"سكاڵاكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە تۆماركراوە"

Draw Media

2020-04-07 22:42:44



درەو:
"سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵا لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆمار دەكات و داوا لەپەرلەمانی كوردستان دەكات پارێزبەندی لەسەریان هەڵبگیرێت" ئەمە بۆچۆنی سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنوس و كادری یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە نوسویەتی" سەرۆكی حكومەت سەرباری نەبوونی دەوام و بە رۆژی شەممە كە دەوام نیە، داوای فەرمی لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆمار دەكات و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی سەریان دەكات تا روبەرووی دادگا بكرێنەوە، لەسەر ئاشكراكردنی گەندەڵی و فەسادی ئەم حوكمڕانیە؟"
ئەو كادرەی یەكێتی لە نوسینەكەیدا بەناوی ( رێبەر گێت) ئاماژەی بەوەشكردووە"سەرۆكی حكومەت بەرۆژی قەدەغەی هاتوچۆو بەرۆژی شەممە نوسراوی كردووە تا پەرلەمانی كوردستان دابنیشێت، بۆچی؟ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاریی یەكێتی و كۆمەڵ! لەسەر چی؟ بێگومان لەسەر گەندەڵی ملیار دۆلارەكە!!"
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو دوو پەرلەمانتارەی كە كادرەكەی یەكێتی ئاماژەی پێكردوون هەریەك لە ( سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و (سەركۆ ئازاد گەڵاڵی) پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە پێشتر هەردوكیان لێدوان و نوسینیان بڵاوكردۆتەوە لەسەر وەرگرتنی ( 250 ملیۆن) دۆلار شیرینی نەوت و (ملیار)دۆلارە دەستبەسەرداگیراوەكەی لوبنان>

سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوایكردووە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵبگیرێت، ئەو پەرلەمانتارە بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە" دەبێت داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە".

 لە 1ی نیسانی رابردوو لە رونكردنەوەیەكدا نوسینگەی سەرۆكی حكومەتیه هەرێمی كوردستان رایگەیاند" سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ خەڵكی چەواشە دەكات و لێدوانی ناڕاستی داوە گوایە داهاتی حكومەت لە خەرجی زیاترەو سەرۆكی حكومەت خاوەنداری بانكێك دەكات، بۆیە رێكاری یاسایی بەرامبەری دەگرینە بەر". 

پێشتریش داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار ( مسرور بارزانی ) لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەو راستیەکان پێکهێندرا بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (۲٥۰) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای روزنفت داویەتی بە لایەنێک و وە ئەو (۱۰۰۰۰۰۰۰۰۰) یەک ملیار دۆلار کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە وە چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس دەکرێ"

هەڵگرتنی پارێزبەندی چۆن دەبێت؟

 پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان شێوازی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران رونكردۆتەوە.
بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی (24)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەڵگرتنی پارێزبەندی بە دەنگی زۆرینە دەبێت و لەو بڕگەیەدا هاتووە " بڕیاری هەڵگرتنی پاریزبەندی پەرلەمان، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبوانی پەرلەمانەو لەدەرەوەی وەرزەكانی یاسادانانیش دەستەی سەرۆكایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی دەدات"
بەڵام پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان مەرجی داناوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی و لە بڕگەی پێنجەمی مادەی (24)دا ئاماژە بەوە دەكات " بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی تەنیا بۆ ئەو كردەتاوانیەیە كە لە داواكەی دادوەردا هاتووە، لەسەر كردەكانی تری ئەندام جێبەجێ نابێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand