Draw Media

بۆری نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەكردن

بۆری نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەكردن

2025-08-17 07:56:42


درەو:
كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكور لە زاخۆ چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن، بە وتەی فوئاد حسێن رێككەوتنی كاتی كراوە بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
دوای رێككەوتن، ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕوانی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقن لە زاخۆ چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانن، بڕیارە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای بۆریەوە لە كێڵگەی خورمەڵەوە بچێتە زاخۆ لەوێ وێستگەی (MS)  واتا (Measurement station) وێستگەی پێوانەیی لێیە كە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكۆری سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت لەوێ پێوانەی نەوتی دەكرێت كە چەند دەڕوات، لەم وێستگەیەوە رەوانەی توركیا دەكرێت و لە ناو خاكی توركیاش وێستگەی (PS 1) لەوێ وەردەگیرێت، لەوێوە بۆ بەندەری جەیهان كە لەوێ رادەستی سۆمۆ (كۆمپانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق) دەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 13ی ئەم بڵاویكردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الشمس)  رایگەیاندووە: هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی "کاتی" لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چارەسەرەكە کاتییە. ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ساڵە، واتە چارەسەرێکە تا کۆتایی ئەمساڵ و پشت بە دوو سەرچاوەی یاسایی دەبەستێت: یاسای بودجەی ئێستا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. کەواتە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بە شێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت." 
سەبارەت بە دەستپێنەكردنەوەو بەربەستەكانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دەڵێت: کۆمپانیا بیانییەکان هێشتا پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت  و توركیاش تا ئێستا رەزامەندی دەرنەبڕیوە.
مەرسومی باس لە دوو بەربەست دەكات لەبەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم: 
بەربەستی یەکەم: رەزامەندی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکانە، ئەم کۆمپانیایانە هێشتا پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن و ئامادە نین بە تێچوی (16)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت هەناردە بکەن، تێچوی دیکەشیان زیاد کردووە، لەوانە تێچوی گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بە مەودای 200 بۆ 300 کم بۆ بۆرییەکە. 
هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن بەغداد دان بە گرێبەستە بازرگانییەکانیاندا بنێت و گەرەنتی پارەدانیان بۆ دابین بکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی رابردوو و داهاتوو، لەگەڵ رەوانەكردنی پارەی چاوەڕوانکراوی فرۆشتنی نەوت بۆ کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بەشێوەیەكی  راستەوخۆ بۆ ئەو کۆمپانیایانە و رێککەوتنێکی نوسراویش لەگەڵ بەغداد بکات.
بەربەستی دووەم: رەزامەندی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، هەرچەندە تورکیا پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنی ئەو نەوتە، بەڵام پێویستە ئاگادارییەکی فەرمی بۆ عێراق دەربکات و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە رابگەیەنێت، لەو کاتەدا نەوتەکە دەخرێتە ناو تانکیەکانی بەندەری جەیهان و کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە فرۆشتنی نەوتەکە دەکات.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand