Draw Media

DNO وەرگرتنەوەی قەرزەكانی كردووە بە مەرج

DNO وەرگرتنەوەی قەرزەكانی كردووە بە مەرج

2025-09-23 11:07:20


(درەو): 
كۆمپانیای DNOی نەرویژی دانی پێدا نا، بەبێ زامنكردنی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم؛ ئامادەی رێككەوتنی سێقۆڵی و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نییە، بۆ ئەمەش پێشنیارێكی ئاڕاستەی هەرێم كردووە. 
كۆمپانیای (DNOی نەرویژی كە لە  كێڵگەی (تاوكی) لە هەرێمی كوردستان كاردەكات  هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگەیاند.
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی كە باسلەوە دەكەن (وەزارەتی نەوتی عێراق+ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم) رێككەوتنی سێقۆڵییان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، كۆمپانیای (DNO) رایگەیاند، پێشوازی لەو راپۆرتانە دەکەین کە باس لە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە.
" کۆمپانیای DNO بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە کە تامەزرۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنە، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە زامنی پارەدانی شایستەكانی رابردوو  دەكەن لەگەڵ زامنكردنی هەناردەكردن لە ئایندەدا، بە پشتبەستن بە مەرجە یاسایی و ئابووری و بازرگانییەکانی ئەو گرێبەستە هاوبەشانەی بەرهەمهێنان؛ کە کۆمپانیاکە لەگەڵ کوردستاندا هەیەتی".
سەرباری راگەیاندنی هەواڵی رێككەوتنی سێقۆڵی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەن سەرچاوە بەرپرسەكانی نەوتەوە لە عێراق، بەڵام هێشتا كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم نایانەوێت ئەو هەواڵانە پشتڕاست بكەنەوە، ئەم كۆمپانیایانە باسلەوە دەكەن بڕی نزیكەی (1 ملیار) دۆلار قەرزیان لای حكومەتی هەرێمە كە شایستەی دارایی رابردووی كاركردنیانە لە كوردستان و لە رێككەوتنی ئەمدواییەدا پێدانەوەی ئەم پارەیە زامن نەكراوە.
بێژەن رەحمانی وتەبێژی كۆمپانی (DNO) دەڵێ: ریسكی ئێمە لە كۆمپانیا جیهانییەكانی تری نەوت جیاوازە، بەوپێیەی ئێمە گەورەترین وەبەرهێنی نەوتین، دواكەوتنی شایستە داراییەكانمانن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە زۆر زیاترە لە شایستەی كۆمپانیاكانی تر، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرکەوتنمان بە مەترسییەکانی پارەدانی داهاتووش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە هەر کۆمپانیایەکی دیکە.
وتەبێژەكەی (DNO) ئاشكرایكرد، كۆمپانیاكەیان پێشنیاری پێشكەشی هەولێر كردووە بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، وەكو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات "چارەسەرێك ئاسان كە بكرێت بە خێرایی رێككەوتنی لەسەر بكرێت". 

بەپێی زانیارییەكان، ئەم پێشنیارە ئاڕاستەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و لەوێ بڕیار لەسەر دەدرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand