ڕاپۆرت: ئارام مەحمود (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ گێڕانەوەی سەرجەم سزا ئەمریكییەكان بەسەر (تاران)دا، كە پێشتر بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەساڵی 2015دا لەسەری هەڵگرتبوو. كۆشكی سپی دەڵێت" قورسترین سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت، كە كەرتەكانی وزەو گواستنەوەو بانكەكانی ئێرانی كردوەتە ئامانج"، بەڵام ویلایەتە یەكگرتوەكانی ڕێگەیداوە بە (8) دەوڵەت نەوتی ئێران هاوردە بكەن. لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا (دۆناڵد ترەمپ) ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێرانو وڵاتانی (5+1) بە "شەرمەزاریی لەجەوهەركەیدا" وەسفكرد. ترەمپ دوێنێ هەینی لەتویتێكدا ڕایگەیاند" سزاكان بەڕێوەن" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو سزایانەی بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەسەر (ئێران)دا بیسەپێنێت. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەدوای كشانەوەی تاكلایەنە لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە قۆناغ بەقۆناغ دەستیكرد بەگێڕانەوەی سزاكانی سەر ئێران، كە بەڕای شرۆڤەكاران ئەم هەنگاوە گەورەترینە، چونكە سێكتەرە سەرەكییەكانی ئابوری ئێران دەكاتە ئامانج. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت" ئێران هەست بەنیگەرانی ناكات لەبەرامبەر گێڕانەوەی سزاكان". ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانو هێزە نێودەوڵەتییەكانی لەساڵی 2015، تایبەت بوو بە كەمكردنەوەی سزاكان لەسەر (ئێران) لەبەرامبەر سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی تاران. لەكاتی خۆیدا (باراك ئۆباما) سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەرگری لەڕێككەوتنەكە كردو ڕایگەیاند"ڕێگە لە ئێران دەگرێت چەكە ئەتۆمییەكانی پێشبخات". ئەو وڵاتانەی لێبوردنی مەرجداریان بۆ كراوە (بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ڕوسیاو چین) كە لایەنی بەشدارن لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015، دوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا، پاپەندبونی خۆیان بەڕێككەوتنەكە دووپاتكردەوە. ترەمپ پێیوایە، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە قبوڵكراونینو ڕێگە لە ئێران ناگرن پرۆگرامی موشەكە بالستییەكانی پێشنەخاتو دەستوەردان نەكات لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە. ئەو ڕێوشوێنانە چین دەگیرێنەبەر؟ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (5)تشرینی دووەم، سزاكانی ئەمریكا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بریتین ئەم بوارانە دەگرێتەوە: • پرۆسەی گواستنەوەو دروستكردنی كەشتی • دارایی • وزە ناوی زیاتر (700) كەسو قەوارەو كەشتیو فڕۆكە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان لەناویاندا: • بانكە گەورەكان • هەناردەكارانی نەوت • كۆمپانیاكانی گواستنەوە ئەمە دووەم گەڕی سزاكانە كە (ترەمپ) لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە دەیسەپێنێت بەسەر(تاران)دا. (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند" سزاكان ئامانجی گۆڕینی بنەڕەتی ڕەفتاری ئێرانە". (12) داواشی دەستنیشانكردووە كە پێویستە ئێران وەڵامیان بداتەوەبۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەری، كە دیارترینیان بریتین لە: * وازهێنان لە پشتیوانی تیرۆر * وازهێنان لە دەستوەردانی سەربازی لە سوریا * راگرتنی پرۆگرامی پێشخستنی موشەكە ئەتۆمیو بالستییەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی ئەو جیاكارییانە چین لە سزاكاندا كراون؟ سزاكان ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن، بەڵام وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت" ئەو وڵاتانەی ناتوانن دەستبەجێ هاوردەكردنی نەوتی ئێران ڕابگرن، لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە كە سەرەتا بڕی هاوردەكرن كەمبكەنەوەو دواتر بەشێوەیەكی تەواوەتی ڕابگرن". هاوپەیمانەكانی ئەمریكا (ئیتاڵیاو هیندو ژاپۆنو كۆریای باشور) لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەنو لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی (ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس)، (توركیا) یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە ئەمریكا ئاسانكاری بۆ كردووە. ئێران چۆن وەڵامی دایەوە؟ (بەهرام قاسمی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەكەی ڕاگەیاند" ئێران تواناو شارەزایی ئیدارەدانی كاروباری ئابوری وڵاتی هەیە". ئاماژەی بەوەشكردووە" ئەمریكا ناتوانێت ئامانجە ئابورییەكانی لەڕێی ئەم سزایانەوە بەدیبهێنێتو بەدڵنیایی هیچ ئەگەرێكی بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسیش لەڕێی ئەم سزایانەوە بەدیناهێنێت". سەرچاوەی زانیارییەكان: بی بی سی
راپۆرتی: ئارام مەحمود – محەمەد رەئوف دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن (ئەنجومەنی دادوەری)، پارتی دیموكراتی كوردستان پێش ڕاسپاردنی كاندیدەكەی لەلایەن سەرۆكی نوێی پەرلەمان كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان، هەنگاوەكانی بۆ لەتكردنی كێكی حكومەت دەستپێدەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وێستگەی یەكەمی گفتوگۆكانیەتی، بەڵام پێناچێت بەهەمان شێوەی كابینەكانی ڕابردو "نازی هەڵبگرێ و پۆستی بۆ هەڵڕێژێت"، ڕەنگە ئەمەش تەنها پەیوەست نەبێت بەو جیاوازییە گەورەیەی لەكورسیەكانیاندا هەیە (45 بە 21)، بەڵكو یەكێتی بۆ پارتی، ڕەنگە وەك "هاوڕێیەكی ناچاری لێهاتبێت". عارف تەیفور سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت"وەك پارتی كێشەمان نابێت لەتەواوكردنی نیساب، بەڵام پێویستمان بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، بەبێ یەكێتی ناتوانین حكومەت ئیدارە بدەین". پارتی بەشدار ی دەوێت نەك شەریك وێڕایی زەروریەتی ئامادەبونی یەكێتی لەحكومەتی داهاتودا، وەك ئەوەی ئەو بەرپرسەی پارتی تەئكیدی لێدەكات، بەڵام قسەكانی دواتری كە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ (قادر حەمەجان)ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردنی، پێداگریكردنە لەسەر تێپەڕاندنی بنەمای پەنجا بەپەنجا و سازان و تەوافوقاتی سیاسی جاران، عارف تەیفور لەوبارەیەوە دەڵێت "تائێستا ڕامانوایە لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن حكومەتی ئایندە پێكبهێنین، وەكو پەرلەمانی عێراق خاڵ دابنێین و لەسەر بنەمای ئەو خاڵەپۆستەكان دابەشبكرێت". لەدوای ئەو ململانێ توندەی لەسەر پۆستەكانی بەغداد (سەرۆك كۆمار و وەزیرەكان) لەنێوانیاندا سەریهەڵداو پۆستی سەرۆك كۆمار بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق لەبەرژوەندی یەكێتی یەكلاكرایەوە، پارتی، یەكێتی بەتێكدانی تەوافوق تۆمەتباركرد، لەوكاتەوە زۆرێك لەبەرپرسانی پارتی باس لەكۆتایهاتنی زەمەنی پەنجا بەپەنجا و تەواقوقاتی سیاسی دەكەن و دەڵێن لەسەربنەمای ئەوكورسیانەی یەكێتی بەدەستهێناوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، وەك هەندێكیش دەڵێن، بۆ پارتی "ڕۆژی هەق و حسابە" و " پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەرفەتێكی گرنگە تا تۆڵەی بەغداد لەهەولێر لەیەكێتی بكاتەوە". یەكێتی شەراكەتی ڕاستەقینەی دەوێت هەڵوێستی ڕەسمی یەكێتی بەئاڕاستەی هێوركردنەوەی پارتی و تەئكیدكردنە لە زەرورەتی پێكەوەبونیان وەك دوو هێزی سەرەكی لەقۆناغی ئایندەدا، یەكێتی بەنیازی "شەراكەتێكی ڕاستەقینەیە"، شەراكەتێك كە لەڕابردودا وەك زۆرێك لەبەرپرسانی یەكێتی خۆیان بە"لاسەنگ" وەسفیان كردووە، لەكاتێكدا لەپێگەیەكی بەهێزتریشدابون لەئێستا و پارتیش هەمیشە خۆی بە مەغدور پیشانداوە، پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ بەشداری یەكێتی لەحكومەتی ئایندە چۆن بێت؟ ئەگەر پارتی خۆی بۆ تۆڵكردنەوە ئامادەكربێت و یەكێتیش بەپێگەیەكی لاوازتر لەجاران بچێتەوە بۆ هەولێر، لایەنی كەم بەپێی جیاوازی كورسیەكان كە دوو هێندە زیاترەو پارتی دەیكاتە بنەمای پێكهێنانی حكومەت. حكومەتی داهاتووی هەرێم چۆن دەبێت بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پارتی حكومەتی داهاتووی هەرێم هاوشێوەی رابردوو نابێت پارتی دەڵێت حكومەتی داهاتوو :. - بنكە فراوان نابێت - حكومەتی پەنجا بە پەنجاش نابێت - بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبێت - بەبێ یەكێتیش پێكی ناهێنین هاوڕێی نیوە ڕێگامان ناوێت پەیامەكەی پارتی كە لەڕێی (عارف تەیفور)ەوە گەیاندویەتی "بێمەنیەتیەكی" گەورەی پێوەدیارە، كاتێك دەڵێت"كێشەمان نابێت لەتەواوكردنی نیساب" بەدیاریكراوی لەگەڵ یەكێتی نیە، بەڵكو بۆ تەواوی هێزەكانی تریشە، هەر ئەوەش نیە بەڵكو بەڕاشكاوی پێیاندەڵێت"لەحكومەتی بنكەفراوان زەرەرمان كرد و بوە هۆی ئەوەی ئێمە و یەكێتی بەتەنیا بمێنینەوە"، ئەو بەرپرسەی پارتی لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی تر (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) بەهاوڕێی نیوەڕێگا و بەرگەنەگرتنی بەرپرسیارێتی وەسفدەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگایان لەسەر داناخات و دەڵێت" هەرلایەنێك بەشداربێت لەگەڵمان، دەبێت پەیمانبدات و نەفەسی درێژبێت لەگەڵمان و لەنیوەی ڕێگا بەجێمان نەهێڵێت". پێشتریش ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی رایگەیاندبوو" ئەو لایەنانەی كە دەچنە ناو حكومەت نابێت لە ناڵیش بدەن و لە بزماریش, بەرۆژ لە حكومەتدا بن و بەشەویش ئۆپۆزسیۆن" بزوتنەوەی گۆڕان مەیلی حكومەتی هەیە بزوتنەوەی گۆڕان كە سێیەم هێزی هەرێمی كوردستانە، وادەردەكەوێت مەیلی بەشداری حكومەتی هەبێت، هەرچەندە بەشێوەیەكی ڕەسمی ئەوخواستەی یەكلانەكردۆتەوەو لەهەمان كاتیشدا شەقامی گۆڕان دژی چونە حكومەتە. (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بۆ شارپرێس رایگەیاندوە" تائێستا ئەو پرسە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەكراوەیی ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە و لەچەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێتو لەو كۆبوونەوەیەش بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت". ئەوە لەكاتێكدایە (نزار مەحمود) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڕۆژنامەی ئاژانسی وتووە" جڤاتی نیشیتمانی دەسەڵاتی داوە بەخانەی ڕاپەڕاندن لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردن لەحكومەتی هەرێم و عێراق، ئەگەر پرۆژە چاكسازییەكەی ئێمە كاری پێبكرێت حەزدەكەین لەناو حكومەتدابین وپێویستمان بەگەرەنتیە". پێشتریش (دانا عەبدولكەریم) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕوداوی ڕاگەیاندبوو، "بۆ بەشداریكردنیان لەحكومەت پێویستە گەرەنتی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان پێبدرێت". كۆمەڵی ئیسلامی حەزی لێیەتی كۆمەڵی ئیسلامی لە ڕۆژی 23 مانگی ڕابردودا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەو حزبە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند"سەبارەت بە بەشداریی كردن یان نەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت". بەپێی لێدوانی هەندێك لەبەرپرسەكانیشی بێت، پێدەچێت كۆمەڵ خواستی هەبێت بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێ و ڕەنگە چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بكات. هەرچەندە دەوترێت كۆمەڵی ئیسلامی پێش پرۆژەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاساییكردۆتەوە. نەوەی نوێ و یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنن نەوەی نوێ كە پێنجەم هێزە لەسەر ئاستی كوردستان، چاوەڕواندەكرا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكات وەك پێشتر خۆیان ئاماژەیان پێكرد، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بڕیاریدا"وەك ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت". یەكگرتوی ئیسلامیش كە لەڕیزیەندی شەشەمدایە، وەك یەكەم هێزی كوردستان، دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، حزبەكە بریاری دا" وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری وردو نوێ لەبارەی ئەو شەوە دەستكەوتووە كە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تێدا راگەیەندرا، لەم راپۆرتەدا بەبێ ناوهێنانو ئاشكراكردنی سەرچاوەكان، وردەكاری ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەران بڵاودەكاتەوە. سەرەتای گومانەكە كاتژمێر (5:00)ی ئێوارە رۆژی 21ی ئۆكتۆبەر، كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی كۆبونەوەیەك بوون بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر سكاڵاو ئەو سندوقانەی دەنگدان بدەن كە قردێلەی سوریان لێدرا بوو، واتە گومانی ساختەكاری گەورەیان لەسەر بوو. كۆبونەوەكە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا نەكرا، بەفەرمانی سەرۆكی كۆمسیۆن (هەندرێن محەمەد) كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، كۆبونەوەكە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر دواخرا، ئەمە گومانی لای هەندێك لە ئەندامانی كۆمسیۆن دروستكرد، لەو كاتانەدا بە ئاشكرا هەست بەوەدەكرا لە دەرەوە فشارەكان لەسەر كۆمسیۆن زیاتر دەبن، بەڵام هەرگیز بیر لەوە نەدەكرایەوە پارتیو یەكێتی لە ژێر پەردەوە سەرقاڵی رێككەوتن بن لەبارەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن. پارتی یارییەكەی بردەوە لە كۆی (9) كەس لە ئەندامانی كۆمسیۆن، (4) كەسیان كە كۆمسیاری سەربە (بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی) بوون، داوایان دەكرد سكاڵاكان سندوقە سورەكان بەجۆرێك یەكلابكرێنەوە كە تێیدا (تەنها دەنگی ئەو لایەنانە بسوتێنرێن كە تۆمەتبارن بە ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن). فشاری كۆمسیارەكانی (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) كاریگەری بەهێزی دروستكرد، كۆمسیارانی پارتی رازی بوون بە داوای كۆمسیارانی ئەو سێ لایەنە بۆ سوتاندنی دەنگی ئەو سندوقانەی كە قردێلەی سوریان لێدرابوو، بەتایبەتیش سوتاندنی دەنگەكانی پارتیو یەكێتی لەو سندوقانەدا كە گومانی ساختەكارییان لەسەر بوو. بەڵام كۆمسیارانی یەكێتی بەتەواوەتی ئەو داواكارییەیان رەتدەكردەوە، چونكە ئەگەر بەوشێوەیە سندوقە سورەكان یەكلابكرایەتەوە، كورسییەكی پارتی دەچوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو كورسییەكی یەكێتیش كەمدەبووەوە دەچوو بۆ نەوەی نوێ. یەكێتی زۆر توند بوو لەسەر رەتكردنەوەی ئەو میكانیزمەو كەمكردنەوەی كورسییەكانی، كاتێك كۆمسیارانی یەكێتی زانیان كۆمسیارانی پارتی رازین بەوشێوەیە سندوقەكان یەكلابكرێنەوە، پەیوەندیان بە سەركردایەتی خۆیانەوە كردو كەوتنە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی (رەنگە پشتیوانییەكەی پارتی بۆ داوای كۆمسیارانی سێ لایەنەكە تەنیا بۆ ئەوە بوبێت یەكێتی ناچار بە گفتوگۆ بكات). پارتیو یەكێتی لەسەر چی رێككەوتن؟ لەسەر داوای یەكێتی، كۆبونەوە لە پشتی پەردەوە لەنێوان پارتیو یەكێتی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، هەر ئەمەش هۆكارەكە بوو لەسەر داوای سەرۆكی كۆمسیۆن كۆبونەوەكە بۆ ماوەی نیوكاتیژمێر دواخرا. پارتیو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەشێك لەو سندوقانەی كە قردێلەی سوریان لێدرابوو لەگەڵ ئەو سندوقانەی كە سكاڵایان لەسەر بوو، دەنگەكانی ناویان بسوتێنرێت، واتە تەواوی دەنگی هەموو لایەنەكان لەو سندوقانەدا، بەجۆرێك هیچ كاریگەرییەك لەسەر ئەنجامی كورسیەكانی هەردوولا دروستنەكات، پارتیو یەكێتی دوای ریككەوتن كۆمسیارانی خۆیان لە كۆمسیۆن ئاگاداردەكەنەوە لە رێككەوتنەكە، لەو كاتەدا كۆمسیارانی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو دەچنە لای سەرۆكی كۆمسیۆنو پێی رادەیەگەیەنن" كاتی كۆبونەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو سندوقانە" كە ئەنجامی رێژەی 15%ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام سەرۆكی كۆمسیۆن پێیان دەڵێ" كۆبونەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە ناكەنو پرسی ئەو سندوقانەیان یەكلاكردوەتەوەو هەمووی دەسوتێنن". دوای قسەكەی سەرۆكی كۆمسیۆن، كۆمسیارانی (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) بە توڕەییەوە دێنە درەوەو ئەوكاتە دەزانن كە یەكێتیو پارتی رێكەوتوون، بۆیە بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دەنوسنو لە دێڕیكیدا ئاماژە بەوە دەكەن "كاتژمێر 11 شەو بە پەلەو بەبێ هیچ گفتوگۆیەك لەسەری، خشتەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە خرایە دەنگدانو بەزۆرینە تێپەڕێنرا". چوار كۆمسیار كە دوانیان سەربە گۆڕانو یەكێكیان سەربە كۆمەڵو ئەوی تر سەربە یەكگرتوو بوو، ئەنجامەكەیان رەتكردەوەو بارەگای كۆمسیۆنیان لە شاری هەولێر جێهێشت. كۆمسیارەكانی ئەو سێ لایەنە ئەوەی لەسەریان بوو لە كاركردنو هەڵوێستوەرگرتن كردیان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنج بوو حزبەكانیان بەوشێوەیە پشتیوانیان لێنەكردنو بەدواداچوونیان نەكردو جدی نەبوون لەوەی بەدوای هەڵوێستە جدیەكانی كۆمسیارەكانیاندا بچن. زێرەڤانی لەبەردەم كۆمسیۆندا! لەگەڵ نزیكبوونەوە ساتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، هێزێكی زۆری زێرەڤانی لە دەوروبەرو ناو بینای كۆمسیۆن بڵاوبونەوەو باری نائاسایی ئەمنی لە كۆمسیۆن گیرایەبەر، هۆكاری هاتنی ئەم هێزە ترس بوو لەوەی چوار كۆمسیارە ناڕازییەكە كۆنگرەی رۆژنامەوانی تایبەت بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن تێكبدەن. هەندێك لە كاندیدەكان قوربانییاندا! لەو ماوە كورتەی كە رێككەوتن كراو بڕیار لەسەر سوتانی دەنگی سندوقە سورەكان درا كە (119 هەزارو 617) دەنگ بوو، دەنگی زۆربەی كاندیدەكانیش لەگەڵ دەنگی لیستەكانیاندا سوتێنرا، بەڵام ئەمە هیچ گۆڕانكارییەكی لە دەنگی كاندیدەكان دروستنەكرد، چونكە بەو ماوە كەمە فریای پێداچونەوەی ناوی هەموو كاندیدەكان نەكەوتن، ناوی كاندیدەكان هەر لە ئەنجامی 85%ی ئەنجامەكان دەرهێنرا كە پێشتر جیاكرابوەوە، لەكۆتایدا سوتاندنی ئەو (119 هەزارو 617) دەنگە كە دەبوو گۆڕانكاری لە ناوی كاندیدە سەركەوتووەكاندا بكات، گۆڕانكاری دروستنەكردو ژمارەیەك كاندید لە هەموو لایەنەكان بوونە قوربانی ئەم مامەڵەیەی پارتیو یەكێتیو سەرنەكەوتن بۆ پەرلەمان.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود خۆرهەڵاتی فورات جارێكی تر بووەوە باسی گەرمی دۆسیەی سوریا، دوای ئەوەی سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی سەربە هێزە كوردییەكانی كردە ئامانج كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی لەو ناوچەیە تادێت توندتر دەبێت، چونكە مەترسی ئەنكەرە لە دروستبوونی هەرێمێكی كوردی لەناوچەی باكوری سوریا، وەك جۆرێك لە نەخۆشی درێژخایەنو فۆبیای لیهاتوو. هەسەدە هەڕەشە دەكات هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، فشارەكانی بۆسەر واشنتۆن چڕكردوەتەوە تا دەستوردان بكات بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، (هەسەدە) لەڕێی ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەكانی دژ بە ڕێكخراوی "داعش" لە ناوچەی (ریفی دێرزوری خۆرهەڵات)، دەیەوێت ئەمریكییەكان ناچاربكات فشار بكەن بۆ راگرتنی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكە. هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبەیاننامەیەكدا كە دوێنێ چوارشەمە بڵاویكردەوە دەڵێت" توركیا هەڕەشەو هێرشەكانی لەسنوری باكوری سوریا توندكردوەتەوە، ئەمەش دوای لێدوانەكانی ڕەجەب تەیب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای كۆتایهاتنی كۆبونەوەی چوارقۆڵی (ئەستەنبوڵ) ڕایگەیاند. ئەو هێرشەی كە توركیا ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بۆ سەر باكوری سوریا ئەنجامیدا، ڕێڕەوی سنوری شاری (گرێ سپی) كردە ئامانج، بەوهۆیەوە پاسەوانێكی ڕێڕەوەكە كوژراوەو یەكێكی تر برینداربوو. (هەسەدە) لەبەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە" هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا بوەتە هۆی ڕاگرتنی شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر بەشێوەیەكی كاتی كە هێزەكانمان لەدواین پێگەی ڕێكخراوی (داعش) ئەنجامیدەدەن"، هۆشداریشداوە لەوەی بەردەوامبونی ئەو هێرشانە"دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هەڵمەتی سەربازی دژی داعش بۆ مایەكی درێژ". واشنتۆن نیگەرانە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا "نیگەرانی قوڵی" لەهێرشە سەربازییەكەی توركیا دەربڕیوە، (ڕۆبێرت بالادینۆ) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" وەشاندنی گورزی سەربازی لەباكوری سوریا لەهەر لایەكەوە بێت، بەتایبەت كە ئەندامانی سوپای ئەمریكا ڕەنگە لەو ناچەیەدا بن یان لەنزیكی ئەو شوێنە بن، بوەتە سەرچاوەی دروستبوونی نیگەرانییەكی قوڵ بۆیان". ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی توركیا دەڵێن، نیازی دەستوەردانی سەربازییان هەیە لەخۆرهەڵاتی فورات بۆ دورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لە ئایندەدا لەسەر وڵاتەكەیان دروستببێت لەئاكامی بوونی هێزە كوردییەكان كە "تۆمەتبارییان" دەكەن بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی لەباكورو باكوری خۆرهەڵاتی سوریا. هەژمونی هەسەدە لەخۆرهەڵاتی فورات هێزە كوردییەكان زۆرینەی ناوچە (خۆرهەڵاتی فورات)یان لەژێر دەستدایە كە خۆی لەم ناوچانەدا دەبینێتەوە: • بەشێكی زۆری پارێزگای (ڕقە) • بەشێكی گەورە لە ناوچەی (ڕیفی دێرزور) • باكوری دەریاچە فورات • لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای (حەسەكە)، كە بەدەوڵەمەندترین ناوچەكانی سوریا ئەژماردەكرێن، لەڕووی سامانی ئاو و كشتوكاڵو نەوتەوە وێڕایی دوو چوارگۆشەی ئەمنیی كە بەدەست رژێمی سوریاوەیە لەهەردوو شاری (قامیشلیو حەسەكە)و چەند بەشێك لە (ڕیفی حەسەكە)، هێزە كوردییەكان ناوچەیەكی فراوانی (ڕیفی باكوری خۆرهەڵاتی حەلب) لە خۆرهەڵاتی دەریاچەی فوراتو زنجیرەیەك گوندی باشوری دەریاچەی فوراتیان لەدەستدایە كە لە خۆرئاوای شاری (تەبقە)ەوە درێژدەبێتەوە تا خۆرهەڵاتی شاری (ڕەقە) بەدرێژایی (60) كیلۆمەتر.
(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بۆ مانگی تشرینی یەكەمی راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهاتی نەوت زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراق (107 ملیۆن و 530 هەزارو 8) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 469 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (74.912) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (8 ملیار و 55 ملیۆن و 257 هەزار) دۆلار بووە، مانگی ئەیلولی رابردوو كە كۆی داهاتی نەوت ( 7 ملیار و 900 ملیۆن) دۆلار بووە.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود لەدوای پێكهێنانی هەر حكومەتێكی نوێ لەعێراق، ناوەندە سەربازی و ئەمنیەكان و وەزارەتە مەدەنیەكان، مەترسی هەڵمەتی گۆڕانكاری بەرۆكیان دەگرێت، بەتایبەت پلەكانی بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكار، بەڵام ئەمجارە مەترسییەكان فراوانترن، لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیران و دەرچونی لەدەستی (حزبی دەعوە)، دوای (13) ساڵ لەحوكمكردنی عێراق، مەترسی بەخوریكردنی ڕیسەكەی و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە تۆكمەیەی لێدەكرێت كە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا چاندویەتی. عەبدلمەهدی گۆڕانكاری گشتگیر دەكات (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پلانی هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی گشتگیر لەناو دامەزراوەكانی حكومەت، بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنیی و دەزگای هەواڵگری نیشتیمانیشەوە، پلانەكەی عەبدلمەهدی گۆڕینی ئەو سەرۆك بەش و بەڕێوەبەرە گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكارانە دەگرێتەوە كە زیاتر لەچوار ساڵیان لەپۆستەكانیادا بەسەربردووە، یان تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە یاخود لەبواری پسپۆڕی خۆیاندا كارناكەن. گۆڕانكارییەكان فەرماندی لیوا و فەوج و فیرقەو هێزە تایبەتەكانیش دەگرێتەوە، هاوكات فەرماندەی هێزەكانی پۆلیس لەشاری بەغداد و پارێزگاكانی تریش دەگرێتەوە، ئەوەش لەڕێی لەكارخستنی هەندێكیان و گواستنەوەی هەندێكی تریان یاخود ڕەوانەكردنیان بۆ فەرمانگەی جەنگاوەرە دێرینەكان یان بۆ خانەنشینی، ئەمە بەقسەی بەرپرسانی نوێ لەحكومەتی عێراق كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) قسەیان كردووە. گۆڕانكارییەكان 4 هەزار پلەی وەزیفی دەگرێتەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی نوێی حكومەتی عێراق ئاشكرایان كردووە، زۆرینەی ئەوانەی دەكرێنە ئامانج لەگۆڕانكارییەكان بنكەی سەرەكی (حزبی دەعوە)ن، هەنگاوەكانی (عەبدولمەدی)ش لەلایەن هێزە شیعیەكانەوە دەستخۆشی لێدەكرێت، بەتایبەت لەلایەن (ڕەوتی سەدر و ڕێكخراوی بەدر و ڕەوتی حیكمە)، بەوپێیەی (حزبی دەعوە) پۆست و وەزیفە گرنكەكانی لەزۆرینەی وەزارەتەكانی عێراق قۆرخكردووە و ئەنجامنەدانی كودەتایەك یان گۆڕانكارییەك لەهاوكێشەكانی ئێستا لەو پۆستانە، مانای وایە چونە دەرەوەی (دەعوە) لەلوتكەی دەسەڵات كاریگەریكی گەورەی نابێت بەهۆی بونی بنكەیەكی جێبەجێكرنی بەهێزی لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا. بەشێكی تری ئەو زانیارییانەی باسدەكرێن، گۆڕانكاری گرنگن كە ڕەنگە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بگرێتەوە، بەتایبەت سەرۆكەكەی (مەدحەت مەحمود) كە تۆمەتبارە بە لایەنداریكردنی (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق. گۆڕانكارییەكان بەیەكجار ناكرێن سەرچاوە نزیكەكان لە موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر دەڵێن، نزیكەی 4 هەزار پلەی وەزیفی لەسەرۆكی بەشەوە بۆ بەڕیوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و ڕاوێژكار و فەرماندەی لیوا و هێزە ئەمنی و سەربازییەكان پرۆسەی گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و پلەبەندی، نەك بەیەكجار ، هاوكات دەستەی دەستپاكیش بەشدار دەبێت لەگۆڕانكارییەكان، چونكە نزیكەی لە80% ئەوانەی دەگۆڕدرێن تۆمەتبارن بەئەنجامدانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبونی خێرا و سەرپێچی یاسایی وەك دامەزراندنی كەسە نزیكەكانی خۆیان لەو دامەزراوانەی كاری تیادا دەكەن. عەبادی جورئەتی گۆڕانكاری نەبوو (عەلی سەعدی) ئەندامی حزبی شیوعی بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" بڕگەی چاكسازی كەعەبدلمەهدی خستویەتیە سەرشانی خۆی، چاكسازی پەیكەری كارگێری بەشێوەیەكی گشتی لەعێراق دەگرێتەوە و جوڵاندنی (مۆمیاكراوەكان) كە لەلوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن لەوەزارەتەكان و دامەزراوە خزمەتگوزراییەكان و سیادییەكان، هەروەها فەرماندەكانی سوپا و پۆلیس ئەوانەی بەرپرس بون لەكەوتنی شارەكانی عێراق" ڕونیشیكردوەتەوە"بەشێكی زۆریان بۆ سەردەمی (بۆڵ برێمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكی دەگەڕێنەوە كەتائێستا نەگۆڕاون" تەئكیدیشی كردووە"یەكێك لەناكۆییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پێشو حەیدەر عەبادی، سەبارەت بەوخاڵە بوو، لاوازبو لەڕوبەڕوبونەوەیدا، دەیزانی لە 60% ی ئەگەر زیاتر نەبێت لەوگەندەڵییە ئیداری و دواكەوتوییە گشتیەیەی لەعێراق هەیە بەهۆی ئەو بەرپرسانەوەیە، كە ڕەوانەی خانەنشینی نەكران یان نەگوازرانەوە و لێێچینەوەیان لەگەڵ نەكرا، بەوپێیەی لەسەر حزبی دەعوە حساب بوون.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود ڕۆژی 6 مانگی داهاتوو، ئەمریكییەكان ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی نیوەیی وڵاتەكەیان، كە ڕوخساری نوێی كۆنگرێسی ئەمریكا و نیوەی دووەمی ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەنگدەكات. لەم هەڵبژاردنەدا دیموكراتەكان هەوڵی وەرگرتنەوەی زۆرینەی دەدەن لە كۆمارییەكان لە یەكێك لە ئەنجومەنەكانی كۆنگرێس ( ئەنجومەنی پیران یان ئەنجومەنی نوێنەران) یاخود هەردووكیان پێكەوە. دەنگدەران لە هەڵبژاردنی "نیوەیی" دا، دەنگ بۆ 35 كورسی ڕیپێدراو لە ئەنجومەنی پیران و 435 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 36 حاكمی نوێ بۆ ویلایەتەكان دەدەن. هەڵبژاردنی نیوەیی چییە؟ هەڵبژاردنی نیوەیی هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران)، لە هەندێك لە ویلایەتەكانیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی حاكمی نوێ دەدرێت، ئەو هەڵبژاردنە بە"نیوەیی" ناودەبرێت, چونكە دوای نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی ویلایەتەیە كگرتوەكانی دێت. كورسییە ڕێپێدراوەكان لە ئەنجومەنی پیران كامانەن؟ كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی لاوازن لە ئەنجومەنی پیران كە (51) كورسیە بەرامبەر (47) كورسی دیموكراتەكان و دوو كورسی سەربەخۆكان. هەڵبژاردنی نیوەیی بۆ (9) كورسی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران و دوو كورسی سەربەخۆ و 24 كورسیدیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوەیە دەرفەتی پارێزگاریكردنی كۆمارییەكان لە زۆرینەكەیان زیاترە لە لەدەستدانی. كورسیە ڕێپێدراوەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران كامانەن؟ لەئەنجومەنی نوێنەران، كۆمارییەكان خاوەنی زۆرینەیەكی (236) پەلەمانتارن بەرامبەر بە (193) پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، لەگەڵ بوونی (6) كورسی بەتاڵ. دیموكراتەكان كە هەوڵی زۆرینە دەدەن لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستیان بە لانی كەم بەدەستهێنانی (218)كورسییە، ئەوەش درەفەتێكی باشتری بۆ ڕەخساندون، چونكە هەڵبژاردن بۆ سەرجەم كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت. كاریگەری هەڵبژاردنی نیوەیی لەسەر ترەمپ چییە؟ ئەو حزبەی زۆرینەی كۆنگرێس بەدەستبهێنێت ململانێ لەسەر هەندێ لە یاسا گرنگەكان یەكلادەكاتەوە، لەگەڵ هەندێك لە سیاسەتەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان دژین و كۆمارییەكانیش پشتیوانی جێبەجێكردنی دەكەن. سەركەوتنی كۆمارییەكان لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی دووەمی حوكمی ویلایەتەكەی ترەمپ زۆر ئاسان دەكات، كە دەرچەیەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی هەندێك لە یاساكان، لە نمونەی توندكردنی یاساكانی كۆچ. خراپترین ئەگەرەكان سیناریۆی "مۆتەكە" بۆ سەرۆكی ئەمریكا، خۆی لە سەركەوتنی دیموكراتەكاندا دەبینێتەوە، دواتریش لەكارخستنی لەپۆستی سەرۆكایەتی، كە ئەگەرێكی دوور نیە. بەڕای (رودی گیلیانی) پارێزەری تایبەتی ترەمپ"هەڵبژاردنی نیوەیی خۆی لە دوورخستنەوەو مانەوەی ترەمپ دا دەبینێتەوە" ڕاشیگەیاندووە"ڕێوشێنەكانی دوورخستنەوە دەستپێدەكات ئەگەر دیموكراتەكان ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران". ئەگەر دیموكراتەكان كۆنگرێس كۆنترۆڵبكەن، چاوەڕوان دەكرێت ڕووبەڕووی كۆمەڵێك یاسا ببنەوە كە ترەمپ هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدات و دیارترینیان بەدەستهێنانی پارەیە بۆ دروستكردنی دیواری جیاكەرەوە لەگەڵ (مەكسیك) و ڕەتكردنەوەی ئەو سیستمە تەندروستییەی (باراك ئۆباما) داینا. سەرچاوە: ئاژانسەكان
( درەو میدیا): جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو دووپاتی كردووە بەشداری حكومەتێك ناكات كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و بڕیاریاندا وەكو هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشدار بێت. ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دوای كۆبونەوەیان راگەیەنراوێكیان بڵاوكردۆتەوە و دەڵێن" بە هیچ شێوەیەك بەشداری حكومەتێك ناكەین كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەكە. ئەنجومەنی باڵا بڕیاریانداوە" فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت" دەقی ڕاگەیاندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئەمڕۆ ٣١/١٠/٢٠١٨ ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە بێ بەشداری سەرۆكی جوڵانەوەكە. تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە دواهەڵوێستی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و شێوازی خەباتی پارلەمانی جوڵانەوەكە، هەروەها دیدی نەوەی نوێ سەبارەت بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و گفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی عێراق و هەڵوێستی نەوەی نوێ. لە تەوەری یەكەمی گفتوگۆكاندا ئەنجومەنی باڵا تەئكیدی كردەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی هەرێم ناكات و پارتی و یەكێتی جارێكی تر بە شێوازی سیستماتیك ئەنجامەكانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەزویر كرد. بەمەش بۆ جارێكی تر خەباتی پەرلەمانیان لە كوردستان لەكەدار كرد، لەگەڵ ئەوەی سەرنج و ڕەخنەی جدیمان لەسەر هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی هەیە، بەڵام ئەنجومەنی باڵا لەسەر بنەمای ئەو ڕاوێژ و ڕاپرسیانەی لەناو خۆبەخشانی نەوەی نوێ كراون و هەروەها سەرنج و پێشنیاری دیپلۆمات و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەگەڵ بە هەند وەرگرتنی پێشنیاری خەلكانی تری دەرەوەی جوڵانەوەكە، ئەنجومەنی باڵا بریاریدا كە فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت. سەبارەت بە بەشداری كردن لە حكومەتی ئایندەی كوردستان، ئەنجومەنی باڵا تەئكیدی كردەوە كە وەك چۆن لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنمان بە دەنگدەران دا كە یان دەچینە لوتكەی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، ئەوا تەئكید كرایەوە كە بە هیچ شێوەیەك نەوەی نوێ بەشداری حكومەتێك ناكات كە یەكێتی و پارتی سەركردایەتی بكەن و ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەكە. هاوتەریب لەگەڵ خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون لە پارلەمانی كوردستان، لە پارلەمانی بەغداد فراكسیۆنی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چالاك دەمێنێتەوە و لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی جوڵانەوەكە كاردەكات كە چوارساڵی داهاتوو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە كێشەی پارە و دەستكەوت ئیمتیازاتی حیزبی و بنەماڵەییەوە بگۆڕێت بۆ كێشەی راستەقینە و دەستوری و هەوڵ بدرێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.
(درەو میدیا): هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێتو شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت. بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێتو دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا). دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان. (13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن. كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637,000,000) شەش سەدو سی و حەوت ملیۆن دینارە. كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4,821,600,000) چوار ملیار و هەشت سەد و بیست و یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار.
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە فۆرمی نوێو شێوازێكی جیاوازتر لە خولەكانی پێشوو بەڕێوەدەچێت، بەوپێیەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا رێژەی 45%ی كورسییەكان ( كورسییە گشتییەكان كە 100 كورسییە) بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیەو بەم رێژەیە پارتی بەئاسانی دەتوانێت هەموو ئەو پرۆژە یاسایانە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت. نیساب لای پارتییە! لە نیوەی دووەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا (خولی ئێستا كە چەند رۆژی داهاتوو كۆتایی دێت)، پارتی رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كردو بۆ ماوی نزیكەی دوو ساڵ پەرلەمانی پەكخست، ئەمە دەكرێت وەكو هەنگاوێكی پارتی تەماشابكرێت بەئاڕاستەی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی پەرلەمان، لە خولی پێنجەمدا پارتی بە ژمارەی كورسی پەرلەمان كۆنترۆڵ دەكاتو بەو زۆرینەیەی كە دەستەبەری كردووە، بەبێ داخستنی دەرگاكە، پەرلەمان دەخاتە ژێر هەژمونی خۆیەوە. پارتی لە پەرلەمانی نوێدا بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە كە دەكاتە رێژەی 45%ی كۆی كورسییە گشتییەكان، سەرباری ئەمە لە (11) كورسییەكەی كۆتای كەمینەكان، (9) ئەندامیان بۆ پشتیوانیكردن لە پارتیو پرۆژەكانی یەكلابونەتەوە، ئەمە جگە (2) كورسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانو حزبی شیوعی كە دەكرێت پارتی لەكاتی پێویستدا رایانبكێشێتە بەرەكەی خۆیەوە، بە كۆكردنەوەی ئەم كورسییانە پێكەوە، پارتی لە خولی نوێی پەرلەماندا دەتوانێت بەئاسانی بۆ هەموو دانیشتنێك نیسابی یاسایی تەواوبكات كە (56) كورسییەو هیچ پێویستییەكی بە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) نییە كە ئەم لایەنانە پێكەوە (53) كورسییان هەیە لە پەرلەمانی نوێدا. لایەنەكانی تر چی دەكەن؟ لە نیوەی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشتر كۆنترۆڵی تەواوەتی پەرلەمانیان لەدەستدابوو، پۆستەكانی (سەرۆكی پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمان، سەرۆكی دیوان و دەیان بەرپرسو راوێژكارو بەرپرسی بەشەكان) بەدەست نەیارە سیاسییەكانی ئەوكاتی پارتییەوە بوو، ئەمە وایكردبوو یەكێتی نیشتیمانیش زۆرجار بەلای ئەم بەرەیەدا بشكێتەوە، ئەمەش بە روونی لە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەركەوتو پارتی لە بوارەكەدا بەتەنیا مایەوەو بەناچاری پەنای برد بۆ رێگریكردن پەكخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ. لە پەرلەمانی نوێدا دۆخەكە زۆر گۆڕاوە، ئەو هێزانە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) بونەتە كەمینەو تەنانەت بۆ كۆبونەوەو یەكدەنگیشیان ناتوانن جارێكی تر پارتی بخەنەوە دۆخی رۆژانی گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. لە خولی چوارەمدا ئەو سێ لایەنە پێكەوە (40) كورسییان هەبوو، بەڵام لە خولی نوێدا بە هەرسێكیانەوە (24) كورسییان هەیە، واتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە بەبەراورد بە خولی چوارەم (16) كورسی كەمیكردووە. خۆ ئەگەر جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)ش بچێتە پاڵ بەرەی سێ لایەنەكە ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە دەبێت بە (32) كورسیو هێشتا ناگاتەوە بۆ (40) كورسییەكەی جاران. ئەمە لەكاتێكدایە لەپاڵ دابەزینی ژمارەی كورسییەكانیان، پێشبینی ناكرێت ئەم چوار لایەنە (گۆڕان- نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی) بتوانن لە پەرلەمانی نوێدا پێكەوە كاری هاوبەش بكەنو فراكسیۆنێكی تۆكمە دروستبكەن، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لەم خولەدا پەرلەمانتارانی ئەو چوارلایەنە دابەش ببن بەسەر كەمپی پارتیو یەكێتیدا، بەتایبەتیش ئەگەر هەندێك لەم حزبانە بەشداری لە كابینەی حكومەتدا بكەن. ئەوەی تائێستا دەبینرێت (یەكگرتووی ئیسلامیو جوڵانەوەی نەوەی نوێ) یەكلابونەتەوە كە بەشداری حكومەت ناكەن، بەڵام ئارەزویەك بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت دەبینرێت لەلایەن هەریەكە لە (بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە، لە حاڵی بەشداربونی هەریەكێك لەم دوو لەلایەنە لە حكومەت، درزێك دەكەوێتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی جارانەوە، چونكە بەشداریكردن لە حكومەت بە چەندین مەرجی پارتییەوە بەستراوەتەوە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. دۆخی یەكێتی چۆن دەبێت؟ ئەگەرچی بەبەراورد بە خولی چوارەم، لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی نیشتمانی لە (18) كورسییەوە بۆ (21) كورسی زیادیكردووە، بەڵام بەم زیادكردنەش هێشتا یەكێتی نەگەیشتوەتە رێژەی نیوەی كورسییەكانی پارتی. پارتی جیاواز لەگەڵ هێزەكانی تر مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، ئەمەش بەهۆی پێگەی یەكێتیو ئەو زۆنەی كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە، لەڕووی كردارییەوە هەرگیز پارتی ناتوانێت بەبێ یەكێتی كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام یەكێتیش ناتوانێت بەبێ رەزامەندیو ئاگاداری پارتی هیچ پرۆژەیاسایەك لە پەرلەمانو حكومەت تێپەڕێنێت، پێناچێت جارێكی تر یەكێتی بتوانێت هاوسەنگی هێز بپارێزێتو سەنگی خۆی لە حكومەتو پرۆسەی سیاسی هەرێمدا دەستبكەوێتەوە. دابەشكردنی كێكەكە بەشێك لە بەرپرسانی پارتی لەبەرامبەر سەركێشییەكەی یەكێتی دژ بە پارتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێن" پارتی بەقەد قەبارەی كورسییەكانی، پشك لە حكومەتو پەرلەمانی نوێی هەرێم بە یەكێتی دەدات"، هەندێكی تریان دەڵێن " سەرۆكی حكومەتو پەرلەمان بۆ پارتی دەبێتو هەر هێزێكیش دەیەوێت بەشدار بێت ئەتوانێت جێگرەكانی ئەو دوو پۆستە وەربگرێت"، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا پارتی مل بۆ ئەوە بدات یەكێك لە پۆستەكان (سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی پەرلەمان) بە یەكێتی بدات، چونكە یەكێتی پێیوایە ئەوكات سێ پۆستی سەرەكی لە كوردستان لەدەستی پارتیدا دەبێت (سەرۆكایەتی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمان)، هاوكات سەرۆكایەتی هەرێمیش هەر لەدەستی پارتیدا دەمێنێتەوە، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەجۆرێك دابەشكراون زۆربەی دراوە بە سەرۆك وەزیرانو خۆ ئەگەر پارتی لە خولی نوێدا سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ببات، ئەوا بەو بەشەی تری دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەبات كە بەپێی یاسا دراوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان. (درەو میدیا) پێشبینی دەكات لە كۆتایدا سیناریۆی نزیك بۆ دابەشكردننی پۆستەكان بەمشێوەیە بێت: * پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی * پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكێتی * پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی * پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی بۆ گۆڕان (ئەگەر گۆڕان بەشداری لە حكومەت بكات) * پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی * پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كەمینەكان (مەسیحیەكان) بەپێی ئەم دابەشكارییە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان لە پەرلەمانی نوێدا نابێتو لە هەموو حاڵەتێكدا پێناچێت هیچ پۆستێكیان لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دەستبكەوێت. پارتی چی دەوێت لە پەرلەمانی نوێ؟ پێدەچێت پارتی پلانو ئەجێندای وردی هەبێت بۆ خولی نوێی پەرلەمان، گرنگترین بابەت بۆ پارتی لە پەرلەمانی نوێدا ئامادەكردنی دەستورێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە تێیدا چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانی كرابێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە خولی چوارەمدا بەیاسایەك چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم رادەستی خولی پێنجەم كرا. بەتێپەراندنی دەستوری هەرێمی كوردستان پارتی بەو زۆرینەیەی كە لەناو پەرلەمانی نوێدا هەیەتی، دەتوانێت زامنی (8) سەرۆكایەتی تر بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەی بكات، چونكە ئەستەمە لایەنەكانی تر بتوانن لە دەستوردا لەبارەی ئەو بڕگەیەوە كە تایبەتە بە كانددیدی سەرۆكی هەرێم (اپر رجعی) دابنێنو بەوە رێگری لە گەڕانەوەی بارزانی بكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمو ئەو ساڵانەی لەسەر ئەژمار بكەن كە پێشتر سەرۆك بووە، بەوپێیەش بە تێپەراندنی دەستور، ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سفر دەكرێتەوە. یەكێكی تر لە ئەجێنداكانی پارتی بۆ خولی نوێی پەرلەمان، پارێزگاریكردنە لە دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆكی حكومەتدا كە (نێچیرڤان بارزانی)یە، لەمەش زیاتر رەنگە پارتی كۆتایی بەو لامەركەزیەتە كەمەش بهێنێت كە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیانە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانیش بەشێوەیەك لێبكات كە لەبەرامبەر حكومەتدا هیچ سەنگو بەهایەكی ئەوتۆی نەمێنێت. دواین كارتی پارتی دواین كارت كە پارتی لە پەرلەمانی نوێدا لە دەستی نەیارە سیاسییەكانی جارانی خۆی سەندوەتەوە، شەڕە قسەو فەرتەنەی ناو هۆڵی پەرلەمانەو نیشاندانی تواناو هێزە لەبەردەم میدیاكاندا، پارتی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ژمارەیەك لەو كاندیدانەی خۆی سەرخستووە كە میدیاكارن یاخود ئەو كادیرانەی حزبن كە لە میدیاكانەوە بە زمانی توندو گفتوگۆی شەڕئامێز بەرگری لە حزبەكەیان دەكەن. ئەگەر لە خولی چوارەمدا ئەم رۆڵە میدیاییە كە زیاتر لە شۆكردنێك ئەچێت بۆ راكێشانی سەرەنجی شەقام لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بوبێت، لە خولی نوێی پەرلەماندا نوێنەرەكانی پارتی دەبن بە سوارچاكی گۆڕەپانی شەڕەكانی ناو پەرلەمان. هەموو ئەم خوێندنەوانە بۆ دۆخی پەرلەمانی نوێی كوردستان وا دەكات، خولی پێنجەم ببێت بە "بەهەشتی" پارتییەكانو سێبەری كارەكانی ئەم خولەی پەرلەمان تا چەندین ساڵی داهاتوو بەسەر هەرێمی كوردستانەوە بمێنێتەوە.
(درەو میدیا): بەپێی دواین ریزبەندی، پاسپۆرتی عێراقی لەڕووی خراپییەوە لە پلەی پێش كۆتایی وڵاتانی جیهاندایە. سایتی "پاسپۆرت ئیندێكس" ریزبەندییەكی نوێی پاسپۆرتی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوكردەوە، بەپێی ئەو ریزبەندییە پاسپۆرتی عێراق لە كۆتایی لیستەكەدایەو تەنیا لە پێش پاسپۆرتی ئەفغانییەوە. هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانێت بۆ (7) وڵات گەشت بكاتو لەبەرامبەردا (164) وڵات رێگەنادەن هاوڵاتیانی عێراقی بەبێ ڤیزای پێشوەخت گەشت بۆ وڵاتەكانیان بكەن. لەبەرامبەردا سەنگاپورە خاوەنی باشترین پاسپۆرتە لەسەر ئاستی جیهانەو لەگەڵ ئەڵمانیا لەیەك پلەدان، لەدوای ئەوانیش دانیماركو سوید دێت.
( درەو میدیا): هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت، هاوپەیمانییەكەیان موڵكی هاودیدانیانە نەك هیچ كەس و گروپێك تا چارەنوسی یەكلابكەنەوە. هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لەڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "درەومیدیا" نێردراوە ڕایدەگەیەنێت، چەند ڕۆژێكە لە میدیاكانەوە بە مەبەست و ئامانجی شەخسی و سیاسی باس لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەكرێت، لە كاتێكدا هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری پرۆژەیەكی سیاسی مەدەنیە و خاوەنداریەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هاودیدانی هاوپەیمانی و موڵكی هیچ كەسێك یان كەسیاتی و گروپێك نیە تا بتوانن تاكلایەنە بڕیار لە چارەنوسی بدەن. ڕوونکردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی چەند ڕۆژێکە لە میدیاکانەوە بە مەبەست و ئامانجی شەخسی و سیاسی باس لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەکرێت، لە کاتێکدا هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری پرۆژەیەکی سیاسی مەدەنیە و خاوەنداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاودیدانی هاوپەیمانی و موڵکی هیچ کەسێك یان کەسیاتی و گروپێك نیە تا بتوانن تاكلایەنە بڕیار لە چارەنوسی بدەن. ئەو هەواڵانەش باس لە هەڵوەشانەوەی دەکەن ڕای شەخسین نەك هاوپەیمانی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی کە لە مادەی (بیست وپێنج) دا بەڕوونی لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێ کردوە و دەڵێ ( هاوپەیمانی دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی کۆنگرەی گشتی) بۆیە هەر دەنگۆیەك لەو بارەیەوە ڕاو بۆچونی شەخسیە و ئەو هاودیدانەی بڕیاری بەردەوامیان داوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنوسی هاوپەیمانیەکەیان بدەن نەك هیچ کەسێکی تر. هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری ٣١/١٠/٢٠١٨
راپۆرتی: ئارام مەحمود لەهەفتەی یەكەمی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتەكەیدا، كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە بەرۆكی (عادل عەبدولمەهدی) دەگرن، لەگەڵ ئەوەی لەدواین دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لەكۆی (22) وەزارەت تەنها (14) كاندیدی بۆ تێپەڕندرا، پێش یەكلاكردنەوەی چارەنوسی (8) وەزارەتی تری كابینەكەی كە ئەوانیش ناكۆكییەكی قوڵیان لەسەرە، تادێت دەنگی ڕەخنە و ناڕەزایی لەسەر بەشێك لەو وەزیرانەشی كە متمانەیان پێدراوە بەرزترو زیاتر دەبن، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكیان تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەیان دەدرێتەپاڵ كە ڕێوشوێنەكانی (لێپرسینەوەو دادپەروەری) دەیانگرێتەوە، لەگەڵ كۆمەڵێك تۆمەتی تر كە ئاڕاستەیان دەكرێت"ئەوەش سەرەتایەكی دڵخۆشكەر نیە بۆ حكومەتێك كە شەقام چاوەڕوانیی و هیوای گەوری پیادا هەڵواسیوە" وەك هەندێك لە ئاگایانی دۆخى عێراق دەڵێن. كێشەی وەزارەتە پڕنەكراوەكان كێشەو بێبەختی (عەبدلمەهدی) تەنها لەو چەند وەزیرەدا كورتنەبووەتەوە كە تۆمەتیان ئاڕاستەدەكرێت، بەڵكو ژمارەیەك لەناوی ئەو كاندیدانەشی كە بۆ (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكە پێداگریان لەسەر دەكات، حاڵَیان لەو چەند وەزیرە باشتر نیە كە متمانەیان وەرگرتووەو تۆمەتیان ئاڕاستەدەكرێت، بەوهۆیەشەوە ململانێیەكی توند هاتوەتەئاراوەو پێناچێت لە دانیشتنی ڕۆژی 6ی مانگی داهاتوودا كە بڕیارە سەرۆك وەزیران جارێكی تر ناوەكانیان پێشكەشی پەرلەمان بكات، هەروا بەئاسانی متمانەیان پێبدرێت. بەپێی دواین زانیارییەكان، تائێستا گفتوگۆكانی عەبدلمەهدی لەگەڵ كوتلە سیاسیيە جیاوازەكان هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە سەربازگەكەی (نوری مالیكی-هادی عامری)یە، پێداگری لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆو، سەدرییەكانیش ڕەتیدەكەنەوە، هاوكات (ئەسما سالم)یش، كە خوشكی (ریان كلدانی) سەركردەی گروپی چەكداری (بابلیون)ە، سەدرییەكان و سوننەكان بەتوندی ڕەتیدەكەنەوە وەزارەتی داد وەربگرێت، بەپاساوی ئەوەی "تەمەنێكی كەمی هەیەو ساڵی 2005 كۆلیژی یاسای تەواوكردووە، لەپێكهاتەی (كریستیان)یشە، لەكاتێكدا وەزارەتی داد پێویستی بە دادوەرێكی پسپۆڕو بەتەمەن هەیە، وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەو یاسایانەی وەزارەتی داد لێی بەرپرسیارە یاسای ئیسلامین". ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانیش كاندیدكردنی (حەسن ئەلروبێعی) كاندیدی كوتلەی (عەسائبی ئەهلی حەق) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەتدەكەنەوەو، دەڵێن لەگەڵ ئەوەی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە بەڵام بەشێك نیە لەناوەندی ڕۆشنبیری، وێڕای ئەوەی "كاندیدی گروپێكی چەكدارە، كە ئەوەش بۆخۆی جێگەی مشتومڕێكی زۆرەو كۆكردنەوەیان لەیەك سەبەتەدا كارێكی قورسە". سوننەكان ئەزمونی كورد دووبارە دەكەنەوە (وەزارەتی بەرگریی)، یەكێكی ترە لەو وەزارەتانەی كە لەناو سوننەكان ناكۆكی توندی لەسەرەو، ئەگەر تا 6ی مانگی داهاتوو ڕێككەوتن نەكرێت، یەكیك لە ئەگەرەكان ئەوەیە هەردوو كوتلەكە ( بونیاتنان)و (چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە) بەدوو كاندیدی جیا بچنە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كاندیدێكیان بۆ ئەو وەزارەتە، وەك ئەوەی (یەكیتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گرتیانەبەر. (ئەحمەد جەربا) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی) بەڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی ڕاگەیاندووە"سوننەكان دوو كاندیدیان هەیە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەوانیش (هیشام ئەلدەراجی) كاندیدی هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی)و (فەیسەڵ جەربا)یە كە سەرۆك وەزیران دەیەوێت وەك كاندیدی (ئیئیتلافی وەتەنیە)ی ئەیاد عەلاوی و هەندێك هێزی تری سوننە كە دیارترینیان (ساڵح موتڵەگ)ە، پێشنیازی بكات. ڕونیشكردوەتەوە، "تائێستا ئەو ناكۆكییە لەناو كوتلە سونییەكان یەكلانەكراوەتەوە.. كێشەكە ئەوەیە عەبدولمەهدی بەنیازە وەك ئەوەی چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ڕایگەیاند، هەمان ئەو ناوانە پێشكەش بە پەرلەمان بكات كە ناكۆكی لەسەر هەندێكیان هەیە". هاوپەیمانی فەتح هەڕەشە دەكات هەر لەو چوارچێوەیەدا، (عەبدولەمیر ئەلدبی) سەركردە لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندو" لەدانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا كاندیدی ئەو وەزارەتانە متمانەیان پێدەدرێت كە لەدانیشتنی پێشوودا پەسەند نەكران"، تەئكیدیشی كرد"هاوپەیمانێتیيەكەی ڕێگە بەدەستوەردانی كوتلەی (سائیرون و حیكمە) نادات بەربەست بۆ تێپەڕاندنی (8) وەزارەتەكە دروستبكەن" هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدی وەزارەتەكانیشی بۆ كێشەی شەخسی هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری گێڕاوەتەوە، بەوپێیەی پێشتر سەربە ڕەوتی سەدر بوون".
( درەو میدیا): لە بڕیارێكدا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد ، لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی دادوەریدا نووسراوە: "دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی رۆژی 30/10/2018 بە سەرۆكایەتی، جێگری سەرۆك، دادوەر عەلی عەوڵا ئەحمەد و ئەندامێتی جێگری سەرۆك، دادوەر عەبدوڵڵا عەلی ئەحمەد شەرەفانی و دادوەر محەمەد مستەفا مەحمود، بەناوی گەلەوە ئەم بڕیارەیان دەركردووە". هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتووە: "پاش وردبینی سەرجەم تانەكانی سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 30/9/2018، كە لەلایەن هێز و كیانە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنەكە پێشكەشكرابوو، دادگا وردبینی لە ناوی سەركەوتووەكان و ئەو سكاڵایانە كرد كە لەسەریان هەبوو، دەستەی دادوەری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەسەند كرد لەسەر ئاستی كیانەكان و كاندیدەكان كە لە سێ رۆژنامەی ناوخۆیی، لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راگەیاندنی كۆمسیۆن بڵاوكرابوونەوەو دەستەی دادوەری بە رێككەوتن لە 30/10/2018 پەسەندی كرد" كاتژمێر 12ی ئەمشەو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد كە 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە ( 119117 ) هەزار دەنگ پووچەڵكرانەوە، كە لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكە و هەولێر 59 بنكە پووچەڵكراونەتەوە. دەنگ و كورسی لایەنەكان بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی - لیستی میللەت: 1 كورسی - بەرەی توركمانی: 1 كورسی - لیستی رافیدەین: 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی هاوكات دەنگی بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەم شێوەیە بووە:. * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەكانی پارتی: 1. هێمن هەورامی: 47،436 2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەركی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940 10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312 11. حیكمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972 12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان كەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366 16. رێبوار بابكەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسكەندەر مەم ئەسكەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426 23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوكری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەكەدین كاكەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی: 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097 3. رێواس فایەق ، 5،982 4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783 8. عوسمان كەریم 3،765 9. سەركۆ ئازاد 3،560 10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721 14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. كاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیكرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی گۆڕان: 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. شایان عەسكەری 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ: 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. كازم فارووق، 2،207 3. كاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393 5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی كۆمەڵ: 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان كانی كوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوكریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی بەرەو ئیسڵاح: 1. د. شێركۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەكر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم: 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی: 1. محێدین حەسەن، 1،222 كۆتاكان: ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمك 815 - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسی ئازاد ئەكرەم، 346 - بەرەی توركمانی: 1 كورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 كورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی كلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی فاهیك كەمال، 615 دەنگ
( درەو میدیا): كاندیدی راستڕەو "جایر پۆڵسۆنارو" لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرازیلدا كە یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا پۆڵسۆنارو توانی 55.7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و سەربكەوێت بەسەر كاندیدی چەپ فرناندۆ حەداد كە 43.3%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەوەش بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی كە دادگای باڵای هەڵبژاردنی بەرازیل رایگەیاند دوای جیاكردنەوەی بەشێكی زۆری دەنگەكان. خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرازیلیدا كە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بە پێشكەوتنی پۆڵسۆنارو كۆتاییهات كە لەم ماوەیی دواییدا بە چەقۆ هێرشیكرایە سەر، بەڵام لە مردن رزگاری بوو. پۆڵسۆنارو بەهۆی لێدوانەكانییەوە دژی هاوڕەگەزبازەكان و چەند هەڵوێستێكی شۆڤێنی، بەشێكی زۆر لە بەرازیلییەكانی نیگەران كردن بەڵام چەندین ملیۆن لە لایەنگر و هەوادارانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە كەسێكی فریادڕەسی دەزانن بۆ وڵاتێك كە بەهۆی بەربڵاوی تاوانەوە دەناڵێنێت و بەشێكی زۆر لە لایەنگرانی نازناوی " ترەمپی بەرازیل" یان پێبەخشیوە، كەواتە جایر پۆڵسۆنارو كێیە؟ بیروڕای شۆڤێنیی پۆڵسۆنارو ساڵی 2011 لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " پلای بۆی" وتی:" بەباشتری دەزانێت كوڕەكەی بە رووداوێك بمرێت نەك هاوڕەگەزبازبێت". هەروەها ساڵی 2015 لەلایەن دادگاوە غەرامەكرا بەهۆی توانجێكییەوە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لە خاتوو ماریا دور رۆزاریۆ ئەندامی كۆنگرێس و تێیدا وتبووی:" ئەو زۆر ناشرینە و شایستەی ئەوە نییە دەستدرێژی سێكسی بكرێتەسەر". هەروەها بەهۆی لێدوانی شۆڤێیینەوە بەرامبەر بەرازیلییە بە رەگەز ئەفریقییەكان رووبەڕووی لێكۆڵینەوە بووە، بەڵام لەم دواییەدا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا شێوی قسەكردنی گۆڕانی بەسەردا هات و بووە كەسێكی زیاتر كراوەو لێبوردە و لە لێدوانێكیدا وتی:" هەموو چینەكانی گەل لە سپی و ڕەش و هاوڕەگەزبازەكان یەكدەخەین، بەرپرسان و كرێكاران یەكدەخەین و تۆوی ناكۆكی لە نێوانیاندا ناچێنین". حزبێكی لاواز پێش هەڵبژاردن ئەندامێكی كۆنگرێسی بەرازیل رایگەیاند جایر پۆڵسۆنارو دەبێتە نوێنەری پارتی سۆسیال لیبراڵ " PSl" كە وەك حزبێكی بێ سەنگ لە گۆڕەپانی سیاسیی بەرازیلدا تەماشادەكرێت و ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە كاتی پێویستی بۆ بانگەشە نابێت لەسەر تەلەفزیۆن و كاتەكەی كەمتر دەبێت لە 10 چركە و ئەوەس چانسی لە پێشبڕكێیی هەڵبژاردندا كەمدەكاتەوە، بەڵام پۆڵسۆنارو وتاری بۆ لایەنگرانی داو وتی:" حزبێكی گەورەمان نیە، و پارەشمان بۆ بانگەشە نییە، و كاتی پێویستیشمان لە تەلەفزیۆن نییە و ئەوەی ئەوانی تر هەیانە ئێمە نیمانە، بەڵام ئێوەمان هەیە گەلی بەرازیل". هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، جایر پۆڵسۆنارو لە وتارەكانیدا بەڵینیدا بە گۆڕینی دۆخی وڵات و بەهێزكردنی حكومەتەكەی بە ئەفسەرانی سەربازیی و دەرچوونی بەرازیل لە پەیماننامەی پاریسی تایبەت بە كەشوهەوا. خێزانەكەی جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1955 لەدایكبووە و سێجار هاوسەرگیری كردووە و پێنج منداڵی هەیە و ئێستا لەگەڵ هاوسەری سێیەمی میشیل دی پاولا پۆڵسۆنارو دەژی كە دایكی كچە تاقانەكەی لۆرایە. كاتێك جایر پۆڵسۆنارو، ئەندامی كۆنگرێسی بەرازیل بوو، میشێلی هاوسەری كە بە سكرتێری دەستیپێكردبووە بە خێرایی لە وەزیفەكەیدا بەرزبووە و مووچەكەی بە شێوەی نایاسایی دووهێند بوو، بەو هۆیەشەوە دادگای باڵای بەرازیل رایگەیاند ئەگەر میشێل بخوازێت بەردەوام بێت لە كارەكەی دەبێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوە چونكە ئەوە بە مەحسوبیەت دادەنرێت، بەڵام پۆڵسۆنارو رەتیكردەوە و ئێستا بەیەكەوە لە گەڕەكی دەوڵەمەندەكانی شاری ریۆ دی جانیرۆ دەژین. شەڕەنگێزی جایر پۆڵسۆنارو دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی چوەتە ئەكادیمیای " میلیتار داس ئەگۆڵهاس نیگراس" كە ئەكادیمیایەكی سەربازی سەرەكییە لە بەرازیل و ساڵی 1977 تەواویكرد و ئەفسەرانی لێپرسراویشی بە كەسێكی شەڕەنگێز وەسفیانكردووە كاتێك لە یەكەی پەڕەشووتوانانی سوپادا خزمەتی كردووە. جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1986 دوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ گۆڤاری " ڤیجا"ی هەواڵی بەناوبانگ بوون كە تێیدا سكاڵایكرد لەسەر كەمبوونەوەی موچەی سوپا و ئەوەی راگەیاندد كە فەرماندەیی باڵای سوپا ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرانی دوورخستوەتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی بودجە نەك بەهۆی " لادان لە رێساكان" وەك فەرماندەیی بانگەشەی بۆ دەكرد. دوای ئەو چاوپێكەوتنە ناوی پۆڵسۆنارو درەوشایەوە بووە مایەی سەڕسوڕمانی ئەو كەسایەتییە سەربازییانەی كە هەڵگری بیری راستڕەوی توندڕەوبوون و هەستیان بە نائومێدی دەكرد لە حكومەتی مەدەنی دیموكراتی بەرازیل و پۆڵسۆناروش دوای 17 ساڵ و كاتێك لە پلەی نەقیبدا بوو سوپای بەجێهێشت. ژیانی سیاسی جایر پۆڵسۆنارو ساڵی 1988 چووە ناو بواری سیاسەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئەندامی ئەنجومەنی شاری ریۆ دی جانیرۆ لەسەر لیستی حزبی دیموكرات مەسیحی، ساڵی 1990 لە هەڵبژاردندا سەركەوت و لەسەر لیستی هەمان حزبە بووە ئەندامی كۆنگرێسی فیدراڵی بەرازیل و ساڵی 2014 زۆرترین دەنگی ریۆ دی جانیرۆی بەدەستهێنا. جایر پۆڵسۆنارو لەماوەی 25 ساڵ كاركردنیدا لە كۆنگرێسی بەرازیل 173 پرۆژە بڕیاری پێشكەشكرددووە و یەك یاساشی هەمواركردووە، بەڵام لە سەرجەم هەوڵەكانیدا بۆ گۆڕینی یاساكان و بەدیهێنانی پێشنیارەكانی شكستیهێناوە.