Draw Media

چەند كەسێك بە نیازی خۆكاندیدكردنن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار

چەند كەسێك بە نیازی خۆكاندیدكردنن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار

2025-12-19 17:45:48



درەو:
هێشتا خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی نەكردووە، پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراقیش لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی بەركەوتەی خۆیان رێكنەكەوتوون، شێعە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی یەكلا نەكردووەتەوەو سونەش ناكۆكن لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، كوردیش بەتایبەت یەكێتی و پارتی سەرەرای ناكۆكی ململانێیانە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكانی دیاریكردووە كە لە دوای 14ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی بكات و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، بەڵام هاوشێوەی خولەكانی پێشوو ئەگەر لایەنەكان لەسەر پۆستەكان رێكنەكەون ئەوا یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكرێت و دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی دەمێنێتەوە هەتا لایەنەكان رێك دەكەون لەسەر كاندیدەكان. 
بە پێی مادەی (72)ی دەستوری عێراق، لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت،
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار. 
لە ساڵی 2005 ەوە تا ئێستا پۆستی سەرۆككۆمار وەكو عورفێكی سیاسی لای كوردەو لە ناو كوردیش لای یەكێتی بووە، بەڵام ئەمە دووەم خولی سەرۆكایەتی كۆمارە كە پارتی دەڵێت ئەو پۆستە مافی كوردە بەڵام مەرج نیە ئەو پۆستە مافی یەكێتی بێت و كاندیدی خۆی دەبێت بۆ پۆستەكە.
لە كۆبوونەوەی دوێنێی كۆمیتەی ناوەندی پارتی، دوو وەفد پێكهێندران یەكێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و یەكێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەواتایەكی تر پارتی چاوی لە پۆستەكانی بەغدایەو پێی وایە هێزی یەكەمی كوردستانەو زۆرینەی كورسی لایەنە كوردییەكان لای ئەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە چەند رۆژی رابردوودا بە وەفدێك سەردانی بەغدادی كردوو چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆككۆمار وەك پێشتر لای خۆی بمێنێتەوە.
ئێستا پۆستی سەرۆككۆماری عێراق لەلایەك لەنێوان یەكێتی و پارتی كێشەی لەسەرەو لەلایەكیش چەند كەسێك چاویان لەو پۆستەیە.
-    بافڵ تاڵەبانی، تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی بەڕەسمی باسی لە خۆ كاندیدكردن نەكردووە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەڵام دیارە لە ناوەندە سیاسیەكان باسكراوە، تەركیزەكە لەسەر ئەوەیە كە زمانی عەرەبی نازانێت كە ئەمە مەرجێكی یاسایی و دەستوری نیە بۆ كاندیدی سەرۆككۆمار، هەرچەندە بە پێی بەدواداچوونەكان بافڵ تاڵەبانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیەو لەو بوارەوە كێشەی نیە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی نایەوێت بچێتە ململانێ و یاریەكەوە كە لەسەدا سەد دڵنیا نەبێت كاندیدی یەكلاكەرەوە دەبێت و سەردەكەوێت، بەپێی بەدواداچوونەكان رای سەركردەو لایەنە عێراقییەكان وەرگیراوە، بەشێكیان لەگەڵی نەبوون و بەشێكیشیان وتوویانە ئەو پۆستە پشكی كوردەو بچن لەگەڵ پارتی یەكلای بكەنەوە.

 مەرجەكانی كاندیدی سەرۆككۆمار ( لە عێراق لەدایك بوبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی بێت، تەمەنی 40 ساڵ بێت، لێهاتووی تەواوی هەبێت، ناووناوبانگی باش و شارەزا بێت، حوكم نەدرابێت بە تاوانێكی لەكەداركەر) مادەی (68)ی دەستور. 
-    لە حاڵەتی كاندید نەبوونی بافڵ تاڵەبانی، ئەوەی باس دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت نزار ئامێدی ببێتە كاندیدی فەرمی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكۆكۆمار، كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵ لەگەڵ مام جەلال بووە لە سەرۆكایەتی كۆمار و ئێستاش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی نوسینگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە لە بەغداد. 
-    لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عێراق نیەتی ئەوەی هەیە بۆ جاری دووەم خۆی بۆ پۆستەكە كاندید بكاتەوە.
-    فەرەیدوون عەبدولقادر نیەتی ئەوەی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كاندید بكات، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن سەردانی بەغدادی كردووەو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێك لەسەركردە عێراقییەكان كردووەو لە كوردستانیش چاوی بە بارزانی كەوتووەو نیەتی خۆی پێراگەیاندووە.
-    ناوی چەند سەركردەیەكی كۆن و نوێی یەكێتی دەهێندرێت بۆ ئەو پۆستە.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە وەفدی دانوستانی بۆ پۆستەكانی عێراق پێكهێناوە چاوی لە پۆستەكەیە، رەنگە بە دەستهەڵگرتنی یەكێتی لە پۆستەكانی هەرێم پارتیش دەست لە پۆستی سەرۆككۆماری عێراق هەڵبگرێت.
كاندیدەكانی پارتی لە نێوان (د. فوئاد حسێن، رێبەر ئەحمەد، فازڵ میرانی) دەبێت. 
یەكلاكردنەوەی پۆستەكە لەنێوان یەكێتی و پارتی لەسەر چەند سیناریۆیەك وەستاوە:
-    ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكان رێكبكەون چاوەڕوان دەكرێت پارتی رازی بێت بە پێدانی پۆستی سەرۆككۆمار بەیەكێتی، لەو حاڵەتەدا بەهەردوولا كاندیدێكیان دەبێت و ئەویش كاندیدێكی یەكێتی دەبێت بە رەزامەندی پارتی.
-    ئەگەر رێكنەكەون، ئەوا پارتی كاندیدی سەربەخۆی خۆی دەبێت و لەناو لایەنە عێراقییەكان لۆبی بۆ دەكات، هاوشێوەی 2018 كە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بوو لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح و سەرەنجام بەرهەم ساڵح سەركەوت، لە 2021یش هۆشیار زێباری كاندید كرد بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دوورخرایەوەو دواتر پارتی رێبەر ئەحمەدی كاندیدكردوو پاشان كشاندیەوە لەبەرژەوەندی لەتیف رەشید و لە دژی بەرهەم ساڵح.
-    ئەگەر رێكنەكەون، پارتی پشتیوانی كاندیدێكی دەرەوەی حزبەكەی دەكات، واتا كاندیدێكی یەكێتی بەڵام نافەرمی لەبەرامبەر كاندیدی فەرمی یەكێتی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand