بڵند شاوەیس: دۆسیەی نەوتی هەرێم بووەتە هۆی داڕمانی سیستەمی ئابوری

Draw Media

2024-02-18 12:45:55




درەو:
بڵند شاوەیس ماستەر لە یاسای گشتی و نوسەری كتێبی (گەندەڵی و ئایندەی هەرێمی كوردستان)
دۆسیەی نەوت بووەتە هۆی داڕمانی سیستەمی ئابوری و مەینەتی بۆ هاوڵاتیان،  لەبەر ناڕوونی و خراپ بەڕێوەبردن و زۆری ڕێژەی گەندەڵی لەم دۆسیەدا و گرفتی دەستوری و یاسایی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز و دەستبەسەرداگرتنی داهاتەكەی لەلایەن گروپێكی قۆرخكاری نێو دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر باری قەرزی كۆمپانیاكان و سزای یاسایی حكومەتی فیدراڵ و هەرەس هێنانی ئابوری هەرێم و ناجێگیری سیاسی و نادادی كۆمەڵایەتی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و تاوانە ڕێكخراوەكان و دوور نیە لە ئایندەدا قەوارەی سیاسی هەرێم بخاتە بەر مەترسی هەڵوەشان یان كەرتبوون .

بڵند شاوەیس یاساناس و نوسەری كتێبی (گەندەڵی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) لە لاپەڕە (100  - 101 ..... 132 – 137) باس لە دۆسیەی نەوت دەكات و دەنوسێت:
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گاز و ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ، لە كارنامەی كابینەی نۆدا هاتووە هەوڵدەدەین هەرچی زووترە دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ چارەسەر بكەین و یاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت .
لە پلانی چاكسازی كابینەكەدا هاتووە هەوڵی تەواو بۆ جێبەجێكردنی هەردوو مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵی دەدەین كە مافەكانی كوردستان دەپارێزێت . ئەمەش بەندە بە دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی نەوت و گاز و گەشەپێدانی ئەو كەرتە .
لە ڕاستیدا یەكێك لە دۆسیە ناڕوون و تەم و مژاویەكان لە هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت و گاز و ئەو گرێبەستانەیە لەم بوارەدا ئەنجام دراوە ، بە شێوەیەك لەجیاتی ئەوەی هۆكاری بوژاندنەوەی ئابوری و خۆشگوزەرانی خەڵی كوردستان بێت بۆتە مایەی داڕمانی سیستەمی ئابوری و مەینەتی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ، بەجۆرێكە سەرەڕای فرۆشتنی نەوت لە ڕێگای بۆری و هەروەها بە تانكەریش لەبەر ناڕوونی و خراپ بەڕێوەبردن و زۆری ڕێژەی گەندەڵی لەم دۆسیەدا و گرفتی دەستوری و یاسایی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز و دەستبەسەرداگرتنی داهاتەكەی لەلایەن گروپێكی قۆرخكاری نێو دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر باری قەرزی كۆمپانیاكان و سزای یاسایی حكومەتی فیدراڵ و هەرەس هێنانی ئابوری هەرێم و ناجێگیری سیاسی و نادادی كۆمەڵایەتی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و تاوانە ڕێكخراوەكان و دوور نیە لە ئایندەدا قەوارەی سیاسی هەرێم بخاتە بەر مەترسی هەڵوەشان یان كەرتبوون .
بە شێوەیەكی گشتی گرفتەكانی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم خۆی دەبینێتەوە لە :
یەكەم - دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گاز تاكلایەنە و بەشێوەیەكی سەربەخۆ بێ‌ گەڕانەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ، بەدەر لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005ز) .           
دووەم - ناڕوونی لە گرێبەستەكاندا .
سێیەم - فرۆشتنی نەوت بە نرخێكی كەمتر لە نرخی راستەقینەی بازاڕ .
چوارەم - گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە نرخێكی زیاتر لە نرخی ڕاستەقینەی بازار.
پێنجەم - فرۆشتنی (60%)ی بۆری نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی و (40%)ی بۆریەكە بە كۆمپانیای كار .
شەشەم - دیار نەمانی پارەی پێشەكی فرۆشتنی نەوت كە بە شیرینی نەوت ناسراوە .
حەوتەم - سەرەڕای ڕاگەیاندنی حكومەتی هەرێم بە گەڕانەوەی (41%)ی پارەی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەڵام داتاكانی شارەزایان و پەرلەمانتاران و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەوە دەردەخات كە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمتر لە ڕێژەی (41%)ی پارەی داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت .
هەشتەم - بە پێی داتاكانی حكومەتی هەرێم بڕی (59%)ی پارەی داهاتی نەوت دەچێت بۆ كۆمپانیاكان ، كە زۆربەی ئەو كۆمپانیایانە كۆمپانیای حزبی و سەر بە كەسانی خاوەن دەسەڵاتن .
نۆیەم - داتا و زانیاریەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ناخرێتە بەردەم دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چاودێریكردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و وردبینیكردنی گرێبەستەكان .

یاسای ژمارە (22)ی ساڵی2007 ، یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی - عێراق).
بەهۆی ئەوەی لە مادەی (111)ی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی(2005ز)دا هاتووە (نەوت و گاز موڵكی گشت گەلی عیراقە لە سەرجەم هەرێم و پارێزگاكان) و هەروەها لە بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (112)ی دەستورەكەدا هاتووە "حكومەتی فیدراڵ نەوت و گازی دەرهاتوو بەڕێوە دەبات لەو كێڵگانەی كە لە ئێستادا هەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بە شێوەیەك داهاتەكەی دادپەروەرانە دابەش بكرێت و بگونجێت لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتوان لە هەموو وڵاتدا ، لەگەڵ دیاریكردنی پشكێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێمە زەرەرمەندەكان كە بە نا ڕەوا لێی بێبەشكرابوون لە سەردەمی سیستەمی ڕابردوودا و زیانیان بەركەوتبوو بە شێوەیەك زامنی پەرەپێدانی هاوسەنگی ناوچە جیاوازەكانی وڵات بكات و ئەمەش بە یاسایەك ڕێك دەخرێت".
لەبەر ئەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەرنەچوێنرا هەرێمی كوردستان بێ‌ هەماهەنگی و ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵ بە شێوەیەكی سەربەخۆ پرۆسەی دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و گازی ڕاگەیاند و بۆ ئەم مەبەستە یاسای (نەوت و گاز)ی ساڵی(2007)ی هەرێمی كوردستان دەرچوێنرا ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەرێم جەختی لەسەر جێبەجێكردنی هەردوو مادەی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ دەكردەوە كە بە گوێرەی ڕاڤەكردنی (تفسیر)ی حكومەتی هەرێم مافەكانی كوردستان دەپارێزێت .

هەر بۆیە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم داكۆكی كرایەوە لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی(111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ .
لە كاتێكدا (تفسیر)ی دەقەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی(2005ز) لە پسپۆڕیەتی (اختصاص)ە دیاریكراوەكانی دادگای باڵای ئیتیحادی (المحكمة الاتحادیة العلیا) یە، بەڵام هەرێمی كوردستان تاك لایەنە (تفسیر)ی مادەی (112)ی دەستوری كرد بە شێوەیەك كە حكومەتی فیدراڵ تەنها مافی بەڕێوەبردنی نەوت وغازی لەو كێلگانەدا هەیە كە تا كاتی دەرچوونی ئەم دەستورە بوونیان هەبووە واتا تا ساڵی (2005ز) ، لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان مافی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز لە دەرهێنانی و فرۆشتن و هەناردەكردنی هەیە لەو كێڵگە نەوتیانەی كە لەدوای دەركردنی ئەم دەستورەوە دەدۆزرێتەوە و كاری تێدا دەكرێت.
لەم ڕووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ بێ‌ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی دەسەڵاتی فیدراڵی و هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ هەستا بە دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت بە پێی یاسای نەوت و گازی ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كۆمەڵێك گرێبەست بە شێوەیەكی ناڕوون و تەمومژاوی كە تا ئێستا بڕگەكانی ئاشكرا نەكراوە بە دروستی .
دواجار بریاری دادگای باڵای ئیتیحادی (المحكمة الاتحادیة العلیا) هەمو حسابات و بەرنامە و تێروانین ومامەڵە و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و ڕاڤەكردنێكی (تفسیر)ی جیاوازی بۆ مادەكانی (111) و (112)ی دەستوری عێراقی فیدراڵ كرد بە دەركردنی بڕیار لە هەردوو داوای تۆماركراو ژمارە (59/ اتحادیە /2012 ) كە لەلایەن (وەزیری نەوتی فیدراڵ ) سەرەڕای كارەكەی و داوای ژمارە ( 110/ اتحادیە / 2019) لەلایەن (علی شداد فارس) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە لەسەر داوا لێكراوان (وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان) سەرەڕای كارەكەی و (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان) سەرەڕای كارەكەی و بڕیاریدا بە نادەستوری و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ژمارە(22)ی ساڵی2007ی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی پێچەوانەی مادەكانی (110 و111 و112 و115 و121 و130)ی دەستورە و پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە (تسلیم) كردنی سەرجەم بەرهەمی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی دیكە كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان نەوتی لێدەردەهێنێت و پێدانەوەی بە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی بە شێوەیەك بتوانێت دەسەڵاتە دەستوریەكانی سەبارەت بە دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت پیادە بكات .
هەروەها بەدواداچون بۆ هەڵوەشانەوەی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەت و كۆمپانیا دەرەكیەكان سەبارەت بە دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت .
لەگەڵ پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە ڕێگەدان بە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە پێداچوونەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستە نەوتیانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت و گاز و فرۆشتنیان بەمەبەستی وردبینی كردن تیایاندا و دیاریكردنی مافە داراییەكانی ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ئەو گرێبەستانەدا و دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی بە شێوەیەك مافی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم زامن بكات لە بودجەی گشتی فیدراڵی و دوانەكەوتنی لە دوای جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی بڕیارەكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی حكومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ . لەگەڵ پابەند كردنی لایەنی داوا لێكراو بە پێدانی رەسم و تێچوو و كرێی ماندوبونی پارێزەرایەتی بریكارەكانی داواكاران   
لە پاش دەرچوونی بڕیارەكە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی رۆژی 23/شوبات/2022 ڕایگەیاند بڕیارەكە نادەستوری و نادادپەروەرانەیە  
 هەروەها چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكی هەرێم ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، سەرۆكی پەرلەمان ، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) بڕیارەكەیان ڕەتكردەوە لەبەر ئەوەی پێیان وایە بڕیارەكە پێچەوانەی بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی راستەقینە و پێشێلكاری ماف و دەسەڵاتە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستانە .


لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بەنادەستوری لەقەڵەمدا و باسی لەوە كرد كە ئەم دادگایە پشت بە یاسا نابەستێت و بە پێی بڕیاری بریمەر كار دەكات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای ئیتیحادی كرد و  دووبارە پێكهێنانی دادگایەكی تر (1).
هەروەها ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە 17/5/2022 ڕایگەیاند یاسای نەوت و گازی ژمارە(22)ی ساڵی(2007)ی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستوری عێراقی فیدراڵ نیە و پێویستە كاری پێبكرێت و دۆسیەی نەوت و گاز ناكەوێتە ناو چوارچێوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەكانی مادەی (110)ی دەستور و مادەی (112)ی دەستور ئاماژە دەدات بەوەی حكومەتی فیدراڵ مافی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی هەیە لەگەڵ حكومەتەكانی هەرێم و پارێزگاكان لەو كێلگانەدا كە پێش دەرچوونی ئەم دەستورە بوونیان هەبووە ، بۆیە هەرێمی كوردستان مافی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتیەكانی هەیە كە لەدوای دەركردنی ئەم دەستورەوە (دوای 2005) دەدۆزرێتەوە.

لە ڕێكەوتی 20/6/2022 و لە میانی كۆبونەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ بەڕێوەبەری دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم ، سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی دووبارە ڕایگەیاند: " ... ئەم دادگایە لە سەردەمی بریمەر هەبووە و تا ئێستا بەردەوامە ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بە پێی مادەی دەستوری دروست نەكراوە ، تا ئێستا دادگای فیدراڵی كە بگونجێت لەگەڵ دەستور لە عێراق بوونی نییە ، ئێمە دژی دادگای فیدراڵی نین بەڵام حكومەتی عێراق دادگای فیدراڵی نییە ، دادگایەكە بە ناوی فیدراڵی ئیش و كارەكان دەكات ..."  


سەرچاوەكان:

1-    بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆكی یاسای نەوت و گازی هەرێم ، بڕوانە : پاشكۆ ، لا 220- 254.
2-      بڕوانە مادەی (93) بڕگەی (دووەم ) لە دەستوری هەمیشەیی عیراق (2005 ز) .
3-    هەروەها ، المادە (2) من قانون رقم (25) لسنە 2021 ، قانون التعدیل الاول (الامر رقم 30 لسنە 2005) قانون المحكمة الاتحادیة العلیا ، المادە (4) (پانیا) .
4-     المادة (112) من الدستور العراق الدائم 2005م .
5-     قرار المحكمة الاتحادیة العلیا ، العدد:  59/ اتحادیە /2012  وموحدتها 110/ اتحادیە / 2019  فی 15/2/2022 . بڕوانە : پاشكۆ ، لا 255 - 269 .
6-    ئەنجومەنی وەزیران ، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت وگازی هەرێم ، بە نادەستووری و نادادپەروەرانە دادەنێت ، 23/شوبات/2022 https://gov.krd/news- .
7-    اجتماع الرئاسات الأربع في كوردستان يرد بست نقاط على قرار المحكمة الاتحادية بشأن النفط والغاز "قرار المحكمة العليا الاتحادية مخالف لنص وروح ومبادئ النظام الاتحادي الحقيقية ، وانتهاك صريح ومعلن للحقوق والصلاحيات الدستورية لإقليم كوردستان ، 28/2/2022 ، " https://www.kurdistan24.net/ar   
8-    1- بڕوانە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، پێنج شەممە 3/ئادار/2022 ، دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی هەرێم و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە.
9-    https://gov.krd/government/the-prime-minister
10-    2- ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ، بە ئیمزای دادوەر ( عبدالجبار عزیز حسن ) سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان - عێراق ،17/5/2022 .
11-    1- مەسرور بارزانی : هەركەسێك سكاڵای لەسەر گەندەڵی هەیە با پێشكەشی دادگای بكات ،  https://www.kurdistan24.net/ckb/story/222085 ، 21/6/2022 .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand