Draw Media

"30 هەزار بەرمیلی نەوتی خۆمان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەفرۆشین"

"30 هەزار بەرمیلی نەوتی خۆمان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەفرۆشین"

2025-09-26 11:14:43


(درەو):
كۆمپانیای (گەنێڵ ئەنێرژی) توركی پێشوازی لە رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەكات پشكی نەوتی خۆی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی بە پارەی (كاش) لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشێت، كە رۆژانە بڕەكەی 30 هەزار بەرمیلی رۆژانە. 
كۆمپانیای (گەنێڵ ئەنێرژی) توركی كە بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی كاری بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە كێڵگەی (تاوكێ)، راگەیەندراوێكی لەبارەی رێككەوتنی نوێی نێوان هەرێم و بەغداد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت بڵاوكردەوە. 
لە راگەیەندراوەكەیدا كۆمپانیا توركییەكە دەڵێ: پێشوازی دەكەین لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکییەوە.
گەنێڵ ئینێرژی باسلەوە دەكات، کۆمپانیای DNO ASA، کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی، ئەمڕۆ ڕاسپێردراون بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە لە رۆژی 27ی ئەیلولی 2025وە، دوای ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی.
"بەم پێیە، کۆمپانیای DNO پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەستدەكات لە فرۆشی مۆڵەتی كێڵگەی تاوکێ، کە کۆمپانیاکە بەڕێوەی دەبات، لەئێستادا بە تێکڕا دەگاتە 38 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ هەناردەكردن. بەردەوامیش دەبێت لە فرۆشتنی ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە كە پشكی فرۆشی گروپی بەڵێندەرانە كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە DNO و  Genel Energy كە بە تێكڕا دەگاتە 30 هەزار بەرمیلی رۆژانەو بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە هەن بە كڕیارە ناوخۆییەكان دەفرۆشریت" بەیاننامەكەی گەنێڵ ئینێرژی وای نوسیوە. 
بیژەن ڕەحمانی سەرۆکی جێبەجێکاری كۆمپانیای DNO وتی:"خۆشحاڵین بەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە کرایەوەو ئێستا دەڕژێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.. ئێمە بڕیارمانداوە لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ بەشداری هەناردەکردن نەکەین و بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی نەوتەکەمان لەسەر بنەمای مانگانەو کاش بە کڕیارەکانمان، بە نرخی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە نزمترین ئاستدا".
گەنێڵ ئەنێرژی باسلەوە دەكات، ماوەی رێککەوتنەکانی ئێستای نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی نەوت کە بەشداری دەکەن، لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی دێت، پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا بەشی یەكەمی پارەی بەرهەمهێنانی نەوت بدرێت كە بۆ هەر بەرمیلێک 14 دۆلارە (دوای لێبڕینی تێچووی گواستنەوە)، ئەم پارەیەش لە ساڵی 2026 بەپشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی "مۆدێل و گرێبەستە بازرگانییەکان" لەلایەن ڕاوێژکارێکی دەستنیشانکراوی بەغداوە دەستکاری دەکرێت.
بەشدارنەبوونی كۆمپانای (DNO)ی نەرویژی لە رێككەوتنی سێقۆڵی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەكاتێكدایە كە بەقسەی بیژەن ڕەحمانی" DNO تازە بەرنامەیەکی گەورەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخاپور داناوە  بۆ گۆڕینی ئەو ئامێرانەی کە لە کاتی هێرشە درۆنییەکانی تەمموزی رابردوودا زیانیان بەرکەوتووە، دواتر لێدانی هەشت بیر لە ساڵی 2026دا بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
كۆمپانیای DNO كە كارپێكەری سەرەكی كێڵگەی تاوكییە، هەر لەسەرەتاوە داوای گەرەنتی پێدانەوەی پارەكانی رابردووی كرد بۆ بەشداربوون لە رێككەوتنە سێقۆڵییەكەی هەولێرو بەغدادو كۆمپانیا نەوتییەكان، لەكۆی نزیكەی ملیارێك دۆلاری قەرزی پێشووی كۆمپانیاكان لەسەر حكومەتی هەرێم نزیكەی 300 ملیۆن دۆلاری قەرزی ئەم كۆمپانیایە، بۆیە ئیمزای لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت نەكرد.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand