له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ر به‌ڕاستی كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته ، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته تا له سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك هه‌رزه‌ی سیاسی به ده‌ردی ساڵی 1959 نه‌چێت و كورد‌و توركمان نه‌كرێن به گژ یه‌كترا ، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوی توشی شه‌ڕو بشێوی نه‌بن ، چه‌ند ناشرینه كه‌سێك خۆی له و په‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا بێت و بیه‌وێت مناڵی ره‌ش و ڕووتی نیشتمان بكات به گژ یه‌كترا ، چه‌ند ناشرینه مرۆڤ هێنده شۆڤێنی بێت جیاوازی و دیرۆك و هه‌قیقه‌ت نه‌بینێ ،له نێوان قسه‌كه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی و خلوسی ئاكاردا هه‌فته‌یه‌ك تێنه‌په‌ڕیوه ، تۆ بڵێیت ئه‌م " كارداشانه" بۆ وا بكه‌ن ، ما خۆ ئێمه نه‌وت و خاك و ئازادی سیاسی و هه‌موو شتمان پێشكه‌شكردون هێشتا داوای زیاتر ده‌كه‌ن . ئێ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رچی ڕووبدات ئه‌رشه‌د خوێن له په‌نجه‌ی نایه‌ت ئیدی چ ده‌بێت بۆ ئه‌و كێشه نیه ، ساڵی 2008 هه‌وڵێكی زۆر هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌ركوك كورد و توركمان بكه‌ن به گژ یه‌كتردا بۆ ئه‌وه میتیش له سه‌ر هێڵ بوون ، دوو هه‌رزه‌كاری كورد یه‌كی به چه‌كه شڕێك و یه‌ك فیشه‌كچنه‌وه به‌ره‌و موسه‌ڵا هه‌ناسه بڕكێیان بوو ، رێم پێ‌گرتن و وتم ئه‌وه بۆ كوێ وتیان شه‌ڕی كورد‌و توركمانه دامنان و به قسه‌ی خۆش خاومكردنه‌وه ، دیار بوو بۆ كوشتن هاندرابوون ، ئێ له كوردیشا بیركه‌ره‌وه‌ی وه‌ك كاكه‌م ئه‌رشه‌د هه‌یه ، كه من دڵنیام ئه‌گه‌ر پشكنینی " دی ئێن ئه‌ی " بكات توركمانه كورد ده‌رده‌چێت ،سه‌یره خلوسی ئاكار ده‌ڵێت كوردستان نیه‌و ئه‌رشه‌ده‌كه‌ش كه‌ركوك به ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتورك ده‌زانێت ، لیره‌ی توركیش شڵپ و شۆی ده‌رچووه. من ئه‌وه‌م پێخه‌مه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد وه‌ڵامی له‌سه‌ر خۆ‌و ئاوه‌زیانه‌ی ئه‌مانه ناده‌نه‌وه ، له كاتێكا بێده‌نگ بوون لێیان خوێندنه‌وه‌ی ترس و لاره خواری و بێشكۆیی لێدێت ،ده‌كرێت ئاوه‌زیانه وه‌ڵامبده‌نه‌وه‌و له دنیاشدا ئه‌و ئاوه‌زه شۆڤێنیه له قاو بده‌ن ، چونكه ئه‌رشه‌دیش و ئاكاریش بۆ كاردانه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و بۆ له ژێدانی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن و خۆیان هه‌قیقه‌ته‌كه له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن ، به وه‌ڵامدانه‌وه ی لۆژیكی و ده‌مكوتكردنی ئاوه‌زی شۆڤێنیانه كابه كه‌چ نابێت ، ناكرێت به بیانوی "خۆمان به تڕبه‌نین" هه‌روا كه‌چ و كه‌وی دانیشین . ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت ، بریتیه له شارێك چوارپێنج نه‌ته‌وه ، چوار پێنج زمان ، چوار پێنج ئاینزا و گۆرانی و شیعر‌و میوزیك و هونه‌ری هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه جۆری تیایه ، شارێكه له رابردودا به دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌وترا چوار مه‌وج ، شارێك دیرۆك و جوانی و پێكه‌وه ژیان و هاوبه‌شی خه‌م و خۆشی یه‌كتری تیایه ، ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت زۆر جیاوازه له‌و كه‌ركوكه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی خه‌وی پێوه ده‌بینێ ، ئه‌و كه‌ركوكی ململانێ و شه‌ڕو ئاژاوه‌ی ده‌وێت ، ئێمه‌ش كه‌ركوكی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان ، لای ئێمه كه‌ركوك موڵك و ئه‌مانه‌تی كه‌س نیه خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌بێت ، لای ساڵحی ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتوركه ، ئه‌و پیاوه‌ی جوانترین شاعیری تورك ئاماده نه‌بوو له سایه‌ی ئه‌ودا بمرێت و له مۆسكۆ‌و له تاراوگه سه‌ری نایه‌وه ، ئه‌تاتورك بسته گۆڕێكی به نازم حیكمه‌ت ڕه‌وا نه‌بینی ، بیر‌و بۆچون و فه‌لسه‌فه‌ی تاریكی ئه‌تاتورك بووبه هۆكاری كۆچ و له تاراوگه مردنی جوانخاسی وه‌ك ئه‌حمه‌د قایه ، یه‌ڵماز گوینه‌ی و زۆری تر ، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تی ئه‌و بێت به‌ر له هه‌ركه‌س ئه‌رشه‌د ساڵحی ناتوانێ تیا پشوو بدات و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات چونكه هیچ توركمانێكی كه‌ركوكلی ئه‌و شه‌كر شكاندنه له ساڵحی قه‌بوڵناكات و به‌ر له كورد‌و ئه‌وانی تر پێی ده‌ڵێن " ئه‌نكه‌ره نیوه‌ی رێگات بێت ".
ئارام مەحمود هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درزێکی گەورەی خستە ناو هێزە سیاسییەکان، بە دیاریکراوی ناوماڵی شیعەکان، کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە عێراق لەدەستدایە. لۆژیکی یان هەموومان حوکم ئەکەین یان بەرەو فەوزا ئەڕۆین، تائێستا لۆژیکی زاڵە و هەژمونی خۆی بەسەر دیمەنی سیاسی عێراقدا سەپاندووە. هەندێک ڕێککەوتن بەباشتر ئەزانن لەڕۆیشتن بەرەو نادیار، بەشێکی تریش ئەپرسن، ئەگەر لەکۆتایی ڕێگاکەدا ئەگینەوە بەسازان و هەموان لەحکومەت بەشداریدەکەن، چ پێوێستیەکمان بەهەڵبژاردن و دروستکردنی پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. دوای زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ، هێشتا مشتومڕی هێزە ناڕازییەکان کە لە چواچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا کۆبونەتەوە، ساتەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی تێنەپەڕاندووە. سەربازگەی هێزە ناڕازییەکان پێیانوایە، ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبنەمادا ئەوەبوو حکومەتی داهاتوو، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هاوسەنگییە ئیقلیمییەکان و تەریبی پڕۆژەی غازی ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست و ناتۆی عەرەبی بێت کە بڕیارە لەنێوان عێراق و میسر‌و ئوردون دا پێکبهێنرێت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکیش بەو پێوەرانە، هەندێک هێز دورخراونەتەوەو هەندێکی تریش پێشخراون، لەوەش زیاتر، دەوترێت تەواوی ئەو هێزانەی لەسەر بەرەی مقاوەمە ئەژمار دەکرێن دورخراونەتەوەو ئەو هێزانەشی ئامادەییان تیایە بۆ چونە ڕێزی ڕێککەوتنی ئەبراهام و ئاسایکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، پێشخراون. ڕەنگە ئەمە بەشێک بێت لەنیگەرانی و پاساوی ئەو هێزانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناڕازین، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، هەر بەتەنیا لەوە نیگەرانین کە پیلانیان لێگێڕدراوە و "گزی"یان لێکراوە، بەڵکو پێیان وایە یاسای هەڵبژاردن کە پێش بەڕێوەچونی پرۆسەکەش لە دادگای فیدڕاڵی تانەیان لێداوە، عەدالەتی نوێنەرایەتی نەچەسپاندوەو، بووەتە هۆی خولقاندنی کێشەو قەیرانی سیاسی. بۆنمونە دەڵێن، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهانگی نزیکەی دوو ملیۆن دەنگیان هێناوە، خاوەنی نزیکەی ٨٠ کورسین، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر نزیکەی هەشت سەدو پەنجاهەزار دەنگی هێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان گەیشتوەتە ٧٣ کورسی. سەربازگەی بەرامبەریش دەڵێن، ئەوە بیانوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان، هەموو ئەو بەڵگانەشی تائێستا لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری پێشکەشیان کردووە سنوری تۆمەت و تێۆری پیلانگێڕی و دەستی دەرەکی تێناپەڕنێت، پێشیانوایە، کەمینەیەک ئەیانەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن، ئەگینا یاسای هەڵبژاردن دەرفەتی گەورەی بۆ هاتنەپێشەوەی دەیان پەرلەمانتاری سەربەخۆ و تشرینییەکان خولقاندووەو، بەڕەزامەندی و دەنگی نوێنەرەکانی ئەوان لە پەرلەمان تێپەڕیوە. پێشیانوایە، کێشەی سەرەکی لەوەدایە، هێزە دۆڕاوەکان لەیاساکە تێنەگەیشتون و لەهەر بازنەیەک زیاد لەکەسێکیان کاندیدکردووە، ئەوەش وایکردووە دەنگەکانیان پەرتەوازەبێت، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر، خاوەنی جەماوەرێکی ڕێکخراو و دەزگایەکی هەڵبژاردنی لێهاتووەو، دەنگی هەوادرانی هاوتەریبی پێویستیی کاندیدەکانی ئاراستەکردووە، ئەوەش وایکردووە لە ٨٤ چوار کاندید ٧٣یان دەربچێن. بەڵگە بەرجەستەکان لەسەر زەمینی واقیع ئەوە ئەسەلمێنێت کە یاسای هەڵبژاردن ڕێسای گەمەی سیاسی و نەخشەی نوێنەرایەتی لەبازنەی شار‌و ناوچە جیاوازەکانی عێراق گۆڕیوە: - نزیکەی لەسەدا هەشتای پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەموچاوی تازەن. -سەرکەوتنی نزیکەی پەنجا کاندیدی سەربەخۆ و تشرینییەکان کە پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجار ئۆزسیۆنێکی جدی و ڕاستەقینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروست بێت. - سەرکەوتنی زیاتر لە ٩٠ کاندیدی ژن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە نیوەیان زیاتر بەدەنگی خۆیان سەرکەوتون، ئەمەش پێشهاتێکی نوێێە بەهەموو پێوەرێک. - هاتنە پێشەوەی زیاد لەهزێکی نوێ و پاشەکشێکردن و کوژانەوەی زیاد لەهێزێکی نەریتی. وێڕایی هەموو ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکان، پێدەچێت لەکۆتایی تونێلەکەدا ڕوناکییەک بەدیبکرێت، دەرگایەک بەڕووی ئەو چەقبەستنە قوڵەدا بکاتەوە کە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی گرتووە، تازەترین ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە کە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەندێک لەوێستگەکانی دەنگدانە دەکات لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو تانانەی کە هێزە دۆراوەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردودا پێشکەشیان کردووەو، وەک کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە، کاریگەریی بەهێزی دەبێت لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی کورسییەکان لەو بازنانە. ئەوە لەکاتێکدا بەدرێژایی مانگی ڕابردوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە سەدا بیست و پێنجی تەواوی دەنگەکانی بەدەستی ژماردەوەو لەسەدا سەدی ئەنجامەکان هاوتابون و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەوەی دووپاتکردوەتەوە، کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هیچ لەئەنجامەکان ناگۆڕێت، پێدەچێت ئەم هەنگاوە نوێیە چاسەرێکی مامناوەندو جۆرێک لە ڕێککەوتنی سیاسیش بێت، بۆ دەربازبون لەو دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراقی دروستکردووە!.
رێبوار سیوەیلی 1. ئەم نیشانانەی لەسەر پەنجەرەی فەیسبووكەكەت دەردەكەون، جۆرە هێما و نیشانەیەكی زمانین، كە مانای تایبەتیان هەیە. ئەگەر بە هەڵە بەكاریان بهێنین، ئەنجامی خراپیان دەبێت. بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە پەلە لەبەكارهێنانیان نەكەین و بشزانین لە كوێدا كامیان بۆچی بەكار دەهێنین. من لە خوارەوە، بە پێی تیگەیشتنی خۆم وەك كوردێك، نەك وەكئەوەی بمەوێ نوێنەرایەتی تۆڕی كۆمەڵایەتی بكەم، هەندێ ڕوونكردنەوەت بۆ دەنووسم، ڕەنگە سوودبەخش بن: 2. پێویستە بزانین، بەكارهێنانی ئەم نیشانە زمانیانە بەپێی جیاوازیی كولتوورەكان، مانای جیاواز بەخۆیانەوە دەگرن. بۆیە نابێت پەلە لەبەكارهێنانیان بكەین. ئەوەش من دەینووسم، لە ئەزموونی خۆمەوەیە و ڕەنگە كەسانێكی دیكە هەبن، ئەزموونێكی دیكە، یان تێگەیشتنێكی دیكەیان هەبێت. بەڵام دەبێت بزانین ئەم نیشانانە ئامرازی لێكحاڵیبوون و بەدحاڵیبوونیشن. زمانێكن دەتوانین لەڕێگەیانەوە یەكتری شاد بكەین و یەكتریش زویر بكەین. بەهۆی بەكارنەهێنانیشیانەوە دەتوانین یەكتری بسڕینەوە، نەبینین، یان بیخەینە لاوە، كە ئەوەیان بەدترین جۆری بەكارهێنانیانە و ئاستێكی ستەمكارانەیە و سایكۆلۆژیایەكی توندوتیژ ئاشكرا دەكات. 3. لە هەموویان باوتر ئەم (لایك)، یان پەنجە هەڵبڕینەیە، كە باوترین مانای ئەوەیە: ئێمە پەسەندی شتێك دەكەین، یان بەرامبەر ئاگادار دەكەینەوە كە بینیومانە. پۆستەكەتمان بینیوە و هیچیتر. ڕەنگە ئەمە كۆمێنتێكی بەدوادا بێت، یان سەرنج و پرسیارێك، بەڵام لەسەرەتاوە پیشانی دەدەین بینیومانە بەڵام نرخاندنمان بۆ نەكردووە. 4. وەلێ كێشەكە هەر لەوەدا كۆتایی نایەت. بەكارهێنانی تیكەی لایك، لە كاتی جیاوازدا مانای جیاوازیش بەخۆیەوە دەگرێت: بۆ نموونە كەسێك كۆمێنتێكی زۆر گەرم و جوانی بۆ پۆستێكی تۆ نووسیوە، یان بۆ وێنەیەكت ناردووە. تۆش بێیت لایكیكی سارد و سڕی تێبگریت، دڵنیابە دڵی سارد دەكەیتەوەو بگرە لەوانەیە لە نووسینی كۆمێنتەكەی پەشیمانیشی بكەیتەوە. یاخود ناچاری بكەیت بیسڕێتەوە. چونكە تۆ لەوەڵامدانەوەیدا سارد بوویت، یان ئەوەت پیشانداوە كە بایەخی پێنادەیت و بە هەمان گەرموگوڕییەوە وەڵامت نەداوەتەوە. بۆیە گرنگە بزانین لایك لە كوێدا و بۆچی بەكار دەهێنین نەك بۆ هەموو كاتێك و هەموو وەڵامێك و هەموو پۆستێك.. وردبەرەوە بزانە كێ چۆن نرخاندن بۆ شتەكانت دەكات، تۆش بەوجۆرە و بگرە زیاتر نرخاندن بۆ بەشدارییەكەی ئەو بكە. بەكارهێنانی لایك بۆ كەسێك دڵی تێگرتوویت، وەكئەوەیە تۆ بێزت نەیەت لە هەمان ئاستدا وەڵامی بدەیتەوە، یان دەیخەیتە پێگەیەكی نزمترەوە لەوەی ئەو بۆتۆی داناوە. 5. دانانی نیشانەیەك هەر دانانی نیشانەیەك نییە. بەڵكو وەڵامێكی هیمایی/زمانییشە كە لە دۆخێكی كولتووری و دەروونیی تایبەتدا مانای جیاوازی هەیە. كەسێك بنووسێت: (ئێستە دایكم كۆچی دوایی كرد!)، تۆ بەلایك و دڵ وەڵامی نادەیتەوە، یان كۆمێنتی نادەیتێ.. باشتر و جوانترە نیشانەیەكی خەمگینی دابنێیت و كۆمێنتێكی كورتیشی بۆ بنووسیت. بەڵام ئەگەر لایكت بۆ دانا، هیچ بایەخ و نرخاندنێكی تیدا نییە و كەسەی بەرامبەر زویر دەكات. بە هەمان شێوە ئەگەر كەسێك نووسیبووی: (ئێستە لەگەڵ خۆشەویستەكەم لە سەری سەفینین) و وێنەیەكی خۆشیانی دانابوو، یان كەسێك چەژنی لەدایكبوونی منداڵەكەیان ڕابگەیەنێت و تۆش تەنیا لایكێكی تێبگریت، شیاو نییە. ئەو جۆرە پۆستانە پێویستییان بە گرنگیدان و نرخاندن و بەشداریكردنی زیاتر هەیە. خۆ ئەگەر هیچ نەكەیت، باشترە، بەڵام ئەگەر هەر شتێكت كرد پێویستە لانیكەم، دڵێك و ئامێزێكیان تیگریت، یان كۆمێنتیكی پێخۆشحاڵیانەشیان بۆ بنووسیت.. 6. هیچ نەنووسین، یان هیچ لایك نەكردن و گوێ پێنەدان جۆرێكە لە ڕەتكردنەوە. جۆرێكە لە پشتتێكردن و ئەمەش خەمساردی پیشان دەدات.. خەڵك و هاوڕێكانت دەزانن كە تۆ پۆستەكەیان دەبینیت، كەچی هیچ شتێكی وا ناكەیت كە ئەوان دڵخۆش بكات، یان هەڵویستی تۆیان بۆ ڕوونبكاتەوە.. ئەمە پێیدەگوترێ: (ئیگنۆڕ)كردن، یان خۆلەگێلیدان و بایەخ پێنەدان و پشتتێكردن.. ئەگەر ئەمە هەڵوێستتە، باشترین شت ئەوەیە خۆت لە لیستی هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بسڕیتەوە، چونكە ئەگەر وانەكەیت و هیچ پەرچەكردارێكیشت لە ئاستیاندا نەبێت و ئەمەش زۆر دووبارە بێتەوە، ئەوانە پێناسەیەكی دیكە بۆ تۆ دەكەن: تۆ چی دەكەیت لەو گۆشە و پەنایەوە خۆت ماتداوە و هەرگیز بەشداریی پۆستی هاوڕێكەت ناكەیت؟ لە كوردستان بەمە دەڵین: جاسووسی و خۆماتدان و لە دوورەوە تەماشاكردن.. ئەوەش هەستێكی ناخۆشە.. من بە ئەزموونی خۆم بۆم دەركەوتووە و زۆربەی هاوڕێیانیش ئەوەیان پشتڕاستكردۆتەوە، كە ئەم ڕەفتارە بەزۆری خزمەكان لەگەڵ یەكتری دەیكەن! دەیانەوێت هەمووشتێكی تۆ و یەكتر بزانن، ئەگەر شتەكە خۆش بوو، خۆیانی لێناكەن بە خاوەن و ئەگەر ئەوەش كە لێت دەقەومێت ئابڕووبەرانە بوو، ئەوە هەموو خزمان لە ناو خۆیاندا باست دەكەن.. هاوڕێیەكی شاعیرم بۆی گێڕامەوە، گوتی: ئەگەر بەس خزمەكانم لایكی پۆستەكانم بكەن، نیزیكەی 2000هەزار كەسوكارم خۆیان كردووە بە (فڕێندم). كەچی یەك دانەیان بەشداریی هیچ پۆستێكم ناكەن.. ئەمە بۆ زۆربەمان ڕاستە. 7. ئەگەر سوودێك لەم وتانەدا هەیە، هەوڵدە بنێرە بۆ كەسانێك دەزانیت بە هەڵە نیشانەكان بەكار دەهێنن. لە باسی داهاتوودا لەسەر نیشانەیەكی دیكە دەدوێم.. بەڵام ئەمە كۆمێنتی كاك (هیوا سەلام)ـە: (ئەگەر نووسینەکەت نەخوێندۆتەوە لایک مەکە! ئنجا دەبینیت کە چ عەشیرەتێک قەت ناشیخوێنێتەوە و لایکێکیش دەهاوێژێ، چونکە هەست دەکات هیچی تێناچێ!). لاییكردن و نەكردنی زۆری تێدەچێت. دەتوانیت پەیوەندییەكان خۆش بكات و ڕاستگۆیی مرۆڤ ئاشكرا بكات، دەشتوانێت ناخۆشیان بكات و دووڕوویی مرۆڤ دەربخات. بۆیە هەرگیز هیچ لاییك مەكە، نەتخوێندۆتەوە.
په‌یكار عوسمان شتەكان، لەوێدا كە خۆیانن، پێویست و گرنگن و كاری خۆیان ئەكەن. بەڵام لەوێدا كە پەردەن بۆ داپۆشینی شتانێكی تر، ئیتر خۆیان نین و وەزیفەكەشیان شتێكی ترە، نەك ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان. كە ئەڵێم شتەكە خۆی بێت، مەبەستم ئەوەنیە كە دابڕاوە لە شتەكانی تر. بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كە پەیوەندییەكەیان تەواوكارانەیە نەك ئیستغلالكەرانە. یەعنی وەكو ئەندامەكانی جەستە، هەر بەشەو ئیشی خۆی ئەكاو هەمووش پێكەوە ئامانجێكی گەورە تەواوئەكەن، كە ژیانی جەستەكەیە. لە پەیوەندی تەواوكارانەدا، حكومەت حكومەتەو حیزب حیزبەو كتێب كتێبەو فیلم فیلمەو هەر یەكەو بە جیا ئەركی خۆی جێبەجێ ئەكاو هەمووشی پێكەوە كۆمەڵگایەكی ساغ و هاوسەنگ دروست ئەكەن. بەڵام لە پەیوەندی ئیستغلالكەرانەدا، هەموو كایەكان، لە ئەركی خۆیان بەتاڵئەكرێنەوە، بۆ داپۆشینی كایەیەك، كە بە ئەركی خۆی هەڵنەساوەو خەریكی شتی تر بووە! یەعنی كاتێ سیاسەت و حوكمڕانیی، لە كایەی عەدالەت و ئیدارەدانی كۆمەڵگاوە، ئەبێتە كایەی تێركردنی حەزی چەن كەس و بنەماڵەیەك،، ئیتر تەواوی كایەكانی تر، ئەكرێنە ماسك، بۆ داپۆشینی ئەو دەموچاوە. یەعنی كاتێ كایەیەك لە خەت لائەدا، تەنیا بەقەت خۆی وێنەكە تێك نادا، بەڵكو كایەكانی تریش خراپ ئەكاو كۆی وێنەكە تێكئەچێ. ئا لێرەوەیە كە حوكمێكی شمولیی، بە زەرورەت فاشیلە،، چونكە هاوسەنگیی تێدا نیەو كایەیەك یان ئایدۆلۆژیایەك، تەواوی وێنەكەی داگیركردوە! سەیركە، دروست لەو كاتەدا، كە سیاسەت و حوكمڕانیی ئێمە فەشەل دێنێ،، چی زۆرە، دەزگای ڕاگەیاندن، ڤیستیڤاڵی فیلم، پێشانگای كتێب، هەڵبژاردنی شاجوان، كۆڕبەندی سیاسی و ئابووریی.. ئەمانە بۆچی؟ چونكە عەیبی گەورەو هەمەلایەنە، پێویستی بە داپۆشینی گەورەو هەمەلایەنەیە. چونكە كون و شەبەقی زۆر، پێویستی بە پێنەو پەڕۆی زۆرە. چونكە داگیركردنی سیاسەت، پێویستی بە داگیركردنی كۆی كایەكانە! داگیركردنی سیاسەت، خودی سیاسەت، لە جەوهەرە گشتییەكەی بەتاڵ ئەكاتەوەو ئەیكات بە موڵكی شەخسیی چەن كەسێك. ئا لێرەوە، كۆی كایەكانی تریش، لە جەوهەری خۆیان بە تاڵئەكرێنەوەو ئەكرێن بە میكیاج، بۆ "بە گشتیی" پیشاندانی ئەوەی كە چیتر گشتیی نەماوە! سەیر نیە، هاوكاتی فەشەلی سیاسیی ئێمە، دوكتۆری تەجمیل، بازاڕی گەرم ئەبێ و ئەو عالەمە خەریكی جوانكاری لوت و دەم و قوونیەتی.. ئاخر لە سەردەمی ڕوكەشگەراییدا، ناكرێ تەجمیل خۆی غائیب بێت. وەكچۆن لە سەردەمی دزییدا، دز غائیب نیەو مەوجودە! كە فیكر، لە جوانییەوە ئەبێت بە جوانكاریی، یەكەم شوێن، بە جەستەوە دیاریی ئەدا. ئەو هەموو جوانكاری و خۆڕووتكردنەوەو خۆداپۆشین و عەرزی دەوڵەمەنی و عەرزی دینداریی و عەرزی سەقافەتە.. لە خۆڕا نیە. لەوێوەیە كە خۆنواندن جێگای خۆبوونی گرتۆتەوە. "خۆبوون" وەكو بەرپرسیارێتی و "خۆنواندن" وەكو كردنی هەر شتێكی تر، لەبری بەرپرسیارێتی. لەكاتێكا جامی بەرپرسیارێتی، تەنیا بە خۆی پڕئەبێتەوەو هیچ شتێكی تر پڕیناكاتەوە. ئەم یاسای بەرپرسیارێتییەش، لە تاكێكەوە ئەڕوا، تاكو دەوڵەت و سیاسەت و دین و هونەر و كاتێ شتەكە خۆی نیەو بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەگرتووە، ئیتر بەتاڵەو پێویستی بە خۆنواندنە، بۆ نیشاندانی پڕیی! ئەوەی كە دینەو خۆیەتی، ئەوەیە كە دڵیی و نادیارەو لە بواری ئینسانییدا دەرئەكەوێ، نەك ئەو نمایشگەراییە زمانی و جەستەییە، كە بووە بە خودی بوارەكە. ئەوەی كە سیاسەتەو خۆیەتی، ئەوەیە كە عەدالەت و دڵنیاییەكی كرداری و بێدەنگە، نەك ئەو هەموو دەنگەدەنگە سیاسییەی، كە ناعەدالەتییەكەی پێ ناشاردرێتەوەو نادڵنیاییەكەش زیاتر ئەكات! لەوێدا كە ڕووكەشگەرایی دینی، لە هەموو كات بڵاوترە، بۆچی باڵانسی ئەخلاق و ویژدان، لە هەموو كات نزمترە؟ چونكە ڕووكەش و شوناس، بۆ نیشاندانی دەرەوەیەو دین خۆی، بۆ پەروەردەی ناوەوەیە. توجاری دینیش، نانەكایان لەسەر ئەوەیە، كە دین دەرەكی و شوناسیی بێت، چونكە گەمژاندن و مێگەلاندن لەمەیاندا ئەكرێ. ئەویتریان ئینسانەكە، خۆی و خوای خۆی، خۆی و عەقڵ و ئەخلاق و چاكەی خۆی، كە ئەمانە هەمووی، تاكیی و مەعنەوییەو شكڵی دەرەكییان نیە. كاهین و جەماعەت و شوناسی ناوێ و تەنیا مرۆڤبوونی خۆتی بەسە. لەوێدا كە حیزب و ڕاگەیاندن و نمایشی سیاسیی لە هەموو كات زیاترە، ئەی بۆچی خەڵكەكە، لە هەموو كات نائومێدترە لە سیاسەت؟ چونكە ئومێدی ڕاستەقینە، لەناو سیاسەت خۆیدایە، نەك لەناو ڕووكەشگەرایی سیاسیی‌دا. سیاسەت خۆی، ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە ژیان. ناسیاسەت ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە نائومێدی! لەوێدا كە پێشانگای كتێب و ڕووكەشگەرایی سەقافی، لە هەموو كات زیاترە، بۆچی حاڵی عەقڵ و زانین، وا خراپ و تاریكە؟ چونكە كتێب خۆی مەسەلەكە نیە، كارلێكەكەی لەگەڵ عەقڵدا مەسەلەكەیە. یەعنی كتێب، چەنێك مەوزوعییەو تەجمیدكردنی لایەنگیرییەكانی خۆتی ئەوێ،، ئەونەش زاتییەو ئامادەیی و كارایی عەقڵی خۆتی ئەوێ و ئەبێ گفتوگۆی ناوەكی دروستبكات. بەڵام لای ئێمە، كتێب تەنیا ژمارەیەو ئیشی خۆی ناكات. چونكە لەوێدا كە پێویستە مەوزوع بێت، ئێمە بە هەموو لایەنگیری و كۆڵەوارییە پێشینەكانی خۆمانەوە، ڕووبەڕووی ئەبینەوەو نایەڵین "بەشە مەوزوعییەكەی كتێب" قسەی خۆی بكات. لەوێشدا كە پێویستە، زاتێكی كارای ئێمە ئامادەبێ و كارلیك بكات، ئێمە خۆمان ون ئەكەین و ئەبینە تووتیی و تەنیا ئەوەی ناو كتێبەكان ئەڵێینەوە،، بەبێ ئەوەی "ئەوەی ناو سەرمان" جوڵابێ و قسەی خۆی كردبێ! كاتێكیش لەم پەیوەندییەی ئێمەو كتێبدا، زات و مەوزوع هەردوكیان غائیبن، ئیتر نە ئێمە هەین نە كتێب. ئەوەی هەیە، كۆمەڵێ وەرەقەیە لەناو بەرگێكداو كۆمەڵێ ڕۆبۆتە، لەناو چاكەت و پانتۆڵدا. كاتێ كۆڕبەندی گفتوگۆ و حیوارمان زۆرە، ئەی بۆچی حیوار خۆیمان كەمەو كەس لە كەس تێناگاو دووان ناگەنە هاوبەشییەك؟ چونكە پێشمەرجی یەكەمی گفتوگۆ، دیموكراسییەتی مەعریفییە. كاتێ هەمووان بە نەفەسی دیكتاتۆریەتی مەعریفی و خۆسەپاندنەوە، بۆی دائەنیشن، ئیتر ئەوە نمایشی گفتوگۆیە، بۆ داپۆشینی ناگفتوگۆ. لەوێدا كە وزەی كۆمەڵگا، "بەڕاستیی" خراوەتە خزمەتی چەلەحانێ، ئیتر "حیواری گاڵتی" هیچمان بۆ ناكات. حیوار پێویستی بە زەمینەیە. زەمینەكەشی بە كۆڕبەندو نمایشگەرایی سەرەوە ناڕەخسێ. تەنیا لە بنەوە مەكینەكانی ڕق و جوێن و چەلەحانێ بوەستێنن، زەمینەی حیوار خۆی ئەسازێ. لەوێدا كە لە پەروەردەو كۆمەڵگاو سیاسەت و دین و بازاڕەوە.. لە عەقڵ ئەدرێ،، ئیتر پێشانگای كتێب و ڤیستیڤاڵی فیلم و پانێڵ و كۆڕبەند.. هیچمان بۆ ناكات. چونكە لە غیابی عەقڵدا، شتێكمان نیە كە خودی "ڕووكەشگەرایی" بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیتر خودی ڕۆشنبیریی، ئەبێت بە ژێر نمایشی ڕۆشبیرییەوە! عەقڵی داخراوی تاكڕەهەند، بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە، كە ئاسۆی بینینی خۆی فراوان بكا‌و مەساحەی جیاواز‌و نەناسراو تاقیبكاتەوە. بەڵكو بۆئەوەیە كە گرێ ئایدۆلۆژییەكەی خۆی توندتر بكاتەوە. ئیتر سەلەفی تەنیا كتێبە سەلەفەییەكان و ئیخوانیی تەنیا كتێبە ئیخوانییەكان و ماركسیی تەنیا كتێبە ماركسییەكان ئەكڕن.. لێرەشەوە "بازاڕ‌و دەمارگیری" تەغزییەی یەك ئەكەن و داخراویی زیاتر ئەبێت! ئێمە پێوستمان بە كرانەوەی عەقڵە، نەك بە هەڵڕشتن و هەڵچنینی كتێب. "عەقڵی داخراو" مێشەو هەر بە زبڵەكەی خۆیەوە ئەنیشێتەوە. بەڵام عەقڵی كراوە، زێڕدۆستەو لە هەموو كتێبە جیاوازەكاندا، زێڕی خۆی ئەدۆزێتەوە. نە خۆی ئەبێت بە مێشێكی تاكڕەهەند، نە كتێبیش بە دەستییەوە ئەبێت بە زبڵێكی ئایدۆلۆژیی. ئەو كرانەوەیەش، ئەگەر لە مناڵیی و لە پەروەردەوە دروست نەكرێ و نەبێتە كولتوری كۆمەڵگا، ئیتر بە گەورەیی و لە غیابی خۆتدا، هەزار كتێبی لێكچوو، لە كتێبخانەكەتدا هەڵئەچنیت. بەڵام ناتوانی دوو كتێبی جیاواز بخوێنیتەوەو خۆشت مەوجودبی و ڕایەكی سێیەمت هەبێت! وەلێ خاڵە ئیجابییەكە ئەوەیە، كە "جوانكاریی" بە شتێك ئەكرێ كە خۆی جوانبێ. ئەوەشی كە خۆی جوانە، هەمووی كۆنترۆڵ ناكرێ و كاتێ تۆ، لە شوێنێكەوە ئەیگری و وەكو "جوانكاریی" بەكاری ئەهێنیت، ئەو لەلایەكی ترەوە، وەكو خۆی و وەكو "جوانیی" دەرئەكەوێتەوە. یەعنی ئەم هەموو نمایشگەرایی كتێب و فیلم و حیوارە.. كە جوانكارییە بۆ جەهل و فەسادو ستەم. ئەگەر تەنیا لە یەك كەسدا، پەیوەندی ڕاستەقینەی مرۆڤ و كتێب دروست بكات و تەنیا لە یەك كەسدا، هۆشیاریی ڕاستەقینە بە حیوار دامەزرێنێ و تەنیا لە یەك كەسدا، بوركانی هونەر بتەقێنێتەوە.. ئیتر لەوێدا، ئەوە جوانیی خۆیەتی و جوانكاریی نیە. جوانترین شتی پێشانگای كتێب، ئەوەیە كە دنیایەك ئەفكارو ئاڕاستەی جیاواز، هەنێجار دژ‌و پیچەوانەش، لە جوگرافیایەكی بچوكدا كۆئەكاتەوە،، لەكاتێكا تۆ وائەزانیت، ئەوانە لە دنیایەكی زەبەلاحیشدا جێیان نابێتەوە! كاتێ دوو كتێبی زۆر جیاواز ئەبینیت، تەنیا دوو مەتر لە یەكەوە دوورن و ئاساییشە،، ئەمە گرنگە بۆ خاوبوونەوەی دەمارەكان و ڕەواندنەوەی ئەو حاجزە نەفسییانەی كە تەنیا وەهمێكی زیهنیی لای خۆمانە، نەك بوونێكی ڕاستەقینە. تەنیا ئەو پەیامەش، بەسە بۆ عەقڵێكی كراوەترو دەروونێكی ئارامترو دنیایەكی جوانتر‌و ئایندەیەكی ڕوونتر.
ئاری محەمەد هەرسین نیشتیمان لانکەیەکی هەمیشەیی خواکردە و، کۆمەڵگایەک کۆدەکاتەوە. لە ئێستادا هیچ کۆمەڵگەیەک نەماوە پێی بگوترێ نیشتیمانی یەک نەتەوە (جگە لە هەندێک لە دوورگە دووردەستەکانی دەریای ئارام یان دەریاکانیتر). مەسافەی میللەتان، ئیتر لەئاستی تاک دا سەیری بکەیت یان کۆمەڵ، کەم و کەمتر دەبێتەوە.سڕینەوەی نیشتیمان، سڕینەوەی کۆمەڵگەیە و، سڕینەوەی ئینسانە. بۆیە نابێت کەس هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کۆمەڵگاکان بدات کە نیشتیمانیانە… نزیکەی سی ساڵ دەبێت کە ووردە ووردە هەواڵی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکاران بڵاودەبێتەوە. هەمو جارێکیش بار‌و دۆخەکە تێک دەچوەوە. ئیتر جارێک دە مارگیری یان لێدوانێکی توندلە لایەن دیپلۆماتێکی تورک، جارێکیش سەرکێشی ناعەقڵانیەکانی پارتی کرێکاران. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ئینسان هەستی دەکرد گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی (ناسیونالیستی بەر تەسک و تەنگەبەر) ی دەسەڵاتدارانی تورکیا هاتوە. کێشەی سەرەکی هەندێک لە برادەرانی ئەنقەرە ئەوە بوە کە لەبری ئەوەی نیشتیمانیانە بیر بکەنەوە، لەبری ئەوە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بۆیە: (دەوڵەتی تورک) نا، بەڵکو دەوڵەتی (تورکیا). وەک چۆن بە ئێران ناڵێن دەوڵەتی فارس، بەڵکو دەڵێن دەوڵەتی ئێران. دەوڵەتەکان، لە ڕێگای نوسینەوەی دە ستور و قانونەکانیانەوە، جگە لە دیاریکردنی ئەرکەکان، مافەسەرەتاییەکانی هاوڵاتی بوونیشی بۆ ئینسان دابین دەکەن. سیاسەتمەداری تورک دەبێت وەک سیاسەتمەداری تورکیا بیر بکاتەوە، نەک وەک سیاسەتمەداری تورک. ئەگەر تورکیا نیشتیمانە؟… کەواتە نابێت پیرۆزیەکانی هاوڵاتیانی تورکیا پێشێل بکرێت. ماڵی دەیان ملیۆن کورد و نەتەوەکانیتر لە لەناو ئەو قەوارە سیاسیەیە کە پێی دەڵێن دەوڵەتی تورکیا. کەچی سیاسەتمەدارێکی تورک تازە بە تازەیی پێمان دەڵێت کە: من کوردستانم لە مێشکی خۆم سڕیوەتەوە…! لەکاتێکا کورد لە نیشتیمانی خۆی دەژی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیا. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (هەر وەک زۆربەی کات وابوە) بە تونێلێکی فەوزەوی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. بەرژەوەندیەکان دوور و نزیک لەیەک دەکەونەوە. سیاسەتی دەمارگیری و، نەهاتنە خوارەوە لە کەلی شەیتان، ناهێڵێت کەناڵە دیپلۆماسیەکان ئیشی خۆیان بکەن. میدیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زادەی ئەو ژینگە سیاسی، ئابوری، سەربازی و کۆمەڵایەتیەی ئێرەیە. پاراستنی سەربەخۆیی لەو جۆرە ژینگانەدا کارێکی ئاسان نیە. بۆیە ئینسان هەست دەکات میدیای ئەم ناوچەیە لە جیهان، سروشتی ژینگەکەی خۆی وەرگرتبێت. ئەگەر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەبدەئە، ئەوا ئەو سەقامگیریە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی خاکی پیرۆزی کوردستان دەستەبەر نابێت و بگرە ناوچەکە ئەوەندەی تر تێک دەچێت. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق لەبەر ئەوەی لێک تێگەیشتن لە نێوان نوێنەرانی کوردستان و عەرەب (شیعەو سوننە) دروست بو (لە دوای ڕوخانی ڕژێم)، شمال العراق بو بە اقلیم کردستان، یانیش هەر کردستان. قەدەر شتێکی سەیرە… جاری وا هەیە لە ڕێی کارەساتێکەوە، چارەنوسێکی ڕونەوە یان پیلانێکی دوژمنکارانە، قەدەرت بە قەدەری خەڵکیترەوە گرێ دەدرێت بە بێ ئەوەی خۆت بتەوێت. لە پاش دابەشکردنی کوردستانەوە ئێمە هەمیشە گوتومانە کوردستان موڵکی ئێمەیە (مەبەستم کوردستانیان)، بە تۆپ و هێرشی دڕندانەی فڕۆکەی جەنگی و لەشکرکێشی دڕندانە وەڵامیان داوینە تەوە. دواتر پێمان گوتن: باشە هەرچەندە نیشتیمانەکە هی ئێمەیە، بەڵام قەیدی ناکات با بە شەراکەت ئەم وڵاتە بەرین بەڕێوە لە سەنگەری لەیەکتر گرتن و کوشتن و بێینە دەرێ و بچینە سەنگەری پێکەوە ژیان… کەچی هەندێکجار لەوە دەچێت خەڵکانێک هەبن بەوەش ڕازی نەبن. ئێمە گفتوگۆی دیپلۆماسی بە تاکە پرۆسێسێکی هەمیشەیی دەزانین بۆ چارە سەرکردنی کێشەکان. کوردستانیش نیشتیمانمانە… ئێمە لە پێناو ئەم خاکە پیرۆزەدا دەژین… دە مرین… چونکە بەبێ کوردستان، ئێمە هیچ نین.
شوان سدیق: ئیتاڵیا گلەی ئەوە دەکات پارەیەکی زۆری بەفڵان داوەو ئەویش خواردوویەتی. لە ڕاستیدا کەسی پارە خورایش پارەکەی ڕەشەو بەڕەشیش داویەتی بە کەسێکی دیکە! لێردا چەند جۆرێک داھات و پارەمان ھەیە لە سیستەمی نوێ ئابووری و باج ھەر پارەیەک بەبێ باج تێپەڕببێ دەچێتە خانەی دراوی ڕەش! لە ئێستەدا ڕۆژئاوا بەردەوام پلان دژی دەوڵەتی ئابووری سێبەر دەگێڕدرێ. یەکێک لەوڵاتەکان ئیتاڵیایە حکوومەت دەیەوێ ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی سێبەر ببێتەوە ھەر بۆیە بڕیاریداوە، لە سەرەتای ساڵی نوێ پارەی کاش بەدەستی لە ھەزار ئێورۆ زیاتر قەدەغەیە.. حکوومەتی ئیتاڵیا بۆ ڕێگڕیکردنی لەخۆدزینەوەی باج نەدەران و بازرگانی لەدەرەوەی سیستەمی ئابوری نوێ، پارەی کاشی بەدەستی قەدەغەکرد. بڕیارەکە وایە نابێ پارە بەدەستی لە ھەزار ئیورۆ زیاتر بێ و پێویستە لەڕێگەی بانکەوە مامەڵەی پێوەبکرێ. سزای سەرپێچیکاران بەپێبژاردن لە ١٥٠٠ ئیۆرۆ تا ٥٠ ھەزار ئیۆرۆیە. واتە، ئەو پارانەی بەکاش لەدەرەوەی سیستەمی بانکی ئاڵوێڵی پێوە دەکرێ! کەوایە ئەم ئابووریە سێبەرە ھەڕەشە لە سیستەمی ئابووری گشتی دەکات، دەبێتە ھۆی فەوزاو گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی خراپ بەکارھێنانی پارە.. ھەڵبەت لێکەوتەی کۆمەڵاتی و شتی دیکەیشی لێ دەکەوێتەوە! ھەر ئەوەیش وایکردوە، ڕۆژ بەدوای سیستەمی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بەدیجیتاڵی بکرێ، کەوایە ئێستە کڕیار و فرۆشیاریش دەتوانن بەڕێگای مۆبایلەکانیان کاروباری ڕۆژانەیان جێبەجێ بکەن. عێراق و ھەرێم یەکپارچە ئابووری سێبەرە، ئابوریەکی نادیار داھاتێکی ڕەش و پڕ لە فەوزاو کەس بەکەس نییە. لەو وڵاتە چاودێری دارایی و داھاتی تاک و گشتی ناکرێ چونکە سیستەمی بانکی نیەو باجیش ڕێکنەخراوە داھاتی تاک و کۆمەڵ ناڕوونە. ھەموو ئەمانە بەسیستەمی بانکی دەکرێ! لە کوردستان کەسێک دەتوانێ لە یەکاتدا سێ کار بکات نرخ و مامەڵەو پارە پەیداکردن و کوالبت و باشی و خراپی بەرھەمەکەی دەکەوێتە دەست ویژدانی خۆی نەک یاسا‌و سیستەمی ئابووری نەتەوەی! ئەم ناسیستەمی و تاریکیە لە پەیداکردنی پارە تەنیا لە کوردستان و ناوچە دواکەوتووەکان ھەیە، ئەمەیش وایکردوە خەڵکێک زوو ببێتە خاوەن پارە! خاوەن پارە واتای ئەوە ناگەیەنێ ئەم کەسە سەرمایەدارە، چونکە ئەگەر سەیری پارەدارەکان بکەین خەڵکێکی زۆر ھەیە پارەی ھەیەو کەسابەتیش ناکات. ھەیە کەسابەتیش دەکات داھاتەکەی ناڕوونە باش و خراپ تێکەڵ بووە، ژمارەی بازرگان و حاوەن پارە ھێندە زۆربوونە بیرکاریانە سەر لەمە دەرناکەیت! چۆن پارەیان پەیدا کرد؟ بەپێی ئەو سیستە ئابوریەی کە ھەیە لە عێراق بەگشتی، مەرج نیە ھەموو پارەدارەکانیش لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیە داھاتەکەیان لەسەر بەمای فرتوفێڵ بێ. بەڵام ژمارەی پارەدارەکان زۆرن، خەڵکی زوو دەبێتە خاوەنی سەرمایە ئەمە سیستەمە ئابوریەکەیە وایکردوە پارەدار زۆربن، فرت و فێڵکەران و گەندەڵانیش بێنە ڕیزی سەرمایەدارانەوە! سەرچاوە: لێجیۆجی
عادل باخەوان ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر نزیک داوادەکەن کە چەند تێبینیەک لەسەر تراژیدیای هەژاری لە فەرەنسادا بنوسم و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو خۆشەویستانە ئەم خاڵانەی خوارەوە تۆماردەکەم. 1. تەنها ساڵی ٢٠٢٠ و بەپێی ڕێکخراوی کاریتاتیڤ، یەک ملیۆن فەرەنسی هاتە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە فەرەنسادا بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن. 2. تەنها لەم ساڵدا حەوت ملیۆن فەرەنسی لە تاو هەژاری و بۆ ئەوەی سێ ژەم نانبخۆن، پەنایان بردوەتە بەر ئەو ڕێکخراوانەی کە خواردن بەسەر هەژاراندا دابەشدەکەن. واتە ڕىژەی 10% هاوڵاتیانی فەرەنسی. لە کاتێکدا لە ٢٠٠٨ دا تەنها سێ ملیۆن بوون. 3. لە کاتێکدا بەس تەنها لەم ساڵدا، گروپە دەوڵەمەندەکەی فەرەنسا، بیست و پێنج ملیار ئیرۆ هاتوتە سەر مڵۆی سەرمایەکەیان و زیاتر لە ساڵی ڕابوردو دەوڵەمەدن بوون. 4. تەنها لەم ساڵدا سەدو پەنجا هەزار فەرەنسی دیکە چونەتە سەر سیستمی یارمەتی کۆمەڵایەتی کە لە نێو یادەوەری دەستەجەمعی فەرەنسیەکاندا بە بەرنامەی نەمردن لە برسانا ناوبانگی دەرکردوە و زیاتر لە دوو ملیۆن فەرەنسی لەسەر ئەم بەرنامەیە دەژین. 5. بەپێی تازەرین ڕاپۆرتی دەزگای INSEE کە حکومەتی فەرەنسی بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پشت بە داتاکانی دەبەستێت، 35 % ئەو خێزانانەی جیابونەتەوە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن. 6. لەم ساڵدا ژمارەی ئەو ژنە فەرەنسیانەی کە کاردەکەن و داهاتەکەیان ڕێگایان پێنادات کە هێڵی هەژاریی بەجێبێڵن گەیشتە دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کەس. 7. ڕێژەی هەژاریی لەنێوان گەنجاندا، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵدایە، 50 % زیادی کردوە و ژمارەیان گەیشتوەتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس. 8. بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئۆبسێرڤاتواری نیشتمانی، ڕێژەی ئەو خوێندکارانی کە ناتوان لە ڕۆژێکدا سێ ژەم نانبخۆن دەگاتە 23% و بەشێکی زۆریشیان دەڵێن کە مەرجنیە هەر کاتێک برسیانبوو بتوانن خواردن بکڕن. 9. لەهەمانکاتدا تەنها خەرجیەکانی سێ شەوی ئاهەنگی زەواجی کچەکەی خاوەنی شەریکەی مێتال، لە کۆشکەکانی لویسی چواردەهەم لە پاریس یەکسانبوو بە هەزار و حەوت سەد ساڵی موچەی کرێکارێکی فەرەنسی کە بۆ ئەو شەریکەیە کاردەکات. 10. هەر بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئینسێ، مناڵانی چینی کرێکارانی فەرەنسا، 82,70% ڕیسکی ئەوەیان هەیە کە شەشی ئامادەیی تەواو نەکەن و واز لە قوتابخانە بێنن. 11. ژنانی فەرەنسا تەنها لە بەر ئەوەی ژنن، جیاوازی نێوان موچەکانیان لەگەڵ پیاواندام بۆ هەمان کار و بەهەمان بڕوانامەوە دەکرێت بگات بە 20,20% لە کەرتی تایبەتدا، 14,60% لە کەرتی گشتیدا، 21,20% لە کەرتی تەندروستیدا. 12. هەروەها بەپێی داتاکانی نۆ ئیگسۆزتیڤ، لە ساڵی ٢٠٢ دا پێنج سەد و هەشتا و حەوت کەس لە فەرەنسادا و لە سەر جادەکان مردوون و هۆکاری یەکەمیشی سەرما و برسیەتیبوە پێکەوە. 13. هەروەها بەپێی دوا داتای فەرمی، تەنها لە ناوچەی پاریس‌دا، دە هەزار و دوو سەد و هەشتا خێزان شوێنی حەوانەوەیان نیە و چاوەڕوانی ئەوەدەکەن کە شوقەیەکیان پێبدرێ و بەلای کەمەوە هەر یەکێک لەم خێزانانەش ٣ مناڵیان هەیە.
هیوا ناسیح ئه‌وه‌ی هه‌ندێک ته‌مه‌نی هه‌بێ و بیری مابێت، سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عس، کاتێک سه‌دامی تکڕه‌و و دیکتاتۆر وتارێکی بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی حزبی، حکومی یان جه‌ماوه‌ری ده‌دا، وه‌یان سه‌ردانێکی بۆ شوێنێک ده‌کرد، ئیتر بۆ رۆژی داهاتوو لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌تای رۆژنامه و گۆڤاره‌کان پڕ ده‌بوون له جۆره‌ها وتاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی رۆژنامه‌نوسه ده‌رباره حزبییه‌کان، بۆنمونه سه‌روتاره‌کانیان ئاوا بوون: سه‌رۆک چ چی گوت؟، سه‌رۆک مه‌به‌ستی چی بوو؟ حیکمه‌تی وته‌کانی سه‌رۆک، سه‌رۆک و ئه‌زمونێکی نوێ، سه‌رۆکێکی نمونه‌یی، گرنگی سه‌ردانی سه‌رۆک بۆ ...هتد ئیتر له‌م جۆره، ناوه‌ڕۆکی وتاره‌کانیش هه‌ر پیاهه‌ڵدان و ستایش بوو بۆ (سه‌رۆک)! ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ش دیار بوون، هه‌مان ئه‌وانه بوون، که شه‌وان وه‌ک چاودێری سیاسی و توێژه و شاره‌زای بواری چی و چی ده‌خرانه سه‌ر شاشه و باسیان له گه‌وره‌یی و حیکمه‌تی سه‌رۆکی و حزبی قائید ده‌کرد. ئه‌م وتارانه له‌لایه‌ن ئه‌و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره ده‌ربارانه‌وه ده‌نوسرا، که سه‌ر به‌حزبی به‌عس بوون و له داموده‌زگا میدیاییه‌کانی حزب و حکومه‌تدا کاریان ده‌کرد. خۆیان مووچه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام بۆ هه‌ر وتارێکیش، که به پێوانه‌ی ده‌ستوپێوه‌ندی سه‌رۆک به‌هێز بووایه و چاک هه‌ڵیدایه به‌باڵای سه‌رۆکدا، به‌خشیش - مه‌کره‌مه یان ڕاستتر شاباش ده‌دایێ. دیاره مێژوو سه‌لماندویه‌تی، له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنکاتێکدا سه‌رۆک حزب و حکومه‌ت، که خۆسه‌پێن و نادیموکراتی و نادادپه‌روه‌رن پێویستییه‌کی زۆریان به‌م تایپه له رۆژنامه‌نوسی ویژدانفرۆش و قه‌ڵه‌مهه‌ڕاجکه‌ر هه‌یه، تا ڕووی دزێوی خۆیانی پێ ئارایشت بکه‌ن و ڕه‌ش و سپی له خه‌ڵک بگۆڕن. تاوه‌کو به گه‌له‌که‌یان بڵێن: ئه‌ها نوسه‌ران چۆن پیاماندا هه‌ڵده‌ده‌ن، ببینن ئێمه چه‌ند خزمه‌تگوزار و میهره‌بان و دڵناسک و دادپه‌روه‌رین! به‌ڵگه‌نه‌ویسته نوسین په‌یامێکی مه‌عریفییه، ده‌بێت بیگه‌یه‌نێت، واته له نوسیندا په‌یامێک هه‌بێت، که خزمه‌ت به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بکات، دیدو تێڕوانینی عەقڵانی پێشکەش بە کۆمەڵگاکەی بکات، جا له هه‌ر بوارێک‌دا بێت، زانستی بێت، هه‌ڵوێستێکی مرۆڤ و ژینگه‌دۆستانه بێت، ده‌کرێت ئه‌مه هه‌ڵوێستی سیاسی بێت، وه‌ک دژ به چه‌وساندنه‌وه و تیرۆر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، یان ره‌خنه بێت له کاربه‌ده‌ست، ده‌زگا یان حکومه‌تێک. دیاره ده‌سته‌ڵات له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا چۆن پێویستی به له‌شکری سوپا و پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری هه‌یه، ئاوهاش پێویستی به سوپایه‌کی قه‌ڵه‌موه‌شێن و میدیایی و راگه‌یه‌ندکار هه‌یه. تا له ڕووی راگه‌یاندنه‌وه به‌رگری له‌خۆی بکات و رووبه‌ڕووی ئه‌و رۆشه‌نبیر و رۆژنامه‌نوسانه ببێته‌وه که به قازانجی به‌ره‌ی گه‌ل له دژی ده‌نوسن، یان ره‌خنه‌ی رادیکالانه‌ی لێ ده‌گرن. قه‌ڵه‌مپۆلیس نانیان که‌وتۆته ڕۆنه‌وه و ئیمتیازاتی زۆریان بۆ هه‌ڵده‌ڕێژرێت. هه‌ندێک له‌وان له پێشدا له‌به‌ره‌ی گه‌لدا بوون، ژیانی ئاسایی و هه‌ژارانه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده قه‌ڵه‌م و ویژدانیان فرۆشت و سه‌نگه‌ریان برده لای ده‌سته‌ڵات، ژیان و گوزه‌رانییان له‌گه‌ڵ پێش خۆفرۆشتنه‌که‌یاندا به‌راورد ناکرێت! ئه‌م سوپایه‌ی باسمان کرد، فێرده‌کرێن، وه‌ک شاگردانی ڕێبازه‌که‌ی گۆبلز، له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه هه‌موو پشتگیرییه‌ک ده‌کرێن، جاروبار زانیاریی و داتا و ئاماری وایان ده‌خرێته به‌رده‌ست، که هه‌رگیز ناگاته ده‌ستی رۆژنامه‌نوسانی جددی و که‌سانی بێلایه‌ن و ره‌خنه‌گر. پێدانی ئه‌م زانیارییانه تا ڕاده‌ی نهێنی و هه‌واڵگرییش ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕسازی (مارکێتینگ) بۆ نوسینه‌کانیان بکات و خوێنه‌ریان زۆر بێت. شه‌وانه‌ش زۆربه‌ی ئه‌مانه له رێگه‌ی که‌ناڵه ئاسمانییه زۆروبۆره زه‌رده‌کانی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌هێنرێنه سه‌ر شاشه و وه‌ک رۆژنامه‌نوس، لێکۆڵه‌ر، سیاسی، مامۆستای زانکۆ و چی و چی ده‌ناسێنرێن، ئیتر ده‌ست ده‌که‌ن به به‌ناپاککردن (ته‌خوین)ی رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رانی به‌ره‌ی گه‌ل و به‌ڕاست و چه‌پدا تۆمه‌تیان بۆ ده‌به‌خشنه‌وه، که‌سه‌ر به‌ملا و به‌و لان و هانده‌درێن و خوێندنه‌وه‌ی واقعیان نییه بۆ ره‌وشی کوردستان و دژی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یانن و ...هتد. له باشوری کوردستانیشدا ده‌بینین ئه‌م دیارده‌یه له په‌ره‌سه‌ندندایه، سه‌یر ئه‌وه‌یه، تا ده‌سته‌ڵات خۆسه‌پێنتر و پۆلیسیتر بێت، ئه‌وه‌نده زیاتر پێویستیان به‌م جۆره زڕه‌نوسه‌رانه ده‌بێت. ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات هه‌موو شتێکیان بۆ فه‌راهه‌مده‌کات و هه‌میشه دیار (بارز)یان ده‌کات و تیشکۆ (فۆکه‌س)ی راگه‌یاندنیشیان ده‌خاته سه‌ر، تا زیاتر بناسرێن و وه‌ک که‌سایه‌تی ئیعتیباریان بۆ دروست ببێت. ئه‌مانه که‌وتونه‌ته نوسینی به‌نده‌وتار (مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه: وه‌ک به‌ندی پیاهه‌ڵدانی شایه‌ر و گۆرانی فۆلکلۆره) بۆ دوو عانه سڵ له هیچ ناراستگۆریی و نابابه‌تییبونێک ناکه‌نه‌وه. بۆ نمونه دێن سه‌ردانی مه‌یدانی سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ گه‌ڕه‌که لافاوبردوو و زیانلێکه‌وتووه‌کانی هه‌ولێر وه‌ک ئه‌زمونێکی زۆر بێوێنه و کاری ئه‌فسانه‌یی باس ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی تۆزێک به‌ویژدان و بابه‌تییانه لێیبڕوانێت، که ئه‌مه ئه‌رکێکی زۆر ئاسایی و نۆرماڵه، گه‌ر نه‌یکات که‌مته‌رخه‌مه، پاشان هه‌ر سه‌ردان به‌س نییه، گه‌ر دوای سه‌ردانه‌که به‌دواداچوون بۆ روودانی لافاوه‌که نه‌کات، وه‌ک هۆکاری نه‌بوونی زێراب و که‌ناڵی ئاو له‌و گه‌ڕه‌کانه، که له لایه‌ن کۆمپانیا حزبی و حکومییه‌کانه‌وه دروستکراون، که‌مته‌رخه‌مییه‌کی گه‌وره‌یه. خۆش ئه‌وه‌یه هێشتا ئه‌مان دێن ره‌خنه له چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسانی به‌ره‌ی گه‌ل ده‌گرن، که گوایا کینه و گرێیان به‌رامبه‌ر حزبه‌که و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه، بۆیه هه‌میشه ره‌خنه ده‌گرن، به‌ڵام ناپرسن هۆکاری ره‌خنه‌گرتنی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌نوسان چییه، گه‌ر هه‌بێت (گرێ) بۆ هه‌یه، ئایا له‌به‌ر هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌هامه‌تی و بێدادی و بێمافی گه‌له‌که‌مان نییه؟ یان کێشه‌ی که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییان له‌گه‌ڵ حزب و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه؟ کێشه له‌وه‌یه ئێستا وتار‌ه‌کانی ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ده‌یان که‌ناڵی حکومی و سێبه‌ر، له سایت و رۆژنامه بێلایه‌ن و ئه‌هلییه‌کانیشدا بڵاوده‌کرێنه‌وه به‌ناوی لیبراڵیبوون و ئازادی، به‌م شێوازه به‌رێوبه‌رانی ئه‌و سایتانه پێبزانن یان نا، راسته‌وخۆ سود به به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌گه‌یه‌نن. ئاخر زۆر ده‌مێکه ئه‌م تایبه له رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر له رۆژئاوا و وڵاتانی پێشکه‌وتوو باوی نه‌ماوه، چونکه که‌س شتیان بۆ بڵاوناکاته‌وه. بگره که‌ناڵێک گه‌ر ته‌رویج بۆ فاشییه‌ت و دیکتاتۆرییه‌ت بکات به پێی یاسا داده‌خرێت. هه‌رگیز نابینی ئه‌مانه ره‌خنه‌یه‌کی جددی له ده‌سته‌ڵات و حزبه‌که‌یان بگرن، به‌ڵکو هه‌ر خه‌ریکی ئارایشتی سه‌رانی ده‌سته‌ڵات و پینه‌وپه‌ڕۆی که‌موکوڕی و نارێکییه‌کانی حزب و حکومه‌تن. نابینی قسه‌ی جددی له‌سه‌ر دۆسییه هه‌ستیار و گه‌رمه‌کان بکه‌ن، وه‌ک زیندانییانی سیاسی بادینان، نه‌بوون یان دره‌نگکه‌وتنی مووچه، هێرش و داگیرکاری تورکیا و هاوکارییکردنییان، کۆچی به‌لێشاوی گه‌نجان و خێزانه‌کان به‌ره‌و ئه‌وروپا، نادادپه‌روه‌ری و لایه‌نگیری دادوه‌رو دادگاکان بۆ حکومه‌ت و حزب و ...هتد. خۆ مه‌گه‌ر بۆ کاری هه‌واڵگری و ڕاپۆرتنوسین بنێردرێن، ئه‌گینا هه‌رگیز نایه‌ن به‌شداری خۆپیشاندان دژ به نه‌دانی مووچه و که‌می خزمه‌تگوزاری، یان یاده‌وه‌ریی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م یان هه‌ر شتێکی تر که ڕووی له حزبه‌که‌یان و حکومه‌ت بێت، بکه‌ن. کاتێک مرۆڤ ئه‌وه‌نده خۆی بچوک بکاته‌وه، ویژدانی هه‌ڕاج بکات و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بۆ داکۆکی له ده‌سته‌ڵاتی نانیشتمانی و نادادپه‌روه‌ر و سه‌رۆکی حکومه‌تی پۆلیسی و سه‌رۆکی حزبیی مافییایی بخاته‌کار، ئیتر ده‌بێت چ سایت و ده‌زگا راگه‌یاندنه ناحزبیی و ئه‌هیلییه‌کان و چ خوێنه‌ریش بایکۆتی ئه‌م پۆلیس - نوسه‌رانه بکات. ئاخر خۆ ده‌کرێت مرۆڤ ئینتمایه‌کی سیاسی یان حزبیشی هه‌بێت، سه‌ر به حزبێکی ده‌سته‌ڵاتیش بێت، به‌ڵام جۆرێک له هاوسه‌نگی و عه‌قڵانییه‌ت و بابه‌تیبوون به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و نوسینیدا زاڵ بێت. له ئه‌وروپا ئه‌ندام و کادرانی حزب هه‌ن که هه‌ندێکجار ١٨٠ پله به پێچه‌وانه‌ی ستراتیج و به‌رنامه‌ی حزبه‌که‌یانه‌وه ده‌نوسن و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن. به‌مه‌ش جوانتر و ڕێزلێگیراوتر ده‌بن لای خوێنه‌ر و کۆمه‌ڵگاکه‌یان، ئاخر ئه‌وان ویژدان و پره‌نسیپ و بیروهه‌ستی زیندویان ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن نه‌ک گیرفانیان. هه‌ڵبه‌ت دواجار هه‌ر که‌س به‌ده‌ست خۆیه‌تی، که قه‌ڵه‌مه‌که‌ی هه‌رزانفرۆش بکات خه‌ڵک بێز له نوسین و هه‌ڵوێسته‌کانی بکه‌نه‌وه، یان بیخاته خزمه‌ت گه‌ل و خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت و به‌شمه‌ینه‌ت ومافخوراو و به تامه‌زرۆییه‌وه بیخوێنێته‌وه. دڵنیاشم رۆژێک دادێت، وه‌ک چۆن ئێستا قه‌ڵه‌مپۆلیسه‌کانی کاتی رژێمی به‌عس ڕوویان نایه‌ت باسی رابردوویان بکه‌ن، ئه‌مانیش ئاوا شه‌رم له رابردووی بیر و قه‌ڵه‌مه‌که‌یان بکه‌نه‌وه.
محەمەد خۆشناو بەراز نەفرەتلێکراوترین ئاژەڵە لەکن ئيمە و کۆمەڵگەی ئیسلامی و زۆربەی ئاینە کۆنەکان چونکە گۆشتی حەرامکراوە ، حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەبنچینەدا لە ئایینی جووەکان وەرگیراوە و شەریعەتی جووەکان خواردنی بەرازیان حەرامکردووە ، بەکورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز کارێکی ئایینیە ، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لە ئاژەڵی بەراز کارێکی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی گۆشتەکەی پەیوەندی نیە بە رقلێبوونەوەی و نەفرەتلێکردنی. بەم دواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند کە دەتوانن گورچیلەی بەراز لە جەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەکارکەوتوەکە بچێنن و ئێستا دەڵێن ئەندامانی دیکەشی بۆ مرۆڤ دەبێت ، چونکە زانایان ماوەیەکی درێژە تێبینی لێکنزیکی توێکاری و فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤ و بەرازدا کردووە ، دیارە حیکمەتی خوای گەورە لە حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە کە بەمرۆڤ دەچێت ، ئەم لێکنزیکیە وایکردووە کە بەراز ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاقیکردنەوەی زانستی و هەروەها گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی؛ نزیکی شێوەی دڵ و تووشبونی بەراز بە ڕەقبوونی دەمارەکانی وەکو مرۆڤ وای لەزانایان کردووە قەستەرە بۆ بەراز بکەن و لەهەمان کاتدا لێکچوون لەنێوان جگەری مرۆڤ و بەراز و ڕێڕەوی هەرسکردن هەیە بەوەی ڕووەک و گۆشت دەخوات ، ئەم لێکچوونە وایکردووە بەراز ببێتە دیاریەکی پزیشکی بۆ مرۆڤ ، لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە خوێندومەتەوە ، کە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلین و دەرچە« صمامە»ی دڵ و زۆر شتی تری بەدیاری داوەتە ئێمە. بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواکە ، من دەزانم تۆ دەبیتە هاوڕێ و نزیکی هەموو مرۆڤایەتی و ، تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوە و ڕیسوایی ، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنکەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە دەچێنرێت ، ئەی بەراز….ئاژەڵە بەستەزمانەکە ، ئەمە ئەنزیمی تۆیە کە یارمەتی پێکهێنانی پێکهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە ، ئەمە ڕیخۆڵە باریک و ئەستوورەی تۆیە داوی لێ‌دروست دەبێت و بۆ نەشتەرگەری و دوورینی برینەکە و ساڕیژکردنی ، لە پەنکریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیت و بەچاکەی تۆوە ژیانی ملیۆنەها لە نەخۆشی شەکرە بە ئارامی بەردەوام دەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواکراوە. چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز کاردانەوەی زۆری لەلایەن هەندێک زانایانی ئایینی لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە ، ئەم کرداری چاندنەیان بە گوناه دانا ، بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند کە ئەو مادانەی لە پێکهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوە و ، دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری ڕێگەپێدراوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نیە بەڵکە بابەتێکی زانستیە ، لەبەر ئەوەی ئێستا زانایان خەریکی بە« مرۆییکردنی بەراز»ن و وادەکەن کە خانەکانی نزیکتربن لە خانەکانی مرۆڤ ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی مرۆڤ کەوا دێت و وابەڕیوەیە.
د.ئەرسەلان بایز ماوەى چەندین ساڵە خۆم لە هەموو کێشە سیاسیەکان بە دوور گرتووە، وەڵامى کەناڵەکانى تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نووسەکان نادەمەوە. ناچمە کۆڕ‌و کۆبوونەوە سیاسیەکانیش. مەگەر جار جارە قسەیەکى باش لەسەر یادى شەهیدە نەمرەکان بکەم. بەڵام کاتێ شەڕ بەر دەرگاى ماڵت پێدەگرێت. کاتێ ڕاستی ڕووداوەکان چەواشە دەکرێن. ناچار دەبی لێیان وەدەنگ بێییتء دەست وەکەرى بکەیت. چونکە هەولێرییەکان دەڵێن: (دەستوەکەرى پیرۆزە) واتە بەرگرى کردن لە ڕاستیەکانء پارێزگارى لە خۆت ئەرکێکى پیرۆزە. ئەگەر ئەو دەستوەکەرییە نەکەیت ماناى سەلماندنى چەواشەکارییەکانە. لەو ماوەیەى ڕابردوودا کاک (د.یوسف محەمەد) لە میدیاى دیجیتاڵى بە ناهەق پەلامارى منى داوەو ڕاستیەکانى چەواشە کردووە. زۆرم پێ سەیرە پیاوێک کە خۆى بە موسوڵمانێکى ڕاستەقینە بزانێتء باکگراوندى حیزبێکى ئیسلامى هەبێت، ئا بەمجۆرە ناهەقیە قسەى بێ ویژدانانە بکاتء ڕاستیەکان چەواشە بکات. # هەر وەکو لە چەند بۆنەو شوێنى تر وتومەو نووسیومە، تاکو ئەمڕۆش هیچ بەڵگە نامەیەکى مۆرکراوى ڕێکەوتنى (دەباشان)م نەدیوە. ئەندامى شانەى ئەو ڕێکەوتنەش نەبووم. تەنانەت لە کاتى مۆرکردنەکەشى ئاگادار نەبووم. هیچ گشتاندنێکیش لەو بارەوە بۆ ئۆرگانەکانى حیزب نەکراوە. بەڵام چەند ڕۆژێک دواى دیدارى (مام جەلالء کاک نەوشێران)، جەنابی (مام جەلال) بە تەلەفون ئاگادارى کردمەوە کە سەردانى بکەم. کاتێ لە ماڵەکەى خۆى لە (دەباشان) سەردانیم کرد پێى وتم: لەگەڵ (کاک نەوشێروان) قسەمان کردووە، هەندێ ڕێکەوتنیشمان لە نێوان خۆماندا کردووە. بۆیە دەمەوێ سەردانى بکەیت. بەڵام (مام جەلال) نە باسى ناوەڕۆکى ڕێکەوتنى (دەباشان) و نە بۆ هیچ شتێکیشى ڕاسپاردم. هەر بە خۆشى بە تەلەفون لەگەڵ (کاک نەوشێروان) کاتژمێرێکى هەمان ئێوارەى بۆ ئەو سەردانەى بەندە دیاریکرد. هەتا ئەو ساتەى (کاک نەوشێروان) بە شێوەى فەرمى لە (ی.ن.ک) چووە دەرەوە، لێپرسراوو برا گەورەم بوو. سەربارى هەموو ناکۆکیەکان هەمیشە بە چاوى ڕێزەوە سەیرم دەکرد، تەنانەت دواى جیابوونەوەش هەر وەک برا گەورە سەردانیم دەکرد. لە کاتى دیاری کراو چوومە خزمەتى (کاک نەوشێروان). ماڵى ئاوابێت لەبەردەمى دەرەوەى ژوورى دانیشتنەکەى خۆى زۆر بەڕێزەوە پێشوازى لێکردم. دواى دانیشتنێکى چەند خولەکء قاوە خواردنەوەیەک، کەوتە قسەکردنء وتى: دەى جەنابى سەرۆک بابزانم چیمان بۆ دەکەیت منیش وتم: کاکە بۆ خاترى خوا سەرۆکى چى...؟ هەر (مام جەلال) و جەنابت سەرۆکن. من پاش دوو ساڵى تر کارەکەم نامێنێ و دەگەڕێمەوە مەکتەبی سیاسى (ی.ن.ک). دواى چەند قسەو گاڵتەیەکى خۆشى لەو بابەتە وتى: من و (مام جەلال) لەسەر ئەوە ڕێکەوتووینء (قسەى توندى بە پارتى وت) ئێستا کارەکە لاى تۆیە، بزانین چۆنى جێ بەجێ دەکەیت. کاتێ منیش گوێم لەو (قسە توندە بوو) حەپەسام، هەندێ بێدەنگ بووم دواتر وتم: پێمان دەکرێ...؟ وتى: بەڵێ، ئەگەر تۆ هاوکارمان بیت دەکرێ. منیش وتم: ئەى چەندین ساڵ شەڕى یەکترمان نەکرد، بە سەدان پێشمەرگەو فەرماندەمان لە یەکتر شەهید نەکرد ئەى هەردوولامان ئێران و عێراق و تورکیامان نەهێنایە سەر یەکتر...؟ کەسمان نەمانتوانى ئەویترمان بسڕینەوە. دەوڵەتانى ئیقلیمیش ڕێگا نادەن تەنیا لایەکمان حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەین، چونکە لە بەرژەوەندى ئەواندا نیە. نا حەزانى کورد هەمیشە لە هەوڵى دروست کردنى دوو بەرەکىء شەڕى ناوخۆى کوردستانن. (کاک نەوشێروان) لەگەڵ بیستنى وەڵامەکەى من دم و چاوى گرژ بوو، وتى: ئێستا تێگەیشتم هاوکاریمان ناکەیت و کارەکە ناکەیت...وتم کاکە گیان: جارێ بەر لە هەموو شتێ خۆم بڕواییم بەو سیاسەتە نیە. ئینجا هێندەى من بزانم سیاسەتى (ی.ن.ک) ئەوە نیە. جەنابی (مام جەلال)یش هیچ قسەیەکى لەو بارەوە لەگەڵ (بەندە) نەکردووە. دواى زیاتر لە سەعاتێک قسەو گفتوگۆ ئەو ناڕەحەتء منیش پابەند بە ڕاکانى خۆم ماڵئاواییم لێکردو ئەوێم جێ هێشت. بەڵام چونکە شەو درەنگ بوو. بۆیە سەردانى (مام جەلال) و سەرەنجامى دانیشتنەکەم بۆ بەیانى هەڵگرت
دانا رەشید دوای ئەوەی ئەنجێلا میرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی خۆ سەپێنی وڵاتی بیلاروس لۆکاشینکۆ کرد ، هاوزەمان لەرێگەی موستەشاری ئیدارەی مێرکڵ بۆ کاروباری دیبلۆماسی نیابی لە مێرکڵەوە گفتوگۆی لەگەڵ پوتین سەرۆکی روسیا کراوە ، دەربارەی ئەزمەی پەناخوازانی سنوری پۆلندا ، لۆکاشینکۆ خۆی بە سەرکەوتو پیشان داوە ، ئەمەش دوای ئەو لێدوانەی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا دێت ، کاتێ لەرێگەی تەلەفۆنەوە وتویەتی ، بۆ سەرۆکی بیلاروس سەرکەوتنە کە مێرکڵ خۆی تەلەفۆنی بۆ بکات لەکاتێکدا بە سەرۆکی شەرعی وڵات لە یەکێتی ئەوروپا بلۆک کراوە متمانەی پێ ناکەن ، ئەمەش لۆکاشینکۆ بە سەرکەوتن بۆخۆی ناوزەدی کرد ، هەمان کات ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ماوەیەکی درێژ کە لە ٢ کاتژمێر تێبەریکردوە لەسەر هەمان ئەزمەی سەر سنور قسەیان کردوە و ڕایان گۆڕیەوەتەوە ، هەتا ئیرە سەرەتای فیلمێکە کە لە تورکیا سیناریۆی بۆ دانراوە و لە روسیا سپۆنسەری بۆ کراوە و لە بیلاروس وێنەی گیراوە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ، بەهۆی ئەو بارە ناهەموارەی حکومرانی عیراق و کوردستان باشترین ئەکتەری حەقیقی بۆ دۆزراوەتەوە . ئەکتەرێک بە شێوەیەکی وەها غافڵ گیر کراون ، لە نێوان پۆلنداو بیلاروس سەرماو ئازار‌و برسێتی دەچێژێ ئەمما هێشتا بروای بەوە نەهێناوە کە ئەمەی ئەوان دەیکەن فیلمە ، وەلی پرسیاری جدی لێرەدایە ، ئایا لەم گەمەیەدا سەرۆکی خۆسەپێنی بیلاروس بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا ، دەیباتەوە یان دەیدۆڕێنێ ؟ ئەگەر بردیەوە چارەنوسی ئەو پەناخوازانە بەچی و بەکوێ دەگات ، خۆ ئەگەر دۆرانیشی هەمان پرسیار چارەنوسی خۆی و حکومەتەکەی بەکوێ دەگات ؟ دوای ئەوەی لۆکاشینکۆ و دەسەڵاتەکەی ئیعترافیان بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەکردوو ، خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند ، یەکێتی ئەوروپا هەموو پەیوەندیەکی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد ، بەمەش حکومەتی بیلاروس توشی چەندین قەیرانی دارایی و ئابوری بوەوە ، سەرباری باروەدۆخی پەتای کۆرۆنا ، ئیدارەی لۆکاشینکۆ بۆ دەرباز بوونی لەو ئەزمەیە نەخشەی چەند سیناریۆیەکی سیاسی دەکێشێت ، یەکێک لەو سیناریۆیانە کە خۆی و دارودەستەکەی هەر بە سەرۆکی تێدا بمێنێتەوە و نەکەویتە بەر نەفرەتی مێژو ، یەک گرتنەوەی لەگەڵ روسیای گەورە پێشنیار دەکات ، لەگەڵ ڤلادمیر پوتین دەکەونە گفتوگۆ ، بەڵام بۆ ئەم کارە دەبێت ریفراندۆمێکی گشتی بکرێت تا دەنگی میلەت بەدەست بهێنیت ، لەمەدا شکستی خوارد چونکە میلەتی بیلاروس ئامادە نین بۆ ئەوکارە ریفراندۆم بکەن و خۆیان تەسلیم بە روسیا بکەن ، سیناریۆی دوەم ، دروست کردنی چەند حیزبێکی کارتۆنی و بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی لە سەرەوە دژی خۆی و لە ژێرەوە کوری خۆی دروست بکات ، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە جێگەی گاڵتە پێکردن بوو بۆ یەکێتی ئەوروپا چونکە یاریەکی مەکشوفە ، سیناریۆی سێەم دووبارە کردنەوەی هەمان سینارۆی تورکیا ، کاتێ چەند ملیۆن پەناخوازانی سوری و یەزیدی و عیراقی بەردایە گیانی یەکێتی ئوروپا ، ترێ بە گەنمێکی پێ کرد هەم بەشێکی زۆری لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیران هەم پارەیەکی زۆریش درا بە حکومەتی ئەدۆگان ، لەسەرێکی کەوە لە چەندین ئەزمەو گرێ‌و گۆڵی سیاسی و دیبلۆماسی چاویان نوقاند ، بەڵام کورد واتەنی لەهەمو هەورێ باران نابارێ و لە هەمو زەویەکیش گوڵ و گوڵزار ناخەمڵێ ، کەش و هەوای ئەو بارانەی بۆ ئەردۆگان باری زۆر زۆری فەرقە لەگەڵ ئەم کەش و هەوایەی ئێستە بۆ بیلاروس نابارێت ، وەک دەرکەوتوە سیناریۆکە بەم جۆرەیە بێگومان ئەمە قسەوباسی زۆری لەسەرە ، تورکیا کۆمەڵێ قاچاخچی بێویژدانی کورد پەیدا دەکات ، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بارە زۆر ناهەموارەی حکومرانی ،کە قیمەتی بە هیچ شتێکەوە نەهێشتوە بێجگە لە پارەکۆکردنەوە ، کۆمەڵگەی وەک کەرەستەیەکی خاو لێ کردوە ، بەئاسانی دەتوانرێت چی لە گیرفانیدایە بە حسابی رۆشتن بۆ ئەوروپا لێی بسەندرێت ، بە فیزەی وڵاتی بیلاروس بە رێگەی کۆبپانیای فرۆکەوانی تورکیا ،خەڵک بە خاوخێزان و منداڵ و پیرو گەنجەوە ، بەو بەرنامەیە کە تا ناو پۆلندایان بەرن ، بەوجۆرە خەڵەتاون کە ئیتر پۆلندا سەربە یەکێتی ئەوروپایەو لەوێوە بێ کێشە ، دەوڵەتانی وەک ئەڵمانیاو هۆڵداو سوید‌و چی و چی ، بەهەمان شێوەی سوریەکان موعەزەزو موکورەم وەرتان دەگرن ، سەرەتا بە پارەیەکی زۆر نەبوە بەڵام قاچاخچیەکان بۆ گیرفانی خۆیان یەک فیزەیان بە پێنچ هەزار دۆلار فرۆشتوە لەکاتێکدا خۆیان تەنها ٥٠ پەنجا دۆلاریان داوە بە فیزەکە ، بەم حاڵەش بە هەزاران ماڵ و خیزان بە خاو خێزاناوە بە دەیان دەفتەریان داوە بەس بگەنە بیلاروس پۆلندا ، لەماوەیەکی کەمدا مزگێنی بە لۆکاشینکۆی دیکتاتۆر دەدەن کە زیاتر لە ٤ هەزار کەس کۆکراونەتەوە بە خاوخێزان و منداڵ و چەندین کەم ئەندامیان لەگەڵە ، بۆیە نەخشەکە دەکەوێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە ، سەرەتا بهێنرێن بۆ شوێنێکی نزیک سنور ئینجا سەربازانی بیلاروس پشتیان لێ بگرن و بڵێن فەرموو برۆن بۆ پۆڵندا ، ئەو جەماوەرە پەناخوازە نازانن ڕو بکەنە کوێ ، چونکە پێش ئەوەی ئەمان بگەن پۆلندا هەموو سنورەکانی خۆی بەسەرباز گرتبوو ، دەستی کردبوو بە دروست کردنی دیوارێکی بەرزی تەلبەند کراو ، ئێستە بە بەرزی ٥ مەتر دەیەوێ دیوارێکی تر دروست بکات ، لێرەوە هەتا ئێستە وێنەی فیلمەکە دەگیرێت ، ئەمە دوا سیناریۆی لۆکاشینکۆیە هێشتا یاریەکە بەردەوامە ، بۆیە لەم گفتوگۆ تەلەفونیەی مێرکڵ ، خێرا سەرۆکی روسیا پوتین تەپڵی سەرکەوتنی بۆ لۆکاشئنکۆ لیدا بەوەی ئەمە وەک ئیعتراف وایە بە دەسەڵاتی لۆکاشینکۆی خۆسەپێن ، بەڵام پۆلندا هەتا بێت شێتگیرتر دەبێت ، ئەگەرجی لۆکاشینکۆ هەندێ قسەی بێ سەروبەری کرد بەڵام دەکرێ حسابی بۆ بکرێت کە وتی ، کوردەکان ئەزمونی شەریان هەیە ، دەگۆی بەدەست خستنی چەک لە ئارادایە ، ئەمرۆ لەبەردەم دەروازەی رەسمی نێوان بیلاروس و پۆلندا شەررو پێکدادانی بەردەفرکێ لەنیوان پەناخوازان و سوپای پۆلندا رویدا ، شرۆڤەکاران دەلێن ، ئەگەر ئەم ئەزمەیە تا ماوەیەکی تر چارەسە نەکرێن ، یەکێتی ئەوروپا دەکەوێتە نیوان دوو هەڵبژاردن ، یان ئەوەتا چاو داخەن تا کارەساتێکی مرۆیی رودەدات بە نەخۆش کەوتن و رەقبونەوەی ئەو جەماوەرە پەناخوازەو لەو رێگەیەوە لۆکاسینکۆ بدرێت بە دادگا و کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێت ، جا ئایا لۆکاشینکۆ دەیەڵێ بگاتە ئەو حەدە کە سەری خۆی و دەسەڵاتەکەی تێدا بجیت ، یان لەو سەر سنورە دەیاهێنیتە ناو شارەکانی بیلاروس و کۆتایی بە فیلمەکە دێت ، یان ئەوەتا رێک بکەون و لۆکاشینکۆ گرەوەکە بباتەوە ، لەهەردوو بەردا پەناخوازان تێدا دەچن یان بە ناردنەوەیان و سەرکەوتنی لۆکاشینکۆ ، یان بە پەندان و نەخۆش کەوتن و لەتاو سەرما یەک یەک مردنیان ، یان لاکۆشینکۆ بەناچاری بیان بات بۆ شارەکانی بیلاروس و رەوانەی عیراقیان بکەنەوە ، هەروەک وەفدی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا لەو گفتوگۆیەدان . کورد دەڵی بە بۆنی کەبابەوە چو کەریان داخ دەکرد ، ئەو بۆنی کەبابەی کە قاچاخچیان ئەو خەڵکەیان بۆ برد ، ئەم کەرداخکردنە بوو ، وەلی ئەوکەسانە هەرچیەک بن گەوج نین ، ئەو هەموو هۆکارەی لە عیراق و هەرێم بە بێقیمەت کردنی ژیان و مرۆڤ ، مرۆڤ تەسلیم بەو گەوجێتیە دەکات ، دەنا کێ ئاوا بێ باک سنگ دەنێ بە رێگەی چارەنوسێکی نادیارەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی لەو شوێنە هەڵبێ کە قیمەت و ژیانی تێدا کوژراوە .
نەزهەت حالی کۆچی بە لێشاوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، چ ئەوانەی ئێستا لەسەر سنووری بێلاڕوسیاو پۆلۆنیان ،یان ئەوانەی کە بە ڕێگاکانی تر هەوڵ دەدەن بەرەو ئەوڕوپا کۆچ بکەن ناخ هەژێنە. ڕەنگە نەکرێت هۆکارەکان تەنیا لەچوارچێوەی یەک پاڵنەر و هۆکار کورت بکرێنەوە، بەڵام دڵنیام هۆکارەکان هەرچی بن سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری بن، هەموویان لە خاڵێکدا هاوبەشن کە ئەویش بوونی ترس و بێ هیواییە. ئەوەی دوێنێ لە یەکێک لە کەنالەکانی تەلەفزیۆن لە هەرێمی کوردستان بینیم، ناخەکەی زیاتر هەژاندم کە هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە لەو بەرنامەیەدا تف لە نیشتیمان و پیرۆزییەکانی دەکرد و ئامادەبووانیش بەچەپلە لێدان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو وتانە دەربڕی. گومان لەوە نیە کە دەبێت نیشتیمان جێگای ڕێزی هەموومان بێت، بەتایبەت ئەو کوردستانەی کە بە خوێنی پاکی شەهیدان زیاتر پیرۆز کراوە، هەروەها ئەگەر بەخۆمان ڕێزی خاک و نیشتیمان و نەتەوەی خۆمان نەگرین ئەی چۆن بیانییەکان ڕیزمان بگرن. ئەو پرسیارە زۆر دەکرێت کە ئایا ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکەن هاوونیشتیمانیان بەو جۆرە ناخ هەژێنە ، کۆچ بکەن یان ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بێگومان وڵامەکانیش جیاواز دەبن. بەڵام پێم وایە ترس و بێ متمانەیی و دلنیا نەبوون لە داهاتووی خۆیان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو بێ هیوا بوونە لە نیشتیمان. ترس هەموو ئاست و پایەکانی کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە. خەڵک ترسی لە بژێوی ژیانیان و تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان هەیە. بێ‌کاری و نەبوونی ئاسایشی کار و بیمەی تەندروستی، بارودۆخی شڵەژاوی عێڕاق و ناوچەکە وپەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و زۆر هۆکاری تریش بوونەتە هۆی نەمانی متمانە و زیادبوونی نادلنیایی هاوولاتیان. لەوانەیە دەرنەچوونی دامەزراوە فەرمییەکان لە قاڵبی حزبی و کەسی و نەبوونیان بە دامەزراوەی تەواو نیشتیمانی هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان حکومەت بەهی خۆیان نەزانن، گلەیی لە دادگاکان و پێک نەهێنانی هێزی سەربازی و ئەمنی تەواو نیشتیمانی و بە دوور لە هەیمەنەی حزب و ئارەزووی کەسی ، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لاوازی هەرێم غەدرێکی زۆریش لە ئەفسەر و کارمەندانی ئەو هێزانە دەکرێت. ئەفسەر و کارمەند و پيشمەرگە و شەهیدانی پاراستنی نیشتیمان بە حزبی ئەژمار دەکرێن و خێزان و منداڵەکانیان لەو سەرفرازییە نیشتیمانی و نەتەوەییە گشتییەی کە دەبێت هەیانبێت و هەر هاووڵاتیەک، بە بێ جیاکاری ڕێزیان لێ بگرێت بێ بەش دەبن و بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی و حزبی. لە پاڵ هەموو ئەوانەش بە زانین بێت یان بەنەزانین لە میدیا وسۆشیال میدیا کار دەکرێت بۆ لاواز کردنی هەستی نیشتیمانپەروەری کە ئەمەش ئاسایشی نیشتیمانی وڵات دەخاتە بەر مەترسی. ترس ،تەنیا لە ئاستی چینی هەژار و ناوەندی کۆمەڵگای کوردستان بوونی نیە بەڵكو ئاستی بەرزتری گرتووەتەوە. ترسی لە لەدەستدانی هێز کە بەلای نوسەری بە ناوبانگی ئەمریکی جۆن شتاینبێک بەرهەمهێنەری فەسادە، فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیری وڵاتان، بەتایبەت ئەگەر خاوەن هێز ئەو ترسەی لا دروست بوو، هەموو ئامرازەکان و شێوازەکانی تەنانەت نایاسایی و ناپەسەندیش دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵاتی خۆی، کە زۆر جار بە زیانی خۆی دەشکێتەوە. هەر بۆیە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و بە دوور لە تەزویر و ترساندن و دەسەڵاتی یاسا تەنیا ڕێگان بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی هەمووان، تەنانەت ئەوانەش کە هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە دەست دەدەن مافیان پارێزراو دەبێت. لە هەرێمی کوردستان کەسانی زۆر باش و خاوەن هزر و مەعریفە و بە توانا کە خەمیان خەمی گەل و نیشتیمانە هەن، ئەوان ڕەخنەکانیان بونیادنەرن، بەڵام ڕەخنە بوونیادنەرەکان نەک بەهەند وەرناگیرێن بەڵکو بە لادان و دوژمنایەتی وێنا دەکرێن، کە لە ئەنجامدا ڕێگا بۆ کەسانی بەرژەوەندی خواز و پانکەرەوە واڵا دەبێت. هەر کات پێوەری تەمەلوق و جنێودان شوێنی پێوەری خزمەت، توانا، قوربانیدان و پابەند بوون بە پڕەنسیپە نیشتیمانییەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان بگرێتەوە، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆکاری لاوازی و ناکارامەیی دامەزراوەکان و بێ متمانەیی و بێ هیوابوونی خەڵك. خۆ دزینەوەی بەپرسان لە ڕاستییەکان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گرفت و کێشە و قەیرانەکان لە هەر وڵاتێك دەرد و بەڵایەکی سیاسی گەورە و کوشەندەیە، زۆر لە گرفت و قەیرانەکان بە خۆیان چارەسەر نابن و ئەگەری فراوان بوونیان هەیە، بە دواخستنیان و خستنە سەرشانی لایەنی تر هەرگیز چارەسەرنابن . گەرچی کۆچ کردن دیاردەیەکی کۆن و جیهانییە و کاریگەری باش و خراپی خۆی هەیە، بەڵام پێم وایە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ئێستادا ڕێگای کۆچی نادیار و پڕ لە مەترسیان گرتووەتەبەر ئەگەر لە ئایەندەی خۆیان دڵنیا بووان ئەو ڕێگایەیان نەدەگرتە بەر، ئەگەر چارەسەری خێراش نەکرێت کەسانێکی لە ڕادەبەدەر ویستی کۆچ کردنیان هەیە و ئەگەر دەرفەتیان بۆ برەخسێت کوردستان بەجێ دەهێلن. تەنیا ئەو کەسانەی کە لە شاشەی میدیاکان دەردەکەون نین کە هەوڵی کۆچکردن یان وەرگرتنی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی وڵاتێكی بیانی دەدەن، زۆر کەسی پایەدار و پارەدار پاسپۆرتی وڵاتانی دوورگەکانی کارایبیان کڕیووە، زۆر سیاسەتمەدار و بەرپرسی باڵا بۆ خۆیان و خێزانەکانیان پاسپۆڕت و مافی نیشتەجێ بوونی وڵاتانی بیانیان دەستەبەر کردووە. وەکو دەبیندرێت هەرکەسەو بە جۆرێک دەیەوێت لەو ترسەی کە هەیە ڕابکات و ئایەندەی خۆیی و منداڵەکانی بپارێزێت، کە ئەمەش لە هیچ ووڵات و شوێنێکی جیهان بەدینەکراوە کە چینی دەسەڵاتدار، دەولەمەند، ناوەند و هەژار خواستی جێهێشتنی وڵات یان بەدەست هێنانی ڕەگەزنامەی بیانیان هەبێت. زۆرێك لە کۆچبەرە پەنابەرەکان هەوڵی گەیشتن بە وولآتی ئەلمانیا دەدەن، ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی دووەم تووشی وێرانبوونێکی زۆر و لە ڕادەبەدەر بوو، بارودۆخی ئەو کاتی خەلکی ئەلمانیا زۆر لە بارودۆخی ئێستای ئێمە لە کوردستان خراپتربوو، بەڵام خەڵکی ئەڵمانیا بە ماندووبوون و هەوڵدانی خۆیان و بە دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دامەزراوەیی کارا وڵاتیان ئاوەدان کردەوە و ئەڵمانیایان کردە پێشەنگی ئەوروپا. پێم وایە ڕا کردن و کۆچ کردن چارەسەر نیە، دەبێت خۆڕاگربین و لە ئەزموونی زۆر وڵات بۆ بونیاد نانی باشتر و گەشەسەندنی زیاتری کوردستان سوود وەربگرین، ترس و هەڕەشەکان بکەینە دەرفەت، چارەسەری بارودۆخی خۆمان هەر لای خۆمانە،ڕ ۆڵی ڕۆشەنبیرانی نیشتیمانپەروەر لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا لەو دۆخەدا ڕۆڵێکی ناوازە دەبێت ئەگەر بە ئەرکی هەستیار و گرنگی خۆیان لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا و ڕێنوێنی کردنیان هەڵبستن. گەلی ئێمە زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە هیوا و دروستکردنی متمانە هەیە، زیاتر لە هەموو کات پێێویستی بە وڵاتپاڕێزانی ڕاستەقینە هەیە ،دڵنیام ئەو گەلە سەربەرزە کۆڵ نادات و هەر سەردەکەوێت. بە هیوای سەلامەتی کۆچبەران و لە خوای گەورە خوازیارم بە ئامانجی خۆیان بگەن و کوردستان و کوردستانیان لە هەموو ناخۆشی و بەڵاکان بپارێزێت.
.سەرتیپ جەوهەر داهاتی نەوتی عیراق لە ساڵی 1949 تەنها یەك سێ ملیۆن دینار بوو لەساڵێكدا، دوای تەنها سێ ساڵ واتە 1952 ئەو داهاتە گەیشتە پەنجا ملیۆن دینار! نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی عیراق سوربوو لەسەر ئەوەی نابێت خەرجی دەوڵەت لە لە 30% داهاتی دەوڵەت زیاتر بێت. حكومەتی عیراق ئەوكاتە بڕیاریدا لە 70%ی داهاتی نەوت بۆ ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە تەرخانبكرێت. بەهۆی زیاتر بوونی داهاتی نەوت، حكومەتی عیراق لەماوەیەكی زۆر كەمدا، دەیان پرۆژەی گەورەو ستراتیژیی جێبەجێكرد، دەتوانین بڵێین سەردەمی زێڕینی ئاوەدانیی بووەو تائێستا ئەو پرۆژانە خێروبێریان بۆ عیراق و كوردستان بەردەوامە. بۆنمونە پرۆژەی چوار بەنداوی گەورەی وەك حەببانیە، سەرسار، دوكان، دەربەندیخان. پرۆژەی كارگەی چیمەنتۆو شەكر رستن و چنین لەشارەكانی سلێمانی و موسڵ و بەغداو پارێزگاكانی عیراق. پرۆژەی پاڵاوگەی دۆرە كە دواتر زیاتر فراوانكراو پێشخرا..تد ئەمە جگە لەدەیان پرد‌و رێگاوبانی ستراتیژیی لەناو بەغداو لەنێوان بەسرەو بەغداو بەغدا كەركوك و پرۆژەی هێڵی شەمەندۆفێرو تەلفزیۆن..تد جێبەجێكرد. لێرەدا دوو سەرنجی زۆر گرنگ دەبینین. یەكەمیان داهاتی نەوت لەماوەی تەنها سێ ساڵ (1949-1952) لە 3 ملیۆن دینارەوە دەبێتە 50 ملیۆن، بەڵام حكومەت بڕیار دەدات لە 70% ئەو داهاتەی نەوت تەرخان بكات بۆ پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەدانیی. دووەمیشیان ئەو پرۆژانەی جێبەجێكراون پرۆژەی ستراتیژیی بوون و جگە لەرەخساندنی هەلی كار‌و فراژووكردنی ئابوریی، لێكەوتەو كاریگەرییەكانی تائێستا بەردەوامەو هەموو خەڵكی عیراق سودیان لێ دەبینن. ئەگەر بەراوردێكی حوكمڕانیەكەی سەردەمی نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی بەر لە 70 ساڵ و حكومەتی هەرێم بكەین، جیاوازییەكی ئێجگار گەورە دەبینین. لەهەرێمی كوردستان، بەقسەی لێپرسراوانی حكومەت و سەرچاوە جیاوازەكان لەماوەی 10 ساڵی رابردوو، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم زۆر زیاتر بووە. هەرچەند زەحمەتە بزانین ئێستا چەند بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی حكومەت نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا هەناردە دەكرێت، ئەمە جگە لەبەكارهێنانی ناوخۆ‌و بۆ پاڵاوگەكان. هاوكات نرخی نەوت لە 20 دۆلارێكەوە بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 84 دۆلار، واتە زیاتر لە چوار قات زیاتربووە! ئەو نەوتەی سەردەمی نوری سەعید بەهەمان سیستمی ئێستا هەرێم دەردەهێنراو دەفرۆشرا كە سیستمی هاوبەشیی (شەراكەت)، نەوتی عیراق دەدرا كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت، زۆر بەشەفافی بەنرخی دەفرۆشراو عیراق چاو‌دێر بوو بەسەر فرۆشتنی نەوتكەی، بەڵام ئەو نەوتەی هەرێم زۆر كەمتر لەنرخی بازاڕ هەرزانفرۆش دەكرێت و بەقسەی خۆیان زیاتر لەنیوەی ئەو پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستدەكەوێت بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات! جگە لەوەی كەس نازانێت ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان و توركیا سەبارەت بەدەرهێنان و فرۆشتن و هێنانەوەی پارەی نەوتكراوە چییەو چۆنە؟! بەر لە نزیكەی 70 ساڵ حكومەتەكەی نوری سەعید زیاتر لە 70% داهاتی نەوتی رادەستی ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوەی حكومەت دەكرد، لەماوەی نزیكەی 7 ساڵ دەیان پرۆژەی ستراتیژیی زۆر گەورەیان لەعیراق جێبەجێكرد، بەڵام ئەو داهات و پارەیەی نەوتی هەرێم لە 90% بۆ خەرجی تەشغیلی (موچە) دەڕوات و نەك لەماوەی 8 ساڵی رابردوو كە گوایە نەوت سەربەخۆ دەفرۆشرێت، بەڵكو لەماوەی 30 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێم تائێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی جێبەجێنەكردووە! حوكمڕانیەكەی سەعید لەماوەی 6 ساڵ دا دەستی بەجێبەجێكردنی 4 بەنداوی گەورەی لەعیراق كرد! لەهەرێم لەدوای روخانی رژێمی بەعس كە 18 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو ملیارەها دۆلار هاتۆتە هەرێم، كەچی تەنها یەك بەنداوی ستراتیژیی دروستنەكراوە، لەكاتێكدا هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی زۆر جددی و مەترسیی زۆر گەورەی ئاودایە! یان لانیكەم دەبوو پرۆژەی بەنداوی بێخمە تەواوكرابوایە! یاخود پرۆژەی ئاودێری بۆ ناوچە وشكهەڵاتووەكان (بێئاوەكان) جێبەجێكرابوایە! ئەوەی دەیبینین لەماوەی 18 ساڵی رابردوو، یەك پرۆژەی ستراتیژیی كە راستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵك و باشتركردنی ئابوریی كوردستان و ئاوەدانیەوە هەبێت جێبەجێنەكراوە! تائێستا رێگا‌و بانی نێوان شارە گەروەكانی كوردستان یان پارێزگاكان نەكراوە بەڕێگای دوو سایدو ستاندارد! چەند رێگایەك لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دەست بەجێبەجێكردنی كراوە ئەویش بەپارەیەكی ئێجگار زۆر‌و بەقەرز و بە(سو) یان زیادەیەكی زۆر لەسەر حكومەت! لەماوەی 30 ساڵی رابردوو، گرفتە سەرەكییەكانی هەرێم (ئاو، كارەبا، سوتەمەنی) تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت! بوون بەگرفتی هەمیشەیی و هەموو ئەو رێگایانەی گیراونەتەبەر بۆ چارەسەركردنیان، جگە لەوەی نەبۆتە هۆكاری چارەسەركردن، هاوكات خەرجیەكی ئێجگار گەورە لەسەر داهاتی هەرێم كەوتووە.
هونەر حاجی جاسم بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی پارچەکانی کوردستان بەسەر چوار دەولەتی جیاواز و چەندین هۆکاری تر. پڕۆسەی کۆچ کردن لەناو کوردەکان لە پێنج سەد سالی ڕابردوو بەردەوام بونی هەبووە بە هۆکاری جیاواز!. بەلام دوای دروستبوونی دەولەتی عێراق لە سەرەتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو دوای جەنگی دووەمی جیهان و بنیات نانەوەی ئەوروپای ڕۆژئاوا دوای جەنگی دووەم. کوردی کوردستانی عێراق ئاشنا نەبوو بە کۆچ کردن بۆ ولاتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتیش ولاتانی ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکای باکوور. لەگەل دەستپێکردنی شەڕ لە سەرتایی شەستەکان تاکو نسکۆی سالی 1975 و ئاوەربوونی سەدان خێزانی کوردی عێراق بۆ ئێران. لەوێشەوە یەکەمین قۆناغی کۆچ کردن دەستی پێ‌کرد. بەر مەبنای ئەم ڕوداوە مێژوویە کۆچ کردن دابەش دەکەین بەسەر سێ قۆناغیدا، کە بەم شێوەیەی خوارەیە: 👈 قۆناغی یەکەم. نسکۆی سالی 1975 تاکو بەهاری سالی 1991: لە ماوەی ئەم پازدە سالەدا دەیان خێزان و گەنج لە کوردستانی عێراق ڕوویان لە ولاتانی ئەوڕوپا کرد، بە ڕێگای جیاواز!. لەم قۆناغەدا چەند فاکتەرێک بوونیان هەبوو کە بوونە هۆی کۆچی خەلکێکی زۆری کوردستانی عێراق بۆ ولاتانی ئەوروپا. بەلام دیارترین فاکتەریان بریتی بوو لە فاکتەری سیاسی!. 👈قۆناغی دووەم. ڕاپەرینی بەهاری سالی 1991 تاکو دوای روخانی ڕژێمی بەعس لە نیسانی سالی 2003: لەم قۆناغەدا زۆرترین گەنجی کورد لە کوردستانی عێراق کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەم قۆناغەدا فاکتەری سەرەکی کۆچ کردن بریتی بوو لە هۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری. شەڕی ناوەخۆی هەرێم لە نیسانی سالی 1994 تاکو پایزی سالی 1997 و دۆخی خراپی ئابووری خەلک هۆکاری زۆر کاریگەر بوون لە کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا!. 👈قۆناغی سێیەم. ناوەڕاستی سالی 2014 تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە: لەم قۆناغەدا بە تەنیا فاکتەرێک یان دوو فاکتەر نین لە کۆچ کردنی گەنجانی خەلکی کوردستانی عێراق، بەلکو کۆمەلێک هۆکار هەن بۆ کۆچی گەنجان و خەلکی کوردستانی عێراق!. لەگەل دروستبوونی کێشەی دارایی و ئابووری و بڕینی بوجەی هەرێم لە لایان بەغداو کۆنتڕۆلکردنی شاری موصل لە 10 حوزەیران سالی 2014 و هێرشی داعش لە سەرەتایی مانگی ئابی سالی 2014 بۆسەر هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت و لە سالی 2015. فاکتەر گەلێک بوون لە کۆچ کردن. لە هاوینی ئەم سالەدا حکومەتی بیلاڕووسیا ئاسانکاری کرد کە خەلکی کوردستانی عێراق بە ئاسانی بتوانن فیزە بەدەست بێنن و کۆچ بکەن بۆ ئەم ولاتە، ڵەوێشەوە بۆ سنورەکانی لیتوانیا و پۆلەندا، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆی هێنا لەسەر ئاستی کۆمەلگای نێودەولەتی.
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا به پێویستی ئه‌زانین چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا له‌سه‌ر بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بنووسین كه یه‌ك دوو خوله، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی گشتی عێراقدا، ده‌بێته‌وه جێی مشت‌ومڕ. راستیش نییه ئه‌گه‌ر بوترێ مشتومڕ‌و بگره هه‌ندێجار ناكۆكیش ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووه، نا، به‌ڵكو ئه‌و پۆسته، كه‌م و زۆر، جێی ته‌ماحی هێزه سیاسییه شیعی و سونییه‌كانیش بووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوولایان پۆستی سیادیی به‌ده‌سه‌ڵاتتریشیان لا بووه!. گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان و ئێرانییه‌كان نه‌بوونایه به پله‌ی یه‌كه‌م، زۆر ده‌مێك بوو ئه‌و پۆسته سیادییه له پشكی كورد وه‌ده‌گیرایه‌وه، هۆكارێكی تری مانه‌وه‌شی لای كورد رازیبوونی ناچارانه‌ی نوێنه‌رانی سیاسیی هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌یه به‌وه‌ی كه لاسه‌نگیی له پۆسته سیادییه‌كاندا له به‌رژه‌وه‌ندیی شیعه یان سوننه‌دا نه‌شكێته‌وه، واته له سێ پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌دا وایان پێ باش بووه كه دووانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ره‌كه‌یاندا نه‌بێ و به‌وه‌ش مه‌ترسی زیاتر بۆ سه‌ر كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن پێكهاته‌یه‌كی مه‌زهه‌بیی دیاریكراوه‌وه دروست نه‌بێت، ده‌نا به دڵنیاییه‌وه به ئاسانی ئه‌و نه‌ریته سیاسییه‌یان قبوڵ نه‌ده‌بوو كه كورد یه‌كێك له‌و پۆست سیادییانه به‌رێت با پۆستی سه‌رۆك كۆمارییش بێت كه پۆستێكه، چه‌ند ته‌شریفاتیش بێت، به‌ڵام لایه‌نی مه‌عنه‌وی و سیمبولیكیی خۆی هه‌یه، چ جای له وڵاتێكدا كه تیایدا هێشتا مێنتاڵێتی عروبه‌ت كۆتایی نه‌هاتووه، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له سه‌رۆك وه‌زیرانه خوێنده‌واره‌كه‌شی، كه ته‌مه‌نێك له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا ژیاوه‌و نمه‌كی كردووه!، كه لێره‌شدا، مه‌به‌ستمان له كازمییه، تازه به تازه، زوو زوو باسی ناسنامه‌ی عروبه‌تی عێراق ده‌كات!. هۆكارێكی تریش بۆ قبوڵكردنی ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته لای كورد بێت، به‌تایبه‌تی له قۆناغی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی عێراقدا، واته له عێراقی دوای سه‌دام(2003)، ئه‌وه بووه كه سیاسییه‌كی وه‌ك خوالێخۆشبوو تاڵه‌بانی(1933-2017ز) له گۆڕه‌پانی عێراقدا بوو، پیاوێك كه بێگومان خوالێخۆشبوو عه‌دنان پاچه‌چی(1923-2019ز) لێ ده‌ربهێنیت سیاسییه‌كی تر له عێراقدا نییه هێنده‌ی ئه‌و له‌ناو كایه‌ی سیاسه‌تی عێراقدا بكه‌رو دیاربووبێت. تاڵه‌بانی چ وه‌ك خه‌بات و چ وه‌ك ته‌مه‌نیش، له‌هه‌موو سه‌ركرده‌كانی ئێستای عێراق به ئه‌زمووتر و شاره‌زاتر بوو، ته‌نانه‌ت جێی متمانه‌ی ته‌واوی كاك مه‌سعود بارزانی-یش بوو، بۆیه كه پۆستی سه‌رۆك ده‌بووه بابه‌ت، تاڵه‌بانی ئه‌و كاراكته‌ره شیاوه بوو كه سیاسییه‌كانی تر به حه‌زه‌ربوون له‌وه‌ی له حزوری ئه‌ودا ركابه‌رێتی بكه‌ن. كه‌واته، ئه‌و بۆچوونه راست نییه كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووبێت، بگره به پێچه‌وانه‌وه، هه‌تا تاڵه‌بانی له ژیاندا و به ته‌ندروست بوو، له‌ناو كورددا جێی كێشه نه‌بوو. ئێستا به‌ڵێ وا بۆ دوو خول زیاتره مشتومڕ‌و بگره ململانێی له‌سه‌ره. پارتی ده‌یه‌وێ بۆ ئه‌و بێت و یه‌كێتییش بۆ خۆی، ئه‌مه‌ش بۆته روكارو گه‌وهه‌ری پرسه‌كه به‌داخه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌بوو له دوای قۆناغی تاڵه‌بانی پرسیاری جدی ئه‌وه بێت چۆن ئه‌و پۆسته له خزمه‌تی كورددا بێت؟ به دڵنیاییه‌وه ده‌توانرێت بوترێت كه هێزه سیاسییه‌كانمان خاوه‌نی دیدێكی سیاسی نین بۆ چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مه له كاتێكدا چی سه‌رۆك وه‌زیرانی شیعه‌و سه‌رۆك په‌رمانی سوننه هه‌بووه‌و هه‌یه له عێراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی‌دا، هه‌ر هه‌موویان، كه‌مو زۆر، قۆزتنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بییانه‌یان بۆ پۆسته سیادییه‌كانی خۆیان هه‌بووه، كه‌سیان سه‌د ده‌ر سه‌د، پیشه‌یی، بێلایه‌ن، پابه‌ند به‌ده‌ستور، ئه‌و پۆستانه‌یان به‌ڕێوه نه‌بردووه، ئه‌وه له‌وه گه‌ڕێ كه زیاتر له 18 ساڵیشه یه‌كتر به تایه‌فه‌گه‌ریی سیاسی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به تاقه پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كورده‌وه هه‌یه، ئه‌توانین بڵێین پۆسته‌كه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماره، له سه‌رده‌می مام جه‌لالدا باشتر بوو، به‌ڵام ئێستا ئیتر ده‌بێ كورد له‌خۆی بپرسێت: چۆن بتوانین وه‌ك نه‌ته‌وه سوود له‌و پۆسته ببینینه‌وه؟ چونكه بابه‌تی پۆست بابه‌تێكی كه‌سی و حزبی نییه، رۆتین و بۆشاییه‌ك نییه‌و پڕ بكرێته‌وه. ئه‌و پۆسته به‌ركه‌وته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌شدا به‌ر هه‌ر هێزێكی سیاسی بكه‌وێت ئه‌وا پێویسته، به پله‌ی یه‌كه‌م، له چوارچێوه‌ی سوودێكی نه‌ته‌وه‌ییدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، واته به‌هۆی ئه‌و پۆسته‌وه، جگه له پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كان، هه‌ر به ده‌ستوور خۆی هه‌م رێگه له‌هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بگیرێت كه به‌رامبه‌ر به مافه سیاسی و ئابوورییه‌كانی كورد بكرێت، هه‌م له رێی ده‌ستوره‌وه داكۆكی له‌و مافانه بكرێت. ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌م لۆژیكه سیاسییه/ستراتیژییه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت و ته‌نها وه‌ك خه‌ڵاتێكی كه‌سی و حزبی كێبه‌ركێی له‌سه‌ر هه‌بێت، پله به پله ده‌بێته پۆستێكی بێ به‌ها بۆ كورد. پاشان پێویسته دامه‌زراوه‌یه‌ك یان سه‌نته‌رێكی ستراتیژیی بێلایه‌ن هه‌بێت كه به شێوه‌یه‌كی زانستییانه توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی كاراكته‌ری سه‌رۆك كۆماری هه‌بێت له‌و خوله‌ی كه پۆسته‌كه‌ی لابووه. له‌ناو ئه‌و حزبه‌شه‌وه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌ر ده‌كه‌وێت، هه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌كرێ بابه‌تی پۆسته سیادییه‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا بابه‌تی دانوستانی نێوان كورد‌و لایه‌نه عێراقییه براوه‌كان بێت. بنه‌مایه‌كی رێككه‌وتنه‌كان ئه‌وه بێت كه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كه پۆستێكی سیادیی به‌رده‌كه‌وێت پیشه‌ییانه‌و ده‌ستوورییانه ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌به‌رێت، نه‌ك له روانگه‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه‌و ده‌رهاویشته‌كانییه‌وه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، واته خاوه‌ن پۆستێكی سیادی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مانی له پشته ئیتر هێزی ته‌نانه‌ت پێشێلكردنی ده‌ستوری هه‌بێت و كه‌س لێی نه‌پرسێته‌وه، یه‌كێكی تریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ربه كه‌مینه‌یه‌كی تائیفی یان نه‌ته‌وه‌ییه ئیتر نه‌توانێت ته‌نانه‌ت گوزارشت له هه‌ڵوێسته ده‌ستوورییه‌كانی خۆیشی بكات و ده‌ستبه‌جێ تۆمه‌تبار بكرێت. بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار زۆر سه‌رنجی تری ورد‌و بابه‌تی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پۆسته نه‌بێته جێی ململانێی تایبه‌تی و حزبی، به‌ڵكو به هه‌موو هێزه كوردییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بن كه باشترین و شیاوترین كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته دیاری بكه‌ن به به‌رنامه‌و ئه‌جێندایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییانه، به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سه ئه‌وه‌نده شاره‌زاو په‌رۆش بێت كه بتوانێت ئه‌و ئه‌جێندایه به ئارگیۆمێنتی ده‌ستووری چه‌كدار بكات، له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ی ته‌نانه‌ت ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ش بێت له پۆسته‌كه‌ی كه‌ی پێویست بێ و بۆ كورد باش بێت، نه‌ك سه‌رۆك كۆماری ته‌نها پۆستێك بێت بۆ ناو و پایه.