لە سێ مانگی رابردوو عێراق بایی (25) ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە

Draw Media

2024-05-02 05:46:22




درەو:

🔻 بەپێی ئامارەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛
🔹 زۆرتر لە (309 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 398 هەزار) بەرمیل.
🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا نزیکەی (24 ملیار و 870 ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە سەروو (80) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە.
🔹 لەو بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی کردووە نزیکەی (99%)ی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، (1%)ی لە هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووەو بەشێکیشی لە کەرکوکەوە بە تانکەر هەناردەی ئوردن کراوە.


داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024
بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتەکانی (1 و 2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (309 ملیۆن و 212 هەزار و 787) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (304 ملیۆن و 888 هەزار و 647) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووەو بڕی (ملیۆنێک و 361 هەزار و 885) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن (2 ملیۆن و 962 هەزار و 255) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە.
 بە گشتی و بە تێکڕای ڕۆژانە (3 ملیۆن و 398 هەزار و 723) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (82.4) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە.
بەم پێیەش بەپێی لێکدانەوەکان، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە بڕی (24 ملیار و 869 ملیۆن و 902 هەزار) دۆلار.
ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت.
1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2024
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 439) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (77.54) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (80.12) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.58) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە.
بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 25 ملیۆن و 616 هەزار) دۆلار.
2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2024
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا، بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل.
ئەگەر چی وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری زۆرتری بڵاو نەکردووەتەوە بۆ مانگی شوبات، بەڵام لەسەر ئەوە بنەمایەی لە مانگی (کانونی دووەم)دا، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (2.58) دۆلار لە نرخی برێنت فرۆشتووە، کەواتە بەپێی ئەم گریمانەیە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە مانگی شوباتدا (83.48) دۆلار بووە و عێراقیش بەرمیلێک نەوتی بە (80.88) فرۆشتبێت، ئەوا کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق مانگی شوباتدا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 55 ملیۆن و 26 هەزار) دۆلار.
داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2024
پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2024)دا، بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل.
هاوشێوەی مانگی شوبات، لە مانگی ئازاریشدا وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری زۆرتری بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەر لەسەر ئەوە بنەمایەی لە مانگی (کانونی دووەم)دا، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (2.58) دۆلار لە نرخی برێنت فرۆشتووە، کەواتە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ئازاردا (85.41) دۆلار بووە و عێراقیش بەرمیلێک نەوتی بە (82.83) فرۆشتبێت، ئەوا کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق مانگی ئازاردا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 789 ملیۆن و 260 هەزار) دۆلار.


سەرچاوەکان


ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛
-    جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات والايرادات المتحققة لشهر كانون الثاني الماضي، 2/2/2024؛
https://oil.gov.iq/?article=1926
-    جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات النفطية المتحققة لشهر شباط الماضي، 28/3/2024؛
https://oil.gov.iq/?article=2010
-    جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات النفطية المتحققة لشهر آذار الماضي، 29/4/2024؛
https://oil.gov.iq/?article=2055
-    Europe Brent Spot Price FOB 2024, at;
https://shorturl.at/klBHR

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand