درەو میدیا: نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت" تاك بەتاكی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە،،"ئەسڵەن " حكومەتی هەرێم لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییانەیە " دەشڵێت"ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئێران زیاتر نەبێت كەمتر نیە" نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" پەیامەكانی ئێران بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەرچی زووە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بووە لەم ڕوەوە لەبابەتی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەكەم لەپارتیەوە دەستی پێكردووە بۆ پەیوەندی كردن بەڵام نە هی پارتی كەمترە لە یەكێتی نە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، " بەداخەوە هەمیشە " فۆكس-ەكە" لەسەر یەكێتیە ئەگەرنا ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەكێتی و ئێران زیاتر نەبێت كەمتر نیە، هەروەها لەگەڵ گۆڕاندا وەهەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێت" هەردوولایان (كۆماری ئیسلامی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق) هەوڵدەدەن پەیوەندییان لەگەڵ یەكتر هەبێت، ئەگەر یەكێتی، یا پارتی، زەحمەتكێشان،گۆڕان، یا هەركام لەو لایەنانەی كەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان؟" سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا نازم دەباغ " من پێم وانیە ئێران ڕاستەوخۆ دەستی وەردابێتە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەڵام وەك وڵاتێكی دراوسێ پێی خۆشە سەقامگیری لەهەرێم و عیراق هەبێت وە تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا هەبێت، بۆیە ناڕاستەوخۆ پەیامەكانی ئەوەی تێدایە هەرچی زوترە ئارامی و ڕێككەوتن دروست بێت لەقازانجی هەموو لایەكدایە ڕاستەوخۆ نەبووە بەڵام پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان خوێندنەوەی من ئەوەبووە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووە." هەروەها وتی" لەبابەتی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەكەم لەپارتیەوە دەستی پێكردووە بۆ پەیوەندی كردن بەڵام نە هی پارتی كەمترە لە یەكێتی نە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، وەهەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران." سەبارەت بەوەی ئەو لایەنە سیاسیانەی هەرێم خۆیان هەوڵی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ ئێران یا ئێران خۆی هەوڵدەدات پەیوەمدی بەو لایەنانەوە بكات؟ نازم دەباغ وتی" هەردوولایان هەوڵدەدەن، ئەگەر یەكێتی، یا پارتی،زەحمەتكێشان،گۆڕان، یا هەركام لەو لایەنانەی كەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان." كە ئایا لەدەرەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق بەجیا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە؟ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران وتی" نەك لەدەرەوە "ئەسڵەن " حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، واتە لایەنە سیاسیەكان پەیوەندی "ئەساس-ین" لەناو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان."
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان دواجار بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل بوو، بەبێ ئەوەی هیچ یەكێك لە مەرجەكانی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، عەلی حەمەساڵح لێدوانی لێ قەدەغەكراو ئەندامێكی جڤاتیش باسی "راوێژكاری چینی" دەكات. ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو ئەو حزبەدا. دانیشتنەكەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بوو بە دوو تەوەری سەرەكی: تەوەری یەكەم: پرسی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. تەوەری دووەم: دانانی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتدا. دوو كۆبونەوەی نهێنی ! دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو، دوور لە چاوی كامیراكان، وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان دووجار كۆبونەوەیان كردووە. شۆڕش حاجی وردەكاری ناوەڕۆكی ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەی باسنەكرد، بەڵام ئاماژەی بەوەكرد، كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنای ئەو دوو كۆبونەوە نهێنییەدا بووە كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوون. جڤات بڕیاریدا ! سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا بەزۆرینەی دەنگ جڤات رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. (درەو میدیا) زانیویەتی، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتیو (80)ی پارتی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان چەند پێشنیازێكی خستە بەردەم پارتی وەكو مەرج بۆ قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پێشنیازەكانی پێشووی گۆڕان ئەمانە بوون: • وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەكێك لەو دوو پۆستە گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت. • دەستەیەكی تر بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، لەم حاڵەتەدا بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێتو قایل دەبێت بەوەی جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم لای یەكێتی بێت. • پۆستی "یاریدەدەر"ی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە پۆستی "جێگر"ی سەرۆكی حكومەت، واتە هاوشێوەی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو جێگری هەبێتو لە هەردوو پۆستەكەدا گۆڕانو یەكێتی هەریەكەیان جێگرێكیان هەبێت. پێدەچێت پارتی هیچ یەكێك لەم پێشنیازانەی گۆڕانی پەسەند نەكردبێت، بۆیە گۆڕان ئەم مەرجە نوێیەی خستوەتەڕوو، واتە مەرجی یەكخستنی هێزەكانی (70)و (80)، لەكاتێكدا دەزانێت ئێستا هەوڵێكی ناوخۆییو دەرەكی هەیە بۆ یەكخستی هێزەكانی پێشمەرگە، رەنگە گۆڕان لەڕێگەی دەستبردن بۆ ئەم بابەتە وەكو مەرج بۆ زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بیەوێت لەداهاتوودا دەستكەوتی یەكخستنی هێزەكان بكات بە هی خۆی. بەپێی یاسا تا ئەم ساتە، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیەو پارتی دەیەوێت لە هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگرێكی تر زیادبكات، بەتایبەتی دوای رەزامەندی بزوتنەوەی گۆڕان. پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لای گۆڕان بێت، دواتر لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كرد جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێتو بە یەكێتی بدرێت. گۆڕان لەسەرەتاوە ناڕازی بوو لە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چونكە پێیوابوو جێگری سەرۆكی هەرێم یەك دەسەڵاتی گرنگی هەیە كە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر جێگرێك لە سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی زیادبكرێت، ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە لای یەكێتیو جێگرەكەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت. لیژنەی كاندیدەكان بەمدواییە لیژنەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو، لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا. ئەندامانی لیژنەكە لە سەرەتاوە بریتی بوون لەم كەسانە: • سەفین مەلاقەرە • مستەفا سەلیم • محەمەد شوانی • چۆمان عەلی • دەرباز محەمەد • شێخ كامیل پێنجوێنی • ئاكۆ وەهبی • سنور قادر كۆكۆیی • لیوا جەلال (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، گۆڕانكاری لە لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان كراوەو گۆڕانكارییەكانیش ئەمانەن: • زیادكردنی (4) ئەندامی نوێ بۆ لیژنەكە، زیادكراوەكان بریتین لە (بایەزید حەسەن، هێمن شێخانی، ئاسۆ رەحیم، فوئاد جەمال)، پێشنیازكراوە (عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە)ش لە لیژنەكەدا بێت. • لابردنی نوێنەری ژوری یاسایی بزوتنەوەكە لەناو لیژنەكەدا (چۆمان عەلی)، بەهانەی لابردنی ئەم نوێنەرە لە لیژنەكە ئەوە بووە" ژوری یاسایی بزوتنەوەكە خۆی تەماشای تانەو پەڵپی كاندیدەكان دەكاتو نابێت خۆی نوێنەر بێت لە لیژنەكەدا". • لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا مشتومڕو ناڕەزایەتی لەسەر هەندێك ناو هەبوو لە لیژنەكەدا، لەوانە ناوی هەریەكە لە (دەرباز محەمەد)و (سنور قادر كۆكۆیی)، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەگەیشتە ئاستی ئەوەی ئەو دوو كەسە لە لیژنەكە دوربخرێنەوە. كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەكات ؟ بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا رێككەوتنی لەسەر كراوە، لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، دەبێت بۆ هەر پۆستێك كە لە حكومەت بەر گۆڕان كەوتووە ناوی (5) كاندید بخاتەبەردەم جڤاتی نیشتمانی، تاوەكو جڤات بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان پەسەند بكات. لێدوانی لێ قەدەغە دەكرێت ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیدا، رێكخەری گشتیو بەشێك لە ئەندامانی جڤات ناڕازیبوونی خۆیان لە لێدوانە زۆرەكانی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەیانو ئەندامی جڤات، بۆ میدیاكان دەربڕیوە. لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەكاندا، عەلی حەمەساڵح وتویەتی" من بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی گۆڕان قسە بۆ میدیاكان دەكەم، بەڵام چیتر بەرگری ناكەم"، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وتووە" تا شەش مانگی تر نابێت هیچ قسەیەك بكەیت". راوێژكارێكی چینی ! هەر لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، یەكێك لە ئەندامانی جڤات رەخنەی لە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكەی گرتووەو وتویەتی" رێكخەری گشتی راوێژكاری هەیە زانیاری ناڕاستی پێدەدات، ئەو راوێژكارە چینییەو ئەگەر پۆستی پێنەدرێت واز لە گۆڕان دەهێنێت"، لە زمانی میللی كوردیدا دەستەواژەی "چینی" بۆ كەلوپەلێك بەكاردەهێنرێت كە كوالیتییەكەی خراپ بێت.
( درەو میدیا): زیاتر لە 270 كارمەندی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئیندۆنیزیا گیانیان لەدەستدا، و بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هۆكارەكەی بۆ ماندوبوونی زۆریان دەگەڕێتەوە بەهۆی جیاكردنەوەی چەندین ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانی و شارەوانیی كە 17ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو. عارف بریۆ سۆسانتۆ، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئیندۆنیزیا رایگەیاند 272 كارمەندی كۆمسیۆن بەهۆی زیادڕەویی لەكاركردن مردونو 1878 كارمەندی تریش لەبەر هەمان هۆكار باری تەندروستییان تێكچووە. بەرپرسانی ئیندۆنیزیا بۆ كەمكردنەوەی خەرجی بڕیاریاندا هەر سێ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانیو شارەوانییەكان بەیەكەوە بەڕێوەبچێتو لەو هەڵبژاردنەشدا 80%ی 193 ملیۆن دەنگدەر بەشداری دەنگدانیان كردو هەر دەنگدەرێكیش پێویست بوو لەسەری كە پێنج كارتی دەنگدان بەكاربهێنێت لە زیاتر لە 800 هەزار بنكەی دەنگدان لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا. سێ هەڵبژاردنەكەی ئیندۆنیزیا هەشت كاتژمێری خایاندو پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش كە بەدەست ئەنجامدەدرێت بڕیارە 22ی مانگی داهاتوو ئەنجامی پرۆسەكە رابگەیەندرێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف جارێكی تر دەنگۆی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروستبووەتەوە، بەشێكی ئەم دەنگۆ نوێیە، پەیوەندی بە فشاری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە. پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر كۆنترۆڵی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا بێتو بەشێكی تری دەنگۆكەش پەیوەندی بە فشاری نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئێستا هەوڵێكی (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) لەئارادایە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەكەوە دەیەوێت كۆدەنگی دروست بكات، بۆ یەكخستنەوەی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگە، بەڵام پێناچێت ئەو هەنگاوەی پارتی بەئاسانی لای یەكێتی تێپەڕێت، چونكە یەكێتی پێیوایە پارتی بەم هەنگاوەی دەیەوێت هێزی پێشمەرگە لەدەستی ئەو دەربهێنێت. بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، دەیەوێت لەڕێگەی چاكسازیو پشتیوانی ماددیو لۆجستییەوە هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخات. پرۆژەكەی هاوپەیمانان ! لە شوباتی 2017ەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی راوێژكارانی سەربازی (بەریتانیا، ئەمەریكاو ئەڵمانیا) دەستیكردوە بە پرۆگرامی چاكسازییو رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، پرۆژەكە خۆی لە (35) خاڵدا دەبینێتەوەو ناوی لێنراوە "پێشمەرگە لە ئایندەدا". تائێستا (5) خاڵی پرۆژەكە جێبەجێكراون، كە ئەمانەن: • پرۆژەی ستراتیژی بەرگریی سەربازی • كارنامەی هێزی پێشمەرگە • بە ئەلیكترۆنیكردنی موچە • هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق • یاساو بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە هاوپەیمانان دەیانەوێت لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەنە هێزێكی نیزامیو بەتەواوی یەكیبخەنەوە، هەوڵەكانیشیان بەردەوامە. هەوڵەكانی یەكخستنەوە لەدوای دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 باس لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە دەكرێت، دوای جەولەكانی شەڕی ناوخۆو لە ساڵی 2005و پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەدرێت، بەڵام تا ئەمڕۆش هێزە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان بەسەر یەكەی (70ی یەكێتیو 80ی پارتی)دا دابەشبوون، پێشمەرگە ئابوونەی حیزبی دەدەنو كادری حیزبی كۆبوونەوەی سیاسییان پێدەكات. بەمدواییە دوو هەوڵی نوێ درا بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە: هەوڵی یەكەم/ پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی دژ بە "داعش"، پەرلەمانی كوردستان بە بریاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی (21) بڕیاری دەركرد. لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان". واتا بەپێی بڕیارەكە، دوا وادە 23/1/2015 بوو بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیو تائێستا پێشمەرگە یەكنەخراوە. لە شەڕی دژ بە "داعش"دا كە لە 2014 بۆ 2017 بەردەوام بوو، بەرەكانی جەنگ دابەشبوون بەسەر هێزەكانی یەكێتیو پارتیدا، لە خانەقین تا باشوری كەركوك لای هێزەكانی یەكێتیو لە رۆژئاوای كەركوك تا شەنگال لای هێزەكانی پارتی بوو، لەبری فەرماندەكانی پێشمەرگە، بەرپرسە حیزبییەكان دەكرانە فەرماندەی میحوەرەكان، لە سنوری یەكێتی (مەحمود سەنگاویو عەبدوڵا بۆرو وەستا رەسوڵ) بەرپرسی میحوەرەكان بوون، لە سنوری پارتیش (كەمال كەركوكیو سیروان بارزانیو عارف تەیفور) بەرپرسی میحوەر بوون. هەوڵی دووەم/ سەرۆكی هەرێم سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە رۆ ژی 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە:" پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە. بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕوو" هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێتو كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات"، سەبارەت بە كاری حیزبایەتیش لەناو هێزەكاندا، لە خاڵی یەكەمدا ئاماژە بەوە كراوە" بەهیچ جۆرێك كاری رێكخستنو حزبایەتی لەناو وەزارەت ناكرێتو ئەو كەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بكات، با دەست لەكاربكێشێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەكەی خۆی"، بەڵام تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێنەكراون، هێزی پێشمەرگە یەكنەخراوەیەوە، زۆرترین هێزەكانی یەكێتیو پارتی لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان، تا ئەمڕۆ بەبەردەوامی لەناو هێزی پێشمەرگەدا حیزبایەتی دەكرێتو بە فەرمانی سەركردە حیزبیەكان هێزەكان دەجوڵێن، واتا تەواوی بڕیارەكانی مەسعود بارزانی لەلایەن یەكێتیو پارتییەوە پێشێلكراو سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمیش بەدواداچونی جدی نەكرد بۆ بڕیارەكانی خۆی. یەكخستن یان تێكەڵكردن ؟ ئەوەی تا ئەمڕۆ باسی لێوە دەكرێت سەبارەت بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تێكەڵكردنی هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستانە، واتا یەكخستنەكە تەنها تێكەڵكردنە، واتا هێزەكانی یەكێتیو پارتی لەبری ئەوەی بە جیاو لە بەرەو بارەگای جیادابن، دەخرێنە یەك بەرەو لەیەك بارەگادا، بەڵام بە ئینتیمای حیزبی یەكێتیو پارتییەوە، ئەم فۆرمە لە یەكخستنەوە، زوو شكست دێنی، چونكە هەركات گرژی لەنێوان یەكێتیو پارتیدا دروستبێت، هێزەكان جیادەبنەوە، ساڵی 1994 هێزی پێشمەرگەی یەكێتیو پارتی یەكخرابوو، لەیەك بارەگادابوون، بەڵام كاتێك شەڕی ناوخۆ دروستبوو، لەماوەی نێو كاتژمێردا تەواوی هێزەكە جیابوونەوەو روبەرووی یەكتر بوونەوە. یەكخستنی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە دروستكردنی هێزێكی تایبەتە، لەسەر بنەمای ئەكادیمیو تەمەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای حیزبیو نەتەوەی جیاواز، دەكرێت وەزارەتی پێشمەرگە لە دروستكردنی ئەو هێزانەوە دەستپێبكات، نەك تێكەڵكردنی هێزی حیزبی. پێشمەرگە بە ژمارە ئەگەرچی تائێستا بەرەسمی ژمارەی دروستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان كە دواین پرۆژە بودجەی حكومەتی هەرێمە، ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (118هەزارو 642) كەسە. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەندجارێك لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا بەتایبەتی بۆ میدیا عێراقییەكان باسی لەوەكردووە" ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە (160 هەزار)ە، بەجۆرێك پێشمەرگەی لیواكان دەگاتە (120) هەزار كەس، بێجگە لە (40) هەزار پێشمەرگەی دیكە كە هێزی یەدەگن، هەروەها (40) هەزار پێشمەرگەی خانەنشین. كۆی گشتی دەگاتە (200) هەزار پێشمەرگە". بڕبڕەی پشتی وەزارەتی پێشمەرگە هێزەكانی (70و 80)ە، كە بەهەردوكیان (114 هەزار) پێشمەرگەن، بەجۆرێك یەكەی 70ی یەكێتی زیاتر لە (56 هەزار) پێشمەرگەیەو یەكەی 80ی پارتیش زیاتر لە (58 هەزار) پێشمەرگەیە. ئەمە سەرەڕای لیوا هاوبەشەكان كە (42 هەزار) پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە كە تێكەڵن لە یەكێتیو پارتی (14) لیوان، لە لیوای یەك تا لیوای (16)ی هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام لیواكانی (13)و (15) دروست نەكراون، لەو ژمارەیەش فەرماندەی حەوت لیوایان پارتییەو حەوت لیواكەی دیكە یەكێتینو ئامری ئەو لیوایانەی پارتین جێگرەكانیان یەكێتینو بە پێچەوانەشەوە. موچەی پێشمەرگە بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان (118 هەزارو 642) پێشمەرگە هەیە، كۆی بودجەكەیان بۆ موچە لەوساڵەدا (یەك ترلیۆنو 333 ملیارو 304 ملیۆن) دینارە، كە (11.49%)ی كۆی گشتی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە. ئێستا موچەی مانگانەی وەزارەتی پێشمەرگە (120 ملیار) دینارە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا، مانگانە بڕی (68 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ هێزی پێشمەرگە، پارەی ئەمریكییەكانیش مانگانە (30 ملیار دینار)ە. جیاوازی موچە ! جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا: • موچەی پێشمەرگەیەكی ئاسایی لەنێوان (490 هەزار بۆ 560 هەزار) دینارە، بەڵام سەربازێكی عێراقی مانگانە (950 هەزار) دینار وەردەگرێت. • عەریفێك لە هێزی پێشمەرگە (627 هەزار دینار) وەردەگرێت، بەڵام عەریفێك لە سوپای عێراق (یەك ملیۆنو 11 هەزار) دینار وەردەگرێت. واتا موچەی پێشمەرگەو ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە نیو ئەوەندەی موچەی سەربازو ئەفەسەرێكە لە سوپای عێراقی. سەربازێكی ئەمریكیو پێشمەرگەیە خۆ ئەگەر موچەی پێشمەرگەیەك بەراورد بكرێت بە سەربازێكی ئەمریكی جیاوازییەكە زۆر گەورەترە، چونكە هەر سەربازێكی ئەمریكی ساڵانە (99 هەزار دۆلار) وەردەگرێت، كە مانگانە دەكاتە (8250 دۆلار)، رێژەی 60%ی ئەم پارەیە بۆ خواردنو گواستنەوەو شوێنی نیشتەجێ بوونو گەرەنتی پزیشكیو باج دەڕوات، واتا سەربازێكی ئەمریكی مانگانە (3300) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەمە بۆ سەربازێكی مامناوەندی ئەمریكی. پێشمەرگە مانگانە (500 هەزار) دینار وەردەگرێت، كە دەكاتە (400 دۆلار)، واتا موچەی سەربازێكی ئەمریكی (8) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە. ئەمە لەكاتێكدایە كەمترین موچەی سەربازێكی ئەمریكی بەبێ هیچ دەرماڵەیەك (1531) دۆلارە، بەڵام بەپێی پلەكان جیاوازە، بۆ نمونە: • ژەنەراڵێك مانگانە (12829) دۆلار وەردەگرێت • كاپتنێك كە 6 ساڵ خزمەتی هەبێت (4070) دۆلار • كۆڵۆنێلێك كە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت (6567) دۆلار وەردەگرێت سەربازێكی ئیسرائیلیو پێشمەرگەیەك سەربازێكی ئیسرائیلی مانگانە نزیكەی (11 هەزار شیكل) وەردەگرێت، (1 شیكل دەكاتە 0.2518 دۆلاری ئەمریكی)، واتە هەر سەربازێك مانگانە (2766) دۆلار وەردەگرێت، بەبەراوردكردنی ئەم موچەیە لەگەڵ موچەی پێشمەرگەیەكی هەرێمی كوردستان، دەردەكەوێت سەربازێكەی ئیسرائیلی نزیكەی (7) ئەوەندەی پێشمەرگەیەك موچە وەردەگرێت. سەربازێكی كوەیتیو پێشمەرگەیەك سەربازێكی ئاسایی لە كوەیت مانگانە (600) دیناری كوەیتی وەردەگرێت، كە (1 دیناری كوەیتی دەكاتە 3.3378 دۆلاری ئەمریكی)، واتە موچەی مانگانە هەر سەربازێكی كوەیتی (2000) دۆلارە، ئەم موچەیە (5) ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە لە هەرێمی كوردستان، كە بەشداری چەندین جەنگی كردووە، دواهەمینیان جەنگی دژ بە "داعش" بوو.
(درەو میدیا): بەپێچەوانەی كۆمەڵی ئیسلامیو جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە ئەم رۆژانە هەوڵی جیابونەوە بەخۆوە دەبینن، بزوتنەوەی ئیسلامی هەوڵی یەكگرتنو كۆبونەوە دەدات. ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەكتەبی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەكرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆنگرەیەدا رابەری حزبو ناڕازییەكان ئاشتەوایی رادەگەیەنن. سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، جگە لە راگەیاندنی ئاشتەوایی لەگەڵ سەركردە زویرەكان، ژمارەیەك بەرپرسو كادیری كۆنی بزوتنەوەی پەیوەندی بە حزبەكەیانەوە دەكەنەوە. تائێستا نازانرێت ئەوانەی پەیوەندی بە بزوتنەوەوە دەكەن كادیرە زویرەكانی كۆمەڵی ئیسلامین یاخود نا، كە بەمدواییە دەستیان لە كاركردن لەناو كۆمەڵ كێشایەوە. ئەم جموجوڵە نوێیەی ناوخۆی بزوتنەوەی ئیسلامی لەكاتێكدایە، پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربكات لەكابینەی نوێی حكومەتداو پێشبینی دەكرێت پۆستێكی وزاری لە پشكی خۆی بە بزوتنەوە بدات. لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، لەو هەڵبژاردنەدا بزوتنەوە تاكە كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستانی لەدەستداو ئێستا هیچ نوێنەرێكی لە پەرلەماندا نییە. كۆتایی ساڵی رابردوو، شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە. ئەوانەی دەستیان لەكاركێشایەوە بریتی بوون، لە هەریەكە لە (كامیل مەحمود- محمد ئەمین ئاشوری- محسن محمد ئەمین- عبدالغفور چەمچەماڵ- ئارام كەمال- سەرباز خۆشناو). ئەو بەرپرسانەی كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە، كە ئەمانە بوون: • كۆتاییهێنان بە تاكڕەویو قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا. • ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهاتو داراییو چۆنیەتی سەرفو خەرجیو سپاردنەوەی بە مەكتەبی دارایی. • كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزوتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. • كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەریو گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسكو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزوتنەوەی ئیسلامی.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ پۆستێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەرباری ئێران كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی لێدەكەوێتەوەو زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوادەكەن بۆ تاوتوێكردنی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق پەرلەمان میوانداری عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران بكرێت. پۆستەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رۆژی 25ی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە هەردوو زمانی عەرەبیو ئینگلیزی نوسیویەتی:" گەندەڵی هەموو جومگەكانی رژێمی ئێرانی تەنیوەتەوەو لە لوتكەوە دەستیپێكردووە، موڵكو دارایی رابەری رژێمەكە عەلی خامنەیی بە تەنها بە 200 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە كاتێكدا رۆڵەكانی گەلی ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە لە ژێر هەژاریدا دەناڵێنن". فەتح داوای سڕینەوەی دەكات یەكەمین كاردانەوە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئێران، هاوپەیمانی فەتح دەربڕی، ئەو هاوپەیمانێتییەی كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكاتو نوێنەرایەتی گروپەكانی حەشدی شەعبی دەكاتو لە ئێرانەوە زۆر نزیكن. هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نابێت تیمە دیپلۆماتییەكان لە عێراق سوكایەتی بەرامبەر بە هیچ دەوڵەتێك بكەنو گەلی عێراق رێگە نادات كاری نەشیاو لەرامبەر بە مەرجەعیەتە ئاینییەكان بكرێت ئەو كارەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستدرێژییەكی قبوڵنەكراوەو داوادەكەین ئەو پۆستە لاببرێتو داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەكەین هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا بانگهێشت بكرێتو یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەستبكرێت. پەرلەمان میواندارێتی عەبدولمەهدی دەكات هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش كاردانەوە بەرامبەر بەو هەڵوێستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەستیپێكردو زیاتر لە 60 ئیمزا كۆكراوەتەوە بۆئەوەی بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە میوانداری سەرۆك وەزیران بكرێت. نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری كوتلەی سادقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" داواكارییەكمان بە ئیمزای زیاتر لە 65 پەرلەمانتار پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی پرسی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق بخرێتە بەرنامەی كارەوە". عەبودی ئاماژیبەوەشدا رێككەوتن كراوە كە ئەو پرسە تاوتوێ بكرێتو میواندارێتی سەرۆك وەزیران بكرێت، ئەوەش لەسەر بەڵێنی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان. ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق فالح خەزعەلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پرسیارێكەی پەرلەمانی دەربارەی ژمارەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراف ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووەو لە وەڵامدا عەبدولمەهدی ئاشكرایكردووە كە 10 هەزار سەربازو راوێژكاری ئەمریكی لە عێراقدان. خەزعەلی بێ متمانەیی خۆشی دەربارەی ئەو ژمارەیە دەربڕیو رایگەیاند لە راستیدا ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زۆر لەوە زیاترە.
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو هاوپەیمانی سائرونن لە بەیاننامەیەكدا باس لە مەترسییەكانی ململانێی ئەمریكاو ئَێرانو هەژموونی هەردووكیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەكاتو لە بەیاننامەیەكدا چەند خاڵێك بۆ چارەسەركردنی پێشنیاردەكات كە ئەمانەن: 1- رەوانەكردنی وەفدێكی رەسمیو میللی بۆ رێكخراوی هاوكاری ئیسلامیو نەتەوە یەكگرتووەكان بۆئەوەی گوێ لە بیرو بۆچونو ئەو چارەسەرانە بگرن كە پێشەكەشی دەكەن. 2- رەوانەكردنی وەفدێك بۆ سعودیە كە لەم كاتەدا دەیەوێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراقو گەلەكەی نزیك ببێتەوە، بۆئەوەی چارەسەرێك بدۆزرێتەوە لە نێوان سعودیەو ئێرانی دراوسێی خۆشەویستماندا. 3- ناردنی وەفدێك بۆ یەكێتی ئەوروپا بۆئەوەی فشاربخاتە سەر هاوپەیمانی دوو قۆڵی ئەمریكاو ئیسرائیل بۆئەوەی عێراق لەو كێشەیە ببێنە دەرەوە، چونكە عێراق پێویستی بە پشتیوانی هەیەو گەورەترین زەرەرمەند بووە لە تیرۆرو گەورەترین بەرگریكاربوو لە جیهاندا لە رووبەڕووبوونەوەی ستەمكارترینو قێزەونترین تیرۆریستاندا. 4- پێكهێنانی فەوجێكی عێراقیی نیشتمانی لە سوپاو پۆلیس بەدیاریكراوی و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران بۆ پاراستنی سنورەكان بە شێوەیەكە ورد لە هەر دەستێوەردانێكی هەر لایەنێك بێت. 5- داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە حاڵەتێكیدا ئەگەر عێراق گلێندرایە ئەو ململانێیەوە بۆئەوەی ئیستیعاماری جیهانیی لغاوبكرێت، ئەگەرنا ئەوا باڵیۆزخانەكە دەبێتە ئامانجی بەرگریكاران جارێكی تر. 6- راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە یەمەنو بەحرەینو سوریاو دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی فەرمانڕەواكانیان و كاركردن بۆئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە ناوەوە لە پێناوی خێرا گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆیان و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێی پاكوخاوێنو دوور لە دەستێوەردانی هەموو دەوڵەتانو پاراستنیان لە تیرۆی داعشو ئەوانی تر. 7- كشانەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لە سوریاو گەڕاندنەوەی دەستبەجێیان بۆ عێراق بەبێ دواكەوتن، چونكە بونیان بەواتی تێوەگلانی عێراق دێت لەو ململانێكە. 8- لە حاڵەتێكدا ئەگەر هاوپەیمانی دوو قۆڵی ( ترەمپ – نەتەنیاهۆ) بەردەوامبوو لەزیان گەیاندن بە عێراقو گەلەكەیو ئاسایشەكەی، ئەوا لەسەر حكومەتی عێراق پێویستە بە پێی توانا هەمان مامەڵە بكات وبەرگری لە خۆی بكات دژی داگیركاری ئەمریكیو سەهیۆنی لە خاكی عێراقو اكی تردا بۆ پاراستنی شكۆی عێراقو گەلەكەی. 9- ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی دوو قۆڵی لەنێوان عێراقو ئێران لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی هەردوو لایەنن یان رێككەوتنێكی سێ قۆڵی لەگەڵ سعودیە بۆ رەخساندنی كەشی ئاشتی ئەگەر كەمیش بێت. 10- رەوانكردنی وەفدێك بۆ لای مەرجەعیەتە گرنگەكان لە عێراقو دەرەوە لەسەر هەمووشیانەوە شێخی ئەزهەرو پاپای ڤاتیكان.
درەو میدیا: سبەی یەكشەممە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە عێراقو لە سەردانەكەیدا بەغداو بەسرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەسەردەكاتەوە. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا چاوشئۆغڵۆ لە یەكەمین وێستگەی گەشتەكەیدا لە بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی محەمەد عەلی حەكیم كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی قەرزی 5 ملیار دۆلار كە بڕیارە ئەنكەرە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش بیداتە عێراق، پرسی پارتی كرێكارانی كوردستانیش تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی وەزیری دەرەوەی توركیاو وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت. میدیاكانی توركیا ئاشكراشیانكرد چاوشئۆغڵو لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا پرسی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو توركیا تاوتوێدەكات كە لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017ەوە كەمێك پاشەكشەی كردووە. هەروەها وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی پارێزگای بەسرەش دەكات بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەی لەو پارێزگایە.
درەو میدیا: " هەریەكە لە داواكاری گشتی سلێمانی و پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر خاوەنی ئەو ژمارەیەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكە كردووەو دەستگیركراوە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی بە مەبەستی پشكنین بەفەرمانی دادگا ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشە و ناخۆشی لە سلێمانی،هەروەها فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ كەسێكی تر دەرچووە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە، جگە لەوە هیچ كەسی تر دەستگیرنەكراوە، كەسیش بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوە." ئەمە وتەی دادوەر عومەر ئەحمەد وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییە كە بۆ دەنگی ئەمریكا قسەیکردووە. دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وتی" لەلایەن "باندێكەوە" لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكی جوڵانەوەكە"شاسوار عەبدولواحید" هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مۆنتاژكراو، بەمەبەستی ئابڕوبردنی لێكراوەو لە زوترین كاتدا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەكات." دادوەر عومەر رایگەیاندووە " دۆسیەیەك هەیە لەلای دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی، دۆسیەكەش لەلایەن سكاڵای ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و وە دۆسیەیەكیش لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانیەوەیە لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی كە بەشێوازێك لە شێوازەكان هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لەو پەرلەمانتارە كردووە لە دادگا جوڵێنراوە، وەكو وەڵامدانەوەیەكی دادگا بۆ ئەو سكاڵایە دادگا هەستا بەدەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی خاوەنی ئەو هێڵە، هەروەها فەرمانی پشكنین بۆ شوێنی كاركردنی خاوەنی ئەو هێڵە ئەوەبوو هەر دوێنێ پێنج شەممە فەرمانی دەستگیركردنەكە جێ بەجێ كراوە." سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی" ئەوكەسەی دەستگیركرا بەفەرمانی دادوەر چەند ئامێرێكی كۆمپیوتەر و پەیوەندی كردنی پێوەگیراوە وە ئامێرەكان لەقۆناغی پشكنیندان و دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ دەسكەوتنی بەڵگەكان، هەروەها ئەو فەرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێ بەجێ كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی كێشەو ناخۆشی لە سلێمانی ." دەربارەی دەنگۆی دەستگیركردنی " خۆبەخشانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ" بێ فەرمانی دادوەر وەك ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە بەیاننامەكە باسیان كرد، دادوەر عومەر ئەحمەد ڕەتی كردەوە و وتی" ئێمە وەك سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواداچونمان كردووە هیچ شتێكی لەو بابەتەمان بەدی نەكردووە و نیە وە هیچ كەسێكیش بەبێ فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە نابێت دەستگیربكرێت وە وەكو زانراوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەڕیوەبەرایەتیەكمان هەیە كە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەیە لەوێش ئەندامێكی داواكاری گشتی چاودێرە بەسەر ئەو شوێنانەدا وە هیچ كەسێك نابرێتە ئەو شوێنە و ڕاناگیرێت ئەگەر یاداشتی دەستگیركردنی دادوەری بەڕێزی لێكۆڵینەوەی پێ نەبێت." دەربارەی ئەو كەسەی دەستگیركراوە حاكم عومەر ئاماژەی بەوەكرد" بەپێی ماددەی (2)ی ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل-ە وە بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراوە و ڕاگیراوە." ڕونیشیكردەوە" تا ئێستا یەك كەس دەستگیركراوە، وە فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ یەك كەسی تر دەرچووە بەپێی هەمان ماددەی یاسایی، بەڵام ئەو كەسە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە ." دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئەندامان و خەڵكی نەوەی نوێ بێ سەروشوێن و ڕفێنراون، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی " لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیە لە سۆشیاڵ میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، پەیوەندیمان بە دادوەری ئاسایش كرد، بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش-یش بەدواداچونی كرد ، دەركەوت هیچ كەسێك بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوەو دڵنیایی كردینەوە كە هیچ شتێكی لەو جۆرە نیە."
درەو میدیا: بەیانی ئەمرۆ لە دادگای سلێمانی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماركرد. دوای ئەوەی دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" شاسوار عەبدولواحید و باندەكەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەكەن، بۆیە داوای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم" بەیانی ئەمرۆ شادی نەوزاد بە هاوڕێیەتی سیروان بابان پارلەمانتاری نەوەی نوێ، لە دادگای سلێمانی سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماركرد كە لە ئێستادا لەدەرەوەی وڵاتەو بڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ بگەرێتەوە شاری سلێمانی. بەرپرسێكی باڵای نەوەی نوێ ئەوەی نەشاردەوە كە ئەگەری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید هەیە لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی، بەو پێیەی هێزە ئەمنیەكان ئەمڕۆ سكرتێرەكەیان دەستگیركردووەو دەستیانگرتووە بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایلەكەیدا.
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت - نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف "زیاتر لە 40 گرتەی ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی سەرۆكو بەرپرسانی میسرو وڵاتانی عەرەبیم لایە، ئەگەر رێگری نەكەن لە دادگاییكردنی هاوسەرەكەم، هەموویان بڵاودەكەمەوە" سۆزان موبارەك هاوسەری حوسنی موبارەك سەرۆكی لەسەر كارلابراوی میسر ساڵی 2011 بەم هەڕەشەیە هەوڵیدا پارێزگاری لە هاوسەرەكەی بكات. ئەمە دوایین جار نەبوو كە سێكس وەكو چەكێكی هەڕەشە لەبواری سیاسەتدا بەكار بهێنرێت، ئێستا لەناو رەفەی كتێبخانەكانی جیهاندا چەندین پەرتوكی سەرگوزشتەی ئاوێتەبوونی سێكسو سیاسەت هەن، بەمدواییانە هەندێك لەو چیرۆكانە وەرگێڕدرانە سەر زمانی كوردی. نامەیەكی مەترسیدار ! ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بوون كە دەڵێت" لەڕێگەی مەسجێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی دروستكراوم لێدەكرێت". شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئەمڕۆ باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستانە، چەند رۆژێكە دۆخی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاڵۆزی تێكەوتووە، ژمارەیەك لە بەرپرسو پەرلەمانتارانی ئەو جوڵانەوەیە لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكەیان (شاسوار عەبدولواحید) لە ناكۆكییەكی قوڵدان، ئەم ژنە پەرلەمانتارە كە ئەمڕۆ قسەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، یەكێكە لەوانەی كە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا پشتیوانی بەرەی نەیارانی سەرۆكی حزبەكەی دەكات. وەكو خۆی دەڵێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارە بۆ بێدەنگكردنو بەمەبەستی سیاسی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لێكراوە. ئەو ژنە پەرلەمانتارە بڕیاریداوە لە دادگا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەكەی تۆمار بكات، بەوپێیەی ئەو بەتۆمەتبار دەزانێت لەو هەڕەشە سێكسیەی كە لەڕێگەی مەسجێكەوە پێی گەیشتووە. پێشینەیەكی خراپ ئەنجامی كەیسی ئەم پەرلەمانتارە هەرچیەك بێت، دیاردەی بەكارهێنانی گرتەی سێكسی وەكو چەكێك بۆ هەڕەشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا شتێكی نوێو بێ پێشینە نیە. لەگەڵ گەشەكردنی خێرای ئامرازەكانی پەیوەندیكردن گواستنەوەی كامێرا بۆسەر مۆبایلو جێگیركردنی لە شەقامو ماڵەكاندا بۆ مەبەستی پاراستنو سكیوریتی، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی ژنانو پیاوان پەرەیسەند. ئێستا چەندین كەیس لەبەردەم دادگاكانی هەرێمی كوردستاندان، تایبەت بەم جۆرە لە تاوانكاریی، سیاسییەكانیش وەكو پێویست لە كاتە هەستیارەكاندا پەنایان بۆ ئەم دیاردەیە بردووە، بەمەبەستی لێدان لە نەیارە سیاسییەكانیان. چەند نمونەیەك لەم ساڵانەی دواییدا كە تەكنەلۆژیا زۆر گەشەی كرد، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنو ساتە هەستیارە سیاسییەكاندا چەندین حاڵەتی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی كاندیدو كارەكتەرە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. هەڕەشەكان لەم بوارەدا زیاتر بە ئاڕاستەی ژنانە، لەمەشدا دۆخی هەستیاری ژن لەمەڕ بابەتە سێكسییەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا قۆستراوەتەوەو هەوڵدراوە لەڕێگەی ئەو چەكەوە كۆتایی بە ژیانی سیاسی ژنێك بهێنرێت یاخود لە لایەنو ئاڕاستەیەكی سیاسی دیاریكراو بدرێت. بەڵام ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی لە ژناندا قەتیس نەبووە، چەندین پیاویش هەن كە ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە ڤیدیۆی سێكسییان بڵاوكراوەتەوە یاخود هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەیان لێكراوە تاكو ناچار بكرێن بە ئەنجامدانی كار یان هەنگاوێكی سیاسی دیاریكراو كە ئەوان نەیانویستووە پێشترو لە دۆخی ئاساییدا بیكەن. • لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە ژنە كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كرا. • لە گەرمەی كێشمەكێشمەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015دا گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارێكی پیاوی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە. • كۆتایی ساڵی 2016 چەند وێنەیەكی سێكسی ژنە پەرلەمانتارێك بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق لەوكاتەدا. • بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسیو وێنەی ژنە كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەمەبەستی ناچاركردنی بە كشانەوە لە پرۆسەی خۆكاندیدكردن. لەسەر ئاستی عێراقیش بەمدواییە ئەم دیاردەیە زیادی كرد، بەتایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا. لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، گرتەی ڤیدیۆیی ژنە كاندیدێكی هاوپەیمانێتی (نەسر) بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە، بەوهۆیەوە ئەو ژنە لە هەڵبژاردنەكانو پرۆسەی سیاسیش دوورخراوەیە. لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیشدا گرتەی ڤیدیۆیی ژنێك بڵاوكرایەوە كە كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە وەزارەتەكان، بەو هۆیەوە ئەو ژنە چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی لەدەستدا. تاوانو سزا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، بڵاوكرانەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە (گرتەی سێكسی كەسەكان)و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بەمشێوەیە دیاریكراوە: • هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە بەپێی ماددەی (430)و (431)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای تاوانبار تا (7 ساڵ) زیندانی دەڕوات، بەپێی جۆری كەیسەكە. • بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە لە ماددەی (438)دا دیاریكراوە، لەم حاڵەتەدا تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (ساڵێك) زیاتر نەبێت. واتە بەپێی یاسا، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك كە پەیوەندیداربێت بە شەرەفەوە سزاكەی زیاتر لە بڵاوكردنەوەی بابەتەوە، ئەو كەیسەی كە پەرلەمانتارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی پێكرد، لە قۆناغی هەڕەشەدایە، واتە بڵاونەكراوەتەوە. لە هەرێمی كوردستان كەیسەكانی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی كەسایەتییەكان بەمەبەستی لێدانی سیاسی، هەمویان بەبێ هیچ سزایەكی یاسایی بەكراوەیی ماونەتەوە. دادگاكان تائێستا هیچ كەسێكیان لەسەر بڵاوكردنەوە ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە سزانەداوە، بەڵام لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی ناوبەناو پۆلیسی شارەكانی هەرێم دیمەنی چەندین كەس بڵاودەكەنەوە كە لەسەر پەنابردن بۆ هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی لە ژنان دەستگیركراونو سزای یاسایی دراون. دیمەنی هەرە گەشاوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە، ئەوەیە، هەر كاتێك كەسایەتییەك دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەكەداركردنی ناوبانگی كۆمەڵایەتی، خەڵك بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕی سیاسی، كەمپەینی گەورە دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی كەسە بەئامانجگیراوەكان، رەنگە هۆكاری ئەم پاڵپشتییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەمووان لەوە تێگەیشتوون، دیاردەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان مەترسییە لەسەر تەواوی كۆمەڵگە نەك تەنیا ئەوانەی بەئامانجدەگیرێن، بەوپێیەی لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا پرسی سێكس هێڵی سورەو بابەتێكی داخراوە كە ناكرێت بە ئاشكرا گوزارشتی لێبكرێت.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە ماوەی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ فشارخستنە سەر ئێران سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوەو لە هەنگاوێكی تریشدا بە ئاراستەی توندتركردنی سزاكانی سەر تاران ئەمریكا رایگەیاند ئیتر هیچ وڵاتێك لە سزاكانی سەرئێران نابەخشرێتو پێویستە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنرێتە سفر. هەركاتێك ململانێكانی نێوان ئێرانو ئەمریكا زیاتر بەرەو ئاڵۆزی بچێت، ئەوا تاران هەرەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات كە شادەماری هەناردەكردنی نەوتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بچێتە گەرووی هورمز، ئەوا پێویستە لەگەڵ سوپای پاسداراندا دانوستان بكات. زەریف دوای گەیشتنی بە نیویۆرك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز، ئەوا پێویستە لەسەری دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنەدا بكات كە ئەركی پاراستی گەروەكەی لە ئەستۆدایە، واتە سوپای پاسدارانی ئێران". زەریف جەختیشیكردەوە " هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە كراوەیی لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێراندایە". بایەخ و گرنگی گەرووی هورمز چییە؟ كێ لە داخستنی زیانی پێدەگات؟ رێڕەوێكی ستراتیژی گەرووی هورمز نەك هەر بە ڕێڕەوێكی ئاویی ستراتیژی دادەنرێت، بەڵكو گرنگترین رێڕەوی ئاوییە بۆ گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا و رۆژانە یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهان و سێیەكی نەوتی بەرهەمهێنراوی وڵاتانی كەنداو لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە و شادەمارێكی ستراتیژییە كە بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە بازاڕە سەرەكییەكانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن و ئەوروپا و ئەمریكای باكور و ئەوانی تر دەبەستێتەوە. گەرووی هورمز دەكەوێتە پارێزگای موسندەم لە ناوچەی كەنداو و ئاوی كەنداو لەلایەن و كەنداوی مەكران و دەریای عومان و دەریای عەرەب و زەریای هیندی لە لایەكی تر لەیەك جیادەكاتەوە و ئەم خاڵی بەیەك گەیشتنە ناونراوە " دەرگای شەویلگەی شێر". لە باكور و لەبەری ئێرانەوە پارێزگای بەندەر عەباس دەڕوانێت بەسەر گەروەكەدا، لە باشووریشتەوە پارێزگای موسندەمی عومان، كە سەرپەرشتی جموجوڵی دەریاوانی دەكات بەرەچاوكردن ئەوەی ئەو بەشەی كە بۆ دەریاوانی باشە دەكەوێتە چوارچێوەی ئاوە هەرێمایەتییەكانەوە، ئەوەش بە گوێرەی ئاستی وەزارەتی گەشتوگوزاری عومان. رۆژانە لەم گەرووەوە 20 بۆ 30 كەشتی بارهەڵگری نەوت تێدەپەڕن و پانی گەرووەكە 50 كیلۆمەترە و قوڵی ئاوەكەشی 60 مەترە. سعودیە لە سەدا 88ی بەرهەمی نەوتی لەم گەرووەوە هەناردەكات و عێراق لەسەدا 98 و ئیمارات لە سەدا 99 ، هەروەها كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی نەوتی ئێران و كوەیت بەم گەرووەدا هەناردەدەكرێت، هاوكات قەتەریش ئەم گەرووە بەكاردەهێنێت بۆ هاوردەكردنی غازی شل، ئەوەش بە گوێرەی تۆڕی بی بی سی. هەروەها ژاپۆنیش بە گەورەترین وڵاتی هاوردەكاری نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزە دادەنرێت و ئیدارەی داتا و زانیاری وزەی ئەمریكی دەڵێت هورمز گەرووێكە رۆژانە نزیكەی 18.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت. كۆمپانیای" فۆرتیسكا" بۆ شیكاری نەوت ئاماژەبەوەدەدات كە بڕی نەوتی خاو و چڕی هەناردەكراو لەم گەرووەوە لە ساڵی 2017دا بە 17.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دەخەمڵێنرێت و لە نیوەی یەكەكی ساڵی 2018ش بە 17.4 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت. هەڕەشەكانی داخستنی هورمز یەكێتی ئەوروپا كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتی ئێرانە، بەڵێینداوە پارێزگاری لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران بكات كە ساڵی 2015 ئیمزاكرا، سەرەڕای كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێی، ئەوەش هەوڵێك بوو بۆ پارێزگاریكردن لە هاوردەكردنی نەوت و وەبەرهێنان لە ئێراندا. حوزەیرانی ٢٠١٨ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی باڵای ئەو وڵاتە هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە رێگەدەگرن لە تێپەڕینی نەوتی وڵاتانی كەنداو لە گەرووی هورمز، ئەگەر واشنتۆن هەوڵی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران بدات و فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند هێزەكانی ئامادەن بۆ داخستنی گەرووی هورمز هەڵوێستی توندی رۆحانیشی لەو بارەیەوە بەرزنرخاند. لە بەرامبەریشدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاند هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا ئامادەن بۆ گرەنتیكردنی ئازادی دەریاوانی و بەردەوامبوونی جموجوڵی بازرگانی، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە سوپای پاسداران هەڕەشەی راگرتنی نەوتی كرد لە گەرووەكە ئەگەر پێویست بكات، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی " فرانس پرێس" سوپای پاسداران لە بواری هێزی دەریاوانیی بەهێزدا كەموكوڕی هەیە و لەبری ئەوە لە بوارەكانی تردا پەرەی بە هێزەكانی داوە و خاوەنی چەندین بەلەمی خێرا و سەكۆی موشەكی دژە كەشتییە و دەشتوانێت دەریا مینڕێژ بكات. یەكەمجار نیە چەندین دەیەیە گەرووی هورمز لەناو جەرگەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەدایە و ئەوەش یەكەمجار نیە كە تاران ئەو جۆرە هەڕەشەیە بكات و لەمیانی جەنگی عێراق – ئێراندا ( 1980- 1988) هەردوولا هەوڵیاندا تەگەرەخنە بەردەم " هەناردەی نەوتی یەكتر لە گەرووەكەدا. لە یۆلیۆ/ تەمموزی ساڵی 1988 كەشتی جەنگی ئەمریكی " فینسینز" فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێرانی لەسەر گەرووی هورمز خستەخوارەوە و بەهۆیەوە 290 سەرنیشنی فڕۆكەكە گیانیان لەدەستدا و واشنتۆن بە روداوێك وەسفیكرد و رایگەیاند تیمی سەر كەشتییەكە گومانیان كردووە كە فڕۆكەیەكی شەڕكەر بێت، بەڵام تاران بە هێرشێكی بەمەبەست داینا، و ئەمریكا رایگەیاند " فینسینز" لە ناوچەكەدایە بۆ پاراستنی كەشتییە بێ لایەنەكان لە هێرشی هێزی دەریایی ئێران. لە سەرەتای ساڵی 2008 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند چەند بەلەمێكی ئێرانیی لە سێ كەشتی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا لە گەرووی هورمز نزیكبوونەتەوە و هەڕەشەیان كردووە و لە حوەزیرانی 2008یش محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی بالا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند ئێران رێوشوێنی توند لەسەر جموجوڵی بازرگانی گەرووەكە دادەنێت ئەگەر رووبەڕووی هێرش ببێتەوە. لە تەمموزی 2010دا هێرشكرایە سەر كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی ژاپۆن بەناوی " ئێم ستار" لە گەرووەكەدا، و گروپێكی چەكداری بەناوی " كەتیبەكانی عەبدوڵا عەززام" كە سەربە رێكخراوی قاعیدەیە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ. لە كانوونی دووەمی 2012، ئێرانی هەڕەشەی داخستنی گەرووەكەی كرد، لە وەڵامی سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپادا كە لە هەوڵێكدا بۆ وەستاندنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران سەپاندیان و لە ئایاری 2015 چەند كەشتییەكی ئێران تەقەیان لە كەشتییەكی نەوت هەڵگر كرد كە ئاڵای سەنگاپورەی بەرزكردبوەوە و رایگەیاند كە سەكۆیەكی نەوتی ئێرانی خاپووركردوووە و ئەوەش بووە هۆی هەڵاتنی كەشتییەكە. لە دواهەمین هەڕەشەشدا سێ تەمموزی 2018 حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند لە وەڵامی داواكاری ئەمریكا بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێرانن گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە پەكدەخەن و لە رۆژی دواتریش یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران رایگەیاند ئەگەر هەناردەی نەوتی ئێران بوەستێنرێت، ئەوا هەموو هەناردەكردنی نەوت لە گەرووی هورمز رادەگرن.
راپۆرتی: سەركۆ یونس - دلێر مەحمود كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی دەربارەی فێركردن لە ڕاپۆڕتی ساڵانەیدا ئاشكرایكرد، وڵاتی ( قەتەر) لەپێشەنگدایە و پلەی شەشەمە لەسەر ئاستی جیهانی و یەكەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و پاشانیشینی ئەردەنیش ئاستی لە ڕیزبەندییەكە دابەزیوە و وڵاتی میسر لە پێش كۆتایی ڕیزبەندییەكەیە! ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕبەندەكە هەریەكە لە وڵاتانی (لیبیا و سودان و سۆماڵ و عیراق و سوریا و یەمەن) پۆڵین نەكراوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی ئاسانترین پێوەری دڵنیایی جۆری كە لەسەر ئەو وڵاتانە جێبەجێ كراوە. ڕاپۆرتەكەی كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی بۆ لایەنی كواڵیتی فێركردن (140) وڵات دەگرێتەوە. سەنگافورە، یەكەمی ڕیزبەندییەكەیە و قەتەر شەشەمی جیهانە و یەكەمی وڵاتانی عەرەبییە، ئاستی فێركردن لە وڵاتانی دیكەدا بەم شێوەیەیە: سەنگافورە پلەی یەكەمە و پاشان سویسرا و فنلەندا و هۆڵەندا و ووڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پلەی هەژدەهەمینە و دواتر دانیمارك و سوید بەدوایدا دێن، هەروەها ئەڵمانیا پلەی بیستەمە و فەڕەنسا بیست ودوو ئوسترالیا سی و یابان سی و یەك و ئیسپانیاش پلەی چل و حەوتی وەرگرتووە. بەپێی ڕاپۆرتەكە توركیا لە پلەی نەوەد و پێنجەمە و لە وڵاتانی عەرەبیشدا ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو پلەی دەیەمی وەرگرتووە و سعودیەش پلەی پەنجا، لەكاتێكدا وڵاتی میسر پلەی پێش كۆتایی وەرگرتووە واتە (139)مین وڵاتە لەكواڵیتی لایەنی فێركردندا. ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم ڕاپۆرتە پشتی بەستووە بە كۆمەڵێك پێوەر كە كۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیهانی دایڕشتوە و پێكهاتووە لە (12) پێوەری سەرەكی: 1-دامەزراوەكان و بیناكان. 2-داهێنان. 3-ژینگە. 4-ئابوری هەموەكی. 5-تەندروستی فێركردن. 6-فێركردنی زانكۆیی. 7-ڕاهێنان. 8-توانای بازاڕی شمەك. 9-توانای بازاڕی كار. 10-پێشكەوتنی بازاڕی دارایی 11-ڕەگەزی تەكنۆلۆژیا. 12-قەبارەی بازاڕ و گەشەسەندنی كارەكان. ڕاپۆرتی پێودانگی بیرسون لەگەڵ سەرهەڵدانی پێشبڕكێی تەكنەلۆژی و زانیاری لە دونیادا، دڵنیایی جۆری فێركردن ناپێورێت بە ناوبانگی زانكۆكان و خوێندنگە نێودەوڵەتیەكان، بەڵكو پێوەر ئاستی پڕۆگرامی خوێندن و ئاستی خوێندكارە كە بەرهەمی كۆتایی سیستمی فێركردنە. لە هەموو وڵاتێكدا چەندین دامەزراوەی جیهانی هەیە كە هەڵدەستن بە هەڵسەنگاندنی ئاستی فێركردن وئەم دامەزراوانە جیاوازییان هەیە لە ڕووی ئامانج و هۆكارو و ئەو لایەنەی پڕۆژەكە پارەدار دەكات. بۆ نموونە پێوەی بیرسون ئاماژە بۆ فێركردن و كارامەیی و زانیارییەكان و بەدەستهێنانی توانای زانستی جیهانی لە پۆڵینەكەیدا پێنج ووڵات هەیە كە یەكەمن لە فێركردنی بنەڕەتی، بە پشتبەستن بە چەند تاقیكردنەوەیەكی نیودەوڵەتی لەوانە: 1.ئاستی پێشكەوتن لە خوێندن و نووسینی نێودەوڵەتی ناسراو بە(بیرلز- Progress in International Reading Literacy Study (PIRLS). 2.ئاڕاستەكانی نێودەوڵەتی بەدەستهێنانی خوێندن لە بیركای و زانست ناسراو بە (تیمس- Trends in International Mathematics and Science Study (TIMSS). 3.بەرنامەی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی خوێندكار ناسراو بە (بیزا-Program for International Student Assessment). لەئەنجامی بەشداریكردنی قوتابییەكان لەم تاقیكردنەوە نێودەوڵەتییانە بۆ ساڵـی (2018) ڕیزبەندی ( 10) ووڵاتی یەكەم بەمشێوەی بوو: كۆریای باشور بە پلەی یەكەم و ژاپۆن لە پلەی دووەم و سەنگاپورە سێیەم و هۆنگ كۆنگ چوارەم و فنلەندا پێنجەم وە وڵاتەكانی بەریتانیا و كەنەدا و هۆڵەندا و ئیرلەندا و پۆڵەندا بەدوایاندا دێن. بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی كۆربەندی ئابوری جیهانی دوو حاڵەتی نوێ بەدی دەكرێت كە پێویستە ئاماژەی بۆبكەین، كە لە ئەنجامی ئەو پێشكەوتنانە دێت لە سیستمی فێركردندا ئەنجام دراوە پێگەیەكی بەرزیان بەدەستهێناوە لە لیستی دڵنیایی جۆری لە فێركرندا. میرنشینی قەتەر بە پلەی شەشەم لە جیهان و یەكەمی ووڵاتانی عەرەبیدایە، پێشكەوتنی قەتەر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ڕاكێشانی ئاسانی توانستە پیشەییەكان بۆ ناو بازاڕی ووڵاتەكە، بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەژێر ناونیشانی (پاشەڕۆژی هەلـی كار و لێزانینەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا ئامادەكاری هەرێمایەتی بۆ شۆڕشی پیشەسازی چوارەم) ڕاپۆرتەكە توانستی بازاڕی كار و پێشكەوتن لەسەر ئاستی چاكسازی بەستوەتەوە بە دەرهاوێشتەی فێركردن، پاش ئەوەی قەتەر پێش وڵاتانی ناوچەكە كەوتووە لەسەر ئاستی دڵنیایی جۆری، هەروەها لەسیستمی فێركردن توانیویەتی پلەی ( 5.6)ی دڵنیایی جۆری بەدەست بهێنێت، هەروەها ئەزمونی وڵاتی قەتەر بەیەكێك بە ئەزمونە سەركەرتوەكان ئەژمار دەكرێت، دوای ئەوەی دەستپێشخەری و ئامانجەكانیان بۆ ساڵی (2030)دانا و داهاتی بەدەستهێنراو لە سامانی نەوت و غاز خرایە خزمەت بواری گەشەپێدان و فێركردنەوە و ئامانجیان پێشخستنی توانای مرۆڤ بوو لە ڕێگای پڕۆگرامەكانی خوێندنی زانكۆیی و سوود وەرگرتن لە هونەری فێركردنی زانكۆیی نوێ لەدەرەوە و جێبەجێكردنی ئەزمونی وڵاتە سەركەوتوو و پێشەنگەكانی جیهانی، وڵاتی قەتەر زیاتر لە (%12) خەرجییەكانیان بۆ بواری فێركردنە واتە بەنزیكەی (6 ) ملیار دۆلار ساڵانە و بڕیارە تا ساڵی (2025) خەرجی فێركردن بگاتە سەروو (41) ملیار دۆلار. سەنگافورە نمونەی سەركەوتن. وڵاتی سەنگافورە مۆدێلێكی دیكەی ئەم پێوەرانەیە و لەماوەی (50) ساڵی ڕابردوودا لە دوورگەیەكەی نەخوێندەواری هەژار بووە بە وڵاتێكی پیشەسازی گەشەسەندوو كە ئاستی ژیانی دانیشتوانەكەی هاوتای ووڵاتانی پێشكەتوویی پیشەسازیە. لەبواری فێركردندا لە پلەی یەكەمی جیهاندایە، هۆكاری ئەم گوڕانكارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی (لـی كوان یو) سەرۆك وەزیران هەیبوو كە فێركردن هۆكاری یەكلاكەرەوەیە لەگەشەپێدانی هێزی كاركردن و بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئابوری و كۆمەڵایەتی. دەستی بە دوو دەسپێشخەری كرد: یەكەم: (خوێندنگا بۆ بیركردنەوە، نەتەوە فێردەبێت) مەبەست لێی دەستەبەركردنی خوێندن بۆ هەموو تاكێك. دووەم: (فێركردنی كەم، فێربوونی زۆر) كە زیاتر گرنگی بدرێت بە ناوەڕۆك. ئەم دوو دەستپێشخەریە لەسەر چوار ڕەهەندی سەرەكی كاری لەسەر كرا: 1- پێداچوونەوە بە كرێی مامۆستایان و فێركاراندا. 2-پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەسەركردە و بەڕێوەبەرانی خوێندنگاكان و سەربەخۆییان. 3-لابردنی پشكنین و نوێكردنەوەی جیاكاری خوێندنگاكان. 4-دابەشكردنی خوێندنگاكان بۆ بەش و كۆمەڵەكان. لەڕاستیدا هەستانەوە و پێشخستنی كواڵیتی فێركردن پێویستی بەگۆڕانكاری ڕیشەیی لەم هۆكارانەی خوارەوە هەیە: 1-ئامادەكردنی مامۆستایان بەشێوەیەك كەبەرزترین كواڵیتی بێت. 2-پێشكەشكردنی باشترین پڕۆگرامی فێركردن كە گەشە بدات بەلایەنی بیركردنەوە و ئامانج لێی پڕكردنەوە و داواكاری بازاڕی كار بێت. 3-هاندانی بەشداریپێكردنی خوێندكاران بۆ چالاكی و سوود وەرگرتن لەهۆكارەكانی بەردەست. 4-دابینكردنی ئامێرو هۆكارەكانی فێركردن لە بینای خوێندنگە و سەرجەم پێداویستییەكانی تر ئامانجی سەرەكی لەم بابەتە بەراووردكردنی هەرێمی كوردستان نییە لە دڵنیایی جۆری پەروەردەكردن و فێركردن، چونكە دەوڵەتی عیراقیش كە وەك هەرێم هەژماكراوین لەگەڵیدا لەم ڕاپۆرتەدا یەكێكە لەو شەش وڵاتەی كە دوور خراوەتەوە لە پۆڵینكردنەكەدا، بەڵكو ئێمە ئێستا لە كوێی كاركردن و خۆئامادەكردنداین بۆ ئەوەی پۆلێن بكرێن و بچنە پێشەوە یان بە واتایەكی تر ئایا دەستمان كردوە بە جێبەجێكردنی پێوەرەكان؟ لە پای ئەو دەرئەنجامانەی كە پڕۆسەی فێركردن لەو وڵاتانە بەدەستی هێناوە زۆر لە چاكسازی ڕامیاری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و شارستانی وا دەردەكەوێت تەنها ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا دەگوزەرێت هەڵمەتێكی نەهێشتنی نەخوێندەواریە! وە بۆ هاتنەسەر ڕێگای دەستكردن بە چاكسازی و گۆڕانكاری هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی دڵنیایی جۆری لە فێركردندا. لە ساڵـی (2009) وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم پڕۆژەیەكیان دەستپێكرد لە ژێر ناونیشانی (پشتگیری كردن بۆ باشتركردنی كواڵیتی فێركردن لە قوتابخانەكانی عێراقدا) وە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری بەریتانی (British council) ڕاهێنەری بكرێت و بە دەستەبەركردنی دارایی ڕێكخراوی یونسیف و یەكێتی ئەوروپا. لەژێر ناوی (بنیادنانەوی تواناكانی فێركردنی سەرەتایی و دواناوەندی) بە ئامانجی چاككردنی جۆری لە فێركردن و یەكسانی لە هەلـی كاردا. بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە نەتوانرا بەتەواوی جێبەجێ بكرێت لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كەدەتوانین بڵێن یەكێك لە گرفتەكانی جێبەجێنەكردن شەڕی نەخوازراوی تیرۆر بوو لەگەل (داعش) و قەیرانی دارایی و دەرئەنجامەكانی هەریەكە لە شەڕ و تەنگەژەی ئابووری و ئاوارەبوون هۆكار بوون، سەرەنجام پڕۆژەكە وەك ئەوەی بۆی دانرابوو جێبەجێ نەكرێت و ڕاهێنەرە نێودەوڵەتییەكان گەڕانەوە بۆ بەریتانیا. خۆشبەختانە لەسەرەتای ساڵـی خوێندنی (2017 _2018) دەستكرایەوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە هەرێم و عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕاهێنەری سەركردە ئامادەكران و بەشداری پێكران لە خولـی تایبەتدا بۆ هەریەكە لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایان ئامادەكردنیان بۆ ووتنەوەی خولی تایبەت بۆ سەرجەم سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و ژمارەیەك لە مامۆستایان. لە هەرێمی كوردستان ساڵـی خوێندنی (2017 – 2018 ) قۆناغی كۆتایی پڕۆژەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن كە پڕۆسەیەكی نوێ بوو بەناوی (هەڵسەنگاندنی دەرەكی) كە بەشێوەیەكی ئەزموونی لە (177 ) قوتابخانە ئەنجام درا. لە ساڵی خوێندنی (2018 – 2019 ) پڕۆژەكە لە (654 ) قوتابخانەدا جێبەجێ كرا بەشێوەیەكی پراكتیكی بە گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیكردن و هەڵسەگاندن كە بریتی بوو لە: 1- گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و هێنانەكایەی چەمكی (هاوڕێی ڕەخنەگر– critical friend) 2-ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن لە لایەن لیژنەیەك لە دەرەوەی قوتابخانە، ئاستی جێبەجێكردنی ئەو (25) ستاندارەیە دیاریكراوە بۆ جێبەجێكردنی. پۆڵێنێكی تر كە لە ڕاپۆرتەكەی كۆڕبەندی ئابووریدا هاتووە ئاستی دڵنیایی جۆری (زاست و بیركاری) وەك لە وێنەكەدا دەردەكەوێت دەركەوتن و هاتنەپێشەوەی بۆ لوتكەی ڕیزبەندیەكە لە كۆپی ساڵی (2018 ) ووڵاتانی نوێ و لە ناویاندا وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجیكردنی بنەماكانی دڵنیایی جۆری لە كارگێڕی و پڕۆگرامەكانی هەردوو وانەكە و بەشداریكردنی لە هەڵسەنگاندنە جیهانیەكان بە تایبەت كە تاقیكردنەوەی ئاڕاستەكانی نێودەوڵەتی بەدەستهینانی خوێندن لە بیركای و زانست (TIMSS) كە تاقیكردنەوەیەكی جیهانییە (4 ساڵ) جارێك دەكرێت و لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی كارامەییەكانی پەروەردەیی(of Evaluation the for Association International Achievement Educational ) كە بارەگاكەی لە هۆلەندایە ئەنجام دەدرێت. لە هەنگاویكی تردا وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە هاوكاری ڕێكخراوی (یونیسیف) لە خۆئامادەكردنداین بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی پێوەری (TIMSS) كە لەڕێگەی پسپۆری نێودەوڵەتی پێوەرەكە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێكەوتی (24 /4 ) تاقیكردنەوەیەكی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت كە ژمارەیەك قوتابخانە دیاریكراوە بۆ پۆلی (4) لە وانەكانی بیركاری و زانست بە ئامانجی بەشداریكردن لەو پێوەرەدا، كە هەریەكە لە حكومەت و وەزارەت و پڕۆگرامەكان و هەموو كەسانی پەیوەندیدار دەخاتە ژێر ئەركی بەرپرسیارێتی و بەرزكردنەوەی ئاستی دڵنیایی جۆری لە فێركردندا. ئەمەش پرۆسەیەكی گەورەیە تائێستا چەند هەنگاوێكی بۆ نراوە، بەهیوای ئەوەی ڕۆژێك بێت لە ڕیزبەندی وڵاتاندا جێگەی خۆمان بكەینەوە. سەركۆ یونس مامۆستای ئابووری دلێر مەحمود بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردن
درەو میدیا: لە ئێستادا ململانێی توند هەیە لە نێوان فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەبەغداو بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و لایەنی بەرامبەر كە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدن. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ فراكسیۆنی بەغدادی نەوەی نوێ راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، هیچ پاشەكشەیەك لە هەڵوێیستەكانماندا نیەو فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا (ئارام سەعید ، كاوە عەبدولقادر، راڤۆ، رابون مەعروف، شادی نەوزاد، سیپان ئامێدی، هونەر جاسم ) خۆیان بە خاوەنی نەوەی نوێ دەزانن و گرفتیان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە لە نەوەی نوێ و هیچ باڵێكیش لەناو نەوەی نوێدا بونی نییە و تەنیا نەوەی نوێ هەیە بەرەكەی تر كۆمپانیای نالیایە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد" شاسوار عەبدولواحید نوێنەرایەتی بەرژەوەنییەكانی نالیا دەكات و بە موچەو پارە كۆنترۆڵی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێی كردووەو كە خۆی ماوەیەك لەمەوبەر دوریخستبونەوە بە تۆمەتی سیخوری" لەلایەن خۆشیەوە گوڵاڵە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ " لەگەڵ كاك شاسوار عەبدولواحید كار دەكەین و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا لەگەڵ كاك شاسواردان" ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە روداوی راگەیاندووە" ئێمە وەك زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا رایدەگەیەنین كە ئەنجوومەنەكەمان تاكە دامەزراوە و ئۆرگانی فەرمی جوڵانەوەكەیە، وە دەنگدان لەم ئەنجومەنە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مادەی 13 بڕگەی 7 پێویستی بە نیوە زائید یەكی دەنگەكانی ئەندامەكانی هەیە لە كۆی 13 ئەندام، كە 7 ئەندام دەكات" دەشلێت" ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لە 13 ئەندام پێكهاتووە، ئەوانەی لەگەڵ شاسوار ماون بریتین لە " د. محەممەد رەئووف، دۆستی ئەحمەد، گولاڵە محەممەد، هەوراز زاهیر، یوسرا مەحموود، سنوور ساڵح". لەلایەن خۆشیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لەدوای دوو رۆژ لە بێدەنگی ئەمشەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە ناراستەوخۆ هێرشی كردە سەر ئەوانەی راگەیەنراوێیان بڵاوكردۆتەوەو هەڵوێستیان وەرگرتووەو رایگەیاند: چاوەڕوان بن دوو ڕۆژی تر دێمەوە خزمەتتان هەمووتان دڵنیا بن كە ڕاستگۆیی و ئەخلاقی جوان و دڵپاكی سەردەكەوێت، خۆفرۆشی و نامەردی و نمەكسوێران بێبەهاترین خەڵكانێكن لای كۆمەڵگا"
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان، دەستبەكاربوو. لیژنەكە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا. ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم لیژنەیە لەسەر فەرمانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە دروستكراوەو ئەندامەكانی لیژنەكە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (سەفین مەلاقەرە، مستەفا سەلیم، د. محەمەد شوانی، چۆمان عەلی، د. دەرباز محەمەد، شێخ كامیل پێنجوێنی، ئاكۆ وەهبی، د. سنور قادر كۆكۆیی، لیوا جەلال). ناڕەزایەتی هەیە (درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا ناڕەزایەتی لەسەر میكانیزمی دانانی لیژنەكە دروستبووە. بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەڵێن دەبوو ئەو لیژنەیە لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دروستبكرایە، نەك خانەی راپەڕاندن، بەوپێیەی جڤاتی نیشتمانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا. كاندیدەكان چۆن یەكلادەكرێنەوە ؟ ئەو لیژنەیەی كە دروستكراوە، ئەركەكەی بریتییە لە جیاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانو كەمكردنەوەیان. ئێستا لەسەر ئەركی لیژنەكەش ناكۆكی هەیە، دیارنییە بەدیاریكراوی كاری لیژنەكە چییە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، هەندێك لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكە دەیانەوێت ئەو لیژنەیە ناوی كاندیدی هەموو پۆستەكان لەیەك پاكێجدا یەكلابكاتەوەو پاكێجەكە ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ پەسەندكردنی، واتە لیژنەكە كاندیدی پۆستەكان یەكلابكاتەوەو جڤات تەنها دەنگیان لەسەر بدات. بەڵام لەبەرامبەردا هەندێكی تر لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆران داوا دەكەن، بۆ هەر پۆستێك كە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، لیژنەكە ناوی سێ كاندید دیاری بكاتو جڤاتی نیشتمانی بە دەنگدان یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە یەكلابكاتەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی بدات نەك لیژنەكە، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە ترسیان هەیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كاندیدەكانی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە لیژنەكەدا یەكلابكەنەوە. پشكی گۆڕان لە كابینەی نوێدا رۆژی 18ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد. بەپێی ئەو رێككەوتنە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی لە كابینەی نوێی حكومەتدا زامن كرد، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو بەشەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاونەكردوەتەوە كە تایبەتە بە پشكو پۆستەكان، بەڵام بەپیبَی زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانەی بەدەستەوە دەبێت: • جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی • وەزیری دارایی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • جێگری وەزیری ناوخۆ • بریكاری وەزیری پەروەردە • دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت • 12%ی بەرێوەبەرە گشتیو راوێژكارەكان كاندیدەكانی گۆڕان سەرباری ئەوەی تائێستا بە فەرمی هیچ كاندیدێك بۆ هیچ یەكێك لە پۆستەكان یەكلانەبوەتەوەو سیڤی كاندیدەكانیش رادەستی لیژنە راسپێردراوەكە نەكراوە، بەڵام هەندێك كارەتيكەری سیاسی هەن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان: • پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم: مستەفا سەید قادر • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی: سەردار قادر- دكتۆر دارا • وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد- ئاراس وەلی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی: سێ كەس كاندیدن (دانا عەبدولكەریم لە سلێمانی، برزۆ مەجیدو چالاكی موهەندیس لە هەولێر) • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی: جەلال جەوهەر گۆڕان ناكشێتەوە ! بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان، ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات گۆڕان قایلە بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمو بەهیچ جۆرێك لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ناكشێتەوە. دەستبەكاربوونی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی رێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كە بزوتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە.