لە كۆبونەوەكەی سەرۆكی حكومەت و سەرمایەداران چی وترا؟

Draw Media

2020-05-13 19:59:53




درەو:
مەسرور بارزانی داوای (350 ملیۆن) دۆلار لە سەرمایەداران دەكات و دەڵێت: پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو قەرزی ئێوەی پێدەدەینەوە. 
دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە سەرمایەدارێكی بەشداربووی كۆبونەوەكەوە دەستی كەوتووە، سەرۆكی حكومەت تەنها (10 خولەك) لەگەڵ سەرمایەداران كۆبوەتەوەو بە كورتی و پوختی پێی وتوون" بەڵێنمانداوە پێش جەژنی رەمەزان موچەی موچەخۆران خەرجبكەین، بۆیە پێویستمان بە (350 ملیۆن) دۆلارە، دەبێت هاوكاریمان بكەن".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرمایەدارانی راگەیاندووە" پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو ئەو قەرزانەی ئێوەی پێدەدەینەوە، ئەم پرسەش نابێت لە راگەیەندنەكان بڵاو ببێتەوە"
لەدوای (10 خولەك) مەسرور بارزانی كۆبونەوەكەی سپاردووە بە قوباد تاڵەبانی جێگری، دواتر قوباد تاڵەبانی سەرمایەدارانی هانداوە بۆ هاوكاریكردنی حكومەت و رزگاركردنی لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتووە. 
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) نوێنەرو بەرپرسی چوار بانك ئامادەی كۆبونەوەكە بوون و سەرۆكی حكومەت داوای لە سەرمایەداران كردووە لەو بانكانە پارە رابكێشن و وەك قەرز بیدەن بە حكومەت، تەنانەت بڕی پارەشی بۆ سەرمایەداران دیاری كردووە:
-    ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كۆمپانیای ماس (25 ملیۆن) دۆلار 
-    شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار (15 ملیۆن) دۆلار
-    غەفور خۆشناو خاوەنی كۆمپانیای خۆشناو (15 ملیۆن) دۆلار
بەو شێوەیە هەر سەرمایەدارەو بڕێك پارەی بۆ دیاریكراوە وەك قەرز بیدات بە حكومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) (25) سەرمایەدار ئامادەی كۆبونەوەكە بوون (22) سەرمایەداری لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و (3) سەرمایەداری شاری سلێمانی كە ئەوانیش(سەعد فایەق كۆڵەك خاوەنی كۆمپانیای كۆڵەك، هیوا رەئوف خاوەنی كۆمپانیای هیوا رەئوف، شێخ سەعید، لە كۆمپانیا قەیوان) لە سلێمانی زۆرێك لە سەرمایەداران بەشداریان نەكردوو لە هەولێریش كۆمپانیا گەورەكانی وەك ( ستێر، كۆڕەك، سەڵاحەدین) بەشداریان نەكرد.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە" هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابوری بوەتەوە" دواتریش  وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی كوردستان و  بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە موچەی موچەخۆران دابەش دەكرێت". 
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بەڵام داهاتەكانی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە، رووی لەكەمی كردووەو تا ئێستاش بەغداد موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە كە مانگانە بڕەكەی (453 ملیار) دینارەو (441 ملیار) دیناری دەگاتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان. 
ماوەی زیاتر لە (60) رۆژە موچەخۆران موچەیان وەرنەگرتووەو تەنها (6 ) وەزارەت دوای (60) رۆژ موچەی وەرگرتووە..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand