حكومەت پارەی پێویستی بۆ دابەشكردنی موچە لەبەر دەستدایە

Draw Media

2020-05-29 20:47:20




درەو:
بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی 2020 حكومەتی هەرێم پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، كابینەی مەسرور بارزانی موچە دابەشدەكات یاخود چاوەڕێی خۆپیشاندان دەكات.
بەغداد بڕی (400 ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خستە سەر ژمارە حسابی بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر.
بە هاتنی ئەم بڕە پارەیەی بەغداد، ئێستا داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیەیە:
-    400 ملیار دیناری بەغداد
-    350 ملیار دیناری قەرز، كە حكومەت لەدەرەوە كردویەتی
-    150 ملیار دینار داهاتی نەوت و ناوخۆ
كۆی گشتی داهاتی حكومەت بۆ ئەم مانگە تا ئێستا گەیشتوەتە ( 900 ملیار) دینار، حكومەت مانگانە بۆ دابینكردنی موچەی كۆی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (898 ملیار) دینار هەیە، بۆ موچەی ئەم مانگە حكومەتی هەرێم بە پێچەوانەی مانگەكانی پێشتر پێویستی بە كەمتر لە (885 ملیار) دینارە، چونكە لەم مانگەوە حكومەت بە بڕیارێك رێژەی (50%)ی موچەو خانەنشینی پلە باڵاكان دەبڕێت، ئەم لێبڕینە و هەندێك بڕیاری تر  بەتایبەت بڕینی مینحەی زیندانیە سیاسیەكان پێكەوە نزیكەی (15) ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
بەو (900 ملیار) دینارەی كە لەبەردەستی كابینەكەی مەسرور بارزانیدایە بە ئاسانی دەتوانێت لە ئێستاوە خشتەی موچەی وەزارەتەكان بۆ مانگی شوبات رابگەیەنێت.
چەند رۆژێكە دەنگۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دژی دواكەوتنی موچەو خراپی دۆخی دارایی خەڵك دەستی پێكردووە، راگەیاندنی خشتەی نوێی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەم كاتەدا رەنگە كاریگەری لەسەر بەشێك لە رەوتی ناڕەزایەتیەكان هەبێت بە ئاراستەی هێوركردنەوەدا.
بەڵام ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزاییەتیەكانی ئەمجارە پەنا بۆ دابەشكردنی موچە دەبات یاخود وەكو ئەوەی باس دەكرێت بە رێگا چارەی ئەمنی ناڕەزاییەتیەكان كۆنترۆڵ دەكات، بەتایبەتی لە كاتێكدا چالاكوانان لە سنوری هەولێر لە چەند سەرچاوەیەكی نادیارەوە نامەی هەڕەشە ئامێزیان پێگەیشتووەو هۆشدارییان پێدەدرێت لەبارەی هەرجۆرە گردبوونەوەو سازدانی خۆپیشاندانێك.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم دوێنێ رایگەیاند حكومەت بەپێی ئەو داهاتانەی دێتەبەردەستی موچەی موچەخۆران دابەشدەكات، ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە بەبێ پەنا بردن بۆ دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران بەشی دابینكردنی خەرجی موچە دەكات، بەڵام دیار نیە كە حكومەت بۆ مانگی داهاتوو سورە لەسەر (رێكخستنەوە)و دەستكاریكردنی دەرماڵەی موچەخۆران یان نا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand