له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج نه‌وت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان خه‌مخۆری خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتێكی ئاكاریه ، مایه‌ی خێر‌و بێرو ده‌سكه‌وته ، له‌و وڵاتانه‌دا خزمه‌تگوزاری به‌راده‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌كات ، بێكاری نامێنێت ، هه‌ژارو ده‌ستته‌نگی و كڵۆڵی له نێو ده‌چێت و بوونی ده‌بێته مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌ی ، به‌ڵام بۆ وڵاتگه‌لێك كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دۆخی دۆزه‌خی وه‌رده‌گرێت و به‌هیچ پڕ نابێت مایه‌ی وێرانی و به‌دبه‌ختی و كوێره‌وه‌ریه ، ئه‌گه‌ر پۆلێن له سه‌ر ئه‌و جیاوازیه بكه‌ین ، عیراق وهه‌رێمی كوردستان له ده‌سته‌ی دووه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت به‌و جیاوازیه‌وه كه له عیراق ، موچه به به‌رده‌وامی ده‌درێت و نه‌وت و گازیش زۆر هه‌رزانتره لێره، راسته له‌وێش گه‌نده‌ڵی به‌ربارد هه‌یه‌و خزمه‌تگوزاری كه‌مه ، به‌ڵام به جۆری ئێره ده‌ستنه‌خراوه‌ته بینا قاقای خه‌ڵك . هه‌ڵی خستنه سه‌رنه‌خشه‌ی جیهان له رێی نه‌وته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا ، خه‌ریكه خۆمان وه‌ك كورد له سه‌ر نه‌خشه ده‌سڕێته‌وه ، مافیای نه‌وت له بری ئه‌وه‌ی نه‌وت بكاته هۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك باش بێت ، كردویه‌تی به هۆیه‌ك بۆ هه‌زار ده‌ردوو نه‌خۆشی و جیاوازی ، مامه‌ڵه كردنی بهرههمهێنهرو فرۆشیارانی نه‌وت له كوردستان دوو جار دوژمنكارانه‌یه جارێك له گه‌ڵ ئه‌و نه‌وته‌ی به هه‌ڕاج و به نرخی تۆڵه‌كه ده‌درێته توركیای دژه كورد‌و فرۆشیاره قاچاخچیه‌كان ، جارێكیش له گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ، كه هیچ خێر‌و بێرێكی بۆیان نه‌بووه ، هه‌ڵبه‌ت جگه له‌وه‌ی بووه به هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی . هه‌وڵی به هه‌مان ده‌ردی نه‌وت بردنی گازی كوردستان ، هه‌وڵێكه بۆ به ته‌واوه‌تی لێسه‌ندنی نه‌وت و غازی كوردستان له خه‌ڵكی كوردستان و خستنه ده‌ستی توركیا‌و مافیاكانه‌وه ، له راستیدا ئه‌گه‌ر گازیش به هه‌مان دۆخی نه‌وتا تێپه‌ڕێت كه ئێستا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه ئه‌وه له بری هه‌رێمی كوردستان توركیا ده‌بێته خاوه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م ناوچه‌یه و ده‌بێته ده‌ستتێوه‌رده‌ری راسته‌وخۆی هه‌موو كار‌و باره‌كانی هه‌رێم ، وه‌ك چۆن ئێستا له زۆر شوێن ئه‌و مامه‌ڵه‌یه ده‌كات ، مامه‌ڵه‌ی خاوه‌ندارێتی . ئێستا نه‌وتی كوردستان هۆیه‌كی گه‌وره‌ی نه‌هامه‌تی خه‌ڵكی كوردستانه‌و بار‌و دۆخێكی دروستكردووه ، كه خه‌ڵكی كوردستان خۆزگه به ژێرده‌سته‌یی بخوازن ، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له خۆ بێزاندن و له‌وه ده‌چێت بۆ ئه‌مه‌ش وڵاتانی داگیركاری كوردستان به‌رنامه‌و سیاسه‌تی خۆیان هه‌بێت و به ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانی جێبه‌جێ بكه‌ن ، ئه‌مه به ئاگاییه‌وه بێت یان نا ئاگایی ، نه‌وتی كوردستان له بری مرۆڤی كورد بكاته مرۆڤی خاوه‌ن شكۆ‌و خۆ خاوه‌ن كردویه‌تی به مرۆڤێك زیاتر وه‌ك سواڵكه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك خاوه‌ن نه‌وت ، كێشه سه‌ره‌كیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئێستا خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌قی سه‌ره‌كیان لای ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك دوژمه‌نه كۆنینه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند . بڵاو كردنه‌وه‌ی جۆری فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان و مانه‌وه‌ی ئه‌وبڕه‌كه‌مه بۆ خه‌ڵكی كوردستان له پاره‌ی فرۆشه‌كه‌ی ، شه‌رم و شكستێكی گه‌وره‌یه ، چۆن ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتێك نه‌وت بفرۆشێت و بڕی له 20%ی پاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌ڵك و بڕی زۆری پاره‌كه بۆ مافیا‌و كۆمپانیای نه‌وت و خه‌ڵكی دیكه بێت .
كارزان سه‌باح حه‌مه ساڵح هاوكێشه‌كه له‌به‌رده‌م پارتی ئاڵۆزه، به‌ڵام قابیلی چاره‌سه‌ریشه، پارتی له‌دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی لاهوری شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی پێشووی یه‌كێتی، خۆی ئاماده‌كرد بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیه‌كی نوێ، هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی كردبووی پێچه‌وانه بوونه‌وه، چونكه نه‌گه‌رانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی یه‌كێتی له ئیداره‌ی سلێمانی به‌و شێوه‌ی كه پارتی قبوڵ نییه، گه‌وره‌ترین گورزبوو له (كوردستانێكی به‌هێز درا)، یه‌كێك له هه‌ره گرفته‌كانی به‌رده‌م كابینه‌ی كاك مه‌سروور بارزانی، ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی سلێمانی وه‌ك كارتی فشار به‌كارده‌هێنێت، جارێك وه‌ك لامه‌ركه‌زیه‌تی پارێزگاكان و جارێكیش له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ئاشكرا یه‌كێتی به پارتی ده‌ڵێت: چاوه‌رانی داهاتی سلێمانی مه‌كه‌ن، له‌ولاشه‌وه كادیر‌و ئه‌ندامان و په‌رله‌مانتار و حه‌تا وه‌زیره‌كانیشی به‌خه‌ڵك ده‌ڵێن پاره‌هه‌یه و مووچه نییه نه‌وت ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی دیار نییه، كه‌چی كه‌سێك له‌ناو پارتی نییه ته‌سفیاتی ئه‌م حه‌ق و حسابه ئاڵۆزه بكات؟ زبڵ و خاشاك و نه‌بوونی ده‌رمان و خزمه‌تگوزاری ته‌نگی به‌سلێمانی هه‌ڵچینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه رووبكه‌نه ئیداره‌ی شاره‌كه، راسته‌وخۆ رووده‌كه‌نه هه‌ولێرو ده‌ڵێن پارتی حكوومه‌تی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر راستیتان ده‌وێت، قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش راسته، مادام پارتی هه‌موو كوردستان به‌یه‌ك پاكجێكی حوكمرانی ده‌زانێت ده‌بێت به‌رپرسیاره‌تی هه‌موو حوكمرانی كوردستانیش وه‌ربگرێت، به‌ڵام قسه‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌گاته ئه‌رزی واقع حكوومه‌ت یان پارتی له سلێمانی نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست نییه بگره بۆ قۆناغی داهاتوو ده‌بێت مه‌ترسی رووبه‌رووبونه‌وه له‌نێوان خه‌ڵك و دامه‌زاروه‌كانی حكوومه‌ت له‌و سنووره بكرێت كه‌وایه ئه‌م واقعه ئاوایه پارتی باش ده‌زانێت كه هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی یان برایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناچاریه چونكه نه‌ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ بروات نه به‌دیلیشی هه‌یه تا شهریكایهتی بكات. به‌غداش گرێ كوێره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م داهاتووی كوردستانه، به‌یه‌ك بڕیاری دادگای فیدرالی، كۆی پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان خرایه ژێر پرسیاره‌وه، پێشووتر باسم له‌وه‌كردووه ناكرێت چاره‌نووسی ته‌واوی عێراق بدرێته ده‌ست 9 كه‌سه‌وه، مادام عێراق سیسته‌می فیدرالیه و پێكهاته‌كان مافیان هه‌یه هیچ كاتێك دادگای فیدرالی به‌م پێكهاته‌وه ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی گه‌لی عێراق بكات، بۆ ئه‌مه پارتی كه‌م ته‌رخه‌می هه‌بوو له‌وه‌ی نه‌یتوانی كاتی خۆی یاسای نه‌وت و گاز له عێراق كۆده‌نگی بۆ دروست بكات و ئه‌و گرفته له‌به‌رده‌م كوردستان لابدات بۆ پارتی؟ چونكه خۆی به‌خاوه‌نی پرۆسه‌ی نه‌وتی وكردستان ده‌زانێت، ئه‌نجومه‌نی فیدرالی كه پارتی خۆی پێداگیری له‌سه‌ر كرد له ده‌ستوور كه‌چی یه‌ك هه‌نگاویشی بۆ نه‌نراوه، ئه‌وه‌ی ته‌حه‌دایه له‌به‌رده‌م حكوومه‌تی هه‌رێم یان باشتره بڵێن پارتی به‌وێنه گه‌وره‌كه ده‌بێت ستراتیژسه‌تی داهاتووی عێراق له عێراقه‌وه به‌هێز بكات بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م دامه‌زاروه‌كانی عێراق پێویستیان به دووباره پێناسه‌كردنه‌وه هه‌یه، هه‌ر له‌په‌رله‌مانی عێراقه‌وه بۆ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دادگای فیدرال، پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه كه پارتی ده‌توانێت به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی به‌غدا هاوسه‌نگ بكاته‌وه؟ له‌دواین قسه‌كانی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، له‌باره‌ی گرفتی هه‌ولێرو به‌غدا رایگه‌یاند كه قبوڵ ناكه‌ن مافه‌كانیان له عێراق زه‌وت بكرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه بپرسرێت ؟ هیچ كارتێكی به‌هێز له‌به‌رده‌م پارتی ماوه له‌به‌غدا؟ له‌م دۆخه‌كه ئاسته‌مه له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه هیچ ده‌رئه‌نجامێك، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ری عێراقه، پارتی ئه‌زمونی تاڵی له حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر له عێراق هه‌یه تا حكوومه‌ت دروست نه‌كرێت و عێراق نه‌كه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی ئاسته‌مه بتوانرێت هیچ داواكاریه‌ك له به‌غداوه جێبه‌جێ بكرێت. به‌هێزترین كارت كه ره‌نگه پارتی له‌داهاتوو بتوانێت ئه‌نجامی بدات یان به‌كاری بهێنێت ئه‌وه‌یه كه به‌وه‌رگرتنی سه‌رۆك كۆماری عێراق و هه‌بوونی پۆستی گرنگ له‌به‌غدا بتوانێت بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی به‌هه‌مان پێوه‌ری ئێستا كه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت هه‌ڵیان وه‌شێنێته‌وه، دواتر دووباره په‌یره‌وی دادگای فیدرالی هه‌موار بكرێته‌وه و له‌په‌رله‌مانی عێراقیش مادام پارتی و سه‌دریه‌كان و سوننه‌كان زۆرینه‌ن ده‌توانن ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن پێداچونه‌وه به‌سه‌رجه‌م ئه‌و برگه‌و یاسا‌و مادانه بكه‌ن كه كاتی خۆی له‌دژی كوردستان دراوه و كاربكه‌ن بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و خاڵانه‌ی كه له‌ده‌ستووری عێراقدا جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌مه ته‌نیا بۆ به‌غدا دروست نییه بۆ هه‌رێمی كوردستانیش زۆر پرس هه‌یه كه ئه‌گه‌ر یه‌كلا نه‌كرێنه‌وه مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن، ده‌بێت پێش هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه كاربكرێت بۆ دامه‌زارندنی كۆمپانیای نیشتیمانی نه‌وتی كوردستان، كاتی خۆی ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه هه‌بوایه ئێستا پرۆسێسیی نه‌وتی كوردستان ئه‌وه‌نده تووشی گرفت نه‌ده‌بوو، راسته كاتی خۆی له‌جیاتی ئه‌و كۆمپانیایه ئه‌نجومه‌نی ئابووری كوردستان دروستكرا, به‌ڵام چونكه ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش وابه‌سته‌یه بهپشكی لایه‌نه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵكشان و داكشانێكی سیاسی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش رووبه‌رووی قه‌یران ده‌بێته‌وه، خاڵی دواتر كوردستان به‌بێ ده‌ستوور كه‌وتوه‌ته ناو قه‌یرانێكی یاساییه‌وه، ده‌بێت هه‌رچی زووه به‌زووترین كات ئه‌و ده‌ستووره بچێته ده‌نگدانه‌وه و ته‌واو بكرێت هه‌ر كه‌م ته‌رخه‌میه‌ك له‌وه گرفت بۆ كوردستان دروست ده‌كات.
شوان سدیق جەنگەکە هاتۆتە پێش ماڵیان جەنگێک هەموان پێیانوایە بەئاسانی لێی دەرناچن، پێویستی بەوریایەکی زۆر هەیە لەلایەکی دیکەیش ئەوروپا لەم سەردەمەی ئێستە بەئاسانی بە یەک گوتار بەشداری پرسەکان ناکەن، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە بەناوی ئەوروپایشەوە قسان دەکاو ئەوروپایش ملکەچ دەبێ. سەرۆک جۆبایدن، ئەمریکاییەکان دڵنیا دەکاتەوە پارێزراون لە هەر جەنگێک گەر رووبدات. بەڵام ئەوروپیەکان وەکو ئەمریکاییەکان نین، ئەوان نزیکن لە جەنگەکەو زۆر دەترسێن، بۆنموونە رۆژی هەیینی ٤ی ئادار سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ماریۆ دراگی، هێرشی رووسیا بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی (زاپۆریژیا) لە ئۆکرانیا بە مەترسی ناوبرد بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپا. دراگی داوای لە وڵێ‌تانی ئەوروپا کرد هەڵوێستی جدی و یەکگرتوویان لەبەرامبەر رووسیا هەبێ! مەترسی دروستبوونی شەڕ لە نێوان بەرەی رووسیاو لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا وایکردوە، قسەو باسی گشتی و مێدیا، باس و خواستەکان، تەنیا (پۆتین)ی سەرۆکی ڕووسیا بێ، مێدیای ڕۆژئاوا گەڕاونەتەوە بۆ خاڵی کۆتایی و کار لەسەر بەدێوەزمە نیشاندانی ڕووسیا دەکەن لەسەر ئاسایشی وڵات و وەک ھاوپەیمانی ئۆکراینیا خۆیان دەناسێنن و شینی بۆ دەگێڕن! شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینیاو گەلەکۆمەی ڕۆژئاواییەکان لە دژی ڕووسیا تەنیا سیاسیەکانی نەگرتۆتەوە، مێدیا، شەقام، ناوەندەکانی ئەکادیمی ھەموویان پێکەوە دروشم لە دژی ڕووسیا دەڵێنەوە. تا مانگێک پێش ئێستە باسی شەقام کرۆناو کارگەرییەکانی بوو لەسەر ئابووری گشتی بەڵام ئەوڕۆکە هەمووی پێچەوانە بوونەتەوە. بیرت بۆ ئەوە دەچێ ھیچ کات وەکو ئێستە خەڵک باسی سیاسەت و جەنگی نەکردوە، ئەو ھەموو جەنگە بەرۆکی عێراق، سوریا‌و ئەفغانستانی گرت لە ئاستی کۆمەڵگە خەڵکی گرینگ‌یان پێنەدا. بەڵام ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینیا کۆمەڵگەو شەقامی بەتەواوەتی ھێناوەتە قسەو ھەموان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێن ئایا تووشی شەڕێکی جیھانی دەبین؟! دیارە دروستکردنی ئەم ڕای گشتیە مێدیاکانن، ئێستە سەرنجی تەواوی مێدیاکان دەدەی بێلایەن نین ڕووسیا وەک ھەڕەشەکار بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژئاوا نیشان دەدەن، پێیانوایە ڕۆژئاوا لە بەردەم ئالانگاریەکی گەورەدایە. شەقام وا تێگەیشتووە شەڕێکی ھاوشێوەی جەنگەکانی جیھانی لە ئانوساتدایە ئەمەیش ئەوان گوتەنی ڕووسیا لێی بەرپرسە. جگە لەوەیش ڕۆژئاواییەکان ترسیان لە ھەڵئاوسان و گرانی بازاڕ ھەیە ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی خەڵک. لەم ڕۆژانە، پرۆفیسۆرێکمان باسی مۆدێرنەو پرۆسێسی دیموکراسی دەکرد بەتایبەت لە قۆناخی ئێستە. من چاوەڕوانبووم نموونەی مۆسۆلینی و ھیتلەر بهێنێتەوە کە چۆن لە مپەرێکبوون لەبەردەم گەشەی ئەوروپاو ھەنگاونان بەرەو ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری. کەچی پرۆفیسۆر باسی پۆتینی کرد "ئەوەتا پۆتین ھەڕەشەیە لەسەر مۆدێنەو پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە ڕۆژئاوا. گومان لە دیکتاتۆریەتی پۆتین نییەو خۆیشیی ئەوەی نەشاردۆتەوە، بەڵام قسە لەسەر سیاسەتی ئێستەی رۆژئاوایە پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ تەواوی کۆمەڵگە لەبەرەیەکدان. بۆ پرسی کۆرۆنا و ڤاکسین ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەبوو شەقامی دەجووڵاند بەڵام جەنگی رووسیاو ئۆکراینیا تەواوی کۆمەڵگەی یەکخستووە، مێدیا رۆڵی دەوڵەت دەگێڕێ کەمترین گوتاری جیاوازی تێدا بەدی دەکرێ تۆ ئێستە لە رۆژئاوا ئەوەندەی زانیاریت لەسەر مێدیای ئۆکرانی و مێدیاکاری رۆژئاوایی نێو ئۆکرانیا دەستدەکەوێ کەمترین زانیاری دەزانی لە مێدیای رووسی و گوتاری رووسیا. جیاوازی ئەم سەردەمەی ئێستەی رۆژئاوا بەراورد بە سەردەمی پرسەکانی دیکە ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆنی نییە، یان ئەوەتا دژی رووسیایە یان داوای ئاشتی و نابۆ شەڕ دەکات! بەڵام گوتاری پشت‌کردن لە ئەمریکاو یەک گوتاری رۆژئاواییەکان هەست پێ ناکەی ئەمە دەلالەتی ئەوەیە گوتاری گشتی رۆژئاوا گوتارێکی ئەمریکیانەیەو تەنیا رووسیا لەبەرەیەکدایە. بەپێچەوانەی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم، لە جەنگی جیهانی دووەم رووسیا هاوشانی ئەمریکا بوو لە دژی هاوپەیمانێتی ئەڵمانیاو ئیتاڵیا‌و رۆمانیا، بولگاریاو مەجەر ئەو جەنگە ساڵی ١٩٣٨ ماوەی نزیکەی شەش ساڵی خایاند جەنگێک کەس هیوای دووبارەبوونەوەی بۆ ناخوازێ تەنیا دیکتاتۆرەکان نەبێ! زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان/ئیتالیا
د. كامەران مەنتك 4\3\2022 جۆن پێركنز، یەكێك بوو لە كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا(CIA) بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لەبەشی ئابووری ئەو دەزگایەدا كاری كردووە، دوای ئەوەی خانەنشین بوو كتێبێكی دەربارەی ئەزموونی خۆی لەو بەشەدا لەژێرناوی(Economic Hit Man) بڵاوكردەوە، كە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆر زمان لەجیهاندا، لەعەرەبیەكەیدا بە(الاغتیال الاقتصادی للامم) وەرگێڕدراوە، بەكوردیەكەی دەكاتە بكوژی ئابووری. پێركنز لەپێشەكی كتێبەكەیدا باس لەوەدا دەكات، كە بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە سەرەتا مەترسیەكی گەورە بووە لەسەر ژیانی وتەنانەت كچەكەی خۆی ئامۆژگاری كردووە، كە بڵاوینەكاتەوە!. خوێندنەوەی ئەو كتێبە زۆر گرنگە بۆئەوەی بتوانیت لە سیاسەتی ئەمریكاو تەنانەت بەشێك لەرووداوەكانی جیهان تێبگەیت، لەبەرئەوەی پێركنز خۆی لەناو رووداوەكاندا بووەو سەرۆكی وڵاتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەمریكای لاتین ووڵاتانی ئەفریقا و.... هتد بینیوەو مامەڵەی لەگەڵ كردوون!. لەو كتێبەدا باسی سیاسەتی ئەمریكا دەربارەی تەواوكردنی خولی ئابووری وڵاتەكەی و گەڕاندنەوەی ئەو دۆلارانەی، كە لە ئەنجامی كڕینی نەوت وكەل وپەلدا لەوڵاتەكەی چۆتە دەرەوە دەكات، بۆئەم مەبەستەش ئەوە روون دەكاتەوە، كە چۆن دەبێت ئابووری ئەو وڵاتان بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە ولەو رێگەیەشەوە بیانخاتە ژێر چەتری سیاسی وسەربازی خۆیەوە، پێركنز كرۆكی ئەو سیاسەتە لە3 خاڵدا كۆدەكاتەوە: 1-مامەڵە كردنی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكی وڵاتەكاندا: لەو خاڵەدا باس لەوە دەكات، كە چۆن چۆنە لای سەرۆكی دەوڵەتان ودەیان پڕۆژەی ئابووری خستوونەتە بەردەم، بۆ نمونە دەڵێت سەرەتا باسی پڕۆژەكەم دەكرد، دواتر دەمگوت ئەوەندە ملیۆن دۆلارە بۆ تۆ دەبێت، لەبەرئەوەی كوڕەكەشت كەسێكی بەتوانایە دەیكەینە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، ئیدی بەو شێوەیە خزم وكەس وكارەكەیمان لەكۆمپانیاكە دادەمەزراندو دەستمان بەسەر ئابووری وڵاتەكە دادەگرت!. 2-هاندانی خەڵك بۆ هاتنە سەرشەقام وئەنجامدانی خۆپیشاندان: ئەگەر سەرۆكەكە بەو داواكاریە رازی نەبوایەو نەهاتبوایەتە ژێر بار، ئەوا شەقامیان لێهان دەدا، واتە كەموكوڕیەكانیان دەردەخست وتۆمەتیان بۆ دروست دەكردو لەپنای ئازادی بیروراوە خەڵكیان دەهێنایە سەرشەقام وئاژاوەیان لە وڵاتەكەدا بڵاو دەكردەوە، تاوەكو ناچاریان دەكرد چۆك دابدات!. 3-بەكارهێنانی هێزی سەربازی: ئەگەر لەدوو خاڵەكەی یەكەمدا سەركەوتنیان بەدەست نەهێنابوایە، ئەوا راستەوخۆ لەرێگای هێزی سەربازیەوە خۆیان لەوڵاتەكە هەڵدەقورتاندو رژێمەكەیان دەگۆڕی، بۆ ئەو خاڵە نمونە بە (سەدام حوسێن) ی سەرۆكی ئێراق دەهێنێتەوە، كە دوای ئەوەی لە دوو رێگاكەی سەرەتایی سەرنەكەوتن، هێزی سەربازییان هاناردە سەری! ئەم پوختەیەم بۆ ئەوە باس كرد تاوەكو بەوردی لەئابووری سەربەخۆی هەرێم وئەو قەیرانە ئابووریە تێبگەین، كە ئەمڕۆ باشووری كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت! ئەگەر سەیری كۆمپانیاكانی كوردستان بكەیت، بەروونی بۆت دەردەكەوێت، كە كۆمپانیا سەرەكیەكان هی حیزبە، كە لەراستیدا نوێنەرایەتی بنەماڵە سیاسیەكانی كوردستان دەكەن ولەرووی ئەكادیمی وزانستیەوە دوور‌و نزیك لە حیزب ناكەن، ئەو كۆمپانیایانە دەستیان بەسەر هەموو كایە ئابووریەكان داگرتووە، چەندەی ئەوان دەوڵەمەند دەبن وداهات زۆرتر دەبێت خەڵك هەژارتر دەبێت! تەنانەت لەرێگەی سیاسەتی برسیكردنەوە درێژە بە دەسەڵاتەكانیان دەدەن، هەروەك چۆن دەوڵەتانی داگیركاری كوردستانیش لەرێگای ئەو حیزبانەوە دەیانەوێت بەهاكانی نەتەوەی كورد بێبەها بكەن وئیرادەی تێكبشكێنن! لەو رۆچنەیەوە تێدەگەین، كە ئابووری كوردستان لەدەست كورد خۆی نەماوەو لەپیناو مانەوەی خۆیان ودرێژەدان بە دادۆشینی وڵات، جڵەوی ئابووریەكەی باشوور تەسلیمی هێزە هەرێمی وداگیركەرەكانی كوردستان كراوە، ئەوە هەمان ئەو دۆخەیە، كە لەزۆربەی ولاتە نەوتیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، بۆیە بەوردبوونەوە لەو دۆخە، ئێستا نە نەوت ونەئابووری هەرێم لەبەردەستی كورددا نەماوە، ئەو ململانێیەی لەنێوان هەرێم وبەغداش دا هەیە بەشێكە لەململانێیەكی هەرێمی لەسەر نەوتی كوردستان لەنێوان تاران وئەنقەرە!. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنیا وەك دەڵالێك، نەوت وئابووری كوردستایان تەسلیم بە توركیا‌و ئێران كردووە، بۆ نمونە ئەو رێككەوتنە پەنجا ساڵەی لەنێوان توركیا وهەرێم باسی لێوە دەكرێت، زۆر لەو رێككەوتنامەیە دەچێت، كە لەنێوان شای سعودیەو ئیزنهاوەری سەرۆكی ئەمریكا لەساڵی 1945 بەسترا، كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە نەوت وئابووری ئەو وڵاتە خرایە ژێر دەستی ئەمریكاو بەرامبەر ئەمەش ئەركی پاراستنی ئەو بنەماڵەیە لە مەترسیە دەرەكی و ناوەخۆییەكان، واتە لەهەڕەشەی گەلەكەی خۆی! خرایە ئەستۆی ئەمریكا، بۆیە ئەوانەی ئەو جۆرە مامەڵانە دەكەن، گەلەكەی خۆیان بە گەورەترین مەترسی لەسەر خۆیان تێدەگەن وهەمیشە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست دوژمن وداگیركرانی گەلەكانیان ودەكەونە بەرەی ئەوانەوە!.
پهیكار عوسمان - کابرای کۆمەڵ ئەڵێ، بۆ ناو قەبر زمانی عەرەبیمان پێویستە. کابرای سەلەفی، دیسان دنیای دابەشکردووە بۆ ئیسلام و کافر. لەولاوە ڤیستیڤاڵی حیجابی خوشکانی یەکگرتوو بەرده‌وامە. کابرای گەشەپێدانیش، ئەڵێ پاپۆڕ سەحیحی بوخاریی تیابێ نوقم نابێ. ئەمە هەمووی لە حەفتەیەکدا! - "دینی ڕووکەش" ئەوەیە کە کولتورییە، لەکاتێکا ناوەڕۆکی دین، ئەوەیە کە بان کولتورییەو هی هیچ زەمین و زەمان و زمانێکی دیاریکراو نیەو بۆ چاکبوونی نەفسی ئینسانە لە دۆخێکی پەتیی و بێ شوناسییدا. یەعنی لەوێدا کە زمانی عەرەبیت لێ ئەبێ بە زمانی خودا‌و بە شتێکی موهیمتر لە زمانەکانی تر، ئا لەوێدا ئیتر شتێك هەیە، کە دین نیەو لێتبووە بە دین! - دینی ڕووکەش، ئەوەیە کە دینی دابەشکردنی دنیایە بۆ ڕەش و سپی لەسەر ئەساسی حەقیقەتێکی قۆرخکراو. ئەگەریش تەسلیم نەبیت و موناقەشەی ئەم حەقیقەتە بکەیت، ئیتر خراپیت. لەکاتێکا دین بۆ ئەوەیە، کە تۆ خۆت مرۆڤ بیت و چاك و خراپ بفامیت، نەكئەوەی خوایەتی بکەیت و حوکمی چاك و خراپ لەسەر ئەوانیتر بدەیت! - دینی ڕووکەش، دینی جەستەیە. لەسەر جەستە شوناسێك دروستئەکاو بەو شوناسە "ئەخلاق" داگیر و دابەش ئەکات. زەقکردنەوەو جیاکردنەوەی شوناس و دابەشکردنی ئەخلاقییانەی کۆمەڵگا بەپێ ی جل و سەروشکڵ.. ئەمانە کەرەستەی سیاسەت و هەژموونە، نەك بابەتی ئیمان و ئاکار، کە شتێکی ئاویی و بێ ڕەنگ و بێ شوناسە. یەعنی هاوکێشەکە پێچەوانەیەو شتەکە بێ مەرجەو تۆ بە هەموو زمان و دین و جل و کولتورێکەوە ئەتوانی چاك بیت،، نەکئەوەی چاکبوونەکە بە مەرجی جل و زمان و دین و کولتورێکی دیاریکراوبێت! - خۆی "گەشەپێدانی مرۆیی" زڕەزانستەو بریتییە لە عەرەبانەی فرۆشتنی وەهم. دینی ڕووکەشیش زڕەدین و ساغکردنەوەی یەك دنیا نادین و بەدینکراوە، بە ناوی دینەوە. جا کە دوو زڕەشت یەكبگرن، ئیتر درۆ ئاسایی ئەبێتەوە. مەبەستم درۆی پاپۆڕەکە نیە، مەبەستم ئەو درۆیەیە کە تۆ بانگخوازیت و خۆت وەکو ڕاهێنەر ئەناسێنیت! - یەعنی کە تۆ شتێکیت، ڕاست و ڕەوان بڵێ ئەوەم و ئەمە هیچ عەیبەیەکی تێدانیەو لەو کاتەشدا کە باش ئەڵێ ی، ماڵت ئاوابێ. بەڵام کە شتێكیت و خۆت بە شتێکی تر ئەناسێنیت، ئەمە پرۆسەیەکە کە لە فێڵ و درۆوە دەسپێئەکات. وابزانم فێڵ و درۆش، حەرامە بە دینی ڕاستی، بەڵام بە دینی گاڵتی و ڕووکەش، هەموو شتێك حەڵاڵە لەپێناو خڕکردنەوەی جەماوەرو قەڵەوکردنی جەستەی مێگەل! - خۆی ئەم گەشەپێدانە، دوای جەنگی جیهانی و کاولبوونی ئەوروپا هاتە کایەوە، بە مەبەستی یارمەتیدانی لایەنی دەروونی و هاندانی مرۆڤ، بۆ ئەوەی بچێتەوە سەرکارو دەستبکاتەوە بە ژیانێکی ئاسایی و بیناکردنەوەی وڵات.. یەعنی شتەکە بۆ کاراکردنەوەی مرۆڤبوو. بەڵام ئیسلامی سیاسی، ئەمەی تەزویرکردو لە فۆڕمی وەعزی دینیدا هێنایە ناو دنیای عەرەب. ئیتر لەڕێگەی هەڵڕشتنی وەهم و تێکەڵکردنی خورافەی دینی و نادینییەوە، ئەونەی تر ئینسانیان لە کارایی خست! - خۆ گەشەپێدانی مرۆییش، وەکو هەر شتێکی تر، لە سیاقی خۆیداو "وەکو خۆی"، ئەشێ باش و ڕاستەقینەبێت و بنەمایەکی هەبێت،، بەڵام کاتێ بەلایەکی تردا ئەبرێ و بۆ ئامانجی تر بەکارئەهێنرێ، ئیتر بەتاڵ ئەبێتەوە لە خۆی. وەکچۆن دینیش بەتاڵ ئەبێتەوە لە خۆی، کاتێ بەلای تردا ئەبرێ و مەسەلەن بۆ ئامانجی دەسەڵاتخوازی بەکارئەهێنرێت! - ئاشکرایە کە "خیلافەت" بەشە سیاسەتەکەی سونەیەو "ئیمامەت" بەشە سیاسەتەکەی شیعەیەو هەردوکیشی هەر بۆ تەسەڵوتە. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، "مەلا"ش بەشە وەعزەکەی دەسەڵاتەو "بانگخواز"، بەشە وەعزەکەی موعارەزەیەو هەردوکیشی هەر بۆ هەژموون و مێگەلسازییە! - مەلا هی دەسەڵاتەو ئیخوانیش کە موعارەزەیە، لە بەرامبەر مەلادا، بانگخواز دائەهێنێ. کاتێکیش بانگخواز بڕێك کۆنئەبێ و لەگەڵ مەلایا جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێ، ئینجا ئیخوان، ڤێرژنێکی تازەی وەعز ئەخاتە بازاڕەوە، بەناوی "گەشەپێدان". کە ئەمە هەر خودی بانگخوازەکەیە، بەڵام لەبری ئەوەی بە شکڵێکی دینییەوە لە شوێنێکدا وەستابێت، بە شکڵێکی مۆدێرنەوە لەسەر ستەیجەکە دێت و دەچێ.. لەبری ئەوەشی لەفەکە، تەنیا شاورمەیەکی دینیی بێت، تۆزێ ساس و مایۆنیسی نادینییشی پێوەئەکا! - ڕەنگە بڵێ ی، وەعز و گەشەپێدان، لەوەدا یەکئەگرنەوە، کە هەردوکی هەر بۆ هاندانی مرۆڤە.. لەڕاستیدا دین و فەلسەفەو زانست و وەرزش و هونەر و سیاسەت و کۆی شتەکانی مرۆڤ، هەر بۆ مرۆڤ خۆیەتی. یەعنی کاتێ نالی چامەیەك ئەنوسی، ئەوە سالمە جوابی ئەداتەوە، نەك پشیلەیەك. بەڵام هەموو کایەکان، تەنیا لە "ڕاستەقینە"ی خۆیاندا بەشە خزمەتەکەی خۆیان پێشکەش ئەکەن،، کاتێ سەروگوێلاکی یەکێکیان بشکێنی بۆ یەکێکی تریان، ئیتر هیچیان خزمەت ناکەن. مەسەلەن کاتێ سەروگوێلاکی زانست بشکێنی بۆ دین، ئیتر نە دینەکە وەکو خۆی ئەگات، نە زانستەکە.. بەڵکو ئەبێ هەر کایەیەك ئیشی خۆی بکا، تەنیا لە پێناوی "ڕاستی"، نەکئەوەی کایەیەك خوارکەیتەوە بۆ کایەیەکی تر، لەپێناو دەمارگیری و هەژموون و دەسەڵاتخوازیی! - لەڕاستیدا "جل" شتێکی کولتوریی و کەسییەو هیچ عیلاقەی بە خودا‌و بە دینەوە نیە، بەڵام زۆر عیلاقەی بە سیاسەت و بە تیجارەتی دینەوە هەیە. ناشچینە ئەو جەدەلەوە کە حیجاب هەیە یان نا.. بۆ زەمەنی خۆیەتی یان چی.. گریمان تەفسیرە تەقلیدییەکە وایەو حیجاب فەرزە. ئێ خۆ فەرزەکە مۆدێلێکی دیاریکراوی جل نیە، بەڵکو بڕێك داپۆشراوییە کە هەرکەس بە پێی حەزی خۆی و کولتوری خۆی، ڕەچاوی بکاو تا ئێرا شتەکە هەر لەناو فرەڕەنگییدایە. وەلێ "حیجابی ئیخوانی" حیجابێکی ئایدۆلۆژیی سیاسییە نەك دینیی. "یەکپۆشیی" جۆرێکە لە دیسپلین و ڕێکخستن، نەك خواپەرستی و عیبادەت. "یەکڕەنگیی" شێوازێکی هەژموونی پارتە شمولییە ڕاست و چەپەکانە، نەك بابەتێکی ئەخلاقیی! - ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی "دینی ڕووکەش"؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، چونکە دینی ڕووکەش بەرجەستەیەو ئەگیرێ، یەکێك ئەتوانێ بیگرێ و بیدا بەوانیتر. لەکاتێکا ئەوەی کە دڵیی و ویژدانییە، ناگیرێ و ئاڵوگۆڕی پێوەناکرێ و تەنیا حاڵەتێکی وجودی بەینی خۆت و خوای خۆتەو لێرەدا مەرجەعیەتی تۆ، هەر لەناو خۆتدایەو ئەوێك ناتوانێ ببێتە مەرجەعی تۆ و شتێکت پێ بفرۆشێتەوە بە سیعری لێخوڕین! - لەڕاستییدا پێغەمبەرانیش، بۆ لێدانی بێ دینیی نەهاتوون، بەڵکو ڕێك بۆ لێدانی دین هاتوون! بۆ لێدانی سیستەمی کەهانەت و مەرجەعیەتی دەرەکیی و کۆتاییهێنان بەو دوکان و بازاڕە هاتوون و بانگت ئەکەن بگەڕێیتەوە بۆ ئەو شتە ناوەکییەی کە لای خۆتەو کە کەسێکی تر ناتوانێ بتداتێ. هەڵگەڕانەوەو تەحریفە هەمیشەییەکەش، هەر ئەوەیە، کە ئەمەی پێغەمبەرو حەکیمەکانیش، دیسان ئەکرێتەوە بە دوکان و بازاڕ‌و بە کاڵایەکی دەرەکیی! - خۆ موحەمەد کە هات، کۆمەڵگاکەی ئەو، لە دینی کەمنەبوو. دینی قورەیش، دینی یەهودو نەسارا، بەهۆی هاتووچۆی حەج و بازرگانییەوە، ئەنواع دینی تریش هەبوون.. یەعنی ئەو دینە دەرەکییەی کە ئەبێت بە دامودەزگاو بە سوڵتەو بە بەرژەوەندی.. ئەمەیان هەبوو. بەڵام ئەو دینە ناوەکییەی کە دڵ و ویژدان و حیکمەتی مرۆڤ خۆیەتی و "کە لەڕاستییشدا دین هەر ئەوەیە" ئا ئەمەیان نەبوو! - ئەو کە هات، کۆمەڵێ دینی پاکەتیی و (شکڵگرتوو) لە ژینگەکەدا هەبوو، کەچی تەنیا دینی حەنیفی ئیبراهیمی پەسەندکرد، ئەزانی بۆ؟ چونکە ئەمەیان دین نەبوو، شکڵی نەگرتبوو، نەبووبوو بە دینی دەرەکیی و بە بابەتی سوڵتەو دەزگاو بەرژوەندی و دەمارگیریی و جیاکاری و شەڕوشۆڕ.. بەڵکو تەنیا شتێکی دڵیی و ئاگایی مرۆڤ خۆیبوو، نەك شتێکی مێگەلیی. دەی ئا ئەمە شمولی دینەکەی خۆشی ئەکات! - یەعنی ئەوکاتەی کە موحەمەد هات، ئەگەر ئەم سونەو شیعەو ئیسلامەی ئێستا هەبووایە، بێگومان ڕەفزی ئەکرد، چونکە ئەمەش هەر لە دینە مێگەلییەکانە نەك لە حەنیفییەکان! کە ئەڵێم حەنیف، مەبەستم مرۆڤێکە کە تەنیا مەیلی بۆ ڕاستی هەیە نەك پاسەوان و دەمارگیری مێگەلەکەی بێت. مرۆڤێکە کە لەناو هەوڵی چاکبوونی خۆیدایە نەك لە نمایشی چاکبوون و قۆرخی ئەخلاقدا. مرۆڤێکە کە لەسەر دینە ناوەکییە ئاوییە نادیارەکەیە، نەك لەسەر دینە دیار‌و بەرجەستەکە. مرۆڤێکە کە شەڕی پێشوەختەی نیە، نەك ئەو مرۆڤەی کە هەر بە لەدایکبوون، ئەکەوێتە جەبهەیەکەوە دژی ئەوانیتر. بەکورتی ئەو کە هات، مێگەل هەبوو، بەڵام مرۆڤی سەربەخۆ نەبوو! ماویەتی..
ئه‌بوبه‌كر كاروانی پێموایە کۆنگرە ڕۆنامەنوسییەکەی دوێنێی سەرۆکی حکومەت، لەڕووی تەوقیت و ئاماژە و پەیامەوە، خراپ و نائومێدکەر بوو. ئەویش لەسۆنگەی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە: ١- کۆنگرەکە ھاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی گەورەی نرخی نەوت! سەرۆکی حکومەت لەم تەوقیتەدا بەھاوڵاتیانی خۆی دەڵێت: چاوەڕێی باشترمان لێمەکەن ! ٢- خستنە ڕووی وێنای ھەرێمێکی نیمچە ھەڵوەشاو و حکومەتێکی لاواز. کە بەدەست ناکۆکی و بەتاڵانبردنی بەشێ لەداھاتی گشتی لەلایەن مافیای حیزبی و نادامەزراویەوە دەناڵێنێت! بەدانپیانانی خۆی بەشێ لەداھاتەکان ناگەڕێتەوە ناو خەزێنەی گشتی! کە بەگوێرەی سەرچاوە پەڕلەمانی و ڕۆژنامەنوسییەکان، مانگانە بەنزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت! سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمیش، جگە لە سکاڵاکردن لەدۆخەکە ھاوشێوەی ھاوڵاتیان، ناتوانن ھیچ بکەن؟!! ٣- سەرۆکی حکومەت لەجیاتی پێشکەشکردنی دیدێکی چوارچێوەدار بۆ چارەسەری کێشەکان، یان لانی کەم کەمکردنەوە لەقورساییان و بوونی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەرکردنیان بەچەند قۆناغێك، بەشرۆڤەکردنی ھۆکارەکانی نەبوونی چارەسەری و درێژەکێشانی دۆخە نەخوازراوەکەو گرەوکردن لەسەر ئارامگرتن و پشوودرێژی ھاوڵاتیانی شەکەت وازی ھێنا؟! بەکورتی پێی وتین: بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری بۆسەر باشبوونی بارودۆخەکە نیە، داھاتی ناوخۆش وەك خۆی ناگەڕێتەوە، گەندەڵی و بەھەدەردان و نالێپرسراوێتی ئەخلاقی و سیاسی کارێکیان کردووە گرەوی لەسەر ناکرێت، چاوەڕێی ڕادەستکردنی نەوتیش بەبەغدا بەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم مەبن، وەك ڕێگە چارەسەر، چارەسەری چوارەمیشی نەخستە ڕوو! ٤- بەکارھێنانی ناسەرکەوتوو نائومێدکەری چەمکی چاکسازی. چونکە وای نیشاندا لەھەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی کراوە، بێ ئەوەی ھاوڵاتی لەم وڵاتەدا ھەست بەھیچ شتێکی بەرھەست و بەرچاو بکات و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیان و گوزەرانی و دۆخەکەوە دیاربێت، یاخود گەندەڵییە سیاسی و ئابوری و ئیدارییە گەورەکان دەستی ڕاستەقینەیان بۆ برابێت. لەوانەش: * بەتاڵانبردنی بەشێکی بەرچاوی سامانی گشتی و نەبوونی ڕوونی لەم ڕوەوە! * نیمچە ھەڵوەشاوەیی ھەرێم و نەبوونی ناسنامەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوەو درێژەکێشانی ناکۆکی روخێنەری نێوان یەکیەتی و پارتی. * نەبوونی سەروەری یاسا‌و بێلایەنی و سەربەخۆیی دادگاکان و دووربوونیان لەفشارو دەستێوەردانی سیاسی. * یەک نەگرتنەوەی ھێز‌و دام و دەزگاکان و نەبوونی حوکمی دامەزراوەیی. * ناعەدالەتی لەدابەشکردنی سامان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان. * پەیوەندی ناسروشتی حیزب و حکومەت و ھەژموونی نادەستوری یەکەم بەسەر دووەمدا! ... ھتد ٥- پەردەھەڵماڵین لەسەر سیاسەتێکی نەوتیی خراپ و خراپی گرێبەستەکان و زۆری خەرجییەکانی تر، بەجۆرێك٦٠٪ی داھاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! ئەمەش لەھەندێ روەوە، دۆخی نەوتمان لەسایەی ھەژمونی کۆمپانیا کۆلۆنیاڵییەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکەدا، لە پێش خۆماڵیکردن وەبیر دێنێتەوە؟!
سالاری بازیان کاتێک روسيا ڕێبەرایەتی نیوەی جيهانی دەکرد ھێز ھێزی عەقڵ و فەلسەفەی ماركسيزم بەر ئەساسی شۆرشێکی گەورەی مرۆڤایەتی فەتحی دڵ و عەقڵەکانی دەکرد، شۆرشێکی زنجیرەی بەیەکەوە بەستراو و تێکەڵاو له پەیامی مرۆڤ و مافى خوراوى گەلان له وته بەناوبانگەكەى جى گيفارا (چەوسانەوە له كوێ بێت منيش لەوێم )کاتێکیش خودى سيستمەكه کێشەی بۆ دروست بوو له پراكتيزيدا وەك تەزبيح هەڵوەشا، بەڵام نمونەى ناوازه دەگمەنەكەى (كوبا )بوو كە چراكانی دەوڵەتەکەی روناكيی دەگەيشته دەوڵەتی ئەمریکا لەو كاتەدا، كەسيستمى سۆشياليستى هەرەسى هێينابوو، بەڵام( ڤيدڵ كاسترۆ)كەلە وەڵامی رۆژنامەنوسێكدا وتی:" ئەگەر ( قەرارە دنيا شەش مليارد بێت پێنج مليارد و نۆسەد و نەوەدو نۆى لايەك بێيت و من بەتەنها لەسەر بيروباوەڕى خۆمم ....)له ئێستاشدا خەونی پۆتين بەڕێگاى هێز بوو گەڕانەوە بۆ ئەو رابردووە بێشك بەدی نایەت..دەستبردن بۆ داگيركردنى دەوڵەتێکی تر بەھێزی سەربازى شكست دەخوات لوتی ملهوڕى پوتين دەدات بەدارى غرورداو له گردابی شكست خەبەرى دەبێتەوە، چونكه کەوتنی ئۆکراین واته کەوتنى تاك جەمسەری ئەمریکا و ئەوروپا دەخاتە بەردەم شكستى گەورە . ھەرچەندە متمانه، يان لاى گەلانی خوارميانەكەم رەنگ بێ متمانەبوه كەدێرزەمانه (عەبدوڵا ئۆچەلان پێشبينى ڕەوشی تێکچونی دنيا تاك جەمسەری نابووتبونی هەيمەنگەرایی ئەمريكا دەكات، وەلێ جێگەی داخه بۆ خاترى كوردبوون له برى ئەوەى دنيا وەك فەيلەسوفێكى دەگمەن مامەڵەی لەگەڵ کەن سوود له دنيابينى و پێشبينى وەربگرن له گەله كۆمەيەكى. نێودەوڵەتی وابيست و دوو ساڵە به تاشه بەردەکانی ئیمڕالیەوە گرێ دراوه...) بەپێچەوانەوە ئەگه ر روسيا سەربكەوێت دەبێتە سەنتەرى بڕياردانی جیهانى لەرێگەى هێزەوە ئەمەش هاتنەدى قورس سەخت و تەواوى جیهان هەڵدەگێڕێتەوە...وەلێ ئەوەى پرسيارى جەوهەريه ئايا جيهان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕۆژێ ئايەگێژاوی ئەم فیتنەیە ھاوکێشەکان چى لێدەکات؟ ئەگەری جەنگی جیھانی و چەندەها لێكەوتەى تر ... سەرەڕای دەرکەوتنى تان و پۆى ريزبەندى تازه و ليكەوتەكانی ديمەنی ئوكراين پێمان دەڵێت:" ئەى ئێمەی كورد چی بكەين ...؟ كه كوردبه حوكمى پيگەكەى لەم گيژاوى جه نگەدا بێکاریگەر نابێت بە تایبەت پێدەچێت بڕیاری دادگاى فیدڕالی عێراق هاوكارى روسيا بێت بۆ زياتر فشارکردن لەسەر ئەوروپا، وەلێ به دیوێکی تردا توركيا نەى شاردۆتەوه پشتيوانی له ئۆكراين دەكات له ئێستاشدا كوردستان پارتی ديموكرات فرۆشتنى گازەكەى رێگاى بەديل لەگەڵ توركيا واژۆ كردوه و پێدەچێت ڕۆڵی زلھێزەکان و كوردستان كەخۆی بخاتەبەردەم ڕیسکێکی مەترسیدار واتەشەڕى ئۆکراین بەخوينهێنەرى گۆرانکاری سياسى لەدايكبوونی تەنگەژەى جۆراو جۆرە، واته دەبێت مەتبەخى سياسى كورد له حاڵى حازردا لە مەتبەخێكى توێژینەوەی ورد به سوود وەرگرتن له ڕەوشەكه نەكەوينەوه جارێكی تر بەردەم هاڕينى چەرخى دەوروبەرمان نازانم مەتبەخی لەو شێوەيه هەمانه يان ناگات بەپۆست و پۆست بازى پوشاڵی جناح جناح بازى بێنن رێگە چاره ئەگەرەکان تەتەڵە و گێژ بکەن لایەنیکەم كوردستان و خەڵكەكەى نەدرێته دەستى قەدەر، چونكه رەوشى ئۆكراين سەرۆكى ميلەتەكەى هەرگۆشەيەكى نامە و پەيامی گەورەى تێدايه بۆ كورد و كوردستانيان ئيستا سەرۆكى ئۆكراين دەبێته ڕەمزى بەرخودان دوێنێ سەرۆكى ئەفغانستان بوه ڕەمزى ڕاكردن سەرۆكى ئۆكراين له دەستى ميلەتەكەى هەڵنايە، بەڵكو له پێناوى ميلەتەكەيدا دەجەنگێ گيان بەخت دەكات هەردووكيان هێلكەكانيان خستبوه سەبەتەى ئەمريكا و ئەوورپا، سەرۆكى ئۆكراين ئەزموونی كوشتن و بڕينى نيیه، بەڵكو ئەكتەرێكى كۆميدى بوو، جيهان و مافى مرۆڤ و يەكێتى ئەورپا و ئەمريكا دەخاته بەردەم هەڵبژاردەی سەر سورهێنەر شەمەزاركەر جارێكی‌تر مۆرال و سياسەت و دنيا ليبراڵيزم تاك جەمسەرى دەخاتە بەردەم پرسيار تەكنەلۆجيا ئیرادەی مرۆڤ ڕووبەڕوو دەکاتەوە ، ڕاکردن و هەڵاتنى دەگۆڕێت بۆ مەرگ له سەنگەردا مەرگ لەسەر قەرەوێلەى بيمارستانەكانی دەرەوەی وڵات بە نەفرەت دەكات رێگەيەك ده گرێته به ر ئەويش يان سەركەوتن، يا نيشتمان دەكاته گۆڕەستان، ڕەوشی ئۆكراين و سەرۆكەكەى و ميللەتەكەى مافی مرۆڤ و ديموكراسى نەتەوه يەكگرتوەكان دەخاته بەردەم دووڕيانی مانەوەيەكى پراكتيزکراو، يان بەدەردى كۆمەڵەی گەلان دەچێت!! خوڵاصه جوانترين ڕسته بوو كه سەرۆكى كه دەڵێت:" كۆشكى سپى بۆ رۆژى ڕەش نابێت" و ده بێت لەم ڕستەيه كورد پەند و وانه وەربگرێت.!!
سەرتیپ جەوهەر بیستم هەفتەی داهاتوو بڕیارە لەچەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان بكرێت، بەڵام جیاواز لەوانی دیكە، بەئاڵای عیراقەوە خەڵك بێنە سەر شەقام و داوای ماف و بەركەوتەی قانونی خۆیان بكەن لە موچەو بژێوی ژیانیان. ئەم خۆپێشاندانەی خەڵك "ئەگەر بكرێت!" مێژوو یان بزوتنەوە چەكدارییەكانی كوردمان بیردەخاتەوە لەرابردوو كە سەرەتا لەژێر ناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی بوون، بەڵام دواتر گۆڕاون بۆ كانتۆناتی چەكداریی و سەرچاوەی بێزاریی و ئاڵۆزكردنی ژیان، خەڵك سەد خۆزگەیان بەكفن دز خواردووە. من پێموایە لە رابردوو كورد هیچ شۆڕشێكی نەكردووە، چونكە هیچ گۆڕانێكی ریشەیی كۆمەڵایەتی دروستنەكردووە، بەڵكو ئەوەی هەبووە بزوتنەوەی چەكداریی بوون، تەنها پێشەواو سەركردەكانی ئەو بزوتنەوانە لێی سودمەند بوون. خەڵكە رەشوڕەتەكەش سۆتەك و قوربانی گەورەی ئەو بزوتنەوە چەكدارییانە بوون. ئەگەر لەحوكمدارییەكەی مەلیك مەحمود (1918-1923) بپرسین دەبێ چیرۆكی لەخەوما-ی جەمیل ساییب و شیعرەكانی حەمدی ساحێبقڕان بخوێنینەوە. گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و ستەمكارییەكانی حكومداری كوردستان شاعیر‌و نوسەرانی هێناوەتەگۆ. چیرۆك و شیعری ناڕەزاییان لەبارەی ئەو ستەمكاریی و پاشەگەردانیە نوسیوە. شێخ لایەكی وڵاتەكەی لەسەرخۆی تاپۆكردووەو خزم و كەسوكارەكەی خۆشنود بوون و ئەویدیكە قوڕبەسەر. وەك ئەوانەی ئێستا دەیویست ببێت بە رابەری نەتەوەیی و سەرمەشقی سەربەخۆیی، كەچی لەژێر سایەو سێبەری حوكمڕانیەكەی ناعەدالەتی و گەندەڵی خەڵكی كوێر كردبوو! بۆیە كە ئینگلیز هات خەڵكێكی زۆر لەرقی حوكمدارییە خراپەكەی شێخ هاوكاری ئینگلیزیان كرد. لەكۆمارەكەی قازی محەمەد دا لەنێوان 1945 بۆ كۆتایی 1946 بەشێك لەفەرماندە سەربازییەكان لەپای گەندەڵیی و چەوساندنەوەی خەڵك، خۆیان و خزم و كەسوكارەكانیان زۆر دەوڵەمەند بوون، لەوە خراپتر، لەهەندێ ناوچە گوشارێكی زۆریان لەسەر خەڵكی ناوچەكان دەكردو هێزەكانیان لەسەر حیسابی خەڵك دەژیان و پارەیان كۆدەكردەوە. لەهەندێ ناوچە فەرماندەكان خەڵكیان بەند دەكردو پارەیان لێوەردەگرتن و دەستیان بەسەر زەوی و زارەكانیاندا دەگرت!! هەربۆیە بۆیە لەگەڵ پەلاماری محەمەد رەزا شا بۆ روخاندنی كۆماری مهاباد، بەشێك لەخەڵكی ناوچەكان لەبری مقاوەمەت، هاوكاری رژێمی شای ئێرانیان كرد، بۆنمونە لە (سەقز و دەوروبەری) چونكە بێزاربوون لەئیدارەدان و هەڵسوكەوتی فەرماندەكانی سوپای كۆمارەكەی قازی محەمەد. لەماوەی بزوتنەوەی چەكداریی ئەیلولدا، لەسەرەتا تا ناوەڕاستی حەفتاكانی رابردوو (1970 – 1975) بەشێك لەفەرماندەو كاربەدەستانی كورد لەشارەكانی كوردستان ببونە ئاگر بەگژ خەڵكیدا دەچوونەوە، جگە لەكوشتن و دەست بەسەرداگرتنی زەوی و زاری خەڵك، قاچاخچێتی ماددە بێهۆشكەرەكانیشیان دەكرد! ئەمە ببوە جێی ناڕەزایی و بێزاری خەڵك، بەجۆرێك وەك جەرجیس فەتحوڵڵا كە كەسایەتییەكی دیاریی ئەو بزوتنەوەیە بوو، دەڵێت لەگەڵ پەلاماری رژێمی بەعس بۆسەر ئامێدی، لەبری مقاوەمەت و بەرگریكردن لەشارەكە لەبەرامبەر سوپای داگیركەر، خەڵك بەهەلهەلەو چەپڵە رێزان پێشوازییان لە هێزی رژێمی بەعس كرد. لەناوەڕاستی هەشتاكانی رابردوو لەسەر رێگەی هەولێر مەخمور لەنزیك گوندی پیرداود، سەڵاح شینە و مەفرەزەكەی كە دواتر تەسلیمی رژێم بویەوەو كۆمەڵێك پێشمەرگەی شەهید كرد، رێگە بەئۆتۆمبێلێك دەگرن ژن و پیاوێكی عەرەب و دوو منداڵیان دەبن. بۆ خاتری دزینی ئۆتۆمبێلەكە، ژن و پیاوەكە لەسەرجادەكە دەكوژن و هەردوو منداڵەكانیان كە چەند ساڵێك بوو تەمەنیان بەسەر تەرمی دایەو بابەیان هاواریان دەگەیشتە كەشكەڵانی ئاسمان. ئەوەی سەرەوە كە باسی دەكەم دیوی هەقیقیەكەی بزوتنەوەی سیاسی و چەكداریی كورد بووە كە لەبەر هەرهۆكارێك بێت لەنەوەی نوێ دەشاردرێتەوە یان ناخوازرێ بزانرێت! ئەوەی ئێستا دەیبینین لەحوكمڕانیی كوردستان درێژكراوەی ئەو مێژوویە كە بەهەموو شێوەیەك دەیانەوێ ماكیاژی بكەن و رەنگورووی جوان بكەن. ئێستاش بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمكاریی و ناعەدالەتییەی حوكمڕانی كورد لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوو! بەهۆی ئەغزكردنی بژێوی و ژیان و موقەدەراتی ئەم میللەتە، خەڵك لەداهاتووی خۆی پەشیمانبۆتەوەو لەبری هەوڵدان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی و ئەو ئامانجەی كە بزوتنەوە چەكدارییەكانی كورد وەك دروشم بەرزیان كردۆتەوە، ئێستا خەڵك بەئاڵای عیراقەوە خۆپێشاندان دەكات! لەچەند ساڵی رابردووش، خەڵك هیوای سەرە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت كاك نەوشیروان هەڵچنی بوو، كەچی بەر لە وەفاتی گردەكەو موڵك و ماڵی بەهاسان وەدەستهاتی لەسەر كوڕ‌و كچەكانی تاپۆكرد! هەموو خەڵكی لەئۆپۆزسیۆن بوون بێئومید كرد. ئەم دیمەنە، گەلێك تراژیدیە! میللەتێك سەدان هەزار شەهید و قوربانی لەرێگەی رزگاریی نیشتیمانیی دابێت، كەچی ئێستا بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و ئەو حوكمڕانانە سەد خۆزگە بەحوكمڕانیی داگیركەران بخوازێت؟ ئەمە پرسیارێكە وڵامەكەی لای ئێمە نییە، بەڵكو لای ئەوانەیە كە لەیەك مانگدا بای یەك تریلیۆن و نیو نەوتیان فرۆشتووە، كەچی تەنها لە 40% بۆ ئەم خەڵكەیەو ئەویدیكەی دیزەبەدەرخۆنە دەكرێت! ئێستا بەهەموو شێوەیەك و بەو هەموو ماكینە ئیعلامییەی بەردەستیانەو بەپارەی ئەم میللەتە تەغزیەیان دەكەن، وەك چومسكی دەڵێت دەیانەوێ هەقیقەتمان لێ ئاوەژوو بكەنەوەو ستەمكارمان بۆ بكەنە فریاد رەس، دزو گەندەڵكارانمان بۆ بكەنە حاتەمی تائی! ئەوەی ئێستا دەیبینین دوبارەبونەوەی ئەو مێژووەیە كە ئێستا بەرەبەرە بەشێك لە راستییەكانی دەخرێتە روو، ئەو جوانیەی خەڵك قوربانی بۆ دەدا، ئێستا شەهیدەكان زیندوو بونایە بەدڵنیاییەوە تێگەیشتنێكی دیكەیان دەبوو، خۆیان نەدەكردە قوربانیی حوكمڕانییەك كە ئێستا جگە لەكوڕو كچ و كەسوكاری بەرپرسان، كەسی دیكە لەژێر سایەی ئیسراحەتی نەكردووە. هەقیقەتێكی تاڵە كە جگە لەكەمینەیەك كە ناكرێت لە قوربانیدان و لەخۆبردوییان بۆ مێژووی كوردستان نادیدەیان بگرین، ئەوەی دیكە كە ئێستا دەیانبینین ئەو سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیانەی ئێستا كە مەگەر نەوەی نوێ بزانێ چ رەنگوڕوێكی ناشرینیان هەیە! هەموویان بوونەتە مەڵتی ملیاردێر، ئێستا‌و داهاتوویان لەم میللەتە ئەغز كردووە. كچ و كوڕ‌و كەسوكارەكانیان بوونەتە فیرعەون و دەستیان بەسەر چارەنوس و موقەدەراتی ئەم نیشتیمانەدا گرتووە. ئەوەی دەیبینین مێژووە راستەقینەكەی سەركردایەتی سیاسی كوردستانە، گەندەڵیی و ستەمكارییان زۆر لەوە زیاترە باسی بكەین، عەرەب وتەنی (ماخفي كان اعظم). بەدڵنیاییەوە هەقیقەتی ئەو مێژووە نافەوتێت. ئەگەر جاران مێژوونوسان و بەشێك لەسیاسیەكان لەیاداشتەكانیاندا مێژوویان تۆماردەكرد، ئەوا ئێستا هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بەدەنگ و رەنگ دەتوانێت ئەم مێژووە تۆماربكات.
یونس جاف جه‌نگ زاراوه‌یه‌كه له هه‌ر زاراوه‌یه‌كیتر پتر ئاشنایه به گوێچكه‌ی مرۆڤایه‌تی، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی كرداری و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین و له ته‌واوی ناوچه و وڵاتانی جیهاندا به‌شێوه‌و فۆڕمی جیاواز نمایش ده‌كرێت و به‌رده‌وامی پێده‌درێت له دێر زه‌مانه‌وه، له قۆناغی ئه‌فسانه كۆنه‌كانه‌وه چه‌مكه‌كانی (ترس، هێرش، به‌رگری، ویستی مانه‌وه له ژیان) تێكه‌ڵبوونه به بوونی مرۆڤ، به‌ڵام به‌پێی مێژوو و گۆڕانكارییه‌كانی ژیان واتا‌و به‌های ئه‌م چه‌مكانه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. له ئێستادا مرۆڤایه‌تی له ئان و ساتێكی هه‌ستیاردا ده‌ژی ئه‌ویش به‌هۆی هێرشی به‌رفراوان و فره واتای (ڕووسیا) بۆ سه‌ر (ئۆكراینا). لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ یاخود ئه‌م جه‌نگه‌ش یه‌كێكه له‌و ورده جه‌نگانه‌ی له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی (1939-1945ز)ه‌وه، هه‌ر چه‌ند ده‌یه جارێك ڕوویانداوه؟ ئه‌م جه‌نگه جیاوازی له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌كانی تری دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م چیه؟ بێگومان واقیع و فاكتی له ئارادابوو پێمان ده‌ڵێت لایه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م جه‌نگه بریتیه له ڕووسیا-ئه‌مریكا (ناتۆ)، نه‌ك (ڕووسیا-ئۆكراینا). له كاتێكدا له مه‌یدانی جه‌نگدا هیچ سه‌ربازێكی (ئه‌مریكی) یان هێزه‌كانی (ناتۆ) بوونی نیه‌و ته‌نانه‌ت (ناتۆ) ڕایگه‌یاندووه كه نیاز‌و پلانیان نیه به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی به‌شداری شه‌ڕه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هاو واتایه‌كی تری به جه‌نگه‌كه به‌خشیووه‌و به‌رته‌سكی كردۆته‌وه بۆ جه‌نگێكی ناوچه‌یی. له دوای قۆناغه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و لاوازبوونی (سۆڤیه‌ت) و هه‌روه‌ها دابه‌شبوون و كۆتایی هاتن به هه‌ژموونه‌كه‌ی له ساڵی (1991)وه، (ئه‌مریكا) و (خۆرئاوا) به گشتی وه‌ك تاكه هێزی جیهانی مانه‌وه‌و به‌هێزبوون، به‌ڵام دووباره‌و هێدی هێدی گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونه‌وه‌ی (ڕووسیا) جارێكی تر هزرو بیركردنه‌وه‌ی سیاسیانه‌ی (ئه‌مریكی) و خۆرئاواییه‌كانی ئاڵۆز كرده‌وه، ئه‌مه‌ش پتر تۆخ بووه‌وه‌و بووه جێی مه‌ترسی كاتێك سه‌ركرده‌و سیاسیه‌كی وه‌ك (ڤلادێمیر پۆتن) ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ده‌كرد، ڕۆژ به ڕۆژ كێرڤ و توانای سیاسی ڕووی له هه‌ڵكشان بوو تا گه‌یشت به‌و ئاسته‌ی بوو به كاریزمایه‌ك بۆ ڕووسه‌كان و به‌شێك له هاوپه‌یمانه‌كانی. ڕووداوه‌كانی (11)ی سێپتێمبهرو دواتر ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كانی (ئه‌فغانستان و عیراق) هۆكاربوو بۆ ده‌ركه‌وتنی جوڵه‌و نمایشه‌كانی ڕووسه‌كان، ئه‌ویش له په‌نا ئه‌و بۆشاییه‌ی یان سه‌رقاڵبوونه‌ی ئه‌مریكی و ئه‌وروپیه‌كان به كێشه‌كانی عێراق و ئه‌فغانسانه‌وه. ئه‌نجامی ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ش پتر له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی (به‌هاری عه‌ره‌بی) و دروستبوونی كێشه‌كانی (سوریا) ده‌ركه‌وتن، كاتێك (ڕووسیا) به ڕابه‌رایه‌تی (پۆتن) توانی هێزو توانای خۆی له (سوریا) تاقیبكاته‌وه‌و وایكرد حكومه‌تی سوریا (ئه‌سه‌د) له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی بمێنێته‌وه‌و نه‌یارانی (ئۆپۆزیسیۆنی سوریا-سوپای ئازاد)، له هێزێكی باڵا ده‌سته‌وه كه پشتیوانی خۆرئاوا‌و توركیایان هه‌بوو به خێرایی هه‌ڵوه‌رێت و زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵیان كردبوو لێیان وه‌رگیرایه‌وه. ئه‌مه بۆ (ئه‌مریكا) تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو تا ئاستێك هێزو توانای ڕووسیایان بۆ ده‌ركه‌وت كه لایه‌نی كه‌م له‌وه تێگه‌یشتن كه له ئێستادا (ڕووسیا) ئه‌و هێزه‌یه كه له توانایدایه زیانی گه‌وره به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته (ئه‌مریكا) له‌سه‌ر حسابی لایه‌نه‌كانی تر، پێویستی به پلانێكی خێرا هه‌بوو بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی هێزو توانای (ڕووسیا) یان دروستكردنی به‌ربه‌ست له به‌رده‌میدا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به دوای ڕێگای پراكتیككردنی ئه‌و پلانه‌یدا گه‌ڕا، (ئۆكراینا)ش باشترین بژارده بوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی پلانه‌كه، كه ئه‌ویش له ڕاكێشان و تێوه‌گلاندنی (ڕووسیا) له جه‌نگێكی درێژخایه‌ندا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه تێیدا كایه‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی، مرۆیی، دیبلۆماسی) ڕووسیا ده‌كرێنه ئامانج و لاواز ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه (ڕووسیا) ده‌وڵه‌تێكه ئابووریه‌كه‌ی و ژێرخانی سوپاكه‌ی به‌و ئاسته به‌هێزنیه كه بتوانێت له ئاست (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بێت، هه‌روه‌ها ئاستی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی هاونیشتمانیانی لاوازه‌و چه‌ندین ملیۆن (ڕووسی) له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه ده‌ژن. ئه‌مریكا ده‌ستپێكی پلانه‌كانی له‌وه‌وه ده‌ستپێكرد كه له ڕێگای (ناتۆ)وه به هاوكاریكردنی زیاتری (ئۆكراینا) هه‌وڵی وروژاندن و هه‌راسانكردنی (ڕووسیا)ی ده‌دا، ئه‌گه‌رچی (ڕووسیا) زۆر دانی به‌خۆیدا ده‌گرت، خۆی ده‌پاراست له كاردانه‌وه‌و په‌رچه‌كردار، به‌ڵام دواجار نیازی (ئه‌مریكا) بۆ ڕاكێشانی (ئۆكراینا) بۆ ناو (ناتۆ) و دانانی موشه‌كه دوورهاوێژه‌كان و چه‌كه ئه‌تۆمیه‌كان له‌سه‌ر خاكی (ئۆكراینا) به ته‌واوی هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی (ڕووسیا) چیتر دان به‌خۆیدا نه‌گرێت. چونكه (پۆتن) هۆشیاره‌و له‌وه تێگه‌یشت كه به ئه‌ندامكردنی (ئۆكراینا) له (ناتۆ) به واتای به ئه‌مریكاییكردنی خاكی ئۆكراینایه، چونكه ئه‌مریكا له جوڵه پێكردنی هێزو چه‌كه‌كانی له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی ئه‌ندام له (ناتۆ) ئازاده، بێگومان له‌م ڕێگایه‌وه (ئه‌مریكا) ده‌یتوانی له ڕێگای (ناتۆ) و هاوپه‌یمانه‌كانی به ته‌واوی گه‌مارۆیی ئاسمانی، ئاوی و وشكانی (ڕووسیا) بدات و بچوكترین جوڵه‌كانی ڕووسیا كۆنترۆڵ بكات. بۆیه ئه‌مریكا له دیاریكردنی (ئۆكراینا) وه‌ك مه‌یدانی ململانێ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له‌وه دڵنیابوو كه ئه‌گه‌ر ڕووسیا كاردانه‌وه‌ی هێز به‌كاربهێنێت زیان ده‌كات و ئه‌گه‌ریش بێ كاردانه‌وه بێت و ڕێگا بدات (ئۆكراینا) ببێته ئه‌ندام له (ناتۆ) ئه‌وا له‌م لایه‌نه‌شه‌وه هه‌ر زیان ده‌كات، چونكه (ئه‌مریكا) به‌بێ هیچ به‌ر به‌ستێك ئه‌چێته سه‌ر سنووره‌كانی ڕووسیا. دواجار ڕووسیا به ناچاری بڕیاری هێرش و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و پلانه‌یدا كه له دژی داڕ‌ێژرابوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌وه (ڕووسیا) چاوه‌ڕوانی دهكردو پلانی بۆ دانابوو وا ده‌رنه‌چوو، كه ئه‌ویش بریتی بوو له كۆنترۆڵكردنی وڵاتی ئۆكراینا و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پایته‌ختدا له ماوه‌ی كه‌متر له دوو شه‌و و ڕۆژدا. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه بكه‌ین كه چه‌ند ڕۆژێك پیش جه‌نگ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی (خۆرئاوا) به‌ڕێوه‌یان ده‌برد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد (ڕووسیا) له ماوه‌ی شه‌و رۆژێكدا یان له‌وه‌ی 96 سه‌عاتدا ته‌واوی ئۆكراینا داگیر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌شێك بوو له پرۆسه‌ی هاندان و ڕاكێشانی ڕووسیا، بۆیه دوور نیه (پۆتن) كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بانگه‌شه میدیاییه‌و وایدانابێت به ئاسانی ئه‌توانن ئامانجه‌كانیان بپێكن. به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ دوای هێرشه‌كان له (سێ) ڕووه‌وه ڕووسیا له‌وه تێگه‌یشت كه له‌گه‌ڵ (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) چووه‌ته شه‌ڕ نه‌ك ئۆكراینا، یه‌كه‌میان دوای دوو ڕۆژ له شه‌ڕ ڕووبه‌ڕووی به‌رگری و به‌په‌رچدانه‌وه‌ی توند و كاریگه‌ر بوو كه خۆی له به‌گری زه‌مینی و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی دژه فرۆكه‌و دژه تانكی كاریگه‌ردا ده‌بینیه‌وه، كه بێگومان سه‌رچاوه‌كه‌یان ئه‌مریكا و خۆرئاوان، كه به ئاشكراش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ڕۆژ به ڕۆژ چه‌كی زیاتر ئه‌ده‌ن به‌و وڵاته. دووه‌میان خۆی له كاردانه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵی وڵاتانی جیهانیدا ده‌بینێته‌وه به تایبه‌تی له‌و هه‌ڵمه‌ته به‌رفراوانه‌ی سزا دارایی و ئابووریه‌كان كه به‌سه‌ر ڕووسیادا دران و به‌رده‌وامیش ده‌بن. سێیه‌میان، له ده‌ستپێكی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌كه‌وه به‌پێی ئه‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه (ڕووسیا) له‌وه تێگه‌یشت كه ئه‌م جه‌نگه درێژه ده‌كێشێت، كه بێگومان ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیادا نیه‌و هۆكار ئه‌بێت بۆ ماندووبوونی هێزی ڕووسیا و هه‌روه‌ها به‌فیرۆدانی داراییه‌كی زۆر له خه‌رجی جه‌نگ و سوپا. ئه‌نجامی ئه‌م سێ خاڵه وه‌ك شۆكێكن بۆ ڕووسیا، بۆیه له ئێستادا (ڕووسیا) له‌ناو گێژاوێكی تونددا ده‌ژی و هاتنه ده‌ره‌وه لێی كارێكی ئاسان نیه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه. له ڕوانگه‌ی ڕووسیاوه ئۆكراینا به‌شێكه له زه‌وییه‌كانی ڕووسیای مه‌زن، بۆیه ئه‌م جه‌نگه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی یه‌كلا كرده‌وه كه هه‌تا ئێستاش فه‌رمانڕه‌وای سیاسه‌تی جیهانی ئه‌مریكایه، چونكه توانیویه‌تی له چوارچێوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی هێزو له‌ناو سنووری ڕووسیای مه‌زندا (پۆتن) بخاته ناو جه‌نگێكه‌وه كه توانای به‌سه‌ریدا نیه‌و هۆكاره بۆ پاشه‌كشه‌ی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی روسیا. به واتایه‌كی تر له‌م جه‌نگه‌دا پاشه‌كشه و لاوازبوونی (ڕووسیا) به واتای دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان تێیدا ژیاوه، به‌ڵام به ڕێژه‌و فۆڕمی جیاوازتر. ئه‌م جه‌نگه ڕاستیه‌كی تری تاڵی بۆ ڕووسه‌كان و (پۆتن) ئاشكرا كرد، ئه‌ویش به‌هێزی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی و خۆرئاوایه له قوڵایی ده‌زگای موخابه‌راتی ڕوسیدا، چونكه پێش ڕوودانی جه‌نگ چه‌ندین جار (پۆتن) و وته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا نكوڵیان له ئه‌نجامدانی هێرش ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌هاو یه‌كلاكه‌ره‌وه باسیان له كاتی هێرشه‌كه‌و شێوازی هێرشه‌كه ده‌كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان له‌ناو پلانی داڕشتنی هێرشه‌كه‌دا بووبن. له كۆتایشدا هه‌مان ئه‌و شێوازه بوو كه ئه‌وان له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسیان لێوه ده‌كرد. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌م جه‌نگه (ئه‌مریكا) توانی پتر واقیعیه‌ت و ڕه‌وایه‌تی به ده‌وڵه‌تبوونی ئۆكراینه‌كان بسه‌پێنێت و چه‌ند هه‌نگاوێكیتر له (ڕووسیا) دووری خستنه‌وه. له ئێستادا ئۆكراینه‌كان به چه‌كی (ناتۆ) و به پشتیوانی ئه‌مریكا شه‌ڕو به‌رگری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و به‌گریه له‌به‌رده‌م ویژدانی مرۆڤایه‌تی بۆ ئۆكراینه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌وان وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یر ده‌كرێن، چونكه له هه‌مانكاتدا وێنه‌ی قوربانیان هه‌یه، بۆیه‌ش مرۆڤایه‌تی سۆزی بۆ ئه‌وان هه‌یه نه‌ك ڕوسه‌كان. به‌رده‌وامیان له به‌رگری و پاشه‌كشه‌كردن به ڕوسه‌كان وا ده‌كات چه‌ند هه‌نگاوێكی زیاتر له جاران په‌لبهاوێن و هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ سه‌لماندنی خۆیان. كه‌سایه‌تی (پۆتن) و ئه‌و غرووره سیاسیه‌ی (ڕووسیا) هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر به هه‌ر باج و زیانێك بێت هه‌وڵده‌ده‌ن كۆنترۆڵی ته‌واوی خاكی (ئۆكراینا) بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه ئه‌و داگیركارییه له دوور مه‌ودادا به زیانێكی مه‌زن له بواره‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی و دیبلۆماسی) بۆ ڕووسیا ته‌واو ده‌بێت تا ده‌گات به‌و ئاسته‌ی كه ڕووسیا توانای هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی گه‌وره‌ی نه‌مێنێت. لێره‌دا دێینه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئایا ئه‌م جه‌نگه هێمایه بۆ ڕوودانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌م؟ یاخود ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ ئایا زلهێزه‌كانی جیهان ئه‌و به‌رپرسیارێتیه هه‌ڵده‌گرن كه جه‌نگه‌كه نه‌گات به‌و ئاسته؟ ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه هه‌ر چه‌نده شه‌ڕه‌كه دژوار بێت، ناگات به‌و ئاسته‌ی له‌لایه‌ن ڕوسه‌كانه‌وه چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربێت، چونكه به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی باسمان كرد، ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وه‌یه كه (ڕووسیا) تێیدا لاواز ده‌بێت، له دۆخی لاوازیشدا ناتوانێ په‌نا ببات بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه (ئه‌مریكا و ناتۆ) له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له ڕووی شه‌ڕی پراكتیكیه‌وه ناچنه ئه‌و ئاسته كه (ڕووسیا) ناچار بێ یان به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ده‌ست ئه‌و چه‌كه به‌كاربهێنێت، به پێچه‌وانه‌وه ڕێگاكانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) ته‌نیا له دوو چه‌مسه‌ردا ده‌هێڵنه‌وه، كه یه‌كه‌میان بریتی ده‌بێت له شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت كه له ئێستادا به ئۆكراینه‌كان سپێردراوه‌و له درێژه‌ی شه‌ڕه‌كه‌شدا گروپ و لایه‌نی تر ده‌رده‌كه‌ون كه ئه‌و شه‌ڕه به وه‌كاله‌ته‌یان پێده‌سپێردرێت، بۆ نموونه (چیچان)یه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كان كه له ئێستادا له (چیچان) ده‌ركراون و (ئه‌مریكا) لای خۆی پاراستوونی بۆ كاته پێویسته‌كان. دووه‌میان به‌رده‌وامیدانه به‌و سزا ئابووری و داراییه بانكییه گشتگیرانه‌ی كه به‌شێوه‌ی گه‌له‌كۆمه‌كی له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئاراسته‌ی ڕووسیا ده‌كرێن و قورسترن له‌و جه‌نگه‌ی كه (ڕووسیا) له واقیعدا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه كه ئه‌مریكا زۆربه‌ی سه‌ره‌داوه‌كانی جه‌نگه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستدایه و تا ئه‌و شوێنه درێژه‌ی پێده‌دات كه پێویسته و له خزمه‌ت لاوازكردنی ڕووسیادایه، ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا له پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه ئه‌وه‌ی ڕووسیا له (سێ ده‌ی)هی ڕابردوودا كۆیكرده‌وه‌و هه‌وڵی خۆ به‌هێزكردنه‌وه‌یدا له‌م جه‌نگه‌دا وه‌ك میزڵدانێكی فوتێكراو به‌تاڵبكرێته‌وه. به‌مه‌ش چه‌ند ئامانجێك ده‌پێكێت كه سه‌ره‌كیتریان بریتیه له ته‌نها هێشتنه‌وه‌ی (چین) له مه‌یدانه‌كه‌دا، چونكه دواجار ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و هێزه‌ی (چین) ده‌یه‌وێ له دژی ئه‌مریكا بیخاته مه‌یدان، دواجار به‌شێكی زۆری پشت ئه‌ستوورو پشت به‌ستووه به هه‌یمه‌نه و توانای سیاسی و سه‌ربازی ڕووسیاوه، به‌ڵام كاتێك ڕووسیا له‌م ڕووانه‌وه په‌لوپۆ ده‌كرێت، ئه‌وا به واتای بڕینی ده‌مارێكی جه‌سته‌ی هێزو ئابووری (چین)ه. ئامانجێكی تری بریتیه له لاوازكردنی (ڕووسیا) تا ئه‌و ئاسته‌ی كه چیتر نه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر (یه‌كێتی ئه‌وروپا)، كه خۆیان به نه‌ته‌وه‌ی ڕێزلێگراو و خاوه‌ن شكۆ‌و خاوه‌ن شارستانیه‌ت ده‌زانن، به‌ڵام له‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوو گیریان خواردبوو به ده‌ست سه‌ركێشی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕووسیاوه. له كۆتایداو له‌و شوێنه‌دا كه جه‌نگه‌كه درێژه ده‌كێشێت و به زیانی (ڕووسیا) ته‌واو ده‌بێت، ئه‌مریكا به هه‌مووان ده‌ڵێت هێشتا زووه بۆ گره‌و كردن له‌سه‌ر مه‌رگی (ئه‌مریكا) و (سیسته‌می سه‌رمایه‌داری)، به‌ڵكو پێویسته هه‌مووان بزانن بنه‌ماكانی ئه‌م سیسته‌مه به جۆرێك داڕێژراون كه له ڕێگه‌ی خۆ كوشتن و خۆ له‌ناو بردنی نه‌یارو دوژمنه‌كانیه‌وه درێژه به مانه‌وه‌و به‌هێزبوونی خۆی ده‌دات. *ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
د. كامەران مەنتك 1\ 3\2022 گومانی تیا نیە، كە گەلی ئۆكرانیا زەرەمەندی یەكەمە لەو شەڕەی دایساوە، ئەوان خوێنیان دەڕژێ وئازارەكان دەچێژن ودەربەدەر دەبن وماڵیان وێران دەبێت، ئەوە كرۆكی ئەو شەڕەیە، كە میدیاكان دەیڕازێننەوە وبەشان وباڵی هەڵدەدەن، ئەو شەڕە نەگریسە لەبەرژەوەندی هەموو كەسێك دا بێت لەبەرژەوەندی گەلی ئۆكرانیا نییە، ئەو فرمێسكەی رۆژئاواییەكان بۆ گەلی ئۆكرانیای دەڕێژن فرمێسكێكی تیمساحیە، لەسەرەوە بۆی دەگریەن ولەژێرەوە ئاگرەكەی خۆش دەكەن!. ئەوان هانی ئەو شەڕە دەدەن، بۆئەوەی بارزگانی وماشێنی پیشەسازی شەڕی ئەوان باشتر وەرچەرخێت، ئەوان چەك دەدەنە خەڵكی ئۆكرانیا، یارمەتی داراییان دەدەن، بۆئەوەی لەپەنای بەرگری لە نیشتمانەوە باشتر بكوژرێن وباشتر بكوژن، گەرمكردنی ئاگری ئەو شەڕە لەلایەن میدیاكانی رۆژئاواوە، تەنیا بۆئەوەیە شەڕەكە زیاتر بكێشێت وبەرژەوەندیە داراییەكانی ئەوانیش باشتر مسۆگەر بێت وقازانجی زیاتر بەدەست بێنن. ئەوەی جێگای سەرسامیە سەرباری ئەوەی خەریكە شەڕ هەموو خاكی ئۆكرانیا دەگرێتەوەو رۆژ بەرۆژ رووبەڕەكەی فراوانتر دەبێت وخەریكە تەڕو وشك بەیەكەوە بسووتێنێت، كەچی هیچ بەرژەوەندیەكی بازرگانانی شەڕ، بازرگانە ئەوروپیەكان نەكەوتۆتە مەترسیەوە، تاوەكو ئێستا ژێرخانی ئابووری ئۆكرانیا بەهەموو شێوەیەك خاپوور دەكرێت، تەنیا ئەو بۆڕیانە نەبێت، كە گازی روسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەرژەوەندی روس وئەوروپیەكان لە پاراستنی ئەو بۆڕیە گازانە یەكدەگرێتەوە، ئەگەر روسیا شەپۆڵی گازی خۆی بۆ ئەوروپا رابگرێت، ئەو كاتە پیشەسازی وبازرگانی وتەنانەت ژیانیش لەئەوروپا زەرەمەند دەبێت، ئەگەر ئەوروپاش چیتر گازی روسیا نەكڕێت، ئەوە گەورەترین سەرچاوەی دارایی روسیا وشك دەبێت ورەنگ بێت ببێتە هۆكارێك بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە هەردوو لاباسی هەموو شتێك دەكەن، باسی ناردنی بۆمب وتانك وپارەو هەموو شتێك دەكەن، بەڵام هەرگیز خۆیان لەقەرەی باسی بۆڕیە گازەكان نادەن، ئەوەیە بێ ئەخلاقی ئەوەی پێی دەڵێن زلهێزەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبوایە سیاسەتمەدارەكانی ئۆكرانیا زوو دركیان بەو راستیە بكردبوایە، هەرچەندە رەنگ بێت وەك سیاسیەكانی لای خۆمان دركیشیان پێكردبێت وبەڵام ئەوانیش ئیرادەیان لەدەست خۆیان نەبووبێت، یاخود نەمابێت!.
ئەمین بەكر ئەمڕۆ مسرور بارزانی دەڵێت دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق نادەستورییە!! دەسەڵاتدارانی هەرێم كە نازانن چۆن‌و بەچ بیانویەك لەژێر باری بەرپرسیارێتی پابەند نەبوون بەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە ندەستوریبوونی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم خۆیان رزگاربكەن، ئێستا پەشیمان بونەتەوەو تانە لەدەستوریبوونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەدەن، كە بەڕێككەوتنی خۆیان دووبارە پێكهاتەوە!! رەنگە من لەبابەتی ئەوەی كە دادگاكە بەوشێوازەی ئێستای دەستوری نییە، هاوڕابم، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانزانی دەستوری نییە بۆچی كاتی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بوون لەسەری‌و دەنگتان پێدا، فراكسیۆنەكەتان كە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەن هی ئێوە بوو رێككەوتنتان لەسەر كرد‌و ڕازی بوون پێی، لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی‌و بەشێكی تریش لە پەرلەمانتارانی كوردی فراكسیۆنەكانی تر دەنگتان پێدا. سەرەتا دەبێت بزانین بەپێی بڕگەی ۲ ی مادەی ۹۲ دەستوری ئێستای عێراق، دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستور، یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی دەربكرایەو پێكهاتەی دادگاكەو ئەركەكانی بەوشێوەیە رێكبخستایە كە دەستور لەمادەی ۹۲ و۹۳دا دیاریكردووە، و هەر بەپێی دەستوریش بۆ دەركردنی ئەو یاسایەش دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن پێویست دەبێت. واتە دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستورەوە ئەو دادگای فیدراڵییەی كە لەسەرەتاكانی ساڵی ۲۰۰٥ی پێش ڕاپرسی لەسەر دەستور، بە فەرمانی ژمار ۳۰‌ی دەسەڵاتی ئیئتیلاف دروستكرابوو، هەڵبوەشایەتەوەو یاسایەكی نوێ بەپێی دەستوری نوێ دەركرابا، ئەوە بوو لەساڵی ۲۰۰۷ەوە پرۆژەیاسایەك بۆ پێكهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی نێردرایە ئەنجومەن، بەڵام هێزو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی‌و پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەمشێوەیەش دادگاكەی پێشوو بەردەوام بوو لەكاركردن و، بێجگە لەهەندێك بۆڵەبۆڵ كەس نەیدەوت ئەم دادگایە نادەستوریە كە دەبوایە بەجدی بوترایە، ئەو خاڵانەی كە رێگربوون لەدەركردنی یاساكەو جێگای ناكۆكی بوون، لەوەی پێكهاتەكان بگەنە رێككەوتن لەسەری، بەشێوەیەكی گشتی دوو خاڵ بوون: یەكەمیان: شێوەی دەنگدانو بەشداری پێكهاتەكان، بەتایبەت كورد داوای زۆرینەیەكی ڕێگر یاخود دەسەڵاتی ڤیتۆی دەكرد بۆ ئەندامە كوردەكانی ئەو دادگایە لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەهەرێمەوە هەیە، شیعە بەتایبەت‌و هێزە عەرەبییەكان بەگشتی ئەو داوایەیان رەتدەكردوە. دووەمیان: پێكهاتەی دادگاكە بوو كە وەك لە دەستور دیاریكراوە، دەبێت شارەزای ئیسلامی‌و شارەزای یاسایی تێدابێت، بێجگە لە دادوەرەكان، شیعەكان بەتایبەت‌و هێزە ئیسلامییەكان بەگشتی داوایان دەكرد هەبن‌و هێزەكانی تر كە ئیسلامی نەبوون، ڕەتیان دەكردەوە لە كورد‌و سونەو شیعەش. بەمشێوەیە ئەو یاسایە هەموو دەورەیەكی هەڵبژاردن دەهاتە ئەنجومەنو گفتوكۆی زۆری لەسەر دەكراو دەرئەنجام پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەتایبەت لەبەرئەوەی پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن بوو، نەدەتوانرا بەبێ رێككەوتن لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكە، ئەو یاسایە تێپەڕێت‌و بەمشێوەیەش دادگاكەی سەردەمی پۆل بریمەر بەردەوام بوو لەكار. لەساڵی ۲۰۱۹ دادگاكە بەهۆی خانەنشینبوونی یەكێك لە ئەندامەكانی‌و كێشەی نێوان سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی‌و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق‌و دواتریش مردنی یەكێكی تری ئەندامانی دادگای فیدراڵی، بەتەواوی لەكاركەوت، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لایەنە شیعەكان بیرۆكەیەكیان هێنایە ئەنجومەن كە پێشتر كەس زاتی نەدەكرد شتی وابڵێ، ئەویش وازهێنان بوو لەدەركردنی یاسایەكی نوێی تایبەت بەدادگای باڵای فیدراڵی‌و لەبری ئەوە تەنها هەمواری بڕیاری دەسەڵاتی ئیئتلافی كاتی بریمەری ژمارە ۳۰‌ی ساڵی ۲۰۰٥ بكەنەوە، وە ئیدعای ئەوەیان دەكرد كە گوایە ئەو هەموارە پێویستی بەجێبەجێكردنی مەرجە دەستورییەكان نییە، واتە نە دوو لەسەر سێی دەنگی دەوێت‌و نە مەرجە شارەزایانی شەرع‌و یاساش ببنە ئەندامی دادگاكە، ئەوكات ئێمە وەك دەستەیەك لە راوێژكاران گفتوگۆی ئەو پرۆژەیەمان كرد هەستم كرد تەوافقێكی شیعی سوننی لەسەرە، بۆیە من زۆر بەحەماسەوە دژی وەستام‌و باسی ئەوەم كرد كە ئەوە پێچەوانەی دەقی ئاشكرای بڕگەی ۲ی مادەی ۹۲ی دەستورەو تەنانەت بەڵگەی ئەوەشم بۆ هێنانەوە كە بەپێی بڕیارێكی پێشووتری دادگای باڵای فیدراڵی كە پێشتر لەوەڵامی پرسیارێكی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سلیم الجبوری دابووی، ((بۆ هەر هەموارێك یاخود دەنگدان لەسەر هەمواری هەر بڕگەیەكی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، مەرجە دەنگی دوولەسەر سێ هەبێت))، واتە بەپێی ئەو بڕیارەش بێت هەر هەموارێك نادەستورییە، ئەوكات پرۆژەكە بێدەنگەی لێكرا، تا ئەوە بوو لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دووبارە ئەم بابەتەیان هێنایەوە پێش، بەتایبەت كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەپێی بڕگەی ۷ی ماددەی ۹۳ی دەستور پێویستی بە پەسەندكردنی دادگای باڵای فیدراڵی دەبێت، بۆیە ئەمجارە لەبری ئەوەی كورد سود لەو دەرفەتە ببینێت‌و بیكاتە مەرج یاساكە بەپێی دەستور دەربكرێت‌و شێوازی دەنگدانی بەوشێوەیە بوایە كە گرەنتی پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێم بێت، بەپێچەوانەوە هات سازشی كرد‌و ڕازی بوو بەوەی یاسای ژمارە ۲٥ی ساڵی ۲۰۲۱ی دادگای فیدراڵی بە نادەستوریی‌و بەزۆرینەی ئاسایی تێپەڕێنرێت‌و پێكهاتەی دادگاكەو، شێوازی دەنگدانیش بەوشێوەیە بمێنێتەوە كە پێشتر هەبووە، لەبەرامبەریشدا دوو دادوەری كورد یەكێكیان پارتی‌و ئەوی تریان یەكێتی كاندیدیان بكات‌و ببنە ئەندامی دادگاكە، و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانیش دەنگیان پێدا. واتە ئەوە پارتی‌و یەكێتی بوون كە ئەوكات زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردیان پێكدەهێنا وازیان لەو مافە دەستورییە هێناوە، و ئێستاش كاتێك گڕی ئاگرەكە گەیشتوەتە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان دادگاكە بە نادەستوری دادەنێن.
خه‌ڵات عومه‌ر به‌شى یه‌كه‌م گرنگترین ئه‌وپرسیاریانه‌ى كه‌ڕه‌هه‌ندى ژیارى وفه‌لسه‌فیان هه‌یه ئه‌وپرسیارانه‌ن كه‌ڕاسته‌وخۆ بایه‌خیان بۆژیانى مرۆڤ هه‌یه. زاراوه‌ى ((ژیانى مرۆڤ)) به‌و واتایه نا كه‌مرۆڤ چه‌قى به‌هاو بوونى گه‌ردوونه، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ى كه مرۆڤ له ژیانى دا به‌شداره له ژیاریكردن له‌ناو گه‌ردوون و له‌سروشتیشدا. یاخود به ده‌ربڕینێكى تر" مرۆڤ له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره‌كانى تر‌و له‌گه‌ڵ كۆیى سروشتدا، گه‌ردوون پێك ده‌هێنێت" ئه‌گه‌رچى تێزه زانستیه‌كان ده‌یسه‌لمێنن مرۆڤ ئه‌قڵدارترین بوونه‌وه‌ره‌كانه، به‌ڵام لێره‌دا باپرسیارێكى گوماناوى تۆماربكه‌م و ئاڕاسته‌ى مرۆڤى بكه‌م. " باشه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاقڵترین بوونه‌وه‌ره‌كانه، ئه‌ى بۆچى له‌گه‌مژه‌ترین بوونه‌وه‌ره‌كان زیاتر زیانى به سروشت گه‌یاندووه"؟! له‌ڕاستیدا هیچ كه‌سێك وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ى من ناداته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤپه‌روه‌رانه به‌جۆرێك له خۆپه‌رستى و فاشیزم بارگاوى بووه و، له‌ناو جوغزێكدایه كه نه باكى به بوونه‌وه‌ره‌كانى تره وه هه‌یه‌و، نه باكى به‌سروشته‌و، نه‌باكى به‌هه‌مووگه‌ردوونه! نامه‌وێت بابه‌ته‌كه له‌تۆى خوێنه‌ر ئاڵۆزبكه‌م، له‌وانه‌م كه بۆباسكردنى بابه‌تى ئاڵۆز‌و سه‌خت ده‌مه‌وێت چه‌ند له ده‌ستم بێت ئاسانكارى بكه‌م. ڕایه‌كى ((هاشم ساڵح))ى بیرمه‌ندى عه‌ره‌ب هه‌میشه سه‌رسامم ده‌كات كه‌ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌كێشه‌ى ڕۆشبیران و خوێنده‌وارانى عه‌ره‌ب ئه‌وه‌یه كه به‌زمانێك قسه‌ده‌كه‌ن، كه خه‌ڵك لێیان تێ ناگات، له‌كاتێكدا مه‌لاو پیاوانى ئاینى بۆیه گره‌ویان بردۆته‌وه به‌زمانى ساده‌وساكارى خه‌ڵك قسه‌ده‌كه‌ن"! بابه‌تى ((شێوازى ژیان)) له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆرساده‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له خۆى دا بابه‌تێكى پڕگرنگه، ئاڵۆزوسه‌خته‌و پێویستى به‌كۆڵین وشرۆڤه و لێدوان هه‌یه. بابه‌تێكه زانستى بازڕكرد ساده‌ى ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى بڵێت كێشه‌یه‌كى گه‌وره له‌گۆڕى نیه، له‌ڕاستیدا گه‌وره‌ترین كێشه له گۆرێیه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ى ده‌رهه‌ق كێشه‌كه‌بێین پێویسته به قوڵى، به‌قوڵاییدا بچین و به‌ساده‌ى قسه بكه‌ین و ڕ‌ونى بكه‌ینه‌وه. بڕوانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ((شێوازى ژیان))ى باش ونمونه‌ییت چۆن بۆباس ده‌كه‌ن "بڕۆ بۆ هۆڵه‌كانى وه‌رزش، ئه‌لكهول به‌كارمه‌هێنه و جگه‌ره مه‌كێشه، شه‌ش مانگ جارێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى پزیشكى ئه‌نجام بده، ئه‌و ده‌رمانانه‌ى پزیشك بۆت ده‌نووسێت له‌كاتى خۆیاندا بیخۆ" باتۆزێك به‌یارمه‌تى پزیشكه‌كان كه دڵنیام هه‌موویان بازرگان نین و تێیاندایه حه‌كیمن و كارێكى پیرۆزده‌كه‌ن، له سه‌ر ئه‌م شێوازه نمونه‌ییه‌ى ژیان كه هه‌ڵیان بژاردووه چه‌ند سه‌رنجێك تۆماربكه‌م. یه‌كه‌م؛ بچۆ بۆ هۆڵه‌كانى وه‌رزشكردن، مه‌چۆ! بۆچى ؟! ئامێره‌كانى هۆڵى وه‌رزشكردن له چى پێكهاتوون؟ له‌لاسایكردنه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى كارى جومگه‌و ماسولكه‌كانى تۆن! شۆڕشى پیشه‌سازى كه‌بریتیه له گه‌وره‌ترین پێشكه‌وتنى مرۆیى لاسایى كردنه‌وه‌ى باسك و جه‌سته‌ى تۆیه، ئامێرى دروستكردنى هه‌ڵم كه كارگه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌رو دینامكیه‌ت دروست ده‌كات بۆ جوڵه‌ى به‌رده‌وام لاساییكردنه‌وه‌ى جه‌سته‌ى تۆیه، ئه‌مانه‌ن به‌رده‌وامى دروست ده‌كه‌ن و جوڵه دروست ده‌كه‌ن و به‌رهه‌م وبه‌رده‌وامى دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م ئامێرانه، ئه‌م جوڵه پیشه‌سازیه به‌ماشێن وزۆر له‌هۆكاره‌كانى تر‌ى به كارگه‌كردن وگواستنه‌وه، هه‌موویان بوون به‌هۆى ئه‌وه‌ى تۆ جوڵه‌ت كه‌م ببێته‌وه، ماسولكه‌كانت بپوكێنه‌وه وجومگه‌كانت نه‌خۆش بكه‌ون و كێشت زیادبكات وته‌نت لاوازبێت وده‌رده‌داربیت، ئه‌مه‌ش له‌ڕوى ده‌رونى وساغڵه‌مى ئه‌قڵیه‌وه بارت گران بكات. بۆچى ده‌چى بۆهۆڵه‌كانى وه‌رزش؟! بۆئه‌وه‌ى كێشت داببه‌زێت و چه‌وریه‌كانت بكه‌ى به‌ماسولكه‌و كالۆرى بسوتێنیت و سه‌غاڵه‌مى ده‌رونیت چاك بێته‌وه‌و ته‌ندروستبیت، له‌هۆڵه‌كانى وه‌رزش چى ده‌كه‌یت؟ ئامێره‌كانى تۆ به‌كاریان ده‌هێنیت چیت بۆده‌كه‌ن ؟! ئه‌وئامێرانه‌ى به‌كاریان ده‌هێنیت، له‌سه‌ربنه‌مایى به‌كارهێنانى جه‌سته وبههێزكردنى ماسولكه‌كانت بنیات نراون و لاسایى كردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌سروشتیه كه ئه‌گه‌ر ماشێن و شه‌مه‌نده‌فه‌رو هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه نه‌بێت تۆ خۆت به شێوه‌یه‌كى ئاسایى به‌كاریان دێنیت! ده‌توانیت ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان نه‌كه‌یت و پێویستت به‌وه‌ى دووه‌م وهۆڵه‌كانى وه‌رزش نه‌بێت! پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایه هیچ پزیشكێك پێت ده‌ڵێت، زۆر ئۆتۆمبێل و شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌كارمه‌هێنه؟ زۆر خواردنى دروستكراوى كارگه مه‌خۆ؟! ئایا پێت ده‌ڵێت ئه‌وشێوازه ژیانه‌ى كه‌به‌سروشتى پێڕه‌وت كردوه بیكه، وپێویستت به‌هۆڵه‌كانى وه‌رزش نابێت؟! بێگومان نایڵێت! دووه‌م؛ ئه‌لكهول مه‌خۆره‌وه وجگه‌ره مه‌كێشه، لێیان ته‌والابه‌و دوربه، هه‌ردوویان ده‌ردو دوون، به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانه هه‌ردوویان بۆ ته‌نى مرۆڤ و مێشك وساغڵه‌مى ده‌روونى به‌بڕى زۆركه‌م سودیان هه‌یه، ڕه‌نگه هه‌ردووكیان پێكیشه‌وه زۆربه‌كارهێنانیان نه‌ت كوژێت، به‌ڵام نان وشه‌كركه له‌وان خراپترن ئه‌گه‌رى تیانیه ده‌تكوژن، به‌ڵام چه‌ند پزیشك ئه‌م ڕاستیه‌ت پێ ده‌ڵێن؟! خوێ بخۆ، تێر كۆڕستڕۆڵیش بخۆ، به‌ڵام نان وشه‌كرو برنجى له‌گه‌ڵ مه‌خۆ، چونكه ئه‌وانن زیانت پێى ده‌گه‌ێنن نه‌ك چه‌ورى وخوێ! چ پزیشێك ئه‌مه ده‌زانێت ، یان ئه‌مه‌ت پێ ده‌ڵێت؟! سێیه‌م؛ شه‌ش مانگ جارێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى پزیشكى بكه. به‌هه‌موو پێودانگه زانستیه‌كان ساغڵه‌مى ده‌رونى وئه‌قڵى پارسه‌نگى ڕاگرتنى ته‌نى باش و له‌ش ساغیه، بۆ نموونه تۆ ئه‌گه‌ر پێت بڵێن نه‌خۆشى دڵته، یان شێرپه‌نجه‌ته له ڕ‌وى ده‌رونیه وهبه شێوه‌یه‌ك ده‌ساكێیت و ساغڵه‌مى ده‌رونیت تێك ده‌چێت، كه‌ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیه‌شت نه‌بێت پاش ماوه‌یه‌ك تووشى ببیت، یان ئه‌گه‌ر هه‌شت بێت زووتر له‌و واده‌یه بمریت كه‌هه‌رنه‌ت زانیووه. باشى ئه‌وه‌ى كه‌نه‌ت زانیوه ئه‌وه‌یه كه تۆنه‌ت زانیوه به‌و نه‌خۆشیانه نامریت و ئاگات له هیچ نیه‌و له‌ناكاو ده‌مریت،ساڵێك ژیانى ساغڵه‌مى له ده‌ساڵ ژیانى نه‌خۆشانه باشتره! جه‌سته خۆى ئاماژه‌ى نه‌خۆشیت پێده‌دا، ئامه‌ژه‌ى ناساغیت بۆده‌نێرێت، بۆ له‌وه ده‌پشكنى كه نیه‌و ده‌یكه‌یته ده‌ردوودووى ده‌رونى بۆئه‌وه‌ى ته‌نتى پێ نه‌ساغ بكه‌یت؟! چواره‌م؛ ده‌رمانه‌كانت له‌كاتى خۆیدا بخۆ! مه‌یخۆ! له‌سه‌دا بیستى ئه‌وده‌رمانانه‌ى بۆ ده‌ردودوى فشارى خوێن و‌دڵ ده نوسرین فڕیان به‌ڕاستیه‌وه نیه! هه‌تا ئێستا زانست نه‌یدۆزیوه‌ته‌وه هۆكارى ڕاسته قینه‌ى فشارى خوێن چیه، كاكى دكتۆر چۆن له‌خۆته‌وه ڕه‌چه‌ته بۆ خه‌ڵك ده‌نووسیت؟!!! تۆ ده‌رمان بۆ له‌سه‌دا بیست ده‌نووسیت و له‌سه‌دا هه‌شدا ده‌كوژت! ده‌رمانه‌كانت مه‌خۆ! ده‌رمان ده‌ت كوژێت! شێوازى ژیان ئاڵۆزوه‌و به جۆرى تریش ساده‌و ساكاره، كورد به تایبه‌تمه‌ندى خۆیان شێوازێكیان هه‌یه به‌زموونى چه‌ند هه‌زارساڵه هه‌ڵیان بژاردووه، پێڕه‌وى بكه‌یت عه‌یب و عارت نیه، ئاو له‌دووى بێڵم هات، بۆت باس ده‌كه‌م! ئه‌م شێوازى ژیانه كوردیه هه‌رهه‌مووى حیكمه‌ته! نیوه‌ى ته‌منم به‌هه‌رداو نهم ده‌زانى و ئێساتا پاش ئه‌وه‌ى به‌فرى پیرى له‌سه‌رسه‌رم داى كردووه، ده‌ڵێم خه‌نى له خۆم كه فێرى ئه‌وه‌بووم تۆزێكى لێ فێربم! له‌و تۆزه‌ش تۆزێك بۆ تۆش باس ده‌كه‌م . شێوازى ژیان ! خه‌ڵات عومه‌ر به‌شى دووه‌م ((شێوازى ژیان)) ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌یه‌كى پڕئاڵۆزه، چونكه هه‌موو ئاینه‌كان، هه‌موو خورافه‌ته‌كان و هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كان پێكه‌وه گرد ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌واتایه‌ك بگه‌ن، یان پێناسه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ناودێرى بكه‌ن. هێندێك جارهه‌مووشیان پێكه‌وه به‌م شێوازى بازاڕكردنه‌ى ئێستاى جیهان و به‌م سیستمه‌شه‌وه كه زانستیشى ڕامكردووه ئامبازى نابن! له‌ڕاستى دا پێناسه‌كه به‌قه‌باره‌ره‌ى ئاڵۆزیه‌كه‌ى ساده‌و ساكاره. ئاینه‌كان و خوره‌فه‌ته‌كان و فه‌لسه‌فه‌كان وڕێناماییه زانستى وپزیشكیه‌كان خوازیارن شتێك به‌مرۆڤ ببه‌خشن بۆ ئه‌وه‌ى ژیارى بگوزه‌رێنێت. ده‌ره‌نجام هه‌ریه‌كه‌و ڕێنمایى خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. ده‌ره‌نجام ؛ مه‌بڕه و مه‌كوژه، ڕاستبه چاكبه پاكبه، تاوان مه‌كه، ئازارمه‌ده، بێزاركه‌رمه‌به‌و، ده‌ره‌نجام چاكه بكه‌و خراپه مه‌كه! هه‌مووان چیرۆكى ئه‌و زانایه‌تان بیستووه كه به‌دیار كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌وه ڕاوه‌ستابوو و، لێیان پرسى" ئه‌رێ تۆ ئه‌م هه‌موو كتێبه‌ت خوێندۆته‌وه"؟! وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى پرسیویه‌تى ئه‌وه‌بووه" به‌ڵێ " بووه. به‌ڵام پرسیاركه‌ر كه هیچى نه‌خوێندۆته‌وه وتوویه‌تى "من ده‌زانم ده‌ره‌نجام ده‌ڵێت چاكه‌بكه‌و خراپه مه‌كه"! له‌ڕاستى دا ئه‌وه‌ى هه‌موو كتێبه زۆر‌و گه‌وره‌كان و ئه‌و كتێبخانه‌یه‌و كتێبخانهى سه‌د هێند گه‌وره‌تریشى خوێندۆته‌وه به هیچ حیكمه‌تێك سه‌باره‌ت به شێوازى ژیان ناگات له‌وكه‌سه‌ى به‌و حیكمه‌ته ده‌گات كه ده‌ڵێت " چاكه‌بكه‌و خراپه مه‌كه"! هه‌واڵى خۆشت پێ بده‌م ده‌زانى چى یه ؟! ئه‌وه‌یه ئه‌م حیكمه‌ته‌یه‌كه ده‌ڵێت" چاكه بكه‌و چاكه و، خراپه مه‌كه خراپه ومه‌یكه،ئه‌مه‌ش حیكمه‌تێكه ڕه‌گ وڕیشه‌كه‌ى كوردیه"! به‌ڵگه نامه مێژوو یه‌كان ده‌یسه‌لمێنن ((كورد)) هه‌ژارن له نووسینه‌وه‌دا، له‌وه‌دا نووسراوو كتێبى گه‌وره تۆماربكه‌ن، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندن له زاراوه‌وهونه‌رى زاره‌كى دا . بالێره‌دا سه‌رنجێك تۆماربكه‌م" كورد به‌هۆیى زمانیانه‌وه ماون ، زمانیشیان هه‌رئه‌وه نیه نووسراووه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه قسه‌ى پێده‌كه‌ن"! زمانى زیندووى كورد ئه‌وه‌یه كه كه قسه‌ى پێده‌كه‌ن، پێى ده‌خافن و ئه‌مه كرمانجیه‌كه‌یه‌و پێى ده‌دوێێن سۆرانیه‌و،((دوین)) ى هه‌رامانى وگۆرانیه ! ده‌وڵه‌مه‌ندى به‌كارهێنان، له ده‌وڵه‌مه‌ندى به‌كارنه‌هێنان باشتره! عه‌ره‌ب بیستوو دوو ده‌وڵه‌تن و به‌عه‌ره‌بى فوسحا كارناكه‌ن، كورد دابه ش و په‌رت وبڵاون، به‌چه‌ندین شێواز ده دوێن! جارێكیان له ((عه‌مان)) ى پایته‌ختى ((ئوردن)) به‌شدارى كۆڕبه‌ندێك كرابووم سه‌باره‌ت زمانى ((عه‌ره‌بى)) وتم" ئه‌م زمانه‌ى ئێوه‌و توشى ده‌ردوو دوو بووه" وتیان چۆن وتم ؟! "به‌زمانێك قسه‌ده‌كه‌ن كه زمانى نووسین نیه، به‌زمانێكیش ده‌نووسن كهزمانى قسه‌كردن نیه، ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه‌ى عه‌ره‌ب كه‌من تیاندا غه وارهم چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌م"! دكتۆر((عه‌لى ئه‌لوه‌ردى )) گه‌وره لێكۆڵێره‌وه‌ى ئێراقى ڕایه‌كى هاوشێوه‌ى هه‌یه به‌گیرو گازیان هێنام و ووتم " ئه‌رێ پێم بڵێن كامتان له‌م بیست و دوو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه به‌زمانى قورئان قسه‌ده‌كه‌ن كه زمانى عه‌ره‌بیه"! ده‌چیته وڵاتى ((تونس )) عه‌ره‌بیان وه‌ك عه‌ره‌بى ئێراق نیه، له‌شام عه‌ره‌بیان، وه‌ك ((تونس)) نیه، میسریه‌كانیش وه‌ك عه‌ره‌بى كه‌نداونیه، ئێمه‌تان سه‌رلێشێوندووه، گیانم به‌وه‌یه ئه‌م عه‌ره‌بیه‌ى ده‌ى زانین و زاناكانتان كه ((نه‌حوو سه‌رفیان)) بۆداناوون، هه‌موویان كوردن ، ئه‌گینا زمانى خۆشمانتان له‌بیرده‌بردنه‌وه! ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رم هه‌موویان عه‌ره‌بى قه‌ومچى و نه‌ته‌وه‌چى بوون وتیان "ئه‌مه هه‌رقسه‌یه‌كى عه‌جه‌میه" دۆستێكى عه‌ره‌بم به‌ده‌وره‌وه بوو وتى " لێت قه‌وماوه‌و وه‌ڵامت نیه، به‌فریات ده‌كه‌وم به‌ڵام ئه‌مه‌ت بۆڕۆژى ڕه‌ش بۆهه‌ڵده گرم، كه‌لێم قه‌وما تۆش هه‌قم بۆ بكه‌ره‌وه " ووتم " خۆت ده‌زانى كورد به‌مروه‌تن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌یت ده‌هێندت له به‌رامبه‌ردا بۆده‌كه‌نه‌وه " مروه‌تى هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه ئه‌وه‌بوو ڤیدیویه‌كى ((سه‌دام حسێن))ى سه‌رۆك كۆمارى ئێراقى پیشان دام كه‌ده‌ڵێت چۆته سه‌رقوتابخانه‌یه‌كى ئێراقى و له ڕۆژگارى ده‌سه‌ڵاتداریه‌تى دا باس له‌وه ده‌كات كه كورد له هونه‌رى ((نه حوو سه‌ڕف)) دا شاره‌زان، چه‌ند ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت كه‌عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت زمانى خۆیان، چ نازانن!!! له‌م ده‌مه‌دا زۆرگه‌ڕام هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه‌م كه فریام كه‌و تبوو و به‌هناوه‌مه‌و هات ڕاستى كرد كه ((سه‌دام حوسێن)) باس له له شاره‌زایى كورد ده‌كات له زمانى عاره‌بى دا! پێش ئه‌وه به‌چه‌ند ڕۆژێك له‌وڤیدیوێیه‌ى هاوڕێ عاره‌به‌كه‌م ناردى دۆستێكى ترم له خۆرهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ى به‌هۆى سۆشیال میدیاوه گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى بۆناردم سه‌باره‌ت لێدوانێكى ((عه‌لى خامه‌نه‌ئیى)) رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێرانه سه‌باره‌ت به پله‌و پایه‌ى مامۆستا ((هه‌ژارى موكریانى))، وهى ئه‌گه‌ر پشكه فارسیه‌ك بزانن، ده‌زانن چۆن وه‌سفى ده‌كات وباڵاگه‌ردانى ده‌بێت كه چۆن ((ئیبن سینا))عاره‌بى به‌فارسیه‌كى ڕه‌وان كردووه ! هێندێك جار شتى خۆمان لابچوكه وشتى بچوكمان لا گه‌وره‌ومه‌زنه . داخم ناچێت كه ((نه‌وشیروان مسته‌فا)) كهلامان زۆرگه‌وره‌بوو له‌به‌ر به‌ندوو باووى حیزبایه‌تى ((هه‌ژارى موكریانى)) لابچوك كردینه‌وه و كه‌چى ئه‌و زاته چه‌ند مه‌زن وگه‌ه‌وره بوو! نه‌وشیروان مسته فا كه خۆشى كه‌م نه‌بوو له‌ڕێگاى گۆڤارى ((ڕزگاری)) یه‌وه به‌وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌ى سه‌باره‌ت ((هه‌ژارى موكریانى شایه‌رى ده‌ربارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى )) هه‌موومانى كردبوو به دوژمنى ((هه‌ژار)) ،كه‌چى ئێستا كه ((هه‌مبانه بۆرینه)) ده‌خوێنیته‌وه ده‌زانى ئه‌م زاته چى بۆكلتورو فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه كردووه !!! كه ((هه ژارى موكریانى)) ده‌خوێنیته‌وه‌و چاوانت پڕده‌بێت له به‌رهه‌مه‌كانى، ئه‌گه‌ر چاوانت پرَبێت له زانین، ده‌زانى ئه‌م جه‌وهه‌ره پڕگه‌وهه‌ره كوردیه چۆن بۆ ئه‌وه‌ى شێوازێكى ژیانى كوردى وه‌ك ڕستى ملوانكه‌یه‌ك بهۆنێته‌وه، چى كردووه بۆئه‌وه‌ى بۆنه‌ته‌وه‌كه‌یى و بۆمێژووى مرۆڤایه‌تى !!! نازانیت چى بڵێێیت جگه له‌وه‌ى شێوازى ژیانى كوردى شایه‌نى ئه‌وه‌یه لاسایى بكرێته‌وه و، پێڕه‌و بكرێت و خه‌ڵك پێیدا هه‌ڵ بده‌ن! له‌ڕاستى دا لایه‌نگرى پێدا هه‌ڵدان ولاسایكردنه‌وه نیم، به‌ڵام كه له جیهانێكدا خراپترین و ناشینترین شێوازى ژیان لاسایی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌كى چاك هه‌بێت بۆ هانده‌ر نه‌بین بۆئه‌وه‌ى به‌لاى كه‌مه‌وه وه‌ك باشترین نمونه له‌نێو خراپه‌كاندا به‌هاى پێبدرێت و به‌لاى كه‌مه‌وه به هێند وه‌ربگیرێت! شێوازى ژیان ئه‌گه‌ر خراپ نه‌بێت ، ڕه‌نگه شێوازێكى باش بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێوازێكى زۆرباش ونمونه‌یش نه‌بێت، له م شێوازه‌باشتربێت، ئه‌گه‌رنه‌شڵێم شۆڕه‌شه، به‌شێك له چاكه‌یه‌كه، كه‌له‌خراپه باشتره! باشتر له‌خراپه چاكه‌یه و، جاچاكه خراپه‌ى چیه؟!
فەرمان ڕەشاد كاتێك ڤۆڵتێر دەچێتە بۆرسەیەك لە لەندەن دەبینێ مەسیحی و جولەكە و مسوڵمان پێكەوە بێ كێشە مامەڵە لەگەل یەك دەكەن، قسە بەناوبانگەكەی دەكات كە دەلێت كە باسەكە دێتە سەر پارە هەمووان لەسەر یەك دینن، بێ دینیش تەنها ئەوانەن موفلیسن. ئینجا ئەو حیزبانەی خۆشمان پێشتر یەكێك لە دادگای فیدراڵی دەخوێند، ئەوی تر پشتگیری دەكرد، یەكێك دەیگوت سەربەخۆیە، یەكێك دەیگوت كرێگرتەن، هەردوو لا دژ بەیەك هانایان بۆی دەبرد، بەڵام دواجار كە گەیشتە هێلی سورییان كە پارە و نەوتە، ئیتر بونەوە هاوسەنگەر و قەوانە كۆنەكەی یەكڕیزیان لێدایەوە، سبەی چوارشەممەش بریارە پێكەوە لە پەرلەمانی كوردستان دژ بە بریارەكەی دادگای فیدراڵی پرۆژە بریارێك پەسەند بكەن، پەرلەمانێك (بەتایبەت سێ فراكسیۆنەكەی پێكهێنەری حكومەت) كە خۆیان گرێبەستە نەوتیەكانیان نەبینیوە، هیچ شتێكی ئەوتۆش جگە لە راپۆرتەكانی دیلۆیت لەبارەی هەناردە و داهاتی نەوت نازانن، ئەو یاسایەی لەبارەی نەوت و گاز لەو پەرلەمانە دەرچوە حكومەت كەمترین پابەندی پێوە هەبوە، كەچی بەبێ مەرج دەنگ لەبەرژەوەندی بریارەكەی حكومەت دەدەن دژ بە دادگای فیدراڵی، لانی كەم دەبوو بیكەنە مەرج كە پێویستە گرێبەستەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرابكرێن، وەڵامی ئەو پرسیارەی خەڵك بدەنەوە كە بۆچی سەرەرای ئەوەی نەوت گران دەبێت كەچی مووچە زیاتر دوادەكەوێت؟ بۆ خەڵكی روون بكەنەوە و بیسەلمێنن بۆری نەوتی كوردستان لە بەرژەوەندی خەلكە بەسەربەخۆیی بەردەوام بێت، كارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش بەگوێرەی یاسا و رێساكانی پەرلەمانە، بۆ ئەوەی ڕووتان بێت بەخەڵك بڵێن بۆچی بەرگری لە حكومەت دەكەن و دژی دادگای فیدراڵی دەوەستنەوە. ئەو دەنگدانەی سبەی و شایەتیە بۆ مێژووتا دەمێنێتەوە، چونكە دوای ئەوە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، رەنگە دیسان مووچە و باری دارایی خەڵك بخاتە تونێلێكی تاریكەوە، ئێوەش بەشێك دەبن لە هۆكارەكانی ئەو دۆخە.
یادگار سدیق گەڵاڵی وزە و سەرچاوەکانی تری سامانی سرووشتی هۆکاری سەرەکییە لە لاوازی هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕوسیا، چۆن ؟ ▪ روسیا گەورەترین هەناردەکەری گازە بۆ جیهان کە ساڵانە ٧٦١ ملیار مەترسێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و ١/٣ی پێداویستی ئەوروپا لە گاز دابین دەکات، لەهەمان کاتدا بە نرخێک کە زۆر هەرزانترە لە کێبڕکێکارەکانی هەریەک لە قەتەر و ئەمەریکا، یەکەیەکی گەرمی گازی ڕوسی بە ٤ دۆلار دەگاتە ئەڵمانیا بەڵام گازی شل LNG یەکەیەکی نزیکە ٢٥ دۆلاری تێ دەچێت. کەواتە جێگرەوەی گازی ڕوسی بە گازی شلی قەتەری دەبێت کە لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەرهەمەکەی بەئەندازەی گازی ڕوسی نییە لەگەڵ ئەوەشدا تێچووەکەی زۆر زیاترە. ▪بەرهەمی نەوتی ڕوسیا بریتییە لە ١٠.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی و هەناردەی نزیکەی ٦.٦ ملیۆن بەرمیلە. لەم بڕە ٤.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو وە ٢ ملیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکانە. - زۆربەی بەرهەمی ڕوسیا بۆ ئەوروپا دەچێت کە بڕی ٢.٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانەیە. - هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕوسیاوە بۆ ئەوروپا بریتییە لە بڕی ١.١ ملیۆن بەرمیل و هەندێ جار بەرزدەبێتەوە بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل. ▪گەنم : بەرهەمی جیهان لە گەنم ساڵانە بریتییە لە نزیکەی ٧٣٤ ملیۆن تەن. پشکی روسیا لە بەرهەمی گەنم بریتییە لە ٧٢ ملیۆن تەن و پلەی سێهەمی هەیە لە جیهاندا و ئۆکرانیا ساڵانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن تەن دەبێت و پلەی هەشتەمی هەیە لە جیهاندا. بۆیە تائێستا دەبینین وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن فشاری زیاتر بکەن لە ئیدانەکردن تێنەپەڕیون وە ئەو گەمارۆیەی کە ئەمریکاش ڕایگەیاندووە لە سەر کەسایەتییەکانە نەوەک کۆمپانیاکانی وزە و کۆمپانیا گەورەکانی تر. تەنانەت کاتێک بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان کرد ڕوسیا لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەربکرێت، سەرەتا هەریەک لە ئەڵمانیا و ئیتالیا دژی وەستانە وە ئێستاش دیارنییە خۆن جێ بەجێ دەکرێت و ئایا کۆمپانیاکانی وزە دەگرێتەوە؟ پێشتریش کاتێک راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئەمەریکا پرسیاری مامەڵەنەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕوسیا لێ‌کرا سەبارەت بە هێڵی گازی نۆرد ستریم ٢، بەشێوەیەکی دیبلۆماسی وەڵامی دایەوە و وتی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی ناتۆ داین، بەڵام راستەوخۆ نەیوت کە ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین ، لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنانی نۆرد ستریم ٢ بۆماوەیەک دواخراوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێن تەنانەت وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش لەئێستادا لەگەڵ توندکردنی گەمارۆ نین لەسەر ڕوسیا چونکە چەندە کاریگەریی هەیە لەسەر ڕوسیا بەهەمان ئەندازەش ئابوری وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش زیانی بەردەکەوێت. راستە ئەوروپا چەندین ساڵە بەدوای جێگرەوە و بەدیلی گاز و نەوتی ڕووسیادا دەگەڕێن، بەڵام ئەمە لە چەند ڕۆژ و مانگدا ڕوونادات بەڵکو لەماوەی مامناوەند و درێژخایەن دا دەکرێت ئەنجامی هەبێت بەڕاکێشانی بۆری گاز لە قەتەربۆ تورکیا و لەوێشەوە ئەوروپا ئەمە چەندین ساڵی دەوێت ئەگەر گرفتی نەیەتە پێش (ئێران یەکێکە لە بەرهەڵستکارەکانی ئەم بیرۆکەیە و دەتوانێت کێشەی بۆ دروستبکات) . ئەگەر گەمارۆ سەکتەری وزە بگرێتەوە چی ڕوو دەدات؟ ١- جیهان ٦.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەبرێت. تەنها پشکی ئەوروپا ٤ ملیۆن بەرمیل دەبێت لە نەوتی خاوی ڕوسی و بەرهەمە نەوتییەکان. ٢- بێ بەشبونی ئەوروپا ساڵانە لە ١٠٤ ملیار مەتر سێجا گاز ، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی ١٠٠٪ پشتیان بە گازی روسی بەستووە و ئەڵمانیاش بەرێژەی ٤٩٪. ٣- جیهان بێ بەش دەبێت لە نزیکە ١٠٠ ملیۆن تەن گەنم لە ساڵێکدا کە دەکاتە نزیکەی ١٣٪ ی هەموو پێویستی جیهان. هەندێک دەڵێن بە ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و لابردنی گەمارۆ لەسەری و زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک دەتوانرێت پێداویستی بازاڕ و بۆشایی بەرهەمی ڕوسیا پڕ بکرێتەوە، ئەم بۆچونەش دیسان زۆر دەقیق نییە، بۆ؟ ▪چونکە ڕاستە ئێران دووەمین بەرهەم هێنی گازی سرووشتییە بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت ئێران لەبەرەی ڕوسیایە لەهەمان کاتیش‌دا توانای بەرهەمی گازی ئێرانی لەباشترین کاتدا لە ٣٠٪ ی بەرهەمی ڕوسیا تێپەڕ ناکات. ئاستی بەرهەمی نەوتیشی هێندە نابیت و کاتیشی پێویستە تاوەکو ئاستی بەرهەمی بگەیەنێتە پێش گەمارۆدانی سەری هەروەها نرخی نەوتە کەشی لە نرخی نەوتی ڕوسی گرانتر دەبێت بۆ ئەوروپا. ▪سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک، ئەویش ڕوبەڕوی کێشەی تەکنیکی دەبێتەوە. ئێستا وڵاتانی ئۆپیک ناتوانن ئاستی بەرهەمیان بگەیەنن بەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە چ جای ئەوەی ئاستی بەرهەمیان زیادبکەن بۆ پڕکردنەوەی پشکی ڕوسیا. بۆ یە لەکاتی گەمارۆ خستنە سەر بەرهەمی گاز و نەوت و کۆمپانیاکانی وزە، زەرەرمەندی یەکەم ئەوروپا دەبێت بۆیە لە ئێستادا زیاتر وەکو تەماشاچی دەبینرێن و ناتوانن لە ئیدانەکردن و هەندێ گەمارۆ لەسەر کەسەکان و هەندێ دامەزراوە زیاتر چی تر بکەن، ڕووسیاش ئەمە باش دەزانێت..
ژوان ئەحمەد سەعید نزیك بە شەست ساڵە، ناكۆكی دوو رەوتی سیاسی ئەم میللەتە دەهاڕێت، هەر سەردەمێكیش بە فۆرمێكی نوێ ناكۆكیەكان سەرهەڵدەدات و سەردارانیشی فیگەرێكی نوێن.. لەم شەست ساڵەدا، دوو شۆرشی گەورە كراوە، كورد بە هەوراز و نشێوی زۆردا رۆیشتوە، بەشێكی بچوك لە ئامانجی شۆڕشەكان بەدیهاتوە، بەشی گەورەی هێشتا لە بەردەمدا ماوە ، بەداخێكی گەورەشەوە، هێشتا ئومێدی بەدیهێنانیان زۆر كەمە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت. ئەمرۆ یادی كۆچی دوایی مەرحوم مەلا مستەفای بارزانی یە، بەڵام مەلا مستەفا لە هەموان زیاتر وەتاق كەوتوە، خەریكە یادەوەریەكانی شۆرشەكەشی هێند لە یەك گۆشەوە باس دەكریـَت، هەر لەبیر دەچنەوە. مەلا مستەفا بە هەموو خاڵە گەش و خامۆشەكانیەوە، سەركردایەتی شۆڕشێكی گەورەی كردوە، سیمبوڵی شۆڕش بوە لە رابردودا، ئێستاش لەجێی حەقی خۆیەتی. سەركردە تەنیاكان هەر بە تەنیا مەلا مستەفا نیە كە تاك و تەنیا ماوە، جگە لە پارتیەكان نە كەس باسی دەكات و نە كەس سەردانی گڵكۆكەی دەكات و نە كەسیش ئەیەوێ نەوەكانی لەبارەی سەربوردەی مەلا مستەفاوە هیچ ببیستن. ئێستا سەركردەكانی تریش بونەتە ڕێبواری ئەو رێگایەی كە مەلا مستەفای پیا رۆیشتوە، خەریكە هەمویان وەتاق دەكەون و لە سایەی دەسەڵاتی نەوەكانیانەوە، لەبەرچاوی خەڵك خراپ دەكرێن. دوێنێ و ئێستای میراتگرەكانی، سەركردە گەورەكانی شۆرشیان زێدە ناشرین كردوە ، ئێستاش دەكرێ، بە پێخۆری دنەدانی ناكۆكیەكان. تائێستاش وازییان لێناهێنن ناو‌و روحیان ئاسودە بێت، هەندێك پێیان وایە دەتوانن بە جوڵەی سیاسی ئەم پیاوانە بكەنە فیگۆری تاك و تەنهای شۆرش‌و بەرخودان. لەكاتێكد فیگەری گەورە میللەتە كە ئێستا زویر بوە لە میراتگرەكانی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. بهێڵن خەڵك ناوە گەورەكانی شۆڕشی خۆش بوێ.. بهێڵن یەكێتیەك مەلا مستەفای لەبەر شۆرشەكەی پارتیەك مام جەلالی لەبەر خەباتەكەی ئەوانی دیش نەوشیروانیان لەبەر قەڵەم و مێژووەكەی خۆش بوێ. خۆش ویستنی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بە یادكردنەوە و پەیكەر دروست كردن و وێنە دانان و شاباش كردن‌و سەپاندن و دروست كردنی جۆرەها چیرۆك نابێ، بەڵكو بە حوكمڕانیەكی جوان و خزمەتگوزار دەبێت. خەڵك ئەوانەی بەو جۆرە خۆش دەوێ كە: مەسعود بارزانی خاڵی كۆكەرەوە بێت نەك گومڕایی و ناكۆكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەموو هەرێم بێت، نەك باوكێكی جوان و دەوڵەمەند بێ بۆ كوڕە نازدارەكەی مەسرور بارزانی نەوەی مەلا مستەفا خزمەتی خەڵك بكات، نەك خەمی یەكەم و كۆتایی دروست كردنی كورەكەی خۆی بێت بافڵ تاڵەبانی، سەری كردە بێت بۆ یەكێتی و بۆ زۆنی سەوز، نەك شەیدای دەنگی زوڕنای ستایشی ماستاوچیەكان و دەهۆڵ لێدەرە چاپلوسەكان بێت، ئەو پاشخانە گەشە پێ بدا كە تاڵەبانی باوك جێیهێشتوە. قوباد تاڵەبانی كوڕی مام جەلال لە خزمەتی خەڵكدا بێت، هەموو هەفتە و مانگێك بازاڕ بەسەربكاتەوە و بزانێت لە بازار چ باسە، نەك تەنیا لە بانگەشەدا بیری ئەوەی بكەوێتەوە. كورانی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان دەربێنن لەو بازاڕە سیاسیەی تیایا بوە بە دوكانێك لاچەپەك كە جۆرەها سەودای گوماناوی تیا دەكرێت. ئەمرۆ درەنگە بۆ ئەوەی وابكەن خەڵك باوك و باپیرتانی خۆش بوێ، ئەمە تەنیا بۆ باوك‌و باپیرتان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە خۆشتان وەك ناوێكی جوان بچنە ناو لاپەرەكانی مێژوەوە، نەك وەك كاربەدەستێكی شكستخواردو و ناوتان بنوسرێت‌و خەڵك رقی لە ئێوەو باوكیشتان بێت.. كارەكە ئاسانە، بەڵام لەخۆبوردوویی گەرەكە بیرتان بێت بە هەرسێ خێزان و حزبەكە، جێی متمانەی لەسەدا 25 ی خەڵكی كوردستان نین، بەڵام هێشتا سەردارن.. تێ دەگەن، یان چاوەروانی تێگەیشتنی ترن!!؟؟