Draw Media

بەهمەن تاهیر نەریمان بت خاوەنی پارێزبەندییە و لە هەموو ڕەخنە و گومان و چاکسازییەک دەبوێردرێت. ئامرازی (بەبتکردن) بریتییە لە کێشانی خەرمانەی پیرۆزیی بەدەوریدا، ئیتر ئەوەی لە بتەوە بێت، پیرۆزە، بیرو گوفتار و ڕەفتارێک لەبتەوە سەرچاوی گرتبێت دەستلێنەدراوە و جێی ڕەخنە و سەرزەنشت نییە، ئەوەی دژی بێت سەر بە دنیای شەڕە و گڵاوە. ئەوەی بەهەڵە لە بت تێگەیشتوین ئەوەیە وا دەزانین بت بریتییە لە پەیکەرێکی ڕەق و تەق و بینراو و دەرنشینە، لە دەرەوەی خۆمان پەیکەرێکمان لە ماددە بۆ کردووە. ئەمە سادەترین جۆری بتە، بتی هەقیقی نەبینراوە، لە دەرونماندا خۆی حەشارداوە، ناونشینەو لە زەینماندایە، ڕووپۆش و ناوپۆشکراوە، مرۆڤ بەئاسانیی دەرک بە بتی سایکۆلۆژی و ناوەوە ناکات، بۆیە بەئاسانیی نکوڵیی لێدەکات، بتی نامادی و ئەبستراکت، دەرککردنی ئاسان نییە، زیرەکیی دەوێت، بەڵگەی دەوێت تا بیسەلمێنیت، هۆشیاریی دەوێت تا پەیی پێبەریت و بناسرێتەوە. بۆ نمونە؛ کەسێک پەیکەریکی داناوە و کرنوش و سوژدەی بۆ دەبات، ئاسانە پێی بڵێیت تۆ بت-پەرستی، بەڵام زۆر گرانە بە دکتاتۆر یان ستەمکارێک بڵێیت تۆ بتیت، لەوە گرانتر بە شوێنکەوتوەکانی بڵێیت تۆ بت-پەرستیت! مرۆڤایەتی هەرگیز قۆناغی بت-پەرستیی تێنەپەڕاندووە و لە قووڵایی بت-پەرستیدا ماوەتەوە. تەنها بتەکان دەگۆڕدرێن، جێگۆڕکێ بە (شوێندان)ـی بتەکان دەکات. بت-پەرستی یەکێکە لەو پەتایانەی مرۆڤایەتی توشی بووەو بەدەستییەوە ناڵاندویەتی، لە ئێستاشدا هەر بەدەوامە، جێگۆڕکێیەک کە بە بت-پەرستی کراوە ئەوە نییە ژمارەی بتەکان کەمبوونەتەوە، ڕەنگە وەک خۆیان مابنەوە، بەڵکو ئەویە؛ بتی خاوەن پەیکەر کەمبووەتەوە و لەجێی ئەو بتی نابەرجەستە و ئەبستراکت جێی گرتوەتەوە. مادام بت-پەرستی لەناو چوارچێوەی بەپیرۆزکردندایە، کەواتە ڕەخنە قبوڵناکات، بڕوای بەوە نییە نەک باسی کەموکووڕییەکانی بکرێت، بەڵکو دان بە کومورتییەکانی خۆیدا نانێت. کەسی بەبتبوو خۆی لەسەروو ڕەخنە و لێپێجینەوە دەبینێت، کاتێک دەگوترێت فڵانە کەس ئەوەی دەی کات لێی ناپێچرێتەوە و لەسەروو لێپێجینەوەوەیە ئەوە بتە و بووە بە بت. هەر کەس، دامەزراوە، حزب، مەزهەب، گروپ و ئایدیۆلۆجیا لەسەروو ڕەخنەو پرسیارکردنەوە خۆی دانا، ئەوە داوای تەقدیس و بەبتبون دەکات، داوای خوداداریی دەکات. مامۆستا کە ڕەخنەی قوتابییەکەی قبوڵناکات، ئەوە داوای ئەوە دەکات قوتابییەکانی بیکەن بە بت. سەرکردە کە پێی وترا (بیستمان و گوێڕایەڵین) ئەوە بووە بە بت و خەڵکەکە بەندەن. مەلای دینی مادام ڕازی نەبوو لەسەر دوانگەکەی ڕەخنەی لێبگیرێت، خۆی کردووە بەبت، هەر یەک لە سیستمی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، مادام خۆی لەسەروو ڕەخنەوە دانا، ئەوە داوای بەبتبونی خۆی دەکات. دینە-یەکتاپەرستەکان لەسەرتادا شەڕی گەورەیان لەگەڵ ئەقڵی بت-پەرستی کردووە، بتی بەبەردبووی ماتریاڵیان لابرد، بەڵام بتی ناو زەین، ئەو بتەی لە وشە دروستدەکرێت، ئەوە بتەی وەک چەمک و وێنەی زەینی دەمێنێتەوە؛ دەستیان بۆ نەبرد. لە ئێستادا، ئاینە یەکتاپەرستەکان پڕپڕن لە بتی داتاشراو بە وشە، بتی دەقێکی پیرۆز، بتی شێخێک، پێغەمبەرێک، دەسەڵاتدارێک، مێژویەکی پیرۆزکراو، شوێنێکی پیرۆزکراو، بتی سامان، بەناو شیپاڵۆک(فلتەر)ی یەکتاپەرستیدا تێدەپەڕن و ناپاڵێورێن، چونکە ئەم ئەقڵە، دوای مەرگی ئیبراهیمەکانی ناویان، کاهینەکان هاتوون و جارێکی تر ئەقڵی بت-پەرستی بە وشە دادەڕێژنەوە. ئەقڵی دینی وا سادەبووەتەوە پێی وایە دانانی پەیکرێک لە ماڵدا، وەک کارێکی هونەری و جوانی، حەرامە، چونکە ئەوە بتە، لەوە ناگات، ئەم پەیکەرە لە خواوەندیی خراوەو تەنها کارێکی هونەرییە، کەچی درکیش بەوە ناکات، هەر خۆی ڕوکاری دەقی لێبووە بە بت و پیرۆزی دەکات، ناتوانێت لێی دەربچێت. دەکرێت بت سیاسییەکی بەدەسەڵات بێت، دەکرێت پیاوێکی دینی بێت، دەکرێت ڕۆحانییەک بێت، دەکرێت لە ژیاندا بێت، یان مردبێت، دەکرێت سەرمایە بێت، ئیتر سەنەم لای مرۆڤی دێوانە بەبت دەکرێت لە داهاتوودا بێت(وەک چاوەڕوانی ڕزگارکەر لەناو زۆر ئایدۆلۆجیای دینی و نادینیدا). چاوگەی مەعریفیەی بت-پەرستی نەزانی و بیرنەکردنەوەیە، سیستمێک کە دەبێتە بت، هەمیشە لە بیرکردنەوەی ئازاد و کەسی ئازد دەترسێت، لەناو ڕژێمە پەروەردەییەکەیدا لەجێی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بیری تەڵقینی برەوپێدەدات، لەجێی برەودان بە ئەقڵی داهێنەرانە، ئەقڵی لاسایگەراو تەقلیدی و جوینەوە برەوپێدەدات، سەیری سیستمی پەروەردەی خۆمان بکە، بەئاسانی بۆت دەردەکەوێت سایکۆلۆژیای تاک ئامادەدەکات بۆ قبوڵکردنی بتەکان، نەک شکاندنی بتەکان.  زمانی بت-پەرستی خاوەنی ئەدەبیاتی خۆیەتی، دابەشکردنی کەسەکان بۆ شوان و مێگەل، بۆ بەندە و سەردار، کۆیلە و خاوەن کۆیلە لە ناو زمانی بت-پەرستییەوە چاوگەیان گرتووە. لەناو حزبی کوردیدا کە دەوترێت: سەرۆکی نەمر و هەمیشەیی، ئەزبەنی، ڕابەری نەمر، جەنابی ئەمیندار، دەوڵەتمەدار، جەنابی ئەمیر، براگەورە، سکرتێری گشتیی، ناوی کەسیی خۆیان لادەبرێت، ئیتر کاندیددەکرێن تا بە پرۆسەی بەبتبوندا ببرێت، ئەمانە ئەدەبیاتی بتگەریین، ئیتر بت بەرەبەرە دادەتاشرێت، دواتر لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتیان وەک بت خۆیان بەشایەنی هەرهەری و هەمیشەیی دەبینن، خەڵکی تریش دەبێت ویردی سەرزمانیان بۆ ئەم بەبتبوانە وتنەوەی ئەو وشە داتاشراونە بن کە بت لێیان ڕازی دەبێت. مەزاری نەمران، ئەزهەری شەریف، بیارەی شەریفە، مەککەی موکەڕەمە، نەجەفی ئەشرەف، مەزارگەی پیرۆزی فڵان شێخ... کە ئەم گوزارشتانەیان بۆ بەکارهات، ئەوە ئەمانە لەناو ئەدەبیاتی بتخانەدا ناویان بۆ داتاشراوە و پەرستگەی دانانی بتن. پەروەردەی سیتمی بەبتبوو، کەسەکان بە بچوکی پەروەردەدەکات، وایان لێدەکات هەرگیز هەست بە بوونی سەربەخۆ و گەورەیی خۆیان نەکەن. هەمیشە مرۆڤی بودەڵە و بڕوابەخۆنەبو دروستدەکەن، مرۆڤێک هەمیشە گرێی خۆبەکەمزانین و ڕقلەخۆبونەوەی تێدا بێت، مرۆڤێک خۆی بەشایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانە و مەزن نەزانێت، مرۆڤێک چێژێکی ساختە لەم بودەڵەییەی خۆی ناگۆڕیتەوە بە چێژی هەقیقی مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن وجودی سەربەخۆ. لەبەرانبەریشدا سەرکردەکانت بۆ بڵنددەکات، لەپایەی مرۆڤبوون بەرەوسەرەوەیان دەبات، بۆگەنیان دەبێت بە میسک و گوڵاو، وتەیان دەبێت بە وتەی پیرۆز و پڕ لە حیکمەت! بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی بتپەرستان دروست بکەیت، مرۆڤەکان بچوک پەروەردە بکە. خۆبەکەمزانین لەناو دڵیاندا بچێنە. وایان لێبکە وابزانن سەرکردەکان هەموو شت دەزانن و ئەمان هیچ، وایان لێبکە بیان کە بە مەڕ، سەرکردە شوانەکان نەبن ئەمان ناتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن و گورگ دەیان خوات، پیاوە ئاینییەکان نەبن؛ ئەمان ڕێی پەرستن و بەرەوخواچوون و ساڵحبوون نادۆزنەوە، سەردارەکەی نەبێت، ئەم لەبرساندا دەمرێت، مامۆستاکەی نەبێت، ئەم بیری بۆ ناکرێتەوە.  سیستمێکی سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری... کە نەگۆڕدرا و بڕوای بە گۆڕان نەما، کە گەشتە ئەو قۆناغەی پێی وا بێت ڕژێمە دینی، مەزهەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی...یەکەی خۆی هەقیقەتەو نابێت نوێبکرێتەوەو بگۆردرێت، ئیتر ئەو سیستمە بووە بە بت، شوێنکەوتوانی وا پەروەردەدەکات پاڵی لێبدەنەوە و خەریکی سیستم لێسانەوەبن، خەریکی بتپەسرتی بن. سیستمی بەبتبوو، سیستمێکە بە زەبروزەنگ خۆی دەهێڵێتەوە، ئەندامەکانی کۆمەڵ توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات. پەروەردەکەی پەروەردەیەکە مرۆڤی دووڕوو و سیستم پەرستبن، مرۆڤ گەلێک پەروەردەدەکات ئەگەر سیستمەکە دینی بێت، مرۆڤەکانی جەوهەرێکی خۆپەرست و دنیاپەرستیان لێدروستدەکات، بەڵام لە ڕوکاردا دینین، دەم یان پڕە لە خودا و دڵیان پڕە لەناخودا، باسی هیچیی دنیادەکەن و ماددەپەرستی وەک خۆیان کەمە. سیستمی سیاسی بەبتبوو، خەڵکێک پەروەردەدەکات لە ڕوکاردا دڵسۆزی ڕژیمەکەن، بەڵام لە گەوهەردا دڵسۆزییەکەیان ڕاستەقینە نییە و ساختەیە. ڕژێمی بەبتبوی کۆمەڵایەتی، لە پەیوەندییەکانیاندا تاکەکان لە ڕووبەڕوودا دڵسۆزی یەکتری دەربکەون، بەڵام لە پاشملەدا خەریکی تێکشکاندنی یەکتری و زەموزەمکارین، چونکە ئەم جۆرە ڕژێمە مرۆڤی دووڕوت بۆ پەروەردەدەکات. بت لە بواری سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، دەرونییەوە خۆی دەخزێنێتە ناو سیستمی بیرکردنەوەمان، هەرگیز ئەوە مەرج نییە کەسێک ڕووپۆشی ئازادیخوازی پۆشیبێت و بتپەرست نەبێت، مەرج نییە دینداربێت و بتپەرست نەبێت، دەکرێت، سەری زمان و بنی زمانی باسی یەکتاپەرستی بێت و لە پەرستگەی بتەکاندا کاهین بێت. دەکرێت خۆی بەدەرونناس بزانێت و دەرونی پەرستگەی بت بێت. لە ئێستادا و لە دونیای نادیمۆکراسیی ئێمە، سیستمی دینی و سیاسی، لە بت-پەرستیدا دژی یەک نین، یەکتری تەواودەکەن، سیستمی دینی پێی وایە ملهوڕ کەسێکە کە شەریعەتی دانراو، جگە لە شەریعەتی دینی، پیادەدەکات، ملهوڕ لەم دیدەدا، بەم کارەی داوای خوداداری دەکات. بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارێکی ملهوڕ، مادام شەریعەت جێبەجیدەکات ستەمکار نییە و لەناو ستەمەکەشیدا بتی سەرکردەی ستەمکار دانەتاشراوە، تەنها لەبەر ئەوەی شەریعەت جێبەجێدەکات و بەڕووکار؛ داوای خوداداری ناکات. لە مێژوی ئیسلامیدا، هەر بەهۆی ئەم دیدەوە، دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی کە دەسەڵاتی بنەماڵەی پیرۆز بوون، پێشیان وتراوە خیلافەتی ئیسلامی، خەلیفەکانیش خەلیفەی موسڵمانان بوون، تا ئاستی موقەدەسکردن  موقەدەس بوون، سوڵتان عەبولحەمید لە ساڵی ١٨٧٦ کە دانی بەدەستوری نوێی عوسمانییەکاندا نا، لە ماددەی پێنجیدا هاتووە: (خودی حەزرەتی سوڵتان پیرۆزە و لێی ناپرسرێتەوە)، ئەم بەبتکردنی سوڵتانە، فلتەریی ئاینی ئەوسا، ئەم بەخواوەندکردنە قبوڵدەکات و بە شرکیشی نازانێت، ئەم جۆرە سیستمە ئاینییە سەرچاوەی داننانە بە ملهوڕی سیاسی، شەرعییەتی دینیشی بۆ دادەتاشێت.  بت-پەرستی سیستمێکی زۆر بەهێزە و زۆر ورد کاری خۆی دەکات، ئاسان نییە مرۆڤ بانگەشەی ئەوە بکات بڵێت من خۆم لە بت-پەرستی پاککردوەتەوە، خۆ ئەگەر بانگەشەشی بۆ بکات؛ ڕەنگە تەنها بانگەشە بێت، خۆی ئاگایی ئەوەی نەبێت بتەکانی ناو ناخی دەستنیشان بکات و دان بە نەخۆشیی بت-پەرستیدا بنێت. تەنها هۆشیاریی و هۆشیاربوونەوە دەکرێت وامان لێبکات بتەکانی ناومان ببینین، بەڵکو ناهۆشیاری وامان لێدەکات نکووڵی لەو هەموو بتە زۆر و زەوەندە بکەین کە لە دەرونماندا چێنراون، بت-پەرستی جاری وا هەیە ئەوەندە وردو بێدەنگ لەناوماندا کاردەکات، لە خشەی پێی مێرولەیەک بێخشپەترە، تەنها گوێی هۆشیاربووەنەمان دەتوانێت بیبیستێت، تایەفەی قاڵ و قیڕەقیڕ بتەکانی ناخمان لێوندەکەن و بەشتی ترەوە دەسخەڕۆمان دەکەن، تایەفەی قیل و قال ئەو تۆوە ئیبراهیمییەی لەناوماندایە دەکوژێت و تۆوی بتپەرستی و کۆیلەبوونمان بەهێزدەکات. کاتێک ژنە زیناککەرەکەیان هێنایە بەردەم مەسیح تا سەنگەساری بکەن، ئەو وتی کێتان تاوانی نەکردووە با یەکەم بەردی تێبگرێت، ئێستا کێمان بتپەرست نییە با دەستبەرزبکاتەوە، لێرە نا، با بچێت لەناو ئاوێنەکەی ناخییەوە لە دەرونی بڕوانێت و بڕیاری خۆی بدات کە ئایا بت-پەرستە یان نا؟  


دانا نەقی   نەوت ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبینێت لە ڕووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سەقامگیری جیهان. لە ووڵاتی ئەمەریکا لە سەدەی نۆزدەوە نەوت بە سەرچاوەیەکی بەهێزی بەرهەمەکانی ووزە هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە لە سەدەی بیستەوە دەستیان بە سەر ٤٠٪ ووزەی جیهان و نەوت گرتوە. هەر قارەیەک یاخود هەردەوڵەتێک لەمپەری دروست کردبێت بۆ ئەمەریکا لەم سەرچاوە سروشتیەی ووزە، ئەوا بێ گومان ڕووبەروی نەهامەتی و قورسی ژیان و ڕووخان بوەتەوە. ئەمەریکا لە تەمەنی دەوڵەتداری خۆیدا سێ کات توشی قەیرانی ووزەو نەوت بوەتەوە ئەویش لە ساڵەکانی ١٩٧٣، ١٩٧٩، ١٩٩٠ خوێنەرانی مێژووی سیاسەت و شارەزایانی بواری سیاسی دەزانن هۆکاری ئەو قەیرانانە چی بوەو چەند دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت ئەو دادەپینەی ووزەی ئەمەریکا بون و ئێستا سەرۆکەکانی ئەو کات لە کوێن و مێژوو بە دەستی ئەمەریکا چی بە سەر هێنان، بە هەر حاڵ سەبارەت بە هەرێم و نەوت شت زۆرە بۆ نوسین و ووتن، بەڵام دەبێت کێ گوێبگرێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و شاربەدەر بکرێن، بۆ وەڵامی دروست دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی ڕابێنێ لە گەڵ ڕاستکردنەوەی هەڵە زەقەکانی، کە کردوونی لە ساڵی ٢٠٠٧ هەتاوەکو ئێستا. ڕوونە نەوت و سەرچاوەی  سروشتی گەر بۆ دەوڵەتانی کەنداو ئاشنا بونیان بوبێت بە ئابوری مۆدێرنە ئەوا بۆ کوردستان ملیارات دۆلار قەرزاری کردین، گەر بۆ ووڵاتان مایەی خۆشگوزەرانی و گەشەی بازاڕو پیشەسازی بوبێت ئەوا بۆ کوردستان کۆمەڵێک بەرپرسی دەوڵەمەند کردو ئەوانیش بزنسی ئەم نەوتەیان دا بە دەستی هەندێک کۆمپانیای بیانی و شەریکە بەش. بێ ئەوەی لەماوەی ئەم سیازدە ساڵەی ڕابردوو هەوڵدەن لە  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ پێگەیاندنی کادری لۆکاڵی و ئەزمونکردنیان بۆ دەیەکانی داهاتوو، وە  پشت ئەستور بن  بە توانای مرۆیی ناوخۆ لەم بوارەدا، بە داخەوە ڕێگریش دەکرێت لە کۆمپانیا نەوتیە لۆکاڵیەکان بۆ کار کردن هەوڵدان بۆ بون بە خاوەنی کێڵگەو کۆنتراکت لە حەقلەکانی کوردستان، نمونە کۆمپانیای داینا ستی  توانی پشکەکانی کێڵگەی کوردە میر، تۆپخانە بکڕنەوە لە کۆمپانیای  ڕیسپۆڵ ی ئیسپانی لە بڕی هاوکاریکردنیان و دەستگرۆی کردنیان دێن سەرەڕایی دروست کردنی کێشە دواجار بێ بەشیان دەکەن و ڕێگەیان نادەن کار کەن، ئەمەش جارێکی تر کەسیایەتی حکومەت لە بەر نەزانی دەخاتە بەردەم دادگاو پەڕاوو میدیاکانی جیهان بۆ نیشاندانی ناشرینێکانی سیاسەتی نەوت لە هەرێم. دەبێت حکومەتی هەرێم هەر زوو هەوڵدات بۆ بە نیشتمانی کردنی نەوت و سەرچاوەکانی ووزە شان بە شانی سێکتەرەکانی تر، نەک نەوت و کێڵگەکانی هەرێم لە دوو ووڵات تاپۆ بکرێت، وە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا تەماشاکەر بن، تکایە ئاگادار بن ئەگینا نە کوردستان لە موسەدەقی ١٩٥١ بۆ ١٩٥٣ ئێران لێهاتوو ترە، نە وەک فەنزەویلاش خاوەنی عەقیدەی شوعی یە بەرگە بگرێت. 


مەریوان وریا قانع   تێکدانی ئارامیی وڵاتێک بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەنجامنادرێت، ھەر وڵاتێکیش کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بتوانێت ئارامییەکی تێکبدات لەوە کەوتوە وڵات بێت. وڵات تەنھا کۆمەڵێک شار و ناوچەی جوگرافیی نییە کە ڕێکەوت لە تەنیش یەکەوە کۆیکردونەتەوە، وڵام مانای جێگەیەک کە لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی تێدایە. وڵات لەناو بۆشاییدا دروستنابێت، شتێک نییە خۆبەخۆ ھاتبێتەکایەوە، بەڵکو دروستکراوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، ئەوەی وڵات دەکات بە وڵات و دروستیدەکات، بە پلەی یەکەم، سیاسەت و ھەڵسوکەوتی حوکمڕانەکانیەتی. ئەوەی لەو ھەرێمدا بوونی نییە ئەو لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە کە بەسەریەکەوە بێمتمانەییەکی گەورە و بەرفراوانیان لە نێوان خەڵک و حوکمڕانان و لەناو نوخبە سیاسییەکە و زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەرێمەکەدا دروستکردوە. کەی تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامی وڵاتێک تێکبدات ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ھیچ پێگەیەکی بە وڵاتبوونی تێدا نییە. مانای ئەوەیە ئەو لانی ھەرەکەمەی متمانەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تیا نییە کە ھەموو پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ئارام پێویستیی پێیەتی. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان لە فۆرمە بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانییەکەیدا لەدەستیانداوە، بوونی ئەم لانی ھەرە کەمەی متمانەیە، کە ھاوشانە بەبوونی لانی ھەرەکی بەرپرسیارێتی سیاسیی. بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە ھەڕەشە و توندوتیژیی و تاوانبارکردنی ھەموو ئەوانەیە لە دەرەوەی بازنە داخراوەکەی ئەواندا و لەدەرەوەی سیاسەتە وێرانکارەکانی ئەواندا بیر لە چارەسەری کێشەکانی ئەو ھەرێمە دەکەنەوە. ئەم دۆخی نەمانی متمانەیە وایکردوە گرتن و فڕاندنی چالاکەوانە سیاسیی و مەدەنییەکان، پڕکرنی شەقام و کۆڵانەکان لە ھێزی چەکدار و تێڵابەدەست، درۆکردنی بەردەوام، ھەڕەشە و ترساندنی ھەمەلایەنە، ببێتە زمانی قسەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا کە گوایە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم سیاسەتەش نەک چارەسەری ئەو دۆخی بێمتمانەیی و ناڕازیبوونە ھەمەلایەن و بەرفراوانە ناکات، بەڵکو گەورەتر و بەھێزتری دەکات. دروستکردنی متمانە و دابینکردنی ئارامیی پێویستیان بە زۆر شتە، یەکێک لەوانە دروستکردنی باوەڕبوونە بە ئایندەیەک باشتر و جوانتر لە ئێستا، باوەڕبوونە بەوەی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن، کێشەی کاتیین و بە کاری پێکەوەیی تێدەپەڕێرێن، ئەوەی لە ھەرێمدا وێرانکراوە ئەم وێنەیەیە بۆ ئایندە. ئەوەی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ناتوانێت دەستەبەریبکات، لانی ھەرە ھەرە کەمی باوەڕبوونە بە بوونی ئایندەیەکی لەو شێوەیە. حوکمڕانانی ھەرێم لە ئێستاوە منداڵەکان و منداڵی منداڵەکانیان وا نیشانئەەدەن کە دوای خۆیان حوکمڕانیی ئەو ملیۆنەھا منداڵانەی ترن، کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئایندە ئایندەی نەوەکانی ئەمانە و لەم ڕووەوە درێژدە بە ھەمان عەقڵیەت و ھەمان فۆرم و ھەمان شێواز لە حوکمڕانیی، دەدەن. متمانە پابەستی ئەوە نییە مرۆڤ لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژیی یان نا، بەڵکو پابەستی ئەوەیە بڕ و ڕادەی نایەکسانییەکان، بڕ و ڕادەی سیاسەتی ھەڵاوێردن و جیاوازیکردن، بڕ و ڕادەی سیاسەتی بەخشینی ھەلی یەکسان و سیاسەتی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، لە چ ئاستێکدایە. حوکمڕانانی ھەرێم ئەو وێرانەیە نابینن کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ئەو ھەرێمەیان دروستکردوە. بە زمانێک قسەدەکەن تا دێت توڕەیی و نەفرەتی خەڵک گەورەتر دەکات، زمانێک پڕە لە درۆ و دووڕویی و دەمامک. ئەوان شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی ئەنجامئەدەن، تاوان دەکەن و وەک دەسکەوت نیشانیئەدەن، دزی دەکەن و وەک دەوڵەمەندی ئابووریی دەیفرۆشنەوە. دائیرەیەکی بچووکی شارەوانی، یان بنکەیەکی پۆلیس، یان باڵەخانەیەکی حیزبی بە ”موڵکی گشتیی“ دادەنێنن، کەچی داھاتی نەوت و دەزگاکانی حوکمڕانیی و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکە، وەک موڵکی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی مامەڵەدەکەن. ئەگەر تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامیی و ئاسیشی وڵاتێک تێکبدات، ئەوە مانای ئەوەیە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە شتێکیان دروستکردوە بە فویەک دەڕوخێت، بۆ ئەوەی ئەو فوەش نەکرێت، سەرجەمی وڵاتەکە بە سەربازگە دەکەن. ئەمە ئەو ڕاستییە زۆر سادەیەیە کە ساڵانێکی درێژە ئەو حوکمڕان و بنەماڵە سیاسیانە نایانەوێت بیبینن. تاوانبارکردنی ئێن ئار تی بەوەی ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتیی لە سادەترین فۆرمیدا.


سەهین موفتی ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە دایک و باوکی بە شەق بەرەو سندوقی دەنگدان ببەن، بە زۆری زۆردارێتی دەنگ بە حیزبی بەعس و سەرۆکەکەی بدەن، ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە رایان مۆڵی هەولێری ئێستا پێشتر چی بوو، چۆن باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی بە ژێر زەمینەکەیەوە، تاڵان کراو تەنانەت شیشی نێو بناغەو چیمەنتۆکانیش دەرهێنران(هێزی پاتار)، هوتێلی شیڕاتۆنیان بیرنایەت چۆن ببوو بە بێژینگ، پاشماوەی شەڕی براکوژی...! کام خۆپێشاندان؟  ئەم هەموو خۆ پێشاندانەی لە هەولێر لە ساڵانی رابردوو کران، لە کام شاری کوردستان کرا؟ لێ لەودەمەی زاندرا ئاڕاستەو رێڕەوی خۆپێشاندانەکان دەگۆڕدرێت و گروپە داعش فیکرو ئیخوانییەکانی ئەودەم و ئۆکتۆبەرچییەکانی ئێستێ دەیانەوێت سواری شەپۆلەکە بن، ئیدی هەولێرو هەولێرییەکان نایانەوێت، نەخۆشخانەکان بسوتێنن، نایانەوێت دام و دەزگای حکومی وێران بکەن، ئاخر ئەمانە هەمووی موڵکی گشتین، هی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران نین، هی سکرتێری پارتی و یەکێتی نین،نموونە خۆپێشاندان بوو بۆ دژایەتیکردنی ئێران و تورکیا بۆ وەستاندنی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان، بە سوتاندنی دوکانی مەیفرۆشەکان کۆتایی هات...! هەولێرو هەولێرییەکان، هێندەی لەخەمی ئاوەدان و رازاندنەوەی زێدەتری شارەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە زەرەر بە شوێنێکی گشتی بدەن، بەڵکێ بیانەوێت گورز لە حیزبێکی ناخزمەتگوزار بدەن، بەبێ دەنگی، بە ئارامی،  رۆژی دەنگدان، تۆڵەی لێ دەکەنەوە....! ناچن شارەوانی و قایمقامییەت و نەخۆشخانە بسووتێنن، هەزار جاران رقیان لە قایمقام ببێت، سکاڵا لای پارێزگار دەکەن، کە رقیان لە پارێزگار هەستێت، سکاڵا دەبەنە سەروی ئەو، کە رقیان لەسەروی ئەم هەستێت، شەڕی دەنگدانیان لەگەڵ دەکەن. خۆپێشاندان، دەبێت هەبێت، داواکرنی ماف، دەبێت هەبێت، بەڵام کام جۆری خۆپێشاندان؟  خۆپێشاندانێک، بۆ گەیشتنی نەخوێندەوارو هیچ نەزان بە پەرلەمان؟


عەزیز ڕەئووف لە ئێستادا گەیشتوین بە ئاگر، ئیدی نە قسە شوێن خوی دەگرێ، نە هاواری سەر سەکۆی پارکەکان سودی ماوە. ئێوە گوێتان نەگرت، نوسین، هەڵبژاردن، مانگرتن و بایکۆت هیچی لە عەقڵ و ویژدانی ئێوە دەسکاری نەکرد. ئیدی گەیشتینە ئاگر، ئیدی سەبر و تەحەملی گەنجانیش بوو بە ئاگر، ئیدی دەرونی ئەم نەوەیە گڕ دەگرێ، ئیدی گەیشتینە ناڕەزایی و بەرد و دەمهەڵبەستنی نیوەشەو. کام شوێنی گشتی؟ کام دام و دەزگا؟ کە فەزایەک نەما بۆ گشت شوێنی گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ داهاتی گشتی بۆ کەمینەیەک و خەم و ئازار و برسێتی بۆ گشت، پارەی گشتی بۆ ئێوە بێ و چاوەڕوانی و برین و نائومێدی بۆ گشت، خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بێ و دۆخی بێ نان و کار و ئازادی بۆ خەڵک، کە خەڵک نە متمانەی بە دەسەڵات ما نە ئۆپۆزسیۆن، کە گەنجی وڵاتی من هیچی نەما بیدۆڕێنێ، شوێنی گشتی و دام و دەزگای گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ شوێنی گشتی یەکسانە بە خەمی گشتی، کە شەقام و کۆڵانەکانت جێهێشت، کە گوێچکەت نەما بۆ گوێ گرتن، دەبێ چاوەڕێی ئاگریش بکەی، کە ئاگریش شوێن خۆی نەگرت، هەنگاوێکی تر دەبینیت. کەس فریات ناکەوێ نە میدیا و نە بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان، نە هێزی چەکدار و نە زیندانەکانتان. ئێوە دەستی دەرەکی نەبێت دەمێک بوو ببوون بە خۆڵەمێش، ئیدی گەنجی وڵاتی من دەستی دەرەکی لەپشت نیە، بەڵکو ناشرینی و گەندەڵی و بەتاڵی تۆی لە مێشکە، تەمەڵترین خوێندکاری من لە دیارترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاگا و هوشیار ترن. ئێوە واتان کرد بگەین بە ئاگر، ئێوە واتانکرد بگەین بە ناڕەزاییەکانی نیوەشەو ئیدی گەیشتین بە ئاگر و نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک.


 شوان سدیق: ئیتاڵیا ھەردووکیان ئیسلام نەبوون، ھەردووکیان لەدوو ئایین و باوەڕی جیاواز، ھەردووکیان ڕفێنەرەکانیان گروپە ئیسلامییەکان بوون، کەچی ھەردوو کیشیان چوونە سەر باوەڕی موسوڵمان و ئیسلامییەکان. سیلڤیا ڕۆمانۆ کچێکی ئیتاڵیە، حەلا مەحلۆ کچێکی ئێزدیە ھەردووکیان لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکان لەئەفریقاو عێراق ڕفێنران کەچی پاش ماوەیەکی زۆر ئازادکران دەبینی بوونەتە باڵا پۆش و چوونەتە سەر باوەڕی ئیسلامییەکان. 🔴 چیرۆکی سیلڤیا ئەوان پێشتر چاوەڕێ بوون کچەکەیان لەدەستی ڕفێنەرە ئیسلامییەکان دەربازی ببێ، کەچی پاش ئازادبوونی تووشی سەرسوڕمان بوون! پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٠ سیلڤیا ڕۆمانۆی کچە تەمەن ٢٥ ساڵ گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا. سیلڤیا لە ٢٠ی نۆڤێمبەری ٢٠١٨ گروپێکی جیھادی لەوڵاتی کینیا دەستبەسەرکرابوو. دواتر بەھاوکاری ھەواڵگری ئیتاڵی بەدوورین٣٠ کیلۆمەتر لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ ئازادکرا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆما، لە فڕۆکەخانە لەلایەن جوسێپێ کۆنتێی سەرۆکوەزیران و دیمایۆ وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی ئیتاڵی پێشوازیان لێکرد. ئەوەی چاوەڕوانکرا وا دەرنەچوو، سیناریۆی کچە ئێزدییەکان دووبارە ببێتەوە، چونکە کاتێک کچە ئێزدییەکان لەدەستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە"داعش" ئازاد دەبوون جلوبەرگ و سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدا. بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سیلڤیا بۆ ڕۆمای پایتەخت، ئیتاڵییەکان بینیان کچەکەیان، لەچکی کردوەو بووە بەباڵاپۆش زۆریش بەلایەوە ئاساییە. ئەمە بۆ زۆرێک لەئیتاڵییەکان، بەتایبەتی ڕاسیست و ئەنتی ئیسلامی و ئیسلامفۆبیاکان، مایەی سەرسوڕمان بوو چونکە بەبۆچوونی ئەوان "سیلڤیا" لەلایەن گروپە ئیسلامییەکان دەستبەسەر کراوە، کەچی ئێستە جلوبەرگی کەلتوری سۆماڵی پۆشیوە! بەشێکی دی لەئیتاڵییەکان پێیانوایە ئەمە ژیانی تایبەتی "سیلڤیا" خۆیەتی و ئازادە پێویست ناکات، کەس ڕەخنەی لێ بگرێ ئەوەی گرنگە ئێستە ئەو گەڕاوەتەوە بۆ نێو وڵات و خێزانەکەی. سیلڤیا پێشتر وەک چالاکوانێکی خۆبەخش لەنێو منداڵانی ئەفریقی کاریکردوە و زۆرجار لەوێ ماوەتەوە. 🔴 چیرۆکی حەلا حەلا مەحلۆ کچە کوردێكی ئێزدییە، دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی 2014 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەمیرێکی داعش پێکهێناوە، ماوەی چەند رۆژێکە بووەتە باسێكی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داوای دیاریکردنی چارەنووسی دەکرێت، داعش داوای ئازادکردنی دەکات و لەبەرامبەریدا فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی بەبارمتە گرتووە. حەلا مەحلۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند ئەندامێكی دیکەی داعش لە کەرکووک دەستگیرکراوە. بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنی نەیگوتووە کوردی ئێزدییە و ترساوە قبووڵ نەکرێتەوە، پاشان لە دان پێدانان گوتویەتی کوردی ئێزدییە. داعش نۆ مانگە فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لە قەرەتەپە رفاندووە و بە بارمتە هێشتوویەتییەوە، 10 رۆژی داناوە تاوەکو حەلا ئازاد بکرێت و بگەڕێنرێتەوەی لای ئەوان، ئەوانیش فەرمانبەرەکەی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکەن. ئەگەرنا بە گوتەی فەرمانبەرەکە کە نامەی دەنگی بۆ کەسوکارەکەی ناردووە "دەیکوژن". خێزانەکەی حەلا ئێستا لە کەمپی شاریا دەژین و هێشتا سێ برا و باوکی بێسەروشوێنن. دایک و برایەکی ئەو کچە کوردە ئێزدییە سەردانیان کردووە، براکەی دەڵێت، "قسەم لەگەڵی کرد، داوای کرد بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی و دایکم ببینێت". پاش ئەو ماوەیەی زۆر ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئاب حەلا ئازادکراو ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. ھاوڵاتیان وێنەی حەلایان بینی بەجلوبەرگی ئیسلامەوە تووشی شۆک بوون، ھەندێکیان پرسیویانە چۆن کەسێک ڕفێنڕاوەو دوای ھەر خۆی دەچێتە سەر باوەڕی ڕفێنەرەکان؟! پاش گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکاری لە ھەرێمی کوردستان، دیارنیە ئایا حەلا ھەر لەسەر ئایینە نوێیەکەی دەمێنێتەوە یاخوود دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی ئێزدی. بەڵام جیاوازی خێزان و دورپشتی سیلڤیای ئیتاڵی لەگەڵ حەلا ئەوەیە سیلڤیا لەنێو خێزان و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە ئەو پاش ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ میلانۆی ئیتاڵیا لەسەر ئایینە نوێیەکەی خۆیەتی ڕێگریشی لێ ناکرێت! چیرۆکی حەلا سەرچاوەی زانیاریەکان لە ماڵپەری رووداو وەرگیراوە.


پەری مامەسێنی ‏عێراق یٔێستا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی سیاسی بێ وێنە بۆتەوە . ناڕەزایی گەورە سەرانسەری وڵاتی گرتۆتەوە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان یٔێران و یٔەمەریکا زۆر جار لە شەقامەکانی عێراقدا یاری دەکات .حەشدی شەعبی و میلشاکان لەودێو کۆنترۆڵی دەولەتەوە خۆیان وەک حکومەتیکی سەربەخۆ کار دەکەن لە وێنەکەدا یٔیران کێشە گەورەکەیە لە عیراق و بە گشتی لە کەنداودا هەرچەند ڕەنگە لوبنان و سوریا و یەمەن خراپترین کێشەی ناوچەکە بن دەستی یٔیران لەوێ ھەبیت، بەڵام بە تۆخی عێراق خالی ستراتیژیی یٔیرانیەکانە. ‏یٔەمریکا پێشتر زەمینەی زۆری لەدەستداوە بۆ یٔەوەی بژاردەی باشی هەبێت لە عێراق و کەنداودا ، بەڵام دەبێت لانیکەم خۆی بەدوور بگرێت لە دۆڕاندنی یەکلاکەرەوەی ‏پێویستە هاوکاری عێراق بێت بەدیهێنانی یٔاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی بەدابینکردنی یارمەتی لەچاکسازیی حوکمڕانی و یٔابووریی. ‏ھاوکاری عێراق بێت بۆ دروستکردنی هێزی یٔەمنی بۆ یٔەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت بێ یٔەوەی پێویست بکات بترسێت یان پشت بە هیچ هێزێکی دراوسێ یان هێزی دەرەوەی خۆی ببەستێت . ‏پێویستی قەناعەت بەعێراقییەکان بکات بەوەی یٔەمریکا لەبەرژەوەندیی یٔەوان ڕەفتار دەکات و بەسادەیی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا دەکات نەوەک وەک هێزێکی داگیریکەری دیفاکتۆ ، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی دەبینیت بۆ پشتیوانی سوپاو هێزی یٔاسمانی عێراق دۆستی عیراقیەکانە. ‏دواجار یٔەمریکا پێویستی بە یٔەرکێکی جێگیر هەیە کە یارمەتی عێراق بدات پلانی کۆنکرێتی هەبێت ، بەڵام دروستکردنی عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ یٔەو یٔامانجەیە کە بەڕاستی گرنگە .دواجار کاریکی باشە عیراق و یٔەمریکا ھەنگاو بۆ ریکەوتنی دریژخایەن دەنین کە داوا دەکات یٔەمریکا خۆی پابەند بکات بە هەوڵی بەردەوام بۆ یٔەوەی عێراق وەک نەتەوەیەک دەرکەوێت کە دەتوانێت پێداویستی و چاوەڕوانیەکانی گەلەکەی بەدی بێنێت.  


   عەدالەت عەبدوڵڵا    کاتی ئەوەیە لەسەر دیاردەیەکی تری سیاسیی واقعی ھەرێمی کوردستان بوەستین، کە رەنگە، بەبێ ئەوەی بە وردی رەچاومان کردبێت، ھۆکارێکی ئەو قەیرانانە بێت کە تیایاندا ئەژین و سەرچاوەیەک بێ لەسەرچاوەکانی گەندەڵی و بگرە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەو سیاسەت-یش، کە بەداخەوە، لەدواھەمین ھەڵبژاردندا، ھەڵبژاردنی (٣٠/٩/٢٠١٨ز)، زۆر بەڕوونی وەدەرکەوت کاتێک کە نزیک بە نیوەی خەڵکی دەنگدەری ئێمە بەشدارییان لەپرۆسەی دەنگداندا نەکرد، ئەمە جگە لە نزیکەی (٥٠) ھەزار دەنگی بەتاڵ کە ئەوەش، ھەر خۆی، ئاماژەیەکی تری ناڕەزایی بوو لەواقعی سیاسی ھەرێم و، دەبڕی ئیرادەی رەتکردنەوەی بەخشینی جارێکی تری متمانەش بوو بە پارتە سیاسییەکانمان، بەجیاوازی رەنگ و ئاراستەو ئایدیۆلۆژیایانەوە.    لێرەدا مەبەست لەدیاردەی (سەرکردە) بێدەسەڵاتەکانە لەناو پارتە سیاسییەکان، ئەو سەرکردانەی کە بە ناو و ناونیشان پلەی (سەرکردە)و ئەندامی سەرکردایەتی، یان ناونیشانی تری ھاوشێوەی سەرکردایەتییان لە پارتەکانیاندا ھەیە، بەڵام لەواقعدا، لەئاست ژمارەیەکی تر لەسەرکردەو کاراکتەری ناو پارتەکانیان، کەمترین دەسەڵات و کاریگەرییان لە بڕیارو ھەڵوێستەکاندا نییەو لە باشترین حاڵدا رۆڵی سەرکردەی کارتۆنی دەگێڕن!، واتە تەنھا ناو و پێگەیان، وەک ژمارە، لە ھەندێ بڕیاردا بەکاردەھێنرێت و بەھۆیانەوە شەرعییەت  بەو سیاسەت و ھەڵوێست و بڕیارانە دەدرێت کە پێشوەخت لەحزبدا، لەلایەن کەسێک، یان چەند کەسێکی دیاریکراوی سەرکردایەتیی حزبەکەوە، داڕێژراون و یەکلاکراونەتەوەو ئەوانیش تەنھا رۆڵی ملکەچییان لەسەرەو ھیچیتر!.   بێگومان، راستە، ئەم دیاردەیە، تەنھا لەناو ژیانی سیاسی و واقعی حزبایەتیی ئێمەدا نییە. ئەمە حاڵی کایەی سیاسی و حزبایەتیی زۆربەی وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتە بەگشتی. لەم ناوچەیەدا، دیموکراسی تائێستا بەشێک نییە لەکولتوری سیاسی تاوەکو حساب بۆ بیروڕای جیاوازو بڕیاردانی بەکۆمەڵ بکرێت و پەراوێزخستن و فەرامۆش روونەدات. کاتێک کە "فاروق سەبری"، نوسەرو سیناریستی بەتوانای میسری، چیرۆکی شانۆگەریی (الزعیم) دەنوسێت، کە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین کارە شانۆییەکانی وڵاتی میسرو جیھانی عەرەبی لەساڵی(١٩٩٣ز)دا، باش دەزانێت کە واقعی رژێمە سیاسییەکانی ناوچەکە، واقعی تاکڕەوێتییەکی سیاسیی پەتیی کۆمەڵێک (سەرکردە)و (رابەر)ە لە حزب و دەوڵەتداو ھیچیتر، نەک واقعێکی سیاسیی کراوە بەڕووی جیاوازی و ئازادیی بیروڕاو سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵ.     پەیامی ئەو شانۆگەرییەش، کە گەورە ئەکتەرانی میسری لەبابەت (عادل ئیمام) و ھاوشانۆکارانی، زۆر بوێرانە، لەسەر تەختەی شانۆ و بۆ ماوەی ٦ ساڵی تەواو(١٩٩٣ بۆ ١٩٩٩م) نواندیان، ئەگەر بەدیوێکدا، پەیامی رووتکردنەوەی ھەقیقەتی دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوێتیی سەرکردەو رابەرەکانی ناوچەکە بووبێت، ئەوا بە دیوەکەی تردا، ریسواکردنی ئەو ملکەچی و بێدەسەڵاتی و زەلیلییە سیاسییەش بوو کە سەرکردەکانی تری تێدا دەژین، چ وەزیر بن، یان سەرکردەو کادری حزبی، بەتایبەتیش لەسایەی رابەڕە تاکڕەوو دەستەوتاقمەکانیاندا.    سەبری، دەیەوێت بڵێت: تاکڕەوێتی ھەر بەتەنھا بەرھەمی زگماکییانەی سەرکردەی نەخۆش و تاکڕەو نییە، بەڵکو زادەی بێدەنگیی ئەوانەشە کە لە رواڵەتدا بەشێکن لە سیستەمەکە، جا لەفۆرمی دەوڵەتدا بێت یان حزب، بەڵام لەناو سیستەمەکەدا، وەک بوکەڵە بەکاردەھێنرێن و لەبەرامبەر کۆمەڵێک ئیمتیازات و لەبەر ترسنۆکی و دەستگرتنیان بە کورسی و پارەی دزراوی میللەتەوە، ئەم دۆخە لە زەلیلی و ملکەچی قبوڵ دەکەن و دەبنە ھۆی چەسپاندنی زیاتری پایەکانی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییەت و زۆرداریی سەرکردەکانیش.   واقعی کوردستانیش، ھەر ھەمان شتە. ئێمە چەندین پارتمان ھەیە کە ژمارەی سەرکردایەتییەکانیان لە سەرو (٤٠ ) بۆ (٥٠) و بگرە لە سەد  کەس زیاتریش ئەبن، بەڵام لەتەواوی ئەو ژمارە گەورەیەدا، تەنھا چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی تەواوی بڕیارو سیاسەتەکانیان کردووە، ئەوانیتر ئەرکیان تەنھا ملکەچی و  وەرگرتنی ئیمتیازاتە لەبەرامبەر ئەم ملکەچییەدا!. ئەوانە، نەک ھەر سەرکردەی کارتۆنی و بێدەسەڵاتن، نەک ھەر کەسانی ھەلپەرست و داماڵراون لە خەسڵەتەکانی کاراکتەری سەرکردە، بەڵکو بە بێدەنگی و قڕقپییان لەدەیان بڕیارو سیاسەتی ھەڵەی حزبەکانیان، ھێندەی تر تاکڕەوی لەناو حزب و دەوڵەتیشدا دەچەسپێنن و حزبی سیاسیش لەھەموو بەھاو پرەنسیپ و چەمکێکی فکری و ئەخلاقی و سیاسی بەتاڵ دەکەنەوە، رەگێکی قوڵی ستەمکاریی سیاسی و دیکتاتۆرییەتیش، ھەر لەناو ئەم دیاردە مەترسیدارەدا چەکەرە دەکات و ئەستووردەبێت، بەداخەوە.


د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج له‌باره‌ی حوكمڕانی و ئه‌گه‌ری گه‌نده‌ڵییه‌وه‌: سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژیانی مرۆیی، هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات به‌ فۆڕمه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئاماده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی رێكخراوه‌، بونیادنانی ده‌سه‌ڵاتێكی یاسا سه‌روه‌رو هه‌ڵقوڵاوی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك رێگه‌ی گه‌شتنه‌ به‌ سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان. كرۆكی سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی بریتییه‌ له‌ هێز، سه‌رچاوه‌ی هێزیش ده‌كرێت مادی و به‌رجه‌سته‌بێت وه‌ك: سه‌ربازی، ئابوری، كه‌لتوری یان ته‌كنه‌لۆژی، یاخود ده‌كرێت پرۆسه‌ی گۆڕینی هێزی مه‌عنه‌وی بێت بۆ هێزی مادی وه‌ك به‌كارهێنان و گۆڕینی ئینتیمای ئایین و نه‌ته‌وه‌و خێڵ و ناوچه‌گه‌رێتی یان ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك بۆ هێزی مادی و به‌گه‌ڕخستنی له‌ سیاسه‌تكردندا. له‌ روانگه‌ی ئه‌‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ سیاسه‌تناسی واته‌ زانستی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزو ده‌سه‌ڵاتدا، سیاسه‌تكردنیش وه‌ك پرۆسه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كاندا خۆی نمایش ده‌كات، واته‌ له‌ دروستكردنی كاریگه‌ری و باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ویست و ره‌زامه‌ندی خۆیانه‌وه‌ ده‌بێت یاخود به‌ ناچاركردن و ملكه‌چكردنیان ده‌كرێت، واته‌ حوكمڕانی و سیاسه‌تكردن پرۆسه‌یه‌كی دوو سه‌ره‌یه‌: به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئارامی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی لێده‌كرێت، هاوشانی ئه‌وه‌ش مه‌ترسی خراپ به‌كارهێنان و گه‌نده‌ڵی و نائارامی و جه‌نگ و وێرانكاریی لێده‌كرێت. لێره‌وه‌ چه‌ند پرسیارێك رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌: بۆچی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی و زۆرداری و سته‌مكاری هه‌نگاو ده‌نێن؟ چۆن چاكسازیی له‌ حوكمڕانیدا ده‌كرێت؟ بۆچی و به‌ چ ئامانجێك چاكسازیی بكه‌ین؟ یه‌كه‌م: چاكسازیی له‌ چیدا؟ خێراترین وه‌ڵام بریتییه‌ له‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌ی دامه‌زراوه‌یی، واته‌ چاكسازیی له‌ بونیاده‌كاندا نه‌ك له‌ رووكه‌شدا، واته‌ گۆڕین و دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی نوێ، هاوكات گۆڕین و هه‌مواركردنی یاساكان و په‌یڕه‌وو رێنماییه‌كان، كه‌ ده‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی په‌یكه‌رو پێكهاته‌و ئه‌ركی داموده‌زگاكان. له‌ چییه‌تی چاكسازیدا، دیاریكردنی فاكته‌ره‌كانی چاكسازیی سیاسی گرنگه‌ له‌ پێش چاوبن، وه‌ك: (سه‌قامگیریی حكومه‌ت، ئازادییه‌ گشتییه‌كان، به‌شداری سیاسی خه‌ڵك، فره‌یی سیاسی، جێگیریی كاری په‌رله‌مانی وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك، شه‌فافییه‌ت و لێپرسینه‌وه‌، توانای حكومه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاری خه‌ڵك، به‌رجه‌سته‌كردنی دادگه‌ریی، دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی). یه‌كێك له‌و نموونانه‌ی له‌ ئه‌زموونه‌ جیهانییه‌كاندا باسده‌كرێن بریتییه‌ له‌ حكومه‌تێكی بچووكترو خێراترو به‌كارهێنانی كه‌سانی شایسته‌و راهێنراو، كه‌سانی پیشه‌گه‌رو پسپۆر (ته‌كنۆكرات) كه‌ چاویان له‌سه‌ر زۆرترین به‌رهه‌م و كاربێت، نه‌ك كه‌سانی سیاسی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دوای بردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیدا ده‌گه‌ڕێن! كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دایه‌، حوكمڕانی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك ده‌ستكه‌وتی پله‌ پایه‌ بۆ حیزبه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت ته‌ماشا ده‌كرێت نه‌ك ئامرازێك بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ كاتێكدا خه‌ڵكی دوچاری بێ مووچه‌یی و بڕینی قوتی ژیانی كراوه‌ته‌وه‌، حیزبه‌كانی حكومه‌ت هه‌واڵی وه‌رگرتنی پۆستی بریكاری وه‌زیر یان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ حكومه‌تدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هێزی پشكی خۆیان له‌ حكومه‌تدا نمایشی ده‌كه‌ن. دووه‌م: چۆن چاكسازیی بكرێت؟ به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌زموونی وڵاتان سێ رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ چاكسازی: یه‌كه‌میان ئیراده‌یه‌ك له‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، دووه‌میان به‌ناچاریی به‌هۆی فشاری ده‌ره‌كی یان ناوخۆییه‌وه‌، سێیه‌مییان چاكسازی وه‌ك خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن و سازانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و داواكاری خه‌ڵك. بێگومان باشترین رێگه‌ بۆ چاكسازیی بریتییه‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی ئیراده‌ی نوخبه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی و داواكاریی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. گونجاوترین میكانیزم بریتییه‌ له‌ چاكسازیی به‌هۆی ئامرازه‌كانی حوكمڕانی پشتیوان به‌ داواكاریی و ره‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ری، خاڵی ده‌ستپێكی هه‌ره ‌گرنگیش پرۆسه‌و سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی حكومه‌ته‌، چونكه‌ چاكسازیی ته‌نها دروشمی گه‌وره‌ نییه‌، به‌ڵكو میكانیزم و نه‌خشه‌ی ووردی پێویسته‌. كه‌واته‌  بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆن چاكسازی ده‌كرێت؟ ده‌بێت بیرو هۆش و سه‌نجه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی داڕشتن و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان له‌ بواره‌كانی: نیشته‌جێبوون، خوێندن و فێركردن، ته‌ندروستی، زیادكردنی هه‌لی كار، دابینكردنی خزمه‌تگوزاییه‌ گشتییه‌كان، دیاریكردنی ئاستی كه‌مترین و زۆرترین موچه‌ ..هتد. كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دایه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌مووان بانگه‌شه‌ی چاكسازیی ده‌كه‌ن، حكومه‌ت خۆی به‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی چاكسازیی ده‌زانێت، كه‌چی ئه‌وه‌ی به‌ كرداری ده‌بینرێت هه‌نگاوی یه‌كه‌میان له‌سه‌ر حیسابی بژێوی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم جێكردۆته‌وه‌و ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتن هێشتا له‌ لوتكه‌ی هه‌ره‌می سوودمه‌ندبووانن له‌ داهاتی هه‌رێم. سێیه‌م: بۆچی چاكسازیی بكرێت؟ پشتبه‌ست به‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه‌ كرده‌ی سیاسی كرده‌یه‌كی ئامانجداره‌، پێویسته‌ به‌ڕوونی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان لابێت كه‌ له‌ پێناو چ ئامانجێكدا چاكسازیی ده‌كه‌ین؟ بێگومان ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ روونی ئایدیاو دیدگای دروستكه‌ری بڕیاره‌وه‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی چاكسازی كرده‌یه‌كی سیاسییه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی یاسایی ئه‌نجامده‌درێت به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا زۆرجار ئامانجێكی ئابوریشی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌. لێره‌وه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌ بیرو ئه‌ندێشه‌ی حوكمڕاناندا چاكسازیی چ جیهانێك دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك چاكسازیی به‌كوێ ده‌گات؟ له‌ ئه‌زموونه‌ جیهانییه‌كاندا، بۆ چاكسازیی سیاسی (لانی كه‌م) دوو دیدگاو جیهانبینی جیاواز باس ده‌كرێت، یه‌كه‌میان ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌ له‌ روانگه‌ی (لیبراڵیزمی نوێ)وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ئابوری و گه‌یشتن‌ به‌ بازاڕی ئازاد و به‌ستنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و ئابوری وڵات به‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری جیهانیه‌وه‌. روانگه‌ی دووه‌میان بریتیه‌ له‌ چاكسازیی به‌ مه‌به‌ستی دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته‌ پشتگیریی چینه‌ هه‌ژارو مامناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا‌ له‌ پێناو گه‌شتن به‌ ئاستێكی گونجاوی خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك. كێشه‌ی بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تێكه‌ڵكردنی دیدگاو جیهانبینییه‌كانه‌، له‌لایه‌ك سیاسه‌ته‌كانی لیبرالیزمی نوێ په‌یڕه‌و ده‌كرێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ گوتاریی سیاسیدا به‌ڵێنی دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره‌ سۆسیالیستی به‌ خه‌ڵك ده‌درێت. له‌ ئه‌نجامدا بێزاری و ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌نجامی بڕیارو سیاسه‌ته‌كانه‌وه‌ بژارده‌یه‌كی سیاسی و ئابوری له‌ ناو حیزبه‌ حوكمڕانه‌كان و په‌راوێزه‌كانیاندا ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ڵتۆقیو، زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش هه‌ژارترو بێبه‌شتر ده‌بن. به‌كورتی: كاتێك ده‌توانین باس له‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاكسازیی سیاسی بكه‌ین، سێ ره‌گه‌ز بوونیان هه‌بێت: 1.    به‌ روونی و ئاشكرا چییه‌تی چاكسازیی دیاریبكرێت، واته‌ چاكسازیی له‌ چیدا؟ نه‌ك به‌ گشتی و ته‌مومژاوی باسی چاكسازیی بكرێت یان بڵێین له‌ هه‌موو شتێكدا ! 2.    میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی چاكسازیی ده‌بێت دیارو به‌رده‌وامبن، واته‌ به‌ هه‌وڵی كاتی و به‌مه‌به‌ست و ئامانجی كورتخایه‌ن ناوترێت پرۆژه‌ی چاكسازیی، بۆیه‌ ده‌بێت میكانیزمه‌كان دۆخه‌كه‌ بگۆڕن بۆ دۆخێكی باشتر. 3.    ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی چاكسازیی و ئامانجی چاكسازیی پێویسته‌ رووی له‌ ئه‌رێنێ بێت، واته‌ به‌ ئاڕاسته‌ی چاكه‌و خێری گشتی بێت، نابێت به‌ بیانووی چاكسازیی ژیان و بژێوی خه‌ڵك سه‌ختترو خراپتر بكرێت و ژیانی كه‌مینه‌یه‌كیش هه‌ڵكشێت به‌ره‌و ئاسمان.   * پرۆفیسۆر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان


هەندرێن شێخ راغب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا رۆژی 21ی ئابی 2020 دۆزینەوەی گەورەترین كێڵگەی غازی لە دەریای ڕەشدا راگەیاند كە 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی تێدایە. ئەمە هەواڵێكی سادە نیە، پڕیەتی لە ئەگەر‌و بیروبۆچونی تازەو جیاواز لەسەر ناوەوەی توركیا‌و دەرەوەی توركیا. وە هەواڵێكی دڵخۆشكەرو گرنگیشە بۆ كورد؟  لەوەتەی دەوڵەتی توركیا دامەزراوە، گیرۆدەی وزەیە، سەرچاوەی نەوت‌و غازی سروشتی نیە، كێشەی قوڵی توركیا وزە بووە، بۆیە لەگەڵ هەر چوار دەوری خۆی بەردەوام تەنگوچەڵەمەو پتەپتی بوو..بەربینگی ئەم دەوڵەت‌و ئەم دەوڵەت دەگرێت لەسەر قەیرانی وزە، كە بەڕاستی كێشەی بنەڕەتی ئەمنی قەومی توركیا بووە. ئێستا توركیا خەریكی گەڕان‌و دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەیە ئەوەتا بڕی 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی دۆزیوەتەوە.. لێرەوە زۆر پرسیار دێنە گۆڕێ؟ ئایا سیاسەتی توركیا بەرامبەر كەركوك دەگۆڕێت، چونكە توركیا نەوت‌و غازی كەركوكی بە موڵكی خۆی زانیوە، زۆر دژی كورد بووە لەسەر پرسی كەركوك، كۆسپ‌و تەگەرەی بەردەم كورد بووە لەعێراق بەهۆی كەركوك‌و نەوت‌و غازەكەیەوە، توركەكان بە بۆنە‌و بێ بۆنە دەیانگوت كەركوك شارێكی توركیایە.. ئێستا توركیا كە خۆی ببێتە خاوەنی نەوت و غازی سروشتی، ئایا ئەم هەستیاری‌و حاجەت‌و موڵكەی دەوێت؟ ئایا گۆڕانكاری بەرامبەر كوردی عێراق دەكات لە سیاسەتی ستراتیژی خۆی؟ ئایا رازی دەبێت كەركوك شارێكی ناو چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بێت لە دوارۆژدا..ئێستا كە خۆی خاوەنی نەوت‌و غاز بێت، ئیدی چ بیانویەكی بۆ دەمێنێتەوە دژایەتی كوردی عێراق بكات؟ لەكاتێكدا وەك جەمسەرێكی گەورەی سونە كێشەی زۆر قوڵی لەگەڵ عێراقی شیعە هەیە‌و دەترسێت شیعەكان بگەنە سەر سنوری بۆیە كیانی سونەی كورد دراوسێ بێت، ئەهوەنترە لەروی پێگەی جیۆسیاسی توركیاوە؟؟. بەڵام هێشتا دوو دۆسیە ماون؟؟.. یەكێكیان بوونی پەكەكە لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان..دووەمیان كاریگەری كیانی كوردی لەسەر بیست ملیۆن كوردەكەی ناو دەوڵەتی توركیا، كە خۆمان دەزانین گەورەترین پارچەی كوردستان لە چوارچێوەی توركیایە..بۆیە ئەگەر ئەم ناكۆكی‌و دوژمنایەتیەشی بمێنێت، ئەوا لانی كەم تەماع‌و دوژمنایەتی وزەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان‌و كەركوك نامێنێت، واتە بەشێكی گرنگی ناكۆكی قوڵی تورك‌و كوردی عێراق چارەسەر دەبێت. بەڵام ئایا توركەكان وا بیردەكەنەوە؟ ئەمە پرسیارێكە لەداهاتوو وەڵامەكەی لای توركیا خۆیەتی..بە بۆچونی من گرنگە دوای ئەوەی توركیا دەبێتە خاوەنی وزە، بیر لەوە نەكاتەوە هەر تەنها چەك‌و چۆڵی سوپای پێ بەهێزبكات، بەڵكو خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی، هەلی كار، بەهێزكردنی پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراسی ئەولەویەتی پارەی وزەكەی بێت. ئەگەر ئەوە نەكات ئەزمونی فەنزوێلا، ئەزمونی لیبیا، ئەزمونی عێراق، ئەزمونی یەمەن بەشێوەی دیكە لەناو دەوڵەتی توركیا دووبارە دەبێتەوە، ئەوكاتەش وزەكەیان وەك ئەوەی ئێمە دەبێتە میحنەت‌و داغیان دەكات.  بەهۆی دۆزینەوەی وزەو نەوت‌و غاز، نابێت توركیا غرور بیگرێت، وا هەست بكات هێزێكی زۆری پەیدا كردووە، چونكە هەموو ئەوانەی توركیا سیاسەتیان لەگەڵ دەكات‌و ركابەریان لەگەڵ دەكات، لە توركیا زیاتر خاوەنی وزەن‌و دەهێندەو سەد هێندە وزەیان هەیە، هەر بۆ نمونە عێراق‌و ئێران سەد بەرامبەر خاوەنی وزەن، بۆیە چەكی وزە بەدەست توركیاوە هەر لەسەرەتاوە ئەم كاریگەریەی نیە، بەڵام بەنسبەت كێشەی كورد لام وایە جێگای بایەخە، كە دەبێت كورد ورد مامەڵە بكات. هەم لە باكورو هەم لە باشورو رۆژئاوا، بەشێكی زۆر سەرەكی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەوەبوو دەستی كورد نەگاتە وزەی سوریا، هەمیش خۆی دەست بگرێت بەسەر وزەی سوریا. ئایا كوردستانی سوریا‌و عێراق دوای دۆزینەوەی وزە لەلایەن توركیاوە لە سیاسەتی بنەڕەتی توركیا دەگۆڕێن. یان توركەكان عەقڵیەتی نەژادی‌و دژە كورد‌و مافە رەواكانی گەلی كورد فڕێ نادەن‌و زیاتر مكوڕ دەبن لەسەر نەژادپەرستیان..پێویستە بە باری باشەكە هاوكاری بیركردنەوەو سیاسەتی توركیا بێت، كە ناوچەكەو توركیا‌و كورد قازانجی لێ دەكەن. ئەگینا ئەزمونی وزەی توركیاش گەڕێكی دیكەی ئاریشە‌و ئاژاوە دەبێت لەناو ئەم گەلە بەشمەینەتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كە یۆنان‌و میصرو كورد‌و ئێران‌و سوریاو توركیا‌و ئیسرائیل‌و سعودیەو عێراق دەخاتە ناو ململانێیەكی دیكەی پڕ رق‌و نەژادی‌و رەتكردنەوەو دوژمنایەتی..هیوا دەخوازین توركیا ئەزمونی قوڵی لە سیاسەتی وزەو نەوت‌و غازی سەد ساڵەی دەوڵەتەكانی ناوچەكە وەرگرتبێت. بەڵام هەرگیز كورد نابێت كەم سەیری ئەم وەرچەرخانە بكات، ئەمە زۆر پەیوەستە بە كێشەی كوردەوە.  


فه‌رهاد حه‌مزه‌ محه‌مه‌د * كۆتایی هاتنی داعش و 16 ی ئۆكتۆبه‌ر خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ بوو له‌ ژیانی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌ی دوای حوزه‌یرانی 2014 له‌ ده‌ستی دابوو هاته‌وه‌ ژێر ڕكێفی خۆی و ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئاسایی بوه‌وه‌ . ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی 3 ساڵ به‌سه‌ر ئاسایی بوونی دۆخه‌كه‌دا ده‌توانین دۆخی نه‌وتی كه‌ركوك له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌ :- 1- ڕۆژانه‌ بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز به‌ ووردی ئاشكرا ده‌كرێت به‌ جۆرێك وێستگه‌ به‌ وێستگه‌ , كێڵگه‌ به‌ كێڵگه‌ ده‌خرێنه‌ روو . 2- ئاشكرا كردنی بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌ كراو بۆ پالاوگه‌كانی ناوخۆ چ به‌ بۆڕی چ به‌ ته‌نكه‌ر . 3- تۆماركردنی بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌ كراو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ( توركیاو ئوردون) . 4- ڕۆژانه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وانیش له‌ ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ مانگانه‌ نووسراوی ڕه‌سمی بۆ لیژنه‌ی وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نێرن . 5- تا ئێستا هیچ چاودێر و په‌رله‌مانتارێك نه‌یتوانیوه‌ گله‌یی و گازنده‌ له‌ نادیاری بڕی به‌رهه‌مهێنان بكات ئه‌ویش له‌به‌ر شه‌فافیه‌تی پرۆسه‌كه‌. 6- سه‌باره‌ت به‌ داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ ئه‌وا ئه‌ركی كۆمپانیای سۆمۆیه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ نه‌وته‌كه‌ له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور وه‌ده‌گرێت و له‌ ڕیگه‌ی گرێبه‌ستی یاساییه‌وه‌ به‌ وڵاتانی جیهانی ده‌فرۆشێت واتا داهاته‌كه‌ی زۆر شه‌فافه‌و كۆتایی هه‌موو مانگێك به‌ ووردی له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ . 7- كێڵگه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور له‌ توانایاندایه‌ نزیكه‌ی (375)هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م بێنن به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ پێی پێویستی رۆژ ئه‌گۆڕێت . ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا ڕه‌چاوی ڕێنماییه‌ زانستی و ئه‌ندازه‌ییه‌كان ده‌كرێت به‌ جۆرێك گوشاری زیاد له‌ پێویست ناخرێته‌ سه‌ر كێڵگه‌كان و له‌ توانایخۆیان زیاتر ماندوو ناكرێن كه‌ له‌ ئاینده‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌مه‌نی كێڵگه‌كه‌ ده‌بێت . به‌رهه‌مه‌ نه‌وتی و غازییه‌كان به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان :- به‌شێكی زۆری نه‌وتی به‌رهه‌م هاتوو بۆ دابینكردنی پێویستی ناوخۆ بۆ پاڵاوگه‌كان ده‌چێت به‌م چه‌شنه‌ی خواره‌وه‌ 1- پاڵاوگه‌ی بێجی (80 هه‌زار به‌رمیل )هه‌ر چه‌نده‌ هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ دۆخی جارانی . 2- پاڵاوگه‌ی خه‌بات :- له‌ دوای كاول بوونی پاڵاوگه‌ی بێجی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ دابین كردنی سووته‌مه‌نی بۆ سنووری پارێزگای موسڵ گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كار گروپ واژوو كرد كه‌ به‌و پێیه‌ ڕۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕِِێگه‌ی بۆڕییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی پاڵاوگه‌ی خه‌بات ده‌كرێت ، له‌ به‌رامبه‌ر پاڵاوتنی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 10 دۆلار وه‌ربگرن به‌ڵام حاڵی حازر دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێكی پاڵاوگه‌ی بێجی ئه‌و بڕه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌و نرخی پاڵاوتنیش دابه‌زیوه‌ . 3- پاڵاوگه‌ی بازیان :- ئه‌مانیش ڕۆژانه‌ به‌ پێی هه‌مان گرێبه‌ستی سه‌روو 38 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان له‌ ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ بۆ ده‌چێت بۆ دابین كردنی سووته‌مه‌نی بۆ سنووری شاری كه‌ركوك به‌ڵام ئێستا ئه‌م بڕِه‌ش كه‌م كراوه‌ته‌وه‌. 4- پاڵاوگه‌ی كه‌سك و حه‌دیسه‌ و گه‌یاره‌ ڕۆژانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان تێكرا نزیكه‌ی 10 هه‌زار به‌رمیلیان بۆ ده‌چێت . 5- پاڵاوگه‌ی كه‌ركوك له‌ توانای دایه‌ تا 50 هه‌زار به‌رمیل بپاڵێوێت به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ش به‌ گوێره‌ی ڕۆژ ده‌گۆڕێت . ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت به‌م چه‌شنه‌ی خواره‌وه‌ 1- به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی رۆژانه‌ (50 –110 هه‌زار ) به‌رمیل له‌ ڕێگه‌ی بۆڕییه‌وه‌ . 2- وڵاتی ئوردن 10هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ . به‌رهه‌می غاز ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا نزیكه‌ی (400) ملیۆن پێ سێجا غازی هاوه‌ڵ (الغاز المصاحب) به‌رهه‌مده‌هێنرێت كه‌ زۆربه‌ی ڕه‌وانه‌ی كۆمپانیای غازی باكوور ده‌كرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی پێویستییه‌ غازییه‌كانی ناوخۆ , به‌شێكیشی بۆ پێویستییه‌ هونه‌ریه‌كانی نه‌وتی باكوور به‌كارده‌هێنرێت ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌سووتێت . * كۆمپانیای نه‌وتی باكوور


ئەمین بەكر   ئەوەی شەرعیەت ئەدا بەشۆڕش وخەباتی چەکداری لە هەمو دنیادا، داخستن ونەفەس بڕکردنی ڕێگاکانی خەباتی مەدەنی وبێ ئومێد کردنی خەڵکە. کاتێک حکومەتەکانی عێراق بەگشتی و ڕژێمی بەعس بەتایبەت ، ڕێگایان بەهەر خۆپیشاندانێک دەگرت کە داوای ماف وئازادیەکانی بکردایە و بەلێدان و تەقەکردن وگرتن زیندانی کردن، ڕوبەڕووی خۆپیشاندانەکان دەبونەوە ، و هەمیشەش تۆمەت گەلێکی وەکو (عملا‌و ..بەکرێ گیراو،خونە-خیانەتکار ، مخرب-تێکدەر ، ایاد الاجنبیە-دەستی دەرەکی) دەکردە بیانوی سەرکوت کاری و کوشت بڕو وزیندانی کردن ولەسێدارەدانی ئەو خەڵکە سڤیل ومەدەنیەی داوای مافی ئاسایی خۆیان دەکرد ، ئەمە تایبەتمەندی ڕژێمی بەعس بوو وەک ڕژێمێکی دیکتاتۆر ی نەفرەت لێکراو هەمو ئەوانەی لەدایک بوی ساڵانی سەرەتای هەشتاکان وبەرەو خوارترن کەم تازۆر ئەم جۆرە لەدڕندەیی و تۆمەتبارکردن و شێواندنی ڕاستیەکانیان لەو ڕژێمەو پیاوەکانی بینیوەو ئازاری داون هەر ئەمەش شەرعیەتی دایە شۆڕش وڕاپەڕین .!  کاتی خۆی پێمان وابوو ئەم کردەیە تەنها لەهێزێکی فاشیستی وەکو بەعس دەوەشێتەوە و، لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی بەناو شۆڕشگێڕانی دوێنێ ی کورد ، کۆتایی بەو جۆرە لە ناهەقی وناڕەوایەتی وبێ ئاکاریە دەهێنێت. بەڵام زۆری نەبرد هەقیقەتی ئەم دەسەڵاتدارانەی کورد دەرکەوت کەنەک هەر لەبەعس دەچن، بەڵکو لەزۆر بواردا لەبەعسیشیان تێ پەڕاندوە، بینیمان کاتێک لەپێناو پارەو دەسەڵاتداو لەشەڕەکانی ناوخۆدا بەهەزاران کوڕی ئەم میللەتە داماوەیان لەیەکتری دەکوشت وبەوەش نەدەوەستان ، زیندانیەکانیان پڕکردبو ، بە تۆمەتی خیانەت وخۆفرۆشی ودەستی دەرەکی  شەرعیەتیان ئەدایە دیل کوشتن وبێ سەروشوێن کردن ودەربەدەرکردنی لایەنگرانی یەکتری.  ئێستاش کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم خەریکی دزی وتاڵانکردنی نیشتمان و، هەڕاج کردنی سامانەکەین، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و وڵاتانی دراوسێ وهەندێک وڵاتی تروو کۆمپانیا مشەخۆرەکانیان و  لەژێریی مەنجەڵەکەش پشکی بنەماڵەو نزیکەکانیان مسۆگەر دەکەن ،وە خەڵک ئەمە قبوڵ ناکا و ،داوای مافی خۆی و ژیانێکی سەربەرزانەو بەکەرامەتەوە دەکات ،  حاکمانی مەملەکەت و خاوەنی شەرعیەتی خیانەت و خۆفرۆشی ڕاستەقینە ،هەوڵ ئەدەن، نوزە لەئازادی ببڕن و  لەڕێ ی ترس وتۆقاندن و گرتن وزیندانی کردن وئەشکەنجە  تیرۆرکردنەوە، ڕوبەڕووی هەر جوڵەو خۆپیشاندانێکی هێمنانەی مەدەنی ببنەوە ، زۆر لایان ئاساییە کەرامەتی تاک بەتاکی ئەم میللەتە بشکێنن و،لەبەرچاوی کامێراکانەوە بەشەق ولێدان و،قۆناغەتفەنگ دەنگی ئازادایی خوازان ببڕن ، وەکو ئەوەی دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی زاخۆ بینیمان و پێشتریش لەسلێمانی و هەولێرو دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تریش بینومانە کەچۆن جەندرمەی میلیشیاکانی حزب لەژێر ناوی هێزی ئەمنیدا بەردەبنە گیانی خۆپیشاندەرانی مەدەنی و ، هەر بەوەش ناوەستن بەڵکو بەڕیز تۆمەت و تاوانەکانی خیانەت و بەکرێ گیراوی ودەستی دەرەکی و تێکدەری دەخەنە پاڵ ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی زاتیان کردوەو داوای مافی خۆیان کردوە  ،دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە نەفسیەتی تاکی کورد بشکێنن وئامادەی کەن بۆقبوڵ کردنی هەموو زەلیلی وعەبدایەتێک بۆخۆیان وئاغاکانیان و لەزیندانەکانیشیاندا ولەژێر ئەشکەجەدا ولێدان ، بەڵێنامەی دووبارە نەکردنەوەی خیانەت وعمالەت بە هاوڵاتیانێک پڕ دەکەنەوە کە الف وبێ ی سیاسەتیش نازانن وخەریکی کاسبی ماڵی خۆیانن  ، ئەم سیاسەتی بەعسزیمەی کەدەسەڵاتدارە مفلیسەکانی ئەم هەرێمە لەپێناو ملکەچ پێکردن و،دەستەمۆکردنی  کۆمەڵگا لەژێر کاریگەری هێزوترسدا پەیڕەوی دەکەن ،بەشێوەیەک تاکی کوردی ماندو کردوە ، کە زۆرێک لەگەنج  و خەڵکی  والێکردوە کەلەوڵاتەکەی خۆشیدا خۆی بەبێگانە بزانێت و بەڵکو هەندێکیان  لەکورد بونیشیان پەشیمانن ،  ومافی پەنابەری لەوڵاتێکی تر وگۆڕینی ڕەگەز نامەکەی و،هاشا لەکوردبونی بەگەورەترین دەسکەوت بۆخۆی بزانێت  !


  گۆران هەڵەبجەیی پێم وابێت [چەرچڵ] بوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا گووتی [گەر  موعارەزە لە وڵاتدا بوونی نەبێت ،ئەوە خۆم درووستی دەکەم] ئەم قسەیە لە خۆڕا نەکراوە ،بەڵکو ماناو مەغزایەکی قوڵی هەیە.چەرچڵ وەک سیاسیەکی بەئەزموون و بیرتیژ ،دەرکی بە گرنگی و پێداویستی موعارەزە کردبوو  وەک ڕەقیبێک بەسەر کارو ئەدای حیزبی دەسەڵاتدارەوە.نەبوونی ئۆپۆزشیۆن لەهەر وڵاتێکدا  گەر دیکتاتۆر بەرهەم نەهێنێت ئەوە بەدڵنیایەوە دەسەڵاتێکی تاکڕەو وگەندەڵ بەرهەم دێنێت. دەسەڵات و حکومەتی ساغڵەم هاوتەریبە بە بوونی موعارەزەیەکی تۆکمەو ساغڵەم. واتە لە کوێ دەسەڵاتێکی باش و خزمەتگوزار لەئارادابوو ئەوە پەیوەندیدارە  بە بوونی موعارەزەیەکی بوێر و خاوەن ڕوئیای بەرفراوانەوە. ئاشکرایە هەرێمی کوردستان نزیک بە سی ساڵە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەڕێوە دەبرێت،لەم ماوەیەدا نەیانتوانی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن ،نەیانتوانی گیانی هاوڵاتیبوون لە نێو خەڵکی هەرێمدا درووست بکەن،نەیانتوانی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان دەستەبەر بکەن. بەپێچەوانەوە بەردەوام قەیران بەدوای قەیراندا دەهێننە ئاراوە ، دەتوانم  بەدڵنیاییەوە بڵێم  لە حکومداریدا شکستیان هێناوە. ئەم دوو حیزبە [لەئێستادا بە بەشداری گۆڕان] لە درێژەدان بە دۆخی نالەبارو سەخت  بەردەوامن ،ژیانی خەڵکیان بە ئەندازەیەک قورس کردوە ،ئیدی تەحەمول ناکرێت. دەسەڵات ئامادەنیە لە بەرژەوەندی خەڵک هیچ هەنگاوێک بنێت،بێباکانە درێژە  بە سیاسەتی وێرانکارانەی دەدات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یا لاوازی ئۆپۆزشیۆن.چونکە گەر ئۆپۆزشیۆن بەپێی پێویست کاربکات و ببێتە چاودێرێکی لێهاتو وە بوێر ،ئەودەمە حیزبەکانی دەسەڵات نەیاندەوێرا بەو شێوە بەردەوامبن لەسەر گەندەڵی وپشتگوێ خستنی داخوازیەکانی خەڵک. دەمێک باس لە موعارەزەدەکەم مەبەستم حیزبە تەقلیدیەکانە،بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی،کۆمەڵی ئیسلامی،حیزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئیسلامیە. لە بیست یا پانزە ساڵی ڕابردودا ئەم حیزبە تەقلیدیانە تا ڕادەیەک دەنگ و سەنگیان هەبوو،هەڵوێستیان باشتر بوو ،بۆیە دەسەڵاتیش حسابی بۆدەکردن و بەم جۆرەی ئێستا بێباکانە ڕەفتاری نەدەکرد،بەڵام لەودەمەی ئەم لایەنانە  هەڵوێستیان  لاوازو بێ ئەرزش و سازشکارانەیە،دەسەڵاتیش  زیاتر وزیاتر خەڵک برسی دەکات ،بێ کەرامەت دەکات،دزیو جەردەیی و تاڵانی دەکات ،خەڵکی ناڕازی سەرکووت دەکات. لە نێو گۆڕەپانی سیاسیدا تاکە لایەنێک کە بوێرانە وەک موعارەزە بوونی هەیە ،جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، بەردەوام شەقام دەجوڵێنێت،درووشمی واقیعی بەرزدەکاتەوە میدیاکانیان لەخزمەتی هەموو دەنگێکی ناڕازیدان.بەشبەحاڵی خۆم هەر لایەنێک دژی دەسەڵاتی ستەمکار بجوڵێت من دەستخۆشی لێدەکەم. بۆیە هەوڵ و چالاکیەکانی نەوەی نوێ  بەرز دەینرخێنم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بەڵام گەرەکە دەرک بەوە بکەین کە دۆخەکە زۆر مەترسیدارو سەختە ،بۆیە لایەنێک بەتەنها ناتوابێت ئەو ئەرکە قورسە هەڵبگرێت، بەڵکو پێویستی بە کاری دەستەجەمعیە،پێویستی بە هاتنەناوەی ئەو حیزبانەیە کە تا ئێستا [تا ڕادەیەک] تەماشاکەر بوون،یا دەنگی ناڕەزاییان  لە ئاستی  خواستی خەڵکدا نەبووە ،بۆیە دڵنیام لەوەی گەر ئەو لایەنانە پێکەوە خۆپیشاندان سازبکەن، دەتوانن شەقام قەرەباڵەغ بکەن و هاوکات خەڵکێکی زۆر لە قەواعیدەکانیان شوێنیان دەکەون . ڕێکەوتن لەسەر چەند خاڵ و دروشمێکی ئانی  لە نێوان ئەو لایەنە تەقلیدیانەو نەوەی نوێدا کارێکی زەحمەت نیە، ڕێکەوتن بۆ داکۆکی لە داخوازیەکانی جەماورو کاری هابەش مانای دەستبەرداربوونی ئایدۆلۆجیاو بیروباوەڕ و ڕێبازی هیچ لایەنێک ناگەیەنێت.لەمێژووی وڵاتاندا چەندین نمونەی زیندوومان  دێتەوە بەرچاو لە کاری هاوبەشدا ،کەزۆریان بەسەرکەوتوویی کۆتاییان هاتوە. گەر ئێوەی لایەنی تەقلیدی لەبەر هەر هۆکارێک بێت خۆتان بەتەنها یا پێکەوە لەگەڵ نەوەی نوێ خۆپیشاندان ناکەن ،بەلای کەمەوە ڕێگری لە ئەندام و لایەنگرانتان مەکەن بۆ بەشداری لە هەر خۆپیشاندانێکدا کە دژی دەسەڵات ساز دەکرێت، چونکە دڵنیام ئەندامانتان بەپەرۆشەوە بەشداری دەکەن. گومان لەوەدا نیە کۆمەڵ و یەکگرتوو گەر بخوازن و حساب بۆ هیچ لایەنێ نەکەن توانای کۆکردنەوەی چەند هەزار کەسێکیان هەیە جا لەهەر باژێڕێکی کوردستاندابێت.ئومێدەوارم بکەونە خۆیان و لەمە زیاتر چاوەڕێی ڕووداوەکان نەکەن ،بەڵکو پێویستە  خۆیان ببنە بەشێک لە درووستکردنی ڕووداوەکان. گەر ئەم حیزبانە لەئێستادا بە ئەرکی خۆیان هەڵنەسن، ئەوە کات لەبەرژەوەندیان نابێت  و لە کاروان دوادەکەون، وە بە دڵنیاییەوە  لە هەڵبژاردنەکانی داتوودا دەنگەران سزایان دەدەن. بە خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان و  بەردەوام وئەنجامدانی  ناڕەزایی هەمەجۆر  دەتوانرێت عەرشی دەسەڵات بلەرزێنرێت.سەیری خەڵکی ڕاپەڕیوی ملیۆنی [بەلە ڕوسیا]ڕوسیای سپی بکەن کە چۆن دەسەڵاتی[لۆکاشینکۆ]یان بەگیر هێناوە کە  ساختەکاری کردبوو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا[  %80 ]ی بۆ خۆی تەزویر کردبوو ،ئەو هەرگیز بیری لەو جۆرە خۆپیشاندانە مەزنانە نەکردبوویەوە،بۆیە  بەدووری نازانم دەسەڵاتی لێ بستێننەوە،چونکە خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە تا لادانی [لۆکاشینکۆ]و دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن بەردەوامبن. ئومێدەوارم خەڵکی هەرێمیش چاو لە خەڵکی بەلە ڕوسیا بکەن و تا دەسەڵاتی گەندەڵ ناچارنەکەن ملکەچ بێت بۆ داخوازیەکانیان وازنەهێنن، بێگومان ئەم کارەش ئەوکاتە سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو تاکێک وە ئەرکێک بەشداری تێدا بکات و لایەنە سیاسیەکانیش بە دەستەجەمعی لە گۆڕەپانەکەدا بوونی ئەکتیڤیان هەبێت..


د. نیاز نەجمەدین  هاوچەشنە دەسەڵاتدارەكانم، باسی بێكەڵكیی ئێوە سەرتاپای وڵاتی تەنیوە. لە بەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بۆ بۆشایی ئاسمان، تەنانەت لە غوربەتیش باس باسی بێوەفایی و نەفامیی و لوتبەرزیی ئێوەیە. ئێوە بوون بە یەكێك لە حیكایەتە بێزراوەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵك. ئێوە خاوەنی هەموو موڵكێكن تەنها میللەت نەبێت. میللەت چیتر موڵكی ئێوە نییە. وێنەكانی ئێوە بەر لەوەی لە دەرەوەی خەڵك بكەون، لە ناخیاندا توانەوە. بریا وانەدەبوو، لای كەم لەبەرئەوەی ئێوەش مرۆڤن، بەڵام راست و دروست پێتان بڵێم بەشێكی زۆر لەوانەش كە ناچنە ریزی خۆپیشاندانەكانەوە هەر چاوەڕێتانن ببن بە هەڵم... بە تۆز... بە مێژوو. "مێژوو حوكم دەدات، بەڵام ئێمە ئەو مێژووە ئەنوسینەوە". ئەمە قسەی من نییە. قسەكەی من ئەوەیە لەناو حزبەكان و تەواوی كۆمەڵگەدا نەوەیەك پەیدا بووە بە دوای رێگایەكی نوێدا دەگەڕێت كە ئەستەمە رێیان لێ بگیرێت و چەواشە بكرێن، وا خەریكە كۆتایی بەم حیكایەتە بێزراوە ئەهێنن و رەنگیشە مێژوو بە چەشنێكی تر بۆ وەچەی وەچەكانی ئێمە بگێڕنەوە: (هەبوو نەبوو، ئەمجارەیان دەستەیەك حوكمی دایكان و باوكانی ئێمەیان ئەكرد، هەمان بەرگ و هەمان زمان و هەمان خوێنیان هەبوو. هەروەك پێشووتر، ئەوان لە دوورگەیەك لە خەمی خۆیاندا ئەژیان و دایكان و باوكانیشمان لە دوورگەیەكی تر گیرۆدەی خەمی خۆیان بووبوون. هەرچی رێگا هەبوو تاقیكرایەوە چارەسەرێك بۆ ئەم دوورییە نەدۆزرایەوە. رۆژ هات و چوو، كەس ئومێدی بە هیچ نەما بوو، تا دایك و باوكی ئێوە گەورە بوون، فێربوون، رێگایەكیان دۆزیەوە، قۆڵیان لێ هەڵماڵی و خاشاكی پێشووتریان راماڵی. ئیدی لەو رۆژەوە تەنانەت پشیلە و سەگەكانیشمان ئاسودەتر ئەژین).


هێمن باقر چەند وتەیەكی بێ‌ شەرمانەیە كاتێك دەسەڵات خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بەدەستی دەرەكی دادەنێت، لەكانتێكدا ئەوەی تا ئێستا ئەوانی لەدەسەڵاتدا هێشتۆتەوە دەستی دەرەكییە. هەموومان بیرمانە كاتێك لەشەڕی ناوخۆدا یەكێتی تەنگی بەپارتی هەڵچنی و هێندەی نەمابوو سەری رەش بگرێت،جارێك دەستی دەرەكی دەبابەی بەعس و جارێكیش دەستی دەرەكی تەیارەی توركیا فریای كەوت و لە كەوتن پاراستی. هەروەها باش لەبیرمانە ئەوەی لەدوای 31ی ئاب فریای یەكێتی كەوت و نەیهێشت كۆتایی پێبێت، دەستی دەرەكی پاسدار و تۆپخانەكانی ئێران بوو. ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبوو،ئێوە بەرگەی شەقی ناوخۆیی میللەتان دەگرت؟. سەیرە نزیكەی 50 كم لەخاكی وڵاتەكەت دابێتە دەەستی سوپای بێگانەو 31 بارەگای هەواڵگری میتی توركی لەكوردستاندا بێت، هێشتا باسی دەستی دەرەكی بكەیت. راستیەكەی ئەوەیە،كە ئەم وڵاتە لەلایەن دەستی دەرەكییەوە بەڕێوە دەبرێت،زۆنی سەوز دەستی دەرەكی ئێران و زۆنی زەردیش لەلایەن دەستی دەرەكی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت. تەنانەت بەشێكی زۆری داهاتی ئەم وڵاتە لەلایەن پارتیی و یەكێتییەوە دەدرێتە دەستی دەرەكی، لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵ و بەرژەوەندییەكانیان. تۆ سەیركە، رێكەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا چییە جگە لەهێنانی دەستی دەرەكی بۆ كوردستان و تەسلیمكردنی داهاتی وڵات بۆماوەی 50 ساڵ. سەیركەن چۆن سلێمانی بۆتە یەكێك لەسێ‌ بۆرسە سەرەكیەكەی ساغكردنەوە و ئاڵوگۆڕی تمەنی ئێرانی و دەوردانەوەی تەحریمی سەر ئێران. ئەوە ئێوەن زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە دەدەنە دەستی دەرەكی لە پێناوی مانەوە و پاراستنتان. ئاخ، ئەگەر دەستی دەرەكی نەدەبوو. ئێوەی چڵكن و پڵكن بەرگەی شەقی میللەتان دەگرت و دەبونە مافیا بەسەر ئەم وڵاتەوە؟



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand