تورکیا و عێراق و کورد

Draw Media

2024-05-03 07:35:23




د. سەردار عەزیز

پاش بونی هەکان فیدان بە وەزیری دەرەوە، پشبینی ئەوە دەکرا کە عێراق ببێتە خاڵی ناوەندی لە سیاسەتی هەرێمی تورکیا. هەکان پەیوەندییە سیخوڕییەکانی لە ناوچەکە فراوان بوو، بۆیە هەم شارەزایی و هەم پەیوەندی بۆ دروست کردبوو.
بەڵام هۆکاری ناوخۆیی تورکیا و نێودەوڵەتیش پاڵنەر بوون، کە زیاتر باسیان دەکەین. لە گەڵ ئەمانەشدا تورکیا، پیاداچونەوەی بە دیدی خۆیدا کرد، بە تایبەتی لە قۆناغی پاش ریفراندنۆم کە لە عێراقدا دۆستی بەهێزی نیە، بۆیە دەبێت لە گەڵ ئەمری واقیعدا دەست و پەنجەی نەرم بکات. ئەمەش مانای ئەوەبوو کە دەرگای پەیوەندی لە گەڵ هێزێکی وەک حەشدی شەعبیدا بکاتەوە، کە پێشتر هەوڵت ڕکەبەریی دەدا.
لە سەرەتای ئەمساڵدا فالح فەیاز سەردانی ئەنقەرەی کرد. وەک سەرەتای ئەم پەیوەندییە و داننان بە بونی ئەم هێزە وەک ئەکتەری سەرەکی ناو سیاسەتی عێراقی.
پاشتر لە مانگی سێ کۆنفرانسی ئەنتالیای دیپلۆماسی کرا، کە جاران کۆنفرانسی ئەنتالیای ئاسایش بوو، کە زیاتر لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە بەڕێوەدەبرا.  نزیکەی دە ساڵێک لەمەوپێش من جارێک بەشداربووم، ئەو کاتە هێشتا هەموو هێزە نەیارەکان پاکتاو نەکرابوون.
لەو کۆنفرانسەدا قاسم ئەعرەجی و فوئاد حسێن بەشداربوون، هەروەها هەکان فیدانیش. ئەوەی جێگای پێکەنین و گریانە هەر سێ کەسایەتیەکە کوردن. هەکان لە باوکێکی کورد و دایکێکی تورک لە ڤارتۆ هاتوەتە دونیاوە. یەکێک لە باشترین کتێبەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان کورد و تورک لەو شارەدا لە لایەن Christopher de Bellaigue ه وە نوسراوە بە ناوی Rebel Land: Unraveling the Riddle of History in a Turkish
 ئەم کۆبونەوەی مانگی سێ جیاواز بوو، چونکە هەردوو وڵات هەوڵیاندا کە کۆمەڵێک دەزگا لە پەیوەندییەکەدا دروست بکەن، وەک ناوەندی چاودێری و ئاسایش، لیژنە، گروپی هاوبەش. ئەمە زەمینەسازان بوو بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان کە چەند جارێک دواخرابوو.
کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی تورکیا ڕویدا، پەیوەندی تورکیا لە گەڵ عێراقدا بوو بە ناچاریی. چونکە لە بیست ساڵی رابوردوودا، پارتی دادوگەشەپێدان، لە سەر دوو تەوەرە کاری دەکرد، دین و پارە. وەک هێزێکی دیندار، توانای ئەوەی هەبوو کە پارە بهێنێت بۆ گیرفانی تورکەکان، کە شێت و شەیدانی پارەن.
بەڵام پارە دای لە کزی یان پارە بێ بەهابوو، لە ئەنجامی سیاسەتە نائابورییەکانی ئەردۆگان کە خۆی لێبوبو بە ئابوریناس. ئەردۆگان ساڵانێکی زۆر جگە لە گۆڵچیەکی فەقێی خەڵکی قاسم پاشا، شارەزای هیچی تر نەبوو.
بۆچی عێراق بوو بە ناچاریی:
کە ئابوری بوو بە تاکە پرسی کۆمەڵگای تورکی، عێراق وەها بینرا تاکە وڵاتی دراوسێی تورکیایە کە دەتوانرێت سودی ئابوری لێ بە دەست بێت. لە تورکیا ١٦ ملیون کەس خانەنشینن، بەهۆی هەڵاوسانەوە، مانگانە تەنها ٢٥٠ دۆلار داهاتیانە، کە بەشی تێرکردنی سکیان ناکات. بۆیە زۆریان شەوانە بەبێ تێشوو سەردەنێنەوە.
بەڵام تورکیا کە دێتە سەر عێراق، ناتوانێت خۆی لە پرسی ئاسایش بە دوور بگرێت. ئاسایش بۆ تورک دونیا بینیە. دونیا بینی وەک جەیمس سیر ناوی دەنێت بریتیە لە کۆی ئەو هەڵوێست و بەها و چیرۆک و چاوەڕوانیانە، کە دەوری کەسێک یان کەسانێک دەدەن دەربارەی دونیا، کە لە ئەنجامدا بیرو چالاکیان لە قاڵبدەدات. دونیابینی لە ڕێگای ڕەوشت، دین، فەلسەفە و باوەڕی زانستیەوە دەردەبڕێت. کتێبەکەی سیر ناوی Naming the Elephant: Worldview as a Concept.. بەم پێیە تورک ئاسایش بە سەر دونیابینیاندا زاڵبوە، بە تایبەتی فیگەری کورد.
ئەمەش وەهایکرد کە تورکیا بانگەشەی هێرشێکی گەورە و پرۆژەی ئابوری گەورە پێکەوە گرێبدات. هەندێک لە کۆمێنتنوسە تورکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشەکە و پرۆژە ئابورییەکان بە تایبەتی پرۆژەی گەشە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. ڕەجەپ سۆیلۆ، کە زۆر نزیکی ئاک پارتیە و لە میدل ئیست ئای دەنوسێت کە بلاوکەرەوەیەکی قەتەریە لە خزمەتی تورکیادا. لە ڕاستیدا هەر پاش دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ڕەجەبم پرسی ئایا هێرشە سەربازییەکە دەبێت، ئەو گوتی هەڵبژاردنەکان زیاتر ئەردۆگان سور دەکات.
بەڵام هەڵبژاردنەکان سەرئێشەی زۆری بۆ ئەردۆگان دروستکرد، لە سەروی هەمویانەوە، هەڵکشانی پارتی ڕەفاهی تازە، کە کوڕەکەی نەجمەدین ئەربەکان سەرکردایەتی دەکات. ئەردۆگان لە شەڕەکەی غەزە بە دوای ئەوەدا گەڕا کە دارەکە لە ناوەڕاستدا بگرێت و سود لە دۆخەکە ببینێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەنگدەران لێی ناڕازی بوون و ئێستا دۆخەکەی بە ئاستێک گەیاند کە ئەردۆگان ئابلۆقەی تەواو بخاتە سەر ئیسرائیل، بە تایبەتی پاش دواخستن یان هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی کۆشکی سپی.
ئابوری و ئاسایش: براوە براوە یان دۆڕان دۆڕان.
پریژەی گەشە بۆ تورکەکان مانای نوێی پەیداکردوە. ئەم مانا نوێیەش بریتیە لە دروستبونی هەستێک کە هەوڵێک هەیە تورکیا پەراوێزبخرێت. ساڵی پار کاتێک ئەمریکا هانی پرۆژەیەکی دا کە هیند و کەنداو و ئیسرائیل و ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت، تورکیا سەدای مێژو لە گوێیدا دەنگی دایەوە، بە تایبەتی کاتێک لە سەدەی نۆزدە، کە کەناڵی سوێس کرایەوە، بوە هۆی ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیانی ئابوری زۆری بەرکەوێت و هاوکاربێت لە داڕمانی. تورکەکان ئەم پرۆژەی هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا بەو جۆرە دەبینێت.
ئەمەش وەهایکردوە کە تورکیا فشار بکات بۆ دروستکردنی ڕێگای گەشە، کە زیاتر هەوڵە بۆ گەیاندنی تورکیا بە کەنداو، نەک ئاسیا بە ئەوروپا.
لە ڕاستیدا هەتا ئێستا ئەم پرۆژەیە هەڵسەنگاندنی زناستی بۆ نەکرابوو، ڕۆژانی ڕابوردوو عێراق کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانی بەکرێ گرت بۆ دیزانی پرۆژەکە. پاش کارەکانی ئەم کۆمپانیایە دەزانین چی دەگوزەرێت جودا لە فشە زۆرەکانی ڕاوێژکارە زۆر زۆرە بەتاڵەکانی سودانی.
ئێستا ئەگەری چی هەیە؟
یەک، ئێران ماوەیەک بێدەنگ بوو، بەڵام ڕۆژانی ڕابوردوو دانایی فەڕ و بەرپرسێکی تر سەردانی کوردستان و عێراقیان کرد و گوێی هەموانیان ڕاکێشا لەو بارەوە.
دوو، هێرشە درۆنیەکەی کۆرمۆر وەبیری هەموانی هێنایەوە کە دۆخەکە شامی شەریف نیە.
سێ، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا لە گەڵ کورددا دانوستان دەست پێبکاتەوە.
چوار، تورکیا دەیەوێت چەک بە عێراق بفرۆشێت، پرۆژەی ئاوی عێراق لە ڕێگای کۆمپانیاکانیەوە دروست بکرێن، هەروەها ڕێگای گەشە، لە گەڵ زۆر پرۆژەی تردا. بەڵام ڕەنگە ماخولای ئاسایش هەموی لێ تێکبدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand