بەدران چیا كورد: دۆخەكە لە سوریا بە ئاڕاستەی ئاڵۆزبوون دەڕوات
.png)
2025-08-20 18:01:29
درەو:
بەدران چیا كورد، جێگری هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: دۆخەكە لە سوریا بە ئاڕاستەی ئاڵۆزبوون دەڕوات، نەك چارەسەرێك كە وڵاتەكە لەم قۆناغەدا پێویستی پێیەتی.
ئاشكراشیدەكات: ناكۆكییە سەرەكییەكانیان لەگەڵ دیمەشق پەیوەستە بە پرسی نا ناوەندێتی و چۆنیەتی تێكەڵبوون لەناو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكان، پێشیوایە، دەسەڵاتی كاتی دیمەشق ئیرادەی بڕیاردانی نییە، بەوپێیەی كاریگەری دەستوەردانی راستەوخۆی توركیای لەسەرە.
چیا كورد لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: خۆشحاڵییەكەی زۆر هاتە ئاراوە بە رووخانی رژێمی سوریاو هەنگاونان بەرەو شێوازێكی نوێ لە حوكمڕانی و بونیادنانی ئایندە كە زامنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان بكات، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات رەفتارو هەڵسوكەوتێك بە دیدەكەین كە گومان و دردۆنگی لای زۆرێك لە سورییەكان وروژاندووە، لە نمونەی ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییانەی لەناوچەی كەناراوەكان و باشور روویاندا، لە پاكتاوی رەگەزی و مەزهەبی، وێڕای ئەو چالاكییانەی كە دەسەڵاتدارانی كاتیی ئەنجامیانداوە بەناوی پێكهێنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و رێكارەكانی قۆناغی راگوزەرەوە، هەموو ئەمانە وایكرد هەنگاوەكانی قۆناغی راگوزەر لە سوریا پڕ كەموكورتی و ناتەواو بێت، چونكە قۆناغی راگوزەر پێویستی بە بەشداری هەموو لایەنەكانی سوریایە، بەڵام دەبیین ئەم دامەزراوانە بەشێوەیەكی تاكلایەنە پێكهێنراون.
لەبارەی ئەگەر پێكدادانی سوپای دیمەشق و هێزەكانی سوریای دیموكراتیش وتی: دۆخەكە لە سوریا بە ئاڕاستەی ئاڵۆزبوون دەڕوات، لەهەوڵ و پەیوەندی بەردەوامداین بۆ خۆبەدوورگرتن لەهەر پێكدادانێكی سەربازی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، بەڵام هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا كە پابەندی فەرمانەكانی وەزارەتی بەرگری سوریا نابن، ناوبەناو دەستدرێژی و كاری نابەرپرسیارانە ئەنجامدەدەن لە ناوچەكانی حەڵەب و دێرحافر و هەندێك ناوچەی تر لە دەیرزور، كە رەنگە ئەم هەڵسوكەوتانە ببێتە هۆی هەڵكشانی دۆخەكە.
جەختیشیكرد لەوەی، هێزەكانی سوریای دیموكرات لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەك بكرێتە سەر ناوچەكانیان.
لەبارەی ناكۆكییەكییە سیاسەكان و هۆكاری نەگەیشتنیش بە چارەسەر ئاماژەی بەوەكرد: جیاوازی هەیە لە دیدو تێڕوانیمان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، دۆسیەی قورس و ئاڵۆز هەیە لەنێوانماندا، ئەمەش وایكردووە دانوستەكان بەرەوپێشنەچن و پێویستیان بەكاتی زیاتربێت، ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوانمان پەیوەستە بە پرسی نا ناوەندی و چۆنییەتی تێكەڵبوون لەناو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكان، دەسەڵاتی كاتی دیمەشق ئیرادەی بڕیاردانی نییە، بەوپێیەی كاریگەری دەستوەردانی راستەوخۆی توركیای لەسەرە، هەڵوەشانەوەی كۆبونەوەكەی پاریسیش لەچوارچێوەی ملكەچبوندابوو بۆ فشارەكانی توركیا، كۆنفرانسی حەسەكەی وەك بیانو بەكارهێنا بۆ ئامادەنەبوون لە كۆبونەوەكە.
چیا كورد لەبەشێكی تری قەسكانیدا وتی: كێشەی پێكهاتەكانی سوریا لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریاو باشور و كەناراوەكان و ناوچەكانی تریش، بوونەتە كێشەكەیەك كە رەهەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیان هەیە، بۆیە هێزی نێودەوڵەتیەكان دەستوەردان دەكەن و دەیانەوێت سنورێك بۆ توندڕەوی و كوشتن و راگواستن و پێشێلكارییەكان دابنێنن، بۆیە ئێمە ئامادەەی نێوبژیوانە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان لەم گفتوگۆیانە بە گرنگ دەزانین.
لەبارەی دەنگۆكانی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیش، جەختیكرد: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئێستادا چالاكییەكی فراوانتری لە ناوچەكە بە هاوكاری هەسەدە دەستپێكردووە بۆ روبەڕوبونەوەی شانەكانی داعش، كە دوای رووخانی رژێمی بەعس چالاكییەكانیان زیادیكردووە، سەرەڕای گەشەكردنی گروپە چەكدارە توندڕەوەكان كە زەمینیەكی لەباریان بۆ رەخساوە لە سوریا، ئەمەش وایكردووە هاوكاریی و چالاكییەكانیان لەگەڵ هەسەدە لەناوچەكە فراوانتر بكەن، بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك باسی دەكەن لەوەی ئیدارەی ئەمریكا چیتر بایەخ بەناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا نادات و هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە فەرامۆشكردووە، ئەمە ناڕاستەو هیچ بنەمایەكی نییە.
