لهتیف فاتیح فهرهج شێخ رهزای شاعیر دهفهرموێت : له بیرم دێ سولهیمانی كه دار و لمولكی بابان بوو نهمهحكومی عهجهم نهسوخره كێشی ئالی عوسمان بوو له بهر قاپی سهرا سهفیان دهبهست شێخ و مهلاو زاهید مهتافی كهعبه بۆ ئهربابی حاجهت گردی سهیوان بوو تا دهڵێت : درێغ بۆ ئهو زهمانه ،ئهو دهمه ، ئهو عهسره، ئهو رۆژه ئێستا لهو سلێمانیه حهیاته ، له شاره حهیاتهكه ههر ئهوهندهمان بۆ ماوهتهوه ، درێغ بۆ ئهو زهمانه ، ئهو دهمه ، ئهو عهسره، ئهو رۆژه . ئێستا له بری سهفبهستنی بهرقاپی سهرا ، پێشمهرگهی دێرین ، خانهنشینی ماندوو ، هاونیشتمانی خانوه قوڕهكان لهبهردهم بانكهكان سهفی مردنیان بهستوهو ئهندامی باڵای حزبیش خاوهنی دهیان ملیۆن دۆلاره و هێشتا دهڵێت " هل من مزید" . سلێمانی نه دهڵێی بهڵقیسه ، نهكهس بهڵقیسی له بیره ، سهیوانیش ئهو سهیوانهی جاران نیه. سلێمانی تابانكی تیا نهبوو خاوهنی باشتری ههبوو ، لهو رۆژهوهی بانكی تیایه كهس خۆی به خاوهنی نازانێ و كهریمی ئهلهكهیهكیش نیه تا به ساڵاچوان به گیرفانی پڕهوه بنێرێتهوه ماڵهوه . ئهم فره كوێخاییه ، خهریكه رهگ و ریشهی ئهم زۆنه له بن دێنێت و به ههركهسیش دهڵێن پشتی چاوت برۆیه له بری مهتافی كهعبهی گردی سهیوان شوێنێكی تر دهداته چاوو لهو دورهوه دهورو خولی كابهی دیكه دهدات و ها مانا ئیتر كهس بۆی نیه پێم بڵێت پشتی چاوت برۆیه رۆمی ئهوهنده شومه له شهخسیش دهدا زهرهر بهڵام خۆ ئێستا شار به دهست رۆمیهوه نیه ، ئهوه كاتێ مهسعود محهمهدی بیركهرهوهی كورد گوتی بۆ بیست ساڵ ئهم ههرێمه بدهنه دووكۆمپانیای نهرویجی و دهنیماركی بابایهك نهبوو بڵێ ههر بۆئهوهی مهحكومه عهجهم و سوخره كێشی ئالی عوسمان نهبین ، هیزه له رێی خوا به قسهی ئهو بیرمهنده زمان سازو نهتهوه سازه بكهن . كهس نیه بپرسێت سلێمانی بۆ پارهی نیه ، یان زمانی پرسیار تۆقیوهو ههترهشی چووه ، چ وێرانهیهكه له بری داوای خزمهتگوزاری و جادهو بان و قوتابخانهی مۆدێرن و نهخۆشخانهو پردو میترۆو تونێڵ ، له بری داوای ژیارو شارستانیهت و شكۆو بوون ، له بری داوای ئاوهدانكردنهوهو گێڕانهوهی ژیان بۆ دهشت و دهری كوردهواری ههموو داواو هاوارێك بووبێته داوای موچهو موچهش له قوڕگی شێرا بێت . خۆشویستنی سلێمانی ، خۆشویستنی به ساڵاچووان و خانهنشینان و پێشمهرگهی دێرین و مامۆستاو فهرمانبهرو قسه خۆش و شاعیرو شێت و گهڕهك و كوچهو كۆڵان و چایخانهو بونهكهیهتی ، دهنا خۆشویستن به دهم جگه له درۆیهكی گهوره هیچی دیكه نیه . گهنجێك له ناو شاری سلێمانیدا پێی وتم نهك گهنجی قارون ئامادهم ههموو شارو كورد بوونهكهشم به یهك دهبه ئاوی سهتدیناری تهزویر بدهم ، منیش نهمتوانی هیچ بڵێم .
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق دوای بەهێزبونی خێرای هەمەلایەنەی چین و زیندوبونەوەی ورچە سپیەکەی ڕوس جارێکی تر گۆڕینی ڕەسمی هێزە گەورەکانی دنیا لە تاک جەمسەریەوە بۆ فرە جەمسەری و پاشەکشەی ناتۆ و ئەمریکا و تێک چونی بازاڕی ئابوری جیهان دادەڕێژرێتەوە ، هیچ دۆسیەو وڵات و جوگرافیا و دەستەڵاتێک لە دەرەوەی کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە نین و دەکەونە سەر نەخشەی بەشێک لەم ململانێیانە ، خۆ ئەگەر بازنەکە بچوک بکەینەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوا لە کورترین پێناسەدا لە هەردو جوگرافیاکەدا هێزێک نیە خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆی خۆی بێ ، هەرێمی دوو زۆن کارتی دەستی وڵاتانی زل هێزی ناوچەییە و لەوێوە نەخشەی دابەشکاری دەستەڵاتەکان دیاری دەکرێ ، لە عێراقیش وڵاتانی ناوچە بە ڕێککەوتنیان لەسەر وڵاتانی بچوکتر کارت بە کارتی پێ دەکەن ، ئێستە جەمسەری ئێران و ڕوس و چین باڵادەستن و شەڕێکی هەمەچەشنی فرە سەر هەیە کە جوگرافیاکەی ئۆکراینایە ، کاتێک ڕوس شەڕی وزە دەکات و تورکیاش بە ناچاری دەچێتەوە سەر هێڵی ڕوسی ( پێویستی بە غازی ڕوسی و ئێرانی هەیە ) ئەوا کوردستانیش ( زۆنی زەرد) دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی تورکیا و لەوێوە ئاراستە دەکرێ ، هەرێم لە نێوان ئێران و تورکیادا بۆ ئێران جێهێڵراوە لەبەرامبەر سوریادا ، واتا هەرێم هەر کات بیەوێ بەرژەوەندیەکانی ئێران تێپەڕێنێ ئێران بچوکی دەکاتەوە بێ ئەوەی تورک هیچ بڵێ چونکە ئێرانیش بۆ سوریا و کاردانەوەی تورک هیچ ناڵێ ، واتا دابەشکاریەکە بە پێی ڕێککەوتنامەی ستراتیژیە و پۆست و سنور و ئابوری و جوگرافیا بەش کراوە ، سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر سەرۆکی عێراقدایە تا پارتی سەرۆکی هەرێم نەدا بە یەکێتی ئێران ناهێڵێ سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێ و تورکیش هیچ ناڵێ چونکە وا ڕێککەوتون ، خۆ ئەگەر هەرێم بیەوێ وەک دەرفەتێکی جەنگ غاز بنێرێ ئەوا دەکرێ کورتهێنانی غازی تورکی بە ڕەزامەندی ڕوس و ئێران پڕ بکاتەوە بەڵام بیەوێ کورتهێنانی غازی ئەوروپی پڕبکاتەوە ، ئەوا وەک ڕیفراندۆمەکە و غەزەبی نەوتەکە جارێکی تر هەرێم دەکەوێتە بەردەم هەڵەیەکی تری قورس (وەک بینمان سعودیە هەمان هەڵەی کردو حوسیەکان ئارامکۆیان وێران کرد) ، هەرێم دەبێ بزانێ چۆن مامەڵەی سیاسی لە نێوان جەمسەرەکاندا دەکات ، دەبێ بە ئاراستەی پێچەوانەی ڕوس و ئێران سیاسەت نەکات ئەو کات دەچێتە سەر بلۆکی ناتۆ و ناتۆش لە پاشەکشەدایە وەک لە ئۆکراینا بینیمان ، بەڵام تورک سەرەڕای ئەندامی ناتۆ هێشتا دەڵێ ناهێڵین هەمو پردی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕوس بپچڕێ ، هەر بۆیە هەردو زۆنەکە و عێراقیش لەژێر هەیمەنەی ڕوس و ئێراندایە هەر کوتلە و هێزێک پێچەوانەی ئەمە یاری بکات هەمان چارەنوسی زلینیسکی دەبێت و ناتۆ و ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکیان نابێت ، لە عێراقیش ئەگەر چی سونە هاتوتە پێش بەڵام هەر دەبێت لە ژێر هەیمەنەی ئێران و ڕوسدا بێ و تورکیش بۆ ئەوەی کاریگەری لە سوریا هەبێ گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران و ڕوس هەڵکردوە ، عێراق تا ئێستاش لەژێرحکومی تەوافقدایە و ڕێکەوتنی ناوچەیی لەسەرە بە گڵۆپی سەوزی جیهانیەوە ، بۆیە بە پێی ئەمری واقع حکومی زۆرینەی نیشتمانی بۆ عێراق جگە لە خەونی کیسەڵ هیچی تر ناکات ،چونکە دابەشکاریەکە(پەرلەمان بۆ سونە ، سەرۆک کۆمار بۆ کورد ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە و ...هتد) ڕێکەوتنی گشتی لەسەرە ، بە خاڵبەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک سەپاندندایە: ١-هەرێم کاتێک دەتوانێ غاز بفرۆشێ کە ڕەزامەندی ڕوس و ئێرانی لەسەر بێت. ٢-هەرێم دەبێ بزانی تورکیا هەرێم بە عێراقیشەوە کارت بە کارتی پێ کردوە لەگەڵ سوریا و وە سوریا گرنگترە بوێ و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران مامەڵە لەگەڵ زۆنی زەرددا دەکات. ٣-پارتی گەر بیەوێ چی لە کوردستان و چی لە عێراق هەژمونی خۆی زاڵ بکات ئەوا بڕینی هێڵی سوری ڕێککەوتنی ستراتیژیە کە هی تورکیا و ئێرانە ، ئەوا ناتوانێ یەکێتی تێپەڕێنێ . ٢-لە عێراق شیعەکان هەمویان سەر بە ئێرانن و دابەش بون بەسەر هێزی نەرم و ڕەقدا ، ئێران زۆر کات یاری بەم هێزانە دەکات لە بەرامبەر نەیارەکانی دواجار هەر دەبێ ڕێکبکەون. ٤-هێزە سونیەکان پشکی خۆیان دەبێ بەڵام هەر دەبێ لە ژێر هەژمونی ئێراندا بن ، وەک چۆن عەلەویەکانی سوریا لەگەڵ تورک کێشەیان نیە. دواجار هەمو یاریەکان لە دەرەوەڕا دێت و چەند دژ بن چەند ناکۆک بن دەبێت لەسەر مەبدەئی تەوافق ڕێک بکەون و دابەشکاریەکە دەست پێ بکات ، هەر کات چی پارتی و چی سەدریەکان هەندێ سەرکێشی وەک ڕیفراندۆم و زۆرینەی نیشتمانی بکەن(ئەگەر بۆ عێراق و هەرێم باشیش بێ) بەڵام دواجار هەر دەبێ بچنەوە سەر ڕێکەوتنە دەرەکیەکان . شتێک نیە لە عێراقدا خاوەنی ئیرادەی عێراقی بێ و هەمو هێزەکان دروشمەکانیشیان نیشتمانی عێراقە و لەسەر شاشەکەش لا غەربی و لا شەرقی ئیمارتیە و ئەوانی تریش یان تورکین یان ئێرانین.
د. بهختیار ئهمین لەکاتی دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ۳ ساڵ پێش ئێستا، نەخشەڕێگایەکم لەگەڵ تیمێکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی لە بەریتانیا ئامادەکرد لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و پێداویستییەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و پێشکەشی تیمی حکومەتمان کرد. بیرمە ۲ خاڵی کارنامەی چاکسازیەکانی ئەو کابینەیە؛ ١. پاكردنهوه و یهكخستن و پێدانی موچهی فهرمانبهران به ئهلیكترۆنی یان هەژماری بانکیەوە. ٢. كهمكردنهوهی ڕۆتینات له (فهرمانگهكان) و گهڕانهوهی كاتێكی زۆر بۆ ههریهك له فهرمانبهر و هاووڵاتی. كهمكردنهوهی تێچوی سهردانی هاووڵاتی بۆ فهرمانگهكان و كهمكردنهوهی لۆد لهسهر فهرمانگهكان. هاوکات دوای ٣ ساڵ ( هەروەکو لە بەرواری بەرگی نەخشەڕێگاکەدا دیارە لە وێنەی١) ، نەک تەنها هیچ یەک لەم کارنامانە جێبەجێ نەکران، بەڵکو هەندێ بڕیاری نا پرۆفیشناڵانە دران کە بونە هۆی بارگرانی زیاتر بۆسەر شانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوانە (بە ئەلیکترۆنی تێچونی وەرەقەی دادنوسەکان لە ٥ هەزارەوە بۆ ٢٥ هەزار، تۆمارکردنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بۆ ١٠٠ دۆلار، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، زیادکردنی باج و ....... هتد). لەکاتێکدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی کەمکردنەوەی کات و تێچوە بەڕێژەی لەسەدا پەنجا زیاتر نەک بەپێچەوانەکەیەوە. شەرمە لەسەدەی ٢١ دابین کە بەسەدەی شۆڕشی ئەلیکترۆنی ناودەبرێت، هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا کۆچی دوای بکات یان بۆ مامەڵەی پرۆسەیەکی حکومەت سەردانی هەولێر بکات و دوای ٣ جار لە بینی بەڕێوبەری وەزارەتێک، وە دوای ساڵ و نیوێک کارەکەی بۆ ئەنجام بدرێت (نمونەی هەردوو کەیسکە چەندین کەیسی دیکە لەبەردەستن). لە کاتێکدا لە زۆر ووڵاتی دنیا (تەنانەت لە ئێران و تورکیا و ئیماراتیش) موچە دەچێتە سەر هەژماری بانکی هاووڵاتی لەڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا بەبێ هیچ دواکەوتنێک. بگرە فەرمانبەر نەک پێویست ناکات سەردانی بانک بکات بۆ وەرگرتنی موچەکەی، بەڵکو دەشتوانێت لەڕێگای مۆبایل ئەپڵیکەیشنی بانکەکەیەوە (ئاگاداری هاتنی موچەکەی بێت، پارەی پسوڵەی کارەبا، ئاو....هتد بدات). تەنانەت نەک پێویست ناکات کە کارتی بانکەی لەگەڵ خۆی هەڵبگریت، بگرە دەتوانێت لەڕێگای مۆبایلەکەیەوە یان کاتژمێرە زیرەکەیەوە (بەنمونە Apple watch) پارەی هەرشتێک بدات کەلە بازاڕ دەیکڕیت. بەراورد بە کوردستان ، لە کۆی ۱۹٦ ووڵات دەتوانم بڵێم تەنها لەکوردستان بەم شێوازە تەقلیدیە موچە دابەش دەکرێت. کە چەند بانکێک (من بەدوکانی ئاڵوگۆڕی دراو /حەوڵە ناویان دەبەم) هەڵدەستن بە گواستنەوەی موچە لە حکومەتەوە بۆ فەرمانگەکان. لەکاتێکدا ئەمە خراپترین و خاوترین شێوازی پرۆسەی دابەشکردنی موچەیە کە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. نمونەیەکی دیکەی حکومەتی ئەلیکترۆنی، بیهێنە پێش چاوی خۆت من کە هاووڵاتیەکی لەدایکبوی کوردستانم، دەتوانم بە بێی سەردانکردنی هیچ فەرمانگەیەک یان ناردنی هیچ ناسنامەیەک، فۆری دەرکردنی پاسپۆرتی منداڵەکەم لەماڵەکەی خۆمەوە پێشکەش بکەم، وە منداڵەکەم بتوانێت لەماوەی تەنها 2 هەفتەدا ببێت بەخاوەنی باشترین و بەهێزترین پاسپۆرتی دنیا. ئەمانە و چەندین نمونەی دیکەی حکومەتی ئەلیکترۆنی سەرکەوتو کە دەرفەرت نیە لەم نوسینەدا ئاماژەیان پێ بکەم. دبینین دوای ٣ ساڵ، مەسرور بارزانی یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتنی دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتی ئیمارات واژۆ کرد (س.کوردستان ٢٤)، لە ناوەڕۆکی لەیەکتێگەیشتنەکەدا ئاماژە بە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کراوە، کە لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی ئیمارات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت و برەودان بە توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکومەت و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان. لە کۆتایدا ئەوەی کە گرنکە من وەکو ئەکادیمستێک و پسپۆرێکی تەکنەلۆجیا ئاماژەی پێبکەم ئەویش ئەوەیە ئێمە وەکو کورد پێویستمان بەحکومەتی ئیمارات نیە تاوەکو هاوکاری یان ڕێنمایمان بکات بۆ جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی، لەبەرامبەردا ملیۆنان دۆلار لەسامانی نیشتیمانی هەرێمەکەمان بەهەدەربدەین و چەند کۆمپانیایەکی ئەو ووڵاتە سودمەندی سەرەکی بن لێی. لە کاتێکدا ئەوان خۆیان بە هەزاران شارەزای بواری ئایتی و تەکنەلۆجیایان لەهەریەک لە ووڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، هندستان،...هتد) هێناوە تاوەکو هاوکاریان بکەن و حکومەتێکی ئەلیکترۆنی بەهێز دروست بکەن. لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە هیچ کارێکی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی ئەستەم نیە بە پشت بەستن بە شارەازایانی خۆمان ئەگەری نیەتی جێبەجێکردن هەبێت. هەروەها لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە نابێت زانیاری ئەلیکترۆنی هاووڵاتی و حکومەت بخرێتە ژێر دەستی حزبێكی ناوخۆ، یان ووڵاتێکی دیکەوە یان کۆمپانیایەکی دەرەکیەوە. قسەیەک هەیە لەسەر ئاسایشی ئینتەرنیێت، دەوترێت ئەوەی سیستمە ئەلیکترۆنیەکانی دنیا دروست دەکات دەشزانێت لەدەرگای پشتەوە داخڵی سیستمی ئەلیکترۆنی ووڵاتێک یان کۆمپانیایەکی دیکە بێت. بۆیە لەبیرمان نەچێت گەورەترین مەترسی ئاسایشی نیشتیمانی لە ئێستادا هەڕەشەی سایبەر سوکیوریتیە (Cyber Security)، بەنمونە ئەوانەی هاوکاری یۆکرانیا دەکەن لە جەنگی نێوان ڕوسیا و یۆکرانیا، ڕوسیا هێرشێکی زۆر مەترسی سایبەری بەرامبەریان دەست پێکردوە و کارگەشتۆتە ئەوەی کە هاککەرە ڕوسیەکان بتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر سیستیمی ئەلیکترۆنی نەوەوی چەند ووڵاتێک. ئەمەش کورتەیەکە لە پێشەکی ئەو نەخشە ڕێگایەی کە من ٣ ساڵ پێش ئێستا پێشکەشی تیمی حکومەتی هەرێمم کرد: پێشەکی بهپێی ڕاپۆرتی ٢٠١٨ ی نهتهوه یهكگرتوهكان، یهكێك له پایه سهرهكیهكانی حكومڕانی سهدهی ٢١، دابینكردنی پێداویسته خۆشگوزهرانیهكانی مرۆڤه كه به (welfare) ناسراوه له بوارهكانی: تهندروستی، پهروهرده، داهات، خزمەتگوزاریە ئەلیکترۆنیەکان ..هتد (سهرچاوه-١). ئهمڕۆ بههۆی پێشكهوتوه خێرایهكانی تهكنهلۆجیاوه، ووڵاتان له ههوڵی كێبڕكێی بەدەستهێنانی ناوبانگی باشترین خزمهتگوزهرانی حكومهتی ئهلیكترۆنین (سەرچاوە-٢: بڕوانە online index- ڕانکی باشترین حکومەتی ئەلیکترۆنی ووڵاتان). لهوانه ووڵاتانی (دانیمارك، ئوستوڕالیا، كۆریا، بهریتانیا، سووید، فینلاند، سهنگافور...هتد كهژمارهیان پتری له ١٠٠ ووڵاتن). سیستمی تهقلیدی و كۆن ( نمونهی سیستمی بهڕێوبردنی كاروباری هاووڵاتیان له كوردستان) له زۆربهی ووڵاتانی دونیادا بهسهر چوون و كۆتاییان پێ هاتووه. بۆیه دهرفهتێكی گهورهی مێژووییه كه كاروبارهكانی فهرمانگهكان و وهزارهتهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان به ئهلیكترۆنی و دیجیتهڵایز بكرێن. بهداخهوه ساڵانێكی زۆره هاووڵاتیانی كوردستان ماندووی دهستی جهنگ و كێشهی ئابوری و سیاسین ، بۆ یه ناكرێت چیرتر ئاوڕێك له پێداویستیه خزمهتگوزاریهكانیان نهدرێتهوه. گرنگی ئهم ڕاپۆرته ئهوهیه كه به دیدێكی ڕهخنه گرانه كهلێنهكانیی چارهسهركردنی كاروباری هاووڵاتیان له دامهزراوه حكومیهكان دهستنشان بكهین و وه له ههمان كاتیشدا نهخشه ڕێگای به ئهلیكترۆنیكردنی حكومهتی ههرێمی كوردستان بخرێته ڕوو. لەکاتێکدا بە ئهلیكترۆنیكردنی ژمارهی دانیشتوانی ههرێمی كوردستان و سیستمی فهرمانگه حكومیهكان كارێكی زۆر قورس نیه، به بهراورد به ژمارهی دانیشتوانی ووڵاتێكی وهكو چین یان هندستان كه توانیویانه داتای پتر له ١ بلیۆن هاووڵاتی خۆیان به ئهلیكترۆنی بكهن و ڕۆژانه له دامهزراوهكانیاندا بهكاری بهێنن. حکومەتی ئەلیکترۆنی (e-Government): بهپێێ سهرچاوهی جیۆنگ (٢٠٠٧)، حکومەتی ئهلیكترۆنی بریتیه له كۆمهڵه كردارێكی دیجیتاڵی له ڕێگای بهكارهێنانی تهكنهلۆجیای سهردهمهوه ( سۆفتوێر و هاردوێر). حکومهتی ئهلیكترۆنی دەکرێت لە چەند پایەکی پەیوەندی پێکبهێندرێت لەنێوان حکومەت بۆ حکوومەت(government to government).، حکومەت بۆ کەرتی تایبت (government to business)، حکومەت بۆ هاووڵاتی(government to citizen) ...هتد دهستكهوتهكانی پرۆسهی حكومهتی ئهلیكترۆنی: ١. نههێشتنی گهندهڵی ، هاوكایكردن له پاكردنهوه و یهكخستن و پێدانی موچهی فهرمانبهران به ئهلیكترۆنی . ٢. كهمكردنهوهی ڕۆتینات له (فهرمانگهكان) و گهڕانهوهی كاتێكی زۆر بۆ ههریهك له فهرمانبهر و هاووڵاتی. كهمكردنهوهی تێچوی سهردانی هاووڵاتی بۆ فهرمانگهكان و كهمكردنهوهی لۆد لهسهر فهرمانگهكان. ٣. دروستكردنی لینكی پهیوهندی ڕاستهخۆی نێوان هاووڵاتی به فهرمانگهكان یان دامهزراوه حكومیهكانهوه له ڕێگای یهكێك له خزمهتگوزاریه ئهلیكترۆنیهكانی وهكو( وێبسایت ، ئهپڵیكهیشن و ئیمهڵ-نامهی ئهلیكترۆنی، كورته نامه...هتد). ٤. كۆكردنهوه و ڕێكخستنی تۆماری نیشتیمانی هاووڵاتیان بۆ بهكارهێنانیان له فهرمانگهكانی حكومهت (تۆماری كهسی بۆ ههر هاوڵاتیهك) له ڕێگای بایۆمهتریك، فۆتۆی ڕوخسار face identification ...هتد له ژێر ناوی بانكی تۆماری حكومهت -krg Data.gov ٥. چاودێری كردنی پرۆسه و كارهكانی حكومهت له ڕێگای دیزاینكردنی سیستمێكی بهتوانای ئهلیكترۆنی زیرهكهوه- كه پهنجهمۆری ئهلیكترۆنی ههموو كردارهكانی تێدا تۆماربكرێت (بۆ بهرگریكردن له خراپ بهكارهێنانی سیستمهكه). وه پهرهپێدان و بههێزكردنی سیستمی چاودێری میكانیزمهكانی پشكنینی نێو فهرمانگهكان، چاودێركردنی ئهركی فهرمانبهر، دڵنیا بوون له كواڵیتی خزمهتگوزاریهكان و كاروبارهكانی هاووڵاتی . ٦ باشتركردنی ئاستی ئابوری و بازرگانی (ئاسانكردن له پێدانی پاره به ڕاستهوخۆ)، ڕهخساندنی ههلی كاری له وهزارهتهكان بۆنمونه (كارمهندی ئایتی ، كارمهندی وهڵامدانهوهی پۆسته ئهلیكترۆنیهكان (ئیمهڵ)، كارمهندی پرۆگرامهكان، كارمهندی چاككردنهوه و ڕێكخستنی ئامێره ئهلیكترۆنیهكان....هتد) . ٧. نههێشتن و كۆنتڕۆڵكردنی دياردەی دەستێوەردان (واسیته) لە كاروباری هاووڵاتیاندا. دروستكردنی پۆرتاڵی ههلی كاری یهكسان ( بانگهی ههلی كار و پێشكهشكردن و ههڵسهنگاندن به ئۆنلاین). ٨. گهیاندنی سهرجهم خزمهتگوزاریهكانی حكومهت به هاوڵاتیانی بیانی له گهڵ پێدانی زانیاری ئهلیكترۆنی به گهشتیاران (وهگرتنی ڤیزا، یاساكانی كار له كوردستان، پێداویستیهكانی نیشتهجێبوون، شوێنه گهشتیاریهكان، ڕێنمایی سهفهر، تهندروستی..هتد). ٩. سیستیمی ئهلیكتریۆنی تایبهتمهندیهكی گرنگی ههیه بۆ مهبهستی پاراستنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان كه دهكرێت (سهرجهم تۆماری تاوانباران به وێنهكانیانهوه له داتابهیسێكی نیشتیمانی) كۆبكرێتهوه و لهكاتی پێویستدا به ڕاستهخۆ پۆلیس و ئاسیش له ( زاخۆ بۆ خانهقین ) بتوانن زانیاری تیادا تۆمار بكهن یان لێ بهدهستبهێنن. ١٠. ئاسانكاری له بهڕێوبردنی كاروباری كۆمپانیاكان و به ئهلیكترۆنكردنی پرۆسهی تۆماری كۆمپانیا و پشهوهران ، و ناوهنده بازرگانیهكان . ١١. حكومهتی ههرێمی كوردستان دهكرێت ببێت به ئهندام له تۆڕی حكومهتی ئهلیكترۆنی نهتهوهیهكگرتوهكان كه (OSI Online Service Index) ناسراوه ( بڕوانه سهرچاوه ٣). ئهمهش گرنگی تایبهتی خۆی ههیه بۆ ناوبانگی حكومهتی ههرێمی كوردستان له بهكارهێنانی خزمهتگوزرای ئهلیكترۆنی بۆ كاروباری هاووڵاتیان و ههوڵدان بۆ نههێشتنی گهندهڵی. سهرچاوهكان راپۆرتی رهسمی حكومهتی ئهلیكترۆنی ووڵاتان ، ئامادهكراوه له لایهن نهتهوهیهكگرتوهكان https://publicadministration.un.org/egovkb/Portals/egovkb/Documents/un/2018-Survey/E-Government%20Survey%202018_FINAL%20for%20web.pdf Jeong Chun Hai (2007). Fundamental of Development Administration. Selangor: Scholar Press. ISBN 978-967-5-04508-0 https://publicadministration.un.org/egovkb/Data-Center https://tcdata360.worldbank.org/indicators/entrp.govt.idx?country=BRA&indicator=3451&viz=line_chart&years=2012,2016 https://www.bioid.com/identity-proofing-photoverify/ https://www.awene.com/article?no=3630&auther=92 https://www.radionawa.com/Ku/photo-detail.aspx?jimare=18067 https://gov.krd/the-governments-mission/reforms/
چیا عەباس لەم سەردەمەدا خەونەکانی هاوڵاتیان گەر نەمابن بێگومان کاڵبونەتەوە، کاتێک مرۆڤ پێشوەخت بزانێت ئەوانەی رودەدەن و چۆن دەبن مەینەتی وخەمەکانی نارەوێننەوە ئیترخەونەکانی بە ئاسۆی ئۆمێد و چاوەروانیەکان نامۆ دەبن. هاوڵاتی لەم دۆخەدا و لە غیابی بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی تۆکمەی رەسەن نازانێت بەچی و لە کوێەوە دەست پێبکات، تیرەکانی ناخی بریندار و تورە و هەڵچو ئاراستەی کێ و چی بکات، بە چ مەنتیق و شێوازێک مامەڵە لە گەڵ مێژویەک بکات کە گۆشی کردوە، وانەکانی یاخیبونی فێرکردوە، ناخ و هەناوی بە خۆشەویستی خاک و نەتەوە ئومێدبەخش و رەنگین کردون، چۆن سەدان هەزار رۆلە ژیانیان بەو یاخیبون و خۆشەویستیە بەخشی، لەو مێژوەشدا بە توندی دەستی بە پرشنگی گزنگەکانی هیوا و ئاوات وخەونە جوانەکانەوە گرتبو. کاتێک ئەو بەشەی مێژومان تێپەراند و ئاسۆی خەونەکان رۆشن دەبون و قۆناغێکی نوێ هات، کتوپر لێوان لێو کرا بە بێئومێدی و ستەم و چاوچنۆکی و خۆپەرستی و گەندەڵی و بێ ئەمەکی و درۆ و دەلەسە. سەیرە لە ساتێکی هەستیاری وەرچەرخاندندا هەمان مرۆڤ ببێتە ئاوێنەی دو چیرۆکی زۆر نامۆ و جیاواز و دژ بە یەکتر، لە بەرگریکەر و پارێزەری خاک و نەتەوە و ماڵ و موڵک و شەرەف ببێتە خۆپەرست و تاڵانکەر و پەلاماردەر، لە جەنگاوەر بۆ ئازادی و مافەکان ببێتە ستەمکار و پێشێلکەری یاسا و رێساکانی ئەرز و ئاسمان، لە سیمبۆڵی شانازی و سەربەرزیەوە ببێتە مایەی شەرمەزاری و عەیبە. ئەوەی مایەی سەرسورمان و هەڵوەستەکردنە لە سایەی لادانی نەوەی دێرین و کۆیلایەتی حزبی" دیموکراسی و شارستانی دەستەمۆکراو" بۆشاییەکی سیاسی خەسێنەر سەریهەڵدا، لەو بۆشاییەدا بەشێک لە نوێکان بە هزری سیاسی و مێژویی ناجێگیرەوە وەک قارچکی بەهاران هەڵتۆقین، خۆیان وەک سرینەوەری مێژو و هیوای ئایندە عەرزدەکرد و دەیکەن، خۆشیان خزاندە نێو جومگەکانی حزب و دەسەڵات و گۆرەپانەکانی بازرگانی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەوە، لاف و گەزافی کوردایەتی بە ژمارەکان و دەستەواژەکانی دیموکراسی وعێراقچیەتی ( وەک دایکی چارەی قەیرانەکان) و ژێربەژێریش بە ختوکەدانی دەسەڵات بە قوربانیانی دەسەڵاتەکە دەفرۆشنەوە. بێگومان نەوە نوێکان ئایندەی نیئشتمان و نەتەوەن، بەڵام ناشێت هەڵوەستەی جدی و ورد لە زەمینەی مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەشە چەواشەکاری ئەم هەڵتۆقاوانە نەکرێت. لەم نوسینەدا راشکاوانە باسی نەوەی نوێ دەکەم، ئاراستەیەکی سیاسی تەم و مژاوی ناجێگیر و پۆپۆلیست و ناسنامەی رێکخراوەیی نەزانراو دەخوێنرێتەوە، بە قسە و دروشمیش هەزار بەهار دەهێننە سەر چٶکان. بۆ خۆم و هاورێکانم لە رەوتی ئایندەی نیشتمان چەند جارێک دانیشتن و قسە و باسمان لە گەڵ سەرکردەی ئەم بزوتنەوەیە کردوە، ئاڵوگۆری بۆچون و چاوەروانیەکانمان کردوە، هیچکات نەگەیشتونەیتە ئاکامی کۆنکرێتی هاوبەش، پرسەکان لە تەم و لێڵیدا گیرسابونەوە. پاش دابەشکردنی بەنزینی هەرزان و پینە و پەرۆکردنی رێگا و بان و پرد، کە هیچیان چارەی بنەرەتی کێشەکان نین و وەک ئارایشتەکردنێکی سیاسی کاتی هەمە لایەنە بەرچاو کەوتن، پرسیارمان دەربارەی هاندەر و مەبەستەکانی پشت ئەم کردارە پۆپۆلیستە ناو بەناوانە لا دروستبو. بۆ خۆم بەرپرسی ئەم نەوەیەم لە رێگای کاک نەوشیروان ەوە ناسیوە، تایبەت لە مەجلیسەکانی رۆژانی هەینی کاک نەوشیروان، کە بۆ زۆر کەس کراوە بون. کاک نەوشیروان بە گەڵێک هۆکارەوە بایەخی بەو کاراکتەرە دەدا و لە مەجلیسەکانیدا پێگەی تایبەتی پێدەبەخشی. جارێک کە بەتەنها بوین لە کاک نەوشیروانم پرسی پێم ناڵێیت بۆ وا بایەخی تایبەت بە شاسوار دەدەیت لە کاتێکدا لە چەندین مەجلیسەکانی تۆدا گوێم لە یەک قسە و باسی نەبوە، لە وەڵامدا گوتی چونکە ئەو نەتقی زۆر کەمە. ئەوسات لەم مەتەڵە تێنەگەیشتم و پێشم جوان نەبو پرسیاری زیاتری لێ بکەم، بەڵام هەر خولیای وەڵامی ئەو پرسیارە بوم. چەند مانگێک پێش وەفاتی کاک نەوشیروان لە لەندەن لای بوم، رۆژانە لە گەڵیدا شەن و کەوی مێژ و روداەکانمان دەکرد، تایبەت بەوردی باسی نەوە نوێکانی ناو گۆڕانی دەکرد و چۆن هەندێکیان سپڵە و بێ کەڵک دەرچون، لەو ساتانەدا بە فرسەتم زانی پرسیارە دێرینەکەی ساڵانی پێشوتری لێ بکەمەوە، لە وەڵامدا ئەمجارە بە تۆنێکی یەکلاکەرەو گوتی: واز لە شاسوار بهێنن ئەو زاتە هاریکاری باشی گۆڕانی کردوە، برۆ لە هاورێکەت ...... بپرسە بزانە چی بۆ ئێمە کردوە! لێرەدا وەستام و کۆتاییم بە باسکردنی ئەو بابەتە هێنا، تێگەیشتم لە رۆژانی تەنگانەدا شاسواری جاران یارمەتی گۆڕانی داوە، باشتر بڵیم بۆ خاتری کاک نەوشیروان ئەوەی کردوە، چونکە رێزێکی تایبەتی زۆری بۆ هەبو. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و لەرزۆکی و لاوازی سەرکردایەتی گۆڕان شاسوار هەڵەکەی قۆستەوە و ئەو متمانەیەی لای چەن هەڵسوراوێکی گۆڕان هەڵچنیبو کردیە سەرمایەی بنەرەتی بۆ بزوتنەوەکەی و بەو مەبەستەی نەوەی نوێ ببێتە جێگرەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن. دەیان هەڵسوراوی گۆڕانی بەلای خۆیدا برد و دەزگا راگەیاندنە زەبەلاحەکەشی خستە خزمەتی ئەو پرۆسەیەوە. لە واقیعدا ئەمریکا و بەریتانیا لە شێوازی ئۆپزسیۆنکردنی گۆڕان، تایبەت کاک نەوشیروان، دڵگران بون، چونکە مەترسیان لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی هەرێم هەبو بە هاندانی گۆڕان کە لە رودانیدا سەرتاپای ستراتیژی ئەمریکای لە عێراق ( پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری عێراق) تێکدەدا. نهێنی نیە کە کاک نەوشیروان پەیوەندیەکی گرژی لە گەڵ نوێنەرەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان هەبو، تایبەت لە گەڵ باڵێۆزی ئەمریکا لە بەغدا و برێت مکگۆرکی نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ پرسی شەری داعش. دوای وەفاتی کاک نەوشیروان ئەمریکا هەوڵێکی جدی دا روخسارێکی گەنجی نوێ جڵەوی بزوتنەوەی گۆڕان بگرێتە دەست، بەڵام سەرکردە موخەزرەمەکانی گۆران و چەند بەرپرسێکی هێزەکانی تریش بەرامبەر بەو هەوڵە وەستانەوە، بۆیە فۆکەسی سەرەکی خرایە سەر شاسوار عبدالواحد کە پەیوەندی لە گەڵ چەند کەسایەتیەکی سیاسی ئەمریکا هەبو و ژێربەژێر پشتیوانیان دەکرد، پارتیش بەم هەوڵانە نیگەران نەبو چونکە بونی هێزێکی ئۆپزسیۆنی پۆپیلیست و نزیک لە ئەمریکا و بێ رەگ و ریشەی توند و تۆکمەی سیاسی مێژویی لە قازانجیدا دەبێت. دوای دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق سەلمێندرا شاسوار عبدالواحدی ئەم سەردەمە سەرکەوتوانە پێگەی بزوتنەوەکەی بەهێزتر و کاریگەرتر کردوە و شایستەی دەستخۆشیکردن بو، بۆ زیاتر تێگەیشتن و ناسینی شاسوار و نەوە نوێکەی بەردەوام بەدوای لێدوان و کٶر و کارەکانیدا دەچوم. نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دەرفەتێک رەخسا بە تەلەفۆن تێر و تەسەل ئاڵوگۆری بۆچونەکان بکەین. پاش پیرۆزباییکردن لێی پێم گوت: کاک شاسوار لەم ساتەدا رەوتی ئایندەی نیشتمان نزمترین ئاستی چاوەروانی لە ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان و بەغدا دەکات و لەو باوەرەشداین دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم پێیان خۆشە ئەو نیوە چڵە دیموکراسیەی بەکاری دەهێنن بە بونی ئۆپزسیۆنی لاواز و پەرتەوازە ئارایشتە بکرێت. سەرکردەی نەوەی نوێ بەم قسانە دڵگران بو و بە دور و درێژی باسی خاڵە ئەرێنەکانی ژیانی پەرڵەمانی لە وڵات کرد، لە کۆتاییدا بە باشمان زانی رەوتی ئایندە پێشنیازی پرۆژەیەک بۆ کاری هاوبەش ئامادە بکات. لە باسکردنی ئەم تەوەرە لە ناو رەوتی ئایندەدا هاورێیەک زۆر ژیرانە و ورد گوتی با چاوەروان بین تا بزانین نەوەی نوێ لە هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار چ هەلوێستێکی دەبێت، ئەوان بەپاساوی جیاجیا کاندیدێکیان بۆ سەرۆک کۆمار ئامادەکردوە کە پێدەچیت بەم هەنگاوە هەوڵ بدەن نیسابی یاسایی تەواو بکەن. ئەو هاورێیە زۆر باش شتەکانی پێکا و رەوتی ئایندەش تێگەیشت ناکرێت دەستەکانی داغان بکرێن. لە کۆتاییدا چەند کۆڵەکەیەکی بنەرەتی هێزی نەوەی نوێن: - پارە و سەروەتی شاسوار عبدالواحد. - تۆرێکی راگەیاندنی بەهێز. - خانەوادەکەی. - پشتگیری دەرەکی و چاوپۆشینی ناوخۆیی. چاوەروان بین بزانین ئەم نەوەیە بەرەو کوێ و چی دەروات زنجیرەیەک چیرۆک لە ئێستاوە دەست پێدەکەم و هەنگاو بە هەنگاو دەگەرێمەوە بۆ رابوردوی دور و نزیک.
كەمال ڕەئوف دیداری یەكێتی لەكاتێكدایە، ڕەنگە كەس بەخیلی بەحاڵی ئەم حزبە نەبات، حزبێك نیوەی دەسەڵاتی حكومەت "بەنیوەناچڵی"و نیوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی "بەرەهایەتی" لەبندەستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەدرێژایی تەمەنی سیاسی خۆی هێندەی ئێستا، بێ ڕوئیاو بێ ئامانج نەبووەو هێندەی ئێستا ناوماڵی پەرتەوازەو جەماوەرەكەی دڵشكاو نەبووە. یەكێتی شانسی ئەوەی هەیە، تائێستا گەر نەشڵێن لەهەموو هەرێم، لەسەر ئاستی ناوچەكه نفوزی خۆی ئەڵتەرناتیڤێكی بەهێزو كاریگەری بۆ دروست نەبووە، شانسی ئەوەی هەیە، هاوتاكەی كە پارتییە، لەناوچەنفوزی یەكێتی توانای گەشەی زۆر لاوازە، هەروەها شانسی ئەوەشی هەیە بوەتە پارسەنگو هاوسەنگی هێزو لەسەر ئاستی عێراقو هەرێمایەتی حسابێكی بەرچاوی بۆ دەكرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخەی ئێستا بۆی ڕەخساوە بەم ئاڵۆزییو پەرتەوازیەییەوە، ناتوانێت تاسەر هەروا تێپەڕێنێتو هیچ زەمانەتێك نییە، كە ئەم هاوسەنگییەی تاڕادەیەك هەیە وەك خۆی بمێنێتەوە. یەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی یەكێتی ئەوەیە، لەژیانی سیاسیو حزبایەتی تەقلیدی پارتی ئەكات، ڕەنگە بۆ حزبێكی وەك پارتی كە توانای ئیدارییو ئەزموونی زیاترە، بۆ ناوخۆی حزبەكەییو بۆ ناوچەنفوزەكەی ئەو سیاسەتە پەیڕەوبكات كە دەگونجێك لەگەڵ پەیامو ئاراستەو جیهانبینیەكەی، بەڵام مەرج نییە بۆ یەكێتی گونجاوبێت، دیارە چاولێكردن لەسیاسەتی پارتی، جگەلەوەی دەركەوتووە بۆ ناوچەنفوزو پێكهاتە یەكێتی گونجاو نییە، مەترسیداریشەو گەر بەتەواوەتی لەپەلوپۆشی نەخاتو نەیكاتە هێزێكی وابەستەی حزبێكی لۆكاڵی، بەڵام لەكۆتاییدا توشی ئەو دەردەی دەكات كە پرزەو توانای لێدەبرێت تا ببێتە خاوەن دنیابییینیەكی تایبەت بەخۆییو حزبێكی بەئیرادەو خاوەن قەزییەی خۆی، هەموو ئەمانەش كۆتاییەكەی بەوەدێت، ببێتە حزبێكی چاوو دەستبەستراوی بێ تواناو لەناو ڕووداوەكاندا ئاراستەكەی خۆی ون بكات. یەكێتی پێویستی بەدیدار نییە، ئەوەندەی پێویستی بەوەیە، دەستڕۆیشتوەكانی ڕاستگۆیانە گوێ لەدۆستو كادرە دڵسۆزەكانی خۆیان بگرنو ڕێگەیان بۆخۆشبكەن تا بوێرانە پەنجە بخەنەسەربرینەكانو دیاریكردنی نەخۆشییەكان بخەنە پێش چارەسەر وەرگرتن. یەكێتی پێویستی بەنۆژەنكردنەوەو پتەوكردنەوەی دامەزراوە حزبیەكانیەتی، پێویستی بەكۆتاییهاتنی دابەشكردنی پۆستو پلەی حزبییە بەمحاسەسەی بنەماڵەیی، پێویستی بەناوەندێتی بڕیارو دەزگای لێپرسینەوەو پەروەردەكردن هەیە، دیداری یەكێتی گەر دوای تەواوبوونی بەكۆمەڵێك بڕیارو پیشنیازی جدیو بوێرانە كۆتایی نەیەت، بەدڵنیاییەوە وەك دوا كۆنگرەكەی، بەپێچەوانەوە نائومێدیو بێ متمانەیەی بەسەركردایەتیەكەی زیاد دەكاتو سەرئیشەیەكی تر بەسەرئێشەكانی ئەم حزبە زیاد دەكاتو بێ متمانەیی لەناو ڕیزەكانی حزبو جەماوەرەكەشی زیاتر دەبێت. یەكێتی پارتێكی تازە دەركەوتوونییە، ئەزموونی ئیدارەو حوكمڕانیشی كەم نییە، ڕەنگە دوكاندارێكی سەوزە فرۆش كە ڕۆژانە لەعەلوە شت دەكڕێت، تا بازرگانێكی دیار كە لەودیو سنورە كاڵا هاوردە دەكات، تا جوتیارو خوێنكارێكی ناوەندیش ئەو ڕاستیانە بزانن، كە یەكێتیەكان لەسەر ئاستی هەرێمو ناوچە نفوزەكەی خۆشیان، بەشێك نین لەچارەسەر، بەپێچەوانەوە بەشێكی زۆر لەسەركردەو كەسانی باڵادەستی بەشێكی سەرەكین لەگرفتەكانو بۆ ئەو دۆخەی كە حزبەكەیانی تێكەوتووەو ئەوان مایەی دڵشكاندنو دوركەوتنەوەی جەماوەرەكەشیانن. چارەسەر مەتەڵێكی قورس نییە، پێویستی بەبیركردنەوەی زۆریش نییە، هەروەها پێویستی بەلۆژیكی كودەتا نییە، یەكێتی بەقۆناغگەلێكدا گەیشتۆتە ئەم دۆخەی ئێستا، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەریش بەشێوەی قۆناغ بەندی كاربێت، چارەسەر بەبەیاننامەو لەڕێگەی بانگەشەو بەڵێنی ناڕاستو دەستبەراگرتنی جومگە هەستیارەكانی حزبەكەوە ئەنجامنادرێت، ئەوەی پێویستە سەرەتا بیكات، گۆڕانكارییە لەدامەزاوەكانیداو خۆی ڕێز لەدامەزراوەكانی بگرێتو ناوەندێتی بۆ حزبەكە بگێڕێتەوەو لەمەزاجی شەخسی ڕزگاری بكات، سیاسەتو بزنس لەیەك جیاكاتەوە، گوتارە سیاسییەكەی یەكبخاتو بەئیرادەوە، لەسەر ئاستی دەوڵهتمەداری سیاسەت بكاتو بیربكاتەوە، بەرپرسیارێتی حوكمڕانی وەك خۆی لەئەستۆ بگرێت، ناكرێت سەرباری ئەو هەموو بیناو گردو تەپۆڵكەیەی لەبەردەستیایەتی، ماوەی 30 ساڵ یەكێك لەهەستیارترین لەدامەزاروەكانی لەبینایەكی داگیركراوەی پەروەردەدا بێت. یەكێتی گەر دەتوانێت، دەستی بەرپرسەكانی لەسەر بازاڕو بازرگانی كورتبكاتەوە، هانی كۆمپانیا نیشتمانییەكان بداتو بەپێی یاسای ڕێگەپێدراو باجیان لێوەربگرێتو مەرجی كوالێتیو پیشەیان بەسەردا بسەپێنێت نەك ببێتە شەركیان، یان ڕێگریان بۆ دروستبكاتو گوشاریان بخاتەسەر، بەپێچەوانەوە ڕێگری بكاتو سزای ئەو بەرپرسانەبدات كە موڵكو زەوی زۆرو گرانبەها لەسەرخۆیانو كەسوكاریان تاپۆكردوەو قۆرخكاریان لەبازاڕكردووە، ڕێگری بكات لەوەی كۆمپانیایی حزبی كاری قاچاخچێتیو نایاسایی بكات، خۆ ئهگەر یەكێتی بتوانێت ئەوانە بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانێت لەماوەیەكی كەمدا متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێتەوەو نێوان خۆییو جەماوەرە كەمبكاتەوە، خۆگەر ناشتوانێت هیچ لەوانە بكات، وازی لێبێنن، نە دیداری پێویستەو نە تەگبیر، ئەوكاتە ڕۆژگار خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی حزبەكە دەدات، بەرپرسیارێتی مێژووییو ئەخلاقیش بەتەنها ناكەوێتەسەر شانی ئەوانەی كاری دزێو قێزەونیان ئەنجامداوە، بەڵكو دەكەوێتە سەرشانی هەموو ئەوانەش كەبەرپرسیارێتیان هەبووەو فرسەتی كارێكی باشیان هەبوەو نەیانكردوە.
شادمان مەلا حەسەن بە گەڕانەوەمان بۆ مێژوو ,وێنەی زۆر رووداوی ئێستامان بۆ بەرجەستە دەبێت .بنەمالەی بارزانی لەو رۆژەی بوونە خاوەن خانەقا و تەریقەتی نەقشبەندی تایبەت بەخۆیان,هەمیشە لە ململانێی گەرمی عەشیرەتەكانی دەوروبەری خۆیان بوون .ئەنجام فیدڕاسیۆنێكیان بەهۆی خانەقا و تەریقەتەوە پێكهێنا ,كە چەند عەشیرەتێكی ناوچەكەی لە خۆی دەگرت . ئەمە هێندەی تر ململانێكانی لەگەل دەوروبەر گەرمتر كرد ,ئەمە بووە هۆكاری ناسراو بوونیان لە دەرەوەی ناوچەكەی خۆیان .ئەم وایكرد دەستەیەك لە نوخبەی سیاسی و ئەفەندی كورد حزب بۆ مەلا مستەفای بارزانی دروست بكەن ,ئیتر سروشتی ململانێكە لە عەشیرەتەوە پەڕیەوە ناوحزب .ئەوەی مل كەچمان بێت ,ئەوە كوردێكی ڕەسەن و چاكە ,ئەوەی ملكەچمان نەبێت ,ئەوە خائین و جاش و ناپاكە ,لە ئەنجامی مل كەچ نەبوون بۆیان ,چەندین رووداوی خوێناوی پاكتاوكردنی جەستەیی تاك و دەستە جەمعی هەیە لە مێژووی پارتیدا . لە دوای ئەوەی ساڵی 1975,یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دامەزرا ,لە چەند بال و ئاراستەیەك پێكهات .وەك وەلامێك بۆ شكستی شۆڕشی ئەیلول .بنەمالەی بارزانی هەرزوو پارتیان دروستكردەوە .لەو كاتەوە مامەلەی بارزانی كوڕ و پارتی لەگەل یەكێتیی هەمیشە رێژەیی بووە .لەگەل ئاراستەیەك نەرم و لەگەل ئاراستەیەك توند .لەگەل هەندێ كەسایەتی نەرم و لەگەل هەندێك توند .نموونە ئەوەی لە كۆمەلكوژیەكەی هەكاری ساڵی 1978 روویدا . بەشێك لەسەركردەكان كوژران و بەشێك نەكوژران .دواتر پاشماوەی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەكێتیی جودابوونەوە و بوونە هاوپەیمانی پارتی ,هەر لەژێر كاریگەری ئەم تێڕوانینەدا بوو .ساڵی 1994 كاتێ جەولەی یەكەمی شەڕی ناوخۆ تەواو بوو .مسعود بارزانی و پارتی سەركردە و فەرماندەكانی یەكێتیان پۆلێن كرد ,بۆ باش و خراپ و مام ناوەند, بە نسبەت خۆیان .ئەوە بوو فۆكسی قوڕسیان خستە سەر جەبار فەرمان و چەند فەرماندەیەكی سەربازی كاریگەر .مام جەلال ئەوكات لەپێناو ئاشتی چووە ژێر باری ئەم تێڕوانیننەی پارتی و بارزانی ,هەلسا بەهەناردنە دەرەوەی جەبار فەرمان و زۆربەی فەرماندە بالاكانی هێزی پێشمەرگە .كاتێ پڕۆسەكە ئەنجام درا پارتی یەكسەر هەلەكەی قۆستەوە و پەلاماری هێزەكانی یەكێتیی دایەوە و شەقلاوە و زۆر شوێنی تری كۆنتڕۆل كرد,جەولەیەكی تری شەڕی ناوخۆی هەلگیرساندەوە.ئەم جارە چەند سەركردەیەكی تر كران بە ئامانج.دوای پڕۆسەی ئاشتەوای نێوان هەردوو حزب ,زۆر لەسەركردەكانی یەكێتیی جیاواز لە پڕۆسەی ئاشت بوونەوەی گشتی ,هەریەكەی بەجۆرێك لینكی ئەستۆ پاكی خۆیی لەگەل پارتی ئەنجامدا .بۆ هێندێكیان باش شكایەوە لە پێناو بنیادنانی بەرژەوەندی شەخصی,ئەمە وایكرد زۆر لە كادیری مام ناوەندیش دەست و پەنجەی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی كەسی لەگەل پارتی نەرم بكەن. ئەم مۆدیلەی پارتی و بارزانی هەر لەبەرامبەر یەكێتیی وانیە ,بەلكو لەبەرامبەر هەموو حزبەكانی ركابەریەتی, لە هەموو پارچەكانی كوردستان .یان مل كەچی ئێمەی یان كوردێكی نەخوازراوی جاش و خائینی .بەلام كەم حزب وەك یەكێتیی ملی داوە بۆ داواكانی پارتی . سەردەمانێك عادل موراد فۆكسە قوڕسەكەی پارتی لەسەر بوو .دواتر فۆكسە قوڕسەكە هاتە سەر لاهوری شێخ جەنگی و براكانی .ئەم فۆكسە لە دوای كۆنگرەی چوارەم زۆر زیادی كرد . دواجار كوڕەكانی مام جەلال بەو پەڕی خۆشحالیەوە .وەك پێشنیاری مام بۆ برازا كەوتنە گوێڕایلی پێشنیار و داواكەی پارتی و بارزانی ,بەوەی ئەگەر لاهور نەبێ ئەوان مامەلەی هاوتایان لەگەل دەكەن .ئەوە بوو 8ی تەمموزی ساڵی 2021 كەتنەكەیان ئەنجامدا .بە هاوسۆزی سەركردە رەنگ زەردەكانی یەكێتیی .كاتێ ئەنجامدەری كەتنەكە چۆوە لای بارزانی .گوتی فەرموون ئێستا خۆم بڕیار بەدەستی ئەوەل و ئاخیرم .لەوەلامدا وتیان ئەمە باشە بەلام هێشتا ماوتە .دەبێ ئەم جارە بەرهەم صالحیش پۆست بەدەر بكەی .ئەگەر جەبار فەرمان شەڕی قوڕسی پارتی كردبێ و لاهورشێخ جەنگی لەبەر پارتی و بارزانی چەقیبێتەوە ,ئەوە بەدلنیایەوە بەرهەم صالح لە ژیانیدا بەتەنهاش بووبێ نەیگوتووە مسعود بارزانی ,بەلكو هەمیشە گوتوویەتی جەنابی كاك مسعود .بەلام بەرهەم بەدلی بارزانی نیە ,بۆیە كوردێكی نەخوازراوە .لە ئێستادا دكتۆر بەرهەم لە هێلی گەرمی شەڕەكەدایە بۆ خستنی .هێشتا ئەو تەواو نەبووە پیلانێكی تازە بەرێوەیە ,ئامادە كاری بۆ دوو كەسی تر وا دەكرێ, یەكیان كوردێكی نەخوازراو ئەویتریان كوردێكی رەسەن و قبول كراو .نەخوازراوەكە بافڵ تالەبانیە و خوازراو وپەسند كراوەكەش قوباد تالەبانیە .میدیای پاراستنی پارتی ماوەیەكە زەمینە سازی خۆی دەكات و فۆكسی ناشیرنكردنی بافڵ تالەبانی دەست پێكردووە .لەولاش قوباد تالەبانی ئامادەكاری دەكات ,بەپشتیوانی ئەوانەی لە كەتنەكەی 8ی تەمموز پشتی بافلیان گرت .دیداری یەكێتیی رێك ئامانجی ئەم كارەیە .(لەوتارێكی تر باس لە دیداری یەكێتیی دەكەم). بەلگە بۆ راستی ئەم بۆچوون و زانیاریەش ئەوەیە .بافڵ تالەبانی كە ئێستا لە بارزانی هەلگەڕاوەتەوە .دووچاری شەڕێكی قوڕس بووە .قوبادی برای هیچ هاوكاریەكی ناكات و لەهیچ شوێنێكیش دیار نیە .كەچی سەرەتای ساڵی 2021 قوباد بۆ ئەوەی دلی مسرور بارزانی لە خۆی رازی بكات ,بەردەوام لەبەغدا بوو ,لە هەموو دەرگەیەكی دەدا, تاكو بەشە بودجەی هەرێم جێگا بكاتەوە لە بودجەی گشتی عێراقدا.بێگومان لە كارەكەی سەركەوتووبوو .بەلام برا گەورە نەوتەكەی تەسلیم نەكرد .تەنها ئامانجی دووسەد ملیار دینارەكە بوو .بۆیە بەخوێندنەوەمان بۆ جولە و وێنەی رووداوەكانی رابردوو داهاتوومان دەخاتە بەرچاو .بەناوبانگترین وتەی هاوسەرۆكە تاك ڕەوەكەی یەكێتیی ئەوە بوو ( دەركراوەكان دەركراون ) چونكە بڕیاری ژمارە (311) ی فەرید ئەسەسەرد هەموو دەسەلاتێكی پێداوە .تەمەن باقی بێت دەبێ پالە وانی كەتنەكەی داهاتوو چی بە خاوەنی ئەم دەستەواژە بەناوبانگە بلێ .لە كاتێكدا باوكیان دەیگوت كەسمان لێزیاد نیە . تێبینی: بیرۆكەی ئەم وتارەم لە سەرنجێكی هەڤال صەمەد محەمەد وەرگرتووە .
رابون مەعروف من کە دەڵێم، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکانی کوردستان، لە حیزبەکانی دەسەڵات بێئەخلاقترن! بێگومان بۆ تەشھیر و ناوزڕاندن وا ناڵێم. کە دەڵێم، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکانی کوردستان، مونافیق و ترسناكن، لە ھەوەنتە وا ناڵێم. بزانن، من ھەرگیز لە گۆترە، وشە و تێرم بەکار ناھێنم! ئەو حیزبانە، نەك ھەر بێئەخلاقن، تەنانەت ھیچ دیدێکی تۆکمەیان بۆ ئەخلاق نییە. وەك ھەر کەسێکی رەشۆکی و گەجەر و گوجەر، تێرمی ئەخلاق بەکار دەھێنن. بە شانس و رێکەوت نییە دو گروپی میلیشیا (پارتی و یەکێتی) زیاتر لە سی ساڵە ھەژمونی رەشی خۆیان بەسەر نەتەوەدا سەپاندوە و تا ئێستا بەردەوامن. بێگومان ئەم حیزب و گروپانەی ئێستا نەك ناتوانن ببنە ئامرازی گۆڕانکاری لە دەسەڵات و بیناکردنی نەتەوە و حوکمڕانی مۆدێرن، بەڵکو رێگر و لەمپەری بەردەم ئەو پرۆسەیەن. ئەو حیزبانە مونافیقن، چونکە ھەمیشە و بەردەوام بانگەشەی شتێك دەکەن، بەڵام لە راستیدا خەریکی شتێکیترن. واتە، وێنەیەکی موزەیەف و ساختە پێشکەشی رایگشتی دەکەن و وێنەی راستەقینەی خۆیان دەشارنەوە. ئەو حیزبانە ترسناکن، چونکە بەشێکیان، نەك ھەر دیدەگایان بۆ دامەزراندنی حوکمڕانی مۆدێرن نییە، بەڵکو دەگەڕێن لە رابردودا نمونەی حوکمڕانی خۆیان بدۆزنەوە. بەشێکیتریان، سیاسەت و ململانێی سیاسی، وەك بزنز و فێڵ و تەڵەکەبازی دەبینن. ھەمو فیکری سیاسی باڵی تەڵەکەباز و کلاوچی ناو ئەو حیزبانە، ھونەری چەواشەکاری و درۆ و فڕ و فێڵە. حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانیەکان، نەك ھەر دیموکرات نین، بەڵکو کەڵت و حیزبی یەك کەس و بازنەی داخراون. رێك وەك کۆیلە و شاگرد و بەردەست، ھەڵسوکەوت لەگەڵ کادیر و ئەندامەکانیان دەکەن. سەرنجەکان: یەکەم: ھەمو ئومێدێك بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە فەرمییە پەڕلەمانییەکان، ئومێدی موزەیەفە. بێئومێدی باشترە لە ئومێدی موزەیەف. چونکە ئومێدی موزەیەف نەتەوە بە رێگەی نەھاتا دەبات، بەڵام بێئومێدی بەو حیزبانە، بە ناچار، نەتەوە دەخاتە سەر رێگەی بیرکردنەوەی جدی لە ئایندە. دوەم: من سێ ساڵ پێش گەڕو گول بونی بزوتنەوەی گۆڕان، نەتەوەم لە کەوتن و بەلاڕێدا رۆییشتنی گۆڕان ئاگادار کردەوە. بەشێکی زۆر لە فیگەرە ناڕازییەکانی ئێستای گۆڕان، ئەوسا، بۆ دیفاع لەم گۆڕانەی ئێستا، مەکۆ بە مەکۆ و شار بە شار دەگەڕان درۆ و بوختانیان لە دژی من دەکرد. ئەگەر ئەوسا پشتیوانی من بونایە، رەنگە بمانتوانیبا گۆڕان بخەینە سەر رێگە راست و دروستەکە. سێھەم: دڵنیا و بێگومان بن، دەروازەی ئومێد و ئایندەی گەشی نەتەوە، دوای کۆتایی ھەژمونی دو حیزبە میلیشیاکە (پارتی و یەکێتی) بە تێپەڕاندنی حیزبە فەرمیە پەڕلەمانیەکاندا تێدەپەڕێت.
عەدنان عەلی تاڵەبانی بەشدایكردنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوەو رووبەڕووی رەخنەی زۆری كردوەتەوە، لەبەرامبەریشدا رایەكی تر هەیە پێیوایە هەنگاوێكی دروستەو ئەگەر بەشدارینەكردایە بە دیوێكی تردا رەخنەی لێدەگیرا. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئایا نەوەی نوێ دەیتوانی لە نێوان بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق رێگای سێیەم هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی لە ژوورەوە لەسەر پارتی حیساب نەكرێت و لەدەرەوەش لەسەر یەكێتی؟ بێگومان ئەو نەخشە سیاسیەی لە هەڵبژاردنی ۱٠ی ئۆكتۆبەر هاتوەتەئاراوە، و بەهۆی دابەشبوونی نێو ماڵی هەرسێ پێكهاتەكەی عێراق، دەرفەتی بۆ هێزە بچوكەكان رەخساندوە بە ژمارەی كەمەوە دانوستانی گەورە بكەن، بەڵام بە مەرجێك دووربن لە سەفەقات و رێككەوتنی نهێنی، ئەمە دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ نەوەی نوێ بە دەستكەوتی سیاسیەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ، نەك وەك ئێستا رووبەڕووی رەخنەی خەڵك ببێتەوەو گورزی كەمەر شكێنی بەربكەوێت. ئەو وەرقەیەش كە نەوەی نوێ بڵاویكردوەتەوە گوایە لەسەر بەڵێنی جێبەجێكردنی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانیان كردوە، هیچ بایەخێكی نەبوو، چونكە ئاشكرایە بە ئیمزای پەرلەمانتارێك ئەو خاڵانە جێبەجێ ناكرێت. دیسان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئەی نەوەی نوێ چی بكات؟ لەچەند رۆژی رابردوودا نەوەی نوێ چونە لای یەكگرتوی ئسلامی و كۆمەڵی دادگەری، ئەم سێ هێزە لەسەروی هەموویانەوە نەوەی نوێ چونكە كورسیەكانی زۆرترە، ئەگەر خۆیان بەجیاوازتر لە دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە دەزانن، لانیكەم بۆ ئەم قۆناغە دەكرا فراكسیۆنەكانیان یەكخەن و بەتایبەتی لەم سەروبەندەدا كە نیساب بوەتە ئاڵنگاری بۆ هەردوو بەرە ركابەرەكەی عێراق، یاریكارێكی دیار بن و وەك بەدیلی دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان سەیر بكرێن و خواستەكانی خەڵكیشیان بكردایەتە مەرج بۆ بەشداریكردن و بەشدارینەكردن. وك دەوترێت باشتروایە لەسەر نیەت هەڵسەنگاندن بۆ كەس نەكرێت بەڵكو لەسەر كردەوەو رەفتارەكانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەمە بۆ هێزی سیاسیش هەر راستە، هەر هێزێك چەند هاوار بكات و بڵێت من نیەتم باشە بەڵام دواجار خەڵك هەر لەسەر كردەوەكانی هەڵسەنگانی بۆ دەكات. نەوەی نوێ هەر لەسەرەتاوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار راگەیاند واخوێندرایەوە بۆ ئەوەیە لەكۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەشداریبكەن و كێشەی نیساب چارەسەر بكەن كە ئەمەش خواستی ئەو بەریەیە كە پارتی تێدایە. سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش خۆی دانیپێدانا و رایگەیاند "ئەوان دڵنیان كاندیەكەیان بۆ سەرۆك كۆمار سەركەوتوو نابێت بەڵام هەر كاندیدیان داناوە"! ئەم دانپێدانانە ئاشكرایە ئەو بڕوایەی زیاتر تۆخكردەوە كە دیاریكردنی كاندی لەلایەن ئەم هێزەوە بڕیارێكی عەشوایی و نەزانانە نیەو بۆ ئەوەش نیە خۆیان وەك بەدیلی دەسەڵات پیشان بدەن، بەڵكو جگە لە رێككەوتنی نهێنی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی شەخسی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت.
د. حلمی رهسول رهزا به تهماشا كردنێكی خێرای بهندهكانی رێككهوتننامهی سێ قۆڵی (سهدر, حهلبوسی، بارزانی) كه بڕیاره له پێكهێنانی حكومهتی زۆرینهی نیشتمانیدا جێ بهجێی بكهن له چوارچێوهی عێراقدا، خوێنهرو موتابعی رووداوهكانی ناوهڕاستی سهدهی رابردوو بەسانایی ئەو راستیە دەبیین كه سیاسهتكردن لای پارتی ئەوەندەی ئامانجی قۆلبادانی هێزە كوردیەكانی هاوسهنگهری بوه، ههرگیز ئهوهنده ململانێ نهبووه لهگهڵ هێزە غەیرە كوردیەكان. لهدوای شهڕی ناوخۆی ناوهڕاستی نهوهدهكان ههموو دونیا تكای له پارتی كرد تاوهكو لهگهڵ یهكێتیدا رێكبكهوێ و كۆتای بەو شەرە نەگریسە بهێنرێت، كهچی دوای 200 كۆبونهوهی هاوبهش ئینجا بەنیوەناچڵ ئاو به ئاگردا كرا و تا ئێستاش ئاسەواری هەرماوە، بەڵام دهبینین بۆ ئهو لایهنانهی كه كورد نین؛ رێككهوتن به چاوتروكانێك لەمەتبەخەكەی پارتی پێدهگات. دهق و رستهو گوزارشتهكانی نێو رێككهوتننامهكه جێگای سهرسوڕمانن بۆ ئهوانهی كه كرۆك و جهوههری پارتی دهناسن، چونكه سهرلهبهری خاڵ و بهندهكان پێچهوانهی بونیادی بنهڕهتی پارتیه، و ئهو حزبه بهرهفتارو ئاكار سهلماندویهتی كه رێك پێچهوانهی ئهو دهقانهیه كه له رێككهوتنهكهدا وەك ئینشا هاتووه؛ جا ههر له پرۆسهی دیموكراسیهو بیگره بۆ جوڵاندنی ههستی نهتهوایهتی و ئازادی و شهفافیهت و رێزگرتن له دام و دهزگای میری و شكۆدانان بۆ دادگا و تادوای. لهلایهكی دیكهوه جێبهێجیكردنی ئهو بهندانهی لهوێدا هاتوون بهمانای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی سهرۆك و مەزاجی دهسترۆیشتوهكانی نێو ئهو حزبهن. بۆیه دهكرێ بگوترێ رێككهوتننامهكه جۆرێكه له خۆڵ كردنه چاوی خهڵكی و بۆ قۆناغێكی دیاری كراو كە ئامانج تەنها قۆڵبادانی یەكێتیە و دكتۆر بەرهەمە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری. سهرهڕای ههموو ئهو دژیهكیانهی له رێككهوتنهكهدا ههن و ئاماژه بۆ ههندێكیان كرا، ئهگهر بێت و له ئایندهدا دهقی ئهو رێككهوتنه لهلایهن نهوهكانی ئهم گهلهوه بخوێنرێتهوه دهبێ چی له بارهی سیاسهتكردن و دیبلۆماسیهتی كوردهوه بڵێن بۆ ئهو قۆناغهی خهباتی كوردستان كه پارتی دهم له ریشسپێتی و سهركردایهتیكردنی دهكوتێ؛ چونكه ئهو دهقانه هیچ ئاماژهیهكی رۆشنی بۆ بهرژهوهندییهكانی نهتهوهیهك تێدا نییه، كه له مێژووه دورودرێژهكهیدا گهورهترین و زۆرترین قوربانی داوه. بهوورد بوونهوهی زیاتریش له دهق و بهندهكانی نێو رێككهوتنهكه، پارتی لەمێژووی خۆیدا هاوشێوەی ئێستا جارێكی تر رێككهوتنی ساڵی شهستهكانی كرد لهگهڵ حكومهتی ئهو كاتهدا تەنها بۆ شكاندنی باڵی مهكتهبی سیاسی؛ كهچی ههر زوو لێی پهشیمان بوهوه و بەرهەمێكی بۆ كوردو بۆ پارتیش نەبوو، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم رێككەوتنەش ئایندەكەی لەوەی شەستەكان باشتر نابێت، چونكە ئاشكرایە كە رێككهوتنی 11ی ئازار زۆر لهم رێككهوتنه دهسكهوتی زیاتری بۆ كورد و پارتی تێدا بوو.
ئارام سەعید بەوپێیەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا ئاستێکی فراوانی هەیە لەناو کۆمەڵگەی مۆدیرندا، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بایەخیکی گەورە دەدەن بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەرونییەکان لەرێگەی پۆست و نامەی فەیسبوک یان ئەو وێنانەی دادەنرین تا لەرێگەیەوە زانیاری پێشوەختە کۆبکەنەوە لەسەر ئەوانەی شیزۆفرینیا یان مەزاجی شیواویان هەیە تا بتوانن لەچارەسەر و باشترکردنی دۆخی نەخۆشەکان بکۆڵنەوە. دەتوانریت حاڵەتی خەمۆکیی و شیزۆفرینیا بدۆزریتەوە لەریگەی فەیسبوکەوە، تەنانەت هەندێک جار دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانە لەفەیسبوک ئاسانترە وەک لە دۆزینەوەیان لەژیانی واقیعیدا، ئەمەش لەریگەی چەند لێکۆڵەرێکی هەردوو زانکۆی ستانفۆردو کامبردج باس دەکریت کە پێیان وایە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرترە لەوەی لە واقیعدا لێیان بکۆڵیتەوە... چونکە ئەوەی کەسێک پۆستی دەکات و ئەوانەی لایکی دەكهن لە فەیسبوک، دەریدەخات کە خەمۆکی هەیە یان شیزۆفرینیا.. بەتایبەتی هەرزەکاران کەمتر دەتوانن هەستوسۆزیان بشارنەوە... لەمبارەیەوە بیکی ئینکستەر کە لێکۆڵەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکەیە لە گۆڤاری لانسێت بۆ پزیشکیی دەرونیی نوسیویەتی" لەبەرئەوەی فەیسبوک زۆر بە فراوانی بەکاردێت، دەتوانێت سامانێکی گەورەی زانیاریمان بداتێ بۆئەوەی بەکاری بهێنین بۆ زانینی تەندروستیی دەرونیی وەک خەمۆکی و شیزۆفرینیا". هەندێکجار دەگەینە هەندێک زانیاری لەرێگەی فەیسبوکەوە لەسەر ئەوانی تر کە رەنگە لەژیانی واقیعیدا دەستمان پێی نەگات، کە ئەویش لەرێگەی لایک و بڵاوکردنەوەی پۆست و وێنەکانی فەیسبوکەوە دەکرێت، کە ئەگەر فەیسبوکیان نەبێت گەیشتن بەو زانیاریانە ئەستەم ئەبێت. دوکتۆر میشال کۆلینسکی کە یەکیکە لە لیکۆڵەرەوەکان دەڵێت" زانیاریە بڵاوکراوەکانی سەر فەیسبوک ئاسانتر شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت وەک لەو زانیاریانەی لەواقیعدا وەری دەگریت". فەیسبوک بەتەنها بۆدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بەکارنایەت بەڵکو دەکرێت بۆ چارەسەریش بەکاربێت، هەربۆیە دوکتۆر ئەنکستەر دەڵێت" رەنگە زۆر لەو کەسێتیانە ئەو پەیوەندییە هاورێیەتیەی لەسەر فەیسبوک دروستی دەکەن ببێتە هەنگاوێک بۆ باشترکردنی باری دەرونیان بەتایبەتی ئەو هەرزەکارانەی زۆر دابڕاون و هەست بە خەمۆکی دەکەن و بیری خۆکۆژیان لە مێشکدایە، لەرێگەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەوە دەتوانن پەیوەندییەکان چاک بکەنەوە کە لەژیانی واقیعیدا نیانە..". بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی تر کە لە ماڵپەری nature.com بڵاوکراوەتەوە، ناوەرۆکی پۆستەکانی فەیسبوک پێشبینی ئەوەدەکات کە کەسێک توشی شیزۆفرینیا یان تێکچونی مەزاج بوبێت (mood disorders). لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە ئەوانەی شیزۆفرینیا یان تێکچونی مەزاجیان هەیە زۆرتر جنێو لە نامەکانیاندا بەکاردەهینن وەک لە کەسی ئاسایی...ئەوانەی مەزاجیان شێواوە زۆر سەرنج دەدەنە ئەو وشانەی پەیوەندیان بە خوێن و ئازارەوە هەیە، هەروەها وشەی هەست و سۆزی نێگەتیڤ بەکاردەهینن وەک "خەمبار، بێزار" بەڵام شیزۆفرینییەکان ئەو وشانە زیاتر بەکاردەهێنن کە پەیوەندیان بە ئیدراکەوە هەیە وەک "گوێبگرە، سەیرکە، هەست بکە". مایکل بیرنباوم کە بەرێوەبەری بەرنامەیەکی چارەسەری پێشوەختەیەو هەروەها نوسەری کتێبی" یەکەم چونەژورەوەی نەخۆشخانەی دەرونی"یە دەڵێت " نەخۆشی دەرونی پرۆسەیەکە بە قۆناغ دەچێتە پێشەوەو ساڵانی دەوێت، هەربۆیە شیکردنەوەی نامەو پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا ئەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دۆزینەوەی پێشوەختە و چارەسەرکردن" زانینی پێشوەختی ئەو نەخۆشیانە ئاڵنگاریەکی گەورەیە لەبەردەم پزیشکی دەرونیدا، هەربۆیە ئەو شیکردنەوە ئاڵۆزانەی پۆستەکان لەئایندەدا رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەدەستنیشانکردن و ئاشکراکردنی ئەوانەی بەنیازن خودکوژی بکەن، یان توندوتیژیەک بنوێنن. بیرنباوم دەڵێت" چاوخشاندن بەنامەکانی فەیسبوکی ئەو کەسێتیانە پێمان دەڵیت کە ئەو نەخۆشە بەرەو باشتر دەڕوات یان نا، هەروەها بەکارهێنانی ئەو شیکردنەوە نوێیانە بایەخیکی گرنگی هەیە بەمەرجیک رێز لە تایبەتمەندی نەخۆشەکە بگیریت و پێشتر رەزامەندی خۆی وەربگیریت لەپێداجونەوەو سەیرکردنی ئەو نامانەی کە نوسیویەتی... ئەگەر بەرواردێک بکرێت لەو وێنانەی کەسی ئاسایی دایدەنێت و ئەو وێنانەی دەرون شیواون ئەوا ئەوانەی شیزۆفرینیایانە یان مەزاج شێواون حەزیان لەو وێنانەیە کە بەدرێژی زیاترو پانی کەمترن واتە ئەو وێنانەی لەباری درێژین، هەروەها وێنەکانیان بەلاوە پەسەندە کە زیاتر رەنگی شینی تێدایە و کەمتر زەرد بەکاردەهێنن... لێکۆڵینەوەکە لە ئاداری 2016 دەستی پێکردوە تا دیسەمبەری 2018 کە 41%ی بەشداربوان نێر بوون، هەروەها کۆمەڵێک رەگەزی جیاواز هەبون لە لێکۆڵینەوەکەدا لەوانە" 42،2% قەوقاز، 29،1% رەشپێست، ئاسیایی 17،5% ، ئیسپان 11،7% . هەروەها پشکنینەکان لەسەر 3،404،959 نامەکراوە لە فەیسبوک، 142،390 وێنە کە 223 بەشداربوو دایانناوە.
د. كامەران مەنتك ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێراق كۆدەبێتەوە، رێژەی یاسایی تەواو دەبێت یاخود نا، كاندیدەكەی پارتی دەردەچێت یاهی یەكێتی، ئەگەرچی ئەو پرسیارە ستۆكانە هەموو میدیای كوردی ومێشكی نووسەرو شرۆڤەكارو سیاسەتمەدارو ... هتد خەریك كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامیە، ئەو مەسەلەیە دیوی دەرەوەی ململانێكانەو هەرگیز كرۆكی كێشەكە نیە! كرۆكی كێشەكە ئەوەیە، كە لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت!. لەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتیدا لە ئێستادا دۆخەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، روسیا هەنگاوە مەترسیدارەكەی ناوەو شەڕی ئۆكرانیا درێژەی هەیە وتادێت ئەو شەڕە ئاڵۆزتر و چڕ تردەبێتەوە، بۆیە لەبەرژەوەندی روسیادایە بەرەی شەڕەكە فراوان بكات، ناتۆ بەردەرگای ئەوروپای گرتووە، ئەمە وا دەكات ئەگەری پەڕینەوەی شەڕەكە بۆ ئەوروپا تا رادەیەكی زۆر ئەگەرێكی دوور بێت، لاوازترین گۆڕەپان بۆ گواستنەوەی شەڕەكە بەرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك ئەوەی روسیا دوای داگریكردنی نیمچە دورگەی كریم كردی، گۆڕەپانێكە زیانی راستەوخۆی بۆ لایەنە سەرەكیەكانی ململانێیە جیهانیەكە كەمترە، هاوكات ئەگەری فراوان بوونی جەنگەكەش بۆ جەنگێكی جیهانی زۆر كەمتر دەكاتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی رووداوێكی سەرسوڕهێنەر بین لەناوچەكە، ئەمشەو حوسیەكان سەرچاوەكانی وزەیان لە شانشینی عەرەبی سعودیە كردە ئامانج، واتە سەرەتای قۆستنەوەی دەرفەتەكە و زیادكردنی فشارەكانی لەلایەن ئێرانەوە دەستیپێكرد، دیارە ئەمە هێرشی تری بەدوا دادێت رەنگ بێت، لێدانی نوێ جارێكی تر لە هەولێر بێت، بەهۆی ئەو هەوڵە چڕەی لە بەغدا هەیە بۆ بڕینەوەی دەستی ئێران لە ئێراق. توركیا لە چەند تەوەرێكەوە یاریەكی ترسناك دەكات، لەلایەك لەپەرلەمانی ئێراق لەرێگای دروستكردنی بەرەی رزگاری نیشتمانی (پارتی وسەدریەكان وسونە) وانیشان بدات دەیەوێت ئێراقێكی نوێ وبەهێز بونیاتبنێتەوە، دیارە بونیاتنانەوەی ئێراقێكی بەهێز هەرگیز لەبەرژەوەندی كورد نیەو واتای گەڕاندنەوەی دۆخی جیۆپۆلەتیكی قۆناغی شەڕی ساردە، لەلایەكی تر توركیا هێزی كۆكردۆتەوە ودەیەوێت هەردوو پڕۆسەی چنگی پڵنگ وچنگی هەڵۆ، كە لەساڵی (2020) دەستیپێكرد، تەواو بكاتەوەو پەلاماری پارتی كرێكارانی كوردستان، یاخود وردترو راستر باشووری كوردستان بداتەوە پانتاییەكی تر لەرووی سەربازیەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بخاتەوە سەر وڵاتەكەی، واتە بەشێك لەو پشتێنەیە تەواو بكات، كە ناوی ناوە پشتێنەی ئارام، كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێدەكات، تا دەگاتە دوا خألی سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئێراق. بەرامبەر ئەو گۆڕانكاریە مەترسیدارانە مەسەلەی پۆستی سەرۆك كۆمارو ئەو ململانێیەی لە بەغدا دەگوزەرێت، تەنیا دیوێكی رووكەشی دۆخەكەیە، لە بنەڕەتدا ململانێیەكە ململانێیەكی خێڵەكی دواكەوتووە لەنێوان دوو بنەماڵەی سیاسی، كە شەڕ بۆ دەستكەوتی مادی وحیزبی خۆیان دەكەن وهیچ پەیوەندیەكیان دوورو نزیك بە كوردو مەسەلەی كوردەوە نەماوە، بگرە تەنیا هەوڵیكە بۆ خەریك كردنی كوردو دوور خستنەوەیەتی لە تێگەیشتنی ئاڕاستەی سەرەكی رووداوەكان!. ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت یاخود یەكێتی، جگە لەدانانی پێگەیەكی كارتۆنی هیچی تر لەمەسەلەكە ناگۆڕێت. ئەوەی گرنگە لەدوو توێی ئەو ململانێیە ئاڵۆزەدا، پلانی سەرەكی داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەیەو بەگوێرەی ئەو هاوسەنگیەی لەدروست بووندایە، وەك زۆرجاری تر ئاماژەمان پێكردووە، لە بەرژەوەندی كورد دانیە، لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان خۆیان بەو گەمە سیاسیە ساختەو رووكەشەی بەغدا خەریك بكەن، وا باشترە بیر لەوە بكرێتەوە لەدەرەوەی ئەو هێزانە چۆن ستراتیژێكی نیشتمانی دوور مەودا دابنرێت، ئەمجارەیان بە تووڕ هەڵدانی مێژووی سەد ساڵەی دوایی، قۆناغێكی جیاوازو لەسەر بنەمایەكی جیۆستراتیژی جیاوازتر دەست پێبكرێت، بۆئەوەی خەڵكی كوردستان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە بكرێت.
كوردۆ فەرەج رۆژی شەممە رێکەوتی 26\3\2022دا، بریارە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکرێت، بە بەشداری کوردو سوننە و شیعە و سەربەخۆکان. حەوت سیناریۆ بۆ یهكلایكردنهوه و یهكلاینهكردنهوهی پۆستی سەرۆک کۆمار: 1. ئەگەر کورد کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە بریتین لە (موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبوسی)، سەر بکەون و بتوانن دەنگی پێویست بۆ رێبەر ئەحمەدی کاندیدیان وە دەست بخەن، واتا شکستی ئێران و هاوپەیمانەکانیان کە بریتین لە بەشێکی نێوماڵی شیعە و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بەشێک لەسەربەخۆکان، کە کورد دەبێتە دۆڕاوی بەشێک لەو سەرکەوتنە 2. ئەگەر کورد کە وەک یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هاوپەیمانەکانی سەر بە ئێران کە بریتین لە (نوری مالکی و حەیدەر عەبادی و قهیس خەز عەلی) و بەشێک لەسەربەخۆکان سەر بکەون، بەرهەم ساڵح کاندیدیان دەنگی پێویست بەدەست بخات، دیسان کورد دەبێتە بەشێک لە ململانی نێوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، کە کورد بەشێک دەبێت لەو لەتبوونەی کورد. 3. ئەگەر لە دانیشتنی رۆژی شەممە نەتوانرا ٢٢٠ پەرلەمانتار کۆبکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەی نێو هۆڵی پەرلەمان، دانیشتنەکە ئەنجام نادرێت، بەمەش واتا سەرکەوتنی تەیاری ئێران و یەکێتیی وەک کورد، کە دەبێتە هۆکاری شکستی کورد کە پارتی و هاوپەیمانەکانێتی. 4. ئەگەر توانرا لەژێر هەر فشارێکدا چ بە فشاری سیاسی و هەڕەشەکردن بێت، یان بەپێدانی پارە بێت لەرێککەوتنی ژێربەژێر دا، واتا سەرکەوتنی پارتی و هاوپەیمانەکانێتی، کە دیسان دۆڕانی کوردە بەدەستی حیزبە کوردییەکان. 5. ئەگەر دانشتنەکە ئەنجام نەدراو بە هۆی بەشداری نەکردنی ٢٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ژێر فشاری ئێران و هاوپەیمانەکانی واتا بەشێک لە کورد کە لەنێو پەرلەمانتارە سەربەخۆکاندان و بەشدارییان نەکرد، دەبنە بەشێک لە تەیاری ئێران و هۆکاری شکستی پارتی و هاوپەیمانەکانی. 6. ئەگەر پارتی و حەلبووسی و سەدر لەو ماوە کەمەی کە ماوە توانییان لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕازییان بکەن ئەو ٢٠ پەرلەمانتارە سەربەخۆیە بەشداری بکەن، واتای سەرخستنی پارتی و تەیاری دژە ئێران، کە ئەمەش دیسانەوە واتا کردنەوەی دەرگایەکی ململانێ توند بۆ کورد لەسەر دەستی کورد. 7. ئەگەر دانشتنەکە نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار مایەوە کە عێراق دەچێتە بۆشایی یاساییەوە ئەگەری زۆرە سەدر لە ژێر فشاری دەنگدەرانیدا بریاری کشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی بدات، بەمەش هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنی عێراق ئەگەرێکی کراوە دەبێت و پێکهێنەرانی کابینەی ئێستای عێراق بمێنێتەوە و سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار بەشێوەی کاربەرێکەر تا دیاریکردنی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دیکە، لەم قۆناغەشدا دیسانەوە شتی کورد دەبێت، چونکە دەبنە هۆکارێک بۆ لەتکردنی نێوماڵی شیعە و دژایەتی کردنی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی. بەم پێیە، دەبێت لایەنەکان پێش دەنگدان لە گەڕی یەکەم یان لە گەڕی دووەمدا، رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر یەک کاندید بکرێت لە نێوان (بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد)دا، یان لە ئەگەری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ژمارەی کورسییەکانی سەرجەم حیزەبەکان گۆڕانکاری بەسەر دێت و ئێران دەستی کراوە دەبێت لە زیادکردنی کورسییەکانی بەرەی خۆی کە لە نێوییاندا یەکێتیی سومەندی سەرەکی دەبێت، جگه لهوهی زیاتر له 31 ساڵ خهبات و پرۆسهی سیاسیی كورد، دهكهوێته بهردهم رهحمی ئێران و رۆژئاواییهكان.
كەماڵ رەئوف ماوەیەكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەشێك لەهێزەكانی شیعەو سوننە تاك لایەنانە خەریكی رێككەوتنێكی سێ قۆڵییە، گوایە ئەم رێككەوتنە مێژووییەو بۆ كورد و دوخەكەش گرنگە، بەڵام لەناوەرۆك و دەقی رێككەوتنەكە، كە لە24 خاڵ و چەند برگەیەك پێكهاتوە بەوشەیەكیش باسی كوردو هێزی پێشمەرگە تا نەهاتوە، بەڵام لەبەرامبەردا لەچەندین شوێن باسی حەشدی شەعبی كاركردن و بەهێزكردن و پرچەككردنی هاتوە تارادەی ئەوەی ئیعترافێكی بنەرەتی بەم هێزە كە هەر پارتی خۆی بەداگیركاری كەركوك و چەند شوێنی تری كوردستانی دەزانێت.. سەیرە كە پارتی خۆی بە گەورەترین هێزی كوردی دەزانێت رێككەوتنێك واژوو بكات و بەلاشیەوە گرنگ بێت، بەڵام ناوی كوردی تیا حەرام كرابێت و باس لە قوربانی و بوونی هێزی پێشمەرگەشی تیانەكرێت. ئەم رێككەوتنە لەرێككەوتنی ژێر خێمەی سەفەوان دەچێت، كە عێراق بەشكاوی چووە بەردەم هاوپەیمانەكان بۆگفتوگۆ و ئەمریكییەكان خواستەكانی خۆیان سەپاند، بەڵام پارتی بەپێچەوانەوە لەعەوەجی قوەتی خۆیدا ئەم رێككەوتنەی كردوە، كە گەر هەر هێزێكی تری كوردی ئەوەی بكردایە، پارتی و پارتییەكان سەدو یەك تۆمەتیان دەخستنە پاڵ و مۆری خیانەیان لەرێككەوتنەكە دەدا. پێش ئەم رێككەوتنە بەشێكی زۆر لە لایەنە عێراقییەكان دوای مام جەلال كاك مەسعودیان وەك مەرجەعی كورد سەیردەكرد، بەڵام بەرێككەوتنە كە ئامانج لێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمارییە، پارتی چەند شتی گەورەی لەدەستچوو، لەهەمووی گرنگتر ئەو گوتارە نەتەوەییەیە كە پێشتر ریفراندۆمەكەی لەسەر بیناكراو لای هەندێك وەك تاپۆی رەش بۆ ئایندەی كوردستان تەماشادەكرێت. لەنەخشە رێگاو دەقی رێككەوتنە 24 خاڵییەكە، لەدوو شوێن، لەپاڵ دژایەتی تائیفەگەریدا وشەی رەگەزپەرستی بەكار هاتوە، خوێنەر گومان دەكات كە رەگەزپەرستی مەبەستەكە خواستی نەتەوەیی بێت و بەم شێوە مژاوییە دارێژرابێت، بۆ نمونە. لەخالێ دوودا هاتوە(حكومهتێك بتوانێت وڵات له تایهفهگهری و ڕهگهزپهرستی دهرباز بكات) ئاخۆ مەبەست لەرەگەزپەرستی خواستی نەتەوەی كوردە! كەبەدرێژایی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق ئەو پرسە بەهەڵپەسێردراوی هێلراوەتەوەو چارەسەرێكی ریشەی بۆنەكراوە، چونكە لەعێراق رەگەزپەرستی كێشەیەكی بنچیینەیی نەبووەو نییە، ئەوەی هەیە كێشەی نەتەوەییە بوونێكی بەهێزی هەیە، بۆیە پێدەچێت رەگەزپەرستی بەمەبەستی فكری نەتەوەیی لەبەرامبەر تائیفەگەریەكەدا هاتبێت، دیقەت بكەن بەهەمانشێوە لە خاڵی چواردهیهم بەم شێوەیە لەتەنیشت تائیفەگەری رەگەزپەرستی دیسان هاتوە و دەڵێت:(قهدهغهكردنی وتار و كردهوهی تایهفی و ڕهگهزپهرستی و ههموو ئهو ڕهفتارانهی لهگهڵ بهها نیشتمانی و مرۆییهكاندا یهكناگرنهوه). لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە كاك مەسعود خۆی بەردەوام وەك بەرگیركار لە پێشمەرگە خۆی ناساندوە چۆن رازی بووە بەرێككەوتنێك كە نەك بەهای بۆ هێزی پێشمەرگە دانەناوەو ناوی لەرێككەوتنەكەدا نەهاتوە بەڵام ئاماژەیەكیش هەیە كە هێزی پێشمەرگە بخرێنە سەر حەشدی شەعبی ئەوەتا لەخاڵی دەیەمدا دەلێت: (ئامادهكردن و ڕاهێنان و پڕچهككردنی هێزه چهكدارهكانی عێراق و بهرزكردنهوهی ئاستی توانستی بهرگریكردنیان له سهروهری و سهربهخۆیی وڵات، پشتیوانیكردن له هێزه ئهمنییه فهرمییهكان و دابینكردنی پێداویستییهكانیان و ڕێكخستنهوهی پهیكهری ئهو هێزانه به گوێرهی میكانیزمه دهستورییهكان، ههڵوهشاندنهوهی ههموو ئهو گروپه چهكدارانهی له دهرهوهی دهسهڵاتی دهوڵهتن و دواتریش تێكهڵ به حهشدی شهعبی دهكرێن، ههروهها پێویسته هێزی حهشدی شهعبی ڕێكبخرێتهوه و له وانهش پاكبكرێتهوه كه مل بۆ یاساكانی دهوڵهت نادهن و پێویسته چهك تهنها و تهنها بهدهست دهوڵهتهوه بێت). دیارە كۆمەڵێك شتی تریش لەناو دەقی رێككەوتنەكەدا هەیە كە هەموویان جێگەی سەرنج و گومانن، بۆیە گەر سەركردایەتی پارتی ئامادەیی تیابوو ئەوەنە نەرمی بنوێنێت بۆ لایەنە غەیرە كوردیەكان گەر نیو ئەوەندە نەرمیان بنواندایە بۆ لایەنە كوردیەكان، بەدڵنیاییەوە پارتی زۆر لەوە زیاتری دەستدەكەوت كە لەم رێككەوتنە، ئەگەری هەیە بەدەستیبهێنن و پێگەی كاك مەسعود و پارتیش زۆر لەئێستا پارێزراوتر دەبوو لەناو كوردو لەعێراقیشدا.
كەمال چۆمانی ئەو سیاسەتەی کە پێویست بو هەرێمی کوردستان پێشیخستبوایە لەناو عێراقدا ئەوە بوە کە زۆرێکمان داوامان کردوە و لە سەردەمی ریفراندۆمەکەی بارزانییش بەشێکمان پێی تەخوین کراین؛ کارکردن لەسەر بنەمای دەستور و بینینی بەغداد وەک پایتەختی خۆمان نەک دوژمن، عێراق دەرفەتە نەک هەڕەشە، هەرێمێکی کوردستانی دیموکراتیک لەناو عێراقێکی دیموکراتیک، کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراق و تێپەڕاندنی ئەوەی پرۆفیسۆر د عەباس وەلی پێیدەڵێ <<دیواری ئێپنیکی>> و هەدەپە بەباشی لە تورکیا مومارەسەی دەکات. چەندان دەرفەت دروستبون کەسیان و هیچ حیزبێک جورئەتیان نەکرد ئەو هێڵە هەڵبژێرن، تەنانەت نەوشیروان مستەفاش بە جیاوازییەکانیەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی، لە بەغداد هاوڕای مەسعود بارزانی بو. هەمویان، بەڕەهایی دەڵێم هەمویان، بە د بەرهەم ساڵحیشەوە کە حیزبێکی دروستکرد، جورئەتیان نەکرد ئەو دیوارە قەومییە تێبپەڕێنن و هەر دەگەڕانەوە سەر یەکڕیزییەکەی بارزانی. بارزانی دواجار گوێی لە رەخنەی نەیارانی گرت. باشیش دەزانین بارزانی وەکو تەکتیکێک ئەو سیاسەتەی گرتۆتەبەر و هیچ روئیایەکی نییە بۆ عێراق و تێپەڕاندنی دیواری قەومیی، خۆ ئەگەر هەیبێ، یەکەم کەس دەبم دەڵێم ئافەرین پارتی. بەڵام ناکرێ یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان گلەیی لە پارتی بکەن کە ئەو سیاسەتەی هەڵبژاردوە، ئەوە ئەوانن ساویلکە و ترسنۆک و بەرژەوەندخواز بون نەیانتوانی و نەیانوێرا ئەو سیاسەتە هەڵبژێرن کە دەبوایە هەر لە ٢٠٠٩ەوە هەڵیانبژاردبوایە کە بارزانی رۆژ بە رۆژ بە ئامانج و بە دنەدانی هێزی ئیقلیمی و مەزهەبی رەوشی نێوان هەولێر و بەغدادی شێواند. ئێستا کە بارزانی و پارتی ئەو رێگایەیان هەڵبژاردوە، سەیرەکە لەوەدایە هێشتا هێزەکانی دی جورئەت ناکەن ئەو دیوارە قەومییە بەتەواوی بشکێنن و سیاسەتێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان پێشبخەن و هەر چاوەڕێی بارزانی و پارتین <<یەکڕیزیی کوردیی>>یان بۆ بگێڕێتەوە، کە بێگومان یەکڕیزییەکە واتا یەکڕیزیی لەپێناو پارتی و بارزانی و بەخشینی هەندێک بەرژەوەندیی مادیی و پۆست بە لایەنەکانی دی. پارتی سیاسەت دەکات و ئەوانیدیش بەدوای دەکەون. هەرکاتێک ئەوانیدی ویستیان هەنگاوێک بنێن، پارتی تەخوینیان دەکات و ئەوانیش لەبری ئەوەی بەردەوام بن لە پێشخستنی هێڵێکی جیاوازی سیاسەت، دەگەڕێنەوە باوەشی پیرمام. بۆیە نەک رەخنەم نییە لە بارزانی کە لەگەڵ حەلبوسی و سەدر رێککەوتوە، بەڵکو باشترین کارێکە کردبێتیان. ناشکرێ تا دوێنێ داوامان کردبێت پارتی شتێک بکا، کە کردی دژایەتی بکەین. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا هێزەکانی دی ئەوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو دیوارە قەومییە بەتەواوی بشکێنن و تەکتیکەکانی پارتی شکستپێبێنن، یان <<براگەورەیی>> هەر بۆ بارزانی جێدەهێڵن و خۆیان تەماشاکار دەبن. عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ. نە بارزانی و نە سەدر و نە حەلبوسیش توانای رزگارکردنی عێراقیان نییە وەک بانگەشەی دەکەن، بەڵام دەکرێ دەرفەتێک بێ بۆ دروستبونی ئۆپۆزسیۆن و ململانێی سیاسیی و شکاندنی ئەو دیوارە قەومی و مەزهەبییە بێئەوەی ئەوان جارێکی تر بتوانن تەخوینی ئەوانە بکەن کە شکاندنی ئەو دیوارە بە گرنگ دەزانن.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ڤلادیمێر پوتین ڕای وایە داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلیتیکی سەدەی بیستەم بوو. لەدەستدانی هەیمەنەی ڕوسیای پاش پێرۆسترۆیکا و جیابوونەوەی ١٥ دەوڵەت لە سنووری دەسەڵاتدارێتیی سۆڤیەتیی، ژانێکی جیۆپۆلیتیکیی گەورە بوو بۆ نوخبە سیاسییە نوێکەی ڕوسیا. لە دیدی پوتیندا نەگەڕانەوەی ئەم پارچە دەوڵەتانە بۆ سەر جەستەی سیاسیی ڕوسیای پۆست سۆڤیەتی وەک خۆکوژییەکی نەتەوەییی تەماشادەکرێت. قبوڵکردنی ئەم واقیعە سیاسیی و جوگرافییە نوێیە و هەرسکردنی نەک ئاسان نەبوو، بەڵکو پوتین هەموو هەوڵێکی دەدا ببێت بەو قەیسەرەی سەدەی بیستویەکەم کە ئینحیرافی مێژووی نوێی ڕوسیای دوای پێرۆسترۆیکای ڕاستدەکاتەوە. ئەو نەفرەتەی مێژوو لە نوخبەی ئۆلیگارشیی ڕوسیی کردووە بریتییە لەوەی ڕوسیا وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئاسایی نەبینێت، بەڵکو وەک ئیمپراتۆرییەت وێنایبکات. لەم سۆنگەیەشەوە بۆئەوەی شکۆی ئیمپراتۆرییەتی ڕوسیی و یەکێتیی سۆڤیەتی دوای پێرۆسترۆیکا دووبارە بنایتبنرێتەوە دوو شت پێویستن، یەکەمیان قەیسەرێکی نوێیە و دووەمیشیان جەنگە. لە ئێستاشدا ڕوسیای سەدەی بیستویەک هەردووکیانی هەیە؛ قەیسەرێکی خوێنساردی هەیە کە وەک نماییشە کۆمیدییەکەی چارڵی چاپڵن بۆ هیتلەری دیکتاتۆر، شەق لە تۆپەکەی جیهان هەڵدەدات و هەموو پرنسیپەکانی سەروەریی دەوڵەتیی و ئاشتیی جیهانیی وێراندەکات. دووەمیشیان پوتین جەنگەکانی بۆ گەورەکردنەوەی جەستەی سیاسیی ڕوسیا، لە وردە جەنگەوە گۆڕی بۆ جەنگێکی گەورە لە ئۆکرانیا، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوشێوەی مەترسیداری نییە. لە مێژووی ئەوروپادا چەند ڕووداوێکی گەورەی جەنگ و چەند پەیماننامەیەکی ئاشتیی گرنگی دوای جەنگ هەن کە مێژووی کۆن و نوێی ئەوروپا و جیهانیان نەخشاندووە. گرنگترین پەیماننامە لە جیهاندا بریتیی بوو لە (پەیماننامەی ڤێستفێلیش) کە لە ساڵی 1648دا لە ئەڵمانیای ئەو سەردەم لە نێوان دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتە جەنگاوەرەکانی ئەوکاتی ئەوروپادا ئیمزاکرا و تیایدا کۆتایی بە جەنگی پڕوکێنەری 30 ساڵەی مەزهەبیی هێنرا. بێگومان ئەم پەیماننامەیە تەنها کۆتایی بە جەنگی مەزهەبیی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانت و تەریقەتە ریفۆرمیستەکانی ناو ئاینی مەسیحییەت نەهێنا و دەسەڵاتی کەنیسەی سنووردارنەکرد، بەڵکو سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنی لە ئەوروپادا سازان. دووەمیان, جەنگی جیهانی یەکەم و کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی و پاشان داڕمانی ڕوسیای قیسەریی و دابەشکردنەوەی نوێی جیهان لەسەر پرنسیپەکانی پەیماننامەی ڤێستفێلیش کە بریتین لە رێزگرتن لە سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتان. سێیەمیان, جەنگی جیهانی دووەم و دووبارەرێکخستنەوەی سەروەریی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە نازیزم داگیریکردبوون. ئاکامی ئەم جەنگە گەورەیەش دابەشکردنی ئەڵمانیا بوو لە نێوان هەردوو بەرەی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ئەو سەردەم بە سەرۆکایەتیی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا و سەرەتای دروستبوونی جەنگی سارد لەنێوان بەرەی سۆسیالیزم و کاپیتالیزمی خۆرئاوایی. چوارەم ڕووداوی گەورەی جیهانییش بریتیی بوو لە داڕوخانی بەرەی سۆڤیەت و دروستبوونی 15 دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ و ئیمزاکردنی پەیماننامەی پاریس. دوای کەوتنی دیواری بەرلین و کۆتاییپێهێنان بە ململانێی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، پەیماننامەی پاریس لە 21ی نۆڤەمبەری 1990 دا لە نێوان 32 دەوڵەتی ئەوروپیی و ئەمریکا و کەنەدا، ئیمزاکرا. ئەم رێککەوتنامەیە لەدوای داڕمانی بەرەی سۆسیالیزم بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەت و يەکگرتنەوەی هەردوو دەوڵەتی ئەڵمانیا لەدایکبوو کە هەم کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا و هەم سەرەتای ئومێدێکی نوێ بوو کە نەک تەنها کۆتایی بە دابەشبوونی ئەوروپا، بەڵکو جیهانیش بهێنێت. کۆڵەکەیەکی گرنگی پەیماننامەی پاریس داننانە بەوەی کە دیموکراسیی تاکە سیستەمێکی حوکمڕانیی شەرعییە دەتوانێت زەمانەتی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی بکات. بە کورتی پەیماننامەی پاریس دۆکۆمێنکردنی دوو خاڵی گرنگ بوو، یەکەمیان کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی ئەوروپا لەنێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، دووەمیشیان کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد. سەرەڕای ئەم هەموو ئەزموونانە بۆ دابینکردنی ئاشتیی لە ئەوروپا و جیهان، جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا چیمان پێدەڵێت؟ یەکەم ئەم جەنگەی پوتین زیندەبەچاڵکردنی رێکەوتنامەی پاریس بوو کە بە بەشداری روسیا ئيمزا کرا. ئەم جەنگەی ڕوسیا هەم ماڵئاوایی کردنی کۆتاییە لە بەدیموکراسییکردنی ڕوسیا و هەم هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئەوروپایەکی نوێی و هەم خەونی پوتینە بۆ دووبارەداڕشتنەوەی نیزامێکی نوێی جیهانیی دوای جەنگی سارد. جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا وردوخاشکردنی تەواوی پرنسیپەکانی ڤێستفێلیش و ڕێککەوتنامە مێژووییەکەی پاریس بوو. لە رێککەوتنامەی پاریسدا جگە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد و ململانێی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، باس لە چەند خاڵێکی گرنگ کراوە، یەکەمیان پاراستنی سنوور و سەروەرێتیی دەوڵەتە نوێکان. دووەم، بەکارنەهێنانی توندوتیژیی سەربازیی، سێیەم ئازادیی هەڵبژاردنی تەحالوفات و هتد. پوتین دەڵێت، بەشێکی گەورە و ماناداری ئەوەی ئێمە، واتە ڕوسەکان، لە 1000 ساڵدا بەدەستمانهێنابوو، لەدوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لەدەستمانچوو. جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا لە دیدگای پوتینەوە سەرەتای دەستپێکی ڕاستکردنەوەیەی مێژووی نوێی ڕوسیایە کە بە پیادەکردنی تیۆری (ڕوسیا - پلەس، یان روسیا - زائید) دەستیپێکرد. ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بناغەیە کاردەکات هەموو ئەو جەستە جوگرافیانەی کە لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسەردەم و ئێستای ڕووسیا جیابوونەتەوە و تیایدا ڕووسییزمان دەژین، بە جەبری هێز و داگیرکردنی ڕاستەوخۆ دەگەڕێنرێنەوە ناو جەستەی سیاسیی ڕوسیا. ئەم سیاسەتەش بە دوو شێواز جێبەجێدەکرێت، یەکەمیان بە جیاکردنەوەی بەزۆری ئەو ناوچانەیە لە دەوڵەتە دراوسێکانی ڕوسیا کە کەمایەتی ڕوسیی تیادەژی، دووەمیشیان داننانە بە سەربەخۆییان، وەک لە ساڵی 2008دا لە جیۆرجیا بینیمان کە چۆن پوتین بەزەبری چەک ئەبخازیا و ئۆسێتیای باشووری لە جەستەی جوگرافیی جیۆرجیا دابڕاند و وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەلایەن ڕوسیاوە دانیان پێدانراو و دەپارێزرێن. بەکۆتاییهێنان بە پەیمانی ئاشتیی پاریس، پوتین دەرگای جەهەنەمی بۆ جەنگێکی مەترسییدار لە ئەوروپا و جیهان کردەوە کە کەس ناتوانێت پێشبینیی ڕەهەندە کارەساتئامێزەکانی داهاتووی بکات. ماویەتی