دانایی فەڕ چووە ناو كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە

Draw Media

2023-09-29 16:18:02



(درەو): 
بۆ بەشداری لە كۆنگرەی یەكێتیی هاتبوون، بەڵام سەردانی زڕگوێزیان كرد بۆ دڵنیابوون لە چۆڵكردنی كەمپی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، حەسەن دانایی فەڕ لەناو كەمپەكەدا سوڕایەوە‌و راپۆرتی خۆی بۆ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەرزكردەوە. 
وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 27ی ئەم مانگە بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كرد لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی. وەفدەكە پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (حەسەن دانایی فەڕ)‌و (ئاغای مسگریان) كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودس‌و لە هەرێمی كوردستان جموجوڵی بەردەوامیان هەیە، مەحمود محەمەدیان كونسوڵی ئێران لە سلێمانی لەناو وەفدەكەدا بوو. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای بەشداریكردن لە مەراسیمی كردنەوەی كۆنگرەی یەكێتیی، دانایی فەڕو مسگریان سەردانی كەمپی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانیان كردووە لەگەڵ كەمپی رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیسی ئێران لە ناوچەی "زڕگوێز"، ئەمە بەمەبەستی دڵنیابوون لە چۆڵكردنی كەمپەكەو چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. 
رۆژی 19ی ئەم مانگە وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێران بۆ چەككردن‌و دورخستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سنورەكان كۆتایی هات، سەرباری ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق دڵنیایی دەدەن لەوەی رێككەوتنەكەیان بەتەواوەتی جێبەجێكردووە‌و هێزەكانی رۆژهەڵاتیان لە سنورەكانی دورخستوەتەوە‌و لە شوێنی ئەوان هێزی پاراستنی سنوریان جێگیركردووە‌و كەمپی ئەو هێزانەیان چۆڵكردووەو گواستراونەتەوە بۆ ناو قوڵایی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا بەرپرسانی سەربازی ئێران گومانیان هەیە. 
(درەو) زانیویەتی، لە سەردانەكەیدا بۆ زڕگوێز، دانایی فەڕ بەناو كەمپە چۆڵكراوەكەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان‌و شۆڕشگێران‌و رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێراندا گەڕاوە‌و راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی كەمپەكە دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی، بۆ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی نوسیوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand