Draw Media

60 هەزار بەرمیلی DNO بۆ ناوخۆ.. خەرجكردنی موچەی مانگی 7ی هەرێم

60 هەزار بەرمیلی DNO بۆ ناوخۆ.. خەرجكردنی موچەی مانگی 7ی هەرێم

2025-09-23 13:46:15


(درەو): 
كۆمپانیای DNOی نەرویژی كە لە كێڵگەی (تاوكێ) كاردەكات لە رێككەوتنی سێقۆڵی بەدەركراو نەوتەكەی (60 بۆ 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە) بۆ ناوخۆ بەكاردەهێنرێت، موچەی مانگی 7ی موچەخۆرانی هەرێم خەرج دەكرێت، تا ئەوكاتەی ناكۆكییەكان لەسەر داهاتی نانەوتیی یەكلادەكرێتەوە دەبێت هەرێم 120 ملیار 

موچەی مانگی 7 دەنێرێت
جارێكی تر رۆژی سێ شەممە گەڕایەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
هاوشێوەی هەفتەكانی پێشوو، لەم هەفتەیەش پرسی موچەی هەرێم لەبەرنامەی كاری كۆبوونەوەی حكومەتی فیدراڵدا نەبوو، بەڵام محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا باسی كردو هەر خۆی بەبێ بواردان بە دروستبوونی مشتومڕ، بڕیاری لەسەر دا. 
بەپێی قسەی وەزیرە كوردەكان، سودانی فەرمانی بە تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ كردووە لە سبەینێوە دەست بە رێكارەكانی تەمویلی موچەی مانگی (7)ی موچەخۆرانی هەرێم بكات. 
 
هەناردەكردنەوەی نەوت
لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانەوە كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا سودانی پرسیاری لە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كردووە سەبارەت بەوەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكاندا چییان كردووە.
وەزیری نەوت باسی لەوەكردووە، بەنزیكەیی لەگەڵ هەموو كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم گەیشتونەتە رێككەوتن، جگە لە كۆمپانیایەك كە نزیكەی (60 بۆ 65 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمی هەیە.
وادیارە مەبەستی وەزیر گرفتی كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی بێت كە داوای پێدانی گەرەنتی كردووە لەبارەی پێدانەوەی قەرزی رابردووی كۆمپانیاكان لای حكومەتی هەرێم كە نزیكەی (1 ملیار) دۆلارەو ئەم كۆمپانیایە دەڵێ زۆربەی ئەم قەرزە هی ئێمەیە. 
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، لەبارەی كێشەی كۆمپانیا نەرویژییەكەوە، بڕیاردراوە بەشێوەیەك چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوەو نەوتی ئەو كۆمپانیایە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاربهێنرێت، نەك بۆ هەناردەكردن. 
بەمشێوەیە رێككەوتنی سێقۆڵی نێوان (وەزارەتی نەوتی فیدراڵ+ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم) پەسەندكراوەو سودانی گەشبینی خۆی نیشانداوە بەوەی توانیویانە لەدوای 2003وە بۆ یەكەمجار نەوتی كوردستان بگەڕێننەوە بۆ (سۆمۆ)و كێشەكان چارەسەر بكەن. 
ئەوەی لەم پرسەدا ماوەتەوە، تەنیا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە لەرێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)وە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كراوە لەسەر ئەوەی لە زوترین كاتدا هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە. 

داهاتی نانەوتیی
لەبارەی وەڵامی (ئەنجومەنی دەوڵەت) لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. كۆبوونەوەكە بڕیاریداوە ئەم پرسە رادەستی لیژنەیەكی یاسایی بكرێت. 
بەڵام بۆ موچەی مانگی 7 كە دەبێت لە سیەینێوە دەست بە تەمویلكردنی بكرێت، هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مانگەكانی تر پابەندكراوە بەوەی بڕی (120 ملیار) دیناری داهاتی نانەوتیی بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.
بۆ داهاتی ناوخۆ ئەم پێوەرە تا ئەوكاتە بەردەوام دەبێت كە بڕیاری كۆتایی لەبارەی وەڵامەكەی (ئەنجومەنی دەوڵەت) دەدرێت. 
واتا لەحاڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتدا، بۆ موچەی مانگەكانی تر، دەبێت هەرێم بە هەمانشێوەی 120 ملیار دیناری مانگانە وەكو داهاتی نانەوتیی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand