پارتی ئامادەبوو وەزیرێك لە بەغداد بداتە گۆڕان  

Draw Media

2020-02-25 18:46:32



درەو:
پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بووە بە لابردنی فوئاد حسێن و دانانی سەركیس ئاغاجان بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق و ئامادەش بووە وەزیری دووەمی بدات بە بزوتنەوەی گۆڕان و سامان شاڵی ئەو پۆستە وەربگرێت.
هەفتەی رابردوو گفتوگۆو دانوستانی وەفدی لایەنە كوردیەكان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و بەتایبەتیش محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیران راسپێردراو گەرم بوو، لە پشتی وەفدی لایەنە كوردیەكانیشەوە بەرپرسانی پارتی لە مامەڵەدابووە بۆ ئەوەی پشكی خۆی لە كابینەی نوێ وەربگرێت.
 سەرچاوەیەكی باڵاو نزیك لە گفتوگۆكان بە (درەو)ی راگەیاند پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەتا هەموو هەوڵێكی لە پێناو ئەوەبوو كە فوئاد حسێن لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، بەڵام كە زانی محەمەد عەلاوی سورە لەسەر لابردنی تەواوی وەزیرەكانی پێشوو بە فوئاد حسێنیشەوە، بۆیە كەوتە مامەڵەكردن تا وەزارەتی دارایی لەدەست دەرنەچێت بۆ ئەو مەبەستەش ( سەركیس ئاغاجان) كە لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم وەزیری دارایی بوو لە پێكهاتەی مەسیحی، بكاتە وەزیری دارایی، بەڵام محەمەد عەلاوی رازی نەبووە.
ئەو سەرچاوەیەی (درەو) ئاماژە بەوەشكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بووە بەوەی لەو سێ وەزیرەی بۆ پشكی كوردە دوو وەزیری بە پشكی خۆی زانیوە وەزیری دارایی بۆ خۆی وەزیرێكی تریش بداتە بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ ئەو مەبەستەش پارتی حۆی پێشنیازی ( د. سامان شاڵی) كردووە كە لە هەڵبژاردنی 2014 كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە بۆ پەرلەمانی عێراق ( كە ئێستا پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە) ، وەزیرێكیش بۆ یەكێتی بێت، بەڵام محەمەد عەلاوی هەموو ئەو پێشنیازانەی رەتكردۆتەوەو سورە لەسەر ئەوەی وەزیرەكانی كەسانی سەربەخۆ بن، هەربۆیە لایەنە كوردییەكان لە هەوڵی ئەوەدان بایكۆتی دانیشتنی رۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق بكەن كە تایبەتە بە متمانەدان بە كابینەكەی عەلاوی.
بە پێی زانیارییەكان كورد لە كابینەكەی محەمەد عەلاوی پێنج وەزیری بەردەكەوێت و تا ئێستا ناوی ئەم كاندیدانە دێت:
-    وەزیری دارایی بۆ شوان ئیبراهیم تەها مامۆستا لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی 
-    وەزیری داد بۆ حاكم رزگار محەمەد ئەمین 
-    وەزیری بازرگانی بۆ عادل كەریم بریكاری وەزارەتی پەیوەندییەكان 
-    وەزیرێكی دەوڵەتی عێراق 
-    وەزیری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد
بە پێی لێدوانی وەفدی لایەنە كوردییەكان محەمەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو رازیبووە بە هەموو داواكارییەكانی كورد تەنها دەڵێت با كاندیدەكان سەربەخۆ بن بەتایبەتیش:
-    موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەدات
-    بودجە بۆ مادەی 140 تەرخان دەكات
-    پارەی جوتیارانی هەرێم بدات
-    موستەحەقاتی پێشمەرگە بدات 
بەڵام لایەنە كوردیەكان سورن لەسەر ئەوەی دەبێت خۆیان كاندیدی وەزارەتەكان دابنێن، پێشتر پەرلەمانتارانی ( بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی ئاییندەو سەربەخۆكان گروپی (15)یان پێكهێنابوو چەند كۆبونەوەكیان لەگەڵ محەمەد عەلاوی ئەنجامدابوو، بەڵام سەركردایەتی حزبەكانیان بەتایبەتیش ( بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) لەگەڵ وەفدی لایەنەكوردییەكان چونە بەغداد و كۆتاییان بە گروپی (15) هێنا. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand