نرخی دۆلار له‌ نامه‌یه‌كی مام جه‌لالدا بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا

Draw Media

2023-01-19 13:10:25



(درەو): 
ساڵی 2003 دوای روخانی رژێمی سەددام، پۆل بریمەر وەكو حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دەستبەكاربوو، ئەوكاتەی بریمەر دەستبەكاربوو، سەرباری كەوتنی سەددام، هێشتا لە عێراق بە دوو جۆری دراوی دینار مامەڵە دەكرا، لە ناوچەكانی ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی سەددام دیناری چاپی سەددام مامەڵەی پێوە دەكرا، لەناوچە رزگاركراوەكانی كوردستانیشدا مامەڵە بە دیناری سویسرییەوە دەكرا، واتە هێشتا عێراق دراوی نوێی خۆی چاپ نەكردبوو.   
رۆژی 29ی حوزەیرانی ساڵی 2003 مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی لەبارەی سەردانێكی بریمەر بۆ سلێمانی نامەیەكی بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" لەسەر مەسەلەی دراو بریمەر گوتی:  وەزعی تایبەتی كوردستان رەچاو دەكەین، بەڵام پسپۆڕە ئابورییەكەی بریمەر گوتی: دۆلار بە دەوروبەری 20 دینار دەبێت، بە هی سویسری". 
لەبەشێكی تری نامەكەیدا مام جەلال باسلەوە دەكات لە كاتی بەرێكردنی بریمەردا جارێكی تر باس لە بابەتی نرخی دۆلار كراوەو نوسیویەتی" بەرهەم  داوای لێكرد، گەر دۆلار نرخیان بە 20 دینار دانا، ئێمە دێین داوا دەكەین بۆمان بكەنە (15) دینار، گوتی باشە".
هەر لەو نامەیەدا مام جەلال باس لە دەعوەتێكی خۆی دەكات بۆ بریمەرو نوسیویەتی" ئێوارەكەی لە (سیوەیل پالاس)ی ئەزمەڕ، بەودیودا، دەعوەتێكی باشم بۆ كردن.. شەوێكی خۆش بوو، هەوا فێنك بوو، خواردنەكەشیان زۆر بەدڵ بوو".

ده‌قی نامه‌كه‌:


سەرچاوە: بروسكەنامە، سەڵاح رەشید، لاپەڕە 682-683

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand