پشکۆ نەجمەدین کەسانێکی زۆر، برازا و خوشکەزاکان، کەسوکار و دۆستەکان، هاوڕێکانی ڕۆژانی سەخت و ئێستام، دەهاتن و دەچوون، لە ململانێی من و مەرگیان دەڕوانی. دکتۆرەکان پەرۆش و بە دڵسۆزییەوە کاریان دەکرد، باشترین و شارەزاترین دکتۆرەکانی مێشک و دەمار، مژووڵی چارەسەری من و هیچێکیان پێ نەدەکرا! من نەمدەزانی چی ڕوویداوە و لە هیچ حاڵی نەدەبووم! من پێم وابوو، جەستەم لەمێژە مردووە و تەنیا ڕووحم، بە ئەسمانی دونیایەکی پر ئازار و مەینەتیدا، لەو بەرزەوە، لە وێرانیی جەستە و ژانەکانی من و ئازارەکانی ئەو خەڵکەی کە لە وێرانەی هزرمدا دەژیێن، دەڕوانێ! لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی سلێمانی؛ سلێمانیی شەشی ئەیلوول، سلێمانیی "چاڵی جەرگی پیرەژن"، سلێمانیی هەمیشە تووڕە و هەمیشە جوان، سلێمانیی خرۆشاو و هاتوهاواری ڕۆژانی بژی و بڕووخێی هەڤدەی شوباتی بەردەرکی سەرا، ڕازێنرابووم! گوێم لە ناڵەی تەقینەوەی دەمارە نەفرەتییەکەی مێشکم نەبوو. نرکە و ناڵەم، لە گەرووی هاتوهاواری ئەو خەڵکەدا، تاسا بوو! خوێنی پەنگخواردووی کاسەی سەرم، لەنێو خوێنی بەناهەق ڕژاوی ڕواڵان و میردمنداڵانێک، کە لە سیاسەت و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەدەگەیشتن، بزر و سەرگەردان بوو! من بە ئاسمانی شاردا فڕیم و دوو جاران سووڕامەوە، ئیدی بەرز و بەرزتر، شەقامانی دووکەڵاویی شارم جێ هێشتن و هەورەکان لە ئامێزیان گرتم! من مردبووم، یاخود وەها خۆمم دەبینی! مەگەر ناڵێن، هەر ساتێکی مردن زەفەری پێ بردیت، ئیدی ڕووح بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕێ و لەو بەرزەوە، عیشقی شار لە خۆی دەپێچێ و گوڵە خوێناوییەکانیش لە دەستی بەشمەینەتان دەڕفێنێ، هەر چڵەگوڵێک بە دیاری، دەداتە دەست پەڵەهەورێک! فریشتەیەک، چاوسەوز، قژزەرد، پۆشاکێک سەرتاپا سپی، دەستی گەرمی لە دەستم نا و دەستێکیش لەسەر توێڵم! گوتی: چۆنی؟ من بێ وەڵام، لە تیشکی نیگایم ڕوانی! گوتی: هێندەمان نەماوە! نەمزانی بۆ بەهەشت دەڵێ یاخود دۆزەخ! هێزی خۆمم کۆکردەوە و لێوم بزواند، گوتم: بۆ کوێ؟ ئەو کە سەیری ڕەنگاڵەی هەورانی دەکرد، گوتی: سوێد! گوتم: یانی من نەمردووم! خەندەیەک لەسەر لێوانی پشکووت و گوتی: من ناهێڵم بەم ئاسمانەوە، تۆ بمریت! وای خودایە! لەنێو شەڕگەی بگرەوبەردەی نێوان ژیان و مردندا، چ فریادڕەسێکی جوانە، فریشتەیەک هاوپشتی من، سەنگەری لە مەرگ گرتووە! فڕۆکەوان، فریشتە و من کە ڕووحەکەم لەنێو سینەی مرۆڤدۆستیی ئەو دوانەدا، سەمادەکات، گا سەرەوژوور، گا سەرەوخوار، چینەکانی ئاسمان دەبڕین، بە میهرەبانیی هەورەکان داپۆشراوین! گەواڵەیەک خۆی لە زێڕی خۆراوابوون هەڵژەنیوە و گەردانەیەک ڕەنگاڵەی پێش ماڵاوایی، لە گەردنی فریشتەکەی فریاڕەسم دەئاڵێنێ، خەندەیەکیش هەڵدەداتە سەر لێوی نیوەمردووی من.
د. سەردار عەزیز لە ساڵی ١٩٦٥ لە زانکۆی کایمبردیج، لە کایمبردج یونیان، دیبەتێک بۆ دوو نوسەری ئەمریکی سازکرا. یەکێک لە نوسەرەکان ڕۆماننوس و وتار نوسی ناسراو جەیمس بۆڵدون بوو. بۆلدون کەسێکی هۆمۆسێکچواڵی ڕەشپێستە. ئەویتریشیان سەرنوسەری گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست ولیەم بەکڵی بوو. ولیەم سپی پێستە و گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست گۆڤارێکی کۆنسێرڤەتیڤە. هەردوو نوسەر لە هەڕەتی ناوبانگیاندابوون. جەیمس بۆڵدون دوو ساڵ پێشتر کتێبی ئاگرێک جارێکی تری بڵاوکردبوەوە، کە هەموی نامەن بۆ هاوەڵەکانی دەربارەی ڕەشپێستبون و ئازار و چەوسانەوەکانی لە ئەمریکادا. دیبەیتەکە لە ژێر ناوی: خەونی ئەمریکی لە سەر حیسابی رەشپێشت فەراهەم بوە، بوو. سەرەتا بۆڵدون قسەی کرد. وەک چاوەڕوان دەکرا دەربارەی مێژوی ئەمریکا و بە کۆیلەکردنی ڕەشپێش و کێڵگەکانی پەموو و دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکان و زۆر شتی تر دوا. پاشان نۆرەی بەکڵی هات. ولیەم بە ئەو پرسیارە دەستی پێکرد، ئایا دەتوانین چی بکەین؟ ئایا خەڵكی ئەمریکی دەتوانێت چی بکات بەرامبەر ئەم سوکایەتییە دەرونییەی کە ئەم خەڵکانە بە دەستیەوە دەناڵێنن؟ ڕای ولیەم وەهابوو، ئەگەر سپی پێستەکان بە توڕەییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا بکەن ئەوا تەنها دەتوانن ئاوڕ لە ڕابوردوو بدەنەوە. بەڵام بۆ ئەوەی لەم ئەم دۆخە ڕزگارمان بێت دەبێت بەرەو داهاتوو بنواڕین. بەڕای ولیەم توڕەبون پەرچەکردار بەرهەم دەهێنێت و لە ئەنجامدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و گۆرانکاری دەبێتە مەحاڵ. ئەم دیبەیتە چەند پرسێکمان بۆ دەوروژێنێت؟ یەکەم، ئایا توڕەیی کاتێک دەبێتە دۆخێکی کۆمەڵایەتی، دەکرێت ببێتە وروژێنەری چالاکی، بەڵام ئایا دەگاتە ئەنجام؟ ئایا توڕەیی تاک و توڕەیی کۆ جیاوازن؟ لە دۆخی تاکەکەسیدا توڕەیی بەرامبەر کەسێک یان کارێک ڕەنگە کەسی توڕە پاڵ بنێت بۆ ئەوەی کارێک بکات یان تەنها بە توڕەبونەکەی دابمرکێتەوە، بەڵام ئەمە لە دۆخی گشتیدا بەوجۆرە نیە. هەرچەندە دەبێت ئاماژە بە ئەوە بکەم کە تێگەیشتن لە توڕەیی تاکەکەسی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە توڕەیی گشتی. بۆ ئەمە دەبێت لە ئەرستۆەوە دەست پێبکەین، بەڵام لێرەدا کارەکەمان ئەوەنیە. دەبێت بە ئاگایی زیاترەوە لە گەڵ توڕەیی کۆدا مامەڵە بکەین. سەرەتا ئێمە دوو لایەنمان هەیە، لایەک کە توڕەیە و لایەکەی تر کە توڕەبونەکەی ئاراستەکراوە. لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا پەیوەندییەکی دەسەڵاتی هەیە، کە لایەک پیادەکەری دەسەڵاتەو لایەکەی تر قبوڵکەر. لایەنی قبوڵکەری دەسەڵات، ئێستا چیدی دەسەڵاتی قبوڵ نیە بۆیە توڕەیە. ئایا ئەم توڕەییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندی دەسەڵاتدا؟ دیارە لێرەدا دەسەڵاتمان فۆکۆیانە خوێندوەتەوە. بەم پێیە دەسەڵات پەیوەندییە و هیچ کەسێک لە دەرەوەی نیە و بێدەسەڵات یان ئەو کەسەی کە خۆی بێدەسەڵات دەبینێت، بەشێکە لە پرۆسەی دابینکەری دەسەڵات. کاتێک بیر لەم دۆخە دەکەینەوە، ئێمە لە بەردەم دۆخی توڕەیی کوردستانداین، لە هەمانکاتدا لەبەردەم یادی دە ساڵەی )شکستی( بەهاری عەرەبیداین. ئەم دوو روداوە لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەن. بەهاری عەرەبی نمونەی ئەوەیە کە توڕەیی ڕەنگە زۆر شت بە خێرایی بگۆڕێت بەڵام لە ئەنجامدا هیچ نەگۆڕێت. کەواتە توڕەیی لە دۆخی گشتیدا دەبێت تەنها وەک ئامرازێک یان هاندەرێک ببینرێت نەک وەک میتۆد و ئامانج. دە ساڵ پاش بەهاری عەرەبی دەبینین بنەماکانی حوکمکردن لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەن. ئەم ڕوداوە کاریگەریی توڕەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. یەکەم کێشەی توڕەیی ئەوەیە کە بەپەلەیە. تورەیی پشودرێژی و فۆکەسکردن و بینین هەموو وێنەکە و چۆنێتی داڕشتنی ئەلتەرناتیڤ لەبەر چاو ناگرێت. بەڵکو پاڵنەر و ئامانجەگەری ڕاستەقینەی ئەوەیە کە چۆن تۆڵە بکاتەوە، چۆن بگاتە ئەو دۆخەی کە ئەوەی لە ناخیدایە، ئەو بارە دەرونیەی کە بۆی دروست بوە بیحەسێنێتەوە. بۆیە توڕەیی وزەیەکە کە بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو تەنها فشار دەکات. لێرەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆکەی سەرەوە کە توڕەیی ئاوڕ لە ڕابوردوو دەداتەوە. ئەم ئاوڕدانەوە وزە دەبەخشێت بە توڕەیی بەڵام ناتوانرێت ڕابوردوو بگۆڕدرێت. ئەوەی دەتوانرێت بگۆڕدرێت داهاتوە. بۆیە توڕەیی دەبێت ساتەوەختێکی وەرچەرخان بێت کە چۆن ڕابوردویەک کە پڕ لە قەیرانە بکرێتە بنەمای ئەوەی کە زەخیرەی لێوەربگیرێت بۆ داهاتویەکی جیاواز. ئەم پرۆسەی پێکەوەگرێدانی ڕابوردوو و داهاتوو دەبێت تورەیی تێپەڕێنێت. لە ئاستی تاکەکەسیدا توڕەیی ئەگەر ئەنجامی نادادپەروەرییەک بێت، ئەوا هەرگیز نابێتە هۆکاری ئەوەی کە نادادپەروەری ئەنجامدراو بگەڕێنێتەوە. ئەمە بۆ دۆخی گشتیش ڕاستە. لە خوارەوە کۆمەڵێک لایەنی نێگەتیفی توڕەیی گشتی دەخەمە ڕوو: یەکەم، توڕەیی پرۆسەیەکی سیاسی نیە. بەڵام کاتێک بە سیاسی دەکرێت، بە تایبەتی لە هەناو کایەی دیموکراسیدا، ئەوا دەبێتە مایەی ئەوەی کە کەسانی ناسیاسی بکاتە سیاسی. تۆڵە و دژایەتی و سڕینەوە و لابردن و کۆتاییهێنان ئەم جۆرە چەمکانە دەبنە بنەمای خیتابی سیاسی. بەڵام ئەم جۆرە چەمکانە بەرجەستە نابن چونکە کەسی سیاسی یان بە سیاسی بوو، تەنها ئەوەندە پێویستی پێیەتی کە وروژان دروست بکات نەک بچێتە هەناو قورەلیتەی گۆڕینی سیستەم. دووەم، توڕەیی سیاسی پرۆسەیەکی سیاسی نیە، هێندەی پرۆسەیەکی شەخسیە. توڕەیی کاتێک بەباشی بەکاردەبرێت ئەوا بنەما گشتیەکانی سیاسەت دەکوژێت. ئاسان نیە لە گەڵ کەسی توڕەدا دیبەیت بکەیت، سازش بکەیت. توڕەیی ئەو دۆخەیە کە بارودۆخی شەخسی دەبێتە سیاسی. ئیتر پرسی کەرامەت و پیاوەتی و غیرەت و شەخسیەت و زۆر شتی دێتە ئاراوە. هەرجۆرە ڕەخنەیەک لەمانە دەبێتە مایەی پەرچەکردار و هەڵچون. توڕەیی قسەکردنی تاکڕەهەندە ، کە هەمیشە بە دوای خەڵکانی هاوسۆز و هاوشێوە دا دەگەڕێت. سێیەم، تورەیی بە سروشت بونیادنەرنیە. ئەگەر نەشتوانێت بروخێنێت ئەوا یان بەبێ ئاگاییانە تەسلیم دەبێت و دوبارە دەکاتەوە یان هیچ ناکات. لە هەردۆخێکدا دەرئەنجام توڕەیی زیاترە. بۆیە توڕەیی تەنها توڕەیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت. چوارهەم، ئەگەر کەسی توڕە بە دوای ئەوانە دەگەڕێت کە هۆکاری توڕەبونەکەین یان بەرپرسن لە توڕەبونەکەی، ئەوا لە دۆخێکی وەهادا پەرتبون و جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. کۆمەڵگای جەمسەرگیر ناتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات. بەڵکو لە دۆخی نەیارێتی خوددا دەخولێتەوە. کۆمەڵگای کوردستان هاوشێوەی ئەم کۆمەڵگایەیە لە ئەمڕۆدا. پێنجەم، ئەگەر توڕەیی دەرئەنجامی نادادپەروەرییە، ئەوا لە هەناو سیستەمی توڕەیی سیاسیدا، خەڵکانێک دەکرێنە بەرپرسی ئەو نادادپەروەرییە، ئەگەر لاببرێن ئەوا دادپەروەریی بەرقەرار دەبێت. ئەمە کرۆکی دونیابینی مارکسیزم و ئاینیە. بەڵام زۆرجار ئەوە نادادپەروەریی نیە کە سیستەم دروست دەکات، وەک مارکسیزم بروای وایە، بەڵکو ئەوا سیستەمە نادادپەروەری دروست دەکات. کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان نادادپەروەریی و سیستەمدا. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کە توڕە ناتوانێت سیستەم بونیادبنێت و ناشتوانێت بیگۆڕێت بەڵکو زۆرجار دوبارەی دەکاتەوە. بۆیە توڕەیی نابێت هۆکاری هێنانە ئارای دادپەروەریی. پێنجەم، توڕەیی با ئاسانی سەرمایەگوزاری لە سەر دەکرێت. وەک ئەمڕۆ لە کوردستان دەیبینین کە چەند ئاسانە سەرمایەگوزاری لە سەر تورەبون بکرێت. کەسی سەرمایەگوزار توڕەیی وەک بەرهەڵستکاری نادادپەروەری نابینێت بەڵکو وەهای دەبینێت کە ئامرازێک بۆ ئامانجێک، ئایا ئەو ئامانجە چیە، هیچ پەیوەندی بە توڕەییەکەوە نیە. لە کۆتاییدا، وەک لە سەرەوە دەردەکەوێت توڕەیی دەرئەنجامە. زۆرجار ڕەوایە. دەرئەنجامی زوڵم و نادادی و برینداربونە. بەڵام بۆ ئەوەی کەسی توڕە زاڵ بێت بە سەر ئەم دۆخەدا و دونیایەکی تر بەرهەم بهێنێت پێویستی بە زیاتر لە توڕەیی هەیە. کەسی تورە دەبێت بە ئاگابێت لە بازرگانانی توڕەیی، لە هەناو کایەی سیاسیدا. هەتا توڕەیی بازاڕی هەبێت ئاستەکەی زیاتر دەکات بەڵام ئامانجەکەی سەختتر دەبێت. توڕەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت فۆکەسمان بخاتە سەر چەمکگەلی وەک دادپەروەیی، کەرامەت، ڕێز، پێکەوەیی، هیوا.
د. سیروان حەسەن ھەموو پارچەکانی کوردستان بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لە مێژەوە و بە بەردەوام لە رێگەی ولاتە داگیرکەرەکانیانەوە سەرکوتکراو و لاوازکراو بووە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و مێژویی و کەلتوریەوە وە میللەتی کورد چەندین جار ڕووبەڕوی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ لە دۆخێکی زۆر سەختدا دوای داروخانی ئابوری عێراق و دوو ئابڵوقەی سەپێنراو دەسەلاتێکی نیمچە سەربەخۆی بە دەستھێنا بە حکومەتێکی فیدرالی لاواز و کەم شارەزا لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە حوکمەتی ھەرێم بەڕێوە چوو تاکو پرۆسەی ئازادی عێراق لە سالی ٢٠٠٣، دوای ڕوخانی رژێمی پێشووی عێراق ھەرێم بە کەمێک شارەزایی سالانی حکومڕانی پێشووی خۆی بەشداری حکومڕانی عێراقی نوێی کرد لە گەڵ ھەندێ تایبەتمەدییدا ڕۆڵی زۆر باش بە ھەرێم بەخشرا وە لە سەرەتادا دۆخی ھەرێم زۆر باش بوو تەنانەت ھیچ حکومەتێک لە عێراق پێک نەدەھێنرا بێ ڕەزامەندی ھەرێم وە ولاتە ئیقلیمیەکان و ئەمریکا بایەخی تەواویان دابوو بە پایە و مەوقعی ھەرێم لە سەر نەخشەی ئابوری جیھان بەلام بێ پلانی و سیاسەتە لاوازەکانی حکومەتی ھەرێم و ململانی سیاسی و بەرژەوەندی لایەنەکان پێگەی ھەرێمیان زۆر لاوازکرد بە تایبەتی دوای شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و بڕێنی بەشە بودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە و کۆتایەکەشی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری سەربەخۆکردنی ئابوری نەوت کە لە سالی ٢٠١٣ درا گورزی کاریگەر بوو لە دەست پێکردنی لاوازبوونی ھەرێم ھەنگاو ھەنگاو و قۆناغ قۆناغ چونکە ئەو بڕیارە بە وردی دراسە نەکرابوو وە راستەوخۆ ولاتانی دەوروبەر و نەیارانی کوردی راچەڵەکان ئەوانیش زۆر بە ورد و درشتی لێکۆلینەوە و بەدواداچونیان بۆ ئەو بڕیارە و داھاتووی ئابوری ھەرێم و ناوچەکە و کەیسی سەربەخۆی ھەرێم کرد . سەرباری ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسیەکان وەکو خۆگونجاندنێک بە درێژایی سالانی پێشوو لە ھەوڵی ڕازی کردنی ولاتانی ھاوسێ و سیاسەتەکانی ئەمریکا بوون ، ولاتانی دەوروبەر بە ھەموو شێوەیەک و بە بەردەوام کاریان لە سەر لاوازکردن و دەست تێوەردانی ھەرێمی کوردستان کردوە و زۆرترین سوودی ئابوری لە ھەرێم وەردەگرن و ھەرێمیان کردوە بە گۆڕەپانی ململانی خۆیان. سەرکردەی سیاسی کورد و حکومەتی ھەرێم دوای تەواوبوونی شەری داعش بریاری رفراندۆمیان دا لە ئەیلولی ٢٠١٧ وە پرۆسەکە بە سەرکەوتوی بە رێوەچوو، ئەو بریارە زیاتر پشتی بە ھەست و سۆزی نەتەوایەتی بەستبوو وە ھیچ گەرەنتیەک و پشتیوانیەکی نێودەولەتی فەرمی نەبوو بۆ ئەو پرۆسە تەنھا پشتیوانی روکەش و راگەیاندنەکان بوو وە ھەرێمیش ھیچ پلانێک و رێکارێکی نەبوو بۆ قۆناغی دوای رفراندۆم لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە تایبەتی ولاتە ئیقلیمیکان (تورکیا و ئێران و سوریا) و حکومەتی مەرکەز، دوای رفراندۆم تورکیا و ئێران و عێراق کۆبونووە و رێکەوتن و زۆر بە توندی ھاتنە پێشەوە و ھەرشەی بەھێزیان لە ھەرێم کرد و سوکایەتیان زۆر بەو بریارە کرد وە حکومەتی بەغداش گورزی خۆی وەشاند و شانۆیەکەی تەواوکرد بە گەرانەوەی بۆ ناوچە کێشە لە سەرەکانی دەرەوەی ھەرێم بە زەبری ھێزی سەربازی ئەویش بووە ھۆی دووبارە لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان کە ئەمەش پێگەی ھەرێمی زۆر لاواز کرد لە سەر ئاستی نێودەولەتی ، ھەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ راستەوخۆ دوای رفرامدۆمی ھەرێمی کوردستان حکومەتی تورکیا وەکو کاردانەوەیەک بە رامبەر ڕفراندۆم لە گەڵ حکومەتی فیدرالی عێراق رێکەوتن بە دروستکردنی دەروازەیەکی سنوری نێودەوڵەتی نوێ لە نێوان ھەردوو ولات لە خاڵی سنوری ئۆڤاکۆ لە رۆژھەلاتی پارێزگای شەرناقی تورکیا و خاڵی پەرینەوەی رەبیعەی عێراقی و خاکی جەزیرەی سوری ئەوەش لە دەرەوەی خاکی ھەرێمە و وەکو جێگرەوەیەکی دەروازەی سنوری برایم خەلیل کە تورکیا بە ھەرێمەوە دەبەستێت. لە مانگی یازدەی ٢٠٢٠ ئەو پرۆژەیە تەواو بووەو و ئامادەکراوە، ئەم ھەنگاوە دوژمنکارانەی تورکیا گورزێکی کوشندەیە بۆ ئابوری ھەرێم گەر بچێتە بواری کرداریەوە ئامانجی ستراتیجی حکومەتی ئۆردوگان لەم پرۆژەیە : * روخاندنی ئابوری ھەرێم * بچوک کردنەوەی رۆلی ھەرێمە لە ناوچەکە * دابڕینی دەروازەی سنوری و پەیوەندی نێوان ھەرێم و لایەنە کوردیەکانی دیوی سوریا * بڕینی ئاڵوگۆرێ بازرگانی نێوان ھەرێم و سوریا * پشتگوێ خستن و بچوک کردنەوەی ھەرێم * بە ھێزکردنی پەیوەندی ئابوری خۆی لە گەل حکومەتی مەرکەزی بەغدا * بەستنەوەی پارێزگاکانی موسل و کەرکوک راستەوخۆ بەو پرۆژەوە چونکە لە پلانەکەیاندا بەکارھێنانی ھێزی سەربازی ھەیە تەنانەت لە ناو خاکی عێراقیش بۆ پاراستنی کاروانی بازرگانی بە بیانوی بوونی تیرۆرستان و لاوازی لایەنی عێراقی لە پاراستنی رێگەوبانەکان * بە دیھێنانی خەونی کۆنیان بە گەرانەوەی ولایەتی موسل بۆ سەر تورکیا کە لە ھەموو بۆنەکاندا بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن. ئامانجی سەرەکی تورکیا لەم پرۆژەیە زیاتر بۆ لاوازکردنی ھەرێم و دابڕینی ھەرێمە لە گەل لایەنی سوریا و لێدانی ھەر بریارێکی چارەنوس ساز بۆ ھەرێم بۆ ئەوەی بە ھیچ جۆرێک بیر لە جیابونەوە و سەربەخۆیی نەکرێتەوە لە بەرئەوەی ئەو جۆرە بریارانە راستەوخۆ کار لە سەر دۆخی کوردانی ئێران و تورکیا و سوریا دەکات و لە ئایندەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ سەربەخۆیی ئەوان.
توانا ئەمین قوڵبڕەکان بێئیش نیین، پڕئیشترین کاراکتەری کۆمەڵایەتین، ئەوان هەرچی وەزەی خۆیانە لە ڕێگای سەرمایەگوزارییەکی گومڕاکەرەوە خەرج دەکەن، سەرمایەیەک بێ مایە! سروشت لە ڕێگای شێوە و ڕوخساریانەوە چاکەی زۆری لەگەڵ کردوون بەوەدا نزیکەی هەمیشە؛ قۆڵبڕەکان دەموچاوێکی منداڵانە و بێگەردیان هەیە و لە ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا سادە و دڵپاک و بێگەرد دەردەکەون، کە بێگومان دەرکەوتنەکەیان بەم شێوەیە بەشێکی ڕێکخراوە لە بزنزەکەیان. قۆڵبڕەکان لەگەڵ سادەییەکەیاندا بەلوتف و ماریفەتن، لە قسەکردندا توانایەکی سەیریان لە زمانبازی و سەفسەتە و پەندهێنانەوە هەیە. زەینێکی ڕوون و چاوێکی تیژیان هەیە، لە هەر کەسێکی تر ئاسانتر و خێراتر دەتوانن چارە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، مێشکیان هێجگار چالاک و وەڵامدەرەوەیە، بەجۆرێک مۆرتێمر فاینبێرگ لە کتێبی (بۆ خەڵکی ئاقڵ ئیشی قۆڕ دەکەن ـ Why Smart People Do Dumb Things) دەڵێت "ئەگەر تۆ ئاستی ئیدراک و عەقڵت لەسەرو خەڵکەوەیە و بەهۆی ئەم توانایەتەوە ئاسانتر و خێراتر لە خەڵک دەتوانی گێرمەوکێشەکان چارە بکەیت، وریابە تۆ ریسکی ئەوەت لەسەرە ببیت بە قۆڵبڕ!" قۆڵبڕەکان ڕۆحێکی شەڕانگێزی وەهایان هەیە کە دەتوانێت خەرمانەی لەرەلەری جەستەت بشکێنی و هیپۆنە (تەنویم)ت بکات، قۆڵبڕەکان ئاسانتر لە هەرکەس دەتوانن قەناعەتت پێ بکەن و ئەم مەهارەتەیان بە ئەزموونی زیاتر گەورەتر و ترسناکتر دەبێت. فەنتازیای کاراکتەری قۆڵبڕ لە خەڵکی ئاسایی زۆر بەرینترە، قۆڵبڕەکان بێ خەون نین و سەریان تەژییە لە خەون، لێ ڕێگای بە ڕاستی کردنی خەونەکانیان هەڵەیە. ئەوان یەک و دوان نین، زۆرن و ئەوەتان لەناو ئێمەدا، بەڵام ئەوکاتە دەیانبینین کە چزەمان لێ هەڵدەستێنن. مایک کۆمپۆبێلی تاوانناسی ئەمریکی دەڵێت " ١٠%ی ئەو کەسانەی ڕۆژانە دەیانبینی کار دەکەن، دروستکار و سەرڕاستی تەواون، ١٠%یان چەوتکار و فریوەدەری تەواون، ٨٠% بەردەوام لە نێوان دەستەی یەکەم و دووەمدا دێن و دەچن". بۆیە سلێمان هەڵشۆیی تەنها یەک کەسە لەو ٩٠ لەسەد کەسەی کە دەکرێ لە هەرساتێک لە ساتەکاندا ببنە شتێکی تر.
ئاسۆ حاجی 1- یەکەم پرسیار کە بە مێشکی هەر کەسێک دادێ کە چاودێری دۆخی سیاسی پارچەکانی کوردستان بکا و ئاگاداری رووداوەکان بێت،ئەو پرسیارەیە،ئایا پەکەکە بۆ لە باشور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و تەنها لە باکور بوونی نیە! لە کاتێکدا دەبوایە هەموو هێز و قوڕسایی پەکەکە لە باکوری کوردستان بێ. 2- لە ساڵی 2015 هەدەپە باڵی سیاسی پەکەکە لە باکوری کوردستان لە رێگای ژمارەیەک سەرکردەی لاو توانیان لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی تورکیا 81 کورسی ببنەوە،بەڵام سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل رێگەیان نەدان دەست بەو ژمارەیەوە بگرن یان بەشداری حکومەت بکەن،بەڵکو شەڕیان لە ئەنقەڕە و لە ناو هۆڵی پەڕلەمان گواستەوە ناو شار و ئاوەدانیەکانی باکوری کوردستان کە بە شەڕی خەندەکان بەناوبانگە و بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست شار و شارۆچکە خاپورکران و بەگوێرەی ژمارە نا فەرمیەکانی هەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان لە نێوان 6 بۆ 7 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون. 3- ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە سەر بە تورکیا بوون و لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاشەوە پشتگیری دەکران کە ئەو کات بە سوپای ئازاد دەناسران گەیشتبوونە لێوارەکانی دیمەشقی پایتەختی سوریا و خەڵک چاوەڕوانی دەکرد یان بەشار ئەسەد بۆ وڵاتێک رابکا و دیمەشق رادەست بکا یان ئەوەتە شارەکە بە شەڕ بکەوێ،ئێران لە رێگای پەکەکە شەڕەکەی گواستەوە باکوری کوردستان و سوپای تورکیای ناچارکرد کە بە کێشەیەکی گورەتر لە بەشاڕ و دیمەشق خەریک بن،پەکەکە هاوکار بوو بۆ رزگارکردنی بەشاڕ ئەسەد و سەرخستنی ئەجێندای ئێران بەڵام کورد دەسکەوتیان چ بوو؟ 4- دوای سەرکەوتنی باڵی سڤیلی ناو هەدەپە بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤالانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل ترسیان لێ نیشت بەوەی کە پێشکەوتنی ئەو سەرکردە لاوانە واتا کۆتایی ئەوانە بۆیە رێگەیان نەدا بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی تورکیا کە ئەو کات ئەردۆغان و حیزبەکەی دەستیان ماچ دەکردن تەنها بۆ ئەوەی ناچار نەبن هەڤالبەندی لەگەڵ باخچەلی و تورکە توند ئاژۆکان دروست بکەن،بەڵام قەندیل ئەردۆغانی بە ناچاری فڕێدایە باوەشی دەوڵەت باخچەلی رەگەزپەرست،قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەستی پێکرد کە لە موجاهید و قوتابیەکی بەدیعولزەمان سەعیدی نەوڕەسی یان سەعدی کوردی ببێتە سەربازێکی بە ئەمەرکی ئەتاتورک و هەڤاڵبەندێکی ستڕاتیژی باخچەلی. هەروەها دەمیرتاش و هەڤالانیان خستنە زیندان و دەستی ئەردۆغان و سوپاکەشیان ئاوەڵا کرد تا باکوری کوردستانیان کردەوە سەربازگەیەکی گەورە،کورد لە باکور جگە لە لەدەست دانی هەموو دەسکەوتە سیاسیەکان چیان دەسکەوت؟ 5- پەکەکە لە ناو خۆی باکوری کوردستان و تورکیا تەواو ئیرادەی خۆیان رادەستی چەپی تورک کردووە و خۆ یەکلایی کردنەوەیان لە بەرەی جەهەپە کە بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا چەپەکان گەورەترین زیانیان لە بزاڤی نەتەوەیی و رزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە لە باکوری کوردستان بە دوور خستنەوەیان لە ئامانجی سەرەکیان و تێکەڵکردنیان بە بزاڤێک کە تێیدا لە پێناو هەندێک دروشمی بێ گیان و ناوەڕۆک خۆیان بزرکردووە،ئاراستەی چەپایەتی لە رێگای جەمیل بایەک و دۆران کالکان تەواو کۆنتڕۆلی بڕیارەکانی قەندیلیان کردووە،کورد لە سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەستەنبۆل ئەوان چیان دەسکەوت؟ 6- باشە بۆ دەبێ ئامادەیی چڕی سەربازی پەکەکە لە شەنگال و توزخورماتوو و مەخمور و پێنجوێن بێت و کەمترین ئامادەیی سەربازی لە باکوری کوردستان بێ کە ژمارەی گەڕیلاکانی لە باکور ناگاتە ٣٠٠ گەڕیلا! 7- پەکەکە بۆ دەتوانێ لە سلێمانی و گەرمیان دەست بخاتە ناو خۆنیشاندانەکان و هانیان بدا تا هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و بارەگای حیزبەکان بەڵام لە دیاربەکر و شارەکانی دیکەی باکوری کوردستان ناتوانێ سەت کەس بباتە سەر شەقام و لە دژی دەوڵەتی تورکیا خۆنیشاندان بکەن؟ 8- پەکەکە کە هۆکاری لە دەستدانی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بوون،لە جیاتی پەند وەرگرتن لەو شکستانە و گوێگرتن لە هاوپەیمانان کە خۆیان لە قەندیل و بڕیارەکانی داببڕن،تەواو پێچەوانەی ئەوانە یەپەگە بە چەک و هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا رووی چەکەکانیان لە پێشمەرگە کردووە و بەشێکن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی قەندیل کە سەرچاوەی ئەو بڕیارانە بەشێکن لەو ستراتیژیەکە ئیقلیمەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی گەمارۆ داوە و هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی دەدات،باشە پەکەکە و یەپەگە چ سوودێل لە لاواز بوونی هەرێمی کوردستان دەکەن،ئەگەر بەشێک نین لە ئەجێندای دوژمنان! 9- بۆ فشار دروست کردن لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگای هێزەکانی یەپەگە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان،بەو کارە مەترسی دەخاتە سەر تاکە دەروازە کە خۆراک و پێداویستیەکانی ژیان دانیشتوانی رۆژئاوای کوردستانی لێ دابین دەکرێ،باشە یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر چ سوودێک لەوە دەکەن ئەگەر پێشمەرگە بکوژن و خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن؟ 10- هەرێمی کوردستان لە باکوری کوردستان هاوکار بوو و بۆ یەکەمینجار حکومەتی تورکیای ناچار کرد راستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە دابنیشێ و پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکا،لە رۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا جاری چوارەمە کە هەموو لایەنە کوردیەکان واتا ئەنەکەسە و پەیەدە کۆبکاتەوە و هانیان بدا لەگەڵ یەک رێکبکەون تا لە جیاتی زیاتر لە دەست دانی خاک و ماف،بتوانن دەسکەوت و ئەزموونەکەیان بپارێزن،کە ئەوە مەرجی سەرەکی هاوپەیمانانە بۆ بەردەوامی هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی زاتی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا،بەڵام پەکەکە بە هەموو ناوەکانی دیکەی کە هەیەتی لە دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان بەردەوامە،بەڵام لە زیان زیاتر چی پێبڕاوە؟
ئومێد قەرەداخی گومان لهوهدا نییه، له دوای پرۆسهی ئازادییهوه، ئابووری عێراق به ئهندازهیهكی زۆر گرفتار بوو بهدهست گهندهڵی و بهفیڕۆدانهوه، بهپێی راپۆرته جیهانیهكان قهبارهی گهندهڵی ملیارهها دۆلار بوه ، سیاسهتی دارایی و نهقدی كراوته پاشكۆی بهرژهوهندی گروپگهلی جیاوازی سیاسی و ملیشیایی، وزهی بهرههمهێنان و چالاكی سێكتهرهكان پاشهكشهی كردو عێراقی به تهواوی كرد به وڵاتێك كه پشت به داهاتی نهوت ئهبهستێت ، لهگهڵ دهستپێكی شهڕی داعش و دواتریش دهركهوتنی پهتای كۆرۆنا ، كۆی ئابووری جیهانی تووشی قهیرانێكی جدی بوو، بهرههمهێنان و چالاكی ئابووری پاشهكشهی كرد ، سهرهنجام خواست لهسهر وزه له بازاری جیهانیدا دابهزینێكی بهرچاوی به خۆوه بینی ، لهگهڵ كهمبوونهوهی خواست لهسهر نهوت له بازاڕی جیهانیدا ، نرخی نهوت داڕمانی گهورهی بهخۆوه بینی ، بهمهش بودجهی عێراق رووبهڕووی كورتهێنانێكی گهوره بویهوه، به تێكڕی قهرزی ناوخۆیی و دهرهكییهوه عێراق نزیكهی 160 ملیار قهرزداره ،، له دۆخێكی لهمشێوهیهدا حكومهت نهیئهتوانی پابهندییه داراییهكانی خۆی جێبهجێ بكات ، بهتایبهت موچهی فهرهمانبهران كه بارگرانییهكی گهوره بوو بۆ حكومهتی عێراقی، بۆ چارهسهری ئهم كێشهیه حكومهتی عێراق بههاوكاری بانکی مهركهزی نرخی گۆڕینهوهی دۆلاری بهرانبهر به دینار بۆ 147 ههزار دینار بهرز كردوه ، ئهم بڕیاره سهرهڕای ئهوهی هاوكاری حكومهت ئهكات موچهی فهرانبهران دابینبکات، بهڵام كۆمهڵێك ئاكامی باش و خراپی ههیه ، ئهتوانین بهمشێوهیهی خوارهوه لەبارەیەوە بدوێین: ئاستی یهكهم : كاریگهرییه خراپهكانی بهرزبوونهوهی بههای دۆلار به دینار یهكهم : بهرزبوونهوهی بههای دۆلار بهرانبهر به دینار، راستهخۆ به رێژهی نزیكهی 20% بههای ڕاستەقینەی مووچهی موچهخۆران( هێزی كڕین) كهم دهكاتهوه ، ئهگهر مووچهخۆرێك موچهکەی 1 ملیۆن دیناری عێراقی بوبێت ، ئهوا بههاكهی دادهبهزێت بۆ 800 ههزار دینار، ئهمهش كاریگهری خراپی لهسهر ئاستی گوزهرانی هاوڵاتیان ئهبێت ، ئهگهر ئهم كاریگهرییه بۆ موچهخۆرانی عێراق جارێك قورس و زهحمهت بێت، بۆ مووچهخۆرانی ههرێم دووجار ، چونكه مووچهخۆرانی ههرێم رووبهڕووی دوو جار بڕینی مووچه دهبنهوه ، جارێك لێبڕینی مووچه بهشێوهی نهقدی كه رێژەكهی له ئێستادا 21%، جارێكیش بهشێوهی دابهزینی بههاكهی كه نزیكهی 20%، بهمهش مووچهخۆری ههرێم 41% موچهكهی له دهستدهدات. دووهم : ئهو بڕیارهی بانكی مهركهزی چارهسهری تێچوونهكانی بهگهرخستن ( نفقات التشغیلی ) ناكات ، چونكه تێچوونهكانی بهگهرخستن وهك مووچهی فهرمانبهران لهسهر بنهمای بههای نهقدی(ئیسمی) دیاری ناکرێت، بهڵكو لهسهر بنهمای بههای حهقیقی ( هێزی كرین ) دیاری دهكرێت، بۆ نموونه تهمویلی حكومهت بۆ پرۆژهكانی بهرههمهێنان ، دابینكردنی تێچوونی بهگهڕخستنی وهزارهتهكان ، ئهمانه به پێی بههای راستهقینهی دراوهكه دیاری ئهكرێت نهك بهها نهقدیهكهی، بهمهش حكومهتی عێراق ناتوانێت خۆی له بهشێك له ئیلتیزامه داراییهكانی بدزێتهوه كه به سهدان ملیۆن دۆلار دهخهمڵێنرێت سێیهم : ئهم بریاره كاریگهری ئهبێت لهسهر بهرزبوونهوهی تێكرای گشتی نرخهكان ، چونكه بهشێوهیهكی گشتی پێوانهكردنی بههای كاڵا له بازاڕی عێراقیدا به دۆلاره ، بازرگانییه دهرهكییهكانی عێراقیش ههر به دۆلاره ، ئهمه سهرهرای ئهوهی توانای بهرههمهێنانی ئابووری عێراقی بهشێوهیهك نیه بتوانێت بهشێكی كهمیش له پێویستیهكانی بازار پڕ بكاتهوه، بۆیه بڕیاری بهرزكردنهوهی بههای دۆلار راستهخۆ كاریگهری دهبێت لهبهرزكردنهوهی ئاستی نرخهكان، بهپێی تیۆره ئابوورییهكانیش ههموو بهرزبوونهوهیهكی نرخیش له دۆخێ ههڵاوساندا بهشێوهی قهڵهمباز روو ئهدات و نزمبوونهوهی بهشێوهی پله به پلهیه ، بهمهش به ئهگهرێكی زۆرهوه بهرزبوونهوهیهكی زۆر له بههای كاڵاكاندا روو ئهدات، نزمبوونهوهی به شێوهیهكی هێواش ئهبیت ، بهمهش ههڵاوسانێكی زیاتر دروستدهكات و بارگرانیهكی زیاتر بۆ هاوڵاتیان دروست ئهبیت ئاستی دووهم : كاریگهرییه باشهكانی بهرزبوونهوهی بههای دۆلار به دینار یهكهم : ئهم بریاره كاریگهری ئیجابی لهسهر كهرتی گهشتیاری ئهبێت ، دابهزینی بههای دیناری عێراقی هاندهر ئهبیت بۆ ههندێك وڵات به رێژهیهكی زیاتر گهشت بۆ عێراق بكهن ، دابهزینی بههای نیشتیمانی بهرێژهیهكی دیاریكراو ئهتوانێت هاندهر بێت بۆ گهشتیاری بیانی ، له كۆمهڵێك كاڵا و خزمهتگوزاری گهشتیاریدا، گهشتیار ئهتوانیت به خهرجییهكی كهمتر له جاران بهدهستیان بهێنێت و ئهمهش هاندهره بۆ بههێزبوونی كهرتی گهشتیاری دوهم :دابهزینی بههای دینار دهكرێت هاندهر بێت بۆ گهشهپێدانی سهرمایهگوزاری بیانی ( بێگومان ئهگهر مهرجهكانی دیكهی هاندانی سهرمایهگوزاری بیانی ئاماده بێت ) ، سهرمایهگوزاری بیانی یهكێك لهو بنهمایانهی سهرنجی رادهكێشێت نرخی دهستی كاره له بازاڕدا ، دابهزینی بههای دینار بهرێژهی 20% ، واته كهمبونهوهی نرخی دهستی كار بە هەمان ڕێژە، ئەمەش هاندهره بۆ سهرمایهگوزاری بیانی ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە هەمان ئەندازە یان نزیک لەوە نرخی ڕاستەقینەی کەرەستەی خاویش دادەبەزێت، کە ئەمەش دیسانەوە هاندەرێکە بۆ سەرمایەگوزاری بیانی... سێیهم : دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار له ههمانكاتدا دهكرێت هاندهریش بێت بۆ ههناردهكردن و راكێشانی دراوی قورس بۆ ناوخۆی وڵات ، چونكه دابهزینی بههای دیناردا هاندهر ئهبیت بۆ ئهوهی وهبهرهێن بیر لهوه بكاتهوه كاڵای بهرههمهێنراوی ههنارده بكات ، ئهمهش له پێناو بهدهستهێنانی دراوی قورس ( بۆ نموونه دۆلار ) چونكه ئهم دراوه بههایهكی بهرزی لهناوخۆدا ههیه و هێزی كڕینی زۆره .
مەحمود رەزا ئەمین سەردەمی دانوسەندنی نێوان تیمی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی، بۆ پێکهێنانی کابینەی ٩، میدیای گۆڕان پێی وتین: # گۆڕان بە پرۆژەی چاکسازی و، # بە مەرج و "سەقفی زەمەنی"ـیەوە، بەشداری ئەکا! # ئەبێ بەرنامەی چاکسازیی گۆڕان ببێ بە بەشێک لە بەرنامەی حوکمەت، ئینجا بەشداری ئەکەین! # ئەچین "تەرازوی هێز ئە گۆڕین"! # ئەگەر چوینە ناو حوکمەت و لە ماوەی ٦ مانگدا هەستمان کرد پرۆژەکەمان پشتگوێ ئە خرێ، ئە کشێینەوە. رێکخەری گشتی بە دەنگ و رەنگ وتی، ئەگەر چاکسازی نەکەن "خەیاری ترمان ئەبێ!"... "خەیاری زۆرمان لە بەردەمایە!". کاتێک پارتی بە شەوق و زەوقێکی زۆرەوە هات بە پیری گۆڕانەوە و بە سەخاوەتەوە بەڵێنی چاکسازی و پۆستی زیاتر لە قەبارەی ئینتیخابیی گۆڕان، بە گۆڕان "بەخشی"، وتووێژکەرانی گۆڕان وتیان: "زیرەک بوین، چونکە توانیمان زیاتر لە قەبارەی ئینتیخابیی خۆمان، پۆست بە دەس بهێنین!". هەر لەسەرەتای گفتوگۆگانی نێوان گۆڕان و پارتییەوە، بڕوام وەها بو کە نە پارتی گۆڕانی بۆ چاکسازی ئەوێ و نە سەرکردایەتی و تیمی دانوسەندنی گۆڕانیش، زۆر کۆڵیان بە چاکسازییەوە هەڵگرتوە. بەڵکو چاکسازی بۆ لەخشتنەبردن بەکار هێنرا، ئەگینا بە هەمو نرخێک ئامادە بون، بەشداری حوکمەت بکەن. ئێستا، کە نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگ بەسەر رۆژی سوێندخواردنی کابینەکەی مەسرور بەرزانیا تێ پەڕیوە (١٠ی ٧ی ٢٠١٩)، درەختی هەمیشە سەوزی ژیان، دڵنیایی تەواوی داومەتێ کە بۆچونەکەم راست بوە، بەم بەڵگانە: # دەرکردنی قانونی ژ٢ ی چاکسازی، ٦ مانگ زیاتری ویست تا دەرچوێنرا!؛ # نزیکەی ساڵێکە قانونەکە دەر کراوە (١٩ی ١ی ٢٠٢٠)، کەچی کابینەکەی مەسرور بەرزانی، بە قەبارە، لە هەزارا یەکی لێ جێبەجێ نە کردوە؛ # کابینەکە زۆر موحتاجی جێبەجێکردنی قانونەکەیە، تا خۆی لە سواڵکردن و رسواتر بون و هەرێم لە کەوتن بپارێزێ، کەچی جێبەجێی نا کا؛ # گەندەڵیی کابینەکە لە دۆسێی نەوتا، بە بەراورد بە کابینەکانی تر، زیادی کردوە، کەمی نە کردوە؛ # گەندەڵیی کابینەکە لە دۆسێی گومرگ و خاڵەسنورییەکانا، بە بەراورد بە کابینەکانی تر، زۆر زیادی کردوە. لەم روەوە، پارلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمەساڵح، لە ٦ی ١٢ی ٢٠١٩ ەوە بە ئیمزای ژمارەی قانونیی پارلەمانتارانەوە، راپۆرتێکی بەرز کردۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی پارلەمان، تا دانیشتنێک تایبەت بکا بە گفتوگۆ لەسەر راپۆرتەکەی. ئەو لە راپۆرتەکەیا دەنیشانی کردوە، ئەگەر رێگە لە گەندەڵی و قاچاخچێتیی گومرگەکانی سەرتاسەری کوردستان بگیرێ، مانگانە ١٥٠- ١٧٠ ملیۆن دۆلار ئەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حوکمەت. دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر داواکەیا، هێشتا سەرۆکایەتی پارلەمان وەڵامی نە داوەتەوە. دوای راپۆرتەکەی پارلەمانتاری ناوبراو، لیژنەیەکی پارلەمانیی پارلەمانی کوردستان سەردانی مەیدانیی خاڵەسنورییەکانی کرد. لێدوانەکانی ئەوانیش هەر بۆنی راپۆرتەکەی عەلی حەمەساڵح ـی لێ هات. کەچی نە پارلەمان و نە حوکمەت مێش میوانیان نیە. # گەندەڵی و ناعەدالەتیی ئەم کابینەیە، وەکو کابینەکای تر، لە بواری سەپاندنی باج و خەراجا، لە سنوری ئەقڵ و ویژدان چۆتە دەرێ: ماسیە بچوکەکان راو ئەکا و حوتەکانیش ئازاد. بە نا قانونی و نادەستورییش باج و رەسم، بە ئارەزوی خۆی ئەسەپێنێ بەسەر کاسبکارانا. باج و رەسم، بە گوێرەی دەستور، بە قانون دیاری ئەکرێن. کەچی حوکمڕانەکانی هەرێم بە بڕیار و ئارەزوی خۆیان، ئەیان سەپێنن. # گەندەڵیی تاکەکانی بنەماڵە، لە زەمانی ئەم کابینەیەدا، لە هەمو کابینەکانی تر زەقتر و بەرچاوترە. بون بە بابەتی رۆژی، رۆژنامە بەناوبانگەکانی دنیا؛ # مەرکەزیەتی حوکمەت و سروشتی پۆلیسیانەی کابینەی ٩، لە هەمو کابینەکانی تر زیاتر و بەرچاوترە؛ # شەفافیەت لە داهات و لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ دواوە نە گەڕابێتەوە بۆ پێشەوە نە چوە؛ # نائومێدیی خەڵکی کوردستان بە حوکمڕانەکانی هەرێم، لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا گەیشتۆتە لوتکە؛ # لە بەرامبەر زیادبونی نائومێدیی خەڵکا، توندوتیژیی دەسەڵات و سەرکوتکردن گەیشتونەتە لوتکە: لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ دا بە ٢ مانگ، ١٠ کەس کوژران. کەچی لە خۆپیشاندانی پێنجڕۆژەی ئەم جارەدا، ٩ کەس کوژران. بە هاوکێشەیەکی حسابیی سادە دەرەکەوێ، ئیرادەی توندوتیژی و سەرکوتکردنی دەسەڵات لە چاو ٩ ساڵ لەمەوبەرا، زیاتر لە ١٠ قات زیادی کردوە. ئەمەش نیشانەیەکی زەقە بۆ دابڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قوڵ لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتا. # لە هەمو ئەوانە خەتەرتر، ئێستا خاوەنی کابینەی ٩، بۆ راکردن لە قەیرانەکان، وەکو هەمو هێزێکی نا گەلی و نا نیشتمانی، سەرقاڵی هەڵایسانی شەڕی بە وەکالەتی کورد و کوردە. لەگەڵ ئەو هەمو راستیانەی سەرەوە دا، بزوتنەوەی گۆڕان، دوای تێپەڕینی نزیکەی (٣ جار) (٦ مانگی) بەسەر تەمەنی کابینەکەیا، هێشتا توند باوەشی کردوە بە کورسییەکانی بەشەکەی خۆیا و سەرقاڵی تەعیینکردن و دۆزینەوەی پۆستی رەمزییە بۆ ژمارەیەک هەڵسوڕاو. سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە باتی شەش مانگ، ٣ شەش مانگی بۆ دەسەڵات تازە کردۆتەوە بۆ چاکسازی و نەی کرد، ئەگەر راستگۆ بێ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەنگدەر و هەڵسوڕاوەکانی و خەڵکی کوردستان، ئێستا کاتی ئەوەیە "ماڵی قەڵب" بداتەوە بە سەروچاوی "خاوەنەکەیا" و بگەڕێتەوە بۆ لای خەڵک و دەنگدەرەکانی. ئەگەر ئەو هەنگاوە نیشتمانی و مێژویییە نە نێ، بە کردەوە پێمان ئەڵێ، "چاکسازی" و "سەقفی زەمەنی"ـیم بۆ چاووڕا بەکار هێناوە. جا یان لە بێ توانایی و بێ ئیرادەیییەوە بوە، یاخود لە سۆز و بێ ئاوەزییەوە. هەر کامیان بێ، شەرعیەتی ئەم سەرکردایەتییە ئەچێتە ژێر گومان و پرسیارێکی گەورەوە. مانەوەی گۆڕان رۆژێ زیاتر لە ناو ئەم زەلکاوەیا، زەرەری زیاتر بە خەڵک و بە بزوتنەوەکە ئە گەیەنێ. هاتنەدەرەوەشی رۆژێ زوتر، بڕێ لە زیانەکانی خەڵک و بزوتنەوەکە کەم ئەکاتەوە. لەبەر ئەوە بە پێویستی ئەزانم پەردە لەسەر هۆ راستەقینەکانی چون و پەلکێشکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو زەلکاوی کابینەکەی مەسرور بەرزانی، چ لەلایەن سەرکردایەتی گۆڕان و چ لە لایەن پارتییەوە، لا بدەم: نیاز و هۆکانی چونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو کابینەی ٩: ئەوەنەی لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوا، لە رێگەی دەمەتەقێی سیاسی و گفتوگۆی دوقۆڵی و چەنقۆڵیم، لەگەڵ هەڵسوڕاو و سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕانا، جا روبەڕو بوبێ یان لە رێگەی ئامرازەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بۆم ساخ بۆتەوە، سەرکردایەتی گۆڕان بەم نیاز و هۆیانەی خوارەوە، بردینی بۆ ناو حوکمەت: # لە روی مادییەوە توانای ئیدارەدانی بزوتنەوەکەی نەما بو. بردینی بۆ ناو حوکمەت، بە نیازی ئەوەی مانگانە/ ساڵانە بڕێ پارەی دەس کەوێ بۆ ئیدارەدانی دەزگاکانی. وام بیستوە تا ئێستا ئەم نیازەی نە هاتۆتە دی؛ # لە سیاسەتکردنی گۆڕانانە هیلاک و نائومێد ببو. توانا و تاقەت و ئیرادەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە دەس دا بو؛ # ژمارەیەک هەڵسوڕاوی لە کابینەکانی رابردوا نانبڕاو کرا بون، بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە؛ # ژمارەیەک هەڵسوڕاوی لە دەزگاکانی حوکمڕانیا ما بون، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەر نە کرێن؛ # لە ناو دەزگاکانی حوکمەتا کار بۆ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی تر بدۆزێتەوە. ئەوانەی سەرەوە دور و نزیک پێوەندییان بە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان و بە ئامانجی دور و نزیکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نیە. هەمویان بەرژەوەندیی تایبەتین. هەر چاودێرێک کەمێ بە وردی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێم بڕوانێ، ئاسان پەی بەو راستییە ئەبا کە، لەم کابینەیە و کابینەکانی تریشا، هەر سەرۆکە بەرزانییەکانی حوکمەت بڕیار بە دەس بون. ئەگەرچی بە گوێرەی قانونی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ و هەر ١٠ هەموارەکەی، بڕیار بە دەس ئەنجومەنی وەزیرانە نەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لەم هاوکێشەیەدا پێگەی وەزیر و پلەدارەکانی گۆڕان لەناو داوودەزگاکانی حوکمڕانیا، لاوازترینە. ئەوەش سەلمێنراوە کە لاواز، دۆڕاوی هەمیشەیییە. ئێمە بە ناو جێگری سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک وەزیر و بریکاری وەزیر و پلەتایبەتی ترمان لە حوکمەتان، بەڵام ئەمانە یان هیچ دەسەڵاتێکی فیعلی یان قانونییان نیە، یاخود بە قانون هەیانە، بەڵام بە کردەوە دەسەڵاتیان زۆر سنوردار کراوە. بۆ پشتیوانی بۆچونەکەم، وەزارەتی دارایی هەرێم بە نمونە ئەهێنمەوە: لە وڵاتانی پێشکەوتو، تەنانەت دواکەوتوشا، وەزارەتی دارایی وەکو حوکمەتێک وایە لە ناو حوکمەتا. چونکە ئەم وەزارەتە رەسمی سیاسەتی دارایی و ئابوری ئەکا. هەموان ئەزانین، دارایی و ئابوری رەگی حەیاتی هەر حوکمەت و گروپ و کۆمەڵێکن. تەنانەت رەگی حەیاتی خێزانیش: سیاسەتی دارایی (السیاسة المالیة) چییە؟ سیاسەتی دارایی بریتییە لە: "بەکارهێنانی داهاتەکان و خەرجییەکانی حوکمەت، بۆ تەئسیردانان لەسەر ئابوریی وڵات، لە رێگەی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی و دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی داهات". داهاتەکان وەکو: باج و خەراج؛ چاپکردنی دراوی نیشتمانی؛ قەرزکردن، داهاتی فرۆشتنی موڵکەکانی حوکمەت؛ کرێ و قازانجی پرۆژەکانی حوکمەت... هتد خەرجییەکان وەکو: موچەی موچەخۆران؛ خەرجیی دامەزراوە حوکمەتییەکان؛ خەرجیی لە ناکاوی کارەساتە سروشتییەکان؛ بودجەی وەبەرهێنان. بڕی داهاتەکان و خەرجییەکان و چۆنێتی بەکارهێنانیان، ساڵانە لە قانونی موازەنەدا دیاری ئە کرێن. ئێمە هەمومان ئەزانین، وەزارەتەکانی دارایی هەرێم، چ ئێستا و چ لە کابینەکانی رابردوا، بێجگە لە باجدانان و باجسەندن، بە ناقانونی و نازانستی و ناعەدالەتی، هیچ وەزیفەیەک لە وەزیفەکانی سیاسەتی دارایییان ممارەسە نە کردوە. کەواتە سیاسەتی دارایی، فت. سیاسەتی ئابوری (السیاسة الاقتصادیة) چییە؟: سیاسەتی ئابوری، لە ئابوریی بازاڕ (اقتصاد السوق) یان ئابوریی ئازاد (الاقتصاد الحر) دا، کە هەرێمی کوردستان ئیدیعا ئەکا پرەنسیپەکانی جێبەجێ ئەکا، بریتییە لە: "ژمارەیەک رێکاری تایبەتی، حوکمەت ئەیانگرێتە بەر بۆ بە زیندو هێشتنەوەی بازاڕ و پەرەپێدانی وڵات و رێگەگرتن لە قۆرخکاری و هێنانەدیی ئامانجی کۆمەڵایەتی، وەکو: خوڵقاندنی بەردەوامی هەلی کاری راستەقینە؛ خۆشکردنی زەمینە بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ و بیانی؛ دابینکردنی پێویستییە ژیانییەکانی خەڵک؛ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانی دراوی خۆماڵی؛ دیاریکردنی سەعاتی کارکردن؛ دیاریکردنی لانی کەمی موچە؛ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەوەکانی ئایندە و...". لەم هەرێمەی ئێمەیا مناڵانیش ئەزانن، وزارەتی دارایی هەرێم، هەرگیز ئەم ئەرکانەی بە خەم و ئەرکی خۆی نە زانیوە. کەواتە سیاسەتی ئابورییشمان فت. لە راستیا، لە هەرێم، نە وەزارەت وەزارەت و نە وەزیر وەزیرە. هەردوکیان بە رواڵەت هەن، بە فیعلی نین. بۆ ئەوەی کەس ئەم بۆچونەم بە تانەی تایبەتی بۆ خۆی حساب نەکا، بە پێویستی ئەزانم بڵێم: ئەگەر هەر یەکێ لە: وەزیری خەزانەی ئەمریکی یان وەزیری دارایی ئەڵمانیا یاخود وەزیری دارایی یابان، کە ٣ وڵاتی زۆر پێشکەوتون و سەر بە ٣ کیشوەری جیاواز و ٣ بازاڕی جیاوازی ئابوریی ئازادن، هەرکامیان بکەی بە وەزیری دارایی حوکمەتی هەرێم و ئەم فیگەرانەی بنەماڵە سەرۆکیان بن و بەم شێوازە حوکمڕانی بکەن، هیچیان لە وەزیرەکانی خۆمان باشتریان پێ نا کرێ. بە پێودانگی زانستی، هەرێمی کوردستان لە ٣٠ ساڵی رابردوا نە وەزارەتی دارایی هەبوە و نە وەزیری دارایی. بەڵکو لە هەمو کابینەکانا سنوقێک هەبوە پێی وتراوە وەزارەت. ئەمین سنوقێکیش هەبوە پێی وتراوە وەزیر. لەم کابینەیەی مەسرور بەرزانیا، وەزعی وەزارەت و وەزیر لە خولەکانی تریش خراپترە. وەزیر و وەزارەتێ کە: # قانونی موازەنەیان نە بێ و، # رەسمی سیاسەتی مالی و ئابوری نە کێشن و، # بچوکترین رەئیان لە سەر داهات و خەرجیی وڵات نە بێ و، # بڕێ زانیاریی شێواو و گوماناوی نەبێ، ئاگایان لە سەرچاوەکانی داهات و جەرجی نە بێ؛ بە دڵنیایییەوە، نە وەزیر وەزیرە و نە وەزارەتیش وەزارەت. بە هەزار دڵنیایی ترەوە، ئەمەی لە کوردستان ناو نراوە حوکمەت، حوکمەت نیە. بەڵکو دەسەڵاتێکی خێڵەکی و ئۆلیگارشیی دواکەوتوە و تەواوی خەسڵەتەکانی سیستمی سیاسی- ئابوری- کۆمەڵایەتیی ئیستیبدادی شەرقی لە هەناویا هەڵ گرتوە و رۆژانە ممارەسەیان ئەکا. ئێستا ئەوەی لە لای زۆربەی خەڵکی کوردستان و لە لای دەنگدەر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان پرسیارە، ئەمەیە: ئەگەر بە راست بزوتنەوەی گۆڕان بە مەرج و سەقفی زەمەنییەوە، بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و سیستمی لامەرکەزی و باشکردنی ژیانی خەڵک چۆتە کابینەکەی مەسرور بەرزانییەوە، دوای ئەم هەمو خراپەیەی لە ساڵ و نیوی رابردوا لەم حوکمەتەمان بینیوە، بۆچی نایەتە دەرەوە؟ هاوپەیمانیی حوکمەتیی گۆڕان لەگەڵ پارتی، دوای شکستی هاوپەیمانیی یەکەم و دوای پەشیمانبونەوەی کاک نەوشیروان لە هاوپەیمانیی یەکەم، ئەگەر نەڵێم تەسلیمبون و بێ ئیرادەیییە، بەرهەمی خۆشباوەڕیی سیاسی سەرکردایەتی گۆڕانە، چونکە: # هەزار جار ملی رێگەی هەڵە بگری، هەرگیز ناگەیتە ئامانجی راست. # چەنبارەکردنەوەی تاکتیکی نا راست، خووی حیزب و ئەندامەکانی شەڕ ئەکا. چونکە ئاووهەوای هەلپەرستی خۆش ئەکا. هەر حیزبێ هەلپەرستی زاڵ بو بەسەریا، ئیتر لە لای سەرکردە و موستەفیدەکانی ئەبێ بە ئامانج. حیزب کە لە ئامرازەوە بو بە ئامانج، ئیتر خێری ئەبەخشرێتەوە و ئەبێ بە بار بەسەر کۆمەڵەوە. لە عیراق و کوردستان، لە حیزبی بار، چوار نمونە لەبەر چاون: حیزبی شیوعیی عیراق، حیزبی بەعس، پارتی و یەکێتی. # دو بنەماڵە سیاسییەکەی کوردستان ماکی گەندەڵین. زۆرترین سامانی دزراوی خەڵکی کوردستان لە لای سەرۆک و ئەندامانی هەردو بنەماڵە و دەسوپێوەنەکانیانە. پلانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە کوردستان، بە تێزەکەی (لی کوان یو)، ئەبێ لەوانەوە دەس پێ بکا. ئاخۆ رێگە ئەدەن بزوتنەوەی گۆڕان خەونی دەنگدەرەکانی و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بهێنێتە دی و لەو دەیان ملیار دۆلارەی فەرهودیان کردوە، شتێک بدەنەوە بە خەڵک؟ مناڵیش وەڵامی ئەم پرسیارە ئەزانێ. # لە رێگەی قۆرخکردنی ئامرازەکانی سەپاندنی دەسەڵاتەوە، هەردو لایان توانیویانە لە سنوری قەڵەمڕەویی خۆیانا (دولة عمیقة) دروست بکەن. گۆڕان ناتوانێ بە دەستی بەتاڵەوە، تەنانەت لە پشتیوانیی زۆربەی هەرەزۆری هەڵسوڕاو و دەنگدەرەکانیشی، لەناو حوکمەتەوە بچوکترین تەئسیر لەسەر سیستمی حوکمڕانی دا بنێ. # حیزبەکانی دەسەڵات ناتوانن سنوری چاکسازیی رواڵەتی تێ پەڕێنن. خەڵک و دەنگدەرەکانی گۆڕانیش چاکسازیی ریشەیییان ئەوێ. چاکسازیی رواڵەتی خەڵک تێر ناکا؛ چاکسازیی ریشەیییش دەسەڵات ئەڕوخێنێ. کەواتە، بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوان بە چ سیحر و موعجیزەیەک ئەتوانێ ئەم پارادۆکس و هاوکێشە ئاڵۆزە، لەناو حوکمەتەوە حەل بکا؟ سەرکردەکانی گۆڕان بە بێ کەمترین دەسکەوتی سیاسی- ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ بزوتنەوەکە و بۆ خەڵکی کوردستان، کردینیان بە شەریکی تەجروبەیەکی گەندەڵ و شکستخواردوی ٣٠ ساڵە. ئەگەر لەم زەلکاوە نەیەنە دەرێ، مێژو ئۆباڵی شکستی پرۆژەی گۆڕین ئەخاتە ئەستۆیان. ئەڵقەی داهاتو وەڵامی ئەم پرسیارە ئەداتەوە: بۆچی پارتی مەبەستی بو قاچی گۆڕان راکێشێتە ناو کابینەکەی مەسرورەوە؟
د. محەمەد ئەمین له سهرهتاوه ئهبێ بڵێم بۆئهوانهی شارهزان له کاروبواری دارایی ،که مهبهست لهسهرمایهی سهرئاوبردووهه مان سهرمایهی سهرئاوکهوتوونیه ،،چونکه سهرمایهی سهرئاوکهوتو(Floating capital ) بریتیه له بهکارهێنانی سهرمایه له بوارێکا که کاتیتکی پێویسته تا ئهم سهرمایه ئهگهرێتهوه دهست ، وه وهگهڕئهکهوێتهوه.،بۆنمونه تۆ۱۰۰ههزار دۆلار له بانکی خۆته وه ئهنێری بۆ کهسێ یا شتێکی پێ بکڕی،وه ئهم 1۰۰ هه زاردۆلاره تا ئهگاته شوین وده ستی خۆی ئهشێ ٤۸ تا ۷۲ سهعات بخایهنێ وه هه تا زیاتریش که پشوهکانی هه فتهی به سهرابێ یان پشوهکانی تری ساڵانه وه ک سهری ساڵ یاجهژن وبۆنه کانی ساڵانه . واته لهم لانی کهم ٤۸ تا ۷۲سهعاته دا کهس کهڵکی لهم پاره وهرنهگرتوه وه ک چونه سهرئاوی لێ هاتوه .هه ربۆزانیاری، بهم تازهییه بۆئه وهی ماوهی ئهم سهرئاوکهتنه/ گهیشتنی پاره کهم بکرێته وه سستهمی ئهکوت مهیل بهکاردێت ،که ماوهکه له چه ند ڕۆژهوه کورت ئهکاتهوه بۆ۱٤-۲۰ خولهک . بهڵام لێره، ئهوهی که پهیوندی به سهرمایهی سهرئاوبردووهوه هه یه وهکو چهمک، ئهمه یهکهم جاره من بهکاری دێنم ،که بریتیه له سهرمایهی ده ست کهوتووله لایهن هه ندێ که س، گرووپی میلشیا وه یادهسهڵاتی ساخته ونارهوای مافیا ئاسا به شێوهیهکی خێراوناروون له شێوهی تاڵانی له سامانی گشتی یا خهڵک ،وه له هه ل ومهرجیێکی نا ئاسایی ونایاسایی که سهرمایهی ده ست کهوتوو هیچ جێگایهکی روون وهک بانک یادامه زراوهیه کی دارایی روونی نیه تا تیا هه ڵبگیرێ وه له وێوه به شێوهیهکی یاسایی به کاربێ، بۆیه به شێوهی سهرئاوکهوتوویی به کاردێ ،که بهخێرایی له کالایهکا ساخ ئهکرێتهوه تا قازانجی خێرابکات وبکهوێتهوه ده ست وبگوازریتهوه بۆ شوێنێکی نادیارله دهرهوهی یاسا،وه له ئهنجاما بهشی هه ره زۆری یاهه مووی به فیڕۆ ئهچێ وئهبێته سهرمایهی سهرئاوبردوو،نموونهسامانی به فیڕۆچووی شای ایران ،بن عهلی تونس وه موبارهکی میسری هتد . له کاتیکاسهرمایه وهک ئهم شێوهی له سهره وه باسکرا نهتوانرا له خوارهوه ؛واته له ژێرخانی که رته جیاوازه کانی ئابووری به کاربهێنرێ له ڕێگهی دامهزراوه داراییه فهرمیه کا نه وه وه ک بانک یا دامه زراوه داراییی وسهرمایهگوزاریه یاساییهکانهوه ،ئهوافۆرم وماناو کاریگهری له سهرمایهیهکی ئاساییه وه ئهگۆڕێ بۆ سهرمایهیهکی زیان بهخش.، بۆنمونه پارهیهکی زۆرله دهرهوهی سستهمی دارایی ویاسیا له بازارا /وهک پارهی كاش ورهش بهئه ندازهیهکی زۆرسهرئاو ئهکهوێ وه ئهبێته هۆی هه ڵاوسانیکی نائاسایی، دروست وهک ئێستا ئهبینرێ له بازاری ژێردهسهڵاتی میلشیا له لوبنان ، سوریا، عێراق، کوردوستانی باشوور، یهمه ن، لیبا ، ئهفغانستان وه سۆماڵ. ئهم سهرمایهسهرئاوکهوتوه ناڕوونه ،که له ریگهی نارهوا وه دهست کهوتوه زیان بهخشه بۆئابووری نیشتیمانی، بۆژینگه به هۆی ههراج کردنی هه مووزهوی ناو شارهکان وزهویه کشتوکاڵیهکانی دهوری شارهکان وه فرۆشتنیان وکردنیان به یهکهی نیشته جێ بوون تا به زوویی پارهی کاش به دهست بێت،بێ گوێدانه ژینگهی تهندروستی شارهکان. بۆنمونه ،ئه گهرسهیری شارهکانی کوردوستانی باشوور بکهین به تایبهت دههۆک،هه ولێروه سلێمانی،ئه بینی که نهک هیچ دیمه ن و شوینهوارێکی ژینگهیی تیا نیه به ڵکوئه مهی که هه بووش وێران کراوه وه کراوته یهکهی نیشته جێ بوون وپڕۆژهوکاری بازرگانی بۆبه دهست هێنانی هه رچی زۆرتری پارهی خێرا بۆ میلشیاکان .به هه مووپێوهریێکی ژینگهیی وتهندروستی ئه بوو له هه وڵیرزیاتر له10 پارکی به رووبهری پارکی ئازادی سلێمانی دروست بکرایه به پێوانهی ئهم رووبهره فراوانهی ئێستای هه ولێر، وه له سلێمانی لانی کهم 5 دانه دروست بکرایه. بهڵام له بری ئهمه هه مووهه ولێرو دوروبهری بهری کراوه به یهکهی نیشته جێ بوون که ههر یهکهیه ک به لانی که م ۲-٤ ملیارد داهاتی کاشی هه بووه بۆ ئه ولادی میلشیا ،ئیتربهلایانهوه گرنگ نیه نهوهکانی نهته وه له داهاتووبه هۆی ئهم کاره خراپ کاریه وه تیرۆرستیانهی ژینگه یی ئهوان توشی سهدان نهخۆشی وکارهساتی تهندروستی وژینگهیی ببن .هه ڵبهته ئهم رهوشه بۆسلێمانی وه تهواوی شارهکانی تری کوردوستانی باشوورهه روایه. ئه مه نیشانی ئهدات ،که تهنها له کهرتی نیشته جێ بوون لانی کهم ۱۰۰۰ ملیارد دۆلاردهست میلشیا کهوتوه، بهڵام له زهمینهی سهرمایهگوزاری راستی دا هیچ دیارنیه ،کهواته ئهم سهرمایهی که له سهرئاوبوو،ئاوبردی وبێ سوود بێ کهڵک وبه فیڕۆچوو له سهردهستی میلشیا، که کهس نازانێ ئهم هه موو سهمایه بۆکوێ چوو، بهڵام ههمووئهزانن که به فیڕۆچووهو گهل کهڵکی لێ نابینێ. وه هه روهها زیان به خشه له ڕووی کۆمهلایهتیهوه به هۆی دروست بوونی دوو جیاواز چینی له ناو کۆمهڵگا یا زۆرهه ژاریا زۆردهولهمهند له سهرهه ژماری سامانی گشتی وه کاڵ بوونهوهی چینی ناوهراست، چوونکه پاڵنهروهۆکاری سهرمایهی سهرئاو قۆرخکاری وناروونی وگهندهڵیه که تانها چینیکی بههێزبۆبهرژهوهندی ئاڵقهیهکی بچوکی دهسهلات خۆی کردۆته خاوهن سامانی نیشتیمان وهک دهسهڵاتی دهوڵهته شکست خواردوودهسهڵاتهکانی میلشیایهكان که زووترله باسی ئابووری میلشیادا باسم کردوه1. هه ڵبهته ئهم دهسسهڵاتانهی که پابهند نین به هیچ گرێ بهستیکی یاسیای و دهستوری وه ک له دهسهڵاتی وهڵاته شکست خواردوهکانا ئهبینرێ ،یا ئهم گرێ بهسته هه رنیه وهک دهسهڵاتی میلشیاکان،بهها مرۆیی ونیشتیمانی ونهته وهییهکان زۆرکاڵه یاهه رنیه ،وه هه موودهسهڵات بێ ویژدانانه ،نا بهرپرسانه وه بێ رهوشتانه به کاردێ بۆبهرژهوهندی ئابووری وماناوهی چینێکی مشه خۆرومل هوڕی دهسسهڵاتخواز،کهئهمه لهئهنجاما دهرهاویشتهی نهرینی ترسناکی ئهبێ له سهرهه مووئاستێک. خاوهنه نارهواکانی ئه وسهرمایهی کهسهرئاو کهوتوه به هۆی ئهوهی که له رووی یاساییهوه سهرمایهی سپی نیه وناتوانن له ڕێگهی دامه زراوه داراییهکانه وه به کاربێت له سهرمایه گوزاری کورت یا درێژ خایهن، وه یا نایانهوێ له بواری سهرمایهگوزاریدابهکاربیێت بۆداهاتوو،چونکه ئهوانهی ئهم سهرمایه نارهوایه یان به دهست هێناوه به کاریان نههێنا لهژێرخانی ئابووری ودارایی بههۆی نارهوا بوونی دهسهلاتیان هه ست به ئاسایش ناکهن،وه ترسیان هه یه سزابدرێن وه هه مووسامانهکهیان ،که به نارهوا و تاڵانی به دهست هاتوه ڕۆژێ له لایهن دهسهڵاتی گهله وه درهنگ یا زوودهستی به سهرا بگیرێ.له بهرئهوه ئه بینین لههچ کام لهم دهسهلاته به ناودهوڵهتی بهڵام شکست خواردوو،وه ده سهڵاته میلشیاییهکانهوه هچ دامهزراوهیهکی ئابووری گه وره دروهست نهکراوه ونیه که بۆداهاتووخهڵک کهڵکی لێ ببینێ. ئه م سهرمایه سهرئاوکهتوهی که له ئهنجامی نهبونی ویست نهتوانرا یا نهتوانرێ باکاربێ له چالاکیه ئابووری وداریاییهکان لهبه رئهم هۆیانهی کهله سهروه باس کرا،جگه لهوهی کههه ڵاوسان له بازارا دروست ئهکات ،بهجۆرێ بههای خانویهک یا پارچه زهویهک له کوردوستان گرن تره له لهندهن یا نیویۆرک،له ههمان کاتیشا رێژهی بهرههم هێنهرئهگهیهنێته نزمترین وه به کاربهربۆباڵا ترین ئاست،چونکه بهشێکی ئهم سهرمایه سهرئاوکهتوه جگه لهوهی که نهک هه ر بهکارنایه له بواری بهرهه م هێنانا، بهڵکوبه کاردێ بۆ بۆ بێ کارکردن و بێ پیشه کردنی گهنجانی هێزی کار،ئهمیش به به کارهێنانیان له دامه زراوه دهولهته شکستخوارهکان یا میلشیاییهکان که تهنها کاریان چهک داری ودهنگ دانه به دهسهلاته مل هورهکان . به کارهێنانی سهرمایه ی سهرئاوکهوتووله بواری بازرگانی خێیراوکالای زوو فرۆش له گهڵ بهکارهێنانی دهسه ڵاتی سیاسی له لایهن دهسهڵات دارانی وهڵاته شکست خواردوهکان ودهسه ڵات دارانی میلشیاکان، که مهبهست له دهسهڵات لای ئهوان به کارهێنانیهتی بۆدهست کهوتی ئابووری وبه هێز کردنی پایهکانی مانهوه له دهسهڵات ئه میش له ڕێگهی قۆرخ کردنی بازارهوه وا ئهکات که ههم کایهی سیاسی وه ههم کایهی ئابووری نیشتیمانی وه کایهکانی تری ژیان گهندهڵ ووێران بن. 1 https://rb.gy/yaeksh
د. موسا بەرزنجی $100=142,250ID بەهای دینار و ئابووری عێراق؟کاریگەرییە پۆزتیڤ وئەرێنیەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی؟ یەکەم : عێراق لە ناو چەندین قەیرانی قووڵدایە و ئاسەوار و دەرئەنجامی ئەم قەیرانانە لە عێراقدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە : ١.قەیرانی داراییFinancial Crisis 2.قەیرانی وەبەرهێنان Investment Crisis 3. قەیرانی تەکنەلوژیاTchnological Crisis 4. قەیرانی پەروەردە و ئاکادیمیAcademic Crisis 5. قەیرانی سیاسیPolitical Crisis 6. قەیرانی ئاسایش بە گشتی بە تایبەت ئاسایشی ئابووری و خۆراک Security crisis کە واتە بە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی ئەم کۆمەڵە قەیرانانە لە کورت خاێەن و مامناوەنددا چارەسەر نابێت. شیکردنەوە وباسی زۆر لە سەر کاریگەری نێگەتیڤ و سلبییەکانی ئەم سیاسەتە نەختیەی بانکی ناوەندی لە میدیاکاندا کراوە .بەڵام من لایەنی پوزیتڤ و ئیجابی دەبینم .دەبێ ئەوە بڵێم بە هوی قەیرانی ئاکادیمی و زانستی و قەیرانی داتا و زانیاری تەحەدای ئەوە دەکەم کە وا هیچ زانکوی یەک لە سەدان زانکوی عێراق توێژینەوی یەکی زانستی و ئابووری یان بە پێێ داتا و ئامار و مودیلەکانی ئابووی پێوانەیی(اقتصاد قیاسی) ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی کاریگەرییە سلبی وئیجابییەکانی ئەم سیاسەتە نەختییەی بانکی ناوەندی بە ژمارە وڕێژە پێشبینی یا خود خەمڵاندنی بۆ بکرێت. دووهەم: دابەزینی بەهای دیناری عیراقی بە هۆی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی عێراقی و بە هاوئاهەنگی حکوومەتی عێراق ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە یان کاریگەرییە پوزیتیڤ و ئەرینیانەی لە سەر ئابووری عێراق هەبێت : : ١. کۆرتهێنانی بودجە کەم بکرێتەوە بۆ سالی ٢٠٢١ و بەشێک لە کێشەی ئابووری حکوومەت چارەسەر بێت. ٢.هاندانی هەناردە کردن و هاندانی کەرتی گەشتوگوزار بۆ ئەوەی دووای کۆرونا گەشتیاری زیاتر سەردانی عیراق بکات. راستە عێراق پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و ٩٥%ی هەناردەی نەوتی خاوە بەڵام هێشتا هەناردەی کانزاکان وبەرو بوومی کشتوکاڵی هەیە و کەرتی گەشتوگزاریش لە کەرتی هەناردەکان ئەژمار دەکرێت. ٣ هاندانی وەبەرهێنانی دەرەکی Foreign Direct Investment لە بەر ئەوەی بەهای دینار دابەزیوە وەبەرهێنی بیانی زیاتر روو لە عێراق بکات .ئەمە پەیوەندی بە ئاستی ئاسایشی عیڕاقیش هەیە. ٤.کاڵای دەرەکی گرانتر دەبێت و هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخویی دەکرێت و ئەمەش ئاستی بەرهەمی ناوخویی زیاد دەکات بە مەرجیک سیاسەتی هاندانی وەبەرهێنانی ناوخویی فەراهە م بێت .هەر وەها لایەنی تەکنەلوژیا و تەکنیکی گرنگە. ٥.ئاستی هەناردە کردنی بەرهەمی ناوخویی زیاد دەکات بە مەرجێک لە رووی کواڵیتی ونرخەوە کێبرکێ لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی بکات لە گەل وڵاتانی دیکەدا.لە هەندێک کاڵادا توانای کێبرکێ وموناسفەی هەیە وەکو خۆرما و هەنار و هەنجیر و هەنگوێن و کانزاکان. ٦.بە پێچەوانەی رای زۆربەی ئابووریناسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان،بە هۆی کاریگەرییە ئەرینییەکانی ئەم سیاسەتەوە ،رێژەەی هەژاری لە عێراقدا کەم دەبێتەوە. کە واتە ئەم سیاسەتە لایەنی ئیجابی و سلبی هەیە بەڵام بە گشتی ئابووری و بودجەی عێراق بەرەو سیستەم و دامەزراوەیی دەروات. راستەرێژەی هەڵئاوسانی نرخی کاڵای هاوردە بەرز دەبێتەوە.هەروەها ئەمە لە وانەیەجۆریک لە لێبڕینی زیرەکانەی مووچەی فەرمانبەران بێت لە بەر ئەوەی لە کۆرتخایەندا توانای کڕینی فەرمانبەران کەم بکاتەوە!!.بەڵام لە ٢٠٢١دا جوڵەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی ناوخویی ورێژەی گەشەی ئابووری عێراق لە بەراورد لە گەل ٢٠٢٠دابەرز بوونەوە بە خوەوە دەبێنێ .لە هەمانکاتدا هەرێمی کوردستان کە بودجەشی دیار نیە و چەند ساڵێکە داڕشتنی بودجەشی راوەستاندووە .سیاسەتی دارایی و نەختی نیە.ئەگەر ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراوەیی نەروات و داڕشتنی بودجەی هەرێم دەسپێنەکاتەوە یان لە گەڵ سیاسەتی نەختی و دارایی عێراق هاوئاهەنگ نەبێت ئەوە رەوشی ئابووری هەرێم لە ٢٠٢١دا بەرەو باشتربوونی لێ چاوەروان ناکرێت. ت.ب: هەموو ئەم بابەتانەی سەرەوە و هەموو ئەو بابەتانەی ئابووریناسانی عێراقی و کوردستانی هیچ بنەما یەکی واقیعی نیە لەبەر ئەوەی دەبێ بە پێێ داتا و ئامار و مودیلە ئابوورییەکان شروڤە ی گۆڕاوە ئابوورییەکان و سیاسەتی نەختی و دارایی بکرێت و راسپاردەمان هەبێت.کە واتە ئەم شیکردنەوانە تەنیا بیر و ڕا و بواری تیۆری یە !!
سەهین موفتی هەموو ئەم جم و جۆڵە سیاسییەی دوو ساڵی رابرد لە عێڕاق، گەواهی دەدەن بەوەی ئەم وڵاتە بەرەو هەرەسی( سیاسی، دارایی، ئابووری، ئیداری)، هەنگاو دەنێت...! نوێترین نیشانەی هەموو ئەم شکستانە، بەرز بوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکییە لە بەرامبەر دیناری عێڕاقی، کە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیرکرا، ئەمەیش جۆرێک لە لێبڕینی( فێڵ)، مووچەی فەرمانبەرانە لە نێوانی سەدا بیست، بۆ سەدا بیست و پێنج...! چوونکێ عێراق بە دۆلار نەوت دەفرۆشێت، دەیەوێت بە دینار مووچە بدات...! لەماوەی تەنها ساڵێک، لە بەغدادی دوای عەبادی دوو سەرۆکوەزیران و دوو سێ راسپێردراویش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسی، جگە لە خۆپێشاندانی شەقام و توڕەیی شارەکانی باشوورو ناوەڕاست، لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی و ئیداری عێڕاق. ئێستێ ئەم عێڕاقە تا مانگی سێپتێمبەری رابردوو، بڕی 133 سەدو سی و سێ مێلیار دۆلار قەرزدارە...! ئەگەر ئەمە شکستی ئابووری و داتەپینی وڵاتەکە نەبێت،چی ناوێکی لێ بندرێت؟ چاوەڕوان دەکرێت، لە چەند مانگی داهاتوو، عێڕاق بەتەواوەتی داڕمان وهەرەسی ئابووری خۆی رابگەیەنێت، کە ئەمەیش شکستی ئیدارەدانی وڵاتەکەیە، لە 2003 ەوە، تا ئەمڕۆ...! بەوەی شیعە نەیتوانی وەک پێویست دەستەڵاتی ئیدارەدانی وڵات رایی بکات...! هەرێمی کوردستان، چەند رێیی لەبەر دەمە؟ پێشتر، لە نووسینی دیکەمدا ئاماژەم کردووە بەوەی، وڵاتانی ناوچەکە( دەوروبەری هەرێمی کوردستان)، هەموو هەوڵ و هەنگاوێک دەهاوێن لەبۆ بچووککردنەوەو تەنانەت سڕینەوەی کیانی هەرێمی کوردستان، چوونکێ هەرێمی کوردستان بە هەموو کەم و کوڕی وقەیران و ململانێ ناوخۆییەکانی، دەیان هەنگاو لەپێش بەغدادو شارەکانی دیکەی عێڕاق، و تەنانەت چەند وڵاتێکی دراوسێشە..! ئەگەر، کۆماری ئیسلامی ئێران، یا تورکیا بەراورد بکەین بە کوردستان، بەڵام بە ویژدانەوە...! ئاخۆ داهاتی تاکە کەس لەکام لەم شوێنانە باشترو دەرفەتی وەدەستخستنی زێدەترە، بە دڵنیاییەوە کوردستان...! بەو پێیەی، ساڵانی زێڕین( ساڵانی هەبوونی پارە، تا کۆتایی 2014)، زۆرینەی ماڵ، دوو سێ ئۆتۆمبێلی لێ وەستێندرابوو..! یا رێژەی زۆری دانیشتوان وهاونیشتیمانییان وەربگرین، لە نێوانی کرێ نشینان و موڵکی کەسی، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی خاوەن موڵکن، لە کرێ نشین زێدەترن. هەنووکە، ئەم قەیرانە ئابووری و تەندروستییە، پاشان سیاسی ، زۆرینەی وڵاتانی گرتۆتەوە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردان و یاریکردن بە ئاستی هۆشیاری تاکی گۆمەڵگەی کوردی، زێدەتر لەنێو هەرێمی کوردستان ئەم کێشانە زەق کراونەتەوە، تا ئاستی ئەوەی خەڵکانێک بەبێ گوێدانە هیچ قوربانیدانێک، یا رشتنی ئەم هەموو خوێنە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو لەپێناو کیانێکی وەک ئێستای هەرێمی کوردستان، دێن و باس لە گەڕانەوە بۆباوەشی بەغداد دەکەن، ئاخر کام بەغداد؟ بەغدادێک کە چەند مانگی داهاتوو شکستی تەواوەتی رادەگەیەنێت، یا بەغدادێک کە لە 2003 ەوە تا ئێستێ، شەقامێکی نوێ، یا باڵەخانەیەک، یا پڕۆژەیەکی شیاوی لێ چێ نەبووە، ئەوەی هەیە، هی سەردەمی سەدام حوسێنە...! لەبۆیێ، دوو رێگا لەبەردەمی هەرێمی کوردستانە، یا ئەوەتا وەگەر داواکاری ئەو جاش و جاشولکانە بکەوین، کە داوای باوەشی بەغداد دەکەن، یا ئەوەتا، تا ئاستی بەرگریکردن، لە هەموو ئەگەرێکی رێککنەکەوتنی( هەولێر - بەغداد)، یا هەڵوەشاندنەوەی هەر رێککەوتنێک، رووبەڕووی ببینەوەو ئیدی بیر لە خۆ ژیاندنی خۆماڵی، بەم داهاتەی لەنێوەخۆدا هەیە بکەینەوە. لە هەڵبژاردنی، رێی دووەم گومانم نییە، چوونکێ پارتی( پارتی دیموکڕاتی کوردستان)، هەتا کۆتایی خولەک بەرگری مانەوەی ئەم کیانە دەکات، رێیی یەکەمیش پیرۆزی هەر کەسێک بێت، کە ناوی بچێتە مێژووی جاشێتییەوە...!
مەحموود یاسین کوردی حکومەتی عێراق بە زیرەکانە نزیکەی ٢٠٪ مووچەی فەرمانبەرانی کەم کردەوە ئەویش لە رێگای گرانکردنی نرخی دۆلار. عێراق بە دۆلار نەوت دەفرۆشی و بە دینار مووچە دەدات، ئەگەر فەرمانبەرێک پێشتر مووچەی ٩٠٠ دۆلار بێ، ئەوا ئەگەر دۆلار بە ١٤٥ دینار جێگیر کردبێ ئەوا ئەو فەرمانبەرە ٦٨٠ دۆلار وەردەگرێ! حکومەتی عێراق وەکو حکومەتی هەرێم ٣٦ مووچەی فەرمانبەران قەرزدار نییە، بە پێچەوانەوە بەو هەنگاوە بەغدا گرێنتی هەر ١٢ مووچەکی ساڵی داهاتوو دەکات. ئەو هەنگاوە زۆر قورسایی نابێ چونکە فەرمانبەرانی عێراق مووچەکانیان چەند ساڵە بەبێ پاشەکەوت و لێبڕین وەرگرتووە بەڵام ئەوانی هەرێم قوریان بە سەری دەبێ چونکە گرێنتی مووچەی ساڵی ٢٠٢١ نییە! بۆ نموونە لە بازاڕەکانی هەولێر نرخی برنجی ٢٠ کیلۆی لە کۆمپانیاکان بە نزیکی ٢٢ دۆلارە کە دەیکرد (٢٦ هەزار دینار) ئێستا هەمان نرخە بە دۆلارە بەڵام بە دینار دەبێتە (٣٠ هەزار دینار) واتە هەر ٢٢ دۆلارەکەیە بەڵام گران بوونی دۆلار وادەکات نرخی کەلوپەل گران بێ، چونکە کابرای بازرگان بە دۆلار شت لە تورکیا دەهێنی ئیستا بۆیە گرانی دەکات! جا ئەگەر فەردەیەک برنجی بە ٣٠ هەزار دینار بگاتە مارکێتەکان دەبێ خاوەن مارکێت بە چەند بە فەرمانبەری بفرۆشێ!؟. فەرمانبەرانی هەرێمیش ٦٠ رۆژ جارێک مووچە بە دینار وەردەگرێ بۆیە لەگەڵ وەرگرتنی مووچە لە بازاڕ دایەع دەبی. بۆیە هەرێم لەبەردەم تەقینەوەیەکی زۆر گەورەدایە بۆیە دەبێ بە زووترین کات لەگەڵ بەغدا رێکبەوێ و دۆسییەی نەوت و دەروازەکان رادەست بکات. یان واز لە دزی دەروازە سنوورییەکان و نەوت بهێنێ بە ناوی کۆمپانیای ئەمنی و بەرهەمهێنان نیوەی داهاتەکان دەدزرێ.
بەناز حەمەرشید دیارە ئەم ماوەیەی كە كوردستانی پیا تێپەڕی ماوەیەكی پڕئاڵۆزی بو بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە ئەویش بەهۆی خۆپیشاندانی خەڵكەوە بو بۆ داواكردنی موچەو باشتركردنی باروگوزەرانی خەڵك ، ئاشكرایشە هەركاتێك توندوتیژی ڕوودەدات ئەوا بەخێرایی هەڕەشەش ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوسان و دەزگاڕاگەیاندنەكان دەبێتەوە بەتایبەتیش كەناڵە بینراوەكان ، ئەوەش بەهۆی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانەكانە بۆ بینەر كە ڕاگەیاندنەكان بەئەركی خۆیانی دادەنێن بینەرەكانیان لە ڕوداوەكان ئاگاداربكەنەوە و بینەریش مافی خۆیەتی لەڕوداوەكان بە ئاگابێت ، بۆیە ئەم ماوەیەش لەگەڵ دروستبونی بارودۆخێكی ناهەموارو بەهۆی خراپی بژێوی ژیانی موچەخۆران و نەبونی موچەو نەبونی كاروكاسبی و بونی ڕێژەیەكی زۆر لە گەنجانی بێكارو نەبونی خزمەتگوزاری ونادادی لە بژێوی ژیان لەم هەرێمەدا دیسان توڕەیی و هەڵچون خەڵكی هێنایەوە سەرشەقام .. لێرەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری هەستا بەداخستنی كەناڵی nrt ی ودواتریش بەبیانوی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان چەند ئاگاداركردنەوەیەكی ئاراستەی چەند كەناڵێكی بینراوی دیكە كرد ، بەڵام لێرەدا ئەوەی جێی تێبینییە ئەوەیە كە ئایا بڵاوكردنەوەی توندوتیژی تەنها لەڕێی پەخشكردنی خۆپیشاندانەوەیە بۆ بینەر وەك ئەوەی ئەوان دەیڵێن یان لەڕێی پەخشكردنی دراماشەوە دەبێت بەتایبەت دراماوەرگیراوەكان و دۆبلاژكردنیان بۆ زمانی كوردی كەبەجۆرێك لەجۆرەكان توندوتیژیان تێدایە ، ئایا ئەودرامایانە بەهیچ فلتەرێكدا تێپەڕبون بۆئەوەی بشێن بۆ پەخشكردن ؟ ئایا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاگای لەو درامایانەیە یا خۆی لێبێدەنگكردوە ؟ یاخود ئەو بەرنامانەی كە بۆ لایككردن و زۆربونی ژمارەی بینین جۆرەها باس وخواسی تیا باسدەكرێت و بەجۆرێك لەجۆرەكان گەنجان هاندەدات بۆ هەندێ كاروكردەوەی لادانی كۆمەڵایەتی و ڕەفتاری ، هەروەها دروستكردنی شەروئاژاوەی نێوان هاوسەران ، ئایا لای وەزارەتی رۆشنبیری ئەمانە توندوتیژی نین ؟ ئەوەندەی هەستی پێدەكرێت و لەڕێی ڕاگەیاندنەكانەوە زۆرجاربینیومانە هەندێك لەوتاوانانەی كە ڕوودەدەن لەئەنجامی بینینی ئەودرامایانەو سود وەرگرتنە لە ڕێگاكانی ئەنجامدانی تاوانەكان ، وەك ئەو ڕوداوەی كە لەكۆتایی ساڵانی شەستەكاندا بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا جون كندی كە بووە جێی باس وخواسی ئەوكات كە ڕاگەیاندن كرا بەهۆكاری ئەنجامدانی ئەوكارە بەهۆی پەخشكردنی دراماو فیلمی توندوتیژییەوە . * مامۆستای زانكۆ
دانا رەشید ئەکرێ بە پرسیارێ دەست پێ بکەم و لە ناو درێژەی باسەکەمدا بۆ وەڵامیش بگەرێم ، رەنگە وەڵامەکە زۆر فرە باس و فرە لایەن بێت ، ئایا ئیتفاقی ٥٠ مساڵەی نێوان پارتی و ئەردۆگان ،دەسەڵاتی پارتی لەم پلانەی بەغدا ،دەررباز دەکات ؟ ئێستە ململانێی نێوان دەسەڵاتی باشوری کوردستان ،لەگەڵ بەغدا گەیشتۆتە بنبەست ، بەجۆرێ نە هەولێر دەتوانێ بەغدا ڕازی بکات ، نە بەغداش وەک ساڵانی تر یەک زەڕە نەرمی دەنوێ نێت ، چونکە سەردەمی نەرمی نواندن بەسەر چوە ، ئەوەی ئێستە دەبینرێت ئەوەیە ،عیراق خاوەنی نەوتە ، بێ گوەمان کە دەوترێ عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، تورکیا خاوەنی ئاوە ، بەو پێودانگەی ساڵانێکی زۆرە تورکیا هەڵدەستێ بە دروست کردنی پرۆژەیئ گرتنەوەی ئاو لە عیراق ، کە ئەمەش باسی ئەمڕۆ نی یە ، زیاتر لە ٤٠ ساڵە تورکیا بە جدی کاری بۆ کردوە و دەیکات ، ئەمما ئێستە پرۆژەکە تەواو بوە ، تورکیا گەرەکێتی ئیدی کارتی ئاو لە نێوان ململانێ ئابوریەکانی عیراق و تورکیا بەکار بهێنێت ، لە پەراوێزی نەبوونی حوکمێکی سەقامگیر لە بەغدا ،ئیدی شیعە بێت یان سونە ، ئەردۆگان ئاوڕی لە دەسەڵاستی هەرێم داوەتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش پارتی و بنەماڵەی بارزانی ،باشترین کەرەستەی ئەو یاریە بوون و هەن ، سەرەتای روخاندنی رژێمی صدام ، تورکیا مەیلی لەگەڵ بارزانی نەبوو ، چونکە پارتی و بارزانی لەوەتەی هەبوون ،زیاتر عاشقی بەغدا بوون و دەست و پێوەندی ئێران بوون ، بەو مەنتقەی ئێران وەک لایەنی زۆرینەی شیعە لە عیراق ، بریاردەری سیاسی عیراق دەبێت ، بۆیە درەنگ ئاوڕی لە بارزانی دایەوە ، ئاوڕ دانەوەی تورکیا لە بارزانی ، زیاتر دژی ئێران بوو وەک لە بەغدا ، چونبکە بەغدا خڵتانی خوێنی شەری تائیفی بوو بوو ، ناوبوژی کردن و چارەسەر کردنی ، وابەستە بوو بە تێر بوونی لایەنە شیعیەکان لە خوێنی تۆڵە کردنەوە ، ئێستە شیعەکانی حیراق ، هەم تێر خوێن بوون هەم تێر پارە ، بۆیە ئیتر کاتی سیاسەتە ، ئەو سیاسەتەی لە بەغداوە بریاری لەسەر دەدرێ ، گۆڕانکاریە جەنگی و سیاسیەکان لە سوریاو ،هێور بوونەوەی شەری وێرانکەر لەو وڵاتە ، کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش ، لە لایەکی ترەوە ، ترێ بە گەنمەکانی ترامپ و ئەردۆگان لە رۆژئاوای کوردستان وکوژرانی قاسم سولەیمانی و سنوردار کردنی نفوسی ئێران لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست ، ئەمانە هەموو رەوشی حیراقی لە سەردەمێکەوە بردۆتە سەردەمێکی تر ، ئیدی دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەم سەردەمە تازەیەدا بکرێت ، واتە سەردەمی دوای رژێمی صدام تێپەرێوە و چۆتە قۆناغی سەردەمی دەسەڵاتی بەغدا ، وەک ئاوێنەی بەرهەتاو دیارە کە بەغدا چی دەوێت ، عیراقێکی مەرکەزی بەهێزو ، هەرێمی ئۆتۆنۆمی بێهێزو زەلیل ، بۆ بیر هێنانەوە لە سەردەمی شەری داعش ، کاتێ هێزە کوردیەکان دەستیان گرت بەسەر کەرکوداو چاڵە نەوتەکانی قۆرخ کرد ، بەغدا ڕازی بوو بە پێدانی نیوەی داهاتی بیرەنەوتەکانی بای حەسەن لەگەڵ چارەکی داهاتی بیرەکانی تر ، دەسەڵاتی هەرێم یان راستر بڵێین پارتی و بارزانی نەک هەر رازی نەدەبوو ، بەڵکو بەغدای دابوە بە کلکان و گاڵتە ، دەیوت بەغدا موفلیسە ، بە زەبری ئیفاقی ٥٠ ساڵە ، کە کەس نازنێ چیەو چۆن کراوە ، لوتی کردبوە ئاسمان لە بەغدا ، بەڵام تورکیا زۆر لێزانانە نەوتی کوردستانی ورد کردۆتەوە بۆ چەندی شەریکات و تەنانەت دەستی مافیاش ، هەر لە پاکساتان تێیدا بەشدارە تا تاجرەکانی نەوت لە ئێران و روسیاو ئەمەریکاو بە ئەوروپاشەوە بە تایبەتی ئیتاڵیا، تا ڕادەیەکیش بەرپرسە باڵاکنی شیعەش ،واتە ئەم نەوتە لە دەسەڵاتی ]ارتیدا نی یە ،لە رێکەوتنیدا لەگەڵ بەغدا بیدات یان نەیدات ، ئەمما تا ئەوکاتەی کەرکوکی گرتبوو لە شەری داعشدا ، هێشتا بەشی زۆری مەسەلەکان بریار لە دەستی خۆیدا بوو ، دەکرا عاقڵانە لەو ئەزمەی داعشە لەگەڵ بەغدا رێک کەوێ تا چارەنوسی هەرێم بەم رۆژە نەگات ، رەنگە مەنتقی ترین وەڵام ، کە ئایا بۆچی بارزانی نەیدەویست لەگەڵ بەغدا رێک کەوێ بەراستی ؟ فریوخواردنی بوو بەوەی کە تورکیاو ئەردۆگان بەڵێنیان ژێر بر ژێر پێ دابوو ، کە دژی هیلالی شیعی ، پشتیوانی دەکەن بۆ دروست کردنی دەوڵەتێکی لاتریکی وەک قوبرسی توریا ، کە بێجگە لەخۆی هیچ دەوڵتێکی تری جیهان دانی پێدا نەنێت ، ئەمەش ئەگەر وا بووبێ ئەوا ئەپەری بێهێزی هزری ئەو دەسەڵاتەر دەرتدەخات ، ئاخر دروست کردنی دەوڵەتێکی شێخ نشین بێ سیادە لە قوڵایی ململانێکانی رۆژهەڵات و حیراق و ناوچەکە لەو گەرمەی شەری داعش و ململانێ گەرمەی روسیاو ئەمەریکا زۆر شتی تریش ، نەک هەر کاری نەکردەیە بەڵکو کاری ئەحمەقانەیە ، ئەوا بە ڕونیش ئەنجامی لاساریەکان دەبینرێت ، لەسەرێکی ترەوە تورک و سیاسدەتی تورکیا بە هەموو ناوێکی کوردی لە ناوچەکا دژەو دوژمنە ، لە ئێستاشدا کازمی و یان راستر دەسەڵاتی بەغدا ، لە تورکیا پشتی لە هەرێمی کوردستان گرتورە ،نەوت واتە ئاڵتونی رەش بەرامبەر بە ئاو ، ئەوەی لە پرۆژەی گاپ ناو نراواە خاکی شین ، ئاویش نەک بۆ هەرێم بەڵکەو بۆ بوەژاندنەوەی کشتوکاڵ لە ناوەراست و خواروی عیراق ، ئاخر هەرێم بەدەستی دەسەڵاتی خۆی کشتوکاڵی وشک کردوە و وڵاتی داروتاندوە ، لە ئێستدا کێ و چ لایەنێک بەزەیی سیادسی بە هەرێمدا دێتەوە ، پاش ٢٩ ساڵ کەوتە بەرقاپی بەغدا و داوای بەشی قەرز و بەرشە بودجەو ، خێر دەکات ، پاش ئەوەی هەرچی ملیارات دۆلارە کەوتە گیرفانی ئەم مافیاو ئەو مافیاوە ، کێ بەرپرسیارە بە بروای من کەس ، چونکە ئیشەکان بەوپەری بێ پەرپرسیاریەتیەوە کراون ، بەشی زۆری میلەت تێیدسا بەشدارە بێ ئەوی هەستی پێ کردبێت ، کە تۆ رازی بووەی بە موچەی بەلاش ئەشبێ نەتیجەکەی وەرگری .
کەمال رەئوف زیاتر لەهەفتەیەکە شاندى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن لەبەغدادە، هەموو ئەو چاوپێکەوتن و دانیشتنانەى لەگەڵ بەرپرسانى عێراق کراوە، ئەوە دەردەخەن، دانوستاندنى ئەمجارەى نێوان هەرێم و بەغداد قورس و جیاوازترە، بەتایبەتى کە لایەنە سیاسییەکانى عێراق خۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنێکى سەختدا دەبیننەوە و لەلایەکی تریشەوە هەرێم بە کۆڵیک خاڵى لاواز و دەرزەنێک رێککەوتنى جێبەجێنەکراوەوە بەشدارى ئەم گفتوگۆیانە بووە، دیارە بەغدادیش لەسەر خەرمانێک هەڵەوکەموکورتى حکومەتى هەرێم سەنگەرى لە شاندەکەى هەرێم گرتوە و ئامادەنییە بەئاسانى وەک جاران سازانیان لەگەڵ ئەنجام بدات. خاڵى یەکلاکەرەوەى ئەم گفتوگۆیانە، پرسى رادەستکردنى نەوتە، بەغدادو ئێمەش ئەزانین ماوەى چەندین ساڵە پرسى نەوت، نەک لاى قوباد تاڵەبانى نییە و نەبووە تەنانەت لەدەست یەکێتیشدا نەبووە، بۆیە قوباد تاڵەبانى کە سەرۆکایەتى شاندى هەرێم دەکات، لەلایەن هەرێمەوە وەک عەبدى مەئمور بەشدارە و لەبەغدادیش زیاتر وەک کورى تاڵەبانى حسابى بۆدەکرێت نەک جێگرى سەرۆکى حکومەت. ئەوەى لەبەردەستى قوباد تاڵەبانییە لەم گفتوگۆیانە دووشتە، یانم دەبێت بریار بدات نەوت رادەست بکات، یان ئەوەیە داواکەى عێراق رەتدەکاتەوە، خۆ گەر بریاریش بێت بریارى رادەستکردنى نەوت درابێتە دەستى و ئەویش بیەوێت ئەو هەڵەیە بکات و بریاربدات نەوت رادەستى بەغداد بکات، ئەوە جگە لەوەى خۆى شانەکە لەسەریدا دەشکێنێت و توشى بەبەرپرسیارێتیەکى مێژووى و ئەخلاقیی دەبێتەوە، لەهەمانکاتیشدا خاڵیکى رەش بۆخۆى و حزبەکەى تۆمار دەکات، بۆیە هەق نییە قوباد تاڵەبانى بۆ رازیکردنى شەقام بەراست یان ناراست ئەوە راگەیەنێت کە ئەوان ئامادەن لەسەر دەستى ئەو نەوت رادەستى بەغداد بکەن. دیارە یەکێتى لەرابردوودا دواى پارتى سودمەندى دووەم بووە لە داهاتى نەوت، بەڵام هەرگیز شەریکى راستەقینەى بریاردەرى سەرەکى چارەنووسى پرسى نەوت نەبووە، یەکێتى وەک خۆشیان دەیڵێن ئاگادارى زۆرێک لە رێککەوتنەکان بوون و رەزامەند بوون بەوەى کە رویداوە، بەڵام ئەوەى پرسى نەوت و ئابورى سەربەخۆو رێککەوتنى تورکیاى بەرێوە، بردوە ئەوە پارتى بووە نەک یەکێتى، بۆیە یەکێتى و قوباد تاڵەبانى بەم شێوەیە هەڵەى گەورە دەکەن گەر لەسەر دەستى ئەوان بریار بدرێت نەوت رادەستى بەغداد بکەنەوە، ئەوان وەک پێشوو دەتوانن هاوبەش بن و هاوکار بن بەشدارى گفتوگۆکان بکەن، بەڵام بریارى رادەستکردن و نەکردن هى پارتییە نەک یەکێتى و ئەو شاندەى ئێستا لەبەغدادن. ئێستا شکستى قوباد تاڵەبانى لە گفتوگۆکان، سەرکەوتنى سبەینێیەتى و باشترە لەوەى بەرپرسیارێتى رادەستکردن و نەکردنى نەوت بخاتە سەرشانى خۆیى و حزبەکەى، بۆیە هەق وایە شاندەکە شەرم لە کۆتایهاتنى گفتوگۆکان نەکات و بگەرێتەوە بۆ هەرێم تاکو شاندێکى ترئامادە دەکرێت و بەسەرکردایەتى ئەوانە دەنێردرێتە بەغداد کە لەرابردوو تائێستاشدا قفڵى نەوتەکە لەدەست ئەواندایە نەک قوباد تاڵەبانى. ئەمرۆ عێراق لەبەردەم قەیرانێکى ئابورى سەختدادیە، راستە ئەوان دەوڵەتن و کارتى زیاتریان لەبەردەستدایە، بەڵام دۆخى سیاسى و ئایندەى حوکمرانى ئەو وڵاتە نارۆشن و نادیارە، خۆ گەر پارتى و یەکێتى ئەوەندە حرسیان لەسەر پەیداکردنى داهاتە بۆ بژێوى و مووچە، دەبوو پێش ئەوەى ئاوا بەزەلیلى شاند بنێرنە بەغداد و چاو لەگیرفانى ئەوان بن، باشتر بوو پیاچوونەوەکیان بە گیرفانى حزبەکانى خۆیاندا بکردایە و هەموو هێڵکەکانى خۆیان بەپەلەپەل نەخستایەتە سەبەتەکەى عێراقەوە.
ئارام سەعید ئەو وانەیەی دەبێت لەم خۆپیشاندانانەی ئەمجارەوە وەربگیرێت ئەوەیە خۆپیشاندەران چیتر بروایان بەو کردە ئاشتیانەیە نیە کە سالانێکی زۆرە بەردەوامە و ئاکامی ئەوتۆی نەبوە، یان دەرئەنجامی نارەزایەتیەکانی ساڵانی رابردوو بۆ ئەو نەوەیە بوە کە گوروتینی ئەوانی بەکارخست و کردیە سوتەمەنی بۆ خۆیی و لەپاڵیدا حەسانەوە. مرۆڤ چی چاوەروان بکات لە سی ساڵ تاڵانی و دزی، لە شەڕ و مالوێرانی، سی ساڵە ئەو ناوانە دوبارە دەبنەوە کە لە دەسەڵاتدان، هەر ئەو دەموچاوانەن، نارەزاییان بەتالکردەوە لەمانای خۆی، گەنجێتی نەوەیەکیان کوشت، هەژار و نەداریان کرد، ئەم کردەوانە چی بەرهەم دەهێنێت جگە لەو توڕەییە کە پێی وایە دەبێت هەمو دامو دەزگاکان بسوتین و ئەوانە چیتر موڵکی گشتی نین ، پێیان وایە ئیتر سەردەمی قسەکردن بەسەرچوەو هیچ نەماوە بگوترێت، ساڵانێکی زۆرە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکرێت و بێ ئەنجام بوە بۆیە ئەم جارە خۆپیشاندەران درکیان بەوە کرد نەوەی شەستەکان و حەفتاو هەشتاکان شکستیان هێناوە لە گۆڕینی ئەم دونیایەو چیتر نابیت گوێیان لێ بگیرێت و ئامرازەکانیان بەسەرچوە. سوپاس بۆ ئێوە كەبیرتان خستینەوە شكستمان هێناوە.. ببورن لەشکستی نەوەی ئێمە کە نەمانتوانی ئەو گۆڕانکاریە بکەین، ئیمە فریومان خوارد وامانزانی دەتوانین بیگۆڕین... هیوادارم ئێوەش فریونەخۆن. ئەم رەوتەی نارەزایی دەربڕین پێیان وایە سیحری خۆپیشاندانی ئاشتی بەتاڵ بۆتەوە، بەمەش زمانی زەبروزەنگ دێتە پێشەوە، ئەمەی لە ئێستادا هەیە چاوەڕوانکراو بوو. ئەو هەموو نووسین و قسانەی کە کراوە بۆئەوە بووە ئەمە ڕوونەدات. بێگومان سوتاندن و وێرانكردن چارەسەر ناكات، بەڵام کە روویدا ئیتر قسەکردنی نەوەی رابردوو تا رادەیەک زیادەیە. لەم نەوەیەدا ئەو دابەشبونە ئایدۆلۆژی و حزبیەیان بۆ گرنگ نیە کەلەسەردەمی ئێمەدا موقەدەس بوو، بەلایانەوە زۆر گرنگ نیە تۆ ئیسلامیت یان مارکسی یان نەتەوەیی، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە سیاسی تا چەند راستگۆیە! تاچەند بەڵینەکانی ئەتوانێت خەونەکانی ئەوان بەدیبهێنێت، چۆن داهاتویەکی باشیان بۆ دابین دەکات... نەوەی ئیمە بەشێکی فریوی خوارد،بەشێک دوای پلەو پۆست کەوت،بەشێکی رۆیشت و سەری خۆی هەلگرت،هەندێک بیدەنگ بوەوخۆی ئەخواتەوە....سەرنجی سەرکردەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات بدەن هەموو ئەو نمونانە دەبین. نەوەی نوێ رقیان لەو نەوەیە کەبەرگری لە چەند خیزانێک دەکەن خۆیان بە کورسیەکەوە بەستۆتەوەو بەری نادەن و رێگە چۆڵ ناکەن، دەرئەنجام یان دەبێت راکەن و رێگای ئیجە بگرنە بەر یان پەلامار بدەن و بارەگاکان بسوتێنن، لەنێوان ئەم دوو بژاردەیەدا چیتر ماوەتەوە؟ یان رێگای تر هەیە؟ ئەم نەوەیە رەنگە خەونەکانی نەوەی رابردویان زۆر بۆ گرنگ نەبێت ، ئەو مەسەلانەی نەوەی رابردوو ئامادە بوو خۆی بدات بە کوشت لەپێناویدا لای ئەمان بایەخی نیە، ئەو گوتاری کوردایەتیەی دەیان ساڵە بەهەزاران قوربانی لێکەوتۆتەوە لای ئەم نەوەیە بایەخی نیە و ئەنجامەکەی ماڵویرانی بوە بۆیان.. بۆیە دەپرسم ئایا قسەکردن هیچ بایەخی ماوە یان ئیتر کاتی بێدەنگیە بۆ نەوەی رابردوو ؟