وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی فرۆش و داهاتی نەوتی مانگی ئازاری 2018ی راگەیاند: وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری رابردوودا 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوەكردووە و كۆی داهاتەكەشی شەش ملیار و 418 ملیۆن بووە. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كۆمپانیا " سۆمۆ" لە مانگی ئازاردا 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە و داهاتەكەشی( 6 ملیار و 418 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار بووە. (داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئازار 6 ملیار و 418 ملیۆن دۆلارە، بەڵام داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات 5 ملیار و 769 ملیۆن دۆلاربووە واتا داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان مانگی دوو و مانگی سێ ( 649 ملیۆن دۆلار ) زیادی كردووە. بەوتەی جیهاد بە تێكڕا رۆژانەی هەناردەكردنی نەوت لەو مانگەدا گەیشتوەتە سێ ملیۆن و 453 هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلێك بە 59.9 دۆلار فرۆشراوە. جیهاد ئاشكراشیكرد كۆی ئەو بڕە نەوتە لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردەی دەرەوە كراوە و هیچ بڕە نەوتێكی كێڵگەكانی كەركوكیش تۆمارنەكراوە. بیرهێنانەوە/ داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات 5 ملیار و 769 ملیۆن دۆلارە. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی فرۆش و داهاتی نەوتی راگەیاندو كە لەمانگی شوباتدا ( 28 رۆژ ) بڕی ( 95 ملیۆن و 940 هەزارو 404 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەكەشی ( 5 ملیار و 769 ملیۆن و 532 هەزار) دۆلار بووە، كە نرخی بەرمیلێك نەوت ( 60.1) دۆلار بووە، واتا رۆژانە بڕی ( 3 ملیۆن و 426 ) بەرمیلی رەوانەكردووە، بەبێ كەركوك و هەرێمی كوردستان. https://oil.gov.iq/index.php?name=News&file=article&sid=1911
مەحمود زیاب ئەحمەد دواین وەزیری ناوخۆی رژێمی سەدام حسێن كاری ئەندازیاری دەكات لە سودان، مەحمود زیاب ئەحمەد دواین وەزیری ناوخۆی رژێمی سەدام حوسێنیان لە نزیك پرۆژەیەك لە وڵاتی سودان لەگەڵ چەند كرێكارێكی سودانی بڵاوكردوەتەوە. مەحمود زیاب كە لە ( 28/5/2001 – 9/3/2003 وەزیری ناوخۆی عێراق بووە) لە ساڵی 2003 و لەكاتی لێدانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بەردەوام بە كڵاشینكۆڤێكی ئاڵتونیەوە لە تەنیشت محەمەد سەعید سەحاف ( علوج) دەردەكەوت و هەڕەشەی لە هێزە ئەمریكییەكان دەكرد. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە یەكێك بوو لە داواكاراوانەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە 8/8/2003 دەستگیركراوەو لەسەر دۆسیەی هۆڕەكان بۆ ماوەی 7 ساڵ سزادرا، دوای تەواوكردنی ماوەی سزادانەكەی وەزارەتی دادی عێراق لە ڕۆژی 9ی تەمموزی ساڵی 2012 بڕیاری ئازادكردنی دەركرد. مەحمود زیاب هەشتەم بەرپرسی رژێمی سەدامە كە تا ئێستا ئازادكراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 18ی نیسانی ساڵی ڕابردودا هەواڵی ئاازادكردنی محەمەد مەهدی ساڵح وەزیری بازرگانی و حامید یوسف حەمادی وەزیری ڕۆشنبیری و چەند بەپرسێكی تری پێشوی حزبی بەعسی ئاشكراكرد. https://youtu.be/Ujk0qS4Nfqo
كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، رایگەیاند هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 14ی نیسانی داهاتوو دواخرا. تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی غەد پرێس وتی " هۆكاری دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 14ی نیسان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی تەكنیکی كە پەیوەندییان بە كۆمسیۆنەوە هەیە پێشتر كۆمسیۆن 10ی نیسانی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردبوو كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و جگە لە 18 پارێزگاكەی عێراق بنكەی دەنگدان لە 19 وڵاتی دەرەوەش دەكرێتەوە
ئامادەكردن و وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ 12ی ئایاری داهاتووی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەنگدەرانی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق ئەنجومەنێكی نوێ هەڵدەبژێرن كە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ئەركی یاسادانان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەرشان.. وادەی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتێكدا كۆتایی دێت كە چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە و پرۆسەی لێپرسینەوەی چەند وەزیر و لێپرسراوێكیش گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو وەزیری و بەرپرسانە لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوەیان نەخراوەتە دەنگدانەوە، ئەمەش نیگەرانی لێكەتوەتەوە.. لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنەكە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان و كۆتاییهاتنی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاشكراكرد و وتی " خولی یاسادانانی ئێستا رۆژی 30 نیسانی داهاتوو كۆتایی دێت بە پێی دەستور". وتیشی " ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی 30 حوەزیرانی داهاتوو كۆتایی پێدێت". جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا راشیگەیاند لەم ماوەیەی كە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا ماوە دەتوانرێت دانیشتنی ئاسایی یان نائاسایی بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت و وتی" دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بانگەوازدەكات بۆ دانیشتنێك و تێیدا پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسا گرنگانە ئەنجامدەدات كە لە ئەستۆی ئەم خولەی ئەنجومەندایە". یەكێك لەو رەخنانەی كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت تەواونەكردنی پرۆسەی لێپرسیرنەوەی چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادییە، سەبارەت بەو پرسە هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرۆكایەتی بەشێكی دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقی كرد رایگەیاند لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا دەنگ لەسەر متمانە بوون یان نەبوون بە وەڵامی ئەو وەزیرانە دەدرێت كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە.. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكی تەمموزی 2014 یەكەمین دانیشتنی خولی سێیەمی دەستپێكرد و لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا لە زیاتر لە 150 پرۆژە یاسای پەسەندكردووە و لێپرسینەوەشی لە چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای حكومەت كردووە و متمانەشی لە چەند وەزیرێك سەندەوە كە دیارترینیان عەبدولقادر عوبێدی وەزیری بەرگری و هۆشیاری زێباری وەزیری داراییە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن ئاڵۆزییەكانی سەرسنور لەگەڵ بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا تاوتوێدەكات. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا عەبادی رایگەیاندووە كە فەرمان بە هێزەكانی سوپای عێراق دراوە رێگەنەدەن هیچ چەكدارێك لە خاكی عێراقەوە هێرش بكاتە سەر توركیا. عەبادی راشیگەیاندووە" هەموو دەستدرێژییەكی توركیا بۆسەر خاكمان رەتدەكەینەوە".
ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، چەند ژنێكن كە لە ژمارەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كاندیدی ژمارە یەكن و سەرۆكایەتی لیستەكانیان پێسپێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق سەرۆكایەتی لیستێكی دیاریكراو دەكەن گەیشتوەتە حەوت ژن. ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژمونی پیاوان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردن و ركابەری كردن لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەكەدا. هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان بە رەگەزی مێ بەستووە، لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی بتوانن سود لە (كۆتا)ی دیاریكراو بۆ ژنان وەربگرن و زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار: • لە بەغدادی پایتەخت كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە، ژنێك سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، ئەوەش پەرلەمانتار (ماجدە تەمیمی)یە كە سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " سائرون" دەكات و هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە (رەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق و چەند حزبێكی مەدەنی تر). • لە پارێزگای بابل (حەنان فەتلاوی)ی كە لە دوو خولی پێشوودا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، سەرۆكایەتی لیستی " ئیرادە" دەكات. • لە پارێزگای دیوانیە پەرلەمانتار (هودا سەجاد) سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " نەسر" دەكات كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی سەرۆكایەتی دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. كاندیدكردنی ژنان وەك سەرۆكی لیست لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان (چوار) ژن سەرۆكی لیستن: • لە پارێزگای سلێمانی (شلێر عەبدولمەجید) كاندیدی ژمارە یەكی لیستی حزبی شیوعی كوردستانە. • لە پارێزگای دهۆك (ڤیان سەبری) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە. • لە كەركوك (جوان حەسەن) سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە. • لە هەولێر (تانیا تاهیر) سەرۆكی لیستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە. دانان و دیاریكردنی كاندیدی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا ناكۆكی گەورەی لە نێو قەوارە و هاوپەیمانێتییەكاندا لێكەوتەوە، چونكە كاندیدەكان بڕوایان وایە بەدەستهێنانی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا سەركەوتنیان لە هەڵبژاردندا مسۆگەر دەكات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەندە بە هەڵوێستی دەنگدەران و ئارەزویان لە دەنگداندا.. بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق: • (6 هەزارو 904) پاڵێوراو هەن • پاڵێوراوەكان لەلایەن (25) هاوپەیمانێتی و (63) قەوارەی سیاسییەوە كاندیدكراون • كاندیدكراوەكان كێبركێی دەكەن لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەو هەڵبژاردنەدا ( 24.033.494 ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە كۆی ( 38.354.563 ) كەس لە ژمارەی دانیشتوانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ( 3.266.092 ) دەنگدەر زیادی كردووە، كە لە دایكبوانی ( 1997 ، 1998 ، 1999، 2000 )ە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ( 329 ) ئەندام پێكهاتووە ، ( 320 ) ئەندامی گشتی و ( 9 ) ئەندامی كۆتا كە ( 5 ئەندامی مەسیحی ) و ( 1 ئەندامی ئێزدیی ) و ( 1 ئەندامی شەبەك ) و ( 1 ئەندامی سابیئە) و ( 1 ئەندامی كوردی فەیلی) . كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش بوون بەغداد 69 كورسی و 2 كورسی مەسیحی + سائیبی نەینەوا 31 كورسی و 3 كورسی مەسیحی + ئێزدی+ شەبەك بەسرە 25 كورسی زیفار 19 كورسی سلێمانی 18 كورسی بابل 17 كورسی ئەنبار 15 كورسی هەولێر 15 كورسی و 1 كورسی مەسیحی دیالە 14 كورسی سەڵاحەدین 12 كورسی كەركوك 12 كورسی و 1 كورسی مەسیحی نەجەف 12 كورسی واست 11 كورسی و 1 كورسی فەیلی كەربەلا 11 كورسی دیوانیە 10كورسی دهۆك 11 كورسی و 1 كورسی مەسیحی میسان 11 كورسی موسەنا 7 كورسی