Draw Media

پۆلیسی سلێمانی: "بە غیابی حوكمدراوەو دەبرێتە بەردەم دادگا"

پۆلیسی سلێمانی: "بە غیابی حوكمدراوەو دەبرێتە بەردەم دادگا"

2025-08-13 04:17:47


 

درەو:
شاسوار عەبدولواجید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیركرا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایان گەیاند لەلایەن هێزێكی یەكێتیەوە دەستگیركراوەو بۆ شوێنیكی نادیار رفێندراوە، سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق: هێزێكی یەكێتی شاسوار عەبدولواحیدیان رفاندووە، هێزەكە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانیەو لەلایەن مەسرور بارزانیەوە ئەمریان پێكراوە، ئەوان لە هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید و هەڵبژاردن دەترسێن بۆیە دەستگیریان كردووە.
دەنگانێكی شەو وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند:  شاسوار عەبدولواحید لەلایەن پۆلیسی سلێمانیەوە دەستگیركراوە، سبەینێ دەبرێتە بەردەم دادوەر.
-    بەپێی نوسراوێكی دادگای سلێمانی شاسوار عەبدولواحید لە رۆژی 3/8/2025  شەش مانگ سزای بەندكردنی بۆ درەچووە، دادگا فەرمانی كردووە دەستگیربكرێت.
-    بەپێی نوسراوێكی تر لەسەر سكاڵای بەرپرسێكی ئاساییشی سلێمانی سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.
-    هەروەها بەپێی سكاڵای شادی نەزاد پەرلەمانتاری پێشوو و بە تۆمەتی هەڕەشەكردن سزای بەندكردنی بۆ دەرچووەو دادگا داوای كردووە دەستگیربكرێت.
بەپێی بەدوادچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ دادگا قسەی كردووە، شاسوار عەبدولواحید  چەند سكالایەكی لەسەربووەو ئاگاداركراوەتەوە بەڵام ئامادەی بەردەم دادگا نەبووە بۆیە لەسەر سێ سكاڵا بە غیابی حوكمدراوە، بە نزیكەی (3 ساڵ و 6 مانگ) بۆیە شاسوار عەبدولواحید دەبرێتە بەردەم دادوەر بەڵام دەبێت حكومەكانی تەواو بكات، ئینجا ئازاد دەكرێت. 
شاسوار عەبدولواحید لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە پێش دەستگیركردنی تۆماركراوەو دوای دەستگیركردنی بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: لەرێگای چەند كەسێكەوە زانیومە هەوڵی دەستگیركردنم هەیەو ئەوەی ئەوان هەیە بەرامبەر بە من ئەوەیە كە من قسە ئەكەم: بەڵێ پێمان وتوون دزن و كاتێك ئەم ڤیدیۆیە بڵاوكراوەتەوە نازانم گیراوم ماوم مردووم، ئامانجی ئەوان لەدەستگیركردنم سێ شتە، یەكێكیان بۆ ئەوەیە ئیدارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەكەم، ئامانجێكی تر ئەوەیە فشار بخەنە سەر من بۆ ئەوەی تەسلیم بم، یەكێتی و پارتی رێككەوتوون و حكومەت پێكدێنن، دەیانەوێت هەرچی حزبی سیاسیە دەستەمۆ بكەن، ئەمەی دەیكەم بۆ خوای گەورەی دەكەم، دەیانەوێت سەریان بۆ شۆڕبكەم من ئەوە ناكەم، من هەرچیم لێهات كوشتیانم لە زیندان ئێوە سارد مەبنەوە. 
ئەگەر راست دەكەن هەر تۆمەتێكیان لەسەرم هەیە با بێن بە ئاشكرا دادگاییم بكەن، ئەگەر زەڕەیەك شەرەف و ئەخلاقیان تێا بێت و جورئەتیان هەیە، بابێن بە ئاشكراو بەبەرچاوی خەڵكەوە دادگاییم بكەن.   

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand