کاریگەری دادگای فیدراڵی لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

2025-06-21 18:31:36
د. ئەمەل عەلی حسێن، دکتۆرا لە یاسای دەستوری
پێشەکی:
لەگرنگترین بناغەکانی دەوڵەتی یاسایی بریتیە لە ملکەچ بوونی هەموو دەسەڵاتەکان بۆ دەوڵەت لە هەموو هەڵسوکەوتەکانیدا لەژێر ڕۆشنایی پرەنسیپی پلە پلەیی ڕێسای یاسایی، لەبەرئەوەى دەستوور لە لوتکەی سیستەمی یاسایی دایە لە دەوڵەت بۆیە دەبێت ئەو یاسایانەی لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان، وە سیستەم و ڕێنمایی کە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەردەچێت گونجاو بێت لەگەڵ دەستوور لە ڕووی ڕواڵەتی و بابەتیدا، بەرزی و شکۆی ئەم دەستورەش نایەتەدی بەبێ بونی چاودێری لەسەر بە دەستوور بوونی یاساکان، وە ئەو لایەنەی کە ئەم ئەرکەی خراوەتە ئەستۆ بریتیە لە دادگای دەستووری کە لەعێراق بە ناوی دادگای باڵای ئیتحادی (المحكمة الاتحادية العليا)یە، دەستوری عێراقی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە لە دەستور بۆ ئەو دادگایەی دیاریکردووە دەسەڵاتی باڵای داوەتێ بۆ یەکلاکردنەوەیان چونکە بڕیارەکانی دادگا بات و ملزمن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و بواری هەموارکردنەوەیەیان نیە چونکە هیچ دادگایەکی تر لەسەرووی دەسەڵاتی دادگای باڵای ئیتحادی بوونی نیە. جێگەی ئاماژە پێکردنە کە گرنگی ئەو دادگایە زیاتر لەو دەوڵەتانە دەردەکەوێت کە سیستەمی حوکمیان فیدراڵیە بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی ئیتحادی و هەرێمەکان لەسەر دەسەڵات و داهات.
هۆکاری کێشەکانی نێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە بۆچوونی من چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن بۆ دروست بوونی کێشە لە نێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
یەکەم: هەرچەندە دەستوری عێراقی لە (مادەی ١)دا ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق دەوڵەتێکی ئیتیحادی(فیدراڵی)یە، جەوهەری نیزامی فیدراڵیش بریتیە لە هەبوونی چەند هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدرالیەکە، بەڵام هەتاوەکو ئێستاو دوای تێپەڕینی (٢٠) بیست ساڵ بەسەر دەرچوونی دەستور هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ دەرچوواندنی یاسایەک کە ڕێو شوێنەکانی دروست بوونی هەرێمی تر دیاری بکات هەروەکو لە مادەی (١١٨)ی دەستووردا هاتووە، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان وەکو تاکە هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی دا بوونی هەیە و دانی پێدانراوە بەگوێرەی مادەی(١١٧/٢) لە دەستوری عێراقی.
دووەم/ هێشتنەوەى دەسەڵاتی یاسادانان بە تەواو نەکراوی وەکو ئەوەى کە لە مادەی (٤٧)ی دەستوری عێراقی هاتووە کە دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی ئیتحاد پێک دێت. بەڵام یاسای دروست بوونی ئەنجومەنی ئیتیحاد کە نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگایە نەلکاوەکان بە هەرێمەکان لە خۆ دەگرێت هەتا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرنەچووە. هەبوونی ئەو ئەنجومەنە گرنگی خۆی هەیە لە چەسپاندنی پایەکانی فیدرالی و پاراستنی مافی هەرێمەکان و زامنکردنی مافە دەستوریەکانیان بەرامبەر زۆرینەی پەرلەمانی و کاریگەریەکانی لەسەر تێپەڕاندنی یاساکان لە ئەنجومەنی نوێنەران.
سێیەم: دیارینەکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ڕوون لە نێوان حکومەتی ئیتحادی و هەرێم، لە مادەی(١٠٩)ی دەستوری عێراقی دەسەڵاتەکانی ناوەندی بە شێوەیەکی حصری دیاریکردووە و لە مادەی(١١٤) دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی ئیتحادی و هەرێمەکانی دیاریکردووە و لەمادەی(١١٥)ی دەستوریشدا ئەوە هاتووە کە هەر دەسەڵاتێک حصری نەبوو بۆ حکومەتی ناوەندی لە دەسەڵاتی هەرێمەکان دایە.
چوارەم: نەبوونی دەستوری هەرێمی کوردستان وەکو چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و ماف و پابەندییەکانی هەرێم هەروەکو لە مادەی(١٢٠)ی دەستوردا هاتووە بە جۆرێک کە لەگەڵ دەستوری عێراقیدا ناکۆک نەبێت.
پێنجەم: نەبوونی یاسای نەوت و گاز، بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەى کە زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بریتیە لەکێشەکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی دەرهێنان و بەڕیوەبردن و داهاتی نەوت و گاز، وەلەبەرئەوەى دەستوری عێراقی لەم بوارەدا موفق نەبووەو بە ووردی ئەم بابەتە گرنگەی بە دەستوری نەکردووە بە جۆرێک کە مافی هەمووان پارێزراو بێت و بواری ڕای جیاواز نەهێلێت، بۆیە هەبوونی یاسای نەوت و گاز تا ڕادەیەکی بەرچاو چارەسەری ئەم کێشانە دەکات.
شەشەم: تاوەکو ئێستا پایەکانی سیستەمی فیدرالی و شۆڕکردنەوەى دەسەڵات لە عێراق دا نەچەسپاوەو کاریگەری حکومڕانی دوور و درێژی ناوەندیی لە عێراق هەرماوە، سەبارەت بە هەرێمیش تاوەکو ئێستا وەکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و دژ بە مافەکانی کورد وێنای حکومەتی ئیتحادی دەکات لە ناوخۆدا، ئەمەش وای کردووە کە کێشەکان زیاتر قوڵبنەوەو کەڵەکە بن و چارەسەرکردنیان قورس بێت.
رێگا چارە:
تاکە ڕێگا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی بریتیە لە چارەسەری کێشەکان بە گوێرەی دەستوری عێراقی کە تاڕادەیەکی باش مافی هەمووانی تێدا پارێزراوە، هەرکاتێکیش کە دەستور پێشێلکرا و وەکو خۆی جێبەجێ نەکرا دەکرێت پەنا ببرێتە بەر (دادگای باڵای ئیتیحادی) کە ئەرکى پاراستنی مادەکانی دەستوری و شکۆی دەستورە.
وەک تێبینی دەکرێت لەسەرەتادا دادگای ئیتیحادی زۆربەکەمی ئەو بابەتانەی دەخستە بەرنامەی دادبینی خۆی کە تایبەتبوون بەکوردستان بەڵام لەم ساڵانەی دوایی و بە دیاریکراوی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان ئەم دادگایە بڕیاری زۆری داوە کە پەیوەست بوون بە کوردستان و کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر دام و دەزگا رەسمیەکان و ژیان و بژێوی هاوڵاتیان لە هەرێم. هەر لە بریاری دادگا بە نادەستوریبوونی یاسای ژما٢١رە(١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان کە تایبەت بوو بە بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان. وە بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە(٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧ لە ساڵی (٢٠٢٢)، هەروەها بڕیاری دادگا ژمارە(٢٢٤وموحدتها ٢٦٩/اتحادیە/٢٠٢٣) لە ساڵی ( ٢٠٢٤) کە تایبەت بوو بە پێدانی مووچە بەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبە تەوتین کردنی موچەو ڕادەست کردنی داهاتی نانەوتی.....
دوای نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو هەشت مانگەی کە لەم ساڵدا ماوە بە نوسراوی فەرمی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدرال سەرەڕای هەبوونی بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی ئاماژەپێکراو لەسەرەوە، بۆیە فەرمانبەران پەنایان بردەوە بەر دادگای فیدرالی و داوایان کرد کە فەرمان سالاری(أمر الولائی) دەربکات بۆخەرجکردنی موچەی موچەخۆران. لە رێکەوتی (١/٦/٢٠٢٥) لە بڵاوکراوەیەکی ڕەسمی دادگا داواکەیانی قبوڵ کردوو بڕیاری دا کە لە زووترین کاتدا فەرمانەکە دەربکات
فەرمان سالاری دەردەچێت بۆ ڕاگرتنی یاسایەک یان قرارێک کە لەوانەیە پێچەوانەی دەستوور بێت تاوەکو بڕیار دان لە دەستوریبوونی یاخود بە هۆیەوە دادگا ڕێگە دەگرێت لە زیان گەیاندن بە لایەنێکی دەعواکە وە دەسەڵاتێکی فراوان دەداتە دادوەر بۆ مەبەستی هێنانە کایەی جۆرێک لە تەوازن لە نێوان لایەنەکانی دەعواو لە پێناو پاراستنی مافێک بە شێوەیەکی خێرا، واتە ڕێکارێکی خۆپارێزی کاتیەو ملزمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان تا کاتی دادبینی لە دەعواکە و بڕیار لێدانی. دەرکردنی فەرمان سالاری ناچێتە چوارچێوەی پسپۆری ودەسەڵاتەکانی دادگای باڵای ئیتحادی کە لەمادەی (٩٣)ی دەستوری عێراقیدا دیاریکراوە، بەڵکو بە گوێرەی مادەی (١٥١) قانون المرافعات المدنی ژمارە (٨٣)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو ئەو دەسەڵاتە بە دادوەر دراوە، وە پێویستە یەکێک لە لایەنەکانی دەعواکە بەشێوەی نووسراو کە هۆکارو بەلگە یاساییەکانی هاوپێچ بێت داوای دەرکردنی فەرمان سالاری بکات و دادگاش لە چوارچێوەی دەسەلاتی تقدیری خۆی دەکرێت هەر لە هەمان ڕۆژ یان لە نزیکترین کاتدا فەرمان سالاریەکە دەربکات. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (٢٠) بیست رۆژ بەسەر بڵاوکراوەکەی خودی دادگای ئیتحادی تاکو ئێستا فەرمان سالاری لەلایەن دادگاوە دەرنەچووە بەوەش هیچ بەهایەک بۆ فەرمان سالاری نەماوەتەوە کە عنصری استعجالی هەیە بگرە هیچ ئاسۆیەکی روونیش نیە بۆ دەرکردنی بە هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەى بەشێک لە ئەندامانی سەرەکی و یەدەگی دادگا کە بێگومان ناتوانێت لە نەبوونی ئەوان کۆبونەوە بکات و بڕیار دەربکات. هەرچەندە دەرکردنی فەرمان سالاری پێویستی بە دادبینی و ئامادەبوونی لایەنەکانی دەعوا نیە و سەرۆکی دادگا بە واژووی خۆی دەری دەکات بەڵام پێویستی بە مداولە (گفتوگۆ)کردنی بابەتەکە هەیە لەلایەن ئەندامانی دادگای باڵای ئیتحادی بۆ ئەوەى ڕای خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکە دەرببڕن.
لێرەدا گرنگە ئەوەش بڵێین کە بارودۆخ و گۆڕانکایە سیاسیەکان و هێزە سیاسیەکانیش کاریگەریان دەبێت لەسەر دادگای باڵای ئیتحادیی و بڕیارەکانی وەک هەر دامەزراوەیەکی تری عێراق. بۆیە هەموو ئەگەرەکان تاکو ئێستا کراوەن.
