Draw Media

چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی؟

چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی؟

2025-08-23 12:12:24


 

درەو:
لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، لە ئێستادا لە زیندانی ئاسایشی سلێمانیدایە، دادگایی دەكریت؟ یان رەوانەی بەریتانیا دەكرێت وەك هاوڵاتییەكی بەریتانی، لاهور شێخ جەنگی خۆی رادەستكرد، یان دەستگیركرا، ئەو فەرماندەیەی لالەزار كێ بوو خۆی رادەستنەكردو دەربازی بوو؟

سەرەتای روداوەكە
 لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەتایبەتیش لە دوای هەوڵی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و رێگریكردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەبیانووی ئەوەی خەڵكی تر دەیانەوێت بیقۆزنەوە، ئەوكات بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی پێیان وابووە كە جموجوڵی ئەمنی هەیەو بەتایبەت كۆمەڵێك لە بەرپرسە سەربازییەكانی یەكێتی لە شوێنان كۆبوونەوە دەكەن و نیگەرانی دەردەبڕن، بۆیە گۆمان دەكرێت كە هەوڵی كودەتا و جموجوڵی ئەمنی هەبێت لەناو یەكێتی، یەكێتی دەست دەكات بە گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی.  
  هەفتەیەك پێش هێرشكردنە سەر لالەزار هێزێك دەچێتە سەر لالەزار سەعات پێنجی بەیانی روبەروبونەوە روو دەدات لەگەڵ هێزەكەو هیزەكەی لالەزار دوو كەسیان لێ بریندار دەكەن و دواتر نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی لەو دۆسێیە بەرپرسانی ئاساییش ئاگادار دەكەنەوە بەڵام بە وتەی بەرپرسانی لالەزار ئەوكات باسیان لەوە كرد بە وێنەو ڤیدیۆ دۆسیەكەمان دایە ئاسایش و هیچ لێپرسینەوەیەكیان نەكرد. 
بەڵام نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانی باس لە هەوڵێكی تیرۆركردن دەكەن و لاهور شێخ جەنگی و بەرپرسێكی دیكەی ئەمنی پێ تۆمەتبار دەكەن، كە چەند رۆژێك پێش هەڵكوتانە سەر لالەزار هەوڵیانداوە لە رێگای درۆنەوە بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بكەن، بەڵام لاهور شێخ جەنگی پێی وابوو ئەوە راست نەبووەو هەوڵەكە لەناو خۆی یەكێتی بووەو چەند سەركردەیەكی باڵای یەكێتی هەوڵی جوڵەیان داوەو هیچ پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە نەبووەو پێش دەستگیركردنیشی رایگەیاند پەلاماردانی لالەزار بۆ ئەوەیە چاوترسێنی سەركردەكانی ناوخۆی یەكێتی پێبكرێت، واتا تەنیا ئامانجەكە لاهور شێخ جەنگی نەبووەو بەڵكو ناڕاستەوخۆ سەركردەكانی تری ناوخۆی یەكێتی بووە، كە بەشێكیان نیگەران بوون و بە ئاشكرا قسەیان لەسەر سیاسەتەكانی بافڵ تاڵەبانی كردووە. 
  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)  رۆژی 20ی مانگ بافڵ تاڵەبانی دەچێتە بەغداد بەشێك لە باڵیۆزخانەكان ئاگاداردەكاتەوە بەتایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و بەشێك لەسەركردە سیاسیەكانی عێراقیش لە هێرشكردنە سەر لاهور شێخ جەنگی ئاگادار دەكاتەوە، عەسرەكەی دەگەڕێتەوە دەباشان لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە، بە نزیكەی 40 ئۆتۆمبێل و ژمارەیەك هێلیكۆپتەریش پاسەوانی دەكەن و بۆ ماوەیەك هێلێكۆپتەرەكان بەسەر دەباشان و بەرزاییەكانی سلێمانی دەسوڕێنەوە. 
رۆژی 21ی ئاب  دوای نیوەڕۆ هێز لە سەرجەم بازگەكان بڵاو دەكرێنەوەو  فەرمان بە تەواوی بازگەكان  دەدرێت و رێگە لە دەرچون و هاتنە ناوەوەی كەسانی نزیكی لاهور شێخ جەنگی دەگیرێت.
تەواوی هێزەكانی نزیكی بافڵ تاڵەبانی دەخرێنە ئامادەباشی تەواوەوە(دژەتیرۆر، كۆماندۆ، سواتی ئاسایش) بەتەواوی كارمەند و ئەفسەر و چەك و جبەخانەی قورسەوە، ئامادەباشی دەكەن، سەعاتی سفر (3)ی بەیانیە. 
 لە لالەزار ئامادەكاری دەكرێت، ئەوەی ئامادەبووە، ئەو هێزەی كە پاسەوانی لالەزار بووە و سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە كە نزیكەی (200) كەس بووە ، لەگەڵ پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالی و ئەحمەد ئەسەفو هیچ كەسێك لەوانەی پێشتر وەك خۆبەش و وەك كەسانی لایەنگری لاهور شێخ جەنگی دەردەكەوتن لەوێ نەبوون. 
شەو ئامادەكاری دەكرێت و بافڵ تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەكات و ژووری عەملیات پێكدەهێندرێت، بەڵام لە دەرەوەی دەباشان واتا بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان نابێت، شەو لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری دەزگای ئاساییشی سلێمانیەو دەكات، ئەم هێزە چیەو چۆنە بۆچی هێناوتانە؟ بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ژووری پرۆسەكان دەبێت دەڵێت فەرمانی گرتنت هەیە پێویستە خۆت رادەست بكەیت، لەكاتی قسەكاندا بافڵ تاڵەبانیش لەوێ دەبێت و گوێی لە قسەو دەنگی بەرزی لاهور شێخ جەنگی دەبێت كە هەڕەشە دەكات، بافڵ تاڵەبانی  تەلەفۆنەكە وەردەگرێت، ئیتر پەیوەندی و قسەكردنەكە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی درووست دەبێت، ئەو شەوە زیاتر لە (5) جار قسە دەكەن بافڵ تاڵەبانی دەڵێت دەبێت خۆت رادەست بكەیت و لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت منەتان نەبێت وەرن چیتان لەدەست دێت بیكەن.
سەعات (3) سەعاتی سفر دەبێت، كات لە سەعاتی سفر نزیك دەبێتەوە، هەوڵێكی تر دەدرێت كە خۆیان رادەست بكەن، لاهور شێخ جەنگی بە ڤیدیۆیەك وەڵام دەداتەوە كە " بەپێوە وەستاوین و بە پێوەش دەمرین" بۆیە سەعات (3:30)ی بەیانی شەڕ دەستیپێكرد، دەنگی تۆپ و چەكی قورس و بانگی بەیانی تێكەڵ بوو، بۆ ماوەی زیاتر لە (3) كاتژمێر شەڕ بەردەوام بوو، سەرەتا هێزەكان روبەرووبونەوەی سەخت روویداوە، بەهێزێ زۆری دژەتیرۆر و كۆماندۆ و ئاسایش بە نزیكەی (15) دەبابە و (120) باجەرو دەیان تۆپ و هاوەن و درۆن بەشدارییان تێداكردووە، تا نزیكی (5:30) شەڕی سەخت دەبێت و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن پێشڕەوی بكەن لەلالەزارەوە بەرگری زۆر دەكرێت، بۆیە هێزە ئەمنییەكان نەخشەی شەڕ دەگۆڕن، بە درۆنێكی زۆری خۆكوژی هێرش دەكرێتە سەر لالەزار، دواتر هێزەكەی كۆماندۆ چەند ئۆتۆمبێلێكی باجەری گولە نەبڕ دێنن و دەچنە ژوورەوە، شەڕەكە زۆر توند دەبێت، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند كەسێك كرد كە ئاگاداری شەڕەكەن، هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی  دوای زیاتر لە (3) كاتژمێر فیەشكیان پێنامێنێت، هێزەكەی كۆماندۆ دەچنە ژوورەوە ژمارەیەك لەو هێزەی لاهور شیخ جەنگی دەگرن كە فیشەكیان پێنامێنێت، لاهور شێخ جەنگی سەرقاڵی تیماركردنی قاچی پۆڵاد شێخ جەنگی دەبێت كە خوێنێكی زۆری لێدەڕوات، دەڵێن خۆتان رادەست نەكەن هەمووتان رەمی دەكەین، بۆیە وەهاب هەڵەبجەیی دەچێتە ژوورە و لەگەڵ خۆیان دەیانهێنێت، لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی پۆڵاد شێخ جەنگی و ژینۆ محەمەد و فێنك ئەحمەدی لەگەڵ دەبێت. 

ئاوات شێخ جەنگی 
 لە كاتی دەستگیركردنیدا ئاوات شێخ جەنگی خوشكی لاهور شێخ جەنگی لەكاتی دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی دەردەكەوێت، یەكێك لە خانەوادەی شێخ جەنگی بە (درەو)ی راگەیاند ئاوات زۆر نەخۆش بوو زۆر هەوڵیاندا نەچێتە لالەزار بەڵام وتی ناتوانم براكانم جێبهێڵم خۆ ئەزانم هیچم پێناكرێت بەڵام هەر دەچم بۆیە تا كۆتایی شەڕەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوو، تەنانەت لەگەڵ دەستگیركردن و بردنیشی لێدانەبڕا، ئاراس شێخ جەنگی و هیوا شێخ جەنگی و ئاكۆ شێخ جەنگی براكانی لاهور شێخ جەنگی لەدەرەوەی وڵاتن، ژن و منداڵەكانی لاهور شێخ جەنگی لەوێ نەبوون و لەدەرەوەی وڵات بوون.

رێبوار حامید حاجی غالی 
سەبارەت بە گرتنی رێبوار حامید حاجی غالی بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كەلەگەڵ بەرپرسانی نزیكی لالەزار و بەرپرسە ئەمنییەكان قسەی كرد، رووداوەكە بەم شێوەیە بووە، لەدوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە (3) كاتژمێر شەڕ و نەمانی فیشە پێیان دوای دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، زۆر هەوڵ ئەدەن رێبوار حامید حاجی غالی خۆی رادەست بكات خۆی رادەست ناكات و شەڕ دەكات، بەڵام یەكێتی پەیوەندی بە باوكییەوە دەكەن (حامید حاجی خالی)و دەڵێن خۆی رادەست نەكات دەیكوژین، بۆیە باوكی پەیوەندی پێوە دەكات و لە رێگەی باوكیەوە خۆی رادەست دەكات، نەك ئەوەی پێش شەڕەكە خۆی رادەستكردبێت، چونكە رێبوار لە گەرمەی شەڕەكەدا دوای دوو كاتژمێر شەڕ پۆستێك دەكات و دەڵێت سەردەكەوین، 

ئەحمەد ئەسەف دەربازی بوو
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەوەی لە لالەزار بوو هەموویان دەستگیركران و خۆیان رادەستكرد، تاكە كەسێك و بەخۆی مەفرەزەكەیەوە رزگاری بوو ئەحمەد ئەسەفە كە فەرماندەیەكی نزیكی لاهور شێخ جەنگی بووە تا كۆتایی لەحزە شەڕی كردووەو دواتر بەشەڕ خۆی دەرباز كردووەو تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، ئەمڕۆ ئەحمەد ئەسەف لە ئاكاونتەكەی  لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك نوسیویەتی " من هەڵۆی لوتكەی بەرزی داڵانیم، هەرگیز وەك قاڵاو ناكەومە چینە".


ژمارەی كوژراوو بێسەرو شوێنەكان
ئەوەی بەڕەسمی راگەیەندراوەو بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) لە روداوەكەدا (3) كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و (19)ی دیكەش برینداربوون.
لەبەرامبەریشدا دەوترێت كوژراوو بریندار هەیە لەبەرەی لالەزارهەرچەندە هێشتا رانەگەیەندراوەو یەكلا نەكراوەتەوە بەڵام باس لەوە دەكرێت كوژرا و بریندار لە لالەزاریش هەیەو نزیكەی (30) كەس لەهێزەكەی لاهور شێخ جەنگی كوژراو و بریندارن تەنانەت باس لەوە دەكرێت شەش پاسەوانی تایبەتی لاهور شێخ جەنگی كوژراو و بێسەروشوێنن، هەرچەندە (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی بەرەی گەل كرد ئەوان وتیان تەنیا ژمارەیەك (بریندار) هەیە و تا ئێستا نەمانبیستووە كوژراو هەبێت.  

چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی
دوای دەستگیركردنیان لاهور شێخ جەنگی راستەوخۆ بە ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی دژە تیرۆر دەبرێتە زیندانی ئاساییش، پۆڵاد شێخ جەنگی گولەیەك بەر قاچی دەكەوێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی فاروق و چارەسەری بۆ دەكرێت، دەستگیركراوانی تریش دەبرێنە زیندانی كانی گۆمە، ژینۆ محەمەد و فێنك ئەحمەد ئازاد دەكرێن.
لە ئێستادا باس لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت بۆ چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی،
سەرەتا باس لە مادەی (56) دەكراو دوای شەڕەكە باس لە مادەی (406) دەكرێت، پێش دەسپێكردنی شەڕەكە حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی رایگەیاند"  لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرچووە، بەپێی مادەی (56) كە تایبەتە بە (كۆمەڵێك كەس یەكبگرن بۆ تێكدانی ئەمن و ئاساییش).
بەڵام دوای كۆتایی شەڕەكە دەزگای ئاسایش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت: لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیركردن بەمادەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ داواكراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواكراوی دیكە دەرچوو، كە تایبەتە بە كوشتنی بە ئەنقسەت.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت دادگایی بكرێن چونكە 
-    پلانیان دانەوە بۆ نانەوەی ئاژاوەو تێكدانی ئارامی و هەوڵی كودەتا
-    روبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووەنەتەوە
-    چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان كوژراون.

بەڵام ئەوەی دەزگای ئاسایش بڵاویكردووەتەوە تەنیا تاوانباركردنییەتی بە مادەی (406) واتا كوشتن، ئەویش كوشتنی ئەو كارمەندانەی هێزە ئەمنییەكانە، چونكە هەرزوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەیاننامەیەك ئەوەی رونكردەوە كە ئەو هێزانەی چونەتە سەر لاهور شێخ جەنگی هێزی حزبی یەكێتی بوون و هێزی حكومەت نەبوون، نوسینگەی سەرۆکی حکومەت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: هێرشی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئەنجام دراوە، کە کێشەیەکی نێوان یەكێتی و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلاماردان.
 هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە یەكێتی، پارتی لەو رووداوە ئاگاداركردووەتەوەو باس لەوە دەكرێت كە بەڕێككەوتن كراوە، بەڵام (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی بالای پارتی كرد و ئەو راگەیاند: پارتی پەیوەندی بەو رووداوەوە نەبووەو نەك پارتی تەنانەت  نێچیرڤان بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمەوە و ئاگاداری جوڵەی هێزەكان نەبووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایشەو ئاگادری جوڵەی هێزەكان نەبووە، بۆیە ئەو هێزانە نەك بەفەرمانی حكومی نەچوڵاون بەڵكو حزبیش نین و كەسین فەرمان لە قوباد تاڵەبانیش وەك جێگری سەرۆكی حكومەت وەرناگرن، بەڵكو راستەوخۆ سەربە خودی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتین و فەرمان لەو وەردەگرن.

رەگەز نامەی بەریتانییان هەیە 
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین و هەرزوو بەریتانییەكان چونە سەر خەت و بە پێی زانیارییەكان قسەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كردووە چونكە ئەوان هاوڵاتی بەریتانین، بەپێی بەدواداچوونەكان بافڵ تاڵەبانی سوربووە لەسەر ئەوەی دەبێت دادگایی بكرێن و ئەوان تاوانبارن بە كوشتن، بەڵام رێگەیەكی تر خراوەتە بەردەمی كە ئەوان بەڵێن بدەن كاری سیاسی نەكەن و ببرێنەوە بۆ بەریتانیا لەوێ نیشتەجێبنو چونكە پێشتریش داواكاری بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو كە دەبێت لاهور شێخ جەنگی بڕوات و كوردستان بەجێبهێڵێت.
بەڵام هەموو روانینەكان بەو ئاراستەیەن كە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دادگایی دەكرێن و حوكم دەدرێن. 
سەبارەت بە چارەنووسی بەرەی گەل شادمان مەلا حەسەن یەكێك لە سەركردەكانی بەرەی گەل بە درەوی راگەیاند: بەرەی گەل لەكاركردن بەردەوام دەبێت و لە پرۆسەی سیاسیش بەردەوام دەبێت
 

بۆ ئەم راپۆرتە (درەو) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی و سەربازی (یەكێتی و پارتی و بەرەی گەل) كرد 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand