Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت وەزیری نەوتی عێراق لە ئەمریكایەو نەشتەرگەیی قەستەرەی دڵی بۆ كراوە، لە بەغداد پەرلەمانتارانی سەربە حزبەكەی خۆی (دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی) هەوڵەكانیان بۆ پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لێی چڕكردوەتەوە، حەیان عەبدولغەنی هەر لەناو حزبەكەی خۆی نا، لەلای حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش خۆشەویست نییە، تەنانەت كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكاش لێی ناڕازین. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  پرساندنی وەزیری نەوت ئەحمەد سەلال بەدری پەرلەمانی عێراق لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، قۆناغی داهاتوو چەند پرۆسەیەكی پرساندنی وەزیرەكان لەژێر چەتری پەرلەماندا بەخۆوە دەبینێت. بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارەی سەربە نوری مالیكی، یەكەمین وەزیر كە رووبەڕووی پرساندنی پەرلەمان دەبێتەوە (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوتە. حەیان عەبدولغەنی لەسەر پشكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پۆستی وەزیری نەوتی وەرگرتووە، قسەكردن لەبارەی پرساندنی ئەم وەزیرە لەلایەن پەرلەمانتارێكی سەربە دەوڵەتی یاسا، لەكاتێكدایە ئێستا وەزیری نەوت بەسەردانێك لە ئەمریكایەو لەوێ دۆخی تەندروستی تێكچووەو قەستەرەی دڵی بۆ كراوە.  لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی محەمەد شیاع سودانییەوە (ئۆكتۆبەری 2022)، مالیكی لە حەیان عەبدولغەنی بەگومانەوەو فشار دەكات بۆ ناچاركردنی بە دەستلەكاركێشانەوە، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا زیاتر لە سێ جار هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكراوەتەوەو حەیان عەبدولغەنی رەتیكردوەتەوە، دواینجار رۆژی 28ی ئابی رابردوو بوو كە وەزارەتی نەوت دەنگۆیەكی تری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكەی رەتكردەوە.  لەسەرەتاوە هۆكاری فشارەكانی نوری مالیكی بۆ گۆڕینی وەزیری نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێندرایەوە، گوایا حەیان عەبدولغەنی كەوتووە بەلای (قەیس خەزعەلی) ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت رایی دەكات، هەندێكی تریش باسیان لەوە دەكرد كەسە نزیكەكانی مالیكی لەوانە (یاسر سخێڵ)و (سنێد) هەر لەسەرەتاوە وەزارەتی نەوتیان كردووە بە مەزادخانە بۆ دامەزراندن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و دەستوەردانیان لە پشكە داراییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"دا كردووە، ئەمە چەند جارێك وەزیری نەوتی وا لێكردووە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات.  بەپێی قسەی ئەحمەد بەدری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، مانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی كە ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامە، كاری لە لایەنی چاودێریی پەرلەمان كردووە، بەتایبەتیش لە دۆسیەی پرساندنی وەزیرەكانی حكومەتدا، بۆیە داوا دەكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات.  دەوڵەتی یاسا زۆر بە پەلەیە بۆ پرساندنی وەزیری نەوت، چونكە پرساندن سەردەكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان، (زورغام مالیكی) كە پەرلەمانتارێكی تری ئیئتلافی دەوڵەتی یاسایە، دۆسیەی بۆ وەزیری نەوت كۆكردوەتەوەو بە ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتاریشەوە داواكاری بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەبارەت بە پرساندنی حەیان عەبدولغەنی بەرزكردوەتەوە.  دەوڵەتی یاسا زیاتر لە (60) ئیمزت بۆ پرساندنی وەزیری نەوت كۆكردوەتەوە، هاوكات ئیمزا بۆ میوانداریكردنی وەزیری گەیاندن و سەرۆكی ژمارەیەك لە دەستەكان كۆكراوەتەوە. پرساندن یان گۆڕانكاری وزاریی؟ فشاری پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بۆ پرساندنی وەزیری نەوت لەكاتێكدایە، جارێكی تر قسەوباس لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (كوتلەی گەورەی شیعەكان لەناو پەرلەمان) دەستیپێكردووە سەبارەت بە پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاریی لە كابینەی سودانی.  موختار موسەوی یەكێك لە پەرلەمانتارانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران تیم و لیژنەی پیشەیی خۆی هەیە بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێری كاری سەرجەم وەزیرەكان، سەرباری ئەمە خۆشی بە تایبەتی چاودێری كاری وەزیرەكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا وەزارەتەكان تا چ ئەندازەیەك بەرنامەی حكومەتیان جێبەجێ كردووە.  وەكو ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ كردووە، سەرباری هەڵسەنگاندنە تایبەتەكەی سودانی خۆی، پەرلەمانیش هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ وەزیرەكان هەیەو ئەمە دەبێت بە بنەمای هەڵسەنگاندن و ئەنجامدانی گۆڕانكارییە وزارییە چاوەڕوانكراوەكە.  "راپۆرتەكانی چاودێری كاری وەزیرەكان، پیشەییەو هیچ بەئامانجگرتنێكی سیاسی تێدا نییە، سودانی خۆشی وەزیرە باشەكان و ئەوانەشیان كە كەمتەرخەمن لە كارەكەیاندا دەناسێت، بۆیە لە گۆڕینی هەر وەزیرێكدا خۆی سەرپشكە" موسەوی وا دەڵێ. پێشتر سودانی خۆشی جارێك ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری كرد، كاتێك وتی: بەڕوونی لەگەڵ وەزیرەكان قسەم كردووە لەبارەی هەڵسەنگاندنی كارەكانیان، دەستور دەسەڵاتی ئەوەی بە سەرۆك وەزیران بەخشیوە وەزیری كەمتەرخەم لەكارەكەی ببەخشێت، بۆیە دەمەوێت گۆڕانكاری وزاریی ئەنجام بدەم و بۆ ئەمەش كاتێكی گونجاو دیاری دەكەم. ئەوانەی لە بۆسەدان بۆ وەزیرەكان، خوازیارن لەم چەند مانگەدا سودانی گۆڕانكارییە وزارییەكەی بكات، پێیانوایە دەبوو گۆڕانكاریی وزاریی ساڵی رابردوو بكرایە، واتا دوای 6 مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، لەمەشدا تەمەنی حكومەتەكەی سودانی لە كانونی یەكەمی 2022وە ئەژمار دەكەن كە بەرنامە حكومییەكەی پەرلەمان پەسەندكراوە، نەك وادەی وەرگرتنی ئەركەكەی لە ئۆكتۆبەری 2022دا.  هەندێك لە لایەنە شیعەكان دەڵێن بەهانەی سودانی بۆ دواخستنی گۆڕانكاری وزاری ئەوە بووە گوایە وەزیرەكان بودجەیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان، بەڵام حوزەیرانی 2023 یاسای بودجەی سێ ساڵی پەسەندكراوەو دەبوایە لەدوای 6 مانگ و بە دیاریكراوی لەسەرەتا ئەمساڵدا سودانی لەبەر رۆشنایی هەڵسەنگاندنی بۆ كاری وەزیرەكان، گۆڕانكاری وزاریی بكردایە.  كوردو حەیان عەبدولغەنی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت تەنیا لەلایەن ئیئتیلافەكەی خۆیەوە (دەوڵەتی یاسا) رووبەڕووی فشار نەبوەتەوە، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش لە مامەڵەی ئەم پیاوە ناڕازین. لەسەردەمی ئەم وەزیرەداو لە دیاریكراوی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، ئەمەش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی كۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی بەغداد، لەسەر ئەم سكاڵایە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریداو ئەمە توركیای ناچاركرد هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، لەوكاتەوە ئیتر حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتی خۆی لەدەستداو ئەمە ناچاری كرد لە بودجەی 2023دا مل بدات بۆ رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتیی خۆی بەشێوەی كاش بە بەغداد، تەنیا لەبەرامبەر زامنكردنی موچەی موچەخۆرانیدا. لەماوەی رابردوودا، چەند جارێك كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم نامەی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە سەبارەت بە راوەستانی هەناردەی نەوت، لەسەر ئەم بابەتە ئەمریكییەكان چەند جارێك داوایان لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بكات لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام تائێستا هەموو گفتوگۆكان بێ ئاكام بوون.  بەر لە سەردانی ئەمدواییەی حەیان عەبدولغەنی بۆ ئەمریكا، ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا نامەیەكیان ئاڕاستەی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد، تێیدا حەیان عەبدولغەنییان تۆمەتباركرد بەوەی تێوەگلاوە لە یارمەتیدانی ئێران لە خۆدزینەوەی لە سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش لەرێگەی تێكەڵكردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق لە دەریادا. ئەم نامەی كۆنگرێسمانەكان وەزارەتی نەوتی عێراقی ناچاركرد رونكردنەوەیەك بۆ رەتكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتانە بڵاوبكاتەوە، كە لە نامەكەدا بۆ بایدن نوسرا بوو.  حەیان عەبدولغەنی كێیە ؟ ناوی تەواوەتیی (حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە)یە، لەدایكبووی 1958ی بەسرەیە، ساڵی 1979 بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میكانیكی لە زانكۆی بەسرە بەدەستهێناوە، دواترو لە هەمان زانكۆ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی میكانیزی بەدەستهێناوە.  بەر لەوەی پۆستی وەزیری نەوت وەربگرێت، حەیان عەبدولغەنی ئەم پۆستانەی بەدەستەوە بووە:  •    بەڕێوەبەری بەشی دیزاین لە كۆمپانیای نەوتی باشوری (ساڵی 2000) •    بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان لە كۆمپانیای نەوتی باشور (2008- 2003) •    بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان، بریكاری یەكەمی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باشور (2012- 2008) •    یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مۆڵەتپێدان، بریكاری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور ( 2012- 2015) •    بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور (2015- 2017) •    بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای غازی باشور و سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە (2017) •    سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیدارەی كۆمپانیای غازی بەسرە (2017)


د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد شیاع سودانی كە حكومەتی چوارچێوەی شیعییە، مانگێكی دی پێ دەنێتە كۆتا ساڵی تەمەنی دەستوریی خۆی، كەچی بەشێوەیەكی پێشوەختەو بەر لە گەیشتن بە ئۆكتۆبەری 2025 گیرۆدەی چەند دۆسیەیەكی هەستیارو ئاڵۆز بووە كە شەقامی سیاسی و میدیایی عێراقی بەگەرمی سەرقاڵ كردووە. دیارترین ئەو دۆسیانەیش سیخوڕیكردن بەسەر بەرپرسان و لێكەوتەو درێژكراوەكانی "دزیی سەدە"یە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، ڕكابەرانی سودانی لەوانەش مالیكی دەیانەوێت ئەمە بقۆزنەوە بۆ ناچاركردنی حكومەت بە دەستلەكاركێشانەوە یان سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەدوا دەركەوتنیشیدا (8ی سێبتەمبەر) سەرۆك وەزیران بەرگری لە حكومەتەكەی كردو هێمای بۆ ئەوە كرد، لە دەرەوەی هێزە شیعەكانیش بنكەی سیاسیی ئەو "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت"ە كە هیی نوێنەرانی هەر سێ پێكهاتەكەی عێراقە.  ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئەو پەرەسەندنانەو، لێكەوتە گریمانكراوەكانی لەسەر دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ بكات. تۆڕی سیخوڕیكردن لەسەر مۆبایلی بەرپرسان بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەكان بەمدواییانە تۆڕێكی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا دەستگیر كراون؛ هەندێك لەوانەیش پلەیان ئەفسەرە. تۆڕەكە گوێیان لە مۆبایلی بەرپرسان گرتووەو سیخوڕییان كردووە بەسەریانەوە؛ بەوەیش تۆمەتبارن كە لەپشتەوە سوپای ئەلیكترۆنییان هەیە بۆ هەراسانكردن و دزەپێكردنی زانیاریی تایبەت. لە پەنا ئەوەیشدا هەڕەشە لە كەسایەتییەكان دەكەن كە دەبێت ملكەچیان بن ئەگەرنا نهێنییەكانیان ئاشكرا دەكەن. سەرۆكی تۆڕەكەش كەسێكە بە ناوی "محەمەد جوحی" كە جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئۆفیسی سەرۆك وەزیران، محەمەد شیاع سودانییەو سكرتێری تیمی حكومەت و بەرپرسی پەیوەندیكردنە لەگەڵ پەرلەمانتاران[1].  ئەو زانیارییانەی لەناوەندی سیاسیدا بڵاوە، ئاماژە بەوە دەكەن، ئامانجی ئەم تۆڕە بە پلەی یەكەم، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی "فایەق زێدان"و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی باڵای شیعە بووە[2]؛ جگە لە زێدانیش ئەوانەی كراونەتە ئامانج لە سیخوڕییە ئەلیكترۆنییەكە، بریتین لە: نوری مالیكی و یاسر سخێلی زاوای و بریكارە بازرگانییەكەی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی، محەمەد حەلبوسی، حەیدەر عەبادی، هەروەها كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی و ڕاوێژكارو بەرپرسی دیكەی ئەمنی[3]. ژمارەیەك لە ئەندامەكانی تۆڕەكەیش فەرمانبەری ئۆفیسی سودانی و ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی عێراقن، لەوانەش: عەبدولكەریم سودانی، سكرتێری سەربازیی سەرۆك وەزیران، خالید یەعقوبی، ڕاوێژكاری ئەمنیی سودانی، ئەحمەد سودانی خزمی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەوەكالەت، لەگەڵ 11 كەسی تەكنیكی لە دەزگای هەواڵگری كە سەر بە هۆبەی مۆنیتەرینگی هونەرین لە دەزگای هەواڵگریی عێراقی، لەگەڵ وێنەگرێكیش لە ئەنجومەنی وەزیران؛ سەرجەمیان تواناو ئامێرەكانی دەزگای هەواڵگرییان لە كارەكەیان بەكار هێناوە[4]، بەتایبەت ئەپی تایبەت بە گوێگرتن كە لە بنەڕەتدا پێویستی بە فەرمانی دادگا هەیە. ئەوەش بڵاوە، كە ئاشكرابوونی تۆڕەكە بەهۆی هەڵەی تەكنیكیی یەكێك لە ئەندامەكانییەوە بووە. دەنگدانەوەی ئەم هەواڵە كە لە هەندێك میدیا پێی دەوترێت "سودانی- گێت" وەك ئاماژەیەك بۆ "ریسوایی واترگێت"ی ئەمریكا (1968) كە "ڕیچارد نیكسۆن"ی لە كورسیی سەرۆكایەتیی ئەمریكا داگرت، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەچڕی خستوەتە خانەی تۆمەتباركردن و، لەگەڵ بنكە سیاسییەكەی كە هێزە شیعەكانن توشی كێشەی كردووە. ئەگەری ئەوەش هەیە لێكەوتەی ئەمە درێژ ببێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی و هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی دەكەن وەك دامەزراوەیەكی ئەمنیی عێراقی، لەپێش هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؛ چونكە "مایكل نایتس" كە توێژەرێكی دێرینی "پەیمانگای واشنتۆن"ە، لە وتارێكدا باسی لەوە كردووە كە، ئەوەی ئاشكرا بووە "تەقینەوەی گەندەڵی سیاسییە لە باشترین دەزگای هەواڵگریی عێراقیدا كە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاڕاستە كراوە". ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە پێشهاتەكە ئەوە دەخوازێت ئەمریكا پرۆسەی زانیاریگۆڕینەوەی خۆی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری هەموار بكاتەوە؛ ئەگەریش ئەوە سەلمێنرا كە سودانی ئاگادار بووە یان لەگەڵ بزوتنەوەی عەسائیب كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، هەماهەنگیی هەبووە بۆ سیخوڕییەكە، ئەوە "پێویستە ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لە سودانی بگۆڕێت"[5]. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە بزوتنەوەی عەسائیب لەئێستادا هەڵمەتێكی میدیایی لە دژی نوسینگەی سەرۆك وەزیران بەڕێوە دەبەن و پەرلەمانتارێكی ئەم حزبە (عەلی جەمالی) لە میدیای فەرمیی عەسائیبەوە باسی لەوە كردووە، گوێگرتن لە مۆبایلی بەرپرسان مەرجەعە ئایینییەكان و باڵیۆزخانەی ئێرانیشی گرتووەتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش كردووەتەوە سیخوڕییەكە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە ئاڕاستە كراوەو درۆنیشی تێدا بەكار هاتووە[6]. بەپێی ئاماژەكانی میدیای عەسائیب بێت، ئەمینداری حزبەكە (قەیس خەزعەلی) نیگەران و قەڵسە لە سودانی، چونكە پێیانوایە ئەوان ڕێگەیان خۆش كردووە ببێتە سەرۆك وەزیران، كەچی ئێستا تیمەكانی، سیخوڕییان بەسەرەوە دەكەن! لەماوەی چەند ڕۆژێكی كەمیشدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق "ئیلینا رۆمانۆڤسكی" جگە لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی كەوت (حەكیم و مالیكی و عەبادی)[7]. یەكانگیربوونی وادەی دیدارەكانیش لەگەڵ ئەم قەیرانە، دەشێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەم دۆسیەیەو لێكەوتەكانی ئاشكرابوونی دۆسیەی تری گەورەی گەندەڵی بێت.  دەزگای هەواڵگریی عێراق كە لە بازنەی تۆمەتباركردندایە، لە بەیاننامەیەكدا پاكانە بۆ خۆی دەكات و هەڕەشەی پەنابردنە بەر تۆماركردنی سكاڵای كردووە[8].  لایخۆیشییەوە "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی "چوارچێوەی شیعی"دا "چووەتە ژێر باری لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بسەلمێنرێت کەمتەرخەم بووە"[9]. بەڵام هیچ لەمانە ئەو ڕاستییە ناگۆڕن كە ئەم دۆسیەیە كاریگەریی زۆری لەسەر پێشڕەویی سودانی و حكومەتەكەی داناوە، بە بەڵگەی تۆنی توندی بەیاننامەكانی حكومەت و حزبەكەی سودانی (تیار الفراتین) كە میدیاكان بە گەورەكردنی دۆسیەكە تۆمەتبار دەكەن؛ هەروەها هەندێك زانیاریی تایبەتیش باس لەوە دەكەن كێشەو بێنەوبڕۆی زۆر ڕوویداوە لە رادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكیی دۆسیەی تۆڕی گوێگرتنەكە (محەمەد جوحی) لەلایەن ئۆفیسی سودانییەوە[10]. هەندێك لە ڕاوێژكارەكان نایشارنەوە كە "گروپێك لە فەرمانبەرانی سەرۆك وەزیران، دەشێت گروپێكی فشاریان دروستكردبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە زیادەڕۆیی ڕوویدابێت، بەڵام بەبێ ئاگاداریی سەرەوە[11]. هەر ئەمەش بەسە ببێتە چەكێك بەدەست ركابەرەكانی سودانییەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت كە گروپەكە لەناو لوتكەی هەڕەمی دەوڵەت و لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندان. هەراوزەنای سەرۆكی دەستپاكیی عێراق لە هەولێر هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی دۆسیەی "سیخوڕیكردن"، ڕۆژی 4ی سێپتەمبەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، حەیدەر حەنون، لە شاری هەولێرو لە سەروبەندی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی هەرێم، كۆمەڵێك بۆمبی میدیایی تەقاندەوە؛ بەشێك لەوانەش درێژكراوەی ئەوەیە كە پێی دەوترێت "دزیی سەدە"و بردنی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) پارەی سپاردەی باجی كۆمپانیا بیانییەكان. حەنون بەتوڕەیی و هەڵچوونی زۆرەوە باسی لەوە كرد، هەڕەشەی لەسەرەو  كۆمەڵێك كەیسیشی ئاشكرا كرد لەوانە: -    نور زوهێر كە تۆمەتباری سەرەكیی "دزیی سەدە"یە، 114 چەكی بانكیی تەزویر كردووە؛ لە ڕێگەی هەر چەكێكیشەوە بڕێك پارەی "سپاردەكانی باج"ی لاداوە بۆ خۆی. دەبوو لە لێكۆڵینەوەكاندا 114 ماددەی یاسایی بۆ بكرێتەوە، كەچی لە دادگای دەستپاكی، تەنیا یەك تۆمەتی ئاڕاستە كراوە؛ ئەو 113 دۆسیەكەی تری لەلایەن دادوەری دەستپاكییەوە كە ناوی "زیا جەعفەر"ە، فەرامۆش كراوە! سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی لە كاتێكدا كە توڕەیی لێدەباری، ئەوەشی دركاند كە لە سەردەمی حكومەتی كازمیدا ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای فیدراڵی هەر یەك 600 مەتر زەوییان وەرگرتووە؛ ئامانج لەمەش "بۆ كڕینی پاڵپشتییان" بووە. -    نور زوهێر 724 دۆنم زەویی لە شەتولعەرەب بردووە كە موڵكی وەزارەتی دارایین و بەهایەكی بەرزیان هەیە. ئەم زەوییانە بەناوی خوازراوەوە تۆمار كراون، پاشان كراون بە موڵكی زوهێر (دۆسیەی 2175/ ق/ 1/ 2023). سەرباری دەرچوونی فەرمانی گرتنیشی، كەچی ناوبراو لە بەسرەوە براوە بۆ بەغدا، لەوێیشەوە بزر بووە! ئێستاش لە دوبەی و لوبنان دەردەكەوێت و لە دەرەوەی عێراق دەژی. -     لە دۆسیەی ژمارە 1293ی دەستپاكیشدا "نور زوهێر" تۆمەتباری یەكەمە لە بردنی سپاردەكانی باج، كەچی چاوپۆشیی لێ كراوە. زیاتر لە 30 تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە هەن، كەچی چارەنوسی دۆسیەكان نادیارن و نازانرێت بۆ دادگەیی ناكرێن؟! -    گرێبەستێك لەگەڵ نور زوهێر كراوە بۆ ڕاكێشانی هیڵی ئاسن لە عێراق بایی 18 ملیار دۆلارە. ئەوەی گرێبەستی كردووە لەگەڵی، بەڕێوەبەرێكی گشتییە. دەستەی دەستپاكیی، ئەمەی ڕەوانەی دادگا كردووە، بەڵام لەوێش بێدەنگیی لێ كراوە[12]. لە وەڵامی ئەم دۆسیە ئاشكراكردنانەی حەنون و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا كە دیارە بەمەبەست دەرەوەی بەغدای هەڵبژارد بۆ سازكردنی (هەولێر)، راوێژكاری سیاسیی سەرۆك وەزیران، "فادی شەممەری"، دانی بەوەدا نا  "هەرچەندە نور زوهێر لە دۆسیەیەکی گەورەدا تۆمەتبارە، بەڵام هێشتا بەئازادی و بەناوی کۆمپانیاو ناونیشانی جیاوازەوە بەردەوامە لە كاركردن." لەبارەی گەندەڵییەكانی پڕۆژەی هێڵی ئاسنیشەوە راوێژكارەكەی سودانی باسی لەوە كرد، ئەوە دەرفەتێکی وەبەرهێنانە بۆ گۆڕینی هێڵی ئاسنی ئێستای عێراق بۆ شەمەندەفەری خێرا. سەرۆک وەزیران لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە (2023) هەنگاوی ناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە؛ لە مانگی تەممووزی رابردووشدا فەرمانی داوە بەتەواوەتی پرۆژەکە رابگیرێت و، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەمەندەفەرەکەش رەوانەی دادگای دەستپاکی کراوە[13]. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نزیك لە سودانی، ناوبراو هەوڵیداوە سەرۆكی دەستپاكیی پەشیمان بكاتەوە لە كۆنگرەكەی و، ڕازی نەبووە لەسەر دەركەوتنی، بەڵام سەركەوتوو نەبووە[14]. ئەوانەشی لەگەڵ سەرۆك وەزیران كار دەكەن، جەخت لەوە دەكەنەوە "كارەكەی حەنون هەڵەیەو سودانی پێی ڕازی نییە؛ نەدەبوو لە هەولێر كاری وا بكات"[15]. بەڵام پەرلەمانتارێكی دیاری عەسائیب جەخت دەكاتەوە كۆنگرەكەی حەیدەر حەنون لە هەولێر بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسیەی سیخوڕی و گوێگرتنە تەلەفۆنییەكە بووە؛ هەڵچوونەكانیش دروستكراو و بەرنامەبۆداڕێژراو و كاری هەندێك لە ڕاوێژكارانی سودانییە بۆ شاردنەوەی دۆسیە هەستیارەكەی تۆڕە سیخوڕییەكەی ناو سەرۆكایەتیی وەزیران[16]. لەبەرامبەر ئەو فشارانەش کە لەسەر حكومەتەكەی هەن، سودانی لە وتارێكی تۆماركراودا (8ی سێبتەمبەر) بەتوڕەیی جەختی لەوە كردەوە ڕكابەرەكانی چەند شتێك بەكاردەهێنن لەبەرامبەری؛ تەشویش، خۆڵلەچاوكردن، چەواشەكاریی، تۆمەتباركردن و چاوپۆشی لە گەندەڵی بەكار دەهێنن، هەوڵیدا پێش لایەنە شیعەكانیش بكەوێت بە داواكردنی هەموار لە كابینەكەی بێئەوەی بچێتە وردەكارییەوەو داوای لە پەرلەمانیش كرد، سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت. ئەگەرو پێشهات و سیناریۆ بەردەستەكان لە پاش گەورەبوون و دەنگدانەوەی هەردوو دۆسیەی "گوێگرتن لە پەیوەندییەكانی بەرپرسان"، ئاشكرابوونی چەند دۆسیەیەكی تری گەندەڵی، لەوانەش 18 ملیار دۆلاری هیڵی شەمەندەفەرو تێوەگلانی سیستەمی دادوەریی لە وەرگرتنی زەویی 600 مەتری، چەند ئەگەرو پێشهاتێك ڕووبەڕووی دۆخە سیاسییەكە بوونەتەوە كە دیاترینیان ئەمانەن: 1-    هەرەسی سیستەمە سیاسییەكە: بەپێی هەندێك سەرچاوە، چوارچێوەی شیعی بەكردەیی ترسی ئەوەیان هەیە كەڵەكەبوونی ئەم دۆسیانە ببێتە هۆی هەرەسی سیستەمی سیاسیی عێراق[17]، بەتایبەت كە دەركەوت جگە لە حكومەت، دەسەڵاتی دادوەرییش چوونەتە بازنەی تۆمەتەوە بە چاوپۆشی لە گەندەڵكاران و وەرگرتنی زەویی گرانبایی. لەئێستادا ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك بەدوور دەزانرێت چونكە سەرجەم لایەنە تۆمەتبارو پەیوەندیدارەكانی حوكمڕانی، ئەزمونیان هەیە لە گۆڕینەوەی بەرژەوەندی و بێدەنگیكردن لە یەكتر. ئەگەر بەر لەم قەیرانانەی ئێستاش نەگرن كە دووچاریان بووەتەوە، ئەوكات هێزی تری وەك موقتەدا سەدرو ڕەوتەكەی، هەوڵ دەدەن ببنە جێگرەوەی هێزە شیعەكانی ئێستاو هەوڵدەدەن حوكمڕانییەكی تاكڕەو لە عێراق بەرپابكەن.  2-    مەرگی بنەماكانی دەوڵەتداری: بەهۆی گەورەیی و قورسیی دۆسیەكان و بێدەنگمانەوەی لایەنە پەیوەندیدارە سەرەكییەكانەوە، بۆچونێك هەیە پێیوایە لەمە بەدوا قۆناغی "مەرگی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی نا- دەوڵەت" دەستپێدەكات[18]. لەم قۆناغە گریمانكراوەدا دەستەو گروپ و تاقمەكان، دەست بەسەر تواناكانی دەوڵەتدا دەگرن؛ بەهێزەكان لاوازەكان پەراوێز دەخەن و پێشڕەوییش بۆ ئەوانە دەبێت كە پێگەو چەك و پارەیان زیاترە. ئەم سیناریۆیەش زیاتر لە ئەزمونی لیبیاو سوریاو لوبنان دەچێت و تێیدا دەوڵەت لە پرۆژەیەكی كۆكەرەوەی ناوەندییەوە، دەبێتە چەند جەمسەرێكی كاریگەری ڕكابەر كە دەوڵەت و بەڕێوەبردن لە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی بەتاڵ دەكەنەوە. ئەم ئەگەرە بۆ تەقینەوەی جەماوەری یان قۆستنەوەی لەلایەن هێزی ڕكابەرەوە مەترسیدارە؛ لەمەشدا چاوەكان و ئاماژەكان هەر لەسەر ڕەوتی سەدرن. 3-    گۆڕانی هاوكێشەی هێز لەنێوان سودانی و مالیكی دوو سەرەكیترین ڕكابەری نێو چوارچێوەی شیعیی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و باڵە جیابووەوەكەی حزبی دەعوەن كە ڕەوتەكەی سودانییە، چونكە هەردووكیان بنكەیان هاوبەشەو دەنگدەرەكانیان خەڵكی ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتن. لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی ئەم دواییەش عەسائیب لە سودانی كەوتوونەتە تەقەو پشتیوانیی جارانی ناكەن و بگرە هەڵمەتیشی دەكەنە سەر. لە سایەی ئەم دۆخەشدا ئەگەری زاڵ ئەوەیە، گروپی مالیكی و ڕكابەرەكانی تری سودانی ئەم دەرفەتانە بقۆزنەوە بۆ لاوازكردنی ناوبراو و سەپاندنی كۆتوبەندی زیاتر بەسەریدا، بەتایبەت پاش ئاشكرابوونی تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە عەشیرەتی سودانی لە دۆسیەی "گوێگرتنی مۆبایل". ئەمەش بەڕوونی لە هەندێك لێدوانی بەرپرسانی هاوپەیمانییەكەی مالیكیدا ئاماژەی پێكراوە كە حكومەتی ئێستا شكستخواردووە[19]؛ هەمان شتیش لە گوتاری فەرمیی عەسائیبدا هەیە. 4-    ئاوابوونی خۆری سودانی: لە چەند مانگی رابردوودا ئەستێرەگەشەی ئاسمانی سیاسی لە عێراق كەسایەتیی سەرۆك وەزیران و پرۆژە ئاواكارییەكانی بوو لە بەغدای پایتەخت (پردو شاری نیشتەجێبوون و میترۆ و هتد)[20]، بەڵام لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و تەقینەوەی لە فەزای میدیاییدا، باوەڕی زاڵ ئەوەیە كە سودانی باجی گەورەی قەیرانەكان بدات و لانی كەم بێبەش بێت لە ویلایەتی دووەم. لەئێستایشدا چارەنوسی سودانی پرسیاری سەرەكی و گەورەی قۆناغەكەیە، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەوەش ئاشكرا بووە كە جگە لە مالیكی، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب، دژایەتیی دەكات. هۆكاری ئەمەش دۆسیەی سیخوڕیكردنەكەیە، چونكە عەسائیب پێیانوایە بە ئاگاداریی سودانی خۆی بووەو درۆنی ئەمریكاش تێیدا بەشدار بووە[21]؛ بەڵام ڕاوێژكارەكانی سودانی جەخت لەوە دەكەنەوە مەسەلەكە "خراپ لەیەكگەیشتنەو دەڕەوێتەوە”[22]. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك دۆسیەی تر هەن، دەكرێت ببنە هۆی لاوازكردنی سودانی، لەوانەش: دابەزینی نرخی نەوتی عێراق بۆ خوار 70 دۆلار/ بەرمیل؛ لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەمەشدا شارەزایانی ئابوری پێیانوایە لە ماوەی دوو مانگدا دواكەوتنی موچەی بەدوادا دێت (مانگانە 7.5 ترلیۆن دیناری پێوستە) چونكە هەناردە كەمبووەتەوە بۆ ڕۆژانەی 3.3 ملیۆن بەرمیل و لە داهاتەكەشی (9 ترلیۆن دینار) موچەو كرێی كۆمپانیاكان و پارەی كۆبوونی خۆراك دابین دەكرێت و، ئەو بڕە پارەیە بەشی ئەمانە ناكات[23]. 5-    گەڕانەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین پێنجەم ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەری و گەنجانەكانی تشرینی لەسەر دەرگایە كە داوای گۆڕینی سیستەمی دەكردو كوژراو و برینداری زۆری لێكەوتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك هۆشداری باس لەوە دەكەن سەرهەڵدانی "دووەم تشرین" لە 2024دا ئەگەری زۆرە؛ ئەمەش دەدەنە پاڵ زانیاریی هەواڵگری و راپۆرتی ئەمنیی[24]. ئەوەشی پشتیوانی ئەم ئەگەرەیە، دەركەوتنی ئەم دۆسیانەی گەندەڵی و، هەروەها هەڕەشەی گەنجان و بێكارەكانی شاری بەسرەیە كە تشرین دووبارە دەكەنەوە[25]. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا، گرژی و برینداربوون و پەلاماردانی تێكەوت [26]؛ ئەمەش لە تشرینی 2019 دەچوو. ئەوانەی باس لە سیناریۆی تشرینێكی تر دەكەن كە سیستەمی سیاسیی هێنایە لەرزە، باس لەوەش دەكەن وڵاتانێك پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەن و لەئێستاوە كۆمەكی پەیج و چالاكییەكانیان دەكەن[27]. نوێنەرانی كۆمەڵێك چالاكی مەدەنیش لای خۆیانەوە سەرقاڵی تاوتوێكردنی چۆنێتیی زیندووكردنەوەی ساڵیادەكەن، كە دەشێت بە خۆپیشاندان و مانگرتن بێت[28]، بەڵام لایەنی حكومی پێیوایە ئەم هۆشدارییانە زیاتر بۆ ترساندن و گەورەكردنی میدیاییە، ئەگەرنا هیچ مەترسییەكی گەڕانەوەی تشرین لە گۆڕێ نییەو زەمینەكەی لەبار نییە[29]. لە حاڵەتی گەڕانەوەی تشرینیشدا زەقترین یادەوەریی جگە لە كوشتن و بڕین، كەوتنی حكومەتی عەبدولمەهدی بوو لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و، ئەمەش ئەگەرێكە لە بەردەم حكومەتی سودانی. 6-    كپكردنەوەی گرژییەكان بەشێوەی كاتیی ئەم سیناریۆیە كە زیاتر ڕێتێچووە، هێوركردنەوەی گرژییەكانی چەند هەفتەی ڕابردووە تا ئەو كاتەی شێوازی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2025 ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هاتو لەناو چوارچێوەی شیعی وادەكەی پێشنەخرێت. لەم دۆخی هێوركردنەوەیەدا ئەگەر سودانی لەژێر باڵی چوارچێوەی شیعیدا بمێنێت و ڕازی بێت وەك ژمارەیەكی مامناوەند لە ڕیزی هێزە شیعەكاندا درێژە بە كاری سیاسی بدات و لەئێستاوە لەسەر ویلایەتی دووەم پێداگر نەبێت، ئەو فشارو هەڕەشانەی ئێستای لەسەر نامێنێت، بەڵام ئەگەر پشتئەستور بە پێگەو دەستكەوتەكانی، بیەوێت ڕكابەریی مالیكی بكات یان عەسائیب لە دژی بەردەوام بن، ئەوكات دۆخی سیاسیی شیعی دەكەوێتە بەردەم كێبركێ و ململانێیەكی نوێی توندەوە كە جەمسەرە سەرەكییەكانی، مالیكی و سودانی لەلایەك و هێزە چەكدارەكانی شیعە لەلاكەی ترو سەدریش لە دەرەوەی ئەم بازنەیەوە دەبێت. ئەوەشی سیناریۆی هێوركردنەوەی كاتیی بەهێزتر دەكات، هاتنەسەرخەتی زیاتر لە لایەنێكە بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەی گرژی و پێكدادانەكانی ئەمدوایییە، لەوانەش: سەرۆكایەتیی كۆمارو سەركردایەتیی باڵای چوارچێوەی شیعی و دەسەڵاتی دادوەریی؛ ئەمەی كۆتایی (دادوەریی) لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە جەختی كردەوە لەوەی زۆر لەو شتانەی لەبارەی سیخوڕیكردنەكەوە دەگوترێن، زیاتر شرۆڤەو لێكدانەوەن و لە زانیاریی وردەوە سەرچاوە ناگرن[30]. لە چەند ڕۆژی ڕابرووشدا بەریەككەوتنە میدیاییەكان لەنێو ماڵی شیعیدا هێورتر بوونەتەوەو، باڵیۆزی ئێرانیش لە عێراق لە میدیا ناوخۆیییەكاندا جەخت لە پاراستنی ئۆقرەیی دەكاتەوەو نەیشاردەوە ئەوان تەنانەت هاوكار بوون بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكانی عێراق و ئەمریكاش بچنە دۆخی ئاگربەست؛ ئەمەش لە بەرژەوەندیی حكومەتی سودانییە لە سایەی جەنگی غەززەدا[31].   كۆبەند سەركردایەتی و ڕێبەرایەتیی حكومی و سیاسیی سودانی و مانەوەی بۆ خولی ئایندە، لەبەردەم تاقیكردنەوەی قورسدایە؛ كۆی كابینەكەشی لەبەردەم ئالنگاری و ئەگەری جۆراوجۆردان. جیاواز لە هەڵكشانی بەرچاوی سەرۆك وەزیرانیش لە چەند مانگی رابردوودا لە دۆسیەكانی ئاواكاری و بنیاتنان و سەردانی وڵاتان، شانسی بەرەو داكشانی بەرچاو چووەو قەیرانە گەورەكان خستوویانەتە بەردەم كۆمەڵێك ئەگەرو پێشهات كە هەندێكیان سەختن. جگە لە دۆسیە ئابڕووبەرەكانی گەندەڵی و ئاڵۆزبوونی قەیرانەكانی سیخوڕیكردنیش، حكومەت لەژێر هەڕەشەی پاشەكشەی نرخی نەوتدایە. سەرجەم ئەمانەش لێكەوتەیان لەسەر نەخشەی سیاسیی قۆناغی داهاتووی عێراق دەبێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كە ئێستا سەرچاوەی داهاتەكەی لە بەغدایەو خۆشی لە دابەشبوون و كێبركێی سەختی قۆناغی پێش هەڵبژاردندایە. بۆ تێگەیشتن و ئایندەبینیی قۆناغەكە، پێویستە لایەنە كوردییەكان شەڕی ناوخۆی هەڵبژاردن، سەرقاڵیان نەكات لە بەدواداچوون و چاودێریی بەردەوامی پەرەسەندنی ڕەوش لە بەغدا.  سەرچاوە و پەراوێزەكان: [1]  https://bit.ly/4gugGLJ [2]  https://bit.ly/4gcMCE3 [3]  https://bit.ly/3MBFCCZ [4] https://bit.ly/3MBFCCZ [5]  https://bit.ly/3ZdIIVm [6]  https://bit.ly/3XkVwH1 [7]  https://bit.ly/3XyuKvW [8]  https://inis.gov.iq/ [9]  https://bit.ly/4efBhRW [10]  https://2u.pw/y7d3iwx4 [11]  https://bit.ly/3AVpfyD [12]  https://bit.ly/3Zfv2sP [13]  https://bit.ly/4dRGu2h [14]  https://bit.ly/4gcaGa1 [15]  https://bit.ly/3Tjcrsa [16]  https://bit.ly/47jDLMP [17]  https://bit.ly/3MB04UB [18]  https://bit.ly/3MDmZ1E [19]  https://bit.ly/3TkANlf [20]  بڕوانە: https://penus.krd/?p=3905 [21]  https://bit.ly/47j2T6k [22] https://bit.ly/4dURPia [23]  https://bit.ly/3MCKWGo [24]  https://bit.ly/4dQe7BN [25]  https://bit.ly/47gL3km [26]  https://bit.ly/4gi62HO [27]  https://bit.ly/4dQe7BN [28]  https://bit.ly/3Zh7wM5 [29] https://bit.ly/4dURPia [30]  https://bit.ly/3Tg6Ra7 [31]  https://bit.ly/3ZbNgM3 ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە


راپۆرت: درەو نامەی ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان، وەزارەتی نەوتی عێراقی ناچار بە وەڵامدانەوە كردووە، نامەی كۆنگرێسمانەكان باس لە رۆڵی عێراق لە خۆدزینەوەی ئێران لە سزا ئابورییەكان و تێوەگلانی بەرپرسانی عێراقی لە قاچاغی نەوت و تێكەڵكردنی نەوتی ئێران بە نەوتی عێراق لە دەریادا دەكات، وەزیری نەوتی عێراق بەنیازە سەردانی واشنتۆن بكات، داوا دەكرێت ڤیزای گەشتكردنی پێ نەدرێت.  نامەكە باسی چی دەكات ؟ لەكاتێكدا ئەم رۆژانە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ژمارەیەك ئەندامی كۆنگرێس نامەیەكیان بۆ جۆ بایدن نوسیوەو تێیدا هەندێك لایەنی عێراقی لەوانە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی گواستنەوەو كۆمپانیای "سۆمۆ"و هەندێكی لایەنی تری وەكو میلیشیا شیعەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی نەوتی عێراقیان قۆستوەتەوەو لە بەرژەوەندی خەزێنەی ئێران و سوپای پاسداران قاچاغچێتیی پێوە دەكەن.  ئەم كۆنگرێسمانانە داوا لە سەرۆكی ئەمریكا دەكەن سزای نوێی ئەمریكا بسەپێنێت بەسەر ئەوانەی لەم كەیسەدا تێوەگلاون، رەخنەیان هەیە لەوەی هێڵی بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بەكارنەخراوەتەوە، كە لە رۆژی 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە.  ئەم نامەیە رۆژی 4ی ئەم مانگە نوسراوە، پێنج ئەندامی كۆنگرێس ئیمزایان لەسەر كردووە كە بریتین لە هەریەكە لە (جۆن ویڵسۆن- فرینش هیل- مایكڵ لولیر- مەیكڵ ووڵتز- كیڤیم هیم). لە نامەكەدا بۆ جۆ بایدن، كۆنگرێسمانەكان دەڵێن: حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بەمزوانە سەردانی ئەمریكا دەكات، راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە وەزیرو ژمارەیەك بەرپرسی تر تێوەگلاون لە خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا بە نوێنەرایەتیی رژێمی ئێران.  داوا لە بایدن دەكەن رێگری بكات لە بەشداری وەزیری نەوتی عێراق، لەو چالاكیانەی كە لە ئەمریكا بەڕێوەدەچن تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەكرێت و دەرەنجامەكانی دەخرێتەوە بەردەم كۆنگرێس، ئەگەر دەركەوت پێشلكاریی رویداوە، دەبێت سزای ئەمریكا بەسەر ئەو كەس و قەوارانەدا بسەپێندرێت كە تێوەگلاون.  كۆنگرێسمانەكان نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی "كەرتی نەوتی عێراق بكرێت بە ئامرازێكی بەهێزو بەردەوام بەدەست گروپە میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران و سوپای پاسداران بۆ پارەداركردنی تیرۆر"، لەم روانگەیەوە باسیان لەوە كردووە بەگوێرەی خەمڵاندنەكان بڕی ئەم پارەیە ساڵانە دەگاتە یەك ملیار دۆلار.  لە نامەكەدا ئاماژە بەوە دەكەن، ئەم هەڵسوكەوتانە بەشدارن لە خۆدزینەوە لە سزاكان، ئەمەش لەرێگەی هەناردەی نەوتی ئێران و گەیشتنی بە بازاڕەكانی جیهان لەژێر پەردەی ئەوەی گوایە ئەمە نەوتی عێراقە، ئەمە لەپاڵ خراپ بەكارهێنانی میكانیزمی دەستڕاگەیشتنی عێراق بە دۆلاری ئەمریكی لەرێگەی فرۆشی نەوت، كە وا دەكات ئێران بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بە دۆلاری ئەمریكی بگات.  نامەی كۆنگرێسمانەكان بۆ بایدن، نیگەرانیی نیشان دەدات لەوەی "گەورە بەرپرسانی عێراقی و خانەوادەكانیان، لەناویاندا ئەوانەیان كە لە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عێراق كاردەكەن، رەنگە بەشێوەی راستەوخۆ لەم مامەڵانەدا تێوەگلابن" ئەمەش لەرێگەی دەستكاریكردنی تەرخانكراوەكان و ئاودیوكردنی نەوت لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی كە خاوەندارێتی دەكەن و لەژێر كۆنترۆڵی (عەسائیبی ئەهلی حەق)دان، لەكاتێكدا راپۆرتی تر هەیە لەبارەی ئەوەی كە نەوتی عێراق لە بەكارهێنانە پیشەسازییە مەبەستدارەكانەوە بە قاچاغ رەوانەی بازاڕە جیهانییەكان بكرێت، بۆ ئەوەی بە سود بۆ سوپای پاسداران و بریكارەكانی ئێران لە عێراق بگەڕێتەوە.  لەمەش زیاتر، راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە ئەوەی جیگەی نیگەرانییە ئەوەیە حكومەت عێراق رەنگە ئاسانكاری بۆ پرۆسەی خۆدزینەوەی ئێران لە سزاكان بكات، ئەمەش بەوەی رێگە بە نەوتی ئێران بدات بگاتە ناوچەی باكردنی نەوتی عێراق لە دەریادا، لەوێش لەلایەن "تیرۆرستان"ەوە نەوتی ئێران تێكەڵ بە نەوتی بەقاچاغبراوی عێراق دەكرێت و وای ناو لێ دەنرێت كە ئەمە بەرهەمی عێراقییە.  "بە ئەگەرێكی زۆرەوە بەرپرسان لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت و كۆمپانیا سۆمۆ و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاگاداری میكانیزمی ئەم خۆدزینەوەیە بن و هاوبەش بن تێیدا" راپۆرتەكە وا دەڵێ.  داوا لە بایدن دەكەن "بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بكات بۆ ئەوەی ئایا وەزارەتی نەوت، دامەزراوەی حكومی بە بازاڕخستنی نەوت و كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان و كۆمپانیای گشتی بەندەرەكانی عێراق و كۆمپانیا حكومییەكانی بواری پیشەسازی كانزا یاخود هەر گەورە بەرپرسێك لەو دامودەزگایانە لەناویشیاندا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت لەو مامەڵانەدا تێوەگلاون كە دەكەونە ژێر سزاكانی ئەمریكا یاخود نا.  نامەكە هێمای بۆ ئەوە كردووە رەنگە یاریكردن بەم بابەتەوە لەسەردەمی ولایەتی حەیان عەبدولغەنی پەرەی پێدرابێت و فراوانتر كرابێت، بەهۆی شارەزایی ئەو لە بوارەكەدا بەوپێیەی پێشتر بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە بووە.  حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت سەربە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایە كە نوری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەم پیاوە هەر لەسەر ئاستی ئامریكا كێشەی بۆ دروست نەبووە، لەدوای دەستبەكاربوونی چەندجارێك هەواڵی لادان و دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی بڵاوبووەتەوە، دواینجار لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەیەكی نوێی خۆی رەتكردەوە، سەرچاوەكان لەناو ماڵی شیعە باسلەوە دەكەن نوری مالیكی توڕەیە لە وەزیر، پێیوایە لەدوای ئەوەی پۆستی وەزارەتی نەوتی وەرگرتووە لە قەیس غەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق نزیكبووەتەوەو پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت تێدەپەڕێنێت.  نەوتی كوردستان لە نامەكەدا ئەو پێنج كۆنگرێسمانە كە نامەكەیان بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا نوسیوە، لە بەشێكی تری نامەكەیاندا باسیان لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەوبارەیەوە دەڵێن: ئەم بەقاچاغبردنەی نەوتی عێراق لە كاتێكدا روودەدات كە هێشتا هێڵی نەوتی عێراق- توركیا بە داخراوی ماوەتەوەو وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەكاتەوە بۆرییەكە بكاتەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیەو كاریگەریشی لەسەر (5 ملیار) دۆلار وەبەرهێنانی ئەمریكی دەبێت.  لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە لە 25ی ئازاری 2023 بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، لەسەر داوای حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم، چەند جارێكی تر كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا نامەیان بۆ جۆ بایدن نوسیوەو داوایان لێكردووە فشار بخاتەسەر حكومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام نامەكان بێ كەڵك بوون و حكومەتی سودانی سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی نەوتی هەرێم، كە ئەویش هەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم و گونحاندنیانە لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق، سەرباری ئەمە لەبارەی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغداد هێشتا ناكۆكن و نەگەیشتونەتە رێككەوتن. سێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەم تۆمەتانە ! كۆنگرێسمانەكان داوا دەكەن لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە لە راپۆرتەكەیاندا باسیان كردووە، سێ هەڵسەنگاندنی سەرەكی بكرێت كە ئەمانەن: •     ئایا ئەم كەس و قەوارانە تێوەگلاون لە پێشێلكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێراندا سەپێندراون "یاسای سزاكانی ئێران" یان هەر رێوشوێنێكی تر.  •    ئایا تێوەگلان هەیە لە هەڵسوكەوتی تاوانكاریی دیاریكراو بەو سزایانەی كە تایبەتن بە تیرۆرەوە.  •    ئایا یاساكەی ئەمدوایەی  پێشێل كراوە كە ناوی Stop Harboring Iranian Petroleum (SHIP)   Act  لێنراوەو هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر بەندەرو ئەو لایەنانە دەكات كە بەندەرو پاڵاوگەو كەشتییەكانی باركردنی نەوت بەڕێوەدەبەن، ئەگەر هاتوو ئاسانكارییان كرد بۆ بازرگانی نەوت و بەرهەمە پترۆكیمیاوییەكان كە سەرچاوەكەیان ئێرانە، لەم نێوەندەشدا ئاماژە بە بەندەری (خور زوبێر)و (ئوم قەسر)و ئیدارەی بارەكان لە بەندەرەكانی عێراق كراوە.  كۆنگرێسمانەكان تاوەكو رۆژی 30 ئەم مانگە دەرفەتیان بە جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان داوە تەماشای نامەكەیان بكات و وەڵامیان بداتەوە، داوایان لێكردووە ڤیزا بە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق نەدات ئەگەر هاتوو لێكۆڵینەوەكان لە هەڵسوكەوتی ئەو وەزیرە هێشتا هەر بەردەوام بوون.  وەزارەتی نەوت وەڵام دەداتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە وەڵامی نوسراوی كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكادا، بە چەند خاڵێك وەڵام دەداتەوەو دەڵێ:  •    هەموو ئەوەی لەو نامەیەدا هاتووە هیچ بنەمایەكی راستیی تێدا نییەو ئەوەی لە پەیامەكەدا راستە تەنیا ئەوەیە كە دەڵێ ئەمانە (دەنگۆ)ن و ناگەن بە ئاستی زانیاریی.  •    عێراق پابەندە بە بەرزترین پێوەرەكانی شەفافیەتەوە لە بابەتی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی، هەموو داتاكانی تایبەت بەم دۆسیەیە بەشێوەی سیستەماتیك و بە وردكارییەوە لەرێگە كەناڵە فەرمییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە. •    وەزارەتی نەوت تەنیا لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای بەناوبانگی جیهانیدا مامەڵە دەكات لەوانە كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری بەرهەمهێنان و بە بازاڕخستنی نەوت و پەیوەندی و شەراكەتی بەهێزی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە كە بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە لە بواری وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق و بەگوێرەی ستانداردەكانی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەكان لە بەبازاڕخستنی نەوتی خاوی عێراق.  •     ئەوەی لە پەیامەكەدا سەبارەت بە رۆڵی عێراق لە یارمەتیدانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان باسكراوە، تەنیا تۆمەت و بوختانەو هیچ بنەمایەكی نییە، عێراق لە كەرتی وزەدا مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكات و غازو كارەبا هاوردە دەكات، ئەمەش بە هەماهەنگیی و لێكتێگەیشتنە لەگەڵ دۆستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو بە رۆژی رووناك و بەگوێرەی گرێیبەستی شەفاف و ئاشكرا كراوە چ لە هاوردەكردن و چ بە پێدانی شایستەكانی لایەنی ئێرانی، عێراق رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی دەگرێت و پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتیی و لەسەر بنەمای رێزگرتن و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیی گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان و دور لە هەرجۆرە بەشداریكردنێك لەو كارانەی كە پێشێلی دەكەن، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبەستێ. •    كەرتی نەوتی عێراق لەلایەن دامەزراوەكانی چاودێریی و رێكارە توندەكانی وردبینییەوە چاودێری دەكرێت، لەناویاندا گرێبەستەكانی هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان بە نەوتی رەشیشەوە كە بەگوێرەی كۆمەڵێك میكانیزم ئەنجام دەدرێت كە لەوپەڕی شەفافیەتدایەو پشت بە یاساو رێنماییە حكومییەكان دەبەستێت، ئەمە بانگەشەی ساختەكاریی و تەمویلی بەناو میلیشیاكان پوچەڵ دەكاتەوەو پەیوەندی وەزارەتی نەوت بە لایەنە ئەمنییەكانەوە بەپێی دەقە یاسایی و دەستورییەكان رێكدەخرێت و هیچ لایەنێك ناتوانێت فشار بخاتە سەر وەزارەت.  •    وەزارەتی نەوت سەرسوڕمان و ناڕەزایەتیی خۆی نیشان دەدات لەبارەی ئەوەی لە پەیامەكەدا هاتووە سەربارەت بە رۆڵی هەندێك لە بەرپرسانی لە بەقاچاغبردنی نەوت و دەستكاریكردنی تەرخانكراوەكان، بەناوی عێراقەوە تەواوی ئەم بانگەشانە رەتدەكەینەوەو تەحەدای هەر بەڵگەیەك دەكەین كە بتوانێت ئەم تۆمەتانە پشتڕاست بكاتەوە.   •    وەزارەتی نەوت بە سەرۆكایەتیی وەزیرەكەی كە حەیان عەبدولغەنییە بەگوێرەی ئەو میكانیزمانە كاردەكات كە لەوپەڕی خاوێنی و شەفافیەتدان، پرۆسەكانی هەناردەكردن لەرێگەی بەندەرە فەرمییە باوەڕپێكراوە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامدەدرێت كە بریتین لە بەندەری بەسرە لە عێراق و بەندەری جەیهانی توركیا، ئەمەش بە چاودێری و بەدواداچوونی دامەزراوە جیهانییەكان (KPLER) كە داتای ورد لەسەر بڕو جۆرو كەشتییەكان دەخاتەڕوو، هەر لایەنێك دەتوانێت شیكاری بۆ ئەو داتایانە بكات و بەراوردیان بكات، ئەمەش بانگەشەكانی بەقاغبردنی نەوتی ئێران و بەبازاڕخستنی وەكو نەوتی عێراق رەتدەكاتەوە، هەروەك بانگەشەكانی پرۆسەی تێكەڵكردن و ئاودیوكردنی لەرێگەی دەروازە نەوتییەكانی عێراقەوە رەتدەكاتەوە، كە سەرجەم جوڵەو چالاكییە نەوتییەكان تێیدا دەكەونە ژێر سەرپەرەشتی ئەو پشكنەرە نێودەوڵەتییانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا كردووە، هاوكات ئاوە هەرێمایەتییەكانی عێراق لەلایەن هێزی دەریایی عێراقەوە بەتوندی چاودێری دەكرێت، عێراق بەرپرسیارێتیی هیچ شتێك ناگرێتە ئەستۆ كە لە دەرەوەی ئاوە هەرێمایەتییەكانی رووبدات، بۆیە گرێبەستەكانی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای (FOB) رێكخراون و بەرپرسیارێتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە كوێدا كۆتایی دێت كە نەوتەكە باردەكرێتە سەر پشتی نەوتهەڵگرەكان.  •    ئەو تۆمەتانەی لەبارەی بەستنەوەی نەوت و دۆلار لە قازانجی ئێران باسكراون، عێراق لەو وڵاتانەیە كە زۆر پابەندی ئەو رێسا نێودەوڵەتییانەیە كە بازرگانی نەوت و دراو رێكدەخەن، بوونی هەر جۆرە مامەڵەیەكی نهێنیی یاخود نایاسایی رەتدەكەینەوە كە لایەنی تر بتوانن لەرێگەی عێراقەوە خۆیانی لێ بدزنەوە، ئەوە زانراو و ئاشكرایە كە سەرجەم داهاتە نەوتییەكانی عێراق لەرێگەی بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە دەكرێت. •    لە كۆتاییدا وەزارەتی نەوت جارێكی تر سەرسوڕمانی خۆی لە دووبارە بوونەوەی ئەو تۆمەتانە نیشاند دەدەت و پێیوایە زۆرجار لەگەڵ وادەی سەردانی بەرپرسێكی باڵای عێراقی بۆ ئەمریكا ئەم بابەتانە بڵاودەكرێنەوە،  وەكو ئەوەیە ئەوانەی ئەم پەیامانە دەنوسن دڵخۆش نەبن بە پەیوەندی بەهێزو هاریكاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، كە رێككەوتنی چوارچێوەیی گرنگ بەیەكیانەوە دەبەستێت و هەموو بوارەكان دەگرێتەوە. 


درەو:   پەیمانگای واشنتۆن لە راپۆرتێكدا، باسی وردەكاری ئەو تۆڕە سیخوڕییە دەكات كە لە نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەكراون و، دزەیان كردووەتە ناو تەلەفونی زۆرینەی بەرپرسانی عێراق، راپۆرتەكە، ئەو دۆخە خراپەش دەخاتەڕوو، كە بەسەر دەزگا ئەمنیە هەستیارەكانی عێراقدا هاتووە، لەدوای هاتنی سودانی و كۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی پۆستە گرنگەكانی ئەو دەزگایانە، لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێرانەوە. دكتۆر(Michael Knights)، نوسەری دیاری ئەمریكی و  شرۆڤەكاری تایبەت بە میلیشا چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، سەرەتای راپۆرتەكەی بەوە دەستپێكردووە" گەندەڵی بە سیاسی كراو، لە نایابترین ئاژانسی هەواڵگری عێراقدا تەقییەوەو گەیشتووەتە ئابڕوبەریی گوێگرتنی گەورە، كە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاڕستەكراوەو،  پێویست دەكات واشنتۆن ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری دووقۆڵی لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ عێراق هەمواربكاتەوە.   لە (28)ی ئاب، هەواڵەكان لەڕێی لێكۆڵینەوە بنكۆڵكارییەكان بڵاوبونەوە ، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چاودێری سیاسی فراوان، كە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گرتووەتەوە، قەبارەی هەڵمەتە چڕەكە بە جۆرێك بووە، تەنانەت سیاسی و هاوڵاتیانی ئاسایی عێراق، كە راهاتوون لەسەر گەندەڵی و ئابڕوبەریی، تووشی شۆك بوون لەو مەسەلەیە.  بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، ئەو ئابڕوبەرییە، ئاماژەیەكی زەقی ترە لەسەر ئەوەی عێراق سەقامگیرنییە، وەك ئەوەی هەندێك جار وێنا دەكرێت، حكومەتی ئێستاش ئەو هاوبەشە ئەمنیە هەواڵگریە متمانە پێكراوە نیە، كە واشنتۆن پێویستی پێیەتی. كێ‌ گوێی لەكێ‌ گرتووە؟ راپۆرتە دروستەكان لەبارەی ئابڕوبەرییەكە، هەرزوو لە رووماڵی میدیا عەرەبییە سەرەكییەكان و دزەپێكردنی زانیاری لەلایەن بەرپرسانی عێراقی و سیاسیە دیارەكانەوە بڵاوبونەوە، دەنگدانەوەی بولەمەرزە ئاساكەی لەبەغدادو كۆبونەوە نائاسایی گروپە سیاسیەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ،ئاگرێكی زۆر لەپشتی ئەو دوكەڵە بینراوەوەیە، تائێستا ئەمانەی خوارەوە هەندێك لە خاڵە روونەكانن: بەنزیكی زۆرینەی كەسایەتیە سیاسیە باڵاكانی عێراق كراونەتە ئامانج، لەڕێی دزەكردنە ناو یان چاودێریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندییان(تەلەفون), بە مانەشەوە: •    دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری. •    نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوترو یاسر عەبد سخێل مالیكی زاوای و بریكاری بازرگانی. •    هادی عامری، سەرۆكی دوو قەوارەی سیاسی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە:(چوارچێوەی هەماهەنگی، رێكخراوی بەدر). •    موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی رێكخراوی بەدر. •    محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران(یەكێكە لەو چەندان سیاسیە سوننەیەی كراوەتە ئامانج). •    حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتر. •    هومام حەمودی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. •    ئەحمەد فەتلاوی، راوێژكاری عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە. •    كەسایەتی جۆراوجۆر لە نوسینگەی سەرۆك. •    بەرپرسی جیاواز لە هێزەكانی حەشدی شەعبی. ئەوەی جێی سەرنجە، نزیكترین كەسایەتی سودانی تیادانیە، كە قەیس خەزعەلی و ئەندامانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەقە، كە ئەو سەرۆكیانەو خۆی و میلیشیاكەی، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. ئەو شانەیەی كاری گوێگرتنی كردووەو لەناو نوسینگەكەی سودانی بوون، لەلایەن گروپێك لە كەسایەتی نزیك لە سودانیەوە بەڕێوەبراون، كە ئەمانەن: •    عەبدولكەریم سودانی، سكرتێری سەربازی سەرۆك وەزیران و ئەندامی هۆزەكەی. •    خالید یەعقوبی، راوێژكاری سودانی بۆ كاروباری سیاسەتە ئەمنیەكان. •    محەمەد جوحی، سەرۆكی شانەكەو جێگری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئیداری لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران(جوحی دانی ناوە بە تاوانەكەداو، تەماشای ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانی كراوە). •    ئەحمەد سودانی، كەسی نزیكی سودانیەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقە بە وەكالەت. •     (11)كەسی تەكنیكی لەبواری هەواڵگری ئاماژە، لە هۆبەی گوێگرتنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هونەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی. •    چەندین ئەفسەر، لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوە فیدراڵیەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ. جوحی و ئەوانەی تر، كە بەشداریان لە پرۆسەی گوێگرتن كردووە، كەرەستەو ئۆتۆمبیلی دەزگای هەواڵگرییان بەكارهێناوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەیان، كە ئەحمەد سودانی دانی پێداناوە،  وێڕای ئەوەی ئەندامانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی خراوەتە ناو شانەكەی جوحی، لەلایەن ئەبو عەلی بەسری، سەرۆكی دەزگاكە، كە بەناوی عەبدولكەریم عەبد فازیل حسێن_یش ناسراوە، خاوەنی ناوبانگێكی كاریگەرە لە راوەدونانی تیرۆرستەكانی سوننە، بەڵام لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دیارترین ئەندامەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە هەڵمەت دژی نەیارە سیاسیەكانی رێكدەخات. لە رۆژی (3)ی ئەیلول، وێنەگرە شەخسییەكەی سودانیش، لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیركرا. شانە گوێگرەكە، هەوڵی داوە كەسایەتیە سیاسیە جیاوازەكان بخات و دۆسیەی خراپەكارییان بۆ ئامادە بكات، لەنێو ئەو كەسایەتیانەشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی و، ئەفسەرانی هەواڵگری و، ژنانی كەسایەتیە گرنگەكان. وێرانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق ئابڕوبەری چاودێری_ كە پێدەچێت تا پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەردەوام بێت، دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی (2025)_ نابێت شتێكی كتوپڕبێت بە لەبەرچاوگرتنی هۆشداریەكانی پێشوو، لەبارەی بە سیاسیكردنی باشترین ئاژانسی هەواڵگری لە عێراق، لە سەرەتای ساڵی (2023)وە_ كاتێك سودانی ئەحمەدی نزیكی خستە ئەو شوێنە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو دەزگایە. دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەمریكا لەسەرەتاوە دەستیكرد بە ئامادەكردنی، لەو ئەندامانەی  دەزگای هەواڵگری عێراق، كە پێش ساڵی (2023) رزگاركران، دواتر دەستیكرد بە راهێنانی ئەندامەكانی و لێكۆڵینەوە لە باكگراوندەكانیان بە درێژایی بیست ساڵ، لەكاتێكدا زۆرێك لە ئاژانسەكانی تری عێراق گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران بە قوڵی دزەیان كردە ناوییانەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق وەك پێگەیەكی متمانەپێكراو بەلای ئەمریكاو وڵاتانی خۆرلائاواوە مایەوە. لەبەر ئەو هۆكارە، ئەو دەزگایە لەنێو ئەو قەوارە كەمە عێراقیانەدا بوو متمانەی پێدەكرا، بۆ ئەوەی زانیاری هەواڵگری هەستیاری رادەستبكرێت و، كەرەستەو راهێنانی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بێت، بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕان دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران. لە ساڵی(2022)وە، حكومەتی سودانی دەستیكرد بە پاكتاوكردنی چەندان ئەفسەر، لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، كە جێی متمانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون و، گۆڕیانن بە ئەندامانی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران. لە سەرەتای ساڵی (2023)دا، بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ بۆ روبەڕوبونەوەی سیخوڕی لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دانرا، ئەركی چوونە ناو(دزەكردنە)ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانە، كە ناوی فەیسەڵ غازی ئەللامی_یە، برازای فاح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە، یەكێكە لە شوێنكەوتووەكانی ئەبوئالائی وەلائی، كە ماویەكی زۆرە لەناو لیستی تیرۆر ئەمریكادایە، هەر یەك لە فەیازو وەلائی لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و چالاكییە تیرۆرستیەكان، هاوكات ویسام ئەلمحیاوی، كە لەلایەن فەیازەوە كاندیدكراوە، بووەتە بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی. هەروەك، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی_ كە لە رابردوودا بەرەو دۆخێكی باش رۆیشتبوو، دوای ساڵانێك لە دزەكردنی تیرۆرستان_ ئەویش لە ساڵی (2023)وە پاشەكشێی كردووە، كاتێك دەزگاكە رادەستی بەسری كرا. پۆستە باڵاكانی وەك جێگری بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكان، سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی بەغداد، دران بە عەسائیبی ئەهلی هەق. ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا جەخت لە ئاستی رۆچوونی دیارترین ئاژانسەكانی هەواڵگری عێراقی و لێهاتوترینیان دەكات لە ڕووی تەكنیكیەوە، بۆ گۆلای میلیشیا پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن ئێران و سیاسیە گەندەڵەكانەوە. بژاردە سیاسیەكانی ئەمریكا پێویستە ئابڕوبەریی گوێگرتن، ساتەوەختی كردنەوەی چاوی بڕیادەرە سیاسیەكانی خۆرئاوابێت، ئەوەش لەبەر هەندێك هۆكار: یەكەم: نابێت واشنتۆن هەوڵی چاپۆشیكردن بدات لەو زیانەی كە بەر سەرۆكایەتی وەزیران بەرابەرایەتی سودانی كەوتووە، بەدرێژایی ساڵانێك، بەرپرسانی ئەمریكا خۆیان بەدورگرت لە داننان بەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی كە سودانی دەبەستێتەوە بە گروپی عەسائیبی ئەهلی هەقەوە، كە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی ریزبەندكراوە، نابێت رێگەش بدرێت بە قەیس خەزعەلی، رابەری ئەو گروپە، كە بەتیرۆرست ریزبەندكراوە، هەژمونی بەسەر حكومەتی عێراقدا هەبێت، بەوەش بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانیش، ئەگەر بەڵگەی نوێش دەركەوێت كە ئاماژە بەوەبكات، سودانی ئاگاداریی راستەوخۆی هەبووە لە هەڵمەتی گوێگرتنە، ئەوا واشنتۆن پێویستی بەوەیە هەڵوێستی خۆی دەستكاری بكات بەرامبەر سەرۆك وەزیران بەشێوەیەكی گشتی.  نابێت ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندبێت بە هێشتنەوەی سیاسی سودانی زیاتر لە خەزعەلی سەرپەرشتیاری، كە پێدەچێت تۆرەبێت، چونكە ئەو ئابڕوبەرییە لە ئاكامی هەڵەیەكی كاری شانەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران ئاشكرابووە. لە (31)ی ئابدا، ئێران وەفدێكی بۆ بەغداد ناردووە، لە هەولێكدا بۆ هێوركردنەوەی ئابڕوبەرییەكە، ئەوەش واپێویست دەكات كە واشنتۆن رێك پێچەوانەی ئەو كارەبكات.   دووەم: پێویستە واشنتۆن بەشێوەیەكی بەرچاو هاوكاری هەواڵگری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق  و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگاكانی تر كۆتوبەندبكات، تا هەڵدەستێت بە دورخستنەوەی دامەزرێنراوە سیاسیە گلاوەكان، لە پۆستە باڵاكان، بەتایبەت كەسایەتیەكانی سەر میلیشیاكان و هاوپەیمانەكانی ئێران. دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران، واشنتۆن چاوی نوقاند لەو دامەزراندنانە كە جێی نیگەرانین و حكومەت ئەنجامیدا لەكەرتی هەواڵگریدا، بە دڵنیایی گروپە چەكدارە جیاوازەكان هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا دەدەن، بۆ دامەزراندنی ئەندامی تری خراپەكار لە پۆستە باڵاكانی دەزگای هەواڵگری. پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەژموونی خۆی بەكاربهێنێت، وەك هاوبەشی سەرەكی عێراق لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بۆ زامنكردنی ئەوەی حكومەتی عێراق خراپەكان بە كەسی خراپتر نەگۆڕێت، لەكاتی چارەسەركردنی ئەو ئابڕوبەرییە و، بەرپرسی نوێ‌ لە دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی دابمەزرێنێت. سێیەم: پێویستە واشنتۆن پێداچونەوە بە هەڵوێستی خۆیدابكات بەشێوەیەكی فراوان، بەرامبەر بە بەرپرسە عێراقییەكان لە كەرتە جۆراوجۆرەكانی دەزگای دژە تیرۆرو، دەسەڵاتی فرۆكەوانی و، دەسەڵاتی بەندەرەكان و، وەزارەتە سەرەكییەكان، بۆ نمونە، دارایی، ناوخۆ، نەوت، گواستنەوە، تەنانەت خوێندنی باڵاش، كە وەزیرەكەی ئەندامی گروپێكی ریزبەندكراوە  لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام بە ئازادی لە پایتەختەكانی وڵاتانی خۆرئاوا دەسوڕێتەوە. ئەم ئاژانسانە و ئاژانسەكانی تریش، بەشێوەیەكی بەرچاو دزەكراوەتە ناویانەوە، بەهەمان ئەوشێوەیەی دزە كراوەتە ناو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی، ئەوەش دیاردەیەكی كە پێش ساڵی (2022) دەستیپێكردووە، بەڵام لەدوای ئەو كاتەوە بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەیسەندووە، بەهۆی هەژمونكردنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەریدا لە عیراق. وانەی سەرەكی بۆ بەرپرسانی ئەمیركا ئەوەیە، كەسایەتی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق و ئیرادەی سیاسیان، بایەخدارترین كارتێكەرە لە دەستنیشانكردنی ئاستی دەستبەراگرتنی ئەو دەوڵەتەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، لەگەڵ قورسی ئەو زیانە چاوەڕوانكراوەشی بە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی دەگەیەنێت.


راپۆرت: درەو بڕیارێك كە گومانی ئەوەی لەسەر بوو پرۆسەی پارەداركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە عێراق بە (مەركەزیی) بكات، رووبەڕووی بەربەست بووەوە، وەزارەت نەوت و لیژنەی نەوت لە پەرلەمان رێككەوتن داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بكەن پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكات، كۆمپانیا نەوتییەكان لە عێراق چۆن پرۆژەكانیان پارەدار دەكەن؟ وردەكاری بڕیارەكەو لێكەوتەكانی لە حاڵی جێبەجێكردنیدا لەم راپۆرتەدا. بڕیارەكە چی دەڵێ ؟ رۆژی 13ی مانگی ئابی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە (24600) دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە پشكی خەزێنەی دەوڵەت لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان لە رێژەی (45%) بۆ (75%) بەرزكرایەوە. سەرباری ئەوەی حكومەت هۆكاری دەركردنی بریارەكەی بۆ چاكسازی ئابوری و پشتیوانیكردن لە خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندەوە، بەڵام  یەكسەر بڕیارەكە لە ناوەندی سیاسی و ئابوری عێراقدا مشتومڕێكی توندی دروستكرد، بەهۆی گریمانەكردنی ئەوەی بڕیارەكە كاریگەری لەسەر كۆمپانیا گشتیی و تایبەتەكانی نەوت دەبێت و دواجاریش لەسەر موچەی كارمەندانی كەرتی نەوت رەنگدانەوە بەجێدەهێڵێت.  ئەم ناڕەزایەتییە وایكرد، رۆژی 21ی ئاب ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەپەلە رونكردنەوەیەك بڵاوبكاتەوەو دڵنیایی بدات لەوەی بڕیارەكە بۆ ئەوە نییە سیستەمی پارەداركردنی كۆمپانیاكان بە مەركەزی بكرێت، چونكە كۆمپانیا گشتییەكان هێشتا مەحكومن بە یاسای كۆمپانیا گشتییەكان (ژمارە 22ی ساڵی 1997)، ئەمەش بەو واتایە دێت هەر گۆڕانكارییەكی ریشەیی پێویستی بە دەركردنی یاسای نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.  هەر لەو رونكردنەوەیەدا ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیایی دا كە بەرزكردنەوەی پشكی خەزێنەی گشتی لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان كاریگەریی لەسەر خەرجی كۆمپانیاكان و موچەی كارمەندەكانیان نابێت، چونكە ئەم زیادكردنە لەسەر پوختەی قازانجی كۆمپانیا دادەنرێت دوای پاكتاوی هەموو خەرجییەكانی كۆمپانیاكە لەناویشیاندا موچەو دەرماڵەو هاندانی كارمەندان. ئەمیندارێتیی ئەوەی بە بیرهێنایەوە كە ئەمە یەكەمجار نییە پشكی خەزێنەی دەوڵەت لە قازانجی كۆمپانیا گشتییەكان زیاد دەكرێت، پێشترو لە حكومەتەكانی پێشوودا هەمان هەنگاو جێبەجێكراوە بەمەبەستی پشتیوانیكردنی خەزێنەی دەوڵەت.  سەرباری ئەم روونكردنەوە، رۆژی 27ی ئاب كارمەندی كۆمپانیا نەوتییەكان دەستیان بۆ خۆپیشاندان كردو دەرگای كۆمپانیاكانیان داخست، رایانگەیاند، بڕیاری ژمارە (24600)ی لەبری قازانج، حكومەت كۆمپانیاكان وا لێدەكات زیان بكەن، پێیانوابوو بڕیارەكە شایستە داراییەكان لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەردەگرێتەوەو دەیباتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەمەش وا دەكات كۆمپانیاكان خۆیان نەتوانن پرۆژەكانی خۆیان پارەدار بكەن و بەمەش رەوڕەوەی ئابوری وڵات رادەوەستێ و رێگر دەبێت لەوەی كۆمپانیاكان شایستەی بەرهەمهێنان بۆ كارمەندەكانیان خەرج بكەن.  نەبیل مەرسومی كە شارەزای ئابورییە لەبارەی بڕیارەكەوە بۆچوونی بەوشێوەیە كە، لەبەر ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان پشت بە سیستەمی خۆتەمویلكردن دەبەستن و لەم رێگەیەوە دەتوانن بەشێك لە داهاتی خۆیان گلبدەنەوە بۆ پارەداركردنی كارو خەرجییەكانیان بە موچەی فەرمانبەرانیشەوە، بۆیە بڕیارەكەی حكومەت ئەو ئەگەرە بەهێز دەكات كە سیستەمی پارەداركردنی كۆمپانیاكان بە مەركەزیی بكرێن، ئەمەش لەرێگەی گواستنەوەی بەشێك لە داهاتی فرۆشیان بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەمەش زیادكردنی پشكی خەزێنەی دەوڵەت بەو بڕە زۆرە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەرمایەی بەردەستی كۆمپانیاكان و توانایان بۆ فراوانكردن و پەرەپێدان دروستدەكات، ئەمە جگە لە كاریگەرییەكانی ئەو خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییانەی كە كۆمپانیاكان پێشكەشی دەكەن لەگەڵ قازانی تەرخانكراو بۆ كارمەندان. عەلا حەیدەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسلەوە دەكات، سەرباری ئەوەی بریارەكەی حكومەت هەندێك بڕگەی یاسایی تێدایە بەگوێرەی ماددەی (11/ پێنجەم) لە یاسای كۆمپانیا گشتییەكان، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێك بڕگەی نایاسایشی تێدایە، بەتایبەتیش ئەوەی كە وەزارەتی نەوت ناچار دەكات بەشێوەیەكی راستەوخۆ داهاتی فرۆشی خۆی رەوانەی  وەزارەتی دارایی بكات، ئەمە بەوتەی حەیدەری پێچەوانەی چەمكی كۆمپانیا گشتییەكانە وەكو یەكەیەكی ئابوری كە خۆی تەمویلی خۆی دەكات.  دیمەنێك لە خۆپیشاندانی كارمەندانی كەرتی نەوت لە بەسرە دژی بڕیارەكە دروستكردنی لیژنە ئیتر دوای ئەو هەڵایەی لەسەر بڕیارەكە دروستبوو، دوێنێ 31ی ئاب، محەمەج شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ناچاری بڕیاریدا لیژنەیەك دروست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوەو پێداچوونەوە بە هەموو ئەو تێبینییە دارایی و یاساییانەی لەسەر بڕیارەكە هەیە.  لەسەر ئەم بنەمایە، دوێنێ لیژنەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانتار (هەیبەت حەلبوسی) كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەكە رێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆ رێككەوتن لەسەر كارنامەیەك و دواتر گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆك وەزیران، سەرەتا لەگەڵ وەزیری نەوت كۆبوونەوە بكەن و گوێ لە تێڕوانینی وەزارەت بگرن لەبارەی بڕیارەكەوە.  هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە لیژنەی نەوت و غاز ئەمڕۆ لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند، لەسەر چەند راسپاردەیەك رێككەوتوون كە هۆشداریدانە لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری (24600)ی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەشدا ستایشی رۆڵی بەرپرسانەی ئەندامانی لیژنەی دارایی و وەزارەتی نەوتی كرد كە بەوتەی ئەو بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقییان هەڵگرتووە بۆ بەرگریكردن لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت لە وڵات و دەست نەبردن بۆ ماف و دەرماڵەی توێژێك لە فەرمانبەران، كە بەهۆی كارەكانیانەوە رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.  سەرۆكی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان ئاشكرایكرد، لەسەر ئەم بنەمایانە بڕیاریانداوە راسپاردەیەك بۆ سەرۆك وەزیران دەربكەن بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكە.   كۆبونەوەی لیژنەی نەوتی پەرلەمان و وەزارەتی نەوت لەبارەی لێكەوتەكانی بڕیارەكەی حكومەتەوە كورتەیەك  كرۆكی مەترسییەكان لەبارەی بڕیاری ژمارە (24600)ی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پسپۆڕانی نەوتەوە تەنیا پرسی دەستبردن نەبوو بۆ موچەی كارمەندانی كەرتی نەوت، بەڵكو مەترسییە گەورەكە ئەوە بوو، ئەم بڕیارە وابكات سیستەمی پارەداركردنی كەرتی نەوت لە عێراق بە مەركەزی بكرێت، سیستمێك كە وەكو (نەبیل مەرسومی) شارەزای ئابوری ئاماژەی بۆ دەكات وڵاتانی رێكخراوی "ئۆپێك" لە سەدەی رابردووەوە بەجێیان هێشتووە.  لە عێراق (15) كۆمپانیای نەوتی هەیە كە بە سیستەمی (خۆتەمویلكردن) بەڕێوەدەچن، واتا خۆیان دارایی بۆ پرۆژەكانی خۆیان دابین دەكەن، ئەمانە ئەگەر بۆ هەموو بابەتێكی دارایی بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڕای ئەوانەی دژی بڕیارەكەن، كارەكانیان پەكی دەكەوێت، یاخود لانی كەم ئەگەر ناچار بكرێن بچنە ناو پرۆسەیەكی رۆتینی ئیدارییەوە ئەوا ئاستی بەرهەمهێنانیان كەمدەبێتەوە.  رێژەی 90%ی داهاتی عێراق لە پرۆسەی هەناردەو فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە مەترسی هەبوو بڕیارەكە كاردانەوەو ناڕەزایەتی زیاتری لێبكەوێتەوەو ببێتە هۆی راوەستانی ئەم كەرتە هەستیارەی وڵات.  هاوكات لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتەوە، چەند رۆژی رابردوو دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوت بڵاوبووەوە، ئەمە وەزارەتی ناچاركرد راگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوەو دەستلەكاركێشانەوەكە رەتبكاتەوە.  وەزیری نەوت سەربە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە، هەر لە سەرەتای كابینەكەوە قسەوباس هەبوو لەبارەی ناڕەزایەتیی مالیكی دژ بە وەزیرەكەی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی، ئەمەش بە گومانی ئەوەی نزیكبوونەوەی وەزیرەكەی لە (قەیس خەزعەلی) ئەمینداری گشتیی (عەسائیبی ئەهلی حەق)و تێپەڕاندنی پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت. 


(درەو):  حەلبوسی پێنج لایەنی سیاسی سوننەی كۆكردوەتەوەو وەكو خۆیان دەڵێن 55 كورسی پەرلەمانیان هەیە، دەیانەوێت كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكەن، ئەمە لەكاتێكدا كە كوتلەی گەورەی شیعە دژی ئەوەیە سەرلەنوێ دەرگای پێشكەشكردنی ناوی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێتەوە.  شەش لایەنی سیاسی سوننە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو رایاگەیاند رێككەوتوون لەسەر كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. راگەیەندراوەكە ناوی كاندیدەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەمدواییە دزەیان كردووە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم (زیاد جەنابی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید كردووە، زیاد حوزەیرانی ئەمساڵ لە حەلبوسی جیابووەوە، دیارە بە وەعدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گەڕاوەتەوە.  ئەوانەی ئیمزایان لەسەر راگەیەندراوەكە كردووە، بریتین لە:  •    حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی •    جە ماوەری نیشتمانیی بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد جبوری "ئەبومازن" •    هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی •    پرۆژەی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی جەمال زاڕی •    كوتلەی (الصدارة) كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سوننە لە خۆدەگرێت و ئازاری ئەمساڵ لە پەرلەمان دروستكراوەو مەحمود مەشهەدانی و خالید عوبێدی و تەلال زەوبەعی و محەمەد نوری عەبد رەبە لەخۆدەگرێت و لە هاوپەیمانییەكانی (سیادە)ی خەمیس خەنجەرو (عەزم)ی موسەننا سامەڕایی جیابونەتەوە •    كوتلەی (المبادرة) كە 8 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت و حوزەیرانی ئەمساڵ بە سەرۆكایەتیی (زیاد جەنابی) لە حزبی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسی جیابونەوە  ئەم شەش لایەنە سوننەیە، كە وەكو خۆیان دەڵێن پێكەوە خاوەی (55) ئەندامن لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەسێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەن و ناوەكەی ئاڕاستەی كوتلەی سیاسییەكانی تر بكەن بۆ ئەوەی كۆدەنگیی بۆ پەیدا بكەن، هەروەها كاربكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.  ئەمە لەكاتێكدایە سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراق كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكات) باسلەوە دەكەن سەركردەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەی دوێنێی خۆیاندا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە پابەندی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبن و پەنا بۆ هەموار پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نابەن هەروەها جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی دژی بیرۆكەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، سورن لەسەر مانەوەی كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەكێكیان بۆ پۆستەكە.  بەپێی قسەی سەرچاوەكان، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاریانداوە دوای زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، دانیشتنێكی تایبەتی رێكبخەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان.  ماوەی 9 مانگە بەهۆی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدومەوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەتاڵ بووەو موحسین مەندەلاوی لە پێكهاتەی شیعە (لەبری سەرۆك) كاروباری پۆستەكە بەڕێوەدەبات، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای كەوتنی سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەیە.  حەلبوسی یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی خۆی بەناوی (لەیس دلێمی) ناچار كردبوو پێشوەختەو بەر لەوەی ببێت بە پەرلەمانتار نامەی دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت، دلێمی بۆی نوسی بوو، بۆیە كاتێك بووە پەرلەمانتارو سەرپێچی بڕیاری سەرۆكی حزب (حەلبوسی)ی كرد، حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە، بەبێ ئاگاداری خۆی، ئیمزای لەسەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی دلێمی كرد، دلێمی ئەم كەیسەی بردە بەردەم دادگای فیدراڵی و سكاڵای كرد، لەسەر ئەم سكاڵایە دادگای فیدراڵی مافی ئەندامێتیی پەرلەمانی لە حەلبوسی سەندەوە، بەمەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەتاڵ بوو.  لەوكاتەوە تائێستا لایەنە سوننەكان لەناو خۆیاندا لە ناكۆكی و كێشمەكێشدان، كوردو شیعە چەندینجار مۆڵەتیان پێداون لەسەر كاندیدێك رێبكەون، بەڵام رێكناكەون، حەلبوسی و خەنجەر لەلایەك و حەلبوسی و موسەننا سامەڕایی لەلایەكی تر، لەنێوان هەمووشیاندا ژمارەیەك كوتلەی تری سوننە هەن كە گەمەی سیاسی دەكەن و لە هەوڵی چنینەوەی دەستكەوتی پۆستەكاندان.   


  راپۆرت: درەو پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو ئاستەی دەڵێ بەرپرسێكی ئەمریكی بە سودانی وتوە دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو سەركەوتنەی لە بواری رێكخستنەوەی حەواڵەو بازگانی دەرەكیدا بەدەستتان هێناوە، ئەم پارێزگارە باوەڕی بە بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار نییە، دەڵێ ئەوە نرخی بازاڕی رەشە، ئەوەی بۆ دۆلار لەبری نرخی فەرمی پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبات بازرگانی ماددە هۆشبەرەكانە یاخود پارە گەندەڵییە، دۆلار یەك نرخی هەیە ئەویش نرخی فەرمییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەندێك لە بازرگانە بچوكەكان خۆیان دەدزنەوە! عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئاڵنگاری دەرەكی و ناوخۆیی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دۆخی دارایی لە عێراق بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت كە لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا پلانی بۆ دانراوە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلاق وتی:" بانكی ناوەندیی لە ناو پرۆسەیەكی گەورەی گۆڕانكاریدایە لەبواری دووبارە رێكخستنەوەی بازرگانی دەرەكیی، بە جۆرێك لە یەك كاتدا چەند ئامانجێك مسۆگەر بكات، لەوانە شەفافیەت لە پرۆسەكانی حەواڵەی دەرەكی و ئەو لایەنەی لەرێگەیەوە حەواڵە دەكرێت تا ئەو لایەنەی كە سودمەند دەبێت لە حەواڵەكە، ئەمەش لەڕێگەی هەموو ئەو داتاو زانیارییانەی كە هاوتای لایەنی واقعین". "یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا بازرگانیی دەرەكی رێكدەخرێتەوەو دامەزراوەكان نێودەوڵەتییەكان بەشداری لە پرۆسەی وردبینیدا دەكەن و هەڵدەستن بە وردبینیكردن لە زانیارییەكان بەر لە گەیشتن بە قۆناغی جێبەجێكردن، پرۆسەكە سەرجەم مەرج و پێوەرە ناوخۆییەكان جێبەجێ دەكات كە خۆی دەبینێتەوە لە یاسای روبەڕووبوونەوەی شتنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆرو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تری پرۆسەی حەواڵەكردنی پارە، خۆ ئەگەر هەر كەموكورتییەك یاخود كێشەو گومانێكی تێدا بێت، ئەوا بەشێوەیەكی راستەوخۆ حەواڵەكە رەتدەكرێتەوەو دەگەڕێندرێتەوە" پارێزگاری بانكی ناوەندیی وا دوەڵێ. لەبارەی ئەوەی ئایا تا چ ئەندازەیەك كۆمپانیاكان پابەندی سیاسەتی نوێی حەواڵەو بازرگانی دەرەكیی بوون، عەلاق باسی لەوەكرد كۆمپانیا گەورەو مامناوەندەكان ئەم سیستەمە نوێیەی حەواڵەكردنیان قبوڵكردووەو بەمە لە ئاستێكی بەرزدا هەموو هاوردەكانی خۆیان پاراستووە، بەڵام بازرگانە بچوكەكان هەندێكیان هاتونەتە ناو پرۆسەكەو هەندێكی تریان بە دوای ئامرازی دیكەدا دەگەڕێن بۆ روماڵی بازرگانییەكەیان، ئیتر ئەمە بە هەڵاتن لە رێوشوێنەكانی باج و گومرگ بێت یاخود بە رێوشوێنەكانی پرۆسەی كردنەوەی حساب بێت. عەلاق ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی لە قۆناغی ئێستاو داهاتوودا سەرەنجی دەخەنە سەر ئەوەیە وا بكەن هەمووان پابەند بن بە كەناڵە ئوسوڵیی و پارێزراوەكانی پرۆسەی حەواڵەكردنەوە، چونكە بەوتەی ئەو "مانەوەی ئەو بازرگاكانە لە دەرەوەی سیستەمەكە فشار لەسەر بازاڕی نەختینەی دۆلار دروستدەكات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی". بەوتەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی، چەندین چارەسەر هەن كە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیی و داراییەكان كاری لەسەر دەكەن لەپێناو رێكخستنەوەی كاری بازرگانە بچوكەكان، دوێنێ لەمبارەیەوە كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچووە، كە تەواوكاری كۆبوونەوەكانی پێشوو بووە، "پێویستیان بە هەندێك كات هەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارەی بازرگانی دەرەكیی". پارێزگاری بانكی ناوەندیی زیاتر لەبارەی دۆخی بازاری دراو قسەدەكات و دەڵێ: لەبەر رۆشنایی ئەو رێكخستنە نوێیەی كە بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كراوە، دەبێت تەماشای ئەو نرخە فەرمییە بكرێت كە رۆژانە بانكی ناوەندیی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری پێ دەفرشێت، ئەمە بەو واتایە دێت كە بانكی ناوەندیی روماڵی بازرگانیی دەرەكیی دەكات و هەڵاوسان و بەرزبوونەوە لە نرخ و خواستەكانی تردا نییەو  بازاڕی رەش بریتییە لە بازاڕی ئەوانەی كە نایانەوێت بەرێگا یاساییەكانی حەواڵەكردندا بڕۆن و بازرگانییەكەیان نایاساییە، وەكو بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیی مرۆڤ یاخود پارەی گەندەڵیی و شتی تر. بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار ! پارێزگاری بانكی ناوەندیی باوەڕی بەوە نییە شتێك بەناوی بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار هەبێت، تیشك دەخاتەسەر ئەوەی " ئەگەر مەبەستێكی ناڕەوا نییە، بۆچی هەر لایەنێك پەنا بۆ كڕینی دۆلار بە نرخێكی بەرزتر دەبات لەكاتێكدا دۆلار بە نرخی فەرمیی هەیە ؟ ئەو تێڕوانینەی كە پێیوایە نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە یاخود دابەزیوە ئاماژەیەكی دروست نییە، دەبێت تەماشای ئەوە بكرێت ئایا بانكی ناوەندیی چەنێك دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم پێداویستییەكان". " ئامانجی سەرەكی بانكی ناوەندیی پاراستنی ئاستی گشتیی نرخەكان و سنورداركردنی هەڵاوسانەو دەبێت ئەمە پێوەری سەركەوتنی سیاسەتی نەختینەیی بێت، كە سیاسەتەكەمان لەم لایەنەوە سەركەوتوو بووەو ئاستی هەڵاوسان بەبەراورد بە وڵاتانی تر تەنانەت لە ساڵانی پێشوو زۆر كەمترە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بازرگانییە دەرەكییەی كە عێراق بە شێوەیەكی بنەڕەتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی هاوڵاتیان پشتی پێ بەستوە، بەنرخی فەرمی دابین دەكرێت". پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو رادەی دەڵێ لە هەموو كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەوانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی فیدراڵیی و گەنجینەی ئەمریكا ستایشی ئەو "گۆڕانكارییە گەورەو بەڕێوەبردن و رێكخستنە دەكرێت كە بانكی ناوەندی عێراق بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كردویەتی"، لەمەش زیاتر بە وتەی ئەو یاریدەدەری بریكاری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە دیدارێكدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی:" دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە لە بواری حەواڵەی دەرەكی و ئەو قۆناغانەدا بەدەستتان هێناوە كە بانكی ناوەندیی بڕیویەتی لە بواری پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، كە بە قۆناغی سەختدا تێپەڕی و لە هەندێك حاڵەتدا رێژەی رەتكردنەوەی پرۆسەكە دەگەیشتە 80%و ئێستا وای لێهاتووە رێژەی 5% تێناپەڕێنێت. كۆبوونەوە لە نیویۆرك عەلی عەلاق ئاشكرایكردووە، كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەی لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكەن بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی رەهەندەكانی پرۆسەی حەواڵەی دەرەكی و گفتوگۆ لەبارەی ئەو سزایانەی كە بەسەر ژمارەیەك لە بانكە عێراقییەكاندا سەپێندراون. دۆلاری گەشتیاران پارێزگاری بانكیی ناوەندیی عێراق دان بەوەدا دەنێت پرۆسەكانی پێشووی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران كێشەی زۆری بۆ دروستكردوون، دەڵاڵەكانی پارە بە چەندین شێواز ویستویانە بچنە ناو ئەم پرۆسەیەوە، بۆیە ئەمەش رەنگدانەوەی نەرێنیی دروستكردووە لەسەر نرخی دۆلارو پاسپۆرتی خەڵكانی تر لەم كارەدا بەكارهێنراوە. بەڵام بەپێی قسەی عەلاق میكانیزمە نوێیەكە ئەوەی مسۆگەر كردووە كە بتوانن روبەڕووی ئەم شێوازە ببنەوە، چونكە بە میكانیزمە نوێیەكە لەدوای مۆركردنی چونەدەرەوە لە فڕۆكەخانەو گەشتكردن، دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت، ئەم پرۆسەیەش بەر لە چەند رۆژێك لە دەستیپێكردووەو تیم لە فڕۆكەخانەكان دانراون بۆ چاودێریكردن بۆ دڵنیابوون لەوەی دۆلار بە دەستی گەشتیاری راستەقینە دەگات، كارەكە لە فڕۆكەخانەكانی بەغدادو بەسرەو ئێستاش لە فڕۆكەخانەی نەجەف دەستیپێكردووەو وەكو پارێزگاری بانكیی ناوەندیی دەڵێ  ئێستا رێوشوێن دەستپێكردووە بۆ كردنەی پەنجەرەی تایبەت بە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی و كەركوك. دەقی چاوثیكەوتنەكەی عەلی عەلاق  


(درەو): دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، گەورە كۆمپانیایەكی توركیا بڕی نزیكەی (یەك ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ناو كەشتییەدا لە عێراق كڕیوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە شەش مانگە كەشتییەكەو نەوتەكەی ناوی لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمە بە بەهانەی ئەوەی ساڵی رابردوو ئەمریكا هەمان كاری لەگەڵ هەمان كەشتیدا كردووە، ئێستا بە ناچاری نەوتەكەی عێراق لەو كەشتییەوە بەتاڵ كراوەتە ناو كەشتییەكی ترو ئازادی بۆ دەرچووە، كۆمپانیا توركییەكە چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتەكە دەكات. كۆمپانیای زەبەلاحی وزەی توركیا "توپراش" ئاشكرایكرد، ئەو ملیۆنە بەرمیل نەوتەی عێراق كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیرا، گەشتەكەی بەرەو پاڵاوگەكانی "توپراش" لە توركیا دەستپێكردوەتەوەو لە ئەیلولی داهاتوودا دەگات.  رۆژی 11ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لە ئاوەكانی عومان دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان بەسەر كەشتی (سانت نیكۆلاس)دا گرت، كە نزیكەی (1 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاوی تێدابووە، نەوتی ئەم كەشتییە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە فرۆشرابوو لە كۆمپانیای "توپراش"ی توركیا.  ئەم كارەی دەسەڵاتدارانی ئێران وەكو كاردانەوە بوو لەبەرامبەر كارێكی هاوشێوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ هەمان كەشتی و نەوتەكەی لە ساڵی رابردوودا.  پرۆسەی گەڕاندنەوەی نەوتی ئەم كەشتییە دەستبەسەردا گیراوە لەرێگەی بەتاڵكردنی نەوتەكەوە لە كەشتیەكەوە بۆ كەشتییەكی تر ئەنجامدرا، ئەم پرۆسەیەش 23 بۆ 25ی ئەم مانگەی خایاند، ئەمە بەپێی قسەی كۆمپانیا توركییەكە.  ئێستا كە ئیتر نەوتەكەی عێراق لەلایەن ئێرانەوە ئازادكراوە، كۆمپانیا توركییەكە چاوەڕوانی ئەوەیە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا نەوتەكە بگاتە پاڵاوگەكانی لە توركیا.  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوە، كۆمپانیا توركییەكە لەدوای راوەستانی نەوتی هەرێمەوە ئەم بارە نەوتەی لە عێراق كڕیوە.  


(درەو): لەم جیهانەدا پاسپۆرتی عێراقی تەنیا لە پاسپۆرتی (ئەفغانستان)و (سوریا) باشترە، ئەگەر نا لەدوای پاسپۆرتی (یەمەن)و (سۆماڵ) و (فەلەستین)یشەوەیە، نوێترین داتای جیهانی دۆخی پاسپۆرت بڵاوكرایەوە، گەشتكردن بە بێ وەرگرتنی ڤیزا پێوەری سەرەكییە لەم ریزبەندییەدا.  ریزبەندییەكی نوێ پاسپۆرتی سنگاپورە لە ریزبەندی بەهێزترین پاسپۆرتەكاندایە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە بەگوێرەی پێوەرەكانی (هینلی) بۆ پاسپۆرتە جیهانییەكان كە تۆڕی (CNN)ی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە. ئەم پێوەرە كە كۆمپانیای "هینلی ئاند بارتنرز" بۆ مافی هاوڵاتیبوون و مانەوە دەریدەكات كە بارەگاكەی لە لەندەنە،  هەڵدەسێت بە دیاریكردنی توانای پاسپۆرتی هەر وڵاتێك بەگوێرەی ئەوەی ئایا هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بۆ چەند وڵات بەبێ وەرگرتنی ڤیزا گەشت بكەن.  بەپێی پێوەرەكە، هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگاپورە ئێستا بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەختە دەتوانن بۆ (195) وڵات و ناوچەی جیهان گەشت بكەن. لەدوای سەنگاپورە، وڵاتانی (ژاپۆن- ئەڵمانیا- فەڕەنسا- ئیتالیا- ئیسپانیا) بەهێزترین پاسپۆرتیان هەیە كە لە پلەی دووەمدان و هاوڵاتیانیان دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزان بۆ (192) وڵات و ناوچە گەشت بكەن.  لە پلەی سێیەمدا پاسپۆرتی (نەمسا- فنلەندا- ئیرلەندا- لۆكسەمبۆرگ- هۆڵەندا- كۆریای باشور- سوید) دێت، كە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتانە دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا گەیشت بۆ (191) وڵات و ناوچە بكەن.  لیستەكە ناوی هەندێك وڵاتی تریشی تێدایە كە پاسپۆرتەكانیان بەهێزە، لەوانە (بەلجیكا- دانیمارك- نیوزلەندا- نەرویژ- سویسرا- بەریتانیا)، ئەم وڵاتانە لە پلەی چوارەمدان و هاوڵاتییەكانیان بەبێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن بۆ (190) وڵات و ناوچە گەشت بكەن.  لەپاش ئەمانە، وڵاتانی (ئوسترالیا- پروتوگال) دێت كە بۆ (189) ناوچە بە پاسپۆرتەكانیان گەشت دەكرێت. لە پلەی شەشەمدا وڵاتانی (یۆنان- پۆلەندا) دێت كە بە پاسپۆرتەكانیان بە بێ ڤیزا گەشت بۆ نزیكەی (188) وڵات دەكرێت.  (كەنەدا- كۆماری چیك- هەنگاریا- ماڵتا) ئەمانە لە پلەی حەوتەمدان و پاسپۆرتەكانیان بەبێ ڤیزا توانای گەشتكردنی هەیە بۆ نزیكەی (187) وڵات.  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پلەی هەشتەمدایە، پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا بۆ نزیكەی (186) وڵات و ناوچە دەڕوات.  لە پلەی نۆیەمدا پاسپۆرتی (ئیماراتی عەرەبی- ئیستۆنیا- لیتوانیا) هەیە كە گەشتی بێ ڤیزا بۆ 185 وڵات دەكات.  پاسپۆرتی (ئایسلەندا- لاتیڤیا- سلۆڤاكیا- سلۆڤینیا) لە پلەی دەیەمدان و بۆ (184) ناوچە گەشتی بێ ڤیزا دەكەن.  دۆخی وڵاتانی ناوچە لە ریزبەندییەكەدا لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە، پاسپۆرتی قەتەری لە ریزبەندی (46)دایە لەسەر ساتی جیهان، هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتە بەبێ ڤیزا دەتوانن گەشت بۆ (107) وڵات بكەن.  پاسپۆرتی كوەیتی لە ریزبەندی (49)دایە لەسەر ئاستی جیهان، هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزا بۆ (99) وڵات گەشت بكەن. سعودیە لە ریزبەندی (56)ی جیهاندایە، پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا دەتوانێت بۆ نزیكەی (88) وڵات بڕوات. سوڵتاننشینی عومان لە ریزبەندی (58)ی جیهاندایە بۆ نزیكەی (86) وڵات دەڕوات.  عێراق لە ریزی هەرە خراپەكاندا سەبارەت بە ریزبەندی لاوازترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان، كۆمپانیاكە پاسپۆرتی (ئەفغانستان)ی بە خراپترین دەستنیشان كردووە، چونكە هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (26) دەوڵەت و ناوچە گەشت بكەن، لەدوای ئەویش پاسپۆرتی (سوریا) دێت، كە لە ریزبەندی (102)دایە لەسەر ئاستی جیهان و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەم وڵاتە بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (28) دەوڵەت گەشت بكەن، (عێراق) لە ریزبەندی (101)دایەو هەڵگرانی پاسپۆرتەكەی بەبێ ڤیزا تەنیا دەتوانن بۆ (31) وڵات گەشت بكەن، عێراق تەنانەت دۆخی لە وڵاتێكی وەكو (یەمەن) خراپترە، یەمەن لە ریزبەندی (100)دایە لەسەر ئاستی جیهان، هاوڵاتییەكانی بەبێ ڤیزا دەتوانن بۆ (33) دەوڵەت گەشت بكەن، (سۆمال) دۆخی لە عێراق و یەمەنیش باشترەو لە ریزبەندی (99)ی جیهاندایە، هاوڵاتییەكانی دەتوانن بێ ڤیزا گەشت بۆ (35) دەوڵەت بكەن، (لیبیا) لە ریزبەندی (98)دایەو دەتوانێت گەشت بۆ (39) دەوڵەت بكات، پاسپۆرتی (فەلەستین) لە ریزبەندی (97)دایەو گەشتی (40) دەوڵەت دەكات.   یورگ ستیڤن سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (هینلی) دەڵێ:" توانای گەشتكردن بەبێ ڤیزا بۆ ژمارەیەكی زۆر وڵات چیتر تەنیا بابەتی خۆشگوزەرانیی نییە، بەڵكو بووە بە ئامرازێكی بەهێزی ئابوریش كە دەتوانێت گەشەكردن و هاریكاری نێودەوڵەتی بباتە پێشەوەو سەرمایەگوزاری بیانی رابكێشێت". 


درەو: 🔻 بەپێی ئامارەکان؛ وەزارەتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 نزیکەی (515 ملیۆن و 730 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، زیاتر لە (509 ملیۆن و 940 هەزار) بەرمیلی بە رێژەی (99%) بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەراست خوارووی عێراق بووە. پوختەی داهاتی گەڕاوەی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 زیاتر لە (48 ترلیۆن و 455 ملیار) دینار بووەو نزیکەی (89%) کۆی داهاتی وەزارەتەکەی پێکهێناوە. یەکەم؛  بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتی (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (515 ملیۆن و 729 هەزار و 897) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (509 ملیۆن و 940 هەزار و 189) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووە بە رێژەی (99%) و بڕی (ملیۆنێک و 810 هەزار و 491) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن (3 ملیۆن و 979 هەزار و 217) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1.    بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2024 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 439) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل. 2.    بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2024 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا، بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل. 3.     بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2024 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2024)دا، بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل. 4.    بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2024 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2024)دا، بڕی (102 ملیۆن و 386 هەزار و 818) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 412 هەزار و 894) بەرمیل. 5.    بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئایاری 2024 هەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری (2024)دا، بڕی (104 ملیۆن و 130 هەزار و 292) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 359 هەزار و 42) بەرمیل. خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم؛ داهاتی گەڕاوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ کۆتایی ئایاری ساڵی (2024) لە (11ی تەموزی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (48 ترلیۆن و 455 ملیار و 60 ملیۆن و 171 هەزار) دیناری بەڕێژەی (88.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (6 ترلیۆن و 248 ملیار و 788 ملیۆن و 431 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر پێنج مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سەرچاوەکان  


  راپۆرتی درەو: رۆژی (11ی تەموزی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی ئایاری ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە نزیکەی (54 ترلیۆن و 704 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (48 ترلیۆن و 455 ملیار) دیناری بە رێژەی (89%) داهاتی نەوت و پتر لە (6 ترلیۆن و 248 ملیار) دیناری بە رێژەی (11%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (47 ترلیۆن و 427 ملیار) دینار بووە، کە (90%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (10%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (12.7%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (6 ترلیۆن 876 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 زیاتر لە (4 ترلیۆن و 78 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی (235 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار نزیک لە (23 ملیار و 54 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (4 ترلیۆن و 78 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی ئایاری (2024)دا رۆژی (11ی تەموزی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی ئایاری 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ ئایاری ساڵی (2024) لە (11ی تەموزی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (48 ترلیۆن و 455 ملیار و 60 ملیۆن و 171 هەزار) دیناری بەڕێژەی (88.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (6 ترلیۆن و 248 ملیار و 788 ملیۆن و 431 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر پێنج مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی ئایاری 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار و پێنجی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (47 ترلیۆن و 827 ملیار و 405 ملیۆن و 498 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (42 ترلیۆن و 877 ملیار و 96 ملیۆن و 894 هەزار) دیناری بەڕێژەی (90.1%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (4 ترلیۆن و 950 ملیار و 308 ملیۆن و 603 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.9%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر پێنج مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی ئایاری 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (4 ترلیۆن و 950 ملیار و 308 ملیۆن و 603 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.9%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (42 ملیار و 262 ملیۆن و 99 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1%) بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (905 ملیار و 669 ملیۆن و 937 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (18%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (894 ملیار و 923 ملیۆن و 897 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (18%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (2 ترلیۆن و 673 ملیار و 638 ملیۆن و 107 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (54%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (433 ملیار و 814 ملیۆن و 562 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (9%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی ئایاری 2024 لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (47 ترلیۆن و 827 ملیار و 405 ملیۆن و 498 هەزار) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار) دینار. واتە بڕی (6 ترلیۆن و 876 ملیار و 443 ملیۆن و 104 هەزار) دیناری بەڕێژەی (12.7%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)). خشتەو چارتی ژمارە (4)   پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق تا کۆتایی ئایاری 2024 لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 120 ملیۆن و 48 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (234 ملیار و 813 ملیۆن و 454 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (91 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (23 ملیار و 53 ملیۆن و 948 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 120 ملیۆن و 48 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 243 ملیار و 430 ملیۆن و 601 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (80%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (834 ملیار و 689 ملیۆن و 477 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (20%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5)       سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx  


د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق لە چەند هەفتەی رابردوودا هەواڵی میوانداریكردنی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە عێراق، بوو بە نێوەڕۆكی چەند راپۆرتێكی بیانی و عەرەبی؛ بەپێی هەندێك هەواڵی پشتڕاستكراوەش بزوتنەوەكە ئۆفیسێكی پەیوەندیی لە عێراقدا بەكردەیی كردوەتەوە. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی زەمینەو لێكەوتەی ئەم پێشهاتە گریمانكراوەیە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستە دەكات. دەنگۆكانی گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق رەنگە رۆژنامەی “ژا ناشیونال” كە میدیایەكی ئیماراتییەو بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە، یەكەمین هۆكاری بڵاوكردنەوە بێت كە باسی لەوە كرد سەركردەكانی حەماس پلانی جێهێشتنی دۆحەی پایتەختی قەتەریان بەرەو عێراق هەیە. ڕۆژنامەكە، كە بارەگاكەی لە شاری لەندەنە، لە زاری سەرچاوەكانییەوە بانگەشەی ئەوەشی كردووە حكومەتی عێراقی لەسەر میوانداریكردنی حەماس لەسەر خاكەكەی رازی بووە؛ بەشێوەیەك كە ئێران “لە ڕێگەی باڵەكانییەوە” ئەركی پاراستنی نوسینگەو كادرانی بزوتنەوە فەڵەستینییەكە بگرێتە ئەستۆ لە بەغدا. بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، تیمە ئەمنی و لۆجستییەكانی حەماس هاتوونەتە بەغدا بۆ ئامادەكاری؛ لەسەر ئاستە سیاسییەكەشی “ئیسماعیل هەنییە”ی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس و نوێنەرانی ئێران و عێراق گفتوگۆی بابەتەكەیان كردووە. پەرلەمانتارێكی ناسراوی عێراق كە سەرۆكایەتیی حزبێك دەكات و نزیكە لە گروپە چەكدارەكان، ئەم زانیارییانەی پشتڕاستكردوەتەوە؛ باسی لەوەش كردووە ئیسماعیل هەنییەو محەمەد شیاع سودانی لەوبارەیەوە بە تەلەفۆن قسەیان كردووە. لە سەرەتایشدا بزوتنەوە فەڵەستینییەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی وەك دەسپێك ئۆفیسێكی میدیایی لە عێراقدا بكاتەوە[1]. ئەم ڕاپۆرتەو سەرجەم ئەو هەواڵانەی تر كە باس لە گواستنەوەی حەماس دەكەن بۆ عێراق، لە دۆخێكدایە تەشەنەیان كرد كە سێ پێشهاتی هەنوكەیی هەبوون: یەكەم: كردنەوەی ئۆفیسێك لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە لە بەغداو نزیك لە فڕۆكەخانەی پایتەخت؛ هەروەها سەردانكردنی ئەو ئۆفیسەش لەلایەن هەندێك هێزی سیاسیی عێراقییەوە بەئاشكرا[2]. بەپێی ئەو زانیارییانەشی بەردەستن، ئۆفیسەكەی حەماس بۆ پەیوەندی و كاری راگەیاندنە، نوسینگەكەش ڕەزامەندییە فەرمییەكانی حكومەتی عێراقی هەیە[3]؛ بەڵام باوەڕێك هەیە ئەمە سەرەتاو تاقیكردنەوە بێت بۆ ئەگەری گواستنەوە لە داهاتوودا، یان لەكاتێكدا پێویست بكاو، سەرەتایش بەم هەنگاوە دەستی پێ كردووە.  دووەم: چەقبەستنی دانوستانی ئاگربەست و گۆڕینەوەی گیراوەكان لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا؛ لە نێوەندیشیدا باس لەوە كرا گوایە قەتەر كە وڵاتی نێوانگر (وسیگ)و لەهەمان كاتدا میوانداریی باڵی سیاسیی حەماسیش دەكات، ناچار بووە لەژێر گوشاری ئەمریكاو ئیسرائیلدا حەماس ناچار بە گواستنەوە بكات ئەگەر هات و مل بۆ ئاگربەست كەچ نەكات[4]. سێیەم: قسەیەكی تر هەیە كە حەماس خۆی هەواڵ و دەنگۆی گواستنەوەی گریمانكراوی بۆ عێراق وەك كارتی گوشار بەرامبەر قەتەرو وڵاتانی تر بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی زۆر نەخرێتە ژێر گوشارەوە؛ هەروەها دەیەوێت وێنەیەكی وا دروست بكات كە ئەگەر قەتەریش نەبێت، ئەوە جێگرەوەی هەیەو بنكەی سەرەكیی خۆی بۆ عێراق دەگوازێتەوە[5]. دەشێت پێشهاتی یەكەم و سێیەم لەوی دیكە ڕێتیچووتر بن و هەواڵی كردنەوەی ئۆفیسە بچوكەكەی حەماس لە بەغدا كرابێتە بۆمبێكی دووكەڵینی گەورە بۆ دروستكردنی وێنایەك كە حەماس جێگرەوەی قەتەری هەیە، ئەگەرنا هاتن بۆ عێراق بەو ئاسانییە نییە؛ چونكە پاراستنی ئاسایشی حەماس و بڕیاری ئەمنی و سیاسی لە عێراق ئاڵۆزو فرەجەمسەرەو زۆر هاندەر نییە بۆ ئەوەی هەنگاوی لەو شێوەیە بەپەلە بهاوێژرێت. لەم بەینەیشدا ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی و سیاسیی عێراق كە هەڵگری سیفەتی فەرمین لە لێدوانی جیاجیادا، بۆ میدیایەكی قەتەری زانیارییەكانی رۆژنامە ئیماراتییەكەیان ڕەتكردەوەو بە ناڕاست دایانە قەڵەم، بەبێ ئەوەی زۆر بچنە ناو وردەكارییەوە[6]. دوای ئەوەش، لەسەر ئاستی جیاجیا بەرپرسە عێراقییەكان- لەنێویشیاندا وەزیری دەرەوە- جەختیان لەوە كردەوە ئاگاداری بڕیاری گواستنەوەی حەماس نین بۆ عێراق، بەبێ ئەوەی بچنە وردەكاریی ئەوەی ئاخۆ بڕیاری كردنەوەی ئۆفیسەكە ڕاستە یان نا. لای خۆیەوە بزوتنەوەكە لەڕێگەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییەوە (عیزەت ڕەشقە) تەنیا ڕەتیكردەوە بنكەو بارەگاكانی لە قەتەرەوە بۆ عێراق بگوازێتەوە[7]. زەمینەو پاڵنەری گواستنەوەی گریمانكراوی حەماس بۆ عێراق ناكرێت باس لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق بكرێت، بەدەر لە كاریگەریی ئێران و هاوكێشە هەرێمایەتییەكەی ناوچەكە؛ ئەمەش لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە: یەكەمیان پەیوەندیی بەهێزی حەماس و ئێرانە كە لەپاش هێرشی ئۆكتۆبەری 2023وە لە هەموو كات زیاتر پتەوتر بووە. دووەمیشیان هەژموونی زۆری ئێرانە بەسەر بڕیاری ئەمنیی عێراق و مەحاڵبوونی سەرگرتنی وەها هەنگاوێكە دوور لە كاریگەریی و ڕەزامەندیی ئەو باڵە چەكدارو پێكهاتە سەربازییانەی كە ئەجێندای “بەرەی موقاوەمە”ی ئێرانی جێبەجێ دەكەن. لە دەرەوەی ئەمەش بە شێوەیەكی گشتی چەند فاكتەرو پاڵنەرێكی تری ئەم هەنگاوە بەردەستن، كە دەشێت بەم جۆرە بخرێنە ڕوو[8]: –لێكەوتەكانی جەنگی غەززە كە نەخشەی سیاسی و هاوپەیمانێتیی ناوچەكەی گۆڕیوە، لەم نەخشەیەشدا عێراقی گروپە چەكدارەكان بەتەواوەتی هاوپەیمانی حەماس و فەڵەستینە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا. ئەمەش كۆدەنگیی سیاسی و فەرمیی لەسەر نییەو حكومەت لەهەوڵدایە لە پێگەیەكی مامناوەندی كێبركێ و ململانێكەدا بوەستێت. –بێزاربوونی قەتەر لە بارگرانییەكانی میوانداریكردنی باڵی سیاسیی حەماس، بەتایبەت كە بەشە سیاسییەكەی كاریگەریی لەسەر بەشە سەربازییە مەیدانییەكەی كەمە لە غەززەو كەرتی ڕۆژاوا؛ ئەمش وایكردووە زۆرجار نێوانگرییەكانی قەتەر كێشەی بۆ دروست ببێت یان لە ئەمریكاوە بخرێتە ژێر هەڵمەت و ڕەخنەو، بە داڵدەدانی تیرۆر تۆمەتبار بكرێت و داوای سزادانی بكرێت. –هەوڵی ئێران بۆ پارێزگاریكردن لە یەكێتیی حەماس و كۆكردنەوەی پارچە جیاجیاكانی لە ڕێگەی بەغداوە وەك پایتەختێكی عەرەبی. –هەوڵی ئێران بۆ قۆرخكردنی مەسەلەی فەڵەستین لەڕێگەی پاڵپشتیكردنی ڕەهای حەماسەوە؛ لەم هەوڵەشدا ئێران لەبەردەم رایگشتیی عەرەبی و ئیسلامی، پشتیوانیكردنی فەڵەستین بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی و ئیحراجكردنی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو بەكار دەهێنێت. –گونجاویی بەغدا وەك پێگەیەكی مامناوەند لە جەنگی بەوەكالەتدا؛ چونكە گواستنەوەی حەماس بۆ بەغدا، ڕاستەوخۆ دەیكاتە بزوتنەوەیەكی ئێرانیی پەتی. بەمەش هاوسۆزیی جیهانی سوننە لەدەست دەدات و دەچێتە خانەی باڵە ئێرانییەكانەوە. لێكەوتەكانی گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق یەكەم سەرنج لەسەر هاتنی گریمانكراوی حەماس بۆ عێراق، دەشێت تێوەگلانی عێراق بێت لە قەیرانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی؛ بەو پێیەی حەماس لە لیستی هێزە بێزراوەكانی ئەمریكادایە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ئەم چەند لێكەوتە چاوەڕوانكراوە: –دەشێت هاتنی حەماس بۆ بەغدا، عێراق بخاتە جەمسەری دژەڕۆژاواو لە هەمان كاتیشدا بیكاتە ئامانجی گوشارو گەمارۆ و سزای دارایی ئەمریكی و دامەزراوە ئەوروپییەكان. ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەهای دراوەكەی و ئابورییەكەی دەبێت. لەمەشدا سەرجەم پێكهاتەو بەشەكانی عێراق باجەكەی دەدەن- بە هەرێمی كوردستانیشەوە. –ئەگەری زاڵ ئەوەیە بوونی حەماس لە عێراق، دووچاری هێرشی سەربازی و ئاسمانیی فڕۆكەكانی ئیسرائیلیشی بكاتەوە لەسەر شێوازی باشوری لوبنان كە ئێستا بەهۆی پشتیوانی لە جەنگی غەززە بووەتە گۆڕەپانێكی كراوەی جەنگی ڕۆژانە[9].ی لەو كاتەشدا پەرچەكرداری گروپە شیعەكان بۆسەر بەرژەوەندییە ڕۆژاواییەكان چاوەڕوانكراوە؛ لەمەشدا هیچ گەرەنتییەك نییە كوردستان بەدەر بێت. –بەپێی هەندێك لێكدانەوە، ئەگەر عێراق داڵدەی حەماس بدات، كێشە بۆ هاوسەنگیی عەرەبی و ئیسلامییش دروست دەكات و لەگەڵ كەنداو و میسرو سعودیەش دووچاری كێشەی دەكاتەوە، چونكە ئەو وڵات و لایەنانەش پەیوەندیدارن بە دۆسیەكەو، بڕیاری تاكلایەنە لەم بوارە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە هەیە؛ بەتایبەت ئەگەر بێت و میواندارییەكەیان لەلایەن ئەو گروپانەوە بێت كە نەیاری وڵاتانی عەرەبین[10]. گرژییەكانی ئەم دواییەی گروپەكان و وڵاتانی ئوردن و كوێتیش نموونەیەكی بەرچاون.   –لەسەر ئاستی ناوخۆیی، كۆدەنگی لەسەر میوانداریكردنی حەماس نییە. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە كوردو سوننە دژی ئەو هەنگاوە بن؛ بەو پێیەی دەچێتە خانەی بەهێزكردنی كارتی شیعەی سیاسی و چەكدارەوە، هەروەها دەبێتە هۆی توڕەكردنی ئەمریكاو قوڵكردنەوەی ناكۆكی لەگەڵی. جگە لەوەش بارگرانیی سزای دارایی بۆ وڵاتەكە دروست دەكات كە تێیدا هەموو لا دەبنە قوربانی. –ئەگەر حەماس هاتە عێراق، ئەوە لەژێر چەتری گروپە چەكدارەكاندا دەبێت. ئەمەش لەسەر حیسابی حكومەت و تێوەگلانە لە جەنگی میحوەرەكان، بەتایبەت كە هەندێك لەوانە بەئاشكرا نایشارنەوە كە سنگ بۆ بەندوباوە ئەمریكییەكان دەردەپەڕێنن و میوانداریی چالاكییەكانی بزوتنەوە فەڵەستینییەكە دەكەن[11]. – مەترسییەكی تری نیشتەجێكردنی بزوتنەوەی حەماس لە عێراق، ئەگەری زیادبوونی چالاکییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و وڵاتانی دیکەیە؛ بە جۆرێك عێراق دەكاتە گۆڕەپانی سیخوڕیی وڵاتانی پەیوەندیدار[12]. – دەشێت تێوەگلانی گروپە شیعەكان لە پەنادانی حەماس، سودی سیاسی و دیپلۆماسیی بۆ هەرێم هەبێت؛ بەو پێیەی بەشە نزیكەكە دەبێت لە وڵاتانی ڕۆژاوا. لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە بكرێتە ئامانجی هەڵمەتی سیاسی و میدیایی و تەنانەت سەربازییش، بە پاساوی ئەوەی پشتیوانیی كێشەی فەڵەستین ناكات، ئەگەر پێشوازی لە هاتنی حەماس بۆ عێراق نەكات. حەماس و ئێران ئەگەرچی بزوتنەوەی حەماس بە شێوەیەكی فەرمی لە ساڵی ١٩٨٧ وەك بزوتنەوەیەكی “بەرگریكار”ی فەڵەستینی لە هەناوی كۆمەڵی “ئیخوان موسلیمین”ەوە ڕاگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی چالاكییەكانییەوە دژی ئیسرائیل لە ڕاپەڕینی فەڵەستینییەكاندا لە ساڵی ١٩٩٠ بانگهێشتی تاران كراوەو، لە ساڵی 1991 ئۆفیسی لە ئێران كردوەتەوە. بەهۆی گوشاری ڕۆژاواو ئەمریکاش بۆ سەر ئێران، چ بەهۆی دۆسیەی ئەتۆمی یان پرسەكانی ترەوە، ئێران لە ڕێگەی حەماسەوە وا پیشان دەدات كە کلیلی هەندێک قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستەوەیەو، بەبێ تارانیش ئەو قەیرانانە چارەسەر ناكرێن، لەوانەش پرسی ئاڵۆسكاوی فەڵەستین. ئەمەش جیا لەوەی هێز بە ئێران دەبەخشێت، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەش لەسەر خاکی ئێران کەم دەکاتەوەو كێشەكانی هەناردەی دەرەوە دەكات[13]. یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وا دەكات ئێران دەستبەرداری حەماس نەبێت و هەوڵی پەنادانی لە عێراق بدات، گرنگیی پەیوەندی و وابەستەییی حەماسە وەك بزوتنەوەیەكی سوننە لەگەڵ كۆماری ویلایەتی فەقیهی ئێرانیدا. ئەمەش پاڵپشتییەكی جۆرایەتییە بۆ ئێران كە لە كێبركێیەكی كراوەی شەرعییەت و مەزهەبیدایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی؛ بەهۆی ئەوەشی میحوەری كاریگەری عەرەبی (كەنداو _ میسر) بەرژەوەندییەكانیان زیاتر لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیلدایە، ئێران دەرفەتی زیاتری هەیە حەماس بكاتە یەكێك لە ئامرازەكانی خۆی، بەو پێیەی دەرفەت و پشتیوانیی تری نییە. هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا حەماسیش ئەندامێكە لەو بەرەیەی كە عێراقی گروپە چەكدارەكان و حزبوڵڵای لوبنان و كۆمەڵی ئەنساروڵڵای حووسی لەخۆ دەگرێت و پێكڕا پێیان دەوترێت “بەرەی موقاوەمە”؛ لەنێو ئەم بەرەیەشدا بەتەنیا حەماس هێزێكی سوننەیە. هەر بەم هۆیەشەوەیە بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل مەزەندەی ئەوە دەکەن، ئێران ساڵانە لانی کەم ٧٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ حەماس دابین بکات. پێشتریش ئیسماعیل هەنییە سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی ٢٠٢٢ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە باسی لەوە كردبوو كە، بزووتنەوەکەی ساڵانە ٧٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران وەردەگرێت. دوا بە دوای هێرشی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، خەزێنەی ئەمریکا محەمەد نەسروڵڵا، كادری حەماسی نیشتەجێی قەتەری خستە لیستی سزاكانییەوە. ناوبراو پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیەو دەستی هەبووە لە گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ حەماس؛ جگە لەمە خەمڵاندنە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ حەماس و بنیاتنانی توانا سەربازییەكانی، حەماس توانیویەتی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ئەنجام بدات[14]. كۆبەند گواستنەوەی بنكە سەرەكییەكانی حەماس لە قەتەرەوە بۆ عێراق، یەكێكە لە ئەگەرە كراوەو بژاردە ڕێتێچووەكانی قۆناغی ئایندەو، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بڕیارێكی ئاسان و بێكێشە نییەو تا ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی دەنگۆ و شەڕی میدیایی هێزە كاریگەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئەم بزوتنەوە فەڵەستینییە لەئێستادا لە ڕێگەی ئۆفیسێكی پەیوەندی و میدیایییەوە بەكردەیی هاتووەتە ناو بەغدای پایتەختەوە؛ هاتنەكەیشی بۆ عێراق دەرهاوێشتەو لێكەوتەی پەیوەندیی بەهێزی بزوتنەوەكەیە بە ئێرانەوە كە بنكەی سەرەكیی “میحوەری موقاوەمە”یە. هاتنی حەماس بۆ عێراق بێ لێكەوتە نابێت و هەندێك لەوانەیش دەشێت كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، چ وەك بەشێك لە عێراق، چ وەك هەرێمێك كە بەرژەوەندیی زۆری لەگەڵ نەیارانی “بەرەی موقاوەمە”دا هەیە.  [1]  https://bit.ly/3W1kJpd [2]  https://bit.ly/4eYnK2h [3]  https://bit.ly/4cXIWUm [4]  https://bit.ly/3Y3QbWq [5]  https://bit.ly/3Y3QbWq [6]  https://bit.ly/4bFptXu [7]  https://bit.ly/3S5jlRm [8]  https://bit.ly/4eUhPvf [9]  https://bit.ly/4eUhPvf [10]  https://bit.ly/4eZHbaY [11]  https://bit.ly/4d06bgk [12]  https://bit.ly/3XWFGnV [13]  https://bit.ly/3LHhqyV [14]  https://bit.ly/4cGS2oO ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە


(درەو):  گرێبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق لەرێگەی ئێرانەوە نزیكدەبێتەوە لەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش لەدوای ئەوەی تاران و عیشق ئاباد رێككەوتنیان ئیمزاكرد. محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سیاسی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئێران و توركمانستان رێككەوتنێكیان لە بواری غازدا ئیمزا كردووە. بەپێی قسەی جەمشیدی، ئەم رێككەوتنە لە بواری كڕین و ئاڵوگۆڕی غازدا، دەتوانێت كێشەی دانیشتوانی باكوری ئێران لە وەزری زستاندا چارەسەر بكات.  بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە، بڕیارە توركمانستان ساڵانە 10 ملیار پێ سێجا غاز بۆ ئێران دابین بكات و ئێرانیش ئەم غازە بگۆڕێتەوە بە غازی بەرهەمهێنراوی خۆی و رەوانەی عێراقی بكات.  دوای دانوستانێكی چڕ سەبارەت بە دابینكردنی غاز لە عیشق ئابادەوە بۆ بەغداد لەرێگەی تارانەوە، دواجار دوێنێ ئێران و توركمانستان رێككەوتنەكەیان ئیمزا كرد، لە مەراسیمی ئیمزاكردنەكەدا (عەلی روزبەهانی) باڵیۆزی ئێران لە توركمانستان و (مەقسەد بابایێڤ) سەرۆكی كۆمپانیای غازی توركمانستان ئامادەبوون.  بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وڵات دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دەڵێ: توركمانستان و ئێران لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسێیەتی باش و رێزگرتن لە یەكتری كار دەكەن.. ئەزمونی ئەرێنیی چالاكی هاوبەش لە بواری هەناردەی غازی توركمانستان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، بووە بە بنەمای سەرەكی فراوانكردنی بازنەی هاوكاری دووقۆڵیی. بۆرییەكی نوێ  حكومەتی توركمانستان هیچ وردەكارییەكی لەبارەی نرخ و كات و ئامادەكارییە لۆجستییەكانی پرۆژەكە نەخستوەتەڕوو، بەڵام باسی لەوەكردووە كە پلانی هەیە بۆ دروستكردنی هێڵێكی بۆری نوێ دەكات بۆ ئێران.  بڕیارە كۆمپانیا ئێرانییەكان پرۆژەی بۆرییە نوێیەكە بە درێژایی 125 كیلۆمەتر (77 میل) جێبەجێ بكەن، ئەمە بۆ بەهێزكردنی توانای توركمانستانە لە گەیاندنی غاز بە ئێران، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویكردوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی توركمانستان رایگەیاند، عشق ئاباد پلانی ئەوەیە ئاستی دابینكردنی غازی خۆی بۆ ئێران ساڵانە بۆ 40 ملیار پێ سێجا بەرزبكاتەوە.  ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پێشبینی دەكرێت چارەسەرێك بۆ قەیرانی كارەبا لە عێراق بدۆزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەو بچڕانانەی ساڵی رابردوو لە هاوردەی غازی ئێراندا بۆ عێراق روویدا، كە رێژەی نزیكەی 40%ی پێداویستی عێراق پێكدەهێنێت.  توركمانستان بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی یەدەگی گەورەی خۆی لە بواری غازی سروشتیدا دەبەستێت، چین كڕیاری سەرەكی غازی توركمانستانە، سەرباری ئەمە، عیشق ئاباد كار بۆ ئەوە دەكات بۆری دروست بكات بۆ ناردنی غاز بۆ ئەفغانستان و پاكستان و هیند. كارەبا لە عێراق ساڵی رابردوو عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد بۆ هاوردەكردنی 10 ملیار پێ سێجای ساڵانە لە غازی توركمانستان، ئەمە لەرێگەی ئاڵوگۆڕكردنەوە لەگەڵ ئێران.  وێستگەكانی كارەبا لە عێراق زیاتر پشت بەو غازە دەبەستن كە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، كە یەك لەسەر سێی پێداویستی عێراق دابین دەكات، بەڵام ئێران بەردەوام غازەكەی لە عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبای بەشێوەیەكی رۆژانە لێكەوتووەتەوە.  زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق پێشتر جەختی لەسەر ئەوە كرد، عێراق رێككەوتنێكی كردووە بۆ هاوردەكردنی 20 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە غازی توركمانستان، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم رێككەوتنەكە نەبوونی هێڵی گواستەوەی غازەكەیە بۆ عێراق، ئەگەر لەرێگەی تۆڕی ئێرانەوە نەبێت.  ئەوكات باسی لەوەكرد، دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕی بۆرییەكانی بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە غازە لە توركمانستانەوە بۆ عێراق، ئەگەر تاران رەزامەند بوو، دەكرێت بۆ وەزری هاوین پشت بە غازی توركمانستان ببەسترێت.  ئەوكات وەزیری كارەبای عێراق وتی: ئەو 20 ملیۆن پێ سێجا غازەی توركمانستان كە عێراق دەیەوێت بەدەستی بخات، دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت كاتێك ناردنی غازی ئێران كەمدەبێتەوە.   


راپۆرت: دره‌و نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، له‌تیف ره‌شیدی سه‌رۆك كۆمار مەرسومێكی هەڵوەشاندەوە كە مام جەلال لەكاتی سەرۆكایەتییەكەیدا دەریكردبوو، بەوه‌ كێشەی بەڕێوەبردنی وەقفی مەسیحییەكانی لەنێوان دەسەڵاتی ئاینی مەسحییەكان‌و هێزی سیاسی مەسیحییەكانی عێراقدا بەڕووی خۆیدا تەقاندەوە، سەرۆك كۆمار به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رسومه‌، ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌قفی مه‌سیحییه‌كانی له‌ (لویس ساكۆ) وه‌رگرته‌وه‌، سایكۆ ئه‌وكات ئه‌یوت له‌تیف ره‌شید ئه‌یه‌وێت وه‌قفه‌كانی مه‌سیحی بداته‌ ده‌ست (ره‌یان كلدانی). ئێستا محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ ته‌واوی ریسه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری كردوه‌ته‌‌وه‌ به‌ خوری، به‌ نوسراوێك ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆ لویس ساكۆ گه‌ڕانده‌وه كه‌ له‌تیف ره‌شید لێی وه‌رگرته‌وه‌‌. ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا. ئه‌وه‌ی له‌تیف ره‌شید لێی سه‌نده‌وه‌ سودانی پێی دایه‌وه‌! محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆ قه‌شه‌ (لویس ساكۆ) گه‌ڕانده‌وه كه‌ له‌تیف ره‌شیدی سه‌رۆك كۆمار له‌ سه‌ره‌تای ته‌موزی رابردوودا لێی سه‌نده‌وه‌.  سودانی رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ فه‌رمانێكی ده‌ركردووه‌، تێیدا لویس ساكۆی وه‌كو پارتریاكی كلدانه‌كان له‌ عێراق و جیهان ناساندووه‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ بڕیارێكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی فیدراڵی ره‌سافه‌، لویس ساكۆی كردوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر وه‌قفه‌كانی كڵێسای كلدانی.  رۆژی 3ی ته‌موزی 2023 لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی هەڵوەشاندەوە، مەرسومێك كە لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا دەركراوە‌و (لویس روفایل ساكۆ) وەكو پاتریاكی بابلی كلدانەكان لە عێراق‌و جیهان‌و بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لە عێراق دەناسێنێت. لێرەوە ئیتر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پێكهاتەی مەسیحی عێراق بەڕووی لەتیف رەشیددا تەقییەوە، ئێوارەی رۆژی 10ی ته‌موز، پاتریاكی كلدانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا كشاندنەوەی مەرسومی كۆماریی تایبەت بە دانانی لویس ساكۆ وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراق، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رەتكردەوە، سەرسوڕمانی خۆی لەو بڕیارە نیشاندا‌و بە بڕیارێكی بێ پێشینەو "به‌دخوازانه‌" لە مێژووی عێراقدا ناوی برد. ئه‌وكات هەندێك لە سەرچاوە سیاسییەكان باسیان له‌وه‌ده‌كرد، بڕیاری كشاندنەوەی مەرسومی دانانی لویس ساكۆ لەلایەن لەتیف رەشیدەوە، بەهۆی ئەو فشارانە بووە لەلایەن لایەنە مەسیحییەكانەوە لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار دروستكراوە، بەتایبەتیش لەلایەن گروپی (بابلیۆن)ی چەكدارەوە كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات‌و یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی‌و هاوكات لایەنێكی پێكهێنەری كابینەی حكومەتە لە عێراق و نزیكه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌. ئه‌م قسه‌وباسانه‌، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی ناچاركرد رۆژی 7ی ته‌موزی رابردوو روونكردنەوەیەك لەبارەی كشاندنەوەی مەرسومی 147وە دەربكات، روونكردنەوەكه‌ نوسیبووی" كشاندنەوەی مەرسومە كۆمارییەكە بۆ دەستبردن نییە بۆ دۆخی ئاینیی‌و یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ، بەوپێیەی ئەو لەلایەن پاپاوە وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراق‌و جیهان دانراوە، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی دۆخی دەستورییە، بەوپێیەی مەرسومی ژمارە 147ی ساڵی 2013 بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دەستوری‌و یاسایی دەرچووە، سەرباری ئەمەش سەرۆكی كڵێسا‌و تائیفەكانی تریش داوای دەركردنی مەرسومی كۆماریی هاوشێوە دەكەن بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریی". ئه‌وكات لویس ساكۆ شارەزایانە‌و سیاسیانە وەڵامی لەتیف رەشیدی دایەوە‌و رایگەیاند" ئایا مەرسومەكەی مام جەلال هەڵەیە؟ ئێوە هاتوون ئەو هەڵەیە راستدەكەنەوە؟". سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر ئەم بابەتە ناچاربوو، روونكردنەوەی دووەم بڵاوبكاتەوە كە تێیدا هۆكاری كشاندنەوەی مەرسومی 147 بۆ ئەوە گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ " پێشترو لە هەمان سەروەختدا دوو مەرسومی كۆماریی بۆ دوو كەسایەتی ئاینیی دەرچووە‌و نوێ نەكراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە مەرسومانە لە بنەڕەتەوە پاڵپشتی دەستورییان نییە، مەرسومی كۆماریی تەنیا بۆ ئەو كەسانە دەردەچێت كە لە دامەزراوە‌و سەرۆكایەتییەكان‌و وەزارەت‌و دەستە حكومییەكاندا كاردەكەن، دامەزراوەی ئاینیی فەرمانگەی حكومی نییە‌و پیاوی ئاینیش كە ئەم دامەزراوانە بەڕێوەدەبەن فەرمانبەری دەوڵەت نین تاوەكو مەرسومیان بۆ دەربكرێت". بەڵام پاتریاكی كلدانی لە بەیاننامەی خۆیدا لەبارەی ئەم بابەتەوە باسلەوە دەكات" لەسەردەمی خەلافەتی عەباسییەكانەوە پاتریاك بەرائەتنامەی فەرمی پێدراوە‌و لەسەردەمی عوسمانییەكانیشدا ئەمە هەر بەردەوام بووە‌و پاتریاك فەرمانی پێدراوە‌و كۆپی ئەو فەرمانەمان هەیە كە پێی دەوترێت " الگغرا‌و "، لەسەردەمی پادشایەتی‌و كۆماریشدا هەر بەمشێوەیە بووە". ئه‌م ناكۆكییه‌ كه‌ له‌ یه‌كه‌م ئه‌زمونی سه‌رۆك كۆماریدا به‌ڕووی له‌تیف ره‌شیدا ته‌قییه‌وه‌، لە بنەڕەتەوە پەیوەندی بە ململانێی هەژموونه‌وه‌ هه‌بوو لەنێوان دامەزراوەی ئاینیی مەسیحی كە (لویس ساكۆ) نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ باڵی سەربازی مەسیحییەكان لە عێراق كە (رەیان كلدانی) نوێنەرایەتی دەكات، هەردوو جەمسەری ناكۆكییەكە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر مەسیحییەكانی عێراقدا بسەپێنن، بەدیاركراویش دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وەقفەكانی مەسیحیدا بسەپێنن. كلدانی كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی شیعەیە، ئه‌وكات دەوترا لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەمانگیی (لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران) هاندراوه‌ بە ئاڕاستەی دژایەتیكردنی لویس ساكۆ، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گروپە شیعەكان رێبەرایەتی مەسیحییەكانی عێراق لەبەرژەوەندی خۆیان كۆنترۆڵ بكەن. ساكۆ و ره‌یان.. شه‌ڕی ئاین و سیاسه‌ت له‌ سه‌ره‌تاكانی 2023وه‌ پەیوەندی نێوان لویس ساكۆ و رەیان كلدانی گرژی تێكەوت، لەرێگەی میدیاكان‌و كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە قسەی توندیان كرد‌و یەكتریان تۆمەتبار كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی ناكۆكی بوو لەبارەی دۆخی ئاینی‌و سیاسی مەسیحییەكان لە عێراق، كە خۆی لە ساڵی 2003‌و كەوتنی سەددامەوە دۆخێكی خراپ‌و ناجێگیرە. لویس ساكۆ هێرشی كردەسەر رەیان كلدانی‌و وا ناوی برد كە "نوێنەرایەتی پێكهاتەی مەسیحی" ناكات، تۆمەتباری كرد بەوەی" تێوەگلاوە لە دزینی موڵك‌و ماڵی مەسیحییەكان. ساكۆ رۆژی 6ی ئایاری 2023 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" رێگا بەخۆم نادەم كەسێكی وەكو رەیان كلدانی ببینم، كە موڵك‌و ماڵی مەسیحییەكانی لە بەغدادو نەینەواو دەشتی نەینەوا دزیوە‌و بە یارمەتی ژنێك كە لە پۆستی وەزیردا دایناوە (مەبەستی ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ‌و كۆچبەرانی عێراقە كە سەربە بزوتنەوەی بابلیۆنە) دەیەوێت پیاوانی ئاینیی مەسیحی بكڕێت". لەسەر ئەم قسانە، رەیان كلدانی سكاڵای یاسایی لەسەر لویس ساكۆ تۆماركرد، رۆژی 15ی ته‌موزی 2023 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانێكی دەركرد بۆ ئامادەبوونی لویس ساكۆ لەماوەی 48 كاتژمێردا لەبەردەم دادگا، بەگوێرەی نوسراوەكە ئەگەر ساكۆ ئامادە نەبێت، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت. ئه‌م فه‌رمانه‌ لویس ساكۆی زۆر نیگه‌ران كرد، ئه‌و كە ماڵەكەی لەناوچەی "مەنسور"بوو لە بەغداد، نەچووە بەردەم دادگا، هه‌مان رۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانه‌كه‌ی دادگا، نوسراوێكی بە ئیمزای خۆیەوە دەركردو بڕیاریدا لە بەغداد بكشێتەوە‌و دەسەڵاتەكانی بگوازێتەوە بۆ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. وەكو خۆی لە نوسراوەكەیدا باسی لێوەكردبوو، بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە، رووبەڕووی فشارێكی بەردەوام بووەتەوە، لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار كردبوو بەوەی "بۆ بەدیهێنانی ئارەزووی رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن فەرمانەكەی دەركردووە، بۆ ئەوەی رەیان بكات بەو كەسەی كە كاروباری وەقفەكانی كڵێسا بگرێتەدەست‌و براكانیشی بكات بە هاوبەشی خۆی‌و پۆستیان پێبدات، هەروەها ئیڤان فایەقی وەزیری كۆچبەرانیش بكات بە ئەمینداری گشتی پاتریاكی‌و نەوفڵ بەهای زاواشی بكات بە سەرۆكی دیوانی وەقفی مەسیحی‌و ئاینیەكانی ترو بەمشێوەیە گەمە قێزەونەكەی تەواو بكات". دوای بڕیارەكەی بۆ كشانەوەی لە بەغدادو رۆیشتنی بۆ هەولێر، رەیان كلدانی راگەیاندراوێكی لەسەر لویس ساكۆ دەركرد، تێیدا دەڵێ:" ئێمە ئەو قسانە رەتدەكەینەوە كە لە پەیامەكەی لویس ساكۆدا هاتووە، ئێمە بزوتنەوەیەكی سیاسین‌و كەتیبە نین، بزوتنەوەیەكی سیاسی بەشدارین لە پرۆسەی سیاسیدا‌و بەشێكین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، جەخت دەكەین كشاندنەوەی مەرسوم لە لویس ساكۆ بڕیاری سەرۆكایەتی كۆمار بووە نەك بزوتنەوەی بابلیۆن‌و ئەو كارە بۆ مەبەستی راستكردنەوەی دۆخی دەستوری كراوە‌و فەخامەتی سەرۆك كۆمار مەرسومی نوێی قەداسەتی پاتریاكی بۆ ئەو كڵێسایانەی تر دەرنەكردووە كە ئەنجومەنەكانیان هەڵیانبژاردوون". رۆژی 11ی نیسانی ئه‌مساڵ، له‌سه‌ر داوای محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لویس ساكۆ هه‌ولێری به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غداد، به‌مه‌ش سه‌ره‌تای كۆتایهاتنی ناكۆكییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لویس ساكۆ كۆتایی هات، ناكۆكییه‌ك كه‌ ئه‌مریكا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ساكۆ بۆی هاته‌ سه‌ر هێڵ و ئێرانییه‌كانیش له‌ پشته‌وه‌ له‌سه‌ر هێڵ بوون بۆ ره‌یان كلدانی.  مەسیحییەكان مەسیحییەكان پێكهاتەكی كۆنی عێراقن،  ئەم ناوچەیەن، سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەكەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەیان رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەتایبەت لەدوای 2003و كه‌وتنی رژێمی سه‌ددام حسێنه‌وه‌ ژماره‌یان به‌رێژه‌ی 83% كەمبووەتەوە، بەجۆرێك له‌ (1 ملیۆن‌و 500 هەزار) كه‌سه‌وه‌ كەمبوونەتەوە بۆ نزیكەی (250-500) هەزار كەس. بەشی زۆری هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌سحییه‌كان له‌ عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی كۆچ‌و سەرهەڵدانی توندوتیژییەكانی دوای 2003 به‌تایبه‌تیش سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینیی، بەجۆرێك كاتێك ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی پارێزگای موسڵی كرد، دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باو و باپیرانی خۆیان هەڵكەندران‌و هەڵهاتن، ئەمانەش هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەكاندا، كە پاڵیان پێوە دەنێت كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونكە مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا لەبەردەم سێ بژاردەدا بوون كاتێك داعش كۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی كرد، ئەوانیش؛ موسوڵمانبوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد كە كۆچكردن بوو. مەسیحییەكانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێكی ئاینیدا، بەجۆرێك؛ كلدانییەكان سەر بە مەزهەبی (كاسۆلیك)، ئاشورییەكان (نەستورییەكان)، سریانییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، بەهەمان شێوە ئەرمەنییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیكەی بچوكی مەسیحی دیكەش بەناوی پرۆتستانتی‌و ئینجیلی ...هتد بوونیان هەیە لە عێراقدا.


(دره‌و): ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی بۆری نه‌وتی به‌سره‌- عه‌قه‌به‌، ناڕه‌زایه‌تی و قسه‌وباسی له‌ شه‌قامی عێراقیدا دروستكردووه‌، له‌ به‌سره‌ دژی پرۆژه‌كه‌ خۆپیشاندان كرا، بڕیاره‌ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئه‌م بۆرییه‌ كه‌ بڕی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری تێده‌چێت و درێژییه‌كه‌ی 350 كیلۆمه‌تره‌، له‌ چاره‌كی سێیه‌می 2025دا ته‌واو بكرێت.  ده‌یان كه‌س له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌سره‌ كۆبوونه‌وه‌، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژی پرۆژه‌ی هێڵی بۆری نه‌وتی (به‌سره‌- عه‌قه‌به‌). خۆپیشانده‌ره‌كان چه‌ندین دروشمیان دژی پرۆژه‌ی بۆرییه‌كه‌ به‌رزكرده‌وه‌، پرسیارن كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كێ له‌م پرۆژه‌یه‌ سودمه‌ند ده‌بێت ؟ گه‌ره‌نتی چییه‌ عێراق نابێت به‌ ئامرازێك بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی تر له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی خۆی ؟ هه‌ندێكی تر دروشمیان به‌رزكرده‌وه‌و تێپه‌ڕاندنی ته‌رخانكراوی داراییان بۆ پرۆژه‌ی بۆری عه‌قه‌به‌، وه‌كو پاشه‌كشێكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان ناوبرد.  پرۆژه‌ی نه‌وتی به‌سره‌- عه‌قه‌یه‌، پرۆژه‌یه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌ بواری جێبه‌جێكردندایه‌، ئامانج لێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی ده‌رهێنراوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی به‌سره‌یه‌ بۆ شاری (عه‌قه‌به‌) له‌ باشوری ئوردن. درێژی بۆرییه‌كه نزیكه‌ی‌ (1700) كیلۆمه‌تره‌و له‌ دوو قۆناغ پێكدێت، یه‌كه‌میان له‌ به‌سره‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ (حه‌دیسه‌) له‌ خۆرئاوای عێراق، قۆناغی دووه‌میش له‌ حه‌دیسه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ به‌مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق بۆ وڵاتانی تر له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه‌. به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی (2 ملیۆن و 250 هه‌زار) به‌رمیل ده‌گوازێته‌وه‌، به‌گشتی تێكڕای ئه‌و نه‌وته‌ی به‌م بۆرییه‌دا ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ ده‌كرێت، رۆژانه‌  ده‌گاته‌ (1 ملیۆن) به‌رمیل، له‌م بڕه‌ (850 هه‌زار) به‌رمیلی ده‌درێت به‌ پاڵاوگه‌كانی ئوردن، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا بۆرییه‌كی تر هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی غاز بۆ ئوردن به‌ بڕی (100 ملیۆن) پێ سێجای رۆژانه‌، ئوردن ئه‌م غازه‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بڕیار بوو له‌ ساڵی 2017دا ته‌واو ببێت، تێچووه‌كه‌ی به‌ نزیكه‌ی 18 ملیار دۆلار ئه‌ژمار ده‌كرێت.  پرۆژه‌كه‌ 10 وێستگه‌ی په‌مپكردنی نه‌وت و 3 كۆگای ئه‌مباركردن له‌ رومێله‌و حه‌دیسه‌و عه‌قه‌به‌ له‌خۆده‌گرێت به‌ توانای (19 ملیۆن) به‌رمیل، ئه‌مه‌ له‌پاڵ سه‌كۆی باركردن له‌ عه‌قه‌به‌ به‌ توانای یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌و سیسته‌می كۆنترۆڵ و پێوانه‌كردن. له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه‌، رۆژانه‌ نزیمه‌ی 65 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عێراق ده‌درێت به‌ میسر، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه‌ بۆری بۆ كه‌ناراوه‌كانی میسر رابكێشرێت. ئه‌گه‌ر تێكڕای هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌م بۆرییه‌كه‌ رۆژانه‌ 200 بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل بێت، ئوردن بۆ تێپه‌ڕینی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی عێراق به‌ خاكه‌كه‌یدا، بڕی ته‌نیا (25 سه‌نت) وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام تێكڕای خه‌رجی وه‌به‌رهێنان و به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ له‌م هێڵه‌وه‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك ده‌گاته‌ (2.27) دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ خه‌رجی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی ده‌ریاوه‌ كه‌ ئێستا نه‌وتی به‌سره‌ به‌وشێوه‌یه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی (1.35) دۆلاره. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می نوری مالیكییه‌وه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆكراوه‌ له‌باره‌یه‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی تری عێراق قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ بودجه‌ی عێراقدا بۆ ساڵی 2024، بۆ جاری یه‌كه‌م و له‌سه‌ر ده‌ستی محه‌مه‌د شیاع سودانی پاره‌ بۆ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ ته‌رخانكرا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هۆكاری ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ خۆلادان له‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا له‌ گه‌رووی هورمز رووبدات و كێشه‌ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق دروست بكات، كه‌ شاده‌ماری ئابوری وڵاته‌. ‌دكتۆر نه‌بیل مه‌رسومی كه‌ شاره‌زای نه‌وته‌و خۆی دانیشتووی به‌سره‌یه‌، له‌باره‌ی كه‌ڵكه‌ ئابورییه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌م پرۆژه‌یه‌دا لایه‌نی ئه‌منیی له‌به‌رچاو نه‌یگیراوه‌، به‌تایبه‌تیش دۆخی ئه‌منیی له‌نێوان عێراق و ئوردن، سه‌رباری ئه‌مه‌ توێژینه‌وه‌ی به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاونه‌گرتووه‌ نه‌وتی عێراق بگاته‌ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاو ئه‌فریقا.  بڕیاره‌ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئه‌م بۆرییه‌ كه‌ بڕی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری تێده‌چێت و درێژییه‌كه‌ی 350 كیلۆمه‌تره‌، له‌ چاره‌كی سێیه‌می 2025دا ته‌واو بكرێت.  ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌نیا دژی ئه‌م پرۆژه‌ی بۆرییه‌ نییه‌، پێشتریش له‌ناو لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی هه‌بوو دژی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش كاتێك فراوان بوون كه‌ ده‌نگۆی به‌شداری فڕۆكه‌كانی ئوردن له‌ هێرشێكی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكادا بۆسه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بڵاوبووه‌وه‌. رۆژی 4ی ئایاری رابردوو، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن راوه‌ستا، به‌پێی دواین زانیارییه‌كان به‌غدادو عه‌ممان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت.  هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ئوردن له‌چوارچێوه‌ی یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن بوو كه‌ رۆژی 4ی ئایاری 2023 ئیمزا كرا، واده‌ی یاداشته‌كه‌ له‌ 4ی ئایاری ئه‌مساڵ كۆتایی هات، به‌گوێره‌ی ئه‌م یاداشته‌ بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق بۆ ئوردن مانگانه‌ له‌نێوان 450 بۆ 465 هه‌زار به‌رمیل بوو، واتا بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی رۆژانه‌ 15 هه‌زار به‌رمیل بوو. به‌گوێره‌ی یاداشته‌كه‌،‌ حكومه‌تی ئوردن هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی ده‌دات، ده‌بێت لایه‌نی ئوردنی تانكه‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق بۆ پاڵاوگه‌ی نه‌وت له‌ شاری زه‌رقای وڵاته‌كه‌ی دابین بكات، له‌به‌رامبه‌ردا ئوردن به‌ داشكاندنه‌وه‌ نه‌وتی عێراق ده‌كڕێت، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 16 دۆلار ده‌دات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای نرخی مانگانه‌ی نه‌وتی خاوی برێنت، ئه‌مه‌ نرخه‌ش  ناڕه‌زایه‌تی له‌ناوخۆی عێراق دروستكردووه‌ به‌ نرخێكی كه‌م و پاڵپشتیكراو داده‌نرێت.  ئه‌و نه‌وته‌ی عێراق به‌ ئوردنی ده‌دات، رێژه‌ی 7%ی پێداویستی ناوخۆی ئوردنی پڕده‌كرده‌وه‌، لایه‌نی ئوردنی ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێدا له‌گه‌ڵ به‌غداد ئاستی 50%ی پێداویستی خۆی پڕبكاته‌وه‌، واتا ئاستی هه‌نارده‌كردن زیاد بكرێت. ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ عێراق هه‌نارده‌ی ئوردنی ده‌كرد، به‌شێكی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوكه بوو، ئه‌وكاته‌ی كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راوه‌ستا، عێراق بۆی گرنگ بوو نه‌وته‌كه‌ ره‌وانه‌ی ئوردن بكات. مێژووی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می رژێمی پێشوو، له‌سه‌رده‌می سه‌ددامدا عێراق رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ئوردن ده‌كرد، نیوه‌ی ئه‌م بڕه‌ نه‌وته‌ به‌خۆڕایی بوو، نیوه‌كه‌ی تری به‌ نرخێكی ره‌مزی به‌ ئوردن ده‌درا. له‌ ساڵی 2006داو دوای كه‌وتنی سه‌ددام، حكومه‌تی یه‌كه‌می نوری مالیكی یاداشتێكی لێكتێكه‌یشتنی له‌گه‌ڵ ئوردن ئیمزا كرد بۆ پێدانی بڕی 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌ ئوردن، به‌پێی ئه‌م یاداشته‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 18 دۆلار دانرابوو، ساڵی 2008 نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ یاداشته‌كه‌دا بۆ 22 دۆلار به‌رزكرایه‌وه‌. 2ی شوباتی 2019 عێراق و ئوردن یاداشتێكی نوێیان ئیمزا كرد بۆ هه‌نارده‌كردنی 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك ئه‌مجاره‌ بڕی 16 دۆلار دانرا (ئه‌وكات ئه‌م نرخه‌ 13 دۆلار كه‌متر بوو له‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا) ئه‌مه‌ش بۆ دابینكردنی خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ بوو له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ زه‌رقای ئوردن.  له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داشكاندنه‌ زۆره‌دا كه‌ عێراق له‌ نرخی نه‌وت بۆ ئوردنی كردووه‌، ئوردن به‌رێژه‌ی 75% داشكاندنی باجی گومرگی بۆ هاورده‌ی كاڵای عێراق له‌ به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه‌ كردووه.‌



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand