Draw Media

وەڵامێكی "دورودرێژو لاستیكی" لە ئەنجومەنی دەوڵەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران

وەڵامێكی "دورودرێژو لاستیكی" لە ئەنجومەنی دەوڵەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران

2025-09-21 12:14:39


(درەو):
ئەنجومەنی دەوڵەت وەڵامی خۆی سەبارەت بە (ناكۆكی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان) رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كرد، سێ شەممە حكومەتی فیدراڵ كۆبوونەوەی هەیە، پەرلەمانتارێك دەڵێ وەڵامەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت دورودرێژو لاستیكییە، ئەگەر كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوت تا سێ شەممە چارەسەر ببێت، كێشەی داهاتی نانەوتیش چارە دەبێت.
كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت (لەبارەی ناكۆكی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان) بریتییە لە ١٧ لاپەرەو بەنوسراوی رەسمی درایە نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران.
"وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. ئەگەر تا سێ شەممە رێکكەوتنە سێیقۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدادو کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێ، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکییەکە نەوتە" كاروان یاروەیس وا دەڵێ.
بەقسەی ئەم پەرلەمانتارە، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ گفتوگۆ لەبارەی بژاردەی تر دەکرێ لەسەر چارەسەرکردنی داهاتی نانەوتیی، کە رەنگە بریتی بن لە رادەستکردنی ١٢٠ ملیار یان نیوەی کۆی داهاتی نانەوتیی، کە حکومەتی هەرێم بەوەیان رازی نیە یاخو دەبێت حکومەتی هەرێم 50%ی داهاتی گشتی بە نەوتی و نانەوتییەوە رادەستی عیراق بکات.
سەبارەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانیش كە لە 25ی ئازاری 2023ووە راگیراوە، كاروان یاروەیس باسلەوە دەكات رێکكەوتنی سێیقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم ئامادەیەو هەرسێ لا (وەزارەتی نەوتی فیدراڵ+ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم+ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت) لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە رێککەوتوون و تەنها ئیمزاکردنی ماوە ئەگەر خوانەخواستە تێکنەچێ.
"هەرێم کۆی بەرهەمی ئێستای نەوت کە زیاتر لە ٢٣٠ هەزار بەرمیلە ١٨٠ هەزار دەدات بە سۆمۆ و 50 هەزار بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەبێت، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکكەوتون".
چارەنوسی موچەی (6) مانگی ئەمساڵ لەسەر یەكلابوونەوەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد لەسەر بابەتی رادەستكردنی نەوت و رێككەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەكان راوەستاوە، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا روون دەبێتەوە ئەم پرسە دەگاتە چارەسەر، یاخود دەرگای ناكۆكی تر دەكرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand