سەركردایەتیی محەمەد سودانی.. دەرفەت و لەمپەرەكان

Draw Media

2024-02-21 07:22:41



د. یاسین تەها دکتۆرا لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان

بڕیارە ساڵی داهاتوو (2025) عێراق بچێتەوە ناو هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەیش واتە چوونەوەناو گێژاوی پێكهێنانەوەی حكومەت و مشتومڕی یەكلاكردنەوەی بەربژێری سەرۆكایەتیی وەزیران كە گرێی گەورەی ماڵی شیعی و پرۆسە سیاسییەكەیە. هەرچەندە دەوروبەری 20 مانگی ماوە بۆ وادەی ئەو وێستگە دەستورییە، بەڵام ئەمساڵ (2024) بناغەیەكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئامادەسازی و نەخشەڕێژیی پرۆژە سیاسییەكانی ساڵی داهاتوو كە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت. ئەم شرۆڤەیە لەسەر بەرنامەو هەوڵی محەمەد شیاع سودانی بۆ خۆسەلماندن لە دەرەوەی هەژموون و عەبای هێزەكانی “چوارچێوەی شیعی” هەڵوێستە دەكات، هەروەها تیشك دەخاتەسەر لەمپەرو ڕێگری و دەرفەتەكانی بەردەم كارەكتەری سیاسیی سەرۆك وەزیرانی ئێستا.

بنكەی سیاسیی سودانی
لەپاش كەوتنی رژێمی بەعس لە 2003 تا كۆتایی 2019 محەمەد شیاع سودانی كادری حزبی دەعوەو نوێنەری لیستەكەی مالیكی بوو (دەوڵەتی یاسا) لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام دوو مانگ پاش تەقینەوەی ناڕەزایییەكانی تشرین (2019)، ناوبراو دەستلەكاركێشانەوەی لە ڕیزەكانی حزبی دەعوە ڕاگەیاندو جەختی كردەوە “ئینتیمای یەكەمی بۆ عێراقە.”[1] ئەم وازهێنانەی سودانی كە لە خێزانێكی خاوەن قوربانیی حزبەكەیە، لە دەمی خۆیدا وەها لێكدرایەوە؛ ئامادەكارییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، چونكە ئەوكات گەنجە ڕاپەڕیوەكان دژی هەموو دەموچاوێكی حزبی و تاقیكراوە دەوەستانەوە. هەندێكیش پێیان وابوو وازهێنانەكە بەشێكە لە پلانی حزبی دەعوە بۆ دروستكردنی سێبەرو باڵی پەسەندكراو لەنێو شەقامی ڕاپەڕیوی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
پلانەكەی سودانی دەمودەست بەدی نەهات و پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ مستەفا كازمی ڕۆیشت (نیسانی 2020)[2]؛ لەبەرامبەریشدا سودانی وەك پەرلەمانتار مایەوە بە نوێنەرایەتیی قەوارەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆی بە ناوی “تیار الفراتین”. پاش كۆتاییهاتنی وادەی حكومەتی كازمی و لە ئۆكتۆبەری 2022، محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕاسپێردرا[3]. ئەوانەی سودانییان پاڵاوت، “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” بوون، ئەم هێزە تەبیعات جۆراوجۆرانە لەژێر گوشارو بارودۆخێكی سیاسیی هاوشێوەی دانانی “كازمی”دا، ناچار بوون سودانی ڕاسپێرن بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران و بژاردەی بەردەمیان زۆر نەبوو، چونكە لە لایەك نەدەگەیشتنە ڕێككەوتن و، لە لاكەی تر هێشتا ئاسەواری خوێن و دووكەڵی پێكدادانە ناوخۆیییەكانی شیعە لەنێوان چەكدارانی سەدرو گروپەكانی بریكاری ئێران لە كوچەو كۆڵانەكانی ناوچەی سەوزدا مابوو[4]. ئەمەیش دانانی سودانی وەك سەرۆك وەزیرانی دۆخی ڕێكنەكەوتنی لایەنە شیعەكانی، كردە كارێكی ناچاری لەسەر هەمان شێوازی دانانی عادل عەبدولمەهدی (2018)و مستەفا كازمی (2020)، كە دوو سەرۆك وەزیرانی بێحزب و بێفراكسیۆن بوون لەنێو پەرلەمان.
بنكە سیاسی و پەرلەمانییەكەی سودانی دوو بەشن: هەندێكیان لە حكومەتدان و دۆستی نزیك یان هاوپەیمانی ئێرانن (دەعوە، بەدر، عەسائیب، حیكمە و…)، هەندێكی تریان لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقن و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە (كەتیبەكانی حزبوڵڵاو بزووتنەوەی نوجەبا و…). لەبارەی هاوكێشەی پەیوەندییشیان بە سودانیی سەرۆك وەزیرانەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب، كە ڕۆڵی هەبوو لە كاندیدكردنەكە، جەختی كردەوە “هێزەكانی موقاوەمە” وەك بەڕێوەبەرێكی تەكنۆكرات تەماشای سودانی دەكەن؛ بەشێوازێك كە ئاڕاستەی بڕیارە ئەمنییەكانی بەدەست “چوارچێوەی هەماهەنگی” بێت[5]. لەبەرامبەریشدا سودانی پاش دەستبەكاربوون، ئاسانكاریی زۆری بۆ گرووپە شیعەكان كرد، لەوانەیش سپاردنی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، بە دوو هێزی چەكداری شیعەی سزادراو لەلایەن ئەمریكا (عەسائیب و جوندولئیمام)؛ هەروەها ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی كۆمپانیای “مهندس” بۆ حەشدی شەعبی دا بە سەرمایەی 100 ملیار دینار (كۆتایییەكانی 2022)[6]، لەگەڵ بەخشینی زۆر ئیمتیازی تری حكومی بە هێزە شیعە چەكدارەكان، بەتایبەت كە سەدر لە گۆڕەپانەكە ئامادە نەبوو و، بۆشایی زۆری بۆ هێزە شیعە ڕكابەرەكان بەجێ هێشت.

پایەكانی پرۆژەی سیاسیی سودانی
لە ساڵی 2021و بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، محەمەد شیاع سودانی ڕەوتێكی سیاسیی بە ناوی “الفراتین” دروستكرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا تەنیا دوو كورسیی بەدەستهێناو پاش كشانەوەی سەدر، بوو بە سییان[7]. بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (كۆتایی 2023) سودانی خۆی بەدوور گرت لە بەشداریكردن بە پاساوی ئەوەی ئەركێكی مێژووییی لەسەر شانە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و، سەرقاڵی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە[8]؛ بەڵام لە دەرەوەی ئەم پاساوە فەرمییە، دەگوترا لەژێر گوشاری لایەنە شیعەكان سودانی نەچووەتە ناو هەڵبژاردن بۆ ئەوەی كەڵك لە پێگەو پۆستەكەی وەرنەگرێت. بۆچوونی تر هەیە پێیوایە سودانی خۆی هەڵگرتووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی 2025. لەم ماوەیەیشدا خەریكی بەهێزكردنی پێگەی خۆی و ڕەوتە سیاسییەكەی دەبێت كە ئێستا لە پشت پەردەوە كار بۆ ناو و وێنەی سودانی دەكەن و چەند باڵێكی میدیایییان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەكار[9].
جگە لە حزبە سیاسییەكەی، یەكێكی تر لە پایەكانی پرۆژەی محەمەد شیاع، عەشیرەتەكەیەتی (سودانی). لەم نێوەیشدا زانیارییەك هەیە كە سودانی پاش دەستبەكاربوونی، دەوروبەری 150 كەسی لە عەشیرەتەكەی خۆی لە دەزگەی هەواڵگری دامەزراندووە[10]. هەندێك چاودێری شیعەیش باس لە بەعەشیرەتكردن و بەسودانیكردنی ئەم كابینەی ئێستای حكومەت دەکەن؛ بەو پێیەی جگە لەوەی سەرۆك وەزیران، كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق “ئەحمەد سودانی”یە، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان “مستەفا سودانی”یە، بەرپرسی دۆسیەی دەروازە سنورییەكان كەسێكی سودانییە، هەروەها چوار هەڵسووڕێنەری ئۆفیسی سەرۆك وەزیران لە عەشیرەتی سودانین[11]. هەرچەندە پاساوی دامەزراندنی ئەم ژمارە زۆرەی سودانییەكانیش لە پایە گرنگەكانی دەوڵەت، نەبوونی متمانەیە بە خەڵكانی دی، بەڵام هەندێك بە ئەزمونێكی هاوشێوەی سەددام و تاڕاددەیەك هی مالیكی دەبینن لە بەعەشیرەتكردن و بەخێزانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش و سوپا و حكومەت. باوەڕیش وایە گروپە چەكداركانی شیعە بۆیە بەم هەنگاوانەی سودانی ڕازین، چونکە پێیان وا بووە سودانی لەڕێگەی هێشتنەوەی پۆستە هەستیارەكان لە دەستی خۆیدا بەر بە ڤیتۆ و تووڕەیی ئەمریكییەكان دەگرێت، ئەگەر ئەو پۆستانە بكەوێتە دەست گروپە چەكدارە شیعەكان. سەرباری ئەمەیش هەیانە- وەك بزوتنەوەی عەسائیب- ڕەخنەی هەبووەو چاوی لەسەر ئەوە بووە هەندێك لەو پۆستانەی بەربكەوێت.[12]

میكانیزمی كاری سودانی
جیاوازیی سودانی لە سەرۆك وەزیرەكانی پاش 2003 ئەوەیە لە دەرەوەی عێراق نەژیاوە، بەڵكو لە ناوخۆ وەك ئەندازیاری كشتوكاڵ لە پارێزگایەكی باشور (میسان) كاریكردووە[13]، هەروەها وەك سەرۆك وەزیرانەكانی تری پێش خۆی ڕەگەزنامەو ئیقامەی وڵاتانی ئەوروپای نییە. جیاواز لە مستەفا كازمی، كەمتر كار لەسەر نێوانگیریی ئیقلیمی و دەركەوتن وەك ژمارەیەكی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات؛ لەبری ئەوەیش زیاتر چاوی لەسەر ڕاپەڕاندنی پرۆژەو كاری مەیدانی و خزمەتگوزارییە. ئەم ستایلەیش ئیلهام لە ئەزموونی “عەبدولكەریم قاسم” وەردەگرێت (1958_1963) كە بەهۆی پرۆژەكانییەوە هێشتا لای زۆر لە عێراقییەكان جێگەی ستایشە. ئەوەیشی یارمەتیی سودانی دەدات و تائێستا بەختی هەیە تێیدا، بەرزیی نرخی نەوتە؛ هەروەها بەهۆی گۆشەگیریی سەدرەوە جۆرێك لە ئۆقرەیی سیاسیی دەگمەن تا 7ی ئۆكتۆبەری 2023 لە عێراقدا بەرقەرار بوو. لە سایەی ئەم دۆخەیشدا سودانی دەست بۆ چەند پرۆژەیەكی گەورەو گرنگ بردووە كە بێ پێشینەن. نموونەی ئەو پرۆژانەیشی ئێستا سودانی پێیانەوە سەرقاڵە بریتین لە:
ڕاگەیاندنی بنیاتنانی “شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی” لەنزیك بەغدا لەسەر ڕووبەری 30 هەزارو 256 دۆنم بۆ دروستكردنی نزیكەی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ پێشكەشكردنی ئۆفەری تایبەت بە هەژاران و ئەوانەی داهاتیان سنوردارە كە نیوەی نرخە[14]. جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەیش سپێردراوە بە ملیاردێری میسری “نەجیب ساوێرس”و، سەرباری ئەوەیش پرۆژەكە گەورەترینە لە عێراق؛ یەكێكیشە لە پێنج شاری تری نیشتەجێبوون كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون، بەدەست حكومەتی سودانییەوەیە [15].
ڕاگەیاندنی “پرۆژەی میترۆی بەغدا”، كە گەورەترینە لە ناوچەكەو 85%ی ڕووبەری پایتەخت دەگرێتەوە بە درێژایی 148 كم و 64 وێستگە بە نوێترین ستانداردی جیهانی. ژمارەیەك كۆمپانیای ئەوروپی و ئاسیایی و قەتەری و ئیماراتی ئامادەن بەشێوازی وەبەرهێنان سەرپەرشتیی پرۆژەكە بكەن[16].
ڕاگەیاندنی “پرۆژەی هێڵی خێرای هەڵواسراوی شەمەندەفەری نەجەف _ كەربەلا”؛ درێژیی ڕێڕەوەكەی دەگاتە ٩٠و بە خێرایی تا ٢٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا. توانای هێڵەكە گواستنەوەی 25 هەزار كەسە لە كاتژمێرێكداو مەودای نێوان ئەو دوو شارە ئایینییەیش بۆ 20 خولەك كەمدەكاتەوە[17].
هەڵمەتێكی میدیایی و هی ڕاگەیەنراو هەیە بە ئاڕاستەی تیشكخستنە سەر خزمەتگوزاری و پرۆژەی ئاواكاری لە عێراق لە سەردەمی سودانی. ئەم هەڵمەتە جەخت لەوە دەكاتەوە بەرنامەی كاری ئەم حكومەتە بە پلەی یەكەم خزمەتگوزارییە؛ لەسەر زەوییش لە بەغداو دەروازەی پارێزگاكان تیم و كۆمپانیاكان لە جوانكردن و چاككردنی ڕێگەوبان و دەروازەی شارەكان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی جادەكان دەستبەكارن[18].
لەگەڵ ئەمانەیشدا ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕەخنەو گازندەی ئەندازەیی هەیە كە پرۆژەكانی سودانی، زیاتر بۆ مەبەستی ڕیكلامی سیاسی پێشخراون، ئەگینا زەمینەی گونجاویان نییە، كواڵێتییان باش نییەو تێچوویان زۆرە، چونكە نەخراونەتە كێبركێی پێویستەوەو، بەم هۆیەوە ڕەنگە ئامانج نەپێكن و لێكەوتەی خراپی ئەندازەیییان هەبێت[19].

جەماوەری سودانی لە شەقامی عێراقیدا
بەپێی ڕاپرسییەكی دامەزراوەی “گالووپ” کە بنکەکەی لە “واشنتن”ە، محەمەد شیاع سودانی، بە ڕێژەی 69% لەنێو خەڵکدا پەسەند كراوە، ئەمەیش بەرزترین ڕێژەیە کە سەرۆک وەزیرانێک لە ساڵی 2012 بەدواوە لە عێراق پێی گەیشتبێت. لە وردەكاریی ڕاپرسییەكەدا ئەوەیش هەیە كە گەنجانی خوار تەمەن 30 ساڵ كە بنكەی ناڕەزایەتییەكانی تشرین بوون، بە ڕێژەی 68% بۆچوونی ئەرێنییان لەسەر سودانی هەیە؛ هەروەها لەوەیش جێگە سەرنجتر، زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 55% هاوڕان لەگەڵ ئەدای کارەکانی سودانی. لەبەرامبەریشدا 71%ی عێراقییەكانی تر هەمان بۆچوونی باشیان لەسەر ناوبراو هەیە؛ ئەمە لە كاتێكدا 86%ی عێراقییەکان پێیانوایە گەندەڵی لەنێو دەزگاكانی حکومەتدا بڵاوە، كە یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکان لە جیهاندا[20]. سودانی كە ئێستا نوێنەرایەتیی چوارچێوەی شیعە دەكات، لەماوەی ئەو 20 ساڵەی پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران، كاتێك لە پەرلەمان و حكومەتدا وەك وەزیرو پەرلەمانتار كاریكردووە، لێدوانی توندو زبری بەرامبەر پێكهاتەكانی كوردو سوننە یان توركمان نییە. هەرچەندە لە كابینەكەی ئەودا كە ئێستایە، هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتیی سیاسیی سوننە، زەبری گەورەیان بەركەوتووەو لەژێر گوشاری جۆراوجۆردان، بەڵام سیاسەتی پەیڕەوكراوی ئەو زۆر جار بێدەنگییە. لە گوتاری سیاسیی فەرمیی كوردی و سوننیشدا سودانی تۆمەتبار نییە بە دژایەتیكردنی هیچ لەو دوو پێكهاتەیە، بەوپێیەی تێگەیشتنی ئەوە هەیە ناوبراو خاوەن بڕیاری تەواوەتی نییە لە حكومەتدا. جگە لەوەیش خۆی هەوڵی دروستكردنی گرژی و كێشە نادات؛ ئەوەندەیشی بكرێت و بتوانێت هەوڵ دەدات ڕۆڵی ئەرێنیی هەبێت و لانی كەم نەبێتە لایەن لە كێشەكان.
لەسەر ئاستە سیاسییە شیعەكەیش بۆچوونێكی تا ڕاددەیەك زاڵ هەیە، كە سودانی ئیدارییەكی باشە، نەریتی كلاسیكییانەی لە كاری حكومیدا هەیە، نوێنەرایەتیی ئەو شیعانە دەكات پێیانوایە بیروباوەڕ جیابكرێتەوە لە دامودەزگاكان؛ لەگەڵ ئەمەیشدا چانسی سیاسیی سودانی مەحكومە بە ڕاددەی سەركەوتنی بەرامبەر كۆمەڵێك سەركردەی تری شیعە. ئەو سەركردانە “وەك بەڕێوەبەرێكی نوێی جێبەجێكار تەماشای دەكەن لە ماڵێكدا كە ئەو خاوەنی بستێكی نییە”[21]. لە هەموو ئەمانەیش ئاڵۆزتر پەیوەندیی سودانی و مالیكییە، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا پەیوەندییەكانی سودانی لەگەڵ باوكە سیاسییەكەی- كە مالیكییە- بەرەو گرژی و پێكدادان چوو، بەتایبەت كاتێك ویستی گۆڕانكاری لە كابینەكەی بكات و مالیكی شكستی پێ هێنا[22]. لە دەرەوەی ئەو بەریەككەوتنە ئاشكرایەیش ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن، سودانی دەیەوێت دوور لە مالیكی لەسەر پێی خۆی بوەستێت؛ ئەمەیش پێچەوانەو دژە لەگەڵ بیركردنەوەی ناوبراو كە خۆی بە خاوەن چاكەی گەورە دەزانێت لەسەر سودانییەوە [23]، هەروەها خۆی بە خاوەن چاكەی گەورە دەزانێت لە قوتاركردنی “چوارچێوەی شیعی” لە پرۆژەی حكومەتی زۆرینەی سەدر. هەندێك زانیاری و دزەپێكردنیش باس لەوە دەكەن مالیكی لە بنەڕەتەوە كەیفی بە سودانی نایەت و حەزی لە درەوشانەوەی ئەستێرەی سیاسیی نییەو لەبری پشتیوانیی سودانی، خۆی خەون و پرۆژەی گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران هەیە.

چانسی سودانی بۆ هەڵبژاردنی 2025
بەپێی هەندێك توێژینەوەو پێشبینیی بەرایی، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان (كۆتایی 2023) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (2025)، محەمەد شیاع سودانی هاوپەیمانییەك دروستدەكات. ئەم هاوپەیمانییەیش چانسی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی زیاتر لە 1/ 3ی كورسیی نوێنەرایەتیی سیاسیی پێكهاتەی شیعە. ئەم بەدواداچوونە كە پشتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەستووە، باس لەوە دەكات ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە سەر بگرێت، ئەگەری هەیە سودانی 60 كورسی لە پەرمانی داهاتوو بباتەوە لەكۆی 329، ئەویش لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارێزگا براوەكانی بەسرەو كەربەلاو واست، لەگەڵ هێزە نوێیەكانی دەرچوو لە هەناوی تشرین و هەندێك هێزی تری نوێی نزیك لە ئێران. لەم هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوە گریمانەیییەدا، چاوەڕان دەکرێت سودانی ١٠ کورسی ببات لەو ٦٠ کورسییەی باوەڕ وایە بەدەستی دەهێنن.[24] ئەم پێشبینییە تەنیا باس لە چانسی هاوپەیمانییەك دەكات بە سەرۆكایەتیی سودانی و ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە، دەشێت لە ئاییندەدا سودانی و سەدر ببنە هاوپەیمان، ئەگەر هات و سەدر بڕیار بدات بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و لە هەڵبژاردندا بەشداری بكات. ئەم ئەگەرە كە هێشتا هەر لە قۆناغی گریمانەو خەمڵاندندایە، سەرچاوەكەی ئەو بێدەنگییەی سەدرە بەرامبەر خودی كەسایەتیی سودانی؛ لە كاتێكدا بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی و تەنانەت حكومەتەكەیشیان و بە “گەندەڵ”و “حكومەتی عەباسی” وێنا دەكات[25] كە لە باوەڕی شیعیدا مافی شەرعیی عەلەوییەكانیان زەوت كردووە.
بەشێك لە هۆكاری هێوریی پەیوەندیی سەدرو سودانی، دەشێت بێدەنگیی ماوەدرێژو زۆری سەرۆك وەزیران بێت لە ئاست پرسە جێگەمشتومڕەكان، یان هەڵبژاردنی پێگەی نێوانگرو مامناوەند لە ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی شیعەدا. جگە لەوەیش هێشتا كەسایەتیی سودانی بەشێوەیەكی زەق و گەورە بە گەندەڵی و پارەخستنەلا تۆمەتبار نەكراوە[26]. ئەمەیش لەگەڵ دروشمی سەدردا دەگونجێت كە بانگەشەكردنی چاكسازییە.

مامەڵەی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو لەگەڵ سودانی
هەرچەندە سودانی بە پلەی یەكەم و زیاتر سیاسییەكی جێبەجێكارو نێوخۆیییە، بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەیش پەیوەندیی لەگەڵ بازنە عەرەبییەكەی عێراق، بەتایبەت وڵاتانی كەنداو باشەو وەك مالیكی بێزراو نییە. وڵاتانی كەنداو كراوەن بەڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ سودانی و، لای ئەوان عێراق خاڵی بەیەكگەیاندنی كەنداو و ئێران و توركیاو تا ڕاددەیەكیش سوریایە. لای خۆشییەوە سودانی سیگناڵی ئەوەی داوە كە بەردەوامە لە هاریكاریی هەرێمایەتی و پرۆژەی هاوبەش لەبواری تۆڕی كارەباو سودوەرگرتن لە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی عەرەبی و هی وڵاتانی كەنداو[27]. سودانی بەڕووی وڵاتانی تری وەك ئوردن و میسردا كراوەیەو پەیوەندی و سەردانی لەگەڵ سەركردەكانی ئوردن و میسرو سعودیاو ئیمارات هەبووە[28]. لە هاوینی ساڵی پاریشدا (2023)، چەند شاندێكی دیپلۆماسیی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو سەردانی عێراقیان كردووەو چاویان بە سودانی كەوتووە[29]. هەرچەندە پەیوەندییە عەرەبییەكان و هی وڵاتانی كەنداو لەگەڵ عێراق بێ كێشە نین و سیاسەتی گروپە چەكدارەكانی بنكە سیاسییەكەی سودانی بەرامبەر وڵاتانی كەنداو زۆرجار زبرو توندە، بەتایبەت لەگەڵ كوێت، كە كێشەی سنوریی زۆری لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام ئەو وڵاتانە لەسەر كەسایەتیی سودانی ڤیتۆیان نییەو نەبووەتە كێشە بۆیان.

پەیوەندیی سودانی لەگەڵ ئەمریكا
پەیوەندی حكومەتی “چوارچێوەی شیعی” لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی غەززە (7ی ئۆكتۆبەری 2023)، چووە دۆخی گرژی و پێكدادان و موشەكهاوێشتن و هێرشی درۆنییەوە كە لە هەردوولا كوژراوی لێ كەوتووەتەوە[30]، كەچی سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن بۆ سێیەم جار سودانی لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە (كامالا هاریس) بانگهێشتی کۆشکی سپی کرایەوە؛ بانگهێشتی یەكەم لە ئەیلولی 2023 لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا بوو، دووەمیش لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە داڤۆس بە سودانی ڕاگەیەنرا[31]. 
بەپێی ئەو ئاماژانەی هەن، بە لای ئەمریكییەكانەوە سودانی بژاردەیەكی باش و ناچاریی شیعیی بەردەستە، لەو ماوەی کە دەستبەكار بووە لە حكومەت “ئیلینا ڕۆمانۆسكی” باڵیۆزی ئەمریكا، چەند دیدارێكی تایبەت و تەنیای لەگەڵ سودانی ئەنجام داوە، هەروەها هەشتا دیداریشی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەی و وەزیرەكانی كابینەكەی هەبووە[32]. ئەمەیش ئاماژەی كاری هاوبەشه‌، لە هەمان كاتیشدا دروستكردنی گوشارە لەسەری بۆ ئەوەی زۆر بە لای توندڕەوەكانی شیعەدا لاسەنگ نەبێت و لە ئێستایشدا سودانی لە بەرداشی ئەو دوو كارتێكەرە گەورە دژبەیەكەدایەو هەڵكشان و داكشانی پەیوەندیی بەرەی ئەمریكاو ئێرانیش، بەتایبەت لە بارودۆخی جەنگی غەززەدا، كاریگەری و لێكەوتەی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆژەو سەركردایەتییەكەی دەبێت.

كۆبەند
سودانی سیاسییەكی سێبەرو نەوەی دووەمی سەركردەكانی حزبی دەعوەی شیعە بووە كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت. هەرچەندە لایەنەكانی چوارچێوەی شیعی وەك بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكارو بژاردەیەكی ناچاری تەماشای دەكەن لە دۆخێكی تایبەتداو خۆیان ئەنجومەنێكی حوكمڕانییان هەیە لە سەروو ئەوەوە، بەڵام هەندێك چانس و هەندێك دەرفەتی بۆ هەڵكەوتووە كە خزمەت بە پرۆژەكەی دەكەن كە هەوڵی بنیاتنانی سەركردایەتییەكی سیاسیی شیعیی پراگماتی و جێبەجێكارە كە دروشم و بیروباوەڕ لە دامودەزگاكان جیابكاتەوە.
میكانیزمەكانی كاری سودانی لەسەر چەند بنەمایەك بنەڕەتە، لەوانەیش: دروستكردنی حزب، عەشیرەتەكەی، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندنی پرۆژەی ستراتیژی، كرانەوە بەڕووی وڵاتانی كەنداو و عەرەبی، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا لە سنوری گونجاودا، پەیوەندیی باش لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی سوننەو كورد لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە بەریەككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، لە هەمان كاتیشدا هەوڵی ڕازیكردنی تەواوكەرەكانی ئێران. ڕێگەی سودانی بۆ گەیشتن بە ئامانج چۆڵ نییەو بە ئاڵنگاریی گەورە تەنراوە؛ لە پێش هەموویانەوە گرێی مالیكی، پاشان ئەو ئەو هێزە شیعە ڕاستڕەوە عەقیدەیی و چەكدارانەن كە تەنیا وەك هەڵسوڕێنەرێك و بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لێی دەڕوانن و نایانەوێت قەبارەی هێندە گەورە ببێت كە ڕێساكانی هاوكێشەكە تێكبدات. لە ئێستایشدا كە جەنگی غەززە عێراقی خستووەتە گرژی و ڕۆڵی گروپە چەكدارەكان هەڵكشاوە، ئاستەنگەكانی سودانی زیاتر بوون و ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان میحوەری ئێرانی و ئەمریكیدا لەسەری قورس بووەو ڕەنگە زیادەرۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێت بەشێكی زۆری چارەنووسی، بەستراوە بە هەڵكشان و داكشان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززەوە.

سه‌رچاوه‌كان:

[1]  https://bit.ly/3I17vSD

[2]  https://bit.ly/4bFtImP

[3]  https://bit.ly/3uq3eW0

[4]  https://2u.pw/4dlPDkh

[5]  https://bit.ly/49EkXHU

[6]  https://bit.ly/49lo4Vy

[7]  https://bit.ly/3wgubfb

[8]  https://bit.ly/48kPU2Z

[9]  https://bit.ly/3wjPjRV

[10]  https://bit.ly/4bFgXsA

[11]  https://bit.ly/3I45kxQ

[12]  https://bit.ly/3UE7lby

[13]  https://bit.ly/42PFS8Y

[14]  https://bit.ly/3OLHKK4

[15]  https://bit.ly/49BvyDI

[16]  https://bit.ly/42FCxsV

[17]  https://bit.ly/42KI0OZ

[18]  https://bit.ly/3wlegw7 ؛

 https://bit.ly/3I9FQip ؛

 https://bit.ly/3I52sk8

[19]  https://bit.ly/42L4M9N

[20]  https://bit.ly/48lzYxr

[21]  https://bit.ly/3SM4s5Z

[22]  https://bit.ly/3UKlW5s

[23]  https://bit.ly/49F6N9u

[24]  https://bit.ly/49E3IGN

[25]  https://bit.ly/3I0NNXg ؛

 https://bit.ly/42KAi7R

[26]  https://bit.ly/48lBYWt

[27]  https://bit.ly/42MYAxN

[28]  https://bit.ly/3UFgBw9 ؛

 https://bit.ly/48kfKUL

[29]  https://bit.ly/3UIwL80

[30]  https://bit.ly/3SGuWWl

[31]  https://bit.ly/48lgJ6U

[32]  https://bit.ly/49utc9A

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ (خانه‌ی هزریی كوردستان) وه‌رگیراوه‌

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand