوازیمان لێكرا ئاگادرایان كردینەوە كە دەچین بۆ دیداری سەددام لە ئەنجومەنی نیشتمانی, پێش ئەوەی بگەیتە باڵاخانەی ئەنجومەنی نیشتمانی سێ دەروازە هەبوون, لەبەردەم هەر دەروازەیەكدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەكە بە شێوەیەكی تایبەت دەستی بەرزدەكردەوەو دەروازەكە دەكرایەوە, بەمشێوەیە سەدداممان بینی, پاش گەڕانەوەمان بۆ كوردستان بە مەسعود بارزانیم وت: ئەوان بڕیار لە هیچ نادەن ئەگەر تۆ خودی خۆت نەچیت بۆ بەغداد, بە سەراحەت دوای دیدارممان لەگەڵ عێراقییەكان هەرگیز تێنەگەیشتین كە چیان لێمان دەوێت, لەبەرئەوە بارزانی ئارەزووی نەبوو بڕوات بۆ بەغداد, بەڵام سەركردەكانی تری كورد لە نێویشیاندا تاڵەبانی هانیان دا بچێت. بارزانی روونیكردەوە كە لەلای قورسە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكات. دوای ئەو هەموو كارەی لەگەڵماندا كردیان, بەڵام ئەگەر نەچێت ئەوا گەلی كورد وای لێكدەدەنەوە كە عێراق ئامادەبووە بۆ رێككەوتن, بەڵام بارزانی ئازایەتیی تەواوەتی نەبووە بچێتە بەغداد بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە. هەڵوێستی دانوستانكارانی كورد گێڕانەوەی دانوستانكارانی كورد تێبینیو سەرنجی هەمەجۆوو جیاواز دەربارەی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان ئاشكرادەكەن لەگەڵ رەفتاری دانوستانكارانی عێراقو كوردو هەڵوێستیان كە هەرگیز وەك یەك نەبووە, لە كاتێكدا ئەندامانی وەفدی كوردی دەڵێن كە هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتنو لەسەر چەند خاڵێك رێك نەكەوتوون, نەوشیروان مستەفا كە لە خولی دووەمی گفتوگۆكاندا هاوڕێیەتی مەسعود بارزانی كردووە لە بەغدا لە گێڕانەوەیدا دەڵێت " ئێمە شكستمان هێنا لە رێككەوتن لەسەر هەموو خاڵە سەرەكییەكان, بەدیاریكراویش كەركوكو پێناسەی ناوچەی ئۆتۆنۆمیو ئاسایشو ئیستیخباراتو فرە حزبی". دەشڵێت:" پێمان وتن دەبێت یەكەمجار هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت, پاشان پەرلەمان دەستورێكی نوێ بۆ عێراق دابڕێژێتو گەل لە راپرسیەكدا دەنگی لەسەر بدات, بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەی كە بە فیعلی رەشنوسێكی دەستوریان ئامادەكردووەو دەكرێت ئێمە پێشنیاری بڕگەیەك یان دوو بڕگە بكەین كە پەیوەست بێت بە مافەكانی كورد پێش ئەوەی بخرێتە راپرسییەوە, وتمان بەلای ئێمە ئەوە قبوڵ نیە, دەستورەكەتان ناكرێت چاكسازی تێدا بكرێت, چونكە ئەو دەسەڵاتانەی بە سەددامتان بەخشیوە یەكسانە بە دەسەڵاتەكانی خواوەند, وەڵامیاندایەوە كە هیچ شتێك قبوڵ ناكەن كە چنگیان بەسەر دەسەڵاتدا لاواز بكات, چونكە شۆڕشەكە بەعسییەو دەبێت هەرواش بمێنێتەوەو وتیان فرەحزبی تەنها بۆ كورد دەبێتو نابێت بۆ عێراق بێت, كاتێكیش داوای مافی عێراقییەكانمان دەكرد وەڵامیان دەداینەوەو دەیانوت پێویستە تەنها دەربارەی خۆمان قسە بكەین, كاتێكش لەسەر داواكارییەكامان وەك كورد قسەمان دەكردو رێككدەكەوتین دەیانوت ئێوە وەك ئەوەی عێراقی نین قسە دەكەن." نەوشیروان مستەفا دەڵێت:" ئێمە جەختماندەكردەوە كە دەبێت ئاسایش لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆتۆنۆمیدا بێت, چونكە كورد هەرگیز رازی نابێت بە گەڕانەوەی ئەمنی عێراقی بۆ باكور, بەڵام ئەوان وتیان دەزگا ئەمنییەكان سەربە سەرۆك كۆمارن, كەس ناتوانێت لە دەسەڵاتەكانی بەو بوارەدا كەمبكاتەوە, سەبارەت بە كەركوكی ئێمە چەند بژاردەیەكمان خستەڕوو بەڵام هەمویان رەتكردەوە, بە بۆچونی من هیچ سەركردەیەكی كورد ناتوانێت بمێنێتەوە ئەگەر سازش لەسەر كەركوك بكات, ئێمە هەڵەیەكی زۆر گەورەمان كرد چونكە وەفدەكەمان هیچ شارەزایەكی تێدا نەبوو, لەراستیدا ئەو شارەزایانەی كە چەند دۆسیەیەكیان بۆ ئامادەكردبوین هیچیان ئەندامی وەفدەكەمان نەبوون, بۆ زانیاریش هیچ هەلێكمان پێنەدرا بۆ خوێندنەوەی هیچ راپۆرتێكیش, بەعسییەكان سوربوون لەسەر پێویستی چوونی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد, بۆ نیشاندانی نیازپاكی بەوتەی خۆیان, هەروەها داویان لە مام جەلال كرد كە من لە وەفدەكەدا لابەرێت چونكە بە بۆچونی ئەوان من توندڕەو عەرەب كوژم وەك دەیانوت, بەڵام هەڵەی دووەممان ئەوە بووە كە بۆ ماوەی 42 رۆژی لەسەر یەك لە بەغدا ماینەوە كە ئەمەش هەلی بۆ عێراقییەكان رەخساند سود لە كات ببینن, ئەوان دانوستانەكانیان درێژە پێدەدات لە چاوەڕوانی پاشەكشەی هێزەكانی هاوپەیماناندا بوونو دەستی دەستیان دەكرد, هەندێك جار بە چەند رۆژ جارێك دانیشتنێكی یەك كاتژمێرییان ئەنجامدەدات, باوەڕم وایە ئێمە لاواز بوینو مەعەنەویاتمان دابەزیبوو ئاوارەبوونی دانیشتوانیش بۆ شاخەكان كاریگەری نەرێنی كردبووە سەرمان, لە كۆتاییدا كە بارزانی بڕیاریدا كە دەگەڕێینەوە بۆ كوردستان تاریق عەزیز وتی: سەددام دەیەوێت بزانن كە پشت بەستنتان بە بیانییەكان یاریكردەوەو ئەوەتان بەبیر دەهێنێتەوە كە ئێرانییەكان لەگەڵیاندا كردن. وتیشی ئەمریكییەكان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا لە كوردستانن ئێمەش هەموو داواكارییەكانیان قبوڵ دەكەین ئەوكاتە دەستبەرداری ئێوە دەبن, هەروەها ئەوەی ئێرانییەكانیش دەیانەوێت دەیاندەینێ ئەوكاتە دەتانخنكێنن چونكە رقیان لێتانە, لێرەتا ئەندامی وەفدەكە رۆژ نوری شاویس وەڵامی تاریق عەزیزی دایەوەو وتی: باشتر نیە بۆ ئێوە سازش بۆ گەلەكەتان بكەن لەبری ئەوەی سازش بۆ ئەمریكییەكان یان ئێرانییەكان بكەن؟ عەزیز وەڵامی دایەوە: ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت دەیاندەینێ, بەڵام هەرگیز ئەوەی ئێوی ئەتانەوێت ناتاندەینێ, ئەمەش پەیامی ئێمەیە بۆ ئێوە دەتوانن گەلەكەتانی لێی ئاگادار بكەنەوە". سامی عەبدولڕەحمان سامی عەبدولڕەحمان سەرۆكی ئەو كاتەی پارتی گەلی كوردستانو ئەندامی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە وەفدی یەكەمدا لەگەڵ تاڵەبانیدا بوو كە رۆژی 18/4/1991 گەیشتنە بەغداد,و تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی تری دانوستانەكانو تێبنییەكانی لەسەر سەددام حسێن. سامی عەبدولڕەحمان رۆژی 12/ 7/ 1993 لە هەولێر قسەی بۆ كامەران قەرەداغی كردووەو دەڵێت:" تەنها منو تاڵەبانی لەبری وەفدەكەمان قسەمان دەكرد, باوەڕم وایە كە تاڵەبانی حەماسەت گرتیو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای دیدارمان لەگەڵ سەددام حسێن لە كاتی قسەكردندا دوو هەڵەی كرد, یەكەم كاتێك وتی دەبێت ئەمریكییەكان لەرووی سەربازییەوە پاشەكشێ بكەن, دووەمیش كەوتی لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە رێككەوتنێكی مەبدەئی كە ئەوە رووی نەدابوو. سەرەتا عێراقییەكان پێیان وتین كە پێویستە دانوستانەكان لە 3-4 رۆژدا كۆتاییان بێت, بەڵام 10 رۆژ لە بەغداد ماینەوە, لە كۆتاییدا بیرمدێت كە عزەت دووری پێی وتین ئێوە دەڕۆنو دێنەوە, پاشان دەڕۆنو دێنەوە. سێجار ئەم رستەیەی دووبارەكردەوە, تاڵەبانی تێبینی قسەكانی دووری كردو پێی وتین شتێك لە هەڵوێستیاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە زەنگی ئاگاداركردنەوە بەر گوێمان دەدرا, دركمان بەوەكرد كە ئەوان خەریكە هەست بە ئەمان دەكەن, ئێمە لای خۆمانەوە نەماندەویست لە ماوەی 3-4 رۆژدا بگەینە رێككەوتن, كاتێك سەدداممان بینی وا دەركەوت كە بێهیوایەو زۆر دەگمەن نەبێت سەیری نەدەكردین, دەموچاوی بەشێوەیەكی نائاسایی زەرد هەڵگەڕابوو. بەگشتی لەو قۆناغەدا دانوستانكارە عێراقییەكان زۆر خاكیو نەرمو نیان بوون لەگەڵماندا". سامی عەبدولڕەحمان لە درێژی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت: كاتێك گەڕاینەوە بۆ كوردستان هێزەكانی ئەمریكا هێشتا لە ناوچەكەدا بوون, بەڵام فەرماندەكانیان مامەڵەیان لەگەڵ سەركردەكانماندا نەدەكرد بەڵكو تەنها قسەیان لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانو دانیشتوانی ناوچەكەدا دەكردو هەماهەنگییان لەگەڵدا دەكردن, پوختەیەكم لە ئەنجامی گفتوگۆكانمان لە بەغداد پێشكەشی بارزانی كردو وتم عێراقییەكان ئیجابی بوون لەگەڵمانداو بەچەند رێگەیەك ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆئەوەی مافەكانی كورد بدەنو بەباشی دەزانم بارزانی خۆی بچێت بۆ بەغداد. جگە لەوەش راپۆرتی خۆمان پێشكەشی سەركردایەتی بەرەی كوردستانیی كردو هەڵوێستی هەموویان ئیجابی بوو بە ئاراستەی بەردەوامیی دانوستانەكان. هەوڵەكانی بەغدا بۆ پەرتكردنی ریزی كورد بەمشێوەیە بارزانی بڕیاریدا بە سەرۆكایەتی وەفدێك كە پێكهاتبوو لە سامی عەبدولڕەحمان, رۆژ نوری شاوەیسو جەوهەر نامیق بچێت بۆ بەغداد. سامی عەبدولڕەحمان دەربارەی ئەم خولەی دانوستانەكان دەڵێت: دوای 10 رۆژ نامەمان لە تاڵەبانی پێدەگەیشت كە داواكاری عێراقییەكان بوو بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوانی كورد بەرامبەر بە ئازادكردنی ئەفسەرانی عێراقی كە لەلای زیندانیی بوون, ئەو هەستەم بۆ دروست بوو كە تاڵەبانی دەیەوێت عێراقییەكان بانگهێشتی بەغدادی بكەن بۆ ئەوەی بێتە ناو وەفدەكەی بارزانی ئەوەش لە راستیدا مافی خۆی بوو بەڵام بە ساردییەوە وەڵامی ویستەكەیان دایەوە, عێراقییەكان بە پراكتیكی هەوڵەكانیان بۆ مەبدەئی "پەرتبكەو زاڵ بە" دەستپێكردبوو, بە تایبەتی كە دەیانزانی مامەڵەكردن لەگەڵ تاڵەبانی ئاسان نییە(....) خۆم بەشەخسی هیوادار بوووم كە پەیوەندی نێوان تاڵەبانیو بەغداد باش ببێت چونكە باوەڕم وابوو وەكوك ككورد بەبێ مانەوەمان بە یەكگرتوویی هیچ شتێك بەدەستناهێنین. سامی عەبدولڕەحان سەرنجی ئەوەی دابوو كە عێراقییەكان لەسەرەتادا زۆر توند نەبوون, بەڵام بە تێپەڕینی كات هەڵوێستیان توندتر دەبوو, بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا ژەنەراڵ كۆڵن پاوڵ لە حوزەیراندا سەردانی هێزەكانی وڵاتەكەی كرد لە سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆكو راشیگەیاند كە واشنتۆن بڕیاریداوە لە تەمموزدا هێزەكانی لە ناوچەكە بكشێنێتەوە. سامی دەڵێت: گەورەترین بەربەستی بەردەم دانوستانەكان بە پلەی یەكەم هەڵوێست بوو لەسەر كەركوك, پاشان شەنگالو خانەقین, لەسەرەتادا نیازی وایان نیشان نەدا كە رێگە نەدەن ئەم شارانە بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی, بەڵام دوای حوزەیران وتیان مشتومڕ ناكەن لەسەر ناسنامەی كوردیی كەركوك, بەڵام زیادكردنی كەركوك بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمیی واتای جیابوونەوە دەگەیەنێت, وەڵامم بۆ ئەوە ئەوە بوو كە ناوچەی تری كوردیش هەیە كە نەوتی لێ بێت بۆ نمونە زاخۆ, بەڵام تاریق عەزیز وەڵامی دایەوەو وتی ئەوە جیاوازە چونكە كەركوك بە فیعلی نەوت بەرهەمدەهێنێتو ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە دەستبەجێ لایەنێك دێت بۆ هاوكاریكردنتان, لەبەرئەوە پێشنیازمان كرد لە دۆكیۆمێنتی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بدرێت بەوەی كە ئەو ناوچانەی ئێستا بەغداد رەتیاندەكاتەوەو بەشێكن لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی ناوچەی ناكۆكیی لەسەرنو لە داهاتوودا چارەنوسیان یەكلادەكرێتەوە, سەرەتا هەڵوێستیان ئیجابی بوو دەربارەی ئەم چارەسەرە, بەڵام باوەڕم وایە كە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە كوردستان وایكرد هەڵوێستیان بگۆڕن. جارێكیان كاتێك بە تاریق عەزیزم وت كەركوك لە ویژانی هەموو كوردێك دایە وەڵامی دایەوەو كە ئەندەلوسیش هەروەها لە ویژانی هەموو عەرەبێكدایە هەروەك چۆن عەرەب بۆ ئەندەلوس دەگرین دەتوانن ئێوەش بۆ كەركوك بگرین. لە كۆتاییدا بڕیاربوو كە لە بەڵگەنامەی نهێنی ( پرۆتۆكۆڵ)ی یاشكۆی رێككەوتنە ئاماژە بەوە بدرێت كە كەركوكو شەنگالو خانەقین بە ناوچەی ناكۆكی لەسەر دادەنرێن, پێم خۆشە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم كە كاتێك لەو كاتەدا لە دهۆك قسەم دەكرد دەربارەی هەڵوێستی بەغداد بەرامبەر شەنگال. شێخ خەڵەف یەكێك لە سەركردەی ئێزدییەكان وتی: پێیان بڵێ ئێمە ئامادەیین وەك ئێزدیی كورد بین بەڵام ئامادەنین ئێزدیی عەرەب بین لە كۆتاییدا كاتێك لە ئابدا لە بەغداد گەڕاینەوەو وامان دانابوو كە رێككەوتنێك ئیمزا دەكەین كودەتای سەربازی لە مۆسكۆ دژی سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت میخائیل گۆرباچۆڤ رویداو عێراقییەكان جارێكی تر توندتر بوونەوەو عزەت دووری بە مەسعود بارزانی وت: كارەكە كۆتایی هات, چیتر ئەمریكا وەك تاكە زلهێز نامێنێتەوە, بەمشێوەیە بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك گەڕاینەوە كوردستان. فوئاد مەعسوم فوئاد مەعسوم كە لە یەكێك لە وەفدەكاندا وەك نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری دانوستانەكانی كردووە زانیاری زیاتر دەربارەی هەڵوێست بەرامبەر بە كەركوك دەخاتەڕوو. فوئاد مەعسوم كە 14/7/1991 قسەی بۆ كامەران قەرەداغی كردووە دەڵێت: لە یەكێك لە دانیشتنەكانی دانوستاندا عزەت دوووری پێی وتین: ئێمە دەزانین كە رۆژئاو رێگەتان پێنادات دەست بەسەر كەركوكدا بگرن, پێش ئەوەی دەست بەسەر كەركوكدا بگرن رۆژئاوا دژتان نەبوون, كاتێك دەستتان بەسەردا گرت تیشكی سەوزیان بۆ هەڵكردنین بۆئەوەی لێتان بدەین, ئێستا كەركوك لەژێر كۆنترۆڵی ئێوەدا نیەو رۆژئاواش ئەوەی دەوێت, تاریق عەزیز قسەكەی لە دووری وەرگرتو وتی:" ئێوە ئەمریكییەكان ناناسن, هەتا ئەگەر 20 ساڵی تریش هاوكارییان بكەن، هەرگیز ئئەو هەژمونەتان نابێت لایان كە ئێمە هەمانە لەبەرئەوە خۆتان مەخەڵەتێنن". دەربارەی پرۆتۆكۆڵەكە یان بەڵێننامەی پاشكۆی رێككەوتنەكە كە مەعسوم بە پابەندییەكان ناوی دەنێت دەڵێت: عێراقییەكان سوربوون لەسەر ئەوەی كە پابەندبوونەكانمان بەرامبەریان ئاشكرابن، بەڵام پابەندبوونەكانی ئەوان بەرامبەر ئێمە بە نهێنی بن، بەڵام دەقی پێشنیاركراو بۆ راگەیاندنی رێككەوتنەكە كە لایەنی عێراقی ئامادەی كردبوو بەم رستەیە دەستپێدەكات:" هەموو ئەوەی سەددام حسێن پێشبینی كردو دەی وت راستو دروست دەرچوون" ئەم رستەیەمان بە تاوانباركردنی خۆمان لێكدایەوە. كاتێك گەڕاینەوە بۆ كوردستان بەغداد هەوڵەكانی بۆ پەرتكردنی ریزەكانی كورد دەستپێكردو كاتێك گەمارۆی سەر كوردستانیان راگەیاندو جارێكی تر داوای دانوستانیان كرد مام جەلال, بارزانی ئاگاداركردەوە كە ئەگەر دەوێت دەتوانێت وەفدێك لە حزبەكەی خۆی رەوانەی بەغداد بكات, بارزانی بە تەنیا چووە بەغداد بۆ داواكاری هەڵگرتنی گەمارۆكە بەڵام داواكەی رەتكرایەوەو كاتێك گەڕایەوە بۆ كوردستان بە تاڵەبانی وتی عێراقیەكان هەڵیان خەڵەتاندووەو ئاگاداریان كردوەتەوە كە ئەگەر سەردانی بەغداد بكات سزاكان هەڵدەگرن. میساقەكە ناكۆكی لە نێوان كورددا دروست دەكات ئەو پرۆتۆكۆڵە نهێنییەی كە بەغداد پێشنیاری كردبووو ناوەكانی تری بریتی بوون لە میساق یان پاشكۆ یان بەڵگەنامە، ئامانج لێی ئەوە بوو كورد سەركردایەتی رەهای سەددام حسێنو دڵسۆزی بۆ رژێمەكەی قبوڵ بكات, كاتێك بابەتی پرۆتۆكۆڵی نهێنی گەیشتە گوێی سەركردە كوردەكان من بۆ ئەركێكی رۆژنامەوانی وەك نێدراوی " حەیات" لە ئەنكەرە بووم, لەو كاتەشدا جەلال تاڵەبانی بۆ دیداری تۆرگۆت ئۆزال سەرۆكی توركیا سەردانی پایتەختی ئەو وڵاتەی دەكرد لەم سەردانەیدا بەرهەم ساڵحی لەگەڵدا بوو كە ئەو كاتە نوێنەری حزبەكەی بوو لە لەندەنو یەكێك بوو لە نزیكترین یاریدەدەرەكانی تاڵەبانی. تاڵەبانی لە هۆتێلی " ئیچقەڵا" دابەزی بوو كە خاوەنەكەی كوردی توركیا بوو. لەو كاتەدا وەفدی بەرەی كوردستانی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی تازە لە بەغدادەوە بۆ كوردستان گەڕابوەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی دانوستانەكەی لەو خولەداو لە چوارچێوەی بابەتی " میساقەكە" سەركردایەتی بەرەی كوردستانی چاوەڕوانی گەڕانەوەی تاڵەبانی بوون بۆ زانینی هەڵوێستی, من خۆم هیچ ئاگاداری بابەتەكە نەبووم, بەڵام تاڵەبانی بۆی ئاشكراكردم كە پاشكۆیەكی نهێنی بۆ رێككەوتنە پێشبینیكراوەكە هەیەو چەندین پابەندبوونی توندو ناحەقی تێدایەو ئەوەشی ترسو دوودڵی لەلای دروستكردووە ئەوەیە كە بارزانی رەزامەند بێت لەسەر ئیمزاكردنی. پرسیارم لێكرد لەسەر ئەوە هەندێكی لەبارەی ناوەرۆكی میساقەكەوە بۆ باسكردم تا لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكەمدا ئاماژەی پێبدەم, بەڵام لە كۆتاییدا رەزامەندی نیشاندا كە دزەی پێبكات بۆمو داوای لە بەرهەم ساڵح كرد كە كۆپییەكی میساقەكەی پێبوو نیشانم بدات بەبێ ئەوەی كۆپی بكەم بۆئەوەی بتواننم دەقی رستەیەك یان چەند رستەیەك وەك بەڵگە بەكاربهێنم, دەستبەجێ راپۆرتەكەم ئامادەكردو ناونیشانی " كوردەكانی عێراق لە نێوان داهاتوویەكی نادیارو رێككەوتنێكدا كە پابەندیان دەكات ملكەچی سەددام بن) م بۆ داناو رەوانەی رۆژنامەی " حەیات" م كرد كە بۆ رۆژی دواتر بەهەمان ناونیشانەوە لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكەدا بڵاوكرایەوە. دوای گەڕانەوە بۆ لەندەم چاوم بە شبلی مەلات هاوڕیی لوبنانیم كەوت كە یاساییەكی دیاربوو ئەو كات مامۆستا بوو لە زانكۆی لەندەنو هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو پێی وتم كە شۆك بووە كاتێك راپۆرتەكەمی خوێندوەتەوە. وتیشی بڕگە سەرەكییەكانی راپۆرتەكەی وەرگێڕاوەو دەستبەجێ بۆ پەرلەمانتاری پارتی كرێكارانی بەریتانیا ئان كلۆیدی ناردووە كە لەو كاتەدا سەرقاڵی پرسی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بەگشتی و كورد بوو بە تایبەتی ئەویش لەسەر ئەوە مشتومڕی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا كردبوو داوای لێكردبوون هەڵوێست بگرنەبەر, لەو كاتەدا كۆپی بەڵگەنامەكە دزەی كردبوو بۆ پایتەختەكانی رۆژئاواە ئەوەش نیگەرانیو بێزاریانی لێكەوتەوە. بەگشتی لەو ساتەوە دۆخەكە بەرەبەر دەستی بە گۆڕان كردو بە شاراستەی گۆڕانكاریی لە بەرژەوەندی كورد ئەوەش دوای دەستوەدرانی ئەمریكاو خۆرئاواو دانانی ناوچەی ئارام لە كوردستانو سەپاندنی قەدەغەی فڕینی فڕۆكەی عێراق بۆ پشتیوانی كوردو كاتێكیش كورد هەستی بە دڵنیایی كرد لە كۆتاییدا ئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێكی لەگەڵ بەغداد رەتكردەوە. لە پشتەوە گوێبیستی وردەكارییەكانی چیرۆكی میساقەكە بووم لە عەدنان موفتییەوە لە دیدارێكدا كە ساڵی 1993 لەگەڵیدا كردم, موفتی ئەوكات ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بوو, ئەندامی ئەو وەفدەی بەرەی كوردستانی بوو كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد بۆ بەغدادو عێراقییەكان داوایان كردبوو میساقەكە قبوڵ بكەن, موفتی وتی: سەبارەت بە میساقەی كە سووربووون لەسەری ئێمە سەرەڕای قەناعەتەمان بەوەی كە رەزامەندی لەسەر نادەین قبوڵمان كرد گفتوگۆی لەسەر بكەینو هەوڵماندا پێشنیازی بۆ زیاد بكەین كە بەلای ئەوانەوە تەعجیزی بوون بۆ نمونە لە رەشنوسی میساقەكەدا هاتووە كە سەددام ئەندازیاری رێككەوتنی مافی ئۆتۆنۆمیی ساڵی 1970 یە پێمان وتن ئەوە ماقوڵ نیە كە ناوی مەلا مستەفا بارزانیان نەهێناوە كە ئەو رێككەوتنەكەی لەگەڵ سەددام ئیمزاكردووە, خودی خۆم دڵنیا بووم كە ئەوە قبوڵ ناكەن, بەڵام رۆژی دواتر ئاگاداریان كردینەوە كە سەددام وتویەتی وەفدیی كوردسی گۆڵێكی لەدژی وەفدی حكومیی تۆماركردوووەو ئەو رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیارەی كورد دەربڕیوە, لەراستیەدا ئەوە كاریگەرییەكی ئیجابی كردە سەر دەروونی هەندێك ئەندامی وەفدەكەمان, سەرەڕای ئەوەی هەندێك دەستكاری سادەی میساقەكە كرا, بەڵام لە راستیدا هەمویان جوانكاری بوونو ئێمە لە چەند هەوڵێكی ترمان شكستمان هێنا بۆ نمونە وتمان رەزامەندین لەسەر ئەوەی كە لە میساقەكەدا هاتووە بەوەی ئێمە دژی هەر كەسێكین كە دوژمنایەتی عێراق بكات، بەڵام بەبێ بڕگەی دواتر كە پابەندمان دەكات بەرگری لە ئامانجەكانی شۆڕش بكەین, گفتوگۆو قسەكردن دەربارەی ئەم جۆرە پرسانە حەساسیەتو ناكۆكی زۆری لە نێو ئەندامانی وەفدەكەدا لێدەكەوتەوە كاك مەسعود پێی دەوتین باشترە ئێستا ئەو بابەتە لەبیر بكەین, با دەست بە پرسە بنچینەییەكان بكەینو دوای ئەوە هەر لایەنێك ( لە لایەنەكانی بەرەی كوردستانی) دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر سیغەیەك بدات بۆ پەیوەندییەكانی نێوان خۆیو حزبی بەعس, یان هەر حزبێكی كوردی دەتوانێت بەجیا میساقەكە ئیمزا بكات نەك وەك بەرەی كوردستانی, بەمشێوەیە لەسەر هەڵوێستێكی یەكگرتوو رێك نەكەوتین. لە كۆتاییدا كاتێك سەددام بە تەنیا پێشوازی لە كاك مەسعود كرد. جەختیكردبوەوە كە هەرگیز رازی نابێت كەركوك بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی, دوای دیدارەكە تێگەیشتین كە كاك مەسعود هیوای نەمابوو كە سەددام قەناعەت پێ بكات رەزامەندی لەسەر بابەتەكانی تر بداتو پێی وتین ئەوە واقیعەكەیەو حكومەت ئامادە نیە هیچ شتێكی زیاتر بداتو ئێمەش وتمان ئەوی دەیدەن زۆر كەمترە لەوەی كە لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی لە شەقڵاوە لەسەری رێككەوتوین, پێویستە لەسەرمان بگەڕێینەوەو ئەم ئەنجامە بۆ سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بخەینەڕوو. گەڕاینەوە بۆ كوردستانو ناكۆكی لە نێوانماندا دەركەوت, باوەڕم وایە هەموو پێشهاتەكانی دواتر ئەنجامی ئەو ناكۆكییانە بوونو ئەوەش پاڵی پێوەنانین بۆ تەبەنیكردنی بیرۆكەی هەڵبژاردنەكان كە كرۆكەكەی بریتی بوو لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغداد, دەتوانم بڵێم ئەنجامی كۆتایی بۆ شكستهێنانی دانوستانەكان ئەم ئایەتەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت “وعسی أن تكرهوا شیئاً وهو خیر لكم”.