"کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە"

Draw Media

2020-04-16 17:02:23



(درەو):

بەپێی لێكدانەوەی بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان "كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە، حكومەت دەتوانێ بەبێ پاشەكەوت موچە بدات"
دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کەناڵی (رووداو):
🔹 بەپێی رێککەوتنەکەی ئۆپێک، هەرێمی کوردستان دەبێت رێژەی (۹۰ هەزار) بۆ (۱۱۰ هەزار) بەرمیل ئاستی هەناردەی نەوت کەمبکاتەوە.
🔹 بڕیارەکەی ئۆپێک لە بەرژەوەندی هەرێمە، چونکە هەرێم ئەتوانێت بە حکومەتی بەغداد بڵێ ئێوەش دەبێت پابەندبن بە بودجەی ۲۰۱۹وە، ئەوکات بەغداد مانگانە بڕی (٤۰۰ ملیۆن) دولارەکەی هەرێم خەرج دەکات، بەمەش بودجەکەی بەغداد زامن دەکرێت
🔹 دەبێ وەفدی دانوستانکاری هەرێم زەمانەتی (٤۰۰ ملیۆن) دولارەکە لە بەغداد وەرگرن لەبەرامبەر کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت.
🔹 ئەو (۱۰۰ هەزار) بەرمیل نەوتەی کە لە هەناردەکردن کەمدەبێتەوە، حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە ناوخۆدا مامەڵەی پێوە بکات بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکاتەوە.
🔹 ئێستا رێژەی ٥۰٪ی بەرهەمی نەوت و دیزڵ و LPGی هەرێم لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، ٥۰٪ی تری لە ئێران و تورکیاو ئیماراتەوە بۆمان دێت، بۆیە (۱۰۰ هەزار) بەرمیلەکە دەتوانرێت لە ناوخۆدا ساغ بکرێتەوە.
🔹 ئەگەر تێچووی پاڵاوتنی نەوتی خاو لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بە (۱٥ دۆلار)یش ئەژماربکرێت، لە هەر بەرمیلێک نەوت حکومەتی هەرێم (٤۰ دۆلار)ی بۆ دەمێنێتەوە، ئەم پارەیە بۆ (۱۰۰ هەزار) بەرمیل، داهاتە بۆ مانگێک دەکاتە نزیکەی (۱۳۰ ملیۆن) دۆلار.
🔹 واتە دوای کەمکردنەوەی بڕی (۱۰۰ هەزار) بەرمیل لە ئاستی هەناردەکردن، حکومەت دەتوانێت مانگانە (۱۳۰ ملیۆن) دۆلاری داهاتی ئەو نەوتەی لەناوخۆدا دەستبکەوێت، ئەمە جگە لە (٤۰۰ ملیۆن) دۆلارەکەی بەغداد.
🔹 دوای کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن ئەوەی کە دەمێنێتەوە بڕی (۳۰۰) بۆ (۳٥۰) هەزار بەرمیلە کە هەناردە دەکرێت، ئەم نەوتە ئەگەر بەرمیلیشی بە (۲۰ دۆلار) بفرۆشرێت، داهاتەکەی دەکاتە نزیکەی (۲۰۰ ملیۆن) دۆلار.
🔹 یاسای چاکسازیش ئەگەر جێبەجێ بکرێت لانی کەم (۱۰۰ ملیۆن) دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
🔹 بەکۆی گشتی داهاتی ناوخۆ، (٤۳۰ ملیۆن) دۆلاری سافی بۆ حکومەت دەمێنێتەوە، ئەگەر (٤۰۰ ملیۆن) دۆلارەکەی بەغدادیش زامن بکرێت، ئەوا حکومەت دەتوانێت (۷۳۰ ملیۆن) دۆلاری بەبێ پاشەکەوت بدات بە موچەی فەرمانبەران و (۱۰۰ ملیۆن) دۆلاریش دەمێنێتەوە بۆ بودجەی تەشغیلی حکومەت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand